ئارامتر بخوێنەوە!

دوکتور قاسملوو: 

ڕوخساری پۆستمارکسیزمی کورد 

موستەفا زەنگین

وەرگێڕان: سیپان ڕۆژهەڵاتی

کورتە

ئاشکرایە کە دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو لە نێوان ساڵانی ١٩٧١-١٩٨٩دا، هەم لە بواری تیۆری و هەم لە بواری پراکتیکدا ڕۆڵێکی سەرکەوتووانە و داهێنەرانەی هەبووە، ئەو تایبەتمەندییە لە قۆناغی یەکەمی سەرکردایەتیکردنەکەیدا بەئاشکرا دەبینرێت، بەڵام لە نێوان قۆناغەکانی یەکەم و دووەمدا لە بواری چۆنیەتی و ناوەرۆکدا جیاوازییەکی واتادار هەیە، ساڵانی نێوان ١٩٤٧-١٩٤١، کە دەتوانین بە قۆناغی یەکەمی قاسملوو ناوی بێنین، لەسەر هێڵی کلاسیکی مارکسیست-لینینیست دەڕوات و بابەتەکان لەسەر ئەم هێڵە شرۆڤە دەکات، لە قۆناغی دوای ساڵی ١٩٧١، کە قۆناغی سەرکردایەتیکردنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانە، قوربانیی بەو هێڵە داوە و لە کۆمۆنیزمەوە بەرەو سۆسیالیزمی دیمۆکراتی ڕۆیشتووە و هێڵی بەرگریکردن لە سۆسیالیزمی دیمۆکراتیی هەڵبژرادووە.

ئەو ئەزموونە تیۆری و سیاسییەی دوکتۆر قاسملوو لەو حەوزەیەدا بەدەستی هێناوە، بووە هۆی ئەوەی کە بە ڕوانینێکی جیاواز بابەتە بنچینەییەکانی وەکوو خەباتی نەتەوەییی کورد، سۆسیالیزم، ئازادی و دیمۆکراسی بە تێگەیشتن و ناوەرۆک و میتۆدێکی جیاواز شی بکاتەوە.

دوکتۆر قاسملوو کە لە قۆناغی یەکەمدا ڕوانینی چینایەتی (پێشەنگایەتی)ی مارکسیسیت ـ لینینیستی پەسەند کردبوو، لە قۆناغی دووەمدا تیۆری و تێزێکی جێبەجێ کردووە، کە پێی لە بابەتی چینایەتی بەرزتر بووە و چینی کرێکاری وەکوو هۆکاری سەرەکیی کۆمەڵگە و هێز پەسەند کردووە و لەسەر ئەم بنەمایە تیۆری و کارێکی نوێی داڕشتووە.

لە قاسملووی سەردەمی نۆێدا دەبینین، کە نەتەوە و کۆمەڵگە جێگەی چینایەتی دەگرێتەوە، گەشەکردنی فکرێکی بەم شێوەیە لە لایەن دوکتۆر قاسملووەوە دەرفەتی ئەوەمان پێ دەدات، کە لە قۆناغی نوێدا وەکوو (پۆستمارکسیزم) هەڵیسەنگێنین.

دەتوانین بڵێین تیۆریی «پۆستمارکسیسزم»، کە زیاتر لە لایەن تیۆریسیەنی ناوداری ئارژانتینی، «ئێرنێستۆ لاکلائۆ» و هاوسەرکەی، «چانتال مۆفێ»وە دەناسرێت، سەرلەنوێ لە بەر ڕۆشناییی گۆڕانکارییەکانی سەردەم خوێندنەوەی نوێیان بۆ تیۆریی مارکسیستی کردووە و هەوڵیان داوە ناوەرۆکی سەرەکیی ئەو تیۆرییە سەرلەنوێ دابڕێژنەوە، کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێت.

دەتوانین بڵێین ئەو تایبەتمەندییە سەرەکییەی پۆستمارکسیزم جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ڕوانینی چەپی کلاسیک، چین (تەبەقە)، وەکوو تاکە بنەمای سیاسی پەسەند دەکات، بە واتایەکی دیکە، بە ڕوانینێکی (دیترمینیست) هەردوو شێوازی سیاسەتی چینایەتی و ئوسوولگەراییی چینایەتی مەحکووم دەکات.

ئەو شرۆڤەیەی پۆستمارکسیزم، کە لە لایەن ئەو ژنومێردە، «لاکلائۆ» و «مۆفێ»وە کراوە، لە دوای ساڵی ١٩٧١ لە ئەندێشەی دوکتۆر قاسملوودا گەشە دەکات و لە دوای ساڵی ١٩٨٣ بە شێوەیەکی پراکتیکی لە ئەندێشەی د. قاسملوودا ڕەنگ دەداتەوە. ڕەخنەی دوکتۆر قاسملوو لە سۆسیالیزم ئەوەیە کە دیمۆکراسی سنووردار دەکات و ڕەخنەی لەوە گرتووە، کە گەورەترین کێشە، نەبوون، یان ناتەواوبوونی دیمۆکراسییە و، وەک جێگرەوە (ئالتەرناتیڤ)ی ئەمە، بۆ ئەوانەی کە بە ڕێگاگەلی ئازاد و دیمۆکراتدا دێنە سەر دەسەڵات، وەکوو ستراتیژییەکی سۆسیالیست، تیۆریی «سۆسیالیزمی دیمۆکرات»ی داڕشتووە، کە دبێتە بنەمای سەرەکیی ئەم مەقالەیە، کە لێرەدا قسەی لەسەر دەکەین و شرۆڤەی دەکەین. هەروەها دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دیمۆکراسیی سیاسی، یەکسانیی ئابووری، پێگەی ناوەندی و دیاری دیمۆکراسی و ئازادی، ڕەتکردنەوەی دیکتاتۆریەتیی پڕۆلیتاریا، ڕوانینی مارکسیزمی ڕۆژئاوایی لەسەر نموونەی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا، بەرگریکردن لە مافی ژنان و پلۆرالیزم بە واتای بەشداریی سیاسی لەو بابەتانە دەبن، کە لەسەر پێگەیشتنی قاسملووی پۆستمارکسیزم، گفتوگۆ لەبارەیانەوە دەکەین.

 

پێشەکییەکی کورت

دوکتۆر قاسملوو ڕۆژی ١٠ی ئاگوستی ١٩٨٣ لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستاندا، کە ئەوکات سکرتێری گشتی بووە، نامیلکەیەک لەژێر سەرناوی «کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزم» پیشکێش دەکات.[1] ئەو نامیلکەیە بە واتای تێپەڕبوونی دوکتۆر قاسملووە لە تیۆریی ڕادیکاڵی مارکسیست_لینینیست، کە تاوەکوو کۆتاییی ساڵەکانی ١٩٦٠ بە بنەمای سەرەکیی ئیدیۆلۆژی و سیاسیی خۆی دادەنێت، بەرەو سۆسیالیزمی دیمۆکرات، یان وەکوو هەندێک نووسەر دەڵین، بەرەو سۆسیالدیمۆکراسی، کە دیارە گەیشتووەتە لووتکەی ئەو باوەڕە.

ئەو ڕووداوەی کە کاریگەریی گەورەی لەسەر دوکتۆر قاسملوو دانا و بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەو باوەڕە، ڕووداوی «بەهاری پراگ» بوو، کە ٥ی ژانویەی ساڵی ١٩٦٨ بە بڕیاڕی سیاسی لە لایەن ڕیفۆرمخوازەکانەوە، بە سەرۆکایەتیی ئەلیکساندر دوبچێک، بۆ ئازادیی چێکوسڵۆڤاکیا دەستی پێ کرد و لە ٢١ی ئاگوستی هەمان ساڵدا بە دەستوەردانی سەربازیی هێزەکانی شوورەویی ئەوکات کۆتاییی هات.

قاسملوو، کە لەو سەردەمەدا لە پراگ دەژیا، لە نزیکەوە هەوڵەکانی جێگرکردنی سۆسیالیزم بە شێوازی شوورەوی و توندوتیژییەکانی ئاڕتەشی سووری بینیوە. قاسملوو کە لە ئەنیستیتۆی ئابووری لە شاری پراگی پایتەختی چێکوسڵۆڤاکیا مامۆستا بوو، بەهۆی ئەوەی کە پشتگیریی لەو بزووتنەوە چاکسازییە کردبوو، کە لە لایەن دوبچێکەوە دەستی پێ کردبوو، هەروەها بەهۆی دژایەتیکردنی داگیرکردنی چێکوسڵۆڤاکیا لە لایەن سەربازانی شوورەوییەوە، لەگەڵ هاوسەرەکەی لە زانکۆ دوور خرانەوە و بوونە یەکێک لە زیانبەرکەوتووانی ئەو پشتگیرییە.

نابێ ئەوە لەبەرچاو نەگرین، کە ئەم ڕووداوانە کاریگەرییەکی سەرەکییان لەسەر بیری سیاسی و ئیدیۆلۆژیی دوکتۆر قاسملوو داناوە.

 ژیانی سیاسیی دوکتۆر قاسملوو لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا و لە کاتی بەشداربوونی لە ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستاندا لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێ دەکات.[2] بەڵام ئیسماعیل بازیار لە نووسینێکدا لەژێر ناوی «قاسملوو، ناسیۆنالیزم و ئەندێشەی چەپ»دا دەڵێت: «تێكەڵبوونی دوکتۆر قاسملوو بە شێوەیەکی چالاکانە لەنێو سیاسەتدا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی خوێندنی لە زانکۆی پاریس، کە بەشداریی لە چالاکییەکانی حیزبی توودەدا کردووە.»

لە ڕاستیدا ئەگەر تەماشا بکەین، لەو سەردەمە و لە قۆناغی دواییدا، حیزبی توودەی ئیران، کە نوێنەرایەتیی بیرێکی کۆمۆنیستیی ڕادیکاڵی دەکرد و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، هەردووکیان بە یەک شێوەی ڕێکخستن کاروبارەکانیان جێبەجێ کردووە. تەنانەت حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئیران وەکوو لقی حیزبی توودە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆڵی بینیوە.

