ئارامتر بخوێنەوە!
کۆلۆنیالیزم و شۆڕش:
توندوتیژیی پێویست بۆ ڕزگاربوون لە (دۆخی هەمیشەییی کۆلۆنیالیزم)
سارۆ ئەردەڵان
“مرۆڤی کورد لەبەر هۆکاری پرۆسەیەکی درێژخایەنی کۆلۆنیالیزم لە چەندین ڕەهەندەوە ستەمی لێ دەکرێ و دەچەوسێتەوە. لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا (دۆخی هەمیشەییی کۆلۆنیالیزم) بە سەر کوردستاندا زاڵ بووە و، ئایدیۆلۆژیای کوردایەتی بۆ ڕزگاری مرۆڤی کورد پێویستی بە ئەکتی شۆڕشگێڕانەیە تا لە دیالێکتیکی سەردەست و بندەست دەرباز ببێ.”
نەسڵی داهاتوو بۆخۆی بڕیار دەدا ئایا وەک ئێمە خودموختاریی دەوێ یان نا.
عەبدوڵڕەحمان قاسملوو (وتاری “دروشمی بنەڕەتی حیزبەکەمان”)[1]
هەر سەردەمێک دەبێ سەر لە نوێ هەوڵ بدا نەریت لە دەست
ئەو سازشکارییە دەربێنێ کە خەریکە بە سەریدا زاڵ دەبێ.
واڵتەر بێنیامین (چەند تێزێک سەبارەت بە مێژوو)[2]
دەستپێک
هەر کات باس لە نەتەوە بێدەوڵەتەکان دەکرێ ناوی کورد لە سەرەوە و لە پلەی یەکەمدا بەداخەوە دەدرەوشێتەوە. ئەو کاتانەی کە سەبارەت بە دۆخی کورد پرسیارمان لە لا ساز دەبێ، وڵامی گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت بەردەوام تووشی سەرسووڕمانمان دەکا. سەرسووڕمانێک کە لە تێڕامانێکی فەلسەفییەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکوو پاش ئەوەی وڵامێکی سەلمێنەرمان بۆ پەیدا نابێ، لە بێدەرەتانیدا و بە واقوڕمانەوە لە لاپەڕەی ڕووداوەکانی مێژووی مۆدێرندا بە شوێن وڵامەکەیدا عەوداڵ دەبین و هەوڵ دەدەین بێ هێزی خۆمان لە بخەینە ئەستۆی گەشەنەسەندنی کولتووری سیاسی، ئامادەنەبوونی هەلومەرجی سیاسی – کۆمەڵایەتی، خەیانەتی ناوخۆیی و پیلانگێڕیی دەرەکی. ئەم سەرسووڕمانە بەپێچەوانەی بیرۆکەی ئەریستۆ، نابێتە سەرەتایەک بۆ تێڕامانی فەلسەفی سەبارەت بە دۆخی کورد کە چۆن و بۆچی لە سەدەی بیست و یەکەمدا هێشتا، لە قۆناغی پێنەگەیشتووییدا، دوژمن بە سەریدا زاڵ ماوەتەوە. لە کوردستانێکی کۆلۆنیکراو، بیرمەندانی کورد لە ماوەی زیاتر لە سەد و پەنجا ساڵدا هەموو ڕێگایەکیان تاقی کردووەتەوە کە زنجیرەکانی نەتەوەکانی تورک، فارس و عەرەب لە ملی نەتەوەی کورد بپچڕێنن، بەڵام ئەگەر بەڕواڵەت دەستکەوتێکش هەبووبێ، وەک ئەوەیکە لە باشوور ڕووی داوە، ڕزگاری بۆ خاکی کوردستان و نەتەوەی کورد هیچ کە دەستەبەر نەبووە بەڵکوو زیاتر لە سەداهەشتای خاکی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەردا ماوەتەوە. ڕێگا ئەزموونکراوەکانی خەبات مژێکیان لەسەر ئەو هەقیقەتە ساز کردووە کە ئامانجی کۆتاییی ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی، لە بنەڕەتدا ئەگەر ڕزگاری نەبێ، هەر مانەوە لە دۆخی بندەستیی لێ بەرهەم دێتەوە. بۆ زۆربەمان گەڕان و پەیجۆربوون بە دوای وڵامێک بۆ پرسی ڕزگاری، هێندە ئاشکرایە کە لەوپەڕی ڕوونیەتیدا نادیارە. چونکە ئەو وڵامانەی کە تاکوو ئیستا بیرمەندانی کورد بەم پرسەیان داوەتەوە، لە بنەڕەتدا بوونەتە هۆی ئەوەی هەلومەرجێکی ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بە ڕزگاری دەستەبەر نەبێ.
دۆخێک کە تیایدا مرۆڤی کورد لە چەندین ڕەهەندەوە (نەتەوایەتی، چینایەتی، ڕەگەزایەتی و ژینگەیی) ستەمی لێ دەکرێ، کەمتر توانیویەتی وەک دۆخی ڕاستەقینەی نائاسایی[3] نیشان بدرێ. چونکە نائاساییبوونی دۆخی بندەستی بۆ نەتەوەی کورد، بووەتە بەشێک لە ڕێساکان و لە ڕاستیدا ئاسایی بووەتەوە. ئەگەر سەیری نەتەوە بندەستەکانی دیکە لە ڕابردوو و لە ئیستادا بکەین، دەبینین کە بۆ ڕزگاری لە دۆخی کۆلۆنیالیزم، تەنیا ئایدیۆلۆژییەک توانیویەتی یارمەتیدەریان بێ کە مێکانیزمەکانی سوڵتەی شی کردبێتەوە و هەموو زنجیرەکانی وابەستەیی پچڕاندبێت. هەر بۆیە من دەمەوێ لەم توێژینەوەیەی خۆمدا، بە شوێن ئەوەدا بگەڕێم کە چ پەیوەندییەک لە نێوان مێژوو و نەتەوەی کورددا هەیە و ئایا دەرکی ئێمە لە دۆخی خۆمان بەرەو ڕزگاریمان دەبا؟ دواتر باس لەوە دەکەم، بۆچی پێویستە لە پێناو تیۆرییەکی ڕزگاریکەردا شۆڕش بکەین و، هەروەها بۆچی و لە چ ئاستێکدا توندوتیژی لە شۆڕشدا ڕەوایە.
