ئارامتر بخوێنەوە!

ئەمنیەتیکردنی ژیان: ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر فەرمانڕەواییی دەوڵەتی فارسی – شیعی دا

کەماڵ سولەیمانی و ئەحمەد موحەممەدپوور

وەرگێڕان: کەیوان فاتێحی

پوختە

لە دەسپێکی شۆڕشی ١٩٧٩، دەوڵەتی ئێران، کۆمەڵێک سیاسەتی داتاشراوی بۆ یەکسانسازیی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەبردووە. کوردەکان بە بەردەوامی دەبنە ئامانجی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنە نیزامییەکانی دەوڵەتی ئێران و ستراتێژییە دنەدەرەکانیان و، لە ژێر چاوەدێریی ڕێژیمدان. پاش داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٩دا، دەوڵەت تێکۆشا لە ڕێی میلیتاریزەکردن و، دامەزراندنی “دامەزراوەی ئینقلابی” و ناوەندی نوێی فەرهەنگی و مەزهەبییەوە، کۆنترۆڵی ناوچەکەی بە دەستەوە بێ بۆ ئەوەی  دیمۆگرافیی کوردستان، لە ڕووی مەزهەبی و فەرهەنگییەوە، تێک بدات. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ ڕوونکردنەوەی ناسیۆنالیزمی دینیی دەوڵەت و، فۆڕمە جۆربەجۆرەکانی ستراتیژییە دنەدەرکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە بۆ گۆڕینی ناوچە کوردییەکان بە کاری هێناوە.

وشه کلیلییەکان

میلیتاریزەکردن، ئەمنیەتی کردن، ناسیونالیسمی فارسی-شیعی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان

[ ڕۆژهەڵاتی کوردستان] لە پایگا نیزامییەکانەوە و لە ڕێگای یاسای نیزامییەوە ئیدارە دەکرێ و، زۆرترین سەرمایە ئابووریەکانیش بۆ ژێربینا نیزامییەکان تەرخان کراوە…ئەم بارودۆخە  بە تەواوی هەستی داگیرکراویی لە نێو [کوردەکاندا] پتەو کردووە.

کریستین ڕاسموس ئەڵینگ {٢٠١٣} کەمینەکان لە ئێراندا: ناسیۆنالیزم و قەومیەت پاش خومەینی

دەسپێک

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران، لە کەمپەینی هەڵبژاردنی خۆیدا بەڵێنی دا کە ڕوانگەی ئەمنیەتی [دەوڵەت] لە هەمبەرئیتنیکەکانی دیکە[ی نافارس] و فەرهەنگی ئەوان، بگۆڕێ“.١ ئەو بەڵێنی دا کە پێکهاتەی سیاسی-ئەمنیەتیی جێگیر بگۆڕێ بۆ سیستمێکی زانستیی تۆکمە کە بە باشی لە سەرمایەی ماددی و مرۆیی لە ناوچەکانی دەوروبەردا کەڵکی لێ وەربگرێ”.٢ دانپێدانانی ڕۆحانی لە بێبەشیی نافارسەکان هەقیقەتی بنچیینەییی پەیوەندیی نێوان حاکمییەت و کۆمەڵگەی ژێردەستەی شیعەکان، نیشان دەدات. وتەکانی ڕۆحانی، نە تەنیا نیشان دەدات کە نافارسەکان وەکوو هەڕەشە لەقەڵەم دەدرێن، بەڵکوو هەروەها بەڵگەیەکە لە سەرئەو هەقیقەتە کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر بێبەشکردنی ئەو کۆمەڵگایانە بنیاد نراوە. لەم ڕووەوە، تەعبیرلە “سیستمێکی زانستیی تۆکمە”، راشکاوانە پەسنی مێژوویەکی دوورودرێژی بێبەشیی خەڵکانی نافارسە، کە لە خوارەوە باسی لێ دەکەین.

لەم بەدواداچوونەدا، لە ڕێگەی شیکردنەوەی کەیسی کورد، دەمانهەوێ پێوەندیی نێوان “ئیسلامگەرایی” و ناسیۆنالیزم لە ئێراندا ڕوون بکەینەوە. فوکووسی ئێمە لەسەر کەیسی کورد، بە هۆی ئەم هەقیقەتە زیندووەیە کە لە چل ساڵی ڕابردوودا، تەنیا کوردستان نموونەی حاڵەتێکی دەگمەنی لە خۆی نیشان داوە. “کۆمەڵگەی کوردستان، بەرزترین ژمارەی ئێعدامکراوانی بە بەراورد لە گەڵ کەمینە قەومییەکانی دیکە بەرکەتووە…”  {بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانە یUNHCR  ١١،٢٠١٨}. هەروەها بەندکراوانی سیاسیی کورد… تەقریبەن نیوەی کۆی بەندکراوانی سیاسی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە خۆ دەگرن… { ڕاپۆرتی تایبەتی بۆ کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ٢٠، ٢٠١٩ }. ٣

هیوادارین لە ڕێگەی شیکاریی خەڵک ناسانەی ئێمەوە لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سیاسەتی ئەمنییەتیکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕوانینی گشتیی ناوەند لە هەمبەر کوردبوون، بڕێک ڕوون بێتەوە. مەبەستی ئێمە لە “ناوەند”، سەرەڕای دەوڵەت، کۆی دەزگا فیکری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانە کە ڕەفتاری دەوڵەت لە کوردستاندا بە ڕەوا دەزانن. هەر وەها ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە نیشان بدەین، ئە و ئیسلامگەرایانە بە پێچەوانەی ئەوەی کە تەسەور دەکرێ خۆیان زیندانیی مەحدوودییەتی قەومیی خۆیانن، کاتێک کەدەسەڵاتیان بە دەستەوەیە، نوقسانیی جەوهەرە ئەخلاقییەکان بە باشی نمایش دەکەن. ئیسلامگەرایی، توانایی چارەسەریی قەومی ژێر دەستەی نییە کە وەکوو برای موسوڵمان بە یەکسانی ڕەفتار بکات. شێوەی حوکمڕانیی ئیسلامیەکان، بەڵگەگەڵێک دەخاتە ڕوو کە، وەکوو هەر کەسێکی دیکە لە ئێران و تورکیە، سنوورەکانی سیاسەتی داسەپاو لە لایەن ناسیۆنالیزمی دەوڵەتییەوە، بنەجێ کراون. ئەم بنەجێ کراوانە، بە نۆرەی خۆیان، سنووری تەفسیری ئیسلامگەرایی لە دین دیاری دەکەن{ سولەیمانی ١٥- ١٠، ٢٠١٧ }.

سەرەڕای بوونی توخمی لێک گرێدراوی فیکری لە دینی ئیسلامدا، کارتێکەریی کانتێکست و بەستێنەکان، دیدگای ئایینیی ئیسلامییەکان دەگۆڕێ. کەواتە، وەکوو هەموو هەوڵە مەعریفەناسییەکانی دیکە، تەفسیری ئایینیی ئیسلامییەکان، تێڕوانیی باو و تایبەتمەندیی کاتی بەخۆوە دەگرێ. ئەزموونی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگیی کورد وەکوو”نەتەوەیەکی بە کەمینەکراو” لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، نموونەیەکی بەرچاو لە وەها هەقیقەتێکی حاشا هەڵنەگرە. لە زۆر ڕووەوە، ئەزموونی کورد لە ژێر حوکمڕانیی ئایینیدا، هاوشێوەی ئەزموونی کۆمەڵگە داگیرکراوەکانی ناوخۆییی دیکەی کوردە لە شوێنەکانی تردا. بەم پێیە، لە دوو بەشییەکەمی ئەم وتارەدا، ئێمە بە کورتە چاوخشاندنێکی تیۆریک بەسەر ناسیۆنالیزمی دەوڵەتیی دینیدا، سەرچاوەکانی، شێوە و سیاسەتە جۆراوجۆرەکانی هەڵاواردن لە ئێراندا و، نیشانەکانی ستەم لەسەر کوردبوون، دەخەینە ڕوو.  

ئێمە بە مەبەستی نیشاندانی وێنەیەکی ڕوونتر لە ئەمنییەتیکردنی ژیان لە کوردستاندا، کەڵکمان لە ڕێژەیەکی بەرچاو لە زانیاریی ئەزموونکراو(ئیمپیریکاڵ)، وەرگرتووە. ئێمە بۆ ئەم شیکارییە، ئیلهاممان لە ڕوانگەی لقە جیاوازەکان کە زانستی خەڵکناسیی کوڵۆنیاڵیزمیش دەگرێتەوە، وەرگرتووە{  کوهن ١٩٩٦؛ ئێستۆرم ٢٠١٧؛ مێنوالو و واڵش ٢٠١٨ }.

بێگومان ئەدەبیات و کاری زانستی، لە زۆربەی ڕەهەندەکانی ژیانی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لاوازە. ئەوکارە زانستیانەی کە هەن، پشتمان زۆر بە لێکحڵینەوەی ئینتنۆگرافیک و مەیدانیی خۆمان بەستووە. لەبەر ئەوەی ئەم ناوچەیە بە چڕی ئەمنیەتی کراوە، لێکۆڵەرانی بیانی و کەسانێک کە بە زمانی ئینگلیزی دەنووسن، بەکەمی دەستیان بە ڕۆژهەلات ڕاگەیشتووە. بەم پێیە، لە جیاتی پەسەندی ڕێککەوتنی “خەڵکناسیی سوننەتی” (Denzin 1989, 27) نووسراوەکەی ئێمە زۆرترلە گەڵ ” شێوەی پرسیار و بەدواداچوون لە ژێر ئاوردا” یەک دەگرێتەوە.( (Denzin 2009 لەم لێکۆڵینەوەیەدا، ئێمە لە شێوەیەکی چەند مێتۆدی کەڵکمان وەرگرتووە کە بواری بە ئێمە داوە تاکوو ئاوێتەیەک لە زانیارییەکان و بەڵگەکان لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە بەکار بێنین. ئێمە وتوویژگەلێکی جیاواز و بەربڵاومان لە گەڵ خوێندکاران،  مامۆستایان، پرۆفسۆر و ئەندامانی ڕۆحانییەت، چ بە شێوەی ڕووبەروو و زۆرجاریش لە ڕێگەی سکایپ، واتس ئاپ و کەرەستەکانی دیکەی پێوەندیی ئەلکترۆنیکی، ئەنجامداوە. وەها وتووێژگەلێک لە ڕێی پێوەندییەکانی ئێمەوە بە ناوچەکەوە بە پرسیارکردن دەستەبەر بووە.

ئێمە بە باسێکی کورت لە سەر بنەمای تیوریی ناسیۆنالیزمی دینیی فارسی دەست پێدەکەین. بۆ نیشاندانی ئەو ڕێگایانەی کە کارتێکەرییان لە سەر کورد داناوە. درێژەی ئەم وتارە ڕەنگرێژێکە لە خەڵکناسیی مێژوویی لە بارەی بەڵگە پشتراستکراوەکانی دەوڵەت، کە پەروەردەی دینی و ” سێکۆلاریزم” لە خۆ دەگرێ. هەروەها ئێمە ئیستراتێژیی دەوڵەتمان بۆ لەنێوبردنی هەموو نیشانەکانی کوردبوون شی کردووەتەوە.

لێکۆڵینەوەکەی ئێمە، لە بارەی گرینگی دان بە ئەمنیەتیکردنی ژیانی کوردەکانەوە وەکوو ژێردەستەیەک بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی جەوهەری هەمەلایەنەی سیاسەتەکانی دەوڵەت، درێژەی دەبێ. ئێمە بەڵگە دێنینەوە کە بە مەبەستی پارچەپارچە کردنی کۆمەڵگەی کوردی، سیاسەتەکانی پێوەندیدار بە پەروەردەی شیعەسازیی دەوڵەتی و پەرەپێدانی نیزامی، لە گەڵ بەبەرستەکانی بەردەم چالاکییە ڕۆژانەییەکانی بزوتنەوەی کورد لە پێوەندیدان.

