ئارامتر بخوێنەوە!

کارکردەکانی دەسەڵات؛

چەواشەکاری و نەزۆککرنی بیر

مامەند عەلیار


“نەزۆک کردنی مرۆڤی داهێنەر لە بواری بیرکردنەوە بە چەند هۆ دەتوانێ پلانێک بێ کە کۆی دانیشتوانی وڵاتێک بخاتە دۆخێکی دژوارەوە. چون بە هۆی دووپات بوونەوەی بیر و ئایدۆلۆژیای حاکم، گوتارێک دەتوانێ بەرە بەرە لە ڕواڵەتی توند و تیژەوە بە شێوەیەکی نەرم و نیان بخزێتە ناو سیستەمی خوێندن و ئیداری و ڕەسانەیییەوە و لە بارێکی وادا و چون دامودەزگای تەریبی هەواڵگری، گوشار و … خەریکی کۆنتڕۆڵی مرۆڤەکانن؛ ئەو مرۆڤانەی لە گوتاری سەپاو و زاڵ لادەدەن و خەریکی بەرهەمهێنانی مەعریفەیەکی جودا و دژ بە مەعریفەی باوی دەسەڵاتن؛ دواتر دەکرێنە ئامانج کە لە درێژەدا باسی دەکەین.”


“جۆڕجیۆ ئاگامبێن”, لە کتێبی “رووتیییەکان” و لە بەشی “لەمەڕ ئەوە شتانەوە کە دەتوانین نەیان کەین”دا، گوتەیەک لە “ژیل دۆلۆز” بە قەرز وەدردەگرێ و بابەتەکەی خۆی پێ دەست پێدەکا؛ ئەویش باسی کارکردی دەسەڵاتە. دۆلۆز پێی وایە کارکردی دەسەڵات، بە واتای جودا کردنەوە و دابڕاندنی مرۆڤەکانە لەوەی کە دەتوانن بیکەن. بە واتایەکی دی، یەکێک لە کارکردەکان ئەوەیە کە ببێتە لەمپەر لەبەرامبەر مرۆڤدا، بۆوەی لە توانایییەکانی دابڕێ و پاشگەز بێتەوە لەوەی دەتوانێ و دەبێ بیکا. واتە مرۆڤەکان لە وزە و توانایییەکان بەتاڵ کاتەوە. لەو وزە شاراوانەی کە دەبێ و پێویستە بێنە ئاستی کردارەوە. “جا ئەو بەکردەیی نەبوونە، ڕەنگە بە دوو هۆکار ڕوو بدا. یان بە هۆی نەڕەخسانی بوار و دۆخێک بۆ ئەنجام دانیان و، یان بە هۆی قەدەغەیەک کە لەسەر ڕێی ئەو بە کردە دەرهێنانەی تواناییی مرۆڤەکان، خراوەتە ڕوو. لە هەر دوو بواردا، دەسەڵات مرۆڤەکان لە تواناییی خۆیان دادەبڕێ و، بەو شێوەیە نەزۆکیان دەکا. ئەوەش تاقەت پڕووکێنترین و دژوارترین سیمای دەسەڵاتە.”

بەو شێوەیە ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردووی سیستەمەکانی دەسەڵاتی سەپاو لە چەند دەیەی ڕابردووی ئێران بدەینەوە، دەتوانین بە هێندێک ئاکام بگەیەن کە بۆ شیکاریی زیاتر و بۆ خستنەوە سەر یەکی بەشە لێک جوداکانی سیاسەتی دەسەڵاتی زاڵ بەکارمان دێ.

وەگەڕ خستنی دەزگای هەواڵگری و پەلوپۆ هاویشتنی ئەو دەزگایانە بۆ ناو تەواوی بەشە ئیدارییەکان لە هەمو ئاستێکدا، ئەگەرچی سیستەم لە ژێر ناوی پاراستن دایمەزراندوون و بە شێوازی جۆراوجۆر بەڕێوەیان دەبا، لە ڕاستیدا بۆ بە کەرەستە کردن و بەتاڵ کردنەوەی هەموو مرۆڤەکانە، لە تێکڕای ئەو بیر و کردەوەیەی جودا لە ویستی سیستەم و ویستی دەسەڵات بەرهەم دێ. ئەو کردەیە لە چەشنی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ تەنانەت ڕەخنەگرانی هەر بەشێک لە بەشەکانی جومگەی دەسەڵاتدا دەردەکەوێ. چون سیستەم نایهەوێ جگە لە نەخشەڕێگا و هێڵێکی فکری کە خۆی پەرەی پێ دەدا و لەسەری دامەزراوە، هیچ چەشنێکی دی لە بیرکردنەوە لە دایک بێ، هێز بگرێ و لە ئاکامدا ببێتە ڕەقیب.

