ئارامتر بخوێنەوە!

لێکەوتەی ڕیفۆڕم

ڕزگار بەهاری

“مێژووی کورد ئاوێتەیە لە خەبات و خوێن دان بە چەشنێک کە ڕۆژژمێری پڕە لە تراژیدیای ژینۆساید و کۆمەڵکوژی؛ ڕەنگە کەمتر گەلێک بەمشێوەیە خاوەن مێژوویەکی پڕ لە ئازار بووبێت بەڵام ئێستاکە خاوەن کیان و دەسەڵاتی خۆیانن. دەشێ هەر تاکێکی کورد لەخۆی بپرسێت هۆکاری هاتنەئارای وەها ڕەوشێک چەندە پێوەندیی بە هاوکێشەی دەرەکیەوە هەیە و هاوکات چەندە کورد بەگشتی و دەسەڵاتی سیاسی بەتایبەتی تاوانبارە لێی.”


هاوکێشە جیهانییەکانی هاوچەرخ لەخۆیدا و بەبێ دەستێوەردانی گەلان پێک نەهاتووە، بەڵکوو خواست و پێویستی بۆ داڕشتنەوەی قەوارەی نوێ، گەلان و پێکهاتەکانی هان داوە بەردەوام خۆیان نۆژەن بکەنەوە و لەم‌نێوەدا، سیستمگەلێکی گەورەتر، هەوڵی تواندنەوەی لایەنی دیکە دەدەن کە قەوارە و هێزیان لاوازترە. هاوکێشەکانی چەند سەدەی ڕابردوو کە زلهێز و داگیرکەران ڕۆڵی سەرەکییان لە دیاریکردنیاندا هەبووە، ڕێگر بوون لەوەی کورد ببێتە دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆی هەبێت بەڵام وەک ئاماژە درا، “خواست” و “پێویستی” کاریگەرە لە داڕشتنەوەی سەرلەنوێی چارەنووسی گەلان و پێکهاتەکەن؛ یان دەکرێت ڕوونتر بڵێین گەلی کورد کە هەوڵ بۆ گەیشتن بە خواستەکانی دەدات، لە ئاکامدا گۆڕانکاری بەسەر هاوکێشەکاندا دەهێنێت، چونکە ئەمە خواستی نەتەوەیەکە و قەوارەی جیهان بەردەوام لەئاکامی تەقەلای گەلانی وەک کورد خۆی نۆژەن دەکاتەوە.

مێژوو پڕە لە چیرۆکی ئەو دەسەڵاتانەی تەک‌ڕەهەند و پێداگر بوون لە سەپاندنی یەک ئایدۆلۆژیا و پشتگوێ‌خستنی گەلەکانیان بەڵام درەنگ یا زوو کۆتاییان پێ هاتووە و هاوکات تەمەنی ئەو دەسەڵاتانەی بە ویست‌ و خواستی ڕۆژی خەڵک، خۆیان نوێ کردبێتەوە درێژتر و بەردەوام بووە. هەرچەندە کۆلۆنیالیزم بە شێوازی ئەمڕۆیی بەردەوامە، بەڵام ئەگەر هەندێک وڵاتانی زلهێزی داگیرکەر، بە چەشنی ڕابردوو لە کۆلۆنیالیزم بەردەوام دەبوون، پەڕاوێز دەخران و هاوکات، ئەگەر گەلانی بەکۆلۆنی‌کراو، بەدەستی ئەم وڵاتانە تەقەلای خۆڕزگارکردنیان نەکردبا، ئێستاکە خاوەنی وڵاتی سەربەخۆ نەدەبوون.

