ئارامتر بخوێنەوە!
فارسی، شەکری شیرین یان ژەهری هەلاهل
سەرەتایەک بۆ شرۆڤەکردنی ڕۆلی فارسی لە ژێنۆسایدی زمانیدا
بێهرووز شوجاعی، ڕۆژهەڵاتناس؛ زانکۆی ئۆپسالا/ سوئێد
“کۆلۆنیالیزمی زمانی، مێکانیزمێکی تایبەتی هەیە؛ خودی پرۆسەی کۆلۆنیزەکردن بە جەبریش بێت، بەڵام ڕاگرتنەکەی بە پرۆسەگەلێکی شاراوەی هەژمۆنیک دەستەبەر دەکرێت، واتە قازانج کردنی دڵ و هزری کۆمەڵگای کۆلۆنیزەکراو بە ڕێگای مەشروعییەت بەخشین بە پراتیکی زمانی، ئەدەبیات، نەریتی کولتووری، نۆرمی کۆمەڵایەتی، بەها و باوەڕەکانی زمانی کۆلۆنیال. کورت و کورمانجی بە خولقاندنی ژینگەیەکی کۆلۆنیال.”
پوختە
ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ ڕاڤەکردنی ڕۆڵی مێژوویی زمانی فارسی، لە پەڕاوێزخستن و لە ئاکامدا لەناوبردنی زمانەکانی دیکە لە پانتاییی ئەو جۆگرافیایەی کە وەکوو فەلاتی ئێران ناسراوە. لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا، ئاماژەیەک دەکرێتە سەر مێژووی زمانە “ئێرانییەکان” و پەیوەندیی فارسی لەگەڵیان. بەشی دووەم، تەرخان کراوە بۆ سەردەمی مۆدێرنیتە و پەیڕەو کردنی سیاسەتێکی زمانی، لە پێناو دەوڵەت-نەتەوەسازییەکی مۆدێرندا. لەم بەشەدا ئامەژەیەکی خێرا دەکرێتە سەر سەردەمی مەشروتییەت و پاشان سیاسەتی زمانیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی، دەخرێتە بەر تیشکی ڕۆشنایی. لە بەشی کۆتاییدا، بنەما تێئۆرییەکانی کۆلۆنیالیزمی زمانی، لینگویسیزم و لینگویسید باس دەکرێت.
پێشینەی فارسی لەگەڵ زمانەکانی دیکەی پانتاییی فەلاتی ئێران
بە پێی لێکۆڵینەوە زمانناسییەکان، زمانە ئێرانییەکان پێک هاتوون لە دوو گرووپی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی، کە فارسی و کوردی و کۆمەڵێک زمانی دیکە، بەشکێن لە زمانە ڕۆژئاوایییەکان. لە ئاستی دەنگسازیدا زمانە ڕۆژئاواییەکانیش لە دو گرووپی باکوور و باشوور پێکهاتوون، کە هەر دووکیان سێ قۆناخی مێژووییان تێپەر کردووە؛ سەردەمی باستان، ناوین و نوێ. لە قۆناخی باستانیدا مادی – واتە زمانی مادەکان – یەکەم زمانە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا بووە بە زمانی دەسەڵات. بە کوودەتای کووروشی هەخامەنشی لە ساڵی 556 پێش زاییندا، ساتراپی پارسی بەسەر وڵاتی ماددا زاڵ دەبێت و بەو شێوەیە فارسی بۆ ماوەی 200 ساڵ تا هاتنی ئەسکەندەری مەقدوونی دەبێتە زمانی دەسەڵات. ئەشراف و پیاوە دینیەکانی ماد، لە ناو ئیمپراتۆریی هەخامەنیشیدا ئەنتەگرا دەکرێن؛ بۆیە کۆمەڵێک وشە و زاراوەی کارگێڕیی مادی دەکەونە ناو زمانی فارسی. بە گرتنی ئێران لە لایەن ئەسکەندەر و دامەزرانی خانەدانی سلووکی(Sherwin-White, 1993:40)، فارسی دیسان دەکەوێتەوە پەڕاوێزەوە. بەڵام ئەمجارە دیسان هەر گەلانی باکوور-رۆژئاوایی بوون کە ئێرانیان لە ژێر دەسەڵاتی بێگانە ڕزگارکرد. پاش نزیکەی 200 ساڵ، پارتەکان یا پەهلەوانییەکان ئێرانیان لە دەست سلووکی ڕزگار کرد و لە ساڵی 250ی پێش زایین، تا 226 زایین، لە فەڵاتی ئێران، مێزۆپۆتامیا و تەنانەت بەشێک لە سند و ترانس ئۆکسانیا، حوکمیان کرد. واتە لە ساڵی 330ی پێش زایین تا 226 پاش زایین، بۆ ماوەی 500 ساڵ، هیچ ئاسەوارێک لە فارسی نابینرێت. تەنانەت پاش هاتنە سەرکاری ساسانییەکان لە ساڵی 226ی پاش زاینیش بۆ ماوەیەکی درێژ پارتی/پەهلەوانی، وەکوو زمانی فەرمی بە کار دەهێنرا. ستاتوسی بەرزی پەهلەوانی هۆکارێکی سەرەکییە کە فارسی ژمارەیەکی زۆر وشە لەو زمانە بە قەرز وەردەگرێت. بەڵام لە مێژوونووسینی زمانیدا، فارسەکان “فارسیی ناوین”یش بە تەحریفێکی زیرەکانە وەکوو پەهلەوی پێناسە دەکەن، کەچی پەهلەوی، واتە زمانی پارتەکان، لە ڕووی مێژووی زمانەوانیدا زمانێکی باکوور ڕۆژئاوایییە. جگە لە جیاوازیی وشەسازی و ڕستەسازی، دەیان ئیزۆگلۆسی دەنگسازیی پەهلەوی/پەهلەوانی، لە فارسیی ناوین/ساساسی جیا دەکاتەوە. وێنەی خوارەوە نموونەیەکە لەو جیاوازییە دەنگسازییەکان:
| ئیزۆگلۆسی باشوور-رۆژائاوا | ئیزۆگلۆسی باکوور-رۆژئاوا | ||||||
| فارسی
نوێ |
فارسی ناوین | ئیزۆگلۆس | کوردی | پارتی | ئیزۆگلۆس | ||
| پل | pol | pul | l | پرد | pird | purd | -rd |
| بلند | bolend | bulend | l | بەرز | berz | burz | -rz |
| زن | zen | zen | z | ژن | jin | jen | j |
| آهن | ahen | ahun | h | ئاسن | asin | asun | s |
| دانـ (دانستن) | Dan- | Dan- | d | زانـ (زانین) | Zan- | Zan- | z |
بە پێی ئەم ئیزۆگلۆسانە گرووپەکانی باشوور و باکوور بەم شێوەیە بە پێی قۆناخەکانی مێژوویی پۆلین دەکرێن:
سەردەم باکوور باشوور
باستان مادی (768 – 549 BC) فارسی کۆن (550–330 BC)
ناوین پارتی (247 BC – 224 AD) فارسی ناوین (224–651 AD)
نوێ کوردی فارسی نوێ (850 AD -)
ئازەری †
تالشی/تاتی
راژی (رێی، وەرامین، تاران) †
مازەنی
سمنانی
گەزی (ئەسفەهان)
گەبری (زاراوە ناوەڕاستەکان لە یەزد و کرمان)
بەلووچی
زۆربەی ئیرانۆلۆگەکان، فارسیی نوێ بە درێژەی فارسیی ناوین و ئەویش بە نۆرەی خۆی بە درێژەی فارسیی کۆن پێناسە دەکەن. بەڵام سەرنجڕاکێشە کە ئەم بەردەوامییە لە نێوان مادی و پارتی و کوردیدا کەم پێناسە کراوە. تەنیا ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسی، مینۆرسکی، دانی بەوەدا ناوە کە کوردەکان مادن. هەروەها ئیرانۆلۆگی ئەمریکی ویندفۆریش(Windfuhr, 1975:462)، کوردیی وەکوو زمانێکی پارتی پێناسە کردووە، بەڵام نە ئێرانییەکان، نە ڕۆژهەڵاتناسانی دیکە، دانیان بە هەبوونی ئەو پەیوەندییەدا نەناوە. تەنانەت بەشێکییان یان کوردی بە ڕابردوویەکی دابڕاو پێناسە دەکەن، یانیش نکۆلی لە پەیوەندیی کوردی و مادی و پارتی دەکەن. ئەمە دروست لە ئاراستەی سیاسەتی زمانیی دەوڵەتی فارسی دایە.
