ئارامتر بخوێنەوە!
بیری لێنین و باغەکانی سەمەرقەند, گەشتێک بەنێو کتێبخانەی تایبەتیی د. قاسملوودا
د. ئاسۆ حەسەنزادە
“پێوەندیی نێوان کتێبەکان و دوکتور قاسملوو و کاریگەرییان لەسەر بیر و خەیاڵی، بێگومان لەو حاڵەتانەشدا ئاسانتر دەدۆزرێتەوه که لەلایەن نووسەرەکانەوه پێشکەشی کراون یان قەدیان شکاوه و جار جاره و لێر و لەوێ یادداشت و سەرەقەڵەمێکی دوکتور قاسملوویان تێدا بەجێ ماوه.”
“ئه‌من زۆر هۆگری خوێندنه‌وه‌م. هه‌موو گۆڤاره‌کان، ڕۆژنامه بێگانه و ئێرانییه‌کان له کوردستان ده‌خوێنمه‌وه و زۆریش هۆگری خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان و کتێبه زانستییه‌کانم. به‌ڵام حه‌زم زۆر له شێعره. له کوردستان شه‌وی شێعر پێک دێنین و منیش شێعر ده‌خوێنمه‌وه. هۆگرییه‌کی یه‌کجار زۆرم به شێعری کلاسیکی ئێران هه‌یه، بۆ نموونه حافز و سه‌عدی و خه‌ییام و بابا تاهیری عوریان و فیرده‌وسی. هه‌روه‌ها به شێعری کلاسیکی کوردی به‌تایبه‌تی گۆران که شاعیری سه‌ده‌ی بیسته‌می کوردستانه و ئه‌حمه‌دی خانی که شاعیری کلاسیکی کورده. له شاعیره نوێیه‌کان نادر نادرپوور و ئه‌حمه‌دی شاملووم به‌دڵن و دیوانه‌کانیانم هه‌یه. په‌روینی ئیعتیسامییشم زۆر خۆش ده‌وێ و هه‌ست ده‌كه‌م شێعره‌کانی زۆر له ژیانی ئێستای من نزیکن.”
(دوکتور قاسملوو)
کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی کۆشک
فرانسوا مۆریاک، ئه‌ندامی ئه‌کادیمیی فه‌ڕانسه و خه‌ڵاتی نۆبێلی ئه‌ده‌بیات، ده‌ڵێ “پێم بڵێ چ ده‌خوێنیه‌وه تا پێت بڵێم کێی، به‌ڵام باشترت ده‌ناسم ئه‌گه‌ر پێم بڵێی چ شتێك سه‌رله‌نوێ ده‌خوێنیه‌وه”.
ناسین و تێگه‌یشتن له جه‌وهه‌ر و ناخی که‌سایه‌تی و بیروباوه‌ڕی مرۆڤه گه‌وره‌کان ته‌نیا به پشتبه‌ستن به ڕیوایه‌تی ڕه‌سمیی ژیانیان و وته و کرده‌وه‌ی ئاشکرایان نایه‌ته‌دی. به‌ڵکوو هه‌ڵسوکه‌وت و دونیا و دیکۆری نێو ژیانی تایبه‌تیشیان سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌نرخی ئه‌م ده‌رک و به‌دواداچوونه‌یه. ڕه‌هه‌ندێکی گرینگی ئه‌م دیوه که‌متر دیاره‌ی ژیانی که‌سایه‌تییه‌کان – به‌تایبه‌تی هی ڕێبه‌رانی سیاسی- بواری خوێندنه‌وه و موتالعه‌یه که به سه‌رنج پێ دان و لێ‌وردبوونه‌وه‌ی ده‌کرێ به بابه‌ته‌کانی جێگای سه‌رنج و هۆگریی که‌سایه‌تییه‌كه ئاشنا بین و تا ڕاده‌یه‌ک بۆمان ده‌ربکه‌وێ که له‌ژێر کاریگه‌ریی کامه به‌رهه‌مه فیکری و ئه‌ده‌بی و کام تێز و لێکۆڵینه‌وانه‌دا (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ئه‌نجامی ڕه‌تکردنه‌وه‌شیاندا بووبێ) ده‌زگای هزر و ڕوانین و شێوازی ئاخاوتن و ده‌ربڕینی که‌سایه‌تییه‌که بیچم و نێوه‌رۆکی وه‌رگرتووه.
یه‌ک دوو ساڵه له به‌ره به‌ری ساڵڕۆژی شه‌هید بوونی دوکتور قاسملوودا ئه‌و بیره و ئه‌و پرسیاره له مێشکم دا که‌ڵکه‌ڵه ده‌کا که –هه‌روه‌ک چۆن گه‌لانی تری جیهان بۆ سه‌روه‌ران و سه‌ردارانی خۆیانی ده‌که‌ن- ئایا ئێمه‌ش ده‌توانین چی بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی ئه‌و ڕێبه‌ره مه‌زنه له‌دوای خۆی به یادگار بۆ گه‌له‌که‌ی به‌جێ هێشتوون (له کتێب و نامه و ده‌ستنووس و فایله ده‌نگی و ڕه‌نگییه‌کانی ڕا بگره هه‌تا ئاڵبۆم و که‌لوپه‌له تایبه‌تییه‌کانی) به چه‌شنێک وه‌سه‌ریه‌ک بخه‌ینه‌وه که له مه‌ترسیی ژاکان و فه‌وتان ڕزگاریان بێ و له هه‌لومه‌رجی له‌باردا مووزه‌یه‌کیان (ئه‌گه‌ر کرابا جارێ له “ئاخرین ماڵی ژیانی” له قه‌ندیل) لێ دروست بکه‌ین که هه‌م ببێته زیاره‌تگایه‌ک بۆ هۆگران و ئه‌ویندارانی بیروباوه‌ڕ و ڕێبازه‌که‌ی؛ هه‌م ئه‌رشیڤێکی زیندوو بۆ به‌رده‌ستی مێژوونووس و لێکۆڵه‌رانی مه‌سه‌له‌ی کورد. به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌م که‌لوپه‌له تایبه‌تییانه له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته (له‌گه‌ڵ هێندێکیان له پاریس هاوماڵ بووم)، به‌شی که‌متریشی له کوردستانه که ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر کتێبه‌کانی، له‌نێو کتێبخانه‌یه‌کی بچووکدا و به چه‌شنێک که شیاوی ئه‌و یادگاره به‌نرخانه‌یه، له ژووری کۆبوونه‌وه‌کانی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا ڕاگیراون [ئه‌و ژووره له مووشه‌کبارانی قه‌ڵای دێموکڕات له ٨ی سێپتامبری ٢٠١٩دا خاپوور بوو، به‌ڵام کتێبه‌کان ئه‌گه‌رچی زیانی زۆریان پێ گه‌یشت، هه‌ر ماون و ئێستا له شوێنێکی دیکه ڕاگیراون].
ماوه‌یه‌ک به‌ر له نووسینی ئه‌م دێرانه هاوڕێی هه‌میشه له‌دڵمدا، د. هاشمی ئه‌حمه‌د زاده پرسیاری لێ کردم که بۆچی شتێک له‌سه‌ر نێوه‌رۆکی کتێبخانه تایبه‌تییه‌که‌ی د. قاسملوو ئاماده ناکه‌ن؟ ئه‌من که بۆخۆشم ده‌مێک بوو بیرم له کارێكی وا ده‌کرده‌وه، بڕیارم دا ده‌ستی لێ ببزێوم. هه‌ربۆیه له بیست و پێنج ساڵه‌ی شه‌هید بوونی دوکتور قاسملوودا، ئیزنم به خۆم دا ده‌رگای ئه‌و کتێبخانه‌یه بکه‌مه‌وه و ده‌ست بۆ کتێبه‌کان به‌رم. ساته‌کانی ده‌سپێکی ئه‌و سه‌ردانه بۆ من پڕ بوو له هه‌ژان. وه‌ک ئه‌وه وا بوو ده‌ست بۆ که‌ره‌سه‌یه‌کی پیرۆز ببه‌م و پێ بنێمه نێو دیار و ده‌ڤه‌رێکی ئه‌فسانه‌یی، مه‌مله‌که‌تێک که له‌ودا هه‌ستم نه‌ده‌کرد میوانێكی نه‌خوازراو بم، به‌ڵام هه‌ستم به بچووکی ده‌کرد. کتێبه‌کان بۆنی دوکتور قاسملوویان لێ ده‌هات، هه‌ر ئه‌و کتێبانه بوون که له ساڵانی سه‌ختی خه‌باتی شاخدا، به‌ده‌م هاڕه‌ی ته‌یاره‌ی دوژمن و هاژه‌ی تاڤگه‌کانی کوردستانه‌وه، له‌نێو چادر و له‌ژێر که‌پره‌کاندا، هاوڕێ و هاوده‌می کاته که‌متر ئازاد و ئارامه‌کانی بوون. ده‌تگوت گه‌له‌ریی مێژوون، ڕه‌نگی تێپه‌ڕینی ڕۆژگاریان گرتبوو و دیار بوو سێبه‌ری سه‌ده و هه‌زاره‌یه‌کی نوێیان به‌سه‌ردا کشاوه. پڕ بوون له سه‌ره‌قه‌ڵه‌می خۆی و ده‌سخه‌تی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی کتێبه‌کانیان پێشکه‌ش کردبوو. “تاریکستانی ئه‌شباح” نه‌بوو ئه‌و کتێبخانه‌یه، چراخانی ئه‌ڕواحی گه‌ش و ڕووناک بوو…
پۆلێنی کتێبه‌کان
یه‌که‌م کتێب که سه‌رنجی ڕاکێشام کتێبێكی ئینگلیسی بوو سه‌باره‌ت به هونه‌ری کتێبخانه‌داری که کۆمه‌ڵێک وتاری ڤیلادیمیر ئێلیچ لێنین-ی سه‌باره‌ت به گرینگیی په‌ره‌پێدان به فه‌رهه‌نگی کتێب خوێندنه‌وه و سیستمی ڕێکخستنی کتێبخانه‌کان له یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت له‌خۆ گرتبوو. ده‌موده‌ست که‌وتمه‌وه یادی ئه‌و به‌یانییه به‌هارییه‌ی قه‌ندیل کاتێک دوکتور قاسملوو له ماڵی عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده چاوی له کتێبخانه‌که‌ی ناوبرا‌و ده‌کرد و بابم به ئیشاڕه به من گوتی “ئه‌وه‌ش کتێبخانه‌داره‌که‌مه!”. دوکتور قاسملووش له وڵامدا گوتی: “کتێبخانه‌داری عیلمه!”. ئه‌وکاته بۆم پرسیار بوو که چۆن ده‌کرێ کارێكی “ساده”ی وه‌ک کتێب ڕاگرتن عیلم بێ و نه‌مده‌زانی کتێبخانه‌داری له دنیای پێشکه‌وتوودا وه‌ک دیسیپلینێکی ئه‌کادیمی و زانستی ئه‌ژمار ده‌کرێ.
