ئارامتر بخوێنەوە!
مێژووی ئاڵای کوردستان و
مێژووی هێمای نەتەوەییی کورد لە دیرۆکی کوردستاندا
هادی عەزیزی
“لە مێژووی هەموو نەتەوەیەکدا یەکێک لەو جومگە سەرەکیانەی کە هەمان نەتەوەی پێ دەناسرێتەوە، ئاڵای نەتەوایەتییە کە ئاڵاش وەک زمان دەتوانێ سنووری جوگرافیایی سیاسیی وڵاتێک دیاری بکات. ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەم شێوەیە پێناسەی ئاڵای کردووە، ئاڵا واتە هێما و ناسنامە و نەتەوە و دەوڵەت و هەرێم و حیزب و گرووپەکان، شانازییەکی بەرجەستەکراویانە. » هەبوونی ئاڵا بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی وەک کورد، گرینگییەکەی لە هەبوونی دەوڵەت کەمتر نییە. ئاڵای کوردستان بە پێی قۆناغەکانی ناسیۆنالیزمی کورد، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە کە هەر جارە کۆتێزی ئەو فەلسەفە و سەردەمە بووە کە کورد تێیدا ژیاوە…”
خوێنەری هێژا، لەم بەستێن و نووسراوەیەدا حەول دراوە کە بە شێوەیەکی تایبەت باس لە مێژووی ئاڵای کوردستان لەقۆناغی رۆشنبیریی نەتەوایەتیی کورد لە لە دوای ساڵەکانی ۱۹۰۰ ی زاینییەوە بکرێت و هەروەها تێكۆشاوین کە هێما و سیمبولە نەتەوەیییەکانی کورد، کە دواتر لە سەردەمی ئاڵای کوردستاندا کەڵکیان لێ وەرگیراوە، بە شێوەی میراتی مێژوویی شی بکەینەوە.
ئەوەی لە سەر خوێنەری بەڕێز پێویستە، ئەوەیە كە لە ناو خوێندنەوەدا، دوو خاڵ لێك جیا بكاتەوە و، ئەویش ئەوەیە كە مێژووی ھێما بە واتای مێژووی ئاڵا نییە، بەڵام ڕەنگدانەوەی خۆرەتاو لە ناو ئاڵای كوردستان بە جۆرێك كەڵك وەرگرتنە لە ھێماكانی ناو مێژووی كوردستان كە ئەمەش سرووشتییە كە نیشاندەری مێژووی یەكێك لە كۆنترین نەتەوە بێ دەوڵەتانی سەر گۆی زەوییە.
پێشەكی
لە مێژووی ھەر نەتەوەیەكدا، یەكێك لەو كۆڵەكە ئەو جومگە سەرەكییانەی كە نەتەوەی پێ دەناسرێتەوە، ئاڵای ھەمان نەتەوەیە كە ئاڵاش وەك زمان، دەتوانێ سنووری جوگرافیای سیاسیی ھەر نەتەوەیەك دیاری بكات.
ڕەنگە بۆ ئێمەی نەتەوەی كورد كە خاوەنی كیانی خۆمان نین، ئەم ڕەوشە لە ھەڵدانی ئاڵاوە بۆ بڕوای نەتەوایەتی بگۆڕدرێ كە ئەمەش لە ناو نەتەوەی كورددا، بە ھۆی سیاسەتی حیزبایەتییەوە، یەكگرتوو نەبووە.
لە پیرۆزیی ئاڵادا، ڕەنگە فەلسەفەی خۆشویستن و ڕێزگرتنی، لە نەتەوەیەكی ئازاد و نەتەوەیەكی بندەستدا وەك یەك نەبن، نەتەوە ئازادەكان لە ھەر شوێنێكی گۆی زەوی بە ئاڵای وڵاتی خۆیان و نەتەوەی خۆیان دەیانناسنەوە، بەڵام نەتەوەی بندەست، دەبێ لە چوارچێوەی ئەو ئاڵایەی كە داگیركەرێك لە وڵاتەكەی ئەو ھەڵیداوە، پێناسەی خۆی بكات و كاتێكیش خۆی لەم جۆرە ناساندنە دەبوێرێ، زیاتر وەك مرۆڤێكی بێ وڵات و بێ ناسنامە دیار دەكەوێ.
خاڵێكی دیكە كە شیاوی ئاماژە پێ كردنە، نەتەوەی ئێمە بە دەست نەبوونی چەند شتێكەوە دەناڵێنێ كە یەكێك لەوانە، سەرەڕای ھەبوونی ھێز و دەرفەت، نەبوونی ژوورێكی ھزری نەتەوایەتییە كە بتوانێ پێناسە و شیكاری ئەو ڕەمزانە بكات و، ئاسۆیەكی ڕوون بۆ نەوەی نوێی كوردستان بەدی بھێنێت، كە ئەوەش بەداخەوە بە ھۆی ململانێی حیزبی و شەخسی نەكراوە و، زۆرینەی پارتە سیاسییەكانی كوردستانیش بە جێی ئەوەی بۆ داھاتووی نەتەوەكەمان بڕوانن، زیاتر حەول دەدەن كە ھەژمونی خۆیان لە شوێنەكانی دیكەی كوردستان بسەپێنن.
