ئارامتر بخوێنەوە!
چەسپاندنی دیکتاتۆرییەتی هەڵبژێردراو لە ئێران:
دەسکەوتی کوتلەی «رێفۆرمیست » لە ئێران
د. ئیدریس ئەحمەدی
“گوزارەی سەرەکیی ئەم وتارە ئەوەیە کە پاش سەرهەڵدانی کوتلەی رێفۆرمیستی، کە کۆماری ئیسلامی لە دیکتاتۆرییەتی ودارکراوەوە پێی نایە نێو قۆناغێک کە دەشێ بە «دیکتاتۆرییەتی هەڵبژێردراو» لە قەڵەم بدرێ. واتە، کوتلەی رێفۆرمیستی لە ئێران، کە رێژێمپارێزە، نەك رێژیمگۆڕ، بە دانی بەڵێنی رێفۆرم بە جەماوەر، سەرکەوت لەوەی کۆماری ئیسلامی بکات بە دیکتاتۆرییەتێکی هەڵبژێردراو، ئەمەش دەسکەوتی سەرەکیی کوتلەی رێفۆرمیستی بووە لە مێژوی هاوچەرخی ئێراندا.”
بە بەراوەرد لە گەڵ هێندێک ڕێژیمی سەرەڕۆ یان دیکتاتۆر، کۆماری ئیسلامی بە کەڵکوەرگرتن لە هەڵبژاردن بە درێژایی چوار دەیە، خەڵکی وادار کردووە دەنگ بە ڕێژیم بدەن. هەڵبەت ڕێژیمی دیکەش هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی هەن کە کەڵک لە هەڵبژاردن وەردەگرن. ئامانجی ئەم وتارە لێکدانەوەی دەوری کوتلەی “رێفۆرمیستییە” لە بەرهەمهێنانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران.
گوزارەی سەرەکیی ئەم وتارە ئەوەیە کە پاش سەرهەڵدانی کوتەلی رێفۆرمیستی، کە کۆماری ئیسلامی لە دیکتاتۆرییەتی ودارکراوەوە پێی نایە نێو قۆناغێک کە دەشێ بە “دیکتاتۆرییەتی هەڵبژێردراو” لە قەڵەم بدرێ. واتە، کوتلەی رێفۆرمیستی لە ئێران، کە رێژێمپارێزە، نەك رێژیمگۆڕ، بە دانی بەڵێنی رێفۆرم بە جەماوەر، سەرکەوت لەوەی کۆماری ئیسلامی بکات بە دیکتاتۆرییەتێکی هەڵبژێردراو، ئەمەش دەسکەوتی سەرەکیی کوتلەی رێفۆرمیستی بووە لە مێژوی هاوچەرخی ئێراندا.
سەرهەڵدانی “ڕێژیمی تێکەڵاو”
پاش کۆتاییهاتنی شەڕی سارد، دیاردەیەک ڕووی لە زیادبوون کردووە کە لە ئاستی گشتیدا بە “ڕێژیمی تێکەڵاو” ناوزەد کراوە.[1] ئەو جۆرە ڕێژیمانە دەکەونە نێوان دێموکراسیی جێکەوتوو و دیکتاتۆرییەتی تەواوەوە. لە گەڵ ئەوەی سەرەڕۆبوون خاڵی هاوبەشیانە، بەڵام جیاوازیشیان پێکەوە هەیە. ئەمەش وای کردووە بە شێوەی جیاواز پێناسە بکرێن؛ لەوانە،”سەرەڕۆییی هەڵبژاردنکارانە”، “سەرەڕۆییی ڕکابەرانە”، “سەرەڕۆییی ناڕکابەرانە”، “سەرەڕۆییی نوێ” و هتد.[2]
تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەو ڕێژیمانە بریتییە لە کەڵکوەرگرتن لە “هەڵبژاردن” بە مەبەستی شاردنەوەی سروشتی سەرەڕۆیانەی خۆیان و هەروەها بۆ وەدەستهێنانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی.[3] لە ئەساسدا، ئەو جۆرە ڕێژیمانە دژی دێموکراسین، بەڵام بە هۆی ئەوەوە کە دێموکراسی لە سەردەمی مۆدێرندا سەرچاوەی شەرعییەتی دەسەڵاتی سیاسییە، هەوڵ دەدەن ڕوو بە دەرەوە سیمایەکی دێموکراتیک لە خۆیان نیشان بدەن. ئەمەش بە دیاردەی “هەڵبژاردن بە بێ دێموکراسی” وەسف کراوە.[4]
