ئارامتر بخوێنەوە!
پێکدژییە نێوخۆیییەکانی ئیمپراتۆریای شیعە
لەگەڵ داگیرکاریی نەتەوەی فارس
مانشت زاگرۆس
“لەم نووسینە کورتەدا، سەرەتا ئاماژەیەکی کورت بە مێژووی دەوڵەتی ئێرانی دەدرێت و، هەوڵ دەدرێت هۆکاری وجوودیی ئەو دەوڵەتە ڕوون بکرێتەوە و کارکردە هاوبەشەکانی شێوە جیاوازەکانی حکوومەتداریی دەوڵەتی نوێی ئێرانی، لە ڕواڵەتی سیستەمی شایەتیی پەهلەوی و سیستەمی ویلایەتیی کۆماری ئیسلامیدا لێک بدرێتەوە. لە کۆتاییدا، دەرەنجامی باسەکە تیشک دەخاتە سەر ئەرکی ڕۆشنبیری دژەهێژمۆنیک، لەبەرانبەر ڕۆشنبیری سوننەتیی بەرهەمهێنەرەوەی سیستەمدا.”
ئاماژە
بەپێی نەریتێک کە داگیرکەر زاڵی کردووە، کاتێک لە ئێراندا باسی سیاسەت و کردەوەی سیاسی دەکرێت، سیمای مێژووییی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی دەسڕدرێتەوە و دەکرێتە پێشمەرجی زەینیی باسەکان. ئەگەر کارکردی ئیدیۆلۆژی بەوە بزانین کە چەمکە کێشە لەسەرەکان وەک حەقیقەتی ئاشکرا و بێ ئەملاوئەولا لە زەینی تاکەکاندا دەچێنێت، ئەرکی ڕۆشنبیری پێشڕەو، هەڵماڵینی سیمای ئیدیۆلۆژی و، لەقاو دانی شێوەیەکی لێکدانەوەی سیاسییە کە بە ڕواڵەتێکی ئاکادمیک و به بەکارهێنانی وشەی قەبە، لە بۆشاییدا خۆی بە شتی لاوەکییەوە خەریک دەکات و لە پرسە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا خۆی دەدزێتەوە.
بۆ لێکدانەوەی چییەتیی سیاسەت لە ئێراندا و ناسینەوەی سیمای سیاسەتی کۆیلەداریی دەوڵەتی فارسی، دەبێت لە زەمینەی مێژووییدا بخوێنرێتەوە. ئەگەر ئەو مێژووە پڕ لە شەڕ و پێکدادانەی پێکهاتنی دەوڵەتی فارسیمان لە بیر نەبێت، هەم تووشی هەڵەی بە ئەزەلی و ئەبەدی زانینی ئەو دەوڵەتە دەبین و، هەم چەمکەکان لە دەرەوەی واقعییەتێکدا بەکار دێنین کە دەبێت لێک بدرێتەوە. بۆ نموونە کاتێک لە لێکدانەوەی سیاسەتی ئێرانیدا دوانەی ئینقلاب-ئیسلاح دەخرێتە بەرباس، دەوڵەتی ئێرانی، بوون و حوزووری خۆی بە قەتعی دەزانێت و، زەینی ئێمە دەخاتە چوارچێوەیەکەوە کە بیر لە گۆڕینی دەوڵەت بە ئیسلاح یا ئینقلاب بکەینەوە و، ئیتر باس لە ڕزگاریی نەتەوەیی، وەکوو بژاردەیەک لە باسەکە دەسڕێتەوە.