لە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری هاوشێوەی ئێراندا کە مەترسیی ڕاپەڕین و ڕووخانی لەسەر بێت، چاکسازی و ڕیفۆڕم شێوازێکە لە ئاڵوگۆڕی سیستەمی سیاسی و دەروازەی تێپەڕین بەم دۆخەدا بە کەمترین تێچوو. وەها کە دیتمان ڕەوتی ڕیفۆڕم ناسراو بە “اصلاح‌طلبی”، بە هۆکاری چەقبەستووییی سیاسی شکستی هێنا و لە داهاتوودا و لەکاتی گۆڕینی سیستمدا، هەردوو لایەنی خەڵک و دەسەڵات تێچووی زۆری بۆ دەدەن؛ بەڵام بابەتێک کە ڕوونە ئەوەیە کە بەهۆی نەبوونی ڕیفۆڕم، دەسەڵاتی ئێران لەڕووی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە شکستی هێناوە و لە داهاتووشدا بە کردەوە شکست دەهێنێت و ناوی دەچێتە مێژووەوە. ڕیفۆڕم و خۆ نوێ‌کردنەوە (لە ئایدۆلۆژیا و ستراتیژیییەکی هەڵە)، کەم‌تێچووترین و هاسانترین ڕێگەیە بۆ ڕزگار کردنی حیزب و دەسەڵاتێک لە تێکچوون و بەئەنجامگەیاندنی خواستەکانی گەلێک، بە شێوازێکی نوێ.

لە هەڵسەنگاندنی ڕژێمی ئێران لەگەڵ حیزبەکان‌ لەبواری سەربازی‌، هەژوموون و سیاسیدا، ڕژێمی تاران لەڕووی سەربازییەوە هەڵکشانی هەبووە بەڵام لەبواری هەژموون و سیاسیدا لەوپەڕی لاوازیدایە. لەکاتێکدا حیزبەکان بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی داهاتی بەهێز، لەبواری چەکوچۆڵەوە پێشکەوتنێکی ئەوتۆیان نەبووە، بەڵام لەڕووی سیاسی و هەژموونەوە جێگە و پێگەیان لەناو کۆمەڵانی کوردستاندا‌ بەهێزترە.

هەرچەند ڕژێمی ئێران چوار دەیە پێشتر توانی لەڕووی سەربازییەوە حیزبە کوردییەکان ناچار بە پاشەکشێ بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان بکات، بەڵام چونکە لەڕووی سیاسییەوە شکستی هێناوە، دەکرێ وەک دەرفەتێک ببیندرێت بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ( لەگەڵ بەهێزکردنی لایەنی سەربازی)، ئەو نابەرابەرییە لە ڕووەکانی دیکەی وەک بواری سیاسی‌ و دیپلۆماسی چڕتر بکرێتەوە. حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، وەکوو پێویست لەم کاتەدا کە ڕژێم لەڕووی سەربازییەوە لە ناوەوە و دەرەوە لاوازە، کەڵکیان وەر نەگرتووە و ئەگەری هەیە پاش ئاڵوگۆڕ بەسەر سیستەمدا، ئەرکەکانیان قورستر بێت؛ چونکە لە داهاتوودا هەر سیستمێک لە تاران پێک بێت، پێوەندیی بەهێزتری لەگەڵ وڵاتان دەبێت و کارتەکانی بەردەستی حیزبە کوردییەکان ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت.

تایبەتمەندیی پرسی گەلی کورد لەوەدایە کە یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی، پێوەندیی بە ساڵەکانی ١٩٢٣ و پاش شەڕی جیهانیی یەکەمەوە هەیە بەڵام ناچارە ئێستا و لە مێژووی هاوچەرخدا کە سنووری وڵاتان بە نێودەوڵەتی کروان و دەوڵەت-‌نەتەوەکان دەسەڵاتدارن، مافی خۆی بسێنێت یان بە واتایەک لە جیهانی ئەمڕۆدا، گەلی کورد ململانێی زیاتر لە سەدەیەک پێش ئێستا دەکات، لەگەڵ هێزە ناوچەیی و ڕۆژاواییەکان. ئەم تایبەتمەندییەی پرسی کورد، ستراتیژیی ناوازە دەخوازێت بۆ ئەوەی لانیکەم هاوسەنگیی هێز لەقازانجی خۆی بگۆڕێت. لەم دۆخەدا دیتنەوەی ڕێگەچارەیەک کە هێز و گەلانی ناوچەکە و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا پێمل‌ یان هاوئاهەنگ بە خواستەکانیان بکات، خوازیاری تەگبیری ژیرانە و پلانی پوختەیە.

