ئارامتر بخوێنەوە!
ئەزموونی نەتەوەی کورد لە هەر چوارپارچەکەبەدەر لە شێوازێک لە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی نییە
وتووێژ لەگەڵ د. سەعید شەمس
“سەعید شەمس لە ساڵی 2006 لە زانکۆی ڕۆیاڵ هالۆوەی دوکتۆرای کۆمەڵناسیی وەرگرتووە.
لە ئێستادا مامۆستای کۆمەڵناسییە لە زانکۆی سۆران، هەرێمی کوردستان.
بەشێک لە نووسراوەکانی بریتین لە: ناسیۆنالیزم، ئیسلامی سیاسی و پرسی کورد لە ئێران: تێڕامانێک سەبارەت بە هەڵکشان و پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسی لە ئێران (DVM Verlg, 2011)؛ ایرانیت و کردیت: همزیستی یا همستیزی (دەزگای موکریانی، 2012) و تیۆریی کۆمەڵایەتیی هاوچەرخ (چاپەمەنیی مانگ، 2019).“
١. ئێوە لە ساڵی ٢٠١١ کتێبێکتان بە ناوی ایرانیت و کردیت: همزیستی یا همستیزی [ئێرانییەت و کوردایەتی: پێکەوەژیان یان دژبەیەکبوون] چاپ کردووە و لە دەستپێکدا هەوڵتان داوە بە شێوازێکی نوێ پەیوەندییەک لە نێوان ناسیۆنالیزمی ڕووسی و ناسیۆنالیزمی ئێرانی ساز بکەن. دەکرێ بۆمان شی بکەنەوە کە بۆ پێتان وایە ڕۆشنبیرانی ئێرانی لە ناو کولتوورێکدا پەروەردە بوون کە لە ژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیی ڕەسمی ئیمپراتۆریی ڕووسیادایە؟
ج. لەو نامیلکەیەدا سەرنجی سەرەکی لەسەر پەروەردەبوونی ڕووناکبیرانی ئێرانی لە ژێر کاریگەریی ئایدۆلۆژیی ڕووسیدا نییە، بەڵکوو ناسیۆنالیزمی ئێرانی وەکوو “ناسیۆنالیزمی فەرمی’ ،(official nationalism)، کە لە ڕووی تیۆریکەوە ناسیۆنالیزمی ڕووسی نموونەی ناسراوی ئەو شێوازە لە ناسیۆنالیزمەیە، شرۆڤە و گەڵاڵە کراوە. وەکوو ئێوەش ئاگادارن ئەو نامیلکەیە لە سێ بەش پێکهاتووە و بەشی یەکەم باسی ناسیۆنالیزمی فەرمی (رسمی) دەکات.
لە ڕاستییدا، من سەرەتا بەشی سێیەمی ئەو نامیلکەیەم نووسی. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە بۆ یەکەم جار لە پاییزی ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩.ز) لە ماڵی هاوڕێیەکم لە لەندەن میوان بووم و بۆ یەکەم جار چاوم بە نامیلکەی “کردستان: علت تداوم بحران آن پس از انقلاب اسلامی” نووسینی حەمید ڕەزا جەلایی پوور کەوت. من دەمزانی کە جەلایی پوور بۆ ماوەیەک فەرمانداری مەهاباد بووە و شاهید و بەشداری سەدان تاوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەیە، بۆ وێنە کوشتنی ٥٩ کچ و کوڕی بێ تاوان لە مەهاباد بوو کە لە ساڵی ١٣٦٢ هەتاوی بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە، کە تەنیا وەبیرهێنانەوەی نەریتی نازییەکان ئاڵمانی و نموونەیەکی بەرچاوی تاوان لە دژی مرۆڤایەتی بوو، کوژران. هەر بۆیەش ئەو نامیلکەیەم قەرز کرد و خوێندمەوە و پێم سەیر بوو کەسێکی کۆمەڵناس کە ئێستا لایەنگری چاکسازی (ئیسلاحات)ە پاش ئەزموونی خۆی لە موکریان بەو شێوەیە باسی مەسەلەی کورد دەکات.
ئەو کاتە نیزیک بە شەش ساڵ بوو کە ڕژیمی سەددام حوسێن ڕووخابوو و کورد لە سیستمی نوێی عێراقدا خاوەنی پێگەیەکی بەرچاو بوو و مەسەلەی کورد لە نێو ڕووناکبیرانی ئێرانی جێی باس و موناقشە بوو، هەر بۆیەش بڕیارمدا ئەو نامیلکەیە بخەمە بەر باس، کە کورتکراوەی ئەو پێداچوونەوەیە، بەشی سێیەمی “نامیلکەی کوردییەت و ئێرانییەت …” پێکدێنێ. ئەڵبەت لەو بەشەدا لە چەند شوێن ئاماژەم بەوە کردوبوو کە بەدەر لە کەموکۆرییەکانی باسی جەلایی پوور، ئەو باسە جیددییترین کاری هاوچەرخی نووسەرانی ئێرانییە کە سەبارەت بە مەسەلەی کورد نووسراوە و تێڕوانینی زۆریەی ڕووناکبیرانی ئێرانی لە چوارچێوەی ئەو باسەی جەلایی پووردا جێدەگرێ و هەر بۆیەش دەبێ باسی لە سەر بکردرێت.
هاوڕێیەکم کە ڕەشنووسی یەکەمی خوێندەوە، گوتی ئەو وتەیە، واتا ڕوانگەی جەلایی پوور، نوێنەرایەتیی تێفکرینی زۆربەی ڕووناکبیرانی ئیرانی دەکات، پێویستی بە باسێکی تێروتەسەلتر و زۆرترە. هەر بۆیەش من دوو بەشی یەکەم (ناسیۆنالیزمی ڕەسمی) و دووەم (گۆڕان لە وێژمانی مەشرووتە و سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی ڕەسمی لە ئێران) م ئامادە کرد و بەشی سێیەمیشم کورت کردەوە و لە سەرەتای ساڵی ١٣٨٩.ه (٢٠١٠.ز) لە وێبلاگی “اخباری ڕوز’ لە سێ ئالقەدا بڵاو بووە. ئەو سێ ئالقەیە دوایە لە ساڵی ٢٠١١ لە باشووری کوردستان وەکوو نامیلکە چاپ بوو.
وەکوو ئاماژەی پێ کرا ئێستا نیزیک بە دە ساڵ دەبێ کە بەشی یەکەمی ڕەشنووسی ئەو بابەتە نووسراوە. ئەو کات هەرچەند گۆڕانێکی جیددی لە ڕوانگەی ڕووناکبیرانی ئێرانی، بە تایبەت گرووپە چەپەکان سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی لە ئێراندا دەبیندرا، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆربەی ئەوان بە ڕاشکاوی بەرگرییان لە سیاسەتی دەوڵەتی ئێران بەرانبەر بە پرسی کورد نەدەکرد. لە ڕاستییدا، زۆرینەی ئەو ڕووناکبیرانە سنوورێکی پر ڕەنگیان لە نێوان میرات، ئەزموون و نەریتی شۆڕشی مەشرووتە و سەڵتەنەتی پەهلەویدا وێنا دەکرد. بە واتایەکی تر، هێشتاش ئەو باوەڕە باو بوو کە وێژمانی شۆڕشی مەشرووتە وەکو وێژمانێکی نەتەوایەتی جیاوازیی گەوهەریی لەگەڵ سیاسەتی پەیڕەوکراوی ڕژیمی پەهلەوی بەرانبەر بە کورد و نەتەوە ژێردەستە و غیر فارس زمانەکانی دانیشتووی ئێران هەیە. ئەو کات زۆربەی ئەو ڕووناکبیرانە ڕەزاشایان بە باوکی ناسیۆنالیزمی ئێرانی قەبوول نەبوو.
من بە پێچەوانە پێموابوو کە پەیوەندییەکی قووڵ هەیە لە نێوان ئەو دوو بۆچوونە و ئەو پەیوەندییەم لە چوارچێوەی وێژمانی “ناسیۆنالیزمی فەرمی یان ڕەسمی” ئاراستە کرد. یانی لێرەدا من باسی ئەوە ناکەم کە ڕووناکبیرانی ئێرانی لە بەستێنی کولتوورێکدا پەروەردە بوون کە لە ژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیی ڕەسمیی ئیمپراتۆریی ڕووسیادایە. بەڵکوو باسەکە بەو شێوەیە کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی کە لە جووڵانەوەی مەشرووتە دا پێکهاتەیەکی جەماوەری بەخۆیەوە دەگرێ لە ماوەی یەک دەیە (١٩١٠-١٩٢١) و لە ژێر کاریگەریی ڕووداوەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی و مەترسیی هەڵوەشاندەنەوەی ئێران بەرەوە ناسیۆنالیزمی فەرمی (ڕەسمی) دەگۆڕدڕی.