 

کۆماری ئیسلامیی و ناسیۆنالیزمی پارسی – شیعە

چەند دەیەییەکەمی سەدەی بیستەم، شایەتی گەشەکردنی شێوەی جۆراوجۆری ناسیۆنالیزمی فارسی بوو. ئەگەرچی لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، نموونەگەلێک لە هەڤڕکێ لە نێوان ناسیۆنالیزمی دینی و سێکۆلاریزمی فارسیدا خۆی نواند، بەڵام هەردوو لا، تێکۆشان تاکوو تێڕوانینێکی “یەکدەست” لە ڕابردووی ئێران و “تاقانەییی میللی” پیشان بدەن. ڕۆشنیرانی پارسی لەو کاتەوە جەختیان لە ناکاتی هۆوییەتی کۆنی ئێرانی کردووەتەوە، کە هۆوییەتی خۆیان وەکووهۆوییەتی هەموو ئێرانییەکان ناساندووە. { بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە وەزیری ١٩٩٣؛ مارشی ٢٠٠٨؛ وەجدانانی ٢٠١٥؛ مەتین – عەسکەری ٢٠١٨ }. لە ژێر کارتێکەریی خوێندنەوەی ڕۆژهەلاتیانە و دیسکۆرسی پاش پەهلەوی، پارسەکان لە پلەییەکەمدا ئێران وەکوو وڵاتێک ڕەنگرێژ دەکەن کە هەزاران ساڵە بە ناسنامەیەکییەکدەست و پەیوەستەوە ماوەتەوە{وەزیری ١٩٩٣، سولەیمانی و موحەممەد پوور ٢٠١٩}. لە گەڵ سەرهەڵدانی خانەدانی پەهلەوی، دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، بوو بە پڕۆژەیەکی زاڵ بە ئامانجی سازکردنی “هۆوییەتێکی بنچینەیی- لە سەر پێکهاتەکانی زمان، بڕگەی هەڵبژێردراوی مێژوونیگاری و ناسیۆنالیزمێکی ئێرانی تەوەر، کە کەمینە قەومییەکانی دیکەی پشتگوێ دەخست، بنیاد نراوە”{ بروجردی ١٩٩٨، ٤٣ }. بە گەڕانەوە بۆهێندێک لە سەرچاوەکانی دێرینە ناسی، مێژوونووسی فەرمانڕەوایەکی داتاشراوی ڕابردوویان بۆخۆیان دەستنیشان کرد و ڕیوایەتێکی سەرەتاییی پارسییان لە ڕێگەی پەروەردە ودەزگا دەوڵەتیەکانی دیکەوە بڵاو کردەوە. هەر وەها لە نیوەییەکەمی سەدەی بیستەمدا ڕۆشنبیرانی خۆماڵیخوازی(نەیتیڤیست) دژە ڕۆژئاوایی، کە زۆربەیان لە ژێر کارتێکەریی ئاریائیزمی ئاڵمانیدا بوون{مەتین عەسکەری}، پێکهات و کێشەکانیان لە داوێنی فیکری و ڕوانگەی “ڕۆژئاواییەکان” خست و ئەوانیان بە غەربزەدەگی لە قەڵەم دا. وەها تێڕوانینێک بە تایبەتی لە لایەن جەلال ئال ئەحمەدەوە لە وتارێکی ڕەخنەیی بە ناونیشانی غەربزەدەگی، بوو بە پرسێکی باس هەڵگر{ بڕوانە بەخشەندە ٢٠١٥؛ میرسپاسی ٢٠١٧}. بەم حاڵەوە، ڕۆشنبیرانی لایەنگری ڕۆژئاوا و میللی، هەر دوو لا لە سەرساغکردنەوەی پڕۆژەی هۆوییەت و سازکردنی “هۆوییەتێکی میللی” پابەند بوون{ بروجردی ٥- ١ ،١٩٩٧ }. هەر دوو لا، هەمیشە بە ڕوونی دەستەواژەی پارسی تەوەری ” میللی” یان ڕەنگرێژ و پێناسە کردووە. هەر بە هۆی ئەم هۆکارەوەیە کە تەنانەت ڕۆشنبیرانی پارسی لایەنگری کۆماری ئیسلامیش، بە شێوەیەکی شاراوە بەرنگار دەبنەوە و هۆوییەتی پارسی و “میللی”، بەپێچەوانەی ناوچە ناپارسەکان ،بەیەکەوە گرێ دەدەن. بۆ وێنە نێعمەت اڵلە فازلی بانگەشە دەکات دامەزراوەکانی پەهلەوی وەکوو”فەرهەنگستانەکان”، بە پێی پلان لە زمان و ئەدەبی گشتی بۆ پاککردنەوەی زمانی پارسی و بەهێز کردنی هۆوییەتی میللیی خۆیان بە کارهێنا بۆ زاڵبوون بەسەر ناسنامە ی قەومی لە ناوچەکانی دیکەدا { فازلی ٢٠٠٦، ٥٣، جەختی لە سەر کراوەتەو}. ئەم بانگەشەیە کارتێکەریی ناسیۆنالیزم لە سەر فیکری مودێڕنی ئیسلامی پیشان دەدات. بە تایبەتی وەها کارتێکەرییەکی ناسیۆنالیزم، لە سەر فیکری ئیسلامی، پاش گەیشتن بە دەسەڵاتی ئیسلامییەکانی خۆی، باشتر دەردەخات. موسوڵمانە مودێرنەکان {ئیسلامیەکان و ئەوانیتر}، هەڵسوکەوتیان لە پارادایمی ناسیۆنالیزمدایە، هەر بۆیەش دیسکۆرسی دینی و نەتەوەیەییان لێک گرێداوە{ بڕوانە دێڤێجی ٢٠١٣، سولەیمانی ٢٠١٦، ٣٢ – ٤١}. پارادایمی ناسیۆنالیزم بەم شێوەیە وێنای مرۆڤی موسوڵمان لە نەتەوە بیچم دەدات و تێگەیشتنێکیان پێ دەبەخشێ کە بتوانن جیاوازییە قەومی و نەتەوەیییەکانی ناو خۆیان بە لۆژیکی لەقەڵەم بدەن { سولەیمانی ٢٠١٧، ١ – ١٦ }.٤ ئەم پارادایمە، لێکەوتەی گرینگی لێ دەکەوێتەوە؛ لەبەرئەوەی وەکوو بەستێنێک لە هەوڵی مەعریفەناسیی ئیسلامی و تەفسیری موسوڵمانان لە ئیسلام لێکدەدرێتەوە.  بەم پێیە، لە زۆر ڕووەوە، بیاڤ و سنوورەکانی فیکری مودێڕنی دینیی ئەوان دیاری دەکات.٥ نەزمەکانی ئەم پارادایمە، بنەما بنەڕەتییەکانی بەیەکەوە هەڵکردنی فیکری مودێڕنی دینیی ئیسلامی و ناسیۆنالیزم پێک دەهێنێ. کەواتە، ئەگەر شێوە ئاخاوتنی توندی ئیسلامییەکان پشتگوێ بخەین، تێدەگەین کە ئیدارەدانی دینی و ڕەفتار لەگەڵ ئیتنیکەکانی دیکەی ناوخۆیان، ئیستراتێژیی هاوشێوەی وڵاتە نائیسلامییەکان پێڕەو دەکەن.

پێچەوانەی خانەدانی پەهلەوی- کە زۆرتر بە لای ناسیۆنالیزمێکی سێکۆلاردا دەشکایەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ناسیۆنالیزمێکی ئایینی، ئێرانی-شێعی دەناسرێت کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکارییەکانی کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەم. لە ساڵی ١٩٧٩، ئیسلامییەکان لە ئێران و شوێنەکانی دیکەدا، دەرفەتگەلێکیان بۆ دەسەڵاتداریەتی وەکوو ئاڵترناتیڤ و مودێلی حوکمڕانی بۆ ڕەخسا. شکستی حکوومەتەکەی ئەوان بە هۆی پێکناکۆکیی بنەڕەتیی بیرکردنەوەی ئیسلامیەکانە لەگەڵ ” شێوە ئیدئاڵی” نیزامی زاڵ، کە لە ئارمانی دەوڵەت میللەت دا بەرجەستە بۆەتەوە. ئیسلامییەکان کاتێک کە دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووە، تێکۆشاون ئایین لە یاسای وڵاتەکانی خۆیاندا باڵادەستر بکەن، بەڵام زەبوونییەکی بێ وێنەیان نواندووە و سەلماندوویانە کە توانای دیتن و سەرکەوتن بەسەر مەحدوودییەتە نیتنیکییەکانی ناسیۆنالیزمی زاڵ (کە هی خۆیانە)یان نییە.

 بەمشێوەیەی کە لە ژێرەوە نیشان دەدرێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران، جگە لەوەی هەوڵی داوە وەکوو وڵاتێکییەکدەستی ئێرانی- شیعە ڕەفتار بکات؛ کاتێک کە بەراورد دەکرێ لە گەڵ وڵاتانی سێکۆلاری دراوسێیدا، دەردەکەوێ کە ئەو تەنانەت زۆرتر دژی هەر هێمایەکی سیاسی، فەرهەنگی و زمانیی نافارسەکانە.

 

داگیرکاری {فەتح} و ئەمنیەتیکردنی ژیان لە کوردستاندا

لە دیسکۆرسی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، داگیرکاریی نیزامی و ئەمنیەتیکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر جار وەکوو فەتحی کوردستان ئاماژەی پێ دەکرێ. ئەم چەمکە مانایەکی بەهێزی ئایینیی هەیە کە بیرۆکەکەی بۆ فەتحی مەکە و شکاندنی بتەکان لە لایەن پەیامبەری ئیسلام، لە ساڵی ٦٢٩ی زایینیدا، دەگەڕێتەوە.” فەتحی کوردستان” بە ڕاگەیاندنی فەرمانی جیهادی خومەینی لە دژی کوردستان، لە ئووتی ساڵی ١٩٧٩ دەستی پێکرد (بڕوانە کەعبی 2015, 61–9).   لە ساڵی ١٩٧٩وە، رەفتاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەل کوردەکان و پێشینەی ئیستراتێژیی دەوڵەت لەوانەیە لە بڕگە ی جیاوازدا بەشێوەی جۆراوجۆر بەیان و فۆرمۆلە کرا. بەڵام ڕێچکەی سیاسیی دەوڵەت، لە هەمبەر کومەڵگە ژێر دەستەکانی {وەکوو عەرەب، بەلووچ و کورد} بە نەگۆڕی ماوەتەوە.

لە دەیەی ١٩٨٠- پاش “فەتحی کوردستان”، سپای پاسدانی شۆڕشی ئیسلامی و یەکەکانی بەسیجی خەڵک، بوونە بەڕێوەبەرانی ” بنیادنانەوەی ئابووری” و دەستیان بە سەر بەشەکانی ئابووریی دەوڵەتی و کەرتی تایبەتدا گرت. دەزگا دەوڵەتی و ئەمنیەتییەکانی وەکوو سپای پاسدارنی شۆرشی ئیسلامیی ئێران  IRGCو، ڕیکخراوی بەسیجی خەڵکیIPMU، پاش کۆنترۆڵ کردنی ناوچەکە، پڕۆژەکانی میلیتاریزەکردنی کوردستانیان بەڕێوە برد. دەیان هەزار تفەنگچیی کوردی لایەنگری ڕێژیمی (کە لە ناو کورددا بە جاش ناسراون) وەخۆگرت.٧ ئابووریی لۆکاڵی کوردستان – کە زۆرتر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوو- بە درێژایی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق لە ناو چوو. بە بیانووی نەهێشتنی ئەمنیەتی تۆڕی دوژمنانی شۆڕش، دەوڵەت ڕێگەی شاخەکانی لە وەرزێڕەکان قەدەغە کردووە و زۆربەی ناوچە کشتوکاڵی و دامدارییەکانی کردە مەیدانی مین. هەنووکەش، زیاتر لە ١٦ میلیۆن مینی زەوینی بێ شوێنەوار ماوەتەوە، و پانتایی ٤.٢ میلیۆن هێکتار زەوی بە مینڕێژ کراوی ماوەتەوە { بڕوانە خشتەییەکەم}.٨ بەمشێوەیە، دەوڵەت ئیمکانی زیادکردنی دامداریی خۆماڵیی وەکوو مەڕ و بزن کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئابووریی لادێی کوردستان بوو، بە چڕی دابەزاند. هاوکاریی سیاسی و سەربازی لە گەڵ دەوڵەت، (یان کارکردن وەکوو جاشێک)، بوو بە سەرچاوەی سەرەکیی داهات و لە هێندێک ناوچەشەدا، ئەمە بوو بە تەنیا ڕێگایەک کە کوردەکان بتوانن بەشداری لە پرۆسەی “یاسایی/ سیاسیدا، بکەن.