بەستنی هەموو ڕۆچنەکان، لە ڕیگای کۆنتڕۆڵی کۆی جومگە ئیدارییەکانەوە لە لایەک و، کۆنتڕۆڵی ناوەند و بنکە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕێگای سانسۆڕ و سڕینەوەی هەموو یان بەشێک لەو شتانەی کە دەبوو و دەکرا ئەنجام بدرێن و ئەو ئیزنیان پێ نادا، لە لایەکی دیکەوە، دیسانەوە سڕینەوەی ڕەقیبێکی کۆمەڵایەتی یان هێزێکی لە ناخداهەڵگری کۆمەڵایەتییە. ئەو جومگانەش لە ڕێگای نەهادسازی لە کۆمەڵگادا کۆنتڕۆڵ دەکرێن. بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو کارەش هێزی جۆراوجۆر و بە ناوی جیاوازەوە بە کۆمەڵگا وەردەکا. لە ڕابردوودا نموونەی ئەو هێزانە لە کومیتە جوداکانی ئینقلابیدا که بە پاشگری ئایدۆلۆژیکەوە خۆیان دەنواند و دەناسران و لە ئێستاشدا هێزی لە گوێن بەسیج و … کۆی ئەوانە نەهێشتنەوەی دەرەتانە بۆ سەرهەڵینانی ڕەقیبێکی کۆمەڵایەتی کە هەڵگرێ ئەوە هەیە هەم کۆمەڵگا و هەم ڕەخنەگران و هێزە سیاسییەکانی کورد، بە وردی لەسەری هەڵوێستە بکەن.

2

لە بواری سیاسیدا هەمیشە و بە درێژاییی مێژووی زانستی سیاسی، لە نێوان دوو چەمکی “کردەی سیاسی” و “تیوریی سیاسی”دا جیاوازی هەبووە و هەموو بیرمەندانیش لە ڕوانگەی جیاوازەوە، ئەو هێڵە جوداکەرەوانەی، ئەو دوو بوارە لێک هەڵداوێرن، دەست‌نیشان دەکەن. هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی سەرچاوەکانی پێوەندیدار بە بنەماکانی زانستی سیاسەت لە دوو بەشی سیاسەتی کردەیی و سیاسەتی نەزەری بخەنە بەرباس و پێناسە و، تیشک بخەنە سەر هێڵی هاوبەش و جیاکەرەوەی ئەو دوو بوارە.

ئەگەر بمانهەوێ ساکارترین جیاوازیی ئەو دوو بوارە بخەینە ڕوو، بێ ئەوەی لە ڕووکارەوە بەرەو قووڵاییی بابەتێکی هەراوی لەو چەشنە بڕۆین، دەبێ لەسەر ئەو خاڵە بدوێین کە سیاسەتی کردەیی ئەوەیە کەسی سیاسەتمەدار بە کردەوە و لە پانتای کاری سیاسیی خۆیدا حەولی بۆ دەدا و بە ئەنجامیان دەگەیەنێ و بەو شێوەیە سەرچاوەکانی دەسەڵات داگیر دەکا یان وەدەستیان دێنێ. جا ئەو سیاسەتمەدارە چ کەسیکی دێموکڕات بێ و چ کەسێکی تا سەر ئێسقان تۆتالیتێر و پاوانخواز و …

سیاسەتی نەزەری کە بە شێوەیەکی دی دەتوانین بڵێین تیۆری و بیروڕا سیاسییەکان لە دێر زەمانەوە تا ئێستا دەگرێتەوە، مەودای باس و هەرێمی جووڵەی، بێ سنوور یان لانی‌کەم دەتوانین بڵێین زۆر بەربڵاوە و، لە لایەکی دیکەوە هەموو کەسێک دەتوانێ لە سەرچاوەکانی ئەو بوارە بەشی خۆی هەلێنجێ و پاشان لە ئاستی بەرهەم هێنانی واتا و وتاری سەرچاوە گرتوو لە خوێندنەوەکانی، تێز و قسەی خۆی پێ بێ.

کێشەی سەرەکی و بنەماییی دەسەڵات لێرەوە دەست پێدەکا. بواری سیاسەتی نەزەری بەربڵاوە و پێوەندیی بە کۆمەڵ‌ناسی، دەرون‌ناسی، ئابووری، ئەدەبیات و هونەر و … زۆر بواری دیکەوە هەیە؛ هەر بۆیە بوارە نوێیەکانی زانستی مرۆیی کە خوێندنەوە نێوان ڕشتەیییەکانی وەک کۆمەڵناسیی سیاسی و دەروونناسیی سیاسی و ئابووریی سیاسی و … دەگرێتەوە، سەریان هەڵداوە و پسپۆڕان و بیرمەندانی هەر کام لەو بوارانە، بە شێوەیەک کاریگەرییەکانی سیاسەت و بواری کردەیی خۆیان دەخەنە ڕوو و هەڵیدەسەنگێنن و، لە ئاکامدا بیریکی نوێ بەرهەم دێنن، کە ئەو بیرە لە چوارچێوەی ویستی سیستەمی داسەپاودا نییە؛ بەڵکوو بەرهەمی ئەندێشەی مرۆڤی ئازادی کۆمەڵگایە. مرۆڤێک کە لە دەروەی ویستی دەسەڵات خەریکی بەرهەمهێنانی مانایە.