٢. ئەگەر سەردەمی مەشڕووتەی ئێرانی وەکوو دەستپێکی ناسیۆنالیزمی ئێرانی سەیر بکەین، ئێوە هەوڵتان داوە لە نێوان لایەنی ڕۆمانتیکی ئەم ناسیۆنالیزمە و لایەنی سیاسیی ئەم ناسیۆنالیزمە، بە واتایەکی ڤیبەری، خزمایەتییەکی هەڵبژێرانە (Elective Affinity) ساز بکەن. دەکرێ تایبەتمەندییەکانی ئەم دوو بۆچوونە زیاتر شی بکەنەوە؟
ج) من لەو باسەدا ئاماژە بە بۆچوونی ڕۆمانتیکی-ناسیۆنالیستی جیلی دووەمی مەشرووتەخوازەکان و پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ توێژێکی سیاسەتوان، کاربەدەست و بۆڕۆکراتیک دەکەم. بۆ ئەو مەبەستە یارمەتیم لە چەمکی “خزمایەتی هەڵبژێرانە’ی ماکس ڤێبڕ وەرگرتووە. لەو نامیلەکەیەدا من هەوڵم داوە بە کورتی ئەو چەمکە شی کەمەوە، بێگومان باسێکی جیددی ئاکادێمی سەبارەت بە ئەو بابەتە لە دەرەوەی باسی سەرەکیی ئەو نامیلکەیە بوو.
سەبارەت بە ئەو دوو گرووپە و تایبەیمەندییەکان کە پرسیاری ئێوەیە، لە لایەکەوە باسی توێژێکی پۆپۆلیست و ئارمانخواز کە نوێنەری بەردەوامی شەپۆلی ناسیۆنالیستیی قۆناغی مەشرووتە بوون، کراوە. لە لایەکی ترەوە، باس لە گرووپی دووەم کراوە کە بریتیی بوون لە سیاستەوان، ڕووناکبیری دەوڵەتی و بۆرۆکراتیکەکانی ڕژیمی قاجار. گرووپی یەکەم، وەکوو قوتابییانی شەپۆل و نەریتی شۆڕشی مەشرووتە، خولیای چاکسازیی ئێرانییان لە سەر بنەمای شارستانییەتی ڕۆژئاوایی و دینامیزمی مۆدێرنیتەدا لە بەرنامە و فیکردا بوو. کۆمەڵیک توێژەر ئەو بۆچوونە وەکو ناسیۆنالیزمی ڕۆمانتیک شی دەکەنەوە[1]. ئەو گرووپە هەستێکی توندی ناسیۆنالیستییان لە گەڵ ئۆتوپیای پەرەسەندن و چاکسازی و نوێسازیی ئێرانی ئاویتەی یەکتری کردبوو. ناودارترین کەسایەتییەکانی ئەو گرووپە عارف قەزوینی، لاهووتی و میرزادەی عیشقی بوون. ئەو تێڕوانینە ناسیۆنالیستییە بۆچوونێکی پۆپۆلیستی بوو کە لایەنگری لە خەڵكی ئاسایی و نەتەوەی ئێران لە بەرانبەر دەوڵەتدا دەکرد. بەڵام، دۆخی ئاڵۆز و قەیرانی وڵاتی ئێران لە ساڵانی پێش و دوای شەڕی جیهانی، کە تا ئاستی دابەش بوون و نەمانی ئێران وەگەڕ کەوتبوو، بە شێوەیەکی ئاشکرا ناتەباییەکی قوولی خستبووە ناو وێژمانی ئەو گرووپە. یانی لە لایەکەوە، ئەو جیلە ڕووناکبیرە لایەنگری مٶدێرنیتە و شارستانییەتی ڕۆژئاوایی بوون، بەڵام لە لایەکی ترەوە بە توندی هەستێکی دژە-رۆژئاوایییان هەبوو. لە لایەکەوە، هۆگری چاکسازی و نوێسازیی وڵات بوون و لە هەموو میراتی نەریتیی ئێرانی بێزار بوون؛ لە لایەکی ترەوە، شانازییان بە ئێرانی باستان و دەسکەوتەکانی دەکرد. هەر ئەو ناتەبایییە بنەمایەک بۆ شیوازێک لە “خزمایەتیی هەڵبژێرانە’ی ئەو گرووپە لەگەڵ گرووپی دووەم بوو.
گرووپی دووەم، زۆرتر سیاسەتوانان و کاربەدەستانی ئیداری و ئەفسەرانی بەرپرسی ئەرتەش بوون. لەو نامیلەکەیەدا باس کراوە کە گرووپی دووەم وەکوو کاربەدەستی دەوڵەتی بە هیچ جۆرێک لە ڕوانگەی ڕۆمانتیکی و هەستییانەوە سەیری دۆخی ئەو سەردەمەیان نەدەکرد، ئەو گرووپە سەربەخۆییی سیاسیی وڵاتی کرد بە ناوەندی وێژمان ئێرانی و هێڵە سەرەکییەکانی شۆڕشی مەشرووتەی تەنیا وەکوو پاشکۆی ئەو هێڵە ناساند. ئەوەی لەو باسەدا گرینگە تایبەتمەندییەکانی ئەو دوو گرووپە نییە بەڵکوو ئەو بەستینەیە وا لە سەر بنەمای تایبەتمەندییەکانیان ڕێخۆشکەری خزمایەتیی هەڵبژیرانەی ئەوان بوو.
وەکو ئاگاداران ماکس ڤێبڕ ئەو چەمکەی لە نامیلکەی “ئەخلاقی پرۆتێستانی و ڕۆحی سەرمایەداری” دا گەڵاڵەکردووە. ڤێبڕ ئەو نامیلکەیەی لە ساڵی ١٩٠٤ی زایینیدا بڵاو کردۆتەوە. لەو نامیلکەیەدا پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان باوەڕی ئایینی کە لە دوای ڕێفۆرماسیۆن (چاکسازی)ی دینی گەشەی کردبوو لەگەڵ باوەڕی عەقڵانی و کردەوەیی، کە ئاکامی پیشەسازی بوو، لە شارە گەورەکانی ئەرووپا وەگەڕ کەوتبوو و ڤێبڕ نێوی دەنێت ڕۆحی سەرمایەداری، شی کراوەتەوە. سەرنج دان بە ساڵی چاپی ئەو باسە گرینگە، چونکە زۆر کەس ڕوانگەی ڤێبڕ وەکوو ڕەدکردەنەوەی ڕاستەخۆی تیۆری و مێتۆدی مارکس سەبارەت بە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی سەرمایەداری لێکدەدەنەوە. بە متمانەوە دەتوانین بڵێین ئامانجی ڤێبڕ لە نووسینی “ئەخلاقی پرٶتێستانی و ڕۆحی سەرمایەداری” دژایەتی و ڕەدکردەنەوەی ڕوانگەی مارکس نەبوو. بە پێچەوانەوە ڤێبڕ گرینگییەکی تایبەتی دەدا بە فەلسەفە و ئانالیزی مارکس. کێشەی سەرەکیی ڤێبڕ لەگەڵ مارکسیستەکان و بە تایبەت لەگەڵ مارکسیستەکانی ئاڵمانی و دوایەش لەگەڵ باڵشویکەکانی ڕووسی بوو. ڤێبڕ بەردەوام ئەو مارکسیستانەی تاوانبار دەکرد کە بە شێوەیەکی ڕەمەکی (عامیانە) لە هزری مارکس گەیشتوون. ڤێبڕ پێی وابوو کە لە ساڵانی دوایی مەرگی مارکس ڕوانگەیەکی ویشک و پۆزیویستی بە سەر مارکسیستەکانی ئاڵمانیدا زاڵ بووە کە لە ئاکامیدا ڕوانگەی مارکسیان لە ناوەرۆکی خۆی بەتاڵ کردەوە.
