ئارامتر بخوێنەوە!

ڕاسان و ڕەهەندە تیۆرییەکانی

ئاوڕدانەوەیەکی تیۆری لە خەباتی نوێی کوردستانی ڕۆژهەڵات

بەشی سێیەم

سمایل شەریفی

ڕاسان بریتییە له تێپەڕین لە دۆخێکی «ستەندبای »ی داسەپاو و زۆرەملی بۆ دۆخێک که زیاترین پتانسییەلی شۆڕشگێرانه له ماسوولکه و دەمار و ئێسقانی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریبەخشدا بۆ وە جووڵە کەوتن و وە جووڵەخستن پاشەکەت کراوە.

لەم پێناسەیەدا ڕاسان بریتییە له گەیشتن به شێوازێک له هەڵسووڕان و ڕێکخستنی حیزبی کە زیاترین «سەرمایەی شۆڕشگێرانه » بۆ بزووتنەوەی کوردی دابین بکا.

ئێستا لە ئاستێکداین که بتوانین بەشێوەیەکی بنەڕەتی بابەتی ڕاسان تیۆریزە بکەین. تا ڕادەیەک باسی ئەوەمان کرد ڕاسان لە کورتترین پێناسەی خۆیدا، بریتییە لە توانستی بەرهەم هێنانی سەرمایەی شۆڕشگێڕانە. سەرمایەی شۆڕشگێڕانەشمان به توانستی پێک هێنانی ئاڵوگۆڕی بەرچاو لە کۆمەڵگادا پێناسە کرد.

ئەم تیۆرییەی ئێمە بۆ پێناسەی ڕاسان لەڕاستیدا لەسەر بنەمای پەرەپێدانی تیۆرییەکانی کۆمەڵناسی ناسراوی فەڕانسەوی پییەر بۆردیۆ دامەزاروە. بۆردیۆ لە بواری کۆمەلناسیدا بەمە ناسراوە که پەرەی به چەمکی “سەرمایە” داوە. چەمکی سەرمایە بەر لە بۆردیۆ زیاتر مانایەکی ئابووریی هەبوو واته هەر بەتەنیا سەرمایەی ئابووری بە سەرمایە ئەژمار دەکرا. بۆردیۆ چوار جۆر سەرمایەی لێک هەڵاوارد. ئەم سەرمایەگەلە بریتی بوون لە:

١ـ سەرمایەی ئابووری: کۆمەڵەی ئەو داهات و دارایییە ماددییانە دەگرێتەوە کە کەسێک یان کەسانێک وەدەستیان هێناوە یان پێیان گەیشتووە. مڵک و کار و کارخانە لەلایەک و، میرات و داهات و کۆی ئەو کاڵا ماددییانەی لەبەردەستدان لەلایەکی دیکە، به سەرمایەی ماددی ئەژمار دەکرێن.

٢ـ سەرمایەی فەرهەنگی: بریتییە لە کۆی داراییی فیکری کە کەسێک یان کۆمەڵگایەک هەیەتی. ئەم دارایییە فیکرییانە، یان لەلایەن سیستمی فێرکارییەوە بەرهەم دێن، یان له بەرەکانی پێشوووەوە بۆ بەرەکانی ئێستا ڕادەگوێزرێن. لە بەراورد لەگەڵ سەرمایەی ئابووری، ئەو دارایییە فیکرییانەی لە بەرەکانی پێشووەوە بۆ بەرەی نوێ ڕادەگوێزرێن، لە حوکمی “میرات” دان و ئەو داراییە فیکرییەش کە تازە بەرهەم دێ، لە حوکمی کاسبییەکدایە کە کەسێک بۆخۆی دەیکا. سەرمایەی فەرهەنگی، شێوەی جۆراوجۆری هەیە. شێوەیەکی لە ئاستی تاکەکەسیدا بریتییە لە دۆخێک کە بووە به لێهاتوویییەکی پایەداری جەستەیی، وەک هێزی لێدوان لەبەرانبەر خەڵکدا، جۆرێکی تری بە شێوەی خاوەندارێتیی کاڵای فەرهەنگی وەک بەرهەمی هونەری و تابڵۆی وێنەگەری و … خۆی دەنوێنێ. جۆرێکی تریشی ئەو سەرمایە فەرهەنگییەیە کە لەلایەن دۆخێکی سەقامگیری کۆمەڵایەتییەوە بەڕەسمی دەناسرێ وەک بڕوانامەی خوێندن.

