ئارامتر بخوێنەوە!
بەسیاسیکردنی ئیسلام
پوختەی ئەنجامگیرییەکانی کتێبی بەسیاسی کردنی ئیسلام: شێرکۆ کرمانج[١]
ڕانانێك بۆ کتێبی بەسیاسی کردنی ئیسلام: ئیبراهیم سادیق مەلازادە[2]
ئاماژەی تیشک
هەرچەند ئایینی ئیسلام سیمایەکی سیاسیی هەیە، بەڵام لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئیسلامدا، بەدەگمەن ئاماژە بۆ سیاسەت، حوکمکردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات کراوە. هەروەها پێغمبەری موسوڵمانەکان دەوری دامەزرێنەری دەوڵەتی نەبووە و وەک مژدەدەر و پەیامبەر لە قورئاندا فەرمانی پێ کراوە. لە ئاکامی ئاوێتەکردنی چەمک و پراکتیزە عارەبی و غەیرە ئیسلامییەکان لەگەڵ بەها و پرنسیپە ئیسلامییەکان، تیۆریی سیاسیی ئیسلامی دوو سەدە دوای هاتنی ئیسلام بەرهەمهێنرا.
پوختەی ئەنجــامگیرییەکانی کــتێبی بەسیاسیکردنی ئیسلام
یەکەم پرسیار کە ئەم توێژینەوەیە هەوڵی وەڵامدانەوەی دا، ئەوە بوو کە ئایا سەرچاوە سەرەکییەکانی ئیسلام (قورئان و سوننەت) هیچ ڕێنماییەک دەربارەی سیاسەت و حوکمکردن لەخۆدەگرن؟ یان بە شێوازێکی دیکە، ئایا ئیسلام چوارچێوەیەکی بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دامودەزگاکانی دیاری کردووە؟ توێژینەوەکە بایەخێکی تایبەتی دا بە دەقە قورئانییەکان و خۆی لە بەکارهێنان و هەڵسەنگاندنی فەرموودەکانی پێغەمبەری موسوڵمانانیش تاڕادەیەک وەدوورگرت، چونکە فەرموودەکان پاش زیاتر لە دووسەد ساڵ لە مردنی پێغەمبەری موسوڵمانان کۆکراونەتەوە، لەبەرئەوە سەلماندنی ڕەسەنێتی فەرموودەکان کارێکی سەختە. بە پشتبەستن بەو خوێندنەوە وردەی بۆ قورئان کرا، لەگەڵ لێکۆڵینەوە لە هەندێک لە کاروکردەوەکانی پێغەمبەری موسوڵمانان و ڕووداوە گرنگەکانی یەکەمین قۆناغی مێژووی ئیسلام، دەرئەنجام ئەوەیە کە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئیسلام بەدەگمەن ئاماژەیان بۆ سیاسەت و حوکم کردن و دەستاودەست کردنی دەسەڵات کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاردان لەسەرئەوەی کە ئیسلام هیچ سیما و خەسڵەتێکی سیاسیی نیە، بڕیارێکی سەرپێیی و دوورە لە وردبوونەوە زانستی و ئەکادیمییەکان. ئیسلام هەندێک باوەڕ(عقیدە) و بەها(قیم) و ئاماژە و ڕاوێژ و ئاکاری وا لەخۆدەگرێت کە بایەخ و سیمای سیاسییان هەیە. ئەوەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە، تەنانەت ئەو وانە و ئامۆژگاری و ڕاوێژانەشی کە پوخت دینین، ڕەنگە لە ڕایەڵێکدا پەیوەندییان بە سیاسەتەوە هەبێت، یان کارئاسانی بۆ دروست کردنی پەیوەندیەکی لەوجۆرە دروست بکەن. نابێت ئەوەش لەبیربکرێت کە بەدرێژاییی مێژووی مرۆڤایەتی، پەیوەندیی نزیکی دین و سیاسەت شتێکی ئاسایی بووە. لەوەش زیاتر زۆر ئەستەمە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ببینینەوە کە تێکەڵ بە خەسڵەتە سیاسییەکان نەکرابێت یان لەخۆیان نەگرێت. ئەوە بەو مانایە نیە کە ئیسلام دینێکی سیاسییە یان خاوەن ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسییە؛ چونکە یەکێک لە خەسڵەتە بنەڕەتییەکانی هەر ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسی، ئەوەیە کە هەوڵی چارەسەری (address) مەسەلەی حکوومەت و دەستاودەست کردنی دەسەڵات و پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و جەماوەر بدات و بنەمای پرۆگرامێکی کۆمەڵایەتی-سیاسییش لەخۆبگرێت. بەدڵنیاییەوە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئیسلام چارەسەر و پڕۆگرامێکی لەم جۆرە لەخۆناگرن.
