ئارامتر بخوێنەوە!

ڕێگای ڕزگاری

ماکوان کوردستانی


“سووژەی داگیرکەر هەوڵ دەدا بۆ خزمەت بە داگیرکەر ڕێگەیەکی بە ڕواڵەت نێونجی بگرێتە بەر کە «هەوڵ بۆ ڕزگاری » لە شەرعییەت بخات. بەڵام ئاگامەندانە لە میتۆدۆلۆژیی زانستی خۆی دەدزێتەوە. بۆ وێنە ڕێفۆرمیستە کوردەکان لە ڕۆژهەڵات، بە جێی ئەوەی لەسەر گۆڕینی پێکهاتەی سیاسی بڕۆن، هەوڵ بۆ فەزای سیاسیی کراوە دەدەن. لە کاتێکدا بۆخۆیان بە باشی دەزانن لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئەگەر پێکهاتە نەگۆڕدرێت، فەزای سیاسیی کراوە مسۆگەر نابێت.”



پێشەکی

پرسیار، ئەو هەڵوێستەیە کە مرۆڤ لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هەر دیاردەیەکدا بۆی ئامادەیە. جا ئەگەر ئەو دیاردەیە ناڕوون و هۆکارەکانی نادیار بێت، پرسیار کردن زەقتر و بوێرانەتر دەبێتەوە. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر دیاردەیەکی دیار و نادیار پێویستی بە ڕوانگە هەیە، تەنانەت بۆ ئەوەش کە بە دیار یان نادیار ناودێر بکرێت. ڕوانگە، سیستەمێکی واتایییە کە تاک و تاقم، کۆمەڵگا و نەتەوە، ڕووداو و دیاردەکانی پێ دەخوێننەوە. لە نەبوونی پاشخانی ڕوونی واتاییدا مرۆڤ لە گێژاوی پرسیارەکاندا دەمێنێتەوە و دوای ماوەیەک لە پرسیار کردن سڵ دەکات و لە ئاکامدا خودی پرسیاریش لە بیر دەباتەوە. مرۆڤ دوای بەئاگا بوون لە پێگەی خۆی لە سروشتدا ڕووبەڕووی گەلێک پرسیار بووەوە. پرسیار لە کارەساتە سروشتییەکان، دیاردە سەرسوڕهێنەرەکان و…. بۆ وەڵام دانەوە، یەکەم هەوڵی پەنا بردن بۆ مێتافیزیک و جادوو بوو. ئەم شێوە ڕووبەڕووبوونەوەیە لە ژێر زریقەوبریقەی ئیدیۆلۆژی و ڕێبازە هزرییەکانی ئەم سەردەمەشدا ژیندارە.

پەنا بردن بۆ پاساوی میتافیزیکی، دژکردەوەی سۆزدارانە و ون کردنی پرسیار سێ‌کوچکەی قەتیس بوونی زەینی تاک و تاقمە جیاوازەکانی ناو کوردستان، ڕێگەی نەداوە و نایدات ژێرخانی هزری و مەعریفیی کوردستانی سەرهەڵبدات. تێکەڵ بوونی هەندێ کەس و لایەن بە گوتار و پێکهاتەی داگیرکەران بەرهەم‌ هێنان و ساز کردنی ژێرخانی مەعریفیی بە لاڕێدا بردووە. بۆ شرۆڤەی وردتر دەپەرژینە لێکدانەوەی پرسیار لە دۆخی هەنووکەی کورد و کوردستان، لە دۆخی بندەستی و ڕێگای ڕزگاری. ئاخۆ ڕێگای ڕزگاری لە ئاقاری گوتاری داگیرکەرانەوە تێدەپەڕێ یان هەنگاوی یەکەم وێنا کردنی دەرباز بوون لە گوتاری داگیرکەرانە؟ ڕێگەی نێوەنجی کە لە هەر دوو ڕێچکەکە پێک هاتبێ نەگونجە و هەر هەوڵێک لەم پێناوەدا دەچێتە خانەی داگیرکەرانەوە.