کوردستان و ‘دۆخی هەمیشەییی کۆلۆنیالیزم’
کوردستان لە لایەن چوار وڵاتی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریایەوە بەکۆلۆنی کراوە. کاتێک باس لە کۆلۆنیالیزم دەکەین مێشکمان بەرەو لای شێوازێکی کلاسیکی کۆلۆنیالیزم دەڕوا کە تیایدا وڵاتێکی وەک بریتانیا لەوپەڕی دونیاوە دێت و، وڵاتێک وەک هێند لە ئاسیا بەکۆلۆنی دەگرێ. واتە هەم مەودایەکی دوور لەم کۆلۆنیالیزمەدا دەبیندرێ و هەم وڵاتی هێند پێش لەوەی کە بریتانیا بە سەریدا زاڵ ببێ لەسەر نەخشەی وڵاتان هەبووە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە کوردستان پێشتر وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە فەرمی نەناسراوە، تاکوو ئێمە بتوانین کوردستان وەک کۆلۆنی ناو ببەین و، ئەمە لە ڕووی پەیوەندیی نێودەوڵەتییەوە کێشە ساز دەکا. هەروەها وڵاتێکیش نابیندرێ کە بە فەرمی هاتبێ و، کوردستانی بە کۆلۆنی کردبێ. لێرەدا بەم شێوەیە بەڵگە دێنمەوە کە لە ناوخۆی هەر کام لەو چوار وڵاتەدا، نەتەوەی کورد بەکۆلۆنی کراوە. نەتەوەی کورد خوازیاری سازکردنی دەوڵەت – نەتەوەی خۆی لەسەر خاکی کوردستانە، بەڵام بۆ شکەستی ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی، میکانیزمە ئاڵۆزەکانی کۆلۆنیالیزم لە لایەن هەر چوار وڵاتی کۆلۆنیالیستیی کوردستانەوە بەکار دێن و “کوردستانیان وەک کۆلۆنییەکی نێوخۆیی، بە مەبەستی گەشەسەندنی ناوەندی وڵاتەکەی خۆیان بەکار هێناوە. واتە، کاتێک ئەم دەوڵەت نەتەوە مۆدێرنانە ساز بوون، لەبەر گەشەسەندنی خۆیان پێویستیان بوو کە هەندێک لە ناوچەکانی ناو وڵاتە نوێیە دەستکردەکەی خۆیان، بە کۆلۆنی بگرن. هاوکات بە هەمان ئەندازە ناوچە ناوەندییەکانی ئەو چوار وڵاتە گەشەی دەسەند، کوردستان وەک ناوچەیەکی بەکۆلۆنیکراو، بەرەو گەشەنەکردنێکی سیستەماتیک هەنگاوی دەنا. دەوڵەتی کۆلۆنیالیست، لە ڕێگەی بەکۆلۆنی کردنی کوردستان و کەڵک وەرگرتن لە هێزی کار و سەرچاوە ماددییەکانەوە، کوردستانی وەک ناوچەیەکی دواکەوتوو لە ڕووی ئابووری و پیشەسازییەوە هێشتووەتەوە.”[4] هەر کۆلۆنیالیزم بۆخۆی بووەتە هۆی پارچەپارچەبوونی کوردستان و لەتبوونی ناسنامەی کوردی و لەبەر ئەم هۆکارە، لە ئاوەڵناوی نێوخۆیی کەڵک وەردەگرم کە نیشانی بدەم لە سنووری هەر کام لەم وڵاتانەدا، نەتەوەی کورد بەکۆلۆنی کراوە و مێکانیزمەکانی هەر کام لەم وڵاتانە بۆ سەپاندنی پەیوەندیی کۆلۆنیالیستی لێک جیاوازن، هەرچەند بە یەک مەبەست ئەنجام دەدرێن.
لە ماوەی سازبوونی هەر چوار دەوڵەت نەتەوەکەدا، کوردستان وەک کۆلۆنییەک بۆ هەر کام لەم چوار وڵاتە سەیر کراوە و هەرچەند لە هەر کام لەو وڵاتانە چەندین حکومەتی جیاواز و تەنانەت بە ئایدیۆلۆژیای تەواو دژ بە یەک حوکمڕانییان کردووە، بەڵام دەتوانین بڵێین کە بەکۆلۆنی کردنی کوردستان و بندەستبوونی نەتەوەی کورد، خاڵی هاوبەشی هەموویان بووە. تەنانەت ئەگەر هەندێک لە حکومەتەکان وەکوو حکومەتی ئاکپارتی (٢٠١٠ تا ٢٠١٤) یاکوو ڕێفۆرمخوازەکانی ئێران (١٩٩٧-٢٠٠١)، ویستوویانە بە ڕواڵەت نیشان بدەن کە دەیانەوێ بۆ پرسی کورد لە وڵاتی خۆیان چارەسەرییەک بدۆزنەوە، دۆخی کۆلۆنیالیزم درێژەی هەبووە. هیچ کام لە مێکانیزمەکانی دابەش بوونی هێزی کار و کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە مرۆیی و سروشتییەکانی کوردستان لە قازانجی نەتەوەی سەردەست کۆتایی پێ نەهاتووە و، بەئەنقەست گەشەنەسەندنی کوردستان، بە تاڵانبردنی نەوت، ئاو و کانزاکانی کوردستان و چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد درێژەی هەبووە. هەر بۆیە من وەک “دۆخی کۆلۆنیالیزمی هەمیشەیی”[5] باس لە ستەمێکی چەند ڕەهەندی لەسەر تاکی کورد دەکەم کە لەبەر کوردبوون بە سەریدا سەپاوە. لێرەدا ئەو پرسیارەمان لە لا ساز دەبێ کە ئەم دۆخە هەمیشەییە، بۆچی هێندە ئاسایی بووەتەوە کە تەنانەت باسکردن و نیشاندانی وردەکارییەکانی، لە لایەن خودی کوردەکانەوە دژایەتیی دەکرێ؟ بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە گرنگە سەرەتا پێویستە مژارێکی فەلسەفیتری ئەم باسە شی بکەمەوە کە تیایدا باس لەوە کراوە چۆن نەریتی ستەملێکراوەیی، وەک نەریتی باو لە مێژوودا سەیر دەکرێ و، چۆن نەتوانراوە وەک دۆخێکی نائاسایی پێناسەی بۆ بکرێ.