تایبەتمەندییەکی دیکەی خەباتی حیزبی لەوەدایە کە لەگەڵ هێشتنەوەی هێزی سەربازی وەک ئامرازی گوشار، ناچارە وەک هێزێکی ئاشتیخواز دەربکەوێت و ئەمەش بەبێ چالاک کردنی بەشی سیاسی و دیپلۆماسی بەرهەم نایەت. هاوکات لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییە، یاسا و ڕێسای جیهانی ئەمڕۆ دژی شەڕی چەکدارییە و لەکاتێکدا جەخت لە ململانێی سیاسی دەکرێتەوە کە داگیرکەران ئامادە نابن لایەنی سیاسیی کوردی‌ بە فەرمیی بناسن. لە وەها ڕەوشێکدا جگە لەو خەباتگەلەی ئێستا لەئارادایە، دەبێت حیزبی سیاسیی کوردی، باڵی دیپلۆماسی بەهێز بکات و سەرنجی حیزب و دەسەڵاتی وڵاتانی ڕۆژاوا بەرەو خۆی ڕابکێشێت کە لە کات و شوێنی خۆیدا وەک کارت و لۆبی کەڵکیان لێ وەربگرێت بۆ شەرعیەتدان بە گوتاری بەرگریی ڕەوا.

مێژووی کورد ئاوێتەیە لە خەبات و خوێن دان بە چەشنێک کە ڕۆژژمێری پڕە لە تراژیدیای ژینۆساید و کۆمەڵکوژی؛ ڕەنگە کەمتر گەلێک بەم‌شێوەیە خاوەن مێژوویەکی پڕ لە ئازار بووبێت بەڵام ئێستاکە خاوەن کیان و دەسەڵاتی خۆیانن. دەشێ هەر تاکێکی کورد لەخۆی بپرسێت هۆکاری هاتنەئارای وەها ڕەوشێک چەندە پێوەندیی بە هاوکێشەی دەرەکیەوە هەیە و هاوکات چەندە کورد بەگشتی و دەسەڵاتی سیاسی بەتایبەتی تاوانبارە لێی. یەک لە دیارترین رەخنەکان کە کۆمەڵگەی کوردی بەرەوڕووی لایەنی سیاسیی دەکاتەوە، ڕەچاونەگرتنی شێوازەکانی نوێی خەباتە کە خۆداڕشتنەوە و ڕیفۆڕمی نێوخۆیی دەخوازێت.

هێز و دەسەڵاتە جیهانییەکان بەردەوام لە ڕیفۆڕم و خۆ نوێ کردنەوەدان و هۆیە بۆ بەهێز مانەوە و گەشەی زیاتر. ئەگەر حیزب و پێکهاتەیەکی سیاسی بە لەشی مرۆڤ بشوبهێنین، خۆ نۆێ کردنەوەی خانەکانی لەش دەبێتە دروست‌بوونی پێستی نوێ و ڕێگرتن لە سڕبوون و تێکچوونی لەش کەواتە ڕیفۆڕم و خۆ نوێ کردنەوە بۆ پێکهاتەی سیاسی، حوکمی گەشە و بەرگری دێت لە کەوتنە قۆناغی پەراوێز کەوتن و مەرگی سیاسی.

داگیرکەران هەرکام بەشێوازی تایبەت‌بەخۆیان هەوڵی بچووک کردنەوەی کورد دەدەن؛ وڵاتانی داگیرکەر بەگشتی و ئێران بەتایبەتی، هیچ بەهرەیەکی گۆڕانکارییان تێدا نییە کە مافی گەلان بەڕێی ئاشتی‌دا بدەن و پرسی کورد چارەسەر بکەن. بناژۆخوازان و دەوڵەتانی ئێران کە وەک دوو ڕەهەندی ڕکابەر، شانۆگەری دەکەن، لە بنەڕەتدا بەرانبەر مافەکانی کورد یەک‌هەڵوێست و یەک‌شێوە بیرکردنەوەیان هەیە و لە تەنگەژەکاندا تاوانەکان دەخەنە ئەستۆی یەک. قۆناغی چارەسەریی کێشەی کورد لە ژیانی سیاسیی دەسەڵاتی ئێستای تاراندا چارەسەر نابێت و نەتەنها دەسەڵات، گۆڕانکاری و ڕیفۆڕم لە خۆیدا ناکات، بەڵکو تا دێت گوشارەکانی سەر گەلان چڕتر دەکاتەوە. کاتێکیش دانوسان لەگەڵ حیزب و لایەنی سیاسی دەکات کە گوشاری لەسەر بێت و پاش کۆتایی هاتنی گوشارەکان، لەژێر هەموو بەڵێنەکانی دەدات و وەک نەریتی ڕابردووی درێژە بە سەرکوتکاری دەدات.