ئەگەر لە ڕوانگەی دۆلۆزەوە بۆ ئەو بابەتە بڕاونین، دەبینین کە کارکردی دەسەڵات ئەوەیە مرۆڤ لە تواناکانی دابڕێ و پاشگەز بێتەوە لەوەی دەتوانێ و دەبێ بیکا. واتە لە هەموو ئەو بوارانەی باس کرا، چ ئەو مرۆڤەی  وەک بەشێک لە سیستەمی ئیداری لەو وڵاتانی تووتالیتێردا خەریکە کار دەکا، بە گوشار و هەبوونی سیستەمی چاوەدێری دامەزراو لەو نەهاد و دامەزراوانەدا، ناتوانێ جودا لە هەموو ئەو مودێلانەی سیستەم پێشنیاری پێ دەکا، کردە و بیرێکی دی بخاتە ئارا. خستنەڕووی بیرێکی جیاواز و ڕەخنەگرانە، بێ شک سزای بەدواوەیە و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کۆی سیستەمی ئیداریی ئەو حکوومەتانە، پڕ بێ لە دووپاتەبوونەوەی ئەو مرۆڤانەی کە ناتوانن توانایییەکانی خۆیان وەگەڕ و وەدەر خەن و بەو شێوەیە دەسەڵات مرۆڤەکان نەزۆک دەکا.

نەزۆک کردنی مرۆڤی داهێنەر لە بواری بیرکردنەوە بە چەند هۆ دەتوانێ پلانێک بێ کە کۆی دانیشتوانی وڵاتێک بخاتە دۆخێکی دژوارەوە. چون بە هۆی دووپات بوونەوەی بیر و ئایدۆلۆژیای حاکم، گوتارێک دەتوانێ بەرە بەرە لە ڕواڵەتی توند و تیژەوە بە شێوەیەکی نەرم و نیان بخزێتە ناو سیستەمی خوێندن و ئیداری و ڕەسانەیییەوە و لە بارێکی وادا و چون دامودەزگای تەریبی هەواڵگری، گوشار و … خەریکی کۆنتڕۆڵی مرۆڤەکانن؛ ئەو مرۆڤانەی لە گوتاری سەپاو و زاڵ لادەدەن و خەریکی بەرهەمهێنانی مەعریفەیەکی جودا و دژ بە مەعریفەی باوی دەسەڵاتن؛ دواتر دەکرێنە ئامانج کە لە درێژەدا باسی دەکەین.

رووبەڕوو بوونەوەی وا لە سەردەمی زوودا، ڕووکارێکی تووڕە و توندوتیژی هەبوو. ئەو ڕووکارەش بە سیمای چەکداری و دەزگای سەرکوتی دەسەڵاتەوە دیاریی دەکرد. دژکردەوەی کۆمەڵگا و بەتایبەت بەرهەمێنەرانی واتای نەباو لەگەڵ ئەو گوتارە، بوارێکی ناسیاری بۆ کۆمەڵگا دەڕەخساند کە کۆمەڵانی خەڵک لە مابەینی دوو بژاردەی ڕووندا بریاڕ بدەن. بژاردەیەک سیمای ڕووتی سەرکوت و داگیرکاری بوو کە بە گوتەی بیرمەندانی بواری کلۆنیالیسم هەموو حەولی بۆ ڕووشاندنی سیمای گوتاری بەرانبەری چڕ دەکاتەوە. بەڵام چون ئەو هێرشە لە لایەن ئەو بەشە لە دەسەڵاتەوە یاریی دەکرد کە سیمای باو و ناسراو بوو، ناسینەوەی گوتار و ئاکامەکانیشی بۆ خوێندەوارن و ڕووناکبیران و تەنانەت کۆمەڵگاش سانا بوو. بە درێژاییی هەموو ئەو ساڵانەی ئەو دوو ئوردووگایە لە پانتای کۆمەڵگادا دژ بە یەک بوون، جگە لە تاقمێکی ناسراو کە شوناسی نەتەوەیی و گوتاری ڕۆشنبیرانی خۆیان دۆڕاندووە و فەرامۆش کردووە و بە ناوی جۆراوجۆری نەرێنییەوە پێناسە کراون، کەم وا هەبووە کۆمەڵگا لە ناسینەوەیاندا تووشی ڕێی ئەستەم بووبێ.

