ئارامتر بخوێنەوە!

“برای کوردی موسوڵمانم”: دەسەڵاتی کۆلۆنیاڵ و دەوڵەتداریی ئیسلامی لە ناوچە کوردییەکانی تورکیەدا

مەهمەت کورت / زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، زانستگای مەنچێستێر، بریتانیا
وەرگێڕان: ڕەزا فەتحوڵڵانژاد

کورتەی باس

ئەم وتارە، بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە، ڕۆڵی دیسکۆرس و سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیسلامی، لە ناوچە کوردییەکانی تورکیە تاوتوێ دەکات. توێژینەوە ئاکادێمیکەکان لە بارەی ئیسلامگەرایییەوە بە زۆری ئەو بەستێنە تاوتوێ دەکەن کە تێیدا بزووتنەوە ئیسلامییەکان و حیزبە سیاسییەکان، وەکوو هەبوونی دژەکۆلۆنیال و بەرهەڵستکارانە لە مەیداندان. هاوکات، ئەم وتارە باسی ئەوە دەکات کە چۆن لە ژێر دەسەڵاتی حیزبی دادپەروەری و گەشە (AKP)دا، ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی بوو بە ئامرازێکی دەوڵەتداری لە پێناو ڕاگرتن و ڕەواییدان بە دەسەڵاتی کۆلۆنیالی لە ناوچە کوردییەکانی تورکیەدا. پاش خوێندنەوەی پرسی کورد وەکوو پرۆسەی بەکۆلۆنیالیکردنی ناوخۆیی، هەر لە کاتی سەرهەڵدانی کۆماری تورکیەوە، وتارەکە تەرکیز دەکاتە سەر دەورانی ئاکپارتی، بەمەبەستی شیکردنەوەی کەڵکوەرگرتن لە دیسکۆرسی ئیسلامیی یەکیەتی و برایەتی و، هەوڵدان بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵگایەکی مەدەنیی پارێزگاریخوازی وەفادار لە نێو کوردەکاندا. لەسەر ئەم بنەمایە، وتارەکە ئەو ئیستدلالە دەخاتەڕوو کە پارادایمی کۆلۆنیالی نێوخۆیی، پەیوەندییەکی پڕاوپڕی لەگەڵ شیکاریی پرسی کورد لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا هەیە و هەروەها پێی وایە کە، دەوڵەتداریی ئیسلامیی نیۆلیبراڵ، دەبێ وەکوو تەواوکەرێکی ستراتیژیکی بۆ سەرکوتکردن، بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی پشتیوانی لە دەوڵەت و، بۆ وەپەراوێزخستنی ئۆپۆزیسیۆن خوێندنەوەی بۆ بکرێت.  

پێشەکی

رێککەوتننامەی سایکس ـ پیکۆ (1916) و میراتی کۆلۆنیال، بوو بە هۆی دابەشبوونی خاکی کوردان بەسەر چوار دەوڵەت نەتەوەی بە زۆرینە موسوڵماندا (تورکیە، سوریە، عێراق و ئێران). بۆ چەندین دەیە، ئەو پرسەی کە بە “پرسی کورد” ناسراوە، لە لایەکەوە لەگەڵ ڕەوایەتی سیاسەتی دەوڵەتی سەرکوتکار دەرگیر بووە و لە لایەکی ترەوە لەگەڵ خەباتی خەڵکی کورد بۆ مافە سەرەتاییە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکانیان لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، لە بەرخۆدانی چەکدارییەوە تا سیاسەتی یاسایی.

لە ساڵانی ڕابردوودا، تیۆرییەکانی پاش ـ کۆلۆنیال، لە توێژینەوە کوردییەکانی پەیوەندیدار بە باسی لایەنە جیاوازەکانی پرسی کورد، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەکار هێنراون. لایەنگەلێک وەک توندوتیژیی حکوومەتی و ڕاگواستنی بەزۆرەملی، دیسکۆرس و شوناس. لە هەمان کاتدا، ئەم وتارە پێشنیار دەکات لە پێناو شیکاریی ڕەهەندە چاوپۆشیلێکراوەکانی پرسی کورد لە تورکیە: ڕۆڵی مەزهەب لە سیاسەت و کرداری حکوومەتدا، لە پارادایمی کۆلۆنیال کەڵک وەربگرێت.

پرسی کورد لە تورکیە بووەتە ماکەیەکی هەڵسەنگێنەر بۆ بیرۆکە سیاسییە ئیسلامییەکان، لەو کاتەوە کە ئاکپارتی لە 2003ەوە هاتە سەر دەسەڵات. پاش سەدەیەک ئازاری کوردان لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمە ناسیۆنالیستە سێکۆلارەکانی کۆماری تورکیەدا، لە دەورانی دەسەڵاتی ئاکپارتیدا، شکڵی پەیوەندیی حکوومەت ـ کۆمەڵگا لە بیاڤی سیاسی و جەماوەریی کوردیدا، بە هۆی پیادەکردنی ڕژدی دیسکۆرسی مەزهەبی و، هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی کۆلۆنیال بۆ سەدەیەک لە جێی خۆیدا، ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات. پەرەدان بە ئایدیای یەکیەتیی ئیسلامی(ئۆممە) و برایەتی لە ڕێگەی ڕاگەیەنە گشتییەکان و مزگەوتەکانەوە، پشتیوانیی ماددی زیاتر لە دامەزراوە ئیسلامییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە نێو شارە کوردییەکان و هەروەها لە نێو ڕایەڵە گەندەڵکارەکانی دەوروبەریان و، هاوپەیمانیی نوێی دەوڵەت و “هوودا ـ پارتی” (Hüda-Par) ـ باڵی سیاسیی حیزبوڵڵای ئیسلامیی کوردی ـ هەموویان ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییەن کە لە سیاسەتی حکوومەتی تورکیە بەرامبەر کوردەکان هاتووەتە ئاراوە. پتر لەمەش، ئەمن ئیدیعا دەکەم کە بیرۆکەی ئۆممە و برایەتی لە وێژمان یان دیسکۆرسی حکوومەتدا، وەکوو ئامرازێکی وێژمانی بۆ بندەستکردنی کوردەکان لە ناوچە کۆلۆنیالییەکان بەکار هێنراوە. ئەگەرچی ئەوەی باس کرا، بە درێژاییی سەدەی بیستەم هەر بەم شێوەیە بووە، گۆڕانگارییە سیاسییەکانی ئەمدواییانەی ناوچە کوردییەکان، بوونەتە هۆی هەرچی زیاتر و بەگۆڕتر بەکارهێنانی دیسکۆرسی ئایینی لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمە ڕادیکاڵ و پارێزگاریخوازەکان لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا. لە هەڵسەنگاندنماندا بۆ بەکۆلۆنیالکردنی نێوخۆییی کوردەکان لە ژێر تیشکی شەڕەکانی ئەمدواییانەدا، نموونەی کوردستانی تورکیە و جۆری حکوومەتداریی ئاکپارتی، وەکوو نموونەیەکی پەیوەندیدار خۆی دەنوێنێ. سیاسەتی ئایینی، سەرەکیترین ماکەی ستراتیژیکی ئاکپارتی بۆ زاڵبوون بەسەر پرسی کورد لە ناوچەکانی خۆیدا و لە وڵاتانی دراوسێشیدا بووە.

لە ڕووی تیۆرییەوە، ئەم وتارە ئەو پرسیارە دەخاتە ڕوو کە تاچەند کەڵک وەرگرتنی دەوڵەتی تورکیە لە دەسەڵات، لە ناوچە کوردییەکاندا، دەکرێ وەکوو کرداری کۆلۆنیالیی نێوخۆیی سەیر بکرێت و، ڕۆڵی دەوڵەتی ئیسلامی، لە گۆڕین و شکڵدان بە فەزای سیاسی لە دەورانی ئاکپارتیدا چ بووە؟ ئایا دەوڵەتی ئاکپارتی، چارەسەرێکی جێگرەوەی بۆ پرسی کورد، لە ڕێگەی بەکارهێنانی وێژمان و سیاسەتی ئیسلامییەوە، هێناوەتە ئاراوە؟ هاتنەسەر دەسەڵاتی ئاکپارتی چۆن کاریگەریی لەسەر بارودۆخی بەردەوامی سەرکوتکردنی کوردەکان داناوە؟ ئیسلامگەرایی چ ڕۆڵێکی لە بەهێزکردن و ڕەواییدان بە دەسەڵاتی کۆلۆنیالی نێوخۆیی لە فەزای سیاسیی کوردیدا گێڕاوە؟ ئەم وتارە ئیستدلال دەکات کە کەڵکوەرگرتن لە ئایین لە لایەن ئاکپارتییەوە، لە ناوچەی کوردستاندا، هیچ جیاواز نیە لەو هەڵوێستە کۆلۆنیالیستییەی دەیەکانی ڕابردوو، بەڵام بەدوای ڕێگەی نوێدا دەگەڕێ لە پێناو بەهێزکردن و ڕەواییدان بە دەسەڵاتی کۆلۆنیالی لەئارادابوودا.

وتارەکە سێ بەش لەخۆ دەگرێت. بەشی یەکەم لەسەر بنەمای باسی تیۆریی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی، تیۆریی پاش‌کۆلۆنیالی، حکوومەت، توندوتیژی و دەسەڵاتە. بەشی دووهەم پرسی کورد و کرداری کۆلۆنیالیی دەوڵەت لە مێژووی تورکیەی مۆدێڕن بە وردبوونەوەی تایبەتی لەسەر ڕۆڵی ئایین و سەرکوتکردنی حکوومەتی لە بەستێندا باس دەکات. بەشی کۆتایی لە دیسکۆرسی ئایینی و ئەو ساسەتانەی لە لایەن دەوڵەت و دامەزراوەکانی لایەنگری دەوڵەتەوە لە ناوچە کوردییەکاندا پەرەیان پێدراوە، ورد دەبێتەوە. هاوکات کە پێم وایە چۆنیەتیی وەرگرتنی ئەم سیاسەتە لە لایەن یاریکەرە خۆجێییەکانەوە، لەمەڕ هەڵسەنگاندنی مانا و کاریگەرییە سیاسییەکەیدا زۆر گرینگە، بەڵام چۆنیەتیی وڵامی دامەزراوە کۆمەڵایەتییە مەدەنییە کوردییەکان و، یاریکەرە سیاسی و مەدەنییەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسەتە ئایینییەکانی دەوڵەتی تورکیە، شایانی شیکارییەکی قووڵن کە لە تاقەتی ئەم وتارە بەدەرە.