لە سەر دەركەوتنی ئاڵای كوردستان ئێمە پێویستمان بە شیكارییەكی قۆناغی ناسیۆنالیستی و نەتەوایەتیی كوردستانە، كە دەتوانین دەركەوتنی ئاڵا بە دوایین قۆناغ ھەژمار بكەین.
ئەگەر باری نەتەوایەتیی كوردستان بە سەر چەند بەشدا دابەش بكەین، دەبێ ئەو قۆناغانەمان لە بەر چاو بێت.
یەكەم؛ سەرھەڵدانی قۆناغی یەكەمی ناسیۆنالیزمی كورد لە ھەڵبەستەكانی یارسان و خانی و بە سەردەمی میرانی كوردستانەوە كە میر بەدرخان لە ھەموویان نەتەوەییتر بووە و ئەو قۆناغە ھەتا سەرھەڵدانی شۆڕشی نەھری واتە ساڵەكانی ١٨٨٠ درێژەی ھەیە.
قۆناغی دووھەم؛ سەردەمێكی ناسیۆنالیزمی كورد كە جڵەوی خەبات لە دەست شێخ و تەریقەتەکانی كوردستاندایە و لە شۆڕشی نەھری ١٨٨٠ ی زایینی دەست پێدەكات و ھەتا شێخ سەعیدی پیران و سەیدڕەزای دەرسیم درێژەی ھەیە.
قۆناغی سێھەم و كۆتایی؛ ئەم ناسیۆنالیزمە لە نێوان ١٩٢٥ تا ١٩٣٠ سەرھەڵدەدا و بۆ یەكەمجار ڕۆشنبیران و نووسەرانی كورد حەول دەدەن نەتەوە بە ئاراستەی حەقیقەتی خۆی بناسرێت و دەكرێت خۆیبوون، بە بەردی ئەو بناغەیە دابنرێت و مژاری ئاڵای كوردستانیش لە سەردەمی خۆیبووندا زیاتر لە ھەموو سەردەمێك زەقتر كراوەتەوە.
ئەم قۆناغە بە حەقیقەت قۆناغی دوای مەشروتەی قاجار و عوسمانییە كە ئەو كات كوردستان دوو پارچە بووە، ئێش و ئازاری كەسانی نەتەوەییی كورد، بە تایبەت ئەوانەی لە ئەستەنبوڵ دەیانخوێند، بوو بە ھۆكاری ئەوەی لە ھەمبەر داگیركەرانی كوردستاندا بیرێكی ئەساسی بكەنەوە كە ئەگەر كوردستانی ئەو كات بە سێ ناوەندی ڕۆشنبیری دابەش بكەین، ھەموویان تا رادەیەك یەك گوتارن.
ناوەندێ ورمێ و ناوەندی سلێمانی و ناوەندی ئەستەنبوڵ، كە وەك سێ ناوەندی ھزر و شۆڕشی ساڵەكانی ١٩٠٠ بەولاوە، گرینگترین ڕۆڵیان ھەبووە، كە دواتر لە لایەن ناوەندی ئەستەنبوڵەوە ئاڵای كوردستان دیاری کرا.
ھێماكانی كورد لە مێژووی كۆنەوە و دەوڵەتشارە كۆنەكانی كوردستان
١.پیرۆزیی خۆر لە لای ھورییەكان
بە پێی لێكۆڵینەوە ئاركیۆلۆژی و شوێنەوارناسییەکان لەم سەدەیەی ڕابردوودا، زمانی ھوری و میتانی و سوباری و گوتی ھەموویان سەرچاوەیەكی ھاوبەشیان ھەیە و دەتوانین بلێین وەكوو شێوەزاركانی ئەوڕۆی زمانی كوردی بوون، بەڵام ھەموویان سەر بە جوگرافیایەك بوون.
ھورییەكان لە نزیكترین شوێنی نزیك لە سومەرییەكان یان بە واتایەك لە باكووری سومەر ژیاون، بەڵام دواتر كە ڕەگەزی سامی وەك ئاشووری و ئەكەدی لە باكووری ئافریقاوە شوێن پێیان بۆ مێزۆپۆتامیا كراوە، لە دوای شەڕ و بەرگریكردن خۆیان بە ناوی فەرمانڕەوای میتانی ڕێكخستووە.
ھورییەكان بە خۆیان گوتووە “خۆروویی” و بە بەری بەیانیان گوتووە خۆری، كە ھەتا ئێستاش لە ڕۆژی ئەمرۆدا لە زمانی كوردیدا بەكاردێت.