بژاردەی دووەم کە دیاردەی دوو دەیەی ڕابردووی سیستەمە و لە دەیەی ڕابردوودا بە پانەوە نەهادسازیی بۆ کراوە، زۆر ڕەهەند دەگرێتەوە کە پێویستە هەم لایەنە سیاسییەکان و هەم هەموو کۆمەڵانی خەڵک حەولی ناسین و ناساندنیان بدەن.  بۆ وێنە گۆڕینی ئاراستەی ڕووبەڕوو بوونەوەی دەسەڵات لەگەڵ تاک و هێزە کوردییەکان، گۆڕینی گۆشە نیگای گوتاری زاڵ، گۆڕانی هەڵگرانی ئەو گوتارە و زیاد کردنی لایەنی بە لاڕێدابەر بۆ چینەکانی مام ناوەند و خوارووی کۆمەڵگا، بەشێک لەو شتانەن پێویستیان بە شرۆڤە و ڕوون کردنەوەی زیاترە. لەو بژاردەیەدا، سیستەم بە ئەسپاردنی ئەو ئەرکە بە تەیفێکی جودا لە تەیفی ناسراو و بە کۆمەڵە سیمایەک بە ئەدەبیاتێکی ئاماڵ ڕووناکبیرانە و ئاماڵ کوردانە و تەنانەت جارجار ئەدەبیاتی نزیک لەئەدەبیاتی ئۆپۆزیسیۆن؛ حەولێکی چەند مەبەستەی خستووەتە ئارا. یەکەم؛ گۆشەنیگا لە نیگای داگیرکارانەوە ئاوێتەی نیگایەکی مەیلەو کوردی بکات. دووهەم؛ بکەرانی ئەو یارییە، سیمای سیستەمیان تێدا نەناسرێتەوە. سێهەم؛ ئاراستەیەکی مەیلەو ڕەخنەکارانە بگرنە بەر کە بابەتە ناهەستیارەکانی وەک ئاوەدانیی شاری و بەربەستەکانی پەرەگرتنی پیشەسازی و … بکەنە هەوێنی باسەکانیان و لە ئاکامدا کۆی ئەوانەش بە دەستنیشان کردن و باس کردن لە نابەرپرسایەتیی هێندێک بەرپرسی ناوچەیی پاساو بدەنەوە و، بەو شێوەیە، کێشەیەکی هەڵقوڵاو لەسەر شوناس، مێژوو، جوگڕافیا و مافی نەتەوەیی، دابەزێننە سەر ئاستی وردە گرفتی “تەوسعەیی” کە لە “کۆمەڵناسیی پەرەستاندن”دا کۆی ئەوانە لە هەڵبژاردنی مودێلەکانی ئابووریدا کورت دەکرێتەوە و ڕێگای بۆ دەدۆزرێتەوە. واتە سڕینەوەی گۆشە نیگای کێشەی نەتەوەیی بۆ گرفتی ئابووری و ئاوەدان کردنەوە هەر ئەو بابەتەیە کە دەکرێ کەسێکی گوند نشینی دەوروبەری تاران یان تەنانەت باشووری تارانیش بە پێی مودێلی کێشە ئابوورییەکانی جیهانی سێهەم و وەک کێشەکانی “باکوور-باشوور” لە تیۆریی پەرەنەستاندندا بیخاتە ڕوو. ئەوە لە کاتێکدایە کێشەی کورد و دابەزاندنی ئاستی بۆ ئەو پلەیە، واتە سڕینەوەی مێژوویەکی پڕشەنگداری خەباتێکی ڕەوا بۆ وەدیهێنانی خەونی نەتەوەیەک.

لە بەرانبەر ئەو نەهادسازییە نوێیەی دەسەڵات و خستنە ڕووی ئەو گوتارە تازەیە بە نیسبەت کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بە هۆی ئەوەی ئازادیی ڕەسانەیی و ڕادەربڕین لە گۆڕێدا نییە، ڕەنگە ڕادەی ئەو کەسانەی دژ بەو ئاراستەیە هەڵوێست دەگرن دەگمەن بن. بەڵام کۆمەڵگای ڕۆشنبیری بە هەڵوێستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وا نییە دەستەوەستان بووبێ و هەرچەند کەمیش؛ بەڵام لە هەموو شارەکان هەڵگرانی بیری نەتەوەیی و شوناس خواز بەردەوام لە چالاکیدان. سیستەم بۆ دەمکوت کردن و سڕینەوەی ئەو تاقمەش دوو ئاراستەی گرتووەتە بەر. یەکەم بە ترساندن و خستنە ژێر چاوەدێرییان ڕادەی چالاکییەکانیان بەرتەسک دەکاتەوە. دووەم چون ئەو تاقمە لە هەڵگرانی بیری نەتەوەیی و شوناس خواز، ڕێگای جۆراوجۆر بۆ پاراستنی ئەو نەریتە فکرییە دەگرنە بەر و تا ڕادەیەک لە سازکردنەوە و ساغ کردنەوەی سیمای ڕووشاوی شوناسی کوردی بەرگری دەکەن، هەر ئەوە هەستیاریی کۆمەڵگای کوردستانی بە نیسبەت ئەو تاقمەوە لێکەوتوەتەوە. ئەوەش بابەتێکە کە بە درێژاییی دوو دەیەی ڕابردوو، ویستی دەسەڵات بۆ لەناوبردنیان پەرەی ستاندووە. دەسەڵات، لە خاڵێکدا کە تواناییی وەستانی ئەو ڕەوتەی نەبوو، ڕێگای کۆتایی یان پلانی ڕووخان بەڕێوە دەبا تا بەو شێوەیە، لە ڕێگای دەسەڵاتی ڕاگەیەنە و ڕاگەیەندکارانی ژێر پەردەی دەسەڵاتەوە، باوی هەنگاوی ئەو چالاکانە خاو کاتەوە یان بە گۆتەی فیلسووفی گۆرین، ڕێگا بەو تواناییانە بگرێ کە دەبوو وەگەڕ بخرێن یان لەگەڕ دان و بەرژەوەندیی نەتەوەی خۆیان بەرەو پێش دەبەن. تاکتیکی ئەو تاقمە، پەنا بردنە بەر هەمان بیرۆکەیە کە پسپۆڕانی بواری ڕەخنەکاری تووتالیتاریسم ورووژاندوویانە؛ ئەویش وەگەڕ خستنی دەزگای درۆ سازی و پڕۆپاگاندای چەواشەکارە. ئەو پڕۆسەیە بە دوو ئامانج و دوو ئاراستەدا بەڕێوە دەبا. یەکەم لێدانی پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەو تاکانەی بزوێنەری کۆمەڵگان و دووەم مەیل بە خۆ نزیک نیشاندانی یەک یان چەند باڵی ئۆپۆزیسیۆن لە ژێر ناوی “ریفۆرم ویست” و “دژە توند و تیژی” و … کە هەر دوو پلان، بە مەبەستی لیک ترازاندنی کۆمەڵگای کوردی و تەوەللا بوونی هێزەکانی ناوخۆ و دەرەوە لە یەکتر و لە کۆمەڵگایە. بەو شێوەیە هەنگاوێک لە پلانی داگیرکەرانە و کلۆنیالیستیی خۆیدا سەردەکەوێ، کە لە درێژەدا لێی دەدوێین.

