ئارامتر بخوێنەوە!
ئیسلامی سیاسی و تیرۆر
ژیار نەقشبەندی
“هەوڵی ئەم وتارە ئەوە دەبێت، کە لە بەستێنێکی مێژووییدا و بە چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر وێنە مێژوویییەکاندا، تێگەیشتن و ڕوانگە دینییەکانی لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی کە پاساو بۆ ئاکاری توندوتیژ و شەڕی توندی دەسەڵات دێننەوە، بخاتە بەردەست. بۆ ئەوەی بتوانرێت بە لەبەرچاوگرتنی چوارچێوە و هەروەها ئاستەنگەکانی ئەم وتارە، شرۆڤەیەکی ورد بکرێت، لە درێژەدا بەپێی دابەشکارییەکی تایبەت بابەتەکان داڕێژراون“
پێشەکی
ئەگەرچی هێندێک دینی وەک «بوودیزم»، ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکەیان زەقترە و پێ لەسەر پەیوەندیی ڕاستەوخۆی باوەڕمەند و خودا دادەگرن و زۆرتر تاک تەوەرن، بەڵام لە بەرانبەردا، زۆرینەی ڕەهای دینەکان، بەرنامە و ڕێبازێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیشن. بانگەوازدەر و دەسەڵاتخوازن. دینگەلێکن کە نێوانگر لە نێوان باوەڕمەند و خودادا دادەنێن. نێوانگرێک کە ڕێوشوێنەکانی پەیوەندیگرتن بە خوداوە دیاری دەکات. ئاکامی ئەمە، سەرەڕای جیاوازییە جوگرافییەکان، دەبێت بەوە کە میراتە فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگا، زۆرتر لەڕێگای جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتییەوە، خوێندنەوەیەکی نوێیان بۆ بکرێت و تەنانەت ئەگەری گۆڕانی بنەڕەتیشیان لە ئارادا بێت. بۆیە، بە گشتی دین هەم دەتوانێ پارێزەر و نۆژەنکەرەوەی پێودانە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان بێت، هەمیش دەتوانێت، وەک ڕەوتێکی شۆڕشگێڕ و تێکدەری بەها کۆمەڵایەتییەکان بێتە کایەوە.
دینی ئیسلامیش، لەڕەوتی مێژوودا، زۆر بە خێرایی ناوەرۆکی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی خۆی دەرخست. کۆچی موحەممەدی پێغەمبەری ئیسلام، لە ساڵی 622 ی زایینیدا، لە مەککەوە بۆ مەدینە، بوو بە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی سیاسیی ئەودا. «لەو کاتەوە موحەممەدی پێغەمبەر، شوناسێکی سیاسیی دا بە بزووتنەوەکەی. و بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمەڵەی باوەڕمەندانی دینیی داڕشت، کە بە ئوممەت ئەناسرا. » (داریتی 4، 154).
لە ساڵی دووهەمی کۆچیدا، شەڕی «وەدان» وەک یەکەمین هەنگاوی بەکردەوە بۆ سەرخستنی کیانی دینی هەژمار دەکرێت. دواتر هەر لەو ساڵەدا، 7 شەڕی تر کران. لێرەوە بوو، کە دینی ئیسلام بوو بە هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی. بوو بە ئیسلامێکی سیاسی، کە ئامانجی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و دامەزراندنی حکوومەتی دینی بوو.
بەکورتی، دەتوانین وەها پێناسەی ئیسلامی سیاسی بکەین، کە بریتییە لە باوەڕ بە شەریعەتی ئیسلام، وەک تاکە سەرچاوەی ژیانی تاکەکەسی و ژیانی بەکۆمەڵ پێکەوە. واتا ئیسلامێک کە جیا لەڕێکخستنی پەیوەندیی تاک و خودا، بانگەشەی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتیش دەکات.
لە پەیوەندی لەگەڵ تیۆرییەکانی ئیسلامی سیاسیدا، «ڕۆزێنتال»، ڕۆژهەڵاتناسی ئامریکایی، لەڕەخنە لەڕوانگەکانی «عەلی عەبدولڕەزاق»دا کە دەڵێت: «حکوومەت لە بنەما و پێویستییەکانی ئیسلام نییە»، بەگوێرەی مێژوو و سەرچاوەکانی ئیسلام، دەڵێت: حکوومەتێک کە قانوونەکانی سزادان و قانوونە مەدەنییەکانی لەسەر بنەمای شەریعەت نەبێت، حکوومەتی ئیسلامی نییە. تەنانەت ئەگەر لەوێ ئیسلام دینی ڕەسمیش بێت.» (عنایت، 126). ئەم خوێندنەوەیە کە لە لایەن زۆربەی ئیسلامخوازەکانەوە بەشێوازی جۆراوجۆر دەربڕاوە، بە ڕوونی پێناسەی ئیسلامی سیاسیمان بۆ دەخاتەڕوو. پێناسەیەک، کە لەم وتارەیشدا وەک سەرەتای باسەکە لەبەرچاو گیراوە.
لەلایەکی ترەوە، دەسەڵاتخوازی و هەوڵ بۆ دەست بەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی دەسەڵات، ئاکارێکی ئاساییی هەموو بزووتنەوە سیاسییەکانە. هەموو دەسەڵاتێکیش، بۆ درێژەدان بە تەمەنی خۆی، پێویستی بە سەرچاوەیەک هەیە بۆ ڕەوایی. بە درێژاییی مێژووی مرۆڤایەتی، دین خۆی یەکێک بووە لە بەرچاوترین سەرچاوەکانی ڕەواییدان بە دەسەڵاتی سیاسی. بەڵام پەیوەندیی دین لەگەل کۆمەڵگا و دەسەڵاتی سیاسی، هەمووکات پەیوەندییەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەند بووە. بۆیە بە ئاسانی پۆلێن ناکرێت.
ئەوەی ڕوونە، زۆرینەی ڕەهای دینەکان بە پەراوێزخران ڕازی نابن و لە سەردەم و کۆمەڵگا جیاوازەکاندا، هەوڵی بەشداری کردن لە دەسەڵات و تەنانەت پاوانی دەسەڵاتیان داوە. دینی ئیسلامیش دەکرێت لەم سۆنگەیەوە هەڵبسەنگێندرێت.
هەوڵی ئەم وتارە ئەوە دەبێت، کە لە بەستێنێکی مێژووییدا و بە چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر وێنە مێژوویییەکاندا، تێگەیشتن و ڕوانگە دینییەکانی لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی کە پاساو بۆ ئاکاری توندوتیژ و شەڕی توندی دەسەڵات دێننەوە، بخاتە بەردەست. بۆ ئەوەی بتوانرێت بە لەبەرچاوگرتنی چوارچێوە و هەروەها ئاستەنگەکانی ئەم وتارە، شرۆڤەیەکی ورد بکرێت، لە درێژەدا بەپێی دابەشکارییەکی تایبەت بابەتەکان داڕێژراون. گرینگترین پێوەرەکانی دابەشکارییەکە بریتی بوون لە: مەودای نێوان ڕووداوەکان، یەکە سیاسییەکان و جیاوازییە جوگرافییەکان و لە هەمووی گرینگتر وێژمانی سیاسیی هاوبەش.
لە پەیوەندی لەگەل چەمکی تیرۆریزمدا، ئەم وتارە باس لەوە دەکات، کە چۆن بانگەوازی ئیسلامخوازی لە لایەن ڕەوتە بناژۆخوازەکانەوە دەگۆڕدرێت بۆ ئاکاری توندوتیژ. تیرۆر بەو مانایە کە «چ وەک کردەوە و چ وەک وێژمان، بەمانای تۆقاندن و ترساندنە.»(داریتی 8، 328). تۆقاندن لەپێناو ئامانجێکی سیاسیدا. یان وەک «ڕەوتێک لە خوێندنەوەکان بۆ تیرۆریزم [کە] ئەم دیاردەیە دەگەڕێننەوە بۆ باوەڕە یۆتۆپییەکان و قیامەت باوەڕیی سیاسی. تیرۆریزم زیاتر لەوەی ستراتێژییەک بێت، دانپێدانان، کردەوەیەکی باوەڕمەندانە و ئاکامی خولیا بەکۆمەڵە بناژۆییەکانە، لە پەیوەندی لەگەڵ ڕەسەنایەتیی ئیدیۆلۆژی، ئێتنیکی یان دینیدا.»(داریتی 8، 328).
