ئارامتر بخوێنەوە!

لە ئازایەتییەوە تا ئازادی

(خوێندنەوەیەکی خەسارناسانەی بەستێنی خەباتی مەدەنی لە ئێران)

ئاگری ئیسماعیلنژاد


“لەم وتارەدا باس لە خەباتی مەدەنی لە ئاستی ئێران و خۆڕاگریی مەدەنی لە ئاستی کوردستاندا دەکرێت و باقیی چەمەکانی تر ناهێنینە بەرباس. بنەمای ئهم لێکدانەوەیە لەسەر ئەوە دامەزراوە کە پەیوەندیی نێوان کوردستان و ئێران پەیوەندیی دەسەڵاتی داگیرکەر و وڵاتی داگیرکراوە و، هاوکات لەگەڵ ئەوە بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتداریی تاران ڕاستەوخۆ کارتێکەریی لەسەر پەیوەندیی داگیرکەریی کوردستان هەیە، کۆسپەکانی پێشدەم خەباتی مەدەنی لە ئاستی ئێران و ئەو دەرفەتانەی کە وەک دەرفەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سەرەڕۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا پێناسە دەکرێت، هەمووی بە بەشێک لە کۆسپی پێش خۆڕاگریی مەدەنیی کوردستان دادەندرێت.”


خەباتی مەدەنی ساڵانێکە لە کۆمەڵگای کوردستاندا، وەک شێوازێکی خەبات باسی دەکرێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەتا ئێستا بزووتنەوەی کوردستان به‌ شێوازێكی جیددی ئه‌م بواره‌ گرێنگه‌ی خه‌باتی تاوتوێ نەکردووە و سنوور و کەوشەنه‌كانی دیاری نەکردووە و لەسەر کەندوکۆسپه‌كانی سه‌ر ڕێگای نەدواوە.

پێناسه‌نەکردنی وردی ئەوەی كه‌ خەباتی مەدەنی چییە؟ بۆ دەبێ بکرێت و چۆن دەبێ بکرێت؟ وای کردووە کە زۆربەی جاران لە ڕای گشتیی کوردستاندا کۆمەڵگای مەدەنی، خەباتی پارلەمانی و خەباتی مەدەنی، یان نافەرمانیی مەدەنی پێکەوە تێکەڵ دەکرێت و بەهەڵە لەباتی یەک بەکار دەهێنرێن.

بۆ ئەوەی بۆمان ڕوون بێتەوە کە ئێمە لەو وتارەدا باسی چی دەکەین، پێشه‌كی لێرەدا هەرسێ چەمکەکەكانی، خه‌باتی مه‌ده‌نی، خه‌باتی پارله‌مانی و نا‌فه‌رمانیی مه‌ده‌نی به‌جودا پێناسە دەکەین.

١ـــ کۆمەڵگای مەدەنی: ئه‌م چه‌مكه، چه‌مكێكی ئاڵۆزه‌ و، له‌ درێژاییی زەماندا بیاڤه‌كان و واتاكانی تووشی گەلێک گۆڕانكاری هاتووه،‌ به‌ڵام ده‌كرێ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی و گشتی، وه‌ك پانتای ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ و بازاڕ و حكوومه‌ت پێناسه‌ بكرێت. بیاڤه‌كانی چالاكی و چالاكانی ئه‌م پانتاییه‌ بریتین لە: کەسی چالاک، ڕێکخراوە و گرووپگەلی جیاواز، کە بە شێوەی دڵخواز و خۆبەخش لەپێناو ئامانجێکی ڕوون بۆ کورتکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، سەرخستنی کلتووری پەراوێزخراو، دابینکردنی مافی یەکسانی، پاراستنی ئێتنیک و پێناسەی پەراوێزخراوەکان، ڕوونبوونەوەی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لە کۆمەڵگایەکدا چالاکی دەکەن.

له‌ وڵات و كۆمه‌ڵگا دیمۆكراتیك و لیبراڵه‌كاندا، کۆمەڵگای مەدەنی بە شێوەی قانوونی بواری گه‌شه‌ و خه‌مڵاندنی بۆ ده‌ڕه‌خسێندرێت و كاریگه‌ریی به‌رچاوی له‌ کۆمەڵگادا هەیە و دەسەڵات بە چاوی تەناهی سەیری ناکات و لەگەڵی هەڵدەکات.[i] (سازمان ملل، ٢٠١٤، ١).[ii]

٢ــ خەباتی پارلەمانی: شێوازێک لە خەباتە کە لە چوارچێوەی پارلەمان و دەسەڵاتی قانووندانەردا دەکرێت؛ ئەو شێوازە خەباتە، لە هەڵبژاردنەوە هەتا دانانی قانوون لەخۆ دەگرێت.

٣ـــ خەباتی مەدەنی: بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێکاری ناتوندوتیژ، کە لەو ڕێکارانەدا ئامانج ئەوەیە، پەکی کار و چالاکی و گەیشتن بە ئامانجی دەسەڵاتی سەرەڕۆ بخرێت، بۆ ئەو مەبەستەی کە ئەو دەسەڵاتە لەکار بکەوێت و هەڵوەشێتەوە؛ تا دەسەڵاتێکی دادپەروەر، دیمۆکراتیک و یەکسانتەوەر لە شوێنەکەی دامەزرێت. ئەو شێوازە لە خەبات وەک نافەرمانیی مەدەنیش پێناسە دەکرێت.

لەم وتارەدا باس لە خەباتی مەدەنی لە ئاستی ئێران و خۆڕاگریی مەدەنی لە ئاستی کوردستاندا دەکرێت و باقیی چەمەکانی‌ تر ناهێنینە بەرباس. بنەمای ئه‌م لێکدانەوەیە لەسەر ئەوە دامەزراوە کە پەیوەندیی نێوان کوردستان و ئێران پەیوەندیی دەسەڵاتی داگیرکەر و وڵاتی داگیرکراوە و، هاوکات لەگەڵ ئەوە بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتداریی تاران ڕاستەوخۆ کارتێکەریی لەسەر پەیوەندیی داگیرکەریی کوردستان هەیە، کۆسپەکانی پێشدەم خەباتی مەدەنی لە ئاستی ئێران و ئەو دەرفەتانەی کە وەک دەرفەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سەرەڕۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا پێناسە دەکرێت، هەمووی بە بەشێک لە کۆسپی پێش خۆڕاگریی مەدەنیی کوردستان دادەندرێت.

لێرە مەبەست ئەوە نییە کە خەباتی مەدەنی لە تاران حەتمه‌ن بە قازانجی کوردە، بەڵام ئەگەر خەباتی مەدەنیی تاران بتوانێت دەسەڵاتی سەرەڕۆ لاواز بکات، ئەو لاوازبوونە بەقازانجی کوردە. لە کۆمەڵگای تۆتالیتاریزمی ئیسلامیدا، ئیمکانی ئەوەی خەباتی مەدەنی بتوانێ سەرکەوێت، نزیک لە سفرە، بەڵام به‌و حاڵه‌ش، ناکرێ ئەو شێوەیەی خەبات بە تەواوی پەراوێز بخرێت و كه‌ڵكی لێ وه‌رنه‌گیرێ. بەتایبەت لە ئاستی کوردستاندا کە پێناسەی کورد و مافی فەرهەنگی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی کورد پێشێل و زەوت دەکرێت. لێرەدا هەوڵ دەدم سەرەتا تیشک بخەمە سەر ئەوەی کە بەربەستەکانی پێش خەباتی مەدەنی لە کۆمەڵگای تۆتالیتاریزمی ئیسلامیدا كامانه‌ن، هاوکات لەگەڵ ئەوە ئاوڕێک لە خۆڕاگریی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا ده‌دەمەوە و لاوازی و قەیرانە نێوخۆییەکانی دەستنیشان ده‌کەم.