نوخبەی گەنج و سەرکردایەتی

خەباتی حیزب و دەسەڵاتی سیاسیی کوردی بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتێکی وەک فەنلاند لە دوو وێستگەی جیاواز‌دا جێ دەگرێت بەڵام ستراتیژیی هەردووک لەپێناو کەرامەت و خۆش‌گوزەرانی و بەگشتی خزمەت بە خەڵکە. دەکرێت بە ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ چینی گەنجان و ژنانی نوخبەی لێهاتوو، نەک هەر وزە و بیری نوێ بێتە مەیدان بەڵکو توانای دەسپێشخەریی هزری نوێ (iniative) لە خەباتی ئەمڕۆییدا ئەزموون بکرێت؛ بۆ نموونە پێنج لە گەورە بەرپرسانی وڵاتی پێشکەوتووی فەنلاند ژنانی گەنجن، هەروەها لە وڵاتێکی بەهێزی وەک بریتانیا لە ماوەی ٥ ساڵدا ٣ هەڵبژاردن بەڕێوە چووە و بەگشتی، ڕەوتی داڕشتن و پەسەندکردنی یاسای نوێ لە وڵاتانی بەهێز و دیموکڕاتدا، خێرایە و یاساکان بەپێی پێویست بەردەوام دەگۆڕێن و لە سۆنگەی دیموکڕاسیەوە جێگۆڕکێ بە هزر و چینە جیاوازەکان دەکریت.

ئەگەرچی ناوەڕۆک و ستراتیژیی خەباتی کورد، بە وڵاتانی ڕۆژاوا پێوەر ناکرێت، بەڵام دەتواندرێت ڕەهەندی خەباتی سیاسیی کورد لە هەمان چوارچێو و شێوازی کاری سیاسدای خۆی دابڕێژێتەوە. پێویستە جێگۆڕکێی کاراکتەرە سیاسییەکانی حیزب و لایەنی سیاسی لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان، بە چەند کەس قەتیس نەمێنێتەوە و کەڵک لە وزە و هزری چینی تازەپێگەیشتووی نوخبە وەربگیرێت. بەرهەمی گرتنەبەری وەها سیاسەتگەلێک، جگە لە دەستپێشخەری لە ئەزموونی هزری نوێی خەباتی سیاسی، دەبێتە هۆی دەرکەوتن وەک لایەنێکی دیموکڕاتیک، کە هاوتای یاسا و ڕێسای دەسەڵاتی دیموکراتیکی جیهانی ئەمڕۆیە. ڕەوتی سیاسیی ڕۆژهەڵات بە سەرجەم بیرە جیاوازەکانییەوە، تینووی ڕیفۆڕم و پێداچوونەوەیە بە تاکتیک و ستراتیژییەکانی بەرانبەر دەسەڵاتی ناوەند و لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی؛ بە کۆتایی هێنان بە سیاسەتی خۆپارێز (محافظەکار) و نەریتی و بە کەڵک وەرگرتن لە زانستی جیلی نوێی نوخبە، خۆ نوێ بکاتەوە.


بەرهەڵستکارانی ئێرانی و هاوپەیمانیەتی کورد

زیاتر لە هەرکاتێک گوشارەکانی سەر دەسەڵاتی ئێران زیادی کردووە و چەندین بەرەی سیاسی و بەرهەڵستکاری کۆن و نوێی دانیشتووی ئەورووپا و ئەمریکا، چالاکییەکانیان چڕتر کردووە و ئامادەکاری بۆ پاش ڕووخانی دەسەڵاتی ئێستای ئێران دەکەن بەڵام، سەرجەمیان بە هەمان چەشن و مێشکی دەسەڵاتدارانی ئێستای دانیشتووی تاران بیر دەکەنەوە و بڕوایەکیان بە پرسی کورد و مافەکانی نییە. تەنانەت هەندێک جار سیاسەتوان و ڕۆژنامەنووسی دیاری نێو بەرهەڵستکارە ئێرانییەکان، زمان، کلتوور و هەبووەکانی نەتەوەی کورد کەم دەنرخێنن، یان بایکۆت دەخەنە سەر داواکاریی گەلی کورد کە ئەمە خۆی پەیامێکی ڕوونە بۆ پاش هەر گۆڕانکاریەک لە ئێراندا و هێمای درێژەدانە بە سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران لە داهاتوودا.