گه‌شتێک به‌نێو کتێبخانه‌که‌ی دوکتور قاسملوودا وێستگه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی ژیان و خه‌باتی ئه‌ومان بیر ده‌خاته‌وه و زۆر شتی تازه‌مان له‌باره‌ی که‌سایه‌تی و بیروباوه‌ڕی ئه‌و پیاوه سیاسییه که کتێب خوێنه‌وه‌یه‌کی به‌بڕشت بوو، فێر ده‌کا. هه‌ڵوه‌سته‌ی ورد و وه‌رددانه‌وه‌ی به‌له‌باریی کتێبه‌کان کۆمه‌ڵێک نیشانه‌مان سه‌باره‌ت به ڕه‌گ و ڕیشه‌ی بیرۆکه‌کانی قاسملوو، و هه‌وێنی خه‌ون و خولیا و نیگه‌رانی و هیواکانی ده‌خاته ده‌ست. نیشانه‌گه‌لێك که بۆ ئه‌وه ده‌بن له‌گه‌ڵ زانیارییه‌کانی دیکه‌ی پێوه‌ندیدار به ڕابردوو و ڕوانگه‌کانی قاسملوو له ته‌نیشت یه‌ک دابنرێن و له ساغکردنه‌وه‌ی پازڵی قاسملوودا که‌ڵکیان لێ وه‌ربگیرێ.
دیاره ئه‌م که‌ڵك وه‌رگرتنه پێویسته زۆر به‌پارێزه‌وه ئه‌نجام بدرێ، چونکه هه‌رچه‌شنه ئاکامگیرییه‌کی خێرا و ڕه‌ها له‌باره‌ی کاریگه‌ریی ته‌ک ته‌کی کتێبه‌کانی نێو ئه‌م کتێبخانه‌یه له‌سه‌ر دوکتور قاسملوو له‌جیاتی ئه‌وه‌ی شوێن‌هه‌ڵگر بێ ده‌توانێ شوێن‌ونکه‌ر بێ و به هه‌ڵه‌ماندا ببا، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێ که دوکتور قاسملوو ڕێبه‌ر و سیاسه‌تمه‌دارێکی کرده‌وه‌گه‌را و واقیعبین و خاوه‌ن خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی له ڕووداو و دیارده‌کان بوو و قه‌ت نه‌ده‌چووه ژێر باری گوتاری زاڵ و خانه‌به‌ندییه تیئۆرییه پێشتر داڕێژراوه‌کان.
ته‌نانه‌ت بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌وه که هه‌موو کتێبه‌کان مسۆگه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی خۆی یان جێگای سه‌رنج و هۆگریی خۆی بووبن، هه‌میشه کارێكی ئاسان نیه. خاڵێکی سه‌رنجڕاکێش و هه‌ژێنه‌ر سه‌باره‌ت به ساغکردنه‌وه‌ی پێوه‌ندیی دوکتور قاسملوو له‌گه‌ڵ ئه‌و کتێبانه ئه‌وه‌یه که له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوکتور سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی جێگره‌وه و له‌ڕووی سیاسی و حیزبییه‌وه میراتگری دوکتور قاسملوو بوو، به‌وێنه‌ی سه‌فه‌ری ژیان و خه‌بات و گۆڕغه‌ریبیی پێرلاشێزیان، کتێبه‌کانی نێو کتێبخانه‌کانیشیان ده‌ستله‌ملانی یه‌كتر بوون و زۆر جار ده‌بینین که کتێبێکی ئه‌میان له نێو کتێبخانه‌که‌ی ئه‌ویاندا ئارامی گرتووه و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه شوێنی خۆی. هه‌روه‌ها هه‌ژێنه‌ره که جار جاره له‌و کتێبخانه‌یه‌دا تووشی کتێبی وا ده‌بین که له‌پاش مه‌رگی دوکتور قاسملوو و له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئۆدیسه‌ی ژیانی قاسملوودا نووسراون، وه‌ک بۆ نموونه نامیلکه‌ی فه‌ڕانسه‌یی “دوکتور قاسملوو، پیاوی ئاشتی و دیالۆگ”، یان نوسخه‌ی ئیسپانیۆلیی کتێبه‌که‌ی کارۆل پرۆنهووبێر، به‌ناوی “خولیا و مه‌رگی ڕه‌حمانی کورد”.
سه‌باره‌ت به کتێبه‌کانی دوکتور قاسملوو و ئامرازی ده‌ستنیشانکردنی ڕاده‌ی گرینگی‌یان هێندێک نیشانه هه‌ن که ده‌توانن یارمه‌تیده‌ر بن. به‌شێک له به‌رهه‌مه‌کان ڕێچکه و شوێنه‌واریان به ڕوونی له قسه‌کانی دوکتور قاسملوودا وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێ، له نووسینه‌کانیدا بۆخۆی ڕاسته‌وخۆ وه‌ک سه‌رچاو که‌ڵکی لێ وه‌رگرتوون، یا له کۆڕی دۆستان و هاوڕێیانیدا زۆر جار ئاماژه‌ی پێ ده‌کردن. پێوه‌ندیی نێوان کتێبه‌کان و دوکتور قاسملوو و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر بیر و خه‌یاڵی، بێگومان له‌و حاڵه‌تانه‌شدا ئاسانتر ده‌دۆزرێته‌وه که له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌کانه‌وه پێشکه‌شی کراون یان قه‌دیان شکاوه و جار جاره و لێر و له‌وێ یادداشت و سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێکی دوکتور قاسملوویان تێدا به‌جێ ماوه. زۆر له کتێبه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای تێگه‌یشتنێک که دۆستانی دوکتور قاسملوو به‌تایبه‌تی دۆسته بێگانه‌کانی له بواره‌کانی جێگای سه‌رنجی دوکتور قاسملوو بوویانه، بۆ وی نێردراون. له‌نێو هه‌موو کتێبه‌کانیشدا به‌نرخترینیان له‌ڕووی بایه‌خی عاتیفی و مێژوویی‌یه‌وه ئه‌وانه‌ن که وه‌ختی خۆی دوکتور قاسملوو بۆخۆی دابینی کردوون و نیشانه‌ی لێ داون. ئه‌و عاده‌تی بوو له لاپه‌ڕه‌ی پێش کۆتایی ئه‌و کتێبانه‌دا که بۆی گرینگ بوون و هی خودی خۆی بوون به لاتینی و به خه‌تێک که که‌مێک وه‌ک خه‌تی ته‌بیبان ده‌چێ ده‌ینووسی “ره‌حمان”، خه‌تێکی به‌ژێردا ده‌کێشا و له خواره‌وه‌ی ئه‌و خه‌ته‌ش ڕێکه‌وتی ڕۆژه‌که‌ی ده‌نووسی.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که به‌هۆی هه‌لومه‌رجی سه‌ختی خه‌بات و ڕاگوێزرانی به‌رده‌وامی بنکه‌ی سه‌رکردایه‌تیی حیزب و دژواریی ده‌ستڕاگه‌یشتن به کتێب و سه‌رچاوه‌کان له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ژماره‌ی سه‌رجه‌م کتێبه‌کان زۆر نیه (چه‌ند سه‌ت جڵد)، هه‌ر له یه‌که‌م ڕوانیندا ده‌وڵه‌مه‌ندیی کتێبخانه‌که چ له‌ڕووی زمان و کات و شوێنی چاپی کتێبه‌کان و چ له‌ڕووی جۆراوجۆریی بوار و بابه‌ته‌کانه‌وه سه‌رنج ڕاده‌کێشێ. به‌ڵام مه‌سه‌له‌یه‌کی گرینگ که له هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و کتێبخانه‌یه‌دا ده‌بێ له‌به‌رچاوی بگرین ئه‌وه‌یه که ئه‌و کتێبخانه‌یه ته‌عبیر نه‌ک له هه‌موو ژیانی فیکریی دوکتور قاسملوو، به‌ڵکوو ته‌نیا ته‌عبیر له ده ساڵی کۆتایی ژیانی ده‌كا، ئه‌گه‌رچی زۆر کتێبیشی تێدان (به‌تایبه‌تی له‌بواری مێژوویی و هزریدا) که پاش شه‌ڕی دووه‌می جیهانی چاپ کراون یان له شه‌سته‌کانی زایینی‌دا ئه‌وده‌م که دوکتور قاسملوو له پراگ ده‌ژیا یا له حه‌فتاکاندا کاتێك له پاریس بوو، دابینی کردوون.
چاوخشاندنێک به‌و کتێبه دێرینانه‌ی دوکتور قاسملوو له‌گه‌ڵ خۆی هێناونیه‌وه کوردستان و به‌گشتی به سه‌رجه‌م کتێبه‌کان، دوو ئاکامگیریی مانابه‌خشمان له‌باره‌ی پۆلێنی کتێبه‌کان ده‌داته ده‌ست :
یه‌که‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه که دوکتور قاسملوو به پله‌ی جیاواز شاره‌زای نزیک به ده زمانی زیندووی جیهانی به‌تایبه‌تی ڕووسی و زمانه سلاڤه‌کان بوو، زیاتر له حه‌فتا له سه‌دی کتێبه‌کانی به زمانی فه‌ڕانسه‌یین. سه‌رنجڕاکێشه که بزانین ته‌نانه‌ت کتێبه‌کانی پێوه‌ندیدار به مارکسیسزم- لێنینیزمیش که دوکتور قاسملوو له گه‌نجێتیدا په‌یدای کردوون و ڕایگرتوون، زۆربه‌یان به زمانی فه‌ڕه‌نسین. له‌نێو زمانه‌کانی دیکه‌دا کوردی و فارسی به پله‌ی دووه‌م، زمانه سلاڤه‌کان به پله‌ی سێهه‌م، ئینگلیزی به پله‌ی چواره‌م، عه‌ره‌بی و ئاڵمانی به پله‌ی پێنجه‌م دێن و تاق و لۆقیش کتێب به زمانی تورکی وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێ. هۆی باڵاده‌ستیی زمانی فه‌ڕانسه‌یی له‌م کتێبخانه‌یه‌دا ته‌نیا بۆ ئه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه که له‌و ساڵانه‌دا که ئه‌و کتێبخانه‌یه شکڵی گرتووه زۆربه‌ی ئه‌و بیانییانه‌ی به‌مه‌به‌ستی ڕۆژنامه‌وانی یا بۆ یارمه‌تیی پزیشکی و ئینسانی سه‌ردانی کوردستانیان کردووه فه‌ڕانسه‌یی بوون، یا ئه‌وه که فه‌ڕانسه وێستگه‌ی یه‌که‌م و سه‌ره‌کیی سه‌فه‌ره‌کانی دوکتور قاسملوو بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو. به‌ڵکوو ئه‌و مه‌سه‌له‌یه پێش هه‌موو شتێک بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که هه‌ر له بنه‌ڕه‌ت ڕا زمانی فه‌ڕانسه‌یی له دنیای مه‌عریفیی دوکتور قاسملوودا جێگه‌ی یه‌که‌م یا هه‌ر نه‌بێ ڕیزی یه‌که‌می هه‌بوو. کاریگه‌ریی زمانی فه‌ڕانسه‌یی به‌سه‌ر زمانی بیرکردنه‌وه و ئاخاوتنی دوکتور قاسملووه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ی به کوردی یا به فارسیش قسه‌ی ده‌کرد به ڕوونی دیار بوو، ئه‌گه‌رچی ئه‌و کاریگه‌رییه نه‌ده‌گه‌یشته ڕاده‌ی کاریگه‌ریی هه‌مان زمان له‌سه‌ر مێکانیزمی بیر و ده‌ربڕینی دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی، و زانستی که‌لامی دوکتور قاسملوو شوێنه‌واری ڕه‌وانبێژییانه‌ی زیاتر له زمانێکی سه‌ره‌کیی پێوه دیار بوو.