بە گشتی ڤێبڕ سەرهەڵدانی هیچ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی تەک ڕەهەندی نەدەدیت و لەو گۆشەنیگایەوە سەرهەڵدانی سەرمایەداری لە بەشێکی ئەورووپا بێگومان ئاکامی گۆڕانێکی تەک ڕەهەندی نەبوو و پێشی وانەبوو مارکس سەرهەڵدانی سەرمایەداری تەک ڕەهەندییانە لێکداوەتەوە و ڕوانگەی جیاواز لە مارکس بە واتای ڕەدکردنەوەی یەکلایەنەی مارکس نییە. هەر بۆیەش دەڵێت: “بە هیچ شێوەیەک ئامانجی ئەوەی نییە کە شڕۆڤەیەکی یەک لایەنەی ماتریالیستی کە سەرهەڵدانی سەرمایەداری تەنیا دەبەستێتەوە بە هۆکاری ئابوورییەوە، لەگەڵ لێکدانەوەی یەکلایەنەی کولتووری بۆ ئەو دیارەدەیە بگۆرێ. یانی بگوترێ زاڵ بوونی پرۆتێستانیزم بۆتە هۆی سەرهەڵدان و سەقامگیریی سەرمایەداری لە ڕۆژئاوا.”[2]
چونکە ڤێبڕ سەرهەڵدانی سەرمایەداریی وەکوو دیاردەیەکی چەند ڕەهەندی دەبینی، وێناکردنی شێوەیەکی جیاواز لە شرۆڤەی مارکس (نەک ڕەدکردەنەوەی) بە پێویست دەزانی. لەو نامیلکەیەدا بەپێچەوانەی مارکس، جەختی سەرەکیی توێژینەوەی ڤێبڕ لە سەر پێکهاتە و ڕێکخراوەی سەرمایەداری نییە بەڵکوو لە سەر ڕۆحی سەرمایەدارییە. فەسڵی دووەمی ئەو نامیلکەیەش بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراوە. لەو فەسڵەدا باس لەوە دەکرێت کە تایبەتمەندیی ڕۆحی سەرمایەداری، نابێت لە ویست و خولیای کەڵەکەکردنی سوود و قازانج بۆ بەکارهێنانی شەخسیدا ببیندرێت، بەڵکوو لە لە “بەڵێنداریی دیسیپلینانە بۆ کارکردنی وەکوو ئەرک و وەزیفەیە، کارکردن بۆ تەڵەکەکردنی سەرمایە و بەکارنەهێنانی بۆ پێداویستی و بخوری شەخسی” سەیر بکرێت. ڕۆحی سەرمایەداری بۆ ڤێبڕ لە هەمان کاتدا دیاردەیەیەکی نائەقڵانییە کە لەگەڵ ئەخڵاقی پرۆتێستانی “خزمایەتییەکی هەڵبژێرانەی” هەیە و تەنیا لە پەیوەندیی چالاکیی ئابووریی سەرمایەداری وەکوو سیستەم، حاڵەتی ئەقڵانی بەخۆیەوە دەگرێ.
لێرەدا پارادۆکسێک لە نێوان تەڵەکەکردنی سەرمایە و بەکارنەهێنانی بۆ مەبەستی تاکییانە، لە نێوان ڕۆحی سەرمایەداری و پێکهاتە و ڕێکخراوەی سەرمایەداری، خۆی دەردەخات. پاژی ئانالیزی و ڕێگەی چارەسەرکردنی ئەو پارادۆکسە بۆ ڤێبڕ لە پەیوەندی لە نێوان ڕۆحی سەرمایەداری و کاکڵی ئەخلاقیی پرۆتێستانی دەبێت لێکبدرێتەوە. ڤێبڕ بە تایبەت سەرنجێکی تایبەت بۆ شرۆڤەی لێکدانەوەی چەمکی “بانگ کردن” کە هێڵێکی گرینگی تیۆلۆژی پرۆتێستانی بوو و لە کاتی ڕێفۆرماسیۆنەوە گەشەیەکی بێ وێنەی بەخۆیەوە دیبوو، دەدات. بە واتایەک، ئەو باوەڕە ئەگەر تاک بەرپرسایەتیی ئەخلاقیی خۆی بەرانبەر بە خودا لە ژیانی ڕۆژانە و لە کاری ڕۆژانە بە جێ بگەیەنێ دەتوانێ متمانەی ئەوەی هەبێت کە یەکێک لە هەڵبژاردەکان بێت بۆ ڕزگاری.
لە ڕوانگەی پرۆتێستانیزم و کالوینیزمەوە کاری جیددی و دووری لە تەنبەڵی لە ژیانی ڕۆژانە و بەرهەمهێنانی بەها ماددییەکان و تەڵەکەی سەرمایە باشترین ڕێگەیە بۆ بەئەنجام گەیاندنی بەرپرسایەتیی ئەخلاقی بەرانبەر بە خودا. ئەڵبەت سەرمایە و سەروەت بۆ خۆی ڕزگاریی بەخت “زەمانەت” ناکات، بەڵام تەڵەکەکردنی سەرمایە و سەروەت دەتوانێ نیشانەی وەدواکەوتنی بەرپرسایەتیی ئەخلاقی و ڕێگەیەک بۆ بانگ کردن بێت. هاوکات پڕۆتێستانیزم و بە تایبەت کالوینیزم لە سەر ئەم باوەڕە بوو کە کاری سەخت و کۆکردەنەوەی پارە و سەرمایە بۆ ڕابواردن، ژیانی خۆش نییە و ئەو پارەیە دەبیت بۆ خەڵکی هەژار و خێر لە ڕێگەی خودادا بەکار بهێندرێ. گرینگیی ئەخلاقی پرۆتێستانی بۆ ڕۆحی سەرمایەداری لە بەئەقڵانی کردنی ئەو کردەیەدایە کە پێشکەشی دەکات. ئەمە لە حالێکدایە کە پرۆتێستانەکان بە هۆی باوەڕی ئایینییەوە وەدوای کاری سەخت و دژوار دەکەون و ڕۆحی سەرمایەداری لە سەر بنەمای بازاڕی کار و دابەش بوونی هێزی کار پێداگری لە سەر کاری دیسپلینی دەکات. لە ئاکامدا بەستێنێکی لەبار بۆ پەیوەندیی هەڵبژێری لە نێوان ئەو دوو بۆچوونە دەرەخسێت. لە ڕوانگەی ڤێبڕەوە ڕەنگە ئەو دوو لایەنە هەست بە ئەو پەیوەندییە نەکەن و کاریگەریی دەستنیشان کردن و ئانالیزی “خزمایەتی هەڵبژێرانە” لێرەوە هەڵدەقوڵێ کە زۆر ئاشکرا و ڕوون نییە.
من لەو نامیلکەیەدا، ئاماژە بە شێوازێک لە خزمایەتیی هەڵبژێرانە لە نێوان دوو گرووپی ڕووناکبیری ئێرانی و ئەو قۆناغەی مێژووی ئێرانم کردووە. وەکوو لەوێدا باسکراوە بە هیچ جۆرێک نابێ پێگەی جیاوازی کۆمەڵایەتی و چینایەتی و هەروەها تێڕوانینی فیکریی جیاوازی ئەو دوو گرووپە لە بیر بکەین.
٣. ڕۆشنبیرانی ئێرانی (وەکوو زۆربەی ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوین) کاتێک بەرەوڕووی مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوایی دەبنەوە دەیانەوێ بە مەیلی خۆیان بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی مۆدێرنیتە هەڵبژێرن. ئەگەر بۆ مارکس بگەڕێینەوە مۆدێرنیتە هەموو ئەو شتانەی کە ڕەق و بەهێز بوون دەکاتە تۆزی بانان، بەڵام ئیلیتی ئێرانی نایەوێ دەستبەرداری بنەما فیکرییەکانی نەریتی ئیسلامی بێتەوە. بە باوەڕی ئێوە ئەم شێوازە تێگەیشتنە چ کاریگەرییەکی لەسەر ناسیۆنالیزمی ئێرانی داناوە؟
ج) بە باوەڕی من نوخبەی ئێرانی، لانیکەم بەشی سێکۆلاری لە شۆڕشی مەشرووتەوە تا ساڵی ١٣٣٢ ی هەتاوی لە سیاسەتدا کەمتر گرفتی نەریتی ئیسلامی هەبوو. هەڵبەت ئەو نوخبەیە ژمارەیەکی زۆر نەبوون و بەشی زۆریان ئەو کەسانە بوون کە یا دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسابوو ژیان و کولتووری ڕۆژئاوا ڕاستەخۆ ئەزموون بکەن و یان ئاگاداری بن. لە نێوان ١٣٣٢ تا کۆتایی دەیەی چلی هەتاوی ئێمە شاهیدی قەیرانی سێکۆلاریزم لە ئێران بووین. سەرهەڵدانی وێژمانی “گەرانەوە بۆ ڕەچەڵک” کە بەستێنێکی لەباری بۆ گەشەی بیری ئیسلامی سیاسی خۆش کرد. بیری ئیسلامی سیاسی لە ڕەوتی شٶڕشی ١٣٥٧ بوو بە وێژمانی زاڵ. هەر بۆیەش ئەو گوزارەیەم بە دڵ نییە کە بڵین نوخبەی ئێرانی ناخوازێ واز لە بنەما فیکرییەکانی ئیسلامی بێنێت. من پێم وایە نابێت ئەو سێ قۆناغە و تایبەتمەندییەکانیان لە بیر بکەین. باس لە سەر ئەو سێ قۆناغە و نابەردەوامیی مێژوویی هەم لە دەرەوەی پرسیاری ئێوەیە و هەمیش کاتێکی زۆری دەوێت.