بارودۆخی سیاسەتی گشتیی جیهانی و ئەو گۆڕانکارییانەی لەو سەردەمەدا لە ئێران ڕوویان داوە، کاریگەریی سەرەکییان لەسەر دوکتۆر قاسملوو داناوە بۆ ئەوەی ببێتە لایەنگری تیۆریی مارکسیست ـ لینینیستی ڕادیکاڵ. هەرچۆنێک بێت، شەڕی دووەمی جیهانی تازە کۆتاییی هاتووە و شوورەوی هیزی سەرەکی لە تێکشکاندنی نازیسمدا بووە و، حیزبی توودەش، کە کۆمۆنیستیکی ڕادیکاڵ بووە، بەهێزترین و کاریگەرترین ڕێکخستنی ئەو سەردەمەی ئێران بووە.

دوکتۆر قاسملوو بۆ خۆی دەڵێت، هاتنی ئاڕتەشی سوور بۆ ئێران و سەرکەوتنی یەکیتیی سۆڤیەت لە بەرانبەر فاشیزمدا بووە هۆی ئەوەی کە لە نێوخۆی ئێراندا هەست و سۆزێکی زۆر بۆ شوورەوی پەیدا ببێت، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین، د. قاسملوو کە ساڵی ١٩٤٩ بە مەبەستی خوێندنی لیسانس (بەکالۆریۆس) لە پاریس بووە، لە ئەنجامی فشارە سیاسییەکاندا چووە شاری پراگی پایتەختی چێکوسڵۆڤاکی و، لەوێ دەکەوێتە ژێر کاریگەریی کۆمۆنیزمەوە.

تێزی دوکـــــتۆراکەی عەبدولڕەحمان قاسملوو، کە ساڵی ١٩٦٢ لەژێر ناوی «کورد و کوردستان»دا نووسیویەتی، وەکوو بەڵگەیەکی تیۆرییە کە د. قاسملوو تاوەکوو ساڵی ١٩٦٠ لایەنگری تیۆریی مارکسیست ـ لینیسیتی ڕادیکاڵ بووە.

هەروەکوو چۆن یاروسڵاڤ مارتینە، لە پێشەکیی چاپی ئینگلیزیی کتێبەکەدا، کە ساڵی ١٩٦٥ چاپ کراوە و، هەروەها حەمید بوزئەرسلان لە پێشەکیی چاپی تورکیی کتێبەکەدا، کە ساڵی ٢٠٠٩ چاپ کراوە، باسی دەکەن، ڕوانگەی مارکسیست ـ لینینیستی تێدا دەبینرێت و کتێبەکە لەسەر بنەمای زانستی سیاسەتی ئابووریی مارکسیستی نووسراوە.

بەڵام پێویستە بگوترێت کە د. قاسملوو لە تەواوی ژیانی سیاسیی خۆیدا بە هەمان جۆش و حەماسەتەوە لەسەر ئەم هێڵە ئیدیۆلۆژی و سیاسییە نەڕۆیشتووە؛ ئەگەر بتوانین بڵێین کە بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێڵی چەپ پاراستووە، بەڵام لە هەموو قۆناغەکاندا بە یەک ڕیتم نەڕۆیشتووە.

وەک لە سەرەوەش باسمان کرد، قاسملوو لە سەردەمی سەرەتاییدا (١٩٤٧-١٩٧٠) لایەنگر و پارێزەرێکی سەرسەختی مارکسیزم_لێنینیزمی ڕووسی بووە، بەڵام لە قۆناغی دواییدا ئەو قاسملووەی کە دەتوانین پێناسەی بکەین (١٩٧١-١٩٨٩)، ڕوانگەی سۆسیالیزمی دیمۆکراتیی هەڵبژرادووە، بە واتایەکی دیکە، لە مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکســەوە گۆڕاوە بۆ سۆسیالیزم.

 لەگەڵ بوونی دەرفەتی گفتوگوکردنی ئەم گۆڕانەی دوکتۆر قاســــــملوو لە مارکسیزمەوە بۆ لیبرالیزم، ئەو بابەتە لە لایەن عەلی مونەزەمی، نووسەری کتێبی «اندیشەهای دکتر قاسملوو»، وەکوو گۆڕانی سەردەمی ئایزایا بەرلین وەسف کراوە.[3]

 ئەزموونی ئیدیۆلۆژی و سیاسیی دوکتۆر قاسملوو لەو قۆناغەدا دەتوانین بە «سەردەمی پێشوو» وەسف بکەین، کە گوڕانێکی ڕیشەییی لە هزر و تێگەیشتنیدا بەدی هێناوە.

قاسملوو کە لە ڕاستیدا پاریزەری سۆسیالیزمی ڕیالیستی بە فۆرمی شوورەوی بووە، لە سەردەمی دواییدا، کە دەتوانین بە «قۆناغی کۆن» ناوی بەرین، دەبێتە لایەنگر و پارێزەری سۆسیالیزم.

دەتوانین بڵێین بۆشاییەک لەو پێگە ناوەندییەدا دەبینێت، کە بۆ چینی کرێکار لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا دانراوە و لە جەبری ئابوورییەوە دەکەوێتە ڕێگەیەکەوە کە گرنگی بە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەدات. گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە پێگەیەکی تایبەت و جیاواز بە دیمۆکراسی دەدات و، جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو سۆسیالیزمە نوێیەی دایدەڕێژێت بە دیمۆکراسی تەجهیز بکات.

ئەمانە و گەلەک بابەتی دیکەی لەو شێوەیە دەبنە کەرەستەی سەرەکیی ئێمە بۆ بەرگریکردن لە ڕوخساری کوردانەی پۆستمارکسیزمی دوکتۆر قاسملوو، یان «ڕووی پۆستمارکسیزمی کورد».

تیۆریی پۆستمارکسیزم و دیمۆکراسیی ڕادیکاڵ، کە بە دووانەی «ئێرنێستۆ لاکلائۆ و چانتال مۆفێ» دەناسرێن، دەبنە بنەمای سەرەکی بۆ شیکردنەوەی ڕوخساری پۆستمارکسیزمی قاسملوو، بەڵام پێش ئەوە، پێویستە هەندێک شت لەسەر پۆستمارکسیزم و دیمۆکراسیی ڕادیکاڵ بڵێین.

لە داویی ساڵانی ١٩٢٠دا، بەتایبەت لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا، ڕەوتی ڕەخنەگرتن لە مارکسیزمی کلاسیک دەستی پێ کرد. زیاتر لۆکاچ، کۆرچ و گرامشی، وەکوو سەرتەڵ (پێشەنگ)ی ئەو ڕەوتە دەناسران و لە ئەدەبیاتدا وەکوو تیۆرییەکی ڕۆشنبیری ناوی دەبرا و بە ناوی مارکسیزمی ڕۆژئاوایی تۆمار کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، بنەمای ئەو تیۆرییە لەسەر بناغەی هزری ئیدیۆلۆژیی کولتووری و ئیستاتیستی دەڕوات، کە فەیلەسووفەکانی ڕۆشنگەری بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ خەڵک و کۆمەڵگە دایانناوە. تایبەتمەندییەکی نوێ کە لە ناوەندی ڕۆشنگەریی مارکسیسزمی ڕۆژئاواییدا جێ دەگرێت، جگە لە بابەتگەلی وەکوو ئازادی، یەکسانی و جیهانیبوون، بیر و بەرهەمەکانی کارل مارکسی سەردەمی گەنجیەتیی لە خۆیدا هەڵگرتووە.[4]

لەو بارەیەوە پێری ئەندێرسۆن دەڵێت، لایەنگرانی مارکسیزمی ڕۆژئاوایی، لە دوای ساڵانی ١٩٢٠، لە فەلسەفە دوور کەوتوونەتەوە و، سەرەتا ڕوویان لە سیاسەت کردووە و دواتر گرنگییەکی زۆریان بە ئابووری داوە، کە کۆڵەکەی سەرەکیی بیرکردنەوەی مارکس بووە و پشتیان کردووەتە بابەتگەلی وەکوو «سیاسەت» و «ئابووری» و، دەتوانین بڵێین مارکس بەرەو سەردەمی گەنجیەتی ڕۆیشتووە.[5]

لەگەڵ ئەوانەی لە سەرەوە باسمان کرد، تیۆریسییەنە سەرەکییەکانی قوتابخانەی فرانکفورت، کە بە قوتابخانەیەکی ڕەخنەگرانە دەناسرێت، بە بۆچوون و لێکۆڵینەوەکانیان لە بەردەوامبوونی مارکسیزمی ڕۆژئاواییدا ڕۆڵیان هەبووە.

ڕاســـــتە کە دواڕۆژی مارکســـیزمی ڕۆژئاوایی و گفتوگۆکردن لەسەر بیر و باوەڕی پێشەنگەکانی ئەو ڕەوتە گرنگە، بەڵام لێرەدا تاکە شتێک کە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە، ئەو زەمینە و دەرفەتەیە کە لە ئەنجامی ڕووداوەکانی کۆتاییی ساڵەکانی ١٩٦٠ و سەرەتای ساڵەکانی ١٩٨٠دا هاتووەتە ئاراوە و بووەتە هۆی گەشەکردنی پۆستمارکسیزم؛ تەنانەت دەتوانین پۆستمارکسیزم وەکوو دواین قۆناغی گەشەکردنی مارکسیزمی ڕادیکاڵی ڕۆژئاوایی باس بکەین.[6]

هەریەک لە ئێرنێستۆ لاکلائۆ و چانتال مۆفێ، وەکوو بناغەدانەرانی تیۆریی پۆستمارکسیزم دەناسرێن، کە ساڵی ١٩٨٥ «هێژمۆنی و ستراتیژیی سۆسیالیستی بەرەو سیاسەتێکی دیمۆکراسیی ڕاستەقینە»یان پێشکێش کردووە.

نووسەرانی ئەو بابەتە وەکوو ئاماژەکردن بە بابەتێکی کە بڕیارە گفتوگۆی لەسەر بکەن، بە ڕستەی «بیری چەپ لەم سەردەمەدا لەسەر چوارڕێیانێکە» دەست پێ دەکەن.