ھورییەكان، بە پێی سەرچاوەكانی لێكۆڵینەوە، خۆرپەرست بوون و لە پەیكەری دیتراوەی خواوەندی تەشوب (خواوەندی ئاسمان و با و باران و برووسك) كە لە موزەخانەی حەلەب ھەڵگیراوە، ئەوە بە جوانی دەسەلمێ و لە پەیكەرەكەدا خوای تەشوب، لە سەر پشتی جوانەگایەك ڕاوەستاوە و خۆرێكی باڵداری بە سەر سەرەوەیە.
یەكەم كەس كە بە دوای گەڕان و پشكنیندا ئەوەی سەلماند كە ھوری باپیرانی كوردن، سپایزەر بوو كە توانی تەنانەت پشتیوانیی ناوەندە ئانترۆپۆلۆژییەكانیش بۆ ئەم مەبەستە ڕابكێشێت.
(ebhraim avigdor speiser 1902-1965, mesopotamia orogins, 1930, r: 110, 119)
ھەروەھا بە دەیان و سەدان بەڵگەی دیكە لەو سەردەمەدا ھەن كە پیرۆزیی خۆر لە كوردستانی كۆندا نیشان دەدەن، كە لە مۆری لوولەیی بەجێماو لەو سەردەمەدا وەدیار دەكەون.
بۆ نموونە شێر و ھەتاو لە نەخشی بەجێماوی میتانییەكان كە دواتر لە سیمبولی پیرۆزی ئێزدییەكانیشدا ڕەنگی داوەتەوە، لەم نەخشەدا ھەتاوی باڵدار وەك پیرۆزییەك نەخشێندراوە كە دوو شێر لە خوارەوە پارێزگاریی لێ دەكەن و، لە سەر پشتیان، دوو باڵندە نێشتووەتەوە كە دواتر لە ئایینی ئێزدیدا، باڵندەكان لە شێوەی تاووس خۆیان دەنوێنن.
ئەم پیرۆزییەی ھەتاو ھەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆش لە ناو ئایینی ئێزدیدا ماوەتەوە و تەواوی ئەو قوببانەی كە لە پەرستگای لالشن، كاتێك لە ئاسمانەوە چاویان لێ دەكەی، وەكوو تیرێژی خۆر خۆیان نیشان دەدەن و ئەو پانتاییەی كە لە سەری درووست كراوە، وەكوو چوار گۆشەیەك ئاماژە بە چوار ئاخشیگی خاك و با و ئاو و ئاگر دەكا، كە ئەمەش نیشاندەری ئەویە مرۆڤی كورد بە ھۆی ڕەسەنایەتی لە ناوچەكەدا، تەنانەت لە ئایینە كوردییەكانیشدا لە ھێماكانی ناو سروشتی كوردستان كەڵكی وەرگرتووە.
نموونەیەكی دیكە كە دەتوانین لە پیرۆزیی خۆرەتاوی كوردستاندا وەك نموونە لێی بدوێین، ھێمای ھەتاو و شێرە كە لە شاری عەفرین لە لایەن داگیركەرانی كوردستانەوە تێكدرا، ئەویش نەخشێكی شائوشكە، كچی خوای ئاسمانە، لە نەخشێكدا كە لە سەر پشتی شێرێك ڕاوەستاوە، خۆرەتاوێك لە سەر سەری نەخشێندراوە كە ئەمەش دەرخەری ئەم ڕاستییەیە كە ھورییەكان ئایینەكەیان بە ھەموو ناوچەی كوردستانی كۆندا بڵاو ببۆوە.
شاری نوزی كە شارێك بووە نزیك لە كەركووكی ئەمڕۆ یەكێك لە گرینگترین شارەكانی ئەو سەردەمە بووە.
۲.پیرۆزیی چلیپا swastika لە لای سۆمەرییەكان:
بە پێی ھەموو ئەو سەرچاوانەی كە ئاركیۆلۆژی و زمانناسیی مێژوویی سەلماندوویەتی، سۆمەرییەكان لە پێش سامیێەكان لە مێزۆپۆتامیدا ژیاون و وەكوو ڕەچەڵەكیش زۆرینەی لێكۆلەران ڕەگەزی ئەوانیان بۆ چیاكانی باكووری مێزوپۆتامیا گەڕاندووەتەوە كە دواتر بەرەوە پێدەشتەكانی خوارەوە ڕۆیشتوون.
كاتێك كە ئەوە سەلماوە كە سۆمەری جیاوازن لە سامی و خەڵكی خۆجێیی ناوچەی مێزۆپۆتامیا بوون، چەند خاڵێكی گرینگ دێتە بەر دەستمان كە دەتوانین بە نوێترین لێكۆڵینەوەكانی ژێنۆلۆژی یان جوگرافیای مێژوویی ژێنەكانی مرۆڤەوە گرێیان بدەین، كە لە دوا لێكۆڵینەوەدا كورد وەكوو باپیری ئەو شوانانە ناسراون كە لە باكووری ناوچەی نێئۆلتیك ـدا ژیاون.
