ئارامتر بخوێنەوە!
مه‌لاکان، سۆفییه‌کان و جیاباوه‌ڕه‌کان:
ده‌وری ئایین له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا*
شاهۆ زه‌نگه‌نه
ده‌کرێ کتێبی مه‌لاکان، سۆفییه‌کان و جیابیره‌کان، وه‌کوو سه‌فه‌ری یه‌ک چاره‌گه سه‌ده‌ی مارتین فان برۆینسێن، (له‌دایکبووی ١٩٤٦) به ناو مژاره ئایینییه جۆراجۆره‌کان له کوردستاندا، پێناسه بکه‌ین. گرنگیی برۆینسێن بۆ بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی له ئاستێکدایه که دوور نه‌ڕۆشتووین ئه‌گه‌ر وه‌ک گرنگترین ئاکادێمیسییه‌نی ئه‌م بواره نوێیه ناوزه‌دی بکه‌ین و هه‌ر له ئیستاشدا و دوای خانه‌نشینی له زانکۆی ئۆترێخت، سه‌رنووسه‌ری ژورناڵی کوردیش ستادیزه و هه‌روه‌ها له کۆڕ و کۆبوونه‌وه زانستییه‌کانی سه‌باره‌ت به کوردستان هه‌میشه وه‌ک پاڵپشتێکی گرنگ ده‌رکه‌وته‌وتووه. ده‌ستپێکی برۆینسێن بۆ لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به کوردستان، بۆ سه‌فه‌رێکی بۆ ناوچه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه، کاتێک به سه‌رسوڕمانه‌وه ده‌بینێت که مرۆڤی ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری سنووره‌کانی ئێران و تورکیا وه‌ک یه‌ک قسه ده‌که‌ن و کولتووریان زۆر لێک نزیکه. هه‌ر ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی دوای خوێندنی فیزیا، له بواری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئانترۆپۆلۆژی درێژه به خوێندن بدا و دوای دوو ساڵ توێژینه‌وه له کوردستان(١٩٧٤-١٩٧٦)، تێزی دوکتۆراکه‌ی له ژێر ناوی «ئاغا، شێخ و ده‌وڵه‌ت: لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به ڕێکخراوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له کوردستان» بنووسێت (که دواتر به چه‌ندین زمان و یه‌ک له‌وانیش کوردی ته‌رجه‌مه کراوه‌ته‌وه). ئه‌م کتێبه‌ش که وه‌کوو کۆمه‌ڵه وتار سه‌ره‌تا له ساڵی ٢٠٠٠ چاپ بووه و دواتر له ساڵی ٢٠١١ له ئه‌سته‌نبۆل چاپ کراوه، ئه‌و وتارانه له خۆ ده‌گرێ که له نێوان ساڵه‌کانی ١٩٧٨ تا ١٩٩٩ نووسراون. دیاره دوای ئه‌م ساڵانه‌ش، برۆینسێن سه‌باره‌ت به کوردستان و هه‌روه‌ها ئایین، توێژینه‌وه‌ی سه‌رنجڕاکێشی ئه‌نجام داوه. هه‌ر بۆیه بۆ تێگه‌یشتن له بیرۆکه‌کانی ئه‌و، ناکرێ ته‌نیا له ڕووی ئه‌م کتێبه‌وه به هه‌ڵسه‌نگاندنێکی کۆتایی بگه‌ین. ئه‌مه له کاتێکدایه که به‌شێکی گرنگی توێژینه‌وه‌کانی برۆینسێن سه‌باره‌ت به ئیسلام و ته‌ریقه‌ته سۆفییانه‌کانی ئه‌ندۆنێزیایه و بۆ ماوه‌ی نزیک ده ساڵ ژیان و توێژینه‌وه له‌و وڵاته، کۆی نووسینه‌کانی به سه‌ر دوو وڵاتی کوردستان و ئه‌ندۆنێزیادا دابه‌ش بووه.
کتێبی مه‌لاکان، سۆفییه‌کان و جیابیره‌کان، له چوار به‌ش و پازده وتار پێکهاتووه. سه‌ره‌تا ئاماژه به ناونیشانی وتاره‌کان ده‌که‌م و له درێژه‌دا دوو وتاری ده‌ستپێک که به شێوازێک ده‌توانم بڵێم تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی هه‌موو وتاره‌کانیان له خۆیاندا هه‌ڵگرتووه ده‌ناسێنم. سه‌ردێڕی وتاره‌کان له هه‌ر به‌شێکدا بریتین له:
[به‌شی یه‌که‌م] موزاییکی ئایینی:
(١) ئایین له کوردستان (١٩٩١)؛
(٢) کورد و ئیسلام (١٩٩٩) و
(٣) مه‌سیحییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا، ده‌وڵه‌ت و پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی (١٩٧٩).