دووه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که بواری پسپۆڕیی ئه‌کادیمیی دوکتور قاسملوو ئابووری بوو، به تاق و لۆق کتیبێک له‌و کتێبخانه‌یه‌دا هه‌ڵده‌که‌وێ که پێوه‌ندیی به زانستی ئابوورییه‌وه هه‌بێ (بۆ نموونه یه‌ک له‌و ته‌نیا دوو کتێبه تورکییه‌ی باسی ئابووریی کوردستانی تورکیه ده‌کا یان چاپی تورکیی نامیلکه‌یه‌کی خۆی سه‌باره‌ت به کوردستانی ئێران که به یادداشت و سه‌ره‌قه‌ڵه‌مه‌كانی نێوه‌وە‌ی ڕا دیاره دوکتور قاسملوو زۆر له چاپ و وه‌رگێڕانه‌که ڕازی نیه). له‌لایه‌کی دیکه‌وه، ئه‌گه‌رچی دوکتور قاسملوو له‌ڕووی تیئۆری و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسییه‌وه هۆگر و هه‌ڵگری چه‌مکه هزرییه‌کان به‌تایبه‌تی له مه‌کته‌بی مارکسیستیدا بوو، که‌چی کتێبه فیکری و ئیدئۆلۆژیکه‌کان که‌مترین جێگه‌یان له‌و کتێبخانه‌یه‌دا به‌نسیب بووه و به په‌نجه‌کانی هه‌ردوو ده‌ست ده‌ژمێردرێن.
زۆربه‌ی هه‌ره زۆری کتێبه‌کان پێوه‌ندییان به مه‌سایلی ژیئۆپۆلیتیک و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و ململانه‌ی زلهێزه‌کان و کێشه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته‌وه هه‌یه. که‌موکوڕییه‌کانی سۆسیالیزمی مه‌وجوود و پێویستیی ڕیفۆرم، ئه‌حزابی چه‌پی دنیا و سۆسیال دێموكڕاسی، مێژووی جیهان به‌تایبه‌تی ئینقلابه‌کان، بیۆگرافی و بیره‌وه‌ریی سیاسه‌تمه‌دارانی ناسراو، کێشه و پێوه‌ندییه‌کانی جیهانی سێهه‌م، ڕۆژهه‌ڵاتناسی و مێژووی ئێران، کوردۆلۆژی، مافی مرۆڤ، تێرۆریزم، خه‌باتی پارتیزانی و تاکتیکه نیزامییه‌کان بواره‌کانی دیکه‌ی کتێبه‌کانی نێو ئه‌م کتێبخانه‌یه پێک دێنن. بێگومان له‌و کتێبخانه‌یه‌دا ژماره‌یه‌کی زۆر کتێب و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیش (چ له‌بواری ڕۆمان و شێعری بێگانه به‌تایبه‌تی فه‌ڕه‌نسی و چ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ زمان و ئه‌ده‌بیاتی کوردی‌دا) وه‌به‌رچاو ده‌که‌ون. هه‌روه‌ها سه‌رنجڕاکێشه که بزانین له ته‌واوی ئه‌و کتێبخانه‌یه‌دا ته‌نیا یه‌ک دانه کتێب له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئایین و ئایین‌ناسی‌دا هه‌یه که ئه‌ویش پێوه‌ندیی به تێئۆلۆژیی ڕزگاریی مرۆڤه‌وه هه‌یه.
هه‌مووی ئه‌مه به مانای بێ‌مه‌یلی و گرینگی نه‌دانی چیدیکه‌ی دوکتور قاسملوو به پسپۆڕییه ئه‌کادیمییه‌که‌ی خۆی و به‌گشتی به بواری فیکر و تیئۆری نیه. به‌ڵکوو مانای ئه‌وه‌یه که کتێبخانه‌که‌ی ساڵانی دوایی ژیانی دوکتور قاسملوو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی سیاسیی ئه‌وکات و پێویستییه مه‌عریفییه‌کانی ئه‌و له‌و سه‌رده‌مه‌دا بووه. به کورتی ده‌توانین بڵێین که ئه‌و کتێبخانه‌یه کتێبخانه‌ی عه‌مه‌لیی سیاسه‌تمه‌دارێکی عه‌مه‌لگه‌رایه که له‌و دوایین قۆناغه‌ی ژیان و خه‌باتیدا که قۆناغی هه‌ره پڕشنگدار و دره‌وشاوه‌ی بوو، ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رنجی ده‌دایه پرسه‌کانی بواری سیاسه‌تی واقیعی و خه‌باتی به‌کرده‌وه، ئه‌وه‌نده خۆی به بابه‌ته ته‌نیا فیکری و تیئۆرییه‌کانه‌وه خه‌ریک نه‌ده‌کرد.
سه‌باره‌ت به نێوه‌رۆکی کتێبه‌کانی هه‌ر کام له‌و بوارانه‌ی باس کران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه که کتێبه‌کانی نێو ئه‌م کتێبخانه‌یه به‌پێی بوار و بابه‌ت پۆلێن و ڕه‌دیف نه‌کراون، به‌ڵام ده‌توانین بۆ مه‌به‌سته‌كانی ئه‌م وتاره کتێبه‌کانی هه‌رکام له بواره ئاماژه پێ کراوه‌کان وه‌سه‌ریه‌ک بخه‌ینه‌وه و نموونه‌ی ماناداریان لێ بێنینه‌وه.
بواری هزر و ئیدئۆلۆژی
هه‌روه‌ک باسمان کرد و ئاماژه‌مان به هۆیه‌که‌شی کرد، ژماره‌ی ئه‌و کتێبانه‌ی نێو ئه‌م کتێبخانه‌یه که نێوه‌رۆکێکی ته‌نیا هزری و ئیدئۆلۆژیکیان هه‌یه له‌چاو ئه‌وه که ده‌کرێ زائیرێک پێش کردنه‌وه‌ی ده‌رگای کتێبخانه‌که پێشبینیی بکا، یه‌کجار زۆر که‌مه. لێره‌دا یه‌ک دوو کتێبی بیرمه‌ندی لیبراڵ و نه‌یاری سه‌رسه‌ختی تۆتالیتاریسم، ڕێمۆن ئاڕۆن (وه‌ک “په‌نجا ساڵ بیرکردنه‌وه سیاسی”یه‌که‌ی و دوایین به‌رهه‌مه ته‌واونه‌کراوه‌که‌ی ژیانی له‌سه‌ر ئه‌زموونی کۆتایی سه‌ده) – هه‌ر ئه‌و که‌سه که له‌و شوێنه‌دا که مارکس ئایینی به “ئه‌فیۆنی خه‌ڵك” له قه‌ڵه‌م ده‌دا، ئه‌و مارکسیسزمی به ئه‌فیۆنی ڕووناکبیران ده‌زانی- له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کتێبی پێوه‌ندیدار به پره‌نسیپه‌کانی مارکسیزم-لێنینیزم که پاش شه‌ڕی دووه‌می جیهانی به زمانی فه‌ڕانسه‌یی له پێکه‌ن چاپ کراون (وه‌ک “ده‌وڵه‌ت و ئینقلاب” و “ئابووری و سیاسه‌ت له سه‌رده‌می دیكتاتۆریی پرۆلتاریادا”ی لێنین و “پره‌نسیپه‌کانی کۆمۆنیزم”ی ئێنگلس و “ئه‌نترناسیۆنالی چواره‌م”ی ترۆتسکی) تێکه‌ڵی یه‌کدی بوون. هه‌ر له‌و بواره‌دا کۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه که له ڕۆڵی فاکته‌ری نه‌ژادی و جێگه و پێگه‌ی نه‌ته‌وه له تیئۆریی مارکسیستیدا ده‌كۆڵنه‌وه (بۆ نموونه توێژینه‌وه‌کانی ئامادۆ بۆردیگا و فرانسوا ماسپێرۆ)، هه‌روه‌ها هێندێك سه‌رچاوه که سه‌رنج ده‌ده‌نه مه‌رام و ڕوانگه‌کانی مارکسیسته‌کانی جیهانی سێهه‌م (بۆ نموونه گۆڤارێکی مارکسیسته‌کانی ئه‌فریقا و ڕاپۆرتێک سه‌باره‌ت به فێستیڤاڵی جیهانیی لاوان له دیدی وه‌ڤدی ڕێکخراوه‌کانی وڵاتانی دۆسته‌وه) سه‌رنج ڕاده‌کێشن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و بواره‌دا باڵاده‌سته نه‌ک لایه‌نی تیئۆریی مارکسیسیزم-لێنیزم، به‌ڵکوو لایه‌نه عه‌مه‌لی و مه‌یدانییه‌که‌ی وه‌دیهێنان و جێبه‌جێکردنی ئه‌و بیروباوه‌ڕه و واقیعییه‌تی سیستمی کۆمۆنیستی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدایه. زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی پێوه‌ندیدار به‌و پرسه‌ش له‌و کتێبخانه‌یه‌دا ئامانجیان ئه‌وه‌یه که وێڕای شیکردنه‌وه‌ی سیستمی سیاسی و ئابووریی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، سه‌باره‌ت به نیشانه‌کانی ڕزین و هۆکاره‌کانی زه‌واڵی سۆسیالیزمی مه‌وجوود هۆشیاری بده‌نه خوێنه‌ر. لێره‌دا بۆ نموونه ئه‌م تیترانه‌مان دێته به‌رچاو: “ده‌سه‌ڵاتی قه‌بزه‌کراو له یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت” له نووسینی هێلێن کارێر دانکۆس، “مافیا له شووڕه‌وی” له نووسینی ڤێرژینی کوولۆدۆن، یا “نامه‌كانی میخائیل یه‌فیمۆڤ” سه‌باره‌ت به دۆخی خراپی مافی مرۆڤ له‌و وڵاته‌دا. بێگومان به‌شێك له سه‌رچاوه‌کانی ئه‌م هۆشیارییه مێژووییه که دوکتور قاسملوو له ناوچه‌ی ئێمه‌دا یه‌که‌م که‌س و تا ماوه‌یه‌کی زۆر تاقانه ڕێبه‌ری سیاسی بوو ئازایه‌تیی ئه‌وه‌ی هه‌بوو به ئاشکرا بیڵێ و ئاکامگیریی به‌كرده‌وه‌ی لێ وه‌ربگرێ، سه‌رچاوه‌ی ڕه‌سمیی خودی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌تین، له به‌ڵگه‌نامه‌كانی کۆنگره‌ی بیسته‌می حیزبی کۆمونیستی سۆڤیه‌ته‌وه له ساڵی ١٩٥٦ (که له‌ودا مه‌ودا دانانی خرووچێف له‌گه‌ڵ ستالینیزم ئه‌فسانه‌ی “هه‌رگیز هه‌ڵه‌نه‌کردنی سۆسیالیزمی عیلمی وه‌ك وڵامی موعه‌ممای تاریخ”ی تێک شکاند) ڕا بگره تا ڕیفۆرمخوازییه چاره‌نووسسازه‌که‌ی گۆرباچێف –”پێرێسترۆیکا، ڕوانینێکی نوێ له وڵاته‌که‌مان و له جیهان” (چه‌ندین نوسخه‌ی هه‌مان چاپ له کتێبخانه‌که‌دا هه‌یه)- و به‌ڵگه‌نامه‌كانی کۆنگره‌ی نوێنه‌رانی گه‌لی سۆڤیه‌تی له ١٩٨٩ که ناوبرا‌و وه‌ک ئامرازێکی نیهادی بۆ شه‌رعیه‌ت پێدان و جێبه‌جێکردنی پرۆژه ڕیفۆرمیستییه‌که‌ی خۆی دروستی کردبوو.