لە گەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ڕیژیمێکی تێکەڵاوە (واتە، هەم کۆمار و هەمیش حکومەتی دینییە)، لە زانستی سیاسیدا کەمتر وەک ڕێژیمێکی سەرەڕۆی هەڵبژاردنکارانە باسی لێوە کراوە. هەڵبەت لە ساڵانی دواییدا، چەند هەوڵێک دراوە بۆ دەسنیشانکردن و لێکدانەوەی کۆماری ئیسلامی وەک ڕێژیمێکی سەرەڕۆی هەڵبژاردنکارانە .ئەم لێکۆڵینەوانە، کە بەشێکیان لە لایەن لێکۆڵەری فارسی دانیشتووی وڵاتانی ڕۆژئاواوە ئەنجام دراون، لە گەڵ ئەوەی دان بە سەرەڕۆبوونی کۆماری ئیسلامیدا دەنێن، لەوەدا کۆکن کە هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا بووەتە دامەزراوەیەکی گرنگ و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئێراندا، دەشێ ئەنجامی چاوەڕواننەکراوی لێ بکەوێتەوە. سەرەڕای هێندێک ناکۆکی لە لێکدانەوەکانیاندا، هەروهها جۆرە خۆشبینییەکیان سەبارەت بە کوتلەی رێفۆرمیستی و بە گشتی دەرفەتی گۆڕان لە کۆماری ئیسلامیدا هەیە.[5]
شانۆگەری یان دەرفەت؟
سەبارەت بە هەڵبژاردن لە رێژیمە سەرەڕۆکاندا سێ بۆچوون هەیە:
- هەڵبژاردن وەک دیکۆر و شانۆگەری بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و وەرگرتنی شەرعییەتی نێودەوڵەتی؛ ٢
- ) هەڵبژاردن وەک ئامرازێکی گرنگ بۆ سەر لێ شێواندنی خەڵک، پێکهێنانی دووبەرەکی لە نێو ئوپۆزیسیۆندا، هەروەها خونساکردنەوەی کەسانی دهروون ڕێژیم یان بەدامەزراوەیی کردنی ململانێی دەسەڵات لە نێوان کوتلەکانی دەروون ڕێژیم و هتد؛
- ٣) هەڵبژاردن وەک مەیدان و دەرفەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێژیم و پێکهێنانی هاوپەیمانی لە نێوان ناڕازییانی نێو ڕێژیمی حاکم و ئوپۆزیسیۆن بە مەبەستی گۆڕان و هەنگاونان بەرەو دێموکراسی.[6]
هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا ئەو کارکردانەی هەیە کە لە خاڵی یەکهم و دووهەمدا هاتوون، بەڵام نەک لە خاڵی سێهەمدا. هۆیەکەشی ئەوەیە، کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا دیکتاتۆرییەتێکی هەڵبژاردنکارانەیە و رێفۆرمیستەکانی نێو ڕێژیم، ئەو دیکتاتۆرییەتە هەڵبژاردنکارانەیان، کردووە بە دیکتاتۆرییەتی هەڵبژێردراو.
هەڵبژاردن لە خزمەت سەرەڕۆیی و دیکتاتۆرییەتدا
وەک لە سەرەوە باس کرا، نەک تەنیا بەشێک لە ڕێژیمە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەکان بەرەو دێموکراسی گوزاریان نەکردووە، بەڵکوو بەشێکی بەرچاویان بوون بە سەرەڕۆییی هەڵبژاردنکارانە.
کەیسی کۆماری ئیسلامی هەروەها نیشانی دەدا جۆرە ڕێژیمێک هەیە کە سەرکەوتووە لەوەی خەڵک بە “ویستی” خۆیان دیکتاتۆرییەت هەڵبژێرن. کۆماری ئیسلامی لەو چوار دەیەیەدا بە پێکهێنانی ترس، بە فێڵ و تەڵەکە، هەروەها بە هەڕەشەی سزادان، خەڵکی ناچار کردووە دەنگ بە ڕێژیم بدەن. هەڵبەت بە تایبەت پاش سەرهەڵدانی کوتلەی رێفۆرمیستی، پێویستی بە بەکاربردنی زۆرلێکردن لە شێوە جیاوازەکانیدا نەبووە بۆ ئەوەی خەڵک لە هەڵبژاردندا بەشدار بکا.
ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە چەند دەیەی دوایدا لە ڕووی فکری یان ئایدیۆلۆژییەوە چاوگەیەکی لە بەردەستدا مابووبێ بۆ ئەوەی پێویست نەکا زۆر بەکار بەرێ بۆ ئەوەی خەڵک بە ویستی رێژیم بجوڵێتەوە، ئەوا بریتی بووە لەو قسە و بەڵێنانە کە لە سەر زاری کەسانی سەر بە کوتلەی رێفۆرمیستی هاتووەتە دەر.
رێفۆرم بە بێ مانیفێست، رێفۆرم بە بێ نێوەڕۆک
لە کۆماری ئیسلامیدا، وشە جێگای چەمکی گرتۆتەوە. ئەمەش دەبێ لە درێژەی سیاسەتی فریوکارانەی هەڵبژاردن بە بێ دێموکراسیدا ببیندرێ. “رێفۆرم” واتای چەمکیی خۆی هەیە و بریتییە لە پێکهێنانی گۆڕان لە دامەزراوەی سیاسی، دواجاریش لە دەستووردا. لە کۆماری ئیسلامیدا، تەنیا لە ساڵی ٢٠٠٠ پرۆژە یاسایەک پێشکەش کرا بۆ پێکهێنانی گۆڕان لە یاسای چاپەمەنیدا، بەڵام وەلی فەقێ و شۆرای نیگابان، کە دەتوانن ڕێگری بکەن لە پەسەندکردنی هەر یاسایهک لە مەجلیس کە لە گەڵ ئیسلام و بەرژوەندیی رێژیمدا نەگونجاو بێ، پێشیان بە پەسەندکردنی گرت.[7]
رێفۆرمیستی کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستا باسی گۆڕینی دەستووریان نەکردووە. بە پێچەوانەوە، هەموویان پابەندن بە دەستووری کۆماری ئیسلامی. گلەییان ئەوەیە کە ئەو دەستوورە جێبەجێ ناکرێ. محەمەد خاتەمی لە لێدوانێکدا لە رێکەوتی ١٠ی جونی ٢٠٠٦دا، دان بەوەدا دەنێ کە خاوەن مانیفێست نەبوون: “کێشەیەکی رێفۆرمخوازی [لە ئێراندا] ئەوە بوو کە پێناسەیەکی ورد لە رێفورم نەبوو و هەر کەس و گرووپێک کە تێیدا بەشدار بوون، پێیان وا بوو ڕێفۆرمیستن.”[8]
بەو پێیە، سەرکەوتنی کوتلەی رێفۆرمیستی لە چەسپاندنی دیکتاتۆرییەتی ئیسلامیی هەڵبژێردراو لە ئێراندا، ئەویش بە بێ مانیفێست، یان دروستتر بڵێین، بە بێ نێوەڕۆک، دەبێ بە سەرکەوتنێکی سەیری مێژوویی لە مێژووی سیاستەتدا بێتە ئەژمار. وەکوو ئەوە وایە لە شەڕدا شارێک بگری بە بێ ئەوەی تەقەیەک بکەی.
سوودی نێوخۆیی و دەرەکیی کوتلەی رێفۆرمیستی بۆ کۆماری ئیسلامی
هەبوونی کوتلەی جیاواز لە نێو ڕێژیمدا، بە تایبەت ئەوانەی کە خۆیان وەک “رێفۆرمیست” پێناسە دەکەن، وای کردووە لای دەنگدەران و هەروەها وڵاتانی ڕۆژئاواش، باوەڕ بە گۆڕان لە کۆماری ئیسلامیدا پێک بێ. ڕێژیم بە بەرجەستەکردنەوەی کاندیدی “خراپتر” لە بەرانبەر کاندیدی “خراپدا”، بژاردەی چەواشەکارانە بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێ. دواجاریش، خەڵک بە هەرکامیان دەنگ بدەن، دەنگێک دەبێ بە ڕێژیم. کەوابوو، ئەگەر هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا یارمەتیدەری گۆڕان بووبێ، ئەوا یارمەتیی جێکەوتنی دیکتاتۆرییەت بووە، ئەویش بە تایبەت لە سەردەمی کاربەڕێکەریی کوتلەی رێفۆرمیستیدا.
ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هاتنە ئارای کوتلەی رێفۆرمیستی وایان کردووە کە کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا وەک سەرەڕۆیییەکی هەڵبژاردنکارانە پێناسە بکرێ، بەڵکوو هەروهها وەک سەرەڕۆیییەکی ڕکابەرانەش لە قەڵەم بدرێ.[9] جیاوازیی ئەو دوانە لەوەدایە کە لە سەرەڕۆییی ڕکابەرانە، ڕێگا بە ڕکابەری لە نێوان حیزبی جیاوازدا دەدرێ و هەڵبژاردن دەتوانێ ببێ بە دەرفەت بۆ پێکهێنانی گۆڕان. [10]
لە کۆماری ئیسلامیدا، حیزبی سەربەخۆ وجوودی نییە و فرەحیزبی بوون، تەنانەت بە مەرجی کۆماری ئیسلامی، جێ نەکهوتووە. لە کاتی هەڵبژاردندا، کوتلەکانی ڕێژیم دابەش دەبن بە سەر دوو بەرەی سەرەکیدا. جیاوازییەکی تری کۆماری ئیسلامی لە گەڵ ئەو ڕێژیمانەی کە سەرەڕۆییی ڕکابەرانەن لەوەدایە کە ئوپۆزیسیۆن ڕیگای پێ نادرێ لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکا. دەبێ لێرەدا جەخت بکرێتەوە کە کوتلەی ڕێفۆرمیست ئوپۆزیسیۆن نییە و نەک تەنیا بەشێکە لە ڕێژیم، بەڵکوو بەسوودترین کوتلەی ڕێژیم بوو لە ڕووی درێژکردنەوەی تەمەنی ڕێژێم. کۆماری ئیسلامی حیزبەکانی ئوپۆزیسیۆنی بە “هەڵوەشاوە” ڕاگەیاندووە. تەنانەت هێندێک حیزبی خۆشیانی داخستووە؛ دەتوانین داخستنی”جبهه مشارکت ایران اسلامی” و “سازمان مجاهدین انقلاب اسلامی ایران” پاش ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ وەک نموونە بێنینیەوە.[11]
بەو پێیە، دروستر وایە کۆماری ئیسلامی وەک تێکەڵاوێک لە دیکتاتۆرییەتی هەڵبژاردنکارانە و سەرەڕۆییی ڕکابەرانە دەستنیشان بکرێ، کە بە پێی زەمان، بە یارمەتیی کوتلەی رێفۆرمیستی، بووە بە دیکتاتۆرییەتێکی ئیسلامیی هەڵبژێردراو.
ڕکابەری لە کۆماری ئیسلامیدا سنووردارە بە بەدامەزراوەیی کردنی[12] ململانێی نێوان کوتلە و کەسایەتییەکانی نێو ڕێژیم. ئەو ڕکابەرییەش بە نۆرەی خۆی یارمەتیدەری جێکهوتنی دیکتاتۆرییەت بووە تاکوو ئەوەی زەمینە پێک بێنێ بۆ گۆڕان.
ڕاستە، لە پاش هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز، کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی بەرچاو بووەوە، بەڵام بە سەرکوت وڵامی دایەوە. هەڵبەت سەرکوت هۆی سەرەکیی شکستی ئەو بزووتنەوەیە نەبوو.
گرفتی سەرەکی لەو پەیوەندییەدا دەکرێ بە سەر سێ فاکتەردا دابەش بکرێ. یەکەم: ناڕەزایەتی کەسایەتیگەلێک وەک میرحوسێن مووسەوی و مێهدی کەڕوبی، نیشانەی قەیرانێک بوو لە بەدامەزراوەیی بوونی ململانێی نێوان باڵەکانی ڕێژیم، نەک ئەوەی لایەنگری گۆڕان بن. دووهەم: جەماوەری بزووتنەوەی سەوز، کە چینی مامناوەندی فارس پێک دێنن، خوازیاری ئەوە بوون مەحموود ئەحمەدینەژاد لە سەر کار نەمێنێ و مووسەوی جێگای بگرێتەوە. کەوابوو، جەماوەری بزووتنەوەی سەوز، بە پێچەوانەی چینی مامناوەند لە وڵاتانی دیکە، خوازیاری ئازادی و دێموکراسی نەبوون. ڕاستە، دواتر دروشمی هێندێک لە ناڕازییان لە شەقامەکان گۆڕدرا بە دروشم دژ بە دیکتاتۆر، بەڵام ئەوە پشتئەستوور نەبوو بە مانیفێستێکی ڕوون و ئوپۆزسیۆنێکی تۆکمە. سێهەم: ئەو بزووتنەوەیە بە هۆی نەبوونی مانیفێستێکی ڕوونی ئازادیخوازی و دێموکراسیخوازی، نەیتوانی سەرنج و هاوسۆزیی خەڵکی کوردستان بۆ لای خۆی ڕاکێشێ. هەر ئەمەش وای کرد بە سانایی سەرکوت بکرێ.
