ئارامتر بخوێنەوە!
که‌مینه ئایینییه‌کان له کوردستان:
له‌وبه‌ری ڕێڕه‌وی سه‌ره‌کییه‌وه*
سارۆ ئه‌رده‌ڵان
خــانا ئۆمه‌رخاڵی، ئامــاده‌کاری کـتێبی «کـه‌مینه ئایینییه‌کان له کوردستان: له‌وبه‌ری ڕێڕه‌وی سه‌ره‌کییه‌وه»، له پێشه‌کیی کتێبه‌که‌یدا ئاماژه به‌وه ده‌کا که بیرۆکه‌ی سازکردنی ئه‌م کتێبه بۆ ساڵی ٢٠١٢ ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و کاته‌ی له کۆنفڕانسی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی له زانکۆی ئێگزێته‌ر (بریتانیا)، دوو پانێل له ژێر ناوی «که‌مینه‌ی ئایینی و گۆڕانکاریی سیاسی له کوردستان» به‌ڕێوه چووه. مه‌به‌ست له‌وبه‌ری ڕێڕه‌وی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که به گشتی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌ت له کوردستان، ئایینی سه‌ره‌کی دینی ئیسلامه، به‌ڵام له کوردستان له پێش ئیسلامه‌وه هه‌تاکوو نها، چه‌ندین ئایینی تر هه‌بووه و کورده‌کان وه‌ک ئیماندارانی ئه‌م ئایینانه، تاکوو ئیستا به‌پێی بیر و باوه‌ڕه‌کانی خۆیان ژیاون. بۆشاییی لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئایینه جۆراوجۆره‌کان، کاتێک زیاتر ده‌رده‌که‌وێ که بزانین لێکۆڵینه‌وه پێشووتره‌کان زیاتر له‌سه‌ر ســێ ئایینی سـه‌ره‌کیی ئیسلام، مه‌سیحییه‌ت و جووله‌که له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا وێستاون. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر باسی ئه‌م که‌مینانه‌ش ده‌کرێ، له ڕووی مافه‌کانی گرووپه ئایینییه‌کانه‌وه‌یه و ئه‌و دامه‌زراوانه، توێژینه‌وه‌کان به ئه‌ستۆ ده‌گرن که بۆ بابه‌تی مافی مرۆڤ ته‌رخان کراون.
له مژاری په‌یوه‌ندیدار به کوردستان تاکوو چاپی ئه‌م کتێبه، ته‌نیا کتێبه‌که‌ی مارتین فان برۆینسه‌ن به ناوی «مه‌لاکان، سۆفییه‌کان وڕافزییه‌کان: ده‌وری ئایین له کۆمه‌ڵگای کوردی»، له‌به‌ر ده‌ست بوو که له کۆمه‌ڵه وتارێک پێکهاتووه که مارتین پێشتر له ژورناڵه جۆراوجۆره‌کان به چاپی گه‌یاندووه. هه‌ر بۆیه زۆربه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که تاکوو ئیستا له‌به‌ر ده‌ستن زیاتر سه‌باره‌ت به ئایینێکی تایبه‌ت توێژینه‌وه‌یان ئه‌نجام داوه و وه‌ک ئایین له کوردستان نه‌پڕژاونه‌ته سه‌ر ئه‌م بواره. سه‌ره‌ڕای پێشه‌کییه‌کی کورت که ئۆمه‌رخاڵی بۆ کتێبه‌که نووسیویه‌تی، ئه‌م به‌رهه‌مه له دووتوێی شه‌ش به‌شدا، حه‌ڤده وتاری له‌خۆ گرتووه و له درێژه‌دا من هه‌ر کام له وتاره‌کان به‌کورتی پێناسه ده‌که‌م.