کورد لە بۆشایی مەعریفیدا پرسیار لە دۆخی خۆی و نیشتمانی خۆی(کوردستان) دەکات. پرسیار لە بندەستیی خۆی و داگیرکراویی وڵاتەکەی. ئەم پرسیارە لە زەینی هەر تاکێکی کورددا هەڵیداوە؛ تەنانەت ئەو جاشەیش کە خزمەتی داگیرکەر دەکات. لە درێژەدا ئەو ڕێچکەگەلەی کە کورد لە وڵامی ئەو پرسیارەدا گرتوویەتە بەر لێک دەدەینەوە. بەستێنی دەروونی- کۆمەڵایەتیی کوردستان لە ئاست خێزان و مەڵبەند و شار و ڕەوتە هزری و سیاسییەکاندا لە سەر هەڵوێستەی تاکی کورد بۆ وڵامی پرسیاری سەرەکی کاریگەرن. واتە پێش ئەوەی ڕێگەی ڕزگاری تاوتوێ بکرێ، پێویستە تاکی کوردستانی و دۆخی کوردستان لێک بدرێتەوە. تا ئەم بەرچاو ڕوونییە مسۆگەر نەبێت، هەڵەی ستراتێژیی گورچکبڕ لە هەموو پارچەکاندا پاتە دەبێتەوە. داگیرکەران لە زەین و کەسایەتیی تاک و کۆمەڵگای کوردستان بە باشی ئاگادارن. بەڵام کورد بۆخۆی لە زەلکاوی ڕەوتە ئیدیۆلۆژییە کات بەسەرچووەکان و (لە خزمەت بەرژەوەندیی داگیرکەران)دا پەلەقاژە دەکات و سێ‌کوچکەی بەربەست لەو دۆخە و دەمارگرژیی خێڵەکیدا دەیهێڵێتەوە.

 لە پێشدا زانیارییەکان ڕیز دەکەین. ئەو زانیارییانەی کە لە ژیانی نەتەوەی کورد و کارەساتەکانی کوردستاندا بەڵگەنەویستن. دەبێ بزانین لە چ ئاستێکی لەخۆتێگەیشتنداین و چۆن لە پێناو تێگەیشتندا دەجووڵێینەوە.

  • کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە. بە داگیرکەر و داگیرکراوەوە لەم دۆخە بە ڕوونی ئاگادارن. سەرەڕای ئەوەی سووژە پەروەردەکراوەکانی داگیرکەر ئەم خاڵە لێڵ دەکەن، بەڵام لەو چرکەساتەدا کە داگیرکەر دەسەڵاتی خۆی لە مەترسیدا دەبینێ، هەڵوێستی داگیرکارانەی خۆی لە توندوتیژیی ڕووتدا دەنوێنێ. سووژەی داگیرکەر هەوڵ دەدا بۆ خزمەت بە داگیرکەر ڕێگەیەکی بە ڕواڵەت نێونجی بگرێتە بەر کە “هەوڵ بۆ ڕزگاری” لە شەرعییەت بخات. بەڵام ئاگامەندانە لە میتۆدۆلۆژیی زانستی خۆی دەدزێتەوە. بۆ وێنە ڕێفۆرمیستە کوردەکان لە ڕۆژهەڵات، بە جێی ئەوەی لەسەر گۆڕینی پێکهاتەی سیاسی بڕۆن، هەوڵ بۆ فەزای سیاسیی کراوە دەدەن. لە کاتێکدا بۆخۆیان بە باشی دەزانن لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئەگەر پێکهاتە نەگۆڕدرێت، فەزای سیاسیی کراوە مسۆگەر نابێت.
  • کوردستان داگیرکراوی تورکیا، ئێران، ئێراق و سووریایە. ئەم وڵاتانە لەو پەڕی ناکۆکیدا لە سەرکوت کردن و بندەست ڕاگرتنی کورددا تەبان. لەگەڵ ئەوەشدا، هەردەم لە هەوڵی ئەوەدان کوردی بندەستی بەشە داگیرکراوەکانی تری کوردستان، وەکوو ئامرازی ئیمتیاز وەرگرتن لە داگیرکەری ئەو بەشە بە کار بێنن. لە ململانێی عوسمانی و سەفەوییەوە تا پەیمانی سەعداباد و کارەساتی ڕۆژاوای کوردستان پەیمانی سەرکوت کردنی کوردستان واژۆ دەکرێت.
  • هەر داگیرکەرێک لە کوردستانی بندەستی خۆیدا، بە پێشەسازیی کەلتووری و ساختەکاری لە مێژوو و ناسنامە و باو کردنی بەرژەوەندیی تاک و تاقم و ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی و لە دۆخی هەستیاردا توندوتیژی و کوشتن؛ جەماوەری بێ هەڵوێست و کۆیلە پەروەردە دەکات. ئەم کۆیلەبوونە بە ژێرخانی زەینی و سەرخانی کەلتووری و سیاسییەوە هێدی هێدی کوردستان لە ناسنامەی داگیرکەردا دەتوێنێتەوە.
  • کوردستان کە لە کایەی زلهێزاندا لە نێوان وڵاتەکانی دەسکردی خۆیاندا دابەش کرا، هەڵگری زۆر کەلێن و کەلەبەری ناسنامەیی و کۆمەڵایەتییە کە داگیرکەر بە باشی بۆ ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی و پیشەسازیی کەلتووری کەڵکیان لێ وەردەگرێت.
  • ڕاپەڕینە کوردییەکان، لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و بە درێژایی سەدەی ٢٠ و سەدەی ٢١یش تا ئەم ساتە، نەیانتوانیوە پێناسەیەکی سیاسی- ڕێسایی لە ئاست نەتەوەدا دەستەبەر بکەن.
  • ئاستی داخوازییەکانی نەتەوەی کورد بە دوو جۆر هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکییەوە بۆ داخوازیی ناوچەیی و حیزبی دابەزیون. هۆکارە ناوخۆییەکان بریتین لە، خێڵەکی بوونی کۆمەڵگای کوردستان – کە لە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە – ،  وێنا نەکرانی کوردستان وەکوو جوگرافیایەک کە دەبێ ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ، ناشارەزایی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داگیرکەردا (هەردەم وەکوو پەراوێزی داگیرکەر لەگەڵ داگیرکەردا جووڵاوەتەوە) و لەم دواییەشدا وەهمی سەربەخۆیی (کە داگیرکەر بۆ سڕینەوەی مێژووی خەباتی کوردستان کەڵکاژۆی دەکات). هۆکارە دەرەکییەکان لە کایەی زلهێزان و یەک گرتنەوەیان لەگەڵ سیاسەتی داگیرکەران دەکەونەوە. هۆکارە دەرەکییەکان بە شوێن هۆکارە ناوخۆییەکانەوە کارا دەبنەوە. دەرخستنی کارلێکیی هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بندەستیی کوردستان سەرەتای داڕشتنی ڕێگای ڕزگارییە کە لە پاژی دووەمدا بە چڕی دەچمەوە سەری. 

