ئارامتر بخوێنەوە!
مێژووی ڕەوتی ئیسلاحتەڵەبی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئایا ئەم ڕەوتە دەتوانێ داوای مافەکانی کورد بکا؟
حەسەن ساڵحزادە
“لە ناو نیزامی ئیسلامی ئێران هەڵبژاردنەکان نە تەنیا سالم نین، بەڵکوو بە مەبەستی پاوانخوازی زیاتر کەڵکی پێچەوانەیان لێوەردەگیردرێ. لەوێدا یاساکان سەروبنیان دیار نیە و پڕ لە پارادۆکسن. موحەممەد خاتەمی لە زاتی خۆیدا نە تەنیا ئاڵاهەڵگری رزگاری لە ژێر چەکمەی ئیستبداد دا نیە، بەڵکوو درووشمەکانی ئیسڵاحخوازانەشی تەنیا بە مەبەستی دەرچوونی رێژیم لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی باشتر بەرز کردۆتەوە. ئیسڵاحتەڵەبانی کورد بە مەبەستی تایبەت مژارگەلێکی لاوەکی دەخەنە بەرباس کە تەنیا هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئاستی مەسەلەی کورد دابەزێ و لە ناو گۆلاوێکی بچووک و بەرتەسکدا بە قەتیسی بمێنێتەوە.”
پێشەکی
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بەشێکی زۆر لە حکوومەتەکانی جیهان، بە تایبەت لە وڵاتانی عەرەبی، لە ئاکامی ڕاپەڕینی جەماوەری و تەقینەوەی نارەزایەتییەکان یا داڕماون یا لە هەمبەر گوشاری خەڵکدا پاشەکشەیان کردووە. حکوومەتی چەند وڵاتێک سەرەڕای ئەوەی کە ڕووبەڕووی چەندین شەپۆلی ناڕەزایەتیی بە هێز بوونەوە، بەڵام لە بەرانبەر خەڵکی خۆیاندا هیچ جۆرە پاشەکشەیەکیان نەکردووە. لە ڕاستیدا ڕادەی خۆڕاگریی دەوڵەتەکان لە هەمبەر گوشاری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی هەر وڵاتێک، پێوەندیی ناڕاستەوخۆی بە دیمۆکراتیک بوونی دەسەڵاتەکەیانەوە هەیە. واتە هەتا دەسەڵات دیموکراتیکتر و خەڵکیتر بێ، لە بەرانبەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆڕاگریی کەمتر لە خۆی نیشان دەدا. دەسەڵاتە دیموکراتیکەکان لە کاتی هاتنەگۆڕی قەیران و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی، هاوکات توێژی ناڕازی بە بەشێک لە خەڵکی کۆمەڵگەی خۆیان دەزانن. هەر بۆیە بۆ چارەسەری گرفتەکان، بەرپرسان پەنا دەبەنە بەر ڕێوشوێنی یاسایی و لە هەمبەر داواکارییەکانی چینی ناڕازی یا خۆپیشاندەردا خۆیان بە وڵامدەر دەزانن.
بە پێچەوانەوە، لە ناو ئەو نیزام و سیستمە توتالیتێرانەی کە مەشرووعیەت و ڕەوایی لە خەڵک وەرناگرن، لە بەرانبەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا چاو سوور دەکەنەوە و لە جیاتی وڵام دانەوە بە داخوازییەکانیان تەنیا و تەنیا بیر لە پیلان دەکەنەوە هەتا بتوانن لە ڕێگەی هێزە بەکرێگیراو و سەرکوتکەرەکانیانەوە چینی ناڕازی بێدەنگ بکەن. هەروەها ئەم جۆرە حکوومەتگەلە لە میانەی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نارەزایەتی، جیا لەوەی کە خۆیان بە نیسبەت داواکارییەکان بە بەرپرس نازانن، بەڵکوو پەنا بۆ تۆقاندن و کردەوەی چەواشەکارانە دەبەن. بە کورتی، لە حاڵەتی یەکەمدا سەرۆکی دەوڵەت هەوڵ دەدا کە ڕێچارەی کێشەو گرفتەکانی خەڵکی ناڕازی بدۆزێتەوە، بەڵام ئەگەر ڕێکارێکی گونجاوی وەگیر نەکەوت، ئەوجار بە مەبەستی ڕێزدانان بۆ کۆمەڵگە، دەست لە کارەکەی دەکێشێتەوە. بەڵام لە حکوومەتە نادیموکراتیک و خۆسەپێنەکاندا ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتی، مانەوەی دەسەڵاتە. بۆ ئەو مەبەستەش خۆ لە هیچ جینایەت و پیلانێکی قیزەون و دزێو ناپارێزن.
لەم دواییانەدا بینرا کە لە وڵاتانی بریتانیا، ئوتریش، ئێراق و … کەسی یەکەمی دەسەڵات بە هۆی ئەوەی کە نەیتوانی وڵامدەری ویستی ناڕازییان بێت، دەستی لە کار کێشایەوە. چەند ساڵ لەمەوبەر وەزیری پەروەدەی کوێت بە هۆی مردنی قوتابییەک لە سەر کلاس، وەزارەتەکەی خۆی بە کەمتەرخەم زانی و بۆ ڕێزگرتن لە بنەماڵەی قوربانییەکە دەستی لە کار کێشایەوە. هەروەها وەزیری بودجەی فەرانسە، وەختێک پێی دەزانن کە لە وڵاتی سوئیس حیسابی بانکیی شەخسیی هەیە، لە شەرمی کۆمەڵگە، کابینەی دەوڵەت جێدەهێڵێ. لە بەرانبەردا ئەگەر نیزامی ویلایەتی فەقیهی ئێران لە گەڵ سیستمی ئەو وڵاتانەی سەرەوەدا بەراوەرد بکەین، دەبێ سەرۆک کۆمارو وەزیرەکانی، هەر ڕۆژەی جارێک و ڕێبەری نیزام ڕۆژی دە جار نەک هەر دەست لە کار بکێشنەوە، بەڵکوو دەبووایە لەجێ خۆیان بکوژن، هەتا چاویان بە ئازارو ژانی قوربانیانی دەسەڵاتە جینایەتکارەکەیان نەکەوتبایە. بە دڵنیاییەوە ویژدان و ڕۆحی مرۆڤایەتیی ئەوانە جێی گومانە، ئەگینا چۆن دەیانتوانی لە ئاست کارەساتێک کە بە سەر بنەماڵەی ئێعدامی، زیندانی و هەزاران قوربانی لەمجۆرە دێ، بێوڵام بن؟ یا ئەگەر دڵ و چاوی قەزاوەتیان هەبێ، چۆن دەبێ فەسادی هەمەڕەنگی خۆیان، هەژاریی کۆمەڵگە، دۆخی قەیراناویی قوتابخانە، ژینگەی کاول کراو، هەڵاواردنی جنسی و ڕەگەزی، … نەبینن و هەست بە ئازار نەکەن؟ هەرچەند ساڵی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی کابینەی ڕۆحانی دەستی لە کار کێشایەوە، بەڵام دیتمان کە لە شەوێک زیاتر درێژەی نەکێشا و جیا لەوەش هەڵوێستەکەی هیچ پێوەندیی بە هاوخەمی و پشتیوانی لە خەڵکەوە نەبوو.
ئەمڕۆ لە زۆربەی نزیک بە تەوای وڵاتان پڕۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەگەلی جیاواز و لە ئاستی جۆراوجۆردا بەڕێوە دەچێ، هەرچەند ناتوانین پێداگری لەوە بکەین کە تێکڕای ئەمانە ئامانجی ڕاستەقینەی هەڵبژاردن دەپێکن. چون مەبەست لە هەڵبژاردن تەنیا دەسنیشان کردنی کاندیداکان بۆ پۆستە دڵخوازەکانیان نیە. بەڵکوو قۆناخەکانی دوای هەڵبژاردن زۆر گرینگن و دەتوانن ڕەواییی پرۆسەکە بسەلمێنن. مەسەلەن ئەگەر دەنگدەرانی وڵاتێک لە بارودۆخی پێویستدا بە سانایی و ئازادانە توانیان دەستیان بە نوێنەرەکانیان ڕابگا و لە ئاکامی لێپرسینەوەدا ناچار بە وڵام دانەوەیان بکەن، بە واتای ئەوەیە کە لەو وڵاتە پرۆسەی هەڵبژاردن مانای خۆی گەیاندووە. ئەو دەوڵەتانەی کە باوەڕیان بە ئازادی و دیموکراسی هەیە، ڕێگە بۆ دەنگدەرانی خۆیان خۆش دەکەن هەتا بتوانن لێپرسینەوە لە نوێنەرانیان بکەن. ئەو نوێنەرە دەتوانێ پارلمانتار، شارەدار، سەرکۆمار یا هەر پلەیەکی دیکەی هەبێ.