ئه‌گه‌ر کتێبخانه‌دارێک له چه‌شنی ئه‌وه‌ی دوکتور قاسملوو له به‌یانییه به‌هارییه‌که‌ی قه‌ندیل مه‌به‌ستی بوو، کتێبه‌کانی نێو ئه‌م کتێبخانه‌یه ڕێك بخاته‌وه، پاش ڕیزکردنی سه‌رچاوه‌کانی سه‌ره‌وه، به‌شێوه‌یه‌کی لۆژیکی ئه‌و کتێبانه داده‌نێ که باسی ئه‌لترناتیڤه مه‌وجووده‌که‌ی دیکه‌ی ڕۆئیای یه‌کسانیی مرۆڤ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌که‌ن. له کتێبخانه‌ی ئه‌و پیاوه‌دا که له جه‌رگه‌ی خه‌باتی قورسی چه‌کداریدا حازر بوو بۆ چه‌سپاندنی “سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک” له پڕۆگرامی حیزبه‌که‌یدا تێچووی گه‌وره‌ی ته‌شکیلاتی ته‌حه‌مول بکا، کۆمه‌ڵێک سه‌رچاوه‌ی خوێندراوه و کارله‌سه‌رکراو سه‌باره‌ت به “ئۆرۆکۆمۆنیزم” (کۆمۆنیزمی ئورووپایی) و ئه‌زموونی سۆسیالیست و سۆسیال دێموکڕاته‌كانی بلۆکی ڕۆژئاوا (بۆ نموونه کتێبێکی کارل کۆرش دامه‌زرێنه‌ری مارکسیسزمی ڕۆژئاوایی و کتێبێكی سانتیاگۆ کاریلۆ سکرتێری گشتیی پارتی کۆمونیستی ئیسپانیا) سه‌رنج ڕاده‌کێشن. دیاره له‌و نێوه‌دا پڕۆژه‌ی سۆسیالیسته‌كانی فه‌ڕانسه له هه‌شتاکان و باس و خواسی نێو کۆنگره‌کانی پارتی سۆسیالیستی فه‌ڕانسه (به‌تایبه‌تی کۆنگره‌ی “ئێپینه” که کۆنگره‌ی یه‌كگرتنی به‌ره‌ی چه‌پ له فه‌ڕانسه و سه‌کۆی سه‌رکردایه‌تیی فرانسوا میتران بوو) جێگایه‌کی دیارتریان هه‌یه. چڵه‌پۆپه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه سه‌رچاوه‌یه‌ش ئه‌و کتێبانه‌ی نێو کتێبخانه‌كه‌ن که له ڕێگه‌ی شیکردنه‌وه‌ی سیستمی پارێزگاریی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئورووپای کاپیتالیستی و ده‌وڵه‌تی ڕیفاهی له سکاندیناوییه‌وه، پۆتانسیه‌ل و هه‌ر ئه‌وده‌م سنووره‌کانی سۆسیال دێموکڕاسی ده‌خه‌نه ڕوو.
مێژوو
به هۆگری و هه‌گبه‌یه‌که‌وه که دوکتور قاسملوو له‌بواری مێژوودا هه‌یبوو، سروشتییه که کتێبه‌کانی ئه‌م بواره جێگه‌یه‌کی گرینگ‌یان له کتێبخانه‌که‌یدا بۆخۆیان داگرتبێ. لێره‌دا مێژووی نوێی جیهان به قه‌ڵه‌می هه‌ریه‌ک له ڤیکتۆر ئالێکساندرۆڤ و مارک فێرۆ و جه‌واهیر له‌عل نه‌هرۆ دیدێکی به‌ستێن ناسانه و ته‌نانه‌ت ده‌روونناسانه‌ی سیاسی بۆ مێژوومان ده‌ده‌نه ده‌ست. هه‌روه‌ها مێژووی ئینقلابه‌کانی جیهان به‌تایبه‌تی ئینقلابی فه‌ڕانسه سه‌رنج ڕاده‌کێشن. له کتێبێکی ئا‌لبێرت سابوول‌دا له‌و باره‌وه هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی کتێبه‌که که باسی هه‌ڵوێستی هێزه نه‌ریتییه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئه‌وده‌می فه‌ڕانسه به‌تایبه‌تی کلیسا و ئه‌شرافیه‌ت له کاتی شۆڕشی فه‌ڕانسه‌دا ده‌که‌ن به قه‌ڵه‌م (می‌داد)ێکی کاڵ خه‌تیان له‌بن کێشراوه و ئیشاره کراون. هه‌ر له فه‌ڕانسه، سه‌باره‌ت به ڕاپه‌ڕینی مانگی مای ١٩٦٨ی ئه‌و وڵاته که له‌سه‌ر به‌ستێنێکی سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ڕاستیدا به‌دژی کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی و بۆ ئازادیی زیاتر و شل کردنه‌وه‌ی کۆت و به‌نده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌ڕێوه چوو، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌و کتێبخانه‌یه‌دا ده‌بینرێ. له‌سه‌ر شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێرانیش چه‌ند کتێبێک سه‌باره‌ت به‌و ئینقلابه له دیدی ئورووپاییه‌کانه‌وه وه‌ک کتێبی “خومه‌ینی، ئینقلابی خیانه‌ت پێکراو” له نووسینی ژان پیه‌ر پیشار و کریستیان دۆلانوا ده‌بینرێ.
هه‌ر له‌بواری مێژوویی‌دا زۆر بیۆگرافی و ئۆتۆبیۆگرافیی که‌سایه‌تییه سیاسییه ناوداره‌کانی جیهان له کتێبخانه‌که‌ی د. قاسملوودا وه‌به‌ر چاو ده‌که‌ون. لێره‌دا ژیان و به‌سه‌رهاتی ستالین و تیتۆ و چه‌ند جڵد داستانی ژیانی مووسۆلینی به قه‌ڵه‌می ئاندرێ بریسۆ که خاتوونێکی ئێرانی به‌ناوی په‌ریچێهری سابیتی “به ئاواتی سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی گه‌لی کورد و ڕزگاریی میلله‌تی ئێران له‌م ڕۆژگاره تاڵ و خه‌مناکه” پێشکه‌ش به دوکتور قاسملووی کردووه له‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌کانی مارشاڵ ڤاسیلێفسکی قاره‌مانی شه‌ڕی ستالینگراد و بیره‌وه‌رییه‌کانی هێنری کیسێنجێر بوونه ماڵاوسێی یه‌کتر. به‌ڵام دیسان فه‌ڕانسه به‌شی شێری وه‌به‌ر که‌وتووه : جگه له بیۆگرافی و بیره‌وه‌رییه‌کانی ژه‌نڕاڵ دوگۆل و فڕانسوا میتران (به قه‌ڵه‌می خۆی له‌ژێر ناوی “مێشه‌نگوین و ئه‌ندازیار” که مانیفێستی وی بۆ فه‌تحی ده‌سه‌ڵات له‌پێناوی وه‌دیهێنانی ئیدئاله‌کان و له‌سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ڕه)، هێندێک له سه‌رچاوه‌کان باسی ژیان و خه‌باتی که‌سانی له ناوچه‌ی ئێمه‌دا که‌متر ناسراو ده‌که‌ن، وه‌ک ژۆرژ کلێمانسۆ سه‌رۆک وه‌زیری سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستی فه‌ڕانسه که سه‌رسه‌ختانه داکۆکیی له جیاکردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت کردبوو و له کۆمه‌ڵگای دژه یه‌هوودی ئه‌وسادا ئازایانه داکۆکیی له کاپتن دریفووز-ی به ڕه‌گه‌ز جووله‌که کردبوو که به ناهه‌ق تۆمه‌تبار کرابوو که خیانه‌تی به وڵات کردووه، هه‌روه‌ها پیه‌ر مه‌ندێس فرانس گه‌وره سیمای کۆماره‌کانی سێهه‌م و چواره‌می فه‌ڕانسه که وڵاته‌که‌ی له ڤیه‌تنام هێنابووه ده‌ر. ئه‌م کتێبه که پزیشکێكی فه‌ڕانسه‌یی به‌ناوی ڕۆنی ڕووزۆ له‌بری پێشکه‌شی به فه‌ڕانسه‌وی له‌سه‌ری نووسیوه “خۆڕاگری.. خۆڕاگری.. خۆڕاگری!” و ئادره‌س و ژماره ته‌له‌فونی خۆی له مارسه‌ی بۆ به‌جێ هێشتووه، یه‌كێک له‌و ئاخرین کتێبانه‌یه که دوکتور قاسملوو خستوویه‌ته نێو کتێبخانه‌که‌یه‌وه.
به‌ڵام هه‌ژێنه‌رترین و ڕه‌نگه به‌نرخترین کتێبی ئه‌م به‌شه کتێبێکه به‌ناوی “پیاوێکی جیاواز” به قه‌ڵه‌می ژیل پێرۆ که به‌سه‌رهاتی هانری کوریه‌ل ده‌گێڕێته‌وه که خه‌باتگێڕێکی جووله‌که‌ی کۆمۆنیست و لایه‌نگری جیهانی سێهه‌م بوو و له هێندێک وڵاتی عه‌ره‌بی وه‌ک میسر و ئه‌لجه‌زایر نه‌خشی داکۆکیکارانه له گه‌لانی ژێرده‌سته‌ی نواندبوو. هانری کوریه‌ل که له سه‌رده‌مێکدا که که‌س بیری له شتی وا نه‌ده‌کرده‌وه هه‌وڵی ده‌دا فه‌له‌ستینیه‌کان و ئیسرائیلییه‌کان پێک بێنێ هه‌تا کێشه‌ی خۆیان له‌ڕێگه‌ی ئاشتیخوازانه‌وه چاره‌سه‌ر بکه‌ن، ساڵی ١٩٧٨ له پاریس تێرۆر کرا. کاتێك ڕۆژهه‌ڵاتناس و کورددۆستی فه‌ڕانسه‌یی مه‌دام جۆیس بلۆ له‌سه‌ر ئه‌م کتێبه ده‌نووسێ “پێشکه‌ش به عه‌بدولڕه‌حمان، له‌گه‌ڵ سۆز و لایه‌نگریی سه‌رسه‌ختانه‌م بۆ خه‌باتی پیرۆزی”، بێگومان فکری بۆ ئه‌وه نه‌ده‌چوو که ڕۆژێک چه‌ند سه‌ت کیلۆمیترێک ئه‌ولاتر دوکتور قاسملووش هه‌ر به‌ده‌م خه‌ونی ئاشتییه‌وه تێرۆر ده‌کرێ..