دوو بەشی سەرەتای ئەم وتارە لێکدانەوەی ڕەخنەگرانەیە بۆ ئەدەبیاتی تیۆری لەسەر کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی و بەرهەمە کۆمەڵناسی و مێژوویییەکانی پەیوەندیدار بە پرسی کوردەوە. بەشی سێهەم لەسەر بنەمای داتای بەردەستهاتوو لە توێژینەوەیەکی مەیدانی ئیتنۆگرافی لە ناوچەی کوردستان لە تورکیە، لە شارەکانی دیاربەکر، ماردین و بینگۆل لە 2015 تا 2016دایە. هەڵبژاردنی ئەم شارانە بەم مەبەستە بووە کە داتاکان، ڕەنگدەرەوەی بەرینی پێکهاتە ئیتنیکی و ئاینییەکانی مەیدانی توێژینەوەکە بن: دیاربەکر وەکوو گەورەترین شاری کوردی و پێتەختی سەمبۆلیکی سیاسەت و کولتووری کوردی، بینگۆل وەکوو شارێکی پارێزگاریخواز بە زۆرینەی حەشیمەتی زازاکییەوە، و ماردینیش وەکوو شارێکی فرەکولتوور بە دانیشتووانی کورد، عەرەب و سیریانییەوە. هەروەها، جگە لە چاودێریکردنی بەشداربووان، لەگەڵ ڕێبەران و ئەندامانی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییە مەدەنییەکان، ئەکتەرە مەدەنییەکان و نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانیشدا وتووێژ کراوە.    

کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی و ئیسلامی: پەیوەندییەکی نەدۆزراوە

ئیسلامگەرایی و کۆلۆنیالیزم، بەگشتی وەکوو دوو دیاردەی پێکگرێدراو و لە هەمان کاتدا دژبەیەک پێناسەیان بۆ کراوە. پێکهاتە کۆلۆنیالییەکان و میراتەکانی دەورانەکانی کۆلۆنیال و پاش ـ کۆلۆنیال یارمەتیدەر بوون لە شکڵگرتنی ئیدیۆلۆژیی ئیسلامی. بیرمەندە ئیسلامگەراکانی وەک حەسەن ئەلبەننا و سەید قوتب، پێیان وابوو کە ئۆممە وڵامێکە بۆ دەسەڵاتی کۆلۆنیال و ڕێژیمە گەندەڵە سێکۆلارەکان. بزووتنەوە ئیسلامگەراکان، لە بەشی هەرەزۆری سەدەی بیستەمدا، وەکوو شکڵێکی ئۆپۆزیسیۆن بە دژی حکوومەتە کۆلۆنیال و پاش ـ کۆلۆنیالەکان مانەوە و، بەدەست سەرکوتی دەوڵەتی لە لایەن ڕێژیمە سێکۆلاریستەکانەوە، لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئازاریان چەشت.

لە بیاڤی سیاسیدا، باسی ئیسلامگەرایی بە زۆری لە سێبەری ئۆپۆزیسیۆنی دژەکۆلۆنیالی بناژۆخوازیدا دەچێتە پێشەوە و خۆی بە وێنەی کۆمەڵگای خەیاڵیی سەردەمی زێڕینەوە بەهێز دەکات. لەم ڕووەوە، باسەکە لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و هێژمۆنی سەربەخۆ نیە و خۆی لە پشت نایەکسانیی پێکهاتەییی سەردەمدا دەپارێزێت. هەروەک هەر خەیاڵێکی سەردەمی زێڕین، ئەم ڕوانینەش زیاتر لەسەر بنەمای خەیاڵە تا ڕاستی و هاوکات ڕێگەیەکە بۆ گەیاندنی ئەم بیرۆکانە بە جەماوەر.

ئەگەرچی لەسەر زۆر لایەنی پەرەپێدانی کۆلۆنیالی ڕۆژئاوا لە وڵات و ناوچە زۆرینە موسوڵمانەکان و وڵامی ئیدیۆلۆژییە ئیسلامییەکان (مۆدێرنیست، ئیسلامگەرا و بناژۆخواز)، زۆر توێژینەوە کراوە، بەڵام زۆربەری ئەم توێژینەوانە لەسەر نموونەگەلێک تەرکیز دەکەن کە لەواندا کۆمەڵگا موسوڵمانەکان و ئایدیۆلۆژییەکانیان قوربانیی بەکۆلۆنیالکردنن. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆڵی ئیسلامگەرایی وەکوو ئامرازێکی دەسەڵات لەو کاتەدا کە بزووتنەوە ئیسلامگەراکان جڵەوی دەسەڵات دەگرنەدەست، بە زۆری وەک دیالێکتیکێک لە نێوان ئایین و سێکۆلاریزم یان بژاردە و چینە جەماوەرییەکان (یان ئێلیتی نوێ) شیکردنەوەی بۆ کراوە. ئامانجی ئەم وتارە لێکۆڵینەوە لە لێککارکردنی ئیسلامگەرایی و کۆلۆنیالیزم لە کوردستانی تورکیەیە؛ ناوچەیەک، کە ئیسلام تێیدا خاڵی هاوبەشی دەسەڵات و جەماوەرە. وتارەکە هەوڵ دەدات بە هۆی پارادایمی بەکۆلۆنیالکردنی نێوخۆییەوە، خوێندنەوە بۆ ئەم بابەتە بکات.

چەمکی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە 1954ەوە کاری پێدەکرێت، کاتێک کە سەرکوتکردنی غەیرە سپیپێستەکانی ئەفریقای باشوور وەکوو “کۆلۆنیالیزمی شێوەیەکی تایبەت” لە لایەن حیزبی کۆمۆنیستی ئەفریقای باشوور(SACP)ەوە پێناسە کرا. لە 1964دا، “مالکۆم ئیکس” لە یەپڤێکی ناسراوی خۆیدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە هێزێکی کۆلۆنیال کە 22 میلیۆن ئەمریکاییی ڕەشپێستی، بە هۆی بێبەشکردنیان لە مافە مرۆییە مەدەنییەکانیانەوە کۆلۆنیالیزە کردووە، ناو برد. لە 1967دا، باس لەسەر ئەمریکایییە ڕەشپێستەکان و مافە مەدەنییەکانیان زیاتر و زیاتر بوو، کاتێک مارتین لووتێر کینگ کۆڵانە ڕەشپێست نشینەکانی وەکوو کۆلۆنییەکانی ئەمریکا ناو برد: “ئەو کۆڵانە هەژارنشینانە، وەکوو کۆلۆنیی نێوخۆیی وان، شوێنگەلێک کە دانیشتوانی وا لێدەکات لە باری سیاسییەوە بندەست بن، لە باری ئابوورییەوە بچەوسێنەوە و لە هەر بارێکەوە هەڵاواردن و سووکایەتی پێ کردن لە دژیان بەکار بێت”.

ئەوە لە کۆتاییەکانی 1960دا بوو کە چەمکی “کۆلۆنیی نێوخۆیی” (domestic colony) بۆ یەکەم جار لە باسی ئاکادێمێکدا هاتە گۆڕێ. ئەگەرچی چەند نووسەرێکی وەک “هاڕۆڵد کرووز” و “کێنێز کڵارک” لە سەرەتاکانی 1960ەکاندا، گرینگیی ئەم دیاردەیەیان، بە هۆی بەکارهێنانی چەمکی “کۆلۆنی نێوخۆیی”یەوە بەرجەستە کرد، یەکەمین جار ئەوە “رابێرت بلونێر” بوو کە لە 1969دا، شکڵی بە ئیدەی چەمکی “کۆلۆنیی نێوخۆیی” (internal colony) بەخشی. لە وتارێکدا بە ناوی “کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی و ڕاپەڕینی ناوچە پەڕاوێزخراوەکان” کە لەسەر خوێندنەوەکانی داهاتوویدا کاریگەریی دانا، بلونێر هێڵی جیاکەرەوە دەکێشێ لە نێوان کۆلۆنیالیزم وەکوو سیستمێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی و بەکۆلۆنیالکردن وەکوو پڕۆسەیەک کە نەتەنیا تایبەتە بە کۆلۆنییە کلاسیکەکان، بەڵکوو لە نێو سنوورەکانی دەوڵەتیشدا بە ڕادەیەکی زۆر شایانی ئەوەیە ددانی پێدابهێنرێت.  ئەم لێڕوانینە سەرنجی لەسەر توێژینەوەکانی پەیوەندیدار بە نەژاد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا گۆڕیوە و، بنەمایەکی دروست کردووە کە بەو پێیە دەکرێ شیکاری بۆ لایەنە جۆراوجۆرەکانی نایەکسانیی پێکهاتەیی، لە نێوان ئەمریکایییە سپی‌پێیست و ئەمریکاییە ڕەش‌پێستەکان لە نێو تیۆریی کۆلۆنیالدا بکرێت. بلونێر چوار ماکەی سەرەکیی ئەوەی پێی دەگوت “بەکۆلۆنیالیکردن”ی فۆرموڵە کرد و لە نێوان ئەم چەمکە و ئەو پرۆسەیەی کە ئێمە پێشتر وەکوو کۆلۆنییەک بیرمان لێ کردبووەوە، جیاکاریی کرد.

یەکەم: هەڵسەنگاندنی چۆنیەتیی ئاوێتەبوونی گرووپە نەژادییەکان لە نێو کۆمەڵگای سەردەستە (جا هێزێکی کۆلۆنی بێت یان نا). ناوبراو چاودێری دەکات و دەبینێت بەکۆلۆنیکردن، بە خۆتێکردنێکی زۆرەملێ و بێ ئیختیار دەست پێدەکات.

 دووهەم: شوێندانەرییەک لەسەر کولتور و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی بەکۆلۆنیکراو هەیە کە لەوە تێدەپەڕێ بڵێین ئاکامی پرۆسەگەلێکی “سروشتی” وەک پەیوەندیگرتن و ئاوێتەبوون لە کولتووری سەردەستدایە. هێزی کۆلۆنیال سیاسەتگەلێک جێبەجێ دەکات کە بەهاکان، مەیلەکان و شێوە جۆراوجۆرەکانی ژیانی خەڵکی خۆجێیی بەرتەسک دەکاتەوە، دەیگۆڕێت و لەنێوی دەبات.

سێهەم: بەکۆلۆنیکراوەکان لە ژێر دەسەڵاتی نوێنەرانی دەسەڵاتی زاڵدان. ئەوەی ناوبراو دەیبینێت، ئەزموونێکی بەڕێوەبردن و خستنەژێر ڕکێفە لە لایەن کەسانی دەرەوەی خۆیان.

 چوارەم: ڕاسیزمە کە لە زۆر نموونەدا شان بە شانی جێبەجێکردنی کۆلۆنیالکردنەوە هەنگاو دەنێت.

