ئارامتر بخوێنەوە!
ئیسلاحات و خولانەوە بە دەوری بازنەدا!
زانیار ڕۆژهەڵاتی
“له ماوەی دووسەت سالی ڕابردووی ئێراندا کە بزووتنەوەی ڕێفۆرمخۆازی سەری هەڵدا، هۆکارەکەی بۆ دەیان دیاردەی دەرەکی و نێوخۆیی دەگەڕێتەوە کە هەر کامەو بە ئەندازە و قەبارەی خۆی، لەسەر نێوەرۆک و پێناسەی بزوتنەوەی ڕێفۆرمیستی له ئێراندا ڕۆلی هەبوو. سەبارەت به هۆکارگەلی شکستی ڕێفۆرمخۆازی حکومەتی له ئێران دەکرێ هێندێک خاڵی بنەمایی دەستنیشان بکەین کە ئەو ڕەوتە هەرگیز نەیخواست یان نەیتوانی به ئەنجامی بگەیێنێت.”
پێشەکی
له ماوەی دووسەت سالی ڕابردووی ئێراندا کە بزووتنەوەی ڕێفۆرمخۆازی سەری هەڵدا، هۆکارەکەی بۆ دەیان دیاردەی دەرەکی و نێوخۆیی دەگەڕێتەوە کە هەر کامەو بە ئەندازە و قەبارەی خۆی، لەسەر نێوەرۆک و پێناسەی بزوتنەوەی ڕێفۆرمیستی له ئێراندا ڕۆلی هەبوو.
نازمولئیسلامی کرمانی دەڵێ لەپاش دۆڕانی یەک لەسەر سێی خاکی ولاتی ئێران له شەڕەکانی عروسان و پرش و بڵاو کردنی سوپای ئێران کە پشتیوانی و فتوای هەمو مەرجەعە ئایینییەکانیشی لەپشت بوو، خەڵکی ئێرانی له ڕوی زەینی و ڕەوانییەوە توشی سەرسامی و بێدەنگی و زەلالەتێکی بێ وێنە کردبو کە له هەردووک بواری شوناسی دینی و قەومییەوە هەستیان به زەلیلی دەکرد. بەڵام هێندەی پێ نەچوو کە هەواڵی شکست دانی ئەرتەشی عەزیمی تێزاری له لایەن وڵاتێکی چکۆلەی وەکو ژاپۆنەوە، کێچی دە کەوڵی خەڵکی ئێران هاویشت و ئێرانییەکان پێیان خۆش بوو بزانن هۆکاری ئەو سەرکەوتنەی ژاپۆن چی بوو تا ئەوانیش تاقیی بکەنەوە!
ڕەنگدانەوەی ئەو ڕۆانگە و بۆچوونە له دەسهەڵاتی قاجاردا خۆی لە بڕیارەکانی عەباس میرزای وەلیعەهددا دیتەوە کە ” ڕێفۆرمی له پەروەردەی چینێکی تێکنۆکرات و پێگەیشتوو له فەرەنگدا دەدیتەوە کە بێنەوە و دەزگای بروکراسیی ئێران نۆژەن بکەنەوە”.
ئەوە یەکەم پێناسە بوو لە ڕێفۆرمی حکومەتی له ئێران و تا ئەو چرکە ساتەش کە له ئێران ڕێفۆرمخۆازی حکومەتی گەیشتۆتە بنبەست و دەسەڵات خەریکی کوشت و بڕی ناڕازییانە، هێشتا ئەو پێناسەیە له ڕێفۆرم جەوهەری داخوازییەکانی ڕێفۆرمخۆازانی حکوومەتییه و نەیانتوانیوە ڕێفۆرمیزمی سیاسی ئاراستەی ناوەندی سەرەکیی دەسەڵات و چەمکی دەسەڵاتداری له ئێراندا بکەن.