لە ناو نیزامی ئیسلامیی ئێراندا هەڵبژاردنەکان نە تەنیا سالم نین، بەڵکوو بە مەبەستی پاوانخوازیی زیاتر کەڵکی پێچەوانەیان لێوەردەگیردرێ. لەوێدا یاساکان سەروبنیان دیار نیە و پڕ لە پارادۆکسن. لەو سیستمەدا سەرسندووقەکانی دەنگدان خاڵی کۆتاییی پرۆسەی هەڵبژاردنە، واتە لەوەبەدوا هیچ بەرنامەیەک لە گوڕێدا نامێنێ کە بەرهەمی پرۆسەکەی لێ هەڵگریتەوە. ئەگەر بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا بە مانای نوێکردنەوەی پەیمان لە گەڵ نیزام بێت، بەدواداچوونی ئاکامی دەنگەکان و لێپرسینەوە لە نوێنەرانی خەڵک هیڵی سوورە و ڕێگەی پێنادرێ. ئەوەش بە مانای ئەوەیە کە لە ناو ئەو نیزامەدا هەڵبژاردن بە مردوویی لە دایک بووە.
پێشەکیی سەرەوە، بەشێک لە بەها و گرینگیی پرۆسەی هەڵبژاردنە کە دەتوانێ وەکوو ئامرازێکی بەنرخ لە سەر ڕەوتی چاکسازی شوێن دابنێ. ئەگەر لە وڵاتێکدا ئاستی ئازادییەکان و مافی مرۆڤ لە خوارەوە بن و ڕێگری لە گەشەی سیاسی، ئابووری، کولتووری و سەنعەتی بکەن، زاتی هەڵبژاردن دەتوانێ لە سەر ڕوانینی بەرپرسان کارتێکەریی هەبێ و فۆڕم و قەوارەی سیاسیی ئەو وڵاتە بەرەو چاکسازی ڕێنمایی بکا. ئەوەش کاتێک دێتە بەرهەم کە هەڵبژاردنەکان ئازاد و سالم و لە کەشێکی بە دوور لە فێڵ و دەغەڵکاری بەڕێوە بچن. کۆمەڵناسان و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئازاد دەتوانێ داهاتووی کۆمەڵگە تەزمین بکات و لە درێژەدا کەموکووڕییەکان ئیسلاح بکا.
لێرەدا بەر لەوەی بچینە ناو ناوەڕۆکی سەرەکی و لە سەر تیتری بابەتەکە بڕۆین، پێویستە ئاوڕ لە چەند چەمک و دەستەواژەی پێوەندیدار بدەینەوە کە بۆ بەرفراوان کردنەوەی باسەکە یارمەتیدەرن. هەروەها بە هۆی ئەوەی کە ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی سەردەمی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ، لە میانەی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانەوە سەریان هەڵداوە، پێویستە کە لە چەند قوناخدا کورتە مێژوویەکی شرۆڤەکارانەی بۆ بکرێ و ئاوڕ لە ئاڵوگۆڕەکانی دوو دەیەی دۆماخر بدرێتەوە.
رێفۆرم و ڕێفۆرمخوازی
هەوەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، لەبەر ئەوەی کە زاتی هەڵبژاردن لە لایەک دەتوانێ بنەمای دیموکراتیک بوونی نیزامی سیاسیی وڵاتان دەربخات و لە لایەکی دیکەوە، بە هۆی ئەوەی کە میژووی دوو دەیەی ڕابردووی ڕەوتی ئیسلاحات لە ئێران و کوردستان لە پەڕواێزی هەڵبژاردنەکانەوە سەریان هەڵداوە، پێویستە خوێندنەوەیەکی مێژوویی کورتی ئەو قۆناخە کە لە گەڵ ڕەوتی ڕێفۆڕم لە ئێران بە گشتی خاڵی هاوبەشیان هەیە بخەینە بەرباس. مەسەلەی ئیسلاحات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فاکتۆرێکی سەربەخۆ نیە کە بکرێ سەربەخۆیانە شرۆڤەی بکەین، بەڵکوو وەک پاشکۆیەکی بچووکی گوێڕایەڵ و ژیری ڕەوتی ئیسلاحاتی سەراسەری ئێران خۆی دەرخست و ئێستاش هەر لە هەمان ئاستدا ماوەتەوە. هەر بۆیە ئەگەر ئازادانە ڕەوتی ئیسلاحات لە کوردستان بخەینە بەرباس و هەوراز و نشێوەکانی هەڵسەنگێنین، کارێکی بێکەڵکە و دەرەنجامی نادروستی لێ دەکەوێتەوە. چەمکی ئیسلاحتەڵەبی چەند دەیەی دۆماخر لە ئێران لە پەڕواوێزی پرۆسەی هەڵبژادنەکانەوە و بە دەرکەوتنی سەید موحەممەد خاتەمی لە ساڵی ١٣٧٦ سەری هەڵدا. ١٥ ساڵ دواتر لە پاش بڕینی مێژوویەکی تا ڕادەیەک لێڵ، بە ڕێکەوتنێکی سێقۆڵی لە نێوان خامەنەیی، ڕەفسەنجانی و ڕۆحانی سڕکرا. لە تێکڕای قۆناخەکاندا ڕەوتی ئیسلاحخوازی لە کوردستان چاولێکەرانە بووە و توانای شڕۆڤەی سیاسی و کۆمەڵایەتی فەزای کوردستانی نەبووە.
جێگەی سەرنجە کە وشەی “رێفۆرم” لە سەدەی شازدەیەمەوە وەک بیرۆکەیەک خۆی هاویشتە گۆڕەپانی کۆمەڵگەی ئورووپا و نووکەش بە لایەنگرانی دەوترێ “ڕێفۆرمیست”. لە قامووسی سیاسیی کوردستاندا، وشەی ئیسلاحات بە چاکسازی ناسراوە و بە لایەنگرانی دەڵێن ئیسلاحتەڵەب یا ڕێفۆرمخواز. هەروەها لە فارسیشدا بە “اصلاحات” و “اصلاح طلبی” پێناسە کراون. بە گشتی کاتێک باس لە ڕێفۆرم یا ڕێفۆرمخوازی دەکرێ، ماناکەی پێداگری لە باشتربوونی بارودۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەمەڕ وەچنگ هێنانی دەرەنجام و دەسکەوتی گونجاوتر دەگەیەنێ. باشتربوونی بوارەکانی ئەخلاق، یاسا، ڕوانگەی دەسەڵات و دامەزراوە حکوومییەکان بەشێکی بەرچاوی مەبەستی ڕێفۆرم یا چاکسازین. بە واتایەکی تر، ڕێفۆرمخوازان پێیان وایە کە دەتوانن بە کردەوەی نەرم و بەدوور لە هەر چەشنە گرژییەک، بە تایبەت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە، بە باجێکی کەم دەسەڵاتی سیاسیی ئێران پێمل بکەن کە ڕوانگەی خۆیان بە پێی ویستی کۆمەڵگە بگۆڕن و کەسە زێدەڕۆکان وەلا بنێن.
رێفۆڕمخوازانی کوردستانیش بەرگری لە کۆپیی هەمان ڕوانگە دەکەن، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە ڕوانگەی هەردوو باڵی دەسەڵات بە نیسبەت کوردەوە یەکێکە و هەروەها خەڵکی کوردستان بەشداری دەسەڵات نین هەتا لە سەرەڕۆیی پاشگەزییان بکەنەوە. لە ڕاستیدا دەسەڵاتی تاران سەرچاوەکەی لە تارانە و لەوێوە خۆی بە سەر گەلی کورددا سەپاندووە. کە وایە لە کوردستان بازاڕی دروشمی هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری یا ڕێفۆڕم هیچ کڕیارێکی نابێت.