لەم نووسینە کورتەدا، سەرەتا ئاماژەیەکی کورت بە مێژووی دەوڵەتی ئێرانی دەدرێت و، هەوڵ دەدرێت هۆکاری وجوودیی ئەو دەوڵەتە ڕوون بکرێتەوە و کارکردە هاوبەشەکانی شێوە جیاوازەکانی حکوومەتداریی دەوڵەتی نوێی ئێرانی، لە ڕواڵەتی سیستەمی شایەتیی پەهلەوی و سیستەمی ویلایەتیی کۆماری ئیسلامیدا لێک بدرێتەوە. لە کۆتاییدا، دەرەنجامی باسەکە تیشک دەخاتە سەر ئەرکی ڕۆشنبیری دژەهێژمۆنیک، لەبەرانبەر ڕۆشنبیری سوننەتیی بەرهەمهێنەرەوەی سیستەمدا.
دەوڵەتی مودێڕنی فارسەکان، بە دەست گرتن بەسەر سنووری ئیمپراتۆریای سەفەوی و قاجاردا دامەزراوە. بۆیە ئەگەرچی لە ماهیەتدا جیاواز لەو دەوڵەتە سوننەتییانەیە، بەڵام خۆی بە میراتگری ئەو دەوڵەتانە دەزانێت.
ئیمپراتۆریای سەفەوی و قاجار
لە بیرەوەریی گشتیدا نیزیکترین بیرەوەری لە دەوڵەتێک لەو جوغڕافیایەدا کە ئێرانی ئێستای تێدا هەڵکەوتووە، بیرەوەریی دەوڵەتی سەفەوییە. سەفەوییەکان ئیمپراتۆریی خۆیان لەسەر بنەمای ئایینزای شیعە دامەزراند و ئەو ئایینەیان لە سنوورەکانی خۆیاندا بڵاو کردەوە و بڕەویان پێ دا. لەباری مەشرووعیەتەوە، مەشرووعیەتی دەسەڵاتی شای سەفەوی لە ئایینی شیعەدا بوو. ئەو دەسەڵاتە نەک ئایینی شیعەی بڕەو پێ دا، بۆ ڕێکوپێک کردنی فیقهـ و کاروباری ئایینیی شیعە چینێکی زانای ئایینیی شیعەی، لە جەبەل عاملی لوبنانەوە هێنایە خزمەتی خۆی و، ئەمە بووە هۆکاری سەرەکی کە پاشتر چینی زانایانی ئایینی یان هەمان ڕۆحانیەتی شیعە، ڕۆڵێکی گرینگ لە یارییە سیاسییەکاندا بگێڕن.
دەسەڵاتی سەفەوی لە باری پێکهاتەوە شێوەیەکی فیدراڵی بووە و ئەگەرچی حاکم لەلایەن شای سەفەوییەوە دیاری دەکرا، بەڵام حاکمنشینەکان سەربەخۆییەکی زۆریان لە بەڕێوە بردنی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بووە، ئەمە بێجگە لەوەیە کە چەند والی نشین لەوانە ئەیالەتی کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی میرایەتیی ئەردەڵاندا، خۆی سوننەتی دیاری کردنی والیی خۆی هەبوو و شای سەفەوی دەستی لە دیاریکردنی والیدا نەبوو. لە ڕاستیدا، والینشینەکان دەوڵەتگەلێک بوون کە خەراجیان بە دەوڵەتی سەفەوی دەدا.
