ئارامتر بخوێنەوە!
فۆکۆ و پێداچوونەوە بە ئێراندا : شۆڕش، ئایین و نێئۆلیبڕالیزم
میشێل لیزێنبێرگ*
زانکۆی ئامستێردام
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: کوردەوان کەریمی
پێشەکی
زیاتر لە سێ دەیە پاش مردنی و نزیکەی چواردەیە لە دوای نووسراوە رۆژنامەییە بەناوبانگ یا بەدناوەکانی، لەسەر شۆرش دژی رژێمی پەهلەوی لە ئێران، پێشوازی کردن لە بەرهەمەکانی فۆکۆ تا ئێستاش بەردەوامە و، ئەمەشتا ڕادەیەک بە هۆی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی لە پاش مردنییەتی کە وای لە ئێمە کردووە بەو شتانەدا بچینەوە کە پێمانوابوو دەیانزانین. یەکەم شەپۆلی ئەم چەشنە بڵاوکراوانە، لە ساڵی ١٩٩٤ بە بڵاوکرانەوەی کتێبێکی گەورەی چوار بەرگی بە ناوی Dits et écrits[1]هاتە ئاراوە کە لە نێوان زۆربەی بەرهەمەکانی تر، بۆ یەکەم جار بە فراوانی نووسراوەکانی فۆکۆی لەبارەی ئێرانەوە خستە بەردەست.[2]شەپۆلی دووهەم، بڵاوکردنەوەی وانەکانی Collège de France ی فۆکۆ لە ساڵی ١٩٩٧ ەوە دەستی پێکرد و لانیکەم بە فەڕەنسی لە ساڵی ٢٠١٤دا کۆتایی پێهات (وەرگێڕاوی ئینگلیزیی دوایین بەرگەکەی لە ساڵی ٢٠١٧دا خرایە بەر دەست)؛ پێشوازی کردن لێی بە ئارامی دەستی پێکردووە. لە ئێستادا، واپێدەچێت دیسان بەشێکی تر لەم جۆرە بەرهەمانە لە دوای مردنی بخرێنە بەردەست: لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٨دا ،Les aveux de la chair، چوارەمین بەرگی مێژووی سێکسواڵیتە، بڵاو بووەوەو، گوایە بۆ بڵاو کردنەوەی چەند وانەیەکی دەیەی ١٩٦٠ی، لە مارکسیسمەوە بگرە هەتا وێژە، پلان داندراوە.[3]
لێکدانەوەکان لەمەڕ فۆکۆ،پاش بڵاو بوونەوەی ئەم بەرهەمانە لە پاش مردنی، گۆڕانکاریی زۆریان بەسەردا هاتووە. بۆ تێگەیشتنمان لە نووسراوەکانی فۆکۆ لەسەر شۆڕشی ئێران، وتارەکانی ١٩٧٩ی College de Franceی فۆکۆ لەسەر نئۆلیبڕالیزم و “Naissance de la biopolitique”کە لە ساڵی ٢٠٠٤دا بڵاو کرایەوە، واپێدەچێت گرینگی تایبەتیان هەبێت؛ لەبەر ئەوەی کە ئەم بەرهەمانە ڕاست لە لووتکەی سەرقاڵبوونی فۆکۆ بە ئێرانەوە ئامادە و پێشکەش کراون.[4] ئەم وانەگەلە، وەکوو یەکێک لە یەکەمین هەوڵەکان بۆ سەرقاڵ بوون بە تیۆریی ئابووریی نیۆلیبڕال لە ڕوانگەیەکی نامارکسیستییەوە، سەرنج و مشتومڕێکی بەرچاویان بەرەولای خۆیان ڕاکێشاوە؛ بەڵام لێرەدا من بەدوای پەیوەندییان لەگەڵ نووسراوە ئێرانییەکانیدا دەگەڕێم.[5]
لێرەدا، من، سەرەتا نووسراوەکانی ئێران لە میانەی باسێکی بەربڵاوتری فۆکۆ لەگەڵ مارکسیسم دادەنێم؛ دووەم، باس لەوە دەکەم هەتا چ ڕادەیەک بە هۆی کەڵکەڵەی تیۆریکی بەربڵاوتری ئەو سەردەمەوە بیچمیان گرتووە. سێیەم، من بەدوای ئەوەدا دەگەڕێم کە فۆکۆ، لە توێژینەوەکانی سەبارەت بە ئێران و بە گشتی ڕۆژهەڵات، هەتا چ ڕادەیەک بیرتیژی و ڕوانگە ڕەچەڵەکناسییەکانی(genealogical )دەپارێزێت. چوارەم و لەکۆتاییدا، باس لەوە دەکەم کە چۆن چەندین نووسەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی تەلال ئەسەد، سەرەڕای ئەوەی خۆیان بە شوێنکەوتووی فۆکۆ دەزانن، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ مۆدێلە تیۆرییە کۆنباوەکان دەگەڕێنەوە. ئەم بەشە بەناچاری تاڕادەیەک جێگای مشتومڕە؛ بەڵام ئامانجەکانی بنیاتنەرانەن نەک ڕووخێنەر. ئەم تێبینیانە، پێکەوە ئەم ڕاستییە دەخەنە پێش چاو کە وەرگرتنی میتۆد و ئایدیاکانی فۆکۆ لە بواری توێژینەوەی بەمێژوویی کردن (historicizing)دا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێڕن هێشتا بێ کەموکۆڕی نییە.
١.فۆکۆ، ڕاپەڕین و شۆڕش
لە بەهاری ١٩٧٨دا فۆکۆ لە لایەن ئیدیتۆری ڕۆژنامەی ئیتاڵی Corrieredella seraبۆ نووسینی زنجیرە وتار و بابەتێک ڕاسپێردرا؛ لە جیاتی ئەوە، فۆکۆ پێشنیاری ڕێکخستنی گرووپێک لە نووسەرانی کرد هەتا لە سەر کێشە و گرفتی هەمەجۆری هاوچەرخ بنووسن، بابەتگەلێک کە ئەو هەستی کرد ئایدیای نوێیان لێهەڵدەقوڵا. وادیارە لە سەرەتادا فۆکۆ، کاتێک بۆ یەکەمجار لە مارسی ١٩٧٨دا، پڕۆژەی “ژۆرنالیزمی ئایدیاکانی” گەڵاڵە کرد، هیچ پلانێکی بۆ ئەوە نەبووە کە یەکێک لە ئەندامانی گرووپە پێشنیارکراوەکەی خۆی، بۆ نووسین لە سەر ئێران ڕاسپێرێ. زۆری پێنەچوو کە پاش ١٩ی ئاگێست،(بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە سینەمایەکی ئابادان کە مردنی ٣٧٧ کەسی لێکەوتەوە و، پاشان ناڕەزایەتی دەربڕینی سەرتاسەریی لە ئێران بە دوای خۆیدا هێنا) فۆکۆ بڕیاری دا، نەک تەنیا ئێران ببێتە بەشێک لە زنجیرە وتارە پێشبینی کراوەکان، بەڵکوو خۆیشی سەردانی ئەم وڵاتە بکا. یەکەم سەفەری بۆ ئێران لە ١٦ تا ٢٤ی سێپتامبری ١٩٧٨ و ئەوەی تریانی لە ٩ تا ١٥ی نۆوامبەری هەمان ساڵدا ئەنجام دا. وتارەکانی لە نێوان کۆتاییی سێپتامبر، هەتا سەرەتای مانگی فێبریەی ١٩٧٩، لە ڕۆژنامەی Corriere چاپ و بڵاو بوونەوە. ئەگەر کەمێک تێبینیی تیۆریکیی فۆکۆ، ڕاستەوخۆ لەم نووسراوە ڕۆژنامەییانەدا بەرچاو دەکەوێ، بە پێچەوانەوە، ئەزموونەکانی ئێرانی لە هیچ شوێنێک، لە وتارەکانیCollège de Franceی ساڵی ١٩٧٩یدا، یان بڵاوکراوە ئاکادێمیکەکانی دیکەدا دەرناکەون. سەرەڕای ئەمەش، هەربەوجۆرەی کە لە درێژەدا باسی لێدەکەم پەیوەندیی ڕوون، بنەڕەتی و بابەتیانە لە خاڵە گرینگەکاندا، لە نێوانیاندا هەیە.
تەنیا لە بابەتی سێهەمدا بوو کە فۆکۆ دەستی کرد بە وردبینی لە سەر ئایین وەکوو فاکتەرێک لە ناڕەزایەتییەکاندا. بەناوبانگە، ئەو دەینووسی چۆن کاتێک لە خەڵکی خۆجێی دەپرسی چییان دەوێ، لە دەکەس نۆیان دەیانوت نەک شۆڕش(revolution) بەڵکوو دەوڵەتی ئیسلامییان دەوێ.[6] ئەو هەم بەو وڵامە سەرسام دەبوو و هەمیش پێی دەشڵەژا و، بە تایبەت بە بینینی ئارەزووی بەشێکی زۆر لە ئێرانییەکان بۆ خستنە مەترسیی ژیانیان لە پێناو دروشمێکدا کە ناتوانن ناوەرۆک یان مانایەکی بە وردی بۆ دەستنیشان بکەن. جگە لەمە، ئەم ڕاستییە کە جەماوەر خوازیاری شۆڕش نەبوون، کەموکۆڕی و سنووردار بوونی مێژوویی و جۆگڕافیاییی ئەو دەستەواژە {Revolution} و لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵبەت سنوورداربوونی مارکسیسم-لێنێنیسمی شۆڕشگێڕانەی وەبیری فۆکۆ هێنایەوە. ئەو نە وشیاریی شۆڕشگێڕانەی دەبینی کە بە هۆی ناکۆکییە چینایەتییەکانەوە سازبووبێ و، نە ڕێبەرایەتییەکی شۆڕشگێڕی پێشەنگ، بەو جۆرەی کە تیوری و پراکتیسی لێنێنیستی بڕیارە بیبێ، بەڵکوو لەبری ئەوانە، ئەوەی دەبینی کە پێی دەوت ” ئیرادەی تەواو یەکگرتووی کۆمەڵایەتی” بۆ ئەوەی کە شا بڕوات.
بە پێی چاوپێکەوتنی لە گەڵ شەریعەتمەداری، فۆکۆ ڕایگەیاند کە هیچ کەسێک لە ئێران لەوە تێنەگەیشت کە چەمکی “دەوڵەتی ئیسلامی” ئاواتێکە بۆ ئەوەی کە ئاخوندی شیعەی ئێرانی ببن بە حاکم یان تەنها دەوری دیاریکردنی چوارچێوە و قاوخی حوکمدارێتی بگێڕن.[7] بە کەڵک وەرگرتن لە سوودەکانی ڕامان لە ڕووداوەکانی پێشوو{بە عەقڵی ئێستاوە}، ئەکرێ بە ئاسانی ڕەخنە لە ئەم بانگەشە گەزافانە بگرین. لە ئاکامدا خواستی خومەینی بۆ کۆماری ئیسلامی، بە ڕێبەرایەتیی ناهەڵبژێردراوی شۆڕای پاسەوانەکان(شۆڕای نیگابان)، پێکهاتوو لە ئاخوندی بەساڵاچووی بە تەنهاپیاو، لە ململانێی دەسەڵاتی ساڵی ١٩٧٩دا سەرکەوتنی بەدەست هێنا. جگە لەمە فۆکۆ تاڕادەیەک ئایدیالیستی و بەبێ گومان لە بەشێکیدا، لە ژێر کاریگەری و هاندانی توێژینەوەی بەردەوامی لە سەر ڕەفتاری مەسیحیدا، سەرهەڵدانی ئێرانی وکوو پیشاندەری خواستی نەک بەتەنها گۆڕینی دەوڵەت و دەزگای سیاسی، بەڵکوو هەروەها بۆ گۆڕانکاری لە کەسایەتیی خۆیاندا بینی؛ بە تایبەتی ئەو تێبینیی ئەوەی کرد کە ئیسلامی شیعە (هەربەوجۆرەی کە بە دروستی تێبینیی کردبوو) وەکوو هەڵگری بەڵێنی گۆڕانکاری لە سووژەبووندا بە هۆی دیووە ڕۆحانییەکەیەوە، زیاتر لە دروشمی مارکسیستی-لێنێنیستیی، ناڕەزایەتییەکانی ئاراستە دەکرد[8].