خالێکی بەرجەستە لە خشتەی سەرەوە، دابڕانی مێژوویەکی دوور و درێژ لە نێوان قۆناخەکانی زمانی کوردی لەگەڵ پارتی و مادییە. ئەگەر سەرنج بدەین، دابڕانی فارسیی ناوین تا فارسی نوێ، نزیکەی 250 تا 300 ساڵ دەبێت؛ ئەوەی کە عبدالحسین زرینکوب وکوو دوو سەدە بێدەنگی (دو قرن سکوت) پێناسەی کردووە. واتە لە ڕووخانی ساسانی لە ساڵی ٦٥١، تا ساڵی سەدەی نۆیەمی کۆچی، کە یەکەم دەقەکانی فارسی لە سەردەمی سامانیدا بڵاو دەبێتەوە، هیچ ئاسەوارێکی فارسی دیار نامێنێ. ئەو دوو سەدەیە، ئەوەندە لەسەر جەستەی فەرهەنگ، وشەسازی و ڕستەسازیی فارسی کاریگەر بووە، کە هەریەک لەوانە بە دوو شێوەی ناوین و نوێ پێناسە دەکرێن. ئەمجا ئەگەر بڕوانینە دابڕانی زەمانی لە نێوان پەهلەوانی و کوردی، زیاتر لە ١٢٠٠ ساڵ تا پەیدابوونییەکەم دەقە کوردییەکان دەخایەنێت. ئەم هەزار ساڵ بێدەنگییە لە نێوان پەهلەوانی و ئەو زمانانەی کە سەرچاوەیان هەر پەهلەوانی بووە، نە تەنیا هۆکار بۆ پەیدابوونی شێوەزاری جیاواز بووە، بەڵکو زمانی جیاوازیش لێی دەرکەوتوون. ئەم دیاردەیە دەکرێ لەگەڵ سەرهەڵدانی زمانە نوێیەکانی ڕۆمان پاش دابەش بوونی ئەمپراتۆری ڕۆم، کە زمانەکەی لاتین بوو، بەراورد بکرێت. هەر لە کاتی ئیمپراتۆریی ڕۆمدا، شێوەزاری جیاواز بە ناوی لاتینی عام (vernacular latin) هەبوون، بەڵام لە سەرەتای هەزارەی ڕابردوودا، ئەم شێوەزارە لۆکاڵییانە، دەستیان بە بەرهەمهێنانی ئەدەبی کرد و، بە دروست بوونی دەزگای چاپ، زمانەکانی ئێستای ڕۆمان، واتە ئیتالی، فەڕانسی، پورتوگالی، سپانی، کاتالانی و هتد، لێی دروست بوون. جیاوازییەک لە نێوان وەرار(تکامل)ی پەهلەوانی بۆ زمانەکانی ئێستا و لاتینی بۆ ئەو زمانانە ئەوەیە، کە بە ڕووخانی ئیمپراتۆریی پەهلەوانیی ئەشکانییەکان ، تەنیا بۆ ماوەی سەد ساڵێک بەردەوامیی نووسین بەو زمانە هەبوو. پاش نەمانی ئەشکانییەکان تا هەزارەییەکەمی زائینی، جگە لە چەند دەقێکی ئازەری یان چەند هۆنراوەی فەهلەویات، هیچ دەقێکی دیکە لەو زمانە نەماوە و، جگە لە چەند دەقی ئایینیی گۆرانی بە شێوەزارەکانی دیکەی کوردی، تا ساڵی 1400ی میلادیش، هیچ دەقێک نەبوو. جگە لەوە تا ئێستاش، جیا لە ئستاتوی فەرمیی کوردی لە باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ـەوە، هیچ زمانێکی دیکەی پەهلەوانی نەبووە بە زمانی پەروەردە و زمانی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری. لەو ئاراستەیەدا زمانە پەهلەوانییەکان، پانتاییەکی بەرینیان لەدەست داوە و جێگایان بە فارسی و تورکی پڕ کراوە. بۆ نموونە تا سەرەتای حکوومەتی سەفەویش، ناوچەکانی ئەسفەهان، هەمەدان، کرمان، تاران، یەزد، ڕەی و وەرامین جۆرێکی پەهلەوانی قسەیان دەکرد. ئێستا ئەو ناوچانە بە تەواوی تەفریس کراون. تەنیا زمانی گەزی لە ئەسفەهان و زمانی گەبری لە یەزد ماوەتەوە. ئەوانی دیکە لەو ناوچانە بە تەواوی لە ناو چوون.
بە پێی مێژوونووسانی ئیسلامی، زمانی ئازەربایجانیش تا هاتنی موغول و تورکەکان پەهلەوانی بووە. بۆ نموونە “ابن مقنع” بە نەقڵ لە “ابن ندیم” دەڵێت کە زمانی ئازەربایجان “الفهلویە”، مەنسووب بە فەهلە، واتە خاکێک بووە بریتی لە ئەسفەهان، ڕەی، ماهی نەهاوەند و آذربایجان. ئەم دەستنیشانکردنەوەی جۆگرافیای زمانی لە لایەن یاقووتی حەمەوی لە “معجم البلدان” و خوارەزمی لە “مفاتیح العلوم”یشدا هاتووە. ماوەیەک ئەو زمانە وەکوو ئازەری پێناسەکراوە. حمد الله مستوفی لە “نزهة القلوب” لە سەدەی ٨ی کۆچی، زمانی خەڵکی مەراغە بە “پەهلەویی گۆڕاو/ پهلوی مغیر” پێناسە دەکات. (Henning, 1955:157-177)
بە پێی لێکۆڵینەوە زمانناسییەکان، ئازەریی کۆن یەکێک لە ئاسەوارەکانی زمانی پەهلەوانی بووە. تا سەردەمی سەلجووقەکانیش، زۆربەی دانیشتوانی ئازەربایجان بە شێوەزارێکی پەهلەوانی قسەیان کردووە و تەنانەت هۆنراوەی ئەدەبییان هەبووە. بۆ نموونە مەغریبی تەبریزی، شاعیری سەدەی هەشتی کۆچی فەهلەویاتی خوارەوەی (ادیب طوسی، ١٣٣٥:٢٢٦) نووسیوە:
سەحەرگاهان کە دیلم تاوە گیرێ
ژە ئاهم هەفت چەرخ ئالاوە گیرێ
ژە دیلم ئازەرین ئاهی ورایە
دوژ ئەژ تاوی دیلم تاوە گیرێ.