زاراوە گرینگەکان: خەباتی مەدەنی، خۆڕاگریی مەدەنی، کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات، ئازادی، مافی نەتەوەیی، کوردستان، ڕۆژهەڵات



دەستپێک

بەشی یەکەم

قەیرانە ئیسلامییەکانی پێشدەم خەباتی مەدەنی لە ئاستی ئێراندا

کۆماری ئیسلامی، ڕێژیمێکی تۆتالیتەرە، ئەگەر بمانەوێت لە زمانی کوردیدا هاوواتایەک بۆ وشەی تۆتالیتەر دابنێن، دەکرێ وشەی “پاوانخواز” بەکار بێنین. ئەو ڕێژیمە کە خۆی لە چوارچێوەی “ویلایەتی ڕەهای فەقیهدا” دەبینێتەوە، ڕێژیمێکی سەرەڕۆیە و ڕوانینی بۆ چەمکی دەسەڵات، ڕوانینێکی ئیسلامییە، کە بەپێی ئەو ڕوانیینە دەسەڵات لە ڕاستیدا هی خودایە، (قانوون اساسی، ماده ٢)[iii] خودا ئەو دەسەڵاتەی ڕادەستی ئیمامی زەمان کردووە و، ئەویش ڕادەستی جێگرەوەی خۆی لە سەردەمی بەرپێواربوونی (غەیببوونی)دا کردووە.( قانوون اساسی، ماده ٥)[iv] جێگرەوەی ئیمامی زەمان لە سەردەمی بەرپێواربوونیدا، وەلیی ڕەهای فەقیهە، کە کەسێکە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و ئەو کەسە لە ڕاستیدا وەلیی خەڵکی ژێر دەسەڵاتی خۆیەتی. ( قانوون اساسی_ماده٥٧)[v] بەو پێیە لێرەدا سەرچاوی دەسەڵات بۆ خودا دەگەڕێتەوە، نەک بۆ خەڵک، هاوکات لەگەڵ ئەوەش خەڵک وەک بوونەوەرێک، کە ناتوانن چاکە و خراپەی خۆیان لێک بکەنەوە و پێویستان بە وەلی هەیە، لەقەڵەم دەدرێن. کەوایە دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتدارییەکی تۆتالیتەری ئیسلامییە، لە دەسەڵاتداریەتیی تۆتالیتەری ئیسلامیدا، ئەو بەربەستە ئیسلامییانە هەن و ناكرێ حاشا له‌ بوونیان بكرێت، به‌ڵام بۆ ئەوەی خەباتی مەدەنی بتوانێ سەر کەوێت، دەبێ:

یەکەم: ئیسلام وەک ئایینی زۆرینەی کۆمەڵگا

هەرچەند دەیان خوێندنەوەی جیاواز لە بەستێنی شەریعەتی ئیسلامدا هەیە، بەڵام ئەو بزووتنەوەیەی کە پێی دەگوترێ “ڕابوونی ئیسلامی” و سەرچاوەكه‌ی دەگەڕێتەوە بۆ نێوەڕاستی سەدەی ١٩، لە ڕاستیدا شێوەیەکی خوێندنەوەی لەنێو کۆمەڵگای موسڵماناندا باو کرد، کە بەپێی ئەو خوێندنەوەیە، دەسەڵاتی سیاسی هی خودایە و ئەرکی سەرەکیی حکوومەتیش ئەوەیە خەڵکی ژێردەسەڵاتی بەرێتە بەهەشت و، ئێستا چ لە دەسەڵاتی سیاسیی سوننەمەزهەب و چ لە دەسەڵاتی سیاسیی شیعەمەزهەبدا، بەگشتی دوو چەمکی گرینگ هەن، کە بریتین لە:

 ئا: دەسەڵاتی سیاسی تەنیا هی خودایە، کە بەفەرمی لە دەستووری کۆماری ئیسلامیدا هاتووە.

 ب: دەسەڵاتی سیاسی ئەرکیەتی خەڵک بەرێتە بەهەشت.

لێرەدا ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە ئەو باسانە لەپشت دینی ئیسلام، وەک ئایینی زۆرینەی کۆمەڵگادا دەکرێت، لایه‌نگری لەو، بە لایه‌نگری لە “ئیسلامی نابی محەمەدی” و دژایەتی لەگەڵ ئەو، بە دژایەتی لەگەڵ خودا دادەندرێ و کەسی دژبەر تاوانی “بەغی”ی دەدرێتە پاڵ. [vi]( اسماعیل رحیمی‌نژاد، محدثه صفرخانی، ١٣٩٣، ٢).

 بە هاتنە گۆڕێی دینی ئیسلام وەک پشتیوانی دەسەڵاتی سیاسی لە کۆماری ئیسلامیدا، دەتوانین لانی کەم شەش قەیران لە پێش خەباتی مەدەنی لە کۆمەڵگای ئێراندا، کە لە زۆرینەی خەڵکی موسڵمان پێک هاتووە و پشتیوانی دەسەڵاتی سیاسیش، ئایینی ئیسلامە، دەستنیشان بکەین:

یەک: ئیسلام وەک ئایینی زۆرینەی خەڵکی ئێران:

ئایینی ئیسلام، ئایینی زۆرینەی خەڵکە و ئەو ئایینە دەتوانێ ڕێگاخۆشکەر بێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەنێو چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا پێگەی هەبێت، واتا لە دەرەوەی ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی پاوانخوازە، یان نا، بۆ خەباتی مەدەنی گرینگە کە کۆمەڵگای ژێر دەسەڵاتی ئەو دەسەڵاتە، پاوانخوازیی دەسەڵاتیان قبووڵ بێت، یان ئەوەی بڕیار بدەن، لە دژی ڕاوەستن.

لێرەدا کە ئایینی ئیسلام دێتە گۆڕێ، خەڵکانێکی زۆر لەبەر ڕێزێک کە بۆ ئەو ئایینەیان هەیە، یان لەبەر ئەوەی باوەڕیان بە شێواز و ڕوانینی ئایینەکە بەرانبەر بە دەسەڵات هەیە، ئامادە نین، لەگەڵ دەسەڵاتێکی سیاسی بەرەوڕوو ببنەوە کە پشتیوانی ئایینی ئیسلامە! کەوایە بەشێکی به‌رچاو لە کۆمەڵگا هەمیشە ئەگەر پشتیوانی دەسەڵاتی پاوانخوازی ئیسلامیش نەبێت، ئەوە لە بەرانبەریدا بێدەنگە و ئامادە نییە هیچ چالاکییەک لە دژی بکات.