ئەگەرچی سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبری بۆلشویکەکان له شۆڕەوی و شوێن دانەری بیر و هزری ئەم شۆڕشه لەسەر مێشکی دەیان هەزار کرێکاری پارێزگاکانی باکووری ئێران کە بۆ کار و کاسبی ڕوویان لهو وڵاتە کردبو، توانی چەخماغەی دەسپێکی ڕەوتێکی تازە و ڕادیکال له ئێران لێدات و ئاراستەی ڕوانگەی تێکنۆکراتەکان له خزمەتی چینی دەسەڵاتدارەوە بگۆڕێت بۆ ڕوانینی وەدەستەوە گرتنی دەسەڵات و سازدانی ئالوگۆڕ له ناوەندی بڕیار، بەڵام هێور بوونەوەی تەبی شۆڕشی بولشویکەکان و عادەت گرتنیان به داب و نەریتەکانی نەزمی نێونەتەوەیی له سیاسەتی دەرەوەدا، شوێن دانەری لەسەر ڕەوتی سیاسیی ڕادیکال له ئێران هەبوو و بێجگە له داڕمینیان له بزووتنەوەیەکی ڕادیکال و شۆرشگێڕوە بۆ حیزبێکی گوێ لەمست و موحافزەکار، ڕەوتێکی دژه دێموکرات و مورتەجیعی لێ سازبو کە نەیتوانی خزمەتی گەشەی سیاسیی وڵاتەکەی بکات.
شەپۆلی سێهەمی ڕێفۆرمخۆازی له ئێران کە به قەولی سەعید حەجاریان هەمان درێژەی ڕەوتی ڕێفۆرمیستیی دەورانی مەشروتەی ئێرانە (کە ئەمن پێم وایه به نیو هێندی ئەوانیش سادق و به شەهامەت نین) له کۆتاییەکانی ساڵانی دەیەی شێستی کۆچی هەتاوی سەری هەڵدا. شەڕی ئێران و ئێراق له بواری ئابورییەوە گوشارێکی خستبووە سەر شانی دەوڵەت کە مەجبووری کردبوو شەرت و مەرجەکانی بانکی نێودەوڵەتیی پووڵ بۆ دانی وام به ئێران قەبوڵ بکات. شەرت و مەرج گەلێک که داسەپاندنی سیاسەتی لیبرالیزمی ئابوری، بەسەر شێوە کاری دەوڵەتی ڕەفسەنجانیدا فەڕز دەکرد. له بواری قوتبی ئیدئۆلۆژیکی جیهانی دوو جەمسەری، دەوڵەتی شورەوی لەژێر گوشار و خەریکی داڕمان بوو و گوتاری ئیسلامیی ئێران بۆ نۆژەن کردنەوەی خۆی مەجبور بوو دەست بەرداری ئەو خوێندنەوە چەپیه له ئیسلام بێت کە ئیدئۆلۆگ گەلی وەکوو شەریعەتی و موتەهەری پەرەیان پێ دابوو. بۆ ئەو مەبەستە ڕەوتی “نواندیشان دینی” خەریکی تێئۆریزه کردنی خوێندنەوەیەکی لیبرال بوون له دین کە شێواز و ئاراستەیەکی تازەتری نیشانی کۆمەڵگای ئەوکاتی ئێران دەدا.
له هەموی ئەوانە گرینگتر دەورانی شەڕی ئێران و عێراق و جەوی تەبلیغاتی شەڕ، دەرفەتێکی دابوو به دەسەڵات کە تەواوی دژبەران و تەنانەت ڕەقیبانی خۆی لەنێوخۆی ئێران زیندانی و قەتلوعام بکات و خەڵکیش لە ترسی پاراستنی تەواویەتی ئەرزیی وڵاتی ئێران، ناڕەزایەتییەکی ئەوتۆ دەرنەبرن. بەلام تەواو بونی شەڕ دەرفەتێک بوو بۆ نیشاندان و لێک ترازانی وردە سەلیقەکانی نێو بازنەی ئیدئۆلۆژی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تا هەر کەسه و لایەنەی هێژمۆن و بەرژەوەندییەکانی ماڵی خۆی لە کورسیی حوکمڕانی بچەسپێنێت.