دەسەڵاتی سیاسیی کورد، کاتێک دەتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت کە تواناکانی خۆی و دوژمن بناسێت و خوێندنەوەی هەبێت بۆ ستراتیژییەکانی بەرانبەر. بۆ زانینی جووڵەی داهاتووی دەسەڵاتدارانی ئێران، پێویستە ئاوڕ لە پێشینەی بدرێتەوە و بە چاوخشاندن بە کارنامەیدا، دەکریت فام بکەین کە هیچ دەرەتانێک لە چارەسەریی پرسی کورد لە داهاتووی دەسەڵاتی ئێستا و داهاتووی ئێراندا بەدی ناکرێت. سەرەڕای ئەوە، هێندێک لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵات، بەیناوبەین دانیشتن لەگەڵ نوێنەرانی تاران دەکەن و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەو بەرهەڵستکارانە واژۆ دەکەن کە هێمایان دیموکراتیکە بەڵام یەک ڕوانگەیان بۆ پرسی کورد هەیە.

وەها سیاسەتگەلێک لەلایەن حیزبی کوردەوە، ڕەوایی دەداتە کلتووری لە سەرەوە ڕوانین بۆ ئیتنیکەکانی دیکە، لەلایەن دەسەڵاتی تاران یان ئۆپۆزسیۆنی فارسی دانیشتووی دەرەوە و هەڵوێست و سیاسەتی ئەم لایەنانە.  بەگشتی، سەرجەم چین و بەرهەڵستکارە ئێرانییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا هەوڵ بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتێکی فارسی سێکۆلار دەدەن کە جیاوازیی ڕوانگەیان، سێکۆلاریسم و جیاکردنەوەی دینە لە سیاسەت کە پاشان وەک دیارییەک بیدەنە نەتەوەکانی دیکە، ئەگەرنا لەبواری ئیتنیکیدا هەمان سیاسەتی ئێستای ئێران پەیڕەو دەکەن.

بنەماڵەی دەسەڵاتداری ڕابردووی ئێران هەوڵ بۆ گرتنەوەی دووبارەی دەسەڵات دەدات و لەلایەن میدیاکانەوە بە چڕی و زیاتر لە هەر چینێکی بەرهەڵستکار زەق دەکرێنەوە؛ وەها ڕەوشێک لە داماویی گەلانی ئێرانە و هۆکاریشی ئەوەیە کە تا ئێستا جێگرەوەیەکی بەهێز نەیتوانیوە وەها شەرعیەتێک بداتە خۆی. تا پێش خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ئەمسال کە هەژاری هۆکاری بوو، خواستی سیاسیی بڕێکی زۆر لە گەنجانی ئێران بۆ ئازادیی جلوبەرگ دابەزیبوو بەڵام ئێستاکە، گرفتی پیشە و برسیەتی، بووەتە خواستی یەکەمی گەلانی ئێران. بناخە و مێژووی خەباتی لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پتر لەوەیە کە پەلە بکات لە هاوپەیمان‌بوون لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنێک کە سەردەمانێک دەستیان بە خوێنی کورد سووربووە و لە ئێستاوە نایانهەوێت مافەکانی کورد و ئیتنیکەکانی دیکە ببینن. ڕەنگە لە ئەگەری یەکگرتنی سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردییەکان، هاوسەنگییەکان بگۆڕێن و ئەوکات بەرهەڵستکارە ئێرانییەکان وەخۆ کەون بۆ خۆ نزیک‌خستنەوە لە هاوپەیمانیی بەهێزی کوردی، چونکە کورد ئەزموون و قورساییی سیاسیی بەهێزتری هەیە لەنێو پێکهاتەکانی جوگرافیای سیاسیی هەنووکەی ئێراندا.