ئەگەرچی ئەم چەمکە سەرەتا بۆ ئەمریکایییە ڕەشپێستەکان و ناسپی‌پێستەکانی ئەفریقای باشوور بەکار هێنرا، ئیمڕۆکە، ئەدەبیاتێکی بەربەرین، لەسەر لایەنی جۆراوجۆری ئیتنیکی، چینایەتی، کرێکاری و مەزهەبیی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی هەیە. “گۆنزالێز کازانۆڤا” یەکەمین کەسێک بوو کە چەمکەکەی بۆ مێکزیک لە دەقی پێشکەوتنی ناهەمواردا بەکار هێنا. توێژینەوەی “هێچێر” لە وێڵز، سکاتلەند و ئیرلەند، توێژنەوەی “ئێپستین” لەسەر بەکۆلۆنیالیکردنی نێوخۆیی و کاریگەرییەکەی لەسەر فێرکاری لە پێرو، توێژینەوەی “زووریک” لەسەر فەلەستینییەکان لە ئیسرائیل، توێژینەوەی “میترا داز” لەسەر بەنگلادێش و پاکستان، توێژینەوەی “گودمەن” لەسەر کەمایەتییە ئیتنیکییەکان لە چیندا، توێژینەوەی “ئێتکیند” لەسەر ڕووسیەی ئیمپراتۆری و کۆلۆنییە نێوخۆییەکانی بەشێک لە نموونەگەلی بەکارهێنانی چەمکەکەن.

هەروەک “رابێرت هیند” شیی دەکاتەوە، کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە بەراوردکردنەوە دێت: خاوەن کۆلۆنی و بەکۆلۆنیکراوەکە، کە بەپێچەوانەی کۆلۆنیالیزمی کلاسیک کە تێیدا جیاکاریی جیۆگرافیایی بوونی هەیە، لە هەمان وڵاتدا دەژین. لە هەمان کاتدا، کۆلۆنییەکی نێوخۆیی لە تایبەتمەندییەکاندا هاوبەشی هەیە لەگەڵ ئەو کۆلۆنیالیزاسیۆنە باوەی کە لە نێو سنووری حکوومەتەکاندا بوونی هەیە. تایبەتمەندیگەلێک وەک: پێڕەوی سیاسی، چەوساندنەوەی ئابووری، زاڵبوونی کولتووری و ئەو شەڕە نەژادی/ئیتنیکییەی بە زۆری لە نێو کۆلۆنییە نێوخۆییەکاندا سەرهەڵدەدەن. “یاسای جیاوازی” هەروەک “پارزا چاتێرجی” پێناسەی دەکات، یاسای سەرەکیی حکوومەتکردنە لە کۆلۆنییەکاندا. هەر بۆیە، کۆلۆنییەکان لە شوێنێکدا جێ دەگرن کە تێیدا نابەرابەریی پێکهاتەیی لە ئابووری، سیاسەت، کولتووری و باوەڕدا بووەتە نۆرم. بەم پێیە، ئەوە ئەم نۆرمەیە کە کۆلۆنییەک دەکاتە بابەتی چەوساندنەوەی ئابووری و هاوکات دەیکاتە بابەتی ئەو دیاردەیەی کە “گرامشی” بە “هێژمۆنی کولتووری” ناوزەدی دەکات. لە ئاکامی هێژمۆنی کولتووریدا، دانیشتووانی کۆلۆنییەکان خۆیان وەک بەرکارە لاوازەکان دەبینن و مەیلێک بۆ ڕازیبوون بە قەدەری چەوسانەوەی کولتووری و ئابووریی خۆیان، قەدەرێک کە بە هۆی کۆلۆنیالیزاسیۆنەوە ئەزموونی دەکەن، نیشان دەدەن.

گەر لێرەدا کەسێک بەپێی ئەم فۆرمولە بیر لە پرسی کورد بکاتەوە، ڕەنگە بە ئاسانی وا مەزندە بکات کە کوردستان زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆلۆنیزاسیۆنی نێوخۆیی تێدایە. پێش لە هەموو شتێک، خەڵک و سەرزەوینی کوردی لە سەدەی بیستەمدا بەردەوام لە ژێر “وەزعییەتی تایبەتی”دا بوون، ئەویش بە هۆی چەندین دەیە دەسەڵاتی یاسای سەربازی، دامەزراوەی تایبەت، توندوتیژی حکوومەتی لە هەموو شێوەکانیدا، ڕاگوێزرانی بەناچاری و شوێن بزربوون، سزادان، هەژارکردن، پەرەسەندنی ناهەموار، نەژادپەرستی، جیاوازیدانان و/یان خرانەدەرەوەی بازنەی پۆستە پلەبەرزەکان لە نێو دامەزراوە حکوومەتییەکاندا. ئەگەرچی ڕەنگە لە مەجالی ئەم وتارەدا نەگونجێ، بەڵام وردبوونەوە لەوەی کە چۆن شارە کوردییەکان لە لایەن فەرماندارە سەربازییەکانەوە وەزعییەتی تایبەتی ( ((OHAL) Valisiحکوومەت کراون یان وردبوونەوە لە دەستەواژەی “جێی متمانەکان”ی دامەزراوەی نوێ کە پاش هەڵپەسێرانی شارەدارە کوردییە هەڵبژێردراوەکان لە 2015 بەملاوە بینرا، ڕادەی بەکردەوەییکردنی کۆلۆنیزاسیۆنی نێوخۆیی نیشان دەدات.

سەرەڕای نموونەی سەرەتاییی کۆمەڵناس “ئیسماعیل بیشکچی”، پرسی کورد لە ئەدەبیاتی ئاکادێمیکی بەرهەمی پسپۆڕانی تورکیە، بەو جۆرەی پێویستە تیۆریزە نەکراوە. ئیسماعیل بیشکچی کە لە 1960ەکاندا، کوردستانی بە کۆلۆنییەکی ئینتێرناسیۆناڵ پێناسە کرد، نموونەیەکی تایبەتە لە پسپۆڕێکی چالاک لەسەر پرسی کورد. لە 1960ەکاندا، بیشکچی سەرەتا لەسەر عەشیرەتی کۆچەری “عەلیخان” کاری کرد، لە کاتێکدا کە سیاسەتە ئاسیمیلاسیۆنەکانی حکوومەت لە کوردستاندا پیادە دەکران و تەنانەت حاشا لە شوناسی جیاوازی کوردی دەکرا. بەپێی قسەی حکوومەتەکە، کوردی دیالێکتێکی تورکی بوو و کوردەکان عەشیرەی تورکی کۆچەر بوون کە لەگەڵ برا تورکەکانیان لە ئاسیای ناوەڕاستەوە وێکڕا بۆ تورکیەی ئەمڕۆکە کۆچیان کردبوو. بیشکچی کوردستان وەکوو کۆلۆنییەکی نێونەتەوەیی ناو دەبات و ئاماژە بە دابەشبوونی کوردستان لە نێوان چوار وڵاتدا دەکات. ئەگەرچی بیشکچی هیچکات لە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی وەکوو چەمکێک کەڵکی وەرنەگرتووە، ئەوەی ئەو لە توێژینەوەکەیدا پێناسەی دەکات، زۆر نزیکە لە تایبەتمەندییەکانی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدان. بیشکچی، لەبەر توێژینەوەکەی، چەندین ساڵ زیندانی کرا، لێکۆڵینەوەکەی لە ناوەندە ئاکادمیکەکاندا بە کەم نرخ نیشان درا و کرایە نموونەیەک بۆ گەیاندنی پەیامێکی ڕوون بە هەر توێژەرێک کە بیوێرایە پرسی کوردستان باس بکات و کوردستان وەکوو کۆلۆنییەکی نێوخۆیی ناو ببات. هەر بۆیە، لە 1970کان و 1980کاندا، باسی پێوەندیدار بە کۆلۆنیالیزم لە بیاڤی ئاکادمیکدا لە تورکیە بوونی نەبوو، ئەگەرچی ئەم چەمکە ئێستدلالی سەرەکیی پارتی کرێکارانی کوردستانی لەو کاتەدا پێک دەهێنا.

کاتێک لە 1990ەکاندا، شەڕی نێوخۆیی پەرەی سەند، لێکۆڵینەوەکان لەسەر کورد سەرنجیان لەسەر هەڵسەنگاندنی ئاکامی توندوتیژیی حکوومەتی و ئاکامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی بوو، وەک، ناسۆنالیزم، گۆڕینی شوناس، ڕاگوێزرانی بەناچاری و بزربوونەکان. لە کۆتاییەکانی 1990ەکاندا و لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، توێژینەوەکان لەسەر کورد بەرەبەرە زیاتر سەرنجی ئاکادێمیای نێونەتەوەیییان ڕادەکێشا و پەیوەندیداربوونی پارادایمی کۆلۆنیال بە کەیسی کورد هاتە بەر باس. تێزی دوکتورای “ئۆزگور سێوجی گۆڕاڵ” نموونەیەکی باشە لەوەی کە چۆن ئەزموونەکانی ڕاگوێزرانی بە زۆرەملی و بزربوونەکان لە 1990ەکاندا و، باسی بەرینتری سیاسی و گشتی لەسەر ئەم پرسانە، لە دەوروبەری توێژینەوەکانی پەیوەندیدار بە کۆلۆنیالیزم و پۆست کۆلۆنیالیزمدا بە دەق کرا.

شیکاریی هەڵکەوتەیی  لە لایەن “گامبێتی” لەسەر سیاسەتی کۆلۆنیالی شاری لە پێتەختی دێفاکتۆی کوردستان، دیاربەکر، و هەروەها شیکاریی گۆڕانکارییە هەڵکەوتەییەکان و سیاسەتی نیۆلیبڕاڵ لە لایەن  “یوکسێل” لە ناوچەی “سوور” لە دیاربەکر، باسی ئەوە دەکەن کە چۆن فەزای شاری بەپێی چەندین سیاسەتی پۆست کۆلۆنیال و نیۆلیبراڵەوە دادەڕێژرێتەوە.  تیۆری ئۆریەنتالیزم و پۆست کۆلۆنیالیش بۆ شیکاریی دیسکۆرسی سیاسی AKP و نوێنەرایەتیکردنی کوردەکان لە دیسکۆرسی گشتی و سیاسییدا بەکار هێنراون. پتر لەمەش، لەم ساڵانەی دواییدا، گۆڕانی نوێی بزوتنەوەی سیاسیی کوردی بەرەو ئۆتۆنۆمیی دێموکراتیک و دامەزراندنی لە ڕۆژئاوا (باکووری سووریە) وەکوو ئەزموونێکی دژەکۆلۆنیالیزاسۆن یان جێگرەوەیەک بۆ دەوڵەت ـ نەتەوەکان خوێندنەوەی بۆ کراوە. لە کاتێکدا، هەموو ئەم توێژینەوانە بوونەتە هۆی داڕشتنەوەی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ پرسی کورد لە ڕوانگەیەکی کۆلۆنیالەوە، گرینگیی کەم دراوە بە ڕۆڵی دیسکۆرس و سیاسەتە ئایینییەکان لەو پڕۆژە کۆلۆنیالانەی لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە خراونەتە ڕوو. لە کاتێکدا ڕوونە کە هەڵسەنگاندنی دینامیکی ئایینیی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی، بە درێژایی ماوەی حوکمی کۆمارەکە لە تاقەتی ئەم وتارەدا نیە، ئاوردانەوەیەکی سەرەتایی لە مێژووی پەیوەندیی دەوڵەت ـ ئایین لە تورکیە، لە پێناو تێگەیشتن لە تایبەتیبوونی دەورانی ئاکەپە، گرینگە.