لە نێوان ئەو نووسەرانەی کە ناوبراو بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ سەردانەکەی خوێندیانییەوە، کۆمەڵناس پاوێل ویل و ئەوەی کە زۆرتر سەرنجڕاکێشە، لوویس ماسینیۆن و هانڕی کۆربینە.[9] هەربەوجۆرەی قەمەری-تەبرێزی باسی دەکات، خوێندنەوەی فۆکۆ لە سەر ماسینیۆن و کۆربین، «وای لێکرد کە لە شۆڕشێک تێبگات کە ئەو شۆڕشەی لە پێوەندی لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ڕۆحانی “بەدواداگەڕانی حەقیقەت”[10] دا بینی». بە ئەگەری زۆر ئەم رۆژهەڵاتناسانە و خوێندنەوەی خودی فۆکۆ لە سەر بە سووبێکت کردنی ئەخلاقی و سیاسیی باوکەکانی کڵێسە، وەکوو بەشێک لە توێژینەوەی بۆ بەرگەکانی دواتری «مێژووی سێکسواڵیتە»[11]بوون کە سەرنجیان بەرەو لایەنە ئایینییەکانی شۆڕش، بە جێگای هۆکارە مادییەکانی ڕاکێشا. بە واتای دیکە: لایەنە ڕۆحی و ئایینییەکانی شۆڕش شتێک نەبوو کە فۆکۆ لە ئاکامی هەڤپەیڤین لە گەڵ خەڵکی ناوخۆ دۆزیبێتیەوە؛ لە جیاتی ئەوە، هۆگریی بەم لایەنانە {ئاینی و ڕۆحانی}لەو ساتەوەختەوە پەیدا کردبوو کە بە شێوەیەکی جیددی، دەستی بە توێژینەوە لە سەر ئەو وڵاتە، وەکوو ئەنجامی هۆگریی بەربڵاوی خۆی لەمەڕ خۆڕاهێنانی ڕۆحی کردبوو.
ئەوەی سەرنجی فۆکۆی لە ئێران بەرەولای خۆی ڕاکێشا، ئاسۆی شۆڕش نەبوو (لە مانگی ئاگێست و سەرەتای سێپتامبێردا، بە هەرحاڵ هێشا دوورەدەست بوو)، بەڵکوو دیاردەی سەرهەڵدان(Revolt) بوو: سەرنجی ئەو زیاتر لە سەر ناڕەزایەتییەکان بە دژی شێوازێکی تایبەتی دەوڵەت و نەک لەسەر شەڕی دەسەلاتی دواتر، لەمەڕ خولقاندنی ڕێباز و نەزمێکی سیاسیی نوێ بوو. فۆکۆ بە هۆی بینینی دیمەنی جەماوەری بێچەکی بەرهەڵستکار و، سەرئەنجام ڕووخاندنی یەکێک لە بەهێزترین و سەرکوتگەرترین دەوڵەتەکانی دونیا، نەتەنیا بە سوپایەکی تۆکمە، هێزەکانی پۆلیس، تۆڕی هەوڵگری خۆی، بەڵکوو هەروەها بە پشتیوانیی ئامریکا، سەری سوڕمابوو.
ئەو تێبینیی ئەوەی کرد کە بانگەوازەکان بۆ دەوڵەتی ئیسلامی، ئاشنا بەڵام بەئاستەم دڵنیاکەرەوەن[12]و، هەروەها دەنگی مەلاکانی کە خوازیاری دەرچوونی شا بوون بە “سامناک” و هتد[13] هەڵسەنگاند. کەوابوو ئەستەم کەسێک بتوانێ لێبڕاوانە بانگەشە بکات، بەوجۆرەی کە زۆرێک لە دژبەرانی و بەناوبانگترینیان ژانێت ئافاری و کێوین ئاندێرسۆن وتوویانە کە فۆکۆ بە هۆی دڵگەرمی و پەرۆشییەوە بۆ شۆڕشی ئیسلامی کوێر ببوو، یان ئەوەی کە ئەو بە هۆی ڕێژەگەریی فەرهەنگی بانگەشەبۆکراو و نەفرەت لە مۆدێڕنیتەی سێکۆلاری رۆژئاوایی، پشتیوانیی لە خومەینی و کۆماری ئیسلامی کرد، دانی پێدانان و بە خێری هێنان.[14] ئافاری و ئاندێرسۆن هەم لە شیکاریی بۆچوونەکانی فۆکۆ و هەم لە گێڕانەوی شۆڕشی ئێراندا تووشی هەڵەی زەق دەبن؛[15] بەڵام من لێرەدا دەمهەوێ لە سەر جیاوازیی میتۆدیکی نێوان ڕێبازەکانی ئەوان و فۆکۆ هەڵوەستە بکەم. بە تایبەت واپێدەچێ کە ئافاری و ئاندێرسۆن بۆ ژمارەیەک گریمانە و چەمکی مۆدێڕن و سێکۆلار گەڕانەوە کە بە ئاشکرا لە لایەن فۆکۆوە، خرابوونە ژێر پرسیارەوە. ئەم نیگەرانییە، بەر لە هەموو شتێک چەمکی شۆڕشە. هەربەوجۆرەی بێهرووز قەمەری-تەبرێزی بە دروستی تێبینیی دەکات، یەکێک لە سەرەکییترین ئامانجەکانی فۆکۆ لە سەر شیکاریی سەرهەڵدان، داستانی مارکسیستیی شۆڕشە، کە تا ڕادەیەک بە هۆی گفتوگۆکانی ئەوکات، لە دەوری گێڕانەوەی ڕێویزیۆنیستی فڕانسوا فۆڕێ، لە شۆڕشی ١٧٨٩ی فەڕانسە، هاتبووە ئاراوە، گێڕانەوەیەک کە بۆچوونە کلاسیک و مارکسیەکانی، کە بیچم گرتووی ئانتاگۆنیسمی چینایەتی بوون، ڕەد دەکردەوە.[16] نابێ توندوتۆڵ گرتنی درێژەدان بە مارکسیسم لە ناو بەشێکی بەرچاوی چەپی فەڕانسە لە دەیەی ١٩٧٠دا بە کەم سەیر بکرێ. ڕوانگەی بێ ئامانی دژی مارکسیستی کە لە نووسراوەکانی ئێرانی فۆکۆدا (و بە شێوەیەکی نەرمتر لە وتارەکانی لە سەر نێئۆلیبڕالیزمدا) دەردەکەوێ، بێگومان ئەوەی کە فرەتر پێی پەست دەبێ، خوێنەرانی مۆدێڕنیست و سێکۆلاری ئەو لە باڵی چەپ وەکوو ئافاری و ئاندێرسۆن و بەم دواییانە زامۆرا و بێهرێنتن.[17] فۆکۆ سیاسەتی شۆڕشگێڕانەی ڕزگاریخوازانە زۆریش ڕەد ناکاتەوە، ئەگەرچی وەکوو پرسیار، کاربوردی تایبەت و لەڕووی مێژوویی و جوگرافیاییەوە دیاریکراوی، چەمکی شۆڕش دەخاتە ژێر پرسیارەوە: ناوبراو جەخت لە سەر دژوارییەکانی ڕوونکردنەوەی تایبەتمەندی شۆڕشە ئیلهامگرتووەکان لە ئایینەوە لە ئێران، وەکوو شۆڕشێک کە لە خۆگری ململانێی چینایەتی، پێشەنگەکانی شۆڕش و خاڵی دیکەی هاوشێوە بێت، دەکاتەوە.[18] ئەو بە هەڵسەنگاندنی شۆڕشی ئێرانی وەکوو ڕووداوێکی شانۆیی و، وەکوو بۆنەیەکی بەکۆمەڵی قابیلی بەراوەردکردن لە گەڵ تڕاژیدیایەکی یۆنانی، بەڵگە دەهێنێتەوە کە ئەمە گۆڕەپانی خەباتی چینایەتی وەکوو توخمی سەرەکی یان دەستەواژەکانی یان ئاکامەکەی(énouement)نییە.[19]
بە وتەی ناوبراو ئەم شۆڕشە، بە هۆی داخوازیی کێشەی ئابوورییەوە ئاراستە ناکرێ بەڵام کاراکتێرێکی بە تەواوی سیاسیی هەیە و لە ئایینێکەوە ئیلهام وەردەگرێ کە لەچاو گۆڕینی دونیا، کەمتر باسی قیامەت دەکات.[20] جگە لەمە گەلێک جاران بەڵگە دەهێنێتەوە کە ئەم شۆڕشە بە نەبوونی پێکناکۆکیی چینایەتی و غیابی حیزبێکی پێشەنگ ئەناسرێتەوە و بانگەشە دەکات کە چین وتوێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێران، بە ئیرادەیەکی گشتیی یەکپارچە و بە هێزەوە، لە دەوری خواستی دەست لەکارکێشانەوەی شا، بە تەواوی یەکی گرتووە.[21] کەچی ئەو لە درێژەدا دەڵێ کە ئەم ئیرادە گشتیە، لەبری پرۆگرامێکی سیاسیی دیاریکراو، خۆی لە سەرهەڵدانێک بە دژی سیاسەتەکاندا دەردەخات: ئەمە مودێڕنترین و شێتانەترین سەرهەڵدان بە دژی هەم لیبرالیزم و هەم سۆسیالیزمە و لەگەڵ پەرەگرتنی بە دژی زەینییەتی مۆدێڕن و سێکۆلار، هەر دوو فۆڕمی دەوڵەت یان حوکمدارێتی بە سەر جەماوەرەکەیدا دەسەپێنێ.[22]
ئەم جەخت کردنە –لەڕاستیدا جەختی زیاد لە پێویست- لە سەر کاراکتێری یەکگرتووی ئیرادەیەک کە فۆکۆ لە سەرهەڵدانەکاندا دەیبینی، لەوانەیە زۆر بە هۆی چاوپۆشی کردن لە جیاوازیی فیرقەیی، ئەتنیکی و سیاسی وەکوو جەخت کردنەوە بە دژی بۆچوونەکانی مارکسیستی نەبێت، بەڵکوو جەخت کردنەوە لەسەر ئەوە بێت کە ڕاپەڕینەکان بە هۆی ململانێی چینایەتی سەریان هەڵنەدابوو یان لە لایان حیزبێکی پێشەنگەوە، ڕێبەرایەتی نەدەکران و یان وشیار نەکرابوونەوە.تا ڕادەیێک فۆکۆ لەمەیاندا ڕاستی دەکرد: ئەو بە دروستی سەرنجی بەرەو یەکێک لە دیارترین دیوەکانی شۆڕش ڕاکێشا: – کاتی بەڵام زۆر گرینگ- یەکیەتی نێوان چەوساوەکان و بازاڕییەکان یان بازرگانە شارنشینەکان. ئەو هەروەها پڕکێشی کرد باس لەوە بکات کە ئیسلام لەوانەیە ببێت بە هێزێکی شۆڕشگێڕانە لە دونیای ئیسلامدا، کە ئەتوانێ خەڵک زۆر ئاسانتر لە ڕێتۆڕیکی مارکسیستی- لێنێنیستی بە تایبەت بۆ کێشەی فەلەستین بجووڵێنێ. بیرکردنەویەکی هەڵە بێت یان، بەڕاستی ئەمە لە پێشبینی پێغەمبەرانە دەچێت : بە درێژایی دەیەی ١٩٨٠ و، بەتایبەت پاش داڕمانی بەرەی رۆژهەڵاتی کۆمۆنیست، فۆڕمگەلی نوێی ئیسلامی سیاسی شۆڕشگێڕانە، لە راستیدا دەبن بە جێگرەوەی کۆمۆنیزم وەکوو سەرەکیترین گوتاری دژی لیبڕاڵی و دژی رۆژئاوایی. ئەوەی کە فۆکۆ نەیبنی یان ئەوەی بە ئاستەم بتوانێ پێشبینی بکات ئەم ڕاستیەیە کە ئەم هێزە سیاسی و شۆڕشگێڕانە نوێیانەی ئیسلام، چ شیعە و چ سوننە، ئەتوانن زۆر توخمی مارکسیست/لێنێنیستی لە ناو ئایدۆلۆژیاکان و ڕێکخراوە فرەچەشنەکانی خۆیاندا تێکەڵ بکەن یان بەرهەمیان بهێننەوە.