ئەوەی لێرە مەبەستمە، ئەوەیە كە ڕەچەڵەكی ڕاستەقینەی سۆمەرییە كە لە چیاكانەوە بەرەو خوارەوە ڕۆیشتوون و ناوە ناوەش، لە چیاكان سەردانی خزم و كەسانی خۆیانیان كردووە.
(braid wood and how, prehistoric investigation in iraqi kurdistan)
(the origin of kurds, ferdinand hennerbichler)
(كورد كێیە؟ سۆران حەمە ڕەش)
تێزی ھێند و ئاریایی، ھادی عەزیزی، ژمارە ٥٢ ی گۆڤاری تیشك)
لە گرینگترین ئەو ئاسەوارانە دەتوانین ئاماژە بە گرێ ناڤۆكێ لە خەرابەرشكی روحا و شانەدەر و ھەزار مێرد و گوندی چەرموو و ھتد بكەین كە مێژووەكانیان لە چەندین ھەزار ساڵ تێپەڕیوە و بە پێی ھەموو لێكۆڵینەوەكانیش ھەتا ڕۆژی ئەمڕۆ تەنیا كورد لەو ناوچانە ژیاون.
ئەم پێشەكییە كە باسمان كرد بۆ ئەوەیە كە دەمانھەوێ باس لە قاپێكی دیتراوەی دەشتی سامڕا بكەین كە بۆ سەردەمی سومەرییەكان دەگەڕێتەوە، سەردەمانێك كە ڕەگەزی سامی ھێشتا ھیچ بوونێكیان لە ڕۆژھەڵاتی ناوین نەبووە.
ئەم قاپە لە ساڵەكانی ١٩١١ -١٩١٤ لە لایەن كەسێك بە ناوی ئێرنێست ھێرزفڵدەوە دۆزراوە(ernest herzfeld).
ئەو سواڵەتە ئێستا لە موزەخانەی بەرلین پارێزراوە. لەم قاپەدا باس لە نەخشەیەكی جوگرافیایی و چەند شتێكی جیاواز كراوە كە دەكرێت ھێماكانی شی بكرێتەوە.
لە قاپەكەدا سەد و بیست خەتی تێدایە كە وەك چوار خەت لە سەر سی خەت دەبیندرێ و ئەوەش بۆ پیرۆز بوونی ژمارە شەش یان شەست لە ناو سۆمەرییەكان دەگەڕێتەوە و ھەشت ماسی لە ناو قاپەكەدان كە چواریان بە دەوری قاپەكەدا دەگەڕێن و چوار دانەشیان بە دندووكی باڵندەی ماسیگرەوە شۆڕ بوونەتەوە بۆ ناو قاپەكە و باڵی باڵندەكانیش وەكوو جووت خەت نیشاندەری دەریان.
لێرەدا كاتێك ئەو قاپە وەكوو نەخشەیەك سەیر بكەین، بە پێی نەخشە و سەرچاوەكان ڕێك ئەو چوار دەریایە دەگرێتەوە كە كوردستان لە ناوەڕاستی ھەڵكەوتووە و بە پێی ھەموو مێژووی كۆنیش وڵاتی كورد ھەتا سەر چوار دەریاكە بووە.
ھێمای چلیپا كە دواتر بە ھۆی نەبوونی پیتی “چ ” و پیتی “پ” بۆ سەلیب گۆڕاوە، لە ناوەڕاستی قاپەكە باس لەو باوەڕە سرووشتییە دەكا كە لە مێزۆپۆتامیا لە كۆنەوە بڕوایان پێی ھەبووە.
نەخشی چلیپا دواتر لە ھەموو شوێنیكی ڕۆژھەڵاتی ناویندا ڕەنگی داوەتەوە و لە ئاڵای پاشاكانی ئورارتوو، ھەتا دەوڵەتی ساسانی و، مێعماریی مزگەوتەكاندا دەبیندرێت، تەنانەت ئاڵمانەكانیش وەكوو ھێما كەڵكیان لێ وەرگرتبوو كە بیانھەوێ ڕەچەڵەكێك بۆ خۆیان بدۆزنەوە.
٣.بەردەنووس و نەخشی نارام سینی ئەكەدی و ئانۆبانینی سەرپێڵی زەھاو
لێرەدا بۆیە ئەم دوو نەخشە پێكەوە باس دەكەین، چونكە ھەر دووكیان بۆ یەك سەردەم دەگەڕێنەوە.