ئەوان لە بۆچۆنەکەیاندا پشتیان بەو گۆڕانکارییە سیاسیانە بەستووە کە لەسەر ئاستی جیهان لە کۆتاییی ساڵانی ١٩٦٠ تاوەکوو ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٨٠ بەردەوام دەبن و ڕووداوگەلی وەکوو داگیرکردنی پراگ لە ساڵی ١٩٦٨، کۆدەتای لێهستان (پۆڵەندا)، سەرکەوتنی کۆمۆنیستەکان لە ڤێتنام و کامبودیە و، سەرهەڵدانی بزاڤە نوێیەکانی سۆسیۆپۆلیتیک ڕوویان داوە.

 لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا بابەتگەلی تایبەت بە گەنگەشەکردنی سۆسیالیزم بە شێوازی جودا جودا گەشەیان دەکرد و، لە وڵاتانی سۆسیالیستی ڕیالیست، کە بەرەو هەڵوەشانەوە دەچوون، ڕەخنەگرتن لە مارکسیزم زۆر قووڵتر ببووەوە.

لەم قۆناغەدا ژنومێردەکەی لاکلائۆ_مۆفێ، کە خاوەنی ئەم هزرە ڕەخنەییەن، دەڵێن لەگەڵ بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر سۆسیالیزم و ڕێگاکانی بەرەو سۆسیالیزم توانیویانە وەڵامی زۆر پرسیار بدەنەوە.[7]

بەکورتی بە بڕوای لاکلائۆ_مۆفێ، ئەو سۆسیالیزمەی کە هەبووە تووشی قەیران بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە سیاسەتی چەپ نەیدەتوانی وەڵامی داواکاریی بزووتنەوەکانی ژنان، هاوڕەگەزخوازان، پێکهاتە نەتەوەیی و ئەتنییەکان، ئەنتی فاشیزم و سیاسەتە ژینگەییەکان بداتەوە.

لەبەر ئەوەی ئەو تێگەیشتنە سۆسیالیزمەی کە هەبووە، کەوتبووە ناو تێگەیشتنێکی هەڵەوە، کە گەورەیی و هێژمۆنیی خۆی لە چینی کرێکار و لە تایبەتمەندیی «جیاوازیی چینایەتی»دا دەبینی و، چینی کرێکاری وەکو «بکەری جیاواز» لە سەنتەری گۆڕانکارییەکاندا هەژمار کردووە، کە دەبێتە هۆی بێواتابوونی سیاسەت.[8] واتا لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، زۆربەی ئەو ئاکتەرە سیاسیانەی لەخۆ نەدەگرت، کە بە ناسنامەی جیاواز و لە بوارە جیاوازەکاندا بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئازادی خەباتیان دەکرد؛ واتا نەیدتوانی بیانبینێت.

ژنومێردەکەی لاکلائۆ و مۆفێ باس لە ڕەخنەگرتن و شیکردنەوەی مارکسیسزمی ئۆرتۆدۆکس و کلاسیک دەکەن، کە لە لایەن ئەوانەوە شیکردنەوەی گرنگ بۆ ئەو شێوازەی مارکسیزم دەکرێت کە دەتوانێت لە سەردەم و کۆمەڵگەدا بگونجێت. واتا ئەمە کاتێک بەدەست دێت کە لەسەر ئاستی جیهان واز لە سەرجەم ئەو تایبەتمەندییانە بێنین کە لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان بۆ چینی کرێکار دانراون؛ واتا بۆ ناسینی ستراتیژیی سۆسیالیزمی نوێ، دەبێ واز لە سۆسیالیزمی پێشوو بهێنین، کە لەسەر بنەمای چینایەتی بنیات نراوە.

لەمەوبەدواوە دەبێ ژنومێردەکەی لاکلائۆ و مۆفێ خۆیان یەکلا بکەنەوە، کە لەنێو مەیدانی پۆستمارکسیستدا وەستاون، چیتر ناتوانن درێژە بە بیرۆکەی جیاوازیی چینایەتی و تایبەتمەندییەکانی مارکسیسم و بۆچوونی مێژوویی دەربارەی فرەوانبوونی کاپیتالیزم و کۆمۆنیزم، وەک کۆمەڵگەیەکی شەفاف بدەن.

ئەو، لەو بڕوایەدایە کە بوونی هێژمۆنێک بە ئامانجی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دووانەی ڕادیکاڵ و ئازدایخوازی و دیمۆکراسی، دەتوانێت سوودمەند بێت و، بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێ سوود لە گۆڕین، فرەوانترکردن و گەشەپێدانی گفتوگۆکانی نەومارکسیزم وەربگیرێت.[9]

ژنومێردەکەی لاکلائۆ و مۆفێ جەخت دەکەن لەسەر ڕەتکردنی تێگەی چینی کرێکار، کە بە چینێکی جیهانی ناسراوە، بە مەبەستی بەرجەستەکردنی فرەییی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی لە قووڵکردنەوەی دیمۆکراسی، یان گەشەپێدانی دیمۆکراسیی ڕادیکاڵدا.

واتای «ئانتاگۆنیزم» لێرەدا ئەو پەیوەندییەیە کە هەر ناسنامەیەک لەگەڵ پێناسە، یان ناسنامەیەکی دیکەدا هەڵیدەبەستێت. ئانتاگۆنیزمی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی ئەوەی کە هیچ یەک لە ناسنامە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی نەتوانێت خۆی وەکوو تۆخم و بنەمای سەرەکی و بەرچاوی فکری دامەزراندنی کۆمەڵگە پێناسە بکات.

فرەییی ناسنامە و ئەکتەری کۆمەڵایەتی، یان وەکوو مۆفێ دەڵێت، «جەمسەربەندیی ئاگۆنیستیک»،[10] لە تیۆریی «لاکلائۆـ مۆفێ»دا وەکوو بنەمای سەرەکیی پرۆژەی پۆستمارکسیزم دەناسرێت، کە ئەوان لەژێر ناوی بنەمای «سەرەکیی دیمۆکراسیی ڕادیکاڵ»دا بەرگریی لێ دەکەن، لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکدا کە دیمۆکراسیی ڕادیکاڵ هەیە، نابێ لێکدژییەکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی کۆدەنگییەوە چارە بکرێن، بەڵکوو دەبێ بەریەک بکەون و بە شێوەی دژایەتیکردن چارە بکرێن. واتا ئەم دووانە بەو شێوەیە، هەم دژایەتیی ڕۆڵی ئاشتی تاکەکەسی لە پێگەی لیبراڵ و نادیمۆکرات و، هەمیش دژایەتیی ئەو پێگە تایبەتە دەکەن، کە مارکس بە چینی کرێکاری دەدات، ڕەتکردنەوە و پێنەدانی هیچ تایبەتمەندییەکی جیاواز و ناوەندی بە هیچ ئەکتەرێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە پرۆسەی گەشەکردنی کۆمەڵگەدا، وەکوو چینی کرێکار و بەدەستهێنانی هێژمۆنی بە ڕێگەی بەریەککەوتن (ئانتاگۆنیزم)، تایبەتمەندییەکی ئەو بیرۆکەیەیە، بە واتایەکی دیکە، لە بواری بەریەککەوتنی کۆمەڵگەدا نابێ هیچ ئەکتەر و فاکتەرێک هێژمۆنیی هەبێت.

وەک چۆن «دەمیر» ئاماژەی پێ کردووە، بنەما و ناوەرۆکی پرۆژەی دیمۆکراسیی ڕادیکاڵ بە «فرەوانبوون و قووڵبوونی شۆڕشی دیمۆکراتی» بەدەست دێت، کە ئامانجەکەی ڕادیکاڵکردنی ئازادی و یەکسانییە لە سەرجەم کۆمەڵگەدا.[11] مەبەست ئەوەیە کە بیرۆکەی فرەییی کۆمەڵایەتی و ئەکتەرەکانی ببێتە بنەمای سەرەکیی دانانی پڕۆژەیەکی سۆسیالیستی.

 

دەرفەتی پۆستمۆدێرنیزم لە هزری قاسملوودا

دەتوانین ژیانی سیاسیی دوکتۆر قاسملوو لە بواری ئیدیۆلۆژیکدا بەسەر دوو قۆناغدا دابەش بکەین؛ ژیانی لە نێوان ساڵانی ١٩٤٧-١٩٧١، کە وەکوو یەکەمین قۆناغ دادەنرێت و لە دوای ١٩٧١ـەوە قۆناغی دووەم سەرهەڵدەدات.