٢.نێئۆلیبڕالیزم، دەوڵەت و بەرەنگاری
پاش ئەم باسە سەبارەت بە تێبینییەکانی فۆکۆ لە سەر چەمکی مارکسیستیی شۆڕش، ئێستا با سەرنجێکی ئەم ڕاستییە بدەین کە ئەو ئامادەکارییە و وتنەوەی بەشێک لە زنجیرە وانەکانی “کۆلێژدوو فڕانسی”، لە سەر نێئۆلیبڕالیزم، ڕاست لە کاتێکدابووکە سەرقاڵی سەردانیکردنی ئێران بوو و لەسەری دەنووسی- ڕاستییەک کە واپێدەچێ لە لایەن ئافاری و ئاندێرسۆن و هەروەها زامۆڕا و بێهرێنت لە پێش چاو نەگیراوە. فۆکۆ بەهەمان ڕادە کە سەرنجی بەرەو تەکنۆلۆژیاکانی نێئۆلیبڕالیی دەوڵەت ڕاکێشڕا، شەیدای شۆڕشی ئێران بوو: ئەو هەردووکیانی وەکوو پێشکەشکردنی دەرفەت یان هیواگەلێک بەمەبەستی زاڵبوون یانی لانیکەم بەرەنگاریی فۆڕمە باوەکانی دەوڵەت، یان عەقڵانییەتی سیاسی بە تایبەت لە نموونەکانی سۆسیالیزم، سۆسیال دیمۆکڕاسی و، دەوڵەتی خۆشگوزەرانی لەو ئەورووپا و، دیکتاتۆری سێکۆلار لە ئێران دەبینی. ئەمە بەو مانایە نییە کە بەهەرحاڵ ئەو سەبارەت بە هەرکام لەو دووبابەتە گەشبین بوو. بە سەرنجدان بە پەسەند نەکردنی توندوتۆڵ و پێشوەختی هەموو فۆڕمەکانی یۆتۆپیاخوازی، لە ڕاستیدا جێگای سەرسوڕمان دەبوو ئەگەر بیویستایە هەردووک پڕۆژە یۆتۆپیاییەکانی نێئۆلیبرال یان ئیسلامییەکان وەربگرێ یان دانیان پێدابنێ.
ئاشکرایە کە هیچ بوون یان دیاردەیەک بە ناوی نێئۆلیبرالیزمەوە بوونی نییە، هەربەو جۆرەی کە فۆکۆ یەکەمین کەس بووە کە دانی پێداناوە. لەڕاستیدا ئەوبە توندی لە نێوان دوو لە ناسراوترین جۆرەکانی، واتە ئۆردوولیبڕالیزمی پاش جەنگ لەئاڵمان ، قوتابخانەی شیکاگۆ کە لەدەورووبەری میلتۆن فریدمەن لە دەیەی ١٩٧٠دا شێوەگیرببوو، خۆی بە جیاواز دەزانی. ئەم دەیەیە لانیکەم لەئەورووپا و ئامریکا، وەکوو مەرگی کینزیسم ناسرا، بەشێکی بەهۆی بەردوامیی ڕکوود(stagnation) و بەشێکی تری بەهۆی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان کە دەگوترا بە هۆی گەشەی کۆمەڵگای پاش پیشەسازی و لەگەڵ ئەویشدا گۆڕینی پێکهاتەی “چینی کرێکار” بەو چەشنەی لە لایان مارکس و ئەنگێڵزەوە چەمکسازیی بۆ کراوە. لەڕوانینێکدا بۆ دواوە، ئاشکرایە کە قەیرانەکانی دەیەی ١٩٧٠ چەندە قووڵ بوون و، سیاسەتی چاکسازییە نێئۆلیبڕالییەکانی تاچێر و ڕەیگان و ئەوانی دیکە چەندە ڕادیکاڵن، بەڵام ئێمە نازانین تا چ ڕادەیەک فۆکۆ و ئەوانی دیکە، لەمە تێگەیشتن کە شتێکی نوێ لە هەڕەتی دەرکەوتندابوو. ئاشکرایە نابێ ئەوەی ئێستا دەیزانین بەسەر ڕابردوودا بیسەپێنین، لە کاتێکدا بە هیچ جۆرێک کەس نەیدەتوانی بزانێ کاریگەرییەکانی چەندین دەیە دواتر چەندە قووڵ و سەرنجڕاکێش دەبێ.
ئاشکرایە فۆکۆ ئەم وتارانەی وەکوو سەرەتایەک بۆ باسێکی تێروتەسەلتر سەبارەت بە بایۆسیاسەتی مۆدێڕن دەبینی(لەکاتێکدا دەرکەوتبوو کە کەڵکەڵەی تیۆریکی ئەو لە شێوازە مۆدێڕنەکانی دەسەڵاتەوە بۆ تەکنیکەکانی بە سۆبێکت کردنی (subjection) سەرەتای مەسیحییەت لە حاڵی گۆڕاندا بوو)؛ بەڵام ئەمەی دوایی هیچ کات بەدی نەهات. بەهەرحاڵ نابێ چاوپۆشی لەم راستییە بکرێت کە بۆ فۆکۆ، شیکاریی لیبڕالیزم وەکوو ڕژیمێکی دەوڵەتی کە چەمکی کلاسیکی عەقڵانییەتی دەوڵەت(raison d’état) ڕەد ئەکاتەوە، پێشمەرجێک بۆ تێگەیشتن لە بایۆسیاسەتە. لە وڵامی پرسیارێکدا لە سەر لیبڕالیزم هەروەها دەڵێ: هەربەوجۆرەی کە ناڕەزایەتییەکان بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە ساز دەبێ، “ڕاستیی کۆنکرێت و خێرای”[23] ئێمە خۆی دەردەخات. هەم لیبڕالیزم وەکوو شێوازێکی حوکمداری و هەم ئێران وەکوو شێوازێکی سەرهەڵدان، بەشێک لە نیگەرانیی فەلسەفیی بەربڵاوتری لە گەڵ ڕاستێتی(actuality) بوون، واتە بە هێنانە ئارای پرسی رۆشنبیری وەکوو پیشاندانی مەسەلەی فەلسەفی راستێتی وەکوو ڕووداوێک و، بەگەڵاڵەکردنی ئەم پرسیارە کە ڕاست لە ئێستادا چیمان بەسەردا دێت؟.[24]
تاڕادەیەک بە هۆی گواستنەوەی فۆکۆ لەسەرقاڵی بە چەمکی بەرەنگاری و پێکناکۆکی بەرەو حکوومەتمەندی(governmentality)، لەوانەیە هەروەها بە هۆی فۆکووسی ناوبراو لە سەر ژمارەیەک دەقی بنەڕەتی لە بری پڕاکتیسی نێئۆلیبڕاڵی هاوچەرخی راستەقینە، (کە بۆ نموونە ئەکرێ لەم وتەی پێنۆشەدا بدۆزرێتەوە :La Naissance de la biopolitique) لە چاو هەندێکی تر لە بەرهەمە ڕەچەڵەکناسییەکانی، سەرنجێکی کەمتر بە بەرەنگاری و خەبات ئەدات.[25] بەم حاڵەش ناتوانین لەمە بەم ئەنجامە بگەین کە فۆکۆ بە هۆی دژایەتیکردنی مارکسیسم و بەدەوڵەتی کردنەوە(étatism)، ئەوەندە کوێر ببوو کە دیوە هەرە تاریکەکانی نەبینی؛ بەڵام ئەمە ڕاست ئەو ئەنجامەیە کەهەندێ لە بەشداربووانی بەرگی ساڵی ٢٠١٥ لە سەر فۆکۆ و نێئۆلیبڕاڵیزم، کە لە لایەن زامۆڕا و بێهڕەنتەوە ئیدیت کراوە، پێی گەیشتوون. خاڵی سەرەکیی ئەم بەرهەمە ئەوەیە کە فۆکۆ تەنها هۆگریی بە نێئۆلیبڕالیزم نەبوو، بەڵکۆ بەشێوەیەکی ئەرێنی هاوسۆزیی بۆی هەبوو، بەشێکی بە هۆی ئەوەی کە بە دوای جێگرەوەیەک بۆ چەپی فەڕانسەدا دەگەڕا کە لە ژێر دەستی مارکسیسم و حیزبی کۆمۆنیستی فەڕانسە(PCF)دا بوو و بەشێکی بە هۆی ئەوەی کە دەگوترێ ناوبراو تا ساڵی ١٩٧٧ لەمەڕ ئیمکان و بەسوود بوونی شۆڕش گومانی هەبوو.[26] بەتایبەتی، زامۆڕا و بێهرێنت دەڵێن لەم قۆناغەدا فۆکۆ لەگەڵ ئەو{بەرەی} پێیدەگوترێ چەپی دووهەم، کەوتبوو،کەلەبری دەست تێوەردانی دەوڵەت، سەرنجی خستبووە سەر خۆبەڕێوەبەرێتی(Autogestion) و ئایدۆلۆژیستە سەرەکیەکەی پیێڕ ڕۆزانۆوالۆن، قوتابیی فۆکۆ بوو. ئەوان ئەم تێکەڵبوونەیان وەکوو نیشانەی خواستی فۆکۆ بۆ گەڕان بە دوای جێگرەوەیەک بۆ هەرکام لە سیاسەتی شۆڕشگێڕانە و دەوڵەتی سۆسیالیستی سەیر دەکەن.
لە دەربڕینێکدا کە بە تەواوی لە ئافاری و ئاندێرسۆن دەچێت، زامۆڕا و بێهرێنت بەڵگە دەهێننەوە کە فۆکۆ بڕوایەکی مەوهوومی هەبوو کە فۆڕمە نێئۆلیبڕاڵەکانی دەسەڵات، لە فۆڕمە لیبڕاڵ و سۆسیال دیمۆکراتەکانی حوکمدارێتی، دیسیپلینی کەمتریان هەیە،[27] بەڵام لە مشتومڕی دڵ گەرمانەیاندا، چاوپۆشی لە خاڵێکی شیکاری دەکەن کە فۆکۆ لێرەدا هەوڵ دەدا سازی بکات. ئەو بەڵگە دەهێنێتەوە کە تەکنۆلۆژیای نێئۆلیبڕاڵیی دەوڵەت، لە خۆگری فۆرمگەلی نادیسیپلینی دەسەڵاتە، بەم مانایە کە لەسەر بنەمای ئاسایی کردنەوەی بابەتی نائاسایی، یان قەدەغە کردن(یان تەریک خستنەوە)ی ئەوەی کە ناتوانێ ئاسایی ببێتەوە، نییە. بەهەرحاڵ ئەمە بەو مانایە نییە کە هیچ جۆرێکی دەسەڵات یان پڕۆسەیەکی تێدا نییە.
ڕەخنەکانی فۆکۆ لەسەر دەوڵەتی خۆشگوزەرانی هەتا ئێستاش تا ڕادەیەکی زۆر بێ سەرئەنجام ماوەتەوە یان کەڵکیان لی وەرنەگیراوە. هەرچۆنێک بێت، ئەمانە زامۆڕا لەگەڵ بەڵگەهێنانەوەی نێئۆلیبڕاڵی پێکەوە نابەستنەوە، بەڵام ڕوانینێکی زۆر ڕادیکاڵتر دەگرێتەوە کە پێی وایە نیگەرانی سەبارەت بە تەندروستیی گشتی و خۆشگوزەرانیی تاکەکەسی، پیشاندەری ئاسایی بوونەوەی کاریگەریی خۆشگوزەرانی ئینزیباتییە(disciplinary).هاوشێوەی ئافاری و ئاندێرسۆن، زامۆرا و بێهرێنت، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیان بە بابەتی تەواو ئۆمانیستی، سێکۆلاریستی و/یان مارکسیستی بەستووە، کە خودی فۆکۆ پەسەندی نەکردن و، دەیانەوێ مەحکووم نەکردن وەکوو دانپێدانان پیشان بدەن؛ جگە لەمە ئەوان هەوڵە میتۆدیکەکانی فۆکۆ بۆ دابڕان لە دەوڵەت، وەکوو چەمکێکی شیکاری یان ڕاڤەیی، وەکوو نەفرەتێکی بنەڕەتی لە دەوڵەت لێک ئەدەنەوە. لەکۆتاییدا و لە هەمووی گرینگتر لە کۆنتێکستی ئێستادا، بانگەشەی ئەوەی کە فۆکۆ دەستبەرداری سیاسەتی شۆڕشگێڕانە ببوو– کەبە بەردەوامی لە لایان زامۆرا و ئەوانی دیکەوە دووپات کراوەتەوە- ، کاتێک کە کەسێک نووسراوەکانی لە سەر شۆڕشی ئێران لەبەرچاو دەگرێ –وەکوو وترا هاوکات لەگەڵ ئامادەسازی و پێشکەش کردنی وتارەکانی نێئۆلیبڕالی نووسراوە- هەرەس دێنێ. لەمانەوە دەردەکەوێ کە فۆکۆ سیاسەتی شۆڕشگێڕانەی ڕەد نەکردبووەوە، بەڵکوو تەنها چەمکی پۆست ڕۆسۆییی مارکسیست/لێنێنیستیی شۆڕشی ڕەد کردەوە؛ ئەو وای بۆدەچوو ئەم چەمکە تایبەتە، بێ کەم و زیاد مێژوویەکی تایبەتی ئەورووپایی هەبوو کە لە کۆتایییەکانی دەیەی ١٩٧٠دا دوایی پێهاتبوو.