تێگەیشتن لە فەهلەویاتەکەی سەرێ، بۆ کەسێکی کورد کە شارەزایی بۆ شێوەزارەکانی کوردی هەبێ زۆر ئاسانە. /دیل/ هەمان /دڵ/، /تاوە/ هەمان تاو، /ژە/ و /ئەژ/ هەمان /ژ/ی کرمانجی و /جە/ی هەورامی، /دووژ/ هەمان /دوو/ە.
تەنانەت تێگەیشتنی هونراوەی شێخ سەفیەدینی ئەردەبیلی (ادیب طوسی، ٢٠١: ١٣٣٥)، کە بە پێێ هەندێک سەرچاوەی مێژوویی، جەددەکەی لە کوردستانەوە بۆ ئازەربایجان کۆچی کردووە، بۆ کەسێکی کورد زۆر ئاسانە:
بە من جانی بدە ئەز جانوەر بوم
بە من نوتقی بدە تا دەماوەر بوم
بە من گۆشی بدە ئەز بەشنەوا بوم
هەر ئانگەه وانگە بوو ئەز ئا خەبەر بوم.
لێرەشدا /ئەز/ هەمان /ئەز/ی کوردی کرمانجی و پارتییە، /دەم/ هەمان /دەم/ـی کوردیی سۆرانی، لێرەدا بە واتای کەسێکی تواناییی نوتقی هەبێت، /وانگە/ش هەر بە واتای /بانگـ/ـە.
ئێستا تەنیا دوو سێ گوند لە ئازەربایجان ماون کە بەو زمانە قسە دەکەن؛ شێوەزاری هەرزەنی لە گوندی گەلین قایای مەرەند، گوندی خوئین لە زەنجان و کرینگان لە خەلخال. ئازەربایجان بە تەواوی تەتریک کراوە. زێدی سەرەکیی فارسەکان ساتراپی پەرسیس بووە، کە پاش کوودەتای کووروش، فارسەکان بە سەر جۆگرافیای ئێراندا زال دەبن. ئەگەر تەماشای ئەم نەخشەیە بکەین، پانتاییی زمانی فارسی لەسەرەتادا زۆر تەسک بووە.
نەخشەی زێدی ڕەسەنی فارس
بەڵام ئەگەر ئێستا بڕوانینە ژمارەی دانیشتوانی فارسیئاخێو، ڕاستییەکی دیکە ئاشکرا دەبێت، زۆربەی ئەو ناوچانەی کە سەردەمێک پەهلەوانی زمان بوون، ئێستا تەفریس کراون.
ئەم نەخشەیە هی بیست ساڵ پێش ئێستایە. بۆ نموونە لێرەدا دیار دەبێت کە تەنیا لەسەدا ٧.٦ی خەڵکی مازەندەران فارسیزمانن. بەڵام بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لە لایەن محمد صالح ذاکری (١٣٩٨)، لەسەدا ٦٠ی خەڵکی مازەندەران لە ناو خێزانیاندا فارسی بە کار دێنن.
ئەمەش نابیت لە بیر بکرێت، کە لوڕی – بەختیاری سەرەڕای پێشینەیەکی هاوبەش لە گەڵ کوردی کە هەمان زمانی پەهلەوانییە، ئێستا تەنیا خاوەنی هەندێک سوبستراتی پەهلەوانییە و لە بواری فەرهەنگ، وشەسازی و ڕستەسازیدا. ئەوەندە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی فارسی، کە ئێستا لە بواری زانستی زمانناسیدا لە کۆمەڵەی زمانە باشوور-ڕۆژئاوییەکان، واتە فارسی، لەقەڵەم دەدرێن. دوور نیە بۆ ماوەی چەند دەهەیەک وەکوو ئەسفەهانی و هەمەدانی و ڕاژی، بەتەواوی تەفریس بکرێت.
پەیوەندیی زمانی پەهلەوانی لەگەڵ کوردی و زمانەکانی دیکەی باکوور-رۆژئاوا
جاری یەکەم کە من دەقێکی پەهلەوانی/پارتیم دیت، بە خوێندنەوەی ئەم ڕستەیە کە نزیکەی ١٨٠٠ سال پێش ئێستا لە قاڵبی سروودێکی دینی مەسیحیدا نووسرابوو، تووشی شۆک بووم. ڕستەکە بەم شێوەیە دارێژراوە:
û-t ez hişt hêm sêweg. (Boyce, 1975:171)
ئەم ڕستەیە بە کرمانجی ئەمرۆ دەبیتە:
Û te ez hîşt-im sêwî.
واتە، تۆ منت هەتیو]بەجێ[ هێشت. لە زمانی پەهلەوانیدا وەکوو نموونەکەی سەرێ، دەتوانین هەموو شێوەزارەکوردییەکان، مازەنی، گیلەکی، تالشی، بەلووچی، سمنانی، ئازەریی کۆن و گەبری و هتد ببینین. بەڵام نیوەی ئەم زمانانە یان لەناو چوون یان لەژێر مەترسی نەماندان.
تا کۆتاییی سەدەی هەژدەی زایینی، سیاسەتێکی دیاریکراوی زمانی لە لایەن حوکمڕانانی ئێران پەیڕەو نەدەکرا؛ واتە حکوومەتی شاهی لە ئیران چالاکانە سیاسەتێکی سەپاندنی زمانی فەرمییان دانەڕشتووە. هۆکاری سەرەکیی نەمان یان سنوورداربوونی زمانە غەیرەفارسییەکان لە ئێران، لەبەر نەبوونی سەروەریی سیاسیی ئاخێوەرانی ئەو زمانانە بووە. جۆگرافیاکەیان لە لایەن فارسەکانەوە داگیرکراوە و بە شێوەیەکی سروشتی زمانی فارسەکانیش، بووە بە زمانی دەسەڵات و خاوەن پرێستیژ و وەکوو بۆردیۆ (Bourdieu, 1986:56) پێناسەی دەکات، بووە بە خاوەنی سەرمایەیەکی فەرهەنگیی گەورە. ئەم سەرمایە گەورەیە، فارسیی کردووە بە زمانی لینگوا فرانکای پانتاییی فەلاتی ئێران و، تەنانەت زمانی بازرگانی تا دیواری چین. بە سەرمایەیەکی وا، فارسی بە شێوەیەکی پاسیڤیش بێت بووە بە هۆکاری سەرەکیی مردنی کۆمەڵێک زمانی دیکە.