لە نەخشی ئانۆبانینی سەرپێڵی زەھاودا، پاشا بەرەوە ڕووی شاژنی ئینانا ڕاوەستاوە و لێرەدا باس لە سەركەوتنی كوردانی لۆلۆیی كراوە كە مژاری ئێمە لێرەدا شیكردنەوەی شەڕەكە نییە، بەڵكوو دەمانھەوێ باسی ئەو خۆرەتاوەی نێوان سەری پاشا و شاژن بكەین كە پێشەكەی بە ئەستێرەی چوار پەڕ یان چلیپا گیراوە.
لە فەلسەفەی ھەتاوی ئێزدیدا باسی ئەوەمان كرد كە لە پەرستگای لالش قوببەی ھەتاو لە سەر چوار گۆشە درووست كراوە كە هەر گۆشەیەك باس لە ئاخشێگێك دەكات كە بریتین لە ئاو و ئاگر و خاك و با.
لەم نەخشەشدا كە سەیری بكەین پێش ھەتاوەكە بە چلیپا گیراوە.
نەخشی دووھەم كە كاتی خۆی ژان مەرگانی فەڕەنسی دۆزیوییەتە، باسی شكستی لۆلۆییەكانە كە نارام سینی ئەكەدی شكستی داون و، لە نەخشەكەدا، كوردەكان لە بن چیایەك كەوتوون و یەكیان بەرەوە چیاكە و خۆری سەر چیاكە ھاوار دەكا، لەم نەخشەدا نارام سین بەرامبەر بە چیاكە ڕاوەستاوە.
لە سەر چیاكە سێ خۆرەتاوی نەخشێندراوی تێدایە كە بەداخەوە یەكیان بە جوانی ماوە و لە وێش ئەستێرەی چوار پەڕ لە پێش ھەتاو نەخشێندراوە.
لەم نەخشانە لە كوردستاندا زۆرن و لە دەربەندی گاوڕ و پاشایەتیی سمیرۆم لە بناری قەندیلیش ھاوشێوەیان بەدی دەكرێت.
لە كۆتایی ئەم بەشەدا دەتوانین ھەڵوێست لە سەر ئەوە بگرین كە زۆرینەی ئەو ھێمایانەی كە وەك شێر و ھەتاو و چلیپا دواتر لە ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناویندا ڕەنگی داوەتەوە، ھەمووی بۆ مێزۆپۆتامیا و بە تایبەتی كوردستانی كۆن دەگەڕێتەوە، لە ھەندێك جار كە باسی كوردانی ئێزدیم ھێناوەتەوە، ویستوومە وەك نموونەی زیندوو باسی بكەم كە چۆن میراتی ئایینیان لە سرووشتی كوردستان وەرگرتووە.
مێژووی ئاڵای كوردستان
لە مێژووی كورددا چ كاتێك ئاڵا بە فەرمی وەك ئاڵا بە كار ھاتبێت، مێژووكەی لە بەر دەست نییە، بەڵام وەكوو لە بەشی پێشتردا باسمان كرد، وەكوو ھێما لە نەخش و نیگارەكاند كەڵكی لێ وەرگیراوە.
ئەگەر بە پێی مێژوو ئاڵای كاوەی ئاسنگەر وەكوو یەكەمین ئاڵای كورد ھەژمار بكەین، دەبێ زۆر بە وردی ئاگامان لە چەواشەكارییەكانی مێژووی خۆمان بێ كە فارس زۆر سیستماتیك دەیكا و كردوویەتی.
لە ھەڵبەستەكانی فیردەسیی فارسدا، زەحاك كوڕی مەرداسی تازییە، كەوابوو كوڕی مەرداسی عەڕەبە و ھیچ پەیوەندیی بە كورەوە نییە.
ناشكرێ كورد بێت و ڕێز لە ئاڵایەك بگرێ كە دژی پاشایەتیی مێدی/ماد ھەڵكرابێ، كەوابوو نووسینەكانی ئەحمەدی شاملووش دەچێتە چواچێوەی ناڕاستبوونی جاشێتی لە سەر كاوە.
ئەبو حەنیفەی دینەوەری لە كتێبی اخبارالطوال که سۆرانی حەمە ڕەش وەك سەرچاوە باسی دەكا، دوو سەد ساڵ زووتر لە فیردەوسی باسی كاوەی كردووە و شەڕەكە دەگەڕێتەوە بۆ كوردانی لۆلۆیی لە گەڵ نەمرود.
بەھێزترین میری كوردستان كە لە سەدەی ئاڵا نزیك بێت و، حەولی پێكھێنانی كوردستانی سەربەخۆی داوە، میر بەدرخان(١٨٠٢-١٨٦٨) بووە كە ئەو كات كوردانی ناردووە بۆ خوێندن لە دەرەوە، گەمی جەنگی و بازرگانی درووست كردووە، بەڵام وەك بەڵگە بۆ ھەبوونی ئاڵا لەو سەردەمە ھیچمان لە بەردەست نییە.