بەڵام فۆکۆ تەنها سەبارەت بە چەمکی مارکسیستیی شۆڕش گومانی زیادی نەدەکرد. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٧٨دا، ئەو هەروەها وادیار بوو بەو ئاکامە گەیشتبێ کە بارودۆخی دەوڵەتی ئینزیباتی (disciplinary state)لە قەیراندایە، بەشێکی وەکوو ئاکامی فۆڕمە نوێیەکانی بەرەنگاری؛[28]لە ئەنجامدا واپێدەچێ کە گومانەکانی لە سەر دیسیپلین پەرەپێدابێ یان بۆ ئەو مەسەلەیە، بایۆ سیاسەتی وەکوو پێناسەی چۆنییەتیی دەسەڵاتی مۆدێڕنیتە هێنابێتە ئاراوە. کەوابوو خوێندنەوەی ورد لە وتارەکانی ١٩٧٩ی، ئاشکرای دەکات کە ئەو لیبڕاڵیزم – وبەتایبەت نێئۆلیبڕالیزم-ی، ڕاست وەکوو بێ دیسیپلینی(non-disciplinary) دەبینی کە تەکنۆلۆژیای نائاساییی مۆدێڕنی دەوڵەتە.[29] بەشێوەیەکی گشتی لەم کاتەدا، کەڵکەڵە بیردۆزییەکانی بەرەبەرە لە دەسەڵات و زانستەوە بەرەو فۆکووس کردنی پێکناکۆکی-تەوەری کەمتر جیهانی، لەسەر دەسەڵات و حەقیقەت گۆڕانی بەسەرداهات، کە دەیتوانی خودی دەوڵەتیش لەخۆ بگرێت. تا ئەو ڕادەیە کە هەرکام لەم خولیا تیۆریکانە، بە ڕوونی لە کارە رۆژنامەیییەکانی فۆکۆ لە سەر ئێران دەرناکەوێ، ئەمە لە کەڵکەڵەکانی سەبارەت بە دەوڵەت (و لە یەک بابەتدا ڕژیمەکانی حەقیقەت) لەبری دەسەڵات و زانست، تا بگات بە چەمکە تەکنیکییەکانی وەکوو “دیسیپلین” یان “بایۆسیاسەت” دەبیندرێ. تەنانەت نووسراوەکانی ئێرانی درگای ئەم پرسیارە دەخەنە سەرپشت کە چ شێوازگەلێکی دەسەڵات و، فۆڕمگەلێکی حکوومەتمەندی(governmentality)، هەردووی پادشایی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیان داڕشتووە و، ئەگەر هەبێ ئابووری چ دەورێکی لەواندا گێڕاوە. لەڕێگەی بەرفراوان کردنییەوە، توێژێنەوەیەکی ڕەچەڵەکناسیانەی بەردەوامی دەوڵەتە مۆدێڕنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دانەبەزێ بۆ هەرکام لە پۆلێن بەندییەکانی مارکسیست یان لیبڕاڵ، بە زۆری هێشتا ماویەتی بنووسرێ.[30]
کەوابووو لە یەکەم دەرخستندا وادەردەکەوێ کە لە نێوان وتارە ئاکادێمیکەکانی فۆکۆ و ڕیپۆرتاژە رۆژنامەوانییەکانیدا، لێکچوونێکی کەم هەیە. بەو پێیەی کە فۆکۆ بە باشی دەیزانی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی شا، نە دەوڵەتی لیبڕال و نە ئابووریی نێئۆلیبڕاڵی نەدەناسی، تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانی ئامریکاش بێت؛ لەباتی، ئەو شتە بوو کە ناوبراو پێی دەگوت “دیکتاتۆری پاشکۆ”.[31] لەبەر ئەمە کۆی سەرباسی لیبڕاڵیزم، بەو جۆرەی کە لە LaNaissance de la biopolitique دا باسی لێکراوە، واپێدەچێ بە سانایی پەیوەندیی بە کەڵکەڵەکانی لەمەڕ ئێرانەوە نەبێت. لە ڕاستیدا،فۆکۆ لە ریپۆڕتاژەکانی ئێرانی خۆیدا، سەبارەت بە چۆنییەتیی هەوڵی ڕژێمی شا بۆ بەڕێوەبەرێتیی ئابووری کەمێکی نووسیوە، بێ ئەوەی باسی شکستی پرۆژەی “شۆڕشی سپی” بازاڕتەوەر و مودێڕنی دەیەی ١٩٦٠بکات.[32] بەهەرحاڵ نابێ لە یادمان بچێت کە فۆکۆ نەک وەک ڕێبازێکی ئابووری یان وەکوو ئایدۆلۆژیای بۆرژوایی، بەڵکوو وەکوو تەکنۆلۆژیاکانی دەوڵەت بایەخی بە لیبڕالیزم و نێئۆلیبڕالیزم ئەدا.
لەگەڵ ئەوەشدا، نیشانەگەلێک سەبارەت بەوەی کە کەڵکەڵە توێژینەوەیییەکانی پێشتر لە دەوڵەتی مۆدێڕنی رۆژئاوایی بەرەو ڕۆحانییەت(مەعنەویەت) وەکوو فۆڕمێک لە بەرەنگاری دوور کەوتووەتەوە، بوونیان هەیە. بەم پێیە لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٩دا بەڕێوەچوو بەڵام هەتا ساڵی ٢٠١٨ بڵاو نەکرایەوە، ئەو جیاوازی لە نێوان ڕۆحانییەت و ئایین دادەنێ و ڕۆحانییەت وەکوو “بوون بە شتێکی تر بێجگە لەوشتەی کە ئێستا کەسێک هەیە” و وەکوو ئیمکانییەتی سەرهەڵدان بە دژی پێگە و هەڵوێستی سووژە کە لە لایان دەسەڵاتی سیاسی، ئایینی و هی ترەوە دیاری کراوە، پێناسە ئەکات. ئەو لە درێژەدا پێی وایە کە هەموو گۆڕانکارییە مەزنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکان لە بزاڤە رۆحیەکانەوە پەیدا بووگن.[33] هەروەها فۆکۆ لە گفتۆگۆی ١٩٧٨ی خۆی لە گەڵ گرووپێک لە مامۆستایانی زێن(Zen) لە پەرەستگەی سیۆنجی، ڕایگەیاند کە کۆتایی ئیمپریالیزمی رۆژئاوایی، هاوکاتە لە گەڵ قەیران لە فەلسەفەی رۆژئاواییدا، ئەگەر کۆتایی سەردەمی فەلسەفەی رۆژئاوایی نەبێ.[34] ئەستەمە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ کە ئاخۆ ئەمە شتێک فرەتر لە دەربڕینی ڕێزێک بۆ خانەخوێکانی بووە، بەڵام ئەوەی کە سەبارەت بەم لێدوانانە زۆر مانادارە،- لانیکەم لە ڕوانینێک بۆ دواوە- قسەکانی دواتریەتی کە دەڵێ ئەم قەیرانە لە ئەندێشەی رۆژئاواییدا، پەیوەندیی بە چەمکی رۆژئاواییی شۆڕشەوە هەیە. ئەو لە درێژەدا دەڵێ، ئەم ئایدیایە لە شۆڕش لە ساڵی ١٧٨٩وە بە سەر مێژووی ئەورووپادا زاڵە؛ بەڵام لە دەیەی ١٩٧٠دا لە گەڵ دەرکەوتنی ڕەوتی ناشۆڕشگێڕانەی وەکوو یۆرۆکۆمۆنیزم، خەریکە لە نێو دەچێ.[35] لە دریژەدا دەڵێ لە پەیوەندی لە گەڵ دونیای نائەورووپیدا، فەیلەسووفەکان، دەبێ خۆیان لە پێشبینیی(پێغەمبەرانەی) ئایندە شیمانەکراوەکان ببوێرن، چ بگات بەوەی کە دیاری بکەن کە دەبێ چ بکرێ. ئەو پێێ وایە لە باتی ئەوە، فەیلەسووفەکان دەبێ لەوە بدوێن کە لە ئێستادا چی ڕوو دەدات(ce qui se passeactuellement)، هەروەها دەڵێ هەر چەشنە فەلسەفەیەکی داهاتوو دەبێ لە دەرەوەی ئەورووپا یان لە دەرەوەی بەریەککەوتنی نێوان ئەورووپا و نائەورووپا لە دایک بێت.[36]
لێرەدا جارێکی تر ئەو بیرۆکەیەی فۆکۆ دێتە پێش کە ئەبێ فەیلەسووفەکان سەرقاڵی سەردەمی ئێستا بن. لە هەمووی گرینگتر ئەو هەروەها پێی وابوو ئەوان دەبێ سەرنجێکی فەیلەسووفانەی فرەتر بە جیهانی نارۆژئاوایی بدەن.ئەم قسانە پێمان دەڵێن ئەگەرچی بیرۆکەی شۆڕش لەوانەیە لە حاڵی لەدەست دانی هێزی خۆی لە ئەورووپا بێت، دەبێ وریای فۆڕم و جومگەبەندییەکانی ناڕەزایەتی و سەرهەڵدان لە بەشەکانی دیکەی جیهان بین. لە ڕاستیدا ئەمە هەر ئەو شتەیە کە فۆکۆ چەن مانگ دوای شۆڕشی ئێران دەیویست لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات.
فۆکۆ لە ڕاگەیاندراوێکی کورتدا، لەگەڵ ڕاپۆڕتەکانی لە رۆژنامەی کۆریێرەدێلا سێرا، ئەم چەشنە لە لێکۆڵینەوەی بە «ڕۆژنامەگەری ئایدیاکان» وەسف کرد و، لە درێژەدا وتی «ئەبێ لە کاتی لە دایک بوونی ئایدیاکان و تەقینەوەی هێزەکەیاندا ئامادە بین؛ نەک تەنها لەو کتێبانەی کە باسی ئەو ئایدیایانە دەکەن، بەڵکوو لەو ڕووداو و کێشمەکێشانەی وا ئەو ئایدیایانە هێزی خۆیانی تێدا ئاشکرا ئەکەن».[37]
ئەم شارەزایییە لە تایبەتمەندیی جوگرافی و مێژووییی چەمکە ئەرووپییەکانی دەوڵەت و شۆڕش، هەروەها لە دەقەکانی دیکەی ئەم قۆناغەدا دەردەکەوێ. لە “فەلسەفەی شیکاریی سیاسەت”دا، و هەروەها لە وتارێکداکە لە ژاپۆن پێشکەش کرا، فۆکۆ هەندێ ڕوونکردنەوەی دیکەی لە سەر چەمکی فەلسەفیی رۆژئاواییی شۆڕش باس کرد کە لەوانەیە بتوانێ بۆ تێگەیشتن لە فۆکووسی ناوبراو لە سەر ئێران یارمەتیدەر بێ.ئەو ئەم بانگەشەیە کەکۆتاییەکانی سەدەی بیستەم، وەکوو کۆتاییی سەردەمی شۆڕش ناودێر دەکات، وەکوو بابەتێکی جێگەی پێکەنین ڕەد ئەکاتەوە و بەڵگە دەهێنێتەوە کە کۆتاییی زاڵبوون، یان قۆرخکاریی ئایدیای شۆڕش، بە سانایی خۆی لە گەڕانەوە بۆ سیاسەتە ڕیفۆرمیستییەکاندا نابینێتەوە؛ ئەو باسی لەوەکرد کە ئەوەی ناڕەزایەتیی رۆژ(سەردەم) پیشانی ئەدات، خەباتکردن بە دژی هەمان حەقیقەتی دەسەڵاتە، واتە لەگەڵ بەکارهێنانی پەتیی ئەو دەسەڵاتە هەڵناکات.[38]
بە واتایەکی دیکە، نووسینەکانی فۆکۆ لە سەر ئێران، ئیدەی دەوڵەتی ئیسلامیان هەر بەو ئەندازەیە دەسەلماند کە وتارەکانی کۆلێژ دۆفڕانس، نێو لیبڕالیزمیان وەکوو سیستمێکی دەوڵەتی؛ بەپێچەوانەوە ئەو نووسینانە بەوردی ئاماژە بە ڕێگای داهێنەرانە بۆ شیکاری و ڕەخنەی هەردووکیان ئەکەن. بەو جۆرەی کە خۆی لە نامە سەرئاوەڵاکەی بۆ مەهدی بازرگان دەڵێ:”لە لێدوانی دەوڵەتی ئیسلامیدا، بۆچی خێرا گومان لە ئاوەڵناوی ئیسلامی دەکرێ؟ وشەی دەوڵەت خۆی لە خۆیدا بۆ بزواندنی وریاییی کەسێک بەسە».[39]هەروەها، شڕۆڤەی فۆکۆ لە نیۆلیبڕالیسم، شێوازێکی ناڕاستەوخۆ بۆ سەلماندن و دانپێدانانی نییە، بەڵکوو ڕێگایەکی تازە بۆ ڕەخنەگرتن لێی، وەکوو تەکنۆلۆژیای حکوومەت نەک ڕێبازێکی ئابووری یان ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی، دەکاتەوە.
