ئارامتر بخوێنەوە!

تیۆرێکی لیبراڵیی جیابوونەوە* 

هەری بێڕن

و: کوردەوان کەریمی

جیابوونەوە خوازی کێشەیەکی گەورەی «سیاسی- کۆمەڵایەتی»ی هاوچەرخ و کێشەیەکی بنەڕەتی بەڵام پشتگوێخراوی فەلسەفەی سیاسییە. لێرەدا هەوڵ دراوە بابەتی جیابوونەوە لە پشتگوێ خستنی فەلسەفی ڕزگار بکرێ و گرینگیی تیۆریکی، لە ڕێگای پەرەپێدانی تێورێکی پێوانەیی جیابوونەوە ئاشکرا بکرێ. بانگەشەی ئەوە دەکرێ کە لیبڕالیزم، پێویستی هەیە کە جیابوونەوە ڕێگاپێدراو بێ ئەگەر بە شێوەیەکی کاریگەر خواستی گرووپێکی کۆمەڵایەتی کە لە سەر خاکێکدا کۆبوونەتەوە  بە دواوە بیت و لە ڕووی ئەخلاقی و کردەییەوە ئیمکانی هەبێ. بەڵگە دەهێنرێتەوە کە ئەمە پێویستە لە ڕێگای لیبرالیزمی ئەرزشی کە لە ئازادیدا جێ دەگرێ، لە ڕێگای تیۆریی لیبراڵی حوکمدارێتیی گشتی و لە ڕێگای حوکمدارێتیی زۆرینەی یاساییەوە بێت. ئەم بەڵگاندنە دێتە ئاراوە کە بنەمای ڕێگەپێدراوی جیابوونەوەی باسکراو، نە لە ڕووی تیۆری و نە لەڕووی کردارەوە قەبووڵکراو نیە و هەندێ لەو مەرجانەی کە لەوانەیە جیابوونەوە نامومکین بکەن دیاریکراون.

بەشی یەکەم

جیابوونەوە بابەتێکی فەرامۆش کراوی فەلسەفەی سیاسییە. مەبەستی من لە جیابوونەوە، خۆکشاندنەوە لە وڵاتێک و دەوڵەتە ناوەندییەکەی ئەو وڵاتە و لە بەشێک لەم وڵاتەیە. لایەنی کشاوە، هاووڵاتیان و ئەو هەرێمە لە خۆدەگرێ کە ئەوانی تێدا دەژین. پارچەی جیابووەوە، داواکارییەکی سەبارەت بە شوناسی یاساییی دەوڵەتی حاکم نییە و بە زۆری بەشە بچووکەکەی ئەو دەوڵەتەیە. ئەگەر لایەنێک لە وڵات کە یەکیەتیی خۆی تووشی کێشە ئەکات دەوڵەتی ناوەندی لە خۆ بگرێ و داواکاری شوناسی حقووقیی دەوڵەتی مەوجوودی هەبێ، ئێمە بە جێگای جیابوونەوە، کەیسی(داواکاری)  دەرکردنمان هەیە. شیاوی باسکردن نیە کە جیابوونەوە بابەتێکی فەلسەفیی پشتگوێ خراوە، ئەگەر بە دەگمەن لە ئێستادا هێچ چەشنە بزاوتی جوداییخواز بوونی هەبێ و جیابوونەوە لە ڕووی تیۆریکەوە گرینگیی نەبێ. لە راستیدا جوداییخوازی یەکێک لە گەورەترین کێشە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان لە جیهانی هاوچەرخدایە. کاتانگا، بیافڕا، بەنگلادێش، ئەریترێ، سوودان و  ئیرلەندی  باکوور تەنها نموونەگەلێکی بەرچاو و تڕاژیکن. بە زۆری رۆژانە میدیاکان هەواڵی هەندێ کێشمەکێشی جوداییخوازی لە سەرتاسەری دونیا بڵاودەکەنەوە: چ لە پێوەندی لە گەڵ گەلی کێبێک، کڕوواتەکان، سکاتلەند و وێڵزییەکان، کۆرسیک و برێتۆنەکان، باسکەکانی ئیسپانیا و فەڕانسە، سوومالیاییەکانی کێنیا و ئەسیۆپیا، کوردەکانی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا، یان ناگاس و میزۆسەکانی هێندستان. لەبەرئەوەی کە دەمهەوێ سەرنج بە مەسەلەیەکی سیاسی بدەم کە لەودا سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم، تەنها فۆڕمێکی تایبەت و لە هەندێ رووەوە لاوەکییە. لە ڕووی تیۆریکەوە سەرنجڕاکێشترین نموونەکانی جیابوونەوە ئەوانەن کە بەشێک لە وڵاتی یەکگرتوو ئارەزوو دەکات جیا ببێتەوە. ئەم کێشە سیاسیە لەوانەیە هەتا ئەو کاتەی کە بە هیچ جۆرێک هیچ دەوڵەتێک بوونی نەبێ، دەمێنێ.

لە ڕوانگەی تیۆریکەوە جیابوونەوە یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی فەلسەفەی سیاسییە، تەنانەت ئەگەر لە لایان فەیلەسووفە هاوچەرخەکانەوە دانی پێدا نەنرێ. بابەتەکانی ژێرەوە لە بەرچاو بگرن. بە پێی تیۆریی دیمۆکڕاتیک خەڵک سەروەرییان هەیە.  ئاخۆ ئەم سەروەرییە تایبەتمەندییەکی بە کۆمەڵی هەموو هاووڵاتیانی دەوڵەتێکە یان بەشێکی ئەوان ئەتوانن پشکی خۆیان لە مافی حوکمدارێتی، بە ڕێکخستنی خۆیان وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆ، جیبەجێ بکەن؟ وا دەگوترێ  کە یاسای زۆرینە، بەشێکی بنەڕەتی لە دیمۆکڕاسییە. بەڵام ئاخۆ حوکمی زۆرینە لە ڕووی ئەخلاقییەوە شەرعییەتی هەیە ئەگەر کەمینەیەکی خاوەن هەرێمێک دان بە یەکیەتیی دەوڵەتەتدا نەنێت؟[١] بە پێی لیبڕالیزم، ئازادی گەورەترین چاکەی سیاسییە. ئاخۆ ئەمە بە واتای ئازادیی جیابوونەوەیە؟ ئەمانە کێشەی نوێن کە بە هۆی جیابوونەوەوە لە ناو پرسیارە نەریتیەکان سەبارەت بە دەوڵەت دێنە ئاراوە.  بەڵام بە دڵنیاییەوە، خۆی لەخۆیدا جیابوونەوەش هەروەها هەندێ پرسیار دێنێتە ئاراوە. لە چ باروودۆخێکدا ئەگەر بوونی ببێ، پێشگرتن بە جیابوونەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ لە ڕووی ئەخلاقییەوە پاساو هەڵدەگرێ؟  ئاخۆ مافی ئەخلاقی بۆ جیابوونەوە بوونی هەیە؟ ئەگەر هەیە کێن ئەوانەی وا کاندیدای وەها مافێکن: نەتەوەکانی ئەندامی وڵاتانی فرە نەتەوە،  دەوڵەتەکانی ئەندام لە فێدراسیۆنێکدا، هەرگرووپێک لە ناو دەوڵەتێکدا کە هەرێمێکی شیاو و ئیرادەی جیابوونەوەیان هەیە؟ سەرەڕای هۆشداریی  ڕۆسۆ بە بیردۆزانی سیاسی کە وا پیشان نەدەن کە دەوڵەتەکان «خاوەنی سەقامگیریی ئەوتۆن کە بارۆدۆخی مرۆیی کاریان تێناکات»، فەیلەسووفە هاوچەرخەکان بە جۆرێک دەنووسن گوایە جیهان لە دەوڵەتگەلێک پێک هاتووە کە تا ئەبەد ژمارە و سنوورەکانیان نەگۆڕن.[2] ئەمە وەکوو ئەوە وایە ئەو فەیلەسووفانەی کە لەسەر مەسەلە ئەخلاقییەکانی هاوسەرگیری و بنەماڵە دەنووسن باسی تەڵاق نەکەن. جیابوونەوە هەمیشە لە لایان فەیلەسووفەکانەوە ئەوەندەش پشتگوێ نەخراوە. لە سەدەکانی شازدە و حەڤدەدا نائاسایی نەبوو کە ئەم بابەتە لە بەرهەمە فەلسەفیەکاندا جێگە بگرێت. ئاڵتۆسیۆس جیابوونەوەی، لە نێو ڕیگاچارەی دادپەروەرانە،  بە دژی ستەمکاری دانابوو.[3]  گڕۆتیۆس ڕایگەیاند کە لە هەندێ کەیسی تایبەتدا بەشێک لە دەوڵەتێک لەوانەیە مافی جیابوونەوەی هەبێ.[4] لە لایەکی دیکەوە، پافێندۆرف بە پێی تیوریی هابزی دەسەڵاتی ڕەهای حاکم، ڕەدی کردەوە کە جیابوونەوە ڕێگاپێدراو بێت.[5] لەو کاتەوە چەمکی مافی دیاری کردنی چارەنووسی نەتەوەیی دەرکەوت و بابەتی جیابوونەوە ئێستا بە گشتی لە ژێر ئەو چەمکەدا هاوپۆل دەکرێ و دێتە ئاراوە. بە گشتی مافی دیاری کردنی چارەنووس بە جۆرێک لەبەرچاو دەگیرێ کە مافی جیابوونەوەش لە خۆبگرێ. بەم حاڵەش گریمانەی [پۆلێن کردنی] مەسەلەی جیابوونەوە لە ژێر بابەتی دیاری کردنی چارەنووسی نەتەوەیی، جیابوونەوەی  لە پشتگوێ خستنی فەلسەفی ڕزگار نەکردووە. ئەگەرچی ژمارەیەکی زۆر لە دەوڵەتە نوێیەکان، لە ژێر دروشمی مافی دیاری کردنی چارەنووسی نەتەوەیی لە دایک بووگن، ئەم بابەتە(مافی دیاری کردنی چارەنووس) نزیکەو هەمان ڕادەی کە فەیلەسووفەکان چەمکی جیابوونەوە پشتگوێ دەخەن، پشتگوێ دەخرێ. هیچ بەرهەمێکی فەلسەفی بە ئینگلیزی نیە کە ئەم بنەمایە بخاتە ژێر ڕەخنەیەکی بەردوام یان هەوڵ بدات بنیاد و بنەمای پێویستی بۆ دابین بکات.[6] هەرچۆنێک بێت بابەتی جیابوونەوە ناتوانێ بە تەواوی لە ژێر ناونیشانی دیاری کردنی چارەنووسی نەتەوەیی خۆی ببینێتەوە. توێژینەوەی ئەم دواییانە پیشانی ئەدات کە ئەگەر دانیشوانی ویستێریای باکوور لە ڕووی فەرهەنگییەوە بە ڕادەی پێویست لە خەڵکی دیکەی ویستێریا جیاواز بن، ئەکرێ لە سەر بنەمای مافی دیاری کردنی چارەنووس پاساو بۆ جیابوونەوە بهێنرێتەوە. بەڵام بەرهەمی پێشووی نووسەرانی وەکوو ئاڵتۆسیۆس پیشان ئەدات کە ئەتوانرێ هەروەها پاساو بۆ جیابوونەوە وەکوو چارەسەرێک بە دژی ستەمکاری بە بێ هەرچەشنە پێداچوونەوە بە مافی دیاری کردنی چارەنووسی نەتەوەیی بهێنرێتەوە. بە کورتی دەبێ بگوترێ کە یەکیەتیی دەوڵەتێک بە هۆکاری بێجگە لە جیاوازی یان یەک نەبوونی نەتەوەیی بۆی هەیە بکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

