ئارامتر بخوێنەوە!
بزاڤی ناسیۆنالیستیی کورد
ڕێباز ئەردەڵان
دۆزی کورد یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بابەتێکی سەرنجڕاکێشە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی تیۆرییەکانی زانستی کۆمەڵایەتییەوە شرۆڤە و ڕاڤە بکرێت. پرسی کورد و ناسنامەکەی، پرسێکی مێژووییە و ئەم نەتەوەیە بە درێژاییی مێژوو چەندین دابەشبوون و لێکدابڕانی ئەزموون کردووە، بەڵام دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و تێکشکانی ئیمپراتۆریی عوسمانی بوو، کە نەتەوەی کورد لە نێوان چوار وڵاتدا دابەش بوو. هەر لە سەرەتای دامەزرانی وڵاتانی تورکیای نوێ و عێراق و سووریاوە، کوردان بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەییی خۆیان سەریان هەڵدا و بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان تێ کۆشان و ئەم تێکۆشانەش هەتا ئێستا بەردەوامە. بە درێژاییی سەدەیەک دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و توانەوەیان دژ بە کلتوور و ناسنامەی کورد بەکار هێناوە و هەوڵیان داوە تا بوونی ئەم نەتەوەیە بسڕنەوە و لەنێو کلتووری خۆیاندا بیانتوێننەوە. ئەگەرچی ئەم دەوڵەتانە تا ڕادەیەک، بەتایبەت لە باکووری کوردستاندا سەرکەوتوو بوون، بەڵام کورد بەگشتی ملی بەم سیاسەتە نەداوە و لە بەرانبەر سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆندا داکۆکیی لە ناسنامەی خۆی کردووە. هەرکاتێک سیاسەتی ناوخۆی ئەم دەوڵەتانە لەژێر کاریگەریی دۆخی نێودەوڵەتی، یان سەرهەڵدانی باڵی چەپدا تۆزێک کرانەوەی بەخۆیەوە دیوە، بزاڤی نەتەوەییی کورد هەوڵی داوە تا لە ڕێگەی ئاشتییانە و بەپێی یاسا و دەستووری ئەو دەوڵەتانە پەرە بە کلتوور و ناسنامەی خۆی بدات. لەو کاتانەش کە سیستمی سیاسیی حکوومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان داخراو بوونە، بزاڤی کورد هیچ بژاردەیەکی جگە لە دەستبردن بۆ چەک نەبووە و، ڕوونیشە کە ئەم حکوومەتانە بە توندترین شێوە هەوڵی سەرکوتکردنی بزاوتی چەکداریی کوردیان داوە. پرسیاری سەرەکیی توێژینەوەکەی دەیڤید ڕۆمانۆ، کە لەژێر ناوی ‹›بزاوتی ناسیۆنالیستیی کورد››دا بە چاپی گەیاندووە، ئەمەیە کە: سەرەڕای بەکارهێنانی ئامرازەکانی سەرکوتی دڕندانە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە و، ئەگەری لاوازی سەرکەوتنی بزاڤی کورد، بۆچی خەڵکی کورد و بەتایبەت لاوان بەشداری لە وەها بزاڤگەلێکدا دەکەن؟
ڕۆمانۆ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە و چەند پرسیاری تری تایبەت بە بزاڤی ناسیۆنالیستیی کورد لە تیۆرییەکانی کۆمەڵناسیی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان کەڵک وەردەگرێت و هەوڵ دەدات تا ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم بژارە پڕمەترسییە بدات. بە ڕای ڕۆمانۆ، خەڵکی کورد دەتوانن لە نێوان بژارەکانی: کۆڵدان بە سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن، گۆشەگیری و خۆسەرقاڵکردن بە ژیانی ڕۆژانە و بەشداری لە بزاڤی بەرهەڵستکارانەدا یەکێکیان هەڵبژێرن. دیارە، ڕوونکردنەوەی بژارەکانی ئاسیمیلاسیۆن و خۆگێلکردن لە ئاست دۆزی کورددا بەشێک لە توێژینەوەکەی ئەو نییە و ڕۆمانۆ کات و وزەی خۆی زیاتر بۆ شرۆڤەی ڕەفتاری بەشداریکردنی چالاکانە لە بزاڤی ناسیۆنالیستیدا تەرخان دەکات. توێژەر پێش ئەوەی هەوڵی ڕوونکردنەوەی ئەم پرسە بدات، باسی دوو بۆچوونی پریمۆردیالەکان (Primordial) و