لە قۆناغی یەکەمدا کە د. قاسملوو لەسەر هێڵی کلاسیکی مارکسیست ـ لینینیست دەڕوات، بە شـــــێوەیەکی چینایەتی دەیڕوانییە بابەتگەلی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کلتووری. بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٧١ـەوە واز لە هزری کۆمۆنیست دێنێت، کە چینی کرێکار، وەکوو تاکە فاکتەری خەباتی کۆمەڵایەتی دەبینێت و دەچێتە بەرەی سۆسیالیزمی دیمۆکراتییەوە، کە دیمۆکراسی بە بنەما دادەنێت. بەو شێوەیە، قاسملوویەک دەبینین کە لە سیاسەتی چینایەتی و کەمینەی ئابووری تێپەر دەبێت و بیری جیهانی و کۆمەڵایەتیی تێدا بەرجەستە دەبێت و گرنگی بە بواری سیاسی دەدات. ئیسماعیل بازیار دەڵێت: «دوکتۆر قاسملوو لە چەپێکی ڕادیکاڵەوە دەگۆڕێت بۆ چەپێکی میانڕەو، یان چەپێکی زانستی.» بەپێی قسەکانی بازیار، قۆناغی یەکەمی ژیانی ئیدیۆلۆژی و سیاسی (١٩٤٧-١٩٧١) سەرەتا چەپ و دواتر کورد بووە، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا کە باسمان کرد لە دوای ساڵانی ١٩٧١وە سەرەتا کورد و دواتر چەپ بووە. بازیار بەئاشکرا دەڵێ: «قاسملوو لە قۆناغێکدا (کلاسیک) کە کێشەی چینایەتی لە پیش کێشەی جیهانی دادەنێت، چووەتە بەرەیەکەوە کە کێشەی جیهانی پێش کێشەی چینایەتی دەخات، بەڵام ئەگەر لەم قۆناغەدا زیاتر بیر و بۆچوونەکانی قاسملوو شی بکەینەوە، شتی زیاترمان بەدەست دەکەوێت، کە ئەمە لە نامیلکەی «کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزم»دا بەئاشکرا دەبینرێت، کە قاسملوو لە کۆنگرەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ١٠ی ئاگوستی ١٩٨٣دا پێشکێشی دەکات، کە ئەوکات سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە بووە. قاسملوو لە ڕێگەی «کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزم»ەوە بە حیزبەکەی دەڵێت کە «ئامانجی ئێمە بۆ دواڕۆژ پێکهێنانی کــــۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستییە کە بتوانێت وەڵامی کێشەکانی کوردستان بداتەوە.» کاتێک پرسیار دەکرێت سەبارەت بەوەی کە ئێوە مارکسیسیت، مارکسیسیت ـ لینینیست، یان کۆمۆنیست، یان حیزبێکی چینایەتی نین، بۆ باس لە سۆسیالیزم دەکەن؟ دوکتۆر قاسملوو لە وەڵامدا دەڵێت کە ئەوان حیزبێکی دیمۆکراتی نەتەوەیی و پێشکەوتنخوازن. لێـرەدا مەبەست لە پێشکەوتنخواز ئەوەیە کە لەگەڵ چارەکردنی کێشەی نەتەوەی کورد و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی، چارەیەک بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکانی بدۆزنەوە. لە ڕاستیدا دەبینین کە لە ڕوانگەی د. قاسملوودا دوو بابەتی سەرەکی و بنەڕەتی هەن، کە ئەوانیش بابەتی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتین. بەم ڕیزبەندییەی کە دوکتۆر قاسملوو کردوویەتی، پێویستە تێ بگەین، کە بۆچی گرنگی بەم دوو بابەتە دەدات؟ لەبەر ئەوەی بۆ خۆی دەڵێت: «ئەگەر حیزبێک گرنگی بە بابەتی نەتەوەیی بدات، بەڵام کێشە کۆمەڵایەتییەکان پاشگوێ بخات، یانیش بەپێچەوانەوە بابەتی نەتەوەیی لە پلانی دووەمدا دابنێت و زیاتر گرنگی بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ نموونە کێشەی چینایەتی بدات، حیزبێکی سەرکەوتوو نابێت و شکست دەهێنێت.» دوکتۆر قاسملوو بە سوودوەرگرتنی لە ئەزموونی کوردانی باشووری کوردستان لە عێراق باس لەو بابەتە دەکات. بە بڕوای ئەو، پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق تەنیا گرنگیی بە باتی نەتەوەیی داوە، پارتی کۆمۆنیستی کوردستانیش تەنیا لە ئاست کرێکاران و ڕەنجدەراندا خەریکی کێشەی چینایەتی بووە و بەو هۆیەوە هەردووکیان سەرکەوتوو نەبوون. ئەو هەڵوێستەی دوکتۆر قاسملوو کە لیرەدا دەبینرێت، لە ئاستی چینایەتی دەردەچێت و چین وەکو تاکە فاکتەری کاریگەری کۆمەڵگە نابینێت. بەمە دەتوانین لێرەدا ئەمە ببینین کە قاسملوو دەبێتە هاوبیری پۆستمارکسیزمی لاکلائۆـ مۆفێ، کە چینی کرێکار وەکوو تاکە بکەر و دیارکەری کۆمەڵگە نابینن. دوکتۆر قاسملوو تاکە ڕێگە بۆ چارەکردنی کێشەگەلی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی لە دەسەڵاتێکدا دەبینێت، کە بە ئازادی و دیمۆکراسی هاتبێت و بە سۆسیالیزمی دیمۆکرات وەسفی دەکات. دەسەڵاتێکی سۆسیالیستی، کە گرنگی بە دیمۆکراسی و ئازادیی کۆمەڵایەتی نەدات دەبێتە چەکێک لە دەستی تاقمێکی ڕادیکاڵدا کە هەوڵ دەدەن لەو ڕێگەیەوە بیری خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن. بۆ ئەوەی دیمۆکراسیی ڕادیکاڵ بتوانێت ببێتە گەرەنتەری بەدەستهێنانی سۆسیالیزمی دیمۆکراتیک، دەبێ کۆمەڵگەیەک پێک بهێنرێت کە سێکۆچکەی یەکسانیی ئابووری، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی دیمۆکراتیی تێدا پارێزراو بێت، قاسملوو لەو بڕوایەدا بوو کە لە ڕێی سۆسیالیزمی دیمۆکراتێکەوە دەسەڵاتێکی دیمۆکرات جێی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرە دەگرێتەوە کە لە ئێران هەیە، ناعەدالەتیی سیاسی چارە دەکات و لە ئاکامدا هەژاری و نایەکسانیی ئابووری لە ئێران و کوردستاندا ناهێڵێت.

دەتوانین ببینین کە دوکتۆر قاسملوو لە قۆناغی نوێی ژیانی سیاسی و ئیدیۆلۆژیخۆیدا لەجێی ئابووری، گرنگی بە سیاسەت دەدات، جگە لەوە، ئەو «سۆسیالیزمی دیمۆکراسی»یە نوێیەی کە دوکتۆر قاسملوو دەیەوێت دایبمەزرێنێت، دەڵێت کە ئەم سیستەمە ئیداری و سیاسییە لە کوردستاندا تەنیا بە بەدەستهێنانی ستاتۆ (کیان، یان هەرێم)ی ئۆتۆنۆم بەدەست دێت و لێرەدا بە ڕێژەیەکی کەم، زیاتر بایەخ بە بابەتی ئیدیۆلۆژیک دەدات تا بابەتی سیاسی.

لــــەوەش زیاتر، ئەو ئۆتۆنۆمییەی کە لە چوارچێوەی خودموختاریدا باسی لێوە دەکات، بۆ چـــــارەکردنی کێشە نەتەوایەتییــەکان و ئەو سۆسیالیزمە نوێیەش بە مەبەستی چارەکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان وەڵامدەر دەبن و، بە دەستهێنانی خودموختاریش وەکوو پێشمەرجی بیناکردنی سۆسیالیزمی دیمۆکراتیک وەسف دەکات، کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانن دەستبەردای بن.[12]

وەکوو چۆن کاوە بەهرامی لە بابەتی «دوکتۆر قاسملوو، ڕێبەرێکی مۆدێرن و شۆڕشگێڕێکی دیمۆکرات»دا دەڵێت: «لە قۆناغی نوێی ژیانی دوکتۆر قاسملوودا ئەو بابەتە سەرەکییەی کە وەکوو ژنومێردەکەی «لاکلائۆ و مۆفێ» جەختی لەسەر دەکات، دیمۆکراسییە.» ئەو، دوو هۆکار بۆ ئەم ڕژدبوونە دێنێتەوە: یەکەم، دیمۆکراسی ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە بەدەستهێنانی سەرجەم داواکارییە سۆسیالیستییەکاندا؛ دووەم، ئەو شێوازە ئۆتۆنۆمییەی کە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵاتی داوا دەکەن لە ڕێی دیمۆکراسییەوە بەدەست دێت. هەربۆیە بە بڕوای ئەو، تەنیا لە دیمۆکراسییەکی ڕاستەقینەدا خەڵک دەتوانێت بە ئازادی ڕای خۆێ بڵێت و حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش بە ئازادی دەتوان کار و چالاکی بکەن.

دوکتۆر قاسملوو تەنیا بۆ حیزبەکەی خۆی داوای دیمۆکراسی ناکات، بەڵکوو دەڵێ ئەم داواکارییە بۆ سەرجەم ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە، بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەن. لە ڕوانگەی دوکتۆر قاسملووەوە نابێ بە هیچ شێوەیەک خەباتی نەتەوەیی و چینایەتی کاریگەری لەسەر هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دیمۆکراسی دابنێت و پەراویزی بخات. لەبەر ئەوەی ئەگەر ڕێژیمێکی دیمۆکرات نەبێت، ناتوانن مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دابین بکەن و تا ئەوکاتەی کە سەرجەم مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەستەبەر نەکرێن، ڕێژیم بە تەواوی مەعنا ڕێژیمێکی دیمۆکراتیک نییە. ئەگەر دیمۆکراسییەکی بەهێز و هەمیشەیی نەبێت ئەو دەسەڵات (ستاتۆ) سیاسی و ئیدارییەی کە لە کوردستان دادەمەزرێت، هەممیشە مەترسیی نەمان و لەنێوچوونی لەسەر دەبێت و مانەوە و بەردەوامبوونی ئەم سەربەخۆییە تەنیا کاتێک بەدەست دێت، کە لە ئێران دیمۆکراسییەکی بەردەوام هەبێت.[13]

دوکتۆر قاسملوو لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ «راه ایران» دەڵێت: «لە نێوان ئۆتۆنۆمی و دیمۆکراسیدا پەیوەندییەکی بەهیز هەیە، لەبەر ئەوەی کە هەردووکیان زۆر بابەتیان هەیە، تێکەڵکێشی یەکدی دەبن.» واتا دوکتۆر قاسملوو ئۆتۆنۆمی بە بەشێکی تەواوکەری دیمۆکراسی دەبینێت و، لە ڕوانگەی ئەوەوە ئەگەر دیمۆکراسی هەمەکی (گشت) بێت، ئۆتۆنۆمی «پاژ»ە و، ئەو هەمەکییە لە کۆکردنەوەی پاژەکان پێک دێت و تەواو دەبێت و دەڵێت: «ئەگەر ڕۆژێک ئێرانی ئیسلامی داواکارییەکانی ئێمە لەبارەی کوردستانەوە قبووڵ بکات، ئەوە بۆ ئێمە سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت.»

لەو چوارچێوە سۆسیالیستییە نوێیەدا، کە دوکتۆر قاسملوو دەیەوێت دایمەزرێنێت، ئەو بابەتە سەرەکییەکەی کە لە ڕەخنەی خۆیدا بەرانبەر سۆسیالیزمی ڕیالیستی باسی لێوە دەکات، دیمۆکراسی و ئازادییە.