ئەگەرچی لە کۆتاییەکانی سەفەویدا، وەک شاردەن تۆماری کردووە، لە فیقهـی شیعەدا، پرسیار لە مەشرووع بوونی حکوومەت لە سەردەمی بزربوونی ئیمامی غایبدا دێتە بەر گوێ، بەڵام بە نەمانی سەفەوی و کێشەی مەشرووع بوونی ئیمپراتۆریا بە تەواوی زەق دەبێتەوە. نادرشا، تا ماوەیەکی زۆر وای نیشان دەدا کە بۆ خزمەت بە یەکێک لە شازادەکانی سەفەوی شەڕ دەکات، کەریمخانی زەندیش، هەرگیز ناوی شای لەسەر خۆی نەنا و نازناوی “وکیلالرعایا”ی بۆ خۆی هەڵبژارد. دەسەڵاتی ئاغا محەمەدخانی قاجار، لەسەر خوێن و شمشێر دامەزرا، بەڵام فەتحعەلیشای برازای ئەگەرچی ئیددعای سەید بوون و ئیمامزادە بوونی نەبوو، بەڵام شمشێری سەفەویی دەبەست و نێوانی لەگەڵ زانا ئایینییەکانی شیعەدا خۆش بوو. لەم سەردەمەدا گۆڕانێکی قووڵ لەنێو جیهانی زانایانی ئایینی شیعەیشدا دروست بوو. هەر لە زووەوە زانایانی ئایینیی شیعە لەسەر پرسیاری دروست بوونی ئیجتهاد لە کاتی بزر بوونی ئیمامی دوازدەهەمدا، بەسەر دوو دەستەی ئەخباری و ئوسوولیدا دابەش بووبوون. ئەخبارییەکان بڕوایان به ئیجتهاد نەبوو و دەیانگوت تەنیا دەبێت بە گوێی خەبەر و نەقڵ کراوەکانی سەردەمی ئیمامان بکەین و ئوسوولییەکان بڕوایان بە ئیجتهاد لەسەر بنەمای ئەسڵەکانی ئایین بوو. ئەگەرچی ئەخبارییەکان دەستی ژووریان هەبوو، بەڵام لەم سەردەمەدا لە مشتومڕی نێوان ئەخبارییەکان و ئوسوولییەکاندا، ئوسوولییەکان سەرکەوتن. ئەوەیش ڕێی بۆ بەهێز بوونی موجتەهیدەکان و مەرجەعی تەقلیدەکان خۆش کرد. بێجگە لەوە لەم سەردەمەدا پرسیار لە مەشرووع بوونی حکوومەت لە سەردەمی بزر بوونی ئیمامی غایبدا بوو بە پرسیارێکی جیددیی نێو دنیای شیعە.
هەر لە سەردەمی فەتحعەلیشادا، لەسەر والینشینی گورجستان، شەڕێک لەنێوان ئیمپراتۆریای قاجار و ڕووسیا ڕووی دا، ئەنجامی ئەو شەڕە شکستێکی قورس بۆ سپای قاجار بوو. ئەو شکستە لەلایەن زانا ئایینییەکانەوە به زاڵ بوونی کافران بەسەر خاکی موسڵماناندا لێک درایەوە و به فتوای جیهادی ئەوان و هاندانی ئەوان بوو کە بۆ وەرگرتنەوەی بیلادی لە دەست چووی ئیسلامی شەڕی دووەم لەگەڵ ڕووسیادا ڕێ خرا. بە شکستێکی قورستر شەڕی دووەم کۆتاییی پێ هات. ئەو شکستە گرێیەکی لە دڵی شازادە و ڕۆشنبیرەکانی ئێیمپراتۆریای قاجاردا دروست کرد، دەستیان دایە گەڕان بەدوای هۆکاری شکستدا و بۆ نوێ بوونەوە و ترازان لەو دۆخە شپرزەیە کەوتنە خۆ. پاش ماوەیەکی زۆر، لەسەردەمی ناسرەدین شا و پاشتر موزەفەرەدین شادا، دژایەتیی دەسەڵاتی سەرەڕۆی شای قاجار، یەک لە لێکەوتەکانی ئەو بەخۆدا چوونەوەیە بوو و ئەوەیش دەسەڵاتی مەشرووتەی لێ کەوتەوە.
دەسەڵات لە سەردەمی قاجاریشدا شێوازێکی فیدراڵیی بوو و شا سیمبولی هاوسەنگیی هێزەکانی ناوچە جیاجیاکان بوون. دەسەڵاتی قاجاری بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێزەکانی ناوچە جیاوازەکان خۆی هێزێکی ئەوتۆی نەبوو و سەرەکیترین میتۆدی پاراستنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر سنوورەکانیدا بەگژ یەکدا دانەوەی هێزە ڕکابەرەکان بوو.