ئەم شەش خاڵە ئەوەندە دەرهەست نیین کە خوێندەواری کورد لێیان تێنەگات. یان پێویستیان بە پسپۆڕی و زانستی تایبەت ببێت. هەڵبەت بیری زانستیی پێویستە. دوو پرسیار دێتە گۆڕێ. ئەم زانیاریانە پێکەوە چ وێنایەک لە کوردستان ساز دەکەن؟ خوێندەواری کورد بۆ لەم وێنایە سڵ دەکات؟

بۆ تێگەیشتن لە دۆخی کوردستان دەبێ لە گشت واتە (کول)ەوە بەرەو پاژ بچین.  کۆی زانیارییەکان تۆڕی بەربەستیی ڕزگاریی کوردستان پێک دێنن. هەر کامیان ئاستێکی بەربەستین. زۆرینەی خوێنەواری کورد، واتە کەسێک کە دەتوانێ لە دۆخەکە تێبگات، هەوڵ ئەدات خۆی لەو وێنایە بدزێتەوە.  ترس ئەو میکانیزمەیە داگیرکەر زۆر بە باشی کەڵکی لێ وەردەگرێت. داگیرکەر “تێگەیشتن” و “بوێر بوون”ی لێک دابڕاندووە. تێگەیشتن بە تەنیا نەزۆکە و بوێر بوونی بێ تێگەیشتن بە هەڵدێرماندا دەبات. ترس لە کوردستاندا لە تێگەیشتن گشتگیرترە. داگیرکەر هەوڵ ئەدا تێگەیشتنی سووژەی کوردی ئاڵۆز بکات. بەڵام دڵنیایە کە ناتوانێ پێش بە ئاگامەند بوون بگرێت. سا بە ترسی ڕۆچوو لە زەیندا خوێندەوار و نەخوێندەوار دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. هەر بۆیە ئەو زانیارییە ڕوونانە نابنە هەوێنی  بەدواداچوونی پرسیاری سەرەکی. سەرچاوە و ئاراستەی ترسیش هەر لە بارودۆخی کۆمەڵگای کوردستانەوە وەردەگرێ. بارودۆخێک کە خۆی ئەندازیاریی کردووە. بۆ میناک لە میدیای داگیرکەرەوە دەبیستین، (یا خوا دەس بە گیرفان خاڵیدا نەکەن). ترس لە تەنگانە و لەناوچوون، خەمی داهاتووی منداڵان و هەوڵ بۆ دامەزراندنیان لە سیستەمی دەوڵەتیدا و…. ئینجا ئاستی ناسنامەیی نەتەوەی کورد لە بەرگری و هەوڵی مانەوەدا هەوێنی ئەو هێرشە زەینییە بە داگیرکەر دەدات. هەوڵ بۆ هێشتنەوەی زمانی دایکی، چەق بەستن لە فۆڕمی ئەدەبیی تایبەت و دەمارگرژی بۆ پاراستنی نەریت و پەیوەندیی خێڵەکی لە میناکەکانی ئاستی بەرەنگاری و هەوڵی مانەوەن. داگیرکەر بۆ هەر کام لەم بوارانە ڕێگە بۆ کاراکتێری ڕووکەش و بێ هەڵوێست خۆش دەکات. لە هونەر، وێژە، سیاسەت و هتددا ئەم کاراکتێرگەلە بەربەستی پرسیار کردن لە ئەم بارودۆخەن. داگیرکەر بەم بووکە شووشانەوە نسبەتی داگیرکاریی خۆی بە نسبەت کوردستانی بندەستی خۆی دەشارێتەوە. هەندێ ڕۆژهەڵاتیی بە ئاشکرا جاش، لە نێو جەماوەر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە سەر ڕۆژئاوا زکی خۆیان دەدڕن، کە چی ئێران بە وڵاتی خۆ و خاوەن شکۆ و بەهێز ناودێر دەکەن. پێشینەی ئەم تاقمە، هەڵوێستیان لە ڕەوتی نەتەوەخواز کە وەکوو کوردێک کەڵکەڵەی ڕۆژئاوایان هەیە، جودا دەکاتەوە.