ئیسلامییەکان پێغەمبەری موسوڵمانانیان بە دامەزرێنەر و سەرۆکی یەکەمین حکوومەتی ئیسلامی داناوە و ئەمەشیان کردووە بە کۆڵەکەیەک بۆ بەسیاسیکردنی ئیسلام. هەرچەندە پێغەمبەری موسوڵمانان ڕۆڵی ڕابەرایەتیی لە بڵاوکردنەوەی دینی ئیسلام هەبوو و سەرکردەیەکی شارەزای دینیی کۆمەڵگە عارەبیەکانی نیمچەدورگەی عارەبی بوو، بەڵام دەکرێت ڕۆڵە ڕابەرایەتییەکەی تەنیا لە چوارچێوەی پراکتیزە کەلتورییەکانی عارەبان خوێندنەوەی بۆ بکرێت و وەربگیرێت(ئیستیعاب بکرێت). لێرەدا واچاکە دیسان ئاماژە بەوە بکرێت کە پێغەمبەری موسوڵمانان لە زیاتر لە پەنجا ئایەت لە قورئاندا، فەرمانی پێ کراوە یان وەبیری هێنراوەتەوە کە پێغەمبەری موسوڵمانان، تەنیا «مژدەدەر»، «ترسێنەر» و «پەیامبەر»ە و نەکراوە بە «سوڵتان» یان «وەکیل» بەسەر خەڵکەوە. ئەگەر پێغەمبەری موسوڵمانان ڕۆڵی سیاسییشی دیبێت، نابێت لەگەڵ ڕۆڵی پێغەمبەرایەتییەکەی (دور النبوە) تێکەڵ بکرێت، ڕۆڵی یەکەمیانی وەک کەسێک لە دەرەوەی دەقە ئیسلامییەکان بینیوە و دووەمیانی لە قورئاندا بۆ دیاری کراوە.
بەکورتی لە کـــتێبی بەسیاســــیکردنی ئیسلام، پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە ئیسلام، بەتایبەتی قورئان و سوننەت، باسیان نە لە سیاسەت و نە لە شێوازێکی دیاریکراوی حوکم کـــردن نەکردووە. سەرچاوە ســـەرەکییەکانی ئیسلام زیاتر باس و مامەڵەیان لەگەڵ پرس و کێشە دینی و ئەخلاقییەکان و بەهاکانی کۆمەڵگەیەکی گەشەنەکردوو لە نیمچەدورگەی عارەبی کردووە. ئەوەی ڕوون و ئاشکراشە ئەوەیە کە سەرچاوە ئیسلامییەکان، تیۆرێکی سیاسیی وا ناخەنە پێش کە بتوانرێت ببێتە بنەمایەک بۆ شێوازێکی حوکم کردن، بەشێوازە سەرەتاییەکانیشەوە.
تیۆری سیاسیی ئیسلامییەکان بنەمای لەسەر چەندان چەمک و پراکتیز داناوە؛ لەوانە: شوورا و خەلافەت، پەیمان، زیممە، جیهاد، دین و دەوڵەت. ئەم توێژینەوەیە بە چاوخشانێکی ڕەخنەگرانە و ورد، بە مێژوو و چەمک و پراکتیزە عارەبیەکانی پێش هاتنی ئیسلام و ساڵانی بەرایی ئیسلام، لە بنجوبنەوانی ئەم چەمکانەی کۆڵییەوە و بۆی دەرکەوت کە شووراو خەلافەت، پەیمان، زیممە، خومس، جیهاد و غەزوە و ئەنفال، چەمکگەلێکن کە بەشێک بوون لە دابونەریتە خێڵەکییە عارەبیەکانی پێش ئیسلام. چەمکی دین و دەوڵەتیش، چەمکێکی غەیرە ئیسلامییە و لە قۆناغی گەشەسەندنی ئیسلام، موسوڵمانەکان لە ئێرانی و بێزەنتییەکانیان وەرگرت. لە میانی پێکەوەژیانیش چەمکەکان تێهەڵکێشی ئیسلام کران. زانا دینی و فوقەها و فەرمانڕەواکان ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەریان لە گونجاندنی ئەم چەمکانە لەگەڵ ئیسلام بینیوە.
هۆیە ســـەرەکییەکانی بەکارهێنانی چەمکە عارەبیەکانی پێش ئیسلام و دەست بردن بۆ چەمکە غەیرە ئیسلامییەکان، دەکرێت لەم چەند خاڵەدا کۆ بکرێنەوە: یەکەم، سەرچاوە سەرەکییەکانی ئیسلام لە ئاماژەکردن و سوود وەرگرتن لە چەمکە سیاسییەکان زۆر کورتی هێناوە؛ دووەم، ئیسلام وەک دین لەناو کەلتور و فەرهەنگی عارەبیدا لەدایک بوو و گەشەی کرد، دینیش پەیڕەو(تەبەننی)ی چەمکە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەکات کە تێیدا دێتەکایەوە و پەروەردە دەبێت؛ سێیەم، ئەوەی کە عارەبەکان ئەزمونی قەوارەیەکی گەشەسەندوی سیاسییان نەبوو، دەکرێت بە هۆیەکی دیکەی دەست بردنی عارەبە موسوڵمانەکان بۆ چەمکە غەیرە ئیسلامییەکان دابنرێت، بەتایبەتی لە بواری ڕۆڵی دەسەڵات و دامودەزگاکانی دەوڵەت.