به‌شی یه‌که‌م که بۆ مژاری ئایینی یارسان (ئه‌هلی هه‌ق یا کاکه‌یی) ته‌رخان کراوه سێ وتاری له‌خۆ گرتووه. فیلیپ کرینبرۆک له ژێر ناوی یارسانی کوردستان وتاره‌که‌ی خۆی نووسیوه. ده‌توانم بڵێم له‌به‌ر زانیاریی قووڵی کرینبرۆک له‌سه‌ر هه‌ر دوو ئایینی یارسان و ئێزدی و هه‌روه‌ها هه‌ر دوو ئایینی کۆنی ناوچه‌که، زه‌رده‌شتیگه‌ری و میترائیسم، توانیویه‌تی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له کۆمه‌ڵگه‌ی یارسان ورد ببێته‌وه، هه‌روه‌ها له ڕووی لایه‌نی مێژوویی، مێژووی پیرۆز، جیهابینی و بیروباوه‌ڕه‌کان، ده‌قه‌کان و گێڕانه‌وه‌ی زاره‌کی، پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێوڕه‌سم و جه‌ژنه‌کانی یارسان (جام یا زێکر، نه‌زر، نیاز، سه‌ر سپاردن، مه‌ڕنۆ و جه‌ژنی خاوه‌نکار، قه‌وه‌لتاس) شیکارییه‌کی سه‌رنجڕاکێش به ده‌سته‌وه بدا. هه‌رچه‌ند ده‌کرێ بگوترێ که نه‌ریتی زاره‌کیی یارسان، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و گێڕانه‌وانه‌یه‌یه که به زمانی کوردی سینگ به سینگ گوازراونه‌ته‌وه، به‌ڵام له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه، زمانی فارسیش له یه‌کێک له لقه‌کانی ئه‌م ئایینه‌دا به‌کار هاتووه. لێره‌وه ده‌توانین باس له وتاری دووه‌م بکه‌ین که له لایه‌ن مۆژان مێمبرادۆوه و به ناوی حاجی نێعمه‌توڵڵا جه‌یحون‌ئابادی (١٨٧١-١٩٢٠) و ڕێڕه‌وه عیرفانییه‌که‌ی له‌ناو ئایینی ئه‌هلی هه‌قدا نووسراوه. له کاتێکدا له ده‌ستووری بنچینه‌ییی ئێران‌دا، ئایینی یارسان به فه‌رمی نه‌ناسراوه و حکومه‌ته جیاکانی ئێران وه‌ک به‌شیک له ئایینزای شیعه باسیان لێ ده‌که‌ن، هه‌ر ئه‌مه ده‌بێته هه‌وێنی ئه‌وه‌ی که به‌شیک له په‌یڕه‌وانی ئه‌م ئایینه هه‌وڵ بده‌ن فه‌زایه‌کی زیاتر بۆ بیروباوه‌ڕه‌کانی خۆیان ساز بکه‌ن. حاجی نێعمه‌توڵڵا له ڕێگه‌ی نووسینی چه‌ند ده هه‌زار دێڕ شێعری ئایینی به زمانی فارسی (شانامه‌ی حه‌قیقه‌ت)، بۆ یه‌که‌م جار له نه‌ریتی کوردی ئه‌م ئایینه لایداوه و هه‌ر به‌م گوێره‌یه‌ش خانقایه‌کی تایبه‌ت به‌و نه‌ریته دوای ئه‌و دامه‌زراوه. حاجی نێعمه‌توڵڵا باس له‌وه ده‌کا که ڕێبازه‌که‌ی هی ساحه‌ب زه‌مانه و له ڕێگه‌ی ڕشته‌ی فه‌قره‌وه عیرفانێکی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه. هه‌ر بۆیه خۆیان وه‌ک خاندانی دوازده‌هه‌می ئه‌هلی هه‌ق (سه‌ره‌ڕای یازده خاندانی یارسانه‌کان) ده‌زانن و به خاندانی ساحه‌ب زه‌مانی خۆیان پێناسه ده‌که‌ن. له وتاری سێیه‌م و کۆتاییی ئه‌م به‌شه‌دا په‌رته‌و هووشمه‌ند، گرنگیی به بواری مۆسیقا داوه و سه‌ردێڕی «مۆسیقای پیرۆزی کوردیی ئه‌هلی هه‌ق له هه‌رێمی گۆران»ی بۆ هه‌ڵبژاردووه. هه‌ر وه‌ک ئاگادارین مۆسیقا به‌شێکی جیانه‌کراوه له ئایینه‌کانی یارسان، ئێزدی و عه‌له‌وییه. هووشمه‌ند له‌م وتاره‌دا و به که‌ڵک وه‌رگرتن له مێتۆدی ئیتنۆ-میوزیکۆگرافی هه‌وڵی داوه که له پارێزگای کرماشان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ده‌وری مۆسیقا له گواستنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی ئایینی یارسان نیشان بدا. به‌تایبه‌ت باس له ئامێری ته‌نبور ده‌کا که چۆن هاوکات له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی که‌لام و به مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ی ده‌قی ئایینی، یارمه‌تیده‌ری نه‌ریتێکی به‌هێزی زاره‌کییه. هووشمه‌ند له درێژه‌دا باس له‌و میکانیزمانه ده‌کا که ئه‌م مۆسیقا تایبه‌ته، هه‌ستی شانازی و ناسنامه له ناو ئیمانداره‌کان ساز ده‌کا و له ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانن به‌سه‌ر ڕووداوه نه‌خوازراوه‌کانی ژیانی ڕاسته‌قینه‌دا سه‌رکه‌ون.