دوو دەیە قەڵاچۆ و خەفەقان
زۆربەی ڕێفۆرمخوازان و مێژوونووسانی ئێرانی مەسەلەی ڕێفۆرم و ڕێفۆڕمخوازی لە وڵاتەکەیان بۆ سەدەیەک لەمەوبەر دەگەڕێننەوە. لە هەمان حاڵدا دەبێ دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە مەسەلەی ڕێفۆڕمخوازی بە مانای وشە، لە هیچ بڕگەیەکی زەمانیدا بە ڕادەی ٢٠ ساڵی دۆماخر، لە فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێراندا بەرچاو نەبووە و لە مەیدانی مژارگەلی فرە ڕەهەند، چالاکانی ئەم بوارەی ئەوەندە بە خۆیەوە سەرقاڵ نەکردووە. ئەگەرچی ڕێفۆڕمخوازیی ئێرانی کۆمەڵێک چالاکی کوردیان (دەکرێ لە چەند توێدا پێناسەیان بۆ بکرێ) لە کوردستان هێنایە سەر خەت و بەم ڕەوتەوە پەیوەست بوون، بەڵام بە چەند هۆکارێک نەیانتوانی لە ناو کۆمەڵگەی کوردستان متمانەی خەلک وەدەست بێنن. ڕێفۆڕمخوازانی کوردستان گەلێک جار پێگەی خۆیان بە میزانی جیاوازیی نێوان بەرەی بایکۆت لە هەڵبژاردن کە لە لایەن حیزبە کوردستانییەکانەوە دێتە ئاراوە و ڕوانگەی خۆیان کە هاندەری خەڵکن، هەڵدەسەنگێنن. بە واتایەکی تر، ئەوان ڕێژەی دەنگدەران بە لایەنگری لە خۆیان پێناسە دەکەن و وادەردەخەن کە چی خەڵکی کورد دەنگی داوە لە سەر ویست و داخوازیی ئەوان بووە. ئەڵبەت ڕیفۆرمیستە کوردەکان بۆ خۆشیان دەزانن کە ئەم ئیدیعایە بێ بنەمایە، چونکوو زۆرینەی دەنگدەران، کەسانی بێلایەنن و چووکەترین زانیارییان لە سەر ئەم ڕەوتە نیە. زۆرینەی دەنگدەران تەنیا بۆ ئەوەی کە سجیلەکەیان مۆر بخوات بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن .
هەروەخت بمانەوێ چەمکی ڕێفۆرمخوازی لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێراندا مانا بکەینەوە، ناتوانین بە ساناهی لە ئاست نەخشی د.موحەممەد موسەدیق وەک کەسایەتییەکی بەرچاوی دەسپێکی ئیسلاحخوازی بێدەنگ بین. موسەدیق لە دەورانی ڕێژیمی پاشایەتیدا لە ڕێگەی بزووتنەوەی “نهضت ملی ایران” هەوڵی دەدا کە ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکانی لە ڕێگەی ئیسلاحاتەوە بەرەوپێش ببات. جێگەی ئاماژەیە کە بە پێی ئەوەی کە دەسەڵاتەکانی پاشایەتی و ئاخوندی لە ئێران فەرق و جیاوازییان هەبوو، لە سەر هەمان بنەما تێوریی ئیسلاحات لە هەر دوو سەردەمدا جیاواز بوون.
دوای ئەوەی کە ڕەنجی شۆڕشی هەمەلایەنەی گەلانی ئێران دژ بە سیاسەتی گەندەڵ و ناسەردەمیانەی دەسەڵاتی پەهلەوی هاتە بەر، دەسەڵاتی کۆنەپەرەست و چەقبەستووی ئاخوندە دنیاپەرەستەکان بە فڕوفێڵ دەرفەتەکەیان بە قازانجی بیری بەرتەسکی خۆیان قۆزتەوە و لە ئاکامدا خەباتی تێکڕای تێکۆشەران و ئەویندارانی ئازادی، وێڕای گشت چین و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بە فیڕۆ چوو. ئاخوندەکان ناباوەڕانە خۆیان لە جێگەی تاج و تەختی پادشاکاندا دەدیتەوە، هەربۆیە وەها لە دنیای هەوەسی مادی و جەستەییدا نوقم ببوون، نە تەنیا گوێبیستی داخوازی و مافە ڕەواکانی خەڵک نەبوون، بەڵکوو وڵامی هەرجۆرە ڕەخنە، بیری ئازاد و ناڕەزایەتییان بە زیندانی کردن و کوشتن دەدایەوە. ئاسایییە ئاخوندەکان کاتێک کە خۆیان بە نوێنەری خوا لە سەر عەرز پێناسە دەکرد، هیچ بۆشایی و دەرەتانێک بۆ چالاکیی جودابیران نەدەمایەوە کە ناوی چاکسازی یا ڕێفۆرمی لە سەر دابنێی. بەمجۆرە تاقە دوو ڕێگە لە بەردەستدا مابوویەوە: یا دەبوو وەک گەلی کورد سەربەرزانە “نا” بە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی نوێ بگوترێ، یا دەبوو وەک بەشێک لە حیزبە مارکسیست و مەزەهەبییەکان، بە فریوی دەسەڵاتی پاوانخواز، خۆت ڕادەستی دەسەڵات بکەی.
حاکمیەتی نوێی ئیدیۆلۆژیکی تاران، دوو دەیەی لە تەمەنی نگریسی خۆی کە لە سەر بنەمای ئێعدام و قەڵاچۆی ئازادیخوازن بونیات نابوو بەڕێ کرد. لەو ماوەیەدا کەشوهەوای سیاسیی کوردستان ئەوەندە تۆقێنەر بوو کە بەشێک لە خەڵک لە ڕۆژی هەڵبژاردندا تەنیا لە ترسی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بە بێ ئەوەی جیاوازی لە نێوان کاندیداکاندا دابنێن، بۆ ئەوەی سجیلەکانیان مۆر بخوا، خۆیان دەگەیاندە بنکەکانی دەنگدان. هاوکات لە لایەکی دیکەوە، گەلی کورد بە مەبەستی دەستەبەر کردنی ماف و ئازادییەکانی خۆی، خەباتێکی سەخت و خوێناویی دەست پێکردبوو.
لێکدانەوەی ئەم هەلومەرجە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە بزووتنەوەیەکی سیاسی وەک ئیسلاحتەلەبەکان کە لە دەرەنجامی دەستەبەندیی ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندیدا وەک پاشکۆی باڵێک خۆی دەرخستووە، وەها بە سانایی ناتوانێ جێ بڕوای کۆمەڵگەی برینداری کوردستان بێ و پێشوازیی لێبکەن. لێکدانەوەی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕەوتی ئیسلاحتەڵەبی لە کوردستان، پێویستی بە پێداچوونەوەی مێژووی ڕەوتی ئیسلاحات لە ئێراندا هەیە کە لەم سەردەمەدا لە ئاکامی بە دەسەڵات گەیشتنی سەید موحەممەد خاتەمی بۆ پۆستی سەرکۆماری دەستی پێکرد. ڕەوتێک کە لایەنگرانی بە “حماسهی دوم خرداد” ناودێریان کرد.
هەڵقوڵینی بەرەی ڕێفۆرم لە ناو دڵی دەسەڵاتی ئاخوندەکاندا
بەهاری ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی دوایین ساتەکانی سەرکۆماریی ڕەفسەنجانی (عالیجناب خاکستری) بوو. دروشمەکانی بریتی بوون لە “سازندگی” هەر بۆیە هەوڵی دەدا کە خۆی وەک سەرداری سازکردنەوەی وێرانییەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران-ئێراق بە کۆمەڵگەی ئێران بسەپێنێ. دوای کۆتایی هاتنی ئەم قۆناخە، نیزامی ویلایەتی فەقیهـ بەمەبەستی بە لاڕێدا بردنی ڕای گشتی و سەرلێشێواندنی کۆمەڵگە، بڕیاری دا کە ئەگەر لە ڕووی ڕواڵەتیشەوە بێ، دەبێ جێگرەوەی داهاتووی ڕەفسەنجانی بە ڕەنگ و سیمایەکی نوێوە نیشانی کۆمەڵگەی ڕەنگاوڕەنگی ئێران بدرێ. کاندیداتۆریی سەید موحوممەد خاتەمی بە کۆمەڵێک دروشمی ڕەنگاورەنگ و جیاوازتر لە جاران کە زۆربەیان ڕەنگی گۆڕانکاری و ئیسلاحاتیان پێوە دەبیندرا، لە فلتێری “شورای نگهبان” دەرچوو. لەو سەردەمەدا گەلانی ئێران خەریکی بەڕێ کردنی نێزیکەی دوو دەیە ئەزموونی دژواری ئیستبدادیان بوون، لە بەر ئەوەش، چکۆلەترین گۆڕانکاری دەیتوانی هیوایان پێ ببەخشێ و لە فەزای خنکێنەری دەسەڵاتی ئاخوندە جینایەتکارەکان ڕزگاریان بکا. دیارە دروشمە نوێکانی موحەممەد خاتەمی کارتێکەریی دیاریان لە سەر کۆمەڵگەی بەرفراوانی ئێران دانا و ڕۆژی ٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٦خەڵک بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕژانە سەر سندووقەلکانی دەنگدان. لە ئاکامدا خاتەمی وەک براوەی هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆکی دەوڵەتی حەوتەم دیاری کرا. یەکێک لە دروشمەکانی خاتەمی “ئێران بۆ ههموو ئێرانییهكان” بوو، کە لە گەڵ پێشوازیی گۆڕانخوازان ڕووبەڕوو بوویەوە. هەروەها دروشمی “گفتگوی تمدنها” سنووری ئێرانیان بهزاند و بە چەند لایەندا مانا کرانەوە. ئهم دروشمانه له كۆمهڵگای داخراوی ئێران ڕهنگدانهوهى بهرچاویان دایهوه. بهم چهشنه لە ڕۆژی ٢ی جۆزەرداندا. پاش هەڵبژاردنی خاتەمی، فهزای ژێر سێبهرى دروشمهكانی دهوڵهتی حهوتهم بە دهسپێكی چالاكیی ڕێکخراوهکان، سهندیكا و ئهنجومهنه سینفییهكان دەناسرێتەوە. لە درێژەدا توێژی خوێندکار، کرێکار، مامۆستا هتد بهخۆیاندا هاتنهوه و توانیان داواكاری و چالاكییهكانیان بۆ كاری ڕێکخراوهیی و هاوبەش بقۆزنەوە.