[به‌شی دووه‌م] شێوازی فێرکاری و عێرفان له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌م تاکوو نۆزده‌یه‌م له کوردستان:
(٤) ژیانی ئایینی له دیاربه‌کر: فێرکاریی ئایینی و ده‌وری ته‌ریقه‌ته‌کان (١٩٨٨)؛
(٥) ڕێبازی نه‌قشبه‌ندی له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌م له کوردستان (١٩٩٠)؛
(٦) کاریگه‌ریی عه‌للامه کورده‌کان له ئیسلام له ئه‌ندۆنێزیا (١٩٩٢)؛
(٧) زانا کورده‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م له باشوری ئافریکا (١٩٩٢).
[به‌شی سێیه‌م] ده‌وری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ڕێبازکانی سۆفیگه‌ری له کوردستان:
(٨) ئیسلامی گشتپه‌سه‌ند، ناسیۆنالیزمی کوردی و شۆڕشی گوندیانه: شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران له تورکیا (١٩٢٥)؛
(٩) له عوسمانچیه‌تییه‌وه بۆ جیاخوازی: پاشخانی ئایینی و قه‌ومیی شۆرشی شێخ سه‌عید (١٩٨٥)؛
(١٠) ساداتی نه‌هری یا گیلانیزاده‌ی کوردستانی ناوه‌ندی (١٩٩٩)؛
(١١) قادرییه و سیلسیله‌ی شێخه‌کانی قادری له کوردستان (١٩٩٩)؛
(١٢) سۆفییه‌کان و سوڵتانه‌کان له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و کوردستان: لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی به‌راوردکرانه (١٩٩٦).
[به‌شی چواره‌م] شکڵ‌گرتنی ئایینه جیاباوه‌ڕه‌کان له کوردستان:
(١٣) کاتیک که ناوی حاجی به‌کتاش هێشتا له‌گه‌ڵ سوڵتان سه‌هاک دێ: چه‌ند تێبینییه‌ک له‌سه‌ر ئه‌هلی هه‌ق له ناوچه‌ی گۆران (١٩٩٥)؛
(١٤) حاجی به‌کتاش، سوڵتان سه‌هاکم شاه مینا ساحه‌ب (١٩٩١)؛
(١٥) شه‌به‌ک، کۆمه‌ڵگه‌ی قزڵباشه‌کان له کوردستانی عێراق (١٩٩٨) و له کۆتاییدا کتێبناسییه‌کی گشتی بۆ کتێبه‌که ئاماده کراوه.
له به‌شی یه‌که‌مدا که ناوی موزاییکی ئایینیی بۆ دانراوه، برۆینسێن هه‌وڵ ده‌دا له وتاری یه‌که‌مدا، (ئایین له کوردستان)، چوارچێوه‌یه‌کی گشتی بۆ خوێنه‌ر سه‌باره‌ت به ئایین له کوردستان بکێشێته‌وه. به تێگه‌یشتنی من ئه‌م وتاره خاڵێکی وه‌چه‌رخان له مژاری ئایین له کوردستانه چونکه کوردستان بێ لکاندن به وڵاته داگیرکه‌ره‌کانه‌وه و وه‌ک یه‌که‌یه‌کی تویژینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ سه‌یر کراوه. ئه‌م وتاره به باسێک له‌سه‌ر ڕوانگه‌ی ناسیۆنالیسته کورده‌کان له گۆڤاری هاوار، به‌تایبه‌ت جگه‌رخوێن (١٩٠٣-١٩٨٤)، ده‌ست پێ ده‌کا و مه‌یلی ئه‌وان بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له ئیسلامی نه‌ریتی له کوردستان و پێناسه‌ی زه‌رده‌شتیگه‌ری وه‌ک ئایینی ڕه‌سه‌نی کوردستان نیشان ده‌دا. له درێژه‌دا به پێناسه‌ی جۆراوجۆری ئایینی له کوردستان، هه‌وڵ ده‌درێ که به‌کورتی هه‌ر کام له ئایینه‌کانی ئێزدی، ئه‌هلی هه‌ق(کاکه‌یی) و عه‌له‌وی (قزلباش) پێناسه بکرێ و ده‌وری سۆفیگه‌ری، له ئیسلامی سوننه له کوردستان، شی بکرێته‌وه. له درێژه‌دا به ئاوڕدانه‌وه له ته‌ریقه‌ته‌کان، به‌تایبه‌ت قادرییه و نه‌قشبه‌ندییه، ده‌وری ته‌ریقه‌ته‌کان و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ مۆدێرنیزم و هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه نوێیه‌کان، که هه‌ر کامیان به‌شێک له کوردستانیان پچڕاندووه، نیشان بدرێ. وتاره‌که به باسیک له‌سه‌ر ئیسلامی سیاسی و په‌یوه‌ندیی ئیسلام و ناسیۆنالیزم له کوردستان کۆتایی پێ دێ.