ستەملێکراوەکان و دۆخی نائاسایی
بۆ شیکردنەوەی پرسی ڕزگاری، سەرەتا تیشک دەخەمە سەر مژارێک لە نووسینەکانی واڵتەر بێنیامین (١٩٨٢-١٩٤٠) کە لە یەکێک لە هەرە سەرنجڕاکێشترین پاژەکانی “چەند تێزێک سەبارەت بە مێژوو“، تایبەتمەندیی فەلسەفەی مێژوو و پەیوەندیی لەگەڵ دۆخی ستمەلێکراوەکان شی دەکاتەوە و دەنووسێت:
“نەریتی ستەملێکراوەیی، فێرمان دەکا کە ئەو “دۆخە نائاساییەی” تیایدا دەژین ئاوارتە نییە، بەڵکوو ڕێسایە. ئێمە دەبێ بە چەمکێک لە مێژوو بگەین کە لەگەڵ ئەم تێڕوانینەدا بێتەوە. بەم پێیە، بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە ئەرکی سەرشانی ئێمە، سازکردنی دۆخی نائاساییی ڕاستەقینەیە و، هەر ئەمە پێگەی ئێمە بۆ خەباتی دژە فاشیزم بەهێزتر دەکا. یەکێک لەو هۆیانەی فاشیزم لە ڕێگەیەوە شانسی سەرکەوتن بە دەست دەهێنێ، ئەوەیە کە دژبەرانی فاشیزم لە ژێر ناوی پێشکەوتندا، وەک جۆرێک لە نۆڕمی مێژوویی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن.”[6]
هەر وەک دەردەکەوێ، یەکێک لە کارتەکانی فاشیزم بۆ سەرکەوتن، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دژبەرەکانی نەیاندەتوانی دەرکێکی گونجاویان لێی هەبێ. مایکەڵ لۆوی، کۆمەڵناسی مارکسیستی برازیلی، لە شرۆڤەی ئەم تێزەدا پێی وایە کە لە تێزی هەشتەمی چەند تێزێک سەبارەت بە مێژوو دوو لێکدانەوەی دژ بە یەک لە فاشیزم دەبیندرێ: تێگەیشتنێک هەیە کە فاشیزم تیایدا وەک ئاوارتەیەک لە نۆرمی پێشکەوتندا سەیر دەکرێ، وەکوو ‘گەڕانەوە بۆ دواوە”یەکی شرۆڤەهەڵنەگر، کەوانەیەک کە پەیوەندیی بە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگای مرۆییەوە نییە. لە تێگەیشتنی دووەمدا، فاشیزم وەکوو دوایین دەرکەوتەی دڕندانەی “دۆخی هەمیشەییی نائاسایی”[7] لە مێژووی ستەمی چینایەتیدا سەیر دەکرێ.[8] بێنیامین هەوڵ دەدا کە لەم کورتەنووسینەدا، لەوە تێبگا بۆ مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوایی، فاشیزمی لێ بەرهەم هاتووە و، لێرەوە بۆ بەریەککەوتن لەگەڵ کارڵ شمیت (١٨٨٨-١٩٨٥) بیرمەندی ناوداری حکومەتی نازی هەنگاو دەنێ. بە وتەی جۆرج ئاگامبێن (١٩٤٢- ) تێزی هەشتەم بەدڵنیاییەوە بەڵگەی یەکلاییکەرەوەی دۆسیەی بەرەوڕووبوونەوەی بێنیامین و شمیتە.[9] دووانەی بێنیامین – شمیت بۆ من ئەو گرنگییەی هەیە کە لەوە تێبگەم، کاتێک لە مێژووی هاوچەرخدا، باس لەوە دەکەین کوردستان لە نێوان چوار وڵاتدا دابەش کراوە و کورد لە دۆخی بندەستیدا دەژی، چۆن ئێمە وەکوو کورد، بۆ ڕزگاری، تاقە یەک ڕێگای شۆڕشی دژ بە نەزمی هەنووکەیی لە پێشمانەوەیە و، ناچارین، پێکهاتەی دەوڵەت – نەتەوە کۆلۆنیالیستییەکانی کوردستان تێک بشکێنین. بۆ ئەم تێکشکاندنە، پێویست بە توندوتیژییەک دەکا، کە مەشروعیەتی خۆی لە پەیوەندی لەگەڵ یاساکاندا نیشان بدا. واتە دەبێ چۆنیەتیی بوونناسانە – سیاسیی حاکمیەت، یاسا و توندوتیژیی یاسایی، لە لایەن ئایدیۆلۆژیی کوردایەتییەوە بەوردی دەستنیشان بکرێ. مەبەست لە کوردایەتی سەرەتا “ڕەهەندێکی سیاسییە کە ئامانجەکەی سازکردنی دوڵەت-نەتەوە لەسەر خاکی کوردستانە. هەر جۆرە کردارێکی ئابووری، کۆمەڵایەتی وکولتووری لە چوارچێوەی ئەم ڕەهەندە سیاسییەدا مانای کۆتایی بەخۆیەوە دەگرێ. هەروەها لە مانایەکی بەرفراوانتردا، ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی جگە لە ناسیۆنالیزم (ڕەهەندی سیاسی)، هەڵگری چەندین ڕەهەندی دیکە وەک سۆسیالیزم، فێمینیزم و ژینگەپارێزییە. ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی دەیەوێ دابڕانێک لەگەڵ ئەو سیستەمانەدا ساز بکا، کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا و بە ناوی دەوڵەت – نەتەوەی مۆدێرنەوە، خاکی کوردستانیان بەکۆلۆنی گرتووە. لێرەدایە کە کوردایەتی، دەبێ وەک ئایدیۆلۆژییەک بۆ ڕزگاریی لە هەر چوار پارچەی کوردستان سەیر بکەین و، باشترە وەک جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی ناوی لێ ببەین.”[10] ئەم ئایدیۆلۆژیی کوردایەتییە، دەیەوێ چوارچێوەی خەباتیکی دژەکۆلۆنیالیستی و، مەشروعیەتی دابڕانێکی توندوتیژانەی لە پێکهاتەی کۆلۆنیالیستی، کە تیایدا مرۆڤی کورد دەچەوسێتەوە و ستەمی لێ دەکرێ، دەستنیشان بکا. بۆ تێڕامان سەبارەت بەم باسە، دەبێ بزانین لە مێژووی فەلسەفەدا چۆن سەبارەت بەم کێشانە تێفکریون و، هەروەها بزانین ڕێگەچارەی تایبەت بە خۆمان بۆ دەربازبوون لە دۆخی کۆلۆنیالیزمی هەمیشەیی چییە.