سیاسەتی ئایینی وەکوو ئامرازێکی کۆلۆنیال: ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە دەورانی کۆمارەکە

ئەگەرچی دروستبوونی کۆماری تورکیە زۆر جار وەکوو پرۆژەیەکی مۆدێرن و سێکۆلار ناو دەبردرێت، بەڵام لەو هەوڵانەی لە پێناو دروستکردنی شوناسی نەتەوەییی تورکی دراون، ئایین ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە. پڕۆژەی سێکۆلاریستی کەماڵیستەکان پڕۆژەیەکی جیاواز نەبوو: ئامانجی بەنەتەوەییکردنی ئیسلام و، ئاوێتەکردنی بوو لە نێو دامەزراوەی حکوومەتیدا. خەلافەتەکە لە 3ی مارسی 1924دا هەڵوەشێندرایەوە و لە 1925 بەملاوە یاساگەلێک وەک یاسای کۆتاییهێنان بە دەستووری ئایینی (1925)، یاسای تایبەت بە سەرپۆش و جلوبەرگ (1925) و یاسای مەدەنیی تورکی (1926) وەکوو کۆڵەکەکانی حکوومەتی سێکۆلاریستی خرانەگەڕ. ئەم ڕیفۆرمانە بەتایبەتی کردار و خاوەن دەسەڵاتە ئایینییە نەریتییەکانی کردبووە ئامانج، کە لەودا وەکوو دواکەوتوو و گرفت بۆ دەسەڵاتی حکوومەتی نوێ سووک دەکران. سەرەڕای ئەمەش، ئەم کۆمارە سێکۆلاریستە، وازی لە کەڵکوەرگرتن لە ئایین لە پێناو ئامانجەکانی خۆی نەهێنا و، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئایینی ڕێک لە هەمان ڕۆژدا کە خەلافەتەکە سەرکوت کرا، دامەزرا. بە تورکیکردنی بانگی ئیسلام لە 1930دا نیشانەیەکی سەمبولیکی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ کەڵکوەرگرتن لە ئیسلام وەکوو ماکەیەکی ناوەندیی دروستکردنی کولتووری نەتەوەییی تورکی بوو.

سەرنجی لێڕوانینی کەماڵیستی بۆ ئایین، لەپەراوێزخستنی کردار و دامەزراوە ئایینییە نەریتییەکان بوو، بەڵام زۆربەیان لە شێوەیەکی کەمتر بەرچاو و زۆرجار نهێنیدا مانەوە. خۆڕاگرییەکە لە ناوچە کوردییەکاندا بەتایبەتی بەهێز بوو. یەکەمین سەرهەڵدان لە دژی ڕێژیمی نوێ لە 1925 لە دەورووبەری شێخێکی نەقشبەندیی کورد، شێخ سەعید دەستی پێکرد و لەو کاتەوە تا ئێستا ئەوەی کە هاندەرەکەیان چەندە ئایینی و چەندە ئیتنیکی بووە، بووەتە جێگای باسی مێژووناسی. سەرهەڵدانەکە بە توندی سەرکوت کرا و دوابەدوایدا دەیان هەزار کورد بە زۆرەملی کۆچیان پێ کرا. سەرەڕای ئەمەش، دژایەتی و سەرهەڵدان لە ناوچە کوردییەکاندا، لە دەیەی پاشی دا درێژەیان هەبوو؛ سەرەکیترینیان لە ئاگری (1927 ـ 1930) و شۆڕشی دێرسیم (1936 ـ 1938). یەکگرتووییی مەزهەبی و ڕێبەرە ئایینییەکان، ڕۆڵێکی بەرچاویان لەو شۆڕشانەدا گێڕا کە ئاکامیان سەرکوتی زیاتر و کۆچی زۆرەملی زیاتر بوو.

لە 1920ەکانەوە تا 1980کان، دیسکۆرسی حکوومەتی و سیاسەتی لە کوردستاندا لەسەر بنەمای سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن بوو، حاشا لە بوونی کوردەکان دەکرا، دەیان هەزار کورد کوژران، ڕاگوێزران، تەبعید کران و لە قەراخ شارەکانی ئاناتۆلیدا نیشتەجێ کران. لەم دەورانەدا، حکوومەت پرسی کوردی وا نیشان دەدا کە ئاکامی دواکەوتوویی ناوچەیی، خۆبەدەستەوەنەدانی عەشیرەیی و سیاسەتی پاشکەوتووانەیە و قامکی بۆ لای نەخوێندەواری، خۆبەدەستەوەنەدانی خاوەن مڵکەکان و بژاردە ئایینییەکان (شێخەکان) و پەرەنەسەندووییی ناوچەیی ڕادەکێشا. سەرەڕای هەوڵەکانی حکوومەت لە پێناو سەرکوتی پێکهاتە ئایینی ئایینی و سیاسییە نەریتییەکان لە ناوچە کوردییەکاندا، باشووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ئاناتۆلیا لە پەراوێزەکانی کۆمارەکەدا مانەوە.

کاتێک لە 1950دا گۆڕانکاری بەرەو سیستمی چەندحیزبی هاتە ئاراوە، ئایین وەکوو پلاتفۆرمێک بۆ ئەو حیزبە سیاسییانە کە دژایەتیی لەرابەدەربوونی سێکۆلاریزمیان دەکرد، گەڕایەوە گۆڕەپانی سیاسی. یەکەمین حیزبی سیاسیی ئیسلامی لە سەرەتاکانی 1970کاندا دامەزرا و ئایدۆلۆژیگەلێک وەک بزووتنەوەی ئاسۆی نەتەوەیی (میلی گوروش) بە ڕێبەرایەتیی “ئەربەکان” و ئاوێتەبوونی ئیسلامی ـ تورکی بەرەبەرە بەردەنگی زۆرتریان دۆزییەوە. ئەگەرچی حیزبە ئیسلامییەکان لەم ساڵانەدا دەیانتوانی بێنە نێو بەرەی دەوڵەتییەوە، بەڵام کاریگەرییەکی کەمیان لەسەر سیاسەت هەبوو، چونکە ماوەی دەوڵەتەکانیان تا ڕادەیەک کورت بوو و تووشی کودەتای سەربازی دەبوون. سەرەڕای ئەمەش، لەگەڵ کودەتای سەربازیی 1980دا، ئیسلام لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی سەربازییەوە کە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکەی سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی دەستووری گشتی و شەڕ دژی کۆمۆنیزم بوو، گەڕایەوە گۆڕەپانی گشتی. ئەگەرچی چالاکییە ئیسلامییەکانیش لە ساڵە سەرەتاییەکانی ڕێژیمە سەربازییەکەدا تووشی بەربەست بوون، بەڵام ئیسلام ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا لە ئایدیۆلۆژیی فەرمیی دەسەڵاتە نوێیەکەدا. بەپێی “جێنکینز”، لەو ساڵانەدا، کۆمەڵگای تورکی بە خێرایی بەرەو هێڵێکی ئیسلامی – نەتەوەیی پاش کودەتا ڕۆیشت، ئەمەش خۆی لە زیادبوونی ژمارەی دەنگەکانی حیزبە نەتەوەیی و ئیسلامییەکان لە 10.1% ەوە لە 1987دا بۆ 16.9%لە 1991، 29.9% لە 1995، 34.9% لە 1999، 54% لە 2002 و 66.2% لە 2007دا دەبینییەوە. حیزبە سیاسییەکانی بزووتنەوەی ئاسۆی نەتەوەیی )حیزبی خزمەتگوزار (Welfare Party)، حیزبی چاکەکاری (Virtue Party)، حیزبی بەختەوەری( (Felicity Party) ، حیزبە مەیلەو ڕاستەکان (حیزبی نیشتمان (Motherland Party)، حیزبی ڕێگەی ڕاست (True Path Party)) و حیزبی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی( بڕبڕەی پشتی ئەم زیادبوونی پشتیوانییەیان لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیەدا پێک هێنا.

سەرەڕای ئەمەش، دواتر سەرهەڵدانی ئیسلامگەراکان لە 1990ەکاندا وەکوو مەترسییەک بۆ بژاردەی سیاسی و سەربازی سەیر کرا کە لە ئاکامدا کودەتای پۆست ـ مۆدێرنی 28ی فێوریەی 1997ی لێ کەوتەوە. جێگرەوەی بزووتنەوەی ئاسۆی نەتەوەیی، واتە ئا.کە.پە (AKP)، وەکوو حیزبێکی مەیلەو ڕاست سەری هەڵدا و حیزبەکانی بزووتنەوەی ئاسۆی نەتەوەیی، پشتیوانیی خۆیان لە پاش زنجیرەیەک قەیرانی ئابووری و سیاسی لەدەست دا و لە ئاکامدا، لە 2003 بەملاوە دەسەڵات لە دەستی AKP کۆبووەتەوە. لەگەڵ دەورانی ئاکپارتی، پەراوێزی پارێزگاریخواز، پشتیوانیی خۆی لە باڵی نێوەڕاستدا لە شکڵی دەوڵەتی تاکحیزبی کۆ کردەوە، ڕەوتێک کە بۆ 15 ساڵ هەر بەم شێوەیە مایەوە. لەم دەورانەدا، ئیسلامگەرایی بەرەبەرە بووە یەکێک لە ماکە سەرەکییەکانی دیسکۆرسی حکوومەتی.