دوو: باوەڕ بە ئیمام مەهدی

زۆرینەی کۆمەڵگای ئێران باوەڕمەندن بە شیعەی ١٢ ئیمامی و، باوەڕمەندان بە شیعەی ١٢ ئیمامی ڕوانینیان بۆ مێژوو ئەوەیە کە لە کۆتاییی دنیادا پیاوچاکێک لە تۆرەمەی پێغەمبەری ئیسلام دێت و، هەموو ناحەزی، هەڵاواردن و خراپەکان لەنێو دەبات و، دنیا یەک دەخات و هەمووی دەکاتە جوانی، تەبایی و یەکسانی؛ لە ڕوانگەیەکی وادا تاکی موسڵمان تەنیا ئەرکی ئەوەیە کە چاوەڕێی سەرۆکەکەی بێت و، پاش هاتنی ئەو، دەست بکات بە ئەوەی دنیا بگۆڕێ![vii] کەوایە ئەگەر کەس، یان کەسانێکی شیعەمەزهەبیش هەبن کە باوەڕی ئایینیان بە کۆماری ئیسلامی نەبێت، ئەگەری کەمە ئەو کەسانە لەدژی ئەو ڕێژیمە ڕاپەڕن، چونکە ئەوان لە باوەڕی خۆیاندا پێیان وایە ئیمامی زەمان دێت و ئەگەر ئەویش هات هەموو پێکەوە بە سەرکردایەتیی ئەو ڕادەپەڕن.

سێ: دامەزراوەی ئایینیی شیعە

سێیەمین قەیرانی بەردەم خەباتی مەدەنی لە کۆمەڵگای موسڵمانی شیعەمەزهەبدا، دامەزراوە ئایینییەکانە! لە کۆمەڵگای ئێران لە ٥٠٠ ساڵی ڕابردوودا دامەزراوەی مەرجەعی تەقلید، مەدرەسەی ئایینی و مزگەوت هەن. ئەو دامەزراوانە لە ڕاستیدا بەپێی ڕێنوێنییەکانی ئایین، کۆمەڵگای ئێران ڕێک دەخەن، هەرچەند ئەوانە دامەزراوەی پێشمۆدێرنن، بەڵام ئێستاش پێگەی گرینگیان هەیە و قسەیان لە کۆمەڵگادا ڕەوایە.

سەرەڕای ئەوەش، مەرجەعی تەقلید لە ڕاستیدا دەسەڵاتێکی نیسێیە، کە سەرچاوەی داهاتی خۆی هەیە و موقەلیدی ژێردەسەڵاتی خۆی بەڕێوە دەبات. ئەو ڕێکخراوە پێشمۆدێرنانە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە پاراستنی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە و، هەر لە ڕەواییدان بە ئەو ڕێژیمە لەنێو خەڵکدا هەتا پاساوهێنانەوە بۆ تاوانەکانی، بەردەوام پشتیوان و پارێزەری ڕێژیم بوون؛ ڕوونە ئەو ڕێکخراوانە لەبەردەم خەباتی مەدەنیی ئێراندا کۆسپن، چونکە:

 ئا: ئەوان گوتاری خۆیان هەیە و گوتارەکەیان بەرانبەر بە بابەتەکانی کۆمەڵگا لە ئایینەوە سەرچاوە دەگرێ، نەک لە سکۆلاریزم.

ب: دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە كە ڕێگر بن لەوەی خەڵک بە خەباتی مەدەنییەوە پەیوەست بن، چونکە لە پرسی خەباتی مەدەنیدا ڕێژەی بەشداربوو زۆری کارتێکەری لەسەر ئاراستەی خەباتەکە هەیە و، ئەگەر ڕێژەی بەشداربووان کەم بێت، خەباتەکە بە ئامانج ناگات.

چوار: بۆنە ئایینییەکان

بۆنە ئایینییەکان لە ئێراندا چوارەمین کۆسپی بەردەم خەباتی مەدەنین، بۆنه ئایینییەکان بەگشتی و دوو بۆنەی ماتەمینی شەهیدبوونی “ئیمام حسێن کوڕی عەلی” و جێژنی لەدایکبوونی “ئیمام مێهدی” بەتایبەتی، بەردەوام وەک واکسەنێکی بیرهێنانەوە لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ ڕەواییی خۆی و قایمکردنی پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی بەکار دەهێندرێن.

 زۆربوونی ڕێژەی بۆنە ئایینییەکان وای کردووە کە تاکی موسڵمانی باوەڕمەندی شیعە لە لایەن دەزگای پڕۆپاگاندای ڕێژیمەوە بەردەوام بۆمبارانی زانیاری بکرێت و، دەرفەتی ئەوەی نەبێت کە هەڵسوکەوتی ڕێژیم لەگەڵ باوەڕە ئایینییەکانی خۆی هەڵسەنگێنێ و، بەردەوام لەسەر دووڕێیانێک بێت و نەتوانێ بە ڕوونی دیاریی بکات کە ئایا دەسەڵاتی سیاسی، دەسەڵاتێکی ئیسلامییە، یان دەسەڵاتێکی سەرەڕۆیە و، بە ناوی ئیسلامەوە کارەکانی خۆی دەباتە پێشێ.

پێنج: هێزی سەرکوتکەری باوەڕمەند بە ئایین

گرینگترین کۆڵەکەی مانەوەی ڕێژیم لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، بوونی هێزی سەرکوتکەری باوەڕمەند بە ئایینە. ئەو هێزە تایبەتمەندیی دەروونیی خۆی هەیە، ئەوان سەرکوت و کوشتوبڕی خەڵک بە تاعەت و خزمەتی خودا دەزانن و ئەگەر خۆیشیان لەو ڕێگایەدا تێدا بچن، ئەوە خۆ بە “شەهید” دەزانن و پێیان وایە کە بێ پرسوجۆ دەچنە بەهەشتەوە. ئەو ڕوانینە وای کردووە زۆر جار کەسانی تۆبەکار (کەسانێک کە پێشتر بەپێی ڕوانگەی ئیسلام تاوانبار بوون و ئێستا گەڕاونەوە) بچنە نێو ڕیزەکانی هێزی سەرکوتی ڕێژیم. تۆبەکارەکان لە ڕاستیدا لایان وایە کە بە سەرکوتی دژبەران، تاوانەکانی خۆیان دەشۆنەوە و خۆیان لە گوناه پاک دەکەنەوە. هێزی سەرکوتکەری باوەڕمەند بە ئایین زۆر بەئاسانی دەتوانێ توندوتیژی بکات، چونکە نەک تەنیا ترسێکی لە لێپرسینەوەی قانوونی نییە، بەڵکوو لە دەروونیشیدا بەربەستێکی بۆ توندوتیژی نییە، چونکە توندوتیژی بە ڕێگایەک بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خودا و ڕزگاربوون و ڕووسووربوون لە هەردوو دنیادا دەزانێت.

 بۆیەش ئەگەر سەیر بکەن، نە شێوازی شەڕی ئێرانییەکان لە شەڕی ئێران و عێراقدا و نە شێوازی شەڕی داعش و ئەلقاعیده بە هیچ مەنتقێکی شەڕ لێک نادرێتەوە و دەبینن کە فەرماندەی سپای پاسدارانی سەردەمی شەڕ بە ئۆپەراسیۆنی کەربەلای چوار دەڵێ، دەستگەرمییەک بوو کردمان![viii] ئەو قسەیە لە کاتێدا دەکرێت کە لە شەڕی کەربەلای چواردا زیاتر لە ٣٠٠٠ کەس کوژران.