زانیارییەکانی سەرەوە کاتێ لە ژێر تەمومژی نائەقڵانی بوونی (بیر لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی نەکردنەوە) کورد و ئەندازیاریی داگیرکەر دێنە دەرەوە و دەبنە هەنگاوی یەکەمی ڕێگای ڕزگاری، کە میکانیزمی تێگەیشتن و بوێر بوون لێک بئاڵێن. واتە میکانیزمی گەوجاندن و ترساندنی داگیرکەر بەراوەژوو بکرێتەوە. تێگەیشتن سێ‌کوچکەی قەتیس بوونی زەینی کوردی تێک دەدات و بوێر بوون تێگەیشتن دەکاتە کردەوە. کاتێ ئەم هەوڵە ببێ بە ڕەوت، ئاپاراتووسی داگیرکەر لە کار دەخات.



لە چی و چۆن تێبگەین؟

بۆ کورد لەو شەش زانیارییە سڵ دەکات؟ لەبەر ئەوەی زەینی بە هەوێنی خێڵەکییەوە بە گوتای داگیرکەر گۆش کراوە و لە سۆنگەی داگیرکەرەوە خۆی پێناسە دەکات. سا خۆی لە دەسەڵاتداری تورک و عەرەب و عەجەم بە خوارتر دەزانێ.  ئەم هەڵوێستە دەروونییە تاک و هەندێ ڕەوتی کوردی وا لێدەکات کە هەوڵ بدەن خۆیان بە داگیرکەر بسەلمێنن. دەلکێن بە پان ئێرانیست و پانی عەرەب و تورکەوە. ئەگەر داگیرکەر وەریانبگرێت، بۆ وێنە لە ئێراندا لە عەجەم ئێرانیتر دەبن. بە کورتی خۆیان لە چوارچێوەی داگیرکەردا پێناسە دەکەن.

ئەقڵییەتی خێڵەکی لە هێز، تا مەودای دەسەڵاتی خێڵ تێدەگات و هەردەم خۆی بە پەراوێزی حکوومەتی ناوەند دەزانێت. هەر ئەو میکانیزمەی خێڵە کوردەکان، تا سەرهەڵدانی مۆدێڕنیتە بنەمای هەڵس‌وکەوتیان لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵاتدا بوو. لایەنە سیاسییەکان لەم سەردەمەشدا هەر بەو میکانیزمە کار دەکەن. بۆشایی مەعریفیی کوردی و زەینی پاشکۆی داگیرکەر یەکتری بەرهەم دێننەوە. لەم لاوازییە ناوخۆییەدا باڵادەست بوونی سیاسی- کەلتووریی داگیرکەر خەسارەکە قووڵتر و بەرینتر دەکات. واتە زەینی کوردی ترسەنۆکتر دەبێت و ئاستی داخوازییەکان زۆرتر دادەبەزێت. لەم بەستێنەدا گوتاری کوردستانی لە بازنەی گوتاری داگیرکەردا دەتوێتەوە.