٣ـ سەرمایەی کۆمەڵایەتی: بریتییە لە کۆی ئەو پێوەندییە کۆمەڵایەتییانەی کەسێک یان دەستەیێک لەبەر دەستیاندایە. با نموونەیەک بێنینەوە. کەسێکی ئاسایی ڕەنگه نەتوانێ لە سەفەرێکی دەرەوەدا لەگەڵ مەقاماتی سیاسیی ولاتێکی بیانی چاوپێکەوتن و وتووێژی هەبێ، بەڵام ئەگەر ئەو کەسە، ئەندامی باڵای حیزبێکی ناسراو بێ، دەتوانێ بە سیفەتی ئەندامەتی لەم حیزبەدا، چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتێک هەبێ. لەم نموونەیەدا “ئەندامەتی لە حیزبێکی ناسراودا” بۆ کەسە ئەندامەکە چەشنێک سەرمایەی کۆمەڵایەتییە کە کەسی نائەندام لێی بێبەرییە.

٤ـ سەرمایەی سەمبۆلیک: پێوەندیی بەم ئیعتبار و پرێستێژەوە هەیە کە کەسێک یان کەسانێک لە کەسانی دیکە و لە کۆمەڵگای وەردەگرن و دەتوانن شانازیی پێوە بکەن. سەرمایەکانی جۆری یەکەم و دووەم و سێیەم زیاتر لە ڕێگای سەرمایەی سەمبۆلیکەوە بەڕەسمی دەناسرێن.

بۆچی ئێمە پێمان وایە دەبێ سووکە پێداچوونەوەیەکمان بەسەر ئەم تیۆرییەی بۆردیۆدا هەبێ و بە داهێنانێکی تیۆری دەوڵەمەندتری بکەین؟

سەرنجدان بەم خاڵە پێویسته کە بۆردیۆ لە کۆمەڵگایەکدا ئەو تیۆرییەی داهێناوە کە خاوەنی دینامیسم و جووڵە و گۆڕانکارییەکانی تایبەت به خۆیەتی. بۆردیۆ کە لە وڵاتێکی ئورووپاییدا دەژی پێش‌گریمانەکەی ئەوە بووە کە کۆمەڵگای ئازاد بە چەشنێک ڕێک خراوە کە جووڵە و دینامیسمەکانی بەشێوەیەکی سروشتی سەرمایەی تازە ـ لە هەر چوار جۆرە سەرمایەکە ـ بەرهەم دێنن و سەرمایەکانی پێشوو ڕادەگوێزن. بەڵام با بۆ ساتێک کۆمەڵگایەکی دیکە لە خەیاڵی خۆماندا گریمانە بکەین: کۆمەڵگایەک کە بە هەندێک هۆ بۆ نموونە بەهۆی دەستبەسەرداگیرانی لەلایەن سیستمێکی سیاسیی تۆتالیتێرەوە جووڵە و دینامیسمی سروشتیی خۆی لەکیس داوە و، ڕەوتی بەرهەم هاتن و ڕاگوێزرانی هەر چوار جۆری سەرمایەکە، هەتا ئەوپەڕی خۆی خاو بووەتەوە و لە وەستان نزیک بووەتەوە. دیسان با گریمانەکەمان نەختێک بەربڵاوتر بکەین: دوو کۆمەڵگای جیاواز لەبەر چاو دەگرین کە وەکوو یەک جووڵە و دینامیسمەکەیان لێ ئەستێنراوەتەوە. وای دابنێین ئەو دوو کۆمەڵگایە، لە هەموو بارێکەوە جگە لە تایبەتمەندییەک، وەکوو یەکن. لەم دوو کۆمەڵگایانە کە هەردووکیان بۆ ماوەیەکی درێژە لەژێر حوکمی داپڵۆسێنەری سیستمێکی تۆتالیتێردان، یەکێکیان دوای ماوەیەک بە هەندێک ڕێکار دەگا هەتا بتوانێ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە خۆیدا پێک بێنێ و سێبەری قورسی سیستمە تۆتالیتێرەکە لەسەر خۆی بڕەوێنێتەوە و، سەرمایە دەست‌بەسەرداگیراوەکانی ـ لە هەر چوار جۆر سەرمایەکە ـ ئازاد بکا و، بتوانێ سەرمایەی تازەشیان پێوە زیاد بکا، بەڵام کۆمەڵگای دووەم لە توانای پێک هێنانی گۆڕانکارییەکی لەم چەشنه بێبەرییە و هەر بۆیە ڕەوتی بەزایە چوونی سەرمایەکانی پێشووی، درێژەی دەبێ و سەرمایەی تازەشی بۆ بەرهەم نایه.