٤. ئێوە وەک زۆربەی ئاکادێمیسیەنەکان لە پارادایمی مۆدێرندا سەیری ناسیۆنالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. سەرەڕای ئەو ڕەخنانەی کە لە پارادایمی ئەزەلیگەرایی گرتووتانە، پێتان وایە لە ڕوانگەی سەمبولیزمی قەومیشەوە ناکرێ بە تەواوی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستان شرۆڤەی بۆ بکری. دەکرێ زیاتر مەبەستی خۆتان شی بکەنەوە؟
ج) من چاک لە پرسیارە حالی نەبووم
٥. لە کتێبی ئیرانیت و کردیتدا بەکورتی باس لە ڕوانگەی هێشتەر سەبارەت بە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی دەکەن. هەرچەند لەوێدا وردەکارییەکانی تیۆرییەکەی هێشترتان شی نەکردووەتەوە، بەڵام ئایا پێتان وایە دەکرێ لە ڕوانگەی کۆلۆنیالیزمەوە سەیری پرسی کورد لە سەدەی بیستەمدا بکرێ؟
ج) بەڵی، من تەنیا ئاماژەیەکی سەر پێییم بە کتێبەکەی مایکڵ هێچێر کردووە. لە ڕاستییدا ئەو کتێبە هەر چەند لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینیدا چاپ بوو، یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بابەت و باسی ناسیۆنالیزمە (ئەڵبەت لە ڕوانگەی منەوە). سەردێڕی کتێبەکە خۆی زۆر تشت دیاری دەکات: “کۆلۆنیالیزمی ناوەکی: زێواری سێڵتیک لە ڕەوتی گەشەی ناسیۆنالیزمی بریتانیایی”. وەکوو خۆتان دەزانن دورگەی بریتانیا لە چوار نەتەوەی ئینگلیسی، سکاتلەندی، وێلزی و ئیرلەندی پێکهاتووە. لەو گۆشەنیگایەوە سەردێری کتێبەکە تا ئاستێک ئاشکرای دەکات باسەکە لە سەر چییە، چونکە ئاماژەیەکی ڕاستەخۆ هەیە بە ئەوە کە زمان، کولتوور و پێکهاتەی ئێتنیکی ئینگلیسی لە ڕەوتی ویناکردنی نەتەوەی بریتانیایی خۆی بە سەر کولتوور و ئێتنیکی سێڵتیکیدا زاڵ کردووە.
مایکڵ هێچێر لە دەستپێکدا چەند پرسیار و سەرنج ئاراستە دەکات. یەکەم، چۆن کۆمەڵگاکان قۆناغی عەشیرەیی و قەومی بەجێ دێڵن؟ چۆن ئەو گرووپە کۆمەڵایەتییە جیاواز و خۆبژیو و ناپەیوەستەی ناوچەکان لە ڕەوتێکی مێژووییدا لە ڕوخسار و پێکهاتەیەکی یەکگرتووی نەوەییدا خۆیان جێگیر دەکەن؟ دووەم، چ تشتێک بناغە و بنەمای دیاردەی نەتەوایەتی پێکدێنێت؟ هەر دوو پرسیارەکە تێکئاڵاون، چون زۆربەی نەتەوەکان کە ئێستا بە فەرمی ناسراون لە دوو یان چەن گرووپی کولتووری پێکهاتوون.
لە جوابی پرسیاری دووەمدا هێچێر دەڵێت کۆمەڵناسیی کلاسیک لە ڕوانگەی دۆرکایمەوە جوابی ئەو پرسیارەی داوەتەوە: “لە ناخی هەر نەزمێکی کۆمەڵایەتیدا شیوازێک لە “ڕامانی کۆمەڵی”[3]، واتا کۆمەڵێک بەهای کۆمەڵایەتی و نۆرم کە شەرعییەت دەدەن بە هەڵسوکەوت و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی تاکەکانی کۆمەڵگا، بوونی هەیە. ئەو ڕامانە کۆمەڵایەتییانە پێوەری سەرەکین بۆ ئەوەی کە کولتوورێک لە کولتورێکی تر جیا کەینەوە، و هەر ئەوەش پێوەری ناوەندییە بۆ جیاکردەنەوە و پێناسەی نەتەوەکان لەیەکتر.
هێچێر لێردەا لە پاڵ گرینگی دان بە ڕوانگەی دۆرکایم، خاڵێکی پرسیارئامێز ئاراستە دەکات و دەڵێت: “چەمکی نەزمی کۆمەڵایەتی لە ناوەندی تیۆریی کۆمەڵناسانە و توێژینەوەدایە. بەڵام پێ داگری لە سەر ئەوە کە دیاردەیەیەک بە نێوی “ڕامانی کۆمەڵی” لە پێکهاتە و بناغەی کۆمەڵگایەکدا بوونی هەیە، پێداویستیی خوێندەنەوەی کاریگەری گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە سەر ڕامانی کۆمەڵی زەق دەکاتەوە (هێچێر: ٤). بە واتایەکی تر، گەلۆ ناتوانین دەوری ڕامانی کۆمەڵی لە وێناکردنی کولتووری نەتەوەیی بە جیددی نەگرین، بەڵام ئەو دیاردەیە خۆی لە ڕەوتی مێژووییدا لە گۆڕاندایە.
لە پال ئەو تەوەرە، هێچێر ڕاستییەکی مێژوویی زەق دەکاتەوە و سەرنجی خوێنەر بۆ ئەوە ڕادەکێشی کە بۆ یەکەم جار لە ناوچەکانی باستیل لە ئێسپانیا، وێسێکس و دوایە لەندەن لە بریتانیا و هتد، بوو کە دەوڵەتی ناوەندی بە دەسەڵات سەریهەڵدا و سەقامگیر بوو. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ئەو ناوەندانە (باسیل، لەندەن) جیاوازیی کولتوورییان لە گەڵ ناوچەکان هەبوو، پێشمەرجی وێناکردنی کولتووری نەتەوەیی ئەوە بوو کە کولتوورە ناوچەییەکان ئاویتەی ئەو کولتوورە ناوەندییانە ببن تا لە ئاکامدا دەوڵەتی ناوەندیی بەهێز ڕوخساری دەوڵەتی نەتەوایەتی بەخۆیەوە بگرێ. لە سەر بنەمای ئەو دەسپێکەدا کتێب و توێژینەوەی هیچێر خوێندەنەوەیەکە بۆ یەکگرتوویی و ململانێ ئێتنیکی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە نێوان ساڵانی ١٩٦٦-١٥٣٦ لە ڕەوتی پەیدابوونی نەتەوەی بریتانیا. هێچێر ئەو توێژینەوەی بە چاوپێداخشاندن و بەکارهێنانی کۆمەڵیک سەرچاوە و داتا و بەڵگەگەلی گرینگی دەوڵەتی بەئەنجام گەیاندووە.
باسی سەرەکی سەبارەت بە پەیوەندیی ناوەند و ناوچە، یان ناوچەکانە لە ڕەوتی وێناکردنی کولتوور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی-سیاسی نەتەوەییدا. هێچێر دوو قۆناغی مێژوویی بۆ ئەو مەبەستە لێک جیادەکاتەوە. یەکەم، قۆناغی پیش پیشەسازی. لەو قۆناغەدا ناوەند و ناوچەکان جیاواز لەیەکتر پێکهاتە و شێوەی ژیانی تایبەت بە خۆیان هەبوو و هەرچەند ناوەند بە هۆی دەسەڵاتی سیاسی زۆرتر کاریگەریی لە سەر ناوچەکان هەبوو، بەڵام ئەو کاریگەرییە نەدەگەیشتە ئاستی گۆرینی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ناوچەکان. لە قۆناغی دووەم کە لە ژێر کاریگەریی شۆڕشی پیشەسازییدا دەست پێ دەکات، مەسەلەکە دەگۆڕدرێ. یانی ئەو شێوازە پێکهاتە کۆمەڵایەتییە کە لە ناوەندەکاندا گەشە دەکات پاش ماوەیەک خۆی بە تەواوی بە سەر ناوچەکاندا دەسەپێنێ .