سوودخوازەکان (Instrumentalists) دەکات، بۆ ئەوەی پێمان بێژێت کە ئاخۆ ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی کۆنە و باس لە تایبەتمەندییە هاوبەشە کەڤناراکان دەکات و نەتەوە هەر لە کۆنەوە هەبووە، یان وەک سوودخوازەکان دەڵێن لە ڕاستیدا شتێک بەناوی نەتەوە نییە و ناسیۆنالیزم و نیشتمانپەروەری دیاردەیەکی داهێنراوی هەندێک ئیلیت و نوخبەیە و، ئەوان وەکو ئامرازێک بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی خۆیان سوودی لێ وەردەگرن؟ ئەو تیۆرییانەی کە ڕۆمانۆ سوودیان لێ وەردەگرێت، بریتین لە تیۆریی هەڵبژاردنی ئەقڵانی و ڕێکخستنی سەرچاوەکان، تیۆریی پێکهاتەکانی دەرفەتی سیاسی و تیۆریی چوارچێوەی کلتووری و ناسنامە. دیارە بەکارهێنانی هەرکام لەم تیۆرییانە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، خاوەنی پاشخانی تایبەت بە خۆیەتی و مێژووی کۆمەڵناسیش پڕە لەو تیۆریدانەرانەی کە تەنیا بە سوودوەرگرتن لە بۆچوونێکی تایبەت بە خۆیان، هەوڵیان داوە تا ڕوونکردنەوەیەکی گشتی و یونیڤرساڵ (Universal) بۆ تەواوی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بدەن. ڕۆمانۆش، زیاتر بە مەبەستی دەرخستنی کەموکووڕیی ئەم تیۆرییانە، لە پێشدا بە شێوەی جیاجیا بەکاریانی هێناوە و لە کۆتاییشدا پێمان دەڵێت، کە هەرکام لەم بۆچوونانە تەنیا تا ڕادەیەک دەتوانن دیاردەی بەشداری لە بزاڤی ناسیۆنالیستیدا ڕوون بکەنەوە و کەڵکوەرگرتنی تەنیا یەک تیۆری وا دەکات تا بەشی هەرە زۆری ئەم ڕەفتارە تاریک و ناڕوون بمێنێتەوە، بۆیە وا باشترە ئەم تیۆرییانە لێک ببەستین و سەنتێزێکیان (synthesis) لێ ساز بکەین.
یەکێک لەو تیۆرییانەی ڕۆمانۆ کەڵکی لێ وەردەگرت، تیۆریی هەڵبژاردنی ئەقڵانییە. بەپێی ئەم تیۆرییە کە لە زانستی ئابوورییەوە هاتۆتە ناو زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ترەوە، ئەکتەرەکان بە شێوەی ئەقڵانی هەڵسوکەوت دەکەن و لە ڕاستیشدا ئەمە یەکێک لە پێشمەرجە گرنگەکانی ڕەفتاری ئەقڵانییە. لەم تیۆرییەدا، ڕەفتار، یان هەڵسوکەوتی ئەقڵانی بەو واتایە دێت، کە ئەکتەرەکان پێش ئەوەی هەڵبژێرن، کام ڕەفتار بکەن و کام ڕەفتار نەکەن، دەبێ بەها (Cost) و سوودی (Benefit) هەرکام لەم ڕەفتارانە هەڵسەنگێنن، ئەگەر سوودی هەڵبژاردنی ڕەفتارێک زیاتر لەو بەهایە بێت کە ئەکتەرەکە ناچارە بۆ گەیشتن بە سوود پێشکێشی بکات، ئەوا کردنی ئەو ڕەفتارە دەبێتە هەڵبژاردنێکی ئەقڵانی. نابێ ئەوەش لەبیر بکەین، کە مەبەست لە سوود لەم تیۆرییەدا، ئامانجی بەرهەست و ماددییە و ئامانجە مینەوی و غەیری مادییەکان نابێتە بەشێکی شیکاریی ئەم تیۆرییە. کەوابوو هەر لە سەرەتاوە بۆمان دەردەکەوێ کە لەم ڕێگەیەوە ناتوانین هۆی بەشداریی چالاکانەی خەڵکی کورد لە بزاڤی ناسیۆنالیستیدا ڕوون بکەینەوە، چونکە ئەگەر سوودی کۆتاییی ئەم بەشدارییە تەنانەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بزانین، دیسان ئەکتەری ئەقڵانی دەبێ بەهایەکی گەورە بدات، کە ئەوەش لەسەردەستدانانی گیان و پێشکێشکردنییەتی. هەروەک ئاماژەش کرا، سوود و ئامانج لای ئەم تیۆرییە بەرژەوەندیی ماددی و بەرهەستی تاکەکانە و ئامانجێک وەک دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان ئامانجێکی مینەوی و غەیری ماددییە و ئەم ئامانجەش زیاتر لە ڕێگەی تیۆرییەکانی ناسنامە و کلتوورە شرۆڤە دەکرێت، کە ڕۆمانۆ لە لێکدانەوەکەیدا بەشێکی هەرە گرنگی بۆ ئەم تیۆرییانە تەرخان کردووە.