ئێران لە کەڵک وەرگرتن لەم میکانیزمە سەرکەوتوو بووە. کۆماری ئیسلامی بۆ حەواندنەوەی ڕەخنەگرانی ناوخۆیی ڕەوتی ئیسلاحاتی ڕێکخست. ئیسلاح تەڵەبی کورد پەیوەستێکی نابەجێی ڕەوتی ئیسلاحات بوو. دامەزرێنەرانی ئیسلاحات هەر ئەو کەسانە بوون- هەر بەو بیرۆکەوە- کە شەڕی کوردستانیان کرد. هەوڵیان ئەوە بوو بۆ بووژاندنەوەی کۆماری ئیسلامی ئیسلاحات بکرێت. واتە لە گوتاری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەجووڵانەوە و دەیانویست دەمامکێکی پەسەندی لێ بدەن. ئیسلاح تەڵەبی کورد چ داخوازییەکی هەبوو؟ بە زەینی پاشکۆی داگیرکەرەوە، لە گوتاری جمهووریی ئیسامیدا بانگەوازی دەستەبەر کردنی مافی کوردی دەکرد. “ئەتوانین لە چوارچێوەی قانوونی ئەساسیدا مافی کورد دەستەبەر بکەین”، “لە ڕێگەی ئاشتیخوازانەوە لە دەسەڵاتدا بەشدار دەبین”، “تازە باوی چەک هەڵگرتن نەماوە و نابێ کوڕی خەڵک بە کوشت بدەین” و…، ئەو دورشمگەلە بوون کە کەسایەتیی داهێزراوی ئیسلاح تەڵەبی کورد بانگەشەی بۆ دەکرد. داگیرکەریش هەردەم لە کارناواڵێکی هەڵبژاردن و سناریۆیەکی حکوومەتیدا بەشداری دەکردن.

 سیستەمی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی تۆڕێکی ئەمنییەتی- سیاسی – ئابوورییە کە ئەحزابی سەر بە گوتاری ئێرانچێتی- لە پێناو تەمامییەتی ئەرزیی ئێراندا، خۆیانی تێدا دەبیننەوە. (ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانچی کە دژ بە کۆماری ئیسلامین لە ڕەهەندی ئەمنیدا بۆ هێشتنەوەی یەکەی سیاسیی ئێران لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا یەک دەگرنەوە). ئیسلاح تەڵەبی کورد خوارترین ئاستی ئەو تۆڕەن. لە ڕۆژهەڵاتدا، ئێرانچێتی واتە گوتاری داگیرکەر. لە نەبوونی ژێرخانی مەعریفی و زەینی سەربەخۆدا، لایەنە کوردییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی، دەکەونە داوی ئێرانچێتییەوە. ڕەوتە ئایینییە ڕێفۆرمخوازەکان وەکوو جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بە بنەمایەکی ناشیعەوە کە چوونەتە نێو گوتاری جمهووری ئیسلامییەوە، ڕێگەی ئیسلاح تەڵەبانی کورد دەپێونەوە. کە دێنە گۆ دەڵێن سیاسەت دەکەین. پرسیارێک دێتە گۆڕێ، ئەو لایەنگەلە کە ڕەوتێکی بێ دەسەڵاتن، چۆن دەتوانن لەگەڵ حکوومەتێکدا سیاسەت بکەن؟ ئاخۆ لە بەرانبەرەکەیان ژیرتر، شارەزاتر یان بەهێزترن؟ کە چاو لە دەسکەوتەکانیان دەکەیت، تەنیا بەرژەوەندیی تاک و تاقم، ئەویش لە ئاستێکی نزمدا، بەر چاو دەکەوێت. ئاکامی گشتیی ئەم ڕەوتگەلە بەربەست بوونیانە بۆ ڕزگاری.

ڕزگاری ئەو ئامانجەیە کە لەو گوتارگەلەدا کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کۆکن، بزرە. ئەم بزر بوونە لە پاشکۆی داگیرکەرانی تری کوردستانیشدا هەیە.