زۆربەی کارناسانی ئەو ڕەوتە پێیان وایە کە خاتەمی سەرەتایەکی باشی دەست پێکرد و بە هەڵبژاردنی دروشمگەلێکی تایبەتی، دەستی نایە سەر ئێش و ئازارەکانی کۆمەڵگەی ئەوکاتی ئێران، هەر بۆیە لە گەڵ پێشوازیی گەرموگوڕی خەڵک بەرەوڕوو بوویەوە. بەڵام مخابن زۆری پێ نەچوو کە متمانەی خۆی لە دەست دا. بەوحاڵەش ڕادەی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی تینووی ئازادی، بە ڕادەیەک لە سەرەوە بوو کە لە زۆر حاڵەتدا، لە ژێر کۆنترۆلی سەرکۆمار دەچوونە دەرەوە. پەردەی سانسۆر لە سەر ڕۆژنامە و چاپەمەنییەکان، تا ئەندازەیەکی بەرچاو لادرا، ڕوانگە و کردەوەی نوێی وەزیرانی ناوخۆ، فەرهەنگ، خوێندنی باڵا و چەند بەرپرسی ئیداری لە جاران زۆر جیاوازتر بوون، هەر بۆیە نەریتخوازەکان وەک هەڕەشە بۆ سەر نیزامی ویلایەتی فەقیهـ و ترس لە چاوکرانەوەی خەڵک حیسابیان بۆ کردن. لە ئاکامی گوشاری بێپسانەوەدا، چەند کەسیان لە سەر کار لابران و بەشێکی بەرچاو لە لایەنگرانی سەرەکیی سەرکۆمار لە پەڕاوێز خران.
لێرەدا لایەنگرانی ٢ی جۆزەردان چاوەڕوانی هەڵوێستی بوێرانەی خاتەمی بوون، کەچی لە لایەک خۆدزینەوە لە بەڵێنەکان و بێدەنگی لە هەمبەر هەڵکوتانە سەر لایەنگرانی، لە لایەکی ترەوە گوێڕایەڵیی تەپلۆسانە لە ڕێبەری نیزام، دەریان خست موحەممەد خاتەمی لە زاتی خۆیدا نە تەنیا ئاڵای ڕزگاریخوازی دژ بە ئیستبدادی پێ نیە، بەڵکوو دروشمە ئیسلاحخوازانەکان بۆ دەرچوونی ڕێژیم لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی باشتر بە کاردێنێ، بەوحاڵەش بەشێکی بەرچاو لە لایەنگرانی کۆڵیان نەدەدا و خوازیاری درێژەدان بە ڕەوتی ئیسلاحات بوون، چون پێیان وابوو کە ڕێگەی گەڕانەوەیان بۆ نەماوەتەوە.
بەم جۆرە ململانێیەکی قورسی تەبلیغاتی لە نێوان دوو بەرە کە بریتی بوون لە بەرەی لایەنگرانی ٢ی جۆزەردان و بەرەی لایەنگرانی دەسەڵاتی ڕادیکاڵی سوننەتی دەستی پێکرد. دواتر ئەم دوو ڕەوتە بە سەر دوو بەرەی ڕێفۆرمخواز (اصلاح طلب) و نەریتخواز (اصول گرا) کە ئێستاش بەشێک لە مێژووی دەسەڵاتی حکوومەتی تارانن، دابەش بوون. زۆربەری جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات وەک هێزی ئینتزامی، ئەرتەش، سپا و هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکە لە ژێر دەسەڵاتی ڕێبەری ویلایەتی فەقیهـ بە پشتیوانی کردن لە بەرەی نەریتخوازدا بوون و لە دەرەوەی بازنەی یاساییدا و بە شێوازی جۆراوجۆر لە ڕەوتی ئیسلاحخوازانیان دەسرەواند. لە درێژەی هەمان ململانێی نابەرانبەردا نەریتخوازان لە ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی ڕێبەری نیزام و بە دەستی وەزارەتی ئیتلاعات، خێراتر لە جاران پرۆسەی جینایەتکارانە و دژەمرۆڤانەی کوشتنی جودابیران و ڕۆشنبیرانیان درێژە پێدا کە لە سەردەمی سەرکۆماریی ڕەفسەنجانییەوە دەستی پێکردبوو. ئەم کوشتارە سیستماتیک و بێ بەزییە دواتر بە “قەتڵە زنجیرەیییەکان” ناوبانگی دەرکرد. بە وتەی نووسەرانی ئەو سەردەمە، دەستووری ئیجراییی لەناوبردنی چالاکانی سیاسی و جودابیران لە ژوورە تاریکە ڕۆحییەکانەوە دەردەچوو، دەدرایە عالیجەناب خاکستەری (رفسنجانی) و دواتر لە ڕێگەی شاکلیل (فلاحیان)وە جێبەجێ دەکرا.
شیاوی وەبیرهێنانەوەیە کە گەڵاڵەی تێرۆری سیاسەتوانان و چالاکانی کورد وەک د.قاسملوو و د.شەرەفکەندی لە دەرەوەی وڵات، فرووهەرەکان و مامۆستای نیشتمانپەروەری ئایینی، مەلا موحەممەد ڕەبیعی لە ناوخۆ، لە بازنەی هەمان پیلانی جینایەتکارانە و دژە ئینسانیی قەتڵە زنجیرەیییەکاندا جێبەجێ کراون.
مەجلیسی ئیسلاحات و تەشەنە کردنی ئیسلاحات بۆ کوردستان
ماوەی دوو ساڵ دەبوو کە دەوڵەتی ئیسلاحات لە تاران هاتبووە سەرکار، وەزارەتی ناوخۆی خاتەمی گوشارەکانی تا ڕادەیەکی بەرچاو لە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن هەڵگرتبوو، هەر بۆیە له ناو تێکرای ههڵبژاردنهكانی نیزامدا، مەجلیسی شهشهم له ڕووى كاندیداتۆر و فهزای تهبلیغاتییەوه، به نیسبهت خولەکانی ڕابردوو، كراوهتر و جێی سەرنج بوو. زۆربهی نێزیك به تێكڕای چالاكانی سیاسی هاتنه مهیدان و له سهر ههڵوێست و بانگهوازی لایهن وكهسایهتییه سیاسییهكانی ئێران و تهنانهت پارته سیاسییەکانی كوردستانیش، لهم پرۆسهیهدا بهشدارییان كرد و بە پێی خوێندنەوەی خۆیان، کەڵکیان لە بارودۆخەکە وەرگرت. بههاری ١٣٧٩ کە هاوكات بوو له گهڵ جموجۆڵی تهبلیغاتیی دهوری شهشهمی ههڵبژاردنهكانی نوێنهرانی مەجلیسى شووڕای ئیسلامی، زۆربەی چالاکانی به ههڵوێست به مهبهستی قۆستنەوە دەرفەتە ڕەخساوەکان، شان به شانی ههڵسوراوانی بواری سیاسی و مهدهنی ڕوویان كرده شار و گوندهكانی كوردستان و كۆڕ و كۆبوونهوهی جۆراوجۆریان بۆ کۆمەڵانی خەڵک پێکهێنا. بهم شێوەیە چالاكىیەکانی ساڵی ١٣٧٩ی ههتاوی وەک ژێربهنای یهكهم ئهزموونی كاری ڕێکخراوهیى لە ناوحکوومەتدا دەرکەوتن.
هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، مەجلیسی شەشەمی شووڕای ئیسلامی لە ژێر چاودێریی دەوڵەتی حەوتەمدا پێکهات. مەجلیسێک کە زۆرینەی پارلمانتارانی ڕێفۆرمخواز بوون، ئەوەش دەرفەتێکی نوێی بە سەرکۆمار و لایەنگرانی دا کە نەریتخوازان زیاتر لە جاران بخەنە تەنگەژە و پەڕاوێزەوە. بە پێی نەریتێک کە لە خومەینییەوە بۆ دەسەڵاتی ئاخوندی بە میرات مابوویەوە، دەبوو وەزیری ئیتلاعات بە ڕاوێژ و پەسندی ڕێبەری ویلایەت دەستنیشان بکرێ، بەڵام لەم قوناخەدا خاتەمی بە بێ پرس، وەزیری ئیتلاعاتی بە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی پێشنیار کرد. ئەوەش لە مانادا لە ناو دەسەڵاتێکی دوگمی لە جۆری ویلایەت کە ئیلهامی لە غەیبەوە بۆ دێ، بە دەسکەوتێکێ کەم نەدەهاتە ئەژمار. لە حاڵێکدا کە پرۆسەکە بە تەواوی بە دڵی ئیسلاحخوازان دەرۆیشتە بەرەوە، ڕێبەری نیزام واتە شەخسی خامەنەیی بۆ یەکەم جار هەستی کرد کە خەریکە وەپەڕاوێز دەخرێ و دەسەڵاتەکەی بە نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی پۆستی ڕێبەریدا گەیشتووە. هاوکات لە گەڵ ئەوەی کە شەخسی سەرکۆمار کۆمیتەیەکی بۆ بەدواداچوون دەربارەی تاوانبارانی قەتڵە زنجیرەیییەکان دامەزراند، خامەنەیی و ڕەفسنجانی بە شێوەیەکی هاوتەریب و نافەرمی، دەستیان دایە هەوڵی چەواشەکارانە و بە هەمووجۆر دژایەتیی کۆمیتەکەیان دەکرد. ئەگەرچی کۆمیتەکەی خاتەمی سەرەڕای کۆسپ و گرفتەکان ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و ناوی چەند کەسی وەک تاوانبار ڕاگەیاند، بەڵام لە ئاکامدا هەموو شتێک بە قازانجی خامەنەیی و ڕەوتی نەریتخوازان کۆتایی پێهات.
لە دەسپێکی یەکەم ئەزموونی ڕێفۆرمدا، وا دەردەکەوت کە زەمینەی کار و تێکۆشان لە کوردستان لەبارە. دڵسۆزان و هەڵسووڕاوانی گەل توانییان لە هەر ناوچەیەکدا کاندیدای شیاوی خۆیان بدۆزنەوە و لە توێی دانیشتن و کۆڕ و کۆبوونەوە بەردەوامەکاندا، داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و ناوچەی خۆیانیان لە گەڵ باس بکەن. لە میانەی یەک حەوتوو بانگەشەی ئاشکرای هەڵبژاردندا، ئاستی داواکاری و ئەو مژارانەی کە هاتنە گۆڕێ، گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی. تەنانەت دەنگۆیەک بڵاوبوویەوە کە گۆیا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە هەر ناوچەیەک کاندیدی تایبەت بە خۆی بە نهێنی دیاری کردووە. ئەم تایبەتمەندییانە تین و گوڕێکی جیاوزتریان بە هەڵبژاردنەکان بەخشی. لە زۆربەی شارەکان خەڵک گوشاریان دەخستە سەر کاندیداکان کە دەبێ لە مەجلیس داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بە گوێی دەسەڵات بگەیەنن. ئەو ئەرکەش پێویستی بە پێکهێنانی بەرەیەک هەبوو، هەربۆیە دواتر براوەکانی هەڵبژاردن کە چوونە مەجلیس، فراکسیۆنی نوێنەرانی کوردیان پێکهێنا. لە قۆناخی بانگەشەدا زۆربەی کاندیدا ڕێفۆڕمخوازەکان شوێنەکانی خۆیان بە وێنە و پوستێری “ملی- مذهبی”یەکان و شەخسی موسەدق ڕازاندبۆوە، ئەوەش بە مانای ئەوە بوو کە ئەوان لە تەنیشت داخوازییە ئیسلامییەکان، داوای میلی و نەتەوەییشیان هەیە.
خەڵکی ئێران بە گشتی ڕایان وابوو کە مەجلیسی شەشەم کە وەکوو بازووی بەهێزی دەوڵەتی حەوتەم دەهاتە ئەژمار، دەتوانێ لەو ڕێگەیەوە بە سەر گەلێک کۆسپی دواکەوتووانەی نیزامی ٢٠ ساڵەی ئاخوندەکاندا باز بدات و بە ڕێگای یاسایی دۆخی ئێران بگۆڕێ. هەر بۆیە جارێکی دیکە لێبڕاوانەتر لە جاری پێشوو، موحەممەد خاتەمییان بۆ خولی دووهەمی سەرکۆماری هەڵبژاردەوە. بەڵام دوو ساڵ دواتر لە حاڵێکدا کە کەشوهەوای ئێران خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی هەشتەم ئامادە دەکرد، نیزام لە ڕێگەی شووڕای نگەهبانەوە، ڕێگری لە خۆکاندید کردنەوەی تێکڕای ئەو نوێنەرانە گرت کە چالاک بوون و بە جۆرێک پێوەندییان بە بەرەی ئیسلاحاتەوە هەبوو. لە کوردستانیش بە هەمان شێوە، نوێنەرەکانی پێشوو، وێڕای حیزبە کوردستانییەکان کە هیچ ئاسۆیەکی هیوابەخشیان لە مەجلیسی داهاتوودا بەدی نەدەکرد، داوای بایکۆتی هەڵبژارنیان کرد. لە مەیدانی کردەوەدا دەکرێ ئەو قۆناخە بە خاڵی دەسپێکی لە پەڕواوێزخستنی ڕەوتی ڕێفۆرمخوازیی لە ئێران ناودێر بکەین.
سەرکۆماریی موحەممەد خاتەمی پاش ٨ ساڵ دەسەڵاتداری و تێپەڕکردنی گەلێک قۆناخی پڕ لە هەوراز و نشێو کۆتایی پێ هات. ئەحمەدینژاد لە ناو پۆستی سەرکۆماریدا و وەک گۆپاڵی دەستی خامەنەیی هاتە مەیدان. نێزیک بە تەواوی دامەزراوە مەدەنییەکان، ئازادیی ڕادەربڕین، ڕۆژنامە و چاپەمەنی، بڵاڤۆکە خوێندکارییەکان، دەرفەتەکانی ئازادیی پیشەیی و هتد داخران و ڕێگری لە چالاکییەکانیان گیرا. پێکهاتەی مەجلیسی شەشەمیان لە بەر یەک هەڵوەشاندەوە و مەجلیسێکی نەرم و دەستەمۆ بۆ سەرکۆمار ئەحمەدینژادی بناژۆخواز دامەزرا، هەتا بتوانێ بە ئاسانی و بە بێ گرفت پیلانەکانی خامەنەیی بەرەوپێش ببات.
بێدەنگیی ڕەفسەنجانی و دواتر سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز
دەکرێ بڵێین کە بزووتنەوەی سەوز لە ناخی تاریکیدا سەری هەڵدا. چونکوو دوای یەک دەورەی سەرکۆماری هاتە ئاراوە کە لەودا نیزام لە ڕێگەی ئەحمەدینژادەوە بۆ ماوەی ٤ساڵ بە شێوەی سیستماتیک خەڵکی کوشت و بڕ کرد تا جارێکی تر هەمووان ناچار بکەن سەر بۆ کۆنەپەرەستی دابنەوێنن. لە خولی یەکەمدا هەر زۆر زوو دەرکەوت کە ئەحمەدینژاد لە ململانێ لە گەڵ ڕەفسنجانیدا دەنگی خۆی نەهێناوەتەوە، بەڵکوو وەک ڕاسپاردەیەکی ساختە، خامەنەیی دەسەڵاتی پێداوە. ئەو توانی تێکڕای ڕیسەکانی خاتەمی بکاتەوە خوری و چارەنووسی کۆمەڵگەی ئێران بۆ مەودای ٤ ساڵ ئەوەندە وەدوا بخا تا لە گەڵ هی دەورانی پێش خاتەمی لێکیان گرێ بداتەوە. بەڵام ڕەفسەنجانی لە کردەوەدا نقەی نەهات و بەوە قەناعەتی کرد کە سکاڵاکەی خۆی دەباتە بارەگای خودا. دروشمەکانی ٤ ساڵەی ئەحمەدینژاد بە پێچەوانەی خاتەمی لە چوارچێوەی “حق انرژی هستەی، نابودی اسرائیل و مشکل اقتصادی” (مافی وزەی ناوکی، لەناوچوونی ئیسرائیل و کێشەی ئابووری)دا دەسووڕانەوە. بە کورتی خەڵکی بەوە سەرقاڵ دەکرد کە نان لە دروشم بەنرخترە.