بزاوتی کۆمەڵایەتی لە چەشنی بزاڤی ناسیۆنالیستیی کورد، هەمیشە پێویستی بە بەشداریی هەرچی زۆرتری تاکەکانە و تا هەر ڕادەیەک بتوانێ ئەندامی چالاک و پشتیوانیی زیاتر بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، زیاتر دەتوانێ هەنگاوی گەورەتر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بهاوێت، بەڵام ئەم بزاڤانە زۆر جار بەرەوڕووی کێشەیەکی تیۆریکی دەبنەوە، کە پێی دەڵێن، کێشەی «سواربوونی خۆڕایی» (Free Ride). هەروەک دەزانین ئامانجەکانی بزاڤی جەماوەری زیاتر ئەو ئامانجانەن کە لە بەرژەوەندیی کۆی گشتیی کۆمەڵگادان و بەرژەوەندیی تاک، یان هی گرووپ و تاقمێکی تایبەت ناگرێتە خۆ [گوتراوە زیاتر ئەو ئامانجەن کە لە بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵگادایە، نەگوتراوە هەمیشە ئەو ئامانجانەن. بۆیە ئەگەری هەیە ئامانجی شاراوە، یان ئاشکرای بزاڤێکی جەماوەری، بەرژەوەندیی تاک، یان بەرژەوەندیی گرووپ و تاقمێکی دیاریکراو بێت]. کەوابوو، خەڵک دوای لێکدانەوەی ئامانجەکانی بزاڤێکی تایبەت، بەو ئاکامە دەگات، لەم بزاڤەدا من بەشدار بم و بەشدار نەبم، ئامانجەکەی لە بەرژەوەندیی کۆی گشتیی کۆمەڵگادایە و منیش سوودی لێ وەردەگرم، ئیتر چ پێویست ناکات من لەم بزاڤەدا بەشدار بم و بەهاکەی بدەم. وا باشترە خەڵک بەشدار بێت و دواتر منیش بەخۆڕایی لە ئامانجەکانی سوود وەرگرم. چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و ڕاکێشانی خەڵکێکی زۆرتر بۆ لای بزاڤی کورد، دیسان یەکێک لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانی کتێبەکەی ڕۆمانۆیە.
تیۆریی پێکهاتەکانی دەرفەت، هەروەک ئاماژە کرا یەکێک لەو تیۆرییانەیە کە ڕۆمانۆ بۆ لێکدانەوەی بزاڤی ناسیۆنالیستیی کورد زۆر سوودی لێ وەردەگرێت. ئەم تیۆرییە چوار بگۆڕ (Variable)ی سەرەکیی هەیە و ڕۆمانۆ بگۆڕێکی تری پێ زیاد دەکات، تا ئاستی ڕوونکردنەوەی بەرزتر بکاتەوە. ئەو پێنج بگۆڕە بریتین لە: پایەداریی توێژی ئیلیتی حکوومەتی، کە پاڵپشتی لە سیاسەتێکی دیاریکراو دەکەن، پایەداری و یەکڕیزیی ئیلیتەکانی ئۆپۆزیسیۆن، داخراوبوون، یان کراوەبوونی سیستمی سیاسیی حکوومەت، توانا و هێزی سەربازیی سەرکوتکەری دەوڵەت و پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە دەوڵەت، یان گرووپەکانی دژی دەوڵەت. بەپێی ئەم پێنج فاکتۆرەی تیۆریی پێکهاتەکانی دەرفەت، باشترین هەل بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، ساڵەکانی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و تێکشکانی ئیمپراتۆریی عوسمانی و دامەزرانی کۆماری نوێی تورکیایە. چونکە لەو ساڵانەدا، توێژی ئیلیتی حکوومەتی تورکیا لە نێوان ئەو کەسانەی کە لایەنگری سوڵتانی عوسمانی و ئەوانەی پاڵپشتی ئاتاتورک و کۆماری تورکیا بوون، دابەش