لەئاکامی ئاوێتەکردنی چەمک و پراکتیزە عارەبی و غەیرە ئیسلامییەکان لەگەڵ بەها و پرەنسیپە ئیسلامییەکان، تیۆری سیاسیی ئیسلامی دوو سەدە دوای هاتنی ئیسلام بەرهەمهێنرا. تیۆرەکە ئەوکات و ئێستاش چەقی لەسەر ئیسلام بەستووە، چونکە ئیسلام بە فاکتەری هاوبەش لە نێو موسوڵمانان دەبینرا و دەبینرێت، هەروەها لەبەرئەوەی ئێستاشی لەگەڵدا بێت، کۆمەڵگەی ئیسلامی کۆمەڵگەیەکی دینییە، کۆمەڵگە دینییەکانیش بەگشتی بە چاویلکەی دینییەوە تەماشای شتەکانی دەوروبەریان دەکەن، واتە دین دەبێتە ڕوانگەو جیهانبینییان(worldveiw). لەپاڵ ئەمانە، موسوڵمانان بەگشتی و بەردەوام وابەستەی ڕابردوون، ئەو ڕابردووەی کە «سەرکەوتنە مەزنەکانیان تێدا تۆمار کردووە». بیرکردنەوە و سەرنجدان لە ڕووداو و سەربردە کۆنەکان، بەشێکی گرنگی فەرهەنگی عارەبی-ئیسلامی بەتایبەتی و موســـوڵمانان بەگشـــــتی پێکدەهێنێت. گفتۆگۆی ڕۆژانەی موسوڵمانان زیاتر لە خولگەی ڕابردوو (چ دوورو چ نزیک) دەخولێتەوە، نەک ئێستاو ئایندە. گەڕانەوە بۆ «قۆناغە زێڕینەکان» خەونێکی بەردەوامی عارەب و موسوڵمانانە.
بە گەڕانــــــەوە بۆ شرۆڤەکارییەکانی پێشوو دەکرێت بگوترێت، ئەو بانگەشەیەی ئیسلامییەکان سەبارەت بە دابڕانی قۆناغی سەردەمی ئیسلام و قۆناغی پێش ئیسلام، کە بە جاهلییەت ناودەبرێت، بانگەشەیەکە هیچ بنەما و بەڵگەیەک نایسەلمێنێت و لە وەهمێک زیاتر هیچی دیکە نیە. لە ڕاستیدا کەڵک وەرگرتن و بەکارهێنانی چەمکەکانی پێش ئیسلام، پێچەوانەی بانگەشەی ئیسلامییەکان نیشان دەدات و دەسەلمێنێت کە بەشێک لە تێگەیشتن و پراکتیز و چەمکە سیاسییەکانی ئیسلام، درێژکراوەی چەمک و پراکتیزە خێڵەکییە باوەکانی عارەبەکانی پێش هاتنی ئیسلامن.
دەکرێت داڕشتنی شەریعە چەند سەدەیەک دوای مردنی پێغەمبەری موسوڵمانان لەلایەن چوار فوقەها سوننەکەی ئیسلام (مالیک، شافعی، حەنەفی و حەنبەلی)، بە یەکێک لە هەنگاوە سەرەتایی و سەرەکییەکانی بەسیاسیکردنی ئیسلام دابنرێت. لەبەرئەوە شەریعە هەمیشە کڕۆکیی سەرەکیی زۆربەی ئەو گفتوگۆیانە پێکدێنێت، کە لە نێوان ئیسلامییەکان و نوێخوازەکان دەکرێت،. ئیسلامییەکان پێ لەسەرئەوە دادەگرن، کە شەریعە کۆمەڵێک یاسایە و لــــە ئاسمانەوە دابەزیون. ڕاستە قورئان خۆی لە قەرەی هەندێک پرس و نیگەرانییەکانی کۆمەڵگە داوە، کە دەکرێت بە مەسەلەکانی قەزاوەت (المسائل القضائیة) دابنرێن، سەرەڕای ئەمەش، قورئان تەنیا چارەسەرێکی کاتییانەی (time-bounded) هەندێک پرس و کێشەی تایبەت بە کۆمەڵگەی مەدینەی لە ئانوساتی خۆیدا کردووە. لەکاتێکدا ئەو شەریعەیەی لەلایەن فوقەهاکانەوە داڕێژرا، کەم بوار هەیە پەی پێ نەبردبێت و هەمووشی لەسەر بنەمای پێوانکاریی(قیاس) داڕێژراوە. بەپێچەوانەی ئیسلامییەکان و وەک دەرئەنجامێکی ئەم توێژینەوەیە، پێمان وایە شەریعە، کۆمەڵایەتییانە (socially) لە پڕۆسەیەکی مێژوویی، لەلایەن فوقەهاکانی ئیسلام داڕێژرا (constructed). لەبەرئەوە شەریعە وەک هەر یاسایەکی مرۆڤانەی دیکە ناکرێت لە هەست و ویژدانی مرۆڤانە خاڵی بێت. هاوکات ناکرێت نە داڕشتنی و نە جێبەجێ کردنی لایەنگرانە نەبێت. لە سۆنگەی ئەمەوە هەر بانگەشەیەک بۆ جێبەجێ کردنی شەریعە، ناکرێت وەک (بمثابة) جێبەجێ کردنی «یاسا ئاسمانییەکان» دابنرێت و قەڵغانی خوایی لەبەر بکرێت و مۆرکی پیرۆزیی خوایەتیی لێ بدرێت. لەئاکامدا، بانگەشەی قودسیەتی شەریعە، کە ئیسلامییەکان دەیکەن، بانگەشەیەکی سیاسییە نەک دینی. هاواری ئێمەش داماڵینی ئەو بەرگە سیاسییەیە کە ئیسلامییەکان بە باڵای ئیسلامیان بڕیوە، هاوارەکەش بە پڕۆسەی بەناسیاسیکردنی ئیسلام (de-politicization of Islam) ناوزەد دەکەین، کە بەتەواوی پێچەوانەی پڕۆسەی بەسیاسیکردنی ئیسلامە.