ئەحمەدینژاد پاش ٤ساڵ بۆ خولێکی نوێ هاتەوە گۆڕەپانی هەڵبژاردن. ئەوکات ڕەوتی ڕێفۆڕمخوازەکان زەبرێکی گورچووبڕیان لە لایەن حکوومەتی ئەحمەدینژادەوە وەبەر کەوتبوو. بەرەکەیان تا ڕادەیەکی بەرچاو پڕش و بڵاو ببۆوە، بەوحاڵەش جارێکی دیکە دەرفەتیان بۆ ڕەخسا کە لە دەوری ٢ کاندیدای دیکە کۆ ببنەوە و بەشێکی بەرچاو لە خەڵک بە بیانووی ئەوەی کە دژی دەسەڵاتی خامەنەیی هەڵوێست دەگرن، لە خۆیان کۆ بکەنەوە. دیارە ئەمجارە ڕکابەرەکانی سەرکۆماری پێشوو بە تایبەت مووسەوی لە ناو پێکهاتەی دەنگدەراند لە ڕەفسەنجانی زۆر بەهێزتر بوون. قووڵ بوونەوەی ڕوانگەی کاندیداکان بە زیانی ئەحمەدینژاد ئەوەندە بەرچاو بوو کە زۆر بە سانایی لە چەند ڕۆژی نێزیک لە هەڵبژاردندا زۆرینەی خەڵک بە لێبڕاوی مووسەوییان وەک براوەی پۆستی سەرکۆماری مەزەندە دەکرد. بەوحاڵەش ئەحمەدینژاد هیچ حیسابێکی بۆ ڕکابەرەکانی بە تایبەت مووسەوی نەدەکرد. دواتر دەرکەوت کە قایمتر لە جاری پێشوو پشتی بە خامەنەیی بەستبوو. هەرواشی لێهات. لە کۆتاییدا، دەرەنجامەکان هەڵگەڕانەوە و ڕێبەری نیزام جارێکی تر لە ڕێگەی ساختەکارییەوە ئەحمەدینژادی هێنایەوە سەر پۆستی سەرکۆماری، هەتاکوو تا ٤ ساڵی دیکە بە بێ سەرئێشە کۆشک و دەسەڵاتە شووم و جینایەتکارانەکەی بۆ بپارێزێ.
راگەیاندنی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان و دەرچوونی بژاردەکەی خامەنەیی، هەموو لایەکی نوقمی سەرسامی کرد. ملیۆنان کەس کە دەنگیان بە مووسەوی و کەڕوبی دابوو هاتنە سەر شەقام و بە دروشمی “کوا دەنگەکەم” کۆمەڵە ناڕەزایەتییەکی زۆر بەرینیان لە زۆرینەی شارەکانی ئێران وەڕێ خست. مووسەوی و کەڕوبی بە لێبڕاوی خۆیان کێشایە ناو ڕیزی خۆپیشاندانێکی بەرین کە بە بزووتنەوەی سەوز ناوی دەرکرد. نارەزایەتییەکان لە لایەک هەتا دەهات بەربڵاوتر دەبوونەوە و ویست و داخوازییەکانی خەڵکیش لە لایەکی دیکەوە مانایەکی دیکەیان بە خۆوە دەگرت. دروشمی پێکهاتەشکێن و لیبڕال لە ناو خۆپیشاندەراندا بە ڕوونی هەستیان پێدەکرا. ڕێژیم کە هەستی بە مەترسی کرد، بە ئاشکرا و بە هەموو هێزی سەرکوتکەری خۆیەوە هاتە مەیدان و دەستی دایە کوشتاری کوێرانەی ناڕازیان، هەتا بەشکم بتوانێ بزووتنەوەی سەوز لە جووڵە بخات. لە درێژەی ئەو کوشتارە بێ ڕەحمانەیەدا، دەکرێ ئاماژە بە کوژرانی خوێندکاران خاتوو “ندا آقا سلطان” لە تاران و کاک “کیانووش ئاسا” ڕۆڵەیەکی نیشتمانپەروەری کورد لە کرماشان بکەین کە جیا لەوەی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستانیان هەژاند بەڵکوو لە دەرەوەی سنوورەکانیش دەنگی دایەوە.
لەو سەروبەندەدا کە دۆخی کۆمەڵگەی ناڕازیی ئێران بە گشتی قۆناخێکی نوێی هەستیاری دەست پێدەکرد، داری هیواکان بە نەمانی دەسەڵاتی ئەهریمەنیی خامەنەیی ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زیاتر هەڵدەکشا، کۆمەڵگەی جیهانی بە وردبینی لە ڕەوتی ڕووداوەکانی دەڕوانی، مانەوەی مووسەوی و کەڕوبی لە گوڕەپانی ململانێکان و پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیو لە هەر وەختێکی دیکە پێویست تر بوو. کەچی لەو گەرمەیەدا هەردووکیان پشتیان بۆ خامەنەیی نەوی کرد و بەدوور لە چاوەڕوانی و بە کردەوە ڕیزی خەڵکی ناڕازییان بە جێهێشت. پاش ئەوەی کە گڕوتینی نارەزایەتییەکان و بزووتنەوەی سەوز هێدی هێدی نیشتەوە، خامەنەیی و پارێزەرانی کۆنەپەرەستی، بە خەیاڵی تەخت پرۆژەیەکی دوور و درێژی ڕەشبگیریان وەڕێ خست و جارێکی تر لە زیندان و گرتنگەکانی ئیتلاعات دەستیان بە جینایەت خولقاندن کردەوە. ئەوجار نۆرەی ڕێبەرانی بزووتنەوەی سەوز هات و کەڕوبی و مووسەوی دەستبەسەر کران.
خاتەمی ڕەوتی ئیسلاحاتی دایەوە دەست ڕەفسەنجانی
هەروەک لە سەرەوە باس کرا، دوای ئەوەی بزووتنەوەی سەوز لە مەیدانی کردەوەدا لە جووڵە کەوت، دەفتەری خامەنەیی لە ڕێگەی ئۆرگانە ئەمنیەتییەکانەوە بۆ جاری دووهەم زەمینەی بۆ ئەحمەدینژاد خۆش کرد تا دەوڵەتێکی یەکدەست بە بێ بەشداریی ڕێفۆرمخوازان دابمەزرێنێ. ڕێبەرانی بزووتنەوەی سەوز وەک ئەمڕۆ هەر لە دەستبەسەریدا بوون و هیچ حیسابێکیان بۆ نەدەکرا.
سەید موحەممەد خاتەمی کە وەک دامەزرێنەری ڕەوتی ئیسلاحات لەم نیزامەدا دەناسرێتەوە، وێڕای هەبوونی سانسۆری میدیایی، لە بۆنە هەستیارەکاندا پەیامی بڵاودەکردەوە کە ئەم جۆرە هەوتایی و یەکدەستییەی حکوومەتی ئەحمەدینژاد بە قازانجی داهاتووی نیزامی ئیسلامی نیە و دەبێ پێداچوونەوەی بە سەردا بکرێ.
دەورەی سەرکۆماریی ئەحمەدینژاد بەرەو کۆتایی دەڕۆشت. دەسەڵات بە مەبەستی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی بە مەسڵەحەتی دەزانی کە سیمایەکی بێڕۆح لە ئیسلاحتەڵەبان ساخ بکاتەوە. هەر بۆیە ئاست و بەهای بەرەی ئیسلاحات ئەوەندە هاتە خوارەوە تا ئەو جێگەی کە ڕەفسەنجانی جینایەتکاریش بۆ ئەوەی ڕابردووی خۆی بشواتەوە، وەک یەکێک لە هێماکانی بەرەی ئیسلاحات دەردەکەوت و حیسابی بۆ دەکرا. لەوەش سەیرتر بەشێک لە ڕێفورمخوازان وەک نوێنەرایەتی ڕێفۆڕمخوازان چوونە خزمەت خامەنەیی و بەیعەتیان پێ کرد. لە ڕاستیدا ئەوە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی ئیسلاحتەڵەبان بوو کە هەم لە مەیدانی کردەوەدا شوێندانەرییان نەما و حەسەن ڕۆحانیش ئەوانی لە ناو دەسەڵاتی سیاسیی خۆیدا تواندەوە.
جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە خاتەمی لە ٢ی جۆزەردانی ٧٦ خەڵکی بەوە لە دەوری خۆی کۆکردەوە کە بە پێچەوانەی دەوڵەتی ڕەفسەنجانی، پشتیوانیی لە ئازادیی ڕادەربڕین و مافی شارۆمەندی دەکا و باوەڕی وایە کە ئێران بۆ هەموو ئێرانییەکانە. ئەوەش بە مانای دژایەتی لە گەڵ دەسەڵاتی ڕەفسەنجانی و ڕێبەری نیزام مانا دەکرایەوە، کەچی سەیر لەوەدابوو خاتەمی پاش ٨ساڵ، بە مانای ڕاستەقینە ڕەوتی ئیسلاحاتی تەسلیم بە کۆنە جینایەتکار ڕەفسەنجانی کرد.
