ئارامتر بخوێنەوە!
ناسیۆناڵیزم چییە و کێ ناسیۆناڵیستە؟
عومەر حەمیدی
“هەوڵی ئەم کورتە باسە ئەوەیە کە جوابی ئەو پرسیارە گشتییانەی کە لە بیری ژن و پیاوی کورددا هەیە، بە پشت بەستن بە سەدان لێکۆڵینەوی ئاکادیمیکی ئەنجام دراو و سەدان کتێب و هەزاران مەقالە کە لەم بارەیەوە نووسراوە، بداتەوە. هەروەها مەبەستی هاروژاندنی وتووێژی تێئۆریک و پێشوازی لە ڕەخنەی پسپۆڕان و ئەکادیمیسیەنەکانە“
بێنیدیک ئەندرسن لە کتێبە بە ناوبانگەکەی «کۆمەڵگای خەیاڵی»، هەوڵ ئەدا جوابی ئەم پرسیارە بداتەوە: ناسیۆنالیزم (بیری نەتەوەیی) چییە کە لە دووسەت و چەند ساڵی ڕابردودا، میلیۆنەها مروڤ گیانیان لە پێناویدا بەخت کردوە؟
هەوڵی ئەم کورتە باسە ئەوەیە کە جوابی ئەو پرسیارە گشتییانەی کە لە بیری ژن و پیاوی کورددا هەیە، بە پشت بەستن بە سەدان لێکۆڵینەوی ئاکادیمیکی ئەنجام دراو و سەدان کتێب و هەزاران مەقالە کە لەم بارەیەوە نووسراوە، بداتەوە. هەروەها مەبەستی هاروژاندنی وتووێژی تێئۆریک و پێشوازی لە ڕەخنەی پسپۆڕان و ئەکادیمیسیەنەکانە. وشەی ناسیۆنالیزم لە ناو کورددا وا ناوی بە خراپ دەرچووە کە کەمتر کەسێک (تەنانەت حیزبە سیاسییە نەتەوەییەکانیش) دوێرن ڕاشکاوانە بڵین کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستییە (نەتەوەییە) و ئیمە ناسیۆنالیستین(نەتەوەیین). لە ناو بەرەی چەپی کوردیشدا، باش وایە بە سەگ بیت و بە ناسیۆنالیست نەبیت. کێ ناسیۆنالیستە؟ ئەو کەسانەی کە ساڵی ١٧٨٩ لە دیواری زیندانی باستیل چوونە سەر ناسیۆنالیست بوون. ئەو کەسانەی کە دیواری بێڕلینیان لە ساڵی ١٩٨٩دا هێنا خوار ناسیۆنالیست بوون. ئەو کەسانەی کە لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە، لە ئەمریکای لاتین دژی ئیستیعمار ڕاپەڕین، ناسیۆنالیست بوون. ئەو کەسانەی کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا لە ئاسیا و ئافریقا چۆکیان بە ئیستیعمار دادا، ناسیۆنالیست بوون. بنیادنەران و باوکانی وڵاتانی ئازاد و پێشکەوتووی ئیمڕۆ ناسیۆنالیست بوون. ئەگەر لە سوئێدییەک بپرسی کوێندەریت؟، ئەگەر هەمو تەمەنیشی لە بێلژیک ژیابێت دەڵێت سوئێدیم. ئەگەر هەڕەشەیەکیش لە سەر وڵاتەکەی ببێت، تا پێی گیانبەخت کردن بەرگری دەکات. سوئێدیش ناسیۆنالیستە. لە کوردێکی ئاسایی بپرسی کورد چی گەرەکە؛ بێ شک دەڵێت: دەوڵەتی خۆمانمان گەرەکە، یانی بەخاوەن بوونی دەسەڵاتی سیاسی. کوردیش ناسیۆنالیستە. شتێک کە کۆدەنگیی زۆرێک لە ئاکادیمیسیەنەکانی بواری ناسیۆنالیزمی لەسەرە و مێژووش پشتڕاستی کردووتەوە، ئەوەیە کە پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی، مەرجی پێویستی(شرط لازم) پێشکەوتی هەر گەلێکە. مەرجی تەواوکەریش (شرط کافی) ڕەچاو کردنی سیاسەتێکی نەتەوەیییە. هەر بۆیەش ئوروپا و ژاپۆن و کۆریای باشوور و سینگاپوور کە هەر دوو مەرجەکەیان وەدی هێناوە، ئاوەدان و پێشکەوتوون و ئێران و پاکستان و کۆریای باکوور، بە هۆی ئەوەی کە سیاسەتی نیشتمانییان نەگرتووەتە بەر، کاول و دواکەوتوون.
ئایا ناسیۆنالیزم ئیدئۆلۆژییە؟ بێنیدیک ئەندرسن و بەشێکی زۆری زانایانی کۆمەڵناسی و پسپۆڕی ناسیۆنالیزم دەڵێن: ناسیۆنالیزم بنچینەی فەلسەفیی بەهێزی نیە کە وەک لیبڕالیزم و مارکسیزم بە ئیدئۆلۆژی دابندرێت. لیبڕاڵەکان ئازادیی تاک لە سەرووی گشت شتێک دادەنێن، بڕوایان بە مالیکیەتی خوسوسی و بازاڕی ئازاد هەیە. مارکسیستەکان دژی مالیکیەتی خوسووسی و بازاڕی ئازادن و مالیکیەتی دەوڵەتی و دیکتاتۆریی پرولیتاریان گەرەکە. ناسیۆنالیستەکان چی؟ ئەوان لە زیاتر لە دووسەت ساڵ لەمەوبەرەوە ئەو شتە دووپاتە دەکەنەوە کە لە ئینگلیزیدا پێی ئەوترێ تاریفێکی یەک دێڕی. ئەڵێن: دنیا لە گەلانی جیاواز پێکهاتوە و هەر گەلەی مافی خۆیەتی خۆی ئیدارە بکات و هیچ گەلێک بۆی نییە کە فەرهەنگ و یاسا و زمانی خۆی، بە سەر گەلێکی تردا بسەپێنێت.