دەسەڵاتی تووتالیتێر وەکی”کولاکوفسکی” لە وتاری “پێگەی درۆ و تووتالیتاریسم”دا بە تەسەلی باسی دەکا، دەیهەوێ لە هەموو پانتاکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی مرۆڤەکاندا، دەوڵەت ببێتە دەسەڵاتی بێ بەرامبەر و بێ هاوشان. ویستی تێکڕووخاندنی کۆمەڵگای مەدەنی بە تەواوەتی لەسەردایە و دەیهەوێ هەموو شت و هەموو کەسێک بکاتە موڵکی بیر و کۆیلەی ئایدۆلۆژیای دەسەلاتی زاڵ و، پارێزگاری لە مانەوەی دەسەڵاتی فکری و چەکداری و ئیداریی دەوڵەت بکا. لە لایەکی دیکەوە پەرە بەو بیر و بۆچوونە بدا و هەرچەشنە بیرێکی نەیار سەرکوت بکا و ڕێگای گەشەی پێ نەدا.

بەو پێیە ئەگەر لە کردە و نووسینی هەموو پێگە هەواڵگری و هەواڵدەرییەکان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بڕوانین، حەولی کۆی ئەو دەزگا زەبەلاحە، مەشرووعییەت دان بەوەیە کە هەموو کردە کولتووری، کۆمەڵایەتی و …ـەکان لە ژێر پەردەی دەسەڵاتەوە کراوە و بوودجەی بۆ دابین کراوە و پلانی بۆ داڕێژراوە و، ئەوەش بەو مەبەستەی کە ئەگەر کۆمەڵە حەولێکی جیددی و سەربەخۆش هەن بکەونە ئەو بازنەیەوە و ڕۆچنەیەک بۆ هەناسەی جیاواز نەبێ.

لەبەشی ئاخری کتێبی “چەند وتار لەمەڕ تووتالیتاریسم”دا، لەمەڕ پەرەدان بە درۆ و قسەی هەڵبەستراو لە لایەن دەسەڵاتەوە؛ بابەتێکی سەرنجڕاکێش لەمەڕ کردەیەکی مەترسیداری سیستەم خراوەتە بەر باس، ئەویش بابەتی چەواشەکاریی دەسەڵات یان وەشاندنی تۆوی درۆیە بە شێوەیەکی سیستماتێک.”درۆزنی بۆ بەرژەوەندیی سیاسی لە نیزامی تووتالیتێردا، تا کاتێک کە درۆیەکی ساکارە و مەبەستێکی نییە گرینگایەتییەکی نییە و بۆوە نابێ لێی بکۆڵرێتەوە و توێژینەوەی لەسەر بکرێ. ئەوەی درۆزنی لە نیزامی تووتالیتێردا دەکاتە جێگای سەرنج و هەڵوێستە؛ کارکردە کۆمەڵایەتی، دەروونی و ناسیاریناسییەکانێتی. بۆ وێنە نووسەر دەڵێ ئەگەر ئەو درۆیانەی لە بڵاڤۆکەکانی شووڕەویدا دەبیندران هەر بە زل کردنەوە و درۆیەکی سیاسی ساکار بزانین، لێکدانەوەیەکی زۆر نەزۆک و ڕواڵەتیمان ئەنجام داوە. ئەگەر سەرنج بدرێتە چەند بنکەی هەواڵی ئەو سیستەمە داپڵۆسێنەرە، دەبینین پڕن لە درۆ و بە لاڕێدا بردن. لە هەر بابەتێکیشدا مەبەستێک کە ئەو چەواشەکارانە لە خزمەتیدان، دەردەکەوێ. بەڵام ئەو چەواشەکارییە کاتێک دەبێتە جێگای سەرنج و هەڵوێستە کە لە چوارچێوەی دەزگای زەبەللاحی پڕوپاگاندای “سیستەم” لەو دونیا مودێڕنەدا بخوێندرێتەوە و لێک بدرێتەوە.

لایەنی ناسیاریناسیی ئەو دەزگایە لەو ڕاستییەدا کورت دەکرێتەوە کە سنووری نێوان هێڵی سیاسیی ناسراو و ڕاستەقینە بە تەواوی دەسڕێتەوە  و بەو شێوەیە لەوپەڕی بێ بەربەستیی ئەخلاقی و سیاسی و ئینسانیدا، کۆمەڵگا تووشی سەرلێشێوان دەکا و، ئەوە بە خەڵک ڕادەگەیەنێ کە هیچ شتێک ڕاستەقینە نییە و هەموو بابەتێک کاتێک بەلای ڕاستەقینەدا دەشکێنەوە کە لە ژێر فەرمانی بەرپرساندا بن و، هەر ئەو سێبەرەی بەرپرسان و ئایدۆلۆژیای حاکمە کە ڕاستەقینەساز و تەنیا ڕێبازە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر بە شێوە باوەکانی پێشووی نەیتوانی بە سەر هەر دوو لایەنی تاک و حیزبی دژبەری خۆیدا زاڵ بێ و گوتارەکەی توانای بەربەرەکانێی نەبوو و نەیتوانی متمانەسازی بکا، لە متمانەیەک کە تاک و هێزە دژبەرەکانی لە ناو کورد هەیانە دەترسێ و حەول دەدا هەر دوو لا بخاتە ناو بازنەیەکەوە کە پێی دەگوترێ پانتای گوتاری ئایدۆلۆژیکی دەسەڵات.