له وتاری دووه‌م و هه‌ره گرنگی ئه‌م کتێبه‌دا، (کورد و ئیسلام)، برۆینسێن پێی وایه که کورده‌کان ده‌ورێکی گرنگیان له مێژووی ئیسلامدا هه‌بووه به‌ڵام زۆربه‌ی کات ئاماژه‌ی پێ ناکرێ، چونکه ئه‌وان به‌ئاشکرا باسیان له قه‌ومیه‌تی خۆیان نه‌کردووه و زۆربه‌ی کات به سێ زمانی درواسێی کوردستان (عه‌ره‌بی، فارسی و تورکی) نووسیویانه. کوردستان چونکه ناوچه‌یه‌کی شاخاوییه، بۆ ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ وه‌ک ناوچه‌یه‌کی بافر[١]، له نێوان ئه‌و هه‌رێمانه‌دا ماوه‌ته‌وه که به‌و سێ زمانه قسه‌یان تێدا کراوه. هه‌رچه‌ند کوردستان به شێوازێکی سیاسی له په‌ڕاوێزی هه‌ر کام له‌و وڵاتانه‌دا هه‌ڵکه‌وتووه به‌ڵام ده‌ورێکی گرنگی کولتووری له‌و ناوبڕه‌دا هه‌بووه. برۆینسێن ئاماژه به که‌سانی خوێنه‌واری کورد ده‌کا که پێیانوایه کورده‌کان وه‌ک پردی په‌یوه‌ندی نێوان نه‌ریته ڕۆشنبیرییه جیاکان بوون و عه‌للامه کورده‌کان به سه‌ر هه‌ر سێ زمانی سه‌ره‌کی دنیای ئیسلامدا (عه‌ره‌بی، تورکی و فارسی) زاڵ بوون. به باوه‌ڕی برۆینسێن له کوردستان هه‌میشه دوو ڕه‌وتی ڕاست‌باوه‌ڕی و جیاباوه‌ڕی[2] پێکه‌وه هه‌بوون و ته‌نانه‌ت له سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا ده‌بیندرێن. مه‌به‌ست له ڕاست‌باوه‌ڕی له نێوان کوردان ئه‌وه‌یه که زۆربه‌ی ئیمانداران له کوردستان، باوه‌ڕیان به ئایینی ئیسلام و مه‌زهه‌بی شافعی هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا به‌ڵگه‌کان نیشانی ده‌ده‌ن که ئایینه جیاباوه‌ڕه‌کانی ئیزدی (له ڕێگه‌ی شێخ ئادی/عدی که سۆفییه‌کی موسڵمان بووه)، ئه‌هلی هه‌ق (له ڕێگه‌ی بابایادگاره‌وه که گوایه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شازده‌یه‌م به‌پێی وه‌قفی ئیسلامی باخێکی به ناوه‌وه کراوه)، عه‌له‌وی و شه‌به‌ک (له ڕێگه‌ی قزڵباشه‌کانه‌وه که خۆیان له ڕێبازی سۆفیگه‌ری سه‌فه‌وییه‌کان بوون) له ئایینی ئیسلامی ڕاست‌باوه‌ڕ جیا بووبێتنه‌وه. ئه‌م تێڕوانینه، له هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانی برۆینسیندا خۆی نیشان ده‌دا و هه‌ر له‌م کتێبه‌دا و له چه‌ندین وتاردا هه‌وڵ ده‌دا به شێوازێک په‌یوه‌ندی و هاوشێوه‌ییی ئه‌م چوار ئایینه (واته ئیزدی، ئه‌هلی هه‌ق، عه‌له‌وی و شه‌به‌ک) پێکه‌وه نیشان بدا. له درێژه‌ی ئه‌م وتاره‌دا نووســــه‌ر باس له بزوتنه‌وه ئیســلامییه‌کان و کاریگه‌ریی سۆفیگه‌ری و مه‌دره‌سه ئیسلامییه‌کان له‌سه‌ر سازبوونی ئه‌ده‌بی کوردی و سه‌ره‌تاکانی ناسیۆنالیزمی کوردی نیشان ده‌دا. هه‌روه‌ها باس له‌وه ده‌کا که بیرۆکه‌ی که‌سانێک وه‌ک مه‌ولانا خالید نه‌قشبه‌ندی و سه‌عید نه‌وره‌سی، نه ته‌نیا له کوردستان به‌ڵکوو له پانتاییه‌کی به‌رفراوانتردا کاریگه‌رییان هه‌بووه.