ئەوەی وتارەکانی فۆکۆ لە سەر نیۆلیبڕالیزم، بە ڕوانگەکانی لە سەر ئێران و ژاپۆن ئەبەستێتەوە، نەک تەنها کەڵکەڵەی فەلسەفیی ناوبراو بۆ سەردەمی ئێستا و هۆگری بە فۆڕمە جیاوازەکانی حکوومەتمەندییەوەیە(governmentality)، بەڵکوو هەروەها پێشنیارەکەی سەبارەت بە چەمکی مۆدێڕنی شۆڕش(و بە شێوەیەکی بەربڵاوتر کۆی فەرهەنگی دەستەواژەی شۆڕشگێڕانەی مارکسیست-لێنێنیست) چەمکێکی کاربوردیی جیهانی نییە؛ بەڵکوو دیاردەیەکی تایبەتی جۆگرافیایی و مێژوویییە. نووسین لە سەردەمێکدا هەردووک دیاردەی ئیسلامی سیاسی و دەوڵەتی نیولیبڕاڵ، لە هەڕەتی تەقینەوە لە سەر گۆڕەپانی مێژوویی جیهانی بوون، هەروەها نووسین نزیکەی ١٠ ساڵ بەر لە مەرگی خێرای سۆسیالیزمی ڕاستەقینەی مەوجوود و مارکسیسم-لێنێنیسم وەکوو هێزی سەرەکیی سیاسی، ناتوانین ئافەرین بۆ تیژبینیی فۆکۆ لە هەمبەر بینینی ئەو شتەی لە سەردەمی ئێمەدا بێ وێنەیە، نەکەین.
٣-فۆکۆ، ڕەچەڵەکناسی، رۆژهەڵاتناسی
بێگومان نوسراوەکانی فۆکۆ لە رۆژگاری خۆیدا ڕەسەن و داهێنەرانە بوون؛بەڵام ئاخۆ چل ساڵ دواتریش هێشتا بابەتیانەن؟ ئەکرێ ئەم پرسیارە بە شێوەیەکی سوودمەند بکرێ بە دوو بەشەوە: لە لایەکەوە ئەم پرسیارە کە ئاخۆ فۆکۆ لەو کێشە و داوانە خۆی بە دوور گرت کە ئیدوارد سەعید پێی دەگوت رۆژهەڵاتناسی و ڕەخنەی لێدەگرت، لە لایەکی دیکەوە ئاخۆ نووسینەکانی فۆکۆ لە سەر ئیسلام و لە سەر رۆژهەڵات و هەروەها نووسینی ئەوانەی دیکە کە بانگەشەی پێڕەوی لە مێتۆدی فۆکۆ دەکەن، لە گەڵ پێویستییەکانی میتۆدی ڕەچەڵەکناسیی ناوبراو، دێنەوە.
لە یەکەم دەرخستندا واپێدەچێ، فۆکۆ ئارەزوویەکی زۆری بۆ ناسینی لایەنە نوێیەکانی شۆڕشی ئێرانی هەبوو. لەوکاتەدا خودی ئیدەی سەرەکیی ڕۆحانییەتی(spirituality) سیاسی، وەکوو ناسیکۆلار یان نا سیکۆلاریست، شێوازی مۆدێڕنی سووژە بوون یان ئاژانسی سیاسی، (ئەگەر دژوازییەکی ئاشکرا نەبێ بەوجۆرەی کە فۆکۆ بە ڕوونی لێی شارەزا بوو)، لە ئاتەیویسم(باوان خوازی، بنچینەخوازی) ی پارێزکارانە دەچوو. لە دەیەکانی دواتردا، جیهان خووی بە شێوازی جۆراوجۆری سیاسیی نوێ، یان ئایینی بە سیاسی کراو و ئاژانسی ئایینی، لە ڕەوتە جیاوازەکانی ئیسلامی سیاسیەوە هەتا نەتەوەخوازیی هیندوو لە هێندستان، نیۆکۆنفۆسیسم لە چینی پاش ساڵی ١٩٨٩، هەروەها ژیانەوەی شەڕی ساردی کلێسە نەتەوەیییەکان لە ئەورووپای رۆژهەڵات گرتووە.
بەم پێیە پێویست بە وتن ناکات کە فۆکۆ بەهەرحاڵ لە ڕێبازی خۆی بۆ خۆێندنەوەی مێژووی ئایدیا ناڕۆژئاواییەکان، لە سەر ڕێگای دروست بوو. ئەمە ئیمە بەرەو پرسیاری رۆژهەڵاتناسی پەلکێش ئەکات. بێهرووز قەمەری تەبرێزی بانگەشە دەکات کە فۆکۆ هەربەو جۆرەی کە ماتریالیسمی دیالێکتیکی مارکسیستی ڕەد کردەوە، خۆی لە کێشەکانی رۆژهەڵاتناسیی فەلسەفی بە دوور گرت،[40] بەڵام لەوانەیە لەمبارەوە شک و گومان هەبێت. ئەگەر چی بەشێکی زۆری کتێبی “The order of things”ی فۆکۆ، لەوانەیە بە گشتی وەکوو ڕەخنەی زمانناسی ببیندرێ،(هەروەها لە ڕێگای بەرفراوان کردنی رۆژهەڵاتناسی فەلسەفی) نە لێرە و نە لە هێچ شوێنێکی دیکەدا فۆکۆ، هێچ جۆرە نرخاندنێکی ڕەخنەگرانە بۆ زانستی رۆژهەڵاتناسەکان ناکات کە وەکوو بەشێک لە ئەندێشە و وێنای جۆگرافیایی دەریدەبڕێت، ئەم غیابی کاردانەوە(Reflection) بە تایبەت لە نووسراوەکانی ئێرانیدا ئاشکرا دەبێت. یەکەم، بڕوای میژوویی فۆکۆ بە ڕۆحانییەتێکی ئیسلامیی ئێرانیی شیعەی لەبنەڕەتداهەمیشەیی(timeless) شاراوە، کە شیمانەی ئەوەی لێ دەکرا سەرچاوەی پێناسەکراو، بە مەبەستی دژایەتیی هەرچەشنە دەسەڵاتێکی دەوڵەتی لە سەرەتای میژووەوە لە بەردەست دەخات،[41] ئاشکرا کردنی کاریگەریی رۆژهەڵاتناسێکی بە هێز، بە تایبەت هانری کەربۆنە، واتە کەسێکە لە زۆر لایەنەوە نموونەیەکی ویترینی (ناو جامخانە) رۆژهەڵاتناسی فەلسەفییە.[42] دووەم، جۆرج ئێستات بەڵگەی هێناوەتەوە کە خودی چەمکی ڕۆحانییەتی سیاسی، پیشاندەری گەڕانەوە بۆ ڕوانگەی رۆژهەڵاتناسەکانە، کە پێان وایە ئیدە(ئاینییە)کان وەکوو هۆکاری بڕیاردەری کردەی کۆمەڵایەتین.[43] لە حاڵێکدا لەوانەیە ئەمە زلکردنەوە یان زیادی سادەکردنەوەی روانگەی ڕاستەقیەنەی فۆکۆ بێت، بەڵام لەوانەیە کەسێک جەختی ئەو لەمەڕ بەکارهێنانی فاکتەرە ئاینییە پێش مۆدێڕنەکان، بۆ شرۆڤەی دیاردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هاوچەرخ، بخاتە ژێر پرسیارەوە. سیهەم ڕەنگە گرینگتر لە هەمووی، خودی فۆکۆ، هیچ کات بۆچوونی جۆگرافیاییی رۆژهەڵاتناسیی نەخستە ژێر پرسیارەوە.
سەرەڕای هۆگریی ناوبراو بە پرسیارەکانی پەیوەندیدار بە شوێن و جوگرافیا، لە سەرتاسەری کتێبی «the order of things» و کارەکانی دیکەیدا، بە شێوەکی گشتی و بێ دوودڵی، دەستەواژەی رۆژئاوا،(the west) وەکوو شوێنێکی بە ڕواڵەت شارستانی بەڵگەنەویست و، بەهەمان ڕادەش بێگومان رۆژهەڵاتێکی گشتی و تاڕادەیک ئوستوورەیی، وەکوو ئەویدیی رۆژئاوا دادەنێ. بەم پێیە، بەناوبانگترین، پێشەکیی کتێبی«the order of things»، فەرهەنگێکی هەڵبەستراوی چینی بە ناوی (The Celestial Emporium of Imperial Wisdom) دەناسێنێ کە لە دەقێکی کورتی خۆرخە لووئیس بۆرخێسدا وەکوو ئاشکراکردنی هێترۆتۆپیای(heterotopia) سەرەڕۆیی دەرەدەکەوێ و، لەوانەیە لاواز کردنی هەمان لۆجیکی پۆلێنبەندیی رۆژئاوایی بێ کە لەناو دەقی سەرەکیی کتێبەکەدا باسی لێکراوە. هەر بەم پێیە جیاوازی دانانی فۆکۆ لە نێوان ScientiaSexualisو Ars Eroticaی رۆژهەڵاتی پێش مۆدێڕن، لەبەرگی یەکەمی مێژووی سێکسواڵیتە، وەکوو رۆژهەڵاتناسی ناڕەخنەگرانە، بەشێوەیەکی بەربڵاو تانەی لێدراوە. واپێدەچێ ناوبراو پەرەستگەکانی ژاپۆن و شەقامەکانی ئیرانی وەکوو هێترۆتۆپیاگەلێک(hetrotopias) دەبینی کە هەندێ لە بنچینەییترین گریمانەکانی مۆدێڕنیتە یان وردتر بڵێین عەقڵانییەتی سیاسیی مۆدێڕن و سێکۆلاری رۆژئاوایی تووشی گومان و چالێنج ئەکەن.
بەهەرحاڵ تایبەتمەندیی رۆژهەڵاتناسیی دیکەی بیروڕای فۆکۆ لەسەر ئیسلامی شیعەی ئێرانی هەیە کە وەک دەگوترێ ئەگەر بێکەڵک نەبن لانیکەم باویان نەماوە. ئەمە شکستی جددیی ناوبراوە لە پرسیارکردن سەبارەت بەم پرسە، کە ئاخۆ لەوانەیە جیهانی ئیسلام، هیچ چەشنە تازەگەری و دابڕانێکی ئپیستمۆلۆژی، بەو جۆرەی کە لە کۆنینەناسی(archaeology)ی زانستیی رۆژئاواییەکەی دەخرێتەڕوو، ناسێبێ. تەنانەت ئەگەر ناوبراو پرسیاری کرد، ئاخۆ دەبێ کەسێک لە شۆڕشی ئێراندا لەدایکبوونی شتێکی تازە بەجێگای گەڕانەوەی شتی کۆن ببینێ؟[44] ئەو دەیویست ئیسلامی ئێرانیی شیعە، وەکوو گشتێکی نەگۆڕی یەکپارچە ببینێ و بە شێوەیەکی جددی ئیمکان و شیمانەی هەرچەشنە گۆڕانکاریی گەورەی لەبەرچاو نەگرت، چ بگات بەوەی کە بەدواداچوون بۆ وردەکاریی ئەم گۆڕانکارییانە بکات. کەوابوو بۆ نموونە، بە بێدەنگی بەسەر تەواوی مێژووی سیاسیی بوونی ئیسلام لە ئێراندا، – بابەتێکی ئاڵۆز و هێشتاش کەم ناسراو- تێپەڕی کە بە شۆڕشی مەشرووتەی ١٩٠٥ دەستی پێکرد و لەودا رێژەیەکی بەرچاو لە مەلاکان دەوریان گێڕا.