لەو باسەیدا هێچێر دەڵێت: “ئەگەر بكرێت بە شێوەیەکی تۆکمە پێناسەیەک بۆ چەمکی نەتەوە گونجاو بێت، ئەو پێناسەیە ناکرێ لە سەر بنەمای چۆنایەتیی ئەزموونی یان چەندایەتیی ئەندامانی پێکهێنەری نەتەوە گەڵاڵە بکرێت. واتا ئەو چەمکە پێش لە هەر تشتێک بریتییە لە هەستی یەکگرتووییی گرووپێک بەرانبەر بە گرووپێکی تر. واتا ئەو چەمکە گرێدراوی بەهاکانی چۆنایەتییە نەک داتای چەندایەتی. هەر بۆیەش، سەربەخۆ و تەنانەت لە دەرەوەی ڕووداوە سیاسییەکانی وەکو جیابوونەوە و یان داگیرکردن، نەتەوەکان لە دایک دەبن و یان لە ناودەچن. دەوڵەت و دەوڵەتی نەتەوەیی تا ئەو ئاستەی کە ئۆتۆریتەی لە لایەن گرووپە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەسند کرابێت شایانی نازناوی دەوڵەتی نەتەوەیییە و دەکرێ بڵێین شەرعییەتی هەیە و هەر ئەو دەوڵەتەیە کە بە دەوڵەت-نەتەوە ناسراوە.”[4]
لە بەشێکی تری باسەکەیدا هیچێر باس لە دوو ئاکامی داگیرکاریی سەرزەمینی دەکات. یانی ئەگەر وڵاتێک سەرزەمین یان بەشێک لە خاکی لایەنێکی تر داگیر بکات، دەکرێ ئەو داگیرکارییە لە لایەن خەڵکانی ئەو ناوچەیەوە هەم شەرعی و هەمیش ناشەرعی لێکبدرێتەوە. ڕەنگە لە زۆر حاڵەتدا زۆرینەی خەڵک ئەو کارەی ڕژیمی داگیرکەر بە ناشەرعی بننرخێنن. بەڵام ئەگەر ئەو دەوڵەتە دوای چەند جیل بتوانێ لایەنگری و مەشرووعییەت لە لایەن خەڵکی ئەو ناوچەیەوە بۆ خۆی مسۆگەر بکات ئەو کات داگیرکاری دەبێت بە پەرەسەندنی نەتەوەیی. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر ئەو دەوڵەتە لە درێژخایەندا نەتوانێ خۆی وەکو ڕژیمێکی قانوونی لەو ناوچەیە جێگیر بکات و دەنگ و ڕای ئەو خەڵکە بۆ لای خۆی ڕاکێشێ، ئەو کات ئەو کارە پەرەسەندنی ئێمپریالیستییە، چونکە ئمپراتۆرییەکان لە سەر بنەمای نەزمێکی ناهاوسەنگی کولتووری و کۆمەڵایەتی وێنا دەکرێن.
هێچێر لەو باسەیدا چەمکی کۆلۆنیالیزمی ناوەکی لە سەر ئەزموونی ٤٠٠ ساڵەی ئینگلیزییەکان لە دورگەی بریتانیا بۆ دروست کردنی ئیمپراتۆریی بریتانیا، گەڵاڵە دەکات. بۆچوونێک لە کۆمەڵناسیی سیاسیدا لە سەر ئەو گریمانەیە وەستاوە کە پێکهاتەی سیاسی نەزمی ئیمپراتۆری لە درێژخایەندا بەرەو ناسەقامگیری دەروات. هەر بۆیەش، چارەنووسی ئیمپراتۆرییەکان لە دوو حاڵەت بەدەر نییە، یەکەم، بەرەو لاوازی و ڕەوتی بەباڵکانی کردن واتا دابەش بوون بەسەر یەکینە کولتوورییە جیاوازەکان و هەڵوەشاندنەوە، بڕۆن. لە حاڵەتی دووەم، کە لە مێژوودا زۆر دەگمەنە، لە ڕەوتێکی مێژووییدا ئیمپراتۆرییەکی چەند نەتەوەیی بە نەتەوەیەکی هاوپەیوەستە لە دایک بێت.
لە سەر بنەمای ئەو باسەی هێچێر، ئەزموونی نەتەوەی کورد لە هەر چوارپارچەکە بەدەر لە شێوازێک لە کۆلۆنیالیزمی ناوەکی نییە. بۆ وێنە، لە دوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایی لە ئێران، نەتەوەی کورد لە ئێران بە گشتی دژی ڕژیمی ئایینی و ویلایەتی بوو و ڕژیمی نوێی دەسەڵاتدار لە تاران هیچ پێگەیەکی لە کوردستان نەبوو. لە شەڕێکی دژوار و نابەرانبەردا چەندین ساڵە ڕژیم شار بە شار و دێ بە دێی کوردستانی داگیر کردووە. لەو ڕەوتەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی یەکەمین دەسەڵاتی سیاسی بوو کە بە مەبەستی داگیرکردنی کوردستان، بە ڕاشکاوی پاکسازیی ئێنیکی کردە بنەمای سیاسەتی دەوڵەتی خۆی. کاتێ لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە ڕۆژئاوا دەستەواژەی پاکسازیی ئێتنیکی بۆ پێناسەی تاوانی سێربەکان لە دژی نەتەوەکانی تری یۆگوسلاوی لە شەڕی ناوخۆییدا گەڵاڵەکرا، سێربەکان قەت ئەو پێناسەیان قەبووڵ نەکرد. لە حالێکدا، ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی، بە تایبەت ئایەتووڵڵا خۆمەینی، بە دەیان جار و بە ئاشکرا فەرمانیان دەکرد تا سیاسەتی پاکسازیی کافرەکان (واتا نەتەوەی کورد) لە کوردستان جێبەجێ بکرێت. دوای نیزیک بە چوار دەیە داگیرکردنی کوردستانی بە هەموو بەها مرۆڤیی و ماددییەکانیەوە تا ئێستاش ڕژیمی ئێران نەیتوانیوە شەرعییەتی لە ناو خەڵکدا هەبێت. چ جیاوازییەک لە نێوان داگیرکردنی شاری سنە لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە لایەن ئەرتەش و سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ داگیرکردنی شاری عەفرین لە کوردستانی ڕۆژئاوا هەیە؟ بەڵی دەکرێ و دەبێ لە ڕوانگەی کۆلۆنیالیزمەوە سەیری پرسی کورد بکەین.
٦. لە مۆدێلی سێ ڕەهەندی بۆ ناسیۆنالیزم دیڤید میللەر سەرەڕای گرنگی دان بە هەر کام لە ڕەهەندەکانی ناسنامەی تاکەکەسی و هەروەها پرسی ئەخلاقی بۆ ناسنامە، باس لەوە دەکات کە ئەندامەکانی هەر نەتەوەیەک خوازیاری ئەوەن لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. بە باوەڕی ئێوە ئایا دەکرێ کورد لە ناو چوارچێوەی دەوڵەت نەتەوەکانی چوار وڵاتی ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق چارەنووسی خۆی دیاری بکا؟ بە سەرنجدان بەوەی کە میلەر ئاماژە بەوە دەکا ئەندامەکانی هەر نەتەوەیەک بۆ سازکردنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی پێویستە بە نەتەوەیەکەوە گرێ بدرێنەوە (واتە نەتەوەی خۆیان خۆش بوێ) و لە هەمان کاتدا ڕقیان لە ئەویترەکانیان (لێرەدا تورک، فارس و عەرەب) هەبێ.