مێژوی تێئۆرییەکانی ناسیۆنالیزم
بە بڕوای زۆرێک لە مێژوناسان و کۆمەڵناسان، ناسیۆنالیزم لە سەدەی هەژدە و بە شۆڕشی فەڕانسە و شۆڕشی ئەمریکاوە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا سەری وەدەر ناوە. کاتێک لە ساڵی ١٧٩٣ شۆڕشگێڕەکانی فەڕانسە بڕیاریان دا سەری شای ئەو کاتە، (لویی شازدە) بپەڕێنن، پرسیارێک هاتە گۆڕێ کە پێشتر بیری لێ نەکرابۆوە: باشە ئەگەر شا بکووژین مافی دەسەڵاتداری کە لە لایەن خواوە دراوە بە شا چی بەسەر دێت و ئەو مافە بە کێ دەدرێ؟ جوابەکەی هاسان و ڕوون بو: مافی دەسەڵاتداری هینی میللەتە. لە سەدەی نۆزدە، دوو بۆچوونی جیاواز لە سەر دیاردەی ناسیۆنالیزم هەبو کە سەرەڕای دژایەتییان لە زۆر بواردا لە سەر مەسئەلەی ناسیۆنالیزم و مافی دیاری کردنی چارەنووسی گەلان بە یەک ئاکام دەگەیشتن. لە لایەکەوە لیبڕاڵەکان کە مافی تاکیان بە سەرەکی دەزانی، باوەڕیان بە مافی گروووپ نەبووو و دژی سەربەست بوونی گەلانی بچووک بوون. جۆن ستیوارت میل (١٨٦. کان) باوەڕی وا بوو کە لە بەرژەوەندیی سکاتلەندی و وێلزییە کە واز لە فەرهەنگ و دابونەریتی دواکەوتووی خۆیان بهێنن و شارسانییەت و تەمەددون و فەرهەنگی مەرکەز (لەندەن) فێر ببن. یان باسک و بریتانییەکانی فەڕانسە، پشت لە مێژوو و دابونەریتی سووک و بێبایەخی خۆیان بکەن و ببنە پاریسی و زانست و فەرهەنگی گەشاوەی پاریسی بکەن بە سەرمەشق و خۆیانی تێوەگلێنن و فێری ببن و لە بیر خۆیانی بەرنەوە کە سەردەمێک بریتانی یان باسکی بوون. هەر وەها بڕوای بە یەک وڵات و یەک زمان هەبوو و دەیگوت هەر وڵاتەی بە یەک زمان، ئەویش زمانی نەتەوەی باڵادەست و پێشکەوتوتر بدوێت و زمانە ئێتنیکییەکان ئەبێ لە ناو بچن. جۆن ستیوارت میل و باقی لیبڕاڵەکان باوەڕیان بە گەلانی سوپێریۆر بە مانای باڵا دەست- پێشکەوتو- خاوەن توانا و گەلانی ژێردەست هەبو و دەیانگوت: میللەتە دواکەوتووەکان، چونکە بە هۆی دواکەوتوویییەوە توانای دەسەڵاتداری و ئیدارەی خۆیانیان نییە، لە بەرژەوەندییانە کە لە ناو گەلە باڵادەستەکاندا بتوێنەوە. کاتێک کە بە هۆی پەرەسەندنی سەنعەت و بازرەگانی، خەڵکی دێهات ڕوویان لە شارەکان کرد و ئیتنیکە جوراوجۆرەکان لە تەنیشت یەک نیشتەجێ بوون، لیبڕاڵەکان داهاتووی ئەو تێکەڵاوییانەیان بە شیکاگۆ هات پات دەشوبهاند. شیکاگۆ هات پات، لە چەشنی دیزیی فارسەکانە، کە تۆ گۆشت و نۆک و ئاو و خوێ و تەماتە و… بە یەکەوە تێکەڵاو دەکەیت و دەیکوڵێنی و دوای ماوەیەک کوڵین، گۆشت و نۆک و تەماتە و… ئەگۆڕین و تام و ڕەنگی یەکدی دەگرن و شتێکی نوێ دروست دەبێت کە پێی دەکوترێ ئاوگۆشت. ئەوانیش پێیان وابوو کە ئیتنیکی جیاواز، بە فەرهەنگ و زمان و ڕابردوی جیاوازەوە، تێکەڵ دەبن و میللەتێکی یەکدەستی نوێ دەخوڵقێ. تەجرەبەی ئیڕلەندی و ئیتالیایی و لاتینیەکانی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، هەڵە بوونی ئەم بۆچوونەی بە ڕوونی دەرخست. ئیڕلەندیی ئەمریکایی خۆی لە ئیڕلەندیی بێڵفاست بە ئیرلەندیتر دەزانێت، هەر وەها ئیتالیایی و لاتینی و ڕەشە ئەفریقایییەکان. لیبڕاڵەکانی سەردەمی خۆمان وەک ویڵ کێمیلا و چارلز ته یلر، جۆن ستیوارت میل بە تەواوی بەرپەرچ دەدەنەوە و ناسیۆنالیزم و مافی دیاری کردنی چارەنووس بە ڕەوا دەزانن. ویڵ کیملیکا لە سەر گرینگ بوونی فەرهەنگی هەر ئیتنیکێک پێ دادەگرێت و ئەڵێت ژیانی دەروونیی تاک بەبێ فەرهنگی خۆی مومکین نییە و مرۆڤ لە خۆی بێگانە دەبێت و ئازاد نییە. ناسیۆنالیستە فارسەکان درۆ بەزمان کیملیکاوە ئەکەن. کیملیکا ئەڵێ ئیتنیکی ناو وڵاتە چەند فەرهەنگییەکان دوودەستەن. یەکەم: ئەوانەی کە موهاجیرن و لە وڵاتانی ترەوە کۆچیان کردووە و هاتوونە وڵاتێکی تر، سەرەڕای ئەوەی کە هاتوون ئەسیمیلە بن، ئەبێ زمان و فەرهەنگیان پارێزراو بێت بەڵام بۆیان نییە کە داوای ئوتۆنۆمی و فیدراڵیزم یا جیابوونەوە بکەن. دووهەم: ئەو کەسانەی کە کەمایەتین و لە سەر زەویی خۆیان نیشتەجێن و ڕەنگە بە بێ ئیزنی خۆیان لکێندرابێتن بە گەلێک و وڵاتێکی تردا، مافی خۆیانە کە داوای دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان بکەن.
لە لایەکەی تر، مارکس و ئێنگڵس بوون کە ئەوانیش باوەڕیان بە میللەتی باڵادەست و ژێردەست هەبوو. (نەتەوەی مێژوویی و نامێژوویی) ئەوانیش باەڕیان وا بوو کە ئەو میللەتانەی کە توانای خۆئیدارەیی و دەسەڵاتدارییان نییە، ئەشێ ببنە قوربانیی میللەتە گەورە و پێشکەوتووەکان و وەک قانگەڵاشکێک بسووتێن و ئاگری پەرەسەندنی سەرمایەداری خۆش بکەن تا پڕۆلیتاریا دروست بێت و سۆسیالیزم بۆ مروڤایەتی بە دیاری بهێنێت و یەکسانی و عەداڵەت جیهان دابگرێت (بزن شیردا بۆ داپیردا داپیر کلکە قوڵەی وێدا). سەبارەت بە وڵاتانی گەورەی ئورووپاییش دەیانکوت: پڕۆلیتاریا دەم لەسەرپشت، ها بەشوێن بورژوازییەوە و بە زوویی دەیانڕووخینێ. مارکس و ئەنگڵس خۆیان وەک دوو گەنجی سیاسی و تێکەڵاوی باسی تیئۆریکی ئەو سەردەمە، شاهیدی تۆفانی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ناسیۆنالیزم لە ئوروپا بوون (١٨٤. کان). بەڵام ئەوان وایان دەزانی کە ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی کاتییە و ماتریالیزمی تاریخی حوکمی لەناوچوونی دیاری کردوە. ئەیانوت هەندێک گەل، فۆسیلێکن کە پاشماوەی دەورانی کۆنن و لە ڕاستیدا زیددی شۆڕشن. ئەم چەشنە گەلە دواکەوتوو و ئیڕتیجاعییانە ئەشێ لە بەرپێی دەوڵەت- میللەتە گەورەکان بکرێن بە قوربانی. ئەیانوت ناسیۆنالیزم گەمەیەک و فێڵێکە کە بورژوازی بۆ بە لاڕێدابردنی پڕۆلیتاریا، کەڵکی لێ وەرئەگرێت. دێڕە بە ناوبانگەکەی مانیفیستی کومۆنیستی کە دەڵێت: پڕۆلیتاریا خاکی باوکیی نیە، بۆچوونیان بە باشی نیشان دەدات. مارکس و ئەنگڵس قەت هەوڵیان نەدا کە ڕوونی بکەنەوە کە ناسیۆنالیزم چییە کە وا خەڵک گیانی لە پێناو دادەنێن. دیارە پێشبینیەکانیان نەهاتە دی و پڕۆلیتاریای وڵاتانی سەنعەتی، وەک ئەوان پێشبینییان کردبووو کە: «پڕۆلیتاریای هەر وڵاتێك، دەسەڵاتی بورژوازیی وڵاتی خۆی دەڕوخێنێ»، تا ئیمڕۆش کە زیاتر لە سەد و پەنجا ساڵ لەو کاتە ڕابردووە، مسۆگەر نەبووە و بەڵکە ئەو وڵاتانەش کە حکوومەتی مارکسیستیان هەبوو، هەر کە دەرەتانیان بۆ هەڵکەوت، گەڕانەوە دواوە و دەوڵەتی نەتەوەیییان پێک هێنا. وەک دەبینین «یەکێتیی جومهوورییەکانی سۆڤیەت»، تەنیا جومهوورییەکانی ماوە. کاتێکیش کە لە ئاخرەکانی سەدەی نۆزدە، سەرهەڵدانی ژمارەیەکی زۆر دەوڵەتی تازە، پانۆڕامای سیاسیی جیهان بە تایبەت ئورووپای گۆڕی، مارکسیستەکانی ئینترناشناڵی دووهەم ناچار بوون کێشەی نەتەوەیی بکەن بە تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکانیان. بەتایبەت مارکسیستە ئوتریشییەکان، تیئۆرییەکی نوێیان لە سەر ناسیۆنالیزم، لە سەر بنچینەی تایبەتمەندیی کاراکتەری هەر نەتەوەیەک و جیاوازیی فەرهەنگیی نەتەوەکان خستە بەر دەستی بەشدار بوان؛ بەڵام نەیانتوانی لە لەمپەری «ماتریالیزمی مێژوویی» بپەڕنەوە و هەوڵەکەیان بۆ تاریفێکی دروست لە ناسیۆنالیزم پووچەڵ بۆوە. تا ئیمڕۆش کە نەتەوە، ئولگووی سەرەکیی پێکهاتنی هەمو دەوڵەتانی جیهانە، مارکسیستەکان سەریان لە بەفر ناوە و کای کۆن بە با دەکەن. هەرچەند لە بیست ساڵی ڕابردوودا، هەندێک مارکسیست وەک تام نارین، «تێئۆریسیەنی سیاسی و تیئۆریسیەنی بواری ناسیۆنالیزم کە خۆشی ئیسکاتلەندییە ونووسەری کتێبی گرینگ و دەیان مەقالەی عیلمیە»، ڕاشکاوانە دەڵێت: گەوەرترین هەڵەی مارکسیزم تێنەگەیشتنی لە ناسیۆنالیزم بووە. یان ئێریک هۆبزباون، مێژوناس و خاوەنی چەندەها کتێبی بەناوبانگ کە لە تەمەنی زۆر گەنجییەوە (چاردە- پازدە ساڵی) ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانیا بوو و کاتێکیش لە تەمەنی نەود و سێ ساڵیدا مرد، کارتی ئەندامەتیی حیزبی کۆمۆنیستی هەر لە باغەڵدا بوو، ئەڵێت: بزووتنەوە مارسیستییەکان وشۆڕشەکانی دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، هەموویان بە شکڵ و ناوەرۆک ناسیۆنالیستی بوون (کووبا، ویەتنام، چین، کامبۆج و…). پیاو قسەیەکیش بۆ دز بکات. بەڕاستی مارکسیست لێنینیست، لەم چەشنەی کە ئێمە هەسمان، لە دنیای پێشکەوتوودا و تەنانەت لە زۆربەی وڵاتانی دنیای سێهەمیش وەک ئەمریکای لاتین و ئاسیا و تەنانەت ئەفریقاش دوایان بڕاوە و مارکسیستەکانی خۆراوا سەرقاڵی شەڕی ڕەنگی پێست و مافی هێمۆسێکشوال و پشتیوانیی حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسلامن. وابزانم کورد بە پێی سەرە و ژمارە، زیاترین کۆمۆنیستی هەیە کە هەڵبەت ئەوانیش خۆیان بە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کوردییەوە هەڵواسیوە.