بەرلەوەی باس لە دۆخی ئێستاکانێی ئیسلاحتەڵەبان بکەین، وا باشە وڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە بۆچی ڕێبەرانی ڕێفۆرمخوازان لە کاتە هەستیارەکاندا ڕیزی خەڵک جێ دەهێڵن و پەیوەست بە ڕیزی پاوانخوازەکانەوە دەبن؟ خاتەمی، کەڕووبی، مووسەوی، تەنانەت ڕۆحانی، گشتیان لە خاڵێکدا کە دەبێ پشتی دەنگدەران و لایەنگرانیان بگرن، هەڵدەگەڕێنەوە! لە ڕاستیدا ڕازی هەڵوێستی پێچەوانەی ڕێبەرانی ئیسلاحات لە ئێران ئەوەیە کە گشتیان لە ڕابردووی خۆیان دەترسن. کەسانێک کە لە کوشتاری زیندانییە بێ دیفاعەکانی دیەی ٦٠ دەستی باڵایان هەبووە، بە جینایەت و فەساد توانیویانە ڕوانگەی ڕێبەری نیزام بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، لە هێڵەکی تاقیکردنەوەی جادوویی شوورای نگەهبان بە سڵامەتی دەرچوون و دەیان و سەدان خاڵی ڕەشیان لە جینایەت و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئەستۆدایە، هیچ کات ناتوانن دەست لە نیزام بەربدەن. ئەوان بە ڕوونی دەزانن کە ئەگەر نیزامە شوومەکەیان تێک بڕمێ، دەبێ لە دوارۆژدا لە بەرانبەر عەداڵەتدا ئامادە بن و محاکمە بکرێن، هەر بۆیە ئەگەر مەرگیش بە پیریانەوە بێ، پشت لە گەل و ڕوو لە خامەنەیی و هەڵدەبژێرن.
دۆخی ئیمڕۆژەی ئیسلاحتەڵەبان
لە سەرەتای دەسپێکی سەرکۆماریی ئەحمەدینژادەوە تا ئەمڕۆ، ئەگەرچی ئیسلاحتەڵەبەکان هەم لە ناو مەجلیس و هەم لە ناو حکومەتدا بەشدارن، بەڵام بەشداریی ئەوان بە هیچ جۆرێک نە بە مانای پشتیوانی لە ڕەوتی ئیسلاحاتی سەردەمی خاتەمییە، نە دەیانەوێ داکۆکی لە ویست و داواکارییەکانی خەڵک بکەن و نە پەیامێکیشیان پێیە کە دژایەتیی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهـ و شەخسی خامەنەیی بکەن. بە گشتی ئەوەی ئێستا ئیسلاحتەڵەبان شەڕی لە سەر دەکەن، لە داواکاریی بەرژەوەندیی شەخسیدا کورت دەکرێتەوە. بە واتایەکی تر، ئەوان پێداگری لەوە دەکەن کە دەبێ نیزام لە بەخشینی پلە و پایە ئەوان لە بیر نەکات و جێگەیان بکاتەوە. ڕوانگەی بەرتەسکی ئیمرۆژەی ئیسلاحتەڵەبان، نە تەنیا لە ناوەندەکانی دەسەڵات، بەڵکوو تێکڕای بەرەی ئیسلاحخوازان لە کوردستانیش دەگرێتەوە.
هەروەک دەبینین ماوەی چەند دەورەیە کە دروشمی سەرەکیی ڕێفورمخوازان لە هەڵبژاردنەکاندا، ترساندنی خەڵک بە کاندیدا نەریتخوازەکانە. بۆ وێنە، خاتەمی مانای ئیسلاحات لەوەدا کورت دەکاتەوە کە خەڵک لە بەرانبەر “ری شهری” یا “رئیسی” دەنگ بە ڕۆحانی بدەن. حەسەن ڕۆحانی لە هەمان کاتدا کە پەسەندکراوی ڕێفۆرمخوازانە، کەچی ڕوخساری ئیتلاعاتی پێوە دیارە و لە پرۆژەی کوشتاری خەڵکدا دەستی باڵای هەیە. هەوڵی ئێستای ئیسلاحتەڵەبان بەرگری کردن لە ڕووخانی نیزامی ویلایەتی فەقیهە. ئەوان خەڵکی ناڕازی بەو مەبەستە لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە هەتا بەرەی نارەزایەتییەکان گەشە نەکەن و بە لایەنە ساختار شکێنەکانەوە پەیوەوست نەبن. بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ڕازەکانی پشت پەردەی ئیسلاحتەڵەب و نەریت خوازان بۆ کۆمەڵگەی ئێران ڕوون بۆتەوە و جیاوازییان تێدا نییە.
رێفورمخوازانی کوردستان چیان دەوێ؟
ئەوەی دەربارەی ڕەوتی ئیسلاحات لە ئێران ئاماژەی پێ کرا، دۆخی ئەوانەی کوردستانیش لە خۆ دەگرێ. هەروەک چۆن سەید موحەممەد خاتەمی لە بارودۆخە هەستیارەکاندا، بۆ ڕزگارکردنی نیزامی ویلایەتی فەقیهـ وەک تریبۆنێکی کارا دەردەکەوێ، ئیسلاحتەڵەبەکانیش لە کوردستان هەمان ڕۆڵیان هەیە بەڵام لە سۆنگەی جیاوازترەوە. ئەرک و داواکاریی سەرەکیی کوردەکانی ئەم ڕەوتە، لە هاندانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان کورت دەکرێتەوە. تەنیا کەرەسەی دەستیان بۆ بانگەشە، ترساندنی خەڵک لە هاتنە سەرکاری نەریتخوازانە، واتە هەڵبژاردن لە نێوان “بد و بدتر” و نابێ ڕێگەی “بی تفاوتی” هەڵبژێرین. هەر لە بەر ئەم هەڵسەنگاندنە نالۆژیکانەشە کە ئێستا ڕەوتی ئیسلاحات لە کوردستان لەوپەڕی بێزراوی دایە، چون خەڵک بۆ خۆیان دەزانن کە ئێستا ئاکامی هەڵبژاردنەکان پێشوەخت دەخوێندرێنەوە و دەسەڵاتی سەرەکی بە قازانجی خامەنەیی وەک ڕێبەری نەریتخوازان فۆرموولە کراوە.
دەسەڵاتدارانی تاران لە کاناڵی جۆربەجۆرەوە بەردەوام کەسانێکی نەفسنزمیان بۆ پیادەکردنی پلان و بەرنامەکانی خۆیان لە کوردستان دۆزیوەتەوە. بۆ وێنە سەردەمێک ڕەفسەنجانی بەر لە هەڵبژاردن یا سەفەر بۆ پارێزگایەک لە ڕێگەی کەسانی بە ناو ڕۆژنامەوان و لە سەر خەرجی خۆی بڵاڤۆکگەلێکی بڵاو دەکردەوە کە لە قازانجی پێگەی خۆیدا بن و تواناییی شوێندانەرییان لە سەر خەڵکی ناوچەکە دا ببێت. کاتنامەی “سقز و توسعه” چەند ژمارەیەکی لە سەر خەرجی ڕەفسەنجانی لێ بڵاو کرایەوە. یا لە درێژەی هەمان سیاسەت و کولتووری نەشیاودا بلاڤۆکی “گەلاوێژ” کە جاری وا هەبوو لە قەوارەی ٢٠ هەزار نوسخەدا و بە خەرجی ڕۆحانی و لە لایەن ڕۆژنامەوانانی دەربارەوە، کە گشتیان سەر بە دەربار بوون، بڵاو دەکرایەوە.
ئەگەر لە بارودۆخی ئیسلاحتەڵەبانی کورد ورد بینەوە، دەبینین کە گەلێک بەرنامەیان لە قازانجی کەسێتیی خۆیاندا گەڵاڵە کردووە. ئەوان کە لە کاتە هەستیارەکاندا تەپڵی شادییان بۆ زۆر کەسی پلە باڵا لێداوە، پردی پێوەندییان لە گەڵ بەشێکی زۆر لە کەسە نفووزدارە حکوومییەکان دامەزراندووە و ئیمتیازیان لێوەردەگرن. دەکرێ بۆ نموونە ئاماژە بە ناوگەلێکی وەک ڕۆحانی سەرکۆمار، موعین کاندیدی سەرکۆمار و وەزیری خوێندنی باڵای ئەو کات، ڕەمەزان زادە پارێزگاری وەخت، ڕەزا عارف و … بکەین. تەنانەت باس لەوە دەکرێ کە پلەی دوکتۆرای چەند کەس لە ئیسلاحتەڵەبانی کوردستان لە ڕێگەی گەندەڵی و بە پشتیوانیی مستەفا موعین بووە. لە زۆربەی شارەکان لەگەڵ شارەدارییەکان پێوەندیی نێزیکیان هەیە و لە “مرکز خدمات” بۆ کاروباری نەخۆشخانەو پرسی “بهداشت” بە قازانجی خۆیان کەڵک وەردەگرن. شاراوە نیە ئێستا بە هۆی ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی ئیسلاحتەڵەبان وەبەر یەک دەکەون لە یەکتر زۆر ناکۆکن و بەرەکەیان لەوپەڕی پڕشوبڵاوی دایە. بەڵام بەوحاڵەش دوور نیە کە جاڕدانی هەلبژاردنەکان و مەترسیی ئەمنیەتی نیزام جارێکی دیکە لە ژێر یەک چەتردا کۆیان بکاتەوە.