بووبوون و، لە ڕاستیدا یەکڕیز نەبوون. توێژی ئیلیتانی کورد کە بریتی بوون لە ئیلیتانی خێڵەکی و سەرۆکعەشیرەکان، هەموو خوازیاری سەربەخۆییی کورد و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بوون (بەتایبەت لە کاتی شۆڕشی کۆچگیری و پەیماننامەی سیڤەردا)، کەوابوو ئیلیتی ئۆپۆزیسیۆن یەکڕیز بوون و هی حکوومەت یەکڕیز نەبوون. لەو کاتەدا دەوڵەتی نوێی تورکیا لەگەڵ هەڕەشەی ئەرمەنییەکان و یۆنانییەکان و دەوڵەتانی ئینگلیز و فەرەنسا ڕووبەڕوو بوو و هێزە سەربازییەکەیشی توانای سەرکوتکردنی هیچ چەشنە شۆڕشێکی نەبوو. هەروەک لە پەیماننامەی سیڤەریشدا دەرکەوت، هاوپەیمانی و هاوسۆزیی نێودەوڵەتی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لە گۆڕێدا هەبوو و کوردان دەیانتوانی پشتیوانیی ئەم دەوڵەتانە بۆ لای خۆیان ڕاکێشن. کەوابوو چوار لە پێنجی بگۆڕەکانی پێکهاتەکانی دەرفەت بە قازانجی بزاڤی ناسیۆنالیستیی کورد بوو و تەنیا بگۆڕی داخراوبوون، یان کراوەبوونی سیستمی سیاسیی حکوومەتی ئەنکارا بە قازانجی ئەم بزاڤە نەبوو، چونکە لەو کاتەدا ئەنکارا هەڕەشەی جیابوونەوەی ئەرمەنیا و قوبرس و یۆنانییەکانی لەسەر بوو، بۆیە ئەو حکوومەتە پێویستی بە بەرنامەیەک هەبوو تا خەڵکی ناوخۆی لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە و کۆتایی بە هەڕەشەی ئەرمەنییەکان و یۆنانییەکان بێنێت. ئاتاتورک هیچ بژارەیەکی نەبوو جگە لەوەی بە کوردان بڵێت، کە کورد و تورک بران و ئەم وڵاتە، وڵاتی کوردان و تورکانی موسڵمانە و دەبێ هەموومان لە بەرانبەر هەڕەشەی وڵاتانی کافردا یەکدەنگ و یەکڕیز بین. هەر ئەم بگۆڕەش بە تەنیا وای کرد تا شۆڕش و سەرهەڵدانی ناسیۆنالیستیی خێڵی کۆچگیری بە خیانەت لە وڵاتی موسڵمانان تۆمەتبار بکرێت و کوردانی سوننی دژ بە شۆڕشی کۆچگیری، کە شۆڕشی کوردانی عەلەوی بوو، یارمەتیی ئاتاتورک و حکوومەتی تورکیا بدەن. ڕۆمانۆ چوارچێوەیەکی تیۆریکی بەهێزی لەم تیۆرییە پێک هێناوە و تەواوی بزاڤەکانی کوردی ئێران و عێراق و تورکیای بەپێی ئەم تیۆرییە لێک داوەتەوە. ئەو دەڵێت، بۆ نموونە، تەواوی بزاڤە ناسیۆنالیستییەکانی کوردانی ئێران هەر لە شۆڕشی سمکۆوە تا دەگاتە کۆماری کوردستان و دواتر تا دەگاتە ساڵانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا، هەموویان بەپێی ڕەخسانی هەل و دەرفەتی سیاسی سەریان هەڵداوە و بەو ئاکامەش دەگات کە کوردانی ئێران زیاتر لەوەی خۆیان هەل بڕەخسێنن، چاوەڕێن دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت. هەرچەند کتێبەکەی ڕۆمانۆ چالاکییەکانی هەندێ بزاڤ و لایەنی لەم ساڵانەی دواییدا باس نەکردووە، ئەگینا ئەگەری گۆڕانکاری لە بیر و بۆچوونیدا بەهێز بوو، چونکە ئەم کتێبە بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٤ نووسراوە.
