ئارامتر بخوێنەوە!

ڕێفورمیسم یان فەندەمێنتاڵی ئێرانی

ڕۆژبین بۆکانی


“دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران بە گشتی و دەسەڵاتی توتالیتێری هێژمۆنی خۆازی دینی ئێستای ئێران بە درێژایی دەسەڵاتەکانیان «فریو و چەواشەکاری» ڕۆڵ گێڕی سەرەکیی بیرو ئەندێشەی چەوتیان بووە. ئێستاش چوار دەیەیە ڕای زۆرینە و ڕێفورمیستی ڕوکاڵیانە سیاسەتی دەسەڵاتە ڕەها و موتڵەقەکەی بووە.”



لە ڕوانگەی ئایین و ئیدئۆلۆگی ئایینی و حکوومەتە ئێئۆکڕاتەکانەوە، ژێرخان و بنەمای کۆمەڵگا ئەخلاقە یان بە واتایەکی ڕوونتر دین و ئایین، ژێربینای کۆمەڵگای نەریتی و نوێخواز واتا مودێڕنیتەیە؛  یانی هەموو چەمکە مرۆڤایەتییەکان و دەسکەوتە پڕبەهاکانی سەر گۆی زەوی دەبێ بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئایین بێ.

لە ڕاستیدا ئەخلاق بەشێکە لە زانستی فەلسەفی و ئایین کە زانستێکی مەعریفی/کەلامییە، گەرەکیەتی خۆی بە قەوارە و باڵای فەلسەفەدا هەڵزنێت و هەر بۆیە زۆربەی چەمکە ئایینییەکان دەبەسترێنەوە بە ئەخلاق و هەڵسوکەوتی کردەیی ئەخلاقی/مرۆڤایەتی. مەبەست لەو کارە زۆرتر بۆ ئەوەیە ڕەنگ و بۆیەکی فەلسەفی پێوە بلکێندرێ تاکوو سەنگ و بەهای ئایین سەنگین و ڕەنگینتر بنوێندرێ.

لە لایەکی‌ترەوە لە ڕوانگەی ئابووری و ڕامیاریستەکان و هەروەها سۆسیۆلۆژیستەکان و بە گشتی بە بۆچوونی زانستی مۆدێڕنیتە، سیاسەت بناغەی کۆمەڵگایە و شیرازەی هەر کۆمەڵگایەک لە سەر چەرخ و خولی سیاسەت دەچەرخێ و ئایدیای ڕامیاریستەکانی هەر وڵاتێک دەرخەری بۆچوون و ڕوانگەی گشتیی ئەو کۆمەڵگایەیە. جا دەتوانین بڵێین ئەگەر سیاسەت بناغەی کۆمەڵگا بێ و هەر چەشنە چەمکێکی مەعریفی بە تایبەت چەمکی ئابووری لە سەر دامەزرێ، فەلسەفە دەبێتە ئەساسی ئەندێشە و لۆژیکی سیاسەتی ئەو کۆمەڵگایە.

ئێستا پرسیار ئەوەیە فەلسەفە و سیاسەت بۆ یەکانگیر بوون؟ لە وڵامێکی سەرەکی و خێرادا دەتوانین بڵێین بۆ ئەوەیە تاکوو سیاسەتێکی سکۆلاری مودێڕن پێک بێنن، یانی داڕشتنی فەلسەفەی سیاسەتێکی مۆدێڕن. ڕەنگە بگوترێ ئەی سکۆللار بوون چییە! بۆچێ هێندێ لایەنی ئایینخواز لێی توڕە و تۆسنن! بە کورتی و بە کوردی کۆمەڵگایەکی سکۆلار یانی هەرشتەیەک لە سەر قەوارە و مێتۆدی دیاریکراوی خۆی هەڵسوکەوت بکات و هیچکام لە چەمکەکانی ناو کۆمەڵگا، گوتاری دژبەر و دژکرداری نەخوڵقێنێ، تاکوو کۆنتاکت و پاڕادۆکس لە جەوهەری کۆمەڵگادا نەبێتە نەریت. کورد گوتەنی: هیچ کەسێک با پێ لە بەڕەی خۆی زیاتر ڕانەکێشێ و دەست لە کاروباری لایەنەکانی دیکە وەرنەدرێ.