وتاره‌کانی ناو ئه‌م کتێبه له‌ڕاستیدا به مه‌به‌ستی پێکه‌وه‌بوون له یه‌ک کتێب به پێکهاته و مه‌به‌ستێکی دیاریکراو نه‌نووسراون و هه‌ر کامیان بۆ کۆنفرانس یا ژورناڵێکی تایبه‌ت ئاماده کراون. نووسه‌ر خۆی له‌م کێشه‌یه ئاگاداره و له پێشه‌کیی کتێبه‌که‌دا ئاماژه به‌وه ده‌کا که هه‌رچه‌ند زۆربه‌ی وتاره‌کان وا ده‌رده‌که‌ون که له جیاتی له‌سه‌ر ئایین له کوردستان بن، سه‌باره‌ت به سۆفیگه‌ری له کوردستانن، به‌ڵام ئه‌م شێوازه بۆ تایبه‌تمه‌ندیی ئایین له کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه که زۆربه‌ی مه‌لا و عه‌للامه‌کان، بۆخۆیان یا سۆفی بوون، یاکوو په‌یوه‌ندییه‌کی زۆر نزیکیان له‌گه‌ڵ ته‌ریقه‌ته‌کاندا هه‌بووه. هه‌روه‌ها ئایینه جیاباوه‌ڕه‌کانیش، به شێوازیکی مێژوویی، په‌یوه‌ندییه‌کی گرنگیان له‌گه‌ڵ سۆفیگه‌ری له کوردستان هه‌بووه و له هه‌مان کاتێشدا شاعیره کلاسیکه‌کان بۆ خۆیان له حوجره و خانه‌قاکان پێگه‌یشتوون و هه‌ر له ڕێگه‌ی تۆڕی به‌هێزی په‌یوه‌ندیی ئه‌م شوێنانه‌وه، توانیویانه به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان بڵاو بکه‌نه‌وه.
برۆینسێن سه‌ره‌تا وه‌ک مرۆڤناسێک توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر کوردستان ده‌ست پێ کردووه، به‌ڵام هه‌رچی به‌ره‌و پێش چووه زیاتر به‌ره‌و ئه‌و ڕێڕه‌وه هه‌نگاوی ناوه که له ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵناسییه‌وه بتوانێ به ده‌رکێکی قووڵتر له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له کوردستان بگا. هه‌روه‌ها هاوکات له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی ئایین، ده‌یان وتاری سه‌باره‌ت به پرسی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ناسیۆنالیزمی کوردی و به‌تایبه‌ت دۆخی سیاسیی کورد له باکووری کوردستان ئاماده کردووه. به لای منه‌وه یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه گرنگه‌کانی برۆینسێن، هه‌وڵ بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌یه و ئه‌وه‌ی که بتوانێ باس له که‌موکوڕییه‌کانی توێژینه‌وه‌کانی بکا. بۆ نموونه له وتارێکدا به ناوی «مه‌م و زینی ئه‌حمه‌دی خانی و ده‌وری له ده‌رکه‌وتنی ناسیۆنالیزمی کورد»، ئاماژه به‌وه ده‌کا که بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر پێی وابووه که ئه‌و دێڕانه‌ی مه‌م و زین که تیایدا باسی نیشتمانپه‌روه‌ری ده‌کرێ، هی خانی بۆخۆی نین و زۆر دواتر به مه‌م و زین زیاد کراون. به‌ڵام به بینینی ساغکردنه‌وه‌یه‌کی ڕۆدێنکۆ بۆی ده‌رکه‌وتووه که ئه‌م دێڕانه به دڵنیاییه‌وه ده‌بێ هه‌ر هی خانی بن.[3] یاکوو له دوایین نموونه‌دا «ناسنامه کوردییه‌کان و ناسیۆنالیزمه‌کانی کورد له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌مدا»، باس له‌وه ده‌کا که سه‌ره‌تاکان پێی وابووه که کورده‌کان عه‌شیره‌یین و به‌شێوازی کۆچه‌ر و نیوه‌کۆچه‌ر ده‌ژین و ده‌یانه‌وێ وه‌ک عه‌ره‌به‌کان، فارسه‌کان و تورکه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌وڵه‌ت ساز بکه‌ن (هه‌رچه‌ند ده‌ڵێ به‌خۆشحاڵییه‌وه ئه‌و بابه‌ته‌ی چاپ نه‌کردووه) و ئیستاش ئه‌م پێناسه‌یه له کوردبوونی قه‌بوڵ کردووه که کورده‌کان خۆیان په‌سه‌ندیان کردووه: «کورد که‌سیکه که خۆی به کورد ده‌زانێ و ده‌وروبه‌رییه‌کانی وه‌ک کورد ده‌یناسن.»[4]