لێرەدایە کە سیستەمی ڕەسانەییی چەواشەکاری ڕێژیم دەکەوێتە کار و لە ئاستی یەکەمدا چالاکانی شوناس هەڵگر لە ڕواڵەتدا ناداتە بەر هێرش و تاوانبار کردن بەڵام بە نیشان دانی ئەوەی کە ئەو چالاکانە لە پانتایی کولتووری و کۆمەلایەتییەکدا یاری دەکەن کە ڕێژیم ڕەخساندوویەتی، بەرە بەرە حەولی دابەزاندنی متمانەی کۆمەڵایەتی و پێگەی جەماوەریی ئەو تاکانە دەدا کە وەک نومادی شوناسی نەتەوەییی کوردی ناسراون. بڵاو کردنەوەی ڕۆژانەی هەواڵی مەبەستمەند و گۆڕینی ڕاستییەکان لە سەر ئەو چالاکانە و لە سەر بواری چالاکییەکانیان و نیشان دانی پێوەندیی کار و چالاکیی ئەو چالاکانە بە دەزگا تەنانەت مەدەنییەکانی وەک شارەداری و … مەبەستێکی جودا لە ڕووشاندنی سیمای ئەو کەسانە نییە و ئەوەش ڕاست ئەو بابەتەیە ڕێژیم بە ڕاگەیەندنکارانی “خۆ بەدەستەوەدەری” ناوخۆییی دەکا. لە ئاستی دیکەدا و بە شکست هێنانی ئەو پلانەیە کە ئەوجار ڕاستەوخۆ دەیانداتە بەر پەلامار و بێ هیچ بەربەستێک، ڕێگای سووکایەتی کردن بە چالاکانی سەربەخۆ و نەتەوەیی دەگرێتە بەر.

لە لایەکی دیکەوە دابەشکارییەک کە سیستەم لە ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری کوردی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کردووە، هەڵگری ڕیاکاری و چەواشەکردن و فێڵێکی ئایدیۆلۆژیکە. بە درێژاییی تەمەنی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات، بە هەموو ڕێبازە جوداکانییەوە، نەدیتراوە لایەنێک بە فەرمی خۆی بە “ریفۆرم خواز” و ساغ کەرەوەی پێکهاتەیەک زانیبێ کە پێی دەگوترێ “دەسەڵاتی داگیرکار”. بەڵکوو هەموو لایەنەکان لانی کەم لە ویستێکدا هاوبەشن کە ئەویش دابین کردنی ویست و داخوازییە سیاسییەکانی نەتەوەی کورده. ڕاستە ڕێگا و ئاراستەی ئەو لایەنانە بە پێی پەیڕەو و پڕۆگڕامی خۆیان لەیەکدی جیاوازە و ئەوەش هەم پاساوی لۆژیکیی خۆی هەیە و هەمیش لەگەڵ فەلسەفەی وجوودیی هەر کام لەو هێزانە دەتوانێ یەک بگرێتەوە، بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش و هەڵبەت کەمتر ئاوڕ وێدراوی ئەو کایەیەی کە دەسەڵات دەستی پێکردووە، ئەوەیە کە هەندێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی کردووەتە ئامانج و ئەوەش تا ڕادەیەک دڕدۆنگییەکی ساز کردووە کە هەمان ویستی دەسەڵات و سیاسەتی لانی کەم بیست ساڵەی ڕابردوویەتی.

رەنگە زۆر تاکی کورد ئەو پرسیارەی بۆ ساز بووبێ؛ ئایا ڕێفۆرمخواز بوونی هێزە کوردییەکان، ئاراستەیەکی تایبەتە یان تانەیەکی سیاسی؟ ئایا لە کاتێکدا هەر کام لەو هێزانە حەول دەدەن لە هەلی گونجاودا لەگەڵ سیستەم وتوێژ و “موزاکەرە” بکەن، باوی ئەوە ماوە کە ڕێفۆرمویستیی لایەنێک ببێتە تانە؟ ئایا ئێمەی کورد و خوێندەوار و سیاسیی کورد تووشی “وەهمی تیۆریی پیلانگێڕی” نەبووین کە مەبەستی لەو بابەتە دەورووژێنین؟

کۆی ئەو پرسیارانە پێوەندییان بە سەراپای باسەکەمانەوە هەیە کە لە ئاراستە نوێیەکانی دەسەڵاتەوە تا سیستەمی چەواشەکاریی ڕێژێم دەگرێتەوە.

٣

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند دەستەواژە لە فەزای سیاسی و ڕەسانەییی کورد چ لە باشوور و چ لە ڕۆژهەڵات زۆر دووپات بوونەتەوە. بۆ درێژەی باسەکە پێویستە چەند دانەیان ناو بێنین. دەستەواژەی وەک “رۆژهەڵات تەوەری”،”راسانی شاخ و شار”، “گوتاری هاوبەش”،”گوتاری نەتەوەیی”،”ناوەندی هاوکاری” و …

لە ناو کۆی ئەو دەستەواژانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دەق و ڕاگەیەنەی بیستراو و بیندراودا، دەنگ و ڕەنگیان داوەتەوە، بە ئەنقەست ئەو چەند دەستە واژەیەم هەڵبژاردووە کە بە دەوری دالی ناوەندی گوتاری ڕۆژهەڵاتدا دەسووڕێنەوە.