ئەگەر هەندێک ئیسلاحاتی کەسانێکی وەک ئەمیرکەبیر، لەنێو سیستەمی دەسەڵاتداریی قاجاردا لەبەر چاو نەگرین، بزووتنەوەی مەشرووتە یەکەم هەوڵی جیددیی دامەزراندنی دەوڵەتی مودێڕن بوو. لە ڕاستیدا وەک باس کرا مەشرووعیەتی ئایینیی دەسەڵاتی سەفەوی، ئیتر بەشی ئیمپراتۆریای قاجاری نەدەکرد و هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی مودێڕن لەسەر بنەمای ئیمپراتۆریای قاجار پەنا بردن بە شێوەی مەشرووعیەتێکی تر، واتە مەشرووعیەتی لەسەر بنەمای ئیرادەی خەڵک بوو. بۆیە مودێڕن کردنەوەی مەشرووتە، وەزعی هاوسەنگیی هێزەکانی نیو ئێرانی وەک پێشوو دەهێشتەوە و، لە چوارچێوەی یاسای ئەیالات و ویلایاتدا دەسەڵاتی فیدڕاڵیی ئەیالاتی یاسامەند دەکرد.
هەر لە کۆتاییەکانی قاجاری پێش مەشرووتەدا، لەژێر کاریگەریی کاڵتی ئازەرکەیوانیی پارسییەکانی هیندستاندا، خوێندنەوەیەک لە ناسنامەی خەڵکی ئێران سەری هەڵدا کە بە دژایەتیی لەگەڵ ئیسلامدا بەدوای ڕەگە کۆنەکانی ناسنامەی خەڵک لە پێش ئیسلامدا دەگەڕا. دژایەتیی ئیسلام، شانازی بە نەژادی ئاریا و هەڵکوتن بە شارستانییەتی پێش ئیسلامدا و گرێدانەوەی دواکەوتووییی خەڵکی ئێران بە هێرشی عەرەبی بە گوتەی ئەوان پێپەتی، تایبەتمەندییەکانی ئەم خوێندنەوەیە لە ناسنامەی ئێرانی بوون.
موسادرەی نوێکردنەوە
پاش قۆناغی یەکەمی خوێندنەوەیەک لە مێژووی ئێران، چینێک ڕۆشنبیری لە ئورووپادا دەرسخوێندوو، پرۆژەی دروست کردنی دەوڵەتێکی مودێڕنیان لەسەر بنەمای سنوورەکانی ئیمپراتۆریای قاجار دەست پێ کرد. مودێڕن کردنەوە و نوێ کردنەوەی خەڵکیان بە گەڕانەوە بۆ ڕەگە ڕەسەنەکانی ئێرانی ساسانی دایە قەڵەم و، دەوڵەتێکی بەهێز و تاک دەنگیان، بە تاکە ڕێگەی پێشکەوتن ناساند. بەڵام لەو کاتەدا، پێکهاتەی هێز وەکوو پاشماوەی شێوەی کۆنی قاجاری و بێجگە لەوەیش بەسەردا هاتنی شەڕی یەکەم، بەشێوەیەک بوو کە هێزی پەراوێز لە هێزی ناوەند پتر بوو.
پشتیوانیی دەرەکی و بەتایبەت ئینگلیس بۆ دروست کردنی دەوڵەتێکی بەهێز لە ئێراندا لەبەرانبەر حکوومەتی تازە پێکهاتووی سۆڤیەتدا، هۆکارێکی گرینگ بوو کە ڕەزاخان بە زەربی کوشتوبڕ و خوێنڕشتنێکی زۆر یەک لەدوای یەک میرزا کووچەکی جەنگەڵی، شێخ موحەممەدی خیابانی لە تەورێز، شێخ خەزعەل، سمکۆی شکاک، دووست محەمەدخانی بەلووچ و میرایەتیی پشتکۆ، بە فێڵ و تەڵەکە و بەو پەڕی بێڕەحمییەوە بهێنێنە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. سیستەمی کۆنی فیدراڵی بەتەواوی هەڵوەشێنرایەوە و، بۆ یەکەم جار وڵاتێک بە نێوی ئێران لەسەر بنەمای دەسەڵاتی نەتەوەیەک بەسەر هەموو سنووری پاشماوەی قاجاردا، هاتە نێوان. هەرچەند وا دەنوێنرا کە ئێران چەند هەزار ساڵەیە و دەوڵەتی نوێ درێژەی دەوڵەتە پێشووەکانە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە دیاردەیەکی تازە بوو کە بۆ یەکەم جار دەوڵەتی فارسی بە زەربی شەق، دەسەڵاتی خۆی بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەسەر هەموو گەلاندا سەپاند و شێوەی فیدڕاڵیی کۆنی بەتەواوی هەڵوەشاندنەوە.