سەردەمی موحەممەدی پێغەمبەر
ژیانی پێغەمبەری موسوڵمانان، بۆ دوو قۆناغی گشتی دابەش دەبێت.
قۆناغی یەکەم، لە ساڵی 609ی زایینییەوە و بە بانگەشەی بۆ وەرگرتنی پەیامی خودا و خۆناساندنی وەک ناردەی خودا بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی، دەستی پێکرد. ئەم قۆناغە، کە ژیانی موحەممەدی پێغەمبەر لە شاری مەککە لەخۆ دەگرێت، 12 ساڵ درێژەی کێشا. لەم ماوەیەدا پێغەمبەر، کۆمەڵگاکەی خۆی بانگهێشت کرد، کە واز لە باوەڕەکانیان بهێنن و راسپاردەکانی ئەو(خودا) بکەن بە ڕێنوێنی ژیانی داهاتوویان. بەڵام پاش مردنی خەدیجەی هاوسەر و لەپاشان مامی، لە بانگەشە بۆڕێبازەکەیدا ئاستەنگی زۆر هاتنە ڕێگای. بەم هۆیەوە کەوتە بیری کۆچ کردن بۆ شاری مەدینە. بەمەیش ئەم قۆناغە لە ژیانی کۆتاییی پێهات.
قۆناغی دووهەم، لە ساڵی 622ی زایینییەوە و بە کۆچی سیاسیی پێغەمبەر بۆ شاری مەدینە، دەستی پێکرد و بە کۆچی دواییی ئەو کۆتاییی پێ هات. لە شاری مەدینە، بە کردەوە جێپێی موحەممەدی پێغەمبەر قایمتر بوو و پەرەی بە بانگەوازەکەی دا. لەم ماوەیەدا کە 11 ساڵ درێژەی بوو، دینی ئیسلام لە بزووتنەوەیەکی لاوازەوە، بوو بە دەسەڵاتێکی بەهێزی سیاسی.
لەماوەی 11 ساڵی ئاماژەپێکراودا، نزیک بە 30 شەڕڕوویدا. شەڕەکان لە نێوان سوپای پێغەمبەر و خێڵە دژبەرەکانی پەیامی ئیسلام و دواتر حکومەتی ئیسلامی، بوون. خێڵگەلێک، کە لە دۆخی کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگای عەرەبدا، بەڕادەیەک دەسڕۆیشتو بوون، کە سەربەخۆ هەمووڕێوشوێنەکانی ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان دیاری دەکرد.
لەسەر بنەمای ئەم دوو قۆناغە، تەنانەت قورئان، کتێبی پیرۆزی موسوڵمانان، دابەش کراوە بەسەر سوورەتە مەککی و مەدەنییەکاندا. واتا، ئەو سوورەتانەی قورئان کە پێش و پاش کۆچ (هیجرەت) بۆ مەدینە هاتوون. خوێندنەوەی قورئان بەپێی ئەم دابەشکارییە، کۆمەڵێک زانیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی زۆر ورد و بەنرخی تێدادەبێت. واتا، بەڕوونی دەریدەخەن، کە پێگەی ئیسلام چۆن لە بزووتنەوەیەکی ساواوە دەگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی پەرەسەندوو و لەپاشانیش بۆ حکوومەتی ئیسلامی.
خاڵێکی ورد کە ژیانی سیاسیی موحەممەدی پێغەمبەر لە میراتگرەکانی جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە پێغەمبەرڕەواییی لە سەرچاوەیەکی ئاسمانی وەردەگرت، بۆیە شەڕی سوپای ئیسلام لەگەل کۆمەڵی بێباوەڕەکان بە دینی ئیسلام بوو، بەڵام دوای خۆی مشتومڕ و ململانێی تێگەیشتن لە پەیامەکەی سەری هەڵدا. شەڕی ناوخۆییی ئیسلام لە پاش پێغەمبەر دەستی پێکرد کە لە کۆی مێژووی ئیسلام تا سەردەمی هاوچەرخدا دووپات بووەتەوە. لە پەڕاوێزی ئەم واقعە نوێیەدا، چەمکگەلی سیاسیی وەک جیهاد، تەکفیر، لادان، داهێنان (بیدعە) و. . هتد لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئیسلامیدا هاتنە کایەوە. چەمکگەلێک، کە چیرۆکی شەڕی میراتی ئیسلام بوو. و سەرەڕای شەڕ لەگەل بێباوەڕان، ، شەڕی توندی دەسەڵات لە ناوخۆی لایەنگرانی وباوەڕمەندان بە دینی ئیسلام هاتە کایەوە.
سەردەمی چوار خەلیفەی ڕاشدین
لەدوای کۆچی دواییی پێغەمبەرەوە، ململانێی ناوخۆیی بۆ وەرگرتنی ئەو دەسەڵاتەی کە بە میرات بەجێ مابوو، دەستی پێ کرد.
لە سەردەمی ئەبووبەکر، خەلیفەی یەکەمدا بوو کە تەکفیر، وەک سزای توند بۆ نەیارانی سیاسی، بۆ یەکەمجار بەکار برا. پێناسەی خەلیفەی یەکەم بۆ تەکفیر بە شێوەیەکی گەوهەری بە پرسی زەکات نەدانەوە بەسترابووەوە. بەم جۆرە دەبینین، یەکەم شەڕی دینیی موسوڵمانان، پاش سەردەمی موحەممەدی پێغەمبەر، خێڵی بەڕاست لە ئیسلام هەڵگەڕاوە و خێڵی موسوڵمانی زەکاتنەدەری لەیەک جیا نەکردەوە و بەیەک چاو لە هەردووکیانی ڕوانی.» (ئەسەسەرد، 6). پاشان هەر لەڕێگەی سیاسەتەکانی خەلیفەی یەکەمەوە بوو کە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامی تا عێراق و شام بەربڵاو بوویەوە.
عومەری کوڕی خەتاب، خەلیفەی دووهەم، بەوپەڕی هێزەوە پەرەی بە حکوومەتی ئیسلامی دا و شەڕی ساسانییەکان و بیزانتییەکانی کرد. ئەم قۆناغە دوای ئەوەی کە خەلیفەی دووەم بە دەستی نەیارانی تیرۆر کرا، کۆتایی پێهات.
لە سەردەمی عوسمان، خەلیفەی سێهەمدا، کۆمەڵێک سەرهەڵدان ڕوویان دا. عوسمان سەر بە خێڵی «بەنی ئومەییە» لە هۆزی «قوڕەیش» بوو. ئەو گۆڕانکارییانەی لە دەسەڵاتدا کردی، بوون بە هۆی بەهێزبوونی پێگەی بەنی ئۆمەییە. ئەمەش ناڕازی بوونی خێڵە دەسەڵاتدارەکانی تری هۆزی قوڕەیشی لێ کەوتەوە. بۆیە «لە سەردەمی خەلیفەی سێهەمدا، یەکەمین ئۆپۆزیسیۆنی شۆڕشگێڕ لە ئیسلامدا پێکهات.» (ئەسەسەرد، 12). ئەم ئۆپۆزیسیۆنە ئاکامی دوو واقعی سیاسیی ئەو سەردەمە بوو. یەکەم، ئەوە کە هەرچی لە سەردەمی سەرەتای ئیسلام دوور دەکەوتنەوە، لایەنی کاریزماییی دامەزراوە ئیسلامییەکان لاوازتر دەبوو. دووهەم، خەلیفەی سێهەم لە بەڕێوەبردنی حکوومەتی ئیسلامیدا، نەیتوانی ئۆتۆریتەی خۆی بەکار بهێنیت. ئەمەیش پاساوێکی باش بوو بۆ یاخی بوونی نەیارە سیاسییەکانی.