له ئاستی پێوەندیی نێودەوڵەتیدا له سەرەتاکانی دەیەی حەفتای کۆچی هەتاوی، ئێران لەسەر ئاوێتە بوونی دەستی ڕێبەرانی ئەو ڕێژمه له جەریانی تێرۆری میکۆنووس گرفتاری مەحکومییەتی نێودەوڵەتی و نێونەتەوەیی بوو و وڵاتانی ئەورووپی به نیشانەی ناڕەزایەتی بەو تیرۆره و دژایەتی کردنی سیاسەتی تیرۆری دژبەران، خەریکی داخستنی باڵوێزخانەکانیان بوون.
له وەها هەلومەرجێکدا بوو کە هەر ئەو ڕەوتەی کە له ساڵانی ڕابردوودا سەرپەرەشتیاری داگیرکردنی سفارەتی ئامریکا بوو و سەرۆک وەزیرانی ساڵانی شێست کە هەمو زیندانیانی سیاسی تێیدا ئیعدام کرابون و ئینقلابی فەرهەنگییان له زانکۆکان بەڕێوەبردبوو و بەرپرسانیان له وەزارەتی ئیرشاد چارشێویان له سەری ژنان قایم کردبوو و وەزارەتی ئامووزش و پەروەرشیان بەدەستەوە بوو، بوونە سەرپەرشتیاری ڕەوتی ڕێفۆرمخۆازی له ئێران و تەواوی هەوڵیان ئەوە بوو کە وا بنوێنن چارەسەری ئێران و چارەی ئەو ڕێژیمه و پرسی دێموکراسی و مافی کەمە ئایینییەکان و نەتەوەکان هەموی له گیرفانی ڕێفۆرمخۆازاندایه و لایەنە ڕادیکاڵەکانی کۆمەڵگا غەیری زەرەر و توند و تیژی بەرهەمی دیکەیان بۆ خەڵک نابێت.
دەوڵەتی ئیسلاحات بۆ بەڕێوە بردنی ئەو ئیستراتژیه هەم له ئاستی دەرەوە و هەم له ئاستی نێوخۆ تا ئاستێکی زۆر سەرکەوتوو بو.
له ئاستی نێودەوڵەتیدا تۆانی قەیرانی دیپلۆماتیکی پاش میکۆنۆس چاڕەسەر بکات و دەوڵەتی تازه هەڵبژێردراو به کرانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی به دنیا بناسێنێت و تەنانەت نوسخەی ئاشتیخوازانەی خۆی بۆ دنیا له ژێر ناوی” وتوێژی شارستانییەتەکان” تەجویز بکات.
له ئاستی نێوخۆییدا تۆانی هەمان تەجروبەی گوتاری توودە-ئەکسەرییەتی دوپاتە بکاتەوە و بەو گوتاره نوخبەکانی نێو ڕەوتە ڕادیکاڵەکان هەلفریوێنێ و ڕەوتە شۆرشگێڕەکان بەرەو ئاقاری تەسلیم تەڵەبی بەرێت.
تەنیا له مەیدانگەلی وەکوو ئێستا کە تەقینەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک خەریکە بەسەر کوماری ئیسلامیدا دەڕووخێ، زەرەر و خەساری نەمانی ئەو گوتار و ڕێکخراوە ڕادیکاڵانە بەدی دەکرێت کە دەتوانن ئاراستەی شۆڕش به دەستەوە بگرن.
سەبارەت به هۆکارگەلی شکستی ڕێفۆرمخۆازی حکومەتی له ئێران دەکرێ هێندێک خاڵی بنەمایی دەستنیشان بکەین کە ئەو ڕەوتە هەرگیز نەیخواست یان نەیتوانی به ئەنجامی بگەیێنێت و تووشی شکست و داڕمانی ئەخلاقی و سیاسیی کرد.