هەر هەموو ئەو دەستەواژانە نیشان‌دەر و دەربڕی ویستێکی هاوبەشی سیاسین. ویستی جودا کردنەوەی شوناس و ئامانجی کوردی ڕۆژهەڵات لە نەتەوەی سەردەست و سیستەمی دەسەڵاتدار. “رۆژهەڵات تەوەری” هەر لە سەرەتاوە ئەگەر وەک دروشمی لایەنێکیش خۆی نواندبێ چون هەڵگری بەشێک لەو ویستانە بوو کە پێوەندیی بە کێشە جوداکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بوو؛ دەکرێ بگوترێ ئەگەرچی لایەنەکانی دیکە نەشیاندرکاندبێ، بەڵام دڵیان وێڕای ئەو ویستانە کورکاندوویەتی و ڕەنگە گوترابێ و نووسرابێش کە ئەوە هەر ئەو شتەیە کە ویستەکانی ئێمەش تێیدا ڕەنگی داوەتەوە. دەربڕینێکی لەو چەشنە بۆیە ئاسایییە کە کێشەی هاوبەش زۆر جار پلان و نەخشە ڕێگای هاوبەش دەخوڵقێنێ. بەڵام دڕدۆنگییەک بۆ بەردەنگی ئەو دروشم و نەخشە ڕێگایە بەردەوام لە ئاراد بووە کە بە داخەوە کۆی پڕۆژەکە لەگەڵ پرسیاری جیددی ڕووبەڕوو دەکاتەوە. ئەویش ئەوەیە کە ناکرێ لایەنێک هەڵگری ئەو بیرۆکە و پلانە بێ و لە لایەکی دیکەوە لە کردەوەدا وا دەرکەوێ هاوئاهەنگ و تەریب لەگەڵ ڕەوتە ڕێفۆرمویستەکان، یارمەتیی مانەوەی سیستەمێک دەدا و بە گۆڕانێکی ڕواڵەتی ڕازی و دڵخۆشە. گۆڕانی وا کە دەسکەوتی بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بیست و چەند ساڵی ڕابردوودا – هیچ – بووە. هەر بۆیە پێویستە پلانی ڕۆژهەڵات تەوەری بەرز ڕاگیرێ و ڕواڵەتی کردەکانی لایەک ئەو دڵخۆشییە بۆ سیستەم ساز نەکا کە لایەنێک لە لایەنەکان، هەنگاوی پێ شل بووە بێ ئەوەی کورد دەسکەوتێکی بووبێ. ئەگەرچی کردەو کاری کۆی ئەو لایەنەش لەبەرانبەر ڕێژیمدا شۆڕشگێرانە و بوێرانەیە، بەڵام ئەو تەمە پێویستە بڕەوەێتەوە و سیمای گەش و بێ خەوشی هەموو لایەنە دڵسۆزەکان هاوهەنگاو لەگەڵ یەک دەرکەوێ. شاراوەیی لە سیاسەتی کوردیدا و نەخشاندنی سیمای ناڕوون هەمان ویستە کە دەسەڵاتی سەردەست دەیهەوێ بە کردەیی دەربێنێ و بەو شێوەیە وێنەی ڕوونی ویستی کوردی پێ بڕووشێنێ.

“راسانی شاخ و شار”یش ئەگەر لێک گرێدانەوەی دوو جەمسەری خەباتی ناوخۆ و دەرەوە، دوو جەمسەری خەباتی چەکداری و مەدەنییە، تا ئێستا هیچ کام لە هێزە کوردییەکان هیچ لایەک لەو دوانەیان لە بەرژەوەندیی ئەوی دیکە نەسڕیوەتەوە. ڕەنگە لایەنێکیان کەم هێز کردبێ یان بەشێوەیەکی تاکتیکی وەستاندبێ، بەڵام وەک پلانی درێژخایەن وا نییە هیچ کام لە هێزەکان حاشایان لە لایەکی ئەو دوو چەمکە و ئەو هێزە بە تەوژمە کردبێ . کەواتە دیسان دەکرێ بڵێین کۆ دەنگییەکی شاراوە لە سەر ئەو بابەتەش هەیە. ئەو کۆدەنگییە شاراوەیە دواتر لە چەند دەستەواژەی وەک “گوتاری هاوبەش” و “پلانی هاوبەش” و دواجار لە دەستەواژەی “ناوەندی هاوکاری”دا خۆی نواند و ئەوە دوایین پلانی بەشێکی زۆر لە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵاتە.

