ئارامتر بخوێنەوە!
بۆخەبات چ زۆرە؟ ڕێگا!
د. سەعید شەرەفکەندی
“یەک بە یەکی خەڵکی کوردستان، بە ژن و پیاو و لاو و پیر، پێویستە لە بەڕێوەبردنی ئەم ئەرکە گشتییەدا کە کەوتۆتە سەرشانی هەموو خەڵکی کوردستان، نەخشی تایبەتی خۆیان بگێڕن.
ئاشکرایە کە لێرەدا دیاریکردنی ئەم نەخشانە بە وردی مومکین نیە. هەروەک گوتمان گرینگ ئەوەیە کە هەر کەس لەوە بگا، لەم پێناوەدا ئەرکی لەسەر شانە و پێویستە بەرێوەی ببا.
ئەگەر ئەم تێگەیشتنە و هەست بە مەسئوولییەت کردنە هەبێ، ئەودەم هەر کەس بە پێی هەلومەرج و بە گوێرەی ئیمکانات و وەزعی تایبەتی خۆی، ڕێگایەک بۆ بەرێوەبردنی ئەرکی سەرشانی دەبینێتەوە، چونکە مەیدانێکی پان و بەرین بۆ خەبات لە پێش چاوە و شێوەی خەبات ڕەنگاورەنگ و جۆراوجۆرن.“
چەند مەسەلەیەک وەک پێشینەی مێژوویی و وەزعی جوغرافیایی، لەگەڵ هێندێک تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی و مەزهەبی و پلەی بەرزی تێگەیشتووییی سیاسی، بوونە هۆی ئەوە کە خەڵکی کوردستان نەک هەر زۆر زۆرتر لە خەڵکی بەشەکانی دیکەی ئێران، لە نێوەرۆکی کۆنەپەرستانە و دژی گەلیی ڕێژیمی ئاخوندی بگەن، بەڵکوو بتوانن قارەمانانە لە بەرامبەریدا ڕابوەستن و لە ماوەی ئەم ٩-١٠ ساڵەدا لە هەموو شێوەکانی خەبات بە دژی ئەو ڕێژیمە و، بەتایبەت لە بەرزترین و توندوتیژترین شێوە کە خەباتی چەکدارانە بێ، کەڵک وەربگرن. لە نەتیجەدا خەباتی گشتی لە کوردستاندا، بووەتە جێگای هیوا و هۆمێدی هەموو خەڵکی ئێران؛ بە جۆرێک کە ئەمڕۆ، مێژوو دوو ئەرکی زۆر گرینگ و لە عەینی کاتدا دژواری خستۆتە سەرشانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران.
یەکەم
جێگیربوون لە سەنگەری هەرە پێشەوەی خەبات بۆ ئازادی و دێمۆکراسی لە سەرانسەری ئێراندا و بۆ هەموو خەڵکی ئێران.
دووهەم
ئاڵا هەڵگریی خەبات بۆ ئەستاندنی مافی نەتەوایەتیی گەلانی مافخوراو و ژێردەستی ئێران وەک گەلانی بەلووچ، تورکمەن، عەرەب و ئازەری.
خەڵکی تێکۆشەر و و قارەمانی کوردستان دەبێ لە گرنگی و لە عەینی کاتدا لە پڕشانازی بوونی ئەم ئەرکانە کە هەروەک گوتمان هەلومەرجی مێژوویی خستوونیە سەر شانیان، باش ئاگادار بن و تێبکۆشن کە بە لێوەشاوەیی و تێکۆشانی شۆڕشگیرانەی بێ وچانی خۆیان، ئەم ئەرکە قورسە مێژوویییە بە ئەنجام بگەیەنن. ئەمە ئەرکێکە کە لە سەر شانی فەرد بە فەردی خەڵکی کوردستانە، نەک هێزی پێشمەرگە بە تەنیایی. خەباتی چەکدارانەی هێزی پێشمەرگە، تەنیا ڕوانگەیەک لە خەباتی گشتی و جەماوەریی کوردستان و شێوەیەک لە ئەنواعی شێوەکانی خەبات و بەربەرەکانێیە.