ئاکپارتی لە ساڵە سەرەتاییەکانی دەسەڵاتداریی خۆی لە سەرەتاکانی 2000دا بە شێوەیەکی دەرهەست و بە ڕێزەوە لەگەڵ ڕێژیمە سێکۆلارەکە هەڵسوکەوتی کرد، ئەویش بە هۆی چاوەڕوانییەکانی یەکیەتیی ئورووپا و گوشاری هێزی سەربازیی تورکیە. سەرەڕای ئەمەش، کاتێک مەیدانی مانۆڕی لە ساڵی دواییدا زیاتر بوو، ئاکپارتی دەستی کرد بە جێبەجێکردنی سیاسەتە زیاتر ئاشکرا ئیسلامییەکان. ئاکپارتی لە کاتێک بەشی زۆری ئەو ئایدیۆلۆژییە ناسیۆنالیستییەی لە دەیەکانی ڕابردوودا پەرەی سەندبوو، ڕاگرتبوو، کەڵکی لە دیسکۆرس، کردار و دامەزراوە ئیسلامییەکان وەکوو سەرچاوەیەک بۆ پەرەپێدان بە کاریگەریی سیاسی و ئابووریی خۆی وەرگرت. ناوچەی کوردستان، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سیاسەتە بوو کە مەبەستی شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی حکوومەت، لە گۆڕەپانێکی لە باری سیاسییەوە پڕکێشمەکێشی، کێشە ئیتنیکی ـ ئایینییەکان بوو. ئەگەرچی ئەم سیاسەتە حکوومەتییە هەندێ جار بە گۆڕینی پارادایم، بەتایبەت لە دەورانی لیبراڵی دەسەڵاتی ئاکپارتیدا، بە ئەژمار هێنراوە، بەڵام من لەو بڕوایەدام کە پارادایمی کۆلۆنیال، بە درێژاییی ئەو دەورانە هەر زاڵ بووە و دیسکۆرسی ئیسلامیی یەکیەتی و برایەتی کە لە لایەن ئاکپارتییەوە پەرەی پێ دراوە، مانیفێستێکی سیاسەتی کۆلۆنیالە، لە دەستی دەوڵەتدارییەکی ئیسلامیدا. بەگشتی، ئەوەی ئاکپارتی لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی کورد خستیە ڕوو، گۆڕانێکی بنەڕەتی نییە لە پارادایمی حکوومەتی، بەڵکوو ئاڵوگۆڕێکی ستراتیژیکە بۆ بەکارهێنانی دیسکۆرسی ئایینیی یەکیەتیی برایەتی، لە پێناو بازدان بەسەر سروشتی ئیتنیکی ـ سیاسیی پرسی کورددا.

“برای کوردی موسوڵمانم”: ئیسلام وەکوو ئامرازێکی دەوڵەتداری و ڕەواییدان بە سیاسەتی توندوتیژیی حکوومەتی

دەسەڵاتی کۆلۆنیالی حکوومەتی تورکیە لە ناوچە کوردییەکاندا، دەکرێ لە زۆر بواری دامەزراوەکەدا و لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا ببینرێت. ئەوەی “بەدرخان” لە دیاربەکر دەیبینێت، دەکرێت بۆ سەرانسەری کوردستانی تورکیە ڕاست بێت: بە شێوەیەکی کۆلۆنیالی بەسەر دوو بەشدا دابەش کراوە، هەم لە ڕووی فەزا و هەم لە ڕووی دانیشتووانەوە. نزیک بە نیوەی شارە کوردییەکان بۆ کۆڵانە سەربازییەکان تەرخان کراوە، بۆ بینا سەربازییەکانی تایبەت بە بنەماڵەکانی سەربازەکان، مامۆستایان و کارمەندانی دەوڵەتی و هەروەها بۆ بەڕێوەبەرایەتیی فەرمانداری، شوێنگەلێک کە بە زۆری نزیک لە یەکتر دروست کراون و بە توندی لە ژێر پارێزگاریکردندان. بەشی دووهەمی ئەم دابەشکردنە، بەشێکی مردووە کە لەودا کەس ئاسایشی ژیانێکی نیە کە بە هۆی یاسا و شارۆمەندییەوە پارێزگاریی لێ کرابێت. ئەمە بارودۆخێکی بەردەوامی تایبەتە کە لەودا، کوردەکان لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامی سزاداندان، شتێک کە لە بەشەکانی تری تورکیەدا نابیندرێت.

ئەوە ڕاستە کە لە ساڵە سەرەتایییەکانی ئاکپارتیدا، هەندێ بەرەوپێشچوون لە پرسی کورددا هاوتەریب لەگەڵ بەرەوپێشچوونەکانی تر لە کۆمەڵگا بە گشتی ڕووی دا. زۆرێک لە شارەزایان ئەمەیان وەکوو گۆڕانکارییەکی پارادایم سەیر کرد و پێیان وابوو کە ئەو مۆدێلەی تورکیە، نموونەیەکی دێموکراسیی ئیسلامییە. لە هەمان حاڵدا، گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییانە لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و ڕۆڵی سەرهەڵدانی کوردی لە هەر دوو وڵاتی سوریە و عێراق ئاشکرای کرد کە نەتەنیا ئەو مۆدێلەی تورکیە نموونەیەک نیە، بەڵکوو درێژەیەکە لە سیاسەتی دەوڵەت ـ نەتەوە لە ژێر دەسەڵاتی هەم ڕێژیمە سێکۆلارەکان و هەم ڕێژیمە پارێزگاریخوازەکاندا. لە کەیسی کورددا، سیاسەتی ئیسلامگەرایی نەک مانای دابڕان لە سیاسەتەکانی حکوومەتی کۆلۆنیال نیە، بەڵکوو زیاتر گەڕانە بەدوای ڕێگەی نوێ لە پێناو سەپاندن و ڕەواییدان بەو دەسەڵاتە کۆلۆنیالەی لە ئارادایە.

لە ڕێگەی چەندین نموونەی دیسکۆرس و سیاسەتی کۆلۆنیالی نێوخۆیی لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکپارتیدا، ئەم بەشە شیکاریی ئەوە دەکات کە تا چەند ئیدەی یەکیەتیی ئیسلامی (ئۆممە) و برایەتی، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی حکوومەتی تورکی دەکات. پێم وایە  کەڵکوەرگرتن لە دیسکۆرس و سیاسەتی ئایینی، ئامرازێکی ڕەواییدانە بۆ حکوومەت، کە جەخت لەسەر باوەڕی هاوبەشی ئایینی بە ئیسلام، کە تورکەکان و کوردەکانی پێکەوە یەکخستووە، دەکاتەوە.

دیسکۆرسی ئیسلامی هەروەها دەرەتانێکی بۆ ئەو یاریکەرە خۆجێییانەی کە دەیانەوێ لە سامانی دابینکراوی دەوڵەتی و ناسراوی سیاسی کەڵک وەرگرن، پێکدەهێنێت. حکوومەت، هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردنی بەرهەڵستکارە سیاسییەکانی، ئۆلگوویەکی جێگرەوەی نزیکایەتی لە هاوڵاتییە کوردەکان دەخاتە ڕوو، ئۆلگوویەک کە تایبەتمەندییەکەی ڕەتکردنەوەی کوردبوونە وەکوو فۆرمێکی تایبەتی گرێدراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی. سەرەڕای ئەمەش، تەئیدکردنی شوناسێکی ئایینی کوێرکوێرانەی ئیتنیکی لە لایەن ئەم دیسکۆرسە نوێیە حکوومەتییەوە بەدەر نیە لە پێشداوەریی ناسیۆنالیستی، هەروەک لە لایەن “هودا ـ پار”ەوە لە یەکێک لە وتووێژەکانی جەختی لەسەر دەکرێتەوە:

کێشەیەکی تر ئەوەیە کە ئەگەر بە قەدەر پێویست بچینە قووڵاییی پرسەکەوە، بەو ئاکامە دەگەین کە زۆربەی ئیسلامگەرا ڕادیکاڵە تورکەکان، لە ڕاستیدا ناسیۆنالیستیشن. من باسی ناسیۆنالیستەکان ناکەم. ئیسلامییەکان بەو جۆرەن. دەزگایەکی درۆدۆز لە ئیسلامگەرایەکی تورک ببەستە و ناوی شوێنگەلێک وەک عەرەبستان، تورکەمەنستان، تورکستان، کوردستان، ئازەربایجانی بۆ ڕیز بکە. هەر کە دەڵێی کوردستان، دڵیان بە تووڕەیی لێدەدات و دەزگاکە پەرچەکردار دەنوێنێ. تورکەکان لەم پرسەدا دەمارگرژن.

لێرەدا، ئەمن پێم وایە کە سیاسەتی ئاسیمیلاسۆنی حکوومەتی، فۆرمێکی نوێی بەخۆیەوە گرت کە لەودا، دەکرێ کوردستان بە بوونی ئایینی بەهێز و، لە کاتێکدا ئێستدلالە سیاسییەکانی بە هۆی دیسکۆرس و سیاسەتی ئایینییەوە دەردەبڕێت، بوونی هەبێت. ئەگەرچی کە دێتە سەر باسی مافە سیاسی و بەکۆمەڵەکانی کورد، ئەمە پێشکەوتن نیە، بەڵام چەندین هاندەر لە ئارادایە کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم دیسکۆرس و سیاسەتە لە ناوچە کوردییەکاندا جێی خۆی بکاتەوە. یەکەم، کوردەکان لەدوای چەندین دەیە توندوتیژی و جیاوازی دانان لە تورکیەدا، هەژار کراون و بە دەگمەن ستراتیژیی زیندوومانەوەیان هەیە. هەر بۆیە، ڕەتکردنەوەی کوردبوون وەکوو شوناسێکی سیاسی یان لانیکەم بوون بە کەسێک کە لە باری ئیتنیکییەوە کوێرە، هەندێ دەرەتان بۆ ئەو کەسانە دەدا بە دەستەوە کە جێگرەوەیەکی دیکە شک نابەن. ئەوە بوونێکی سیاسیی بە تەواوی نوێ نیە، بەڵکوو “هێڵێکی خەباتە” لە وشەکانی “دێلووز و گواتاری”، کە لەودا کوردەکان، بە نرخی لەدەستدانی بوونی سیاسیی کوردی و ئاواتە نەتەوەییەکانیان، ستراتیژییەکی نوێی زیندوومانەوە لەدەست توندوتیژیی حکوومەتی دەدۆزنەوە. دووهەم، ئەو کوردانەی لە قەراخ شارەکاندا دەژین، هێشتا دەژمارگرژی ئایینییان تێدایە کە خۆی لە پارێزگاریخوازیی کۆمەڵایەتی، نەریتە گشتپەسندەکان یان وەفاداری بە بژاردە ئایینییە خۆجێیییەکانی وەک شێخەکان دەردەخات. ئەو هەڵوێستە ئایینییە کە لە لایەن بەرپرسە حکوومەتییەکانەوە گیراوەتە بەر، ئەو قازانجەی بۆ ئەو کەسانە هەیە کە تا ڕادەیەکیش بێت سوود لەم وەفادارییەیان ببینن، بەتایبەت ئەگەر باسی نەوەی کۆن بکەین. ئەم سیاسەتە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بووەتە هۆی زۆربوونی دژایەتی و کێشمەکێشم لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، وەک ئایینی و سێکۆلار، لاو و پیر، شاری و گوندی، و خوێندەوار و نەخوێندەوار. لە کۆتاییدا، دامەزراوە ئیسلامییەکان، ڕۆڵێکی گرینگیان لە دیاردەی ڕادیکاڵیزەبوونی ئایینی کە لە ناوچەکەدا دەبیندرێت، گێڕاوە. نەتەنیا حیزبوڵڵای کوردی، بەڵکوو زۆر دامەزراوەی دیکەی وەک لایەنگرانی حکوومەتی ئیسلامی و ئەلنوسرە (IS) کە دامەزراوە مەدەنییە کۆمەڵایەتییەکانی لە دەستپێکی شەڕی سووریەوە لە نێو لاواندا زۆر چالاک بووە، ڕۆڵیان گێڕاوە. ڕۆڵی دەوڵەت لە پرۆسەی ڕادیکاڵیزاسیۆن، لە زۆر ئاستدا یەکجار گرینگە. هەروەها، هەژاریی شاری کە لە نێو ئەو کوردانەی بە زۆر ڕاگوێزراون زۆر زەقە، نەتەنیا لە تورکیە بەڵکوو لە زۆر وڵاتی دیکەی زۆرینە موسوڵماندا، یەکێکی دیکە لە دنەدەرە سەرەکییەکانی پشت ڕادیکاڵیزاسیۆنە. سەرەڕای ئەمەش، هەژاریی شاری بە تەنیا نابێتە هۆی ڕادیکاڵیزاسیۆنی ئایینی یان سێکۆلار، بەڵکوو هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک هۆکاری دیکەی وەک نایەکسانیی پێکهاتەیی، توندوتیژیی حکوومەتی و سیاسەتی حاشاکردن کاریگەری دەبێت.