بەشی دووەم

یەکێک لە ڕێگاکانی ڕزگار کردنی بابەتی جیابوونەوە لە پشتگوێ خستنی فەلسەفی ئەوەیە کە بپرسین لیبرالیزم، فەلسەفەی سیاسیی زاڵ لە ڕۆژئاوا، چ ئەنجامگەلێکی(مانا، کاریگەری، نیشانە) بۆ ڕێگاپێدراو بوونی جیابوونەوە هەیە. ئەم پرسیارە بەشێک لە پرسیارێکی گەورەترە کە دەپرسێت کام بنچینە و ڕێبازگەلێک شەرعیەتی ئەخلاقیی گۆڕانکاری لە سنووری دەوڵەتەکان ڕوون دەکەنەوە. هەر فەلسەفەیەکی سیاسیی گشتگیر دەبێ وەها بنەماگەلێک لە خۆبگرێ.

لە یەکەمین هەنگاوەکان بە مەبەستی پەرەپێدانی تیۆریکی پێوانەیی جیابوونەوە، زانیوومە کە فۆکووس خستنە سەر ڕیگاپێدراوبوون لە بری خوازراو بوون یان ڕەوا بوونی جیابوونەوە بەسوودە. ئەم جیاوازییە سێ لقییە، ئەتوانرێ لە ڕێگای نموونەی تەڵاق ڕوون بکرێتەوە. لە هەندێ لە وڵاتان تەڵاق گرتن تەنها لەبەر هەندێ هۆکاری تایبەت ڕێگاپێدراوە (بۆ نموونە زیناح یان زوڵم) کە ئەتوانێ وەکوو پاساوێکی ئەخلاقی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیری لە بەرچاو بگیرێ. لە وەها باروودۆخێکدا خوازراوبوون بە تەنها بۆ کۆتایی هێنان بە پێوەندی ( بۆ نموونە لەبەر ئەوەی کە هاوسەرەکان هێندە نەگونجاون کە بە ئەگەری زۆر جودا لە یەک بەختەوەرتر ئەبن) لە ڕووی یاساییەوە بۆ تەڵاق بەس نیە؛ هەڵبەت هەروەها  بە تەنها خواستی یەک یان هەردووی هاوسەرەکانیش بۆ کۆتایی هێنان بە ژن و مێردایەتی بەس نیە. ئاشکرایە کە دوایین خاڵ لەم سێ ڕێبازە مومکینە، لەمەڕ ڕێگاپێدراو بوونی تەڵاق، لیبراڵترینیانە. بەم پێیە تەڵاقی زۆرتر لە چاو ئەو دوو بۆچوونەی دیکە ڕێگاپێدراوە.

بانگەشەیەک کە من لەم وتارەدا بەسەرنج دان بە جیابوونەوە بەڵگەی بۆ دەهێنمەوە لە لیبراڵترین بۆچوونەکان سەبارەت بە تەڵاق نزیکترین مەودای هەیە؛ بۆچوونەکە ئەمەیە: فەلسەفەی سیاسیی لیبراڵ، پێویستی بەوەیە کە جیابوونەوە ڕێگاپێدراو بێ، ئەگەر بە شێوەیەکی کاریگەر لە لایان گرووپێک کە  خاك و هەرێمی تایبەت بە خۆیان  لە ناو دەوڵەتێکدا هەیە جێبەجێ بکرێ و لە ڕووی ئەخلاقی و کردەییەوە ڕێی تێ بچێت. ئەوەی کە چ باروودۆخێک لەوانەیە جیابوونەوە لە ڕووی ئەخلاقی یان کردەییەوە نامومکین بکات لە بەشی چوارەمدا باسی لێوە دەکرێت. من سێ بەڵگە بۆ ئەم بۆچوونەی کە لێرەدا هاتە ئاراوە دەخەمە ڕوو کە بریتین لە ئازادی، سەروەری و حوکمدارێتیی زۆرینە. ئەم بەڵگەهێنانەوانە دوو گریمانە لە خۆیان دەگرن کە من لێرەدا باسیان لێوە ناکەم.

 یەکەم، من وای دادەنێم کە بە شێوەیەکی ئاسایی، لە حاڵی حازردا بۆ دوو دەوڵەت کردەیی نیە هەتا سەرەوریی یاساییی خۆیان بە سەر تەواوی ناوچەی ژێر دەسەڵاتیاندا هاوبەش بکەن. لەم ڕووەوە ئەگەر ئامریکاییە ڕەشپێستەکان بیانەوێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان  جیا ببنەوە، ئەمە ناتوانرێ بە دوو دەوڵەتی دەسەڵاتداری یاسایی لە سەر هەرێمی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکان و بە دوو ژمارەی زۆری هاووڵاتییان کە لە ڕووی هەرێمییەوە تێکەڵن جێبەجێ بکرێ: دەوڵەتی هەبوو، کە پاش جیابوونەوەی ڕەشپێستەکان تەنها دەسەڵاتی بەسەر ناڕەشەکاندا هەیە؛ و دەوڵەتی تازە کە سنووری دەسەڵات و شەرعیەتی تەنها ڕەشەکان دەگرێتەوە.

 دووەم، من وای دادەنێم کە تەواوی خەڵک مافێکی ئەخلاقییان هەیە کە بەشێکی دادگەرانە لە ناوچەیەکی شیاوی نیشتەجێ بوون لە سەر زەوییان هەبێ و گرووپێک لە خەڵک کە لە مێژە دانیشتووی ناوچەیەکن مافێکی ئەخلاقییان بۆ درێژەدان بە نیشتەجێ بوون لەوێدا هەیە.