مەشرووعیەتی دەسەڵات لەبەر دژایەتی کردنی ئیسلام، نەیدەتوانی لە شیعەوە سەرچاوە بگرێت و، لەبەر هەڵپەساردنی بنەما دێموکراتیکەکانی مەشرووتە، نەیدەتوانی ڕەگی لە دەنگی خەڵکیشدا بێت. تەنانەت ئەو فێڵ و تەڵەکەیەش کە لە مەجلیسی شوورای میللیدا بە ناوی یاساوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی قاجار و دامەزراندنی ڕژیمی پەهلەوی کرا، لە ڕووی ڕواڵەتی یاساوە گرفتی بوو.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە کە ئیمپراتۆریایەک کە لەسەر بنەمای شیعەگەریی سەفەوی دامەزرابوو و تەنانەت ئەو مەشرووعیەتە، بەشی حکوومەتی قاجاریشی نەدەکرد، ئێستا کە دژایەتیی عەرەب و ئیسلام دەکات بۆ دەبێت لە وجووددا بمێنێت؟ سەربەخۆیی و نیمچە سەربەخۆیییەک کە گەلانی نێو ئیمپراتۆرییەکە بوویان لەسەر چ بنەمایەک زەوت دەکرێت؟ پرۆژەی دروست کردنی دەوڵەتی مودێڕنی ئێرانی لەسەر بنەمای دەسەڵاتی فارس، پرۆژەیەک نەبوو کە مەشرووعیەتی ببێت یان پێویستی بە مەشرووعیەت ببێت. بۆ داگیر کردنی سنووری پێشووی ئیمپراتۆریای قاجار، هێزی چەکداری قسەی یەکەم و ئاخری کرد. مێژوویش نیشانی دا، لەگەڵ لادرانی ڕەزاخاندا کاتێک شەق و گوللـە هێزی کەم بوویەوە، دیسان ئیددعای گەلانی ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی فارس سەری هەڵدایەوە و لە ماوەیەکی کورتدا لە کوردستاندا کۆماری کوردستان ڕاگەیەنرا. ئەم جار ژئۆپۆلیتیکی هەستیاری ناوچە و مەشرووعیەتی دەوڵەتێک لە نەزمی دەوڵەتانی جیهاندا، وە فریای دەسەڵاتی فارس کەوت؛ دەسەڵاتی جێگرتووی فارس لە تاراندا کە بە پارەی نەوتی موستەعمەرەکانی خۆی سوپایەکی پێکەوە نابوو، ئەوەندەی کە کاتی دەست کەوت هێزی چەکداریی خۆی کۆ کردەوە و دیسان بە کوشتوبڕ موستەعمەرەکانی خۆی داگیر کردەوە.