پڕۆسەی بەسیاسیکردنی ئیسلام و دامەزراندنی دامودەزگاکانی دەوڵەت، دوای مردنی پێغەمبەری موسوڵمانان دەستی پێکرد. سەرەتاکانی بەسیاسیکردنی ئیسلام و شەڕی دەسەڵات، ڕاست لە ڕۆژی کۆچی دواییی پێغەمبەری موسوڵمانانەوە سەریهەڵدا و عومەری کوڕی خەتاب بە دامەزراندنی هەندێک دامودەزگای دەوڵەت، وەک دیوان، پڕۆسەکەی بردەپێش. بەڵام شەڕی ئایدیۆلۆجیی لە ناو دەقەکانی قورئان و سوننەت لەگەڵ فیتنەی یەکەم (شەڕی نێوان عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب و مەعاویە کوڕی ئەبو سوفیان) گەشەی پێ درا.
لەهەمانکاتدا، خەواریجەکان ئایەتەکانی قورئانیان بۆ پشتڕاستکردنەوە و مۆرکردنی ئارگیومێنتەکانیان لە دژی عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب بەکاردەهێنا. سەربردە و گێڕانەوە جیاجیاکانی ئەو ڕووداوانەی لەو قۆناغە مێژووییەدا ڕوویاندا، بەردی بناغەیان بۆ بیرۆکە سیاسییەکانی موسوڵمانان دانا و شەکل و شێوەیەکی نوێی بۆ ناسنامەی نەک هەر نەوەی یەکەمی موسوڵمانان داڕشت، بەڵکوو نەوەکانی دواتر و ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت. ململانێ ناوخۆیییەکان، کۆمەڵگەی موسوڵمانانی بەسەر ئاراستە فکری و ئایدیۆلۆجییەکاندا دابەش کرد. لە ئاکامدا هەموو لایەنەکان، ئیسلامیان وەک ئامرازێک بۆ گومان خستنەسەر ئارگیومێنتەکانی لایەنە دژەکان و بریقەدارترکردن و پیرۆزکردنی بانگەشەکانی خۆیان بەکارهێنا.
لەلایەکی دیکەوە، تەشەنەکردنی ئیسلام و گەشەسەندنی قەڵمڕەوی ئیسلامی، پێداویستیی دامەزراندنی دامودەزگاکانی دەوڵەتی کرد بە حەتمیەتێکی مێژوویی. لەگەڵ بەرفراوان بوونی سەرزەویی ئیسلام، بارودۆخێکی نوێ هاتە کایەوە و کۆمەڵێک کێشەی ئاسایش و تەناهی و بەڕێوەبردنی لەگەڵ خۆی هێنا و فەرمانڕەوایان و بیریارانی ئیسلامی ناچار بە داڕشتنی تیۆرێکی سیاسیی وا کرد کە بنەما لەسەر دین بگرێت، چونکە بە خاڵی هاوبەشی نەتەوە جیاجیاکانی ئەوکاتی دنیای ئیسلام دەهاتە بەرچاو.
لەم کتێبەدا بەگەڕانەوە بۆ کۆمەڵێک چەمک و پراکتیز و نزیکبوونەوە approaches)) هەوڵ درا، پەیوەندییەک لەنێوان ئیسلامییە کۆن و نوێکان بدۆزرێتەوە، تاوەکو بشێ لە ڕێی پەیوەندییەکانەوە ئەو ئارگیومێنتەی کە پێی وایە، ئیسلامیزم دیاردەیەکی نوێیە و دەرئەنجامی پڕۆسەگەلی تازەگەریی (modernism) و بەپیشەسازیکردن (industrialization) و بە ڕۆژئاواییکردن (westernization)ـە بخرێتەژێر پرسیارەوە. لەئاکامی توێژینەوەکە، بەو ئەنجامە گەیشتین ئەگەر ئیسلامیزم بە مانای بەسیاسیکردنی ئیسلام بێت؛ هاوارێک بێت بۆ گەڕانەوە بۆ سەر بیروباوەڕ و پراکتیزەکانی سەلەف؛ باوەڕ و پێداگرتن بێت لەسەر خەسڵەتی گەردوونگەرایی (universalism) و سەراپاگیریی (comprehensive) ئیسلام؛ ئیستیعلاکردنی پەیامی ئیسلام لەسەر پەیامە ئاسمانی و دینییەکانی دیکەی جیهان بێت؛ باوەڕبێت بە یەکپارچەییی دین و دەوڵەت، ڕەتکردنەوەی لێک جیاکردنەوەی دین و سیاسەت بێت، ئەوە بە پشتبەستن بەو مانا و پێناسانەی لەسەرەوە بۆ ئیسلامیزم کرا، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئیسلامیزم لە مێژووی موسوڵماناندا دیاردەیەکی نوێ نییە. سەرەڕای ئەوەی کە پڕۆسەکانی تازەگەری و پیشەسازگەری و بەڕۆژئاواییبوون و چەندان هۆکاری دیکە، ڕەنگە کاریگەریی خۆیان لەسەر سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی ئیسلامیزم لە فۆرمێکی نوێدا هەبووبێت. کەچی ناکرێت ڕەگ و ڕیشەی ئیسلامیزم لە ناو پڕۆسەی بەسیاسیکردنی مێژوویییانەی ئیسلام پشتگوێ بخرێت و بە درێژکراوەی ئەو پڕۆسە مێژوویییە دانەنرێت.