دۆخی ئاوارتە لە ڕوانگەی شمیت و ئاگامبێنەوە
ئاگامبێن لە بەشی چوارەمی کتیبی دۆخی ئاوارتەدا، باس لەوە دەکا کە مشتومڕی نێوان بێنیامین و شمیت لە نێوان ساڵەکانی ١٩٢٥ تا ١٩٥٦ لە ئارادا بووە و هەر کامیان چەند جارێک لە بەرهەمەکانی خۆیاندا، سەرچاوەیان بە یەک داوە. یەکەمین بەریەککەوتنی ئەوان، دژەکردەوەی شمیت سەبارەت بە وتاری ڕەخنە لە توندوتیژیی بێنیامین بووە.[11] بۆ ئەوەی وڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە بدەینەوە، دەبێ سەرەتا لەوە تێبگەین کە شمیت چۆن بۆ حاکمیەت دەڕوانێ و، سەبارەت بە دۆخی ئاوارتە چۆن بیر دەکاتەوە. شمیت لە کتێبی ئێلاهیاتی سیاسیدا، بەم شێوەیە حاکم [فەرمانڕەوا] پێناسە دەکا: “حاکم کەسێکە کە سەبارەت بە دۆخی ئاوارتە بڕیار دەدا.”[12] شمیت پێی وایە کە دۆخی ئاوارتە، لەگەڵ دۆخی نائاسایی (یا باری/ڕەوشی نائاسایی) و دۆخی گەمارۆ جیاوازی هەیە. شمیت بۆ یەکەم جار پەیوەندییەک لە نێوان دۆخی ئاوارتە و حاکمیەت[13] ساز دەکا و، دەیەوێ بۆ ئەم مژارە یاسایی – سیاسییە بگەڕێتەوە کە لە کاتی نائاسایی بوونی دۆخی وڵاتێکدا، وەک ئەو کاتەی لە جەنگی نێوخۆیی، شۆڕشی چەکداری و بەرنگاریدا دەیبینین، ئایا دەکرێ لە ڕێگای پەسەندکردنی یاسایەک بۆ دۆخی نائاسایی، هەموو یا بەشێک لە یاساکانی پێشووتر هەڵبسپێردرێ و، چیتر کاریان پێ نەکرێ؟ هەروەها شمیت پێی وایە ئاوارتە ئەو شتەیە کە ناتوانێ ببێتە ژێدەری ڕێسا و یاسا. هەر یاسایەک یاسا بۆ بارودۆخێکی تایبەتە. حاکم کەسێکە کە بارودۆخ وەک گشتێک ساز و پشتیوانیی لێ دەکا. حاکمیەت لە ڕووی یاساییەوە، مافێکە کە تەنیا حاکم هەیەتی و، دەتوانێ لە دۆخی ئاوارتەدا بڕیار بدا. کەواتە شمیت لە ڕێگەی ئێلاهیاتی سیاسییەوە، حاکمیەت وەکوو چەمکێکی سنووریی نێوان نەزمی ئاسایی و ئاوارتە پێناسە دەکا، کە تیایدا حاکم بڕیار دەدا ئایا دۆخی هەنووکەیی بەڕاستی ئاوارتەیە یاکوو بەردەوامبوونی نەزمێکی ئاسایی و لەسەر بنەمای ڕێسایە؛ حاکمییەت لەم بڕیاردانەدا خۆی نیشان دەدا و، حاکم کەسێکە کە سەبارەت بە ڕێسا (بابەتی ئاسایی و بەپێی نۆرم) و بابەتی ئاوارتە بڕیار دەدا.
مێژووی دانانی یاسای دۆخی نائاسایی، بۆ قۆناغی جەنگ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە پەشێوی بکات، بەڵام هەرچی بە نها نزیک دەبینەوە، دۆخی نائاسایی ڕەهەندی سیاسی بە خۆیەوە دەگرێ. ئاگامبێن لە کتێبی هۆمۆساکێردا، بە ڕواڵەت وا دەردەکەوێ لەگەڵ شمیت هاودڵە.[14] هۆمۆساکێر، لە یاساکانی ڕۆمیدا بە مانای مرۆڤی پیرۆز هاتووە و، لەم یاسایانەدا، مرۆڤی پیرۆز کەسێکە، کە خەڵک لەبەر ئەوەی تاوانێکی ئەنجام داوە، مەحکومیان کردووە. هەر لەم ڕووەوە، ناکرێ ئەم مرۆڤە قوربانی بکرێ؛ بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەگەر کەسێک بیکوژێ دادگایی ناکرێ. دەکرێ مرۆڤی پیرۆز بکوژن، بەڵام ناکرێ وەک قوربانی پێشکەشی بکەن، ئەمە بە واتای ئەوە دێ کە ئەم کەسە، لە هەرێمی یاسای مرۆیی دەردەکرێ و هاوکاتیش لە هەرێمی ئیلاهیش وەلا دەنرێ، چونکە قوربانی کردن بە مانای تەسلیمبوون و، بە دیاریکردنی مرۆڤ لەهەمبەر خوداکانە کە لە ڕێگەیەوە پیرۆز دەبێ. ئاگامبێن باس لەوە دەکا کە لە ڕێگەی “دووجار سڕینەوە و دووجار دەستبەسەرکردن” دەتوانین لە هۆمۆساکەر بگەین.[15] لە درێژەدا ئاگامبێن باس لە دژوازییەک دەکا کە تیایدا هۆمۆساکێر، لەبەر ئەوەی ناتوانێ قوربانی ببێ، گرێدراوی خودایە و لەبەر ئەوەی دەکرێ بکوژرێ، تێکەڵی کۆمەڵگایە. لێرەوەیە کە بەو ئەنجامە دەگا، ژیانی هۆمۆساکێر “ژیانێکی ڕووتە” و لەبەر ئەوەی لەوپەڕی یاسای زەوی و ئاسماندا دەژی، بەرەوڕووی مەرگ دەبێتەوە. ئاگامبێن بەو ئەنجامە دەگا کە لە نێوان هۆمۆساکێر و ئاوارتەدا، هاوشێوەییەک هەیە کە هەر کامیان لە یەک کاتدا هەم یاسا دەیانگرێتەوە و هەم لە یاسا دەردەکرێن و دەسڕێنەوە؛ هەر بۆیە حاکم دەتوانێ لەبارەیانەوە بڕیار بدا.[16]حاکم کەسێکە کە هەموو مرۆڤەکان بۆی هۆمۆساکێرن و، هۆمۆساکێر کەسێکە کە هەموو مرۆڤەکان بەشێوەی هێزەکی (بالقوە) دەوری حاکمی بۆ دەبینن.