یەزدانشێری برازای كە ساڵەكانی ١٨٥٣-١٨٥٦ كوردستانی بەدەستەوە بووە، جیا لە كۆپلەیەك گۆرانیی فۆلكلۆری كوردی، كە ئەویش لە دەم جوولەیەكی كوردستانەوە تۆمار كراوە، ھیچ شتێكی لە سەر ھەبوونی ئاڵا لە پاش بە جێ نەماوە.
گۆ ئەو زاخۆیێ ب ڕووت و كەڤوتان
بەیراق بوونە جۆت بە جۆتان
بەرێ خوە دانە جزیرا بۆتان
(prym and socin, kurdische sammlungen, erzälurgan,st, petersburg 1887,r:64)
لە سەردەمی كۆنیشدا پێش حەزرەتی خانی وشەی ئاڵا لە وێژەی كوردیدا بە كار ھاتووە، بەڵام ھیچ بەڵگەیەك لە سەر ھەبوونی ئاڵای كوردان نییە و لە ھەڵبەستەكانی مەلای جزیزی بە چەندین جار تووشی وشەی ئاڵا دەبین كە بۆ ساڵەكانی ١٤٠٠ی زایینی دەگەڕێتەوە.
ئاڵای ئەمڕۆی كوردستان كە كورد تا ڕادەیەك بە گشتی قەبووڵی كردووە، لە سەر ھزری درووستكردن و ئەو كاتەی نەخشێندراوە، بەڵگە زۆرن و بە پێی ھەموو بەڵگەكان مرۆڤ ئەوەی بۆ دەردەكەوێ كە ساڵ١٩١٩-١٩٢٠ ی زایینی درووست كراوە.
كۆمەڵەی تەعالیی كوردستان، لە سەر كاغەزی پێناسەكانیان، زەمینەكەیان وەك ئاڵای كوردستان نەخشاندبوو كە دەڵێن بۆ یەكەمین جار ھزری نووسەری ئەو كاتی كۆمەڵەكە زینەلعابدین بووە.
ماڵمیسانژ و زۆرینەی ئەو نووسەرانەی كە لە سەر دادگاییكردنی ئەندامانی كۆمەڵەی ئیستقلالی كوردستان لێكۆڵینەوەیان كردووە، باسی ئاڵای كوردستانیان كردووە و، بە بەڵگە سەلماوە كە یەكێك لەو خاڵانەی كە كوردەكانی لە سەر دادگایی كراوە، وێنەی ئاڵای كوردستان بووە كە لە سەر پێناسەكانیان نەخشێندرابوو.
(malmîsanij, bitlîsî kemal fevzî, ve kurt orgutleri içindeki yeri, stockholm 1993, r: 127, 129, 148)
زنار سلۆپی، لە كتێبی “دۆزا كوردستان”دا، لە سەر ئاڵای كوردستان ئاوا دەنووسێ: ئەو ئاڵایە كە لە لایەن كۆمەلەیا رێكخستنا جڤاكی(تەشكیلات ئیجتماعی جەمعییەتی) درووست كراوە و بە فەرمی ناسراوە، سێ ڕەنگە كە سەرەوەی سوورە، ناوەڕاستەكەی سپییە و خوارەوەی سەوزە و ناوەڕاستەكەشی بە خۆرێك نەخشێندراوە.
ھەر چەندە بۆ مێژوو و ڕێكەوتە ڕێكەكەی بەڵگە لە بەر دەستدا نییە، بەڵام دەتوانین بڵێین ئاڵاكە بۆ یەكەمجار ١٩١٩ لە لایەن كۆمەلەیا رێكخستنا جڤاكییەوە درووست كرابێ و جارێكی دیكەش لە ١٩٢٠ لە لایەن ھەمان كۆمەڵەوە بە فەرمی ناسرابێتەوە.
(zinar silopî, doza kurdistan, beyrut.1969. R : 60)
ساڵی ١٩٢١ مستەفا پاشا یاموڵكی و ھەندێك كەس لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵە، وەك خەلیل ڕامی بەدرخان و كەماڵ فەوزی و مەولانزادە ڕەفعەت، دەیانھەوێ بچن بۆ سلێمانی، بەڵام ئینگلیز ناھێڵن بڕۆنە سلێمانی و تەنیا مستەفا پاشا چونكە خەڵكی سلێمانی بووە دەرباز دەبێت.
مستەفا پاشا لە حكومەتی خوارووی كوردستان كە لە ١٠/١٠/١٩٢٢ دادەمەزرێت بەشداری دەكا و وەك وەزیری پەروەردە و سەرنووسەری ڕۆژنامەی بانگی كوردستان دەردەكەوێ. مستەفا پاشا سەرەڕای ئەوەی بۆخۆی لە دەستەی دامەزرێنەرانی كۆمەلەیا ڕێكخستنی جڤاكی بوو، بەڵام بۆ گواستنەوەی ئاڵاكەی كۆمەڵە بۆ حكوومەت كاریگەریی نەبووە و بە رەنگی ئاڵاكەی حكومەتی شێخ مەحمووددا ئەوە دەردەكەوێ.