ج) بە کورتی و کرمانجی نا، و پێم وایە پێویست بە باسێکی زۆری نییە. پتر لە یەک سەدەیە و لە کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی و لەو کاتەوە کە ئەو چوار دەوڵەتە لە سیستمی نێونەتەوەییدا بە فەرمی ناسراون، خەباتی نەتەوەی کورد بەردەوام بووە و پرسی کورد بۆتە کیشەیەکی گەورە کە وزەی مرۆڤی و ماددییەکی زۆری ئەو چوار وڵاتەی بۆ کووژاندەنەوەی تەرخان کراوە. بەڵام نەک هەر چارەسەر نەکراوە بەڵکوو لە ئاستێکی پان و بەرینتردا یەخەی ئەو وڵاتانەی گرتووە. مەسەلەی کورد تەنیا باسێکی فیکری و تیۆریکی و ڕووناکبیرانە نییە، بەڵکوو لە کردەوەدا خەباتی نەتەوەیەک بۆ زیندوو مانەوە و مێژوویەکی پتر لە یەک سەدەی هەیە، ئەگەر دەرەتانی چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە یەکێک لەو چوار وڵاتە ببایە، تا ئێستا شاهیدی دەبووین.
٧. عەباس وەلی سەبارەت بە ئاخێزگەی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆ دوای جەنگی یەکەمی جیهانی دەگەڕێتەوە و پێیوایە کە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی دەرەنجامی سیاسەتی نکۆڵی کردنی دەوڵەت – نەتەوە مۆدێرنەکانی ناوچەکە بووە و کوردەکان بەرپەرچی ئەم حاشاکردنەیان داوەتەوە. هەروەها ئەو باس لەوە دەکا ئەم دیالێکتیکی نکۆڵی کردن و بەرنگاربوونەوە، تاکوو ئیستاش، سروشتی ناسیۆنالیزمی کوردی (کوردایەتی) دیاری دەکا. ئاشکرایە ئەم خوێندنەوەیە لە ناو پارادایمی مۆدێرنیستیدا ساز کراوە، بەڵام هەم لە ڕووی مێژووییەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێ، هەم ناتوانێ تایبەتمەندیی لێک گرێدراویی بزووتنەوەی کوردایەتی لە پارچەکان ڕاڤە بکا. لە هەمان کاتیشدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئەگەر کوردایەتی تەنیا بەرەنگاری ناسیۆنالیزمی ڕەسمی ئەم چوار دەوڵەت نەتەوە بووەتەوە، چۆن توانیویەتی دیسکۆرسی تایبەت بە خۆی ساز بکا؟
ج) پرسیارێکی سەرنجڕاکێشە و زۆریش بە جێیە، بەڵام باشترە ڕاستەخۆ ئاراستەی د. وەلی بکەی. لە سەر بۆچوونی د. وەلی من لە چەند شوێن قسە و باسم کردووە و وپێم خۆش نییە لێرەدا ئەو باسانە دووپات کەمەوە. ئێوە بەدروستی دەڵێن ڕوانگەی کاک عەباس لە ڕووی مێژووییەوە ڕەخنە لێگیراوە. کاتێ بۆ یەکەم جار وتارەکەی کاک عەباس لە گۆڤاری “کریتیک” لە ژێر سەردێری “دروست کردنی ناسنامەی کوردی لە ئێران” لە ساڵی ١٩٩٥ بڵاو بووەوە، شارەزایانی مێژووکار کۆمەڵێک سەرنجیان سەبارەت بەو باسە هەبوو. بۆ وێنە کاتێ کاکڵی باسەکەی د. وەلی وەکوو پرۆژەیەک لە ژێر ناوی “سیاسەتی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان: پەیدابوون و ڕەچەڵەکی ناسیۆنالیزمی کورد لە ئێران” بڵاو بووەوە، کاک ئەنوەر سوڵتانی وەکوو مێژووکاری ناسراوی کورد کۆمەڵێک تێبینیی هەبوو کە بە مەبەستی چاککردن و پێداچوونەوە ناردەبووی بۆ د. وەلی. بەڵام کاتێ د. وەلی تەنیا توووڕەیی خۆی دەربریبوو لە ئەوەی کە کەسێک ڕێگە بە خۆی دەدا لە سەر وتاری ئەو تێبینی هەبێت، لە سەر داوای دوستانی، وەکوو وتارێک ناردی بۆ گۆڤاری ڕابوون و لە ژمارەی ١٧ی ئەو گۆڤارە، لە ساڵی ١٩٩٦ چاپ بوو. مەبەستم لە وەبیرهێنانەوەی ئەوەیە کە ئەو باسە مێژوویەکی بیست و چەند ساڵەی هەیە و دووپات کردەنەوەی لەو مەجالەدا نە پێویستە و نە گونجاو.
بەس لە ڕووی فیکرییەوە ڕەنگە ئاماژە بە خاڵیک پێویست بێت. هەم لە وتارەکەی ساڵی ١٩٩٥ و باسەکانی دوای ئەو وتارە و هەمیش لە کتێبی “کوردەکان و دەوڵەت لە ئێراندا: وێناکردنی ناسنامەی کوردی لە ئێران” کە لە ساڵی ٢٠١١ ئای.ب. تۆرێس چاپ و بڵاوی کردەوە، کاک عەباس وەلی پێداگری لە سەر هاوسەنگبوون و دروستیی ڕوانگەی تیۆریکی سەبارەت بە ڕەچەڵەکی ناسنامەی کورد لە ئێران دەکات.
لە ڕووی مێتۆدیکەوە ئەوە باسێکە لە سەر کاریگەریی فاکت و بەڵگە مێژووییەکان لە خوێندەنەوەی ڕابردوو، کە کاک عەباس لە شوێنێک بە “مێژوویی تیۆریک” ناوی دەبات. بە کورتی ئەو بۆچوونە لە دژی دوو نەریتی فیکری، ئەزموونباوەڕی (ئیمپێریسیزم) و مێژووباوەڕی (هیستۆریسیزم)، پێی لە سەرئەوە دادەگرێ کە فاکتەکانی مێژوویی دیارکراو و حەی و حازر نین بەڵکوو پێکهاتەیەکی چەمکییانەیان هەیە. بە واتایەکی تر، بەڵگە و فاکتەکانی مێژوویی خۆبێژەر نین، بۆ شرۆڤە و ماناکردنیان پێویستیمان بە چەمک و تیۆری هەیە. ئەو ڕوانگەیە لە دژی ئۆبژێکتیویتی (عەینییەت) لە مێژووکاریییە و ئێستا بۆچوونێکی باوە لە زانستەمرۆڤییەکان و زۆر کەس باوەڕی پێیەتی و بەکاری دێنێ. هەڵویستە و بۆچوونی تایبەتی د، وەلی لە گشتاندنی ئەو ڕوانگەیە و بەکارهێنانی لە باسی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کورد لە ئێران و دەوری کۆمەڵەی ژ.ک. لەو بارەوە ڕەنگیداوەتەوە. هەڵبەت تێبینیی من لیرە لە سەر بنەمای وتارەکەی ساڵی ١٩٩٦ و کتێبی ساڵی ٢٠١١یە و ئاخرین کاری د. وەلیم کە ئەمساڵ بڵاو بۆتەوە جارێ نەخوێندۆتەوە و نازانم ئایا ئەو بۆچوونە لەو کارەدا گۆڕاوە یان نا.