هەڵبژاردنی موحەممەد خاتەمی لە ساڵی ١٩٩٧ بە دیسکۆرسی کۆمەڵگەی مەدەنی، مێدیای ئازاد و پلورالیزم، کە بوو بە هۆی بزوتنەوەیەکی نە خوازراوی پڕ جمووجۆڵی خوێندکاری و نیمچە کرانەوەیەک، لە کوردستان بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا. لەو ماوەیەدا، یاسای پۆشینی جلوبەرگی ئایینی شل کرایەوە وچاوپۆشیش لە تێکەڵاویی ڕەگەزی کرا. بە تایبەت لاوانی کورد، لەم کرانەوە سیاسیە ڕێژەیییە سوودمەند بوون. بۆ یەکەمجار، کوردەکان لە ئێراندا لەو گومانەدا بوون کە جیاکردنەوەی سیاسەتی کوردەکان لە خەباتی چەکداری لەوانەیە شتێکی مومکین بێ. سەرەڕای ئەمانە، بە خێرایی ڕوون بووەوە کە گۆڕانکاری لە دیسکۆرسی دەوڵەت، نابێ ببێتە هەڵە تێگەیشتن لە گۆڕینی سیاسەت لە هەمبەر کۆمەڵگە ژێردەستەکان. بە ڕواڵەت لە سەردەمی “زێڕینی ڕێفورمخوازیدا” نامەیەک ئاشکرا بوو کە وەکوو بەخشنامەیەکی دەوڵەتی بوو بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە نەوتی عەرەبی خوزستان، کە بەرئەنجامەکەی بوو بە هۆێ ڕووبەڕووبونەوەیەکی خوێنین لە نێوان خەڵکی ئەو ناوچەیە و هێزە دەوڵەتییەکاندا.٩ ئەم پلانە خوێناوییە، درایە پاڵ موحەممەد عەلی ئەبتەحی، یەکێک لە جێگرەکانی خاتەمی، کاتێک کە بۆ خەڵک ڕوون بووەوە؛ ئەو دواتر خۆی لێ بێبەری کرد.١٠

گەیشتنی مەحممود ئەحمەدینژاد بە دەسەڵات، لە ساڵی ٢٠٠٥، هەموو هیواکانی لە بارەی چاکسازیی سیستمەوە بە نەزۆکی هێشتەوە. ئەحمەدینژاد بوو بە بڕاوەی دوو هەڵبژاردنییەک لە دواییەکی مهەندیسی کراوی وڵات. ئەو یەکەمین دەورەی سەرۆک کۆماریی خۆی لە گەل دیمەنی توندوتیژیدا دەستپێکرد، کاتێک هێزە ئەمنیەکان چالاکێکی کورد بە ناوی شوانە سەید قادریان بە پیکابێکەوە بەستەوە و بە زیندوویی لە دەوروبەری شاری مەهابادا، ڕایانکێشا.

بەرئەنجامی هەڵبژاردنەوەی ئەحمەدینژاد، ئاژاوەی نایەوە و بزوتنەوەی سەوزی لێ کەوتەوە. بە خێرایی ڕێبەرانی بزوتنەوەکە، بە تۆمەتی هاندانی خەڵک و “فیتنەگێڕی” – دەستەواژەیەک کە لە ڕووی مێژووییەوە فەرمانڕەوایانی موسوڵمان بۆ پاساوهێنانەوەی توندوتیژی بە کاریان هێناوە- لە ماڵەکانیاندا دەستبەسەرکران.١١

خەڵکی کوردستان، لە گەڵ بزوتنەوەی سەوز هاوڕاییان نیشان نەدا. هۆکاری پشتیوانی نەکردنی کوردەکان، ترسێکی قووڵ لە توندوتیژی نواندنی لەڕادەبەدەری دەوڵەت و چاوەدێریی بەربڵاوی کوردستانی میلیتاریزەکراو و پشتیوانیی مێژوویی فەرمانڕەوایانی پارسی شیعە لە دەوڵەت بوو. تەنانەت هەندێک جار، ڕۆشنبیرانی ئێرانی کە لە ڕۆژئاوا دا دەژین، پشتیوانیان لە ئەحمەدینژاد وەکوو سەرۆکێکی هەڵبژێردراوی دێمۆکراتیکی خۆیان دەکرد.  لە بەیانی گشتیدا بە دژکردەوە نیشاندان بە سەرۆکی زانکۆی کوڵومبیا، لی بۆلینجێر، ئەنجومەنی خوێندکاریی ئێران، ئەحمەدینژادیان وەکوو سەرۆککۆماری “هەڵبژێردراوی دێمۆکراتیکی” ئیران ناو برد.١٢ هەروەها، حەمید دەباشی، ئەکادیمیسیەنی پۆست کوڵۆنیالیزمی پارس، وتارێکی نووسی و لەوێدا بانگەشە دەکات کە ئەحمەدینژاد، ڕێبەرێکی هەڵبژێردراوە نە ” دیکتاتۆرێک”. ١٣ دەباشی بە بەربڵاوی بەرگریی لە دەوڵەتی ئیسلامی کرد و ڕایگەیاند کە “کۆمارێک کە [ئەحمەدینژاد] نوێنەرایەتیی دەکات دیندارییە، بەڵام ئەم حکومەتە دینییە، لە ڕێگەی دابەشکارییەکی ئاڵۆزی دەسەڵاتەوە کار دەکات… کە پێدەچی بۆلینجێر هیچ شتێک لەم بارەوە نەزانێ.”

بە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣، سەرۆک کۆماری ئێستا، ڕۆحانی، سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی لە هەمبەر نافارسەکاندا نەگۆڕی. ڕۆحانی لە کەمپەینی هەڵبژاردنی خۆیدا دانی بەوەدا هێنا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر بنەمای کۆمەڵێک پرەنسیپی سیاسی دامەزراوە کە نا فارسەکان بێبەش دەکات. سەرەڕای ئەم ئیعترافە چاوەڕوان نەکراوە، حکوومەتەکەی ئەو لە بواری کردەییەوە هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ ئەوانی پێشوودا نییە. ئەو لەو ماوەیەدا درێژەی بە دروستکردنی هێزی نیزامی لە کوردستان دا و، ژمارەی لە سێدارەدراوانی سوننییەکان، کوردەکان و عەرەبە شیعەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاوتر زیادی کردووە. لە هەقیقەتدا، تەققە هەڕەمەکییەکان لە کۆڵبەرانی کورد (cross-border labourers) لە سەردەمی دەوڵەتی تەدبیر و هیوای سەرۆککۆمار ڕۆحانییدا، زیاتر بووە {بڕوانە خشتەی ٢}.

خاڵی جێگای ئاماژە ئەوەیەکە لە سەرووی هەموو ئەم کردەوانە، هەڵویستی بژاردەکانی پارس بە شێوەیەکی گشتیی هاوشێوەی دەوڵەتە. جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان تیگەیشتنی بژادەکانی پارس و دەوڵەت لە پێوەندی لە گەل کوردەکاندا نییە {سولەیمانی و موحەممەدپوور ٢٠١٩}. لە کاتێکدا گرووپە دژبەرەکانی پارسەکان، بە ڕادەیەکی کە زۆر جێی پێزانینە، دیفاعیان لە چالاکوانانی ماڤی مرۆڤی پارس وەکوو نەسرین ستودە کردووە، ئەوان لە بارەی ئاورتێبەردان و کوشتنی چوار چالاکی ژینگە پارێزی کوردستان، شەریف باجوەر و هاوڕێکانی لە ساڵی ٢٠١٨ دا، بێدەنگی و گەڕییان هەڵبژارد.١٤ بە تایبەتی، بێدەنگیی ئەوان لە بارەی ئازار و ئەشکەنجەدانی بەندکراوانی وەکوو زەینەب جەلالیان، والی دوردیان، عوسمان مستەفاپوور، موحەممەد نەزەری- بەندکراوێکی سیاسی کە لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە لە زیندانە- یان کوژرانی ڕۆژانەی کوڵبەرانی کورد، پێدەچێ هەوڵێکی سازماندراو بێ. “کاتی ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ…. داخوازی بۆ مافی کەمینەکان، ڕۆشنبیران و ئەکادیمیسینەکانی سەردەست لە ئێران، بە ئەسپایی و ترسەوە دژکردەوە نیشان دەدەن” (Elling 2013, 2).دژایەتیی کۆمەڵگەی سەردەست تەنیا لە شێوەیەکی تایبەتی سیاسەتی نافارسیدا قەتیس نەماوەتەوە. ئەم سیاسەتە لە گەڵ هەر فۆڕمێکی نافارسیدا دژە و، ڕەوایی بە ئیستراتێژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ میلیتاریزەکردنی ژینگەی نافارسەکان بەخشیوە.

 

میلیتاریزەکردنی ژیانی کوردەکان

لە ماوەی شۆڕش و دواتریش، خەڵک زۆربەی پایگا نیزامییەکانیان لە سەرتاسەری ئێراندا بە دەستەوە گرت. هەر بەمشێوەیە، لە ساڵی ١٩٧٩، پارتە سیاسییەکانی کورد، کە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران (KDPI) لە ناویدا باڵادەست بوو، بۆشاییی ئەمنیەتی و ئیداریی پاش شۆڕشیان پڕ کردەوە. هەر لەو ساڵەدا، خەڵک ناچاربوون لە سەر دوو بابەتی گرینگ دەنگ بدەن: ناوەڕۆکی سیستمی سیاسیی پاش شۆڕش و یاسای بنەڕەتیی نوێ. جگە لە ئەحمەد موفتی زادە، زانایەکی کوردی سوننی و گروپێکی چووکە لە شوێنکەوتوانی، کوردەکان بە تێکڕا هەر دوو بژاردەی کۆماری ئیسلامی و پاشایەتییان ڕەد کردەوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم وتارە، لەوانەیە ئەم ئامارانە گۆڕانی بەرچاویان بە سەر دابێت لە بەر ئەوەی کە کوشتنی کۆڵبەران لە ئێراندا بوەتە دیاردەیەکی ڕۆژانە.  

تەنانەت لە ڕێفراندومی دووهەمدا، موفتیزادەش دەنگی بە یاسای کۆماری ئیسلامی نەدا. بەم شێوەیە، کوردەکان بە تێکڕا ڕەواییی نیزامی دینی و یاسای بنەڕەتییان ڕەد کردەوە.١٥ بەم پێیە، زۆر جار بژاردەکانی پارس ڕەدکردنەوەی سیستمی نوێ بە شێوەی دێمۆکراتیک لە لایەن کوردەکانە وەکوو” شۆڕش” لە قەڵەم دەدەن {بڕوانە دەباشی ٢٠٠٨}.