شەش: چەمکی گوناه لە ئایینی ئیسلامدا

لە ئیسلامدا هەرشتێ کە پێچەوانەی ڕێنوێنییەکانی ئەو ئایینە بێت بە گوناه دادەندرێت و ئایینی ئیسلام چەمکی گوناه ئاوا پێناسە دەکات: هەر کردەوەیەک کە پێچەوانەی ڕێنوێنییەکانی خودا بێت و، ئەو کردەوەیە بەپێی ئیرادەی بکەر بووبێت، دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی موسڵمان لە خودا دوور کەوێتەوە.[ix] ئەوەی لێرەدا گرینگە ئەوەیە کە دەسەڵاتداری ئیسلامی، خەباتی مەدەنی وەک گوناه پێناسە دەکات. پێناسەکردنی خەباتی مەدەنی وەک گوناه، دەرفەتی ئەوە بۆ دەسەڵاتداری ئیسلامی دەخوڵقێنێ، کە بەپێی پێویستی خۆی توندوتیژی بەرانبەر بە خەباتی مەدەنی بکات.

 لە فەلسەفەی خەباتی مەدەنییدا، خەباتکار بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرانبەر بە خۆی کەم بکاتەوە دەست دەداتە ئەو شێوازەی خەبات، بەڵام کاتێ خەباتی مەدەنی وەک گوناه لە دەسەڵاتێکی ئیسلامیدا پێناسە دەکرێت، ڕێژیم لە دەرەوەی ئەوەی خەباتکار لە چ ئاستێکدا توندوتیژیی کردووە، ئەو، ڕێژەی توندوتیژیی خۆی بەپێی چەمکی گوناه لە دینی ئیسلامدا دەستنیشان دەکات؛ بۆیەش لە پرسی کچانی شەقامی شۆڕش لە تاران، ڕێژیم بۆ کەسانێک کە لەچکەیان لەسەر لابرد حوکمی قورسی زیندانی بڕییەوە، چونکە پێداگری لەسەر سەرڕووتکردن لە چەمکی گوناهی ئیسلامیدا، دەبێتە گوناهی کەبیرە.[x] ئەوەش ڕێگا بە ڕێژیم دەدات کە زۆر توندوتیژی لە دژی بکات.

کەوایە لە دەرەوەی ئەوەی خەباتکاری بواری خەباتی مەدەنی چ ڕێژەیەک لە توندوتیژی بەکار دێنێ، حکوومەتی ئیسلامی خۆی بەپێی چەمکی گوناه ڕێژەی توندوتیژیی خۆی بەرانبەر بەوان دیاری دەکات، بۆیەش لە خەباتی مەدەنی لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا ناتوانین بڵێین کە بە کەمکردنەوەی ئاستی توندوتیژیی خەباتکار، دەکرێ حکوومەتیش ڕێژەیەکی کەمتری توندوتیژی بەکار بێنێت.

بەشی دووەم

به‌ربه‌سته‌كانی تری بەردەم خەباتی مەدەنی لە ئاستی ئێراندا

ئەگەر بەوردی کۆمەڵگای ئێران بخوێنییەوە، تەنیا قەیرانی ئیسلامی نییە کە دەتوانێ پێش بە خەباتی مەدەنی لە ئێراندا بگرێت، بەڵکوو هێندێ قەیرانی ‌تریش هەن، کە ڕەگی ئیسلامییان نییە، بەڵام بەربەستن بۆ سەرهەڵدان، یان پەرەسەندنی خەباتی مەدەنی لە ئاستی ئێراندا.

یەکەم: ئۆلیگارشیی ئێرانی

جوغرافیای ئێران، پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی دێهاتی_عەشایری بووە و لە ماوەی چەندسەد ساڵی ڕابردوودا، ئێمە دیاردەی دەسەڵاتداری عەشیرەتمان هەبووە، واتا چەند عەشیرەت یەکیان گرتووە و بە سەرکوتی عەشیرەتەکانی‌ تر دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە، هاوکات لەگەڵ ئەوە ڕێژیمی دەرەبەگایەتی لە هەموو جوغرافیای ئێراندا حاکم بووە و لە ڕێژیمی دەرەبەگایەتیدا کۆمەڵگا لە دەربەگ (خاوەنمڵک) و ڕەشایی (ڕەعیەت، یان کەسی بێمڵک) پێک هاتووە و جاری وا بووە کە کەسێکی دەرەبەگ چەندین گوندی پێکەوە هەبووە و ئەو ناوچەیەی بەپێی دڵخوازی خۆی ئیدارە کردووە، تێکهەڵکێشی نێوان ڕێژیمی دەرەبەگایەتی و دەسەڵاتداری عەشایری، چنێکی لە ئاستی ئێراندا پێک هێناوە، کە چینی ئۆلیگارشیی ئێرانییە، ئەو چینەی کۆمەڵگای فارس، پاش دامەزرانی دەوڵەتی مۆدێرن بوون بە بەشێک لە دەسەڵاتداری ئێرانی و دامەزرێنەری ناسیۆنالیزمی فارسی_ حکوومەتی.

 ئەوانە وێڕای ئەوەی کە لە ڕێگای قانوون و دامەزراوە فەرمییەکانەوە پەرەیان بە دەسەڵاتداریی خۆیان دا، هاوکات دەسەڵاتداری ئۆلیگارشیی ئێرانی، ڕێژیمی ئۆلیگارشیی نافارسی لە جوغرافیای ئێراندا بە شێوەی جۆراوجۆر لاواز کرد و لەناوی برد. بۆیە ئێستا دەتوانین بڵێین تەنیا ئۆلیگارشیی ئێرانی لە کۆمەڵگای ئێراندا هەیە و، نەتەوە نافارسەکان پێکهاتەی ئۆلیگارشییان نییە. ئەو ئۆلیگارشییە پایەیەکی ‌تریشی هەیە، ئەویش پێگە و پێکهاتەی مەرجەعی تەقلید لە کۆمەڵگای شیعەدایە. مەرجەعی تەقلید، باڵاترین پێگەی دینییە لە کۆمەڵگای شیعەی ١٢ ئیمامیدا. کەسانێک دەتوانن ببن بە مەرجەعی تەقلید، کە ساڵانێکی زۆر لە خوێندنگە دینییەکان دەرسیان خوێندبێت و دەرسیان گوتبێتەوە و تا ڕادەی “ئیجتیهاد” بە شارەزایی لە دین گەیشتبێتن.

ئەوە ڕواڵەتی باسەکەیە، بەڵام لە کردەوەدا مەرجەعی تەقلید دەزگایەکی دەسەڵاتدارییە کە بۆ مانەوەی خۆی، هەم مەرجەع و هەم موقەلید بەرهەم دێنێت، بۆیەش دەتوانین دامەزراوەی مەرجەعی تەقلید لە دینی شیعەدا وەک ئۆلیگارشیی ئیسلامی سەیر بکەن. لە مێژووی ئێراندا بەردەوام ئۆلیگارشیی ئیسلامی و ئۆلیگارشیی نائیسلامی ئامادە بوون کە پێکەوە هەڵبکەن، تەنانەت بۆ پاراستنی خۆیان ژن و ژنخوازییان لەنێودا ڕەوا و بەجێ بووە و، ئۆلیگارشیی ئایینی پارێزەی ئۆلیگارشیی نائایینی لەنێو خەڵکی ڕەشۆکیدا بووە و، ئەوەش وای کردووە ئێستا ئێمە لەگەڵ دیاردەیەک بە ناوی ئۆلیگارشیی ئێرانی_ئیسلامی بەرەڕووین.