تێبینیی من لە سەر ڕوانگەی تیۆریکی ئەو باسە نییە بەڵکوو لە سەر چۆنایەتیی بەکارهێنانی لە مێژووکاریی کورد دایە و ئەو ئاکامەی کە دەیپێکێ. واتا، ڕوانگەی پاش-پێکهاتەباوەڕی کە ڕەنگە زۆربەی ئێمە بە شێوازیک ئۆگری بین، لە لایەکەوە زۆر سەرنجڕاکیشە، لە لایکی ترەوە گشتاندنی لە کردەوەدا زۆر هاسان نییە. بۆ وێنە کاک عەباس بۆ یەکەم جار ئەو مێتۆدەی لە تێزی دکتوراکەی کە دوایە لە ژێر سەر دێری “ئێران: پیش-سەرمایەداری” وەکوو کتێب چاپ بوو، بەکار دێنێ. لە پێشەکیی ئەو کتێبەدا چەند تەوەر ڕوون دەکاتە کە یارمەتیدەرن بۆ تێگەیشتن لە هەڵویستەکەی. لە دەستپێکدا، د.وەلی دەڵێت: “ئەو وتارە نە هەوڵێکە لە مێژووکاریدا و نە گەڵاڵەیەک بۆ سەلماندنی پێداویستیی تیۆری لە نووسراوەی مێژووییدا، بەڵکوو تەنیا باسێکە سەبارەت بە تایبەتمەندیی تیۆریکی وێژمانی مێژوویی.”[5] ئینجا بەردەوام دەبێت و لە چەند لاپەڕەی دواییدا دەڵێت: “ئەو پرۆژەیە دوو ئامانجی هەیە: یەکەم، پێداچوونەوە بە پێکهاتەی چەمکییانەی وێژمانی مێژوویی مۆدێڕن سەبارەت بە ئێرانی پیش سەرمایەداری؛ و دووەم، خوڵقاندنی چوارچێوەیەکی تیۆریکی بەدیل بە مەبەستی بەچەمکی کردن (برای مفهومی کردن)ی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، پێکهاتە ئابوورییەکان و دامەزراوە سیاسییەکانی.[6] پەنجەڕاکیشان بۆ بەڵگە مێژووییەکانی ئێران لەو پێداچوونەوەیەدا زۆرجاران بەکاردەهێندرێت، ئەو یارمەتی خوازییە لە بەڵگە مێژووییەکان بە مەبەستێکی تایبەت ڕوو دەدا کە وێناکردن و شیاوی سەلماندنی پاژە تیۆرییەکانە کە لە ڕەوتی ئەو پێداچوونەوەیەدا ئاراستە کراون. ئامرازێک بۆ نرخاندنی ناسینی مێژوویی نییە.”[7]
بێگومان ئەگەر سوودمەندی بەڵگە و فاکتی مێژوویی تەنیا بۆ سەلماندنی پاژی تیۆری بێت، نەک بۆ شرۆڤەی مانا و واتای ڕووداوە مێژووییەکان، هەم لە کاتی ڕوودانیان و هەمیش لە هەنووکە، ئەو دەم باسەکەی بە ئاقارێکی تردا دەڕوات. ئەگەر گەڵاڵەکردنی چوارچێوەیەکی تیۆریکی بەدیل بە مەبەستی نرخاندنی زانیاری و زانستی مێژوویی نەبێت، ئەی کارکردی چییە؟ ئەو دەم مەبەست لە پێداچوونەوە بە ڕووداوە مێژووییەکان چییە و بۆ چییە؟ هاوکات کاک عەباس لە پێشەکی بۆ تەرجومەی فارسیی کتێبەکەی پیچەوانەی ئەوە دەڵێت: “مێژووکاری دووبارە وێناکردەنەوەی ڕابردوو لە وێژماندایە، و شێوازە تیۆرییەکان و ئامرازە چەمکییەکان کە ڕەوتی بەرهەمهێنانەوەی مێژوو مسۆگەر دەکەن لە نەزم و پێکهاتەی وێژمانی مێژوویی کە نەزم و پێکهاتەی ناسینی مێژوون کاریگەریی مسۆگەرییان هەیە.”[8]
من گرژییەک لە نیوان ئەو هەڵویستەی و پیشەکیی دەقی ئینگلیزیی کتێبەکەیدا دەبینم. ڕەچەڵەکی ئەو گرژییە لە ڕاستییدا دەگەرێتەوە بۆ ڕوانگەی لۆیی ئاڵتوسێر، و قوتابییە بریتانیاییەکانی وەکو پۆل هێرست. ئەڵبەت ئاڵتوسێر دوو ىۆچوونی جیاواز و دژبەیەکی سەبارەت بە تیۆری هەیە. بە گوتەی ئین کرایب[9] یەکیان سوودمەندە و ئەویترییان کێشەی هەیە. من لێرەدا باس لە ڕوانگەی دوەەم دەکەم. لە ڕوانگەی ئاڵتۆسێرەوە هەر تیۆرییەک پێویستی بە کۆمەڵێک ئامراز هەیە، کە ناویان دەنێت “تشتە تیۆرییەکییەکان”. هەر تیۆرییەک لە سەر بنەمای ئەو تشتە تیۆریکییانە هەوڵ دەدات واقیع و دونیای ماددی شی بکاتەوە. لەو ڕوانگەیەوە هەر بیرۆکەیەک و هەر سیستمێکی فیکری چوارچێوەیەکی تیۆریکی (تشتە تیۆرییەکان) تایبەت بە خۆی هەیە و لە سەر بنەمای ئەو چوارچێوەیە ڕووداوەکان، دیاردەکان و دونیای واقیعی کە بوونییان هەیە بەڵام هەستپێکراو نیین، دەستنیشان، پێناسە و شی دەکاتەوە.
گرژی لە ڕوانگەی ئاڵتۆسێر سەبارەت بە تیۆری لە تێڕوانینێکی مێتافیزیکی-پێکهاتەباوەڕانەوە سەرچاوەدەگرێ. کێشەی سەرەکیی ئەو باسە دەکرێ لە دوو یان سێ تەوەردا دەستنیشان بکەین. یەکەم، ئەگەر بێت و هەر تیۆرییەک، دونیای واقیعی لە چوارچێوەی “تشتە تیۆریکییەکانی” خۆێ وینا بکات، ئەودەم تشتێک بە نێوی دونیای واقیعی و لە دەرەوی تیۆری بوونی نییە، لە ئەنجامدا کارکرد (فۆنکسیۆن)ی تیۆری بە گشتی و لە ڕووی ئەزموونییەوە بێ سوود و بێ فایدەیە. دووەم، ئێمە هیچ ڕێگە و پێوەرێکمان بۆ ئەوەی تیۆرییەک لە گەڵ تیۆرییەکی دیکە بەراورد و یان داوەری بکەین نییە،چونکە ئەگەر پێوەری سەرەکیی داوەری لە سەر زانستی بوون و یان نەبوونی تیۆری خودی “تشتە تیۆرییەکانی” هەر تیۆرێک بێت، ئەو دەم بەراوردکردنی تیۆرییەکان لەگەڵ یەکتری ڕەوا نییە. سێیەم، ئەگەر تیۆری تشتە تیۆرییەکانی خۆی وێنا دەکات و ئێمە داوەریمان سەبارەت بە تیۆری تەنیا لە سەر هاوسەنگی (مووزنی) فیکری و ئەقڵانی بوونی ئەو تیۆرییە بێت، ئەو دەم دەبێت قەبوول بکەین جیهان و واقیع لە ڕووی لۆژیکییەوە هاوسەنگە. حاڵەتیک کە ئەگەر وابێت، ئەو دەم مرۆڤ هیچ پێویستی بە تیۆری نابێت.
گرژییەکە لێرەوە سەرچاوە دەگرێ: یا تیۆری تشتە واقیعییەکانی خۆی دروست دەکات و یان بە پێجەوانەوە هەوڵ دەدات شرۆڤەی تشتە واقیعییەکان و جیهانی دەرەوەی فیکری مرۆڤ بکات. ئاڵتۆسێر و قوتابییانی حاڵەتی دووەم وەلا دەنێن. لە ئاکامدا هیچ چاریان نامێنێ بیجگە لەوەی خوازەی ئەوەیان هەبێت کە جیهان و واقیع بەرهەمی فیکری ئەوانە.
٨. بە سەرنجدان بە ڕووداوەکانی هەر سێ پاڕچەکەی دیکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بە باوەڕی ئێوە دووپات کردنەوەی خەباتی مەدەنی و بەرتەسک کردنەوەی داواکارییەکانی کورد لە ناو چەمکی هاووڵاتیی ئێرانی دەتوانێ چارەسەرێک بۆ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاری بکات؟
ج) من لە دەسپێکی ئەو نامیلکەیەدا ئاماژە بە پارادۆکسێک دەکەم کە لە بەر دەمی هەر کەسێکدا زەق دەبێتەوە ئەگەر بێت و ئەو کەسە سەرنجی ڕوانگەی باو لە ئێران سەبارەت بە ناسنامەی نەتەوایەتیی کورد بدات. یانی لە لایەکەوە زۆرینەی ڕووناکبیرانی ئێرانی کورد بە ئێرانی ڕەسەن دەناسن، لە لایەکی ترەوە، هەر چەشنە سەرهەڵدان و دەربڕینی هەستی نەتەوایەتیی کورد وەکوو مەترسییەکی مەزن لە سەر ئاسایشی نەتەوایەتیی ئێرانی دەبینن. لە ڕاستییدا چارەسەر بۆ ئەو پارادۆکسە نییە. بۆ وێنە مەرجی ئەوە کە کورد بتوانێ چارەنووسی سیاسیی خۆی لە ئێران دیاری بکات چییە؟ لە ستراتێژیی حدکادا لە دروشمی “دێمۆکراسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان” چڕ و کورت کراوەتەوە، و ئێستا ئەو خودموختارییە بۆتە فێدرالیزم. باشە ئەگەر واز لە دۆخی نەگونجاوی سیاسیی ساڵانی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ بێنین، مەرجی وەدیهاتنی ئەو ستراتێژییە چییە؟ سەقامگیر بوونی جۆرێک لە دێمۆکراسی لە ئێران کە توانستی قەبوول کردن و تەحەموولی خودموختاری بۆ کوردستانی هەبێت.