«بەرهەڵستکارەکانی خەلیفەی سێهەم، لە وڕوانگەیەوە کە نەیاندەتوانی بەبێ بیانوویەکی دینی پاساوی لێ هەڵگەڕانەوە و کوشتنی بدەن، بانگەشەیان بۆ ئەو تیۆرییە کرد کە هەتا عوسمان لەسەر کار بێت، گەرەنتیی پاراستنی خاوێنیی ئیسلام ناکرێت.» (ئەسەسەرد، 14) بۆیە بە پاساوی لادانی لە ئیسلام، هەڵیانکوتایە سەری و تیرۆریان کرد.
«ئەگەر گێڕانەوەی «تەبەری « ڕاست بێت، کە وتوویەتی یاخیبووەکان لێنەگەڕاون خزم و کەسوکاری عوسمان نوێژی لەسەر بکەن و لە گۆڕستانی موسوڵماناندا بینێژن، ئەوە هیچ گومانێک لەسەرڕوانینی تەکفیرییانەی یاخییەکان نامێنێت. بەپێی ئەم ڕوانینە، یاخییەکان پاش ئەوەی «عەلی کوڕی ئەبووتالب»یان کرد بە سەرکردەی خۆیان و… دواتر لەویش هەڵگەڕانەوە و ئەویشیان تەکفیر کرد. ئیتر 3-2 ساڵ پاش کوشتنی عوسمان، لەو کۆمەڵە ڕادیکاڵە، گرووپی «خەواریج» پەیدا بوون.» (ئەسەسەرد، 15)
بۆیە سەردەمی خەلافەتی عوسمانیش پڕ بوون لە ململانێ و شەڕی توندوتیژی لایەنە دژبەیەکەکان بۆ سڕینەوەی یەکتر.
عەلی کوڕی ئەبووتالب، کە لەلایەن شۆڕشگێڕەکانەوە پشتیوانیی لێ دەکرا، دوای ماوەیەک بوو بە خەلیفەی چوارەم. عەلی، پاش بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات، زۆربەی حاکمان و کاربەدەستانی هەرێمە جۆراوجۆرەکانی لەسەر کار لادا. بەڵام «موعاوییە»، کە پسمامی خەلیفەی سێهەم و حاکمی شام بوو، بە بڕیاری عەلی ڕازی نەبوو.
ناکۆکییەکان لە سەردەمی خەلافەتی خەلیفەی چوارەم گەیشتە لووتکە و کۆمەڵگای ئیسلامی بەسەر لایەنگرانی عوسمان و لایەنگرانی عەلیدا، دابەش بوون. ئەمە، بوو بە هۆی شەڕێکی ناوخۆی دوورودرێژ. لەم قۆناغدا، ئیتر بەپێچەوانەی قۆناغەکانی پێشوو، هێزی جۆراوجۆر و بەرژەوەندیگەلی جۆراوجۆر، مژوولی شەڕی دەسەڵات بووبوون. بەرفراوانیی حکوومەت و جوگرافیای ئیسلامیش هۆکارێک بوو، کە ئەم شەڕانەی قووڵتر دەکردەوە. لە کۆتاییدا، عەلی، خەلیفەی چوارەمیش، بەدەستی خەواریجەکان تیرۆر کرا.
ئەوەی لە دوای سەردەمی خەلافەتی چوار خەلیفەکەدا، بە کردەوە ڕوویدا، قووڵتر بوونەوەی کەلێنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، لەناو حکوومەتی ئیسلامی و جیهانی ئیسلامدا بوو. بە تێپەڕینی کات، جلوبەرگی ئیدیۆلۆژی کرا بە بەر شەڕی دەسەڵاتدا و لایەنەکان بەوپەڕی توندوتیژییەوە، بەگژ یەکتردا چوونەوە و مێژوویەک لە نەحەسانەوە و نەحەوانەوەیان بۆ نەسڵەکانی داهاتووی هەموو ناوچەکە، بەجێهێشت.
بەدوای تیرۆری خەلیفەی چوارەمدا، حەسەنی کوڕی لەلایەن خەڵکی کووفەوە بەیعەتی لەگەڵ کرا ـ بەڵام موعاوییە ناچاری کرد، واز لە خەلافەت بهێنێت و بە هێمنی دەسەڵاتەکەی ڕادەست بکات. لە پەیمانێکدا، حەسەن ڕازی دەبێت خەلافەت بدات بە موعاوییە و ئەویش لەبەرانبەردا، ڕێگە بدات پاش مردنی، موسوڵمانان خۆیان جێگرەوەی موعاوییە هەڵبژێرن. بەڵام، پاش مردنی موعاوییە، «یەزید»ی کوڕی بانگەشەی جێگرتنەوەی باوکی کرد. ئیمام»حسێن» کوڕی بچووکتری عەلی، کە ململانێی دەسەڵاتەکەی یەزیدی کرد، لە «کەربەلا» کوژرا.
لە وەها کاتێکدا، لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگای ئیسلامیدا، شەڕی دەسەڵات گۆڕدرا بۆ ڕەوت و ئیدیۆلۆژیی سیاسیی تۆختر. ئەم ڕەوتگەلە، ئەگەرچی تا پاش خەلیفەی چوارەمیش بە گومان و ئاماژەوە باسیان لە خولیا سیاسییەکانی خۆیان دەکرد، بەڵام لەپاش ئەو سەردەمە، بەڕاشکاوی و لە پێگەی حەقیقەتەوە بەرگرییان لە ئامانج و ئیدیۆلۆژییەکەیان دەکرد.
گرینگترین ئەو ڕەوتانەی، کە لە هەناوی هزری ئیسلامییەوەڕێبازی خۆیان وەک ڕێچکەی ڕاست و لەسەر حەقی ئیسلامی ناساند، بریتی بوون لە: سوننە، شیعە، خەواریج. ئەم سێ ڕەوتە و ڕەوتێکی زۆرتری هاوتەریبیش، کە لەو سەردەمەدا ئومەوییەکان نوێنەرایەتییان دەکرد، کۆی ناکۆکییەکانی ئیسلامی سیاسی تا سەردەمی هاوچەرخیان لە خۆیاندا کۆ دەکردەوە و بە میراتیش دایان بە نەسڵەکانی داهاتوویان.
سەردەمی پاش چوار خەلیفەکە تا هەڵوەشانەوەی خەلافەت لەعوسمانیدا
ڕەوتە سیاسییەکانی ئیسلام، لە بەستێنی بەرژەوەندیی سیاسیی چینە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای عەرەبی ئەو سەردەمەوە بیچمیان گرت. ناکۆکیی سوننە و شیعە، بە ڕاشکاوی لەسەر پرسی جێگرتنەوەی موحەممەد پێغەمبەری ئیسلام سەری هەڵدا. دواتر، وەک هەموو شەڕە ڕووتەکانی تری دەسەڵات، جلوبەرگی هزری و ئیدیۆلۆژیشیان بەبەردا کرد. بەجۆرێک کە میراتگرانی ئیسلام، جیهانبینیی تایبەت بە خۆیان لەسەر ئەو پاساوە سیاسییانە دامەزراند.