به‌شی دووه‌می کتێبه‌که بۆ ئایینی ئێزدی ته‌رخان کراوه و سێ وتاری له‌خۆ گرتووه. باوه‌ڕدارانی ئێزدیی له باشوور، ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان و هه‌روه‌ها له ئه‌ڕمه‌نیا(ئه‌ڕمه‌نستان) و جۆرجیا (گۆرجستان) ده‌ژین. گوایه له سه‌رده‌می قاجاریشدا له ناوچه‌ی کرماشان باس له بوونیان کراوه. له هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له ئێزدییه‌کان له دیاسپۆرا و به‌تایبه‌ت له ئاڵمان ده‌ژین. خانا ئۆمه‌رخاڵی که خۆی یه‌کێک له شاره‌زایانی ئه‌م بواره‌یه، له وتارێکدا به ناوی گۆڕانکارییه نوێکان له سیسته‌می ئێزدیی گواستنه‌وه‌ی مه‌عریفه‌ی ئایینی و پێگه و ده‌سه‌ڵاتی عیرفانی باس له‌وه ده‌کا که به هۆی ئه‌وه‌ی له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا، نه‌ریتی زاره‌کیی ئێزدیایه‌تی نووسراوه‌ته‌وه و میدیای نوێ کاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر شێوازی گواستنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی ئایینی داناوه، کولتووری ئێزدی، هه‌ندێک گۆڕانکاریی به سه‌ردا هاتووه. هه‌ر ئه‌م گۆڕانکارییانه که له ڕێگه‌ی میدیای نوێوه ساز بوون، بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی، سیسته‌می قه‌ولبێژی وه‌ک خۆی نه‌مێنێ و بکرێ به ئاسانی له ڕێگه‌ی ڤیدیۆوه گوێ له قه‌وله تۆمارکراوه‌کان بگیردرێ. هه‌روه‌ها پێگه‌ی توێژی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له ناو ئایینه‌که‌دا وه‌ک جاران له ناو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی و به‌تایبه‌ت له ناو گه‌نجه‌کان به‌هێز نه‌بێ. له وتاری دووه‌مدا «یه‌ک کۆمه‌ڵگه و دوو ناسنامه: ئێزدییه‌کانی سوریا و هه‌وڵ بۆ خۆگونجاندن»، سێباستییه‌ن مایسل، باس له‌وه ده‌کا که هه‌ر له کۆنه‌وه ئێزدییه‌کان له لایه‌ن عه‌ڕه‌به‌کانه‌وه و هه‌ندێک له گروپه‌کان له کوردستان وه‌ک شه‌یتانپه‌ره‌ست ناوزه‌د کراون و هه‌ر له‌م ڕووه‌شه‌وه به‌ره‌وڕووی ئازار و هه‌ڵاواردن بوونه‌ته‌وه. به‌ڵام له دوای گۆڕانکارییه‌کان له سوریا و سازبوونی شه‌ڕی ناوخۆیی و پێکدادانی قه‌ومی و ئایینی، دۆخی ئێزدییه‌کانیش گۆڕانی به سه‌ردا هاتووه. له دوو ناوچه‌ی جیا له یه‌ک له ڕۆژئاوای کوردستان ئێزدییه‌کان ده‌ژین: له عه‌فرین و له جزیره، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که ئێزدییه‌کان ناسنامه‌یه‌کی پچڕپچڕیان ببێ و دوابه‌دوای گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ له سوریا بیانه‌وێ پێگه‌یه‌کی نوێ بۆ خۆیان ببیننه‌وه. له وتاری سێیه‌می ئه‌م به‌شه‌دا، ئێزدییه‌کان له قه‌فقازی یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌ت و وڵاته‌کانی دوای یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌ت، نۆدار مۆسه‌کی له وتارێکی ته‌واو به‌ڵگه‌مه‌نددا هه‌وڵیداوه که ئامارێک له ژماره‌ی ئێزدییه‌کان له دوو قۆناغی مێژوویی‌دا و له‌و وڵاتانه به ده‌سته‌وه بدا که دوای ڕووخانی یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌ت، وه‌کوو ئه‌رمه‌نیا و جۆرجیا، ساز بوون. ئاماره‌کان پێمان ده‌ڵێن بۆ یه‌که‌م جار له ساڵی ١٩٢٦ له یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌ت باس له ئێزدییه‌کان، وه‌ک گروپێکی قه‌ومیی جیاواز، ده‌که‌ن و له سه‌رژمێرییه‌کانی دواتردا وه‌کوو کورد ناویان هاتووه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، پاش ڕووخانی یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌ت، له وڵاتانی ڕووسیا، ئه‌رمه‌نیا و جۆرجیا دیسانه‌وه ئێزدیی بوون له کوردبوون جیا کراوه‌ته‌وه و ئێزدییه‌کان وه‌کوو گروپێکی قه‌ومیی جیا حسێبیان بۆ کراوه.