مۆدێرنیتە، سەرهەڵدانی ناسیۆنالیسمی ئێرانی و فۆرمگرتنی سیاسەتی زمانی
زمان ڕۆلێکی سەرەکیی لە نەتەوەسازی و مۆدێرنیزاسیۆندا دەبینێ. لە کۆنتێکستی ئێراندا لە کۆتاییی سەدەی ١٨ و سەرەتای سەدەی ١٩دا بوو، کە حاکمانی ئێرانی هەستیان بە گرنگیی ڕۆلی زمان لە پرۆسەی نەتەوەسازییەکی مۆدێرندا کرد. بۆیە، وەکوو پێشتر ئاماژە کرا، هەتا ئەو سەردەمە، ئەوانەی بە شێوەی داگیرکردن و یان بەخۆبەستنی تەریتوارێک، حوکمیان لەسەر “رەعیەت” دەکرد، حەولێکی چالاکیان بۆ چەوساندنی زمان نەدەدا. تەنانەت حاکمانی تورکی ئێران بۆیان گرنگ نەبوو زمانی خۆیان بەسەر سەراسەری ئێراندا زاڵ بکەن. بەڵام بە هاتنی مۆدێرنیتە، ئاڵوگۆڕێکی پارادیگماتیک لە وێژمانی زمانیی ئێراندا ڕوودا. پێشکەوتن و مۆدێرنیتە لە دەریچەی پەروەردەدا دەگوزەرا، بۆیە محەمەدشای قاجار، ڕوخسەتی دا بۆ کردنەوەی چەندین خوێندنگای میسیۆنەری مەسیحی و ئەم پرۆسەیە بە کردنەوەی “دارالفنون” لە ساڵی ١٨٥١دا خێراتر بوو. لە سەرەتای ١٩٠٠دا، ئەم خوێندگایە بووە بە پۆلیتەکنیکێکی گەورە کە ٣٥٠ خوێندکاری هەبوو و بەشێکیان نێردران بۆ ئەورووپا بۆ ئاستەکانی بەرزی خوێندن. (Abrahaian, 2008:39) پاش چەند سالێک لە شارە گەورەکانی وەکوو تاران، تەورێز و ئەسفەهانیش چەند کۆلێژی دیکە کرانەوە. بۆ گەشەپێدانی زمانی فارسی، لە چاپخانەی دەوڵەتی چەندین ڕۆمانی وەرگێڕاوی ڕۆژئاوایی چاپ کران. هەمان سەرچاوە ئاماژە بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی “تربیت” لە تاران، “همت” لە تەورێز، “حبل المتین” لە کەلکەتە، “اختر” لە ئەستەنبول و “قانوون” لە لەندەن دەکات. دەزگا چاپەمەنییەکان، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، ڕۆلێکی گەورە لە وەراری ئایدییا ڕۆژئاواییەکان، بەتایبەت دەستپێکردنی “انقلاب مشروطە” دەگێڕن. (Bashir, 2000) ڕۆشنگەری بە ئایدیا ڕۆژئاواییەکان، حوکمرانیی قاجارەکان بە ئالەنگاری دەکێشن و موزەفەرەدین شا، مەجبوور دەکرێت بۆ جاڕدانی هەڵبژاردنی گشتی. مەجلیسی شۆرای میللی، لە ساڵی ١٩٠٦دا دەکرێتەوە. (ـMaloney 2015) لە قانوونی مەشروتییەتی ساڵی ١٩٠٦دا، هیچ ئاماژەیەک بە زمان یان زمانی ڕەسمی نیە، بەڵام مەجلیسی شۆرای میللی، بە زیادکردنی بەندێک لە نیزامنامەکەیدا، هەنگاوی یەکەم بەرەو سیاسەتی زمانی لە ئێراندا دەنێت. بە پێی ئەم بەندە، دەبێت نوێنەرانی مەجلیس “رسم الخط”ـی فارسی بزانن. (Kia, 1998:32). بزاڤە ناسیۆنالیستییەکانی فارس لەم سەردەمەدا، لە فۆرمدانی زمان و مێژوو، وەکوو ئامرازگەلی ئیدئۆلۆژیک لە پێناسەکردنی ئێران وەکوو یەک دەولەت و یەک زماندا سەردەکەون. (Tavakoli-Targhi, 2009) لە ئاکامدا، سروشتی فرە ئەتنیک و فڕەزمانیی وڵاتەکە پشتگوێ خرا و ئێران وەکوو وڵاتێکی “باستانی و یەکگرتوو بە یەک زمان، یەک فەرهەنگ و یەک زمانی ئەدەبی” وێنا کرا. (Kia, 1998:9) ناسیۆنالیسمی نوێپێی فارسی، بە فیترەتی ئینکار و پەڕاوێزخستنی فڕەچەشنی ئەتنۆزمانی لە سەردەمی ڕەزاشا و کوڕەکەیدا، گەیشتە قۆناخی بێتەحەممولی و ڕێگەی بە ناکۆکی ئەتنۆزمانیش دا. (Katouzian, 2009) ڕەزا خانی میرپەنج، تەنانەت بە تەحریفێکی مێژوویی، ناوی زمانی پەهلەوانی واتە پەهلەویی کردە پاشناوی خۆی. ڕەزا شا، بە وێژمانێکی کەمالیستی – ڕەزا شا لە ژێر کاریگەریی ئایدیاکانی موستەفا کەمال ئاتاتورکی تورکیەدا بوو – سیاسەتێکی ڕەگەزپەرەستانەی پەتیگەرایی لە بواری زماندا پەیڕەو کرد؛ ئەویش بەکارهێنانی فارسی وەکوو ئامرازێک بۆچەوساندنەوەی ئاخێوەرانی زمانەکانی غەیری فارسی بوو. (Abrahamian, 2008) یەکێک لە هەنگاوەکانی سیاسەتی زمانی ڕەزاشا، دامەزراندنی فەرهەنگستانی زمانی و کۆمیسۆنی جۆگرافی بوو. ئەو کۆمیسیۆنە ناوی سەدان ناوچە، شار، شارۆچە و دێی گۆڕی. یەکێک لە هەنگاوەکانی ئەم سیاسەتە، بە کار هێنانی تاقانەی فارسی بوو بۆ تابلۆ، نیشانەکانی شوێنی گشتی، نامەی بازرگانی و تەنانەت کارتی ڤیزیت. (Mirvahedi, 2018) فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی ئێران، تێرمینۆلۆژی و زاراوەکانی کارگێڕیشی کردە فارسی. لە تەنیشت ئەم هەڵمەتانەدا، ڕەزاشا، بەکارهێنانی هەر جۆرە فۆڕمی نووسراوەی زمانەکانی دیکەی قەدەغە کرد. فارسی، بە پێی فەرمانی شاهی، تەنیا زمانی ڕەوا بوو. زمانەکانی دیکە وەکوو کوردی یان دیالێکتالیزە (May, 2008) کران، یان نەهایەتەن وەکوو فۆرمی ناخالیسی (گویش) فارسی لەقەڵەم دران. لە میانەی شەڕی دووەمی جیهانیدا و بە لادانی ڕەزاشا لە لایەن هاوپەیمانان و دامەزراندنی کۆماری کوردستان، دەرفەتێکی کورت، بەڵام زۆر چارەنووس ساز، بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی دروست بوو، بەڵام بە داگیرکردنی کۆمار لە لایەن ئەرتەشی کوڕەکەی، واتا محەمەدڕەزاشا، ئەو هەناسەیەش خنکێندرا. محەمەد ڕەزا، سیاسەتەکەی باوکی پەیڕەو کرد، بەڵام ئاستی ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ زمانەکانی تری کەمێک خاوتر کرد.