ئۆلیگارشیی ئێرانی_ئیسلامی پشکی زۆری ئابووری و دەسەڵاتی سیاسیی ١٠٠ ساڵی ڕابردووی ئێرانی لەبەر دەست بووە. هەرچەشنە ئاڵوگۆڕێک کە بیهەوێت بێتە گۆڕێ، ئەو ئۆلیگارشییە لە بەرانبەریدا ڕادەوستێ و خوازیاری پشکی خۆی دەبێت، بۆیەش دەکرێت بڵێین یەکێ لە بەربەستە گەورەکانی خەباتی مەدەنی لە ئێراندا ئەوەیە کە ئۆلیگارشیی ئێرانی_ئیسلامی ئەو خەباتە بە مەترسی لە دژی خۆی دەزانێ و وێڕای حکوومەت هەوڵی سەرکوت و لەنێوبردنی دەدات. چونکە بنەمای خەباتی مەدەنی لەسەر مافی یەکسانی و شوێندانه‌ری لەسه‌ر دەسەڵاتی سیاسی دامەزراوە، بابەتێک کە بۆ ئۆلیگارشیی ئێرانی_ئیسلامی قووت ناچێت.

دووەم: نەبوونی ڕێکخراوە

خەباتی مەدەنی، خەباتێکی درێژخایەن و چەندتوێیە و پێویستە هەموو ئەو توێیانەی پێکەوە گرێ بدرێت، هەتا بکرێ کارتێکەرییەکەی هێندە بچێتە سەرێ، کە هەموو دەسەڵاتداریی تۆتالیتەری ئیسلامی لەنێو بەرێت. یەکێ لە گرینگترین خاڵەکانی ئەو خەباتە ئەوەیە کە دەبێ ڕێکخراوەتەوەر بێت و، ئەو ڕێکخراوەیە دەیان خەبات و چالاکیی ورد و درشت پێکەوە گرێ بدات، بەڵام لە شەقامی ئێستای ئێراندا نەک ڕێکخراوەی بەرچاو و گرینگمان نییە، بەڵکوو ڕووناکبیری ئێستای ئێرانی بایەخێک بە ڕێکخراوە نادات و، زۆرجار لەبەردەم خەباتدا بە بەربەستی دەزانێت. ئەو ڕوانگەیە و ئەوەی کە ڕێکخراوەکان ناتوانن ئاراستەی کۆمەڵگای ئێران دیاری بکەن، یەکێ لە گەورەترین بەربەستەکانی خەباتی مەدەنیی ئێستای ئێرانە.

سێیەم: گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی

گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەپاش دەسەڵاتداریی ڕەزا پەهلەوی چووە نێو دەسەڵاتەوە و پەرەی گرت. بنەمای ئەو گوتارە لەسەر ”یەک دەوڵەت_یەک نەتەوە” و ”یەک وڵات” دامەزراوە و هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئێرانی چەندنەتەوەیی ئەوە بوو، کە بە زەبری زۆر دەیەویست هەموو نەتەوەکان لە نەتەوەی فارسدا بتوێنێتەوە و، ناوی بنێ نەتەوەی ئێران! دیارە نەتەوەی ئێران هەتا ئێستا لە کردەوەدا نەهاتۆتە دی و، ئەوەش وای کردووە کە گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی بەردەوام هاوشانی دەسەڵاتداری لە تاران دژی خەباتی نەتەوە نافارسەکان بجووڵێتەوە. ئێستا کە ڕاگەیاندنی فارسی و جڵەوی ڕووناکبیریی فارسی بەدەست بەرەی سەر بە گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانییەوەیە، ئەو بەرەیە بەربەستێکن لەبەردەم خەباتی مەدەنی لە کۆمەڵگای نافارسی ئێراندا.

چوارەم: پێکهاتەی ئابووریی ئێران

ئابووریی ئێران، ئابووریی تاکبەرهەمە و ئەو تاکە بەرهەمەش نەوتە! نەوت لە ئێران وەک سەرچاوەیەکی داهاتی ژێر دەسەڵاتی حکوومەت سەیری دەکرێت و لە دەسەڵاتدارییەکی تۆتالیتەردا، کە مافی دەسەڵاتداری تایبەتە بە خودا و حکوومەت ئەرکی ئەوەیە خەڵکی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەرێتە بەهەشت، ڕوونە سەرچاوەی داهاتی ئەو حکوومەتە بەبێ پرسکردن و بایەخدان بە ژیانی شارمەند (هاووڵاتی)، بە منەتەوە لە کاروباری ئیدیۆلۆژیی حکوومەتەکە خەرج دەکرێت. ئەوەی کە حکوومەت سەرچاوەیەکی داهاتی تایبەتی و زۆری هەیە، دەتوانێ بەردەوام هێزی سەرکوتی خۆی لە ڕێگای ئەو سەرچاوەیەوە پۆشتە و بۆشناغ بکات و پەرەی پێ بدات. ئێستا دەبینن حکوومەت لە ڕێگای داهاتی زۆری نەوتەوەیە کە سیاسەتە ناوچەییەکانی بەڕێوە دەبات، دەیان تۆڕی سەرکوت و چاودێریی مەجازیی داناوە و هێزی بەربڵاوی سەرکوتکەری لەبەردەستدایە. ئەگەریش مێژووی ئەو وڵاتانەی کە خەباتی مەدەنی تێیاندا سەر کەوتووه‌، سەیر بکەین، هیچ کامیان سەرچاوەی داهاتی سروشتی، گرینگترین سەرچاوەی داهاتی سەرەکیی دەوڵەتەکانیان نەبووە. بەکورتی، ئەو دەوڵەتانەی بە خەباتی مەدەنی تێک ڕووخاون، سەرچاوەی داهاتی سروشتییان لەبەردەست نەبووە.

بەشی سێیەم

 به‌ربه‌ستە نێودەوڵەتییەکانی بەردەم خەباتی مەدەنی لە ئێراندا

لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی، گوتاری مافی مرۆڤ بوو بە بەشێک لە سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئەمریکا. لە سەردەمی جیهانی دوو جەمسەری و پاش ئەویشدا ئەو گوتارە لەگەڵ هەموو کەموکووڕییەکانی پشتیوانێک بووە بۆ سەرکەوتنی خواستی زۆرینەی خەڵک بەسەر خواستی دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتیدا.

 لە ڕاستیدا ئەگەر دەوڵەتی ئەمریکا هەڵگری ئەو گوتارە نەبایە و حکوومەتی حەمەڕەزا پەهلەوی هێندە کارتێکەریی دەوڵەتی ئەمریکای بەسەرەوە نەبایە، ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧ لە ئێراندا زۆر کەم دەبۆوە؛ تەنانەت ئەگەر سەریش کەوتبایە، زۆر پڕتێچووتر دەبوو.