بە هەمان شێوە، بیری توندڕەویی ئیسلامی (Islamic extremism) بە شێوەیەکی سەرەکی دەرئەنجامی هێرشی فەرهەنگیی (الهجمة الثقافیة) و داگیرکاریی سەربازییە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا لەلایەک و لە لایەکی دیکەوە وەڵامدەرەوەی چەوساندنەوەی بێبەزەییانەی موسوڵمانان و ئیسلامییەکانە لەلایەن دەسەڵاتدارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە.
توندڕەویی ئیسلامی ئاراستەیەکە لە ئاراستەکانی ئیسلامیزم و ناکرێت لێی جیا بکرێتەوە. بەپێی بەرخوردی ئیسلامییە کۆن و نوێکان لە بەرابەر داگیرکاریی دەرەکی و چەوسانەوەی ناوخۆیی، بۆمان دەرکەوت کە توندڕەویی ئیسلامیش دیاردەیەکی نوێ نییە و مێژووی ئیسلام شاهیدی سەرهەڵدانی دەیان بزوتنەوە و کەسانی توندڕەوی وایە کە لەم سەردەمەشدا بەرچاو دەکەون.
دیاریکردن و دۆزینەوەی لێکچوون و پەیوەندیی فیکری لەنێوان ئیسلامییە کۆن و نوێکان ناکرێت ببێتە مایەی ئەوەی جیاوازییەکانی نێوانیان، بەتایبەتی لە شێوازی نزیک بوونەوە لە کێشەو پراکتیزەکانیان، کەمبایەخ وەرگیرێت. بارودۆخی مێژوویی و کەسیی ئەو قۆناغەی کە هەریەکێک لە بیریارە ئیسلامییەکان تێیدا ژیاوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بەرخورد و نزیکبوونەوەی ئیسلامییەکان و ئەو بزوتنەوانەی ڕابەرایەتییان دەکردن یان دەکەن، هەبوو یان هەیە. ئیسلامییە کۆنەکان، بەگشتی بە بیانوی ڕێگە نەدان بە «فیتنە»، داوای ملکەچکردنی کوێرانەیان (total obedience) بۆ دەسەڵات دەکرد، کەچی ئیسلامییە نوێکان و بزوتنەوەکانیان لەبەرئەوەی بەگشتی لە دەرەوەی دەسەڵاتن، هەمیشە ملکەچ نەکردن، بە خەبات و تێکۆشان لە دژی زوڵم و زۆرداری لەقەڵەم دەدەن، نەک هۆکاری «فیتنە». ئاراستە دینی-سیاسییەکانی ئیسلامییە کۆنەکان، بەگشتی لە چوارچێوەی قوتابخانە مەزهەبییە دینییەکانەوە بووە. کەچی ئیسلامییە نوێکان بەگشتی لە قاڵبی بزووتنەوە و حزبی سیاسیی نوێدا خۆیان ڕێکخستووە و هاوتونەتە گۆڕەپانی سیاسەت کردن. دەبێت ئەوەش بگوترێت کە دیاری کردنی جیاوازییەکانی نێوانیان، تەوەرێکی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە نەبوو، بۆیە پێشنیازکردنی توێژینەوەی زیاتر لەم بوارە بە پێویست و بەجێ دەزانرێت.
ڕانانێك بۆ کتێبی بەسیاسی کردنی ئیسلام
ئەم کتێبە لە نووسینی دکتۆر شێرکۆ کرمانجە[٣]، لە ٢٠١٩ ناوەندی ئەندێشە بۆ جاری دووەم چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. ئەو کتێبە هەوڵێکە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئیسلام هەر لەسەرەتاوە ئایینێکی ڕووت بووە و ئامانجی، تێوەگلانی سیاسی نەبووە، بەڵام وەکوو هەموو بزووتنەوەیەکی ئایینی، سەرەتا چەند دەقێکی ڕووتی ڕەوحانی و خواپەرستیە و دواییش لەپڕۆسەیەکی درێژخایەندا دادەمەزرێت (institutionalised)، بەو مانایەی فۆڕمە ئایینییەکەی دەگۆڕدرێت بۆ فۆڕمێكی سیاسی و شۆڕدەبێتەوە بۆ هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان[4]. کتێبەکە لەسەرەتاوە وەکو تێزێکی ئەکادیمی نوسراوە.
دیارە کە ئیسلامیزم وەکوو دیاردەیەك لەسەرەتای سەدەی بیستەوە، لەگەڵ دامەزراندنی ئیخوان موسلیمین، دەرکەوت و وردە وردە تەشەنەی کرد تا لەچەندین فۆڕمی جیاوازدا خۆی خستە سەر شانۆی ڕووداوەکان. لێرەدا بۆ سەلماندنی ئەوەی داخۆ بزووتنەوە ئیسلامییەکان قووڵایی و شەرعییەتێکی دینییان هەیە یاخود دیاردەیەکی مۆدێرنن و گرووپگەلێکی موسوڵمانن بە ئامرازەکانی مۆدێرن، دەیانەوێت بگەنە دەستەڵات؟ ئالێرەدا نووسەر هەوڵ دەدات بچێتە بنج و بناوانی دیاردە سیاسییەکان لەئیسلامدا، لەدووتوێی چەند تێزێکی هەمەلایەنەی زانا ئیسلامییەکان و ئەو گۆڕانکارییانەی کە هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەوە بەسەر ئیسلامدا هاتوون، شڕۆڤەی دیاردەی ئیسلامیزم بکات.