حەمەڕەزا شایش ئەگەرچی لەگەڵ چینی زانایانی ئایینی شیعەدا نەرمتر بوو، بەڵام لەسەر هەمان ڕێچکەی باوکی لە دروست کردنی ناسنامەیەکی ئێرانی لەسەر بنەمای پێش ئیسلام ڕۆیشت و شێوەی دەسەڵاتداریی ناوەندگەرای درێژە پێ دا. ڕۆحانیەتی شیعە، کە لە دەوڵەتی مودێڕندا لە ناوەندی دەسەڵات دوور دەکەوتبووەوە، تێزی نامەشرووع بوونی حکوومەتی دنیایی لە کاتی بزر بوونی ئیمامی غایبی پەرە پێ دا. هەروەها کە ڕەگی ناسنامەی شیعە بوون کە پێشتر تاکە هۆکاری وجوودیی حکوومەتێک لەو جوغڕافیایەدا بوو، سەری هەڵدەدایەوە و ناڕەزاییی گەلانی ژێر دەسەڵاتی فارس هەر جارەو لە شوێنێکدا دەردەکەوت.
شۆڕشی ١٣٥٧ شۆڕشی ئەو دوو هێزە بوو دژ بە سیستەمێک کە بە زەربی شەق دامەزرابوو و چاوەڕوانی دەرفەتێک بوون بۆ هەڵوەشاندنەوەی. شۆڕشی ٥٧ تەقینەوەی ناڕەزایەتی دژ بە ناسنامەیەکی جەعل کراوی ئێرانی بوو کە نەک مرۆڤی فارسی لە بەستێنی مێژووی خۆی هەڵدەکەند، بەڵکوو سیستەمێک بوو، ناتەبا لەگەڵ بەشداریی بەشی هەرە زۆری جەمعیەتی نێو ئەو سنوورە کە ئەمەیش دیسان لەگەڵ ڕۆحی نوێکردنەوەی ڕاستەقینەی سیاسیدا ناتەبا بوو.
موسادرەی شۆڕش
ئەگەرچی شۆڕشی ٥٧ دژ بە پێکهاتەی حکوومەت بوو، خواستی گەلانی بندەستی ئێران لەگەڵ خواستی گەڕانەوە بۆ ناسنامەی شیعی تا ڕادەیەکی زۆر جیاواز بوو. مەلا تازە بە دەسەڵات گەیشتووەکان ئەگەرچی لەگەڵ ناوەرۆکی جیهانی نوێدا تەبا نەبوون، بەڵام فۆرمی دەوڵەتی مودێڕنیان گەرەک بوو. ئەوان لەلایەکەوە فۆرمێکی مودێڕنی ئیمپراتۆریای سەفەوییان دەویست و لەلایەکی ترەوە پاوان کردنی دەسەڵاتی نێو سیستەمی ئیستعماریی دەوڵەتی پەهلەوییان لەلا پەسند بوو. ئەمە هەر لە یەکەم مانگەکانی پاش شۆڕشی ٥٧ ئاشکرا بوو و بە ناردنی هێز بۆ کوردستان، تورکمەنسەحرا و عەرەبستان ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی تازەی ئاشکرا کرد.
ویستی تێکنەدانی میراتی ڕەزاخان و دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامانی نەتەوەکانی نێو ئێران، لەگەڵ ویستی بنیاتنانی نەتەوەی نوێ لەسەر بنەمای ناسنامەی شیعە، تێکەڵەیەکی پێکدژی لە خوێندنەوەی ڕەسمیی ناسنامەی ئێرانی بوون دروست کرد. لەلایەکەوە بە گێڕانەوەی شیعە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، حکوومەتێک بوو کە وەک دەسەڵاتی سەفەوی لەسەر بنەمای خزمەت بە ئایین دادەمەزرا و مەشرووعیەتی لە خوداوە وەردەگرت و لەلایەکی ترەوە خۆی بە سیستەمی کۆماری پێناسە دەکرد و ئیددعای مەشرووعیەتی خەڵکییشی بوو. خوێندنەوەی بە زۆر داسەپاو لە مێژووی چەند هەزار ساڵەی ئێران وەک گێڕانەوەی ڕەسمی لە مێژوو وەرگیرا و، هاوکات هەوڵێک بۆ خۆ بە “ام القرا”ی جیهانی ئیسلام زانین، لەگەڕدا بوو.