جیا لەوەی حکوومەتە ئیدیئۆلۆژیستەکان سەبارەت بە سیاسەت و زانستی سیاسی دەدوێن و دەڵێن کە گۆیا سیاسەت یانی کەڵەک و کوڵەک و پاشقولدان، ئەوەش بە پێی هەڵسوکەوتی بە ناو سیاسی بوونیان و ئەنتی لۆژیکی بوونی بەرزە عەقڵیەتیانە، وەک دەسەڵاتی توتالیتێر/تێئۆکڕاتی ئێران، یان کۆریای باکوور و…. . چونکە لە ئەساسدا سیاسەت و ڕامیاری، ماکیاویلیزمی بوون نییە، بەڵکوو بە قەولی د. قاسملووی هەرمان « سیاسەت هونەری مومکینەیە». یانی ئەوەی زانستەکانی دیکە لە عۆدەی نایەنە دەرێ ‌و ئەوە هونەری سیاسەتە دەیگەیێنێتە لووتکەی سەرەنجام. سیاسەت هونەرە، زانستە، دیالۆگی دوو لایەنەیە بە نێوبژیکاری لۆژیکێکی ئینسانییەوە.

پرسیار، فەلسەفە و سیاسەت، یان فەلسەفە و زانستی سیاسی بۆ یەکانگیر بوون و زۆرجار گوتاری هاوبەش دەئافرێنن؛ لە ئەساسدا فەلسەفە و زانستی ڕامیاری دوو باڵی کۆمەڵگان و دەتوانن کۆمەڵگا لە پەرچەکرداری دژیەکی بوون بپارێزن. دیارە کاتێ سیاسەتێکی مۆدێڕن  پڕەنسیبە پۆزەتیڤەکانی ڕەچاو کرد، نۆڕمی بەها پێشکەوتن خوازەکان دەبێتە نەریت بۆ چەسپاندنی ژیانێکی یەکسانی خواز و بەختەوەرانە.

هەموو هەوڵ و تێکۆشانی فەیلەسۆفان‌و شارەزایانی ئەو بوارە پارێزەری ئازادی و مافی کەسیەتیی تاک و کۆیە بۆ ئەوەی باڵانسی دەسەڵات و ئۆتۆریتە ڕایگیرێت و کۆمەڵگایەکی دینامیکی دێموکڕات پەروەری لێ بزاوێتەوە. دەشزانین کە چەمکی دەوڵەت/نەتەوە، لێکەوتە و خوڵقاوی سیاسەتی مودێڕنیتەیە بۆ ئەوەی بەرابەری و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی ببێتە بەها و پشتیوانیی کۆمەڵانی ڕەشۆکی و هەر وەها بەرچاوڕوونیی کەمینەکان وئتنیکە جیاوازەکانی کۆمەڵگا. لەو بارەیەوە ڕۆسۆ و پوپێڕ و مارکس بە بڕشتەوە جەخت لە فەلسەفەی مودێڕنی ڕامیاری دەکەن.

شک لەوەدا نییە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی بە تەماح ‌و تێرنەخواردووی دەسەڵاتە و گەر هەلی بۆ بڕەخسێ زۆرجار لە گەندەڵی و سەرەڕۆیی ناپرینگێتەوە، بە تێفکرینێکی ئاوەزمەندانە لە پۆلێنبەندیی داڕێژەی مێتۆدە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتداریەتیی نەتەوەکان، بۆمان دەردەکەوێ دەوڵەت و دەسەڵات لە دوو بەشی نەنووسراوە پێک هاتوون:

 1.بەشێکی تەرخان کراوو تێڕوانیینە سەبارەت بە خەمخۆریی کۆمەڵگا. یانی دروست کردنی دەسەڵات و میرایەتی بۆ ئەوەیە تاکوو  ئازارەکانی مرۆڤایەتی دامرکێنێ و کۆمەڵانی وڵات بەرەو یەکانگیری و یەک‌ بوون هان بدرێن.