رەدکردنەوەی نیزامی دینی لە لایەن کوردەکانەوە، ڕاگەیاندنی فەرمانی جیهادی خومەینی {جیهاد، خومەینی ١٣٦٤/ ١٩٨٥، ٢٩٢} لێ کەوتەوە. فەرمانی جیهادی خومەینی- لە ١٩ی ئاگوستی ساڵی ١٩٧٩- لە کوشتاری بە کۆمەڵ و ئێعدامی نایاسایی لە لایەن دەوڵەتی نوێوە بۆ “پاکسازیکردنی کوردستان لە خرابکاران” دەستی پێکرد{ ساڵح ٢٠١٣، ٦٩}. هەر وەها خومەینی سزای هەموو پارتە سیاسیەکانی {کورد و ناکوردی} بە مەرگ و لە داردان، ڕاگەیاند{ کورزمن ٢٠٠٤}. پاش فەرمانەکە، هێزە دەوڵەتییەکان هێرشێکی بەربڵاویان بۆ سەر کوردستان دەستپێکرد و شار و شارۆچکەکانیان “پاکسازی” کرد. ئەم لەشکرکێشییە بەربڵاوە، وەحشیگەریی سیاسەتی ڕێژیمی نوێی لە دژی کوردەکان نمایش کرد، کە تێیدا هێزە نیزامییەکان- بە فڕۆکەی شەڕکەر، تانک و تۆپخانەوە شارەکانی کوردستانیان داگیر کرد. لەگەڵ وێرانکاریی زیاتری دەوڵەت، دژبەرانی کورد وەکوو حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، سازمانی زەحمتکێشانی کوردستانی ئێران {کۆمەڵە} و شاخەی کوردستانی رێکخراوی فیداییانی خەڵک، هەوڵیان دا لە گەڵ ڕێژیمە نوێیەکەدا وتووێژ بکەن، تاکوو بە شێوەیەک خودموختاری و مافی فەرهەنگی بۆ کوردەکان دەستەبەر بێ. هەر لەو کاتەدا، ئایەتوڵڵا خەڵخاڵی، دادوەری خوێنرێژ و ناسراوی شۆڕش، سەدان لاوی کوردی لە دادگایەکی هەڕەمەکیدا لە دار دا. ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی مەدەنی کوژران، هاوکات خەڵکێکی زۆریش بێسەروشوێن کران کە دواتر لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا دۆزرانەوە. ١٦ لە سەرەتاوە، دەوڵەت بەڵێنی دا کە شێوەیەک لە خودموختاری بە کودستان بدات، بەڵێنێک کە هیچکات جێبەجێ نەکرا. لەو کاتەوە، دەوڵەت پارتە سیاسیەکانی کورد و هەروەها خەڵکە مەدەنییەکەشی، وەکوو قەوم و مەزهەبێکی جیا لە خۆی لە قەڵەم دەدات.  

پاش شکەستهێنانی وتووێژەکان، دەوڵەت بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەردەوام ستەمی لە سەر کورد زیاتر کرد. دەوڵەت، بوونی پارتە جیاوازەکانی کوردی کردە بیانوو و پاساوهێنانەوە بۆ میلیتاریزەکردنی کوردستان و هەروەها بۆ چاوەدێریکردنی هەموو بوارەکانی ژیان لە ڕووی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە. ئوپوزسیۆنی کورد لە سەرەتای دەیەی ١٩٩٠ چالاکییە چەکدارییەکانی خۆیان ڕاگرت و ژیانی ئاوارەیییان لە باشوری کوردستان دەستپێکرد. ڕاگرتنی خەباتی چەکداریی پارتە کوردییەکان، نە چاودەێریی کۆماری ئیسلامیی کەمترکردەوە و نە زیاتر میلیتاریزەکردنی کوردستان. بەرئەنجامی زیاترمیلیتاریزەکردن، بووە هۆی هاوکاریی دڵخوازانەی زیاتر لە گەڵ هێزە دەوڵەتییەکاندا. بەڵام، ئەم بارودۆخە، نە ستەمی دەوڵەتی کەم کردەوە ونە بەربەستێکیشی دانا لە ناو دانیشتوانی کۆمەڵگەی سەردەستدا. تەنانەت ئەوانەی کە گیانیشیان لێ ئەستێندرابوو، بێبەری نەبوون لە ستەمی دەوڵەتی کە لە زۆربەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کورددا دۆزرانەوە. گۆرستانە جۆراوجۆرە بێ ناونیشان و شاراوەکان لە ئێراندا، توندوتیژیی دەوڵەتی لە سزادانی زیندووەکان و مردووەکانی “کۆمەڵگا نەخوازراوەکانی” دەرخست. بۆ وێنە لە لەعنەت ئاوا: گوندە نفرین کراوەکانی شارەکانی کوردییەکانی کرماشان، بیچاڕ و قوروە، گۆڕستانی نائاسایی کە گۆڕەکان دەبێ لە سەر زەوی دیار نەکەن. بوونی وەها گۆڕستانگەلێک نیشانەیەکە لە لووتکەی وەحشیگەری و ئینکاری دەفن کردنێکی سەربەرزانەیە بۆ کوردەکان و/ جیابیران.١٧ ئەوەی دەوڵەت هیوای بۆ دەخواست کە لە ڕێگەی میلیتاریزە کردنی کوردستانەوە پێی بگات لە بەشەکانی دواتردا باسی لێ دەکەین.

 

خێڵەکی سازیی نیزامیگەری 

بۆ زیندوکردنەوەی توێژە کۆمەڵایەتییەکان -کە لە ڕیفۆڕمی زەوی پێش لە ١٩٧١ لە کوردستان بوونی هەبوو- کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فرتوفێڵ دەستی کرد بە کۆکردنەوەی هێزی لۆکاڵی و پێش لەهەمووان لە ناو “عەشایرە” کوردەکاندا. ئەمە ئیستراتێژیەک بوو بۆ زیندوکردنەوە و کەڵک وەرگرتن لە کەلینە کۆمەڵایەتییەکان، بە مەبەستی پەرەپێدانی کۆنترۆڵی دەوڵەت لەو ناوچەیەدا. بە گشتی ناوەند و بە تایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەوڵیان دا کە بزوتنەوەی کورد لە بنەڕەتدا بە خێڵەکی لە قەڵەم بدەن. لە ڕووی مێژووییەوە، ئەوان هەوڵیان داوە کۆمەڵگە نافارسەکان وەکوو ” خێڵ” پێناسە بکەن { ئیبراهمیان ٢٠٠٨، ٢٠ -٢١}. بەم شێوەیە، دەوڵەت بڕیاری دا تا هەر کاتێک کە وەها دەربڕینێک لە گەڵ سیاسەتی میلیتاریزەکردن و دنەدانەکەیدا بێتەوە، دەستەواژەی “عەشایر”، بە سوودی خۆیان سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە وئەوان بە نیشتمانپەروەر لە قەڵەم بدات. کەواتە، لە ساڵەکانی سەرەتای پاش شۆڕش، “عەشایر” سەرنج و بایەخێکی زۆری پێ درا و بە پێناکۆکییەکی زۆرەوە پێناسە و لە ناو بران.  وەها دەربڕینێک بە باشترین شێوە دەرخەری وتە بە ناوبانگەکەی خومەینییە کە “عەشایر”ەکان سەرمایە ی شۆڕشن. دەربڕینەکەی خومەینی، دەرخەری سەرمایەگوزاریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بۆ بەکارهێنانی “عەشایر”ە کوردەکان، بە مەبەستی کۆنترۆڵ کردن {موحەممەد پوور و سولەیمانی ٢٠١٩}. لەم ڕووەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران مەفهومی عەشایری بە پێی بارودۆخ بە کارهێناوە: عەشایر دەتوانێ سەرمایەی شۆڕش بێ بۆ پارچە پارچەکردنی کورد یا خود دەتوانێ بە مانای خێڵەکی بوون و پاشکەوتوویی بێ، کاتێک کە “تاقانەیی میللەت” لە ڕووبەرووبوونەوە لە گەڵ  ئارمانجی سیاسیی نافارسییدا، یەکانگیر نابێ. ئەم تێڕوانینەی دوایی، لە لایەن شەخسی خومەینییەوە لە سەرەتایی ساڵی ١٩٧٩، هێنراوەتە زمان. جارێک، ئەو گلەیی کرد کە ئێستا، هەر خێڵێک بەدەر لەوە کە لە کوێوە هاتووە، وا بیر دەکەنەوە کە ناوچەکەی ئەوان هەژارترین ناوچەیە. گرینگ نییە کە بەختیاری یان بەلووچستانی بن ١٨ یا خۆ کوردستانەوە هاتبن، هەر کام [لەم خێڵانە] بانگەشەی هاوشێوە دەکەن {جەختی زیاتر}. ١٩

لە سەرەتاوە و بە پێی سیاسەتی خێڵەکیی خۆیان، دەوڵەت هەوڵی دا پێگەیەکی دیاریکراو بە خاوەن زەوییە گەورەکانی پێشوو بدات بۆ ئەوەی تۆوی بێ متمانەیی لە نێو کوردەکاندا بە تایبەتی لە ناوچە لادێیەکاندا، بچێنێ. ئەم بارودۆخە بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە خەڵکی لادێیەکان، بە مەبەستی بە دستهێنانی سەرنج و دابینکردنی بەرژەوەندی هێزە ئەمنیەتییەکانی دەوڵەت – کە لە زۆربەی لادێەکاندا پایگایان دانابوو- بکەونە کێبەرکێەوە. ئیستراتێژیی دەوڵەت لە سەر بنەمای دروستکردنی کەلێنی کۆمەڵایەتی لە هەموو ناوچەکانی کوردستان، داندرابوو. بەرئەنجام، لە بڕێک ناوچەی ئوستانی ورمێ، گرووپگەلێک لە خەڵک وەکوو جاش و چاوساغانی خۆجێیی  کاریان دەکرد. سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران IRGC و ڕێکخراوی بەسیجی خەڵک IPMU بە چەکدارکردنی کوردەکان، ئەوانیان بۆ دروستکردنی ناکۆکیی کۆمەڵایەتی کە ڕووبەرووبونەوەی جۆراوجۆری چەکداریی لێ کەوتەوە، ئاراستە دەکرد.

 لە ڕۆاڵەتدا، ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان، بۆ شەڕکردن لە گەڵ ” دوژمنانی شۆڕش”، چەک و تەقەمەنییان دابەش دەکرد؛ کە بووە هۆی ئەوەی ئەم چەکانە بە هاسانی بکەونە دەستی خەڵکی خۆجێی و لە دژییەکتری بە کاریان بێنن. ڕێژیم بە بیانووی چارەسەرکردنی ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان، بواری بۆ پەرەپێدانی چەوساندنەوە لەو ناوچانەی کە وەرزێر و خاوەن زەوییە گەورەکان تێدا نیشتەجێ بوون  (و کێشەی زەوی، ئاو و سەرچاوەی دیکەیان تێدابوو، تەنانەت پاش تەواو بوونیش)، خۆش کرد. بۆ وێنە، یەکێک لە شایەتحاڵەکان بە ئێمەی گوت کە چۆن دەمەقاڵەیەکی چووکە، لە ساڵی ١٩٨٨ لە نێزیک سەردەشت، نۆ کوژراو وچەندین برینداری لە گوندە کەیاندا لێ کەوتەوە.  زانیاریی خەڵکی ناسیاوی ئێمە نیشان دەدەن کە ڕووداوی هاوشێوە لە زۆریەک لە ناوچەکاندا ڕوویداوە و کاریگەریەکی گەورەی لە سەر ژیانی خەلک داناوە، خەڵکی خۆجێیی لە شوێنەکان، بۆ ناکۆکیی لە سەر سەرچاوە سروشتییەکان وەکوو ئاو و ئاودێری چەکی گەرمیان بە کار هێناوە. دژکردەوەی دەوڵەت لە هەمبەر وەها ڕووداوگەلێک بە وردی لێکدرابووەوە: خەڵکی لادێیەکانیشی پەلکێشی هێزەکانی ئەوان کرد، لە بەر ئەوەی نەیاندەتوانی ناکۆکییەکانیان بە بێ دەستێوەردانی دەوڵەت چارەسەر بکەن.