هەڵبەت پەیوەندیدارترین دەق کە ئەیتوانی پەیوەندیی بە بابەتەکەی ئێمەوە هەبێ، کتێبەکەی ١٩٧٢ی خومەینی لە سەر حکوومەتی ئیسلامییە، کەلەودا چەمکی ویلایەتی فەقێی ناساند؛ بەڵام ئەم کتێبە هێشتا بۆ سەر هیچ زمانێکی رۆژئاوایی وەرنەگێڕدرابوو و تەنانەت لە نێو پسپۆڕانی فیکری ئیسلامیی ئێرانی مۆدێڕن، بەتەواوی نەناسراوبوو.[45]هەرچۆنێک بێت، فۆکۆ باسی ئیدەکانی خومەینی ناکات –بەپێچەوانەی لێدوانە گشتییەکان و قسەکانی بۆ رۆژنامەنووسان[46] و تەنها بە کورتی ئاماژە بە عەلی شەریعەتی دەکات- کەسێک کە تا ڕادەیەکی زۆر بە دروستی وەکوو مێعمارێکی سەرەکیی دەوڵەتی ئیسلامی بە مانای ناساندنی توخمێکی ڕۆحی بە ژیانی سیاسی دیاری دەکات.[47] ئەم لێدوانە کورتانە، سەبارەت بە نەفی کردنەوەی ئیدارە و لە ڕووی سیاسییەوە بێدەنگیی ئاخوندی شیعەی ئێرانی بە قازانجی ئایینی چەوساوەکان(موستەزعەفین)، کە چەمکێکە لە لایەن ئارمانە سۆسیالیستییەکانی عەداڵەت و یەکسانییەوە پاڵی پێوە دەنرێ وتەنانەت لایەنێکێ شۆڕشگێڕانەیشی هەیە، بە گوێرەی پێویست مافی خۆی بە کەسایەتیی نوێ و ڕادیکاڵی شەریعەتی نادات. واپێناچی کە فۆکۆ ئاگادار بووبێ کە تازەگەرییەکانی شەریعەتی، بە شێوەیەکی ئاشکرا وەکوو کفر، لە لایان نزیک بە تەواوی ئاخوندە گەورەکانی ئێرانەوە بێجگە خومەینی مەحکووم کرا. دووبارە پێناسە کردنەوەی ئیسلامی شیعە لە لایەن شەریعەتییەوە، نەک تەنها ڕادیکاڵ و بە شیوەیەکی ئاشکرا لە مارکسیست-لێنێنیست ئیلهامی وەگرتووە، بەڵکوو شیعیسم بەرەو ئاینێنکی شۆڕشگێڕانە دەگۆڕێ، بابەتێک کە لەوە پێش هیچکات نەبینرابوو؛ هەروەها سەرەڕای هەموو داواکارییەکانی پێداچوونەوە، فۆکۆ ڕۆحانییەتی شاراوەی وەکوو ناوەندی ڕژیمی حەقیقیی ئێرانییەکان دەبینێ.هەرچەند فۆکۆ دانی پێدادەنێ کە شەریعەتیی نووسەری وەکوو فانۆن و ماسینیۆنی خوێندوەتەوە، واپێدەچێ بایەخێکی ڕواڵەتیی بە بابەتی “شەرعیەتدان بە خۆ”(self-legitimations)ی شەریعەتی دابێ وەکوو بانگەشەی پێشتری کە دەیگوت یەکەمین ئیمامی شیعە، وانەی یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتیی فێردەکرد.[48]
کەوابوو فۆکۆ ئەم باوەڕە دروست ئەکا کەلەگەڵ پێشڤەچوونی تەکنۆلۆژیای مۆدێڕنی رۆژئاوایی هیچ شتێکی بنەڕەتی لە کۆمەڵگای ئێرانی یان ژاپۆنی گۆڕانی بە سەردا نەهاتووە و، ئەمەی کە لە بنەڕەتدا ڕێگا نەریتییەکانی بیرکردنەوە لە تەنیشت شێوازەکانی مۆدێڕندا پێکەوە ئەژین بە گشتی وەکوو بابەتێکی بە تەواوی ئەورووپی دەبینرێ.[49]ئەم وتە زۆر سادەکراوانە، ڕووناکبیرانی گەورە و گۆڕانکاریی شێوازەکانیدیکەی نارۆژئاوایی بیرکردنەوە، ئاشکرایە ئاکامی هەردوو هۆکاری دینامیکی ناخۆییی خۆیان و بەریەککەوتن لە گەڵ فاکتەرەکانی دیکە و نەک بە تەنها فاکتۆری رۆژئاوای مۆدێڕن، پشت گوێ ئەخەن.
٤- ڕەچەڵەکناسیی پۆست فۆکۆییی ئیسلام
بڕوای ئاشکرای فۆکۆ، سەبارەت بەوەی کە نەریتی رۆژهەڵاتی وەکوو زێن بوودیسم و ئیسلامی شیعە، لە بنەڕەتدا هەمیشەیی(timeless)، پێش مۆدێڕن و یان نەگۆڕن، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر، لە گەڵ ڕوانگەی ڕەچەڵەکناسی و کۆنینەناسییەکەی خۆی و هۆگریی بە ئاشکرا کردنی پچڕپچڕی و دابڕان، دژ بەیەک و جیاوازە. لە شوێنێکی دیکەدا، ئەو بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنێ کە ئامانجی ڕەچەڵەکناسی بە وردی دەرخستنی هەرچەشنە سیمایەکی ڕۆاڵەتیی شوناس، یەکیەتی، یان بەردەوامبوونە، کە لە دەستەواژەی وەکوو نەریت یان نەتەوەدا خۆی دەبینێتەوە.[50] نابەدڵییەکی هاوشێوە بۆ پاڵپشتی کردنی بوونی نابەردەوامی(گسست) لە نەریتە رۆژئاواییەکاندا، هەروەها لە تویژینەوەیەکی تر دا کە ناوی ڕەچەڵەکناسی لە خۆی ناوە، لە لایەن تەلال ئەسەد، یەکێک لە کاریگەرترین بیردۆزانی هاوچەرخی جیهانی ئیسلامی مۆدێڕنەوە دەرئەکەوێ. ئەسەد، (مرۆڤناسێک بە ڕوانگەیەکی لە سەرەتاوە بەهێزی مارکسیستی) بە وەرچەرخانێکی فۆکۆیی چەشنەکان، بەرەو تویژینەوەی زانستی ڕەهبانی لە مەسیحییەتی سەدەکانی ناوەڕاست و پاشان بەرەو شرۆڤەی ڕەچەڵەکناسانەی چەمکە پۆست ڕۆشنگەرییەکانی “ئایین” و “سیکۆلار” گوازرایەوە، هەردووی ئەم چەمکانە وەکوو گرێدراوی مێژوویەکی دەسەڵاتی رۆژئاوایی(و تاڕادەیەک کۆلۆنیاڵ) ئاشکرا ئەکات.[51]بە سەرنجدان بەم وەرچەرخانە، واپێدەچێ، ئەسەد کەسێکی شیاو بۆ پەرە پێدان بە ڕێبازێکی ڕەچەڵەکناسانەی پێگەیشتوو، بۆ جیهانی ئیسلام بێت؛ بەڵام بە سەرسوڕمانەوە نووسراوە زۆرەکانی لە سەر بابەتە ئیسلامییەکان ئەم چاوەڕوانییە بەدی ناهێنێ. لە بەناوبانگترین کتێبیدا، “ئایدیای مرۆڤناسیی ئیسلام”، ئەسەد بە دژی دوو بۆچوون بەڵگە دەهێنێتەوە و مشتومڕ دەکات؛ ئەم ئایدیایە کە ئیسلام، بە پێچەوانەی مەسیحییەت، لە جەوهەری خۆیدا خاوەن هێزە، هەروەها ئەم بۆچوونە کە بوونی جیاوازیی بەربڵاو لە بیروڕا و پڕاکسیسی بسۆڵمانەکان، ڕیگریمان لێدەکا کە بتوانین هەر چەشنە چەمکێکی شیکاریی یەکگرتوو لە ئیسلام ئاوا بکەین. وەکوو جێگرەوە، ناوبراو پێشنیار دەکات کە وەکوو نەریتێکی دیسکۆرسیڤ لە ئیسلام نزیک بینەوە.[52]ئەم ڕوانگەیە، بە هۆی جەختی زیاد لە پێویست، لە سەر لایەنەکانی تیۆلۆجی و حقووقی، بە زیانی توخمگەلی شاعیرانە و عیرفانی کە لە ژیانی رۆژانەی مسوڵمانەکاندا، بە درێژایی سەدەکان زۆر گرینگتر بوون، ڕەخنەی لێگیراوە؛[53] بەڵام لێرەدا من دەمهەوێ بزانم ئاخۆ ئەم شیکارییانە، لە سروشتی خۆیاندا، بەو جۆرەی ئەسەد خۆی ڕایدەگەیەنێ، بەردەوام ڕەچەڵەکناسانەن. لە یەکەم دەرخستندا، بۆچوونی ئەو لەمەر نەریتێکی دیسکۆرسیو، واپێدەچێ لە گەڵ دووبارەبەرهەمهێنانەوەی ڕەچەڵەکناسیی/کۆنینەناسانەی پێکهاتە دیسکۆرسیڤەکان و دواتر، پڕاکتیسە دیسکورسیڤەکان لە سەر وشیاری تێگەیشتنی فەلسەفی و/یان مارکسیستی ئایدیاکان، ئایدۆلۆژییەکان یان بیروبڕواکانە؛ هەرچۆنێک بێت لە پشکنینێکی وەردتردا، دەردەکەوێ چەمکێکی کۆمەڵباوەڕانە (communitarian) بێت نەک چەمکێکی ڕەچەڵەکناسانە یان کۆنینەناسانە.[54] ئەسەد بە سانایی دانی پێدادەنێ کە سەرچاوەی سەرەکیی هاندانی، فەیلەسووفی کۆمەڵباوەڕ(communitarian) مەک ئینتایر بووە؛ بەڵام ناوبراو بە بێدەنگی لەم ڕاستیە تێدەپەڕێ کە کۆمەڵباوەڕیی(communitarianism)، ناتوانێ بە سانایی (ئەگەر شتی وا بشێ)، لەگەڵ ڕوانگەیەکی ڕەچەڵەکناسانە خۆی بگونجێنێ و لە ڕاستیدا بە بەردەوامی ڕەخنە لە ڕەچەڵەکناسیی نیچە دەگرێ – ڕەخنەیەک کە لەوانەیە هەروەها بۆ کەڵکوەرگرتنی فۆکۆ لە نیچەش بیگوازێتەوە.[55]
بە پێچەوانەوە، وا پێدەچێ سەرەڕای پێشنیارەکانی ئەسەد خۆی، کاراکتێری کۆمەڵباوەڕی ناوبراو، لە چەندین خاڵدا لە گەڵ ڕوونکردنەوەیەکی ڕەچەڵەکناسانەی پێگەیشتووی ئیسلامی مۆدێڕن نەگونجێ. یەکەم، ئەسەد بە ئاشکرا نکۆڵی لە هەرچەشنە دابڕانێک لەم نەریتە دیسکۆرسیڤەدا دەکات:”بۆ ئامانجە شیکارییەکان، هیچ جیاوازیەکی بنەڕەتی…لە نێوان ئیسلامی کلاسیک و مۆدێڕندا نییە”.[56] کەواتە واپێدەچێ کە ئەو هەمان شوناس و بەردەوامییەک کە ڕەچەڵەکناسیی فۆکۆ دەیهەوێ لە نێوی ببات، بە بنەما دەگرێ. دووهەم، ئەسەد پێی خۆشە جەخت بکاتەوە کە ئەم نەریتە دیسکۆرسیڤە ئیسلامییە، عەقڵانییە، بە تەواوی بە گوێ نەدان بە تێبینیی فۆکۆ، عەقڵ یان عەقڵانییەتی سیاسی، لەوانەیە خۆی لە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا دەوری هەبێ.
سێهەم و تەنانەت سەیرتر، نیگەرانیی ڕەچەڵەکناسانەی ناوبراو سەبارەت بە دەسەڵات(power)، لە ڕوانگەی ئەم گێڕانەوەیە لە تایبەتمەندیی ئیسلام، دیار نامێنێ. ئەگەرچی ئەسەد بە ڕواڵەت لایەنگری لە پرسیارەکان لەمەڕ دەسەڵات دەکات، {بەڵام لە ڕاستیدا} بۆ ئەکتەرێکی ناچالاک و نەریتێکی نامۆ لە ژێر پەردەی ئۆتۆریتەدا دەیگۆڕێ: “پڕاکتیسێک ئیسلامییە، لە بەرئەوەی کە بە پێی نەریتە دیسکۆرسیڤەکانی ئیسلامەوە ڕێگاپێدراوە”.[57]
لەبیرمان نەچێ کە کەڵک وەرگرتن لە دەنگی پاسیڤ لێرەدا و جێگۆڕکێی وشەی دەسەڵات (power) لە گەڵ زاراوەی وەکوو ئۆتۆریتە(authority) و دەسەڵات پێدان (authorization)، دەلالەت یان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرچەشنە پەیوەندیی دەسەڵاتکە لە ناو نەریتی دیسکۆرسیڤی ئیسلامیدان، جێگای پەسەند و/یان ڕێگاپێدراون.