بە وتەیەکی دیکە، یەک بە یەکی خەڵکی کوردستان، بە ژن و پیاو و لاو و پیر، پێویستە لە بەڕێوەبردنی ئەم ئەرکە گشتییەدا کە کەوتۆتە سەرشانی هەموو خەڵکی کوردستان، نەخشی تایبەتی خۆیان بگێڕن. ئاشکرایە کە لێرەدا دیاریکردنی ئەم نەخشانە بە وردی مومکین نیە. هەروەک گوتمان گرینگ ئەوەیە کە هەر کەس لەوە بگا، لەم پێناوەدا ئەرکی لەسەر شانە و پێویستە بەرێوەی ببا. ئەگەر ئەم تێگەیشتنە و هەست بە مەسئوولییەت کردنە هەبێ، ئەودەم هەر کەس بە پێی هەلومەرج و بە گوێرەی ئیمکانات و وەزعی تایبەتی خۆی، ڕێگایەک بۆ بەرێوەبردنی ئەرکی سەرشانی دەبینێتەوە، چونکە مەیدانێکی پان و بەرین بۆ خەبات لە پێش چاوە و شێوەی خەبات ڕەنگاورەنگ و جۆراوجۆرن.
لە وتارێکی وەک ئەم وتارەدا ئەگەریش قامک لە سەر شتێک یان چەند شت دابنرێ، تەنیا وەک نموونە وایە و بەس. هەرچەند هێندێک شتی گشتی هەن کە وەک ئەسڵێک یان بناغەیەک پێویستە هەمیشە لە بەرچاو بن. سەرەتای ئەم ئەسڵانە دیارە خەبات و تێکۆشان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و لە نێو هێزی پێشمەرگەدایە. حیزبی دێموکراتی کوردستان نەک بە قسە، بەڵکوو بە کردەوە نیشانی داوە کە حیزبی پێشڕەو و شۆرشگێری گەلی کورد لە کوردستانی ئێرانە. ئامانجەکان و هەڵویستە سیاسییەکانی حیزبی دێموکرات ئێستا ئیتر بۆ هەموو خەڵک ڕوون و دیارە. بۆ کەسێک کە هەستی نیشتمانپەروەری و ئامانجی ڕزگاری، لە دڵ ومێشکی دایە و، خەبات لەرێگای ئازادی و دێموکراسی و وەرگرتنی مافە سەرەتایییە ئینسانییەکانی بۆ خەلکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی، بە ئەرکی خۆی دەزانێ، چ ڕێگایەک ڕوونتر لە ڕێگای حیزبی دێمۆکرات و چ تێکۆشانێک پڕ لە شانازیتر و کاریگەرتر لە تێکۆشان لە ڕیزەکانی حیزبی دیمۆکراتدایە؟ هەر لاوێکی کورد کە ورە و توانا لە خۆیدا دەبینێ، ئەوە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکرات؛ با بێ و سەربەرزو قارەمان خەبات بکا و لە کوورەی خەباتی شۆرشگێرانەدا قاڵ بێ.
لە پاشان ئەگەر هەر کەسێک بە هەر هۆیەک ناتوانێ ڕاستەوخۆ لە ڕیزەکانی حیزبی دیمۆکرات و شانبەشانی پێشمەرگەکان، ژیانی خۆی تەرخانی خەباتی لێبڕاوو شێلگیردا بکا، خۆ ڕێگای یارمەتیکردن بە تێکۆشەرانی حیزبی دیمۆکرات و پێشمەرگە نەبەزەکانی ئەم حیزبە ئاواڵەیە. کێ هەیە بیهەوێ تێکۆشانی سیاسی و نیزامیی حیزبی شۆڕشگیری دیمۆکرات لە کوردستانی ئەمڕۆدا، یارمەتی بدا و زۆر ڕێگای بۆ ئەم کارە شۆڕشگێرانەیە لە پێش خۆی نەبینێ؟ بە تایبەت لە گوندەکانی کوردستاندا، لە دابینکردنی جێگا و ڕێگا و ئیمکاناتی دیکەی خەبات ڕا بگرە، هەتا پێ ڕاگەیاندنی ئەو ئاگادارییانەی لە سەر وەزعی دوژمن هەیە بە کادرە تێکۆشەرەکان و پێشمەرگە نەبەزەکانی حیزب.