ئەزانم تا ئێستا جوابی پرسیاری ناسیۆنالیزم چییەم نەداوەتەوە. بۆ جوابی ئەم پرسیارە پێویستە چەند وشە و کۆنسێپت مانا بکەینەوە.
ئیتنیک چییە و کێ ئیتنیکە؟ میللەت چییە و کێ میللەتە؟ دەوڵەت ـ میللەتی ئێرانی لە ناوەرۆکدا چییە؟ «تمامیت ارضی» چییە کە بووەتە پاژنەی ئاشیلی ناسیۆنالیزمی فارس؟ و هەندێک بابەتی دیکە.
- ئیتنیک چییە و کێ ئیتنیکە؟
ئیتنیک لەوشەی یۆنانیی ئیتنۆس، بە مانای گڕووپێک لە خەڵک، کە دەچنەوە سەر بەرەی بابێک وەرگیراوە. تاریفەکەی «ماکس وێبڕ»ی ئاڵمانی ئێساش کۆدەنگیی ئاکادیمیای لە سەرە. ئەو ئەڵێ ئیتنیک بە دەستەیەکی گەورە لە خەڵک ئەوترێ کە پێیان وایە بە ڕەچەڵەک یەکن. پیویستیش ناکات بە تێستی دی ئێن ئەی بسەلمێندرێت. هەر ئەوەندەی باوەڕەکە گشتگیر بیت بەسە. بۆ نموونە فارسەکان بە گشتی ڕەچەڵەکی خۆیان دەبەنەوە سەر کوروش و داریووش و هەخامەنیشی یان ئێمەی کورد ئەڵێین: ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین. هەم کورد ئیتنیکە و هەم فارس و هەم هەر دەستەیەکی گەورەی خەڵک وەک سوئێدی و ئینگلیسی و سکاتلەندی و باسک و… ئەنترۆپۆلۆژیستەکان دوای زیاتر لە سەد ساڵ لێکۆڵینەوە لە چوار قوڕنەی جیهان، ئەڵێن ئیتنیک درێژەی (کین) بە مانای خزم و کەسە. وەک خۆشمان دەزانین، خێزان هەیە، بنەماڵە یا خانەوادە هەیە، قەوم و خێش هەیە، تایەفە هەیە، ئێڵ و عەشیرەت هەیە کە گشتیان خزمن. چەند ساڵ لەمەوبەر پاڕڵمانی بریتانیا بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخۆشینە ژێنێتیکەکان وەک شێرپەنجەی سینگی خانمان و چۆنیەتیی پەڕینەوەی لە دایک و نەنک و نەنکە گەورە و… بۆ خانمانی توش بووی ئێستا، لە زانایانی بواری ژێنیتیکی خواست کە ئامارێک لە ڕادەی بڵاوبوونەوەکەی دەربهێنن. ئەوانیش لە دەسپێکردندا ویستان بزانن، ژن و پیاوێک کە دووسەت ساڵ لەمەوبەر ژیاون، ئەگەر دوو تا سێ منداڵیان بووبێ و جیلەکانی دوای خۆشیان هەر تاکەی دوو تا سێ منداڵیان بووبێت، تا ئێستا چەند مروڤیان لێ کەوتۆتەوە. جوابەکەی پێنجسەد هەزارە. بۆیە ڕیچارد دۆوکین، بایۆلۆژیستی بەریتانی ئەڵیت: ئەگەر تۆ چەند پشتت لە شارێکی نە گەورە و نە بچووک ژیابن، شانسی ئەوەی زۆربەی خەڵکی قەدیمی شارەکە خزم و کەست بن هەیە. مەبەستم ئەوەیە ئەوەی ئیتنیکەکان خۆیان لە یەک ڕەچەڵک دەزانن، ڕەنگە لە تەجرەبەی خۆیانەوە هاتبێت. هەندێک کەس پێیان وایە وشەی «قەوم»ی کوردی مانای ئیتنیک نادات. بە بڕوای من قەوم پڕ بە پێستی خۆیەتی و دەقاودەق لە تەک مانا یۆنانییەکەی و بۆچوونەکەی ماکس وێبڕ و ئەنترۆپۆلۆژیستەکان دێتەوە. فارسە ناسیۆنالیست و هدەندێک لە کوردە سیاسییەکانیش، لە بری قەوم، لە وشەی «میللییەت» کەڵک وەردەگرن. لە سەدەی نۆزدە، وشەی میللییەت وەک جنێو بە ئیتنیکە بێ دەسەڵاتەکان دەگوترا. پێیان ئەگوتن میللییەت بەو مەبەستە کە ئێوە شایستەی دەسەڵاتداری نین و ئەشێت ژێر چەپۆکە بمێننەوە. من خۆم لە ئیسماعیلی نووری عەلا، ڕووناکبیر و نووسەر و هەڵسووڕاوی لیبڕاڵی ئێرانیم بیستوە کە بە دروستی میلییەت بە ورکە میللەت(خردە ملت) مانا دەکاتەوە. لە بیست سی ساڵی ڕابردوودا، ئیتنیک بە مانایەکی بەربڵاوتر بە کار ئەهێندرێ و بووە بە چەترێک کە گشت گرووپێک جگە لە چین (کرێکار و جووتیار و سەرمایەدار و…) جنسییەت (ژن و پیاو)، دەگرێتە خۆ. کێشەی کورد لە هەر چوار پارچەکە کێشەی ئیتنیکییە. لە ئێران کیشەی ئیتنیکی کورد وئئیتنیکی فارسە. ئیتنیکی فارس دەسەڵاتی سیاسی، فەرهەنگی، سەربازی، ئابووری و یاسادانانی بە تەنیایی گرتووەتە ژێر دەستی خۆی و کوردیش پێی ڕازی نییە و گەرەکیە چارەنووسی خۆی بگرێتە دەست و ملیش نادا و بێدەنگ نابێت. دەوڵەتی فارسیش هەوڵی لە گرێژەنە بردنی بزووتنەوەکەی ئەدات. لە پارچەکانی تریش لە تەک ئیتنیکی تورک و عەرەبە.