کەوابوو، وادەردەکەوێ، ئەسەد سوورە لە سەر ئەوەی، جەخت لە سەر عەقڵانییەت و ژیریی نەریتی گوتاری ئیسلامی بکاتەوە، چوونکوو دەیهەوێ دەسەڵاتی شاراوە لە هەناوی چەمکە تیۆرییەکانی رۆژئاواییدا ئاشکرا بکات. خۆی لە خۆیدا ئەمە لەوانەیە دژەژەهرێکی بەسوود بە دژی ئەم گریمانە تاک گەرایانە و/یان سێکۆلاریستییە شاردراوە بێت کە نەریتەکان جێگایەکیان بۆ بیرکردنەوە، گفتۆگۆی عەقڵانی یان ئازادیی تاکەکەسی تێدا نییە؛ بەڵام واپێدەچی کە ئەسەد، لێرەدا خاڵی شیکاریی ڕەچەڵەکناسیی لە دەست دابێت. وەکوو ئەنجامێک، ناوبراو تێبینییەکی ڕەچەڵەکناسانەی زۆر بنچینەییتر لە دەست دەدات کە پێی وایە هەر فۆڕمێک لە عەقڵانییەت یان ژیری، چ مۆدێڕن بێت یان پێش مۆدێڕن، چ سێکۆلار بێت یان ئایینی، لە ڕووی ناوخۆیییەوە لە پەیوەندی لە گەڵ شێوازە تایبەتەکانی دەسەڵات لە ڕووی جوگرافیایی و مێژووییدایە. ئەمە روونترین و –ناخۆشترین- کێشەی بەرچاو لە توێژینەوەی ئەسەد لە سەر بابەتی ڕەخنەی گشتی لە عەرەبستانی سەعوودی هاوچەرخدایە.[58] ئەسەد نەک تەنها لێرەدا بە شێوەیەکی تەفرەدەرانە دەڵێ کە گوایە بەرپرسیاریەتییەکی سوننەتی لە سەر تاک بە تاکی مسوڵمانەکان، سەبارەت بە ڕەخنە گرتن لە حاکمی سەربەخۆ، بوونی هەیە؛ بەڵکوو هەروەها بە تەواوی چاوی بە سەر ئەم ڕاستیەدا دادەخا کە عەرەبستان وڵاتێکی دیکتاتۆرییە کە لەودا ڕێبەرایەتیی ئایینیی کۆنەپارێز، دەزگایەکی دەوڵەتیی سەرکوتگەر، بە مەبەستی خنکاندنی هەموو چەشنە ناڕەزایەتییەک بە کار دێنێ. بە واتای سادەتر: ئەسەد دەیهەوێ چاوپۆشی لە تایبەتمەندیی هەرە گرینگی دەسەڵات بە قازانجی وێنەیەک لە سوننەتێکی هاوئاهەنگ و هاوئاوازانەی «گفتۆگۆی عەقڵانی» و «ڕەخنەی ئایینی» بکات و یان لە گرینگیی کەم بکاتەوە.
ئەم خواستە بۆ سنووردارکردنەوەی ڕەخنەی ڕەچەڵەکناسی بە ڕەوتە ڕۆژئاواییەکان و، گەڕانەوە بۆ چەمکە کۆمەڵباوەڕ، لیبڕاڵ و/یان مارکسیستییەکان بۆ جیهانی ئیسلامی، هەروەها دەتوانرێ لە ناو ئەو کەسانەش دا ببیندرێ کە خۆیان بە شوێنکەوتووی فۆکۆ دەخوێننەوە . بۆ نموونە چەندین نووسەر، سەبارەت بە سێکسواڵیتە لە جیهانی ئیسلامی مۆدێڕندا دەنووسن، سەرەڕای ئەوەی کە تەنانەت بە ڕواڵەت لایەنگری لە نووسراوەکانی فۆکۆ دەکەن، لە سەر گەڕانەوە بۆ پۆلێنبەندییەکانی ” سێکسواڵیتەی بۆرژوایی” و “سەرکوتی ویکتۆریایی” سوورن، تەنانەت سەرەڕای ئەوەی فۆکۆ بە ئاشکرا بەڵگەی هێنایەوە کە توێژینەوەی سێکسواڵیتەی مۆدێڕن، پێویستی بە فەرهەنگۆکێک هەیە کە لە چەمکی مارکسیستی “چین” (class) و، ئەوەی سەردەمی ویکتۆریا بە جێگای گوتاری سەرکوتکراو سەبارەت بە سێکس بەرهەمی هێنا، وردبینانەتر بێت.[59] بە ڕێژەی جیاواز ئەم مەسەلەیە بۆ لێکۆڵینەوەی نووسەری وەکوو جۆجێف مەسعەد، خالید ئەڵڕوەیب و ئەفسانە نەجم ئابادیش بە رێژەی جیاواز ڕاستە.[60](کە ئەگەر وانەبێ جێگای ڕیزە) ئەمانە و نووسەرانێکی دیکە کە حەز دەکەن بگەڕێنەوە بۆ دەرکەوتەکانی ئایدیۆلۆژی وەکوو شێوێنەری ڕاستییە کۆمەڵایەتیە ئۆبژێکتێوەکان؛ چین (class) وەکوو دیاریکەری پێناسەی لایەنەکانی مۆدێڕنیتە و، دەسەڵات (power) کە لەزاتی خۆیدا سەرکوتگەرە – هەموو خاڵەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک و بنەڕەتی لە لایەن فۆکۆوە ڕەخنەیان لێگیرا.
بە کورتی گەڕانەوەیەکی نەخوازراو، بۆ گریمانەیەکی سێکۆلاریستی و مۆدێڕنیستی بۆچوونی مارکسیستی و/یان ئۆمانیستی، کە بە شێوەیەکی سیستماتیک و ئاشکرا لە لایان فۆکۆوە ڕەخنەیان لێگێراوە؛ بە هیچ شێوەیەک تەنها بۆ ڕەخنەگرانی بۆچوونەکانی ئەو سنووردار ناکرێتەوە؛ هەروەها واپێدەچێ ئەم ڕەخنەیە لە نێو نووسەراندا کەسانێکیش دەگرێتەوە کە خۆیان بە شوێنکەوتەوی ئەو دەبێنن. بەم مانایەکە بە کردەیی کردن و بەڕۆژ کردنی بۆچوونەکانی فۆکۆ، بە سەرنجدان بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە بێ گەڕانەوە بۆ نەریتە باوەکانی بیرکردنەوە، تا ڕادەیەکی زۆر پرۆژەیەکی ناتەواوە.
دوا وتە
فۆکۆ زیاتر هۆگریی بە ڕاپەڕینی ئێران هەبوو هەتا شۆڕشی ئیسلامی و هەروەها بە لایەنە ڕۆحییەکانی بەرخودان بە جێگای فۆرمە ئیسلامییەکانی دەوڵەت. لە ڕاستیدا خولیای هەمیشەییی ئەو، بە فۆڕم و شێوازەکانی دەوڵەت و ڕەخنە گرتن لێیان، ڕێگری لە هەرچەشنە یۆتۆپیاخوازییەکی خۆجێیی، سەبارەت بەمەی دوایی دەکات. ئەگەر سەرزەنشت نەکردن بە مەبەستی پەسەند کردن هەڵە نەبێ، ئەوە کەس ناتوانێ فۆکۆ بە هۆی هاوسۆزی ناڕەخنەگرانە یان هیوا و هومێدی یۆتۆپیایی بۆ رێژیمی تازە لە ئێراندا، تاوانبار بکات. هەروەها باسەکانی لە سەر نێئۆلیبڕالیسم، لەوانەیە لە مشتومڕ بە دوور بێ، بەڵام نابێ وەکوو پەسەند کردن بخوێنرێنەوە. بە پێچەوانەوە کاتێک کە هەردووکیان پێکەوە دەخوێنرێنەوە دەریدەخەن کە چەمکی شۆڕش، لە لایەن مارکسیستە هاوچەرخەکانی خۆی(هەوەها زۆرێک لە چەپەکانی ئەمڕۆشەوە)، وەکوو بابەتێکی جیهانی (لە ڕاستیدا لە ڕوانگەی فەرهەنگی و مێژوویییەوە بە تایبەتی)، لە بەرچاو گیراوە. بەم پێیە ئەم نووسراوانە، داوامان لێدەکەن هەتا لە سەر تاقانە بوونی ڕووداوی شۆڕش لە ئێران ڕابمێنین، بە جێگای ئەوەی کە ئەو ڕووداوە بۆ دەستەبەندیی بەڕواڵەت جیهانی، بەڵام لە کۆتاییدا ئەورووپاتەوەری دابەزێنین.
وتە گرینگەکانی فۆکۆ سەبارەت بە ئیسلام وەکوو ئایین یان نەریتێک، بەدەر لە ڕەخنە نییە: لە هەمووی گرینگتر و سەیرتر، وا دەردەکەوێ کە ناوبراو، کاتێ لە سەر ئیسلامی شیعەی ئێرانی دەینووسی، تایبەتمەندیگەلێکی وەکوو بە مێژوویی کردنی بەردەوام، دابڕان ونەبوونی بەردەوامی، تێکدانی شوناس کە “توخمی بنەڕەتیی” میتۆدەکانی خۆی واتەڕەچەڵەکناسی و کۆنینەناسی بوونی بە هەند وەرنەگرتبێ. هەروەها ئەگەر ئەو ڕەخنەگەلەی لە سەرەوە ئاماژەیان بۆ کرا، ئەسەد، شوێن کەوتووەکانی و، ئەو هەوڵانەی دیکە بۆ جیهانی ئیسلامیش کە خۆیان بە فۆکۆوە ئەلکێنن بگرێتەوە، ئەوە لەوانەیە ئەم گریمانەیە بێتە ئاراوە کە مێژووی دروست یان بەردەوامی ڕەچەڵەکناسانەی جیهانی ئیسلامی مۆدێڕن، هێشتا و بە زۆری ماویەتی بنووسرێ. ئەم بانگەشەیە لەوانەیە بە سەرنجدان بە کاریگەریی مەزنی فۆکۆ لە سەر بەشی توێژینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، لە زانستی کۆمەڵایەتی و مرۆییدا بە گشتی، سەیر بێت. دەبێ لە یادی نەکەین کە بەهەرحاڵ فۆکۆ بێگومان نەیدەویست کە چەمکە سەرەکییەکانی خۆی وەکوو چەمکی تیوریکی شیاوی کارپێکردن لە ئاستی جیهانیدا، بە کارببرێ، بەڵکوو فرەتر وەکوو ئامڕازگەلێک بەمەستی تۆمار کردن و نووسینەوەی ئەزموون و ڕووداوی ئەگەر نە تاقانە لەڕووی جۆگرافیایی و مێژووییەوە، بوون. هەربەو جۆرەی کە خۆی جارێک باسی لێ کرد، سەرقاڵی پەرەپێدانی لێکۆڵینەوەیەک و نەک تیورییەک لە سەر دەسەڵات(power) بوو.[61]
کەوابوو میتۆدێکی ڕەچەڵەکناسی بۆ جیهانی ئیسلام – و ڕەنگە نابێ ببێ- لە سەرەتاوە هەوەجێی بەم پرسیارە نییە کە ئاخۆ وڵاتێکی مۆدێڕن یان لە حاڵی مۆدێڕن بوونەوەی تایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی، “دیسیپلینییە یان ئەوەی کە ئاخۆ سیاسەتەکانی “بایۆپاڵیتیکە”، بەڵکوو لێکۆڵینەوە لە سەر ئەوە بکەن کە ئاخۆ کێها بەش لە دانیشتوانی وڵات و لە کام گۆڕەپانی بەسەرهات و تاقیکردنەوە و لە چ کاتێکدا، بووگن بە ئۆبژەی حکوومەت و چ فۆڕمگەلێک لە زانست – ئایینی یان هی دیکە- یان حەقیقەت، لەم پڕۆسانەدا تێوەگلاون. هەندێ نموونەی شێوازی پێشوو، بە کۆلۆنی کردنی میسری تیمووتی میچێلە، کە ڕێفۆڕمەکانی محەمەد عەلی وەکوو دیسیپلین ئەناسێنێ و، هەر بەم پێیە، بەکۆلۆنی کردن خۆی لە خۆیدا، بە بێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە ئاخۆ میسر لەوکاتەدا لە ژێر حوکمی داگیرکەری راستەقینەدا بوو یان نا؛ و توێژینەوەی گرینگی داریووش ڕێجاڵی لە سەر ئەشکەنجە لە ئێرانی مۆدێڕندا، کە ئەم پرسیارە ئەورووژێنی کە چما ئەشکەنجە لە ناو کۆمەڵگا ئینزیباتییەمۆدێڕنەکاندا درێژەی هەیە، لە کوێ – لە دیدی فۆکۆوە- پێویستی بە سزادانی بێ بەزەییانە و توند و تیژ، لە ناو چووە.[62]
لێرەدا ئاگادارکردنەوەیەکی دووهەم لە نەفی کردنی فۆکۆ لە بابەتە گەردوونییەکاندا(universals) هەیە. گرینگترین بابەتی یۆنیڤێرساڵ لەم بوارەدا بێگومان دەوڵەتە؛ بەڵام ڕەخنەی فۆکۆ لێی، زۆرتر بە هۆی بێزاری لە دەوڵەتەوە نییە، هەمان ئەو نەفرەتەی کە زامۆرا و بێهرێنت هەیانبوو؛ ئەمە لە پلەی یەکەمدا بابەتێکی میتۆدۆلۆژیکە. لە ساڵی ١٩٧٦ دا، پێی وایە کە سەرنجدانی زیاد لە پێویست بە دەسەڵاتی حوکمداریتی هەڵکەوتوو لە هەناوی دەوڵەتدا، ڕێگریمان لێدەکا لەوەی کە بە دوای فۆڕمە ناحکوومیەکانی ئەو هێزانەدا بگەڕێین کە لە شوێنی دیکە بە کار دەهێنرێن.[63] هەروەها فۆکۆ لە وتارە بەناوبانگەکەی لەسەر حوکمدارێتی، بەڵگە دەهێنێتەوە کە دەوڵەت وەکوو فاکتەر یان دامەزراوەی یەکگرتن، بابەتێکی دەرهەستی ئوستوورەییە، واتە بە تەواوی خەیاڵییە.[64] دواجار لە وانەکەی ٣١ی ژانوییەی ١٩٧٩ی دا، لە پەڕاوێزی باس کردن سەبارەت بەو بابەتەی کە خۆی پێیدەڵی “فۆبیای دەوڵەت”ی هەندێ لە نووسەران، فۆکۆ جارێکی تر باس لە ئارەزووی خۆی سەبارەت بە پارێزکردن لە مەڕ هێنانە ئارای تیۆرێک سەبارەت بە دەوڵەت دەکات کە گوایە ئەمە ژەمە خواردنێکە بۆ هەزم کردن ناشێ و هەروەها ئارەزووی خۆی بۆ قسەکردن بە زاراوەی زیاتر پڕۆسەی بە نەتەوەیی کردن (یان بە دەوڵەتی کردن) (étatization) دەردەبڕێ.[65]
ئەم بانگەوازە بۆ گەڕان بە دوای شێوازەکان، شوێنەکان و جومگەبەندییەکانی تری هێز لە چاو هێزی میری کە دەوڵەت بەکاری دێنێ لەوانەیە، هیوا لێکراوترین تێبینی و بۆچوون بێ کە بە شێوەیەکی ئاشکرا یان لابەلا لە نووسراوەکانی فۆکۆدا هەیە، تەنانەت ئەگەر لە کەیسی ئێراندا بێت چ بگات بە وڵاتانی سەڕەڕۆی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هیچ جۆرێک بە ڕوونی ئاشکرا نییە کە چ بەرهەمێکی دەبێ. بەهەرحاڵ لەوانەیە ئەمە وەکوو دژەژەهرێک بۆ ئارەزووی بەردوام بۆ “فووتێکردن و گەورەکردنەوەی دەوڵەتی عەرەبی” بە سوود بێت، وەکوو ئەوەی توێژینەوەیەکی بەناوبانگ پێشنیاری دەکات؛[66]یان سوودبەخشتر، لەوانەیە یارمەتیمان بدات هەتا بە وردی، ئەوەی کە لە جیهانی ئیسلامی مۆدێڕندا تایبەتی مۆدیرنیتەیە و چ فۆرمگەلێک لە دەسەڵات و زانست لە سازکردنیدا بە کارهێنراوە، دەستنیشان بکەین بە بێ ئەوەی لە داوی خۆ بەجیاواز زانینی ئیسلامی، کۆمەڵباوەڕی و یۆرۆسینتریسم بکەوین.