پێویست بە گوتن ناکا کە بە هۆی فشار و زەبروزەنگی ڕێژیم لە لایەک و، بەربڵاویی مەیدانی خەبات لە لایەکی دیکەوە، چاوەروانی لە حیزبی دیموکرات، کە لە ڕێگای کاری تەشکیلاتییەوە هەموو ئەو کەسانەی ئاواتەخواز و ئامادەی تێکۆشان لە ڕیزەکانی حیزبدان سازمان بدا، چاوەروانییەکی واقیعی نیە. ئەفرادی شۆڕشگێری ڕاستەقینە بۆ خۆیان زۆر باش دەتوانن لە گەڵ کەسانی وەک خۆیان کەم و زۆر تەشکیلات و پێکەوە کارکردنی لە شێوەی ڕێکخراوی حیزبی ساز بکەن و بە گوێرەی ئیمکاناتی خۆیان تێبکۆشن و خەبات بکەن، هەتا لە کاتی خۆی و لە هەلی موناسیبدا پێوەندی لە گەڵ حیزب دابمەزرێنن و، بە ڕەسمی و بە یەکجاری لە گەڵ ڕیزەکانی حیزب بکەون. با لە شار و گوندەکانی ئەم کوردستانە پان و بەرینەدا، سەدان و هەزاران شانەی گەورە و بچووک لە شێوەی شانەکانی حیزبی بە دەست و بە ئیبتکاری خودی ئەفرادی بەهەست و شۆڕشگێڕ پێک بێ و، ئەو تێکۆشانە بکا کە شانە و ڕێکخراوی حیزبی دەبێ بیکەن. کوردستانی ڕاپەڕیوی ئەمڕۆ، سەبارەت بە بەشەکانی دیکەی ئێران ئەم ئیمتیازەی هەیە کە هەر کەسێک یان هەر تاقمێک لە ئەفرادی شۆڕشگێڕ کە خەبات و تێکۆشانی لە لای ڕێژیم ئاشکرا بوو و گیانی کەوتە مەترسییەوە، دەتوانێ بە زوویی و بە زەحمەتێکی زۆر کەمەوە خۆی لە چنگ ڕێژیم ڕزگار بکا و، خۆی بگەیەنێتە ڕیزەکانی حیزب و هێزی پێشمەرگە.
بەراستی کێ هەیە کە هەستی نیشتمانپەروەری و خەباتگیڕیی هەبێ و بیهەوێ بە کردەوە لەو خەباتە پان و بەرینەدا کە ئەمڕۆ لە گۆڕێدایە بەشداری بکا و ئیمکانێک بۆ ئەم کارە نەبینێ؟ کێ هەیە کە بیهەوێ بە تەنیا یان لەگەڵ چەند کەسی وەک خۆی، تەبلیغی سیاسەتەکان و هەڵوێستەکانی حیزبی دیمۆکرات بکا، ئامانجەکانی جووڵانەوە بۆ خەڵک ڕوون بکاتەوە، خەڵک بۆ ڕاوەستان و بەربەرەکانی لە گەڵ ڕێژیم هان بدا، یارمەتی بە بنەماڵەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و تیکۆشەرانی حیزبی بدا و دەیان کاری دیکەی لەم بابەتانە و ئیمکانی بۆ نەڕەخسێ؟
هەروەک گوتمان، مەیدانێکی پان و بەرین بۆ خەبات لە بەردەستدایە. ئەنواعی ڕێگا بۆ هاتنە نێو ئەو مەیدانە و بەشداری لە خەباتدا لە پێشە، گرینگ ئەوەیە کە هەستی نیشتمانپەرەوری و شۆڕشگێریمان هەبێ و لە گەڵ خۆمان و گەلە ژێردەستەکەمان پەیمانی خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و ڕزگاری ببەستین. ئەگینا چ زۆرە؟ ڕێگا!
ئەم وتارە ڕێکەوتی ١١/ ٨/ ١٣٦٨ لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە.