بۆچوونه‌کانی برۆینسێن به‌شێک له مه‌عریفه‌یه‌ک پێک دینن که له ئیستادا وه‌ک بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی ده‌ناسرێ. ئه‌و بۆخۆشی هه‌وڵی داوه له وتارێکی چڕوپڕدا، شێوازی گه‌شه‌ی ئه‌م بواره، به‌تایبه‌ت له زانکۆکانی ئه‌ورووپا نیشان بدا. ده‌کرێ بگوترێ که ئایین، سیاسه‌ت و پرسی نه‌ته‌وه‌ییی کورد، سێ کاکڵی سه‌ره‌کیی به‌رهه‌مه‌کانی برۆینســـێن سه‌باره‌ت به کـوردستان پێک دێنن. جیا له‌و ڕه‌خنانه‌ی که ڕه‌نگه لێی بگیرێ، که له هه‌ندێک له وتاره‌کانی کۆمه‌ڵه‌وتاری مــه‌لاکان، سۆفییه‌کان و جیابیره‌کان ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، بۆ نموونه گه‌ڕان به شوێن مه‌لایه‌کی کورد له ئافریکا یاکوو هه‌ندێک به‌راوردکاری له نێوان شێوازی ئیسلام له کوردستان و له ئه‌ندۆنێزیا، ده‌کرێ باس له‌و که‌موکوڕییانه بکرێ که به هۆی مێتۆدۆلۆژیی مرۆڤناسییه‌وه بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی زانیارییه‌کانی له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ڕۆژ نه‌بێ. به‌گشتی ئه‌گه‌ر سه‌یری کۆی وتار و نووسینه‌کانی برۆینسێن بکه‌ین، که‌مترین بابه‌تی له‌سه‌ر پیکهاته‌ی سیاسیی حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له‌م پارچه‌یه‌دا نووسیوه. هه‌روه‌ها هه‌ر کات سه‌باره‌ت به ئایینی ئه‌هلی هه‌ق بابه‌تی نووسیوه، زیاتر به‌ره‌و لایه‌نی به‌راوردکاریی ئه‌م ئایینه له‌گه‌ڵ ئایینه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ڕۆشتووه.
*. Martin van Bruinessen. Mullas, Sufis, and Heretics: The Role of Religion in Kurdish Society: Collected Articles (Piscataway, NJ: Gorgias Press, 2011) VI + 324. ISBN: 978-1-4632-2988-7
په‌راوێز
[1]. Buffer Zone: ناوچه‌یه‌کی بێ لایه‌نه که هه‌رچه‌ند هێزه جۆراوجۆره‌کانی دوژمن ده‌توانن بچنه ناوی، به‌ڵام ئه‌و ناوچه‌یه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆی پارێزگاری ده‌کا و ده‌یانهێڵێته‌وه.
[2]. Orthodoxy and Heterodoxy
[3]. Martin van Bruinessen. «EhmedîXanî»s Mem û Zîn and its role in the emergence of Kurdish nationalism,» in Essays on the origins of Kurdish nationalism. Edited by Abbas Vali(Costa Mesa, Cal.: Mazda Publishers, 2003) 43.
Martin van Bruinessen, «Kurdish identities and Kurdish nationalisms in the early twenty-first century,» This paper was presented at the conference: ‘A new Middle East: Persistent Authoritarianism(s) or Prospects for Democratization?’ (Istanbul, Marmara University Faculty of Political Science and Friedrich Ebert Stiftung, 7-8 November 2015).
[4]. Martin van Bruineseen. «Kurdish Studies in Western and Central Europe,» in Wiener Jahrbuch fur KurdischeStudien. 18-96 (Vienna: Wiener Verlag fur Sozialforschung, 2014)