ئاگامبێن، لە کتێبی دۆخی ئاوارتەدا، دەیەوێ زیاتر ڕەگەزناسیی ئەم چەمکە بکا و پێی وایە بەرپرسانی وڵات، لە بارودۆخی جەنگدا، دۆخی نائاسایی ڕادەگەیەنن، تا گرژی و شۆڕش کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام بەرەبەرە دۆخی نائاسایی ڕاستەقینەی سوپایی، بەرەو دۆخی نائاساییی سیاسی دەڕوا. لە ئاکامدا، ئاگامبێن پێناسەی خۆی لە دۆخی ئاوارتە، بەم شێوە دەستنیشان دەکا: “ئەگەرچی پارادایمی سەرەکی، لە لایەکەوە (لە کاتی دۆخی نائاسایی گەمارۆدا) گشتاندنی هێزەکانی ئۆتۆریتەی سوپایی لە سەروبەندی جەنگدایە، کە فەزای مەدەنیش بگرێتەوە و، لە لایەکی دیکەوە هەڵپەساردنی دەستووری بنچینەیی (یا هەڵپەساردنی ئەو ڕێسا و نۆرمانەی کە لە دەستووری بنچینەییدا پشتیوانی لە ئازادییەکانی تاک دەکەن)، بەڵام ئەم دوو مۆدێلە لە دیاردەیەکی یاساییدا یەک دەگرنەوە کە وەک دۆخی ئاوارتە ناوی لێ دەبەم.”[17] بە باوەڕی ئاگامبێن دۆخی ئاوارتە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ وەک پارادایمی زاڵی حکومەت لە سیاسەتی هاوچەرخدا ڕوو لە هەڵکشانە. لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە، بەرەبەرە لە دەستووری وڵاتە ڕۆژئاواییەکاندا، بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ (فەڕانسە و ئاڵمان) و ناڕاستەوخۆ (بریتانیا، ئامریکا، سویس و ئیتالیا) دەبیندرێ و هەر بۆیە دەبێ ئاماژە بەوە بکرێ، کە دۆخی ئاوارتە میراتی نەریتێکی دژە-دێمۆکراتیک نییە و لە هەناوی دێمۆکراسیی ڕۆژئاواییەوە سەری هەڵداوە و، تیایدا بە شێوەیەکی یاسایی و لە ڕێگەی دەستووری بنچینەیییەوە، بۆخۆی یاسا هەڵدەپەسێرێ.
گەڕانەوەی ئاگامبێن بۆ بێنیامین
هەرچەند بیرۆکەی شمیت وەکوو پاساوێکی یاسایی بۆ لەسەر کارمانەوەی حکومەتی دیکتاتۆری/تۆتالیتەر سەیر دەکرا، هەوڵی ئاگامبێن ئەوە بوو کە نیشانی بدا، دۆخی ئاوارتە هەر خۆی بووە بە ڕێسا و، لە ڕەوشی یاسایی – سیاسی ڕۆژئاوادا پەیڕەو دەکرێ. ئەگەرچی مومکینە یاسا لە کاتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخی ئاوارتەدا هەڵبپەسێردرێ، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئاوارتە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێسا و یاساوە نییە، بەڵکوو ڕێک بەپێچەوانەوەیە، دۆخی ئاوارتە بە شێوەیەکە کە ئەو شتەی لە هەرێمی یاسا دەردەکرێ، پەیوەندییەکەی لەگەڵ یاسا ڕێک لەبەر هەر ئەم “هەڵپەساردن لە یاسا”یە دەهێڵێتەوە. ئەو شتەی لە ناو پێکهاتەی نەهێشتن و دەرکردنی حاکم وەک کەسێکی گیراوی (نەک زیندانی، چونکە زیندانی گرێدراوی یاسا دەبێ) لێ دەردێ، ژیان بۆخۆیەتی. ئاگامبێن پێیوایە شمیت لە کتێبی” ئێلاهیاتی سیاسی“دا، لە ڕاستیدا وڵامی ئەم داخوازیانە دەداتەوە کە بێنیامین لە وتاری ڕەخنەی توندوتیژی (١٩٢١) بە دەستیەوە داوە. ئاگامبێن لە بەشی چوارەمی کتێبی دۆخی ئاوارتەدا دەنووسێت: “ئامانجی وتارەکەی بێنیامین [ڕەخنەی توندوتیژی] پێداگری لەسەر ئیمکانی توندوتیژییەکە کە بە شێوەیەکی ڕەها لە ‘دەرەوە’ و ‘لەوپەڕی’ یاساوەیە و بەوگوێرەیە دەتوانێ دیالێکتیکی نێوان توندوتیژییەک کە یاسا ساز دەکا و، توندوتیژییەک کە پشتگیریی لێ دەکا[18] بتوێنێتەوە.”[19] مەبەستی بێنیامین لەو توندوتیژییەی دیکە، توندوتیژییەکی ‘پەتی’ یا ‘ئیلاهییە’ کە لە فەزای مرۆییدا، وەک توندوتیژییەکی شۆڕشگێڕانە ناوی لێ دەبات.
هەر بۆیە بێنیامین دەبێژێ: “ئەگەر توندوتیژی لە دەرەوەی یاسا، وەکوو توندوتیژییەکی بێ نێوانجیی پەتی، بوونی هەبێ، بەناچار ئەمە دەیسلمێنێ کە بۆچی و چۆن توندوتیژیی شۆڕشگێڕانەش، کە نێشاندەری بەرزترین دەرکەوتەی توندوتیژی بە دەستی مرۆڤەکانە، ئیمکانی هەیە.”