ئارامتر بخوێنەوە!

کورد و گرێبەستی تورکایەتی

مستەفا زەنگین

لە تورکیا و باکووری کوردستان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦دا، ١١٢٨ئاکادیمیسیەن لە مەڕ شەڕی سەر شەقامەکانی باکووری کوردستان کە لە نێوان پ.ک.ک و ئەرتەشی تورکیادا لەئارادا بوو، بەیاننامەیەکیان واژۆ کرد. ئەو بەیاننامەیە لە ژێر سەردێڕی “ئاکادیمیسیەنەکان بۆ ئاشتی” بڵاو کرایەوە، کە تێیدا ڕایانگەیاندبوو: “ئێمە پشتگیری لەم تاوانانە ناکەین”.  

زۆربەی  ئاکادیمیسیەنەکان کورد و چەپڕەوی تورک بوون. دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بەیاننامەیە، هەموو ئەو کەسانە لە سەر کار دەرکران. یەکێکیان ئاکادیمیسیەنێکی تورک بوو بە ناوی “بارش ئونلو”. بارش ئونلو لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئانکارا مامۆستا بوو و هەروەها وەک دۆستی کورد دەناسرێ. ناوبراو بە هاوکاریی هاوڕێیەکی دیکەی خۆی کتێبێکی لە سەر ئیسماعیل بێشکچی ئامادە کردووە.

ناوبراو هەروەها لە سەر ئەوەی کە لە کاتی ئیمتحانەکاندا، پرسیارێکی لە سەر پەڕتووکەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان داڕشتبوو، لە دادگادا دۆسیەی بۆ کرابوویەوە. ئەم ئاکادیمیسیەنە تورکە دوکتورایەکەی لە زانکۆی “بینگهامتوون”ی ئامریکا تەواو کردووە و، بە شێوەیەکی تایبەتی لە سەر کۆلۆنیالیزم و چالاکیی سپی پێستەکان کار دەکات. پێداچوونەوەی وەرگێڕانی تورکیی زۆر بەرهەم کە لە سەر کۆلۆنیالیزم نووسراون، لە ئەستۆی ئەو مامۆستایە بووە.

لەم دواییانەشدا لە ساڵی ٢٠١٨ هەر لەم چوارچێوەیەدا، پەڕتووکێکی ناوبراو لە ژێر ناوی “گرێبەستی تورکایەتی: پێکهاتن، کارکردن و کێشەکەی” بڵاو کرایەوە. لەم نووسینەشدا هەوڵ دەدەم بە کورتی ئاماژەیەک بەم پەڕتووکە بکەم.

بارش ئونلو لە بەشی یەکەمی پەڕتووکەکەیدا لە سەر مژاری “بیرکردنەوە لە سەر سپی پێستی” دەنووسێ و سەڕنجی خوێنەر دەخاتە سەر خەباتی سپی پێستەکان و هەڵویست و هزری نووسەرە ناودارەکانی ڕەش پیستی وەک “فرانتس فانون”، “ئستۆکلی کارمیشل” و “ئستێو بیکۆ”. بارش ئونلو هزری خۆی لە پەڕتووکی “گرێبەستی تورکایەتی” لە سەر هزری “گرێبەستی نژادی”ی  فیلسۆفی ڕەش پێست “چارلز و. میڵس” دەئافرێنێ.

بە پێێ هزری “میڵس” لە نێوان سپی پێستەکاندا لە دژی ڕەش پێستەکان، ڕێککەوتنی “فۆرمەل” و “ئین فۆرمەل” هەن و، کۆی ئەم ڕێککەوتننامانە “گرێبەستی نژادی” پێک دێنن. ئامانجی بنەڕەتیی ئەم گرێبەستەش ئەوەیە کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک، سپی پێستەکان لە دژی غەیری سپی پێستەکان بە کار بێنێ و  بیانکاتە خاوەن ئیمتیاز.

 بە پێی هزری ئونلو گرێبەستێکی بەم شێوەیە لە نێوان تورکەکانیشدا هەیە و دەنووسێ کە زۆر خاڵی هاوبەش هەن لە نێوان سپی پێستان و تورکیادا. ئەو دەیهەوێ ئەم خاڵە هاوبەشانە پێشان بدات کە لە ڕاستیدا لە سەر دەرفەت و ئیمتیازەکان بنیات نراون.