ئەو زەینە کە کوردی نییە و لە ژێرخانی مەعریفی بێبەرییە، ڕزگاری وێنا ناکات. ئەگەر ئاگامەندیش ببێتەوە سڵی لێ دەکات. سا کێشەی کورد لە ڕێی ڕزگاریدا، لە یەکەم هەنگاودا بزر بوونی زەینی کوردی و نەبوونی ژێرخانی مەعریفییە کە دەبێ پڕ بکرێتیەوە. ژێرخانی مەعریفی واتە وەگەڕ خستنی زانست بە هەموو لق‌‌وپۆپیەوە بۆ کوردستان. دواهاتی ئەم بزراییە تێگەیشتنی هەڵە و- لە باشترین شێوەدا- تەسک و ئاڵۆزە. ستراتێژیی نەتەوەیی لە زەین و مەعریفەی کوردییەوە سەرچاوە دەگرێت و دەبێت بە کردەوە.



ڕزگاری

کارلێکیی هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان یەکتری بەرهەم دێننەوە و کەسایەتیی تاکی کورد زۆرتر دەخەنە پەراوێزی ناسنامەی داگیرکەرەوە. ئەوەی کە هەندێ ڕەوت و لایەنی کوردی پابەستەی ناسنامەی داگیرکەر دەبن، لە داهێزرانی کەسایەتیی تاکی کوردەوە سەرچاوە دەگرێت. خوێندەواری کورد ئەگەر لە تێگەیشتندا بوێر بێت، دێتەوە سەر زانیارییە بنەماییەکان و دەیانکات بە پرسیار و پێشگریمانەی داڕشتنی ڕێگای ڕزگاری. سا ڕزگاری لە هەڵوێستەیەکی زەینی- دەروونیی تاکەکەسییەوە دەست پێ دەکات. تاکی کورد ئاگامەند دەبێتەوە کە داگیرکەر داگیرکەرە و ئەم وەکوو ژێردەست لە هەر پلەوپایەیەکدا بێت ژێردەستی ئەو سەردەستەیە. پاساو هێنانەوە بۆ خۆپاراستن و شەڕ نەکردن و کاری سیاسی و پاڕلەمانی لە پێکهاتەی داگیرکەردا لای زەینی ئاگامەندی نەتەوەیی وەرناگیردرێت. ئەگەر لە زمانی گوتارەوە بۆی بچین، داگیرکەر هەر دیاردەیەکی دژ بە گوتاری خۆی دەسڕێتەوە. داگیرکەر لە بازنەی خۆیدا مشت‌ومڕ و ڕەخنە و گازندە بە ئەوپەڕ دەگەیەنێت، بەو مەرجەی بنەما و بوونی ناسنامە و پێگەی تێک نەدرێت. ڕێفۆرمیستی کورد، ڕەوتە ئایینییەکان، یان هەر هێزێکی کوردی کە ئامانج و ئیدیۆلۆژییەکەی جۆرێک کە داگیرکاریی داگیرکەر دەسەلمێنێ، بەشێکە لە هێزی سەقامگیرکەری داگیرکەر. داگیرکەرانی کوردستان هەر ئیدیۆلۆژی و بۆچوونێک وەردەگرن، تەنیا نەتەوەخوازیی کوردی نەبێت. لە وەها سیستەمێکدا لە ئێران، ئێراق، سووریا و تورکیا چ ڕێفۆرمێک دەکرێت کە مافی نەتەوەیی کورد دەستەبەر بکرێت؟ داگیرکەر ماف دەدات، بەڵام لە چوارچێوەی خۆیدا. ناسنامەی کوردی بە جۆرێک وەردەگیردرێت کە کورد بە ناشارستانی، دوور لە زانست، خێڵەکی (دەمارگرژی بۆ نامووس و…)، لادێیی، خاوەن هونەر و کەلتووری پەراوێز کە بە محەللی ناودێری دەکەن، دەناسێنێ. لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی کەلتوور و هونەری کوردی لە ڕێگەی میدیای خۆیەوە دادەبەزێنێت. بۆیە لەسەر کەلتوور زۆرتر ڕۆیشتم، پڕۆسەی بە سووژە کردنی کورد بۆ داگیرکەر لەو ڕێگەیەوە جێ دەبێ. دەنا بۆ کوردەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی حاشا هەڵنەگرە لە باری ئابووری و سیاسییەوە کوردستان پەراوێزە و بە پەراوێزی دەمێنێتەوە. تا داگیرکەرێک وەکوو کۆماری ئیسلامی پشکی کوردی ڕۆژهەڵات لە سەرچاوەی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی و کەلتووری ڕادەست نەکاتەوە، بە داگیرکەر دەناسرێت. بێگومان ئەویش مل بەو خواستە نادات.  بوونی ناسنامەی داگیرکەری عەجەم لە سەرکوت کردنی نەتەوەکانی تردا مسۆگەر دەبێت. ئەگەر کورد شەڕی مان‌ونەمان دەکات، داگیرکەریش هەر شەڕی مان‌ونەمان دەکات. بەڵام بەو جیاوازییەی کە ناسنامەی داگیرکەر لەوە زۆرتر گەشە ناکات. بەو هۆیەی کە تێکڕای هێزی خۆی لە سەردەست مانەوەدا خەسار دەکات. هەر بۆیە تورکیا و ئێران لە سەرهەڵدانی ڕەزاشا و ئاتاتورکەوە تا ئێستە نەیانتوانیوە ناسنامەی یەکانگیر و گشتگیر بۆ یەکەی سیاسیی خۆیان پێک بهێنن. نەتەوەی سەردەست لە سیاسەت و ئابووری و کەلتووردا پاوانخوازانە و سەرکوتکەرانە جووڵاوەتەوە. نەتەوەی بندەست بۆی نییە دەنگی مافخوازی هەڵبڕێت. سا ڕێفۆرمخوازی تەنیا بۆ گەوجاندنی کۆمەڵگا لە کوردستان و نەتەوە بندەستەکانی تردا پەرەی پێ درا. وەک پێشتر باسم کرد، ڕێفۆرمخوازی بۆ بەستێنی خودی داگیرکەر کارکردێکی دیکەی هەبوو. 

 لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کە شەرعییەتی خۆیان لە کورد و کوردستانەوە وەردەگرن دەبێت هەوڵیان پەروەردە کردنی تاکەکەسی کوردستانی بێت. ئەگەر خەباتکاری کورد لە ئامانج و ڕێباز تێگەیشتبێت، واتە پەروەردە کرابێت، هەرگیز لە دەستەبەر کردنی مافی پێویستی کورد، کە بەدەوڵەت بوونە، پاشەکشە ناکات. کورد بەگشتی لە بواری پەروەردەدا خەمسارد بووە. بە وتەیەکی تر، نەیتوانیوە سووژەی کوردستانی پەروەردە بکات. هۆکاری سەرەکیی نسکۆی شۆڕشە کوردییەکان، دوای لاوازی لە ستراتێژیدا، شەهید بوونی کەسایەتییە کاریگەرەکانی بووە. ئەو کەسانەی بە شێوازی خۆکرد پەروەردە ببوون. هەڵبەت مەبەست لە پەروەردە کردن داڕشتنەوەی کەسایەتی نییە. ئەم ویستە نەگونجە. ئەگەر جێبەجێش بکرێت هەوڵێکی فاشیستی و تووتالیتاریستییە. تاکی کورد بە تایبەتمەندی و ئاوەز و ویستی خۆیەوە لە ڕێبازی نەتەوەییدا پەروەردە دەکرێت. مەرجی یەکەم بۆ نەتەوەیی بوون بە پێشمەرج دانانی زانیارییە بنەماییەکانە. پاشان زانستە مرۆییەکان و ئاگامەند بوون لە ڕابردوو و ئێستە و وێنا کردنی داهاتوو.

هاوکات لەگەڵ داڕشتنی سیستەمی پەروەردە، سیستەمی خەباتی نەتەوەیی دادەڕێژرێت. واتە کەسی پەروەردە کراو لە چ کار و چالاکی و کات و شوێنێکدا خەبات بکات. سەرەڕای ئەوەی ئەم کارە بەڕێژە کراوە و دەکرێ، بەڵام نەبووەتە ڕەوتێکی گشتگیر. سیستەمی خەبات پێویستی بە هەموو بەهرەکان و دەفرایەتییەکان هەیە. سا پەروەردەی زەینی هەر تاکەکەسێک بە پێی بەهرەی خۆی، هەنگاوی یەکەمی پەروەردە بوونە. لە هەنگاوی دووەمدا تاکەکەس بە پێی لێهاتوویی یان بەهرەی فێربوون لە بەشێکی سیستەمی خەباتدا جێگیر دەکرێت. ئەمە پڕۆسەیەکی بگۆڕە و بە ئاراستەی ستراتێژیی بەرەی نەتەوەیی گۆڕانی بە سەردا دێت.

ستراتێژیی خەبات لە پێناو ڕزگاریدا دادەڕێژرێت. ڕەهەندەکانی خەبات بریتین لە:

 یەکەم: پەروەردەی زەینی هەر تاکێکی کوردستانی بە ڕێبازی نەتەوەیی کە لە زەینی ئەو کەسەدا کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی کوردستان پڕ دەبنەوە و سنووری دابڕانی لە نەتەوەکانی تر زەق دەبێتەوە.