[20] بە باوەڕی بێنیامین ئەو شتەی کە یاسا هیچ کات قەبووڵی ناکا، بوونی توندوتیژییەکە کە لە دەرەوەی یاسا بێ، ئەویش نەک لەبەر ئەوەی ئامانجەکانی ئەم توندوتیژییە دژ بە یاساکانن، بەڵکوو تەنیا لەبەر ئەوەی کە لە دەرەوەی یاسایە. تایبەتمەندیی ئەم توندوتیژییە نە ئەوەیە یاسا ساز بکا و، نە ئەوەیە پشتیوانی لە یاسا بکا، بەڵکوو ئەم توندوتیژییە یاسا لە کار دەخا و لای دەبات. ئاگامبێن پێی وایە، ئەو تیۆرییەی سەبارەت بە حاکمییەت، کە شمیت لە کتێبی ئێلاهیاتی سیاسیدا دەیهێنێتە بەر باس، ڕێک وڵامێکی وردی وتاری ڕەخنەی توندوتیژییە. ئامانجی ستراتێژیی ڕەخنەی توندوتیژی، پشتگیری لە بوونی توندوتیژییەکی پەتی و ئانۆمیک بووە، لە کاتێکدا شمیت لە بەرامبەردا هەوڵ دەدا ئەم توندوتیژییە بۆ چوارچێوە و بەستێنێکی مافناسانە بگەڕێنێتەوە. بە باوەڕی شمیت، توندوتیژیی پەتی (واتە توندوتیژییەک کە بە شێوەیەکی ڕەها لە دەرەوەی یاسایە) ناتوانێ بوونی هەبێ، چونکە لە دۆخی ئاوارتەدا توندوتیژی، ڕێک لە دەرەنجامی سڕینەوە و دەرکردنی لە یاسادا دیسان دەکەوێتە ناو یاساوە. بە واتایەکی دیکە، دۆخی ئاوارتە فێڵێکە کە شمیت یارمەتیی لێ وەردەگرێ کە وڵامی جۆرێک لە کردەوەی مرۆیی تەواو ئانۆمیک لە بیرۆکەی بێنیامین بداتەوە. لە ئێلاهیاتی سیاسیدا، شمیت باس لە دەسەڵاتیک دەکا کە نە یاسا ساز دەکا و نە پشتگیریی لێ دەکا، بەڵکوو تەنیا هەڵیدەپەسێرێ و، لەم ڕێگەیەوە بەرگری لە حاکم دەکا، کە وەک بڕیادەری کۆتایی لەو سنوورەدا وێستاوە. لە بیرۆکەی بێنیامیندا، توندوتیژیی پەتی ڕێگە بە حاکم نادا کە لە دۆخی ئاوارتەدا بڕیار بدا؛ بەڵکوو دۆخی ئاوارتە دەسڕێتەوە و لە سیستەمی ماف دەریدەکات.[21]
توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕزگاری لە ‘دۆخی هەمیشەییی کۆلۆنیالیزم’
کوردستان لە دۆخی ئاوارتەدا نییە، بەڵکوو لە دۆخێکی هەمیشەییی کۆلۆنیالیزمدایە. ڕەنگە بە خوێندنەوەی شێوازی بەکارهێنانی دۆخی ئاوارتە لە نووسینەکانی بێنیامیندا، وەسوەسە ببین کە ئەم چەمکە بۆ سەر کوردستان و مرۆڤی کورد تاقی بکەینەوە. بۆ نموونە هەم لە ئێران بەپێی ئەسڵی ٧٩ و، هەروەها ئەسڵەکانی ٦٨ و ٧٢ و، هەم لە تورکیا بەپێی ئەسڵەکانی ١١٩ تا ١٢٢، دەتوانن دۆخی نائاسایی ڕابگەیەنن و هەموو یا هەندێک لە یاساکان هەڵپەسێرن. سەرەڕای ئەوەی هەر لە سەرەتای سازبوونی ئەم دوو دەوڵەت نەتەوەیە لە سەدەی بیستەمەدا، کوردستان هیچ کات لە دۆخی ئاساییدا نەبووە، بەڵام ئەگەر باس لەوە بکرێ کە کوردستان لە دۆخی ئاوارتەدایە، بە مانای ئەوە دێ کە ئێران یا تورکیا حکومەتگەلێکی دێمۆکراتیکن کە لە کاتی پەشێویدا و لە هەلومەرجە ناسکەکاندا (بۆ نموونە کاتێک کە لەگەڵ کورد کێشەیان بۆ ساز دەبێ) دۆخی نائاسایی ڕادەگەیەنن. هەڵبەت ئاگامبێن خۆی بەڕوونی باس لەوە دەکا کە “گرنگ ئەوەیە لەبیری نەکەین کە دۆخی ئاوارتەی مۆدێرن، سازکراوی نەریتێکی دێمۆکراتیکی – شۆڕشگێڕانەیە و، پەیوەندی بە حکومەتی زۆردارییەوە نییە.[22] واتە دۆخی ئاوارتە لە حکومەتە دێمۆکراتیکەکاندا ساز دەبێ و، ئەگەر پێمان وابێ ئەم شێوازەش لەم دوو وڵاتە هەیە، کەواتە ئاستی ئێران و تورکیامان وەک دوو وڵاتی کۆلۆنیالیستی کوردستان، بردووەتە ڕیزی دێمۆکراسییە لیبراڵەکانی ئەورووپا.[23] دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان، لە نافەرمانی مەدەنی، مانگرتن، شکاندنی یاساکان، پابەندنەبوون بە یاساکانی هاتوچۆ لە کوردستان و پەیڕەونەکردنی یاساکان لە لایەن مرۆڤی کوردەوە ناترسن. چونکە هەر کام لەم شێوازە توندوتیژیانە بە مانای ئەوەیە کە پێشتر یاسا کۆلۆنیالیستییەکانی ئەوان لە لایەن کوردەوە پەسەند کراوە و تەنیا لەم حاڵەتانەدا پێویست بەوە دەکا کەمێک توندوتۆڵتر، توندوتیژییەک بەکار بێ، کە پشتیوانی لە یاساکان بکا و، دۆخەکە بەرەو ئاساییبوون بڕوات.
پەیوەندییەکانی نەتەوەی کورد لەگەڵ نەتەوەی فارس/ئێرانی و تورک/تورکیایی لە جۆری پەیوەندییەکی چەوساندنەوە و لەسەر بنەمای هەڵاواردنێکی ئیتنیکییە. مرۆڤی کورد لە دەرەوە و لەوپەڕی یاسا کۆلۆنیالیستییەکانی ئەم دوو دەوڵەتەدایە نەک ئەوەی وا بیر بکەینەوە کە مرۆڤی کورد لە یاساکان دەرکراوە و لە دۆخی ئاوارتەدایە. چونکە دەرکردن و سڕینەوە لە یاساکان لە هەمان کاتیشدا بە مانای ئەوە دێ کە کورد لە ناویاساکاندا جێی دەبێتەوە. بۆیە ئامانجە ڕێفۆرمیستییەکانی گۆڕانی دەستووری بنچینەیی لەم وڵاتانە، یاکوو دڵخۆشبوون بە هەندێک مافی یاسایی لەناو دەستووری بنچینەییدا، لەبەر ئەوەیکە دیسان مرۆڤی کورد دەخاتە ناو بازنەی یاساکانی ئەوانەوە، نەک شتێکی ئەوتۆ لە “دۆخی هەمیشەییی کۆلۆنیالیزم” ناگۆڕێ، بەڵکوو زنجیرکانی گرێدراوەییی مرۆڤی کورد بە ئێران یا تورکیا، بەهێزتر دەکا. بۆ نموونە، پرۆژەی فیکریی عەباس وەلی، هەر دەیهەوێ لەم بازنەیەدا بسووڕێتەوە و ئەو وەک ناسیۆنالیزمی مەدەنی پێناسەی بۆ دەکا. هەرچەند عەباس وەلی، بە دروستی ڕەخنە لە ڕێفۆرمیستە کوردەکان (یاکوو تورک و فارس) دەگرێ و، پێی وایە کە ئەو بزووتنەوانەی کە لە ئێران و تورکیا، لە ڕێگەی ڕێفۆرم لە دەستووری بنچینەیی و، دێمۆکراتیزەکردنی چەمکی هاووڵاتی، بە شوێن دڵنیابوون لە بە ڕەسمی ناسینی کورد و، بەشداری لە پرۆسەی سیاسییەوەن، خاڵێکی بنەڕەتیی سیاسی و تیۆری لەبیر دەکەن کە بریتییە لەوەی: “بوونی چەمکێکی دێمۆکراتیکتر لە هاووڵاتی، خۆی لە خۆیدا ناتوانێ دەرکەوتنێکی سیاسیی یەکسان بۆ کوردەکان دەستەبەر بکا و، هەر جۆرە ڕێفۆرمێکی دەستووری بنچینەیی و، دێمۆکراتیزەکردنی چەمکی هاووڵاتی، پێویستی بەوەیە کە حەتمەن پێشتر ناسنامەی دەسەڵاتی سیاسی بە شێوازێکی ڕادیکاڵ دێمۆکراتیک بووبێ. ئەمە بە مانای کۆتایی هاتنی هەر جۆرە پیناسەیەکی ئیتنیکی (قەومی) لە ناسنامەی حاکمیەت لە دەستووری بنچینەییدایە. ئەگەر لە بنەڕەتدا، ڕێفۆرمی دەستووری بنچینەیی و چەمکی هاووڵاتی بیهەوێ کاریگەر بێ، حاکمییەت دەبێ لەسەر بنەمای ئەو تایبەتمەندییە نەتەوەییانەی قەومی نین، پێناسە بکرێتەوە.”[24] ڕێک لێرەدایە کە پرۆژەی فیکریی عەباس وەلی، بۆ سڕینەوەی قەومیەت لە ناسنامەی ئێرانیبوون/تورکیاییبوون، دەکەوێتە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستییەکانی کوردستانەوە. کێشەی سەرەکی بۆ پاشگری “تر” دەگەڕێتەوە کە وەلی پێیوایە دەبێ لە حکومەتێکی کەمتر دێمۆکراتیکەوە، بەرەو حکومەتێکی دێمۆکراتیکتر بڕۆین. هەر ئەم تێگەیشتنە لیبراڵییەی وەلی لە ناو پارادایمی دێمۆکراتیک، دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانین مێکانیزمەکانی سوڵتەی کۆلۆنیالیستی و پەیوەندیی سەردەست لەگەڵ ژێردەست دەرک بکەین. هەروەها هەوڵ بۆ دێمۆکراتیک کردنی ئێران و تورکیا، بۆ بەدەستهێنانی مافی کوردان، ئەنجامی کۆتاییی هەموو نووسینەکانی عەباس وەلی لە ماوەی سی ساڵ و لە بواری فەلسەفەی سیاسیدایە. سازکردنی تورکیا/ئێرانێکی دێمۆکراتیکتر، کە تیایدا ناسنامەی حاکمییەتی سیاسی لەسەر بنەمای تایبەتمەندییەکانی قەومێکی تایبەت ساز نەکرابێ و، هەڵبەت دەبێ ئەم تایبەتمەندییانە نەتەوەیی بن. واتە ئێرانی بوون، تەنیا مانای ئێرانی بوون بدا و، چیتر لەسەر بنەمای فارس بوون پێناسەی بۆ نەکرێ، یاکوو تورکیایی بوون، بە مانای تورک بوون نەبێ. پرۆژەیەکی لیبراڵیی مەترسیدار کە هەر لە سەرەتاوە ڕاستییەکانی بوونی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستییەکانی کوردستان لەبەر چاو ناگرێ.
ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی، کە بەردەوام و لە پرۆسەیەکی سەد ساڵەدا خۆی نوێ کردووەتەوە، هەنووکە دەبێ لە فکری سازکردنی دۆخێکی ڕاستەقینەی نائاساییدا بێت. لێرەدا ڕەخنەیەکی تر کە دەکرێ لە ئاگامبێن بگیردرێ، چاوپۆشی کردن لە شرۆڤەیەکی سیاسی، لەسەر بنەمای هەمان داخوازییە کە بێنیامین لە تێزی هەشتەمدا باسی لێ کردبوو: سەیرکردنی دنیا لە ڕوانگەی ستمەلێکراوەکانەوە. هەر ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی، بیرۆکەی ئاگامبێن زیاتر تایبەتمەندییەکی وەسفی – ڕەخنەگرانەی سەبارەت بە بارودۆخی نالەباری حکومەتە لیبڕاڵەکانی ڕۆژئاوا و، قەیرانی سنوورداربوونی ئازادییەکانی تاک هەبێ و، بێ ئەنجامێکی شۆڕشگێڕانە لە چاوەڕوانی گۆدۆدا بمێنێتەوە. بەڵام بێنیامین لە هەمان سەرەتاوە لە جیاتی باسکردن لە دۆخی ئاوارتە، باس لە دۆخی نائاسایی دەکات کە لەو سەردەمەدا چیتر نائاسایی نەماوە و دەبێ هەوڵ بدرێ بۆ ڕزگاربوونی ستەملێکراوەکان، دۆخێکی ڕاستەقینەی نائاسایی ساز بکرێ. هەڵبەت هەر وەک پێشتر نیشانم دا چارەسەری کێشەکە هەر لای بێنیامینە. دێڕە کۆتاییەکانی وتاری ڕەخنەی توندوتیژی هەرچەند لە ناو گوتارێکی مێسیانیکی ئێلاهیاتی جوولەکەدا نووسراون، بەڵام ئاشکرا تیایدا باس لەوە دەکرێ کە بۆ دەربازبوون لە دیالێکتیکی توندوتیژی سازکەری یاسا و توندوتیژییەک کە پشتگیری لە یاسا دەکا، دەبێ توندوتیژییەکی پەتی و ڕەها لە هەر جۆرە نێوانجییەک بوونی هەبێ و لەسەر زەوی لە کردەوەی شۆڕشگێڕانەدا خۆی ببینێتەوە.