سەردەمی کۆماری ئیسلامی
بۆچوونەکان لەمەڕ فرەچەشنیی زمانی لە ئێراندا، بە تایبەت لە ساڵە سەرەتاییەکانی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا زیاتر بە پێێ پێوەرە ئیسلامییەکان فۆرمیان دەگرت. لە قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیدا دوو مادە ئاماژە بە زمان دەکەن، مادەی ١٥ و مادەی ١٩. بە پێی مادەی ١٥ زمان و خەتی فەرمی و زمانی هاوبەشی گەلی ئێران فارسییە. نوسراوە فەرمییەکان، دەق و هەموو کتێبی دەرسی دەبێت بە فارسی بن. بەڵام، بەکارهێنان زمانی مەحەللی و قەومی لە ڕاگەیاندن و چاپەمەنیدا و هەروەها فێرکردنی ئەدەبیاتیان لە خوێندنگادا لە تەنیشت فارسی ئازادە. بۆ جاری یەکەم بوو کە لە قانوونی ئەساسیدا، ستاتوسی زمانی فەرمی بداتە فارسی و بۆ جاری یەکەمیش ئاماژە بە هەبوونی زمانی دیکە دەکرا، سەرەرای پێناسەکردنیان وەکوو زمانی محەللی و قەومی. ئەمە هەمان بەردەوامیی سیاسەتی دیالێکتالیزەکردن و مینیۆریتیزەکردنی سەردەمی پەهلەوییە، کە پێشتر ئاماژەی پێ کرا. خاڵی سەرنجراکێش ئەوەیە کە بەشی دووەمی مادەی ١٥ تا چەند سال پێش ئێستا بە هیچ شێوەیەک پەیڕەو نەکرا و ئێستاش زۆر سنووردار لە چەند خوێندنگایەک پرۆژەیەکی نیوبەندیان بۆ داڕشتووە. واتە لە پراتیکدا وەکوو فیشمان (Fishman, 2013:479) ئاماژە دەکات، کۆماری ئیسلامی، ئێستا “سیاسەتی بێ سیاسەتی” لەمەر زمانەکانی تری ئێراندا پەیڕەو دەکات. بە ئامرازی ڕاگەیاندنی بەهێز و دەزگای پەروەردەی فراوان، پێویستی بە سیاسەتی سەرکوت و چەوساندنەوەی زمانیی ڕەزاشا نیە. چونکە بەم شێوەیەیە بە بێ ناکۆکی، زمان نافەرمییەکان لەناو دەچن. ئێستا زمانەکانی غەیری فارسی بۆ پەیەوەندییە کۆمەڵایەتییەکان سنووردار کراون.
بە پێی تێئۆریی فێربوونی زمان، دو ئاستی جیاوازی زمان هەن؛ زمانی دواندن و زمانی پەوەردە یان زمانی ئاکادێمیک. زمانی دواندن ڕۆژانە بە ڕێگای چالاکیی کۆمەڵایەتی، واتە گەمە، ڕاگەیاندن، قسەکردنی ڕۆژانە، گێڕانەوەی ڕووداو و ئەزموونەکان، شی کردنەوەی چالاکییەکانی ڕۆژانە و دەربڕینی بۆچوونی شەخسی، گەشە دەکات. (Cummins, 2000:53-85) زمانی دانوستاندن لە ناو کۆنتێکستدا جێگیرە، واتە تێگەیشتنی، بە ئاماژگەلی کۆنتێکستوئێلدا دەستەبەر دەبێت. عونسوری وەکوو دەربڕینی دەموچاو، زمانی جەستە، ئاماژە و نیشان، تێیدا گرنگن. بەم شێوەیە زمانی دواندن لە هاوکرداریی کۆمەڵایەتیدا واتا دەگرێت، بۆیە پێویستییەکی ئەوتۆی بە چالاکییەکی فراوانی کۆگنیتیڤ/ئیدراکی نییە. بەڵام زمانی ئاکادێمیک یان زمانی پەروەردە زمانێکی ئابستراکتە، وێژمانێکی ئاستبەرزی ئاکادێمیکی هەیە و لە کۆنتێکستی پەروەردەدا، وکوو وانەی ناو پۆلەکان، فێر دەکرێت. فۆرمەکانی زمانی ئاکادێمیک بریتین لە بەراورد و کۆنتراست، گوێگرتنەوە، پێناسە و پۆلێنکردن، پێشبینی، شیکردنەوە، ئانالیز و ڕەواکردنەوە، ئاگاداربوونەوە و ئەنجامگیری، ئەنتەگرە کردن و هەڵسەنگاندن، ئارگومێنتاسیۆن، قانع کردن و پاراستن. بۆیە زمانی ئاکادێمیک پێویستی زیاتری بە خەباتی کۆگنیتیڤ هەیە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم تئۆرییە، ئەو منداڵەی کە پەیوەندیی زمانی دواندنی لەگەل زمانی ئاکادێمیکی نەبێت، تووشی کێشەی وەراری زمانی دەبێت. هەندێک بنەمای سایکۆلینگویستیک/زمانەوانی کۆمەڵایەتی، لەمەر پرۆسەی فێربوونی منداڵی کەمینە، کە زمانی دایکیان لەگەڵ زمانی پەروەردە یەک ناگرن بریتین لە:
- توانایی زمانیی پێویست بۆ سەرکەوتنی لە ئاستی پەروەردە جیاوازە لە توانایی زمانی ژیانی ڕۆژانە.
- واتە وەراری تواناییی ئاکادێمیکی زمان پێویستی هەیە بە فراوان کردنی گەنجینەی وشە، زانینی ڕێزمان و وێژمانێک کە سنووری دانوستاندنی کۆمەڵایەتی تێپەر دەکات.
- بۆیە گواستنەوەی شارەزایی زمانی ئاکادێمیک ئەو کاتە لە نێوان دو زماندا مومکینە، کە گەشەدانی خوێندنەوە لە خوێندگا، بە هەردو زمان بێت. بەم شێوەیە بۆ منداڵی کورد گواستنەوەی شارەزاییی زمانی ئاکادێمیک لە نێوان فارسی و کوردیدا ئەگەر ئەستەمیش نەبێت، هەر دیسان زۆر سەختە.
- دادەکانی بەردەست دەیسەڵمێنن کە شیاویی منداڵی کەمینە بە مەرجێک دەگاتە ئاستی منداڵی زۆرینە ئەگەر بە لای کەم بە هەردوو زمان لە هەمان کاتدا پەروەردە بکرێت.
- منداڵێک کە بە دوو زمان پەروەردە بکرێت، بەردەوام ڕاهێنانی زمانی دەکات، بۆیە هوشیاریی کرداری زمانییان زیاتر و فۆکووسی ئەنتەلەکتوئێلیان قووڵتر دەبێت. (Cummins, 2000:59)
بەڵام منداڵی کورد لە ڕۆژهەڵات، ڕێئالیتەیەکی تری هەیە؛ لە نێوان زمانی دواندنی ڕۆژانە و زمانی ئاکادێمیکی پەروەردەدا هیچ پەیوەندییەک نیە. ئەمە ڕێگە دەدات بە دیاردەی نیوزمانی، واتە نە زمانی دایکی بە چاکی فێر دەبێت، نە زمانی پەروەردە. نیوزمانی ئەو کاتە ڕوودەدات کە:
- نێوان زمانی دایک و زمانی فەرمیدا، دوو ستاتۆی یاساییی جیاواز هەبێت.
- زمانی دایک هەندێک توانایی زمانی دواندن و دانوستاندنی ڕۆژانە وەردەگرێ بەڵام هیچ دەرفەتێکی بۆ وەرگرتنی کۆد و توانییەکانی زمانی ئاکادێمیکی پەوەردەی نیە.
- واتە لە نێوان زمانی دواندن و زمانی ئاکادێمیک پەیوەندی نیە.
- لە ڕێژەی گەنجینە وشەکانی زمانی دایک و زمانی فەرمی، ڕاستبوونی ڕێزمانی، ئۆتۆماتیسم، خولقێنەریی زمانی، شارەزایی فۆنکسیۆنی زمان و وێناکردندا کێشە دروست دەبێت.