ئێستا دەتوانین چەند پرسیارێک لە خۆمان بکەین؛ پرسیاری یەکەم ئەوەیە: کۆمەڵگای یەکەم چ تایبەتمەندییەکی هەیە کە کۆمەڵگای دووەم نییەتی؟ پرسیاری دووەم ئەوەیە کە ئایا ئەم تایبەتمەندییەی کۆمەڵگای یەکەم هەیەتی بۆی بە “سەرمایە” حیساب دەکرێ؟ و هەر بەم شێوەیە ئایا نەبوونی ئەم تایبەتمەندییە له کۆمەڵگای دووەمدا دەبێ وەک نەبوونی سەرمایە حیساب بکرێ؟ ئەگەر ئەم تایبەتمەندییە بە سەرمایە ئەژمار دەکرێ پرسیاری سێیەم ئەمەیە: ئایا لەم دۆخەدا سەرمایەکانی دیکە لەڕووی پارێزران و پێوە زیادبوونەوە نابەسترێنەوە بەم سەرمایەیەوە؟ و دواجار پرسیاری چوارەم ئەوەیە ئەگەر ئەم تایبەتمەندییە به جۆرێک سەرمایە بزانین چ ناوێک لەسەر ئەم سەرمایەیە دابنێین؟

گومان لە سەرمایە بوونی ئەم تایبەتمەندییەدا نییە، لەبەر ئەوەی هەتا ئەم تایبەتمەندییە سەری هەڵنەدابوو کۆمەڵگا لە حالەتی هەژارییەکی بەرچاو ـ لە هەموو ڕوویەکدا ـ مابووەوە. کۆمەڵگای یەکەم کاتێک توانی پشوویەکی بێتەوە بەر، خۆی و سامانێکی تازە بەرهەم بێنێ و سامانی پێشووی وەکار خاتەوە، کە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لەخۆیدا پێک هێنا. واتە هەتا ئەم گۆڕانکارییە لەئارادا نەبوو، سەرمایەی دیکەش هەر بەرهەم نەدەهات. لەبەر ئەوەی ئەم سەرمایەی جۆری پێنجەمە، توانای پێک هێنانی “گۆڕانکاریی قووڵ” بوو، کەوابوو باشترین ناو  بۆ ئەم چەشنە سەرمایەیە بریتییە لە سەرمایەی شۆڕشگێڕانە.

بۆ ئەوەی باشتر لەم چەشنە سەرمایەیە تێبگەین، با دۆخی وڵاتی ڕۆمانی بەر لە ڕووخانی ڕێژیمی نیکۆلا چاووشێسکۆ و دوای ڕووخانی لەبەرچاو بگرین. بەر لە ڕووخانی ڕێژیمی چاووشێسکۆ، ڕۆمانی وڵاتێکی هەژار و خەڵکەکەی لە دۆخێکی نالەباری ئابووریدا دەژیان(کەمیی سەرمایەی ئابووری). ڕێژیمی دواکەوتوو و ئایدۆلۆژیکی چاووشێسکۆ ئیزنی هیچ داهێنانێکی فیکریی نەدەدا کە لە دەرەوەی جەغزی تەنگی ئایدۆلۆژیکی خۆیدا بێ(کەمیی سەرمایەی فەرهەنگی). بە هۆی سیستمی سیخوڕی و ڕاپۆرت لێدان متمانەی خەڵک پێکتر زۆر دابەزیبوو و لەبەر ئەوەی حیزبە سیاسییەکان و دامەزاروە مەدەنییەکان بەکردەوە حەزف کرابوون، کۆی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان یەکجار لەکزییان دابوو (کەمیی سەرمایەی کۆمەڵایەتی) و دواجار وڵاتی ڕۆمانی لە هەموو جیهاندا، جگه لە وڵاتێکی وەک ئێران، یەکێک لە بێ‌ئیعتبارترین وڵاتەکان بوو ـ چاووشێسکۆ چەند ڕۆژ بەر لە شۆڕشی خەڵکی وڵاتەکەی و گیران و ئیعدامەکەی هاتبووە ئێران و تاجە گوڵینەی لەسەر قەبری خومەینی دانابوو ـ (کەمیی سەرمایەی سەمبۆلیک). دوای ئەوەی خەڵکی ڕۆمانی بەدژی سیستمی چاووشێسکۆ شۆڕشیان کرد و توانییان گۆڕانکاریی زۆر لە سیستمی سیاسی و کۆمەڵگای ڕۆمانیدا پێک بێنن، سەرمایەی ئەم ولاتە لە هەموو بارێکەوە ڕووی لە زیاد بوون کرد. دۆخی گوزەران و داهاتی خەڵک بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بوو (هەڵکشانی سەرمایەی ئابووری). بە گەڕیانی ئازادیی زانیاری و دەست‌ڕاگەیشتنی خەڵک به تۆڕه زانستییەکان لە دەرەوەی وڵات، باری فەرهەنگی، گۆرانکاریی زۆری بەسەرداهات. (هەڵکشانی سەرمایەی فەرهەنگی) کۆمەڵگای مەدەنی ژیایەوە و وڵات لەو قاقڕستانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی تێیدا بوو ڕزگاری بوو (هەڵکشانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی) و دواجار ڕۆمانی توانی ئەوەندە ئیعتبار وەدەست بێنێ هەتا ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئورووپا (هەڵکشانی سەرمایەی سیمبۆلیک). ئەو هەموو پێشکەوتنە لە سایەی چی بوو؟ لە سایەی ئەو شۆڕشەی وا خەڵکی رۆمانی بەدژی سیستمی سیاسیی زاڵ بەسەر وڵاتەکەیاندا کردیان. ئەگەر هێزی ئەم شۆڕشەی خەڵک ئازاد نەکرابا، هیچکام لەم سەرمایەگەلەی دیکە زیادیان نەدەکرد. کەواتە سەرمایەی سەرەکی لەم نموونەیەدا، بریتی بوو لەو تواناییەی بۆ گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ لەخۆیان نیشان دا؛ واتە سەرمایەی شۆڕشگێڕانە.