کۆماری ئیسلامی بەو سیاسەتەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گرتوویەتییە بەر، وای کردووە کە ڕێژەی کارتێکەریی ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکانی دنیای لەسەر خۆی کەم کردۆتەوە و، نە لە ئاستی نێودەوڵەتی و، نە لە ئاستی نێوخۆییدا، هیچ بایەخێکی بۆ ئەو ڕێکخراوانە نییە و نەبووە و هێندە لێیان بێمنەتە، کە زۆر جار بە شێوەی فەرمی هێرش دەکاتە سەریان. ئەو کارەی کۆماری ئیسلامی لە ڕاستیدا بۆ ئەو مەبەستەیە کە پێش بەوە بگرێت کە خەباتی مەدەنیی ئێران لە ئاستی دەرەکیدا پشتیوانی هەبێت. هاوکات لەگەڵ ئەوە، کۆماری ئیسلامی هاوشانی ئەو ڕێکخراوانە، چەندین ڕێکخراوەی هاوناو و هاوشانی ئەوانی بە یەک جیاوازیی بچووکەوە لەنێو ئێراندا دامەزراندووە و، لە چوارچێوەی ئەواندا دژی خەباتی مەدەنیی ئێران دەجووڵێتەوە. وەکوو دەزانین ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئیسلامیی دامەزراندووە و ساڵانە بە ناوی ئەو ڕێکخراوەیەوە خەڵات بە ئەم و ئەو دەدات. یان ڕێکخراوی تایبەتی مافی مرۆڤی داناوە و لە ڕێگای ئەوانەوە لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا بەشدار دەبێت.

هاوکات لەگەڵ ئەوە ترس لە هەناردەکردنی تێرۆریزم و گرینگیی بابەتی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وای کردووە کە هیچکام لە زلهێزانی جیهان بابەتی مافی مرۆڤ و پرسی دیمۆکراسی و ئازادی لە ئێراندا، لە سیاسەتی خۆیاندا بەرانبەر بە ئێران بەکار نەهێنن و، مانای ئەو قسەیەش ئەوەیە، کە کۆماری ئیسلامی بە مۆڵەتی ڕانەگەیەندراوی کۆمەڵگای جیهانی دەستی بۆ سەرکوتی خەباتی مەدەنیی خەڵکی ئێران ئاواڵەیە و، خەباتی مەدەنیی ئێران و شێوازەکانی ‌تری خەبات هیچ پشتیوانێکی نێودەوڵەتییان نییە. ئەو بەربەستانەی لە سەرەوە باسیان لێ کرا، بۆ خەباتی مەدەنی لە ئێراندا بەربەستن و، بۆ دەسەڵاتی سەرکوتکەر دەرفەت؛ زۆر جاریش دیومانە کە لە قۆناغی هەستیاردا ڕێژیم لە کۆی ئەو دەرفەتانە کەڵکی وەرگرتووە، هەتا بتوانێت بەسەر شه‌پۆلی قۆناغەکەدا سوار بێت و پاشەکشە بە خەباتی مەدەنی بکات.

 بەشی چوارەم

خەباتی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

لە قۆناغی دوای خەباتی چەکداری، پرسی خەباتی جێگرەوەی خەباتی چەکداری، وەک پرسێکی گرینگ بەرەوڕووی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆوە، لێرەدا ئامانج ئەوە نییە کە تاوتوێی ئەو وڵامانە بکەین، کە وەک پرسی خەباتی جێگرەوەی خەباتی چەکداری لە قۆناغی جیاوازدا لە لایەن کۆڕی خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتۆتە گۆڕێ، بەڵکوو تەنیا باس لەسەر پرسی خەباتی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەین. لەو بەشەدا وەک لە سەرەوە باسمان کرد، ڕوونە مەبەست لە خەباتی مەدەنی کام شێوازی خەباتە. لە نێوەڕاستی دەیەی ١٣٨٠ی هەتاویدا، هەلی خەباتی مەدەنیی ڕێکخراو، بەهۆی کراوەنەوەی تەلەڤزیۆنە کوردییەکانەوە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕەخسا، بەڵام پێش ئەوەش، خەباتی مەدەنیی ناڕێکخراو لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا هەر هەبوو.

بەگشتی دەتوانین ٢٥ ساڵ مێژوو بۆ خەباتی مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات دیاری بکەین، ڕوونە کە ئامانجی ئەو شێوازەی خەبات لە ئامانجی خەباتی چەکداری جیا نییە و، لە ڕووی تێگەیشتنەوە لەسەر بناغەیەک داندراون و هاوئامانجن، تەنیا لە شێوازدا لێک جیاوازن. کەوایە ئامانجی کۆتاییی خەباتی مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش، وەک خەباتی پێشمەرگانەی ئەو پارچەیەی کوردستان، هەمان “مافی دیاریکردنی چارەنووس” و دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بۆ تاک و کۆمەڵگای کوردستانە.

کۆی ئەو بەربەستانەی لە سەرەوە باسیان لێ کرا، وەک بەربەستی دەرەوەی گوتاری خەباتی مەدەنیی کوردستان لەپێشیەتی، بەڵام سەرەڕای ئەو باسەش، خەباتی مەدەنی لە ئاستی نێوخۆییدا، چەندین بەربەستی لە پێشە. پێش تاوتوێکردنی بەربەستەکانی پێشدەمی خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات، دەبێ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەو چەمکە بێتە بەرباس، من پێم وایە بەو هۆکارانەی لە خوارەوە باسیان دەکەم، واباشە لەباتی خەباتی مەدەنی لە کوردستاندا ”خۆڕاگریی مەدەنی” بەکار بێنین، چونکە:

یەکەم : ئامانجی خەبات گۆڕینە و دەسەڵاتی ئەو گۆڕینەشی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە ئامانجی خەباتی مەدەنی لە کوردستان گۆڕینی شێوازی دەسەڵاتداریی ئێرانە، هه‌ڵبه‌ت بەو هەموو بەربەستانەی لەسەر ڕێیەتی دەسەڵاتی گۆڕینی نییە.  

دووەم: خەباتی مەدەنیی کوردستان پشکێکی زۆر کەمی دەکەوێتە چوارچێوەی نافەرمانیی مەدەنییەوە و، پشکی زۆری دەکەوێتە چوارچێوه‌ی چالاکیی مەدەنییەوە، گرینگیی ئەو چالاکییە بۆ مانەوەی فەرهەنگ، مۆسیقا، ژینگە، نەتوانەوەی پێناسەی کوردی، پاراستنی زمانی کوردی و پەرەدان بە بیری نەتەوەیی، زۆر زۆر گرینگە، چونکە حکوومەت لە ڕاستیدا لە هەموو بوارەکاندا گەڵاڵەی سەرکوتی کوردی هەیە و، هەرچەشنە چالاکییەک لەو بوارەدا بە مانای پووچەڵکردنەوەی گەڵاڵەکانی ڕێژیمە. بۆیەش کۆی نافەرمانیی مەدەنی و چالاکیی مەدەنی پێکەوە ناو دەنێین، خۆڕاگریی مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات. کەوایە لێرە بەولاوە بە خەباتی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەڵێین، خۆڕاگریی مەدەنی.