بە کورتی، بە هۆی ئەوەوە کە رێفۆرمیستی ئێرانی ڕێژیمپارێزن، سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی ناوە ناوە لە هەرێمە فارسنشینەکان ناتوانێ ئوپۆزیسێونێکی تۆکمەی لێ بکەوێتەوە یان ئەوەی زەمینە خۆش بکا بۆ هاوپەیمانی لە گەڵ بزووتنەوەی کورد و بزووتنەوەی گەلانی دیکە.
لە لایەکی دیکەوە، وڵاتانی ڕۆژئاواش دەرکیان بەو ڕاستییە نەکردووە کە رێفۆرمیستی کۆماری ئیسلامی ڕێژیمگۆڕ نین. ئەمەش وای کردووە ڕۆژئاوا سەبری زۆریان هەبێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا. بۆ نموونە، پشتیوانی کردن لە تێرۆریزم و باقی سیاسەتە ناسەقامگیرپێکهێنەرانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاست نێودەوڵەتیدا، وەپاڵ باڵ یان کوتلەی “کۆنەوار” یان “تووندڕەو” دەدرێ و ڕۆژئاوایییەکان خولیای ئەوەیان هەیە کە بە بەدەسەڵاتگەیشتنی “رێفۆرمیستەکان”، هەم سیاسەتی نێوخویی و هەمیش سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی گۆڕانی بەسەردا بێ.
هەبوونی ئەم دوو کوتلەیەی ڕێژیم و تێگەیشتن، یان دروستتر بڵێین هەڵەتێگەیشتنی، ڕۆژئاواییەکان لەو کوتلانە بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا، سیاسەتێکی یەکدەستیان لەهەمبەر ئێران نەبێ و تەنانەت دووبەرەکی بکەوێتە نێوانیانەوە. هەرچەند ئیسباتکردنی زەحمەتە، بەڵام کۆماری ئیسلامی بە دەرککردن بەو ڕاستییە، بە ئەنقەست ئەو کوتلانە لە بەرانبەر یەکتردا بەرجەستە دەکاتەوە بۆ ئەوەی درز بخاتە نێوان ڕۆژئاواییەکانەوە. کەوابوو، کوتلەبازیی کۆماری ئیسلامی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەروەها بووە بە سامانێکی دیپلۆماتیک لە دەستی ڕێژیمدا بە مەبەستی سەرلێشێواندن و نانەوەی دووبەرەکی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
بە کورتی، کوتلەی رێفۆرمیستی هەم سوودی نێوخۆیی و هەمیش سوودی دەرەکیی بۆ ڕێژم هەبووە.
دوا وتە
زیادبوونی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی پەیتا پەیتای جەماوەری لە نێوخۆ، هەروەها زیادبوونی گوشار لە لایەن ئەمریکاوە بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامی، وێڕای لەرۆزک بوونی ئیمپراتۆریی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان و عێراق، کۆی ئەمانە کۆماری ئیسلامییان لەسەر دوو ڕێیانێکدا داناوە: یان بەکاربردنی زەبروزەنگی زۆرتر بۆ مانەوەی لە سەر دەسەڵات، هەروەها بەکاربردنی هێز لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە جێوسیاسییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، یان گەڕانەوە بۆ قسە و بەڵێنی رێفۆرمیستەکان وەک دوا چاوگەی ئایدیۆلۆژیی ڕێژیم.