لە سەرەتای دەیەی ١٩٨٠ تاکوو کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٩٠، ئەندامانی بنەماڵەی خاوەن زەوییە گەورەکانی پێشوو، بە ڕادەیەکی زۆرتر، لە پێکهاتەی دەوڵەت و دەسەلاتی خۆجێیدا، جێگیر کران. ئەمە پاداشتێک بوو بۆ وەفاداری و خزمەتەکانی ئەوان بە ئەجندای نیزامیگەریی دەوڵەت و، چانسێک بەوان درا کە هەنگاو بە هەنگاو، دەسەڵاتی لەدەسترۆیشتووی خۆیان بە دەست بێننەوە. سەرەڕای بە دواداچوون بۆ سەرچاوەی ماڵی، خاوەن زەوییەکانی پێشوو لە هەوڵدابوون کە وەکوو پاشکۆی دەوڵەت و دەزگایەکی ئیداری، لە پێوەندی لە گەڵ بەڕێوەبردنی لادێیەکاندا، هەڵسوکەوت بکەن. لە کاتێکدا کە ڕێژیم بێباکانە و بەردەوام پلانەکانی میلیتاریزەکردنی بەرێوە دەبرد، خاوەن موڵکەکانی پێشوو، لە هەوڵدا بوون بۆ گەڕانەوەی دووبارەی “ڕۆژە خۆشەکانی ڕابردوویان”. لە ژێر نیزامیگەریی دەوڵەتدا، کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان بە زۆری لە نێو چووبوو و، بێ متمانەیی و ترس بە شێوەیەکی بەربڵاو پێوەندیی کۆمەڵایەتیی کوردی بیچم دابوو. لەو کاتەوە کە خاوەن موڵکەکانی پێشوو، یەکەم گرووپ بوون کە بوونە پێش قەراوڵی سیاسەتی چەکداریی دەوڵەت، هێندێک لە وەرزێرەکانیش – وەکوو ئیستراتێژییەک بۆ مانەوە- وەدووی ئەو ڕێچکەیە کەوتن. هێندێک لە خەڵکی ئەو لادێیانە کە ئێمە بۆ ئەم لێکۆڵینەویە دواندومانن، بە ڕاشکاوی گوتیان ئێمە تەنیا بۆ زیندوو مانەوە لەو شێوە نوێیەی کێبەرکێکردنە، چەکمان بە دەستەوە گرت. لە سەر بنەمای لێکۆڵینەوەکەی ئێمە، ڕێژەیەک لە سەرکەوتنی دەوڵەت لە پڕچەک کردنی گرووپە جیاوازەکانی خەڵک بە هۆی ئەم ڕاستیانەی خوارەوەیە:

١. دەوڵەت لە ڕێگەی بە کارهێنانی سیاسەتی میلیتاریزەکردنەوە، ناکۆکییە شاراوەکانی لە ناوچە لادێیەکاندا، بە هۆی زاڵکردنی ترسێکی بەر بڵاو لە ناو وەرزێرەکاندا زیندوو کردەوە و، لە هەندێک بارودۆخدا، وەرزێرەکانیان ناچار بە هاوکاریی دەوڵەت کرد.

٢. ڕێژیم تۆڕێکی بەربڵاوی لە دامەزراوەی ئەمنیەتی و نیزامی وەرێخست کە شار و گوندەکانی لە ڕێگەی پایگاکانییەوە بە یەکەوە گرێ دەدا، کە هەرکام لەوان ئامانجی پاوانخوازانەی خۆیان لە کوردستاندا هەبوو. ئەوان بە جێگیربوونیان، بە بەردەوامی ژیانی ڕۆژانەی کوردەکانیان چاوەدێری دەکرد و خەڵکی بێکار و لاوانیان، بە تەماح وەبەرنانی ماڵی و دەرفەتی کار بە لاڕێدا دەبرد و، لە کاتی ڕەدکردنەوەی هاوکاری لە گەڵ دەوڵەتدا، بە توندی سزا دەدران. لە ژێر وەها بارودۆجێکی ئەمنیەتیدا، وەکوو هەموو ڕێژیمە توتالیتارەکان، ڕەدکردنەوەی هەرچەشنە هاوکارییەک لە گەڵ دەوڵەت، بە هاوکاری لە گەڵ دوژمن لە قەڵەم دەدرا.

٣. بارودۆخی تایبەتی کوردستانی باشوور- جێگایەک کە ئوپوزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا جێگیر بوو- چالاکییە  سیاسی و نیزامییەکانی بزووتنەوەی کوردی کەمڕەنگ کردەوە، و هاوسەنگییەکەی تێکدا و خەڵکیش ئیرادەی بەرگریکردنی لە دەست دا.

٤. هەر لەو کاتەدا، سیاسەتی ئوپوزسیۆن بە هۆکاری سیاسەتە نەرمونیانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، بایەخێکی ئەوتۆی پێ نەدرا.  

٥. لە هەمووی گرینگتر، لادێیییەکان- کە یەکەمین قوربانییەکانی وەپاشخستنی ئابووریی کوردستانن، بە زۆری هەستیان دەکرد کە تاکە ڕێگەی دەربازبوون لە هەژاری، پەیوەست بوونێکی ناچارییە بە هێزەکانی دەوڵەتەوە. لە کاتێکدا کە ئاماری فەرمی بە هیچ شێوەیەک جێی متمانە نییە، خشتەی ٣- ٥ دەتوانن هێندێک لە سیاسەتی وەپاشخستنی ئابووریی کوردستان لە لایەن ئێرانەوە { بە تایبەتی بە بەراورد لە شوێنەکانی دیکە ئێران } ڕوون بکەنەوە.

بێگومان ڕەفتاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەڵ کوردەکاندا داگیرکاری بووە. مەحموود مامدانی لە کارەکەیدا لە ساڵی ٢٠١٢ پێناسە و یاسا: خۆجێیییەکان وەکوو شوناسی سیاسی، وەک هەوڵێکی  فیکری و فەرهەنگیی هاوشێوە لە لایەن داگیرکەرانەوە، بە مەبەستی پاساوهێنانەوە  بۆ ستەمەکانیان و، ڕێگە خۆش کردن بۆ دابەشکاریی گشتیی، دەخاتە ڕوو. دەسەڵاتی داگیرکار پەنا بۆ سەرلەنوێ  پێناسەکردنەوەی کومەڵگەکان دەبات تاکوو پارچەپارچەکردنی داگیرکراوەکان وەکوو ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی نیشان بدات. بۆ وێنە مامدانی، ئافریقا وەکوو نموونەیەک دێنێتەوە، هەڤڕکێ و جیاوازیی ڕەگەزی، وەکوو دەستەبەندییەک لە “ناخۆجێیی” بە پێچەوانەی “خێڵەکان” و “خۆجێیییەکان” بە کار دێنێ. هەر بەم شێوەیە، سیاسەتی هەمیشەییی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تاوان زانینی هەرجۆرە باسێکی تایبەتە لە بارەی سیاسەتی کوردستانەوە. دەوڵەت شێوەگەلی تایبەتی بۆ جێ خستنی زمانە نافارسەکان و دەستەبەندیکردنیان وەکوو لەهجەکان یان لەهجە جیاوازەکان چەسپاندووە، بۆ ئەوە کە وەکوو لەهجەکانی زمانی فەرمی، بیانناسێنێ.

    پەروەردە   

لە کوردستاندا، پەروەردە، دامەزراوە پەروەردەیی و خوێندنگەکان کراونەتە ناوەندی نیزامی. دەزگا ئەمنیەتییەکانی دەوڵەت، لە هەموو شوێنێکدا بوونیان هەیە. ئەوان ژیانی قۆتابیان لە قۆناغی ناوەندییەوە تاکوو کۆتاییی خوێندنی باڵا چاوەدێری دەکەن. زۆرتر، هاوکاریکردن لە گەڵ دەوڵەت وەکوو ئەرخایەنیی پرۆسەی خوێندن و دواتریش دامەزراندن لە دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا دەستە بەر دەکات. لەقەبێک وەکوو جاش قەڵەم لە وتەزا نوێیە داتاشراوەکانی کوردە. جاش قەڵەم تایبەت بۆ “لێکۆڵەرانی” زانستە کۆمەڵایەتییەکانی پەسندی دەوڵەت، وەکوو ئێحسان هۆشمەند {٢٠٠٤} و عیرفان قانعی فەرد {٢٠٠٩} بە کار برا، کە هەوڵیان دا بوونی نەتەوەیی کورد ببەنە ژێر پرسیارەوە. بە گشتی جاش قەڵەم ناونیشانێکە بۆ هەموو ئەو لێکۆڵەر، مامۆستا و خوێندکارانەی زانستگەکان، کە وەکوو خۆفرۆشێکی ڕۆشنبیر، لە گەڵ دەوڵەتدا هاوکاری دەکەن. هارکاریی فیکری، دەکرێ فۆڕمی جیاواز لە خۆ بگرێ: لە قسە کردن و نووسین بە قازانجی دەوڵەتەوە بگرە، تاکوو بەشداری لە پڕۆژە دەوڵەتییەکان، یان ئەو پڕۆژانەی کە لە لایەن دامەزراوە ئەمنیەتی و نیزامییەکانەوە ئیدارە دەکرێن و بەرێوەدەچن.

سەرەڕای ئەمانە، دەوڵەت، دامەزراندن وەکوو کارت و تەماح وەبەرنان بە کار دێنێ کە خوێندەوارانی کورد، هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکان بکەن. زۆر جار سزای هاوکاری نەکردن، دەستبەجێ لێ وەرگرتنەوەی کاری بە دواوەیە.  وێرای ئەم ئیستراتێژیانەی سەرەوە، ڕێژیم لە ڕێی ستەم و چاوەدێریی دەوڵەتییەوە، بەرگریی جەماوەریی لاواز کردووە. زاڵکردنی فەزای ترس، تێرۆر و ڕەشبینی- تایبەتمەندییەکی هاوبەشی ژیان لە وڵاتە توتالیتارەکاندایە- کە بە شێوەی لاوەکی بەرهەم دەهێنرێتەوە. بڕێک لە شایتحاڵەکانی ئێمە بە هۆی خووگرتوویی هاوکاریکردنیان لە گەڵ دەوڵەت، بە پێی لۆژێکی خۆیان، کارەکەیان بە خزمەت دەزانی: “ئەگەر من ئەم کارە ئەنجام نەدەم، خەڵکانی دیکە- بە ناپاکییەوە- ئەنجامی دەدەن”.

چەندین ڕێکخراوی ئەمنیەتی تایبەت بوونیان هەیە کە چالاکییەکانی خۆیان لە بەشی پەروەردە بەرێوە دەبەن. ئەرکی ئەوان جۆراوجۆرە، وەکوو چاوەدێریکردنی بیروباوەڕی سیاسی و ئایینیی قوتابیان و مامۆستاکان، هەڵسوکەوتیان، نووسین و قسە کردنیان، جلوبەرگیان، چالاکیەکانیان لە تۆڕە کۆمەلاتیەکان و تا دوایی.  