- میللەت چییە و کێ میللەتە؟
دەیوید میلەر، فەیلەسووفی سکاتلەندی دەڵێت: میللەت گرووپێکی گەورەی خەڵکن کە پێیان وایە مێژوویەکی هاوبەشیان هەبووە. ڕەنگە مێژووەکە تەنانەت ئەفسانەش بێت. شاهنامەی فیردەوسی کە فارسەکان وەک مێژووی خۆیان و ســــەرچاوەیەک بۆ ناسین و ناساندنی ڕابردووی خۆیان کەڵکی لێ وەردەگرن ئەفسانەیە و ڕووداوی مێژوویی نیە. ئێرنێست ڕێنان، فەیلەسووف و زمانناسی فەڕانسەوی دەلێت: میللەت ڕۆحە، پڕێنسیپێکی مەعنەوییە. بە ڕای من ڕێنان ڕۆح و پڕێنسیپی مەعنەوی بە مانا دێکارتییەکەی به کار دەهێنێت کە پێی وابو مرۆڤ لە دووبەشی جیاوازی ڕۆح و جەستە پێکهاتووە و گرێیەکی بە قەدرایی دەنکە نۆکێکیشی لە ناو میشکدا بە کورسیی ڕۆح دەزانی. ڕێنانیش میللەت بە ڕۆحێک دادەنێت کە کورسییەکەی سەر دڵی تاکە. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی و زانستە سیاسییەکانەوە، میللەت بە گرووپێکی گەورە لە خەڵک دەگوترێ کە خاوەنی فەرهەنگ و مێژوویەکی هاوبەشن و لە وڵاتی خۆیان دەسەڵاتی سیاسی و مافی خۆبەڕێوەبەری(حق حاکمیت) و مافی یاسادانانیان هەیە یان بە دەرەجەیەک لە وشیاریی نەتەوەیی گەیشتوون کە نەخوازن بێگانە حکوومەتیان بەسەردا بکات و داوای خۆئیدارەیی بکەن و حیزبی سیاسیی نەتەویی خۆیان، بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی پێک هینابێت. لە ئێران فارس میللەتە چونکە دەسەڵاتی سیاسیی هەیە. کوردیش میللەتە چونکە لە زیاتر لە حەفتا ساڵ لەمەوبەرەوە حیربی سیاسیی خۆی پێکهێناوە و داوای مافی خۆبەڕێوەبەری دەکات و زیاتر لە حەفتا ساڵ پێش ئێستا جومهووریی خۆی دامەزراند کە بە دەستی خائینان و لەشکری دەوڵەتی فارس لە ناو چوو.
ببێنیدیک ئەندرســـن، سێ تابەتمەندی بۆ میللەت دەستنیشــــــــان ئەکات: میللەت کۆمەڵگایەکی سیاسیی خەیاڵییە بەو مانایە کە ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە یەکتری ناناسن، هەرگیز چاویان بە یەکتری ناکەوێت و ناوی یەکتریش نابیستن، بەڵام خۆیان و کەسانێک کە نایانناسن بە ئەندامی ئەم کۆمەڵگایە ئەزانن. میللەت سنووردارە، بەو مانایە کە خۆیان لە نەتەوەکانی تر بە جیاواز دەزانن. ئەڵێت: ئەگەر نەتەوەیەک زیاتر لە میلیاردێکیش بێت لە شوێنێک دەبڕێتەوە و نەتەوەیەکی تر دەست پێدەکات. بۆیە شتێک بە ناوی میللەتی جیهان نیە. بەم تاریفە شتێک بە ناوی میللەتی ئێران ناتوانێ بوونی هەبێت و ناسیۆنالیزمی ئێرانیش، ناسیۆنالیزمی فارسە و ژیرانە خۆی لەپشت دروشمێکی فێڵەبازانە حاشار داوە. میللەت سەربەستە (مافی خۆیەتی کە سەربەست بێت). مافی دەسەڵاتدارێتیی خۆی هەیە. لەم بارەیەوە ئەڵێت چونکە میللەت بەم شکڵە کە لە دووسەت و چند ساڵی ڕابردوودا هاتۆتە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە، بەرهەمی رووخانی ئیمپڕاتۆرییەکان و پاشا قەدەرقودرەتەکان و لەناچوونی دەسەڵاتی کلیسا و پەرەسەندنی سەنعەت و بازەرگانیە، گشت گەلێک گەرەکیە لە ژێر ئاسمانی وڵاتی خۆیدا بە سەربەستی بژی. لە شوێنێکی تر سەبارەت بە کۆمەڵگای خەیاڵی ئەڵێت: لە ناو ئەو کۆمەڵگایانەدا یەکگرتوویی و برایەتی، ئاسۆیی(افقی)یە. بەو مانایە کە ژن و پیاو و کرێکار و خاوەن کار، دەستەنگ و سەرمایەدار، ئاغا و ڕەعیەت، شارستانی و عەشیرەت، لە بەرەیەکدا بۆ یەک مەبەست، کە مســـۆگەر کردنی مافی سەربەستیی نەتەوەیییە، بە بێ جیاوازی کۆ ئەبنەوە. ئەندرسن ئەڵێت کە ناسیۆنالیستەکان نەک بۆ کوشتن بەڵکە بۆ کوژران لە پێناوی نەتەوەی خۆیان، دەچنە گۆڕەپانی خەبات. بە ڕای من تیگەیشتن لەم بۆچوونەی ئەندرسن، بۆ ئێمەی کورد گەلێک هاسانە. سەرەنج بدە سەر نێوی «پێشمەرگە» یانی کەسیک کە لە پێناوی گەلەکەیدا پێش بە مەرگ دەگرێت یان کەسێک کە لە پێناوی کورددا خۆی بۆ مردن وەپێش ئەخات. یان لە سرودی نەورۆزدا دەڵێ: نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە – لاوان بە عشق ئەچوون بە بەرەوپیری مەرگەوە. ئەوەشم کوتبێت کە بە هۆکاری ئیدئۆلۆژیکەوە هەندێک لایەن ناوی شەریفی پێشمەرگەیان وەلا ناوە و گەریلا یان شەڕوان بە کار ئەهێنن. ئەو کەسانەی کە کتێب و مەقالەی فەلسەفی یان زانستی ئەنووسن، ئەگەر وشەیەکی نوێ یان نامۆ لە نووسراوەکەیاندا دەرکەوێت، خەڵک ئەپرسن نووسەر چ وشەگەلێکی لەبەردەست بووە و کەڵکی لێ وەرنەگرتوون و مەبەستی چی بووە کە وشەی نامۆی داناوە؟ ئەم ڕێکخراوانەش وشەی پێشمەرگەیان لەبەردەست بووە، بەڵام دیارە مەبەست ئیدئۆلۆژیک بووە و ویستویانە خەباتی خۆیان نەتەوەیی و تەنیا بۆ کورد دەرنەخن . یانە ناوی بە شکۆ و بە شەرەفی کورد و کوردستان لە سەر ڕێکخراوەکەیان دانەنێن. دڵنیام مێژوو پەشیمانیان دەکاتەوە. ئێرنێست گێلنێڕ فەیلەسووف و تێئۆریسییەنی ناسیۆنالیزم و باوکی مەکتەبی مۆدێڕنیزم دەڵێ: «میللەت یانی دانانی میچێک لە سەر چوار دیواری ماڵی فەرهەنگی خۆت». لە شوێنێکی تر دەڵێت: «ئەشێ سنووری سیاسیی هەر وڵاتێک دەقی سنووری فەرهەنگیی ئەو وڵاتە بێت». هەر وەها دەڵێت: «نابێ دەسەڵاتدارن لە باری ئیتنیکییەوە لە تەک ئەو خەڵکانەی حوکمیان بە سەردا دەکەن جیاواز بن».