 بارش ئونلو لە بواری بەکارهێنانی چەمکی “گرێبەست” ڕادەگەیەنێ کە فکر و هزری بەکارهێنانی چەمکی “گرێبەست” بە پێی چەمکی “ئیدئولوژیی باڵادەست” کە زۆر بە کار دەهێنرێ، لە زۆر بواردا ڕەوشەکە بە باشی دەردەخات و ئاشکرای دەکات. هزری گرێبەست دەرفەت دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی کە بتوانین چینی خوارەوەی کۆمەڵگاش وەک کردار و چالاکییەکانیان هەڵسەنگێنین. چونکە چینی خوارەوەش بە هۆی بەستراوەیی خۆی بە نەتەوەی باڵادەست دەرفەت دەبینێ کە بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێ و لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات سوود وەربگرێ. بەڵام چەمکی “ئیدئولۆژیی باڵادەست” تەنیا چینی سەرەوە و باڵادەست وەک چالاک پێشان دەدات و لە ڕێکخستنەوەی چالاکییەکانی “تورکایەتی”ی، چینی خوارەوە وەک پاسیڤ و هەتا دەکرێ بڵێین کە وەک “بێ تاوان” نیشان دەدات. نووسەر هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە هەموو تورک بە شێوەیەکی چالاک بەشداری “گرێبەستی تورکایەتی” نابن، بەڵام لەم گرێبەستە بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز و دەرفەت سوود وەردەگرن.   

بە پێی ڕوانگەی نووسەر، لە چینی سەرەوە تا چینی خوارەوە، لە کارمەندەکانەوە بگرە هەتا کرێکار و زەحمەتکێشان، لە پیاوانەوە بگرە تا ژنان، لە لایەنە سیاسییەکانی دەسەڵاتەوە تا دەگاتە لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیون، لە دیندار و ڕاستڕەوەکانەوە بگرە هەتا سکۆلار و چەپڕەوەکان، بە گشتی لە نێوان هەموو تورکەکاندا لە دژی کورد “گرێبەستێکی نهێنی/سەمبۆڵیک” هەیە و، هەموو تورکێک بە شێوەیەکی خاوەن ئیمتیاز، سوود لەم گرێبەستە وەردەگرن. بە وتەی نووسەر، ئەو گرێبەستە شتێکی وەهایە کە لە سەرەوەی ئیدئۆلۆژییەکانەوەیە و، ئیدئولۆژیی جیاواز لە نێوان تورکەکان لە سەر بنەمای ئەم گرێبەستە لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوە. 

دەکرێ بە کورتی بڵێین کە هەر کاتێک مژار دەبێتە “کورد” یان دەبێتە “مافی نەتەوەییی کورد”، هەموو تورکێک بە شێوەیەکی رێککەوتن، بە پێی ئەم گرێبەستە کار دەکەن. ئەم گرێبەستە، گرێبەستێکی نووسراوەی تورکیای مۆدێرن نییە، بەڵام بە پێی وتەی نووسەر، باندۆر و کاریگەریی ئەو گرێبەستە زیاترە لە گرێبەستی نووسراوەیی و فەرمی.

نووسەری ئەم پەڕتووکە ئاشکرا دەکات کە “گرێبەستی تورکایەتی” لە چوارچێوەی دوو ڕەوشی ئەرێنی و نەرێنیدا پێک دێت و، هەم ئیمتیاز و هەمیش باڵادەستی دەداتە هەموو تورکێک. لە ڕەوشی پۆزەتیڤدا تورکەکان چۆنیان پێ باش بێ، دەتوانن بە هەمان شێوە کوردەکان ببینن و لێیان تێبگەن و گوێیان لێ بگرن و هەستیان پێ بکەن و تامەزرۆیان بن. لە مەڕ ڕەوشی نێگەتیڤیش تورکەکان چۆنیان پێ باش بێ، دەتوانن بە هەمان شێوە کوردەکان نەبینن و لێیان تێنەگەن و گوێیان لێ نەگرن و هەستیان پێ نەکەن و تامەزرۆیان نەبن. بەڵام لە هەرهەلومەرجێکدا ئەم دوو ڕەوشە نیشانەی باڵادەستی و دەسەڵاتداریی تورکەکانن.  