       

پرۆفایلی قوتابیان لە قۆناخی ناوەندییەوە دەستپێدەکات، لەم ڕێگەیەوە دەوڵەت دیاری دەکات کە ئیزن بە چ کەسگەلێک بدرێ کە خوێندنی باڵا بخوێنن و دواتریش لە بەشە دەوڵەتییەکاندا کاریان پێ بدەن. بەو شێوەیە ئەکادیمیسەنێکی کورد بە ئێمەی گوت، ” پێشینەی تاکەکەسیی خوێندکاران، تەنیا پێوەرێک نییە بۆ پەسەندی دەوڵەتی”. لێژنەی پەسەندکردن{گوزینش}، یەکێک لەو چوار بەشە ئەمنیەتیەی ناو وەزارەتی پەروەردەیە کە بە مەبەستی دیاریکردنی لێهاتووییی ئەوان بۆ خوێندنی باڵا و کار، لە پێشینەی دوور و نێزیکی بنەماڵەی قوتابیان دەکۆڵنەوە. ڕێژیم لە ڕێی دەستوپێوەندی خۆی و ڕێکخراوەکانی وەکوو ئەنجومەنی قوتابیانی ئیسلامی/ خوێندکاران و قوتابیانی بەسیجیی ئیسلامییەوە، بە چڕی چاوەدێریی هەموو خوێندنگە و زانستگەکان دەکات. خوێندکارانی بەسیجی ئیسلامی، لقێکە لە ڕێکخراوی بەسیجی خەڵک  IPMU. IPMU ڕێکخراوێکی فیداییە و یەک لە پێنج هێزەکەی سپای پاسدارنی شۆرشی ئیسلامیی ئێرانە کە لە ساڵی ١٩٨٠ بە فەرمانی خومەینی دامەزرا. ئەم ڕێکخراوەیە، بۆ ڕێکخستن و بارهێنانی خوازیارانی بەشداریی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق دامەزرا{ گوڵکار٢٠١٥}. دەستبەجێ پاش دامەزراندنی، ڕێکخراوی بەسیجی خەڵک، لقەکانی لە شوێنەکانی دیکەش دروستکرد. لەو کاتەوە دەرگیرکردن یان پەیوستبوونی کوردەکان بە ڕێکخراوی بەسیجی خەڵک- وێڕای ڕێکخراوە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی دیکە بایەخی تایبەتی هەبووە- ئەوان هانی لاوان و تازە لاوان کە زۆربەشیان قوتابی و خوێندکار بوون دەدەن کە لە لقە لۆکاڵییەکانی ڕێکخراوی بەسیجی خەڵکدا، خۆیان ناونووس بکەن. لە بەرابنەردا پاداشتەکەی بۆ ئەوان، کار، وەرگیران لە زانستگە، گەشت و سەیران، دەرفەتی کار و زووتر تەواوکردنی خزمەتی زۆرەملێی سەربازییە. 

   فارساندن بە نیزامیگەری

کوردەکان و زمانەکانی دیکەی کۆمەڵگە ژێر دەستەکان، بابەتی ئینکار و سووکایەتی پێ کردنن لە لایەن ڕێژیم و زۆربەی ڕۆشنبیرانی پارسەوە.٢٠ ئەکادیمیسیەنەکانی ناسیۆنالیستە پارسەکان لە سەر ئەو بڕوایەن: بە فەرمی ناسییی هەر زمانێکی ناپارس، دەبێتە هۆی لەبەریەک هەڵوەشانەوەی ئێران. بە ئێمە دەڵێن وەها بەفەرمی ناسینێک، وەکوو جوانکاریی برۆیە بۆ لە دەستدانی چاو.٢١ سەرەڕای پەسەندی بنەڕەتیی زمانە کانی ناپارس لە یاسای بنەڕتیی لە ١٩٧٩، ئەم زمانانە وەکوو مەترسییەک بۆ سەر یەکپارچەییی ئێران و زمانی کۆمەڵگەی سەردەست ڕەفتاریان لە گەڵ کراوە. ٢٢ لە ژوئەنی ساڵی ٢٠١٩، لە سەر بنەمای سیاسەتێکی نوێ کە دەوڵەت هێناویە ئاراوە، لە باخچەی ساوایان، ئەو قوتابییە غەیرەپارسانەی بە سەر زمانی پارسیدا زاڵ نەبن، وەکوو منداڵانی بە ” پێداویستی تایبەت” (یان با نیازهای خاص) لە قەڵەم دەدرێن.٢٣  لە هێندێک ڕووەوە،  ئەم سیاسەتە کۆڵۆنیالییە نوێیە بۆ زاڵبوون بە سەر زماندا، زمان دەکاتە دیاردەیەکی بیۆلۆژیک (زیندەوەرناسی) کە باری بەهێزی ڕەگەزپەرەستیی هەیە. بەم شێوەیە،  کۆمەڵگەی سەردەست و بژاردەکانی بە بێدەنگی و بیرۆکەی هاوبەشەوە، ئەم سیاسەتە نوێیەیان بنەجێ کردووە.

کۆمەڵگەی سەردەست ئەو هەقیقەتە دەزانێ تا کاتێک کە زمانەکەیان بە زمانی فەرمیی وڵات بمێنێتەوە، یارمەتییان دەکات کە پێگەی ئەم کۆمەڵگەیە لە لوتکەی سیستمەکەدا پارێزراوبێ. وەکوو ئەشکرافت و … پشتڕاستیان کردووەتەوە، زمان- پێوەندییەکە کە لە ڕێگەیەوە پێکهاتەی پلەبەندیی دەسەڵات جێگیر دەبێت، و پەیوەندییەکە کە لە ڕێگەیەوە تێگەیشتن لە “هەقیقەت”، ” نەزم” و “بوون” بنەجێ دەبن” { ١٩٩٨،٧}. پاش چوار دەیە لە پەسەندکردنی یاسای بنەڕەتی، دەوڵەوت و ڕۆشنبیرانی پارس هەنووکەش پێداگری دەکەن لەسەر کێشە تەکنیکییەکان وەکوو هۆکاری نەخوێندنی زمانەکانی دیکە لە قوتابخانەکاندا. هەڵبەت وەها بەڵگە هێنانەوەیەک بە تێگەیشتنی فەیلەسووفی کانەدایی چارلز تەیلێر تەنیا “پاساوی تەکنیکیی شوڤینیزمێکە کە بە ڕاشکاوی دەریناخەن{ تەیلێر ١٩٩٩،٢٢٢}.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی دەوڵەتیی ئیسنا، بە شێک لە ڕۆشنبیرانی پارس بە ئاشکرا دەڵین ” خوێندن بە زمانی نافارس …زیان بە یەکگرتوویی میللی دەگەیەنێ. [ئەوان] نیگەرانن کە جێبەجێکردنی مادەی ١٥ دەتوانێ هەڕەشە بی بۆ سەر زمانی پارسی و پێگەی لاواز بکات.٢٤،٢٥ ڕۆشنبیرانی پارس- بێ لە بەرچاوگرتنی دیدگای ئیدئولۆژی و وڵاتی نێشتەجێ بوونیان- نیگەرانییەکی هاوشێوەیان لە باەری زمانی پارسی و پەیوەندی بە ” هۆویتی ئێرانییەوە” هەیە {بڕوانە یارشاتر ١٩٩٣}. لە دیدگای کۆمەڵگەی سەردەستەوە، هاوتا کردنی زمانی پارسی لەگەڵ زمانەکانی دیکەدا یان نرخاندنی زمانی پارسی وەکوو زمانێک لە ناو فرەزمانیی ئێراندا، هەوڵ و کردەوەیەکی سەربەخۆییخوازانەیە. لە بەر ئەم هۆکارەیە کە ڕۆشنبیرانی پارس پێداگیری دەکەن کە زمانی ئەوان زمانی میللیە. ئیلاهە بوقرات، نووسەری پارس، هۆشداری دەدات کە تەنیا خائینان- هەوڵ دەدەن بۆزمانی پارسی، زمانی هەموو ئێرانییەکان قەومیک دروست بکەن.٢٦ بەو مانایە کە شتێک بە ناوی قەومی فارس بوونی نییە.٢٧ ئەوان ئەو هەقیقەتەی ڕوانگەی لێکۆڵەرێکی پارس وەکوو بروجێردی، بە بێ بنەما وەردەگرن، کە ” هێژمونی” زمانی پارسی لە ڕێی توندوتیژی و کەمپێنێکی دەوڵەتییەوە، بۆ گەشەی ناسیۆنالیزمێکی کوشندە سەپێندرا { ٢٠٠٧، ٥٠}.

سیاسەتەکانی دەوڵەت لە سەر وەها بنەماگەلێکی هەڵاواردن دامەزراوە. کەواتە، سیستمی سیاسی، بە پێی یاسای بنەڕەتی،  کۆمەڵگەی ناپارس و ناشیعە، بێبەش دەکات.٢٨ بەوشێوەیە کە مێهرزاد بروجردی بە دروستی دەڵێ، بژاردەکانی پارس پاراستنی زمانی پارسییان، (زمانێکی ئاوێتە لە گەڵ زمانەکانی تری “lingua franca” ئێران)، وەکوو مەعجونێک کە بتوانێ مانەوەی هۆوییەتی ئێرانی گەرەنتی بکات، ناساندووە{ ٢٠٠٧، ٤٣}. کەیسی موحەممەد ڕەزا شەفیعی کەدکەنی، مامۆستای ناسراو لە زانستگەی تاران ببینن. لە سەرەتای جوڵای ساڵی ٢٠١٨، کەدکەنی هەرچەشنە باسێک لە بارەی مافی زمانیی ناپارسەکانی، وەکوو بەڵگەیەک بۆ پلانی دەرکیی بە تایبەتی ئینگلیسەکان لە قەڵەم دا.٢٩ سیستمی ئێستا، هاوشێوەی سیستمی پەهلەوی، تەنیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی سەرکوت و هێزی ئابوورییەوە لەسەرپێ نییە. ئەم بەپێوەبوون و پشتیوانییە، سوننەتێکی ڕۆشنبیرییە کە سەدەیەکە “دەوڵەت وەکوو تەنیا نوێنگە و هۆکاری گۆڕانکاری” دەزانێ {کرۆنن، ٢٠٠٣، ٣}. دیسکۆرسی زاڵی پارسیزم، هەناسەکێشانی غەیرە پارسەکان  بە جێی گومان یان بە هۆکاری دنەدان و دەستێوەردانی دەرکی دەشوبهێنێ. هەر بۆیە، دیدگای ڕۆشنبیرانی پارس لە هەمبەر “ئارمانجەکانی کورد” بە کەمی لە گەڵ دەوڵەتدا جیاوازە.

شیعەکردنی فەزای کوردی

بە پێچەوانەی ڕێژیمی پەهەلەوی کە پەیگیری سەپاندنی هێژمونی ڕەهای سیاسی و نیزامی لە کوردستان بوو، دەوڵەتی ئیسلامی، دەستیکرد بە دامەزراندنی کۆمەڵێک دامەزراوەی هاوشێوەسازی ئایینی، بۆ گۆڕینی تایبەتمەندیی ئایینیی ناوچە سوننییەکانی کوردستان و چاوەدێری کردنی کوردەکان لە ڕووی پەروەردەیی و دامەزراوەکانی پێوەندیدار بە ئاداب و ڕسوومی ئایینییەوە. سیاسەتی دەوڵەت لە کوردستان لە سەر دوو ئامانجی بنەڕەتی بەندە: یەکەم دروستکردنی سیستمی پاڵپشتی، گۆڕین و ستانداریزەکردنی ڕێوشوێنە دیاریکراوەکان، بۆ کەمکردنەوەی سەربەخۆییی دامەزراوەکانی پەروەردەی ئایینیی کوردەکان. سەرەڕای ئەمانە، بەو شێوەیەی کە مەلایەکی کورد بە ئێمەی گوت، دەوڵەت دەستکاریی پەروەردەی سوننییەکانی کرد ” تاکوو بتوانێ فەزایەک زاڵ بکات کە زمانەکانی نافارسی تێدا بسڕێتەوە”. تەنانەت لە نێو سوننییەکانی بەلوچستانیش، پەروەردە بە زمانی دایکییەکێک لە ڕێوشوێنە دیاریکراوەکانی دامەزراوە ئایینیەکان بووە.٣٠ دووهەم، دەوڵەت بە ئاوێتە کردنی وەها سیستمێک، پەروەردەیەکی سوننەتیی لە ژێر چاوەدێریی ڕێژیمدا بەرهەم هێنا. کە واتە، لەگەڵ بوونی سیستمێکی نوێ، دەوڵەت بوو بە تاکە ناوەندی سەلاحییەتی ئیعتبار بەخشین بە پەروەردەی ئایینیی کوردە سوننییەکان. باڵادەستییەکی لەم شێوەیەی کۆماری ئیسلامی، هێزی سڕینەوە و وەلانانی فێرکارە نەسازەکان، وانەی پەروەردەیی و “بزوتنەوەی بە لاڕێدابردنی قوتابیانی” هەبوو. دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نوێی ئایینی وەکوو “مرکز بزرگ اسلامی”، دامەزراوەیەکی فەرهەنگسازی کۆلۆنیال و ئیسعماری، کە لەم ڕێگەیەوە دەوڵەت هەوڵی دا کە پەروەردەی ئایینیی کوردە سوننییەکان بە لاڕێدا بەرێ.٣١