جیاوازیی میللەت و ئیتنیک. ئیتنیک ڕەنگە داواکاریی سینفیی هەبێت. وەک ئیزنی دانانی مەدرەسە بە زمانی دایکی، یان جێگەی عیبادەتی تایبەتی خۆیان، یان پشکی کار بۆ ئەندامانیان. ئەگەر جوابی ویستەکانیان بدرێتەوە نابن بە هەڕەشە لە سەر دەوڵەتی ناوەندی و داخوازیی جیابوونەوە و خۆبەڕێوەبەری ناکەن. بەڵام میللەت داوای دەسەڵاتی سەربەخۆ یا بەشداریی دەسەڵات و خۆبەڕێوەبەری دەکات و بە کەمتر لە ئۆتۆنۆمی ڕازی نابێت. ئیتنیک ڕەنگە خاکی خۆی نەبێت یا بووبێتی و لە دەستی دابێت، بەڵام میللەت لە سەر خاکی خۆی نیشتەجێیە. میللەت دەتوانێت لە چەند ئیتنیک پێکهاتبێت بەڵام ئیتنیک ئەو تایبەتمەندییەی نییە. لە هەمووی ئەوانە گرینگتر ئەوەیە کە میللەت سیاسییە و حیزب و نیهادی سیاسیی بۆ بەدەست هێنانی مافی خۆی ڕێکخستووە. ئەوەشمان گوتبێت کە کێشەی ئیتنیکی جیاوازیی لە تەک کێشەی میللیدا هەیە. کێشەی میللی بە تەمای گۆڕینی بۆڕۆکرسی لە تارانە. باسی جیاکردنەوەی سێ قووە و کەرتی تایبەت و کەرتی دەوڵەتی، مەیدانی جموجۆڵ و ڕادەی دەسەڵات و سەربەستیی ئەم کەرتانە دەکات. وەک کۆمۆنیست و ئیسلاح تەڵەب، جیبهەی میللی و شاخوازیی کورد و غەیرە کورد. بەڵام ناسیۆنالیست کێشەکەی ناوچەیی و مەحەللیە. فەرقی بۆ ناکا ئەحمەدی نەژاد لە سەرکار بێت یان جاستین تڕودۆ یان فیدێل کاسترۆ یان بۆریس جانسۆن. ئەو گەرکیە فەرهەنگەکەی و گەل و خاکەکەی لە ژێر چنگی غەیرە کورد ڕزگار بکات. هەر وەک دەبینین ئێمەی کورد بۆ مافی خۆمان لە گژ جومهووریی ئیسلامیی دڕندە ڕۆچووین و کۆبێکی یەخەی یەکێک لە لیبڕالترین و ئینسانیتری حکوومەتەکانی دنیایان لە کانادا گرتووە و داوای جیا بوونەوە دەکەن.
میللەتەکان چۆن خۆیان پێناسە ئەکەن؟
زۆربەی میللەتانی ئوروپا بە زمان، (جگە لە سویس کەسێ زمانی ئیتالیایی و فەرەنسەوی و ئاڵمانیی تێدایە). ئاڵمانییەکان بە خوێن و ڕەگەز. بەم هۆیەوە دوای ڕووخانی سۆڤیەت، هەر ڕووسیەک بیتوانیبا بیسەلمێنێ کە بە خوێن و ڕەچەڵەک ئەڵمانییە بە شارۆمەندی ئەڵمان وەردەگیرا و هەزاران کەسیس ڕێگەیان پێ درا ببنە ئەڵمانی، لە کاتێکدا کە زمانیان ڕووسی بوو. ئوتریشییەکانیش زمانیان ئەڵمانییە بەڵام بە ئاڵمانی داناندرێن. ژاپۆن خۆی بە ڕەگەز پێناسە دەکا. هەرەوها وڵاتی کۆریا. دیارە کۆریای باکوور خۆی بە وڵاتی ئیدئۆلۆژیکی، دیمۆکڕاتیکی، سۆسیالیستی، خەڵقی ئەزانێت و کیم ئیڵ جوون و باوکی، کۆریای باشوور(کە خۆی بە ڕەگەزی کورەیی دەزانێت)یان پێ فاشیست بوو. «یەکێتیی سۆڤییەت» خۆی بە میللەتی ئیدئۆلۆژیک و کۆمۆنیست دەزانی. فەڕانسە و ئەمریکا خۆیان بە دروشمەکانی شۆڕشی فەڕانسە و شۆڕشی ئەمریکا (یەکسانی لە بەرامبەر یاسا، ئازادی و برایەتی) پێناسە دەکەن؛ هەر بۆیەش هەر کەسێک کە ئەم پڕەنسیپانەی قەبووڵ بێت دەتوانێت ببێت بە شارۆمەندی ئەمریکا یان فەڕانسە. تایلەند خۆی بە میللەتی بوودایی دەزانێت، کە لە لایەن پێنج لەسەدی دانیشتوانی موسوڵمان بەرپەرچ دەدرێتەوە. پاکستان خۆی بە میللەتی ئیسلامی ناو دەبات. ئیران خۆی بەمیللەتی شیعە پێناسە دەکات و تازەش نیە. لە زەمانی شاوە بە میللەتی ڕێبەری جیهانی شیعە ناسراوە. ئێرانییەکانیش بە سیکۆلار و چەپ و ڕاست و میللی و شاییەوە بێدەنگەیان لێ کردووە و باسیشی ناکەن. تێبینییەکی خۆم: لە باری مێژووییەوە سەلماوە ئەو ئیتنیکانەی کە لە سەرزەوی و وڵاتی خۆیان هەڵدەقەندرێن و وڵاتیان نامێنێت، ناتوانن هەمیسان کۆ ببنەوە و دەوڵەت-میللەتی خۆیان پێک بهێنن. بەڵام جوو، سەڕەڕای ئەوەی دو هەزار ساڵ بێ وڵات بوون و وەک هەرزن بە دنیادا بڵاو ببوونەوە، توانیان کۆ ببنەوە و ئیسڕائیل دروست بکەنەوە. زۆرێک لە ئاکادیمیسیەنەکان، هۆیەکەی لە وەگر بوون و پابەندیی جووەکان بە دابونەریت و سوننەتی خۆیان دەزانن. سەرەڕای ئەوەی جوو، بەپێی سەر، ئەیتیئیست و بێ دین و زانای بواری جوراوجۆری لە زۆربەی گەلان زیاترە؛ هەموو شەممەیەک دوور لە بیر و باوەڕی دینی، جووەکان بە ورد و درشتیانەوە، لە هەر وڵاتێک کە نیشتەجێن، لە کەنیسەکانیان کۆ دەبنەوە و کڵاوێکی بچووک لە تەپڵە سەریان قایم دەکەن و گوێ دەدەنە ڕاباعی و دەمەقاڵەی لە تەکا ئەکەن. هەمو ئێوارەی جومعەیەک ڕێز لە شەبات دەگرن و لە ماڵەکەیاندا شەم هەڵدەکەن. قاپ و کەوچکی گۆشت و گیایان جیا دەکەنەوە و دەیان هەڵسوکەوتی تری لەم چەشنە. عەبباسی ئەمانەت میژونووسی ئەم سەردەمەی ئێران و مامۆستای زانکۆ لە ئەمریکا کە خۆشی بەهایییە، پێی وایە کە سوننەتی شیعە، ئێرانی لە پێنجسەد ساڵی ڕابردودا ڕاگرتوە. شیعەگەری فاکتێکی گەورەیە لە سیاسەتی ئێرانییەکاندا. لە بیرمانە کاتێک شاپووری بەختیار بە میهدی بازرگانی لیبڕاڵی گوت وەرن ڕیفڕاندۆم بکەین؛ بازرگان لە جوابدا گوتی، «دوومیلیۆن کەس لە شەقامەکانی تاران بە ئەڵڵاهوئەکبەر ڕیفڕاندۆمیان کرد.»
- دەوڵەت ـ میللەتی ئێرانی
ڕوناکبیرانی مەشرووتە وەک زۆربەی ڕوناکبیرانی دنیا، شۆڕشی فەڕانسەیان بە سەرمەشقی خۆیان دانابوو. کە شۆڕشی مەشرووتە سەری نەگرت، ڕێگا بۆ ڕەزاشا خۆش بو کە ببێت بە دەسەڵاتداری ئێران. ئەویش کە خۆی ناسیۆنالیستێکی فارس بوو، بۆ ئەوەی ڕوناکبیرانی ئەو کات ڕەگەڵ خۆی بخات، هەوڵی دا بە ڕواڵەتیش بێت وای پیشان بدات کە بە ئامانج و خواستەکانی مەشرووتە وەفادارە و سەرمەشقە فەڕانسەییەکەی بۆ ئێران لە بەر چاوە بەڵام بە پێچەوانە ڕۆیشت. شۆڕشی فەڕانسە، کۆتاییی بە پاشایەتی هێنا، ئەم خۆی بوو بە شا و بنچینەی پاشایەتییەکی بنەماڵەییی تری دامەزراند. شۆڕشی فەڕانسە مڵکی شا و خاوەن زەوییە گەورەکانی دابەش کرد، ئەم زەوی و زارێکی زۆری بۆ خۆی دابڕی و بوو بە زەویدارێکی هەرە گەورە. شۆڕشی فەڕانسە، کۆتاییی بە دەسەڵاتی دین و کلیسا و پۆپ و پیاوە دینییەکان هێنا، ڕەزا شا حەوزەی عیلمییەی قومی دامەزراند.