بە زمانێکی ڕوونتر، کێشەی سەرەکیی ئەو سۆسیالیزمە ڕیالیستییەی کە هەیە، ئەوەیە کە هەم لە بواری تاکەکەسی و هەم لە کۆمەڵگەدا دیمۆکراسیی سیاسی، یان سنووردار کراوە، یان هەر نییە. لە ڕاستیدا دەڵێت، لەو ستراتیژییە سۆسیالیزمەی کە دەیەوێت دایمەزرێنێت و بانگەشەی بۆ دەکات، دیمۆکراسی و ئازادی دوو پایەی سەرەکین، کە ناتوانن دەستبەرداری ببن.

ئەوان نایانەوێت کە دیمۆکراسی و ئازادی سنووردار بکەن، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، خەبات دەکەن بۆ فرەوانترکردن و قووڵکردنی ئازادی و دیمۆکراسی. دیارە کە ئەم دوو خاڵە جەوهەرییە، واتا دیمۆکراسی و ئازادی، سەرەکیترین پێداویسیتیی شۆڕشگێڕە نەتەوەییەکانی کورد و خەڵكی ئێرانن، کە بە ساڵانە لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمێکی زۆردار و دیکتاتۆردا زەوت کراون. ئەو سۆسیالیزمەی کە بە مەبەستی دۆزینەوەی چارە بۆ بنبەست و کێشەکانی ئێران دادەمەزرێت، بەبێ ئەم دوو بنەمایە نابێت.

لە ڕەخنەی د. قاسملوو دەربارەی سۆسیالیزمی ڕیالستیدا لەجێی سنووردارکردنی دیمۆکراسی، جەخت لەسەر سۆسیالیزمێک دەکاتەوە، کە دیمۆکراسی فرەوان و بەهێز بکات، وەکوو لاکلائۆ و مۆفێ دەڵێن، بۆ هێژمۆنیی ستراتیژییەکی چەپ، لەجیاتی چۆڵکردنی مەیدانی دیمۆکراسی، بەپێچەوانەوە، دەبێ بە فرەوانترکردنی زەمینەی دیمۆکراسی لە ڕێگەی خەباتی دیمۆکراسییەوە زەمینەی هاوبەش بۆ سەرجەم ڕێکخراوە مەدەنییەکان و حکوومەت بدۆزرێتەوە.[14]

ئەو بەرگرییەی مۆفێ و لاکلائۆ بەبێ هیچ سڵکردنەوەیەک لە «دیمۆکراسیی ڕادیکاڵ»ی دەکەن، وەکوو چۆن عەلی مونەزەمی شرۆڤەی دەکات، هاوتەریبە لەگەڵ بیرۆکەی «مارکسیزمی دیمۆکراسی»ی دوکتۆر قاسملوو.

بە بۆچوونی د. قاسملوو، ئەو سۆسیالیزمی دیمۆکراسییەی کە بنیات دەنرێت، هەم بە بەرژەوەندییە ئابووری و سۆسیالیستییەکانی و هەم بە ئازادییە تاکەکەسی و سیاسییەکانی، واتای بەشداریی ڕاستەوخۆی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە لە دەسەڵاتدا دەگەیەنێت. لەو سیستەمە سۆسیالدیمۆکراسیەدا کە بۆخۆی هەوڵی بنیاتنانی دەدات، نابێ تاک لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا سەرکوت بکرێت. دوکتۆر قاسملوو جیاوازی لە نێوان سێ جۆری دیمۆکراسیی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دادەنێت. ئەم سێ شێوازە دیمۆکراسییە لەگەڵ وڵاتانی سۆسیالیست و سەرمایەداری بەراورد دەکات. لە سەرەتادا دیمۆکراسیی ئابووری لە وڵاتە سۆسیالیستەکاندا بەهێزە، لەبەر ئەوەی کە داهاتە نیشتمانییەکان لەو وڵاتاندا بە شێویەکی عادڵانەتر دابەش دەکرێن. د. قاسملوو لێرە باس لە خاڵێکی زۆر گرنگ دەکات، ئەویش دابەشکردنی داهاتە نیشتمانییەکان لە نێوان زۆرینە و کەمینەدا نییە، بەڵکوو بەراوردکردنێکە لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئاخۆ ئەو داهاتە بە شێوەیەکی عادڵانە دابەش دەکرێت، یان نا؟

د. قاسملوو بەرگری لەوەش دەکات کە دیمۆکراسیی کۆمەڵایەتی لە وڵاتانی سۆسیالیستدا بە ڕێژەیەک باشترە لە وڵاتە سەرمایەدارییەکان، کەواتا لە وڵاتە سۆسیالیستییەکاندا حکوومەت لەگەڵ پێشکێشکردنی خزمەتە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو خوێندن، نیشتەجێبوون و تەندروستی، لەو هاوکارییانەشدا کە لە بواری هونەری و کلتووریدا پێشکێشی کردوون، زۆر عادڵانە بووە و هیچ تایبەتمەندییەکی بە کەس نەداوە. بەڵام دوکتۆر قاسملوو دەڵێت، دەربارەی دیمۆکراسیی سیاسی بارودۆخەکە جیاوازە. بە واتایەکی دیکە، بە بۆچوونی ئەو، پێویستە مافی ئەوە بدەین کە دیمۆکراسیی سیاسی لە وڵاتانی لیبرال ـ سەرمایەداریدا زۆر پێشکەوتووە. واتا دەتوانین بڵێین لەو وڵاتانەدا، ئازادیی تاک لە بوارەکانی ئازادیی بیروڕا و میدیا، گەشتوگوزار و بەشداریی سیاسی لە دەسەڵات و ڕەخنەگرتندا فرەوانترە. هەروەها پێویستە بڵێین کە دوکتۆر قاسملوو باس لە دوو لایەنی سەرەکیی دیمۆکراسی تاکەسەکی و گشتی دەکات. دیمۆکراسیی سیاسیی تاکەکەسی، ژیانی تایبەتیی تاکەکەسە، واتا تاک هەرچۆنێکی بیهەوێت ژیانی تایبەتیی خۆی بنیات دەنێت و بەو شێوازە دەژیت؛ بەو جۆرەی کە دەیەوێت شێوازی فیزیکیی تاک دابڕێژێت. بابەتەکانی تایبەت بە ئازادیی جلوبەرگی تاکەکەسی، لە خاڵە هەر دیارەکانی ژیانی تاکەکەسین لە دیمۆکراسیی سیاسیدا. لە جێگەیەک کە پەیوەندیی نێوان تاک و کۆمەڵ، یان دەوڵەت دەست پێ دەکات، باس لە هێڵی گشتیی سۆسیالدیمۆکراتی دەکرێت. لە بابەتی وەکوو ئەوەی تاک بتوانێت بۆچوون، یان ڕەخنەی خۆی بەرانبەر بە دەسەڵات، یان بەڕێوەبەرەکەی بڵێت. دوکتۆر قاسملوو لەنێو وڵاتە سۆسیالیستییەکاندا بە ڕێژەیەکی کەم تایبەتمەندیی ڕیزپەڕ (استثناء) بۆ هەریەک لە یۆگوسڵاڤیا و مەجارستان (هەنگاریا) دادەنێت و دەڵێت، دیمۆکراسیی سیاسی بۆ تاکەکەس و بە شێوەی گشتی نییە.

 دوکتۆر قاسملوو ڕەخنە لە شێوازی سۆسیالدیمۆکرات لە وڵاتانی سۆسیالیستی و هەروەها دیمۆکراسیی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە وڵاتانی لیبرال ـ سەرمایەداری، کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەیە، دەگرێت و دەڵێت، لە هەردوو بلۆکەکەدا دیمۆکراسییەکی تەواو نییە. بەڵام د. قاسملوو لە نێوان ئەم سێ شێوازە دیمۆکراسییەدا پێشەنگایەتی بە دیمۆکراسیی سیاسی دەدات. د. قاسملوو کە بۆ نیشاندانی هەبوونی دیمۆکراسی باس لە نوێنەرایەتی و بەشداربوون دەکات و یەکسانیی کۆمەڵایەتی وەکوو بەرچاوترین نیشانە بۆ ئەو مەبەستە دادەنێت.[15] (اندیشەهای قاسملوو: ٩٨) کە باس لە بەشداربوون و نوێنەرایەتی دەکەین، نابێ بەبێ ئەوە تێ پەڕین کە بڵێین، دوکتۆر قاسملوو بە ناوی دیمۆکراسییەوە بڕوایەکی قووڵی بە پلۆرالیزم (بەشداریی فرەلایەن) هەبوو. لەلای دوکتۆر قاسملوو کە پلۆرالیزم بە ڕێگەیەکی سەرەکیی گەیشتن بە دیمۆکراسی دەبینێت، بوونی تەنیا یەک پێکهاتەی سیاسی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی تۆتالیتاریزم.

د. قاسملوو جەخت دەکات لەسەر ئەوەی کە بە ناوی پلۆرالیزمەوە لە کۆمەڵگەیەکدا دەبێ لایەنی سیاسیی جیاواز هەبێت و ئەمانە لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات و خەڵک کێبڕکێ بکەن. خەنیمە سیاسییەکان کە وەکوو پێداویستییەکی سەرەکیی دیمۆکراسی لەنێو پلۆرالیزمدا جێ دەگرن، دەتوانن وەکوو ئەو (ئانتاگۆنیزم- لێكدژی)یە بن، کە لاکلائۆ و مۆفێ باسی لێوە دەکەن. هەرچۆنێک بێت، خەنیمەکان دوژمنی یەکتر نین، ئەوان ڕکابەری یەکترن، کە لەسەر بابەتەکان ناکۆکن. یان وەک «ڕازمینگ کۆچەی» کە باس لە ژنومێردەکەی «لاکلائۆ و مۆفێ» دەکات و دەڵێت، لەنێو ئانتاگۆنیزمدا دەڵێن: «خەنیمەکەت بۆ ئەوە دروست بووە، کە ڕکابەرایەتیی تۆ بکات و بەو شێوەیە قبووڵی بکە.»[16]

وەکوو چۆن شاهۆ حوسێنی لە مەقالەیەکدا لەژێر ناوی «لە دیمۆکراسیی ڕادیکاڵەوە بەرەو سۆسیالیزمی دیمۆکراتیک»[17] دەڵێت: «د. قاسملوو کە هەردوو کێشەی سیاسی و ئابووری، وەکوو دوو کێشەی سەرەکیی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران دەبینێت و باسیان دەکات و بوونی ڕێژیمێکی دیکتاتۆر وەکوو هۆکاری سەرەکیی هەبوونی ئەو دوو کێشەیە پێناسە دەکات.»