ئەگەر وای دانێن کە ئەو گریمانەیە لە کردەوەدا وەدی بێت، واتا لە باڵانسێکی تایبەتی هێزدا شێوازیک لە دێمۆکراسی لە ماوەیەکی کورتخایەن لە ئێراندا مسۆگەر بکرێت. بەڵام هەم دیسان بە دوو هۆ ئەوە بە واتای وەدی هێنانی مافی خودموختاری بۆ کوردستان نییە. یەکەم، هیچ زەمانەتێک بۆ بەدامەزراوەیی بوون (نەهادیکردن)ی ئەو دێمۆکراسییە نییە و لەگەڵ گۆڕانی بالانسی هێز لە تاران و لە دژی کورد ئەو خودموختاری و ئەو مافانەی کە بۆ کورد بەڕەوا بیندرابوو پووچەڵ دەکرێنەوە. دووەم، حەتا ئەگەر بە پێچەوانەی هەموو ئەو بەربەستانە کە لە سەر ڕێگەی سەقامگیربوونی دێمۆکراسییەکی ڕاستەقینە لە ئیراندا هەن، ئەو سیناریۆیە وەدی بێت، هەم دیسان ڕوانگەی باوی ئێرانییەکان سەبارەت بە پرسی کورد ڕێگر دەبێت لە وەدیهاتنی ئەو مافەی کورد. چونکە وێژمانی دێمۆکراسی و پلۆرالیزم لە نەریتی ئێرانیدا تا ئێستا کە ئێمە قسەی لە سەر دەکەین، وێژمانێک نییە کە دێمۆکراسی و پلورالیزم لە سەر بنەمای ڕێز لە کولتوورە جیاوازەکانی خەڵکانی غەیرە فارس زمانی دانیشتووی ئێراندا دامەزرابێت و ئەو وجیاوازییانە بکاتە بنەمای فیکری خۆی.
لە باشترین و گونجاوترین حاڵەتدا ئەوان دەتوانن دێمۆکراسی و پلورالیزمێکی لیبرالی، کە لە بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی جێگیر بووە، کۆپی بکەن و لە قسەدا ڕێز لە مافی هاووڵاتی و بنەماکانی مافی مرۆڤ بگرن. بەڵام وەکوو ئێوەش ئاگادارن چەمکی هاووڵاتییەتی و مافی هاووڵاتی بوون مافێکی ئابستراکت یان فاکتێکی ڕووت نییە. چەمکی هاووڵاتییەتی، دێمۆکراسی و پلورالیزم لە دەرەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات مانا و واتایەکی سەربەخۆیان نییە. ناوەرۆکی ئەوان هەڵقوڵاوی پێکهاتە و کاکڵی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی سیاسییە. ئەگەر بێت و وێژمانی سیاسیی زاڵ لە داهاتوودا پێناسەیەک لە چەمکی هاووڵاتییەتی ئاراستە بکات بە شێوەیەکی ڕوون فرەکولتووری، فرە زمانی، و فرە ئێتنیکی بوونی دانیشتووانی وڵاتی ئێران بە فەرمی بناسێت و مافی پێناسە جیاوازەکان لە چوارچێوەی یاساکانی هاووڵاتیدا پەسەند بکات و بوار و مەیدانی لە کردەوەدا بۆ بکاتەوە، ئەو کات ئێمە دەتوانین باسی چەمکی هاووڵاتی لە ئێران بە جیددی بگرین. بەڵام من پێموایە ئەوە جارێ ئۆتۆپییایە.
٩. ئەگەر ئەم ڕستەیەی پاز پەسند بکەین کە دەڵێ مۆدێرنیتە چارەنووسی ئێمەیە، ئایا پێتان وایە پرۆژەی مۆدێرنیتەی ئێرانی هیج کاتێک دەتوانێ وڵامێکی بۆ پرسی نەتەوەییی کورد هەبێ؟ مەبەستم ئەوەیە ئەگەر دیسانەوە بۆ ڕوانگەی میلەر سەبارەت بە ناسیۆنالیزم بگەڕێینەوە و هەروەها مۆدێرنیتەی ئێرانی لە هەمان سەرەتاوە گیرۆدەی ناسیۆنالیزمێکی ڕەسمی بووە کە ناسنامەی نەتەوەی کوردی سڕیوەتەوە و هەروەها لە چەمکی قەوم و میللییەت بۆ کورد کەڵک وەردەگرن. لە بنەڕەتدا تاکی ئێرانی دەتوانێ هاوسۆزییەکی لەگەڵ کورددا هەبێ لە کاتێکدا ڕقی لێیەتی؟
ج) من لە کۆتایی ئەو نامیلکەیەدا دەڵیم بێگومان هاوژیانی کوردایەتی و ئێرانییەت ئیمکانی هەیە، بە مەرجێک چەمکی ئێرانی بوون و ناسنامەی نەتەوایەتیی ئێرانی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی وەدواکەوتوو کە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتەکەی لە سەر نموونەی دوو دانەیی ئاغا/ڕەعییەت، ئیمام/لاساییکەر، و هتد، دانەمەزرابێ […] بەڵکوو ئێرانی بوون و شارستانییەتی ئێرانی وەکوو کەرەستەیەک کە پەیوەندیی کولتووری، مێژوویی و زمانییەکانی ببینین کە نیزیک بە سێ سەد میلیۆن ئینسانی دانیشتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین پێکەوە گرێ دەدەن و چەندین نەتەوەی لە خۆیەوە دەگرێ، لەو ڕوانگەیەوە هاوژیانیی کوردایەتی و ناسیۆنالیزمی ئێرانی مومکینە […] بەڵام لە سەر بنەمای پێناسەی ئێمە سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی ئێرانی گەڵاڵەمان کرد، ناسیۆنالیزمی ئێرانی نەک هەر کارزانێکی باش بۆ ئەو مەبەستە نەبووە بەڵکوو بەربەست و ڕێگری سەرەکیی ئەو ئەرکە گرینگە بووە.
بە واتایەکی تر، دەخوازم بڵێم کە پێم وایە تاکی ئێرانی دەتوانێ هاوسۆزیی لەگەڵ کورد هەبێ، و لە هەنووکەدا بێگومان کەسانێکی زۆر لە ئێران ئەو هاوسۆزییەیان لەگەڵ کورد هەیە. پرسیار ئەوەیە ئایا هاوسۆزیی خەڵکانی ئاسایی کاریگەریی هەیە لە سەر بۆچوون و هەڵوێستەی لایەنە سیاسییەکانی ئێرانی بەرانبەر بە پرسی کورد؟ تا ئەو کاتەی کە تێڕوانینی سیاسیی گرووپەکان لە ژێر کاریگەریی ناسیۆنالیزمی ڕەسمییدا بێت، جواب نەرێنییە و بەڵام وێژمانێکی سیاسیتر لە ئێران ئیمکانی گەشەکردن و زاڵبوونی هەیە. لە قۆناغی ئێستادا کە مۆدێرنیتەی ئێرانی، وەکوو ئەزموونی تورکی و عەرەبی، تووشی قەیرانێکی قوول بووە، زۆر وێناچێ ئیمکانی ئەو کارە لەبار بێت.
[1] کاتوزیان، م. ع. (١٣٧٢) صادق هدایت: از افسانە تا واقعیت، مترجم: فیروز مهاجر، تهران، طرح نو.
[2] Weber, M (1968) Economy and Society – an Outlie of Interpretative Sociology, trans. G. Roth & G. Wittich, Bedminster Press, p. 91.
[3] The conscience collective
[4] Hechter, M (1975) Internal Colonialism: The Celtic Fringe in British National Development, 1536-1966, pp. 1-7, and 60-61.
[5] Vali, A (1993) Pre-capitalist Iran: A Theoretical History, New York University Press, p. xi.
[6] For the conceptualisation of its social relations, economic structures and political institutions.
[7] Vali, pp. xiv-xv.
[8] بڕوانە، ولی، عباس (١٣٨٠) ، ایران پیش سرمایەداری، ترجمەی حسن شمسآوری، نشر مرکز، تهران، ص. ٥.
[9] Craib, I (1992) Modern Social Theory: From Parsons to Habermas, 2nd Edition, Harvester Wheatsheaf, pp. 149-155.