بەربەستە نێوخۆییەکانی خۆڕاگریی مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات چین؟

یەکەم: یەکێ لە گرینگترین بەربەستەکانی خۆڕاگریی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پرسی ڕەوابوونی سەرکوتی کورد لە ئاستی ئێراندایە. ئێمە وەک نەتەوەی پەراوێزخراو سەرکوتمان لە لایەن نەتەوەی باڵادەستەوە ڕەوایە و، لە ڕاستیدا کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوی ژێردەستی نەتەوە و حکوومەتی فارسە. ئەوان وەک نەتەوەی باڵادەست هەتا ئێستا سوورن لەسەر ئەوەی ئەو وڵاتە داگیرکراوە لەژێر چۆکی خۆیان نین. سەرکوتی کورد لە ئاستی ئێراندا بە هەرشێوازێک بێت، لەنێو کۆمەڵگای فارسدا ڕەوایە و هیچ سنوورێک بۆ دەوڵەتی فارسی تاران نییە؛ وەکوو دەشبینین لەگەڵ ئەوەی کە کورد تەنیا ١٠%ی ڕێژەی دانیشتووانی ئێران پێک دێنێت، بەڵام ٥٠%ی زیندانیانی سیاسیی ئێران کوردن.[xi] (Javaid Rehman:20)[xii]

دووەم: لەو بەشەدا پێویستە هێندێ شێڤ و وەردی فەرهەنگی خەبات لە کوردستاندا بکەین. فەرهەنگی خەبات لە کوردستاندا، لە ڕاستیدا دووەمین بەربەستی گەورەی پێشدەمی خۆڕاگریی مەدەنییە. بەپێی ئەوەی کە خەباتی پێشمەرگانە زیاترین قورساییی بزووتنەوەی کوردستانی کەوتۆتە سەرشان، ئێمە لە فەرهەنگی خەباتی کوردستاندا دیاردەی شۆڕشگێڕی تەواوکاتمان هەیە. شۆڕشگێڕی تەواوکات، بۆ خەباتی چەکداری کە پێوستی بە هێزی سنووردار، بەڵام چالاک هەیە، شۆڕشگێڕێک پێویستە، بەڵام لە خۆڕاگریی مەدەنییدا، بەهۆی بەربڵاویی شێوازی ئەو خۆڕاگرییە و درێژخایەنبوونییەوە پێویستە زۆرینەی خەڵک لەو خەباتەدا بەشدار بن و ناکرێ لەو شێوە خەباتەدا قایل بە شۆڕشگێڕی تەواوکات بین؛ ئەوە بەو مانایە نییە کە ئانارشییەک ساز بێت و خۆڕاگریی مەدەنی فۆرمی بێسەر بەخۆیەوە بگرێت، یان بەو مانایە نییە، کە پسپۆڕی لە خۆڕاگریی مەدەنیدا گرینگ نییە، بەڵكوو بەو مانایەیە کە دەبێ ئەو خۆڕاگرییە لە دوو ئاستی ئاسۆیی و ئەستونیدا هەبێت و هاوکات ڕواڵەتەکانی نێو ئەو خۆڕاگرییە بەر لەوەی فەرماندەر بن، دەبێ ڕۆڵی گریدانەوە لە ئاستی قۆناغ و خواستی خۆڕاگری و ڕوونکردنەوەی خواستی ئەو خۆڕاگرییە بگرنە ئەستۆ.

لە بەشی فەرهەنگیی خەباتدا دەکرێ سێ باسی‌ تر بهێنییە بەرباس:

ئا: سەری خۆڕاگریی مەدەنی لە کوردستان بەدەست حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە. ئەو ڕێکخراوانە لە ململانێی بەردەوام لەگەڵ یەکدان و هیچ سنوورێکیان نییە بەرانبەر بە یەک و، بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی یەک دەکەن، ئەوە خۆڕاگریی مەدەنیی ڕۆژهەڵات تووشی ئاڵۆزی و ناهومێدی دەکات.

ب: حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نە خۆڕاگریی مەدەنی و نە خۆڕاگرانی مەدەنی وەک کەسایەتیی حقووقی پێناسە ناکەن و زۆرجار بەبێ ئەوەی گرینگی بە خواستی تاکتیکیی ئەوان بدەن، خواستی تاکتیکی لەگەڵ خواستی ستراتژیک تێکەڵ دەکەن. ئەوەش قەیرانی تەناهی دەخاتە بەردەم خۆڕاگرانی مەدەنی. بۆ وێنە، ناوەندی هاوکاری و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە لۆگۆی خۆیان داوای چالاکیی مەدەنی لە خۆڕاگرانی نێوخۆ دەکەن. ئەوە لە ڕووی تەناهییەوە مانای ئەوەیە کە هەرکەس لەو چالاکییانەدا بەشدار بێت، ئەندامی نێوخۆی ئەو حیزبانەیە و، ئەندامبوونی ئەو حیزبانەش مانای چەندین ساڵ زیندانی هەیە، ئەوە لە کاتێدایە کە هەموو دەزانین بەشداربووانی چالاکییەکانی نێوخۆ، هەموویان ئەندامی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نین.

ئەوان ئەگەر تەنیا لە نیسێدا پشتگریی خۆڕاگریی نێوخۆ بکەن، تێچووی تەناهیی خۆڕاگرییەکە دێننە خوارێ، بەڵام بەهۆی ململانێی حیزبییەوە هیچ لایەنێک ئامادە نییە، بە شێوەی نیسێ پشتگری لە خۆڕاگریی نێوخۆ بکات.

پ: ڕاگەیاندنی حیزبەکان زۆر بە کەمبایەخییەوە دەڕواننە چالاکیی مەدەنیی نێوخۆ، یان پشتگوێیان دەخەن، یان لە پەراوێزدا باسیان دەکەن و، زیاتر بایەخ بە چالاکیی ئاشکرای ڕێکخراوەیەکی خۆیان دەدەن. بۆ وێنە، ڕاگەیاندنی ”حدکا” بەرەو بۆنەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، چەندین هەواڵ لەسەر بڵاوکردنەوەی تراکتی حیزبی لە ڕاگەیاندنی خۆیدا دادەنێ، بەڵام زۆر بە کەمی هەڵدەکەوێت هەواڵی کۆبوونەویەکی ئەنجومەنی ئەدەبی، یان کۆبوونەوەیەکی فەرهەنگی، یان سمینارێکی زانستی لەسەر پرسی کورد بڵاو بکاتەوە. بۆ ئەوەی خۆڕاگریی مەدەنی بتوانێت ئامانجەکانی بە تێچووی کەمتر بەدەست بێنێت، حەتمەن دەبێ قەیرانە فەرهەنگییەکانی نێو بزووتنەوەی کورد چارەسەر بکرێن.

سێیەم: بێمەبالاتیی نێو بزووتنەوەی کوردستان

سێیەمین تاقمی قەیرانە نێوخۆییەکانی خۆڕاگریی مەدەنی، بێمەبالاتی لە بزووتنەوەدایە. لە ڕاستیدا ئێمە وەک کورد بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی زۆر بێمەبالاتانە دەجووڵێینەوە، هاوکات کار و چالاکیی خۆمان زۆر جار بەلاوە سووکە، جا ئەو بە چاوی سووک سەیرکردنە، یان لە لایەن هاوخەباتەکانمانەوەیە، یان لە لایەن خۆمانەوەیە، چونکە ڕەنگە بە ئامانجی دڵخواز نەگەیشتبێتین! ئەوە ڕەوتی خۆڕاگریی مەدەنی سارد دەکاتەوە و ناهومێدی دەکات. نائومێدی لە خۆڕاگریی مەدەنیدا، دواخر دەتوانێ تەنانەت سەری ئەو شێوازەی خەبات بخوات. بەڵام بەگشتی دەتوانین چوار جۆر بێمەبالاتی لەنێو خۆڕاگریی مەدەنیدا دەستنیشان بکەین:

ئا: بێمەبالاتیی تەناهی: خۆڕاگرانی نێوخۆ و هاوڕێیانی دەرەویان لە بواری تەناهییەوە زۆر بێمەبالاتانە دەجووڵێنەوە و، بە شرۆڤەی لاپەرەی سۆشیالمیدیا بەئاسانی بۆت دەردەکەوێت، کە خۆڕاگرییەکی مەدەنی، چ ئامانجێکی سیاسی لەپشت کارەکانیەتی، یان کام حیزب پشتگیریی کردووە، ئەوەش تێچووی خۆڕاگریی مەدەنی دەباتە سەرێ و تەنانەت ڕێنیشاندەرە بۆ ئەوەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کەسانی گرینگی نێوخۆڕاگریی مەدەنی بەئاسانی بدۆزنەوە و دەستبەسەریان بکەن.