کەمپەینی ئاکپارتی بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە ژوئەنی 2015دا نموونەیەکی زۆر زەقی کەڵکوەرگرتن لە دیسکۆرسی ئایینییە وەکوو ئامرازێکی ڕەواییدان لە ناوچە کوردییەکاندا. هەڵبژاردنەکانی 7ی ژوئەنی 2015 نەتەنیا خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی دێموکراسی لە تورکیە بوون، بەڵکوو دەستپێکی وەرسووڕانێکی خێرا و زۆربوونی لەرادەبەدەری توندوتیژی بوون، ئەویش پاش ئەوەی ئەردۆغان لە فێوریەی 2015دا بەرەنجامەکانی ڕێککەوتننامەی “دوڵماباچای” (the Dolmabahçe Agreement) هەڵوەشاندەوە. لە کاتی کەمپەینەکەدا، کەڵکوەرگرتن لە دیسکۆرسی ئایینی گەیشتە لووتکەی خۆی. یەکێک لە لایەنە سەمبۆلیکەکانی کەمپەینی ئاکپارتی، کەڵکوەرگرتن لە وەرگێڕانی کوردیی قورئان لە پێناو کەمکردنەوەی کاریگەریی نێگەتیڤی ڕاوەستاندنی پڕۆسەی ئاشتی بوو. ئوردۆغان بە وەڕگێڕانی کوردیی قورئان لە دەستیدا، بۆ خەڵک لێدوانی دەدا و ستایشی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئایینی (دیانەت)ی دەکرد کە قورئانەکەیان وەرگێڕابوو و هەروەها ڕەخنەی لە هێرشی حیزبی دێموکراتی خەڵک (People’s Democratic Party – HDP) بۆ سەر “دیانەت” دەگرت. ئەگەرچی وەرگێڕانەکە تەواو نەکرابوو و لەو کاتەدا هێشتا پێداچوونەوەی مابوو، دە هەزار کۆپی لێی بۆ هەڵبژاردنەکە چاپ کرا و لە نێوان ئەو ئیمامانەی کە بە زۆری دامەزراوەی دەوڵەت لە ناوچە کوردییەکان بوون، دابەش کران. باسکردن لەسەر ئەم مەسەلەیە درێژەی هەبوو، ئەندام پارلەمانی هەدەپە و پڕۆفسۆری توێژینەوە کوردییەکان “کادری ئیڵدریم” ڕایگەیاند کە “دیانەت” داوایان لە ناوبراو کردبوو کە بە وەرگێڕانەکەدا بچێطەوە، بەڵام کتێبەکە دواتر بەبێ پێداچوونەوە و لەبەر ئامانجی سیاسی نزیک لە هەڵبژاردنەکان چاپ کرابوو. ستراتیژیی ئاکپارتی لەم هەڵبژاردنانەدا شکستی خوارد و، هەدەپە زۆرینەی دەنگەکانی لە ناوچە کوردییەکان و لە نێوان کوردە مەزهەبییەکاندا بەدەست هێنا.

ئەمە یەکەمین جار نەبوو کە ئەردۆغان، ئاکپارتی و لایەنگرانیان لە ڕاگەیەنەکاندا کەڵکیان لە دیسکۆرسی ئایینی بەرامبەر کوردەکان وەرگرتبوو. کەڵکوەرگرتن لە ئیدەی ئۆممە، نموونەیەکی تری هەوڵەکانی ڕەواییدان بە دەسەڵاتی حکوومەتی و ناوزڕاندنی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە ڕێگەی سەرچاوە ئاینییەکانەوە بوو. لە ماوەی کەمپەینی ئەو هەڵبژاردنانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دان، ئەردۆغان باوەڕی خۆی بەو جۆرە دەربڕی: “برا موسوڵمانە کوردەکان بە ئایینەکەیان وەفادارن و لە هەڵبژاردنەکاندا وڵامی پێویست بە سیاسەتڤانە “زەرتەشتییەکان” (واتە هەدەپە) دەدەنەوە.” ساڵێک دواتر، سەرۆک کۆماری تورکیە کاتێک پاش چوار مانگ حکوومەتی سەربازی و خاپووربوونی ناوچەی “سوور” لە مانگی مای 2016دا سەردانی دیاربەکری کرد، لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ دامەزراوە ئیسلامییەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا ڕایگەیاند کە بەڵگە هەیە کە ئەندامانی هەدەپە زەرتەشتی و کافرن و داوای لە “برا موسوڵمانەکانی” کرد کە لە نێوان ئەمبەر و ئەوبەردا هەڵبژاردنی دروستی خۆیان بکەن. ئەم بڕیارە بۆ هەڵبژاردن بە تەواوی لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کورددا جێی گرتووە، کاتێک لە لایەن سیاسەتمەداران، کارمەندان، هێزە ئاسایشییەکان و ئەو دامەزراوانەی کۆمەڵگای مەدەنی کە لایەنگری دەوڵەتن، بەردەوام داوایان لێ دەکرێت کە خۆیان لە شوناسی سیاسیی کوردی بەدوور بگرن و بچەسپن بە جۆری خوێندنەوەی حکوومەتییەوە کە بە پێی ئەم خوێندنەوەیە، پەکەکە و هەدەپە نوێنەرایەتیی کورد ناکەن و “کوردی باش”یش هەیە کە پشتیوانی لە “تیرۆریزم” ناکەن. هەروەها بانگەشە کرا کە تورکەکان و کوردەکان هەموویان برایانی یەک ئۆممەن. لە ماوەی کاری مەیدانیمدا لەگەڵ دامەزراوە ئیسلامییەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا، زۆر جار ڕووبەڕووی ئەم خوێندنەوەیە بوومەوە و بەو ئاکامە گەیشتووم کە زۆربەی خەڵکی کورد بە نیسبەت ئەم جۆرە جیاکاری و مەرجبەندییە وشیارن. ڕستەی “من کوردێکی موسوڵمانم و پشتیوانی لە پەکەکە ناکەم” کە جەختکردنەوەیە لەسەر شوناسی ئیسلامی و دژایەتیی بزووتنەوەی کوردی، دەبێتە هێڵێکی خۆپەڕینەوە بۆ ئەو کوردانەی کە هەوڵ دەدەن خۆیان لە شەرمی کوردبوون ڕزگار بکەن و خوێندنەوەیەک لەسەر بنەمای برایەتی و یەکیەتیی ئیسلامی هەمدیسان بەرهەم بهێننەوە.

جیاکاری لە نێوان کوردی باش و کوردی خراپدا، خۆی لە خۆیدا بە هۆی دیسکۆرسێکی ئیسلامییەوە دەردەکەوێ؛ دیسکۆرسێک کە تێیدا تورکبوون بە ئاشکرا و نائاشکرا سەردەستە، لە کاتێکدا کوردبوون نادیارە یان کراوەتە شەرم. لە ئاکامدا، ئەگەرچی حاشاکردنی فەرمیی هەبوونی کوردی کۆتایی پێهاتووە، لەبەر ئەوەی ئیدی لەگەڵ وەها حاشاکردنێک هەڵناکرێت، بەڵام حاشاکردن لە پرسی کورد وەکوو پرسێکی ئیتنیکی ـ سیاسی، لە دەورانی ئاکپارتیدا، بەستێنی نوێی دۆزیوەتەوە، ئەویش بە هۆی کەڵکوەرگرتن لە خوێندنەوەی ئیسلامی کە لەسەر دیسکۆرسێکی یەکیەتی و برایەتی دامەزراوە. سەرەڕای ئەمەش، ئەم برایەتییە پێویستی بە لێڕوانینێکی کوێرکوێرانەی ئیتنکی لە هەمبەر بوونی خودی خۆی و هەروەها سەلماندنی وەفاداری لە هەر دەرەتانێکی لواودا هەیە. ئەم وەفادارییە خۆی بە باشی لە نموونەکانی دامەزراوە ئیسلامییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکانی لایەنگری حکوومەت لە ناوچە کوردییەکان نیشان دەدات.

لێرەدا چەند نموونەیەک لە دامەزراوە ئیسلامییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هاوپەیمانییان لەگەڵ ئاکپارتی لە 15 ساڵی ڕابردوودا دەخەمە ڕوو. داتاکان لە ماوەی دوو ساڵ کاری مەیدانی لە شارە کوردییەکان، لەوانە چاودێریی بەشداربووان و وتووێژ لەگەڵ ئەندامان، ڕێبەران و ئەوانەی وەرگری خزمەتگوزاری و چالاکییەکانی دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بوون، کۆ کراونەتەوە.