ئازادی

 لیبڕالیزم وای دادەنێ کە خەڵکانی گەورەساڵی ئاسایی هەڵبژێرەرانی خۆبەڕێوەبەرن کە لانیکەمی مەرجە تایبەتەکانی ژیری لە بیروڕا و کرداردا پێڕەوی دەکەن. کەوابوو ئەوان ئەو تواناییەیان تێدایە تا لە ژێر رۆشناییی هۆکارەکاندا بە بیروڕا و ئامانجەکانیاندا بچەنەوە، هەتا بڕیارگەلی شیاو لە گەڵ ئەم بیروڕا و ئامانجانە بدەن و بەمەبەستی کاریگەری دانان لە سەر ڕەوتی جیهان، بە کردەوە پێڕەوییان بکەن. وەها کەسانێک بەرپرسی ئەوەن کە لە خۆیانی ساز دەکەن و ئەوەی کە لە گەڵ خەڵکی دیکەدا دەیکەن.[7] کەوابوو دەروەست بوون بە ئازادیی تاکەکەسی کە ڕیگا بە تاکەکان ئەدات  تواناکانی ئاماژەپێکراو بە کار بهێنن و پەرەی پێبدەن، توخمی سەرەکیی یەکخستن لە هەمەچەشنیی ڕوانگەکانە کە نەریتی لیبراڵ لە فەلسەفەی سیاسیدا پێک دێنێ. «بەشە جۆراوجۆرەکانی لیبڕالیزم باس لە ڕێبازی جیاوازی مەسەلەی چۆنیەتیی ڕێکخستنی کۆمەڵگا بە چەشنێک دەکەن تا بتوانێ زۆرترین ئازادی بۆ هاووڵاتیانی خۆی دەستەبەر بکات».[8] کەوابوو ئازادی بۆ لیبراڵەکان نەبوونی ڕێگرییە لەبەردەم بژاردەی تاکەکان سەبارەت بە ئەنجام دانی ئەو شتانەی ئەیانەوێ ئەنجامی بدەن. بە پێچەوانەی ئاناڕشیستەکان، لیبراڵەکان پێیان وایە کە دەوڵەت دەتوانێ ئامڕازێک بۆ دەستەبەرکردنی زۆرترین ڕووبەری ئازادی بێت. لیبراڵەکان ڕێگرییەکانی دەوڵەت تا ئەو جێگایەی کە پێویستن بۆ ئازاد کردنی تاکەکان، لە سنووربەندیی گەورەتری سروشت یان توندوتیژیی کۆمەڵایەتی (لیبراڵیزمی کلاسیک) و سنووربەندیی گەورەتری سیستمێکی ئابووری لەخۆگری نایەکسانیی گەورەی ئابووری و بەهۆی ئەوەوە دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی (لیبڕالیزمی مۆدێرن)، پەسەند ئەکەن.[9]

 بە هۆی دەروەست بوونی لیبراڵیزم بە ئازادی وەکوو بایەخێکی کۆتایی، لیبراڵەکان کۆمەڵگای ئایدیال وەکوو کۆمەڵگایەک ئەبینن کە «هەرچی زیاتر لە گەڵاڵەیەکی خۆبەخشانە نزیک بێت».[10] ئەمە بەو مانایە نایەت کە لە دەوڵەتی لیبراڵدا هیچ سنووربەندییەک بۆ  ئەوانەی خوازیاری دەستێوەردان لە ئازادی ئەوانی دیکەن بوونی نییە. ئەمە بەو واتایە دێت کە تەواوی پێوەندییەکان لە نێوان گەورەساڵانی عاقڵمەند  لە وەها کۆمەڵگایەکدا دەبێ خۆویستانە بێت. لەو کۆمەڵگایانەی وا لە بنەما لیبراڵییەکانەوە هەڵکێشراون، ئەم ڕوانگەیە بە هەندێ سەقامگیرییەوە(ڕێکەوتنەوە) دەرکەوتووە. لە دیمۆکراسیە لیبراڵە هاوچەرخەکاندا پێوەندییەکانی تاکێک لە گەڵ گەورەساڵەکاندا ـ سیاسی، کاری، ژن و مێردایەتی ـ خۆویستانەیە. لە کۆمەڵگای ئەوتۆدا، هاوسەری کەسێک لە لایان خۆیەوە هەڵدەبژێردرێت نەک باوک و دایکییەوە؛ کەسێک پایەی پیشەی کەسێکی تر هەڵدەبژێرێ یان پێی دەگات، کەس بۆ ئەو پلە و پایەیە لە دایک نەبووە؛ و دەوڵەتەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا لە لایەن بەربژێرانێکەوە کە خۆیان بۆ وەئەستۆ گرتنی بەرپرسیاریەتی پێشنیار ئەکەن هەڵدەبژێردرێن. وەها پێوەندیگەلێک نە بۆ یەک جار دەستەبەر بووگن،  نە ئەوەیە بۆ هەڵوەشاندنەوە نەبن. تەڵاق ڕێگاپێدراوە، پیوەندییەکانی دامەزراندن و کار و پیشە ئەتوانرێ کۆتایی پێ بێت، ئەتوانرێ دەنگ بە لابردنی دەوڵەتەکان بدرێ. هەروەها پێوەندییەکان لە نێوان هاووڵاتیی بالغ و دەوڵەتی سەقامگیری لیبراڵ خۆویستانەیە، لە بەر ئەوەی کە ئەم هاووڵاتیانە مافی ئەوەیان هەیە کۆچ بکەن یان ڕەگەزنامەی خۆیان بگۆڕن.

یەکێک لەو بوارانەی کە ئایدیالی خۆویستانە بوونی پێوەندییە مرۆیییەکان، لە لایان لیبڕالیزمەوە لە تیۆری یان بە کردار کاری پێ نەکراوە، هەمان یەکیەتیی خودی دەوڵەتە. بەم حاڵەش  وا پێدەچێ کە دەروەست بوون بە ئازادیی هەڵبژێرەرانی خودموختار لەمەر ژیان لە کۆمەڵگاگەلێکدا کە هەرچی زیاتر لە گەڵاڵەی خۆویستانە(دڵخوازانە) نزیکتر بن، پێویستی بەوەیە کە یەکیەتیی خودی دەوڵەت دڵخوازانە بێت و کەوابوو ئەو جیابوونەوەیە لە لایەن بەشێک لە دەوڵەتەوە لە شوێنێکدا کە ئیمکانی هەبێ ڕێگاپێدراو بێت. دەربڕینێکی نزیک لەم بۆچوونەی سەرەوە، لە لایان یەکێک لە لێدوانە تایبەت و دەگمەنەکانی فەیلەسووفێکی لیبڕاڵ{مەبەست کاڕڵ کۆهێنە کە لەخوارەوە ئاماژەی پێدەکرێ} کە ئەتوانرێ لە ناو بڵاوکراوەیەکی کە بابەتەکەی شەرعیەتدان بە یەکیەتی دەوڵەتە   بدۆزرێتەوە، ئەگەر چی مانا و دەلالەتەکەی لە لایان نووسەرەوە ئاماژەی پێنەکرابێ. من ئەم لێدوانانەی ژێرەوەم لە میشکدایە لە سەر کۆمەڵگای دیمۆکڕاتیکی لیبڕاڵ لە کاڕڵ کۆهێن:

«هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێ لە سەر بنەمای زۆر لێکردن بێت. بە زۆرلێکردن کۆمەڵەیەک لە تاکەکان لەوانەیە ناچار بکرێن یان بترسێنرێن هەتا ملکەچ و گوێرایەڵ بن؛ لە رێگای زۆردارییەوە ئەوان لەوانەیە لە بەدواداچوونی کۆمەڵگ ا(community) بۆ پارێزگاریکردن {لە خۆیان} بتۆقێنرێن. بەڵام سروشتی کۆمەڵگەی مەدەنیی راستەقینە بە جۆرێکە کە زەبروزەنگ ناتوانێ بنەمای یەکیەتی بێت. یەکیەتی دەبێ لە سەر بنەمای ڕەزامەندی دابمەزرێ…»[11]

وەها ڕەزامەندییەک ناتوانرێ لە لایان «باوکانی بنیاتنەری» کۆمەڵگاوە بۆ جیلەکانی دواتر باسی بکرێت. لەبەر ئەوەی، بە پیی لیبراڵیزم، باوک و دایک ناتوانن لە ڕووی ئەخلاقییەوە منداڵەکانیان (بە ڕێوشوێن یان بابەتێکەوە) ببەستنەوە.[12] بە پێچەوانەی لاك، ئەندامەتی لە دەوڵەتێکدا، جارێک کە بە دڵخواز قەبووڵ بکری، هەتا هەتایی و نەگۆڕ نابێ. چونکوو لیبڕالیزم دەزانێ کە تاکەکان ناتوانن بە دڵنیاییەوە پێشبینیی ئەوە بکەن کە لە درێژخایەندا چ شتێک لە قازانجی ئەوانە. هەر بەو جۆرەی کە فرێدریک شەیک لە وتارێکی لە ژێر ناونیشانی «بەرەو لۆجیکێکی لیبڕالیزم» ئاماژە دەکات «ڕێکەوتنەکان هەمیشە  دەبی بە وریابوونێکی تایبەتەوە چاوەدیری بکرین و هەردەم قابیلی هەڵوەشاندنەوە بن».[13] دیمۆکراسییە لیبراڵەکان نابێ بە شێوەیەکی دەستووری هەتاهەتایی بن(واتە بۆ هەڵوەشاندنەوە نەبن)، بەو جۆرەی کە ئوستوڕاڵیا هەیە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا شرۆڤەی بۆ دەکرێ کە وابێ. لەبەر ئەمە، ئەوەندە لە جووڵە خستن و فریز کردنی دۆخی هەبوو،  جیلێک کە ئازادیی هەڵبژاردنی خۆی ئەزموون ئەکات، هەوڵ ئەدات تا جیلەکانی دواتر لە هەمان ئازادی بێبەش بکات.