لە هەمو وڵاتانی ئاسیایی و ئەفریقایی کاتێک دەوڵەت میللەتەکان پێکدەهاتن، ئیتنیکەکانی کە لە دەوڵەتە تازەکاندا ددان بە مافیاندا نەدەنرا و داخوازییەکانیان پشتگوێ ئەخرا، بە حەق لە ترسی ئەوەی کە ئیتنیکی زاڵ جیاوازی دابنێت و ئەوان زەرەرمەند بن، دژایەتیی دەوڵەت- میللەتی تازەیان ئەکرد. لە ئیرانیش هەر وەتر؛ بەڵام ڕەزا شا پڕۆسەی میللەتسازیی لە ئێران بە ڕشتنی خوێنی لوڕ و کورد و عەڕەب، سەر خست. یانی شتێکی بە ناوی دەوڵەتی ئێران و میللەتی ئێران دروست کرد کە لە ڕاستەقینەدا جغجغەیەک(زرورق) بوو کە سەر حکوومەتی ئیتنیکی فارسی داپۆشی. ئێستاش هەروەتر. دەوڵەت-میللەتی مۆدێڕنی ئێرانی، شتێک جگە لە حکوومەتی ئیتنیکی فارس نییە و نەبووە. کورد و عەرب و لوڕ، دڵرەقی و کوشت و کوشتاری ڕەزاشایان لە بیر نەچووەتەوە و تا سیستەمێکی نوێی دەسەڵاتداری کە ددان بە مافی باقی نەتەوەکان دابنێت و جینایەتەکانی گشت حکوومەتە زاڵم و خوێنڕێژەکان قەرەبو نەکاتەوە، ئێران ڕۆژێکی خۆش بە خۆیەوە نابینێت. گۆرانییەکی لوڕی هەیە ئەڵێت: «مرغ زردوم مرغ زردوم سیر ازیت نەوردوم. نامەای بنویسید سی این رضا شا مرغم سقط بی بیاد تماشا.
- «تمامیت ارضی»
ئەم کۆنسێپتە بەگشتی بۆ داگیرکەریی وڵاتان لە لایەن هێزی بێگانەوە کەڵکی لێ وەردەگیرێ. بەو مانایە کە وڵاتێک، سنووری خۆی تێپەڕێنێت و شار و گوندی وڵاتێکی تر داگیر بکات. فارسەکان لە ئێران بۆ سەرکۆنە کردنی هەرچەشنە مافخوازییەکی نەتەوە غەیرە فارسەکان قوتیان کردووەتەوە. باسی ئۆتۆنۆمی یان فیدڕاڵیزم بکەی، «تمامیت ارضی»ت خستووەتە مەترسیەوە. باسی خوێندن بە زمانی دایکی بکەی هەروەتر. تەنیا کاتێک «ایرانی باغیرت»ین کە لە ژێر ئاڵا سێ ڕەنگەکەی ئەوان، بۆ ڕاگرتنی ئێران بەم شێوەیەی کە هەیە؛ زمان فارسی، کوروش و داریوش و ئیمامی شیعە، باوکمان و خۆمانیان بۆ بە کوشت بدەین، جار و باریش بمانبەنە تەلەویزیۆن، ئەسمەر یارم جوانەیەک بڵێین و هەڵپەڕکێیەک بکەین و بچینەوە ماڵی خۆمان و فززە نەکەین. «تمامیت ارضی» بۆ فارسێکی سیاسی، چ دەوڵەتی و چ ئۆپۆزیسیۆن، یانی درێژەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و نیزامی و یاسادانان و سەروەریی فەرهەنگی هەر بەم چەشنەی کە لە زەمانی ڕەزاشا(١٩٢٥)وە تا ئیمڕۆ بووە، بە سەر جوغڕافیای ئێران و کانگا و سەرچاوە سروشتییەکان و نەتەوەکــــانی تری ناو ئێران. ئایا ناسیۆنالیستەکان جیاییخواز (تجزیەطلب)ن؟ بەڵێ. ناسیۆنالیست ئاواتی ئەوەیە دەوڵەتی نەتەوەییی خۆی لە سەر خاکی باب و باپیرانی دامەزرێنێت. ئەگەر بە هەر هۆکارێکەوە بۆی نەگونجا بە ئۆتۆنۆمی ڕازی دەبێ کە ئەویش شکڵێک لە جیابوونەوەیە. فارسەکانیش ئەم ڕاستییە دەزانن هەر بۆیەش بە کوتەک و زیندان و سێدارە و تەوس و تۆماج، هەر وشەیەکی کە ئەو مانایەی لێ بکەوێتەوەیان لێ قاچاغ کردووین. تێنینیی خۆم: من ناڵێم نابێت هاوکاریی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بکەین، ئەڵێم ئەشێ مەجبووریان کەین کە ددان بە ناسنامە و داخوازییەکانی ئێمە، تەنانەت بە مافی جیا بوونەوەشەوە دابنێن، ئەگینا ئەمجارەش دەمانکەنە کەوا سووری بەر لەشکر، شەڕمان پێ دەکەن و بە دەستی بەتاڵ دەماننێرنەوە ماڵ و کوشت وبڕ و داپڵۆسان درەنگ یان زو دەست پێدەکاتەوە. کەر هەمان کەرە و کورتان گۆڕاوە. تاقیکردنەوەیەکی فیکری کە جوابەکەی کورد گوتەنی: دەراوەکە قولی ڕەش و سپی دەردەخا. وایدانێین سبەینێ لە ناو ئەڕتەشدا کوودەتایەک لە لایەن مەسەلەن مارکسیستەکانەوە ڕوو بدا، بەیاننامە بڵاو بکەنەوە و لە شۆڕشگێڕانی مارکسیست و سۆسیالیست داوا بکەن کە بۆ بەرگری لەم شۆڕشە نوێیە چەک هوڵگرن و بێنە مەیدان. وای دانێین لە هەمان کاتدا حیزبە کوردییەکان ڕیفڕاندۆم بکەن و سەربەخۆییی کوردستان ڕاگەییەنن و دەوڵەتی شۆڕشیش کردەوەی کوردەکان بە دژی شۆڕش ناو بەرێت و ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی بە نایاسایی بزانێت، پێتان وایە تفەنگی کۆمۆنیستی کورد سینگی کێ دەبڕێ؟ هەمان پرسیار لە موسوڵمانی سەلەفی و ئیخوانی و ئیسلاح تەڵەبی کورد بکەن. ئەشێت ئێمە حیسابی دینداریی موسوڵمانی کورد تەنانەت مەلا کوردەکان لە حیسابی ئیسلامییە سیاسییەکانی وەک ئیخوان جیا بکەینەوە. لە باری سایکۆلۆژییەوە، ناسیۆنالیزم زۆر لە دینداریی ئاسایی و غەیرە سیاسی بەهێزترە.
تێئۆرییەکانی ناسیۆنالیزم
تێئۆرییەکانی ناسیۆنالیزم زۆرن بەڵام بە گشتی دەیانکەین بە دوو دەستە.
یەکەم
ئەوانەی کە ناسیۆنالیزم بە خراپ نازانن و ئەڵێن کە سروشتی و ئاسایی و ڕەوایە کە هەر نەتەوەیەک دەوڵەتی نەتەوەییی خۆی هەبێت. ئەم گڕووپە کە خۆیان لە چەند لایەن و مەکتەبی جیاواز پێکهاتوون، کێشەی سەرەکییان لەسەر کۆن و نوێ بوونی دیاردەی «نەتەوە»، «ناسیۆنالیزم» و «دەوڵەت»ی نەتەوەیییە (بەم شێوەیەی کە ئیمڕۆ لە جیهاندا باوە). دەستەیەک بە ناوی « پڕایمۆڕدالیست ئەڵێن میللەت دیاردەیەکی نوێ نییە و میللەتەکان هەمیشە بوونیان هەبووە. کەسانی وەک «ئێدوار شیلز» و «کلیفرد گیرتز»، ئەڵێن کە ناسنامە و هۆوییەتی خێزانی و ئیتنیکی، سروشتین و لە کۆنەوە لە تەکماندا بووە و نوێ نیە. ئەگەر ئەم هەستە بە پێوانەی پێوەندیی کۆمەڵایەتی هەڵسەنگێنی، لە تەک عەقڵا جۆر نایەتەوە. مەبەست ئەوەیە کە ئەم هۆوییەتانە بە پێوەندیی خوێنی و زمانی و جوغڕافیایی و مێژوویی پێناسە دەکرێن، نەک پێوەندیی ڕاستە وخۆ. هەستی ئیتنیکی و نەتەوەیی لە جنسی هەستی خۆشەویستییە و تاک ئامادەیە کە بۆ بەرژەوەندیی ئەندامانی نەتەوە و ئیتنیکی خۆی، لە بەرژەوەندیی خۆی چاوپۆشی بەکات.