ئەگەر چەوساندنەوەی سیستەمی پێشوو لەسەر بنەمای نژاد بوو، ئەمە لەگەڵ سیستەمی بە یەک زانینی هەموو جیهانی شیعە یەکی نەدەگرتەوە. ئەگەرچی پەنا بردن بۆ مێژووی پێش ئیسلام و ناسنامەی دەستکردی ئێرانی بوون لەسەر ئەو بنەمایە، لە بنەڕەتدا بۆ دژایەتیی عەرەب و ئیسلام بوو، بەڵام سیستەمی تازە هەر زوو لەسەر دامەزراندنی سوپایەک بۆ سەرکوتی هێزی موستەعمەرەکانی و، بە زۆر داسەپاندنی زمان و کولتووری فارسی بەسەر هەموو نەتەوەکانی بندەستیدا، پێی نایە جێگەپێی سیستەمی پێشوو. دژایەتیی عەرەب، ڕواڵەتی گۆڕی و خۆی لە ڕواڵەتی وڵاتانی عەرەبی سوننیدا نیشان دایەوە. ئەم وەچەرخانە بۆ کورد ماڵ کاولکەر بوو، ئەم جار نەک وەک نەتەوەیەکی بندەست دەبا بە زەربی تانک و تەیارە کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵکوولەبەر ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان سوننی بوون، بە هۆکاری ئایینیش کرایە ئامانجی تیری کینە.
چییەتیی سیاسەت لە ئێراندا
لەو ڕووەوە کە لە پاش دامەزراندنی دەوڵەتی مودێڕنەوە، یان بە تەعبیرێک دەست گرتنی نەتەوەی فارس بەسەر هەموو میراتی پاشماوەی ئیمپراتۆریەتی پێش خۆیەوە، حکوومەتداری بووە بە کۆنترۆڵی دەسەڵاتی سەربازی بۆ کۆنترۆڵ و دەست بەسەردا گرتنی سەروەت و سامانی نەتەوەکانی تر، هەوڵی نوێ بوونەوە و خۆ سازدان بۆ نوێ کردنەوەی ئینسان تەعتیل بووە و، سیاسەت وەک بەشداریی مرۆڤەکانی ئەم دەوەرەیە لە گۆڕینی چارەنووسی خۆیاندا قفڵێکی گەورەی لێ دراوە. یاریکەرەکانی گەمەی سیاسەت چ لە سەردەمی پەهلەویدا و چ لەسەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، نەک بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی سیاسی بەڵکوو بۆ وە چنگ خستنی بەشی خۆیان لە تاڵانی سەروەت و سامانی نەتەوە بندەستەکان، خۆ لە قەرەی سیاسەت دەدەن.
دیارە لێرەدا خۆ لە باسی سواوی لە ئیسلاح هاتوو بوون یان نەبوونی کۆماری ئیسلامی نادەین، چون بە ئیستدلال لەسەر ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا، پێکهاتەی دەوڵەتی مودێڕنی ئێرانی لەسەر بنەمای چەوساندنەوە و تاڵانکاری دامەزراوە. بەڵام پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە پرسیاری ئینقلاب یان ئیسلاح بۆ کەسێکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی، داوێکە کە لە خۆیدا هەڵگری مانەوەی سیستەمی چەوساندنەوەی ئێرانییە. بێجگە لەوە هەموو ئیستدلالەکان بۆ ئیسلاح لەجێی ئینقلاب، لە ناخی خۆیاندا ئەو ترسەیان حەشار داوە کە لە ئەگەری شێوانی نەزمی موجووددا، ئیمکانی لاواز بوونی سوپای ناوەند و بەهێز بوونی پەراوێز هەیە. لە ڕاستیدا ترس لە ئینقلاب، ترس لە هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر سەروەت و سامانی پەراوێزدایە. چونکە لە ئەگەری ئینقلاب و شۆڕشدا، بەو گۆڕانە قووڵەی کە کۆماری ئیسلامی بەسەر تێڕوانینی خەڵکیدا هێناوە، ئایینی شیعە ناتوانێت ببێت بە هەوێنی حکوومەتی جێگرەوەی. ئەمە لە کاتێکدایە کە تاکە هۆکاری دروست بوونی چەتری ئیمپراتۆریەتێک لەسەر ئەو جوغڕافیایە، ئایینزای شیعە بووە. ئاڵا هەڵگرانی گەڕانەوە بۆ شارستانیەتی ساسانی، ئەگەرچی بۆ ماوەی سەد ساڵ پاوانی پەروەردە و میدیایان بە دەستەوە بووە، نەیانتوانیوە لە پڕۆژەی تواندنەوەی نەتەوەکاندا سەرکەوتوو ببن. بۆیە ئەگەر هەر گۆڕانێک بێتە کایەوە، هیچ هۆکارێکی وجوودی بۆ مانەوەی دەسەڵاتی ئیستعماریی ئێرانی لەنێواندا نییە.