کێشه‌کانی جیهانی سێهه‌م
کێشه‌کانی جیهانی سێهه‌م ته‌وه‌رێكی دیکه‌ی خوێندنه‌وه‌کانی دوکتور قاسملوو بووه. ئه‌گه‌ر به‌شێک له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م ته‌وه‌ره سه‌رنج ده‌ده‌نه دڕدۆنگی و نایه‌کسانییه‌کانی نێوان وڵاتانی باکوور و وڵاتانی باشوور (بۆ نموونه کۆمه‌ڵێک سه‌رچاوه سه‌باره‌ت به بزوتنه‌وه‌ی وڵاتانی بێلایه‌ن، گۆڤاری فه‌ڕانسه‌یی “دوو جیهانه‌که” یان کتێبی “بێزاریی مه‌ینه‌تبه‌شان له نه‌زمی جیهانی” له نووسینی ژان زیگله‌ر سیاسه‌تمه‌دار و کۆمه‌ڵناسی به‌ناوبانگی سویسی و لایه‌نگری به‌جیهانیبوونێکی دیکه)، ئه‌وانه‌ی دی زۆرتر باسی نالێکی و دینامیزمه نێوخۆییه‌کانی وڵاتانی جیهانی سێهه‌م ده‌كه‌ن که لێره‌دا سه‌باره‌ت به دنیای عه‌ره‌ب و ئه‌گه‌ری شۆڕش و نوێبوونه‌وه له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به‌رهه‌می نووسه‌رانی وه‌ك محه‌ممه‌د حوسێن هه‌یکه‌ل و سه‌باره‌ت به ئه‌فغانستانیش کۆمه‌ڵێک سه‌رچاوه‌ی وه‌ک چه‌ند ژماره‌ی تایبه‌تیی “گۆڤاری سه‌رده‌مه تازه‌کان”ی ژان پۆل سارتر و کتێبی “له قه‌فه‌سی ورچدا”ی ڕۆژنامه‌وانی فه‌ڕه‌نسیی به‌بارمته‌گیراو له ئه‌فغانستان ژاک ئابووشار ده‌بینرێن. ئه‌مریکای لاتینیش له‌نێو ئه‌و کتێبانه‌دا جێگه‌یه‌کی دیاری هه‌یه، بۆ نموونه کتێبی “ره‌گه هه‌ڵدڕاوه‌کانی ئه‌مریکای لاتین” ی ئێدوارد گالیانا و “گڕکانی نیکاراگوا” که خاتوونی ڕۆژنامه‌وان گلۆریاتۆنیا هێنریکیز (که له‌گه‌ڵ کارۆل پرۆنهووبێر له یه‌ک ده‌وراندا د. قاسملوویان ناسیوه) به دوو زمانی ئیسپانیایی و فه‌ڕانسه‌یی له‌سه‌ری نووسیوه “به‌ڕێز قاسملوو! خه‌باتی گه‌لان بۆ ڕزگاری سنوور ناناسێ، مه‌گه‌ر نا؟!”.
رۆژهه‌ڵاتناسی و کوردۆلۆژی
بوارێکی دیکه‌ی زۆر به‌رجه‌سته له‌نێو کتێبه‌کانی دوکتور قاسملوودا ڕۆژهه‌ڵاتناسییه. دوکتور قاسملوو جیا له‌وه که پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆر له ڕۆژهه‌ڵاتناسانی ناسراوی جیهان هه‌بوو و ئه‌وه‌شی کردبووه به‌ستێنێک بۆ ڕاکێشانی سه‌رنج و پشتیوانیی فه‌رهه‌نگییانی دنیای ده‌ره‌وه بۆ لای مه‌سه‌له‌ی کورد، بۆخۆیشی له نیوه‌ی دووه‌می حه‌فتاکانی زایینی‌دا له ئه‌نستیتۆی زمان و شارستانییه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانی پاریس مامۆستا بوو و بوونی چه‌ند ژماره‌یه‌ک له بوڵته‌نه‌کانی ئه‌و ئه‌نستیتۆیه له‌نێو کتێبخانه‌که‌دا ئه‌و ده‌وره‌یه له ژیانی ئه‌کادیمی و فه‌رهه‌نگیی دوکتور قاسملوومان وه‌بیر دێنێته‌وه. لێره‌دا هه‌روه‌ها زۆر کتێب و سه‌رچاوه سه‌باره‌ت به ئێرانناسی و خولیای فه‌ڕانسه‌وییه‌کان بۆ ئیسفه‌هان ده‌بینرێ (بۆ نموونه “به‌ره‌و ئیسفه‌هان”ی پیه‌ر لۆتی و “ئیبن سینا یا ڕێگای ئیسفه‌هان”ی ژیلبێر سینۆوێ).
به‌ڵام زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كان لێره‌دا کوردۆلۆژی به زمانه‌کانی بیانی به‌تایبه‌تی فه‌ڕانسه‌یی ده‌گرنه‌وه. له‌سه‌ر کتێبه‌که‌ی کریس کۆچێرا (بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد)، ئه‌دیبی کوردی تورکیه، مه‌مۆ یه‌تکین که به‌پێی زانیارییه‌کانی کاک حه‌سه‌نی قازی له‌و سه‌رده‌مه‌دا که له له‌هستان ژیاوه د. قاسملووی ناسیوه و له‌بواری کوردۆلۆژیدا خاوه‌نی کتێبخانه‌یه‌کی به‌نرخه، ساڵێک پێش شۆڕشی گه‌لانی ئێران به ڕێنووسی لاتینی بۆ د. قاسملووی نووسیوه “بوهار هاتیه سه‌ر چیایێ وه‌لاتێ من. تو مامۆستایێ من، کال و که‌کێ من! ل سه‌ر وێ چیای گوله‌کی.. هێڤیدارم کو بوهارێ دێ درێژ و شاد ببه بۆ گه‌لێ مه‌ی کورد”. تێزه‌که‌ی عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی له‌سه‌ر کوردستانی عیراق، بیره‌وه‌رییه‌کانی نوره‌دین زازا، کۆمه‌ڵێک ده‌قی ئه‌ده‌بی و فۆلکلۆریی کوردی هه‌ڵبژارده‌ی جۆیس بلۆ له‌ژێر ناوی “بیره‌وه‌ریی کوردستان”، سیاحه‌تنامه‌ی ئه‌ولیای چه‌له‌بی که مامۆستای نه‌مر سه‌عید ناکام پێشکه‌شی د. قاسملووی کردووه، شه‌ڕه‌فنامه، کتێبه‌که‌ی حه‌سه‌ن ئه‌رفه‌ع له‌سه‌ر مێژووی کورده‌کان که دوکتور قاسملوو له “چل ساڵ خه‌بات له‌پێناوی ئازادی”دا له ڕیزی ئه‌و ده‌گمه‌ن سه‌رچاوانه‌دا که له کۆتایی کتێبه‌که‌دا هێناونی ناوی بردووه، و نامیلکه‌یه‌ک به زمانی تورکی له‌سه‌ر کوردستانی ئێران له نووسینی خودی د. قاسملوو که ناوبرا‌و له زۆر شوێن ئیشاره‌ی پرسیار و په‌راوێزی بۆ نووسیوه، له‌و کتێب و سه‌رچاوانه‌ن که له‌و به‌شه‌دا ده‌بینرێن.
هه‌ر لێره‌دا کتێبێکی فه‌ڕانسه‌یی له نووسینی کریستیان مۆر به‌ناوی “کورده‌کانی ئه‌مڕۆ” له‌و باره‌وه سه‌رنج ڕاده‌کێشێ که به‌رگه‌که‌ی بریتی‌یه له نیگارێکی ده‌ستکرد که له‌ودا د. قاسملوو به جلوبه‌رگ و جه‌مه‌دانه‌ی کوردیه‌وه له‌پێش گوندێکی کوردستان ڕاوه‌ستاوه. دڵنیام ئه‌وانه‌ی دژایه‌تیی د. قاسملوویان له‌گه‌ڵ فه‌ردپه‌ره‌ستی و ئایکۆن سازی له که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کان له‌بیره، به دیتنی به‌رگی ئه‌و کتێبه که‌مێک سه‌ریان سووڕ ده‌مێنێ.
پێوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی و ژیئۆپۆلیتیک
وه‌ک ئاماژه‌ی پێ کرا، ئه‌و بواره‌ی زۆرترین ژماره له کتێبه‌كانی نێو کتێبخانه‌كه‌ی بۆخۆی ته‌رخان کردووه بواری ژیئۆپۆلیتیک و پێوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی و ململانێ جیهانی و ناوچه‌ییه‌کانه. له‌و به‌شه‌دا سه‌رچاوه‌کانی پێوه‌ندیدار به شه‌ڕی سارد و ڕکابه‌ریی سیاسی و نیزامیی ئه‌مریکا و شووڕه‌وی و جێگه و پێگه‌ی ئورووپا له‌و نێوه‌دا زۆر به‌رجه‌سته‌یه که له‌و باره‌وه به‌رهه‌می پسپۆڕانی وه‌ك برێزینسکی ڕاوێژکاری به ڕه‌چه‌ڵه‌ک له‌هستانیی جیمیی کارتێر بۆ ئه‌منیه‌تی میللی و ڕێژیس دوبرێ که ڕابردوویه‌کی له‌گه‌ڵ شۆڕشی کووبادا هه‌بوو و دواتر بوو به ڕاوێژکاری فرانسوا میتران، وه‌به‌رچاو ده‌كه‌ون. هه‌ر له‌و بواره‌دا کتێبی “له‌نێو نهێنیی شازاده‌کاندا” سه‌رنج ڕاده‌کێشێ که بریتی‌یه له وتووێژی ڕۆژنامه‌وانی به‌ناوبانگی فه‌ڕانسه‌یی کریستین ئۆکره‌نت له‌گه‌ڵ به‌رپرسی پێشووی سرویسه نهێنییه‌کانی فه‌ڕانسه. کریستین ئۆکره‌نت هه‌مان ئه‌و خانمه‌یه که دوایین وتووێژی ته‌سویریی له زیندان له‌گه‌ڵ ئه‌میر عه‌باسی هووه‌یدا ئه‌نجام دا و پێش هێرشی هاوپه‌یمانه‌کانیش بۆ سه‌ر عیراق له ژانویه‌ی ١٩٩١دا وتووێژی له‌گه‌ڵ سه‌دام حوسێن کرد. ئه‌و که دووه‌مین هاوژینی بێرنارد کوشنێریشه، له‌سه‌ر کتێبه‌که بۆ دوکتور قاسملووی نووسیوه “پێشکه‌ش به دۆستمان عه‌بدولڕه‌حمان، چونکه ئه‌ویش یه‌ک له‌وانه!” (واته یه‌کێک له شازاده‌کانه؛ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه یه‌کێک له گه‌وره پیاوانی ئه‌م جیهانه‌یه). هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌کی زۆر گۆڤار و سه‌رچاوه‌ی گشتگیری پێوه‌ندیدار به‌و بواره وه‌ک گۆڤاری ئه‌نستیتۆی توێژینه‌وه‌ی ستراتژیکی فه‌ڕانسه و چه‌ندین ژماره‌ی ساڵنامه‌ی ڕۆژنامه‌ی لومۆند سه‌باره‌ت به بارودۆخی سیاسیی جیهان و ئه‌تڵه‌سه‌کانی ژیئۆپۆلیتیک که ژێرار شالیان له‌سه‌ر یه‌کێکیانی نووسیوه “ئه‌و ئه‌تڵه‌سه که پێشکه‌شه به هێلێن و ڕه‌حمان باسی شتگه‌لێک ده‌کا که ئه‌وان لێی شاره‌زان”، له‌م کتێبخانه‌یه‌دا ده‌بینرێن. هه‌ر له‌و به‌شه‌دا کۆمه‌ڵێک سه‌رچاوه‌ی تایبه‌ت به لێکدانه‌وه‌ی کێشه ناوچه‌ییه‌كانیش به‌تایبه‌تی شه‌ڕی ئێران و عیراق و ئانالیزی نیزامیی ئه‌و شه‌ڕه و دووره‌دیمه‌نه‌کانی یه‌کلابوونه‌وه‌ی وه‌به‌رچاو ده‌كه‌ون (بۆ نموونه کتێبێکی پاولا باڵتا به‌ناوی “ئێران و عیراق، شه‌ڕێکی پێنج هه‌زار ساڵه” و مه‌وسووعه‌ی چه‌ند جڵدیی ئه‌و شه‌ڕه به زمانی عه‌ره‌بی).