لە لایەکی ترەوە، ئیسلاحتەڵەبانی کورد بە مەبەستی تایبەت مژارگەلێکی لاوەکی دەخەنە بەرباس کە تەنیا هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئاستی مەسەلەی کورد دابەزێ و لە ناو گۆلاوێکی بچووک و بەرتەسکدا بە قەتیسی بمێنێتەوە. بۆ وێنە هێنانە ئارای مژاری “جاڕنامەی شارۆمەندی” و کردنەوەی دەرگەی باس لەو چوارچێوەیەدا، خۆئەرکدار کردنە بە دەستەواژەی “منشور حقوق شهروندی” کە لە لایەن ڕۆحانییەوە ڕێکلامی بۆ دەکرێ. دیارە هارووژاندنی ئەم بابەتانە ئەگەر ئاراستەی داخوازییەکانی کورد بەرەو ئاقارگەلێکی لێڵ نەبات هیچ دەسکەوتێکیان بۆ کورد لێ ناکەوێتەوە. بە واتایەکی تر، هەوڵێکی چەواشەکارانەیە کە گەرەکیانە بڵێن کە لە دەسەڵاتی تاراندا هەڵاواردن جێگەی نابێتەوە و تێکڕای پێکهاتەکانی ئێران بە یەک چاو دەبینرێن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە چەمکێک بە ناوی مەسەلەی کورد و بەها نەتەوەیییەکانی لە ئارادا نین، ڕۆژێک داخوازیی نەتەوایەتی بە ناسیۆنالیزمی سەرەتایی (کاتنامەی گەلاوێژ) ناودێر دەکەن و ڕۆژێک بەرگریی چەکدارانە بە بیانووی “اعمال خشونت” بە هەوڵێکی ناسەردەمیانە دە ناسێنن.
هەر وەک بە گشتی باس کرا، بزووتنەوەی ڕێفۆرمخووازی لە ناو جەرگەی دەسەڵاتی ئاخوندەکانەوە سەری هەڵدا و خۆشیان بە باڵێک پێناسە دەکرد کە لە هەمبەر باڵی نەریتخوازەکاندا سەقامگیر ببوون. دوو قۆڵی مرۆڤ یا دوو باڵی باڵندە مەحکووم بەوەن کە بژیوی خۆیان لە یەک مێشکەوە دابین بکەن. بەم بەراوردە، ئەگەر باڵی نەریتخوازەکان بە بیری ویلایەتی فەقیهـەوە لکێندرابێ، بە دڵنیاییەوە هزری فکری باڵی بەرانبەریش بە لووتکەی دەسەڵات، واتە ڕێبەریی نیزامەوە گرێ دراوە. گەلۆ ئیسلاحتەڵەبانی کورد لە باری تێۆریکەوە خۆیان بە قوتابیی “حمید ڕضا جلایی پور” (فەرمانداری جینایەتکاری سەرتای هاتنەسەرکاری ڕێژیم لە مەهاباد) بزانن، “سید هاشم هدایتی” (یەکێک لە ڕێکخەرانی “سازمان مجاهدین انقلاب اسلامی ایران” کە ڕۆڵی سەرەکی لە سەرکوتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستاندا هەبووە و وەکوو کوردێکی سوننی ئەندامی دامەزرێنەری ” پیشمرگان مسلمان کرد”، لە کوردستان ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە) بە سەمبولی ڕێفۆرمخوازێکی نەترس دابنێن و … کام پێوەر و ئایەرە دەیسەلمێنێ کە ئیسلاحتەڵەبە کوردەکان داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد دەکەن؟ لە لایەکی ترەوە خوێندنەوەی بیۆگڕافیی یەکە بە یەکەی ئیسلاحخوازان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە لە لای ئەوان پاراستنی نیزام لە سەرووی هەموو بەهاکانەوەیە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە گەلی کورد ماوەی ٤٠ ساڵە لە پێناو سڕینەوەی وەها نیزامێکی کۆنەپەرەست و دواکەوتوودا تێدەکۆشێ. کە واتە ڕەوتی ئیسلاحتەڵەبان و هێزی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد تا ئەم ساتە نەک هەر لە یەک بەرەدا نین بەڵکوو لە بەرانبەر یەکدا جێگیر کراون.
رێفۆرمخوازە کوردەکان بە هۆی ئەوەی کە ڕێگەی مانۆڕ و هەڵسووڕانی بەرچاوی زۆریان بە نیسبەت چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی دیکەی ناوخۆی کوردستان پێ دراوە و ئازادیی ڕادەربڕینیان هەیە، لە ناو خوێندنگە و شوێنە گشتییەکان بە بێسڵ ئامادەی موناقشە و بە چالش کێشانی ڕای بەرانبەرەکەیانن. هەروەها بە نازناوی جۆراوجۆر، بە سانایی لە میدیای دەرەکی دەردەکەون و هەر وەخت پێویست بێ سەردانی باشووری کوردستان دەکەن. ئەم جۆرە ئاکارانە چەند فاکتەری گرینگن کە بوونەتە هۆی ئەوەی کە هەم لە لای خەڵک و هەم لە لای حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بناسرێن. ئەوەش کە لە ڕێگەی کاناڵی جۆراوجۆرەوە پێوەندی بە ڕێبەرایەتیی حیزبەکانەوە دەگرن و بە ڕواڵەت لە شوێن میکانیزمێک بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد دەگەڕێن، جێگەی گومان و لێ وردبوونەوەیە. لە چەند ساڵی دۆماخردا نیشانەگەلێک دەری دەخەن کە ئیسلاحتەڵەبانی کورد بە سەرکەوتوویی پێوەندیان لە گەڵ بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کورد دامەزراندووە. ئەگەرچی چۆنیەتیی پێوەندییەکە و ناوەڕۆکەکەی بۆ ڕای گشتی دیار نیە، بەڵام ئەگەری ڕاسپاردەیی ئەوان بۆ لێکترازاندنی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە هەموو ئەگەرەکان بە هێزترە.
سایتی هەوالنێریی “کوردپرێس” کە ئەرکی زەق کردنەوەی ئیسلاحتەڵەبانی کورد و بە ڵاڕێدا بردنی مەسەلەی کوردی لە ئەستۆیە، لە سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵەوە لە توێی چەندین دیمانەدا پرسی “هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی”ی هێناوەتە بەرباس. ئەو دیمانەگەلە لێکدانەوەو شرۆڤەی زانستی نین، بەڵکوو سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو، کۆمەڵێک پرسیاری دیاریان ڕووبەڕووی ئیسلاحتەڵەبە ناسراوەکانی کوردستان کردۆتەوە. کۆی وڵامەکان بەرەو ئاراستەیەکی یەکدەست کاناڵیزە کراون و هەوڵی زەمینە خۆش کردن و پەردەلادان لە پرۆژەی جووڵانەوەیەکی نوێ لە کوردستان دەدەن. تێکڕای میوانانی ئەو زنجیرە دیمانەیە لە سەر ئەوە کۆکن کە چیدی ناکرێ لە ژێر تیتری “اصلاح طلب” و “اصولگرا” داوا لە خەڵکی کوردستان بکەین لە سەر سندووقەکانی دەنگدان کۆ ببنەوە. هەروەها بۆ گرفتی “تێپەڕین لە قەیران”ی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی سیاسیی کوردستان و ئێران، پێداگری لەوە دەکەن کە دەبێ بیر لە ڕەوتی سێهەم بکرێتەوە. جا ئەو داهاتووەی باسی لێوە دەکرێ زۆر دوور نیە و هەر ئێستایە، بۆیە بەزوویی دەردەکەوێ کە نیگەرانیی ئەوان قەیرانی نیزامی جینایەتکاری ویلایەتی فەقیهـە یا قەیرانی دۆخی خۆیان یا … ؟!
سەرچاوەکان
١ تراژدی دموکراسی در ایران– عمادالدین باقی
٢ نقش نیروهای اجتماعی در زندگی سیاسی- دکتر حسین بشیریه
٣ عالیجناب سرخپوش و عالیجنابان خاکستری، آسیب شناسی گذار به دولت دمکراتیک- اکبر گنجی
٤ Jeunesse d’Iran, les voix du changement (لاوانی ئێران و دەنگی گۆڕان)
٥ https://www.franceinter.fr/monde/tous-ce-que-vous-avez-toujours-voulu-savoir-sur-les-dictateurs (ئەوەی پێویستە دەربارەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بیزانن)