زۆر پێویستە ئاماژە بەم خاڵە بکەین کە سروشتی سیاسەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چەشنێکه کە بە هەر هۆیەک بێ ئیستعدادی دامەزران و دووپات بوونەوەی تۆتالیتاریسم لەم وڵاتانەدا لەچاو ولاتانی دیکە یەکجار زۆر لەسەرە. سروشتی تۆتالیتاریزمیش بەچەشنێکه کە زۆربەی توانستەکانی کۆمەڵگا و زۆربەی سەرمایەکانی زەوت دەکا. کەوابوو لەم وڵاتانەدا قسە کردن لە جۆری پێنجەمی سەرمایە واتە “سەرمایەی شۆڕشگێڕانە” پێویستییەکی تیۆریی زۆری هەیە.

دوای ئەم ڕاستییە لەبارەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕاستییەکی دیکەش لەبارەی ئەو وڵاتانەی بەشێک لە کوردستان لەناو سنوورە سیاسییەکانیاندا هەڵکەوتووە، خۆی نیشان دەدا، ئەویش ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر لە سیستمی سیاسیی ئەم وڵاتانەدا سیکۆلاریسم و دێمۆکراسیش بەشێوەیەکی ڕێژەیی چەسپابن، لە کوردستاندا دۆخەکە دەگۆڕێ و جێگای خۆی دەدا بە دۆخێکی ئۆردووگایی و هە‌لومەرجێکی شێوە موستەعمەراتیی زەق و ئاشکرا.

واتە لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا پاشەکەوت کردنی سەرمایەی جۆری پێنجەم واتە سەرمایەی شۆڕشگێرانە، پێداویستییەکی دووقات و چەندقاتی هەیە. لە بنەڕەتدا نەک هەر لە کوردستاندا پاشەکەوت کردن و زیاد کردنی هەر چوار جۆرە سەرمایەکەی دیکە بەستراوەتەوە به پاشەکەوت کردنی سەرمایەی شۆڕشگێڕانه، بەڵکوو هەر بەگشتی مانەوەی شوناسی نەتەوەییی کوردیش، بەستراوەتەوە بە ڕادەی سەرمایەی شۆڕشگیرانە.

ئێستا دەتوانین هەنگاوێک بەرەو پێشتر هەڵبێنینەوە: فیگۆر و ئارایشی سیاسیی حیزبەکان، بەگشتی دەکرێ بە دوو شێواز ڕێک بخرێ: شێوازی یەکەم ئەوەیە پێکهاتەی سیاسی و ڕێکخستنی تەشکیلاتی بەچەشنێک بێ کە زیاترین پاشەکەوتی شۆڕشگێڕانەی تێدا کۆ بێتەوە. شێوازی دووەمیش ئەوەیە ئەم گۆڕانکارییانە بە زیادی و باجهەڵگر و مەترسی‌هێن بزانین و پێمان وابێ نەک ئێستا بەڵكوو لە ڕۆژی خۆیدا، حیزبیش شێوەی ڕێکخستن و چەشنی جووڵە و هەڵسووڕانی خۆی دەگۆڕێ. 