دەستەیەکی تر، سۆسیۆبایۆلۆژیستەکانن کە لە گەڵ پڕایمۆڕدالیستەکان هاوبیرن، پێیان وایە کە تەعەسسوبی خێزانی و ئیتنیکی ڕیشەی بیۆلۆژیکیی هەیە و تایبەتمەندییەکی تەکامولیی(بە مانا داروینیەکەی) مروڤە. ئیمڕۆ بە باشی ئەزانین کە تایبەتمەندییە گشتییەکانی ئێمە ڕیشەی ژێنێتیکیان هەیە. بۆ نموونە هەمو مروڤێک لە بەرزایی بەرز، ئاوی قووڵ، تاریکی و بوونەوەری دڕندە ئەترسێت. شانسی ئەوەی کەسێک لە سنە یا پاریس تیمساح بیخوا، یەک لە چەندسەد میلێۆنە بەڵام هەمو کەسێک لە تیمساح ئەترسێت. بەڵام تێکست کردنی کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمۆبێل، بە پێی ئامار یەکجار زۆر کوشەندەیە، بەڵام کەس لێی ناترسێ چونکە مێشکی ئێمە کۆنە و مۆبایل و تێکست و ئۆتۆمۆبێل نوێن و کاتێک مێشکی ئێمە میلیۆنەها ساڵ لەمەوبەر بە دەستی تەکامول دروست دەبوو، بەرزایی و ئاوی قووڵ و بوونەوەری دڕندە هەبوون و ئۆتۆمۆبێل و… نەبوون. ئێمە منداڵی ئەو کەسانەین کە لە بەرزی و بونەوەری دڕندە و… ئەترسان. ئەوانەی کە نەدەترسان یا لە بڵیندی بەربوونەوە و ملیان شکا یان شێر وپڵنگ و .. . خواردنی و منداڵیان لە پاش بەجێ نەما. هەستی نەتەوەیش بە هەمان شێوە لەو کاتەوە هاتووە کە باب و باپیران و نەنکە پیرانی ئێمە کۆچەر بوون و هەر ڕۆژەی لە شوێنێک. ئەو شتەی کە لە تاڵان و کوشتن و بڕینی ئیتنیکەکانی تر و بوونەوەری دڕندە پاراستنی، یەکگرتوویی و هەستی خۆشویستنی یەکتری بو. دیارە بۆ ئێمەشیان بە جێ هێشتوە و لە تەکماندا لە دایک ئەبیت. دەستەیەکی تر گرووپە مۆدیڕنیستەکانن، کە لە ئاکادیمیادا زۆربەن. ئەوان پێیان وایە کە نەتەوە و دەوڵەت و نەتەوەخوازی، دیاردەیەکی نوێ و بەرهەمی ڕێنێسانس، ڕیفۆڕمەیشن، عەسری ڕەوشەنگەری، شۆڕشی سەنعەتی و عیلمین. ئەوان سەرەڕای ئەوەی ئەم دیاردانە بە ڕەوا دەزانن، پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی بە هەنگاوێکی گرینگی بەرەوپێش، لە ژیانی مێژووییی هەر نەتەوەیەکدا پێناسەی پێدەکەن.
دەستەیەکی تر پێیان دەگوترێ «ئێسێنشالیست»ـەکان کە پێیان وایە کێشەی ئیتنیکیی ئەمڕۆ، سەرچاوەکەی، کێشەی کۆنی ئیتنیکەکانە کە تا ئیمڕۆش درێژەی هەیە. ئەم بۆچوونە لە نوسینەکانی ڕۆژنامە گەورەکان لە چەشنی نیۆیۆڕک تایمز و ئیکۆنۆمیست و…. ڕەنگدەداتەوە. کاتێک دۆناڵد تڕامپ پاش کشانەوەی هێزەکانیان لە کوردستانی ڕۆژئاوا، ئێژێ: کیشەی کورد و تورک کێشەیەکی چەند هەزار ساڵەیە، دەری ئەخا کە نیۆیۆڕک تایمز و ئیکۆنۆمیست ئەخوێنێتەوە و دەست لە کتێب نادا.
دووهەم
ئەوانەی کە ناسیۆنالیزم بە نەرێنی و خراپ و فێڵی ئیلیت و سەرکردەکان دەزانن.
ئەوانە پێیان وایە کە هەستی نەتەوەیی هەستێکی هەڵەیە وسەرکردەکان بۆ دەسکەوتی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسی، کەڵک لەم هەست و سۆزە هەڵەیەی کۆمەڵانی خەڵک وەردەگرن. چەند ساڵ لەمەوبەر پڕۆفسۆر «پۆڵ کۆلییەر»ی ئابووریزانی زانکۆی ئۆکسفۆرد لە تەک پرۆفیسۆر «ئەنکە هۆیفلڕ»ی ئەمریکایی، تێئۆرییەکی نوێیان لە ژێر ناوی «گرید یا گریوەنسس»، هێنایە ئاراوە. گرید یانی تەماح و گریوەنسس یانی ناڕەحەتی و دڵشکاوی و خەمباری. تێئۆرییەکە ئیددیعای دەکرد کە: دەکرێ گشت کێشەیەکی ئیتنیکی و شەڕی ناوخۆ لە ڕووی بەرژەوەندیی ئابووریی بەشدارانیەوە ڕوون بکرێتەوە. ئەیانوت هۆی سەرەکیی ناڕازی بوونی کۆمەڵانی خەڵک لە حکوومەتی ناوەندی، زەبروزەنگ نیە، بەڵکوو سەرکردەکان بۆ بەدەسەت هێنانی سەرچاوەی ماڵی و دەسەڵاتی سیاسی، خەڵک هان دەدەن و شەڕ و پێکدادانی ناوخۆیی دروست ئەکەن. ئەم تێئۆرییە زۆر زوو کەوتە بەر ڕەخنە و دیبەیتێکی زۆری لەسەر کرا. ئاخری بڕیاریان دا کە ڵێکۆڵینەوەی زانستییانەی لەسەر بکرێت. وابوو کە گڕووپێکی گەورەی پسپۆڕانی بواری جیاواز و ڕۆژنامەوانان، تێئۆرییەکەیان لە تەک سی کەیسی بزووتنەوەی ئیتنیکی و شەڕی ناوخۆییی وڵاتانی جیاواز هەڵسەنگاند. دوای دە ساڵ کار و لێکۆڵینەوە و سەدان ڕیپۆرتی مەیدانی، ڕایانگەیاند کە ئەم تێئۆرییە پڕە لە هەڵە و خەڵکی وڵاتان لە دەست زوڵم و زۆری حاکمان و زیندان و کوشتوبڕ و بێ مافی تووڕە و دڵتەنگن. زۆربەی خەڵک تەنانەت سەرکردەکانیش، گیان لەسەر دەست، هەوڵی دەرباز بوون لە دیکتاتۆری و بێ مافی ئەدەن. نووسەرانی تێئۆرییەکەش ئاکامی لێکۆڵینەوەکانیان قوبووڵ کرد و لە تێئۆرییەکەیان پاشگەز بوونەوە.