  1. بەشێکی هەرە گرینگی دیکەی بۆ پاراستن و باڵانسی ئۆتۆریتەی دەسەڵاتدارانە تاکوو لە “جۆت قەبزە” کردنی سەدارەتی خۆیان نەڕوانن و بە مڵک و میراتی هەتاهەتایی خۆیانیان نەزانن. دابەش کردنی دەسەڵاتی حوکمی بە سەر چەندنین لایەن و دەزگای جۆراوجۆردا، بۆ ئەوەیە تاکوو حاکم پاوان‌خواز نەبێت و لەوەش گرینگتر فکر و ئایدیای پاوانخوازی و ئەبسلووت بوون نەبێتە دیاردەی ئەندێشەی فەرمانڕەوای حکوومەتی. هەر بۆیە دەبینین بۆ ئەوەی گەل ماف پارێزراو بێت هەڵبژاردن لە قەوارەی دێموکراسی بووندا بنیاد نراوە و ئەگەر هەر لایەنێک زۆرینەی دەنگەکانی دەستەبەر کرد براوەی هەڵبژاردنە و دەسەڵاتدارە، دەی خۆ کۆماری ئیسلامیش ساڵ نییە هەڵبژاردنێک بە ڕێوە نەبات! جەنابی سەدام حوسەین هەر چەند مانگ پێش گلاندن و داڕمانی دەسەڵاتەکەی لە هەڵبژاردنێکی شانۆییدا زیاتر لە نەوەد لە سەدی دەنگەکانی مسۆگەر کرد! ئەی بۆ دێموکڕاسی و بەها مرۆڤایەتییەکان لە وەها دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ و ڕەهادا نابێتە نەریت، لەو بارەیەوە و بۆ ئەوەی زۆرینە نەبێتە دێوجامەی دەسەڵات، ویلیام جێفرسۆن کە دوکتورینی جاڕنامەی سەربەخۆیی ئەمریکای داڕشتوە دەڵێ: نابێ بێڵین زۆرینە ببێتە دەسەڵاتێکی ئەبسلووتیسمی وڵات. چونکە فەرمانڕەوای ڕەهای لێ دەخوڵقێتەوە.هەر بۆیە دەبینین لە ئەمریکادا دوای هەڵبژارنەکانی سەرۆک کۆماری ئەوە دەنگە ئەلکتراڵەکانە هەڵبژاردن یەکلایی دەکاتەوە نەک دەنگی گشتیی کۆمەڵگا. چونکە ئێستا بە داخەوە لە ئێرانی ئیسلامیدا دەبینین دەنگی زۆرینەیەکی موهەندیسی کراو قسەی یەکەم دەکات. لە ڕواڵەتدا هەڵبژاردن کراوە و زۆرینە دەنگەکان بە دەست دێنێ و دەبێتە خاوەن دەسەڵات. بەڵام لە ڕاستی‌دا ڕئالیستی دەوڵەتێکی قەوارە دێموکڕات دەڵێ دەبێ هەمیشە چاوت بە سەر زۆرینەوە بێ نەوەک ببێتە زۆرینەیەکی سەرەڕۆ و ستەمکار. چونکە لە ڕاستی‌دا نابێ زۆرینە بڕیاردەری سەرەکیی حکومەتی زۆرینە بێ، واتا هێژمۆنی زۆرینە نابێ بە سەر دەسەڵات و کۆمەڵگادا زاڵ بێ.

دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران بە گشتی و دەسەڵاتی توتالیتێری هێژمۆنی خۆازی دینی ئێستای ئێران بە درێژایی دەسەڵاتەکانیان “فریو و چەواشەکاری” ڕۆڵ گێڕی سەرەکیی بیرو ئەندێشەی چەوتیان بووە. ئێستاش چوار دەیەیە ڕای زۆرینە و ڕێفورمیستی ڕوکاڵیانە سیاسەتی دەسەڵاتە ڕەها و موتڵەقەکەی بووە. لە حاڵێکدا وەختایەک ڕای زۆرینە پەسندە کە مافی کەمینە پێشێل نەکرابێ. لە ڕابردوو و ئێستادا وەک دەسەڵاتی ڕەشی ئێران بە حوکمی زۆرینەی خۆویست و خۆکرد دەست کراوە  بە پاڵاوتن و پاکتاو کردنی قەوارە سیاسییەکانی ناوخۆ و هاوتەریبی دەسەڵات. لە زۆرێک لە شۆڕشە بەنێوبانگەکانی جیهاندا دیکتاتۆرێک بە خەبات و خۆێنی بەش مەینەتانی وڵات دەگاتە ئاکام و کەناری ئارەزوو، بەڵام بە هۆی چەواشەکاری و ئاڵۆزی و نەبوونی مکانیزمێکی ڕوون و ئاشکرا، ئاڵتێرناتیوێکی خراپترو زاڵمانەتر شوێنی دیکتاتۆری پێشوو دەگرێتەوە. وەک دەڵێن شۆڕش جگەر گۆشەکانی خۆی دەخوات:

  1. لە شۆڕشی فەڕانسە(1789) ڕۆبێسپێربە یارمەتی ژاکۆبێنەکان حیزبێکیان دامەزراند و هەر دوابەدوای ئەو کارە هەموو ئەنجومەن و کۆمۆنەکانی فەڕانسە و پاریسیان قەڵاچۆ کرد. بەڵام هێندەی نەخایاند ڕەوڕەوەی شۆڕش کەوتەوە سەر ڕەهەندی دیاری کراوی خۆی و ئەو ئاکامەی لێ کەوتەوە کە ئێستا دەیبینین، لە خۆڕا نییە وەختایەکی دەڵێن فەڕانسە کانگای دێمۆکڕاسی و ئازادیخوازییە، چونکە بنەمایەکی فەلسەفیی باوڕ پێکراوی ئینسانیی هەبوو.
  2. لە شۆڕشی ئۆکتۆبری ڕووسییە(1917) حیزبی بێلشویک هەموو پارتەکانی دیکەی قەڵاچۆ کرد و سیستمی شۆڕایی لە ناو برد.
  3. لە شۆڕشی گەلانی وەزاڵە هاتووی ئێراندا(1357)حیزبی کۆماری ئیسلامی سەرەتا شۆڕای شارەکانی تێکەوە پێچا و دوایە بە هاوکاریی حیزبی توودە باقی حیزب و پارت و کەسایەتییەکانی دیکەی سەرکوت کرد، هەڵبەتە وەفای بۆ ئەو هەمووە خۆش خزمەتییەی توودەش نەبوو و بە حوکمی حکوومەتی ئیسلامی بوون توودەشی گلاند و زۆربەی سەرکردەکانی ئێعدام و بێ سەروشوێن کرد و دوایە حکوومەتی توتالیتێری ترس و شەڕاژۆیی خوازیی دامەزراند.