شه‌ڕ
هێلێنا کروولیش (نه‌سرین قاسملوو) له کتێبه‌که‌ی خۆی به‌ناوی “ئورووپاییه‌ک له سه‌رزه‌مینی کورده‌کان”دا ده‌نووسێ دوکتور قاسملوو قسه‌یه‌کی ئاندرێ مالرۆی له‌سه‌ر کوته کاغه‌زێک نووسیبۆوه که ده‌ڵێ “شه‌ڕم پێ خۆش نه‌بوو، به‌ڵام شه‌ڕم کرد”. له کتێبخانه‌ی ئه‌و ڕووناکبیره به‌فه‌رهه‌نگ و په‌روه‌رده‌یه‌ی ئورووپادا که به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز له‌ژیانیدا کاری نیزامیی کردبێ ده‌بوو ڕێبه‌رایه‌تیی بزوتنه‌وه‌یه‌کی به‌ربڵاوی چه‌کدارانه بکا، به‌شێوه‌یه‌کی لۆژیکی تووشی هێندێک کتێب و نامیلکه سه‌باره‌ت به بواری شه‌ڕ و خه‌باتی پارتیزانی بووم. کتێبێک که له‌و ته‌وه‌ره‌دا له هه‌موویان زیاتر سه‌رنجی ڕاکێشام له‌باره‌ی گاریبالدی، ڕێبه‌ری سیاسی و نیزامیی سه‌ده‌ی نۆزده‌ی ئیتالیاوه نووسراوه که له‌وێدا د. قاسملوو چه‌ند شوێنێکی کتێبه‌كه‌ی ئیشاره کردووه و خه‌تی له‌بن کێشاون. بۆ نموونه له لاپه‌ڕه ٢٥٨ی کتێبه‌كه‌دا ئه‌و ڕسته‌یه که ده‌ڵێ “گاریبالدی بۆی گرینگ بوو که سه‌رکردایه‌تیی جۆره هێزێک بکا که ته‌واو له‌گه‌ڵ ئامانج و ستراتژییه‌که‌ی خۆی یه‌ک بگرێته‌وه”. له لاپه‌ڕه ٣٠ی هه‌مان کتێب‌دا ئه‌و خوێنه‌ره‌ی له هه‌ر باخچه‌یه‌یه‌ک گوڵی خۆی ده‌چنی خه‌تی له‌بن ئه‌و شوێنه داوه که ده‌ڵێ “ئه‌و کاته له ئیتالیا به زیندانیانی سیاسی‌یان ده‌گوت کاربۆناری”. کۆمه‌ڵێک کتێب و نامیلکه‌ی دیکه هه‌ر له‌بواری تاکتیکه‌کانی شه‌ڕی پارتیزانی وه‌ک “شه‌ڕه شۆڕشییه‌کان”ی کۆلۆنێل گابریه‌لی ئه‌مریکایی و “هونه‌ری شه‌ڕ”ی ژه‌نڕاڵ سۆن تزووی چینی و کۆمه‌ڵه ڕاپۆرتێک له‌سه‌ر موقاومه‌تی ئه‌فغانیه‌کان له‌ریزی ئه‌و کتێب و نامیلکانه‌دان که تاوتوێی پارامێتره‌کانی شه‌ڕی پارتیزانی ده‌كه‌ن.
هاوار و هانای ئینسانی
به‌ڵام ئه‌و سه‌رداره‌ی حازر نه‌بوو چه‌ك به جه‌نگاوه‌ره‌کانی دابنێ و هه‌میشه وره‌ی وه‌به‌ر پێشمه‌رگه‌کان ده‌نا که هه‌تا دروستبوونی هه‌لومه‌رجی چاره‌سه‌ری سیاسی درێژه به خه‌بات و خۆڕاگریی چه‌كدارانه بده‌ن، قه‌ت شه‌ڕی وه‌ک حاڵه‌تێک چاو لێ نه‌ده‌کرد که له‌ودا هه‌موو ڕه‌فتارێك ڕێگه‌پێدراو بێ. به‌مجۆره‌یه که له لاپه‌ڕه ١٥٩ی کتێبه‌که‌ی گاریبالدی‌دا د. قاسملوو خه‌تی له‌بن ئه‌و شوێنه‌ش داوه که باسی شه‌ڕی سۆلفێرینۆ ده‌کا که چلۆن باوکی قانوونی به‌شه‌ردۆستی، هانری دونان، پاش دیتنی گیان ده‌رچوونی بریندارانی شه‌ڕ، هاتۆته سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته که پێویسته چوارچێوه و ڕێساگه‌لێک بۆ ئه‌وه دابنرێ که له مه‌یدانی شه‌ڕدا ئینسانیه‌ت وه‌به‌رچاو بگیرێ. جگه له‌مه‌ش، له‌نێو کتێبه‌کاندا زۆر جار تووشی نوسخه‌کانی کۆنڤانسیۆنه‌کانی ژنێڤ و ڕاگه‌یاندراوی جیهانیی مافی مرۆڤ (چاپی لیبراسیۆن) و ڕاپۆرته‌کانی ئامنێستی ئه‌نترناسیۆنال و زۆر سه‌رچاوه‌ی دیکه‌ی پێوه‌ندیدار به مافی مرۆڤ و قانوونی به‌شه‌ردۆستی ده‌بین.
هه‌ر له‌بواری هاوار و هانای ئینسانی‌دا دوو کتێبی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی فه‌ڕانسه و دۆستی ناسراوی گه‌لی کورد، بێرنارد کوشنێر وه‌به‌رچاو ده‌که‌ون. یه‌که‌میان پێش شه‌هید بوونی د. قاسملوو، د. کوشنێر له‌گه‌ڵ ماریۆ بێتاتی (پرۆفسۆر له زانکۆی “پانتیۆن-ئه‌ساس”ی پاریس) سه‌باره‌ت به “ئه‌رکی ده‌ستێوه‌ردانی مرۆیی” نووسیویه‌تی و چوار پزیشکی فه‌ڕانسه‌یی هه‌رکامه‌یان له گۆشه‌یه‌كی لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌م پێشکه‌شییان بۆ د. قاسملوو له‌سه‌ر نووسیوه. یه‌كیان ده‌ڵێ “ئه‌م مه‌ئموورییه‌ته داستانێکی ڕاسته‌قینه بوو. سپاس که ده‌رفه‌تت پێداین گه‌له‌که‌ت بناسین و خۆشمان بوێ”. یه‌کی تریان ده‌نووسێ “ئه‌م مه‌ئموورییه‌ته جارێ هه‌ر له نیوه‌یدایه، به‌ڵام هه‌ر له ئێستاوه ده‌زانین که قه‌ت له‌بیرمان ناچێته‌وه”. کتێبه‌که‌ی دیکه‌ی کوشنێر له‌ژێر ناوی “نه‌هامه‌تیی ئه‌وانی دیکه” دوای مه‌رگی قاسملوو نووسراوه و نووسه‌ر چاپی کتێبه‌که‌ی پێشکه‌ش به “عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو و سه‌ید به‌هائه‌دین مه‌جرووح” کردووه. به‌هائه‌دینی مه‌جرووح ئه‌کادیمیک و سیاسه‌تمه‌دارێکی ئه‌فغانی بوو که وه‌ك د. قاسملوو ئه‌ویش له پاریس خوێندبووی و وه‌ک د. قاسملوو ئه‌ویش هه‌ر سه‌ری له‌ڕێی ئاشتی دانا و به‌م “سووچه” تێرۆر کرا. ته‌نانه‌ت زۆر تاڵ و تاسێنه‌ره که کتێبخانه‌که‌ی د. قاسملوو چه‌ندین کتێب و نامیلکه‌ی سه‌باره‌ت به تێرۆریزم و نه‌خشی کۆماری ئیسلامی هه‌م له تێرۆریزمی نێوده‌وڵه‌تیدا و هه‌م له ته‌سفیه‌ی تا ئه‌وکاتی جیابیراندا تێدایه.
ئه‌ده‌ب، شێعر، زمان
ئه‌وه‌ی تا ئێره باسمان کرد هه‌مووی سیاسه‌ت بوو. به‌ڵام خۆ له ئاسۆی خه‌یاڵی قاسملوودا هه‌ر “بیری لێنین” نه‌بوو، “باخه‌کانی سه‌مه‌رقه‌ند”یش هه‌بوو. له په‌نا و له‌پاڵ کتێبه سیاسییه‌كاندا، ئه‌ده‌بیات وه‌ک بوارێکی هه‌ره جێگای په‌سند و هۆگریی د. قاسملوو بواره باڵاده‌سته‌که‌ی دیکه‌ی کتێبه‌کان پێک دێنێ. به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان به زمانه‌کانی بێگانه به‌تایبه‌تی فه‌ڕانسه‌یی یه‌کجار زۆرن و ده‌یان ڕۆمان به قه‌ڵه‌می ڤیکتۆر هۆگۆ و باڵزاک و زۆڵا و سیمنۆن و چه‌ندین ئانتۆلۆژیی شێعری فه‌ڕانسه‌یی و هۆنراوه‌کانی بۆدلێر و کۆکتۆ و ژاک پرێڤێر و ڕۆنێ شار له‌و کتێبخانه‌یه‌دا پاڵه‌په‌ستۆی یه‌کتر ده‌ده‌ن. له‌نێو ڕۆمانه‌کاندا هێندێکیان که هه‌م ناسراوترن و هه‌م زیاتریش ڕه‌نگی خوێنرانه‌وه و به‌كاربرانیان پێوه دیاره سه‌رنج ڕاده‌کێشن و ئه‌ولاتر له زه‌وقی ئه‌ده‌بیی د. قاسملوو، ئیلهامی فه‌رهه‌نگی و حه‌ساسییه‌تی ئینسانیی ئه‌ومان چاکتر بۆ ده‌رده‌خه‌ن. بۆ نموونه “نامه ئێرانییه‌کان”ی مۆنتسکیۆ، “رووحی شاد”ی ڕۆمه‌ن ڕۆڵانی هیومانیست و عه‌داڵه‌تخواز، “سه‌ت ساڵ ته‌نیایی” به فه‌ڕانسه‌یی، “مه‌سیح له ئیبۆلی ڕاوه‌ستا”ی کارل لێڤی که باسی ڕه‌نج و به‌دبه‌ختیی خه‌ڵکی گوندێكی ئیتالیا ده‌کا.