سەرەوەری

لیبراڵیزمی هاوچەرخ، لە بنەماکانی دیمۆکڕاسی لیبراڵدا دێتە دەربڕین کە بەو پێیە خەڵک سەروەرن. ئەم مافی حوکمدارێتییە خستنە پاڵ خەڵکە، بە ناچاری ڕوونکردنەوە بۆ فەکتێکی سیاسی ناکات یان باسی تیۆرێکی یاسایی ناهێنێتە گۆڕێ، بەڵکوو بانگەشەیەکی ئەخلاقی دەگرێتەوە.[14]   خستنە پاڵی(انتساب) مافی حوکمدارێتی بە خەڵک، بانگەشەی ئەوەیە کە مافە ئەخلاقییەکانی فەرمانڕەواکان تەنێ ئەتوانێ لە خولقاندن یان لانیکەم پەسەندکردنی دڵخوازانەی ڕێکخستنە سیاسییە تایبەتەکان لە لایان خەڵکەوە هەڵینجێت. دەگوتری کە هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی بە بێ رەزامەندی دەوڵەت ناتوانێ بوونی ببێ.[15] لیبڕالیزم بەم ڕوانگەیە لە سەروەری بە مانای ئەخلاقی، بە سەرنجدان بە بۆچوونی خۆی سەبارەت بە تاکەکان وەکوو هەڵبژێرەرانی خۆدموختاری عەقڵانی وەفادارە. پێوەندییەکانی دەسەڵات (Authority)  لە نێوان وەها کەسانێکدا ناتوانێ دیاردەیەکی سروشتی بێ کە سەربەخۆ لە خواست و ئیرادەی ئەوان بوونی هەبێ، بەڵکوو دەبێ لە لایان ئەوانەوە خولقابێ، لەهەموو ڕیککەوتنێکدا، ئەمە دەبێ سەبارەت بە ئۆتۆریتەی سیاسی وەکوو مافێکی ئەخلاقی بۆ حکوومەت کردن و ئەرکێکی ئەخلاقی لەمەڕ گوێڕاێەڵی بۆ دەوڵەت ، بە هەمان ڕادەی هەر پێوەندییەکی دەسەڵاتی دیکە لە نیو خەڵکی گەورە ساڵدا کاری پێ بکرێ.[16]

بە سەرنجدان بەوەی کە لیبڕالیزم کەسەکان وەکوو هەڵبژێرەرانی خۆدموختار چاو لێدەکا، فەلسەفەیەکی تاکەگەرایانەیە. سەروەریی خەڵک  ناتوانێ  لە بنەڕەتدا موڵکی گشتی بێت کە بەم پێیە تەنها ئەتوانێ لە لایان هەموو هاووڵاتیانی دەوڵەتێکی مەوجوود، لە ناو سنوورە هەرمانە نەگۆڕەکاندا بە کار بهێندرێت. لەبری ئەوە، ئەم سەروەرییە دەبێ لە مافە ئەخلاقییەکانی تاکەکان بە مەبەستی بڕیاردان سەبارەت بە پێوەندییە سیاسیەکانیان پێک بێت. لیبرالیزم ئەمە بە تاکەکانی لە ڕیگای بە فەمی ناسینی مافەکانیان سەبارەت بە کۆچ کردن و گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەییان ڕەوا دەبینێت.  بە سەرنج دان بەم گریمانەیەی کە لە سەرەوە وترا، خەڵکێک کە بە شێوەیەکی سوننەتی ناوچەیەکیان داگیر کردووە، مافی ئەوەیان هەیە کە درێژە بە نیشتەجێ بوونی خۆیان لەو ناوچەیە بدەن و هەرچۆنێک بێت بە سەرنج دان بەم ڕاستییە کە ئێستا هیچ بەشێکی شیاوی نیشتەجێ بوونی زەوین نەماوە کە لە ژێر حوکمی دەوڵەتێکدا نەبێت، لیبراڵیزم هەروەها دەبێ ئەمە پیشکەش بکەن کە ئەو گرووپانەی کە لە ناوچە و هەرێمێکدا کۆ بوونەتەوە و نیشتەجێ بووگن، بتوانن سەروەریی خۆیان بە کاربێنن. بە واتایەکی دیکە مافی ئەخلاقیی خۆیان لەمەڕ دیاری کردنی پێوەندییە سیاسییەکانیان لە ڕیگای جیابوونەوە بە کاربێنن. لیبڕالیزمی تاک گەرایانە دەبێ شرۆڤەیەکی تاک گەرێتی لە مافی حوکمدارێتیی خەڵک بێنێتە ئاراوە.

حوکمی زۆرینە

ئابڕاهام لینکۆڵن لە یەکەمین وتاردانی خۆیدا بە شێوەیەکی جیددی بەڵگەی هێنایەوە کە مەسەلەکانی پێوەندیدار بە جودایی خوازی دەبێ بە پێی بنەمای زۆرینە چارەسەر بکرێ:

بە سانایی، ئایدیای سەرەکیی جیابوونەوە ماکی ئانارشییە. «زۆرینە» کە لە ڕێگای سنووربەندی و کۆنتڕۆڵەکانی یاسای بنەڕەتییەوە جڵەو کراوە و هەمیشە لەگەڵ گۆڕانکاریی بیروڕا و هەست و سۆزەکانی خەڵک بە ئاسانی دەگۆڕێ، تەنها حوکمداری ڕاستەقینەی نەتەوەیەکی ئازادە. هەرکەسێک کە ئەوە پەسەند نەکات لە زەروورەتەوە بەرەو ئانارشی یان سەرەڕۆیی هەڵدەفڕێ.  یەکیەتی نامومکینە؛  یاسای کەمینە وەکوو ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی، بە تەواوی ناڕەوایە؛ کەوابوو بە نەفی کردنەوەی بنەمای زۆرینە، ئانارشی یان زۆرداری  لە هەندێ فۆرمدا هەموو ئەو شتەیە کە دەمێنێتەوە.[17]

من لەگەڵ ئەوەدا هەم کە بنەمای زۆرینە دەبی لە چارەسەرکردنی مەسەلەی جوداییخوازی هەندێ دەور بگێڕێ، ئەگەر بمانەوێ بە پێی بنەماکانی لیبڕال دیمۆکراتیک چارەسەر بکرێ (و لە بەشی دواتر دا پیشان ئەدرێ کە ئەم دەورە چیە).  بەڵام بەڵگەهێنانەوەی لینکۆڵن بۆ حوکمی زۆرینە، مەودای بنەمای زۆرینە لە ناو لیبراڵ دیمۆکڕاسیدا، بە دوو ڕێگا کە ڕاستەوخۆ لە گەڵ مەسەلەی جیابوونەوە لە پێوەندیدان، {لە قەوارەی خۆی} فراوانتر ئەکات.

یەکەم، بەڵگەهێنانەوە وای دادەنێت کە هەر کەمینەیەک لانی کەم لە بنەمادا، دەتوانێ لە وڵاتێکی دیاریکراودا ببێ بە زۆرینە. بەڵام هەروەک محەمەد عەلی جیناح بەر لە جیابوونەوەی پاکستان و هیندستان ئاماژەی پێ کردووە، ئەمە هەمیشە بەم جۆرە نیە.[18] ئەگەر جیاوازییە « بەربڵاو و قووڵەکان، کەمینە و زۆرینە لە یەکتر جیابکەنەوە و هیچ ئیمکانێکی ڕاستەقینە بۆ بوونی کەمینە بە زۆرینە بوونی نەبێ، لەوانەیە کەڵک وەرگرتن لە بنەمای زۆرینە شەرعییەتی نەبێ. جگە لەمە، ئەگەر کەمینە لە ڕووی جوگرافیاییەوە لە ناوچەیەکدا کۆ بووبێتەوە{خاوەن هەرێمی خۆی بێت} و حەزی لە ژێردەستیی زۆرینە نەبێت، بنچینەیەک کە بناغەی  بنەمای زۆرینەیە، واتە ڕێزگرتن لە مافە سیاسییەکانی هەموو کەسەکان، بە ڕێگەپێدان بە کەمینە بۆ جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی، باشتر خزمەت ئەکرێ. بە کورتی لە شوێنێکدا کە کەمینە هەرێمێکی گونجاوی هەیە، وڵامێکی شیمانەیی بە «ستەمکاریی زۆرینە»، وڵامێک کە لە لایان جان.ئێستوارت میلەوە پشتگوێ خرا، جیابوونەوەیە.