لە ئێرانی ئەمڕۆو لە هەموو دەسەڵاتە ئیدۆلۆژیکەکاندا ئەوەی حیسابی بۆ نەکراوە و ناکرێ ویست و داخوازیی گەلە. بە قەولی ڕۆسۆ  یەکێ لە نیشانەکانی دێموکڕاتی بوون ” ئیرادەی گەلە” ، ئیرادەی گەل لەمپەرێکە بۆ دەسەڵاتی ڕەها و سەرەڕۆ. لە وڵاتانی دێموکڕاسی پەروەردا کاریزمابوون زۆرتر جومگەکانی ناو کۆمەڵگا لە خۆ دەگرێ، وەک ئوستوورەکان، ئەدیبان، وەرزشوانان و … . بەڵام لە وڵاتێکی وەک ئێراندا ڕێبەری حکوومەت نەک وەک کاریزمایەک بەڵکو وەک خوداوەندیارێک پێناسە دەکرێ. لە وەها دۆخ و کەشێکدا کە ناتوانرێ ڕەخنە لە ئاکاری ڕێبەر بگیردرێ و هیچ بنیاد و ناوەند و هیچ کام لە تاکەکانی کۆمەڵگا و دەسەڵات ناتوانن بەرهەڵستی وەها کەسێک ببنەوە، ئیدی چاکسازی و رێفورم دەبێ چ مانایەکی هەبێ بێجگە لە درۆ و چەواشەکاری و خۆڵ کردنە چاوی جەماوەر؛ ئیدی ڕەخنە گرتنێکی بەرایی و ڕێفۆرماسیۆنی هەر باسی سەرە. بە داخەوە ئەو کەلێن و بیر تەسکییانە هەمووی دەگەڕێتەوە سەر دیکتاتۆڕ بوونی فکر و ئەندێشە، چونکە لەوەها حاڵەتێکدا هیچ چەمکێکی مەعریفی و نامەعریفی، سنوورێکی دیاری کراویان نییە. هانا ئاڕێنت لە زمان مونتێسکیۆوە دەڵێ ئازادی سیاسی لە توانستدایە نەک لە خواستدا؛ یانی دەبێ بە کردەوە و پڕاکتیکخوازانە هەوڵ و کۆششی بۆ بدرێ. هەر کۆمەڵگایەک ئەگەر دەیهەوێ تووشی حکوومەتی سەرەڕۆ و ڕەهای پێشووی نەبێتەوە دەبێ ئەو ترس و خۆفە ببێتە قەوارەیەکی لۆژیکی، وەک شۆڕشەکەی (1776) ئەمریکا و لە هەموو کەلێنەکانی یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا ئەو خاڵە گرینگە بگونجێندرێ. وەک جان ئادامز دەڵێ: عیلاج و چارەی دیکتاتۆڕ، هاوسەنگی و باڵانسی دەسەڵاتە نەک جیاکردنەوەی سێ دەسەڵاتی حکوومی لە یەکتر وەک یاسادانەر، داد، بەڕێوەبەر. هەر وڵاتێکی ئەگەر بە تەمای مسۆگەر کردنی ئازادیی سیاسییە، دەبێ ئاستی توانستی ئازادی و ئۆتۆریتەی حکوومەت یەکسان و سنووردار بکات، یانی هیچیان نەتوانن ئەوی تریان ژێردەستە و دەستەمۆ کەن، لە عەینی حاڵدا دەبێ سنووری دەسەڵاتی هەردووکیان دیاری کراو و ڕوون بێ. بۆ ئەوەی هەر کەسێک و لایەنێک بێ جیاوازی ئاستی دیاری کراوی دەسەڵاتی خۆی بزانێ، تەنانەت دەبێ چەمکە پیرۆزەکانی کۆمەڵگاش حدوودێکی دیاری کراوی دەسەڵاتیان بۆ دەستنیشان کرابێ، ئەگەر لە یاسای بنەڕەتی – دەسەڵاتداری – وڵاتدا ئەو سنوورە دیاری کرا، ئەوکات ڕەخنە گرتن و ڕێفۆرم لە هەر کەس و لایەنێک یاسایی و ئاسایی دەبێ.