له به‌شی سێیه‌می کتێبه‌که‌دا سێ وتار سه‌باره‌ت به ئایینی عه‌له‌وی چاپ بووه. له یه‌که‌م وتاردا، «عه‌له‌وییه‌کانی ئێمه و برا کورده‌کانمان: هه‌ندێک تێبینی له‌سه‌ر ناسیۆنالیزم و سیاسه‌تی که‌مینه له تورکیا»، مارکوس درێسلێر که توێژه‌رێکی ناوداری بواری ناسنامه‌ی عه‌له‌وییه‌کانه باس له بواری سیاسیی په‌یوه‌ندیدار به عه‌له‌وییه‌کان له تورکیا ده‌کا. عه‌له‌وییه‌کان که له بنه‌ڕه‌تدا له ته‌ریقه‌تێک و گرووپێکی سیاسی به ناوی قزلباشه‌کانه‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه، زۆربه‌یان تورکن، به‌ڵام به‌شێکیشان کوردی زازان (که به زاری زازاکی یا دملی له باکووری کوردستان قسه ده‌که‌ن). هه‌ر وه‌ک یارسانه‌کان و ئێزدییه‌کان، ده‌سته‌یه‌کی ئایینییش به ناوی پیر، ڕه‌هبه‌ر و سه‌یت یا سه‌یه‌ت (سید به عه‌ره‌بی) له ناو عه‌له‌وییه‌کاندا، ڕێبه‌رایه‌تیی کۆمه‌ڵگایان به ده‌سته‌وه‌یه. درێسلێر باس له‌وه ده‌کا که چۆن پێناسه‌ی سه‌رده‌سته‌یی تورکی موسڵمانی سوننی، کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه داناوه. له سیاسه‌تی په‌یوه‌ندیدار به نه‌ته‌وه‌سازی له تورکیای مۆدێرندا، عه‌له‌وه‌ییه‌کان وه‌کوو تورک ناسێندراون و کورده‌کان وه‌ک ئه‌و که‌سانه‌ی که له داهاتوودا ده‌بن به تورک. هه‌ر ئه‌مه له ڕووی ناسنامه‌وه بۆ عه‌له‌وییه کورده‌کان کێشه‌ی ساز کردووه. له لایه‌که‌وه، له گوتاری ڕه‌سمیی ناسیۆنالیزمی تورکیدا، تورک بوون و موسوڵمان بوون ئاوێته‌ی یه‌کن و له لایه‌کیشه‌وه عه‌له‌وه‌ییه‌کان وه‌ک تورکی په‌تی ناوزه‌د ده‌کرێن که له کوردبوونیان دووریان ده‌خاته‌وه. له وتاری دووه‌مدا لوقمان تورگوت، له ژێر ناوی «ڕوانگه‌یه‌ک له هه‌ناوی کوردانی عه‌له‌وه‌ییه‌وه: دیوانا هه‌قی پیر عه‌لی بالی»، گرنگی به ناساندنی ئه‌م کتێبه ده‌دا که به زمانی کوردییه و دژ به ڕوانگه‌ی زانای فه‌ڕه‌نسی ئێرنێ مێلکۆف ده‌وه‌ستێت که پێی وایه ئایینی عه‌له‌وی له درێژه‌ی ئایینی شه‌مه‌نیسمی تورکیدایه. جانڕۆژ کێلێس، له وتاری سێیه‌می ئه‌م به‌شه‌دا به ناوی «سیاسه‌تی ئایینی و ناسنامه‌ی قه‌ومی له ناو کوردانی عه‌له‌وی له زێدی خۆیان و له دیاسپۆرا»، باس له‌وه ده‌کا که هه‌ر له سه‌رده‌می عوسمانییه‌کانه‌وه و تا ده‌یه‌ی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی بیسته‌م، له‌به‌ر ئه‌و گوشارانه‌ی که له‌سه‌ر عه‌له‌وییه‌کان بووه و هه‌ڵاواردنیان، سیاسه‌تێکی شاردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕه‌کانیان له ناویاندا باو بووه. به‌ڵام به هۆی گۆڕانکارییه‌کانی دوای جه‌نگی سارد و ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی که له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا له بواری ناسنامه‌دا ڕوویان داوه، عه‌له‌وییه‌کان به‌ره‌و ده‌رخستنی باوه‌ڕی خۆیان هه‌نگاویان ناوه. جانڕۆژ که تیشکی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌م ئایینه له ناو دیاسپۆرای عــــه‌له‌وییه‌کان به‌تایبه‌ت له ئاڵمان و بریتانیا، ئه‌و میکانیزمانه نیشان ده‌دا که عه‌له‌وییه‌کان له غوربه‌ت ئایینی خۆیان ده‌دۆزنه‌وه و سه‌ر له‌نوێ ڕاڤه‌ی بۆ ده‌که‌ن.