ڕۆشنبیریی دژە هێژمۆنیک
لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ ئەو هاوکێشە ئاکادمیکانەی بۆ سیاسەتی ئێرانی ڕیز دەکرێن، ڕەنگە ئەم خوێندنەوە سەرپێییە لە سیاسەتی ئێرانی، یەکجار سادە و سەرەتایی بێتە بەرچاو. ئەگەرچی ئەم گێڕانەوەیە بە ئەنقەست کورت نووسراوە، بەڵام جیاوازییەکی جەوهەریی لەگەڵ ئەو شێوە نووسینایەشدا هەیە. لە سیستەمێکی ئیستعماریی وەک ئێراندا، ئەگەرچی دەسەڵات بە زەبری شەق و بە ڕشتنی خوێن دادەسەپێت، بەڵام بۆ ئەوەی کە دەسەڵات ناچار نەبێت هەموو ڕۆژێک سەرکوت و شەقی ڕووت بۆ کۆنترۆڵی ژێردەستەکانی بەکار بهێنێت، ناچارە ڕۆشنبیرییەکی چەواشە بەرهەم بهێنێت کە ژێردەستەکان لە ڕێگەی ئەو ڕۆشنبیرییە چەواشەیەوە پێگەی خۆیان لە کۆمەڵگادا بە شیاو پێناسە بکەنەوە.
ئەرکی ڕۆشنبیرانی سوننەتی بەرهەمهێنان، دابەش کردن و بەکارهێنانی ئەو جۆرە ڕۆشنبیرییەیە کە پەیوەندیی کۆیلە/کۆیلەدار بە شتێکی ئاسایی پێناسە دەکاتەوە. کاری ئەو ڕۆشنبیرانە ئەوەیە کە لە چوارچێوەی وەزعی مەوجووددا، خوێندنەوەی ڕۆشنبیرانە و بە ناو زانستی لە دیاردەکان پێشکەش بکەن. دیارە دەسەڵات وەک چۆن دەستی بە ئامرازی کوشتوبڕ دەگات، هەر بەو شێوەیە دەستی بە ئامرازەکانی کۆنترۆڵی مێشکی بندەستەکانیشیدا دەگات.
ڕۆشنبیری ئۆرگانیک یان دژە هێژمۆنیک ڕۆشنبیرێکە کە لە بەری ژێردەستەکانە. دەتوانێت لە خواستی ئەوان تێبگات، پێویستییەکان و پرسە سەرەکییەکان لێک بداتەوە و ئەم جار فۆرموولەی بکاتەوە و بە گژی ڕۆشنبیریی هێژمۆنیکدا بچێتەوە. بۆیە ئێمە بۆ تێگەیشتن لە واقیعی بندەستیی خۆمان، ناچارین پەردەی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵات بدڕین و لەسەر بنەمای بنەڕەتیترین هاوکێشە، واتە هاوکێشەی کۆیلە و کۆیلەدار، چەمکەکانی لێدوانی سیاسیمان دابڕێژینەوە.