لەم بەینەدا بەپێی بیرکردنەوەی د. قاسملوو، بە شێوەیەکی گشتی لە سیستەمی سۆسیالیستیدا یەکسانیی سیاسی نییە و یەکسانیی ئابووری هەیە، بەڵام بەپێچەوانەوە لە سیستەمی سەرمایەداریی بورژواییدا یەکسانیی ئابووری نییە و یەکسانیی سیاسی هەیە. لە ڕاستیدا لەسەر بنەمای ئەم هەڵسەنگاندنە، دەتوانین ئەوە ببینین کە د. قاسملوو سڵاوێکی لە لیبرالدیمۆکراسی کردووە (ئاوڕی لێ داوەتەوە). لە ڕاستیدا ئەمە وەکوو یەکێک لەو بابەتە سەرەکیانەی کە بەرگریی لێ دەکات، هەڵوێستێکە لە بابەتی ئازادیی تاک و دیمۆکراسیدا دێتە بەردەممان. سڵاوێکی بەم شێوەیە، بە واتایەکی گەورەتر، ئەگەر بڵێین وەکوو وتەکانی لاکلائۆ و مۆفێ دەربارەی دیمۆکراسیی ڕادیکاڵ دێتەوە، زێدەڕۆییمان نەکردووە. لەبەر ئەوەی ئەوانیش لیبرالدیمۆکراسی، کە هاوتەریبی چینی بوورژوایە، لە بنەڕەتەوە ڕەت ناکەنەوە. بەپێچەوانەوە بەو واتایە، کە قاسملووش هاوبیرە لەگەڵیان، لەنێو سۆسیالیزمدا، تاکی چینی کرێکار تەنیا بەرهەمهێنەر نییە، بگرە هاوکات لە بواری سیاسیشدا بە هاووڵاتی هەژمار دەکرێت. هەڵبەت دەبێ ئەوەش بڵێین کە لە سیستەمی لیبرالیدا دیمۆکراسی تەنیا سنووردار نابێت بە ئازادیی تاکەکەس، بەڵکوو دەبێ لە بواری ئابووریشدا گەشە بکات.

دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە ئەو سۆسیالیزمە نوێیەی کە د. قاسملوو دەیەوێت بنیاتی بنێت جیایە لەو سۆسیالیزمەی کە لە وڵاتە سۆسیالیستییەکاندا هەیە، بە بڕوای ئەو، شێوازەکانی سۆسیالیزمی هەیی (مەوجوود) ناتوانێت وەڵامدەری کێشەکانی تاکی کورد و کوردستان بێت و دەڵێت: «دەبێ سۆسیالیزمێک بنیات بنێین، کە وەڵامدەری داواکارییەکانی تاکی خۆمان بێت.»

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەربارەت بەوەی کە «چ جۆرە سۆسیالیزمێک»؟ د. قاسملوو بە ئاماژەکردن بە پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا دەڵێت: «دەبێ هەر نەتەوە و وڵاتێک بەپێی تایبەتمەندییەکانی خۆیان، سۆسیالیزم بنیات بنێن. بۆ ئەمەش دەبێ گرنگی بدەین بەو بڕیار و هەڵسەنگاندنانەی کە پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا لە ٢٤مین کۆنگرەی خۆیدا لە ساڵی ١٩٨٢ بە مەبەستی بنیاتنانی سۆسیالیزمێکی نوێ باسی کردوون.» د. قاسملوو دەڵێت: «پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا کە ئەو کۆنگرەیەی لەژێر دروشمی «بنیاتنانی سۆسیالیزمێک بە ڕەنگی فەرەنسایی» گرتووە، هەوڵی داوە کە سۆسیالیزمێک بەپێی تایبەتمەندیی وڵاتی خۆیان بنیات بنێت.»

لە ڕاستیدا دەبێ بەگەرمی پێشوازی لەم هەڵویستەی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا بکرێت، کە گەورەترین پارتی کۆمۆنیستی ئەورووپای ڕۆژئاوایە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی یەکیتیی سۆڤیەت هەبووە، کە ویستوویەتی سۆسیالیزمێک بەم شێوازە بنیات بنێت. سەرەڕای ئەمەش، دەڵێت، کە ئەو سۆسیالیزمەی لە وڵاتە سۆسیالیستییەکاندا هەیە، بۆ کوردستان گونجاو نییە و بەئاشکرا دەڵێت، کە گەلی کورد لە کوردستان دەبێ بە لەرچاوگرتنی هەلومەرج و تایبەتمەندییەکانی خۆی، سۆسیالیزمێکی نوێ و تایبەت بە خۆی بنیات بنێت و، داوای شێوازێکی نوێ «سۆسیالیزمێک بە ڕەنگی کوردستان» دەکات. بە بڕوای د. قاسملوو دەبێ بنەمای ئەم سۆسیالیزمە دیمۆکراسی بێت. لە کۆنگرەی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسادا دەڵێت، کە بە مەبەستی وەڵامدانەوەی پیداویستییە نوێیە هەمەجۆرەکانی خەڵک لە وڵاتانی سۆسیالیستیی ئەورووپا دەبێ کۆمەڵگە پێش بکەوێت و بنەمای ئەو پێشکەوتنەش دیمۆکراسییە. پێری ئەندێرسۆن دەڵێت: «نیشانەکانی لیبرالبوونی سنووردار و نەرمینواندن لە بەرانبەر کۆمۆنیزمدا لە وڵاتانی ئەورووپا لە ساڵانی ١٩٦٠ وەدیار کەوتن، کە لە کۆنگرەی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسادا، وەکوو «دیمۆکراسیی پێشکەوتوو» باسی لێوە کراوە.»[18]

لە ڕاستیدا د. قاسملوو بۆخۆی لە دوکیومێنتارییەکی «بی.بی.سیی فارسی»دا، کە ئەو میدیایە لەسەر «کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزم» ئامادەی کردووە، بەڕوونی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا ڕەت دەکاتەوە و بەمەش دیار دەبێت، کە ڕێگاکانی چەندە لەگەڵ مارکسیست ـ لینینیستی کلاسیک جودا کردووەتەوە. د. قاسملوو پشتگری لە ستراتیژییەکی نوێی پۆستمارکسیزم دەکات، کە پرۆلیتاریای دیکتاتۆری و شۆڕشگێڕیی زۆرداری ڕەت دەکاتەوە و، هاوڕای بیرمەندی نوێخوازی ئەڵمانیا «ئێدوارد بەرنشتاین»ە. هەرچەندە ڕەتکردنەوەی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا بە واتای ڕەتکردنەوەی پرۆلیتاریا نایەت، بەڵام هاوتەریب و هاوسەنگە لەگەڵ پێگەی تایبەت و ڕەخنەی پرۆلیتاریا لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا. د. قاسملوو بەرگریکردنی بەشێک لە ئەندامانی حیزبەکەی لە دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا بە بێواتا و بێجێ دەبێنێت و ئەمەش، بەوە گرێ دەدات کە حیزبەکەی ئەو، حیزبێکی «دیمۆکراتیکی نەتەوەیی»ــە . ڕەتکردنەوەی ئەم بابەتە لە لایەن د. قاسملوو تەنیا لە بەرژەوەندیی لایەنگریکردنە لە دیمۆکراسی. لەبەر ئەوەی ئەو، دژی سۆسیالیزمێکە کە دیمۆکراسی و ئازادی لە ناوەرۆکیدا نەبێت. هەڵبەتە د. قاسملوو لەبارەی ڕەتکردنەوەی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریاوە خۆی لە سوودوەرگرتن لە «ڕەوابوونی مارکسیستی» بەدوور ناگرێت. بە بڕوای ئەو، بەر لە هەرشتێک مارکس، دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا وەکوو ئامانجێک نابینێت، بەڵکوو ئامانجی سەرەکیی ئەو، «لەنێوبردنی سەرجەم چینەکان و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی بێچین»ــە و، لەو ڕێگەیەدا وەکوو قۆناغێکی کاتی هەڵویستەی لەسەر دەکات. تەنانەت سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی چین، «ماو تسی تۆنگ»، نەک پرۆلیتاریا، بەڵکوو بەرگری لە «دیکتاتۆریەتیی دیمۆکراسیی گەل» دەکات.