رۆمانی “شه‌وی پیرۆز” یا “له‌یله‌تولقه‌در”ی تاهیر بن جه‌لوون (هه‌ر به فه‌ڕانسه‌یی) که حه‌ز و حه‌سره‌ته‌كانی کچێک ده‌گێڕێته‌وه بابی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوڕی نه‌بووه هه‌ر له منداڵییه‌وه به کوڕ به خه‌ڵکی ناساندووه و به‌شێوه‌یه‌کی شاعیرانه به‌ڵام بێ‌ڕوحمانه ئازاری ژن‌بوون له کۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتی‌دا وه‌سف ده‌كا، له‌لایه‌ن تیمێکی ڕێکخراوی یارمه‌تییه ده‌رمانییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان (ئا. ئێم. ئی)یه‌وه پێشکه‌ش به د. قاسملوو کراوه. ڕۆمانی “جوانی خوداوه‌ند” که به‌ناوبانگترین ڕۆمانی ئاشقانه‌ی فه‌ڕانسه‌یی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدایه، پزیشکێکی ڕێکخراوی پزیشكانی جیهان له‌به‌ر خۆیه‌وه له‌سه‌ری نووسیوه “به‌هۆی مه‌ئمووریه‌ته‌که‌مه‌وه کاتم نه‌بوو ئه‌م ڕۆمانه ته‌واو بکه‌م، به‌ڵکوو ڕۆژێک هه‌ر له کوردستان ته‌واوی بکه‌م و ئه‌و ڕۆژه‌ش ڕۆژێك بێ که مه‌هاباد ئازاد بووبێ!”. ڕۆمانی “هه‌ڵبژاردنی سۆفی” که داستانی ژنه جووله‌که‌یه‌كی ده‌ربازبووی ئۆردووگاکانی نازی ده‌گێڕێته‌وه که ناچار کراوه له‌نێوان ئه‌و دوو منداڵه‌یدا که له‌به‌ر ده‌ستی نازییه‌کاندا ماون هه‌ڵبژێرێ کامه‌یان به زیندوویی بمێنێ، خانمێكی فه‌ڕانسه‌یی له پێشه‌کییه‌که‌یدا نووسیویه‌تی “بۆ (ئا. ئێر. ژێ)، له‌لایه‌ن لایه‌نگرێکی سه‌رسه‌ختی خۆته‌وه”. “ئا. ئێر. ژێ” پیته‌کانی یه‌که‌می عه‌بدول-ڕه‌حمان-قاسملوو به فه‌ڕانسه‌وییه و کورتکراوه‌ی ناوه‌که‌یه‌تی که دۆسته قه‌دیمییه خاریجییه‌کانی د. قاسملوو، به یاد و به عاده‌تی سه‌رده‌می نهێنیکاری و ڕاوه‌دوونان، ئێستاش کاتێک خۆ به خۆ باسی د. قاسملوو ده‌که‌ن، له جیاتی ناوی ته‌واوی ئه‌و، هه‌ر ئه‌و چه‌ند پیته به‌کار ده‌به‌ن. ئه‌و خاتوونه بۆخۆیشی ناوی ته‌واوی خۆی نه‌نووسیوه و له‌جیاتی ئیمزا ته‌نیا پیته‌کانی یه‌كه‌می ناو و ناوبانگی خۆی له‌سه‌ر کتێبه‌که به‌جێ هێشتووه.
به‌ڵام له‌نێو هه‌موو ڕۆمانه‌كاندا ئه‌وه‌ی له هه‌مووان زیاتر سه‌رنجی ڕاکێشام و هه‌ژاندمی شاکارێکی نووسه‌ری لوبنانی ئه‌مین مه‌علوف بوو. ئه‌من هه‌ر له کۆلێژه‌وه له ڕێگه‌ی ده‌رسی “الأدب و النص”ی عه‌ره‌بییه‌وه له‌گه‌ڵ ناوی ئه‌مین مه‌علوف ئاشنا ببووم. کاتێکیش چوومه فه‌ڕانسه یه‌که‌م ڕۆمانی درێژی فه‌ڕانسه‌ییم که خوێنده‌وه ڕۆمانێکی ئه‌و بوو. ئه‌و ڕۆمانه‌م ئه‌وه‌نده به‌دڵ بوو که کاتێک ساڵی ١٩٩٨ له ستراسبورگ چاوم به ئه‌مین مه‌علوف که‌وت و له‌و دیداره‌دا کتێبێکی تری خۆی (ناسنامه بکوژه‌کان)ی پێشکه‌ش کردم، ئیجازه‌ی وه‌رگێڕانی ڕۆمانه‌که‌م لێ وه‌رگرت (که دواتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌حمه‌دی مه‌لا ده‌ست و بردی لێ کردبوو، پاشگه‌ز بوومه‌وه). ئه‌و ڕۆمانه ڕۆمانی سه‌مه‌رقه‌ند بوو. “سه‌مه‌رقه‌ند” ڕۆمانێکی مێژوویی‌یه که داستانی ژیانی شاعیری شه‌راب و فه‌لسه‌فه، خه‌ییام، و تاقه ده‌ستنووسی چوارینه‌کانی به خه‌تی خۆیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه که به ڕیوایه‌تی ڕۆمانه‌که پاش هێرشی مه‌غووله‌کان له سه‌ده‌ی یازده‌دا ون بووه و نزیک به هه‌زار ساڵ دواتر ڕۆژهه‌ڵاتناسێكی ئه‌مریکایی که دایک و بابی له خۆشه‌ویستیی خه‌ییام ناویان ناوه عومه‌ر، ده‌یدۆزێته‌وه و هه‌وڵ ده‌دا وێڕای مه‌عشووقه ئێرانییه‌که‌ی (شیرین)، ده‌ستنووسه‌که‌ی خه‌ییامیش ده‌ربازی ئه‌وپه‌ڕی ئه‌تلانتیک (ئۆقیانووسی ئه‌تڵه‌س) بکا. که‌چی چاره‌نووس وا ده‌کا که “روباعیات” له‌نێو که‌شتیی تایتانیک‌دا بۆ هه‌میشه غه‌رقی ئۆقیانووسه‌کان بێ و “شیرین”یش ئه‌گه‌رچی له خنکان ڕزگاری ده‌بێ، به‌ڵام ئه‌ویشی بۆ هه‌میشه له که‌ناره‌کان لێ بێ‌سه‌روشوێن ده‌بێ و تا سه‌ر له خۆی ده‌پرسێ داخوا له بنه‌ڕه‌ت ڕا “شیرین”ێک هه‌بووه یا هه‌ر دروستکراوی خولیا و خه‌یاڵی ڕۆژهه‌ڵاتدۆستانه‌ی خۆی بووه و هیچی دیکه.
به بیانوو‌ی ئه‌م به‌سه‌رهاته شاعیرانه‌یه و له‌پشت داستانی گه‌ڕان به‌دوای گه‌نجینه‌کان و دۆزینه‌وه و هه‌وڵی ڕزگارکردنیان و سه‌ره‌نجام سه‌رله‌نوێ و بۆ هه‌میشه له‌ده‌ستدانه‌وه‌یان، نووسه‌ر له‌ڕاستیدا سه‌فه‌ری گه‌نجینه‌یه‌کی گه‌وره‌تر له‌و شته ڕواڵه‌تیانه و هه‌موو ئه‌و ڕێگر و مه‌ترسییانه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه که له ناوچه‌ی ئێمه‌دا هه‌ڕه‌شه له دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجینه‌یه ده‌که‌ن که ئه‌ویش بریتی‌یه له: ئازادی. ئه‌مین مه‌علوف له “سه‌مه‌رقه‌ند”دا به‌درێژیی هه‌زار ساڵ مێژووی ئێران و ناوچه، چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی کۆن و تازه له ململانێ سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌مان بۆ هه‌ڵده‌داته‌وه. مێژوویه‌ک که له‌ودا ئاره‌زووی ئینسانه‌کان بۆ ئازادی و ئازاد ژیان به‌رده‌وام به‌هۆی فاناتیسم و تاریکپه‌رستانی وه‌ک ته‌ریقه‌تی حه‌سه‌ن سه‌باح و هاوشێوه‌کانی سه‌رده‌می هاوچه‌رخیانه‌وه سه‌رکوت ده‌کرێ. نزیکانی د. قاسملوو هۆگریی ناوبرا‌و بۆ خه‌ییامیان چاک له‌بیره و دڵنیام به خوێندنه‌وه‌ی سه‌مه‌رقه‌ند و سه‌رنجدان به نیشانه و تێماکانی نێو ئه‌و ڕۆمانه زۆر شتی فه‌زای زێهنی و که‌سایه‌تیی تایبه‌تیی د. قاسملوویان دێته‌وه یاد. له‌سه‌ر یه‌کێک له‌و دوو نوسخه‌یه که له کتێبخانه‌که‌ی د. قاسملوودایه و کریستیان مۆر پیشکه‌شی کردووه نووسراوه :”ئه‌م ڕۆمانه بێگومان یارمه‌تیت ده‌دا که شه‌وانی درێژی زستانی کورد زووتر تێپه‌ڕ بکه‌ی”…
هه‌ر له‌بواری ئه‌ده‌بیدا هێندێک به‌رهه‌می پێوه‌ندیدار به ئه‌ده‌بیاتی ڕووس و سلاڤیش ده‌بینرێن. بۆ نموونه گۆڤارێکی ئه‌ده‌بیاتی ڕووسی به زمانی ئینگلیسی یان داستانێكی ته‌نزنووسی چێک یارۆسلاڤ هاسێك که به‌سه‌رهاتی سه‌ربازێک له شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا ده‌گێڕێته‌وه. له‌نێو ئه‌م کتێبه‌دا ئینشای پێشمه‌رگه‌یه‌کی حیزبی دێموکڕات که وا دیاره له‌نێو حیزب‌دا فێری خوێندنه‌وه و نووسین بووه خۆی حه‌شار دابوو که به زمانێکی جیددی و جوان باسی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌کا. بوونی ئه‌و ئینشایه ڕاست له‌نێو ئه‌م کتێبه‌دا لانیکه‌م بۆ من پرسیارخوڵقێن بوو و قه‌ت نازانرێ چۆنه‌کایی ئه‌میان ئه‌ویانی له باوه‌شی خۆیدا پاراستوه.