لە دەسەڵاتی توتالیتێری ئێراندا، دوابە دوای کەیسی شەهید شەڕەفکەندی مەزن و هاوڕێیانی، کەلێنێکی گەورە کەوتە نێوان دەسەڵاتی پاوانخوازی ئێران و دنیای ڕۆژئاوا و بە تایبەتی یەکیەتیی ئەوروپا. دوای ڕەئی دادگای ئاڵمان زۆربەی باڵوێزەکانی ئەوروپا ئێرانیان بە جێ هێشت و هەر دوابە دوای ئاکامی ئەو کەیسە، محەمەدی خاتمی وەک نوێنەری ڕێفۆرمیستەکان هاتە سەر کار و ئیدی ڕەوتی بەناو ڕێفۆرمیست و چاکسازی لە ئێراندا باڵی گرت. زۆر کەس و لایەن و تەنانەت ئەوروپا هەڵخڵەتێندران و باڵوێزەکانیان ناردەوە تاران. لەو  وەختەوە هەتاکوو ئێستاشی لەگەڵدابێ  ڕەوتی ڕێفۆرمیست -کە ئێستا وردە وردە بەرەو نوشوستی دەڕوات – هیچ خێرێکی بنەمایی و بنەڕەتیی بۆ گەلانی زوڵم لێ کراوی ئێران نەبوە، بەڵکوو بووەتە هۆی ئەوەی هەموو جارێ ئازادیخواز و ڕووناکبیر، لە قەوارەی ژانڕی هونەری، خۆپیشاندان، زانکۆ و بزاڤە پیشەییەکانی دیکەدا، دەستنیشان کراون و هەر چەند ساڵ جارێک سەرکوت و قەڵاچۆ کراون. لە وڵاتێکدا کە دامەزرێنەرە دەسەڵاتخوازەکەی واتا خومەینی دەڵێ: کۆماری ئیسلامی ، “نە وشەیەک کەمتر نە وشەیەک زیاتر” ، ئیدی هیچ ڕێگایەک بۆ ڕیفۆرم و تەنانەت هیچ ڕێگایەک بۆ ڕێفڕاندۆمیش نییە. بۆ ئەوەی باشتر لە وەها دەسەڵاتێکی نگریس تێبگەین واچاکە بیر و هزر و‌ فەلسەفەی بنەڕەتی ‌و گونجاوی سێ شۆڕشی بە نێوبانگ هەڵسەنگێنین:

  1. شۆڕشی ئەمریکا لە سەر ئەندێشە و تێئۆریی مۆنتێسکیۆ دامەزرا و یاسای بنە ڕەتی وڵاتیان لە سەر ئەساسی هاوسەنگی و باڵانسی ئوتۆریتەی فکریی مۆنتێسکیۆ داڕشت.
  2. شۆڕشی فەڕانسە لە سەر ئەندێشەی بیرمەندی گەورە ژان ژاک ڕۆسۆ دامەزراوە.
  3. حوکمەتی ئیسلامیی ئێرانیش لە سەر ئەساسی فکر و ئەندێشەی عەلی شەریعەتی گەورە تێئۆریسیەنی شیعە بنیاد نراوە. لە لایەکی تریشەوە بۆچوون و تێبینیەکانی سەید قوتبمان نابێ لە بەر چاو نەبێ کە کارتێکەریی بنەڕەتیی لە سەر بیر و بزاڤی ئەنتۆلۆژیکی دەسەڵاتدارانی تاران هەبوە و هەیەتی.

شۆڕشێک کە تێئۆریسیەن و ئایدیاکەی شەریعەتی و سەید قوتب بێ و ئەو چەشنە کەسایەتییانە ببنە ئاوانگاردی شۆڕش و ئەندێشە پۆپۆلیستییەکەی پێت وایە بەرهەمێکی لەوە چاکتری لێ دەکەوێتەوە؟! بێ شک نە چاکسازی و ڕێفۆرم مانای هەیە، نە مافی کەمینە و باقی ئێتنیکەکانی جوغڕافیای ئێران.