ئێستا زۆر ڕاستیمان لەسەر ڕاسان بۆ ئاشکرا دەبێ. ڕاسان هەر بەتەنیا دەنگی تەقەی پێشمەرگە لە ناوخۆی کوردستان نییە کە ئەگەر ساڵێک ئەو دەنگه بیسترا پێمان وابێ ڕاسان لەگۆڕێدایە و ئەگەر نەبیسترا پێمان وابێ ڕاسان ڕاوەستاوە. ڕاسان وەدەست هێنانی پتانسییەلێکی شۆڕشگێڕانەی ئەوتۆیە کە ئامادەباشی هێزی پێشمەرگە بۆ بەڕێوە بردنی پلانە سیاسی و سەربازی و تەشکیلاتییەکان لەوپەڕی خۆیدا بێ، جا چ پێشمەرگە عەمەلیاتی ئاشکرا لە ناوخۆدا بکا یان نەیکا.

ئێستا لەبەر تیشکی تیۆریی سەرمایەی شۆڕشگێرانە دوو پرسی گرینگ دەخەینە بەر باس.

پرسی یەکەم. لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا کوردستان لەچاو هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێران خاوەنی زیاترین سەرمایەی شۆڕشگێرانە بووە. لە کوردستاندا سەرمایەی ئابووری کەمتر لە ناوچەکانی دیکە بووە بەڵام سەرمایەی شۆڕشگێڕانە لە هەموو ناوچەکانی دیکە زیاتر بووە. نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بگرە لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا سەرمایەی شۆڕشگێڕانە لەوپەڕی خۆیدا بووە. یەکێک لە کێشەکانی دەوڵەتانی زاڵ بەسەر پارچەکانی کوردستاندا ئەوە بووە کە ئەم سەرمایە شۆڕشگیرانەیە لە قۆناغی یەکەمدا لە ناوخۆی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن و لە قۆناغی دواتردا نەهێڵن ئەم سەرمایە شۆڕشگێڕانەیە تەشەنە بکا بۆ ناوچەکانی دیکە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سەرمایە ـ لە هەر پێنج جۆرەکەیدا ـ ئەوەیە کە سەرمایە لە هەر شوێنێک بێ هێزی کاری تایبەت بە خۆی بۆلای خۆی ڕادەکێشێ. هێزی کار بۆ هەر چەشنە لە سەرمایەکان به هێزێک دەگوترێ کە ئۆگری بە بەرهەم هێنانی سەرمایەکە هەیە و به کردەوە هەوڵی بەرهەم هێنانی بۆ دەدا. ڕاکێشرانی هێزی کار بۆ لای جۆرەکانی سەرمایە لە بواری سەرمایەی ئابووریدا بەرچاوتر لە جۆرەکانی دیکەیە بەڵام ئەم دیاردەیە لە جۆرەکانی دیکەی سەرمایەشدا هەیە.

ئەگەر شۆڕشێکی ڕەسەن لە ئارادا بێ و سەرمایەی شۆڕشگێڕانەی تێدا بەرهەم بێ، هێزی شۆڕشگێر لە هەموو شوێنەکانی دیکە بۆلای ڕادەکێشرێ. هەموو پارچەکانی کوردستان لە مێژووی هاوچەرخدا شاهیدی ئەم چەشنه ڕاكێشانه بوونه. دوایین نموونەی ئەم دیاردەیە ڕۆژئاوا بوو کە سەرەڕای کەمایەسییەکانی، بەرخۆدانەکەی سەرنج و ئامادەیی هەموو هێزە شۆڕشگێرەکانی جیهانی بۆلای خۆی ڕاکێشا. ڕۆژئاوا تازەترین نموونە بوو بەڵام یەکەمین نموونە لە کوردستاندا نەبوو. ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە سەردەمی شۆڕشی ٤٦ و ٤٧ەوە هێزە پێشکەوتوو و شۆڕشگیرە چەپە ئێرانییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. بیرەوەریی کەسانێکی وەک کوروش لاشایی دەرخەری ئەم ڕاستییەن. ئەم دۆخە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧یش لە ڕۆژهەڵاتدا درێژەی هەبوو.

پرسی دووەم

هەموو هەوڵی حاکمییەت ئەوەیە ئاستی ئەم سەرمایەیە لە کوردستان دابەزێنێ. دەسەڵات بەشێوەی جۆراوجۆر پلان بۆ خاو کردنەوەی ڕەوتی شۆڕشگێڕیی ڕاستەقینە و هێنانەخواری ئاستی سەرمایەی شۆڕشگێرانە لە کوردستاندا دەدا. دوو شێواز کە دەسەڵات لەم ساڵانەی دواییدا بۆ دابەزاندنی سەرمایەی شۆڕشگیرانە لە کوردستاندا بەکاری هێناوە ئەمانەن:

یەکەم. تێوەگلاندنی کەسانێک لە ڕەوتێکی بە ڕواڵەت ڕێفۆرمخوازانه

دووەم. پاڵ پێوە نانی بزووتنەوەی کورد بەرەو ئاڕاستەیەکی ڕاسیستی و ڕاستئاژۆیانە

نامانەوێ ئێستا لەم نووسراوەیەدا لەسەر باسی دووەم زۆر لەنگەر بگرین. هەر ئەوەندە دەڵێین بزووتنەوەی کوردی هەتا ئێستا ئەوەندەی نەتەوەخوازانە بووە ئەوەندەش تایبەتمەندیی ئەنترناسیۆنالیستیی هەبووە و وێڕای ناوەرۆکی نەتەوەیی، خاوەنی ناوەرۆکێکی دێموکرات و مۆدێرنیش بووە و هەر بۆیە لەلای هەموو ئازادیخوازانی جیهان وەک بزووتنەوەیەکی ڕەوا چاوی لێ کراوە. بەڵام ناحەزانی بزووتنەوەی کورد ماوەیەکه به وەڕمێن خستنی چەشنێک ڕاستئاژۆیی و جۆرێک لە شۆڤینیسم لەناو بزووتنەوەی کوردایەتیدا، دەیانەوێ ئەم بیرۆکەیە بڵاو بکەنەوە کە ئەگەر کورد پێی وایە لەناو دەسەڵات و نەتەوەی باڵادەستدا بیری شۆڤینیسیتی دەرحەق به کورد زاڵە، بزووتنەوەی خۆێشیان لە چەشنێک جەوهەری شۆڤینی بەتاڵ نییە. هەر لەبنەڕەتدا پاڵ پێوەنانی بزووتنەوەی کورد بەرەو ڕاستئاژۆیی و ڕاسیزم بەمانای ئەستاندنەوەی داینەمۆ و گوڕوتینی شۆڕشگێڕانەی ئەم بزووتنەوەیەیە. سەرکردایەتیی بزووتنەوەی کورد دەبێ هەر وەک پێشوو لەسەر دیتنەوەی بزووتنەوەی خۆی لەناو بەرەی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی جیهان و بەرەی دوژمنانی ڕاستئاژۆیی و کۆنەپارێزی پێداگر بێ.

بەڵام پێویستە لەسەر باسی یەکەم لەنگەرێکی زۆرتر بگرین. ئێمە سەرمایەی شۆڕشگێڕانەمان وەک پتانسییەلێک بۆ پێک هێنانی گۆڕانگاری لە کۆمەڵگادا پێناسە کرد. دەکرێ پرسیار بکرێ ئایا گۆڕانکارییەکان هەر بە تەنیا به کردەوەی ڕادیکاڵ وەدی دێن؟ ناکرێ بیر لەوە بکەینەوە لە ڕەوتێکی ئارام و لەسەرەخۆ بەڵام بەردەوام و پشوودرێژدا ئەم گۆڕانکارییانە لەناو کۆمەڵگادا وەدی بێنین؟ هەندێک کەس لەسەر ئەم بڕوایەن مێژوو سەلماندوویه ئەو گۆرانکارییانەی بە پشوودرێژی و لە ماوەیەکی دوورورێژ لە کۆمەڵگادا پێک دێن، لەچاو ئەو گۆڕانکارییانەی دەسبەجێ و بەشێوەی یەکدابەدوو پێک دێن، زیاتر جێگای متمانەنن و سەقامگیرتر دەبن و لەو لاشەوە گۆڕانکارییه لەناکاوەکان دوای نیشتنەوەی تەپوتۆزی کوڵوکۆیەکان هەمیسان دەگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێشوویان.

لەم ساڵانەی دواییدا بەشێک لە حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە بە وەدەست گرتنی جڵەوی بزووتنەوەی ڕێفۆرمخوازانه هەم هیوایەک لە دەروونی هێزە گۆڕانخوازەکاندا زیندوو ڕاگرێ و هەم وەکوو “زەڕبەگیر”ێک شەپۆلەکانی بێ‌ئامانی ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی وەزاڵە هاتووی خەڵکی ئێران بگێڕێتەوە و ئەو شەپۆلانه هێدی بکاتەوە.

بەشێک لە خوێدەوارانی کوردیش به هەر هۆیەک بێ وەگەڵ ئەم ڕەوتە کەوتوون و گەرەکیانە وا لە خەڵک بگەیەنن کە تاقە دەرەتانی پێک هێنانی گۆڕانکارییەکی سەقامگیر و جێگای متمانە کە خەڵکی کوردی پێ بحەسێتەوە، تێکەڵ بوونه به ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی. تەنانەت ڕەوتی ڕووداوەکان بەرەو ئاڕاستەیەک ڕۆیشتووە کە لەگەڵ پەژیوان بوونەوەی زۆریەک لە ڕێفۆرمخوازانی ناوەندگەڕا و کەشفی ئەم ڕاستییە کە ڕێفۆرمخوازیی حکوومەتی لە جەوهەری ڕاستەقینەی خۆی بەتاڵ بووەتەوە، هەندێک لە ڕێفۆرمخوازە کوردەکان ئامادە نین لە هەڵوێستەکانیان پاشەکشە بکەن.