لە سەرەتاکانی دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەم و یەکەمدا، ناوچە کوردییەکان شایەتی زۆربوونێکی خێرای ژمارەی دامەزراوە ئیسلامییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە بوارەکانی یارمەتی مرۆیی، فێرکاری، خانوو بۆ قوتابیان، مافەکانی مرۆڤـ و پەرەپێدان بوون. زۆربەی ئەم دامەزراوانەی کە لە ناوچە کوردییەکان چالاکن سەر بە هەندێ حەڵقەی ئیسلامین کە پێش لە دامەزراوەی ئاکپارتیش هەبوون. لە کاتێکدا ژمارەیەکیان لقی لۆکاڵی گرووپە ئیسلامییە تورکییە سەرانسەرییەکانی وەک “بنیاتی ئەنسار”، “عیلم یەیما جەمعییەت” و “بزووتنەوەی گولەن”ن، زۆرێکی دیکەیان سەر بە حیزبوڵڵای کوردی و گرووپە ئیسلامییە کوردییەکانی دیکەن کە لە باڵی نێوەڕاست تا توندڕەویان تێدایە وەک “پلاتفۆرمی ئوزێ دونووش” ،(Öze Dönüş Platformu) ، “ئەنجوومەنی ئایدەر و موستەزەفلەر” ئەگەرچی ئەو دامەزراوانەی کۆمەڵگای مەدەنی کە سەر بە گولەن بوون، لە لایەن ئاکپارتییەوە زۆرترین یارمەتی کران، پێش لە یەکەمین تێکهەڵچوونی نێوانیان لە 2013دا، زۆربەی ئەم دامەزراوانە سوودیان لە جۆرە جیاوازەکانی پشتیوانیی حکوومەتی لە لایەن دەسەڵاتی ئاکپارتییەوە بینیوە. نموونەی بەرنامەی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی (the Social Support Programme (SODES)) ئەم سیاسەتە ڕوون دەکاتەوە. SODES بەرنامەیەکە بە مەبەستی پەرەپێدان داڕێژراوە و سەرنجی لەسەر ناوچە هەژارەکان و حەشیمەتی کەم نوێنەرە. لە هەمان کاتدا، هانی تاکەکان، دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کاسبییە بچووکەکان دەدا تا خۆیان لەگەڵ سیاسەتی نیولیبراڵ بگونجێنن و جۆرێکی پارێزگاریخوازانە لە بەرهەمهێنانی کار بخولقێنن. دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کە سەر بە گولەن بوون، بۆ ساڵانێکی زۆر، زۆربەی یارمەتییەکانی SODESیان وەرگرت، لە سەرانسەری ناوچە کوردییەکاندا پەرەیان سەند، لە نێو لاوانی کورددا ئەندامگیرییان کرد و ئادیۆلۆژییەکی ئیسلامیی نەرم و ناسیۆنالیزمیان پەرە پێدا. لە پاش یەکەمین بەریەککەوتنی ئاکپارتی و گولەن لە کۆتاییەکانی 2013دا، پڕوژەی SODES بەرەو دامەزراوەکانی دیکەی کۆمەڵگای مەدەنی ئاراستەی خۆی گۆڕی، لەوانە ئیسلامگەرا کوردەکان کە خۆیان لەگەڵ سیاسەتەکانی حکوومەت ڕێکدەخست و پەیوەستی “پلاتفۆرمی ویستی نەتەوەیی” یان “پلاتفۆرمەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی ئیسلامیی لۆکاڵ” بوون.

ئەم پلاتفۆرمانە کە لە لایەن دامەزراوەی ئاکپارتییەوە داهێنرابوون یان هان درابوون، وەکوو تاقیکارییەکی چارەنووسساز بۆ ئەو دامەزراوانەی کۆمەڵگای مەدەنی کە ئەندامانیان سوودیان لە جۆرە جیاوازەکانی پشتیوانیی ماڵی و سیاسی بینیبوو، خزمەتی دەکرد. حکوومەت لە هاوپەیمانییەکە کەڵکی وەرگرت بۆ پەرەپێدانی دیسکۆرسی یەکیەتی و برایەتی و بەلاڕێدابردنی خەڵک لە ڕێی دامەزراوە سیاسییەکانی لایەنگری کورد. پێویستە جەخت بکرێتەوە کە پرۆگرامگەلێکی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی وەک SODES زیاتر پەرەیان بە دامەزراوەگەلێکی سیاسی و ماڵی بەستراوە دا، تا ئەوەی هێز بە یاریکەرە مەدەنییەکان ببەخشن و یارمەتیدەری ئەو کارخولقێنەرانە بن کە ئەجێندای سەربەخۆیان بۆ بزووتنەوەی جەماوەری  و وەگەڕخستنیان دەبوو. ئابووریی سیاسی، هەر وەک چۆن لە دەیەکانی پێشوویشدا هەر وا بووە، وەکوو ئامرازێکی کۆلۆنیال لە لایەن دەسەڵاتی هێژمونیکەوە کەڵکی لێ وەردەگیرا.

رووداوی لەدایکبوونی پیرۆز (Kutlu Doğum) کە لە لایەن عاشقانی پێغەمبەر (Peygamber Sevdalıları Platformu) سەر بە پلاتفۆرمی لایەنگرانی حیزبوڵڵا ڕێک خرا و، هەروەها جەژنگرتنی داگیرکردنی پیرۆزی دیاربەکر، پێتەختی سەمبۆلیکی سیاسەتی کوردی، دوو نموونەنەی پەرەپێدانی ئیسلامی سیاسی لە گۆڕەپانی گشتیی کوردیدان. یەکەمینیان بووە ڕووداوێکی گشتیی بەرچاو بۆ ئەو گرووپە ئیسلامییە کوردییانەی کە لە شەڕی نێوخۆیی 1990ەکاندا بەشدارییان کرد و بە کوشتنی زیاتر لە هەزار خەڵکی مەدەنیی کورد، پشتیوانییان لە حکوومەت کرد. حیزبوڵڵای کوردی بۆ دوو دەیە بە نهێنی کاری کرد، بەڵام لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا لە ڕێگەی دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و حیزبی سیاسییەوە (Hüda-Par) لە گۆڕەپانی گشتیدا دەرکەوت. ئەوان لە سەردەمی شەڕدا خۆیان وەکوو وەفادار بە حکوومەت سەلماند، ئەگەرچی بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی جیاوازی خۆیانیان هەیە. هاوپەیمانی لە نێوان حکوومەت و ” Hüda-Par” ڕەنگدانەرەوەی ستراتیژیی حکوومەت لەم گۆڕەپانە سیاسیە پڕکێشمەکێشەدا بوو، ستراتیژییەک کە تێیدا گرینگی دەدرا بەوەی کە کێ پشتیوانی لە ئەجێنداکەیان دەکات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئایا ئەوان هاوپەیمان بەڕاستی یان هاوبەشی ستراتیژیک بوون یان نا. هاندەری سەرەکی لێرەدا، باڵانسی هێزەکان و دابەشکردنی کۆمەڵگای کوردییە کە لە ژێر کاریگەریی یەک سەدە سەرکوت و سیاسەتی کۆلۆنیالدایە.

یەکەمین جێژنی داگیرکردنی پیرۆزی دیاربەکر لە لایەن دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی سەر بە حیزبوڵڵا لە مای 2016دا بەڕێوەچوو، کاتێک کە حکوومەتی سەربازیی چوار مانگە لە ناوچەی مێژووییی “سوور” تازە کۆتایی پێهاتبوو و هێشتا خاپوورکردنی بەربڵاوی کۆڵان و شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەو شوێنە بە باشی تۆمار نەکرابوون. خاپوورکردنی شارە کوردییەکان، شان بە شانی دروستکردنی هێژمۆنی دیسکۆرسیڤ هاتە ئاراوە، هێژمۆنییەک کە سەمبۆل و خوێندنەوەی جۆراوجۆر لە پێناو پاراستنی دەسەڵات و سیاسەتی کۆلۆنیالی حکوومەت بەرهەم دەهێنێت. لەدایکبوونی بەبەرەکەتی (حەزرەتی موحەممەد) یان جێژنی داگیرکردنی پیرۆزی دیاربەکر دەکرێ وەکوو نموونەکانی دژ بەو خوێندنەوەیەی لە لایەن حکوومەت و دامودەزگاکانیانەوە بەرهەم دەهێنرێت و پشتیوانی دەکرێت، هەژمار بکرێت. سەرۆک وەزیرانی ئەوکات، ئەحمەد داوود ئۆغڵوو، لە هەمان سەردەمدا سەردانی شارەکەی کرد و لە بەردەم مزگەوتی گەورەی شارەکە(Ulu Cami)دا لێدوانی دا، شەڕەکەی بە ئاماژە بە مێژووی هاوبەشی ئیسلام و ئیدەی یەکیەتی و برایەتی وەکوو داگیرکردنێکی پیرۆز وەسف کرد. لێدوانەکەی لە لایەن دامەزراوە ئیسلامییەکانی کۆمەڵگای مەدەنییەوە کە تێیدا بەشدار بوون، پێشوازیی لێ کرا و هەروەها لە سەرجەم کاناڵە تەلەفزیۆنییە لۆکاڵی و سەرانسەرییەکانەوە بڵاو کرایەوە. ئەم بەراوردکارییە، نەک بە ڕێکەوت نەبوو بەڵکوو پلانێکی ستراتیژیک بۆ بڵاوکردنەوەی خوێندنەوەیەکی هاوشێوە لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگادا بوو. کەوابوو، هێنانەئارای باسی داگیرکردنەکە هەڵبژاردنێکی هەرەمەکی نەبوو، بەڵکوو ستراتیژییەکی بە تەواوی کاربۆکراو بوو کە گۆڕدرابوو بە ڕووداوێکی گشتی کە تێیدا جەماوەر دەتوانن بەشداری بکەن، شایەتی بن و خوێندنەوەی حکوومەتی لەسەر شەڕێک لەگەڵ تیرۆر بەرهەم بهێننەوە، کە ئەمەش دەبێتە نیشانەیەکی دیکەی دەسەڵاتی کۆلۆنیالی.