- تاکی نیوزمان، لە بیرکردنەوە و دەربرینیدا، نە بە زمانی دایک نە بە زمانی پەروەردە سەرکەوتوو نیە. (Cummins, 1976, 1978, 1979a)
دیاردەی نیوزمانی ڕەهەندی کۆمەڵایەتیشی هەیە. وەراری نایەکسانی مندالێکی کورد کە نەیتوانیوە پەیوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان زمانی دواندن (زمانی دایک) و زمانی ئاکادێمیک (زمانی پەروەردە)دا دروست بکات، تووشی کێشەی کۆگنیتیڤ دەبێت؛ بۆیە لە ناو کۆمەڵگادا تاکی نیوزمان وەکوو کەمزەکا و کەمبەها پێناسە دکرێت. هەرچەندە نیوزمانی، نە لادانێکی سایکۆلۆژیک بەڵکو ئەنجامی سیاسەتی زمانییە، واتە ئەوە فاکتۆرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانن کە ڕێگە لە وەراری یەکسانی تاکەکان دەگرن. لە حاڵەتی وادا، بۆ زمانێکی بێ دەسەڵات وەکوو کوردی، دیلەمایەکی جەوهەری دروست دەبێت، تاکی کورد لە ئاکامدا پرسیار لە خۆی دەکات، گەلۆ زمانی کوردی چەندە یارمەتیدەرە بۆ پێشکەوتن و گەشەدانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەو؟ ئایا کوردی دەتوانێ ببێتە ئامرازی وەدەستخستنی توانایی و زانین؟ واتە دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی گەشەدانی سەرچاوەی مرۆڤی؟ ئایا زمانی کوردی دەتوانێ سەرمایەی فەرهەنگی و ئاکادێمیک تەولید بکات، کە ئاخێوەران بتوانن لە بازاڕی کاردا سەرکەوتوو بن؟ ئەویش لە کۆمەڵگایەکی ناونەتەوەیی زانین/زانست-ناوەندی ئێستا، کە تێیدا ڕکابەری بۆ کار و سەرچاوەکان زۆر بەرزە.
سەرمایەی فەرهەنگی و زمان لە ژینگەیەکی کۆلۆنیال دا
گریمان کە کوردی نەبێتە زمانی پەروەردە، ئاخۆ تا چ ڕادەیەک دەتوانێ ببێتە ئامرازی گواستنەوەی فەرهەنگ؟ پێش ئەوەی وڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، دەبێ شیکردنەوەیەکی ویلیامز (Williams, 1962: 134) لەسەر پەیوەندیی زمان و ئەدەبیات بخوێنینەوە کە دەڵێت: “زمان و ئەدەبیات پێکەوە دەبنە ئامرازی گواستنەوەی گێڕانەوەی مێژوو و بەم شێوەیە کاراکتەری کۆمەڵایەتی دەخولقێنن.” کە وابوو، ئەگەر تاکی کورد لە سیستەمی پەروەردەدا هیچ ناوەڕۆکێکی ئەدەبیی گرێدراو بە سەرمایەی فەرهەنگیی خۆی وەرنەگرێت، چ جۆرە گێڕانەوەیەک، کاراکتەری جڤاکی مرۆڤی کورد دەخولقێنێ؟ ئەو گێڕانەوەیەی کە لە سیستەمی پەروەردەدا وەریدەگرێ چ پەیوەندییەکی هەیە لەگەڵ بیر و گێڕانەوەی خەڵکەکەیدا؟ بە تایبەت کە ژینگەی کۆلێکتیڤی زمانی بە یارمەتی و لە چوارچێوەی زانیاری و پرەنسیپی فەلسەفیی پەروەردەدا گەشە دەستێنێ. ئەگەر چوارچێوەی زانیاری و پرەنسیپی فەلسەفیی پەروەردە، لەگەڵ ژینگەی کۆلێکتیڤی زمان بێ پەیوەندی بێت، چی بەسەر تاک و بە تایبەت چی بەسەر کۆمەڵگای کوردەواریدا دێت؟
یەکێک لە گرنگترین کارکردەکانی زمان، دەورەکەیەتی لە وێناکردنی ڕێئالیتە. زمان تەنیا ئامرازی دانوستاندن نیە؛ زمان هەروەها ڕێنمایەکە کە ئێدوار ساپیر، وەکوو “ڕێئالیتەی کۆمەڵایەتی” پێناسەی دکات. زمان سیستەمێکی واتاییی هەیە، یان واتاییەکی پۆتانسیەلی هەیە کە گواستنەوەی بەها کولتوورییەکان دابین دەکات. (Halliday, 1978:109) بۆیە، کاتێک منداڵێک فێری زمان دەبیت، هاوکات لە ڕێگای زمانەوە، هەندێک دیاردەی گرنگی تریش فێر دەبێت. هاوتەریب لەگەڵ ئەمانە، منداڵ واتا و بەهاکانی گرێدراو بە فەرهەنگیش وەردەگرێ کە تەنیا بە سیستەمی فەرهەنگی-رێزمانیی ئەو زمانە مومکینە. (Halliday 1978:23)
لەگەڵ لەیەک ترازانی ژینگەی پەروەردە و ژینگەی کۆلێکتیڤی زمانی تاکی کورد، گوزارشت لە یەک دیاردە دەکەن، ئەویش ئەوەیە کە ژینگەی زمانیەکەی کۆلۆنیزە کراوە. میراسی هەرە مایەندەی کۆلۆنیالیزمی زمانی، کاریگەریی نەرێنییە لەسەر خۆ-وێناکردنی کۆمەڵگای کۆلۆنیزەکراو. چونکە وەکوو لە سەرێ ئاماژە کراوە گێڕانەوە و بنەمافەلسەفییەکانی پەروەردە، لەگەڵ ڕێئالیتە و گێڕانەوەی کۆڵێکتیڤی کۆمەڵگای کوردەواری یەک ناگرنەوە.
کۆلۆنیالیزمی زمانی، مێکانیزمێکی تایبەتی هەیە؛ خودی پرۆسەی کۆلۆنیزەکردن بە جەبریش بێت، بەڵام ڕاگرتنەکەی بە پرۆسەگەلێکی شاراوەی هەژمۆنیک دەستەبەر دەکرێت، واتە قازانج کردنی دڵ و هزری کۆمەڵگای کۆلۆنیزەکراو بە ڕێگای مەشروعییەت بەخشین بە پراتیکی زمانی، ئەدەبیات، نەریتی کولتووری، نۆرمی کۆمەڵایەتی، بەها و باوەڕەکانی زمانی کۆلۆنیال. کورت و کورمانجی بە خولقاندنی ژینگەیەکی کۆلۆنیال.