بەڵگەهێنانەوەی لینکۆڵن ئەم بانگەشەیە لە خۆدەگرێ کە حکوومەت کردن لە لایان کەمینەوە، حەتمەن زۆردارانە دەبێت. بەڵام ئەگەر کەمینە لە ڕووی ناوچەییەوە بە ڕادەی پێویست لە هەرێمێکی دیاریکراودا کۆ بووبێتنەوە، ئەوە ئەتوانێ لە ڕێگای جیابوونەوە وەکوو زۆرینە بە سەر خۆیدا فەرمانڕەوایی بکات و بە بێ ئەوەی پێویست بکات بە شێوەیەکی زۆردارانە بە سەر زۆرینەدا لە ناو قەوارەی سیاسیی گەورەتری پێشوو حوکم بکات. لینکۆڵن هەڵبەت، جیگرەوەی جوداییخوازی بە هۆی ئەوەی کە «جیابوونەوە ماکی ئاناڕشییە» ڕەد دەکاتەوە.  تەنها بەڵگەی ئەو بۆ ئەم بانگەشەیە ئەمەیە کە «ئەگەر کەمینەیەک لە وەها دۆخێکدا، لەبری ڕێککەوتن و ڕەزامەندی جیا ببێتەوە، ئەوا ئەوان پێشینەیەک دروست ئەکەن کە بە نۆرەی خۆی ئەوانیش دابەش و مایەپووچ ئەکات؛ کەمینەی ئەوانیش هەرکات زۆرینە پەسەندی نەکات کە لە لایان وەها کەمینەیەکەوە کۆنترۆڵ بکرێت، جیا
دەبنەوە». [19] من ڕای خۆم لە سەر ئەم «تیۆری دۆمینۆی جیابوونەوە» لە بەشی سیهەم دا دەرئەبڕم.

دووەم، بەڵگەهێنانەوەی لینکۆڵن، جیاوازیی نێوان دوو جۆری جیاوازی بڕیاردان، کە گرووپێک لەوانەیە بیدات پشتگوێ ئەخات: بڕیارەکان سەبارەت بەو یاسایانەی کە ڕێکخراوێک دەبێ بیبێ، بە سەرنجدان بەوەی کە گرووپێک لە خەڵک دەیانەوێ رێکخراوێک پێک بێنن و بڕیار دان لە سەر ئەوەی کە ئاخۆ گرووپێک لە خەڵک دەیانەوێ ببنە یەک ڕێکخراو {یان نا}.  ئەگەر گرووپێک لە دیمۆکڕاتەکان دەیانەوێ ببنە کۆمەڵەیەک، ئەوان هەروەها دەبی بەوە قایل بن کە هەندێ لە مەسەلەکان بە دەنگی زۆرینە چارەسەر بکەن. تا ئێستا لینکۆڵن ڕاست دەکات. بەڵام جۆری دووەمی بڕیاردان: ئەوەی کە ئاخۆ ئەم گرووپە لە درێژەدا{بیانەوێ بۆ هەمیشە}  یەک ئەنجومەن بن یان نەبن، ناتوانری هەمیشە بە شێوازێکی ئیلزامهێنەری ئەخلاقی  لە لایان دەنگی زۆرینە لە ناو هەموو ئەندامانی گرووپەکەدا بریاری لە سەر بدرێ. ئەوە لە بەڵگەهێنانەوەکانی ئازادی و سەروەری پێڕەوی دەکات کە دەڵێ، لە ئەگەری بوونی جوداییخوازەکان، ئەوان دەبێ ڕێگاپێدراو بن هەتا ئەو هەرێمە لە دەوڵەتی مەوجوود کە لەودا ڕێفڕاندۆمێکی جواداییخوازانە بەڕێوە دەچێ دیاری بکەن. (ئەم بانگەشەیە لە بەشەکانی سێ و چواردا پەرەی پێ دەدرێ و تایبەتمەندییەکانی دیاری دەکرێ).  لەبەرئەوەی ئەگەر تەواوی هاووڵاتیانی دەوڵەتی هەبوو، بۆیان هەبا لە ڕێفڕاندۆمدا دەنگ بدەن، ئەوان دەیانتوانی وە پێشی جوداییخوازەکان بکەون و یەکیەتیی دەوڵەت لەوە بەدوا دڵخوازانە نابێت و هەروەها جوداییخوازەکان لەو بارەدا نابن کە بتوانن بەشی خۆیان لە سەروەریی سیاسی و مافی کۆتاییی خۆیان بۆ دیاری کردنی پێوەندییە سیاسییەکانیان بە کار بێنن.

من بەڵگە هێنانەوەیەک بەم بانگەشەیە  کە دەڵێ جوداییخوازەکان بۆیان هەبێ ناوچەیەک دیاری بکەن کە لەودا ڕێفڕاندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەبچێ، زیاد ئەکەم  کە{ئەم بەڵگە هێنانەوەیە} لە بەڵگەهێنانەوەکانی پێوندیدار بە ئازادی و سەروەری جیاوازە.  وا پێدەچێ کە تەنها دوو ڕیگا بۆ ئەوەی کە دەنگی زۆرینە بتوانێ هۆکارێکی ئەخلاقی بۆ قەبووڵکردنی ئەنجامی دەنگەکان بێت بوونی هەیە. یەکەم، ئەگەر گرووپێک لە خەڵک لە سەر چارەسەر کردنی کێشەیەک بە دەنگی زۆرینە ڕێک بکەون، ئەم ڕێککەوتنە هۆکاری ئەخلاقی بۆ قەبووڵکردنی ئەنجامەکان بۆ هەموو لایەنەکانی ڕێککەوتن چ بە بەڵی یان نا بە زۆرینە و یان هەردەنگی سپی ئەخولقێنێ. بەڵام دووەم، لەوانەیە باروودۆخێک لە ئارادا بێ کە لەو باروودۆخەدا ئەم ڕاستییە کە بڕیارێک بە دەنگی زۆرینە گیراوە هۆکاری ئەخلاقی بۆ قەبووڵ کردنی بڕیارەکە تەنانەت بۆ ئەوانەی وا لەگەڵ ئەوەدا نین کە بڕیارێک لەم ڕیگایەوە بگیرێ بە دی دێنێ.  ئەمە لەوانەیە بە جۆرێک بێت کە تەنانەت ئەگەر(١) گرووپێکی خەڵک هەبێ کە هیچکامیان بۆیان نەبێ گرووپەکە بە جێ بێڵن، (٢) بڕیارێک کە  هەموو ئەندامانی گرووپ دەبێ بیسەلمێنن بۆ هەموویان بدرێت، و (٣) دەنگی زۆرینە ڕێبازێکی دادپەروەرانە بۆ بڕیاردانە.

 وای دابنێن کە ئەم بارودۆخانە جێگای ڕەزامەندی  بێت، ئەگەر نەخۆشینێکی مەترسیدار، بەتەشەنە بەڵام قابیلی چارەسەرکردن لە نێوان گرووپێک لە خەڵک کە لە دورگەیەکدا گیریان خواردووە بوونی هەبێت. جارێکی تر وای دابنێن کە شێوازی بەربەرەکانێ لە گەڵ ئەم نەخۆشینە لە ڕیگای دەنگی زۆرینەوە پەسەند دەکرێ بەڵام ئەوە کەمینەیە کە بڕیاردان بەم ڕێگایە پەسەند ناکات و دەنگدان بایکۆت ئەکات. واپێدەچێ کە لەم بارودۆخەدا، دژبەران  بۆ پێڕەوی کردن لە ڕێبازی پەسەندکراو بە دەنگی زۆرینە هۆکاری ئەخلاقییان هەیە. بەڵام تەنانەت ئەگەر بابەتی وەکوو ڕێگای دووەم لەئارادا بێ کە لەودا دەنگی زۆرینە بتوانێ بەڵگەیەک بۆ قەبووڵ کردنی  ئەنجامەکانی دابهێنێ، ئاشکرایە کە ئەم ڕێگایە زۆربەی کاتەکان لەگەڵ  باروودۆخی جوداییخوازی ناگونجێت.  زۆربەی جارەکان، لە وەها باروودۆخێکدا، هەلومەرجی ژمارە (١) جێگای ڕەزامەندی نیە، واتە دژبەرەکان دەتوانن خۆیان لە گرووپی گەورەتر لە ڕیگای جیابوونەوە بگوازنەوە.

بەم پێیە، لەو نموونانەدا کە جوداییخوازەکان بتوانن گرووپێکی هەبوو بە جێ بێڵن، کەڵک وەرگرتن لە بنەمای زۆرینە هۆکاری ئەخلاقی بۆ پەسەندکرنی ئەنجامەکانی دەنگدان دروست ئەکات؛ تەنها  لەو ئەگەرەدا کە ئەوان ڕەزامەندیی خۆیان سەبارەت بەوەی کە کێ دەتوانێ مافی دەنگدانی لە ڕێفڕاندۆمی جوداییخوازەکان هەبێ دەربڕیبێ. هەڵبەت ئاسایییە ئەوان پێداگری لەسەر ئەوە بکەن کە مافی دەنگدان تەنها دانیشتوانی ئەو ناوچانە بگریتەوە کە لەواندا هیوای گەیشتن بە دەنگی زۆرینە بۆ جیابوونەوەیان لێ دەکرێ.