هەروەک لە سەرەوەش باس کرا، تیۆریی هەڵبژاردنی ئەقڵانی نەیتوانی هۆی چالاکیی تاکەکان لە بزاڤی ناسیۆنالیستیی کورددا ڕوون بکاتەوە، چونکە ئەو پرسە پەیوەندیی بە هەندێ بابەتی ترەوە هەیە، کە لە سەرووی چوارچێوەی شیکاریی ئەم تیۆرییەوەیە، ئەوانەش بابەتی مینەوی و نابەرهەستن، کە ڕۆمانۆ لە چوارچێوەی شیکاریی تیۆرییەکانی ناسنامە و کلتوور کەڵک وەردەگرێت تا پرسی بەشداریی تاکەکان ڕوون بکاتەوە. یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی ڕێکخراوە ناسیۆنالیستییەکان پێکهێنان و پاراستنی هەستێکی نەتەوەییی بەهێزە لەنێو ئەندامان و لایەنگرانیاندا، بەتایبەت لەنێو ئەو کەسانەدا کە مەترسیی دابەزینی هەستی نەتەوەیییان هەیە و، ڕێکخراوە دەبێ بتوانێ ناسنامەی ئەندامان و پشتیوانانی خۆی بەسیاسی بکات، ڕۆمانۆ لە توێژینەوەکەیدا چوار نموونە ناسنامە بەکار دەهێنێت، کە بریتین لە:
1. ئەوانەی کە بە شێوەی پێکهاتەیی لە دەرەوەی گرووپی نەتەوەییدان (ئەوانەی کە خۆیان بە کورد نازانن)؛
2. ئەو کەسانەی کە لەناو گرووپی نەتەوەییدان، بەڵام خۆیان لەگەڵ گرووپ پێناسە ناکەن (خۆیان بە کورد دەزانن، بەڵام دۆزی کوردیان لا گرنگ نییە و دەتوانین بێژین باوەڕیان بە دۆز، یان کێشەی کورد نییە)؛
3. ئەوانەی کە خۆیان بە بەشێک لە گرووپی نەتەوەیی دەزانن، بەڵام ئاستی دۆزەکە تا ئاستی کێشەی کۆمەڵایەتی، ئابووری، یان کلتووری دادەبەزێنن.
4. ئەو کەسانەی کە ناسنامەیان سیاسییە و سەرچاوەی تەواوی کێشەکانی کورد بە نەبوونی دەوڵەت و کیانی سەربەخۆ دەزانن.
ڕێکخراوەی نەتەوەیی دەبێ بۆ تەواوی ئەم گرووپانە پلان و بەرنامەی کلتووریی جیاوازی هەبێت. بە واتایەکی تر، ڕێکخراوە دەبێ هەوڵ بدات تا ئەندامانی گرووپی یەکەم بێنێتە ناو گرووپی دووەم و، ئەوانەی دووەم بۆ گرووپی سێیەم ڕابکێشێت و هەوڵێکی تەواویش بدات تا ئەو کەسانەی ناسنامەی نەتەوەیییان سیاسی نییە، بەسیاسی بکات و هەستی نەتەوەییی ئەو کەسانەش بپارێزێت کە ناسنامەکەیان سیاسییە.
ڕێکخراوە، یان پارتی سیاسی تەواوی ئەو کارانە لە ڕێگەی ڕۆژنامە و بڵاوکراوە و گۆڤار و میدیای گشتییەوە دەکات و، ئێستاش بەهۆی ڕۆڵی بەرچاوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە نابێ کاریگەریی ئەو تۆڕانە پشتگوێ بخات و دەبێ بەتەواوی سوودیان لێ وەربگرێت.
ئەم کتێبە هەشت بەشە، لە بەشی یەکەمدا تیۆرییەکان دەناسێنێت و لە بەشی دوو تا چوار، هەرکام لەم تیۆرییانە بە شێوەی جیاجیا بۆ لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەی بزاڤی ناسیۆنالیستیی کورد لە باکووری کوردستان بەکار دێنێت و لە ئەنجامیشدا دەڵێت، بەکارهێنانی جیاجیای ئەم تیۆرییانە تەنیا بەشێک لە دیاردەی ئاڵۆزی بزاڤی ناسیۆنالیستیی کورد ڕوون دەکاتەوە، هەربۆیە لە بەشی پێنجەمدا، ئەم سێ تیۆرییە لێک دەبەستێت و سەنتێزێکیان لێ پێک دێنێت و هەر ئەم سەنتێزەش بۆ بزاڤی ناسیۆنالیستیی باکوور بەکار دەهێنێت و لە بەشی شەشەم و حەوتەمدا بەپێی ئەم سەنتێزە، بزاڤی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتیش لێک دەداتەوە و بەشی هەشتەمیشی بۆ ئەنجامگری تەرخان کردووە و لەوێدا چەند پێشنیاری بەسوود بۆ پارت و لایەنەکانی کورد دەخاتە ڕوو، تا ئەگەر دەیانەوێت دەوڵەتی نەتەوەییی کورد پێک بێنن، دەبێ چ بکەن و چۆناوچۆنیش خۆیان لە هەڵەکانی ڕابردوو بەدوور بگرن.