دیارە کە تێزەکەی نووسەری بەڕێز پێچەوانەی تێگەیشتنی تەواوی ئیسلامییەکانی دونیایە. بەو مانایەی لە تێگەیشتنی ئیسلامییەکاندا، ئیسلام لەخودی خۆیدا دین و دەستەڵاتە و هەژموونی بەسەر هەموو کایە و پانتاییەکانی ژیاندا هەیە و هەر بۆئەوەش هاتووە. دکتۆر شێرکۆ، بەوردی باس لەو حەزە دەکات، بەوەی کە ژمارەیەك زانای موسوڵمان لەناو مێژووی ئیسلامیدا هەوڵی ئەوەیان داوە ئیسلام وەکوو دین و دەوڵەت تیۆریزە بکەن و ڕەهەندێكی سیاسیی قوڵ نەك هەر بدەن بە ئیسلام، بەڵکوو بۆ ئەوەی پێمان بڵێن هەر لەسەرەتاوە ئیسلام بەرنامەی ڕێکخستنی ژیانە و لەگەڵ دەستپێكی کۆچی موسوڵمانەکان بۆ مەدینە و پڕۆسەی برایەتیی نێوان موسوڵمانەکانی مەککە و مەدینە[5]، ئیدی بەردی بناغەی دەوڵەت لە ئیسلامدا ڕسکا و لەوێوە پێغمەبەر وەکو ڕێبەری ئەو دەوڵەتە دەسەڵاتی گرتە دەست. بەڵام نووسەر، ڕێك بە پێچەوانەی ئەو هەڵپەیە، پێمان دەڵێت؛ نەخێر لەو سەردەمەدا میکانیزمی بەرەوپێشچوونی ئیسلام وەها نەبووە، «وردبوونەوە لە ئایەتەکان ئەوە دەردەخەن کە مەبەست لە (یحکم) لە ئایەتی (ومن لم یحکم بما انزل اللە) حوکم کردن بەسەریانەوە نیە، بەڵکوو حوکم کردنە لە نێوانیاندا» (کرمانج ٢٠١٩:٤٢)، بەتایبەتیش کە هەوڵ دەدات تەفسیری ئەو ئایەتە بە ئایەتێكی دیکە بکات کە دەڵێت: «فاحکم بینهم بما انزل اللە»، ئیتر تۆ بە پێی ئەوەی خوا هەناردوویەتییە خوارەوە بەکاروباریان ڕابگە» (کرمانج ٢٠١٩:٤٢).
نووسەر هەوڵ دەدات ئەوە بسەلمێنێت کە کەوتنە ژێر کاریگەریی شارستانییەتی ئەو سەردەمەی ساسانییەکان ڕۆڵێکی سەرەکیی لە بیرکردنەوەی سیاسیی موسوڵمانەکاندا هەبووە و بەڵگەنامەی ئەردەشێری پادشای ساسانییەکانیش کراوە بە بنەمای هزری سیاسیی هەوادارانی بەسیاسی کردنی ئیسلام، چونکە پێیان وابووە لەو ڕێگایەوە نەبێت هەیبەت و شکۆی ئیسلام وەکو ئایینێکیش ناپارێزرێت. یەکێکیش لەو زانایانەی کە کارییان لەسەر ئەو لایەنە کردووە و کەوتۆتە ژێر کاریگەریی پادشای ساسانی ئیبن موقەففەع بووە و بەدوای ئەویشدا غەزالی و ئیبن تەیمییە و بەدوای ئەوانیشدا ئیبن قەییمی قوتابییەکەی ئیبن تەیمییە. ئەمانە وەکو ئیسلامییە کۆنەکان چۆن هەنگاوییان هەڵێناوە، ئیسلامییە نوێیەکانیش پێیان لە جێ پێی ئەوان داناوەتەوە.
نووسەر، یەکە یەکەی ئەو چەمکانەی کە لەڕووی سیاسی و دەوڵەتدارییەوە گرنگن، هاتووە لەڕوانگەی ئیسلامییە کۆن و نوێکانەوە، شڕۆڤەی کردوون و بەراوردێکی وردی کردووە لەنێوان قۆناغە جیاوازەکانی پڕۆسەی پەرەسەندنی ئەو چەمکانە، داخۆ بنەمای ئەو چەمکانە لەکوێوە هاتوون، تێگەیشتنی ئیسلامییە کۆنەكان چۆن بووە و چۆن هەوڵی جێبەجێ کردنیان دراوە، ئیسلامییە نوێکانیش لەچ جۆرە چوارچێوەیەکەوە جارێکی دی ئەو چەمکانەیان بەرهەم هێناونەتەوە. نموونەی ئەو چەمکانەش؛ شورا، خەلافەت، پەیمان (الحلف)، زیممە (ذمة)، جیهاد، ئەنفال و دین و دەوڵەت. لە تەك ئەو وردەکارییانەی لەسەر ئەو چەمکانەی کردووە، کارێکی گرنگتری کردووە، ئەویش بارودۆخی سیاسی و ڕەوشی ژیانی ئەو سەردەمەی کە ئیسلامییە کۆنەکان تیایدا ژیاون، ڕۆلێکی سەرەکی و گرنگیان هەیە لە بیرکردنەوە و ئاراستەی زانا موسوڵمانەکانی ئەو سەردەم.