لە کۆتایی بەشی یەکەمدا، من بانگەشەم کرد کە دەکرێ بە هۆکاری بوونی ستەم و سەرکوت یان بە هۆی مافی دیاری کردنی چارەنووسی نەتەوەییە، پاساو بۆ جیابوونەوە بهێنرێتەوە.

ئەگەر بەڵگەهینانەوەکانی ئەم بەشە دروست بن، ئەمجار، ئەگەر جیابوونەوە مومکین بێت، بە پێی لیبڕالیزم ئەوا دەتوانێ ڕێگاپێدراو بێت؛ تەنانەت ئەگەر خاوەنی وەها پاساوێکی ئەخلاقی نەبێ. بە واتای دیکە، لە شوینێکدا کە دەلوێ دەبێ ڕێگاپێدراو بێت، لەبەرئەوەی گرووپێکی جوداییخواز کە ئارەزووی جیابوونەوە دەکات بە ڕادەی پێویست بەهێز هەیە هەتا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە لە چالاکییە سیاسی ـ کۆمەڵایەتییە ڕێکخراوەکان، کە بۆ گەیشتن بەو مەبەستە پێویستن، بەشداری بکات. ئەم چالاکییانە بە زۆری وەها لێکدراو، ئەستەم و درێژ دەبن کە جیابوونەوە ئەنجامی هەوەسێکی کاتیی گرووپێک نابێ. بۆ ڕێگاپێدان بە جیابوونەوە، تەنها بە هۆکارگەلی ئەخلاقی وەکوو زوڵم و ستەم یان مافی دیاری کردنی چارەنووسی نەتەوەیی، بەڵام نەک بەم هۆکارە کە بە قووڵی ویستراو بێت و لە ڕێگای چالاکیی سیاسی پێویستەوە هەوڵی بۆ بدرێ، واپێدەچێ لەگەڵ بەڵگەهێنانەوەکانی پیوەندیدار بە ئازادی، سەروەری و حوکمی زۆرینە نەگونجێ.

جگەلەمە، بە پێی بنەما لیبراڵییەکان، جیابوونەوە لە شوێنێکدا کە ئیمکانی هەبێ دەبێ ڕێگاپێدراو بێ، تەنانەت ئەگەر بە ڕیگای دیاریکراو پەسەند نەکرابێت. کەوابوو لەوانەیە لە گەڵ لۆرد ئەکتۆن و پیێڕ ترۆدۆ هاوڕایی بکرێ کە دەولەتگەلی فرەنەتەوە لە دەوڵتی یەک نەتەوە باشترن.[20] لەوانەیە هەروەها لە گەڵ هەندێ لە نەتەوەخوازەکان هاوڕایی بکرێت کە واباشترە کە هەموو ئەندامانی نەتەوەیەکی فەرهەنگی ئەندامی یەک دەوڵەت بن. بەڵام بە پێی بنەما لیبراڵییەکان، وەها پەسەندکردنێک ناتوانێت لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە بۆ پاساوی پێش گرتنی زۆرەملی بە جیابوونەوەی نەتەوەیەک لە دەوڵەتێکی فرەنەتەوە یان بەشێکی نەتەوەیەک لە دەوڵەتێکی یەک نەتەوەیی بەس بێ. پێش گرتنی بە زۆرەملی لە جیابوونەوەی گرووپێک لە گەڵ بنەما لیبڕالییەکان بەم هۆکارە کە سەربەخۆیی بە قازانجی ئەو گرووپە نیە ناگونجێ. ئەم مەسەلەیە بە مانای باوک سالارییە.

کەوابوو، جۆری ئەو جیابوونەوانەی کە دەبێ  بە پێی تیۆریی لیبراڵ ڕیگاپێدراو بن بەڵام لەویش بەربڵاوترن، ئەو جۆرانە لە جیابوونەوەن کە پاساوی ئەخلاقییان هەیە و هەروەها ئەوانەی وا خوازراون. بەڵام بە دڵنیاییەوە بە کردەوە بەشێک لە وڵاتێک، بەدەگمەن حەزی لە جیابوونەوەیە، مەگەر ئەوەی کە هۆکاری بە هێزی بۆ ناڕازی بوون لە باروودۆخی ئێستا هەبێ. بۆچی گرووپێک دەیانەوێ لەوەها باروودۆخێکدا، بەرەو چەرمەسەریی گەورەی تێکدانی یەکیەتی وڵات بڕۆن، ئەگەر لەگەڵ بەربەست و ستەمی کولتووری، باروودۆخی خراپی ئابووری بەرەوڕوو نەبن؟

بەشی سێهەم

ئاخۆ بنەمای جیابوونەوە، کە من بانگەشە دەکەم  لە لیبڕالیزمەوە دێ، دەتوانێ بە شێوەیەکی گونجاو لە باروودۆخی ڕاستەقینەدا جێبەجێ بکرێ؟ من بانگەشەی ئەوە دەکەم کە هەر گرووپێکی جێگیر و کۆبووەوە لەناوچەیەکدا، کاندیدایەکی بەهێز بۆ جیابوونەوەی ڕێگاپێدراوە. ئەوەی کە ئاخۆ داخوازیی جیابوونەوە بە هەند وەربگیرێت، بە دڵنیاییەوە پێوەندیی بەم بابەتەوە هەیە کە داخۆ زۆرینەی خەڵکی دانیشتووی  هەندێ ناوچە، خوازیاری جیابوونەوە بن. بەڵام ئەگەر، هەرێمی جێگای باس، بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە بنەمای زۆرینە، قابیلی ناسینەوە(دانپێدانان)  نەبێت، بۆ نموونە بە سەرنجدان بەوەی کە هەرێمی وڵاتێکی دیاریکراو لەناو فێدراسیۆنێک یان ئەوەی کە هەرێمێک کە بە شێویەکی نەریتی لە لایان نەتەوەیەکی دیاریکراو لەناو دەوڵەتێکی فرەنەتەوەدا دەستی بەسەردا گیراوە، لەوکاتەدا، واپێدەچێ بنەمای زۆرینە لەوانەیە ئەنجامی پێکناکۆکی لێ بکەوێتەوە.[21] ڕێگەم پێ بدەن ئەمە ڕوون بکەمەوە. لێگەڕێن{وای دانین} لەوێ بزاوتێکی جیابوونەخوازانە لە ویستێریای باکوور، واتە هەرێمێک لە دەوڵەتی ویستێریا بوونی ببێ.

لە گشتپرسییەکدا، زۆرینەی ویستێریای باکوور دەنگ بە جیابوونەوە دەدەن.  کەوابوو لەوانەیە، ویستێریای باکوور دەبێ ڕیگای پێ بدری هەتا جیا بێتەوە. بەڵام وای دانێن کە لەوێ هەروەها ناوچەیەک لە وێستێریای باکووریش ببێ کە ناوی وێستیریای باکووری رۆژئاوا بێت کە لەوێدا دەنگی زۆرینە بە دژی جیابوونەوە بێت. کەوابوو لەوانەیە نابێ وێستێریای باکوور ئیجازەی ئەوەی هەبێت کە ئەو بەشە لە دەڤەری خۆی سەربەخۆ بکات. بەم پێیە واپێدەچێ بنەمای زۆرینە ئەنجامی ناتەبا بەدەستەوە ئەدا، مەگەر ئەوەی کە بتوانرێ هەرێمی خاوەن توانای جیابوونەوە، بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە بنەمای زۆرینە، دیاری بکرێ، کە بۆ دەست نیشان کردنی  ئەوەی ئاخۆ پێش گریمانەکان بۆ ئیجازەی جیابوونەوە بوونی هەیە کەڵکی لێ وەربگیرێ.

ئەتوانرێ ئەم کێشەیە لە ڕێگای کەڵک وەرگرتن لە بنەمای زۆرینەی «دووپاتە بوو» چارەسەر بکرێ. لێگەرێن بزاوتی جیابوونەوە خواز، بۆ نموونە ویستێریای باکوور ئەو هەرێمە دیاری بکات کە دەبی گشت پرسیی تێدا بەڕێوە بچێ. وای دانێن زۆرینەیەک بۆ جیابوونەوە هەبێ و ئەم جیابوونەوەیەش لەبنەمادا ڕێگاپێدراو بێت. ئێستا هەر ناوچەیەک لە ویستێریای باکوور دەبێ بە نۆرەی خۆی ڕێگای پێ بدرێت هەتا دەنگ بەوە بدا ئاخۆ دەیهەوێ لە ویستێریای باکوور جیا بێتەوە (و ئەگەر بیهەوێ لەگەڵ ئەوەی کە لە ویستێریا ماوەتەوە بمێنێتەوە). ئەگەر زۆرینەی خەڵکی باکووری رۆژئاوای ویستێریا نایانەوێ بەشێک لە دەوڵەتی سەربەخۆی ویستێریای باکوور بن، هەر ناوچەیەک لە ویستێریای باکووری رۆژئاوابە نۆرەی خۆی دەتوانێ لەمەڕ جیابوونەوە لە باکووری رۆژئاوای ویستێرا دەنگ بدات و هەتا دوایی. ئەم کەڵک وەرگرتن لە دووپاتە کردنەوەی بنەمای زۆرینە لە هەرێمی دەستنیشان کراو لە لایان بزاوتێکی جیابوونەوە خوازەوە، دەبێ ئەنجامێکی تەبا و یەکلاکەرەوەی بە دواوە بێ. ئەمە گەڕانەوەیەکی چەوتی بۆ دواوە لێناکەوێتەوە. گەڕانەوە بە شێوەیەکی لۆجیکی چەوت و شەڕەنگێز نیە، چونکوو ناتوانێ واوەتر لە سیاسەتێکی دوولایەنە زیاتر بڕوات. ئەمە لە ڕووی کردەییشەوە کارێکی شەڕەنگێزانە نییە. ئەو بەڵگە و نموونە کەمانەی وا لە سەر جیابوونەوە هەن، ئەو شتەی بەمدواییانە پێی دەوترێ «تیۆری دۆمینۆی جیابوونەوە» ناسەلمێنن، واتە ئەم بانگەشەیە کە جیابوونەوەیەکی سەرکەوتووی سەرەتایی، لەوانەیە زنجیرەیەک جیابوونەوە بە دوای خۆیدا بێنێ کە یەکەی سیاسی نەگونجاوی لێ دەکەوێتەوە.[22] ژمارەیەک لە جیابوونەوەی ناکۆلۆنیالی یاسایی لە سەدەی بیستەمدا وەدیهاتوون. بۆ نموونە، نەرویج لە ساڵی ١٩٠٥ لە سوید  و ئایسلەند لە ١٩٤٤ لە دانیمارک جیابووەوە. بە دوای ئەم جیابوونەوانە، جیابوونەوەی زیاتر لەدەوڵەتە تازە سەربەخۆکان یان لە دەوڵەتەکانی دایک نەهاتنە ئاراوە. هەڵبەت دەبێ بزانرێ کە ڕوانگەیەکی ئازادانەتر سەبارەت بە جیابوونەوە لەچاو ئەوەی ئێستا هەیە، لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زیاتری جیابوونەوە ڕووبدەن. بەڵام هۆکاری کەم هەیە بۆ ئەوەی وای دانێین وەها ڕەفتارێک، ژمارەیەکی زۆر قەوارەی سیاسیی نەگونجاو و سەیروسەمەرەی لێ دەکەوێتەوە. لەبەر ئەوەی کە خەڵک هەر وا سووک و ئاسان یەکیەتیی دەوڵەتی هەبوو، تێک نادەن. بە تایبەتی ئەگەر ئەم تێکدانە بە قازانجی خۆیان نەبێ و ئەگەر ئەو سکاڵا و گازندانەی کە جیابوونەوەیان لە لا شیرین دەکات بە دادپەروەری و هاودڵییەوە لەگەڵیان هەڵسووکەوت بکرێ. بێجگە لەمە، جیاییی سیاسی لە یەک ئاستدا ئەتوانێ لەگەڵ تێکەڵکردنی ئابووری(و سیاسی) لە ئاستێکی دیکە پێکەوە ڕوو بدەن. باسکەکان دەیانتوانی لە ئیسپانیا جودا ببنەوە، لە حاڵێکدا هەروەها لە گەڵ ئیسپانیاشدا تێکەڵی جڤاتی ئابووریی ئەورووپا دەبوون. هەرچۆنێک بێت لەوانەیە ترس لە باڵکانیزە بوون تاڕادەیەکی زۆر وەهمی و خەیاڵی بێت. ئاڕ. ئەی. داڵ و ئی. ئاڕ. تۆفت پیشانیان داوە کە لە نێوان قەبارەی دەوڵەتەکان و  داهاتی ناخالیسی نەتەوەییان (GNP)، یان تواناییان بۆ بەردەوام بوون وەکوو قەوارەی سەربەخۆی سیاسی، پێوەندیی مانادار بوونی نیە.[23]

ئاخۆ کەڵک وەرگرتنی «دووپاتە بوو» لە بنەمای زۆرینە بۆ دیاری کردنی سنوورە سیاسییەکان، لە ڕووی تیۆریکەوە  باڵکیش، بەڵام لەڕووی کردەییەوە ناواقیعیە؟ باشە، سەرنج بدەن کە چۆن سویسییەکان لەگەڵ جوورا (Jura)، ناوچەیەکی کاتۆلیکی فەڕەنسی زمان لەناو کانتۆنی بێرنی پرۆتێستانی ئاڵمانی زمان هەڵسووکەوتیان کردووە. (فێدراسیۆنی سویس پێکهاتوو لە کانتۆنەکانە، کە لە خۆگری ناوچەکان و ئەوانیش لە کۆمۆنەکان پێک هاتوون). لە ناوچەی جوورا لە ساڵی ١٨١٥وە، واتە کاتێک کە بە کانتۆنی بێڕنەوە لکێندرا هەستی جودایی خوازی بوونی بووە. لە ساڵی ١٩٧٧ دا حەوت ناوچەی جوورا لە کانتۆنی بێرن ڕێگایان پێدرا هەتا دەنگ بدەن ئاخۆ دەیانەوێ لە بێرن جیا ببنەوە. بیرتان نەچێ، تەنها ناوچەکانی جوورا دەنگیان دا نە گشت کانتۆنەکە. لەوێ زۆرینە لایەنگری جیابوونەوە بوون. بەڵام لە سێ ناوچە لە حەوت ناوچەکانی جوورا، زۆرینە دژی جیابوونەوە بوون. لە ساڵی ١٩٧٨ ئەم سێ ناوچە بە تەنهایی دەنگیان دایەوە و بە دەنگی زۆرینە بڕیاریان دا لەگەڵ کانتۆنێ بێڕن بمێننەوە. دواتر هەرلەوساڵەدا، چوار ناوچەکەی تر، کانتۆنی نوێی جوورا یان پێک هێنا.  لەو کاتەوە، پاشان یەکێک لە کۆمۆنەکانی کانتۆنی جوورا، لەمانەوە لەگەڵ کانتۆنەکەدا، ناڕازی بووە و هەندێ پێشبینیی بۆ ئەم کانتۆنە هەیە کە بە ئەنجامدانی ریفڕاندۆمێک بڕیار بدات کە ئاخۆ لە گەڵ ئەم کانتۆنە بمێنێتەوە یان دووبارە ڕەگەڵ کانتۆنی بێڕن بکەوێتەوە.

بەشی چوارەم

ئەگەر بانگەشەی سەرەکیی ئەم وتارە دروست بێت، لیبڕالیزم وا دەخوازێ کە هەر گرووپێکی کۆوەبوو لە هەرێمێکدا کە لەناو دەوڵەتێکدان،  دەبێ بتوانن {لەو دەوڵەتە} جودا ببنەوە، ئەگەر خۆیان بیانەوێ و ئەگەر ئەو جیابوونەوەیە لە ڕووی ئەخلاقی و کردەییەوە ڕیی تێ بچێت. دەست نیشان کردنی تایبەتمەندیی تەواو لەو باروودۆخەی کە جیابوونەوە نامومکین دەکات، واوەتر لە پانتایی هەوڵێکی سەرەتایی بۆ سەرقاڵبوون بە بابەتی جیابوونەوەیە. لەوانەیە ئەوە بەهیچ کلۆجێک کردەیی نەبێت. هێشتاش دەتوانرێ هەندێ هەلومەرج پێشنیار بکرێن. ئەو مەرجانەی کە لەوانەیە ڕێگا بە جیابوونەوە نەدەن دەتوانن ئەمانەی خوارەوە بن:

 ئەو گرووپەی کە خوازیاری جیابوونەوەیە بە ڕادەی پێویست گەورە نییە هەتا بەرپرسیاریەتییە سەرکییەکانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ وەئەستۆ بگرێت.

 ئەو ئامادەگییەی تێدا نییە هەتا ڕیگا بە گرووپەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بدات هەتا جیا ببنەوە. ئەگەر چی وەها جیابوونەوەیەک لە ڕووی ئەخلاقی و کردەییەوە ڕێی تێ بچێت.

 دەیهەوێ گرووپەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی کە ناتوانن بە هۆی پڕش و بڵاوی یان هۆکاری دیکە جیاببنەوە، بچەوسێنێتەوە یان ستەمیان لێ بکات.