لە بەستێنی ئەم جیاوازییانەدا، «سوننەکان لە سەدەی 8ی زایینیەوە، هەوڵیان دا، بەو جۆرەی کە لە حەدیسەکاندا هاتبوون درێژە بە نەریتی ئاکاری ڕۆژانەی پێغەمبەر (سوننەت) بدەن. لە سەدەی 9ی زایینیدا، ئیسلامی سوننە بە چڕوپڕی لە ڕێگەی خوێندنگە(مەدرەسە) دینییەکانەوە دامەزرابوو.» (داریتی 4، 156)
کێشەی شیعە لەگەل سوننە، لە سەردەمی خەلافەتی عوسماندا دەستی پێ کرد. دواتر «ڕووداوەکانی کوشتنی خەلیفەی چوارەم و حسێنی کوڕی، پێگەی شیعەیان وەک ڕەوتێکی دژ بە دەسەڵاتی زاڵ، جێگیر کرد. لە پاشانیش، پرسی «ئیمامەت» وەک گرینگترین ڕەهەندی دینی و سیاسیی شێعیزم، داڕێژرا.» (داریتی 4، 156)
ڕەوتی سێهەم، واتا خەواریج، سوننە و شیعەیان پێکەوە ڕەت دەکردەوە. خەواریج 25 ساڵ دوای کۆچی دواییی موحەممەد، سەریانهەڵدا. «ئەوەی کە خەلافەت مافی ئاریستۆکراسیی مەککە، واتا هۆزی «قوڕەیش»ە، ڕەوتی خەواریجی لە سوننە جیا دەکردەوە. لە بەرانبەردا، ئەوەی کە شیعە خەلافەتی بە مافی خێڵێکی تایبەت لە هۆزی قوڕەیش، واتا خێڵی «بەنی هاشم» دەزانی، دیسان بە پێچەوانەی ویستی خەواریج بوو. لە لایەکی دیکەیشەوە، خەواریج کردەوەیان بە پێوەر بۆ باوەڕمەندی دەزانی. و باوەڕیشیان بە توندوتیژی نواندن دژ بە نەیارەکانیان هەبوو. بۆیە وەک ڕەوتێکی توندئاژۆ لە مێژووی ئیسلامدا دەرکەوتن.» (عنایت، 27)
خەواریج ڕەوت و خوێندنەوەیەکی جیاواز بوون، کە ئاکاری توندوتیژیان لە پێناو بیروبۆچوونیاندا، برەو پێ دا. «ئەوان یەکەم گرووپی بناژۆخواز لە ئیسلامدا بوون، کە لە دەقە پیرۆزەکان تیۆریی «تەکفیر»یان داڕشتووە.» (ئەسەسەرد، 15). یەکەم جار، بە تەکفیرکردنی خەلیفەی سێهەم(ئەگەرچی هێشتا وەک گرووپ نەناسرابوون) و دواتر خەلیفەی چوارەم دەستیان پێ کرد. پاشان، شەڕی بەردەوامیان لە دژی ئەمەوییەکان و دەسەڵاتدارانی تری جیهانی ئیسلام کرد.
»ساڵانی پاش تیرۆرکردنی خەلیفەی چوارەم، دەریدەخەن کە خەواریجەکان کۆڵنەدەرانە بانگەشەیان بۆ ئیدیۆلۆژییەک کردووە، کە بنەما شەرعییەکەی پشتئەستوور بوو بە خاوێنی و بێگەردیی دین. بەڵام ئەم ئیدیۆلۆژییە، گرووپێکی جەنگاوەری دڕی لێ درووست کردن، کە بۆ گەیشتن بە ئامانج، تەنیا یەک ڕێوشوێنیان دەناسی، کە شەڕ بوو. و… «ئیبن کەسیر» نووسەری موسوڵمانی سەدەی 14ی زایینی، دەڵێت ئەگەر خەواریج لە هەر شوێنێکی دنیا بەهێز بن، هەموو دنیا گەندەڵ دەکەن.» (ئەسەسەرد، 18)
شەڕی توندی ئیدیۆلۆژیی میرنشینە ئیسلامییەکان، لە سەدەی 13ی زایینی و بە هاتنی مەغۆلەکان، تا ڕادەیەک دامرکایەوە. بەدوای ئەمانە و لە ساڵی 1517ی زایینیدا، خەلافەت لە «موتەوەککەلی سێهەم»، دوایین خەلیفەی عەباسییەوە، بە ڕادەستکردنی نازناوی خەلافەت و شمشێر و باڵاپۆشەکەی پێغەمبەری ئیسلام بە «سوڵتان سەلیمی عوسمانی»، گوازرایەوە بۆ عوسمانییەکان کەڕووبەرێکی زۆر لە جیهانی ئیسلامیان لەژێر دەست بوو.
لە بەرانبەر حکوومەتی «عوسمانی»دا کە هێڵی نوێی خەلافەتی ڕێبەرایەتی دەکرد، دراوسێ و دوژمنەکەی واتا «سەفەوی»، بە ڕەسمیکردنەوەی شیعەگەری، هەوڵی دا بەرەیەکی بەهێز دژ بە نەیارەکەی پێک بهێنێت. بۆیە ئیسلامی سیاسیی نوێ، تێکەڵ بە کۆمەڵێک بەرژەوەندیی تر بوو، کە تایبەت بە کۆمەڵگا و ژیانی عەرەب نەبوون. دواتر شەڕی سوننە و شیعە لە جیهانی ئیسلامیی دەرەوەی عەرەبدا، لەسەر ئەم پاشخانە مێژووییە بەردەوامیی بوو. واتا ڕووبەری جوگرافیای ئیسلامی سیاسیی بەکردەوە بەربڵاوتر بوو. لە وەها هەلومەرجێکدا، مێژوویەک لە پاکتاوکردن و ململانێی توندوتیژ و کوشتن بەناوی پیرۆزییەکانەوە کران. تەنانەت گەیشتە فەرمانی حکوومەتی بۆ بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی یەکتر لەلایەن سوننە و شیعەوە.
هەڵوەشانەوە و دابەشبوونی حکوومەتەکانی سەفەوی و دواتریش عوسمانی، ئاماژە بوون بۆ سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێ. لە سەردەمی پاش هەڵوەشانەوەی عوسمانیدا، جیهانی ئیسلام کەوتە ژێر کاریگەریی پێشکەوتنەکانی ڕۆژئاوا و ڕەوتی نەتەوەخوازی (ناسیۆنالیزم). لەم سەردەمەدا، بۆ ماوەیەکی کورت ئیسلام لە ڕووبەرە ناعەرەبییەکەیدا کەوتە پەراوێزەوە. لە ڕووبەرە عەرەبییەکەیشیدا، کە بەتازەیی لەژێر لاشەی حکوومەتی عوسمانیدا و بە پارڤەکراوی قامەتی ڕاست دەکرەوە، لەو گۆڕانکارییە جیهانییانە بێبەش نەبوو.
سەردەمی پاش هەڵوەشانەوەی خەلافەت لە عوسمانیدا
لە سەردەمی پاش هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت لە حکوومەتی عوسمانیدا و پاش شەڕی یەکەمی جیهانی، لە حکوومەتی عوسمانی چەندین قەوارەی سیاسیی نوێ جیا بوونەوە. کۆمەڵگای موسوڵمان لەو قەوارە و وڵاتانەدا، کەوتنە ژێر کاریگەریی ڕەوتە جیهانییەکانی وەک نەتەوەخوازی، دێموکراسی و سۆسیالیزم. بۆیە ئیسلامی سیاسی، جیا لەوەی وێژمانی دژبەری بۆ زیاد بوو، لەناوخۆیشدا کەوتەوە بەر ڕاڤەی نوێ و سەردەمیانە لە بنەماکانی ئیسلام.
«بە گۆڕانی شێوازەکانی ئەمەگناسیی سیاسی، چەمکی «دەوڵەتی نەتەوەیی» جێگای باوەڕمەندیی دینییی گرتەوە.» (عنایت، 81). ئەمە کاریگەریی لەسەر تاک و کۆمەڵگای موسوڵمان هەبوو. هەم هەستی نەتەوایەتی و هەم «پێکهاتنی وڵاتگەلی فرە مەزهەبی وەک لوبنان و عێراق، دۆخی ناکۆکییە مەزهەبییەکانیان [بەشێوەیەکی کاتی] هێور کردەوە.» (عنایت، 82).