ئاڵاكەی خوارووی كوردستان، زەمینییەكی سەوزی ھەبوو كە ناوەڕاستەكەی مانگێكی سپی تێدابوو كە لە سەر بازنەیەکی سوور نەخشێندرابوو.
ئەو سیاسەتمەدار و ڕوناكبیرە كوردانەی كە لە ساڵەكانی ١٩٠٠ تا ١٩٢٨ لە ئەستەنبوڵ لە ناو یانە و كۆمەڵە و ڕێكخراوە كوردییەكاندا بوون، دوای ئەوەی كوردستان بەسەر چوار بەشدا دابەش كرا، زۆرینەیان لە دوای ١٩٢٥ ڕوویان لە ڕۆژاوای كوردستان كردووە و تا ساڵی ١٩٣٠ ھەر لەو پارچەیە بە یەكجاری جێگیر بوون.
لە ساڵی ١٩٢٧ كە كۆمەڵەی خویبوون بە بەستنی یەكەم كۆنگرەی خۆی لە لوبنان، ھەبوونی خۆی ڕاگەیاند، دواتر كۆمەڵێك كاری باش و ڕێكخراوەییی كرد كە ھەتا ڕۆژی ئەمڕۆش بە تاقانە دەژمێردرێن.
لە ناو نووسین و گۆڤار و وەشانی كۆمەڵەی خۆیبووندا، ئەو ڕاستییە سەلماوە كە ئاڵاكەی ١٩١٩ ی كۆمەلەیا ڕێكخستنا جڤاكی، وەك ئاڵا لە لایان پەسند كراوە و دەنگۆی ئەوە ھەیە كە مەمدووح سەلیم بەگی وانی جارێكی دیكە ئاڵاكەی دیزاین كردووە و تێشكە وردەكانی و بۆ تیشكی درشت گۆڕیوە.
ئێحسان نووری پاشا لە بیرەوەرییەكانیدا دەنووسێ:
ساڵی ١٩٢٦ برۆیێ حرسكی تێللی كە لە جەلالییەكانی چاڵدڕان بوو، لە چیای ئاگری ڕاپەڕینی كردبوو، ئەو پشتی بە چیاكانەوە دابوو.
١٩٢٧ ئێحسان نووری پاشا دەچێتە ئاگری و بەڕێوەبەرایەتیی شۆڕشەكە دەگرێتە دەست و دواتریش فەرماندەرایەتیی سەربازیی ڕاپەڕینەكەش خۆیبوون بۆیان دیاری دەكات. لە ھەمان ساڵدا ئاڵاكەی كۆمەڵەی ڕیكخستنا جڤاكی كە دواتر خۆیبوون بە فەرمیی ناسیبوو، لە لایەن خۆیبوونەوە بۆ ئێحسان نووری پاشای دەنێرن و ئەویش بۆ یەكەمجار لە چیای ئاگری ھەڵیدەدا.
(hêvî, kovara çandîya giştî, parîs, no 2 gulan 1984)
ھەر وەھا لە سەر بەرگی كتێبەكەی سورەیا بەدرخان، كە ئەویش ئەندامی كومیتەی ناوەندیی خۆیبوون بوو، كاتێك لە ئامریكا چاپی دەكا، ئاڵای كوردستانیشی بە ڕەنگی لە سەر چاپ دەكا و لە ژێری دەنووسێ (kurdistan flag)
(suraya badrkhan, the case of kurdistan against turkey, by authority of hoyboon, philadelphia, 1928)
ساڵی ١٩٣٢ كە نەمر میرجەلادەت بەدرخان، ئیمتیازی دەركردن و چاپكردنی گۆڤاری ھاوار لە دەوڵەتی سورییە وەردەگرێت، لە زۆرینەی ژمارەكاندا بە نووسین و ھەڵبەست، باسی ئاڵای كوردستان دەكا و لە سەر بەرگی گۆڤارەكەش بە وێنەی ڕەنگی، ئاڵای كوردستانی چاپ كردووە.
(kovara hawar, 1932, jimare 5, 8, 10 , 11, mîr celadet bedirxan)
ساڵی ١٩٤٦ لە كۆماری كوردستان لە ڕۆژھەڵاتی نیشتمان ئاڵای كوردستان ھەڵكرایەوە و لە ٢٦ی سەرماوەزدا وەك فەرمی بوونی ئاڵاكە ڕاگەیێندرا، (ئەم ڕۆژە لە گەڵ دووی ڕێبەندان جیاوازە و دووی ڕێبەندان ڕاگەیاندانی كۆمارە).