پەیوەندیی ڕاستەوخۆی زمان و کۆلۆنیالیزم و ئینتەرنالیزەکردنی ڕێئالیتەی زمانی کۆلۆنیال لە ناخوداگاهی گەلانی کۆلۆنیزەکراو لە لایەن فانۆن بەم شێوەیە شی کراوە:
هەر گەلێکی کۆلۆنیزەکراو – بە دەستەواژەیەکی دیکە، هەر گەلێک کە کۆمپلێکسێکی خۆکەمبینین لە لای بە مردن و ناشتنی ڕەسەنایەتیی کولتووری خۆی خولقێندراوە – خۆی ڕووبەڕووی زمانی نەتەوەی خاوەن شارستانی دەبینێ، کە خاوەنی کولتوری خۆیەتی. تاکی کۆلۆنیزەکراو بە ڕادەی دوورکەوتن لە ستاتوسی دارستانیی خۆ و، بە خۆگونجاندن لەگەڵ ستاندارد و بەها کولتوورییەکانی گەلی کۆلۆنیال خۆی بەرز دەکات. (Fanon,2008:9)
سیاسەتی زمانیی ئێران: ئەمپەریالیزمی زمانی، لینگویسیزم (رەگەزپەرەستی زمانی) و لینگویسید (کۆمەڵکوژی زمانی)
فارسی هەر کاتێک زمانی دەسەڵات بووە، بە هۆی فتووحاتی حاکمانی فارس لە دەروەی جۆگرافیای فارسنشین، بووە بە زمانی داگیرکەر. تا سەدەی ڕابردوو دەورێکی پاسیڤی لە چەوساندنەوە، پەڕاوێزخستن و تەنانەت لە ناوبردنی چەندین زماندا هەبووە، بەڵام ئەوەی ئێستا، بەشێکە لە سیاسەتێکی ئاگاهانەی زمانی. ئەم دیاردە نوێیە تەنیا بە داگیرکارییەکی ئاسایی پێناسە ناکرێت. لە پاش داگیرکردن، کۆلۆنیزە کردن و پاش کۆلۆنیزەکردن، پەیڕەو کردنی سیاسەتێک دەست پێ دەکات کە بە ئەمپەریالیزمی زمانی پێناسە دەکرێت. ئەمپەریالیزمی زمانی جاری یەکەم لە لایەن ڕۆبرت فیلیپسۆن بە کار هێنراوە، هەرچەندە بەستێنی تێئۆریکی ئەم پێناسەیە بنەما تێئۆرییەکانی گالتونگن (Galtung, 1980). گالتونگ ئاماژە بە نفوزی زمانی ناوەند لەسەر پەڕاوێزەکان و ڕۆڵی ڕێکخراوە حکوومییەکان بۆ پەرەپێدانی زمانی سەردەست دەکات. ڕوبرت فیلیپسۆن، ئەو ئایدیایە لە بواری زمانەوانیدا فراوانتر دەکات و دەستنیشان دەکات کە ئەمپەریالیزمی زمانی، لە بەر دوو هۆکار کاریگەریی لەسەر هەموو جۆرێکی ئەمپەریالیزم هەیە. یەکەم لەبەر ئەوەی کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ فۆرم(زمان وەکوو ئامرازی گواستنەوەی ئایدیاکان)دا هەیە، دووەم لەبەر ناوەرۆک. پەیوەست بە هۆکاری یەکەم، زمان ئامرازی سەرەکیی دانوستاندنە بۆ پێکەوە بەستنی هەموو لینکەکان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا. چونکە پێشمەرجی دانوستاندن، تێگەیشتنی دوولایەنە لەسەر بنەمای کۆدی هاوبەشە. (Phillipson, 2008:33) ئەو کۆدە هاوبەشە لە کۆنتێکستی ئێراندا زمانی ناوەند واتە زمانی فارسییە. چونکە ئەمپەریالیزمی زمانی، موئەلیفەیەکی سەرەکیی ئەمپەریالیزمی فەرهەنگییە. ئەمپەریالیزمی زمانی دەورێکی سەرەکیی هەیە بۆ پراکتیزەکردنی ئەمپەریالیزمی کۆمەڵایەتی، کە بریتییە لە گواستنەوەی نۆرم و ڕەفتارگەلی ئولگوویی بۆ ستروکتوورێکی کۆمەڵایەتی، کە ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان لە بەستێنی زمانی ناوەنددا شاردراونەوە. (Phillipson, 2008:34) جا ئەمە کاتێک دیار دەبێت کە کارتێکەریی کۆمەڵایەتی بە سەر گرووپێکی تردا دەسەپێندرێت، بۆ نموونە فارسی دەوری سەرەکی لە سیستەمی پەروەردە لە کوردستاندا دەگێڕێ و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی فارس دەگوازێتەوە ناو کورد. لە پێناسەکردنی ئەمپەریالیزمی زمانی فارسی، سەرنجی سەرەکیی ئێمە لەسەر زاڵ/سەردەست بوونی ئەو زمانە بە سەر زمانەکانی دیکەی جۆگرافیای ئێرانە، چونکە فارسی لە چوارچێوەی مێکانیزمێکدا دەجووڵێت کە تێیدا دەسەڵات/هێز و سەرچاوەکان بە شێوەیەکی نایەکسان دابەشکراون و تەنانت ڕەوا کراون. بۆیە لێرەدا لینگویسییزمیش (رەگەزپەرەستی زمانی) چەمکێکی ناوەندییە لەم کۆنتێکستە دا.
بە پێی پێناسەی تووڤێ سکوتناب-کانگاس لینگویسیزم، دیاردەیەکی پارالێلە لەگەڵ ڕاسیزم (رەگەزپەرەستی)، واتە ئەم دیاردەیە کۆمەڵێک ئایدیۆلۆژی، ستروکتور و پراتیکن کە بە کار دێن بۆ مەشرووعییەت بەخشین، یاسایی کردن، پەیڕەوکردن و بازتەولیدی دابەشکردنی ناعادیلانەی هێز و سەرچاوەکان (سەرچاوەی مادی و مەعنەوی) لە نێوان گرووپەکاندا، لەسەر بنەمای زمان. (Skutnabb-Kangas, 2000:34) ئەم پێناسەیە، بێ کەموکوڕی لەسەر سیاسەتی دەوڵەتی ئێران لەمەر کوردی و زمانەکانی دیکەی غەیری فارسی تەتبیق دەکرێت. لە ئایدیۆلۆژیی فەرمیی ئێراندا بە پێی قانوونی ئەساسییەکەی، فارسی زمانی فەرمییە. فارسی بۆ وەحدەت و یەکگرتووییی وڵاتەکە خاوەن سەنگێکی قورسە، مەشروعییەتی تاریخیی پارسا و پارسیک و دەریی هەیە، خاوەنی ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەند بە شاعیرانی وەکوو فیردەوسی، حافیز و سەعدییە، ئەو دەرفەتانەی کە لە چاپ و پەروەردە و کارگێریدا بە فارسی دەدرێت، نادرێتە هیچ زمانێکی دیکەی ئێران و لەسەر بنەمای خودی زمانەکە دەوڵەتی ئێران، چ ڕژێمی شاهی و چ کۆماری ئیسلامی، هێز و سەرچاوە مادی و مەعنەوییەکانی زۆر ناعادیلانە لە ناو گەلانی ئێراندا دابەش کردووە.
ئەنجامێکی ڕاستەوخۆی لینگویسیزم دیاردە لینگویسید یان ژێنۆسیدی/کۆمەڵکوژی زمانە. ئەوی ئێستا لە مازەندەران، گیلان، سمنان و تالیش ڕوو دەدات هەنگاوێکی مەتەرسیدارتری سیاسەتی زمانی فارس لەمەر پەڕاوێزەکانە؛ چونکە لێرەدا عاملێک هەیە کە خەریکە دەبێتە هۆی مردنی زمانێکی تر. لە تێئۆریی لیبرالدا تەنیا کاتێک عاملێکی چالاک بە نیەتی ڕاشکاو ببێتە هۆی مردنی زمانێکی دیکە، دەتوانین وەکوو لینگویسید پێناسە بکەین. بەڵام بە بۆچوونی سکوتناب-کانگاس (Skutnabb-Kangas, 2000:369) ئەو عاملە دەتوانێ هەم ئاکتیڤ بێت، وەکوو ئەو دەورەی زمان و دەوڵەتی تورکیا لەمەر کوردیی بینیوە، هەمیش پاسیڤ، وەکوو ئەو دەورەی فارسی لەمەڕ زمانە کانی دیکەی ئێراندا دەیبنێ. واتە بە بێبەشکردنیان لە سیستەمی پەروەردە و کارگێری، ڕێگا بدات بە مردنی پلە بە پلەی زمانی وەکوو مازەنی، گیلەکی و کوردی. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئاخێوەرانی زمانی دایک لە گیلان و مازەندەران بۆ نیوە کەم بووەتەوە. ڕەنگە لە هەندێک ناوچەی شاریی کوردستانیش ئەم دیاردەیە دەست بە پەرەسەندن بکات. بە بێ ئەنتەگرەبوونی زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردە، کارگێری و ئابووریدا، ئەو سیاسەتەی لەبەرامبەر کوردی پەیڕەو دەکرێت، سیاسەتی لینگویسیدە.