“مراکز بزرگ اسلامی”، تەنیا لە ناوچە سوننی نشینەکاندا دامەزرێندران. ئەو دامەزراوانە، زۆرتر لە لایەن ڕۆحانییە شیعەکانەوە ئیدارە دەکرێن.٣٢ بەرێوەبەری هەر یەک لەو دامەزراوانە لە لایەن نوێنەری خامەنەیی لە ئوستانەکاندا دیاری دەکرێن.٣٣ ئەرکی ئەم دامەزراوانە کۆنترۆلی بۆنە ئایینییەکان، ڕێکخستن و پلەبەندیی قوتابیانی ئایینی سوننی مەزهەب، بەخشینی بڕوانامەی خوێندنی ئایینی و چاوەدێریکردنی باوەڕمەندییە ئایینییەکانی لە ئەستۆیە. زانایانی کوردی سوننی، بۆ پەیوەست بوون بەم ناوەندانەوە، ئیمتیازگەلی تایبەتی وەردەگرن. بۆ وێنە، دەکرێ ئەوان لە خزمەتی زۆرەملێی سەربازی مەعاف بکرێن. لە ڕووی مووچەوە- بە پێی وتەی شایەتحاڵەکانی ئێمە – مەلاکانی کورد مانگانە کەمتر لە ٥٠ دوڵار وەردەگرن. لە تیوریدا، دەگوترێ کە ڕیساڵەتی ئەم ناوەندانە بە تەواوی ئایینییە، بەڵام ئەوان هەمیشە سەرتر لە سنووری ڕیسالەتە ڕاگەیاندراوەکەیانەوە کار دەکەن. ڕۆڵی ئەوان وەکوو پلاندارێژەرانی دەزگا ئەمنیەتییەکانی دەوڵەت، چاوەدێریکردنی دژبەرانی ئایینی و باوەڕمەندە ئایینییە سەربەخۆکانی کورد و، لابردن یان دانانی ئیمام جمعە خۆجێییەکان و، هاوشێوەی بڕیار و رێوشوێنە خزمەتگوزاییە ئەمنیەتییەکانی ناوچەکە و، بەشداریکردن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانە.

 شاراوە نییە کە شکڵگرتنی ئیسلامی دڵخوازی دەوڵەت یەکێک لە ئامانجە ئیستراتێژیکەکان لە هەموو ولاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بووە، بە سیکۆلار و ئیسلامییەوە. هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ پێکهێنانی ئیسلامی دەوڵەتی لە ناوچە کوردییە سوننیەکاندا، سنوورادار نەکراوە. تەنانەت ئایوتوڵڵایەکی گەورەی شیعەی وەکوو حسەین عەلی مونتەزیری، لە هەر شوێنێک کە تەفسیرەکانی لە گەڵ ئیسلامی فەرمیدا جیاواز بووە، دەستبەسەر و لێپێچینەوەی لێ کراوە. پێکهێنانی دامەزراوەی هاوتەریبی شیعی لە ناوچە سوننییەکاندا سیاسەتێکی کۆلۆنیالیی بەردەوام، بۆ سوننی‌بڕکردنی کوردستانە. وەها سیاسەتێک، بایەخی ئیستراتێژیکی هەیە، لە بەر ئەوەی لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمدا، زانایانی ئایینیی کورد، لە هەمبەری خۆڕاگریی کوردەکان هاوسۆزی و پشتیوانییەکی زۆیان لە خۆیان نیشان داوە. لە ڕووی میژوویییەوە، ناوچە سوننییەکانی کوردستان، تا یەک دوو دەیە پێش ئێستا، وەکوو ناوەندی سەرەکیی ناسیۆنالیزمی کورد لە قەڵەم دەدران { سولەیمانی ٢٠١٧، ٩٩٥-٧ هەر وەها بڕوانە سولەیمانی ٢٠١٦}. ناسیۆنالیزمی کوردی لە ناوچە کوردییە شیعییەکاندا، دیاردەیەکە کە لەم دواییانەدا سەری هەڵداوە و لەم ڕووەوە سوننی‌بڕ کردنی کوردستان، بایەخێکی تایبەتی هەیە لە فارساندن و داگیرکردنی کوردستاندا. سەرەڕای بوونی پێگەیەکی لاواز، کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی ناروون مەزهەبەکانی سوننیی بە فەرمیی ناسیوە، لە کاتێکدا جەخت دەکاتەوە کە ئیسلامی شیعە مەزهەب فەرمییە {مادەی ١٢}. لە کردەوەدا، ئەم مادەی یاسای بنەڕەتیە لەبارەی سوننی مەزهەبەکانەوە، هیچکات بە هیچ کوێ نەگەیشت. سەرەڕای ئەمانە، ئەو مادەیەش بە مادەی دیکەی یاسای بنەڕەتی ڕەد دەکرێتەوە، کە بەرچاوترینیان مادەی ٧٤ـە کە لەوێدا هاتووە: هیچ یاسایەک بە دژایەتی لە گەل ئایینی فەرمی [واتە شیعی] پەسەند ناکرێ.٣٤

بۆ بڵاوکردنەوەی شیعەگەری، دەوڵەت بە شێوەیەکی بەربڵاو دامەزراوەکانی وەکوو، حوسەینییەکان،٣٥ حەوزە ی عیلمییە٣٦ { حەوزەی عیلمییەی شیعە} و نوێنەرانی خۆجێیی زیاد کردووە. دامەزراندنی حوسەینییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستەکانی دەیەی ١٩٨٠. سەرەتا ئەوان بە زیادکردنی دەزگا ئیداری و دەوڵەتییەکان و، هەوڵ بۆ گەورەترین جێگۆڕکێی هێزە نیزامییە ناکوردەکان لە کوردستان، سەریان وەدەرهێنا. لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، بە پاساوی حاواندنەوەی هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکان، دەوڵەت حوسەینییەی لە هەموو شارەکانی کوردستاندا دامەزراندووە. تەنانەت، لەو ماوەیەدا دروستکردنی مزگەوتێک بۆ سوننییەکان لە ناوچەی شیعیەکانی وەکوو تاران، شارێک کە نیزیک یەک میلیۆن خەلکی سوننیی لێی دەژی، قەدەغەیە.٣٧ سەرەڕای ئەمانە، دەوڵەت لە  ڕێگەی دروستکردنی مانێۆمێنت و شوێنی ئایینییەوە، هەوڵ دەدات پیرۆزییەکانی شیعەی دەوڵەتی لە کوردستاندا، بنەخشێنێ. بە نۆرەی خۆی، ئەم هەوڵانە هێمایە بۆ ناساندنی “ئیسلامی ڕاستەقینە” لەو ناوچەیەدا. بۆ وێنە، بەو شێوەیە کە لە فتواکەی خوارەوەدا دیبینن، لە هێندێک لە گوندە چووکەکانی ناوچەی هەورامان، دەوڵەت شوێنگەلێکی پیرۆزی وەکوو مانیۆمێنتی شەهیدان (یادمان شهدا) یا شوێن پێێ(قدمگاە) خامنەیی، دروستکردووە: دەگوترێ کە خامنەیی لە ماوەی شەڕی ئێران و ئێراقدا سەردانی ئەو ناوچەیەی کردووە.٣٨ ئامانجی ڕێژیم هەنگاو بە هەنگاو داگیر کردنی فەزای مەزهەبییە بۆ زیاتر ئاسیمیلە کردنی کوردە سوننییەکان. بەربەرەکانێی کوردە سوننییەکان لە گەڵ ئیستراتێژیی ئاسیمیلە کردن، زۆرجار لە گەڵ بەکارهێنانی هێزە بێ بەزەیی وسەرکوتکەرەکان بەرەوڕوو دەبنەوە.

 هەروەها ڕێژیم سیاسەتێکی چەند ڕەهەندیی حەشیمەتی لە کوردستان پێڕەو کردووە. لەم ڕاستایەدا، سەرەتا پڕۆژەگەلی بنکە و بارەگای تایبەتی وەکوو ئیستراتێژییەک بۆ جێگیرکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە ناخۆجێییەکان، مۆرە ئەمنیەتییەکان و بەرپرسە ناخۆجێییەکان لە تەواوی ناوچەکدا، دەستپێکرد. دواتر، دەوڵەت دەستی کرد بە بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی تۆکمە بۆ گۆڕینی دێمۆگرافیای شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆژەکانی نیشتەجێ کردنەوەی هێزە نیزامییە داگیرکارەکانییەوە. بەم شێوەیە: دەوڵەت سیاسەتێکی دوو لایەنەی گرتە بەر: یەکەم، پڕۆژەی بنکە نیزامییەکانی پەرە پێدا تاکوو ناوچەی جیاواز لە شار و شارۆچکەکاندا لە خۆ بگڕێ. پلانی دووهەمی دەوڵەت جێگیرکردنی شارۆمەندە شیعەکان بوو لە زۆربەی ناوچە کوردییە سوننەکاندا. بەرئەنجامی پلانی دووهەم بۆە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای هێندێک گەڕەک و ناوچەی شارەکانی کوردستان و کراونەتە ناوچەی شیعی.٣٩ 

کۆبەند

ئەگەر هەوێنی ئیستراتێژیی بەشیعەکردنی کۆماری ئیسلامی لە بەرچاو نەگرین، هەموو سیاسەتەکانی لە هەمبەر کۆمەڵگە ژێردەستەکان، هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ وڵاتە سێکۆلارەکانی دراوسێیدا نییە. هەروەها، سیاسەتە بنەرەتییەکانی بەشیعەکردن، زیاتر ئامرازی ئاسمیلە کردن و هۆویەت گۆڕینن تاکوو هەوڵێکی چڕی فیرقەایی. ئەم ئامانجە لە پێشدا داڕێژراوە، پەرەپێدانی شیعیزمە وەکوو فۆڕمێک لە شوناس کە پێکهاتەی کۆمەڵگە بیچم دەدات. لە ئێران، پاش ساڵی ١٩٧٩، زمان و فەرهەنگی پارسیسزم و شیعیزم کرانە مانیفیستێکی لێک گرێدارو. هەروەها ڕۆشنبیرانی سێکۆلاری پارسیش، بایەخی لێکگرێدانی شیعیزمیان بە سیاسەتی ئێرانیەوە، پشتڕاست کردووەتەوە { ئێمانت ٢٠١٧}.٤٠