 دووەم: سیستەمی خەبات فرەپۆیە. واتە لە هێزی پێشمەرگەوە تاکوو چیرۆک بۆ منداڵان لە خۆ دەگرێت. خوێندنەوەی پیلانی داگیرکەر زۆر پێویستە. ئەو پێی خۆشە خەباتی کوردستان یەکڕەهەندی بێت. ئەگەر بەرەی کوردستانی تەنیا لە سەر هێزی پێشمەرگە داکۆکی بکات و لایەنەکانی تر پشتگوێ بخات، لە دژی سیستەمی پڕپێچی داگیرکەردا بە ئامانج ناگات. ئەگەر هێزی پێشمەرگەیش پشت گوێ بخات، هەرگیز بە ئامانج ناگات.

دەبێت وێنا و واتای پێشمەرگە هەتا تایبەتمەندییەکانی ژێرسیستەمەکانی ناو سیستەمی خەبات بەرین بکرێتەوە. واتە هەر کەسێک کە بۆ ئامانجی ڕزگاری لە پێکهاتەی خەباتدا ئەرکی وەرگرتووە، پێشمەرگەیە. ئەمە بەرپەرچ دانەوەی ویستی داگیرکەر بۆ بە یەک ڕەهەند دابەزاندنی خەباتی کوردستانە. سیستەمی خەبات دەبێت لە هەموو بەرەکاندا چالاک بکرێتەوە. پیشەسازی کەلتووری و میدیا (بە ناوەڕکی کوردستانییەوە) کە دەبنە هۆی ڕۆچوونی زۆرتر لە قووڵاییی کۆمەڵگادا و ڕەوتی هزریی نەتەوەیی دەبێتە کردەوەیەکی کۆمەڵایەتی. واتە نەریتی نەتەوەیی لە هەڵسوکەوتی ڕۆژ و شەوی جەماوەردا بەڕێوە دەبرێت و ئەندازیاریی کۆمەڵایەتیی داگیرکەر بەراوەژوو دەبێتەوە. ئەمە ئەرکی پێشمەرگەی شارە. هێزی چەکدار پارێزەرە. چالاکیی چەکداری ئەو دوژمنە ناوخۆیی و دەرەکییە دەکاتە ئەمانج کە بەربەستی بەڕێوەچوونی ستراتێژیی خەباتی شارن. لە کاتی تێکهەڵچوونی پێشمەرگەی شاخ لەگەڵ هێزی دوژمندا، پێشمەرگەی شار دەبێتە پشتیوان. سا ئەم دوو هێزە بە کاراکتێری جیاواز و شێوەخەباتی جیاوازەوە لە پێناو ئامانجدا تەواوکەری یەکدین. داگیرکەر لەوە دڵخۆش دەبێ کە ئەرک و کاراکتێری ئەو دوو هێزە تێکەڵ بکرێت. پێشمەرگەی شار بە کاراکتێری پێشمەرگەی شاخەوە خێرا بەرچاو دەکەوێ و ناتوانێ بەرەنگاری هێزی سەرکوت ببێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشمەرگەی شار نابێ بەرچاو بکەوێت. ئەگەر هەر لایەنێک ئەرکی خۆی بە جێ بهێنێت، کاروانی خەبات کەمترین تێچووی دەبێت



کۆتایی

دەرباز بوونی زەینی تاکی کورد لە ترس و کۆیلەتیی داگیرکەر خاڵی دەسپێکی شۆڕشی کوردستانە. ئەم خاڵە پێویست بوونی پەروەردەی نەتەوەیی- زانستی دەردەخات. هاوکات سیستەمی مۆدێڕنی خەبات دادەڕێژرێت. لەم سیستەمەدا فرەڕەهەند بوونی خەبات، و بگۆڕ بوونی شێوازی خەبات دەبێت بە کردەوە. هێزی پێشمەرگە لەو تاکەکەسانە پێک دێن کە لە تۆڕی زەینیی داگیرکەر دەرباز بوونە و لە خەباتی فرەڕەهەند و فرەپۆدا جێ دەگرن. بەردەوام بوون لە بەڕێوەبردنی ئەم میکامیزمە، هێزی نەتەوەیی دەکاتە ئەو هێزەی کۆمەڵگای کوردستان بە ئامانجی ڕزگاری و بە بەدەوڵەت بوون دەگەیەنێت.