لە کۆتاییدا، نامەوێت تێپەڕ بم، بەبێ ئەوەی باس لەو خاڵە بکەم، کە لەبەر ئەوەی د. قاسملوو بۆ مەسەلەی کورد و کوردستان باسی لە دامەزراندنی سۆسیالیزمێکی نوێ کردووە، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەک بووەتەوە، کە لە «ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداری»ــەوە دێت. لە بابەتی «کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزم» کە بۆ پرۆگرامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران پێشکێشی کردووە، لە لایەن ڕێکخراوە چەپە ڕادیکاڵییەکانی وەکوو کۆمەڵە و «راه کارگر»ەوە ڕەخنەی لێ گیراوە و دەڵێن، گوناهێکی سۆسیال دیمۆکراسیی کردووە و هەموو مەبەستەکەیشی ئەوە بووە، «ئاو بکاتە ئاشی سەرمایەدارییەوە». ئەوەی کە لەنێو ئەو نامە (دەق)ـەدا باس لە (مارکسیست ـ لینینیست) نەکراوە، ئەوەیە کە بە شێوەیەکی خراپ لەسەر سۆسیالدیمۆکراسی تۆمەتبار کراوە. خودی د. قاسملوو دەڵێت، لەبەر ئەوەی لە گوتار و سلۆگانەکانیدا باسی لە سەرمایەداری نەکردووە، ڕەخنەی لێ گیراوە، بەڵام ئەو، دەڵێت بەر لە هەرشتێک لە کوردستان دەبێ بڵێن «کامە سەرمایەداری؟» لەبەر ئەوەی لە کوردستان سەرمایەداری نییە. ئەو، دەڵێ کاپیتالیزم (سەرمایەداری) ئەوە نییە، کە هەندێک کەس بیری لێ دەکەنەوە، کە پەیوەندیی بە ماڵ و مڵکەوە هەبێت، بە ئاماژەکردن بە کارل مارکس، دەڵێت کە ئەمە «شێوازێکی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییە»، لە لایەک کەسی خاوەنسەرمایە، واتا کاپیتالیست و، لە لایەکی دیکە، چینی کرێکار هەیە و، شێوازێکی کۆمەڵایەتییە کە پەیوەندیی بە «زاڵم و زۆڵملێکراو»ەوە هەیە. لەم شێوازەدا، چینی کرێکاران کەرەستەی بەرهەمهێنان نین و ناچار کراون هیزی جەستەییی خۆی بە خاوەنی سەرمایە بفرۆشن، کە ئەو ئامێرانەیان قۆرخ کردووە. د. قاسملوو لەم خاڵەدا جیاوازی دەخاتە نێوان کاپیتالیست و دەوڵەمەند لە کوردستان و دەڵێت، لە کوردستان سەرمایەداری نییە. ئەو، بەرگری لەوە دەکات، کە هەموو کاپیتالیستێک دەوڵەمەندە، بەڵام هەموو دەوڵەمەندێک کاپیتالیست نییە و، ئەم وەڵامەش دەداتە ئەو کەسانەی کە ڕەخنەی لێ دەگرن، کە لە کوردستان دژایەتیی کاپیتالیزم ناکات:

«کاپیتالیست و دەوڵەمەند یەک شت نین، هەموو کاپیتالیستێک دەوڵەمەندە، بەڵام هەموو دەوڵەمەندێک کاپیتالیست نییە. لە کوردستان دەوڵەمەند هەیە، بەڵام کاپیتالیست نییە. هەربۆیە لە کوردستان پێویستیمان بە شوعاری دژی کاپیتالیزم نییە. ئەم قۆناغە، قۆناغێکە کە پێویستە خەباتی نەتەوەیی و دیمۆکراتیی تێدا بکرێت. لەبەر ئەوەی کەسانی خاوەنسەرمایە لە کوردستان، چینێکی ڕێکخراو و یەکگرتوو نین و، دژایەتیی داواکاریی نەتەوەیی و دیمۆکراسییانەی ئێمە ناکەن. بەپێچەوانەوە لە زۆربەی شارەکاندا بورژوا و بورژوازە بچووکەکان، هاوکاریی خەباتی نەتەوەییی کورد دەکەن و دەیانەوێت ڕۆڵیان هەبێت.» جگە لەوە، د. قاسملوو، خۆی دەڵێت: «ئەو سۆسیالیزمە دیمۆکراسییەی کە ئەو بەرگریی لێ دەکات، بە واتای ڕەتکردنەوەی کاپیتالیزم و سۆسیالدیمۆکراسی نییە. لەبەر ئەوەی د. قاسملوو لەو بڕوایەدایە، کە سۆسیالدیمۆکراسی ڕێگەیەکە بۆ ڕیفۆرمکردنی ئەو سۆسیالیزمەی کە بەرگری لە کاپیتالیزم دەکات و بە بیر و باوەڕی سۆسیالیستییەوە هەوڵ دەدات کە چینی کرێکار کاپیتالیزم قبووڵ بکات و لەوەش گرنگتر، ئەوەیە کە دەیەوێت لە چوارچێوەی کاپیتالیزمدا کێشە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی چینی کرێکار چارە بکات. بە بڕوای من، کە د. قاسملوو لێرەدا سۆسیالدیمۆکراتی دێنێت، بە واتای ئەوە نییە کە وازی لە سۆسیالیزمی ڕیالیستی نەهێناوە. لەبەر ئەوەی کە ئەو، تەنیا باسی لە سۆسیالیزمی دیمۆکراتیک کردووە. بەڵێ دەتوانین بڵێن کە ئەمەی بۆ بەرگریکردن لەو سۆسیالیستبوونەی خۆی گوتووە. بەڵام بۆ ئەوەی کە بڵێین ئەمە مۆدێلێک نییە کە لەسەر ئەو شێوازە سۆسیالیزمە بێت کە هەیە، ئەو بەڵگە و بابەتانەی کە لە سەرەوە دەربارەی بیرکردنەوەی د. قاسملوو باسمان کردن، دەکرێ کیفایەت بن بۆ ئاشکراکردنی ئەمە. خۆ مەشغووڵکردن بە بیناکردنی سۆسیالیزمێکی نوێ و کارکردن بۆ ئەوەی کە ئەمە لەسەر هەڵسەنگاندن و ڕەخنەگرتن لە سۆسیالیزمی ڕیالیستیک بنیات بنێت، بەسە بۆ ئەوەی کە بڵێین د. قاسملوو وازی لە سۆسیالیزمی ڕیالیستیک هێناوە.

 

کۆتایی

لە سەرەتادا دەبێ مافی ئەوە بدەین کە، دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو لەو بابەتە کورتەدا کە باسمان کرد، ئاماژەی بە چەند بابەتی گرنگ کردووە، بابەت و ناوەرۆکی ئەو مژارانەی کە گرنگیی پێ دەدات و هەروەها شێواز و ئامانجی گفتوگۆکردن لەسەر ئەو مژارانە، بەڵگەهێنانەوەی پێویستە لەسەر ئەوەی کە دوکتۆر قاسملوو لە بواری هزر و بڕوا و سیاسەتەوە لەگەڵ

مارکسیست ـ سۆسیالیستە کلاسیکەکان جیاوازە و ئەوەندەی کە ئێمە باسمان کردووە، هۆکاری پێویستمان بەدەستەوەیە کە بڵێین دوکتۆر قاسملوو کەسێکی پۆستمارکسیزمە.

لە سەرتاوە باسی بنیاتنانی سۆسیالیزمێکی نوێی کردووە، کە تێیدا سەرجەم پارتە سیاسی و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن ناوەرۆکێکی دیمۆکراتییان هەبێت و لەوە سەرووتر بن، کە تەنیا چینی کرێکار وەکوو دینامۆی گۆڕانکارییەکان پێناسە بکەن و، لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین کە خۆی وەک کەسێکی پۆستمارکسیزم پێشان دەدات. بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین بەهۆی ئەوەی تۆتالیتاریالیزمی چینایەتی لە دژی دیمۆکراسی دەبینێت، پرۆلیتاریای دیکتاتۆری ڕەت دەکاتەوە و واز لەو هزرە دەهێنێت، ئەو بابەتەی کە «لاکلائۆ و مۆفێ»ش باسی لێوە دەکەن، «تایبەتمەندیی چینایەتی»، یان «سیاسەتی چینایەتی» بەلاوە دەنێت.

حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە ڕێبەرایەتیی دوکتۆر عەبدولڕحمان قاسملوو، خۆی وەک حیزبێکی چینایەتی نابینێت، بەڵکوو خۆی وەک ڕێکخراوێکی «دیمۆکراتی ـ نەتەوەیی» پێناسە کردووە و ڕێک خستووە.

«E. M. Wood» باسی «لاکلائۆ» دەکات و دەڵێت، لاکلائۆ شێوازی «میللی نەتەوەیی ـ خەڵکی نەتەوەیی»، یان «میللی ـ دیمۆکراتی»ی بەکار هێناوە و، ئەو کێماسییەی «لاکلائۆ» ساڵی 1920 لە پارتی کرێکاری ئاڵمانیادا دۆزیویەتەوە لێپرسینەوە (gensoruInterpellation) بووە و، لاکلائۆ پاریزگاریی لە نەتەوە کردووە و پۆتانسیەلی بەرگریکردن لە پۆپۆلیستیی دیمۆکراتیکی لە وڵاتەکەی خۆی، واتا ئارژانتینەوە بەدەست هێناوە. هەر بەم شێوەیەی «وۆد» لەبارەی لاکلائۆوە باسی دەکات، د. قاسملووش لە بەرانبەر چینایەتی، نەتەوەگرایی و لە بەرانبەر ئابووریدا، سیاسەت بەهەند وەردەگرێت و، گرنگی بە کۆمەڵگە دەدات.[19] لەبەر ئەم هۆکارانە دەتوانین کە دوکتۆر قاسملوو وەکوو پۆستمارکسیسزم وەسف بکەین. لێرەدا لە هەڵوێستی ئیدیۆلۆژیک و سیاسیی دوکتۆر قاسملوودا ئەو شتەی کە دەرفەتمان دەداتێ ئەو ڕیزبەندییە بکەین، ئەوەیە کە سۆسیالیزمی ڕیالیستی لەسەر بنەمای ڕەخنەگرتن لە مارکسیزمی کلاسیک بنیات دەنێت. جگە لەمە، لەبارەی سۆسیالیزم و بابەتە جیهانییەکانەوە زۆر جیاوازتر لە پارتی کۆمۆنیستی شوورەوی بیر دەکاتەوە و حیزبەکەی خۆیان بە پارتێکی دیمۆکرات و نەتەوەیی وەسف دەکات، کە دەتوانن ڕەخنە لە خۆیان بگرن .بەم شێوەیە بەر لە هەرشتێكی دیکە، ئەرکی بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لەسەر شانی ئەوانە، لەبەر ئەوەی بە گوتەی د. قاسملوو، ئەولەویەتی حیزبی کۆمۆنیستی شوورەویش بەژەوەندییەکانی خەڵکی خۆیان بووە.