بۆ ڕزگاریی مرۆڤی کورد لە “دۆخی هەمیشەییی کۆلۆنیالیزم” و، نەمانی ئەو پێکهاتە کۆلۆنیالیستییانەی کە تیایدا کورد وەک بندەستی نەتەوەکانی فارس، تورک و عەرەب چەوساوەتەوە، شۆڕشێکی هەمەلایەنە و بەردەوام پێویستە. توندوتیژییەکی شۆڕشگێڕانە، کە بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە دەسەڵاتی سیاسیی کۆلۆنیالیستی لە کوردستان بنبڕ بکا. هەر وەک چۆن بینیامین ئاماژەی پێ کردووە “مارکس دەڵێ شۆڕشەکان جووڵێنەری مێژووی جیهانن. بەڵام ڕەنگە، ڕێک بەپێچەوانەوە بێ. ڕەنگە شۆڕشەکان ئەو هەوڵەی دانیشتووانی ناو شەمەندەفەرەکە بن (جۆری مرۆڤیان ناو لێناوە) بۆ ئەوەی وێستانی نائاسایی[25] چالاک بکەنەوە.”[26] ڕەنگە بۆ نەتەوەی کورد و دوای سەدان شۆڕش و گیانبەختکردنی سەدان هەزار کورد، پێویست بێ لەو شۆڕشانە دەست هەڵبگرێ کە شەمەندەفەری کۆلۆنیالیزم تیایدا مێژووی خۆی تێدەپەڕێنێ و درێژە بە ڕێگای خۆی دەدا. ژوورەکانی شەمەندەفەر، تەنانەت ئەگەر بە ڕواڵەت و بە شێوازێکی دێمۆکراتیکتر بە سەر هەموواندا دابەش بکرێن، هێشتا دۆخی بندەستی کۆتایی نایەت. پێویست بە توندوتیژییەکی ڕەها دەکا کە شەمەنەفەرەکە هەرچەند بەخێراییش بڕوا بوەستێندرێ. وێستانێکی وەها کتوپڕ، کە سەر لە بنی شەمەندەفەرەکە لەسەر جێی خۆی نەمێنێ و نەزمی مەوجوود تێک بچێت.
پەراوێزەکان
[1] عەبدوڵڕەحمان قاسملوو، “دروشمی بنەڕەتیی حیزبەکەمان”، لە کتێبی تاڤگەی هەقیقەت: بەشێک لە بەرهەمەکانی دوکتور قاسملوو (بەرگی یەکەم)، کۆکردنەوەی کاوە بەهرامی (سلێمانی: ١٣٨٤)، ٣١٢.
[2] Walter Benjamin, “On the Concept of History”, in Selected Writings Volume 4 (1938-1940), ed. Howard Eiland and Michael W. Jennings (Cambridge, Massachusetts: Harvard University Press, 2006), Thesis VI, 391.
[3] A real State of Emergency
[4] سارۆ ئەردەڵان، “کوردایەتی دژ بە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییە،” گۆڤاری تیشک ٥١ (٢٠١٩): ٣٨.
[5] The ‘permanent state of colonialism’
[6] Walter Benjamin, On the Concept of History, Thesis VIII, 392.
[7] The ‘permanent state of emergency’
[8] Michael Löwy, Fire Alarm: Reading Walter Benjamin’s ‘On the Concept of History’, trans. Chris Turner (New York: Verso, 2005), 58.
[9] Giorgio Agamben, State of Exception, trans. Kevin Attell (Chicago: University of Chicago Press, 2005), 57.
[10] سارۆ ئەردەڵان، کوردایەتی دژ بە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییە، ٣٧.
[11] Giorgio Agamben, State of Exception, 52.
[12] Carl Schmitt, Political Theology: Four Chapters on the Concept of Sovereignty, trans. George Schwab (Chicago: The University of Chicago Press, 2005), 5.
[13] State of exception and sovereignty
[14] Catherine Mills, The Philosophy of Agamben (Montreal: McGill-Queen’s Univeristy Press, 2008), 66.
[15] Giorgio Agamben, Homo Sacer: Sovereign Power and Bare Life, ans. Daniel Heller-Roazen (Stanford, California: Stanford University Press, 82.
[16] Ibid., 84.
[17] Giorgio Agamben, State of Exception, 5.
[18] The dialectic between lawmaking violence and law-preserving violence
[19] Giorgio Agamben, State of Exception, 53.
[20] Walter Benjamin, “Critique of Violence”, in Selected Writings Volume 1 (1913-1926), ed. Marcus Bullock and Michael W. Jennings (Cambridge, Massachusetts: The Belknap Press of Harvard University Press, 2002), 252.
گرنگیی ئەم وتارە تەنانەت لە ناو دژبەرە جیدییەکەی ئاگامبێن، بۆ بیرمەندێک وەک ژاک دریداش دەردەکەوێ. لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا مشتومڕێکی سەرنجڕاکێش لە نێوان ئەم دوو بیرمەندە ساز بووە و دەکرێ بوترێ کە مێتۆدی هەڵوەشاندنەوەی دریدا، ڕکابەری سەرەکیی ئاگامبێن لە دنیای فەلسەفەدا بووە، بڕوانە:
Jacques Derrida, “Force of Laws: The ‘Mystical Foundation of Authority’”, in Acts of Religion, ed. Gil Anidjar (New York: Routledge, 2002).
دریدا پێی وایە کە وشەی ڕەخنە لەم وتارەدا، بە مانای هەڵسەنگاندنێکی نەرێنی، ڕەتکردنەوەیەکی بڕواپێکراو، یاکوو ئیدانەکردنی توندوتیژی نییە، بەڵکوو بە مانای هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردن هاتووە.
[21] سەبارەت بە هەڵوێستی بێنیامینیانە، ئاگامبێن و دوورکەوتنە لە شمیت، لە کتێبی دۆخی ئاوارتەدا بڕوانە:
Rasmus Uglit, Giorgio Agamben: Political Philosophy (London: Humanities-Ebooks, 2014), 70-5.
[22] Giorgio Agamben, State of Exception, 5.
[23] ئەم شێوازە بەڵگاندنەش بۆ پەیوەندیی فەلەستین لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل بەکار هاتووە. هەرچەند لەوێدا پێشنیار کراوە کە لە جیاتی ئەوەی باس لە دۆخی ئاوارتە بکەین، باشترە بوترێ کە دۆخی سەرکوت لەئارادایە، بڕوانە:
Ilan Pappe, “The Mukhabarat State of Israel: A State of Oppression is not a State of Exception,” in Thinking Palestine, ed. Ronit Lentin (London: Zed books, 2008), 147-170.
[24] عباس ولی، “تاریخ بە تاراج رفتە (مقدمە ترجمەی ترکی)”، گفتارهایی در خاستگاە ناسیونالیسم کرد، ترجمە مراد روحی (تهران: نشر چشمە، ١٣٩٨)، ١٦-١٧.
[25] The emergency break
[26] Walter Benjamin, “Paralipomena to ‘On the Concept of History,”, in Selected Writings Volume 4 (1938-1940), ed. Howard Eiland and Michael W. Jennings (Cambridge, Massachusetts: Harvard University Press, 2006), 401-411.