بەهۆی ئەوەی کەڕەوتی نەتەوەسازی لە وڵاتانی ناوچەدا، لە بنەڕەتەوە سەقەت بوو، دوای ماوەیەکی کورت، ناسیۆنالیزمی ڕاسپێردراو (بە پاڵپشت و لە پاشکۆی بەرژەوەندیی زلهێزەکانەوە) کە نەیتوانی بنەمای چەمکی حاکمییەتی نەتەوەیی جێگیر بکات، بۆخۆیشی بوو بە لایەنێکی شەڕ و ئاڵۆزی لەم وڵاتانەدا.
ڕەوتی نەتەوەسازی و نەتەوەخوازی لە وڵاتانی ناوچەی ئیسلامدا، لە پێشدا سەربەخۆ نەبوو. لە پاشانیش هەرچی هەوڵیان دا لە هێزە جیهانییەکان داببڕێن و سەربەخۆ ڕەوتەکە بەرەو پێش ببەن، بۆیان جێبەجێ نەبوو. چونکە لە لایەک، ئەوان بەرهەمی گەشەی ئاساییی کۆمەڵگا نەبوون و لە بەستێنی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەریان هەڵنەدابوو. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر ویستی دابڕانیشیان بووبێت، بەڵام هێزی ئابووری و سیاسیی ئەو دابڕانەیان نەبوو. لە پاشانیش، بە بۆچوونێکی تایبەت لە پرسی گەشەی سیاسی، دەستیان کرد بە نوێکردنەوە (مۆدێڕنیزاسیۆن)ی دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. بۆچوونێک کە بایەخی بە بەشداریی خەڵک نەدەدا و لەسەرەوە بۆ خوارەوە دەیڕوانی.
لەئاکامدا، هەرچی ڕەوتی نەتەوەخوازی لە گەیشتن بە ئامانجەکانیدا دوادەکەوت، هێزی ئیسلامی سیاسی بەهێزتر لە جاران خۆی ڕێکدەخستەوە. بە گشتی لە پاش هەڵوەشانەوەی خەلافەتەوە، دەسەڵاتی سیاسی لە وڵاتانی ناوچەدا بەناوی حاکمییەتی نەتەوەوە نەیارانی خۆی دەسڕییەوە. لەو لایشەوە، ئیسلامی سیاسیی نوێ، بە تەکفیرکردنی کۆمەڵگا و دەسەڵات، خوازیاری دامەزراندنی حاکمییەتی خودا و حکومەتی دینی بوو. بۆیە، دیسان کومەڵگا دوو جەمسەری دەبووەوە.
لە وەها هەلومەرجێکدا، ڕەوتی نەتەوەخوازی، هێزی خۆی لە چەمکە مرۆڤتەوەرە نوێکان و هەروەها ڕێکخستنەوەی نەزمی نوێی جیهانی وەردەگرت، کە نەتەوەتەوەر بوو. واقعی نوێی سیاسیی جیهان، قەوارەی دەوڵەتی نەتەوەییی بەڕەسمی دەناسی. بۆیە لە زۆرینەی ڕەهای وڵاتانی ناوچەدا، ڕەوتی نەتەوەخوازی بەسەر ئیسلامی سیاسیدا سەرکەوت. لە لایەکی ترەوە، ڕەوتی ئیسلامی سیاسی هێزی خۆی لە میراتێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆحی وەردەگرت. هێماگەلی ئیسلامی و نۆستالۆژیی حکوومەتی دینی و ئیسلامی خاوێنی سەردەمی موحەممەد، دەیتوانی بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵ مانابەخش بێت و ببێت بە مایەی جووڵەی سیاسی و تەنانەت کردەوەی توندوتیژیش.
ئەگەرچی لە سەردەمی نوێدا، ئیسلامی سیاسیی نەرمئاژۆ و دێموکراسیخواز و نەتەوەیی سەریان هەڵدا، بەڵام بەزۆری تێکەڵ بەڕەوتی ڕەسمیی سیاسەت بوون و ڕەهەندە ئیسلامییەکەیان کاڵتر بووەوە.
ـ ئیخوان موسلمینی میسر
بزووتنەوەی ئیخوان موسلمین لە وڵاتی میسر، لە ژینگەی پاش هەڵوەشانەوەی خەلافەتدا سەری هەڵدا. ئیخوان، لە سەرەتادا لە بەستێنی نەتەوەخوازیی عەرەبیدا هاتە بوونەوە و گەشەی کرد. لە ساڵی 1928ی زایینیدا، لە ئاکامی هەلومەرجێکی ئاڵۆزی مێژووی سیاسیی میسردا دامەزرا. «بە وتەی حەسەن بەنا، ئەم ئاڵۆزییە ئاکامی خەبات بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە نێوان حیزبی وەفد و حیزبی لیبراڵی قانوونخوازدا بوو.» (عنایت، 154). «ئیخوان لە کۆمەڵی لاوانەوە (جمعیة الشباب) لە ساڵی 1939ی زایینیدا، بوو بە هێزێکی سیاسی. ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەمین قۆناغەکانی ناکۆکیی ئاشکرای عەرەب و ئیسراییلدا.» (عنایت، 155). لە کۆتاییدا، «بڕیاری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە پەیوەندی لەگەل دابەش کردنی فەلەستین لە ساڵی 1947ی زایینیدا و یەکەمین شەڕی عەرەب و ئیسراییل، هەرچی زۆرتر کاریگەریی لەسەر ئیخوان هەبوو کە بەرەو بناژۆخوازی هەنگاو هەڵبگرێت.» (عنایت، 157)
«ئیخوان، جۆرێکی پێداگرترە لە خوێندنەوەی «ڕەشیدڕەزا». خوێندنەوەیەک، کەڕەنگدانەوی چاوەڕوانیی سەرکەوتن و کرانەوەیەکە کە ئیخوانەکان دەیانویست بە هێزی شمشێر بیهێننە دی» (عنایت، 160). بەڵام هەرچی کات تێدەپەڕی، هەڵوێستەکانی ئیخوان توندتر دەبوون.
«حەسەن بەنا [دامەزرێنەری ئیخوان] نەیتوانی مەیلی گۆشکردنی حیزبەکەی بە هێزی چەکدار، کۆنترۆڵ بکات. لە ئاکامی ئەم مەیلەدا، حیزب ڕێکخراوێکی تەناهیی بەناوی ڕێکخستنی تایبەتەوە پێک هێنا، کە ئەرکی پاراستنی حیزب و تیرۆر کردنی نەیارە سیاسییەکانی بوو. ئەوەی باسکی ئەم مەیلەی بەهێزتر کرد، شەڕی فەلەستین بوو، کە ئەندامانی ئیخوان کاریگەرانە بەشدارییان تێدا کرد. حەسەن بەنا بۆ ئەم ئاکارەی، زۆرتر لەژێر کاریگەریی چەمکی « جیهاد»دا بووە.» (ئەسەسەرد، 30)
هزری «حەسەن بەنا» کە لەسەر بیرۆکەی چاککردنی کۆمەڵ(ئیسڵاح) داڕژابوو، لەلایەن «سەید قوتب»ـەوە کرا بە بیرۆکەیەکی توندئاژۆی تەکفیری و لەو سۆنگەیەیشەوە، ئیخوان پاشتر کۆمەڵی موسوڵمانان و دەوڵەتی پێکەوە تەکفیر کرد.