دوکتۆر قاسملوو کە پلۆرالیزم وەکوو پێویستییەک بۆ دیمۆکراسی دەبینێت و لەسەر ئەم بنەمایەش بەرگری لە ناسنامەی مەزهەبی، نەتەوەیی و ژنان و خەباتیان بۆ ئازادی و بەرابەریی کۆمەڵایەتی دەکات، بە تەواوەتی ئەو بابەتەیە کە لاکلائۆ و مۆفێ باسی لێوە دەکەن و دەڵین: «فرەوانکردنی زەمینەی دیمۆکراسی و قۆرخنەکردنی، یان کۆنەکردنەوەی دەسەڵات لە خاڵێکی تایبەتدا وەکوو خاڵ و مەرجێکی سەرەکیی دیمۆکراتیزەکردنی کۆمەڵگە دەبینن»[20] و کۆدەنگییەک لەگەڵ ئەم تێزە وەدیار دەخات. ئەو باسەی کە دەتوانین لەو ژنومێردەوە، واتا لە لاکلائۆ و مۆفێوە پێی بگەین، ئەوەیە کە دوکتۆر قاسملوو لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا، مارکسیزمی کلاسیک، کە پێگەیەکی تایبەت و بەئیمتیازەوە دەدات بە چینی کرێکار، تێپەڕ دەکات و جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە لە مەیدانی سیاسەتدا لەسەر بنەمای ئانتاگۆنیزم گرنگی بە فرەییی ناسنامە و خەباتی پیکهاتەکان بدرێت، وەکوو گۆران تێربۆرن[21]  دەربارەی لاکلائۆ و مۆفێ دەڵێت، ڕوانینی سۆسیالیستی بەرانبەر بە چینەکان، لە هزری سۆسیالیستی دیمۆکراتیکدا لەلای قاسملوو پیگەیەکی دیاری نییە. بەو قسەی کە ئێلن وۆد وەکوو ڕەخنەیەک لەبارەی پۆستمارکسیزمەوە دەیڵێت، دەتوانین بەرگری لەوە بکەین کە د. قاسملوو خۆی لە چینایەتی دزیوەتەوە و لە دژی بووە. جەختکردنی بەردەوام لەسەر ئەوەی کە ئەوان ڕێکخراوێکی چینایەتی نین و خۆیان وەکوو حیزبێکی دیمۆکراتی نەتەوەیی پێناسە دەکەن، دیاریکردنی ئەوەی کە لە وڵاتە سۆسیالیستەکاندا دیمۆکراسی نییە و لەسەر ئەم بنەمایە بە شێوازێکی ڕەخنەییی توند و بە زمانێکی پاراو تەئکید دەکەنەوە کە پیویستە خەباتی چینایەتی و کۆمەڵایەتی ببێتە دەرفەتێک بۆ گەشەکردنی دیمۆکراسی، کە ئەمەش وەکوو نیشانەیەکی دیاری پۆستمارکسیزم دەبینرێت. جەختکردنی د. قاسملوو لەسەر ئەوەی کە دیمۆکراسیی ڕادیکاڵ، وەکوو بنەمای بیرۆکە سۆسیالیستییەکەی جێ بگرێت و خەبات لەسەر ئەم بنەمایە بێت، هۆکارێکە بۆ ئەوەی د. قاسملوو لە بەرەی لاکلائۆ و مۆفێ جێ بگرێت. ئیسماعیل بازیار یەکێک لە ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان کە دوکتۆر قاسملوو وەکوو ڕێبەر قەبووڵ دەکات، بە درێژاییی ئەو بابەتەی کە نووسیویەتی دەڵێت: «دوکتۆر قاسملوو وازی لە کۆمۆنیزم هێناوە»، «دوکتۆر قاسملوو سنوورێکی دیاریکراوی لە نێوان خۆی و چەپی ڕادیکاڵدا داناوە»، «ئەو، چیتر کۆمۆنیست نییە و بە بڕوای ئەو، چیتر کۆمۆنیزم نەماوە»، «ئەو، ئیدی سۆسیالیستە، دەتوانم بەئاشکرا بڵێم کە ئەو ڕووی کردووەتە سۆسیالیزمی دیمۆکراتیک و بەم نووسینە مالئاواییی لە میتافیزکی کۆمۆنیزم کردووە». میتافیزیکی کۆمۆنیزم، چینایەتی وەکوو بنەمای سەرجەم خەباتە سیاسییەکان دادەنێت و باس لە مژارەکانی وەکوو ژنان، نەتەوە و کلتوور ناکات و، هەموو شرۆڤە و ئانالیزی سیاسی و خەباتکردنی لەسەر بنەمای چینایەتییە، کە دوکتۆر قاسملوو ماڵئاوایی لەوە کردووە.

 

پەراوێزەکان

 

Anderson, Perry, Batı Marksizmi Üzerine Düşünceler, çev. Bülent Aksoy, İletişim: 2007, Birikim Yayınları.

Behramî Kawe, Tavgeyî Heqîqet, Beşêk Le Behremekanî Diktor Qasimlo, yayın yeri, tarihi ve yayınevi yok.

Demir, Gökhan, Post-marksizm Ve Radikal Demokrasi, İstanbul: 2014, PatikaKitap Yayınları.

Keucheyan, Razmig, Aklın Sol Yarısı, çev. Selen Şahin, İstanbul:2016, İletişim Yayınları.

Laclau Ernesto; Mouffe Chantal, Hegemonya Ve Sosyalist Strateji: Radikal Demokratik Bir Politikaya Doğru, İstanbul: 2015, İletişim Yayınları.

Monzemi, Ali, Endîşehayî Qasimlo, trc. Keyhan Yusifî, Erbil: 1392 (2013), Îtîhadiyeyî Danişcuyanî Dimokrat Kurdistanî Îran.

Mouffe, Chantal, Siyasal Üzerine, çev. Mehmet Ratip, İstabul: 2013, İletişim Yayınları.

Sol Popülizm, çev. Aybars Yanık, İstanbul: 2019, İletişim Yayınları.

Qasimlo, Ebdurrehman, Çil Sal Xebat Di Riya Azadiyê de, wer. Ziya Avci, İstanbul: 2002, Avesta Yayınları.

Therborn, Göran, Marksizmden Post-Marksizme, çev. Devrim Evci, Ankara: 2011, Dipnot Yayınları.

Wood, Ellen M., Sınıftan Kaçış, çev. Şükrü Alpagut, İstanbul:2011, Yordam Yayınları.

 

[1] İlgili metin için bkz. Dr. Qasimlû, Kurtebasêk Le Ser Sosyalîzm», içinde“Tavgeyî Heqîqet, Beşêk Le Berhemekanî Diktor Qasimlû, amadekar: Kawe Behramî, Bergî Yekem, basım yeri, tarihi ve yayınevi yok. Aksi belirtilmedikçe Dr. Qasimlo ile ilgili değerlendirmede referans alınmış olan bu eserdir.

[2] Ebdulrehman Qasimlo, Çil Sal Xebat Di Riya Azadiyê de, wer. Ziya Avci, İstanbul:2002, Avesta Yayınları, s. 133.

[3] Ali Monzemi, Endîşehayî Qasimlo, trc. Keyhan Yusifî, Erbil: 1392 (2013), Îtîhadiyeyî Danişcuyanî Dimokrat Kurdistanî Îran, s. 78-100.

[4] Bkz. http://www.teorivepolitika.net/index.php/arsiv/item/83-aydinlanma-dusuncesi-ve-bat%C4%B1-marksizmi (erişim tarihi: 23. 09. 2019).

[5] Perry Anderson, Batı Marksizmi Üzerine Düşünceler, çev. Bülent Aksoy, İstanbul: 2007, Birikim Yayınları, s. 89.

[6] Bkz. http://www.teorivepolitika.net/index.php/arsiv/item/74-post-marksizmin-postulatlari (erişim tarihi: 24. 09. 2019)

[7] Ernesto Laclau ve Chantal Mouffe, Hegemonya Ve Sosyalist Strateji, s. 25

[8] Chantal Mouffe, Sol Popülizm, çev. Aybars Yanık, İstanbul: 2019, İletişim Yayınları, s. 15; Ernesto Laclau ve Chantal Mouffe, Hegemonya Ve Sosyalist Strateji, s. 26.

[9] Ernesto Laclau ve Chantal Mouffe, Hegemonya Ve Sosyalist Strateji,s. 28-29.

[10] Chantal Mouffe, Siyasal Üzerine, çev. Mehmet Ratip, İstanbul: 2013, İletişim Yayınları, s. 39

[11]Gökhan Demir, Post-marksizm Ve Radikal Demokrasi, İstanbul: 2014, PatikaKitap Yayınları, s. 167-68

[12] Burada şunu not düşmek gerekir: Dr. Qasimlo politik-idari bir statü olarak otonomiyi nihai ve üst bir merhale gibi görmüyor. Kürt meselesinin gerçek ve asıl içeriği olarak vurguladığı self-determinasyon hakkını gerçekleştirmenin üç biçiminden bahsetmektedir: Bağımsızlık, federalizm ve otonomi. Doğu Kürdistan›ın, İran›ın ve Kürtlerin Ortadoğu›daki mevcut koşullarına kendince «realist» bir şekilde yaklaşıp ilk ikisinin bu koşullara uygun olmadığını söylemektedir. Dolayısıyla otonominin tercih edilmesi, var olan koşulların dayattığı bir zorunluluktan kaynaklanmaktadır.

[13] Kawe Behramî, Duktor Qasimlû: Rêberekî Modern û Şorişgêrêkî Dîmokrat, s.97-99, yayın yeri, tarihi ve yayınevi yok.

[14] Ernesto Laclau ve Chantal Mouffe, Hegemonya Ve Sosyalist Strateji, s. 270.

[15] Ali Monzemi, Endîşehayî Qasimlo, s. 98.

[16] Razmig Keucheyan, Aklın Sol Yarısı, çev. Selen Şahin, İstanbul:2016, İletişim Yayınları, s. 323

[17] Bkz. http://dengekan.info/archives/3902 (erişim tarihi: 18. 09. 2019)

[18] Perry Anderson, Batı Marksizmi Üzerine Düşünceler, s. 71-72.

[19] Ellen M. Wood, Sınıftan Kaçış, çev. Şükrü Alpagut, İstanbul: 2011, Yordam Yayınları, s. 45-46

[20] Ernesto Laclau ve Chantal Mouffe, Hegemonya Ve Sosyalist Strateji, s. 272.

[21] Göran Therborn, Marksizmden Post-Marksizme, çev. Devrim Evci, Ankara: 2011, Dipnot Yayınları, s. 174.