بۆ ئەوەی هەر دەسەڵات و شۆڕشێک باش بناسی پێش ئەوەی فەرمانڕەواکانیان بناسی واچاکە سەرەتا تێئۆریسیەنەکانیان هەڵسەنگێنی. چونکە لە کانیاوی ئەندێشەی ئەوان پاراو بوون. دەسەڵاتدارانێکی وەک خومەینی و خامەنەیی کە لە باری ناڕسیست و ناڕسیسم بوونەوە گرەویان لە هیتلێر و ئیستالین و نیرۆنیش بردووەتەوە، وەختایەک ناتوانن چکۆلەترین ڕخنە وەرگرن چۆن ڕازی بە ڕێفۆرم دەبن، هەرچەندە دەبێ ئەو ڕاستییەشمان هەمیشە لە بەر چاو بێت، خامەنەیی ڕێبەر و لیدەری یەکەم و هەمەکارەی ئەم دەسەڵاتە نییە، بەڵکوو لە ڕاستیدا ئەویش مۆرەیەکە وەک باقی مۆرەکانی سپا و کەسانێکی پڕ دەسەڵاتی سپان کە لە پشت پەردەوە قورمیشی دەکەن و وەک کاریزمایەک – با- دەکەنە قولی.

گەلانی چەوساوەی جوغرافیای ئێران بە لەش و بە گیان لە بیستنی ناو و ناتۆرەی ئەو ڕژیمە فاشیست و تیرۆریست پەروەرە بێزارن، نیشانەی ئەو بێزارییەش بە سەدان بەڵگە و هۆگەلی سەلێمێندراو دەتوانین بخەینە ڕوو تەنیا دوو خاڵی بەرچاو دەست نیشان دەکەین:

  1. کۆچی میلیۆنان ئێرانی کە لە هەموو دنیادا “وەک مشتێ دانەوێڵە” پڕش ‌و بڵاو بوونەتەوە، زۆربەشیان بیرمەندان و پسپۆڕانی لێهاتووی بوارە جیاجیاکانی ئابووری و ڕامیاری و پزیشکی و …
  2. ئەگەر لە بارەی پسیکۆلۆژیست و خەسارناسیی کۆمەڵایەتییەوە لە کۆمەڵگای ئێران بڕوانین ئاشکرایە کە کەشێکی ناهومێدی و خەفەتاوی خەمۆکی، وەک دۆڵپا بە سەر شانی تاک تاکی گەلانی ئێرانەوە قورسایی دەکات.
  3. هەمووی ئەوانەو زۆری تریش نیشانەی داهاتوویەکی تاریک و بێ بڕوایی بە وەها دەسەڵاتێکی نگریسە. بە گشتی جەماوەر ڕووخانی هەمە لایەنەی ئەو ڕێژیمەی دەوێ، بەڵام ڕێفۆرمیست تەواوەتی دەسەڵاتی دەوێ و جار جار ڕەنگە لەگەڵ لق و پۆپەکانی کێشە و گرفتی هەبێ، دەنا لەگەڵ مانەوەی وەها ئوتۆریتەیەکدا هیچ کێشە و گرفتێکی نییە، ئەگەریش هەیبێ ڕووکاڵی  و ڕواڵەتییە، ڕەوت و ئیدێئۆلۆژیی ڕێفۆرمیست لە چوارچێوەی یاسا و ئەساسی دەسەڵاتدایە و لەگەڵ ڕەوتی بناژۆخۆاز و فەندەمینتاڵیزمی ڕێژیمدا دژایەتییەکی بنەڕەتییان نییە و هێڵێکی سووری دیاری کراویان هەیە. بە گشتی ڕەوتێکی پۆپۆلیسمە بۆ فریو و چەواشەکاری و هەروەها بۆ دروست کردن و  زەق کردنی سێلبریتی حوکمی و لە ئاکامدا درێژ کردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی تێئۆکڕاتی شیعەی ئێرانە، هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا ئەم ڕەوتە بەو باگراوەندە چەندین ساڵەی ڕابردووی، ئێستا، پاسیڤ و کۆڵە و پشتیوانی لە ڕادیکالیسم/ئاگۆئیسمی ئیسلامی ئێرانی دەکات.