[3] –Stuart Elden, personal communication, 31 May 2017.
4–Michel Foucault, François Ewald, Alessandro Fontana, and Michel Senellart, La Naissance de la biopolitique: Cours au Collège de France (1978-1979)
(Paris: Gallimard/Seuil, 2004). English translation: Michel Foucault, Michel Senellart, Graham Burchell, François Ewald, and Alessandro Fontana,The Birth of Biopolitics: Lectures at the Collège de France, 1978-1979(Basingstoke: Palgrave Macmillan, 2008).
5 See, in particular, Daniel Zamora and Michael C. Behrent, Foucault and Neoliberalism (Polity Press 2015).
[7]– Foucault, Ditsetécrits III: 749.
[9]-Following the latter’s highly idiosyncratic, and even downright ahistorical reading of Irani-an-Islamic intellectual history, Foucault tends to see mystical and esoteric Shi‘ism as embody-ing a timeless Iranian spirituality. I will return to this point below.
[10]– BehroozGhamari-Tabrizi, Foucault in Iran (Minneapolis: University of Minnesota Press, 2016), 73.
[11]-cf. Foucault ,Dits et écrits I: 55.
[12]– Foucault, Ditsetécrits III: 692.
[13]– Foucault, Ditsetécrits III: 686.
[14]– Janet Afary and Kevin Anderson, Michel Foucault and the Iranian Revolution: Gender and the Seductions of Islamism
(University of Chicago Press, 2005), Introduction.
[15]– For a detailed argument, see Ghamari-Tabrizi, Foucault in Iran, ch. 3.
[16]– Ghamari-Tabrizi, Foucault in Iran, 68ff. Cf. François Furet, Penser la révolutionfrançaise (Paris: Gallimerd, 1978).
[17]– Daniel Zamora and Michael C. Behrent, eds. Foucault and Neoliberalism (Cambridge, UK: Polity Press, 2015).
[18]– Foucault, Ditsetécrits III: 759.
[19]-Foucault, Ditsetécrits III: 745.
[20]– Foucault, Ditsetécrits III: 712-3, cf. 748.
[21]– Foucault, Ditsetécrits III: 703, 715, 746.
[22]– Foucault ,Dits et écrits III: 716.
[23]– Foucault et al., Naissance de la biopolitique, 23-4,The Birth of Biopolitics, 22.
[24]– Foucault, DitsetécritsIII: 783.
[25]-This absence should not, of course, be construed as an endorsement of any particular kind of government; Foucault’s entire project seems precisely to make visible liberalism as a technol-ogy of government rather than merely an economic doctrine. It may be worth keeping in mind that even Discipline and Punish: The Birth of the Prison was long seen as lacking any notion of resistance to disciplinary power, even if Foucault unemphatically but unambiguously states that Bentham’s panopticon is not so much a reality as a “diagram of a form of power: its ideal form, […]abstracted away from all resistance” ( Discipline and Punish: The Birth of the Prison (London: Penguin Books 1979), 205; emph. added).
[26]– See in particular, Christofferson, Foucault and Neoliberalism, 17; cf. Behrent, Foucault and Neoliberalism, 47; Zamora, Foucault and Neoliberalism, 63.
[27]-Zamora and Behrent, Foucault and Neoliberalism, 3.
[28]– Foucault, DitsetécritsIII: 532.
[29]-La Naissance de la biopolitique, 254ff.;The Birth of Biopolitics, 248ff.
٣٠- بۆ باسێکی بێ پەردە لە سەر کەیسی میسری مۆدێرن، کە هیچ شتێک بە ناوی “ئابووری” وەکوو گۆڕەپانی تایبەت یان ئۆبژەی زانست و دەوڵەت کە لە لۆژیکی پەتی .Timothy Mitchell, Rule of Experts (Oakland: University of Cali-fornia Press, 2002):ئابووریپێڕەویبکاتبوونینیە،بڕواننە
[31]– Foucault ,Dits et écrits III: 714.
٣٢- هەرچۆنێک بێت، ئەو دیمەنێکی لەڕادەبەدەر گەش بینانە لە ئابووری ئێران لە دەیەی ١٩٧٠دا دەکێشێ،(کە لە ڕاستیدا کێشەی جیددی وەکوو هەڵئاوسان و زێدە مەسرەفی هەبوو)، ئەمە بێگومان بە دەر لە خواستێک بۆ بەربەرەکانێی ڕاڤە مارکسیستیەکان بوو کە هەژاری یان بێ ئەنوایی وەکوو هۆکارەکانی شۆڕشە چینایەتیەکان ئەناسێنێ.
[33]– ÉricAeschmann, “Quand Foucault s’enthousiasmait pour la révolteiranienne,” L’Obs, 8 Feb-ruary 2018: 73-78.
[34]-Foucault ,Dits et écrits III: 620.
[35]-Foucault ,Dits et écrits III: 620.
[36]-Foucault ,Dits et écrits III: 622.
[38]-Foucault, Dits et ecrits III: 545-7
[39]-Foucualt, Essential writtings 3: 44؛Ditsetecrits III: 781.
[40]– Ghamari-Tabrizi, Foucault in Iran, 65-68.
[41]– Foucault , Ditsetécrits III: 694
[42]– Thus, historian Claude Cahen has referred to Corbin’s inuential1964 Histoire de la philos-ophieislamique as “disconcertingly ahistorical.” Claude Cahen, Der Islam I (Fischer Welt-geschichte, Bd. 14, Fischer Verlag, 1968), 353; for more details, cf. Leezenberg (1998):82-3
[43]– Georg Stauth, “Revolutions in Spiritless Times: An Essay on Michel Foucault’s Enquiries into the Iranian Revolution,” International Sociology 6, no.3 (1991): 259 -280.
[44]– Foucault ,Dits et écrits III: 694.
[45]– For an English translation, see Hamid Algar, trans., Islam and Revolution I: Writings and Dec-larations of Imam Khomeini (1941-1980)(Berkeley: Mizan Press 1981), 25-166
[46]– Foucault , Dits et écrits III: 691.
[47]-Foucault ,Dits et écrits III: 693.
[48]– Foucault ,Dits et écrits III: 693.
[49]– Foucault ,Dits et écrits III: 526, 681, 716.
[50]– See in particular Foucault, “Nietzsche, généalogie, histoire” ( Dits et écrits I : 141, 147-8), where he adds that historical sense has a “dissociative” usage which “is opposed to history as continuity or tradition” (153).
[51]– See, among others, “On Discipline and Humility in Medieval Christian Monasticism” and “The Construction of Religion as an Anthropological Category,” in Genealogies of Religion (Johns Hopkins University Press, 1993) and “What Might an Anthropology of Secularism Look Like?,” in Formations of the Secular (Redwood City, Calif.: Stanford University Press, 2003).
[52]– TalalAsad,The Idea of an Anthropology of Islam, Occasional Papers Series (Washington, DC: Georgetown University Center for Contemporary Arab Studies, 1986), esp. 14-17.
[53]– See ShahabAhmed,What Is Islam? The Importance of Being Islamic (Princeton University Press 2016), in particular, 268-90.
[54]– For another critique of Asad’s genealogy along these lines, see David Scott, “The Tragic Sen-sibility of TalalAsad,” in David Scott and Charles Hirschkind, Powers of the Secular Modern: TalalAsad and His Interlocutors (Stanford University Press 2006), esp. 138-45; for Asad’s reply, see 233-5.
[55]– For these anti-genealogical criticisms, see in particular AlisdairMacIntyre, After Virtue (Lon-don: Duckworth, 1981), ch. 9 and
Whose Justice? Which Rationality? (London: Duckworth 1988), ch. 2, 9.
[56]– Asad,The Idea of an Anthropology of Islam,15.
[57]– Asad,The Idea of an Anthropology of Islam,15.
[58]– TalalAsad, “The Limits of Religious Criticism in the Middle East: Notes on Islamic Public Argument,” in Genealogies of Religion (Baltimore: John Hopkins University Press, 1993), 200-236.
[59]– Foucault,The History of Sexuality I: 17, 114, 123.
[60]– Cf. Joseph Massad, Islam in Liberalism (University of Chicago Press, 2015); Khaled el-Rouayheb, Before Homosexuality in the Arab-Islamic World, 1500-1800 (Chicago: Univer-sity of Chicago Press, 2005); AfsanehNajmabadi,Women with Beards and Men Without Mous-taches: Gender and Sexual Anxieties of Iranian Modernity (Oakland: University of California Press, 2005). Unfortunately, considerations of space preclude a fuller discussion of these works.
[61]– Foucault,The History of Sexuality, 92-102.
[62]– Timothy Mitchell,Colonizing Egypt (Cambridge: Cambridge University Press, 1988); Darius Rejali,
Torture and Modernity: Self, Society, and State in Modern Iran (Boulder, Colo.: West-view Press 1998).
[63]– Foucault,The History of Sexuality I, 87-91.
[64]– Foucault, Dits et écrits III: 655-6.
[65]– Foucault, La Naissance de la biopolitique, 78-9;The Birth of Biopolitics, 77.
[66]– NazihAyubi , Over-Stating the Arab State: Politics and Society in the Middle East (Lon-don: I.B. Tauris, 1995). This study remains, however, within a political economy framework of state-society relations, class structure, modes of production, and the like.