بۆ نموونە، دوای ئەوەی باسی لە پێگەی شورا لە ئیسلامدا کردووە، هاتووە لە ڕەگوڕیشەی چەمکی شورای کۆڵیوەتەوە و لە بەسام تیبییەوە گواستویەتیەوە و دەڵێت: «تێڕامانێکی ورد لە شێواز و چۆنیەتیی خۆبەڕێوەبردنی خێڵە عەرەبەکانی نیمچەدورگەی عەرەبی، دروست ئەوە دەردەخات کە بۆ پرس و ڕا وەرگرتن لەنێوان پیاوماقووڵانی خێڵە عەرەبەکانی پێش ئیسلام (شورا) نەریتێكی باو بووە، کە دواتر ئیسلام لەپاڵ تەبەننیکردنی، پیرۆزیشی کردووە» (تیبی:2002ب:30،174). دوایی پرسیار دەکات داخۆ بۆ ئەو دابونەریتە لە عەرەبەکانی پێش ئیسلامەوە درێژکرانەوە یان گوێزرانەوە بۆ موسوڵمانەکان؟ ئینجا هاتووە بە قووڵی وابەستەبوونی نەتەوە جیاوازەکانی بە دابونەریتی باب و باپیرانییانەوە، خستۆتە ڕوو. لەو نێوەندەشدا باس لە کولتوری ڕەنگــــــدانەوە (Reflective Culture)، پێچەوانەی کولتوری چالاك (active Culture) دەکات و لە دووتوێی ئەو باسانەشدا بەدرێژایی مێژووی ئەو بەسیاسی کردنە پەرەی پێ دەدرێت و بەپێی پێویستی و بزووتنەوەی ڕۆژانەی خەڵكی موسوڵمان و مەترسی و پێویستییەکان تەشەنەی کردووە و فۆرمی گرتووە.
ئەوەی کە زۆر گرنگە لەسەری بوەستین، هزر و هەناسە و ڕوانگەکانی ئیسلامی سیاسی لەسەر بنەمای ئەو ڕەهەندە مێژووییانەی کە نووسەر بەجوانی شڕۆڤەی کردوون، هەمیش لەچوارچێوەی گەشەی مێژوویی ئیسلامی سیاسی لە سەدەی بیستەمدا، پێمان دەڵێن؛ مۆرك و سروشتێکی ڕووتی عەرەبیانەیە و لەگەڵ بەزینی عەرەبەکانیش لە شەڕی ١٩٦٧ی ئیسرائیل، ئیدی جیاوازییەکانی نێوان ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزمی عەرەبی بەتەواوەتی کاڵ بوونەوە. ئەقڵی ئیسلامییەکان هێندە سادە و ناهەش بوو، زۆر بە ئاسانی کەوتنە داوی وتاری سەددام حوسێن و سەرکردەیەکی ئیسلامیی وەکو فەتحی شیقاقی بەسەددامی دەگوت: خۆت وەکو خەلیفەی موسوڵمانان ڕابگەیەنە، بۆ ئەوەی شەڕی هەموو ئەوانە بکەین کە موبایەعەت ناکەن[6]. بۆیە ئەو وتارەش کە ئیسلامیزم بەرهەمی دێنێت، زادەی ئەو توراس[7]ـەیە کە ڕەهەندەکانی دەگەڕێنەوە بۆ قوڵاییی مێژوو. یەكێك لە خەسڵەتەکانی دیکەی ئیسلامیزم، کە لە ماوەی ڕابردوودا دووپاتیان کردۆتەوە، لەگەڵ ئەوەی کە زۆر جەخت لەسەر ئیسلام وەکو دین و دەوڵەت دەکەنەوە، بەڵام کە دەستەڵات دەگرنە دەست، دەوڵەت لە کۆمەڵێك ئەخلاقییاتدا کورت دەکەنەوە، بەو مانایەی عەیب لەوەدا نیە کە ئیسلام بە سیاسی کراوە، بەڵکوو لەوەدایە کە سیاسەت وەکو پەیژە بۆ ناسیاسەت بەکار دێنن.
یەکێك لەو ڕەخنانەی کە لەو کتێبەدا بەدیم کرد، ڕوانگە نۆرماتیڤییەکەی نووسەرە، کە دەیتوانی زۆر بە ئاسانی ئەو لایەنەی بشارێتەوە بۆ ئەوەی لایەنداریی پێوە دیارنەبێت. ئەو هەر لەسەرەتاوە ئاراستەی هەوڵ و تواناکانی خۆی بۆ خوێنەر ئاشکرا دەکات و دەیەوێت پێمان بڵێت کە ئیسلام دینێكی ڕووتە و هیچ پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نیە، بەڵکوو لەچوارچێوەی مێژوودا بەسیاسی کراوە. ئەم ئاراستەیەش بە ئاسانی دەکرا بەجۆرێکی دیکە بێت، لەلایەك ناوی کتێبەکە لە سروشتی پرسیارێکدا بوایە، لە لایەکی دیکەوە، دەیتوانی لەچوارچێوەی سروشتێکی بەراوردکاریانەدا لەنێوان هەردوو ڕا و بۆچووندا، ئەرگۆمێنتەکانی خۆی دووپات بکاتەوە، هەرچەندە جاربەجار ئەوەشی کردووە، بەڵام بەو ئاستەی جەختکردنەوە نیە لەسەر بەسیاسی کردنی ئیسلام. جگە لەوەش، دەکرێت ئەو لایەنەش بە پۆزەتیڤ بۆ نووسەر بنوسرێت چونکە هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ خوێنەر بەڕاشکاوی چۆتە ناو بابەتەکەوە.