“لەدایکبوونی بەبەرەکەت” و “داگیرکردنی پیرۆزی دیاربەکر”، لە ڕاستیدا وەکوو وڵامێک بە جێژنی سەری ساڵی کورد، نەورۆز، کە پێشوازیی زۆر بەرچاوی لێ کرابوو و ڕووداو و کۆبوونەوە کوردییە گشتییەکانی دیکە سەیر کرا. ئەمە پێمان نیشان دەدا کە هێژمۆنی حکوومەتی لە ئاستگەلی جیاوازدا دێتە ئاراوە و گۆڕەپانی سیاسی و گشتیی کوردی دەگۆڕێت بە گۆڕەپانێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسییە حکوومەتییەکاندا بگونجێ. شتێک کە ئەمن بە سیاسەتی کۆلۆنیال ناوی دەبەم چونکە مەبەستی ڕوونە و دەیەوێ ڕاستیی سیاسیی جەماوەری بەرەو لێڕوانینێکی پتر حکوومەت ـ تەوەر بۆ پرسی کورد بگۆڕێت. سەرسووڕهێنەر نیە کە هێنانەئارای باسی داگیرکردنەکە، لەگەڵ داڕماندنی بەربڵاوی ناوچەی “سوور” هاوکات دەبێت. کاتێک ئەمن شایەت بووم کە چۆن هێزەکانی ئاسایش ئەو خاپوورکردنەیان بە داگیرکردنی پیرۆز و مەیدانێک کە پاش شەڕێکی قورس لە 2016دا تێیدا سەرکەوتوو بوون، وەسف دەکرد، پێم وایە لێرەدا هاوتەریبییەکی بەهێز هەیە لە نێوان ئەو دیسکۆرس و سیاسەتەی کە حکوومەت و دامودەزگا لۆکاڵییەکانی بەرهەمی دەهێنن و بڵاوی دەکەنەوە.

SODES يان ڕووداوگەلێکی گشتی وەک “لەدایکبوونی بەبەرەکەت” یان “داگیرکردنی پیرۆزی دیاربەکر” تەنیا ڕێگەگەلێک نین کە بە هۆیانەوە حکوومەتی تورکیە و داموزگا لۆکاڵییەکانی دەیانەوێ کونتڕۆڵ و ڕەوایەتی خۆیانی پێ زیاد بکەن. نموونەگەلێکی دیکەی ئەم پەیوەندییە دووسەرەیە لە نێوان حکوومەت و هاوپەیمانە لۆکاڵییەکانیدا لە ئارادایە: سامانی دابینکراو لە لایەن حکوومەتەوە وەک “بیناسازی لە ڕادەی زۆر” و “پڕۆژە ژێربنەماسازییەکان” لە ئیختیاری پەیمانکارە لاوەکییە وەفادارە کوردەکاندا، ئەو پلەوپایە دامەزراوەییانەی دەدرانە ئەندامانی دامەزراوە ئیسلامییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، دەرکەوتنی تاک و دامەزراوە وەفادارەکان لە ئاستی گشتی و لە ڕاگەیەنە گشتییەکاندا، بەفەرمی ناسینی سیاسی و پشتیوانی لە لایەنگرانی حیزبوڵڵا (Hüda-Par) و دامەزراوە سیاسییەکانی دیکە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە حکوومەت، پێویستی بەم جۆرانەی هاوپەیمانی هەیە تا دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت و ڕەوایی بە کردەوەکانی لە ناوچەکە بدات. ئەم دامەزراوانەی کۆمەڵگای مەدەنی، گۆڕەپانی هەم فیزیکی و هەم سەمبۆلی بۆ حکوومەت دابین دەکەن، تا دەسەڵاتی کۆلۆنیی خۆی لە ناوچەی کوردستان بەرهەم بهێنێتەوە و بپارێزێت و ڕووبەڕووی هەستی سەرهەڵدانی کوردەکان ببێتەوە. ئەم هاوپەیمانییە نرخێکی بەرزی هەیە چونکە حکوومەت داوایان لێ دەکات وەفاداریی خۆیان لە گۆڕەپانی گشتی و ڕاگەیەنە گشتییەکاندا نیشان بدەن، دیسکۆرسی یەکیەتی و برایەتی بەرهەم بهێننەوە و بڵاو بکەنەوە و لە چەندین کاناڵدا و هەر کات پێویست بوو، پشتیوانی لە حکوومەت بکەن. ئەم سیاسەتە دەبێتە هۆی کێشمەکێشم و شەڕی زیاتر لە گۆڕەپانی گشتی و سیاسیی کوردیدا و پەرچەکرداری جۆراوجۆر و بەربڵاو لە لایەن یاریکەرە لۆکاڵییەکان و حیزبە سیاسییەکانی بەدواوە دەبێت.

ئاکامگیری

بە پشتبەستن بە پارادایمی کۆلۆنالیزاسیۆنی نێوخۆیی، ئەم وتارە ئیستدلالی کرد کە ئەم پارادایمە، بۆ شیکاریی سیاسەتی حکوومەتی تورکیە لە ناوچە کوردییەکان هەر لە دەستپێکی دەورانی کۆمارەکەوە، مانادارە. لەسەر بنەمای لەنێوبردنی پێکهاتە نەریتییەکان، سەرکوتکردنی توندوتیژ و سیاسەتی جیاوازیدانان، ئەم سیاسەتە، کوردستانی تورکیەی کردووە بە کۆلۆنییەکی نێوخۆیی، ئەمە سەرەڕای ئەو دیسکۆرسە ئاسیمیلاسیۆنییەی کە حاشای لە بوونی شوناسی جیاوازی کوردی کردووە. لە کاتێکدا ئەم پارادایمی کۆلۆنیالییە ماوەیەکە خەریکە دەبێتە جێی باسی دوایین توێژینەوەکان لەسەر پرسی کورد، ڕۆڵی سیاسەتی ئایینی لە هەوڵەکانی حکوومەت لە پێناو دامەزراندن و پاراستنی دەسەڵاتە کۆلۆنیالەکەیدا بە کەمی باس کراوە. ئەم وتارە هەوڵی دا بەرهەمێکی ڕەسەن لەم بوارەدا بخاتە ڕوو، ئەویش بە سەرنج خستنەسەر دەورانی ئاکپارتی و خستنە ژێر پرسیاری کەڵکوەرگرتن لە ئاماژە ئیسلامییەکان لە لایەن دەوڵەت و پشتیوانەکانی لە ناوچە کوردییەکاندا.

برایەتیی ئایینی و باوەڕی هاوبەش بە ئیسلام وەکوو ئامرازێکی ڕێکخستنی سیاسی و ڕەواییدان بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانیی بەشە پارێزگاریخواز و/یان ئیسلامییەکانی کۆمەڵگای کوردی لە لایەن دەسەڵاتی ئاکپارتییەوە کەڵکی لێ وەرگیراوە. یاریکەرە دەوڵەتییەکان و دامەزراوەکانی سەر بە دەوڵەت، بە جەختکردنەوە لەسەر شوناسی هاوبەشی ئیسلامیی خەڵکی تورک و کورد و، هەوڵدان بۆ ناوزڕاندنی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی کە بەحەسێب باوەڕی ئایینیی نیە، هەوڵیان دا لە ڕێگەی پشتیوانی لە نوێکارییەکانی کۆمەڵگای ئیسلامیی مەدەنی و پەرەدان بە دابونەریتی نوێ و جێژنی نوێی وەک “لەدایکبوونی بەبەرەکەتی حەزرەتی موحەممەد” و “داگیرکردنی پیرۆزی دیاربەکر”ەوە، کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی گشتی دابنێن و شکڵی نوێی پێ بدەن. ئەگەرچی لە نیگای یەکەمدا، ئەم نوێکارییانە وا دەردەکەوێت کە هاندەری بەشداریی زیاتر لە کاروباری دەوڵەتدایە، بەڵام خاڵی بەرامبەرەکەی سەرکوتی زیاتر و زیاتری دژبەرە سیاسییەکان و، وەپەراوێزخستنی زیاتری ئابووریی ئەو یاریکەرانە بووە کە لە دەرەوەی ئەم ڕایەڵەی لایەنگرییەدا بوون. بە کورتی، هەڵوێستی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئاکپارتی، خزمەتی بە بەهێزبوونی پێگەی دەسەڵاتی کۆلۆنیالی لە کوردستاندا کردووە.

تێگەیشتن لەم سیاسەتە پێویستی بە شیکارییەکی قووڵە. هەروەک لە وتارەکەدا ئاماژەی پێ درا، کاریگەرییە سیاسیەکەی لەسەر دەنگدانی خەڵک بەرتەسک بووە. لە هەمان کاتدا، ئەم سیاسەتە وڵام و خۆڕاگریی کوردەکانی لێ کەوتووە، وەک “نوێژکەرانی هەینیی مەدەنی” (Civil Friday Prayers) و شکڵگرتنی “کۆنگرەی دێموکراتیکی ئیسلامی” (the Democratic Islam Congress (DIK) و دامەزراوەی دیکەی ئیسلامیی کۆمەڵگای مەدەنی بە لایەنگری لە کورد، چەند نموونەیەکن کە پێویستە لەسەر کاریگەربوون و شوێندانەرییان، لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەسەر بکرێت. پتر لەمەش پێویستە بپرسرێت، تا چەند سیاسەتی ئاکپارتی لە ناوچە کوردییەکاندا توانی پەرە بە وەفاداری بە دەوڵەت و حکوومەتی تورکی لە نێوان جەماوەری خۆجێیی بدات؟ ئایا ئەم سیاسەتانە کاریگەرییان لەسەر کرداری ئایینی دانا و بوونە هۆی بەرزبوونەوەی ڕادەی پارێزگاریخوازیی ئایینی لە کۆمەڵگای خۆجێییدا و، بزووتنەوەی سیاسییە کوردییەکان چۆن لە بەرامبەر کەڵکوەرگرتنی سەرچاوە ئایینییەکان وەکوو ئامرازێکی ڕێکخستن پەرچەکرداریان نیشان داوە؟

سەرچاوە

گۆڤاری لێکۆڵینەوەکانی باڵکان و خۆرهەڵاتی نزیک

پەراوێز
[1]. Ö. S. Göral, ‘Enforced disappearance and
forced displacement in the context of Kurdish
conflict: loss, mourning and politics at the margin’,
Unpublished PhD Thesis, École des Hautes Études
en Sciences Sociales, Paris, 2017.
[2]. W. Zeydanlıoğlu, ‘Repression or reform? An
analysis of AKP’s Kurdish language policy’,in C.
Güneş and W. Zeydanlıoğlu (eds), The Kurdish
Question in Turkey: New Perspectives on Violence,
Representation and Reconciliation, Routledge,
London, 2014. pp. 162-185..
[3]. S. Ateş, ‘Oryantalizm ve Bizim Doğumuz’
[Orientalism and our east], Doğudan, 1, 2003.
ccessed Online (31.07.2018) : http://faculty.smu.
edu/sates/sabri_ates/Blog/Entries/2009/ 4/3_Oryantalizm_
ve_Bizim_Dogumuz_(Orientalism_
and_Our_East)%2C_Dogudan.