له به‌شی چواره‌م که بۆ ته‌ریقه‌ته‌کانی سۆفیگه‌ری و ئایینی شه‌به‌ک ته‌رخان کراوه، دیسانه‌وه سێ وتار هاتووه. تۆماس شمیدینگێر، له وتارێکدا به ناوی «کۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ققه: بزووتنه‌وه‌یه‌کی جیاباوه‌ڕ به ئاخێزگه‌یه‌کی سۆفیانه‌وه»، باس له بزووتنه‌وه‌یه‌کی زۆر نوێ له ده‌یه‌ی شه‌ست و حه‌فتا له باشووری کوردستان ده‌کا که له دڵی سۆفیگه‌ریی ئیسلامییه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه و هه‌ر زوو په‌یڕه‌وانی حه‌ققه خۆیان له به‌ستێنه ئیسلامییه‌که جیا ده‌که‌نه‌وه. ئه‌م وتاره بۆ یه‌که‌م جار به شێوازیکی سه‌ربه‌خۆ توێژه‌رانی ڕۆژئاوایی به‌م بزووتنه‌وه‌یه ئاشنا ده‌کا. هه‌رچه‌ند له زمانی کوردی‌دا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش به ناوی ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له بزووتنه‌وه‌ی هه‌قه له لایه‌ن مسته‌فا عه‌سکه‌رییه‌وه له ساڵی ١٩٨٣بڵاو کراوه‌ته‌وه. له وتاری دووه‌مدا، ته‌ریقه‌تی خاکسار له کوردستان، شاهرۆخ ڕائی، باس له لێکچوونه‌کانی ته‌ریقه‌تێکی نویی سۆفیگه‌ریی ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئایینی ئێزدی و به‌تایبه‌ت ئایینی یارسان ده‌کا. بۆ نموونه له ته‌ریقه‌تی خاکسارییه‌دا باوه‌ڕ به کراس گۆڕین (ته‌ناسۆخ) پاش مردن هه‌یه و هه‌ر وه‌کوو له ئایینی یارساندا ئاماژه‌ی پێ کراوه ئه‌م له‌دایکبوونه‌وانه ١٠٠١ جاره (هه‌رچه‌ند له ئێزدی‌دا ژماره‌که ڕوون نییه). هه‌روه‌ها له خاکسارییه‌دا، وه‌کوو یارسان پێنج قۆناغی سه‌رسپاردن و جه‌وزشکاندن هه‌یه. له وتاری کۆتاییی ئه‌م به‌شه‌دا به ناوی «کۆتایی جیاباوه‌ڕی؟ شه‌به‌ک له عێراقی پاش سه‌دام»، میشێل لیزێنبێرگ، باس له ئایینی شه‌به‌ک ده‌کا که هه‌م له ناو کورده‌کاندا ده‌بیندرێ و هه‌م له ناو تورکمانه‌کانی باشووری کوردستان. له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی ئایین یاکوو ناســنامه‌ی شه‌به‌که‌کان مشت‌ومڕ زۆره. چونکه به‌شێک له شه‌به‌که‌کان خۆیان به سوننی ده‌زانن و هه‌ندێکیان خۆیان وه‌کوو شیعه پێناسه ده‌که‌ن. شه‌به‌که‌کان به شێوازی عه‌شیره‌یی پێناسه بۆ خۆیان ده‌که‌ن و ده‌کرێ ئاماژه به ناوی هه‌ندێک له عه‌شیره‌کان وه‌کوو باجه‌لان، حه‌ریری و ڕۆژبه‌یانی و هتد. بکرێ. زمانی دایکی شه‌به‌که‌کان به هه‌مان شێوه‌ی کاکه‌ییه‌کان به گۆرانی وه‌سف ده‌کرێ. لیزێنبێرگ ئاماژه به‌وه ده‌کا که پاش گۆڕانکارییه‌کانی ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژیمی به‌عس. زۆربه‌ی شه‌به‌که‌کان هه‌ڵگری ناسنامه‌یه‌کی ئایینین و پێداگری له‌سه‌ر ناسنامه‌ی زمانی ـ قه‌ومی خۆیان ناکه‌ن.