سەید قوتب، بەرهەمی قۆناغێکی جیاوازترە لە ژیانی سیاسیی ئیخوان. واتا قۆناغێک کە ئیخوان لە بەشداریی سیاسی بێبەش کرا و تەنانەت سەید قوتب دەستبەسەر کرا. ئەو بەشێکی بەرچاو لە بیرۆکەکانی لە بەندیخانەدا داڕشت. «هزری سەید قوتب، بڕێکی زۆر بێزاری لە پەرەسەندنی شارستانیەتی ڕۆژئاوای بە ئاشکرا پێوە دیارە.» (ئەسەسەرد، 50)
«سەید قوتب، لە کتێبی « مەشخەڵانی ڕێ»دا، کە تێیدا تیۆرییەکی ڕوونی بۆتاوتوێکردن و شیکردنەوەی ئاکاری دەوڵەت داڕشت، دید و ڕوانینی خۆی بۆ پرسە جۆراوجۆرەکان گەڵاڵە کرد. و… [ئەو] نەک بە لۆمەکردنی دەوڵەت دانەکەوت، بەڵکوو کۆمەڵیشی دایە بەرڕێژنەی ڕەخنە.» (ئەسەسەرد، 60)
سەید قوتب، میراتگری هەمووڕەوتە تەکفیرییەکانی پێش خۆیەتی، کە بە خۆپەرموونێکی کەم وێنەوە ڕەخنە لە نەزانینی (جاهیلییەت) کۆمەڵگا بە گشتی دەگرێت. لەم پەیوەندییەدا، لە شوێنێکدا دەڵێت: «ئەمڕۆ، لە جاهیلییەتێکدا لە بابەتی جاهلییەتی سەردەمی سەرەتای ئیسلام و بگرە دژوارتردا دەژین. هەرچی لە دەوروبەرماندا هەیە جاهیلییە. بۆچوونی کۆمەڵانی خەڵک، دابونەریت و ڕاهاتنیان، هونەر و وێژەیان، تەنانەت زۆر لەو شتانەی ئێمە بە فەرهەنگی ئیسلامی، چاوگی ئیسلامی، فەلسەفەی ئیسلامی و بیرکردنەوەی ئیسلامیان تێدەگەین. هەر هەمووی دەسکردی ئەم جاهلییەتەیە.» (ئەسەسەرد، 63)
ئەم جۆرە لەڕەتکردنەوە و تەکفیری کۆمەڵگا و هەموو شارستانییەتی سەردەم، نۆستالۆژییەکی چالاک و بەهێزە. وەک دواتریش دەرکەوت، لە هەلومەرجی گونجاودا، توانی جووڵە بە هێزی کۆمەڵایەتی بکات و سەردەمێکی نوێی توندوتیژی و تیرۆر بخولقێنێت.
هزری تەکفیری، هەموو شارستانییەتی ڕەت دەکردەوە و تەنیا بە پاوانی دەسەڵاتڕازی ئەبوو. ڕێبازێک بوو کە توندئاژۆ و دەمارگرژەکانی بۆ ململانێی توندی دەسەڵات تەیار دەکرد. ڕێبازێک، کە ناوەرۆکەکەی لە دەقی پیرۆزەوە هەڵێنجرابوو و ڕەواییی ئاسمانیی هەبوو. ئەوان، توندوتیژی و کوشتن و کوژرانیان بە ناوی خودا و لە پێناو خودا و دیندا بە پیرۆز ئەناسی و توخمی توندوتیژییان لەڕۆحی لایەنگران و کەسەکانیاندا دەچاند.
ـ ئیخوانی سووریە
ئیخوان موسلمین لە سووریە، وەک دوانەی ئیخوانی میسری، لە ساڵی 1935ی زایینیدا، لە شاری حەڵەب دامەزرا. ئیخوانی سووریش، هاوچەشنی ڕەوتە ئیسلامییەکانی تری سەردەمی دوای هەڵوەشانەوەی خەلافەت و سەرەتاکانی دامەزرانی دەوڵەتی نەتەوەییی نوێ (مۆدێڕن)، بەهۆی یەکلانەبوونەوەی شەڕی دەسەڵات و جــــێگیرنەبوونی دەسەڵاتێکی سیاسیی ڕەها و دەسڕۆیشتوو، لە لایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی چینی ناوەڕاستی شارەکان لەدەست نەدات، بیری ئیسلامیی تێکەڵ بە بیری نەتەوەیی کردبوو. بۆیە ئیخوانی سووریش، گرینگترین ئامانجەکانی بە شەڕ دژی داگیرکاریی فەڕانسە و
هەروەها ڕابوونی ئیسلام لە جیهانی عەرەبدا، ڕاگەیاند.
ئیخوانی سووریش، چالاکانە لە شەڕی فەلەستین دژی ئیسراییل بەشداریی کرد. ئەوان لە درێژەی کار و چالاکییەکانیاندا، دوو گرووپی چەکداری «سەرایا» و فوتوە»یان دامەزراند. ئەم دوو گرووپەیان بۆ جێبەجێکردنی هزری توندئاژۆیان بەکار برد. بەڵام لە ساڵی 1952ی زایینیدا و دوای دۆڕاندنی عەرەبەکان بە ئیسراییل، لە لایەن حکوومەتی سووریەوە هەڵوەشێندرایەوە و سەرکوت کرا. پاش ئەمە بوو بە هێزێکی ئوپوزیسیۆن و دواتریش جیا بوونەوەی ئیخوانی لێ کەوتەوە. «ژمارەیەکی زۆریان لە ئیخوانی میسری دابڕان و بوون بە هاوڕای سیاسەتەکانی ناسر لە میسر. بەشێکیشیان لەسەر بیروبۆچوونەکانیان شێلگیرانە مانەوە.» (عنایت، 254)
بەدوای هاتنەسەرکاری حیزبی «بەعس» لە سووریە، لە ساڵی 1963ی زایینیدا، ئیخوان سەرکوت کران. بەڵام لە نێوان ساڵەکانی 1976 تا 1980 دا، بە ڕێبەرایەتیی «عەدنان سەعدەدین»، شەڕێکی توندیان دژی حکوومەتی بەعسی «حافز ئەسەد» بەڕێوە برد و کۆمەڵێک کردەوەی تیرۆریستییان ئەنجام دا. دواتر، لە کۆتاییەکانی دەیەی 80 دا، لە شەڕی بەناوبانگی «حەمما»دا، ، 000/30 کەسیان لەلایەن حکوومەتی بەعسەوە لێ کوژرا.
ئاشکرایە، کە ئیخوانی سووری، لە کاروانی ڕەوتی ئیسلامی سیاسیی توندئاژۆدا جێی گرتووە. ئەم ڕەوتە لە پەراوێزی چەمکی «جیهاد»ەوە بۆچوونی خۆی باس ئەکرد. چەمکێک، کە ڕێکخراوە بناژۆخوازەکانی دواتر، بایەخی تایبەتیان پێ دا. جیهاد، بەمانای شەڕ لە پێناو خودا و حەقدایە. واتا پیرۆزکردنی کوشتن و توندوتیژی لەلای ئیخوانەکانی سووریە، هاوچەشنی ڕێکخراوە هاوبیرەکانی تری.
لە کۆتاییدا، ئیخوانی سووریش لەم قۆناغە لە مێژووی وڵاتانی ئیسلامیدا، لە بەرانبەر هێزی دەوڵەتی نوێ و ڕەوتی نەتەوەخوازیدا شکستی خوارد.
ـ فیداییانی ئیسلام لە ئێران
دامەزرێنەری بزووتنەوەی فیداییانی ئیسلام، «نەواب سەفەوی» بوو.