ب: گرینگینەدان بە پێداویستییەکانی خۆڕاگریی مەدەنی: لەگەڵ ئەوەی ٢٥ ساڵ بەسەر خۆڕاگریی مەدەنیدا تێ دەپەڕێت، بەڵام هەتا ئێستا تەنانەت ئەو خۆڕاگرییە لۆگۆیەکی تایبەت بە خۆی نییە و، وەک لە سەرێ باسی کرا، حیزبەکان وەک لایەنێکی سەربەخۆ سەیری ناکەن و ڕێزی لێ ناگرن و، خواستەکانی لەبەرچاو ناگرن، بەڵکوو وەک بەشێک لە خۆیان لەگەڵی دەجووڵێنەوە.

پ: لە سەردەمی سۆشیالمیدیادا بزووتنەوەی کورد هیچ گەڵاڵەیەکی ستراتژیکی بۆ پەرەی خۆڕاگریی مەدەنی نییە و بە شێوەی زۆر ئاڵۆز و دوور لە لۆژیکی خۆڕاگری، سۆشیالمیدیا لە چوارچێوەی خۆڕاگریی مەدەنیدا بەکار دەهێندرێت.

د: گرینگترین بێمەلاباتی لە بواری نافەرمانیی مەدەنی لە خۆڕاگریی مەدەنیدا، لەسەر شێوازی نافەرمانییە. ئێمە لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا تەنیا یەک شێوازی نافەرمانیی مەدەنیمان بەکار هێناوە؛ کە ئەویش شێوازی مانگرتنی بازاڕە. ئەو کارە وای کردووە چینی بازاڕیی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی دەیان قەیرانی ئابوورییان لەبەردەمە تووشی تێچووی زۆری تەناهیش ببن. ئەوەی هەوڵ بۆ دۆزینەوەی شێوازی نوێ لە نافەرمانیی مەدەنی نه‌دراوه‌ و لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگادا نافەرمانیی جیاواز نەکراوە، نیشانەی بێمەبالاتیی نافەرمانیی مەدەنی لە کۆمەڵگای کوردستانە و کۆی خۆڕاگریی مەدەنی دەخاتە نێو چەڵەمەوە.

چوارەم: پارچەکانی ‌تر و خۆڕاگریی مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات

چوارەمین قەیرانی پێشدەمی خۆڕاگریی مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەوەیە کە هەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، هەم حیزبەکانی پارچەکانی ‌تر، قورساییی قەیرانەکانی پارچەکانی ‌تریشان خستۆتە سەر خۆڕاگریی مەدەنیی ڕۆژهەڵات؛ ئەوە لە کاتێکدایە کە خۆڕاگریی مەدەنیی ڕۆژهەڵات، خۆی دەیان قەیرانی گەورە و بچووکی هەیە  و، بە قورساییی قەیرانی پارچەکانی ‌تر تەنیا ئەو خۆڕاگرییە لاواز دەکرێت و تووشی تێچووی زیاتر دەکرێت.

پێنج: ئابووری

پێنجەمین قەیرانی بەردەم خۆڕاگریی مەدەنی، هەژاریی کۆمەڵگای کوردستان و، گرێدراوبوونی ئابووریی کوردستان بە ئابووریی ناوەندیی ئێرانەوەیە. ئەوەی ئابووریی کوردستان لە دەرەوەی ئیرادەی ئابووریی ناوەندیی ئێران ناتوانێ هەبێت و هاوکات کۆمەڵگای کوردستان، کۆمەڵگایەکە کە لە ئاستی ئێراندا لە هەموو ئامارە چارەڕەشییەکاندا یەکەمە، ئەوە وا دەکات کۆی ئیرادەی خۆڕاگریی مەدەنی لە کۆمەڵگای کوردستاندا دابەزێت.

 

کۆتا قسە

خۆڕاگریی مەدەنی، بەشێک لە بزووتنەوەی کوردستانە، کە لە ڕووی ستراتژییەوە لەگەڵ بزووتنەوەی پێشمەرگانە یەک ستراتژیی هەیە، بەڵام بۆ پەرەی ئەو شێوازەی خەبات، پێویستە بە چاوی شێوازی پێشمەرگانە سەیری نەکەین و، وەک شێوازێکی سەربەخۆ لە بزووتنەوەی کوردیدا بیبینین. هاوکات ئەوەمان لەبیر بێت، کە ئەوەی لە کوردستان لە چوارچێوەی خۆڕاگریی مەدەنیدا دەکرێت، ئازادی نییە، بەڵکوو ئازایەتییە و لەپێناو ئازادیدا دەکرێت.

لە هەموو لێکدانەوەکانیشدا، ئێمە دەبێ ئەوەمان لەبیر بێت، کە فاکتۆرەکانی ئێران کارتێکەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر پێگەی خۆڕاگریی مەدەنیی ڕۆژهەڵات هەیە. نابێ ئەو فاکتۆرانە پشتگوێ بخرێن و لە لێکدانەوەکاندا لەبەرچاو نەگیرێن. بەکورتی، هەموو ئەو فاکتۆرانەی لەسەر خەباتی مەدەنیی ئێران کارتێکەرییان هەیە، ناڕاستەوخۆ لەسەر خۆڕاگریی مەدەنیی کوردستانیش کارتێکەرییان هەیە. ئەوە بەو مانایە نییە خەباتی مەدەنیی ئێران هاوپەیمانی ئێمەیە، بەڵکوو بەو مانایەیە، کە ئەو خەباتە دەتوانێ دەسەڵاتی تۆتالیتاریزمی کۆماری ئیسلامی لاواز بکات و ئەو لاوازییەش بە قازانجی خۆڕاگریی مەدەنیی کوردستانە.



پەراوێز

[i]اینترنیت، ٢٠١٤  کمیسر عالی حقوق بشر سازمان ملل متحد، رهنمود عملی برای جامعه مدنی،

[ii]https://bit.ly/2PnvzoB

[iii]قانون اساسی جمهوری اسلامی اصلاح شده در ١٣٦٨

[iv]هەمان

[v]هەمان

[vi]اسماعیل رحیمی‌نژاد، محدثه صفرخانی،١٣٩٣ بررسی جرم بغی در فقه امامیه  و حقوق ایران، حقوق اسلامی دوره ١١ شمار ٤٠،١٠٥_١٣٣

[vii]https://bit.ly/35krSoY

[viii]https://bit.ly/2Efk4Jt

[ix]https://bit.ly/2sm2DEd

[x]https://bit.ly/38FdKIT

[xi]https://bit.ly/34hSIwz

[xii]https://undocs.org/en/A/74/188