یان باشترە بڵێین ئەگەر تورکەکان بیانهەوێ كوردەکان ببینن یان نەبینن، لێیان تێبگەن یان تێنەگەن، گوێیان لێ بگرن، یاخود نەگرن، یانیش هەستیان پێ بکەن یان نا و… هتد، لە ڕاستیدا ئەوەی کە ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەوان ئەم باڵادەستی و دەسەڵاتەیان هەیە کە ببن بە دیاریکەری ڕەوشە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکان.  بەڵام نووسەر دەستنیشان دەکات کە دوای ساڵی ١٩٦٠ واتە لەگەڵ بەهێزبوون و گەشانەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەییی گەلی کورد لە دژی دەسەڵاتداری و باڵادەستیی تورکەکان، “کێشەی تورکایەتی” دەستی پێ کردوە.

  بە تایبەتی سەبارەت بە ڕەوشی نێگەتیڤ “تورکایەتی” لەگەڵ کێشەگەلێک بەرەوڕوو بووە. لەگەڵ دامەزران و بەهێزبوونی بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد، ئەو ڕەوشە نێگەتیڤەی کە کورد تێیدا نەدەبینرا و نەدەبیسترا و هەستی پێ نەدەکرا، لەنێو چوو و، کێشەی “تورکایەتی”ش قووڵتر بوویەوە، چوونکە لەمەوبەدواوە تورکەکان هەرچەندیش بیانهەوێ، ناتوانن کە کوردەکان نەبینن و گوێیان لێ نەگرن و لێیان تێنەگەن و هەستیان پێ نەکەن.

وەک وتەی کۆتایی لە مەڕ ئەم پەڕتووکە دەمهەوێ بڵێم کە نووسەر بەر لە مژاری “گرێبەستی تورکایەتی” و بابەتگەلی گرێدراو بەم گرێبەستەوە، باس لە دوو گرێبەستی دیکەش واتە “گرێبەستی عوسمانیەتی” و “گرێبەستی موسڵمانیەتی” دەکات.

بە کورتی “گرێبەستی عوسمانیەتی” باس لە دوو شت دەکات: ئیمپراتوریی عوسمانی لە کۆتاییی سەدەی ١٨ و سەرەتای سەدەی ١٩ ئیتر لە کۆتاییی تەمەنی خۆی نزیک دەبوویەوە و بۆ ئەوەی ئەم ئیمپراتۆرییە لە سەر پێی خۆی ڕابوەستێ، لە زۆر بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و چاندی و یاسایی و نیزامیدا ریفۆرمی پێک دەهێنا.    

لە رێگای ڕیفۆرمەوە دەیانهەویست کە لە نێوان ئیمپراتۆریی عوسمانی و لایەنەکانی دیکەدا گرێبەستێک دروست بێ. بەڵام ئەو گرێبەستە کە وەک “گرێبەستی عوسمانیەتی” پێناسە دەکرێ، سەرکەوتوو نەبوو. دوای ئەمە، پاشای ئیمپراتوریی عوسمانی عەبدولحەمیدی دووهەم دژکردەوەی موسڵمانەکانی عوسمانی و ئیسلامی سیاسیی لە نێوان چینی نێوەنجیدا بەکارهێنا و ئەو گرێبەستە عوسمانییەی گۆڕی بۆ “گریبەستی موسڵمانیەتی”. لە ڕێگای ئەم گرێبەستەوە لە دژی زۆر کۆمەڵگای غەیری موسڵمان کۆمەڵکوژی ئەنجام درا و، ئەم کۆمەڵگایانە تێکدران. هەروەها ئەو “گرێبەستی موسڵمانیەتی”یە، هەر چەندە کە بە بەرچاو لە سەر بنەمای یەکسانیی هەموو موسڵمانەکان دامەزرابوو، بەڵام لە ڕاستی و لە نێوەرۆکدا بەم شێوەیە نەبوو. نەتەوەی باڵادەستی تورک زیاتر لەم گرێبەستە سوودی وەردەگرت. چونکە بەڕێوەبەرانی سەرەکیی “گرێبەستی موسڵمانیەتی” تورک بوون و سەر بە “جەمعیەتی ئیتیحاد و تەرەقی” بوون.