  لە دەیەی ڕابردوودا، ناسیۆنالیستە پارسەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو فۆڕمی “شوناسی ئێرانییەکانیان”  نوێ کردووەتەوە کە لەگەڵ ڕیوایەتی شیعی لە ڕابردووی ئێران یەک بگرێتەوە { هەمان سەرچاوە}. کەواتە، لاوازکردنی سوننییزم دەتوانێ، “یەکپارچەییی شوناس” بە مەبەستی پارس- شیعیزم دا بێ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەقیقەتە کە ناوچە کوردییە – سوننەکان لە ڕووی مێژوویییەوە ناوەندی هەژان و بەرگری لە ناسیۆنالیزمی کورد بوون. لەوانەیە سیاسەتەکانی دەوڵەت لە کوردستاندا بە ئاشکرا پێڕەویی لە خەتێکی دیاریکراو نەکردبێ. بەمشێوەیە، لە سەرەتای دەیەی ١٩٨٠، دەوڵەت بنچینەی ئیستراتێژییەکەی، لە سەر نکۆڵی، ئاسیمیلە کردن و ستەم لە سەر کوردەکان، دارشت. پاش ١٩٧٩، لە یەکەمین ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتییدا، هێندێک لە مافە فەرهەنگی و زمانییەکانی کۆمەڵگە ژێردەستەکان بە فەرمی ناسێندران. هەر بەو شێوەیە کە ئاماژەی پێ درا، سەرەڕای پێگەیەکی سەرتری شیعیزم، وەکوو ئایینی دەوڵەت، مەزهەبەکانی دیکەش بە فەرمی ناسێندراون. بەم حاڵەشەوە، ئەم بە فەرمی ناسینە، لە کردەوەدا هیچکات ڕێی بە هیچ شوێنێک نەبردووە، لە بەر ئەوەی بەڕێوەبردنی هەر چەشنە ئەرکێکی گشتی، بەستراوەتەوە بە ئیتاعەتی نەزەری و بر کردەوە لە “ویلایەتی فەقێ”. لە ڕووی ئایینییەوە، ئەم بابەتە بۆ موسوڵمانی ناشیعە زۆر کێشەساز بووە. فەزای زاڵی سیاسیی ڕەشنوسی یەکەمی یاسای بنەڕەتی، دەرفەتی نکۆلی کردن لە فەرهەنگ و زمانە ناپارسییەکانی بە ڕاشکاوی نەدەدا. لەم ڕووەوە، یاسای بنەڕەتی لە ڕووی تیورییەوە، ئیزنی فێربوونی زمانەکانی دیکەی، لە پاڵ زمانی پارسی، داوە. بەڵام لە کردەوەدا هیچکات جێبەجێ نەکرا. لە ڕاستییدا، لە ١٥ی جوڵای ٢٠١٨، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی دەوڵەت، موحەممەد بەتحایی ڕایگەیاند: “لە چەند ناوچەیەک، زمانی ناوچەیی[ واتە ناپارس] فێر دەکرێ… ئەمە مەترسیدارە. منداڵەکان دەبێ تەنیا بە زمانی فەرمیی وڵات [ ئەویش کە زمانی پارسییە] پەروەردە بکرێن.٤٢ لە ماوەی چەند ساڵی پاش شۆڕش، هێزە دەوڵەتییەکان، توانیان دەست بە سەر زۆربەی ناوچە کوردییەکاندا بگرن. لەم ناوچانەدا، جێگایەک بۆ دژبەریی سیاسی بوونی نەبوو. بەم حاڵەشەوە خەباتگێڕانی کورد لە ناوچە لادێیەکاندا درێژەیان بە خەباتی سیاسی و نیزامیی خۆیان دا. تا کۆتایی شەڕی ئێران و ئیراق لە ساڵی ١٩٨٨، کوردەکان لە بارودۆخێکی تایبەتیدا دەژیان و ئەوان نەیاندەتوانی لە خۆرئاوا بوونەوە تاکوو خۆرهەڵاتن لە ماڵەکانی خۆیان بێنە دەر. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە دەوڵەت دەستی بە دامەزراندنی سیستەمێکی یەکجار بەربڵاوی چاوەدێری و کۆنترۆڵ کردبوو. قوتابیانی دواناوەندی و خوێندکارانی زانکۆ، بە هۆکاری خوێندنەوەی کتێب و وتاری ڕەخنەییەوە، دە‌‌خرانە بەندیخانەکانەوە. ئەوان ناچاربوون کە پێڕەوی لە بڕیاراتی سەختگیرانەی پۆشینی جلوبەرگی ئایینی و مۆڕاڵی گشتی بکەن. لە (چەند ئوستانێکی) کوردستان، بە هۆکاری جیاواز بوون لە ڕووی قەومی و مەزهەبییەوە، ژیانی ئاسایی لەڕادەبەر دژوار ببوو. شایەتحاڵە بە تەمەنەکانی ئێمە، زۆربەی ئەو کاتە ناخۆش و بە ئازارانەی ئەو سەردەمە دەگێڕنەوە کە چۆن “هەر چەشنە ڕەفتارێک دەکرا وەکوو دژایەتیی مەزهەبی یان سیاسی لە لایەن دەوڵەتەوە لە قەڵەم درابایە.” هەر لەو سەردەمەدا، دەوڵەت ئیستراتێژیی خۆی بۆ میلیتاریزەکردنی کوردستان، وەجۆش هێنانەوەی کەلینە کۆمەڵایەتییەکان و سڕینەوەی تایبەتمەندییە ئیتنیکی، زمانی و فەرهەنگییەکان خستە بواری جێبەجێکردنەوە. دەوڵەتی ئیسلامی لە دەسەڵاتدا، سیاسەتی کۆنەپارێزانەی ناسیۆنالیستی لە زۆر ڕەهەندەوە بەرهەمهێناوەتەوە. هەنووکەش، سەرەڕای دروشمە جیهانپەسەند و ئایینییەکانی  دژ بە ڕۆژئاواییەکان، کردەوە سیاسییەکانیان بە تەواوی قەومی- ناسیۆنالیستانەن. سیاسەتە ناوخۆیییەکانیان، لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی قەومی پارس هەڵچنراوە و، سیاسەتە دەرەکییەکانیشیان، لە سەر” بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت”.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، نموونەیەکی بەرچاوە لەو هەقیقەتە کە تێگەیشتنی موسوڵمانان لە ئیسلام، لەگەڵ کارتێکەرییەکانی ناسیۆنالیزمی مودێڕن و خوازیاری کۆنترۆلکردنی دەوڵەت، بەرابەرە. لە چوار دەیەی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامیی ئێران، نافارسی پشتگوێ خستووە و هەوڵی زۆریشی داوە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک، فەرهەنگە نافارسەکان بسڕێتەوە. شێوەی هەڵسوکەوتەکانیان لە گەڵ ئیتنیکەکانی دیکە نموونەیەکی کلاسیکە لە کولۆنیاڵیزمی ناوخۆیی. هەروەها، خۆناساندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەکوو دەوڵەت-نەتەوەکانی سیکۆلار، شێوەیەکی تایبەتە لە تەخەییولی هۆوییەتی دەوڵەتی نەتەوە. بوونی شوناسێکی میللی، بە تێگەیشتنی بڵێک، “بوونی ڕێگەگەلێکە بۆ قسە کردنی لە بارەی میللەتەوە” { بڵێک ١٩٩٥،٨}.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی داوە کە هاوکاریکردن لە گەڵ دەوڵەت، وەکوو ڕێگەیەکی بەردەست بۆ بژێوی ژیان بۆ کوردەکان، دەستنیشان بکات. خەڵکانێک کە وەها شێوە ژیانێکیان ڕەد کردووەتەوە، سەرەڕای بوونی بڕوانامەی باڵا، تەنانەت ناچار  بوون وەکوو کۆڵبەرێک { ئەو کەسانەی کە بە درێژایی ئەو سنوورانە کالاکان بە کۆڵ دەگوازنەوە} کار بکەن. هەنووکەش، هەربەو شێوەیە کە لە سەرەوە نیشانمان داوە، لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە دەوڵەتییەکاندا، زیاتر لە ٩٣٠ کۆڵبەر کوژراو و بریندار بوون. ئەمە تەنیا بوونی ڕوانگەیەکی کولۆنیالیستی لە هەمبەر کوردەکان نیشان دەدات، کە کوشتاری ئەوان ئاسایی بووەەتەوە و بکوژان بە تەواوی لە سزا مەعاف کراون. ئەم ڕوانگەیە کە کوشتنی لادێیییە کوردەکان بە ڕەوا دەزانێ، بەڵام هەروەها یەکێک لەو بابەتانەیە کە لە شارەکانی ئێران و ئوستانەکانی ناوەنددا پاساوی بۆ دێنێتەوە. لە ڕاستییدا، هیچ شوێنێک باشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بۆ ئەم بابەتە دەست ناکەوێ. پاساوی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد و کارکردن لە سەر سنورەکان، گرێ دەدرێ بە “سەربەخۆیی خوازییانەوە”. ئەم تێڕوانینانە دەرخەری ئەوەیە کە مافی بەرگریی کورد زیاتر وەکوو هەڕەشەیەک دێتە ئەژمار نە وەک بەڵگەیەک بۆ سیاسەتی بێبەشکاریی دەوڵەت. بە پێی بانگەشە فەرمییەکانی دەوڵەت، ئەم کارە لە ڕێگەی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی یەکدەستکردنی فەرهەنگی و تەنانەت زمانییەوە، لە دەوڵەتی ئێراندا ئەنجام دەدرێ و، هەموو ئەم خاڵانەش بوونەتە هۆکار کە ئەمنیەتیکردنی ژیانی نافارس، لە لایەن دەوڵەتەوە بە ڕەوا لە قەڵەم بدرێ. 

پێزانین

ئێمە لە بەر ئەو زانیارییە بەنرخانەی کە ئاراس زارەعی و ئەرسەلان یارئەحمەدی لە بەردەستیان داناین و، ئەلکساندر گانوت، مەتین ئەتماک جا، وێرنرهێرتزۆگ، ئۆون ئاڕ، مێڵر و ئەنتۆنی کەی شێن، بۆ خوێندنەوەی وتارەکەی ئێمە و، دانی پێشنیارە بە نرخەکانیان، سپاسیان دەکەین.

Notes on contributors

کەماڵ سولەیمانی پسپۆڕی مێژووی سیاسیی ئیسلام و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. سولەیەمانی پلەی دوکتوراکەی (PhD) ساڵی ٢٠١٤لە بواری مێژووی ئیسلام و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە زانستگەی کولومبیا لە نیۆیۆرک وەرگرتووە و لە زانستگە جیاوازەکانی جیهاندا وانەی وتووەتەوە. سولەیمانی نووسەری وتارگەلێکی لێکۆڵینەوییی جیاوازە کە لە گۆڤارگەلی گرینگی زانستیی وەکوو گۆڤاری کۆمەڵناسیی بریتانیا، قەومیەتەکان، لێکۆڵینەوەی  ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلام، بڵاو بوونەتەوە. بەرهەمەکانی سولەیەمانی بە کوردی {سۆرانی و کورمانجی} پارسی و تورکییش وەرگێڕدراون. لە کتێبەکەی خۆیدا “ململانیی ئیسلام و ناسیۆنالیزم لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا”{Palgrave, 2016 } سولەیمانی بە جەختکردنەوە لە سەر ڕۆڵی بنچینەیی و لێک گرێدرانی ئیسلام لە سەرهەڵدانی دەوڵەت نەتەوەدا، مەعریفە ناسیی  epistemologies بنەڕەتیی دەوڵەت نەتەوە دەباتە ژێر پرسیارەوە. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە ململانێ و دژکردەوەکانی ناسیۆنالیزم و فیکری دینی لە مێژووی مودێڕنی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا چۆن بەرێوە دەچێ.

ئەحمەد موحەممەدپوور کۆمەڵ-مرۆڤناسە socio-anthropologist. پلەی دوکتورای(PhD) کۆمەڵناسیی لە شیراز – ئێران وەرگرتووە. هەروەها بەربژێری پلەی دوکتۆرا لە ڕشتەی  زانستی مرۆڤناسییە anthropology لە زانسگەی ماساچۆسێت – ئەمهرستە؛ شوێنیک کە ئەو وانەی قۆناخەکانی ناسیۆنالیزم و تێکهەڵچوونە قەومی و مەزهەبییەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی ئەورۆ، دەڵێتەوە. موحەممەدپوور تا ئێستا هەشت لێکۆڵینەوە و زیاتر لە ٥٠ وتاری زانستیی بە زمانی ئینگلیزی، کوردی و پارسی چاپ کردووە . بەرهەمەکانی ئەو بە بەربڵاوی و قووڵی لە بارەی کوردستانن و مودیلگەلێکیان بۆ لێکۆڵینەوەی مرۆڤ-ناسی لە سەر بنەمای تیوری لە ئێران، لە خۆگرتووە. بەرهەمەکانی موحەممەدپوور لە جورناڵە ئینترناشناڵە جۆراوجۆرەکاندا تاوتوێ کراوە، وەکوو گۆڤاری کۆمەڵناسیی بریتانیا، قەومیەتەکان، چەندایەتیی و چۆنایەتیی، گۆڤاری ئینترناشناڵی میتۆدناسی، گۆڤاری لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەلات ناسیی بریتانیا و گۆڤاری ئینترناشناڵی لێکۆڵینەوەی چۆنایەتی لە بواری تەندروستی و خۆشبژێوی، لە ناو ئەوانی دیکە دا.