ئێستا ئەگەر بە پێی ئەو بابەتانەی باس کران لە پرسیارەکانی پێشوو ورد بینەوە، دەتوانین وڵامی ئەوپرسیارە بدەینەوە  کە بۆ هیچکام لەو هێزانە ناتوانن ڕیفۆرمویست بن؟ هیچ هێزێکی لە دەرەوەی دەسەڵات و لە دەرەوەی وڵات، ناتوانی ڕیفۆرم لە پێکهاتەیەکدا پێک بێنێ کە نە ڕۆڵی لە ساز کردنیدا هەبووە و نە لە بەڕێوەبردنیدا بەشی دراوە و نە دەستی بە هیچ میکانیسمێکی یاسایی ڕادەگا کە چاکسازیی تێدا بەدی بێنێ. “شەڕ نەویست” بوون کە دروشمی هەموو هێزەکان بووە و هەموو هەر لەسەرەتاوە باسی “بەرگریی ڕەوا”یان کردووە، لەگەڵ ڕێفۆرمیست بوون بۆ پێکهاتەی حاکمییەتێکی تووتالیتێر، جیاوازییەکی بەرینیان هەیە.

ئەگەر لە پێوەندیی ئەو باسە بە سیستەمی چەواشەکاری دەسەڵاتە تووتالیتێرەکان بگەڕێین، دەتوانین لەو خاڵەوە دەست پێبکەین کە سیستەم، سەرەتا لە ڕێی هەواڵدەری و هەواڵگری و ڕاگەیاندکار و تەنانەت شرۆڤەکارانی دەستەمۆی خۆیەوە، حەولی داوە لایەنێک لە لایەنەکان بە گوتارێکەوە بلکێنێ کە فەلسەفەی وجوودیی ئەو گوتارە بەربەستێکی پۆڵایینە و ئیزن نادا ئەو لایەنە دزە بکاتە هیچ کام لە ئەرکانەکانییەوە و ئیمکانی ئەوەی نییە کە تەنانەت ئەگەر مەیلێکیش بۆ نزیک بوونەوە هەبێ لە خۆیدا وەریبگرێ. هەرچەند ڕاستییەکان مەیلێکی وا دەرناخەن. ویستی وتووێژ و گۆڕینی بۆ ڕێفۆرمخواز بوون، لە پلەی یەکەمدا پیلان و پلانێکە بۆ لێک ترازاندنی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی. لە پلەی دووەمدا ڕووی ئەو کایە ڕەسانەیییەی دەسەڵات لە خەڵکی ناوخۆیە. بەو مەبەستەوە کە لایەنێک لە لایەنەکان، ئاستی داخوازییەکانی تا ڕادەی هاتنە ناو ڕیزی ڕیفۆرمویستەکان دابەزیوە و زیاتر ویستێکی ڕوو لە پۆستی ئیداری و سیاسییە نەک ویستێکی شوناسخوازانە و نەتەوەیی. لەو ڕێیەشەوە لە ئاکامی کۆتاییی خۆی واتە ڕووشاندنی سیمای لایەنێک لە لایەنەکانی کوردی ڕۆژهەڵات دەگەڕێ. تا بتوانێ لەو ڕێیەوە متمانەیان لە ناو خەڵکدا لاواز کا و لەو لاشەوە لە هێزەکانی دیکەیان داببڕێ. ئەو ڕاستیە پاش دوایین کۆنگرەی حدک و هەڵوێستی هەواڵدەرییە کوردینووسە خۆ بەدەستەوەدەرەکانی ڕۆژهەڵات بە جوانی دەرکەوت کە نووسییان، بە خۆشییەوە ترۆریستان دەنگیان نەهێناوە. ئەو هەواڵە ئەگەر لە زەمینەی باس و خواسەکانی دیکەی نووسراو لە باری هێزە کوردییەکانەوە و بە پێی شێوازی “شیکاریی ناوەرۆک” بخوێندرێتەوە، تەنیا هەواڵیک نییە بۆ ڕووی خۆش نیشان دان بە لایەنێکی تایبەت، بەڵکوو خستنە ژێر پرسیاری کۆی خەباتی نەتەوەییی کوردە لە ڕۆژهەڵات و تاوانبار کردنی بە تێروریست بوون؛ لە لایەکی دیکەشەوە دابەزاندنی ئەو شۆڕشگێڕانەیە کە خوێنیان بەخشیوە و گیانیان لە سەر دەستانە، دابەزاندنی شۆڕشگێڕە تا ئاستی چالاکێکی ڕیفۆرمویستی بەرژەوەندیخواز لە دەسەلاتی سەپاو.

  چەواشەکاریی گەورەی ڕەسانەییی سیستەمی تووتالیتێر بۆ ترساندن، ڕووشاندنی سیمای کوردانەی چالاکان و هێزە سیاسییەکان تا ئێستا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەرەی گرتووە و لەمەولاش دەوامی دەبێ، هەر بۆیە بۆ هەر دووک بواری باس کراو ئەگەر کۆی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات پلانی هاوبەشیان نەبێ، بزووتنەوەی کورد لە ناوخۆ و دەرەوە خەساری گەورەی تووش دەبێ و وەکی “دۆلۆز” دەڵێ، دەسەڵات نایەڵی چ ئەو تاکانەی هێمای کوردایەتین بە هەموو شەبەنگەکانییەوە چالاک بن و ناچالاک و نەزۆک و لاوازیان دەکا و، چ ئەو لایەنانەی زەمینە بۆ ئەو تێگەیشتنەی دەسەڵات ساز دەکەن؛ متمانەیان لە کزی دەدا و ئەوەش خەسارێکە بۆ هەموو خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەنگە شیاوی ئەوە بێ بە وردی هەموو لایەنەکان بیری لێ بکەنەوە و پلانیان بۆی هەبێ.