به‌شی پێنجه‌می ئه‌م کتێبه بۆ ئایینی جوو ته‌رخان کراوه و له دوو وتار پێکهاتووه. له دوای ١٩٥٠ زۆرینه‌ی جووه‌کانی کوردستان (له ڕۆژهه‌ڵات و باشوور) بۆ وڵاتی ئیسرائیل کۆچیان کردووه و ژماره‌یه‌کی زۆر که‌میان له کوردستان ماونه‌ته‌وه. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌ویه‌وه و له وتاری «کۆمه‌ڵگه‌کانی کورده‌جووه‌کان»، بێرگت ئه‌مان باس له بواری مێژووییی ژیانی جووه‌کان له کوردستان ده‌کا و له شێوازی ژیانی ئه‌وان ده‌کۆڵێته‌وه که چۆن له گوند و شاره‌کانی کوردستان ژیاون بێ ئه‌وه‌ی له پێکهاته‌یه‌کی عه‌شیره‌ییدا هه‌بن. یۆنا سه‌به‌ر له وتارێکی سه‌رنجڕاکێشدا به ناوی «ئه‌ده‌بیاتی کوردی ـ ئارامیی نوێ؛ جووه‌کانی کوردستان»، باس له‌وه ده‌کا که هه‌رچه‌ند جووه‌کان خاوه‌نی کتێبی نووسراون، به‌ڵام کورده جووه‌کان خاوه‌نی ئه‌ده‌بیاتیکی فۆلکی ده‌وڵه‌مه‌ندن که وه‌ک کورده‌کانی دیکه به شێوازی زاره‌کی له ناو خۆیاندا پاراستوویانه. بۆ جووه‌کان زمانی یه‌که‌م ئارامیی نوێ بووه و کوردی وه‌ک زمانی دووه‌م به‌کار هاتووه و ئه‌ده‌بیاتی ئایینییه‌کانیان له سه‌رچاوه عیبرییه‌کانه‌وه بۆ سه‌ر زمانی ئارامیی نوێ ته‌رجه‌مه کراوه‌ته‌وه و له هه‌مان کاتدا ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌ی که په‌یوه‌ندیی به ئایینه‌وه نه‌بووه، زۆرتر له کوردییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
به‌شی شه‌شه‌م و کۆتاییی کتێبه‌که بۆ ئایینی مه‌سیحییه‌ت ته‌رخان کراوه. مه‌سیحییه‌کان که له کوردستان زیاتر وه‌کوو فه‌له پێناسه‌یان بۆ کراوه، یه‌کێک له کۆنترین کۆمه‌ڵگا مه‌سیحییه‌کان له جیهاندان که تاکوو ئه‌مڕۆ ماونه‌ته‌وه و له ناویاندا په‌یڕه‌وانی چه‌ندین کڵێسه‌ی مه‌سیحی ده‌بیندرێ که ژماره‌یان له ده شێواز تێده‌په‌ڕێت. له وتاری «کۆپیی کوردستان: مه‌سیحییه‌کانی دیاسپۆرا»، ئێریکا هونته‌ر باس له‌وه ده‌کا که پاش ساڵی ٢٠٠٣ و به هۆی نائارامییه‌کانی عێراقه‌وه و هه‌روه‌ها ئه‌و که‌شه هێمنه‌ی که بۆ باوه‌ڕداره جۆراوجۆره‌کان له هه‌ریمی کوردستان ڕه‌خسابوو، ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو له مه‌سیحییه‌کان له به‌غدا و موسڵه‌وه له باشووری کوردستان نیشته‌جی بوون. هونته‌ر به‌تایبه‌ت گرنگیی به شێوازی ژیانی مه‌سیحییه‌کان له گه‌ڕه‌کی عه‌نکاوه‌ی هه‌ولێر داوه که هه‌ندیک جار وه‌ک ڤاتیکانی کوردستان ده‌ناسێندرێ. له وتاری دووه‌مدا،»کوردی دز: ستریۆتایپێک له ناو مه‌سیحییه سریانییه‌کان»، به ئاوڕدانه‌وه له ژیانیان له‌گه‌ڵ کورده‌کان، مارتین ته‌مکێ، به هێنانه‌وه‌ی چه‌ند نموونه‌یه‌ک له کۆتایی سه‌ده‌ی نوزده‌یه‌م تاکوو کۆتایی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی له ناوچه‌ی ورمێ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، باس له‌وه ده‌کا که سه‌ره‌ڕای ئاماژه‌ی هه‌ندێک له گه‌ڕیده ئه‌ورووپییه‌کان، له ناو ده‌قه سریانییه‌کانیشدا باس له کوردی دز کراوه. له وتاری کۆتاییی ئه‌م به‌شه و کتێبه‌که‌شدا، «ده‌ق، ئایین