دەستەیەکی تر کە لە کۆنەوە ناسیۆنالیزم و هەستی نەتەوەیی بە هەڵەی کۆمەڵانی خەڵک و فێڵی ئیلیت و سەرکردەکان دەزانن، مارکسیستەکانن. ئەم بیرۆکەیەش وای داناوە کە «ماتڕیالیزمی تاریخی»، جەبری تاریخە و سەرمایەداری کۆتایی پێ دێت و سیستەمی سۆسیالیستی و بەدوایدا کۆمۆنیستی زاڵ ئەبێت و جێگایەک بۆ بیری نەتەوەیی نامێنێت. تەنانەت کۆمۆنیستەکان پێشبینییان کردووە کە لە داهاتوودا تاک، نەک هەر پێناسەی نەتەوەییی گەرەک نابێت، بەڵکە پێناسەی چینایەتی-پڕۆلتاریایش نامێنێت و پێناسەی ئەندامەتیی حیزب، جێگای نەتەوە و چین ئەگرێتەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە ڕوونکردنەوەیەک لە سەر تێئۆریی سیاسی بکەم: تێئۆریی سیاســـی باوەڕێکی «نوڕماتیو»ە . وتەی نوڕماتیو بە وشەی «ئەشێ»، «ئەبێ» و بە فارسی «باید» دەست پێدەکات. بۆ نموونە ئەشێ خەڵک خزمەتی دایک و باوکی پیر و لە کارکەوتووی خۆیان بکەن. یان؛ هەر گەلێک ئەبێ بتوانێ چارەنووسی خۆی دیاری بکات. یا (همە اقوام ایران باید با هم برابر باشند). لە بەرامبەر وتە و بیری نۆڕماتیودا، بیری «ئیمپێریکاڵ»مان هەیە. ئیمپێریکاڵ بیر و بۆچوونەکان لەسەر زەوی، لە مەیدانی کردەوەدا بە ئامار هەڵدەسەنگێنیت. بۆ نموونە بۆ خزمەت بە دایک و باوکی پیر، دوای لێکۆڵینەوە بە ئامار پێت دەڵێت چەند لە سەدی خەڵک ئەم کارە ئەکەن و چەند لە سەد نایکەن. یان سەبارەت بە مافی دیاری کردنی چارەنووس، بە ئامار ڕوونی ئەکاتەوە کە چەند نەتەوە و کەی و چۆن ئەم مافەیان بە دەست هێناوە و چەند نەتەوەش تا ئێستا نەیانتوانیوە. بە زمانی نوڕماتیو دەتوانی بە دڵی خۆت قسەی زل بکەی و ڕێگا چارە بۆ دنیا بدۆزیتەوە. بەڵام بەزمانی ئیمپێریکال، وستەت لێوە نیە. دیارە سیاسەت و زانست بە وردی گوێچکە ئەدەنە وتەی نوڕماتیو بەڵام بۆ ئەوەی بزانێت چی بکات، چاوەڕوانی لێکۆڵینەوە و وڵامی ئیمپێریکاڵ ئەبێت. تێۆرییە مارکسیستییەکان دەمێکە بە تایبەت ساڵانی شەستی میلادی، بە تەجرەبە و کردەوە و ئیمپێریکاڵ، وەدرۆ کەوتوونەوە. بۆ نموونە پێشبینییەکانی ماڕکس و ئینگێڵس: کە بزووتنەوە نەتەوەیییەکان دوایییان دێت بە پێی ئامار پێچەوانەکەی ســــەلما. لە کۆنفڕانسی وییەنەوە(١٨١٤-١٨١٥) تا کونفڕانسی وێرسای (١٩١٩-١٩٢)، لە هەر پێنج شەڕی کە زیاتر لە هەزار کوشتەی لێ بکەوێتەوە یەکێکیان شەڕی ئیتنیکی و ناسیۆنالیستی بوون. لە کۆنفڕانسی وێرسای تا ڕووخانی سۆڤیەت(١٩٩١)، لە هەر بیست شەری کە زیاتر لە هەزار کوشتەی بووبێت، نۆیان ئیتنیکی و ناسیۆنالیستی بوون. دوای ڕوخانی سۆڤیەت تا ئیمڕۆ لە هەر بیست شەڕی لەم چەشنە پازدەیان ئیتنیکی و ناسیۆنالیستی بوون .لە حەفتاکانی میلادیدا چەند کەسێک هەوڵیان دا کە لە ڕوانگەی مارکسیزمێکی سەردەمییەوە، سەرنجی دیاردەی ناسیۆنالیزم بدەنەوە. یەکێک لەو کەسانە تۆم نارین بوو کە تێئۆریی پەرەگرتووییی نابەرابەریی نووسی. ئەوی تریشیان مایکڵ هێشتێر بوو کە تێئۆریی ئینترنال کۆلۆنیالیزمی دانا (کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی یان ناوەکی). هەر دوو تێئۆری، بە تێئۆریی ئیقتیسادی لە قەڵەم دەدرێن و سەبارەت بە بریتانیا نووسراون. بە پێی تێئۆریی کۆڵۆنیالیزمی ناوەکی، سکاتلەند و وەیڵز، بە شێوەیەک کراون بە کۆڵۆنیی ئینگلستان. با ڕووناکی بخەینە سەر بار و دۆخی سکاتلەند. سکاتلەند و ئینگلستان لە ساڵی ١٦٠٣ی میلادییەوە هاوپەیمان بوون لە ساڵی ١٧٠٧ بەم لاوە، بوون بە یەک وڵاتی یەکگرتو و لە تەک وەیڵزدا، یونایتد کینگدمیان پێک هێناوە. ئابووریی سکاتلەند زۆر بەهێزە و لە چەشنی ئینگلستانە. سکاتلەند، پاڕلمانی خۆیان هەیە و لە پاڕلمانی وێستمینیسیتری لەندەنیش فڕاکسیۆنێکی کاران و بڕیارەکانیان بە بڕە. بەڵام سەرەڕای ئازادی و ئابووریی باش هەوڵی جیابوونەوە ئەدەن و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی بە مافی خۆیان ئەزانن و بە ڕێگای پێشکەوتنی زیاتری خۆیانی دادەنێن. یان کاتاڵۆنەکانی ئیسپانیا کە باشترین ئابوورییان هەیە، خەڵک تێر و تەسەل و ئازادن، بەڵام گەرەکیانە جیا ببنەوە. یانە باسکە فەرەنسی زمانەکانی کانادا، لە یەکێک لە ئازادترین و خۆشبژیوترین وڵاتانی دنیا دەژین و گیروگرفتی ئابوورییان نیە، بەڵام هەوڵی جیا بوونەوە ئەدەن. ئەوەشم گوتبێت کە کیبیکییەکان هەرگیز ملیان نەدا کە منداڵەکانیان بە ئینگلیزی بخوێنن و فەرەنسی زمانی خوێندنیانە. ئەگەر گەرەکم بێت باسەکە لە چەند دێڕێکدا کورت بکەمەوە ئەڵێم: هەستی نەتەوەیی و ئیتنیکی، بەشێکە لە سایکۆلۆژی و کاراکتەری مروڤ. لە «ژێن»ـەکانماندایە و ئەم هەستە لە ناو گشت کۆمەڵگایەکدا هەیە و سروشتیە. ئەگەر تۆ لیوانێک ئاو بەرەو ژوور هەڵدەی، ئاوەکە لە کاتی ڕژانە خواردا ئەبێت بە دڵۆپی خڕ و دەرژێتە سەر ز ەوی. هۆیەکەشی تایبەتمەندیی مولیکۆلی ئاوە. ئەو چەشنەی کە هیدرۆژێن و ئوکسێژنەکان بە یەکەوە پەیوند بوون، حوکم دەکات ئاو تەنانەت لە مانگیش ببێت بە دڵۆپ. مروڤەکانیش بە پێی سروشتیان بە وتەی فەیلەسووفی ئاڵمانی یۆهان گاتفرید هیردر: هەر میللەتە تایبەتمەندی و لێهاتوویی و ئیستیعدادی خۆی هەیە و گەرکیانە بە ئازادی لە ناو هاوچەشنی خۆیاندا بژین و ڕێگای پێشکەوتنی خۆیان بگرنەبەر.
ناسیۆنالیزم هەستێک و ویستێکی نەتەوەیییە. هەر گەلەی بە پێی ساختاری سایکۆلۆژیکی خۆی دەخوازێ گەشە بە فەرهەنگی خۆی بدات، زمانی دایکیی خۆی بپارێزێ، دەسەڵاتی ماڵی خۆی بە خۆی بێت و کەس بە زۆرەملێ حوکمی خۆی بە سەردا نەسەپینی. ڕێگای پێشکەوت و حەسانەوەی خۆی بگرێتەبەر و بڕوا. ئەگەر ناسیۆنالیزم بۆ ئازادی و دێمۆکڕاسی بووبا، باسک و کاتاڵۆن و ئیڕلەندی و سکاتلەندی، کەمیان نییە. ئەگەر بۆ ئابووری بوایە، کاتاڵۆنیا یەکێک لە سەرکەوتووترین بەشەکانی ئیسپانیایە. ئەگەر بۆ زمانی دایکی بوایە، سکاتلەندییەکانیش زمانی دایکیان ئینگلیسیە. باش وایە نەتەوە بشوبهێنین بە کەنیشکێک یا کوڕێکی گەنج، کە کاتێک دەگەن بە تەمەنێکی تایبەت گرینگ نیە جوانە یا ناشیرینە، باڵابەرز یا کورتەباڵایە، خوێندەوارە یان نا، پارەدارە یا خێر، گەرەکی ئەبێت هاوسەرگیری بکات و ئەشیکات. نەتەوەش بە هەمان شێوە. ئەگا بە تەمەنێک کە ئەتوانێت خۆی ڕزگار بکات و ئەیکات. مامۆستا هێمن گوتەنی:
لە شان و باهۆی خۆم ڕادی
هــــەڵگرم ئاڵای ئازادی