فیداییانی ئیسلام لە ئێران، ئەگەرچی ناکۆکی هەیە لەسەر ئەوەی وەک تاقم بناسرێن یان وەکڕەوتێکی سیاسی، بەڵام بە گشتی لە چوارچێوەی ئیسلامی سیاسیدا ئەژماریان پێ دەکرێ. «یەکەمین چالاکیی فیداییانی ئیسلام، لە هاندانی خەڵکی ئێران بۆ پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین، لەکاتی شەڕی عەرەب و ئیسراییلدا دەستی پێ کرد. بەڵام مێژووی ئەو، لەگەل [ڕێکخراوێکی وەک] ئیخوانی میسر، لە دوو شتدا جیاوازن. یەکەم، ئەمان هیچ کات نەبوون بە بزووتنەوەیەکی جەماوەری کە خۆیان بۆ ئامانجەکانیان تەرخان بکەن. ئەگەرچی هێندێک لە درووشمە دژە ئەمپێریالیستییەکانیان گشتگیر دەبووەوە. دووهەم، پاڵەوانێکی بەڕادەی حەسەن بەنا خاوەن ئاوەزی سیاسی، یان هاوچەشنی سەید قوتب خاوەن بۆچوون، یان هاوشانی «ئەبولعەلا مەودوودی» زانایان نەبوو.» (عنایت، 170)
لە مانیفێستی فیداییانی ئیسلامدا، کە نەواب سەفەوی دایڕشتبوو، باسی لە سەرچاوەکانی گەندەڵیی ئێران و جیهان دەکرد. ئەو هەناسەیەی ئەم مانیفێستەی پێ داڕێژرابوو، لەگەڵ لێدوانە ئاگرینەکانی سەید قوتب و ڕوانگە تەکفیرییەکانی ئەودا لەیەک چەشن بوون. «نەواب»یش وەک سەید قوتب، باسی لە» گەندەڵیی فەرهەنگ» دەکرد.
فیداییانی ئیسلام، بەهۆی کۆمەڵێک کردەوەی تیرۆریستییەوە ناوبانگیان دەرکرد، کە لە نێوان ساڵەکانی 1945 تا 1963ی زایینیدا بەڕێوەیان برد. لە ناو ئەو کەسانەی فیداییانی ئیسلام تیرۆریان کردن، ڕووناکبیر، کەسایەتیی دینی و کەسایەتی و کاربەدەستانی حکوومەتییان تێدا بوو. نەواب حوکمی بێرێزیکردن بە دینی (ئیرتداد) بۆ نەیارانی دەردەکرد، کە چەمکێک بوو لەچەشنی چەمکی «تەکفیر»ی سەید قوتب.
فیداییانی ئیسلام، ئەگەرچی ڕێکخراوێکی دانپێدانەنراو و قەدەغەکراو بوون، بەڵام ساواک (ڕێکخراوی هەواڵگریی ڕێژیمی پالەویی ئێران)، لە زۆر کاتدا و لە پێناو لاوازکردنی نەیارانی هاوبەشی خۆی و فیداییاندا، چاوپۆشیی لە کردەوەکانیان دەکرد. لە هێندێک جاری وەک تیرۆری «ئەحمەدی کەسرەویدا»، تەنانەت زانیاریشی پێدەدان. نەواب کە لە هەوڵی سەرنەکەوتووی تیرۆری کەسرەویدا دەسبەسەر کرابوو، بەردرا. پاشتریش کە ئەندامانی رێکخراوەکەی بەهۆی کوشتنی کەسرەوییەوە گیران، بە تکای کەسایەتیە دینییەکان لە بەندیخانە دەریهێنان.
لەپاش شۆڕشی 1979ی زایینی لە ئێران، کەسایەتییە بەناوبانگەکانی فیداییانی ئیسلام، وەک «سادقی خەڵخاڵی»، پلە و دەسەڵاتی سیاسییان پێ درا. خەڵخاڵی پاش سەرکەوتنی مەلاکان لە ئێران، بوو بە حاکم شەرعی دادگەکانی شۆڕش. ئەو حوکمی کوشتن و لەداردانی هەزاران کەسی بە تاوانی «شەڕ لەگەل خودا» (موحارەبە) و «گەندەڵی لەسەر عەرد» (فەساد فیلئەرز) واژۆ کرد.
ڕێکخراوی فیداییانی ئیسلام، پێش شۆڕشی 1979 و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، وەک ڕەوتە ئیسلامییە هاوچەشنەکانی، نەیتوانیبوو بە دەسەڵات بگات. تەنیا پاش دامەزرانی حکوومەتی ئیسلامی لە ئێران، توانیان بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی جکوومەتێکی ئیسلامیدا. بۆیە ژیانی سیاسیی فیداییانی ئیسلام دوو قۆناغی ئۆپۆزیسیۆن و حکوومەتداریی ئەزموون کرد. ئەگەرچی لە حکوومەتدا زۆرتر وەک هزر تێکەڵی دەسەڵات بوون.
ـ جەماعەتی ئیسلامیی پاکستان
لە پاکستانیش، ڕەوتی ئیسلامی سیاسی، بەناوی ڕێکخراوی «جەماعەتی ئیسلامی» دەرکەوتن. جەماعەتی ئیسلامی لە ساڵی 1941ی زایینیدا و لەلایەن « ئەبولعەلا مەودوودی «یەوە دامەزرا.
هەلومەرجی تایبەتی وڵاتی پاکستان، کاریگەریی لەسەر هزر و ڕێبازی ئیسلامی سیاسی لەو وڵاتە بووە. وڵاتی پاکستان، لە بنەڕەتەوە بەهۆی شوناسی ئیسلامییەوە، لە ساڵی 1948ی زایینیدا پێکهات. بۆیە ئیسلام، بەشێکی سەرەکیی هزری سیاسیی ئەو وڵاتە لەخۆ دەگرێت.
جەماعەتی ئیسلامی، نەک ئەوەی وەک ئیخوانەکان و فیداییانی پێش حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، نەکەوتنە پەراوێزی ڕەوتی سیاسیی ڕەسمیەوە، بگرە چالاکانە بەشدارییان تێداکرد. ئەم بەشدارییە سیاسییەی جەماعەتی ئیسلامی، دوو ئاکامی هەبوو. یەکەم، بەهۆی جەماعەتی ئیسلامییەوە ناوەرۆکی ئیسلامیی حکوومەتی پاکستان تۆختر بوو. بۆیە بۆ وێنە، «لە قانوونی بنگەهیی 1956دا، پێگەی ئیسلام بە دیاریکردنی ناوی وڵات وەک «کۆماری ئیسلامیی پاکستان» دانی پێدانرا و [تەنانەت] ڕێوشوێنە نائیسلامییەکان قەدەغە کران.» (عنایت، 182). دووهەم، بەهۆی مامەڵەی جەماعەتی ئیسلامی لەگەل سیاسەت و تێکەڵ بوونیان لەگەل دەسەڵات، ڕوانگەکانیان نەرمتر بوون و ڕەنگی واقعیتریان لێ نیشت. جەماعەتی ئیسلامی لە زۆرینەی ڕەهای هەڵبژاردنەکاندا، کە لە 1970 دا دەستیان پێکرد، بەشدارییان کرد و زۆر کەم بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد. بۆیە لە درێژەدا بەشێکیان بوون بە سیاسەتڤانی پیشەیی و کەمتر ئیسلامی مانەوە.
لەگەل هەموو تایبەتمەندییەکان، بەڵام دیسان جەماعەتی ئیسلامیش، وەک ڕەوتێکی ئیسلامی سیاسی دێنە ئەژمار. بیروبۆچوونی مەودوودیی دامەزرێنەری جەماعەتی ئیسلامیش، خوێندنەوەیەکی بناژۆخوازانە لە قانوون و شەریعەتی ئیسلام بوو. «مەودوودی»یش باوەڕی بە جیهاد بووە. «[ئەو] لە سەرەتادا، دژی بزووتنەوەیەک بوو کە پاکستانی پێکهێنا. لەبەر ئەوەی کەڵک وەرگرتن لە ئیسلامی ـ کە دینێکی جیهانییە ـ بۆ ئامانجی ئیدیۆلۆژیکی لەلا دروست نەبوو. بەڵام دواتر کە بینی بزووتنەوەی جیاخوازیی پاکستان بانگەشەی سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەی ئیسلام دەکات، ڕای گۆڕی.» (عنایت، 184). مەودوودی، وەک بناژۆخوازانی تری جیهانی ئیسلام، توندوتیژی نواندن بۆ وەستانەوە دژ بە خراپەی بە پێویست دەزانی. بەڵام بە هێندێک پاساوی هزری و فەلسەفی، دواتر هێندێک لە پیرۆزیی شەڕ و توندوتیژیی کەم کردەوە. ئەمەیش وەک باس کرا، لەژێر کاریگەریی هەلومەرجی تایبەتیی پاکستاندا بوو.