زنار سلۆپی ناسراو بە قەدری جەمیل پاشا، كە حەوت مانگ دوای دامەزراندنی كۆمار سەردانی مھابادی کردووە، لە كتێبەكەیدا دەڵێ: حكومەتی كۆماری كوردستان، ئاڵاكەی كە ١٩١٩ لە لایەن كۆمەلەیا ڕێكخستنا جڤاكییەوە پەسەند كراوە، بە فەرمی ناسیوە و تەنیا لە تەنیشتی خۆرەكە دوو گوڵە گەنم و پێنووسێكیان پێ زیاد كردووە و لە سەروەش بە خڕی لێیان نووسیوە: دەوڵەتی جمھووریی كوردستان.
بە بڕوای منی نووسەری ئەم وتارە، قەدری بەگ دەبێ لۆگۆی حكوومەت و ئاڵای لێ تێكچووبێ، چونكە ئەوە لە لۆگۆی كاغەزی ڕەسمیی حكومەتدا لێی نووسراوە دەولەتی جمھووری كوردستان، دەنا لە ئاڵاكە نەنووسراوە.
(zinar silopî, doza kurdistan, 1969, beyrut, r: 200, 203, 204)
بۆ جیاوازیی لۆگۆی كۆماری كوردستان، دەبێ گریمانەی ئەوە بكەین كە بە ھۆی ئەوەی فیرقەی دێموكراتی ئازەربایجان و كۆماری كوردستان ھەر دووكیان پشتیان بە سۆڤییەت بەستبوو و لە سەردەمی ئەو كاتیشدا سۆڤیێەت وەك فریادڕەسی نەتەوە بندەستەكان چاو لێدەكرا، ھەر بۆیە وێكچوونێك لە نێوان لۆگۆی ئاڵای كۆمار و لۆگۆی ئاڵای ئازەربایجان و لۆگۆی ئەو كاتی سۆڤییەت ھەیە كە گوڵە گەنمەكان و ڕووبانە سوورەكەی دەوری گەنمەكان ھاوبەشی كردوون، بەڵام ھەتاوی ئاڵای كۆماری كوردستان لە فەلسەفەی ھەتاوی ئەوان جیاوازە و پێشتریش لە گۆڤاری نیشتمانی ژ.ك دا ھاوشێوەی چاپ كراوە. ئەم وێكچوونەش نابێ بە شتێكی خراپ لێك بدەینەوە، ئەو كات سۆڤییەت ڕێزێكی زۆری لەو ناوچەیەی سەرووی كوردستان ھەبوو و بە دەیان جار لە ڕۆژنامەی كوردستاندا باسی كراوە.
لە سەر ئاڵای كۆماری كوردستان ویلیام ئیگڵتن دەڵێ:
لە گوڵانی ١٩٤٢ ی زایینیدا، ئەندامانی كۆمەڵەی ژ.ك بە ھاوكاریی ئەندامانی حیزبی ھیوا كە دیارە مەبەستی سەردانی میرحاج ئاكرەییە بۆ لای زەبیحی، ئاڵایەكیان درووست كردبوو كە ڕەنگەكانی بە پێچەوانەی ئاڵای ئێران بوو، لە سەرەوە سوور، ناوەڕاست سپی، خوارەوەی سەوز.
ناوەڕاستەكەی خۆرێكی تێدابوو كە بە دەوریەوە دوو گوڵە گەنم ھەبوو، لە ناوەوەش خۆرێك و چیایەك و قەڵەمێكی تێدابوو.
ئەو قسانەی ئیگلتن مرۆڤ دەباتە سەر تێفكرین لەوەیكە یانی لە سەردەمی ژ.ك دا ئاڵای كۆماری كوردستان درووست كراوە؟!؟!
(william eagleton jr, the kurdish republic 1946, oxford university press, 1963 london)
لە ساڵی ١٩٤٨ تا ١٩٥٠ لە ژێر چاودێریی دكتۆر كامەران بەدرخان لە فەڕانسە گۆڤارێكی فەڕەنسی دەردەچوو كە ناوە ناوەش بە ئینگلیزی تێیدا دەنووسرا. گۆڤارەكە لە سەر كورد دەنووسرا و چەند جارێك ئاڵای كوردستانی وەك سەردەمی خۆیبوون تێدا چاپ كراوە.
(bullet du centre d’etudes,1948)
پارلمانی باشووری كوردستان لە ١١/١١/١٩٩٩ بە پێی بڕیاری ژمارە ٢٦ كە لە یاسای ژمارە ١٤ ی ساڵی ١٩٩١ سەرچاوەی گرتووە، ئاڵای خۆیبوونی بە فەرمی ناساندەوە و تیشكەكانیان دەسكاری كرد و بۆ بیست و یەك تیشك بە فەلسەفەی ٢١ ی ئادار كە دەكاتە نەورۆز و یەكی بەھار گۆڕدرا.