نیشانەکان دەریدەخەن ڕێژیم لە کورت بۆ نێوەندمەودادا، ئەولەوییەتی داوە بە زەبروزەنگ. ئەگەر کەڵک لە چاوگەی ئایدیۆلۆژیی رێفۆرمیستەکان وەرگرێ و ئەگەر دیسان لەو بوارەدا سەرکەوێ، ئەوا سەرکەوتنی بێ وێنەی سیاسیی ڕێژیم لە مێژوودا – واتە، گۆڕانی دیکتاتۆرییەتی هەڵبژاردنکارانە بە دیکتاتۆرییەتی هەڵبژێردراو – دووپات دەبێتەوە. هەڵبەت مارکس گوتەنی، ئەم جارەیان لە شکڵی تراژیدیی سیاسییەوە بۆ کۆمیدیی سیاسی.
سەرچاوە
[1] دەستەواژەی “ڕێژیمی تێکەڵاو” لە بەرانبەر hybrid regime-دا دانراوە.
[2] دەستەواژەی “سەرەڕۆییی هەڵبژاردنکارانە” لە بەرانبەر electoral authoritarianism، “سەرەڕۆییی ڕکابەرانە” لە بەرانبەر competitive authoritarianism و “سەرەڕۆییی ناڕکابەرانە” لە بەرانبەر noncompetitive authoritarianism-دا دانراون.
[3] بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دێموکراتیک بێتە ئەژمار، دەبێ چەند مەرجێکی بنەڕەتی لە ئارادا بن، لەوانە: مافی بەیان، ئازادیی چاپەمەنی، ئازادیی ڕێکخستن و پلورالیزمی سیاسی. هەروەها لە کاتی دەنگداندا، نابێ زۆر لە دەنگدەران بکرێ و دەبێ بە بێ دەستکاریکردن، ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگیردرێ. بە کورتی، هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەر مانا و مەرجی تایبەت بە خۆی هەیە.
[4] بڕوانە: Larry Jay Diamond, “Thinking About Hybrid Regimes,” Journal of Democracy, Vol. 13, No. 2 (April 2002), pp. 21-35.
[5] بڕوانە:
Luciano Zaccara, “Elections and Authoritarianism in the Islamic Republic of Iran,” in Mahoud Hamad and Khalil al-Anani (eds.), Elections and Democratization in the Middle East: The Tenacious Search for Freedom, Justice, and Dignity (New York: Palgrave Macmillan, 2014); Pejman Abdolmohannadi and Giampiero Cama, “Iran as a Peculiar Hybrid Regime: Structure and Dynamics of the Islamic Republic,” British Journal of Middle Eastern Studies, Vol. 42, No. 4 (2015), pp. 558-587; Naser Ghobadzadeh and Lily Zubaidah Rahim, “Electoral Theocracy and Hybrid Sovereignty in Iran,” Contemporary Politics, Vol. 22, No. 4 (April 2006), pp. 450-468.
[6] بڕوانە:
Schedler, The Politics of Uncertainty, pp. 5-7.
[7] بڕوانە:
Ghobadzadeh and Rahim, “Electoral Theocracy and Hybrid Sovereignty in Iran,” p. 455.
[8] ئەو لێدوانەی خاتەمی لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە:
Quoted in Anoushiravan Ehteshami and Mahjoob Zweiri, Iran and the Rise of Its Neoconservatives: The Politics of Tehran’s Silent Revolution (London: I.B. Tauris & Co Ltd, 2007), p. 1.
[9] بڕوانە:
Ghobadzadeh and Rahim, “Electoral Theocracy and Hybrid Sovereignty in Iran,” pp. 454-5.
[10] بڕوانە:
Steven Levitsky and Lucan A. Way, “The Rise of Competitive Authoritarianism,” Journal of Democracy, Vol. 13, No. 2 (April 2002), pp. 51-65; Andreas Schedler, The Politics of Uncertainty: Sustaining and Subverting Electoral Authoritarianism (Oxford: Oxford University Press, 2013), chap. 10.
[11] بڕوانە:
Ghobadzadeh and Rahim, “Electoral Theocracy and Hybrid Sovereignty in Iran,” pp. 454-5.
[12] دەستەواژەی “بەدامەزراوەیی بوون” (نهادینەشدن بە فارسی) زۆر جار بەکار دەبردرێ، بەڵام ڕوون نییە مەبەست چییە لێی. لێرەدا وای پێناسە دەکەم کە ئاستی بەدامەزراوەیی بوون یانێ تا چ ڕادەیەک لایەنە سیاسییەکان پابەندن بە ڕێسا یان قانوونگەلێک کە لە پێشدا دانراون، جا لە پێڕەویی حیزبێکی سیاسیدا بێ یان لە دەستووری وڵاتێکدا.