۱- پابەندبوون و تەئکید کردنەوە لەسەر جێبەجێ کردنی یاسای بنەڕەتیی ئێران.
۲- خۆ ساغ نەکردنەوە له نێوان خەڵک و دەسەڵات و بێ ئیعتبار بوون لای هەردووکیان.
۳- پشتیوانی له حاکمییەت لهو کاتە هەستیارانەی خەڵک دەرفەتی ئاڵوگۆڕی هەبوو.
٤- بێدەنگی له ئاست تەنگ کردنەوەی بازنەی ئازادییەکان و داخستن و گیرانی ڕۆژنامەوانان.
٥- هەبوونی دەسەڵاتی سێبەر کە سیاسەتی کەلانی وڵاتی له دەرەوەی بازنەی توانستی دەوڵەت بەڕێوە دەبرد.
لەسەر ئەو خاڵانە دەبێ ئاماژە بەوە بکرێت کە پابەند بوون به یاسای بنەڕەتیی ئێران و حەول نەدان بۆ گۆڕینی، یەک له هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی ڕەوتی ڕێفۆرم بوو. ئەو یاسایه خاوەنی ئەسڵی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیه بوو. ئەو یاسایە تەفکیکی قوای لە بەین بردبوو و هەر سێکیانی خستبووە ژێر چۆکی ڕێبەر! ئەو یاسایه تەفسیری قانوونی دابوو به شۆڕای نیگابان و مەجالی هەر چەشنە هەڵکراندنی بەشەردۆستانە و ئازادیخوازانە لێ وەرگرتبووەوە. کەچی ڕێفۆرمخوازان کردبوویانە سەنگەری بەرگری!
خۆساغ نەکردنەوە له نێوان خەڵک و دەسەڵات، بوو به هۆکاری ئەوەی کە له تەواوی ئەو دەورانەی کە حاکمییەت کەوتە بەر پەلاماری خەڵک و خامنەیی له ترسان به چاوی گریانەوە باسی گیانبازیی خۆی بۆ ئینقلاب دەکرد، ببنە سوپاپی متمانەی نیزام و پاراستنی تەواوییەتی نیزام وەئەستۆ بگرن. یاسای چاپەمەنییەکان به دەستوری خامنەیی له کاری مەجلیس لادەن و هەم ڕووڕەشیی خۆیان بۆ خەڵک بسەلمێنن و هەم خزمەتێکی بێ مەواجیب بۆ دیکتاتۆر بکەن.
له کۆی گشتیی ئەوانە گرینگتر ئەوەیه کە تەواوی ئەو کەسانەی وەکوو سەرۆک کۆماری ئێران دیاری دەکرێن، پاش شکستی بەرنامە و پرۆگرامەکانیان و له کۆتاییی تەمەنی سیاسییاندا، هاواریان لێ هەڵدەستێ کە کاربەڕێکەر و تەداروکاتچی و هیچکارەن و دەستانی پشتی پەردە مەجالی ئاڵوگۆڕ نادەن!
بەڵێ، بە پێی یاسا دیاری کردنی سیاسەتە گشتییەکانی ئێران به ئەستۆی ڕێبەرە و سەرۆک کۆمار له ئاستی سیاسەتی خاریجە و سیاسەتی دیفاعی و ئەمنییەتی و ئیتلاعاتی و ئازادییه ئەساسییەکاندا هیچکارەیه و ئەگەر سەت هێندی تر به دەوری ئەو نیزامە و هەڵبژاردنەکانیدا بخولێینەوە هەر دەگەینەوە ئەو نوقتەیەی کە خاتەمی و ئەحمەدینژاد و ڕۆحانی هاوار دەکەن کە ئێمه: تەداروکاتچی و بی مەسئولییەت و بێ دەسەڵاتین!