 ناوچەیەک لە سەر سنوورەکانی دەوڵەتی مەوجوود بە دەستەوە ناگرێ، بە جۆرێک کە جیابوونەوە، ساز بوونی هەرێمێکی دەورەدراوی(enclave) لێ دەکەوێتەوە. {بۆ نموونە ئەگەر پارێزگای یەزد بیهەوێ لە وڵاتی ئێران جیابێتەوە. وەرگێڕ}

 ناوچەیەک بە دەستەوە دەگرێ کە لە ڕووی کولتووری یان سەربازییەوە بۆ دەوڵەتی هەبوو پێویستە.

 ناوچەیەک بە دەستەوە دەگرێ کە بەشێکی زۆر ناهاوسەنگی لە سەرچاوە ئابوورییەکانی دەوڵەتی ئێستای تێدایە.

هەرچۆنێک بێت سێ مەرجی ئاخر پێویست ناکەن بەربەستی لە شکان نەهاتوو لە سەر ڕیگای جیابوونەوە بن. توانای ژیان و مانەوەی هەریمێکی دەورەدراو (enclave) وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆ، تاڕادەیەکی زۆر بە نیازپاکیی دراوسێ نزیکەکەیەوە بەسراوەتەوە. کە لەوانەیە ستەمکارانە وەها چاکەیەکی پێ ڕەوا نەبینێ. هەندێ کێشەی هەرێمی و سەرزەمینی، دەتوانرێ لە ڕێگای دووبارە نیشتەجێ کردنەوەی خەڵک چارەسەر بکرێ، ئەگەر ئەوان ڕازی بن و بە شێوەیەکی شیاو قەرەبوو بکرێنەوە. پێویستی بە کۆنتڕۆڵکردنی هەندێ ناوچە،  بە هۆکاری کولتووری، سەربازی یان ئابووری، لەوانەیە لە ڕێگای حوکمدارێتیی یاساییی هاوبەش بەسەریدا، یان ڕێککەوتنێکی دوولایەنەی شیاو جێبەجێ بکرێ. هەندی کێشەی ئابووری لەوانەیە بە پێدانی قەرەبوو لە لایان جوداییخوازەکانەوە بە دەوڵەتی دایک بۆ پشکی ناهاوسەنگی سەرچاوە ئابوورییەکانی لە دەستچوو لە خاڵی ئاخردا قابیلی چارەسەرکردن بن؛ یان لە ڕێگای خاوەندارێتیی هاوبەشی سەرچاوەکان لە  ناو دەوڵەتی جوداییخواز، لە لایەن هەردوولایانەوە یان هاووڵاتییەکانیان{چارەسەر بکرێن}.

ئەم وتارە لەبری وڵام دانەوە، پرسیاری زیاتر دینێتە ئاراوە. کێ لە ڕووی ئەخلاقییەوە مافی بە سەر سوودەکانی ئەو سەرچاوە سروشتیانەدا هەیە کە بە شێوەیەکی زۆر ناهاوسەنگ لە نێوان ویلایەتەکاندا دابەش کراون؟ ئاخۆ هەموو دانیشتوانی هەرێمیک مافی ئەوەیان هەیە بەشداری لە گشتپرسییەکی جیابوونەوەدا بکەن؟ تەنانەت ئەو کەسانەی کە لە لایان دەوڵەتێکی بێگانەوە و بە دژی خواستی خەڵکی خۆجێی هێنراون؟ لانیکەمی ئەو بەرپرسیاریەتیانە چین کە هەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەبێ بتوانێ وەئەستۆیان بگرێ؟ چ تێبینیگەلێک دەبێ لەمەڕ جیابوونەوە ڕەچاو بکرێ ئەگەر جوداییخوازەکان یبانەوێ بە جێگای دەوڵەتێکی تر، کۆمەڵگایەکی ئانارشیست پێک بێنن؟ هەتا چەنێک دەوڵەتێکی لیبراڵ دەبێ  ڕێگا بە جیابوونەوەی گرووپێک بدات کە دەیانەوێ دەوڵەتێکی داخراو ودژ بە بەها لیبراڵییەکان ساز بکەن؟ ئاخۆ لیبراڵیزم نەک تەنها جیابوونەوە بەڵکو هەروەها دەرکردنی بەشێکی وڵات، بە ڕیگاپێدراو دەزانێ؟  ئەمانە و پرسیاری دیکەش دەبێ وڵام بدرێنەوە ئەگەر تیۆرێکی نموونەییی شیاو لە جیابووەنەوە گەڵاڵە بکرێ. بەڵام بە دڵنیاییەوە دەبێ گەڵاڵە بکرێ!

سەرچاوەکان

*. Harry Bern. “A Liberal Theory of Secession.” Political Studies XXXII (1984): 21-31.

[1]. See Michael Walzer, Obligations: Essays on Disobedience, War and Citizenship (Cambridge Mass, Harvard University Press, 1970), pp. 46-8.

[2]. The quotation is from The Social Contract, Book 111, ch. XI. Contemporary political scientists have given some attention to philosophical aspects of secession, but usually such attention consists of brief asides in works on topics other than secession. See, for example, R. A.Dahl, After theRevolution (New Haven, Yale University Press, 1970), pp. 59-63.

[3]. See The Politics of Johannes Althusius, translated with an introduction by Frederick S.Carney (London, Eyre & Spottiswoode, 1964), ch. XXXVIII.

[4]. See Hugo Grotius, The Law of war and Peace, translated by Francis W. Kelsey (New York,Bobbs Merrill, 1925). pp, 261-2.

[5]. See Samuel von Pufendorf, De Officio Hominis el Civis Juxta Legem Naturalem (Vol. two),translated by F. G. Moore (New York, Oxford University Press, 1927), p. 137.

[6]. Perhaps the best work in English is still Alfred Cobban, The Nation State and National Self-Determination (London, Collins, 1969). This is the revised edition of a work first published in 1945.See also Stanley French and Andreas Outman, ‘The Principle of National Self-Determination’ in Virginia Held, Sydney Morgenbesser and Thomas Nagel (eds), Philosophy, Morality and International Affairs (New York, Oxford University Press, 1974).

[7]. This characterization is borrowed from S. I. Benn, ‘Individuality, Autonomy and Community’, forthcoming in Eugene Kamenka (ed.), Community (London, Edward Arnold).

[8]. Jules Steinberg, Locke, Rousseau, and the Idea of Consent (Westport, Conn., Greenwood Press, 1978), p. 24.

[9]. Compare Maurice Cranston, Freedom: A New Analysis (3rd edn.) (London, Longmans,1967), p. 53; John Plamenatz (ed.), Readings from the Liberal Writers (London, Allen & Unwin,1965), p. 30; D. J. Manning, Liberalism (London, Dent, 1976), pp. 101-4.

[10]. The quotation is from John Rawls, A Theory ofJustice (Oxford, Oxford University Press1972). p. 13. See also, Carole Pateman, The Problem of Political Obligation (Chichester, John Wiley, 1979). esp. the introduction.

[11]. See C. Cohen, Democracy (New York, The Free Press, 1971), p. 44.

[12]. I have explored elsewhere what the consent consists in on which the unity of the state as well as p Aitical obligation and authority could be founded. In ‘Political Obligation and Democracy’,Australasian Journal of Philosophy, 54 (1976), pp. 250-4, I try to show that it cannot consist in participation in democratic elections; in ‘In Defense of the Consent Theory of Political Obligation and Authority’, Erhics, 87 (1977), pp. 260-71, that it can consist in acceptance of membership in the state.

[13]. See F. Schick, ‘Towards a Logic of Liberalism’, Journal of Philosophy, LXXVII (1980), pp. 80-98.

[14]. S. I. Benn, ‘Sovereignty’, in Paul Edwards (ed.), The Encyclopaedia of Philosophy (Vol. 7), p. 504.

[15]. I argue for this claim at greater length in ‘What is the Basis of Political Authority?’, The Monist, 66 (October 1983).

[16]. Compare the first sentences of Ch. VIII of the second of Locke’s Two Treatises of Government and of Ch. IV of Rousseau’s The Social Contract.

[17]. Carl Sandburg, Abraham Lincoln: The War Years (Vol. I) (New York, Harcourt, Brace, 1939), p. 132.

[18]. See Liaquat Ali Khan, Pakistan (Cambridge, Mass, Harvard University Press, 1951), p. 72.

[18]. Sandburg, Lincoln: The War Years, p. 132.

[19]. See P. E. Trudeau, Federalism & TheFrench Canadians (Toronto, Macmillan, 1968).

[20]. The central idea in this argument is derived from Robert A. Dahl, A Preface to Democratic Theory (Chicago, Chicago University Press, 1956), ch. 2, esp. section VII.

[21]. Compare Onyeonoro S. Kamanu, ‘Secession and the Right of Self-Determination: anO.A.U. Dilemma’, The Journal of Modern African Studies, 12 (1974), pp. 355-76.

[23]. See Size and Democracy (Stanford, Stanford University Press, 1973).