و کۆمه‌ڵگا: وه‌رگێڕانه نوێکانی ئه‌نجیل به زمانی کوردی له به‌ستێنی گۆڕانکارییه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کان له کوردستان»، مارسین ڕزێپکا نیشانی ده‌دا که هاوکات له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی زمانی کوردی وه‌کوو زمانێکی ئایینی، چه‌ندین جار ئێنجیل بۆ سه‌ر زمانی کوردی ته‌رجه‌مه ده‌کرێته‌وه. یه‌کێک له یه‌که‌م ته‌رجه‌مه‌کان به کورمانجی و به ئه‌لفوبێی ئه‌رمه‌نی کراوه و له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مه‌وه چه‌ندین وه‌رگێڕانی ئێنجیل بۆ سه‌ر زاره کوردییه‌کان ده‌بیندری. ڕزێپکا ده‌یه‌وێ ڕه‌گ و ڕیشه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کانی وه‌رگێڕانی ئێنجیل بۆ سه‌ر زمانی کوردی نیشان بدا و ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌ستنیشان بکا که چۆن وه‌رگێڕانه‌کان سه‌ره‌تا به ئامانجیکی ته‌بشیری و بانگخوازانه‌وه بوون و به‌ره‌به‌ره به‌ره‌و ده‌قێکی هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندیی کولتووری ڕۆشتوون. هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێ به‌م پرسیارانه وڵام بداته‌وه که چ که‌سانێک ئه‌م وه‌رگێڕانانه به‌کار ده‌هێنن و کاردانه‌وه‌ی کولتووری و ڕێکخراوه‌یی چی‌یان هه‌یه و له ناو کورده موسڵمانه‌کاندا چۆن سه‌یر ده‌کرێ. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته توێژه‌ر به که‌ڵک وه‌رگرتن له ڕوانگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵناسانه بۆ وه‌رگێڕانی ده‌قیکی ئایینی، ئاماژه به دوو وه‌رگێڕانی کورمانجی و یه‌ک وه‌رگێڕانی سۆرانی له ده‌قی پیرۆزی مه‌سیحییه‌کان ده‌کا.
من به‌دڵنیاییه‌وه ده‌توانم بڵێم که ئه‌م کتێبه تاکوو ئیستا له جۆری خۆیدا بێ وێنه‌یه و ئۆمه‌رخاڵی توانیویه‌تی، به‌شێوازێکی وردبینانه، نه‌ته‌نیا بۆ توێژه‌ران و خوێندکاره‌کان سه‌رچاوه‌یه‌کی زانستی به‌رهه‌م بێنێت، به‌ڵکوو کتێبه‌که بۆ خوێنه‌رانی هۆگــــری به‌ده‌ستهێنانی زانیاری سه‌باره‌ت به ئایین له کوردستان زۆر سه‌رنجڕاکێش ده‌بێ. زۆربه‌ی توێژه‌ران له‌م کتێبه‌دا توانیویانه به‌پێی ده‌ستڕاگه‌یشتن به سه‌رچاوه‌ی ده‌ستی یه‌که‌م و زاڵ بوون به سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی توێژینه‌وه‌دا، بابه‌تی نوێ به مژاری ئایین له کوردستان زیاد بکه‌ن. بابه‌تێکی گرنگی دیکه ئه‌وه‌یه، کۆی وتاره‌کان یارمه‌تیده‌ری پڕ کردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌کی مه‌زنی بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردین، چونکه له‌به‌ر هۆی زاڵ بوونی مژاری سیاسی، که‌متر ئاوڕ له‌و بابه‌تانه ده‌درێته‌وه که ئایین وه‌ک بواری توێژینه‌وه هه‌ڵده‌بژێرن. له کۆتاییدا و له هه‌مووی گرنگتر به لای منه‌وه، یه‌که‌ی توێژینه‌وه‌ی کتێبه‌که کوردستانه. له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه هاوشێوه‌کان، بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به مژاری ئایینی