ئەنجام
فارسی بووە بە هۆکاری نەمانی چەندین خوشکەزمانی کوردی وەکوو ئەسفەهانی، ڕاژی (رەی)، وەرامینی، هەمەدانی و چەندی دیکەشی لە ئاستی فەرهەنگی، وشەسازی، ڕستەسازی و… تەحریف کردووە و ئێستا مەتەرسییەکی جدییە بەسەر چەندین زمانی دیکە کە پەیوەندییەکی مێژووییان لەگەڵ کوردیدا هەیە. لە هەمان کاتدا ئەو پانتایییە جۆگرافییەی کە تێێدا بە کوردی قسە دەکرا بەرتەسکتر کراوە. لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا، فارسی، کوردیی گەمارۆ داوە؛ بەڵام ئێستا سیاسەتێکی لە جاران ئاگرێسیڤتری گرتووەتەبەر. فارسی، زمانی کۆلۆنیالیزمی فارس، سیاسەتی ئەمپەریالیزمی زمانی و کۆمەڵکوژیی زمانی لەمەر زمانەکانی دیکەی ئێران پەیڕەو دەکات. ئەگەر کورد بۆ پاراستنی سەرمایەی زمانی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤیی خۆی نەتوانێ سەروەریی سیاسی دەستەبەر بکات، دوور نیە کوردیش تا چەند دەهەی دیکە تووشی هەمان چارەنووس بێت کە ئێستا مازەنی و گیلەکی تووشی بوون. پاراستنی کوردی لە لەناوچوونی، نە تەنیا ئەرکێکی نەتەوەیی، بەلکوو ئەرکێکی ئەخلاقییە بۆ پاراستنی میراتێکی فەرهەنگی و مرۆڤی. کوردیش بە ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنییەکەی خۆی، دەبێت سیاسەتێکی زمانیی تایبەت بۆ ژیاندنەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵات دابرێژێت، چونکە لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئاخێوەرانی فارسیدا، هیچ ئاماژەیەکی تۆلێرانس و ئەمپاتی بۆ زمانەکانی دیکە، بە تایبەت کوردی نابیندرێت. ئێران ئێستا یەکێک لە ئاگرێسیڤترین سیاستە زمانییەکان لە ناوچەدا پەیڕەو دەکات. بۆ ئێمە و گەلانی تر لە جۆگرافیای سیاسی ئێراندا، فارسی نە شەکری شیرین، بەڵکو تا ئێستا دەوری ژەهری هەلاهلی گێراوە.
سەرچاوەکان
Abrahamian, E. (1982). Iran between two revolutions. Princeton: Princeton University Press.
Abrahamian, E. (2008). A history of modern Iran. Cambridge: Cambridge University Press.
Bourdieu, Pierre. “The Forms of Capital” (1985), Handbook of Theory of Research for the Sociology of Education (1986) p. 56.
Boyce, Mary (1975). A reader in Manichaean Middle Persian and Parthian. Lieden: Brill.
Boyce, Mary (1983), “Parthian writings and literature“, in Yarshater, Ehsan (ed.), Cambridge History of Iran, 3.2, Cambridge UP, pp. 1151–1165.
Cummins, J. (1976) The influence of bilingualism on cognitive growth: A synthesis of research findings and explanatory hypotheses. Working Papers on Bilingualism 9, 1–43.
Cummins, J. (1978) Immersion programs: The Irish experience. International Review of Education 24, 273–82.
Cummins, J. (1979a) Linguistic interdependence and the educational development of bilingual children. Review of Educational Research 49, 222–251.
Cummins, J. (2000). Language, Power and Pedagogy: Bilingual Children in the Crossfire. UK: Antony Rowe Ltd.
Diakonoff, I.M. (1985), “Media I: The Medes and their Neighbours”, in Gershevitch, Ilya (ed.), Cambridge History of Iran, 2, Cambridge University Press, pp. 36–148.
Fanon, F. (2008). Black Skin, White Mask. London: Pluto Press.
Galtung, J. (1980). The True Worlds. A Transnatinal Perspective. New York: The Free Press.
Halliday, M.A.K. (1978). “An interpretation of the functional relationship between language and social structure”, from Uta Quastoff (ed.), Sprachstruktur – Sozialstruktur: Zure Linguistichen Theorienbildung, 3–42. Vol. 10 of The Collected Works, 2007.
Henning, W. B. (1955). The Ancient language of Azerbaija in Transactions of Philological Society. Moscow: Tullinskiy yazik.
Henning, Walter Bruno (1958), Mitteliranisch, Handbuch der Orientalistik I, IV, I, Leiden: Brill.
https://www.irna.ir/news/83542928/تمسخر-و-خجالت-شیب-تند-انقراض-زبان-مازندرانی, Retrieved 2019-12-29.
Katouzian, H. (2009). Te Persians: Ancient, mediaeval and modern Iran. New Haven and London: Yale University Press.
Kia, M. (1998). Persian nationalism and the campaign for language purifcation. Middle Eastern Studies, 34(2), 9–36.
Linda T. (2004) “Learning Language: Learning Culture in Singapore.” Language, Education, and Discourse: Functional Approaches, ed. by Joseph A. Foley. Continuum, 2004
Maloney, S. (2015). Iran’s political economy since the revolution. Cambridge: Cambridge University Press.
May, S. (2008). Language education, pluralism, and citizenship. In S. May &
N. H. Hornberger (Eds.), Encyclopedia of language and education (2nd ed.,
Mirvahedi, S. H. (2018). Medical tourism and its niched impact in Tabriz,
Iran: Opportunities and challenges for Iranian Azerbaijanis. Linguistic
Landscape, 4(2), 128–152
Phillipson, R. H. L. (2008). Linguistic Imperialism. Oxford University Press.
Skutnabb-Kangas, T. (2000). Linguistic genocide in education or worldwide diversity and human rights?. Mahwah: Lawrence Erlbaum Associates.
Susan M. Sherwin-White; Ama1/2lie Kuhrt (1993). From Samarkhand to Sardis: A New Approach to the Seleucid Empire. University of California Press. p. 40.
Tavakoli-Targhi, M. (2009). Historiography and crafting Iranian national identity. In T. Atabaki (Ed.), Iran in the 20th century: Historiography and political culture (pp. 5–21). London: I.B. Tauris.
Williams, R. (1962). The Long Revolution. Middlesex: Penguin.
Windfuhr, Gernot (1975), “Isoglosses: A Sketch on Persians and Parthians, Kurds and Medes”, Monumentum H.S. Nyberg II (Acta Iranica-5), Leiden: 457–471
Zhang, Huiying (2015). “From Latin to the Romance languages: A normal evolution to what extent?” (PDF). Quarterly Journal of Chinese Studies. 3 (4): 105–111. Archived from the original (PDF) on 2018-12-29. Retrieved 2019-12-29.
ادیب طوسی، محمد امین (١٣٣٥)، فهلویات مغربی تبریزی، نشریە دانشکدە ادبیات دانشگاه تبریز، شمارە ٨
زرین کوب، عبدالحسین (١٣٣٦)، دو قرن سکوت، نشر امیر کبیر، تهران