له ئه‌ده‌بیاتی فارسی‌دا جگه له هێندێک به‌رهه‌می ناسراوی وه‌ک شاهنامه که دیاره ژماره‌یان له کتێبخانه‌که‌دا زۆر نیه یا نه‌ماوه، چه‌ند کتێب و نامیلکه‌یه‌کیش به‌هۆی پێشکه‌شییه‌کانیانه‌وه که وه‌بیر هێنه‌ره‌وه‌ی حاڵ و هه‌وای سه‌رده‌می خۆیانه، سه‌رنجیان ڕاکێشام. عه‌لی میرفترووس ئێرانناسی دانیشتووی فه‌ڕانسه کتێبی “آوازهای تبعیدی” ی خۆی “به ئاواتی ئێرانێكی ئازاد و کوردستانێکی خودموختار” پێشکه‌ش به د. قاسملوو کردووه. نیعمه‌تی میرزازاده که له‌گه‌ڵ د. قاسملوو له چوارچێوه‌ی کانوونی نووسه‌رانی ئێران‌دا یه‌کتریان ناسیوه، به مه‌به‌ستی “ته‌جدیدی ئیراده‌ت”، “گوڵخه‌شم”ه‌که‌ی خۆی داوه به د. قاسملوو و یادنامه‌ی ئوستاد کامڕانی نه‌جاتوڵڵاهی که مامۆستای زانکۆی پۆلیتێکنیکی تاران بوو و ساڵی ١٣٥٧ له خۆپێشاندان به‌دژی ڕێژیمی شادا شه‌هید کرابوو، له‌لایه‌ن “دایکی ئوستادی شه‌هید”ه‌وه پێشکه‌ش به د. قاسملوو کراوه.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی کوردی، ڕۆمانه‌کانی حه‌مه‌دۆک که وه‌رگێڕی کوردی وه‌ک “یادگارێکی بچووک” پێشکه‌ش به “هاوڕێ و مامۆستای گه‌وره”ی خۆی کردوه، “ئه‌ودیوی چیا” که شکور مسته‌فا به له‌حنێکی عیرفانی و زه‌رده‌شتیانه له‌سه‌ری نووسیوه “بۆ مامۆستا و پیرم کاکی گه‌وره‌م”، دیوانی مه‌وله‌وی که مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ریس پێشکه‌ش به “جه‌نابی دوکتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو”ی کردووه، هه‌روه‌ها دیوانی شاعیرانی وه‌ک حاجی قادری کۆیی و شێخ نووری شێخ ساڵح و ئه‌حمه‌د موختارجاف و بێگومان گۆران که له‌گه‌ڵ د. قاسملوو سه‌رده‌مێک له زانکۆی به‌غدا هه‌ردووکیان مامۆستا بوون و د. قاسملوو یه‌کجار هۆگری شێعره‌کانی بوو، ده‌بینرێن.
له‌بواری زمانی کوردی و زمان‌ناسی و زمانسازیدا تێزه‌كه‌ی ئه‌میری حه‌سه‌ن پوور له‌سه‌ر کاریگه‌ریی فاکته‌ری زمان له‌سه‌ر گه‌شه‌کردنی نه‌ته‌وه و کتێبه‌که‌ی تۆفیق وه‌هبی له‌سه‌ر ڕیشه‌کانی زمانی کوردی به ئینگلیسی و “زمانی یه‌كگرتووی کوردی”ی د. عێزده‌ین مسته‌فا ڕه‌سووڵ و چه‌ندین ژماره‌ی گۆڤاری کۆڕی زانیاریی کورد که کاتی خۆی د. قاسملوو یه‌كێک له هاوکاران و ئه‌ندامانی به‌رجه‌سته‌ی بووه و عه‌بدولقادری ده‌باغی ژماره‌یه‌کیانی پێشکه‌ش به د. قاسملوو کردووه، هه‌روه‌ها هێندێك نوسخه‌ی گۆڤاری گه‌لاوێژ و ڕۆژی کورد و ڕۆژی کوردستان سه‌رنج ڕاده‌کێشن. جیا له‌وانه‌ش، هه‌ر له‌بواری زماندا، کۆمه‌ڵێک وشه‌نامه‌ی وه‌ک فه‌رهه‌نگی ئینگلیسی-عه‌ره‌بی-فه‌ڕه‌نسی، فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بی-چێکی، فه‌رهه‌نگی ئابووریی ڕووسی-چێکی، و فه‌رهه‌نگی ڕووسی-کوردیی قه‌ناتی کوردۆی دۆستی و فه‌رهه‌نگی کشتوکاڵ که مه‌عرووف قه‌ره‌داغی بۆ مامۆستا هێمنی ناردووه ده‌بینرێن و ژماره و چه‌شنی فه‌رهه‌نگه‌کان کاربوردێکی زۆر فره‌وانتر له پێویستییه‌کانی فێربوون یا تێگه‌یشتن له زمان له‌لایه‌ن خاوه‌نه‌که‌یانه‌وه ده‌رده‌خا. خۆش ئه‌وه بوو فه‌رهه‌نگێکی شه‌راب و بورجێکی خۆشه‌ویستییش (تایبه‌ت به مانگی له‌دایکبوونی د. قاسملوو) خۆی خزاندبووه نێو فه‌رهه‌نگه‌کان!
به‌جێ‌هێشتنی کۆشک
ئه‌من هه‌ر له منداڵییه‌وه له‌گه‌ڵ فه‌زای فه‌رهه‌نگی و زێهنیی د. قاسملوو ئاشنام. له‌نێو سه‌ت ده‌سخه‌تیشدا ده‌سخه‌تی د. قاسملوو له یه‌که‌م ڕوانیندا ده‌ناسمه‌وه. به‌ڵام له نووسینه‌وه‌ی ئه‌م کورته گێڕانه‌وه‌یه‌ی گه‌شته‌که‌م به‌نێو کتێبخانه‌ی د. قاسملوودا و ناوهێنانی هێندێك له کتێبه‌کاندا، بۆ من زۆر گرینگ بوو که له داوی وه‌سوه‌سه‌یه‌کی سیاسیی “پۆست مۆرتێم” (پاش مردووان) نه‌که‌وم و به زۆری زۆرداری و به دڵی خۆم کتێبخانه‌یه‌کی فه‌ڕزی بۆ د. قاسملوو به دروست کردن نه‌ده‌مه‌وه. ده‌بوایه کتێبه‌کان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی که هه‌بوون و به‌و جۆره‌ی دیتوومن و لێکم کردوونه‌وه باس بکه‌م.
له‌سه‌ریه‌ک ده‌توانین بڵێین کتێبخانه‌که‌ی د. قاسملوو که په‌نجه‌ره‌یه‌کی هه‌رچه‌ند سنووردار به‌ڵام به‌نرخ به‌سه‌ر پانتایی ژیان و خه‌بات و که‌سایه‌تیی ناوبرا‌و و پێچ و قۆرته‌کانی نێو ئه‌م پانتاییه‌دایه، کتێبخانه‌یه‌کی زۆرتر سیاسی، زیندوو، کاربۆردی و به‌ڕۆژی سه‌رده‌می خۆیه‌تی. هه‌ر له‌و کاته‌دا بوونی ژماره‌یه‌کی زۆر به‌رهه‌می غه‌یره سیاسی و به‌گشتی فره‌چه‌شنیی بوار و بابه‌ته‌کانی نێو ئه‌م کتێبخانه‌یه فره‌وانی و ده‌وڵه‌مه‌ندیی دنیای زه‌ینی و مه‌عریفیی خاوه‌نه‌که‌یمان بۆ ده‌رده‌خا.
ره‌نگه بۆ زۆر که‌س سه‌رسووڕهێنه‌ر بێ که کتێبخانه‌ی زانایه‌کی وه‌ک د. قاسملوو هه‌ر ئه‌و چه‌ند سه‌ت جڵد کتێبه‌ی تێدا بێ و له‌نێو کتێبه‌کانیشدا زۆر شت که پێمان وایه هه‌بوون نه‌بن یا ڕه‌نگه نه‌مابن. جیا له‌و تێبینیانه‌ی له سه‌ره‌تادا سه‌باره‌ت به هۆکاری که‌مبوون یا که‌مبوونه‌وه‌ی کتێبه‌کان و سروشتی ئه‌و کتێبانه باسم کرد، به باوه‌ڕی من هه‌ر ئه‌و سنوورداربوونه‌ی ژماره‌ی کتێبه‌کانه که بایه‌خی کتێبه‌کان ده‌باته سه‌ر. کتێبه‌کان به ژماره سنووردارن به‌ڵام به نێوه‌رۆک سنوور ناناسن، وه‌ک چۆن بیری سیاسی و خولیای ئینسانیی د. قاسملوو نه سنووری ده‌ناسی، نه تابوو.
کتێبخانه‌که هه‌روه‌ها بۆی ده‌رخستم که بۆ د. قاسملوو، هه‌روه‌ک چۆن خودی کۆمه‌ڵگا نابێ بکرێته عه‌تیقه‌خانه‌ی ڕوانگه و نه‌ریته قه‌تیسماو و چه‌قبه‌ستووه‌کان، کتێبیش له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌ڵک و بایه‌خی، شتێک نیه جگه له ئامرازێک بۆ ئاڵووێر و جێگوڕکه‌ی زانیاری و گۆشه‌نیگا جیاوازه‌کان، ئامرازێک که ده‌بێ یارمه‌تی به نیسبی مانه‌وه و سه‌یالیه‌تی بیروباوه‌ڕه‌کان و ئاوه‌ڵا بوونی ڕێچکه جیاوازه‌کانی پێشکه‌وتن و مۆدێله‌کانی پێکه‌وه‌ژیان له کۆمه‌ڵگادا بکا.
له کونجی هه‌ره ئاخر و خواره‌وه‌ی کتێبخانه‌که‌ی د. قاسملوودا دوو سه‌رچاوه‌م ده‌رهێنان که به‌پێی پێوه‌ره‌کانی ئه‌و کتێبخانه‌داره عیلمییه‌ی د. قاسملوو له به‌یانییه به‌هارییه‌که‌ی قه‌ندیلدا مه‌به‌ستی بوو، نه‌ده‌بوایه له په‌نای یه‌ك داندرابان، به‌ڵام ئه‌من له په‌نای یه‌کم دانانه‌وه. نه‌ک هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه که ده‌مویست کتێبخانه‌که وه‌ک خۆی به‌جێ بێڵم، به‌ڵكوو له‌به‌ر ئه‌وه که خودی هاواڵ بوونی ئه‌و دوو نامیلکه‌یه به‌س بوو بۆ وێناکردنی خولیای فره‌چه‌شنی ئه‌و پیاوه‌ی خه‌می گه‌له‌که‌ی به ته‌لاناندا له کۆڵێ نابوو، که‌چی هه‌روا ئاشقه ژیانیش مابۆوه. سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌م “قانوونی خودموختاریی کاتالۆن” به ئینگلیسی بوو که ساڵی ١٣٦٥ د. قاسملوو له‌گه‌ڵ خۆی هێنایه‌وه کوردستان و له حیزبی دێموکڕات‌دا به زمانی فارسی به چاپی گه‌یاند. سه‌رچاوه‌که‌ی دیکه‌ش، دیوانی “گوڵه‌کانی خراپه”ی بۆدلێر بوو که کابرایه‌کی فه‌ڕانسه‌یی له‌جیاتی پێشکه‌شی ڕوو به دوکتور قاسملوو له‌سه‌ری نووسیوه:
“ده‌زانم ئه‌تۆش وه‌ک من له‌و باوه‌ڕه‌دای که ڕێگای ئازادی به خۆشویستنی جوانی‌دا تێده‌په‌ڕێ!”