حەز دەکەم بە شێوەیەکی زەڵاڵ و شەفاف هەڵوێستی تیۆریی خۆمان دەرحەق به وتەزای ڕێفۆرمخوازی ڕوون بکەینەوە. ئێمە ڕێفۆرمخوازی بەمانای ڕاستەقینەی خۆی ڕەت ناکەینەوە. لایەنگریی ئێمە لە ڕادیکاڵیسمیش هۆی تایبەت به خۆی هەیە.

ڕاستییەکەی ئەوەیە لە هەر شوێنێکدا سترەکتۆرە سیاسییەکان، ئیزنی بزووتنەوەی ڕاستەقینەی رێفۆرمخوازانه بدەن، ئەم بزووتنەوەیە لە درێژخایەندا دەتوانێ شوێنی خۆی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان بەجێ بێڵێ. بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەتی لە ئێراندا، ئەم سترەکتۆرە سیاسییانە ونن. نەک هەر ونن بگرە سترەکتۆرەکان بەچەشنێک گووراون کە بزووتنەوە ڕێفۆرمخوازانەکان، بکەن به کارتی دەستی حاکمییەت و، هێزی مانۆر دان و هەڵسوورانی زیاتر لە ناوخۆ و له دەرەوەدا بدەن به حاکمییەت.

ئێمە چۆن دەتوانین ڕێفۆرمخوازیی ڕاستەقینە لە ڕێفۆرمخوازیی چەواشە جیا بکەینەوە؟ دیارە ئەم دوو ڕەوتە به تێپەڕینی کات بەرە بەرە لێک جیا دەبنەوە؛ هەر وەک چۆن ئەگەر وای دابنێین ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی لە ئێراندا لە ساڵی ٧٦ەوە هاوکات لەگەڵ دەورەی سەرکۆماریی سەید محەممەد خاتەمییەوە دەستی پێ کرد، ئێستا دوای ٢٢ ساڵ، ئیتر بۆ زۆربەی چالاکە سیاسییەکان دەرکەوتووە کە ئەم ڕەوتە ڕەوتێکی ڕاستەقینەی ڕێفۆرمخوازی نییە و کەڵکەڵەی زیاتری ئەم ڕەوتە، بریتییە لە تاقی کردنەوەی شێوازێکی جیاواز بۆ پاراستنی حاکمییەتی دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی؛ بەڵام ئێمە لەم نووسینەدا مەبەستمان ئەوەیە پێوەرێکی تیۆری بۆ لێک جیا کردنەوەی ئەم دوو ڕەوتە بە دەستەوە بدەین.

بۆ وڵام دانەوەی ڕوون بەم پرسیارە سێ پێشەکیی کورت دێنینە بەرباس.

پێشەکیی یەکەم

هەر بزووتنەوەیەک چ ڕێفۆرمخواز و چ رادیکاڵ، دینامیسمی خۆی لە شوێنێکی تایبەتەوە وەردەگرێ. لێرەدا مەبەستمان لە دینامیسم سەرچاوەی ئەو گوڕوتینەیە کە بزووتنەوەکە زیندوو ڕادەگرێ و بەرەو پیشی دەبا.

پێشەکیی دووەم

پێویستە پێکهاتەی دەسەڵات و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، به شێوەی گریمانەیی لێک جیا بکەینەوە. ناوکی حاکمییەت سەر به پێکهاتەی دەسەڵاتە و کۆمەڵگای مەدەنیش سەر به پێکهاتەی کۆمەڵایەتییە.

پێشەکیی سێیەم

پێکهاتەی کۆمەڵایەتیش دەتوانین بەسەر دوو دەستەدا دابەش بکەین: یەکەم، پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی کە ئەگەر دەسەڵات گەمارۆی بدا، بەشی زۆری وزە دەروونییەکەی لێ زەوت دەبێ و دووەم، پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی کە تەنانەت به گەمارۆدرانی لەلایەن حاکمییەتیشەوە، وزەکەی لێ زەوت ناکرێ.

ئێستا به باشترین شێوە دەتوانین وڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە که به چ پێوانەیەکی تیۆری، دەتوانین ڕەوتی ڕێفۆرمخوازیی شوێندانەر لەگەڵ ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی ناڕاستەقینە لێک هەڵاوێرین.