له کوردستان به دوو شێواز باسی لێ ده‌کرێ. یاکوو له‌و کتێبانه‌دا که په‌یوه‌ندییان به ئێران، تورکیا، عێراق، ئه‌رمه‌نستان و سوریاوه هه‌یه و بابه‌تی ئایینی له کوردستان وه‌ک که‌مینه‌یه‌ک له‌و وڵاتانه نیشان ده‌درێ و هه‌ر به‌م گوێره‌یه له دووانه‌ی لێکدانه‌بڕاوی زانست/مه‌عریفه‌دا له به‌رژه‌وه‌ندیی کۆلۆنیالیزمی ئاکادێمیک و به مه‌به‌ستی سوڵته‌ی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرێ. یاکوو له‌و کتێبانه‌ی که سه‌باره‌ت به کورد و کوردستانن ته‌نیا وه‌ک به‌شیک بۆ خاڵی نه‌بوونی باسه‌کان و دیسانه‌وه له چوارچێوه‌ی پرسی کورد له هه‌ر کام له پارچه داگیرکراوه‌کان باسی لێ ده‌کرێ. به‌ڵام له دووتوێی ئه‌م کتێبه‌دا ڕاسته‌وخۆ وتاره‌کان له چوارچێوه‌ی کوردستاندا جێیان بۆ ده‌کرێته‌وه و یه‌که‌ی توێژینه‌وه له سه‌ره‌وه‌ی پارچه‌کان، به دروستی کوردستان له مانا به‌رفراوانه کولتووری ـ سیاسییه‌که‌یدا هه‌ڵبژێردراوه.
کتێبی که‌مینه ئایینییه‌کان له کوردستان، ده‌بێ وه‌ک ده‌ستپێکێک بۆ تێگه‌یشتن له مه‌ودایه‌کی به‌رفراوان و ئاڵۆز سه‌باره‌ت به ڕه‌هه‌نده جۆراوجۆره‌کانی ئایین له کوردستان سه‌یر بکه‌ین. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه هه‌ندێک که‌موکورتی به کتێبه‌که‌وه دیاره که له ڕاستیشدا ڕه‌نگه نه‌کرێ له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته زانستییه‌ی که له ئاکادێمیای په‌یوه‌ندیدار به پرسی کوردستانه‌وه هه‌یه، به‌ئاسانی چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه و هیوادارم له دواڕۆژدا ببێته هۆی لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتر و توێژه‌رانی زیاتر تاوتوێی ئه‌م مژاره بکه‌ن. بۆ نموونه ڕوانگه‌یه‌کی گشتی سه‌باره‌ت به ئایین له کوردستان و سازکردنی تیۆری بۆ ئه‌م مژاره له کتێبه‌که‌دا نابیندری. ئۆمه‌رخاڵی له پێشه‌کیی کتێبه‌که‌دا زیاتر باسی له پێویست بوونی ئه‌م کتێبه کردووه و وتاره‌کانی ناساندووه و خۆی له‌و باسانه‌وه نه‌داوه که خوێنه‌ر به ده‌رکێک له مێژووی ئایین له کوردستان بگا و بتوانێ کۆی وتاره لێکدابڕاوه‌کان پێکه‌وه گرێ بداته‌وه. هه‌روه‌ها جگه له هه‌ر دوو ئایینی ئێزدی و یارسان که له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا توێژینه‌وه‌ی زۆریان له‌باره‌وه کراوه، ئایینی عه‌له‌وی و به‌تایبه‌ت شه‌به‌ک و هه‌روه‌ها ئیمکانه‌کانی په‌یوه‌ندیی مه‌عریفیی ئه‌م ئایینانه پێکه‌وه و شێوازی هه‌ڵکردنیان له‌گه‌ڵ ئایینی ئیسلام که‌متر له‌م کتێبه‌دا ئاماژه‌یان پێ کراوه. ده‌کرێ له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌م به‌رهه‌مه ناوازه‌یه په‌ره‌ی زیاتری له ئاکادیمیا پێ بدرێ و له کۆتاییدا گرنگه له‌بیری نه‌که‌ین که وه‌رگێڕانی کۆی وتاره‌کانی ئه‌م کتێبه بۆ سه‌ر زمانی کوردی ئێجگار پێویسته.
*. KhanaOmarkhali (ed.) Religious Minorities in Kurdistan: Beyond the Mainstream (Wiesbaden: Harrassowitz Verlag, 2014) pp. XXXVIII + 413. ISBN: 978-3-447-10125-7