وێڕای ئەوەش ئەو ڕوانگە نۆرماتیڤییەی نووسەر هەرگیز لەلایەنی زانستی ئەو کتێبە کەم ناکاتەوە، چونکە بەشێوەیەکی ئەکادیمییانە مێژووی هەڵکۆڵیوە و لە پێناو گەیشتن بە ڕاستیی ئەوەی داخۆ ئیسلام بەسیاسی کراوە یان نا، شڕۆڤەی کردووە. دەکرێت لایەنەکەی دیکەشی لە شڕۆڤەکردنێکی دیکەدا لەبەریەکدی هەڵبوەشێندرێت و لەوە تێبگەین کە ئیسلام بەبێ سیاسەت دونیایەکی ئارام بەشوێنکەوتووانی دەبەخشێت، بەڵام لەناو سیاسەتدا بێجگە لە بازاڕێکی کڕین و فرۆشتن و هەراجکردن شتێکی دیکە نیە.
پەراوێز
[١]. مامۆستا لەبەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی شاریقە لە ئیمارات.
[2]. مامۆستا لەبەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی سۆران، توێژەری میوان لە زانکۆی کۆڤێنتری، بەریتانیا
[3]. کرمانج ش. (٢٠١٩). بەسیاسی کردنی ئیسلام. ناوەندی ڕۆشنبیری وهونەری ئەندێشە. سلێمانی
[4]. هەموو ئایینەکان بە قۆناغی دامەراندندا تێپەڕ دەبن، بەمانای ئەوەی ئایین لەسەرەتادا چەند دەقێكی سادە و ئاسایین، بەڵام دوایی شوێنکەوتوانی ئەو ئایینانە، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە بونیادی ئەو دەقانەدا دروست دەکەن لەسەر دوو ئاست: ئاستی یەکەم: تەفسیرکردن و شڕۆڤەکردن بەجۆرێك کە دەقە ئەسڵییەکان بیر دەچنەوە و بەدەیان ڕێچکە و مەزهەب لەو بارەیەوە دروست دەبن. ئاستی دووەم: دروست کردنی بەدامەزراوەیی کردن و کردنی بە سەرچاوەیەك بۆ ژیان، وەکو ئەوەی ئەمرۆ لەزۆربەی ئایینەکان بەهەزاران کەس وەکوو پیاوی ئاینی تەنها لەبەر ئەوەی خواپەرستی دەکەن و لە پەرستگاکان نوێژ بۆ خەڵك دەکەن و بۆئەوەش مووچە لەدەوڵەت وەردەگرن و بوون بە بارگرانی بۆ کۆمەڵگا، لەکاتێکدا لەسەرەتادا شتێکی لەو جۆرە نەبووە.
[5]. سەبارەت بە دەستوری مەدینە، نووسەر ژمارەیەك ئەرگومێنتی ورد دەخاتە بەردەست کە گومان دەخاتە سەر بوونی دۆکومێنتێك بەناوی دەستور، وەکو ئەوەی ئیسلامییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. ئەگەر شتێکیش لەو بارەیەوە هەبووبێت، ئەوە تەنها زارەکی بووە و نەنوسراوەتەوە. ئەوەش وەکوو جەختی لەسەر دەکاتەوە کە ڕاستی و ڕەسەنێتیی دەقی بڕگەکانی ئەو پەیمانە دەخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە، چونکە زارەوزار گوازراونەتەوە و ئەگەری دەستکاری و گۆڕانکاریی تێدا یەکجار زۆرە. هەر بۆیە زۆر بە دەگمەن دوو دەقی وەك یەکی پەیمانەکە دەست دەکەون. ئینجا نووسەر ئەوەش دەوروژێنێت داخۆ بۆچی وەها پەیمانێك لەچوونە ناو مەدینە دەنوسرێت کە قۆناغێکی سەرەتاییە، بەڵام لەقۆناغی پاش ڕزگارکردنی مەککە شتێکی وەها ڕوونادات و مێژوونوسان باس لە شتێکی هاوتای پەیمانی مەدینە ناکەن؟
جگە لەوەش ئەو پەیمانە ئەگەر هەشبووبێت، کە ئیسلامییەکان پێی دەڵێن دەستور، یەکەم پەیمان نیە لەمێژوودا، بەڵکو زۆر دۆکومێنتی سیاسی لەپێش ئەو مێژووەدا هەبوون. http://bit.ly/2RByGsB
[6]. «أعلن نفسك خلیفة للمسلمین، حتی نقاتل من لا یبایعك».
[7]. «توراس (heritage) کە لەکوردیدا دەبێتە (کەلەپور)، مانای میراتیش دەداتم بەڵام وشە کوردییەکە هێشتا نەبووە بە چەمکێکی زانستی و خەڵك تەنها بە مۆزیك و بەڕەی کوردی تێدەگات.