ئەو ڕێفۆرمخوازییەی سەرچاوەی سووتەمەنی و دینامیسمەکەی لەناو پێکهاتەی دەستەڵاتدایە ڕەوتێکی چەواشەیە.

ئەو ڕێفۆرمخوازییەی سەرچاوەی سووتەمەنی و دینامیسمەکەی لەناو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدایە بەڵام دەستەڵات دەتوانێ پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکە گەمارۆ بدا و پتانسییەلەکانی زەوت بکا، ڕێفۆرمخوازییەکی چەواشە نییە بەڵام شوێندانەریش نییە.

ڕێفۆرمخوازیی ڕاستەقینە ڕێفۆرمخوازییەکە که دینامیسمەکەی لە ناو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا بێ و هەر کات دەسەڵاتیش کۆمەڵگاکەی گەمارۆ دا، سەرچاوەی بزووتنەوەکە ویشکایی نەیێ.

دژایەتیی ئێمە لەگەڵ ئەو ڕەوتەی وا بە ناوی ڕێفۆرمخوازیی حکوومەتی ناوی دەرکردووە بەهۆی دژایەتیمان لەگەڵ نەفسی ڕێفۆرمخوازی نییە. ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین ئەگەر دۆخی عەینی بۆ خەباتی ڕێفۆرمخوازانە ئامادە بێ، ئەم شێوە خەباتە لەپاڵ شێوەکانی تری خەبات دەتوانێ لە کۆمەڵگادا سەرمایەی شۆرشگیرانە بەرهەم بێنێ. له ڕوانگەیەی ئێمەوە، رێفۆرمخوازیی حکوومەتی لە خانەی یەکەمی ڕێفۆرمخوازیدا جێگای بۆ دەبێتەوە کە ڕەوتێکی چەواشەیە.

ئێستا پرسیارێکی دیکە دەورووژێنین. گوتمان لە چەشنی سێیەمی ڕێفۆرمخوازیدا سووتەمەنیی خەباتی مەدەنی لە شوێنێکەوە دابین دکرێ کە دەسەڵاتی تۆتالیتێر وزەی ئەم شوێنەی پێ کپ ناکرێ. خەباتی مەدەنی ناو شار ئەگەر بە وزەی ئەم شوێنە پشت‌ئەستوور بێ به گەمارۆی حاکمییەت لە پێ ناکەوێ و شەپۆلەکانی دانامرکێنەوە. ئەو سەرچاوەیەی وا سووتەمەنیی خەبات دابین دەکا، خەباتی شاخه.

ئێستا مانای زۆریەک لە ستراتێژییەکانمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. کاتێک ئێمە باسی لێک بەستنەوەی خەباتی شار و شاخ دەکەین، مەبەستمان گرینگی دان به شێوەی سیێەمی خەباتی مەدەنی و ڕێفۆرمخوازانە و ڕەت‌کردنەوەی دوو شێوەکەی دیکەیە. لە خودی دەستەواژەی “خەباتی شاخ”دا وشەی “شاخ” ناوی شوێنێکی جوغرافیایی نییە بەڵکوو ناوی “دۆخ”ێکە کە سەرچاوەی خەبات و ڕاپەڕینە. جا ئەو شوێنە چ لە بەغدای بەر لە شۆڕشی ١٣٥٧ بێ و چ لە قەندیلی سەرەتاکانی دەیەی حەفتا بێ و چ لە کێلەشینی دوای ڕاسان.

خەباتی شاخ نەک هەر مانا دەدا به خەباتی شار، بەڵکوو بەگوێرەی پڕەنسیپەکانی ڕێئال پۆلێتیک، دەتوانین بگەین بەم قەناعەتە کە بە بێ هەبوونی هێزی خەباتی شاخ، ئێمە تەنانەت لەسەر مێزی وتووێژیشدا سەنگێکی ئەوتۆمان نابێ. کاتێک دکتۆر قاسملوو ئامادە دەبوو لەسەر مێزی وتووێژ دابنیشێ کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەوپەڕی ئامادەییی خۆیدا بوو. ئێستا لە دۆخێکی ئەوتۆدا، هەندێک کەسایەتیی سیاسیی کارتۆنی دەیانەوێ لاساییی دیپلۆماسیی وتووێژی دکتۆر قاسملوو بکەنەوە کە نەک هەر خاوەنی کەمترین سەرمایەی شۆرشگێرانە نین، بەڵکوو هاوئاهەنگ لەگەڵ ناحەزانی بزووتنەوەی کورد ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژایەتیی ڕاسانیش دەکەن.