ڕوانگەی مەودوودی لەپەیوەندی لەگەل «شەریعەت»دا، زۆرێک لە تەمومژەکان دەڕەوێنێتەوە. ئەو، شەریعەت وەک «گەڵاڵە و بەرنامەیەکی پوخت بۆ ژیان و سیستەمی کۆمەڵایەتیی گشتگیر دەبینێت، کە بەبێ ئەو ناتوانین لە قانوونە ئیسلامییەکان تیبگەین و بە کردەییش ناکرێن.»
بەگشتی، لە قۆناغی پاش هەڵوەشانەوەی خەلافەتدا، ئەم چوار ڕەوتەی ئیسلامی سیاسی، گرینگترین وێنە مێژوویییەکان بوون. ئەمان پێگەی کۆمەڵایەتی و هێزی سیاسییان هەبوو. خاوەن خوێندنەوەی تایبەتی خۆیان بوون. بەڵام هەموویشیان لانیکەم لەم قۆناغەدا، کەم یان زۆر، کەوتنە پەراوێزی ڕەوتی گشتیی سیاسەتی نێودەوڵەتی و چەمکی حاکمییەتی نەتەوەییەوە. لە قۆناغی پاش هەڵوەشانەوەی خەلافەتەوە تا سەردەمی هاوچەرخی ئیسلامی سیاسی کە لە درێژەدا باس دەکرێت، ئیسلامی سیاسی، بە گشتی و بەهۆی خەباتێکی دوورودرێژ و بە تێچووی زۆرەوە، وەنەوزێکی کورتی دا.
لە ماوەی پشوودانی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسیدا، حکوومەتەکانی وڵاتانی ناوچە، دەرفەتی ئەوەیان بۆڕەخسا کە گەشە بە کۆمەڵگا و وڵاتەکەیان بدەن. ئەوان کۆمەڵێک کێشە و قەیرانی چارەسەرنەبوویان لەلا کەڵەکە بووبوو. بەڵام هیچ کات نەیانتوانی ئەزموونێکی باشی دەسەڵاتداری پێشکەش بکەن. بۆیە ئیسلامی سیاسی، دوای ماوەیەک توانی دیسان وەک هێزێکی سیاسی خۆی ڕێکبخاتەوە. ئەم جارەیش وەک هەموو هەڵسانەوەکانی تری، بە گوڕوتینێکی زیاتر لە پێشووەوە، جێگرەوەی حاکمییەتی دنیاییی بە جیهانی ئیسلام و جیهانی دەرەوەی ئیسلام ناساند.
سەردەمی هاوچەرخی ئیسلامی سیاسی
سەردەمی هاوچەرخی ئیسلامی سیاسی، بەگوێرەی مەبەستی ئەم وتارە، بە دوو ڕووداوی گرینگی سیاسیی کۆتاییەکانی دەیەی 70ی زایینی، دەست پێدەکات. یەکەم، شەڕی موجاهیدینی ئەفغانستان لەگەڵ یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو. دووهەم، شۆڕشی 1979ی ئێران، کە بوو بە هۆی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەم دوو ڕووداوە، ئیسلامی سیاسیی جووڵاند. بە جۆرێک کە کۆی هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە گۆڕدران.
لە لایەکەوە شەڕی موجاهدینی ئەفغانی بوو بە دەرفەتێکی زێڕین، بۆ پەیوەندیگرتن و یەکترناسینی ئیسلامخوازەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئیسلامییەوە، بۆ جیهادی سەراسەریی دژی کفر و جاهلییەت. لەلایەکی تریشەوە، بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئاخووندەکانەوە لە ئێراندا و گوتارە توندە شۆڕشگێڕانەکانیان و هەروەها بانگەشەیان بۆ ڕێبەرایەتی کردنی جیهانی ئیسلام و هەناردە کردنی شۆڕش، هەموو ئیسلامخوازەکانی تووشی سەرسوڕمان کرد.
حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای ئەوەی بانگەشەی بۆ یەکگرتنی موسوڵمانانی هەموو جیهان دەکرد، بەڵام لەڕاستیدا حکوومەتێکی ئیسلامیی شیعە بوو، کە زۆرێک لە ڕەوتە سوننییەکان لە بنەڕەتەوە بە موسوڵمانیان ئەژمار نەدەکردن. لە لایەکی ترەوە، زۆر زوو دەرکەوت کە ئیدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆخۆی لەگەڵ یەکگرتنێکی لەو جۆرەدا ناگونجێ. ئەو یەکگرتنێکی دەویست کە پێگە و دەسەڵاتی ئەو بباتە سەرەوە.
لەژێر کاریگەریی گوتار و دواتر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا، هەلومەرجێکی نوێ لەهاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەدا هاتە ئاراوە. لە لایەکەوە، وڵاتانی ئیسلامیی ناوچە کەوتنە خۆ و لەسەرووی هەموویانەوە عەڕەبستانی سعوودی، ناوەرۆکی ئیسلامیی خۆی زەقتر کردەوە. چونکە لەپاش ساڵانێک ڕێبەریکردنی جیهانی ئیسلام، ئێستا نەیار و هاوبەشی بۆ درووست بووبوو. هەروەها غیرەتی موسوڵمانەتیشیانی زیندوو کردەوە، کە بە هۆی دەستپێکردن بە هەناردەکردنی نەوت و سامانی زەبەلاحی هاتوو لە نەوتەوە، ئەگەری بوو کاڵ ببێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، ڕەوتە ئیسلامییە جیهادییەکانیش، بیانوویان دەست کەوت کە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکانیان بە گەندەڵ و لادەر لە ئیسلام بناسێنن و پۆل پۆل خەڵک ببەنە ڕیزەکانیانەوە، بۆ جیهاد لەڕێی خودا و دامەزراندنەوەی ئیسلامێکی بێگەرد و خاوێن.
بەهۆی ئەو دوو ڕووداوەی ئاماژەیان پێ کرا، لە سەردەمی هاوچەرخدا، ئیسلامی سیاسی لە دوو جۆردا بیچمی گرت. واتا، ئیسلامی سیاسیی حکوومەتی و ئیسلامی سیاسیی شۆڕشگێڕ و ئۆپۆرزیسیۆن.
گرینگترین ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسیی حکوومەتی (کە خاکی لەبەردەستدا هەیە) ئەمانەن: ئێران، عەرەبستان، پاکستان و لەم دواییانەیشدا تورکیە. گرینگترین ڕەوتە ئیسلامییە شۆڕشگێڕەکانیش بریتین لە: «تاڵەبان»، «ئەلقاعیدە» و «داعش» لە ئیسلامی سیاسیی سوننە و «حیزبوڵا» و «ئەنساروڵڵا» و «حەشدی شەعبی» لە ئیسلامی سیاسیی شیعەدا.
ـ ئێران و ئیسلامی سیاسیی شیعە
حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەرهەمی خوێندنەوەیەکی زۆر تایبەت و بێ هاوتا لە ئیسلامی سیاسییە. واتا کۆماری ئیسلامیی ئێران لەناو کەمینەی شیعە لە جیهانی ئیسلامدا، لە بەشی شیعەی 12 ئیمامی و لەسەر بنەمای تیۆریی ویلایەتی فەقیهیی خومەینی، دامەزراوە. ئەم پێگە دوورکەفتەیە، لە هزر و ئیدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامیداڕەنگی داوەتەوە.
هزری سیاسیی کۆماری ئیسلامی، ڕێک لەو گریمانە سۆزدارانەیەی شیعەوە دەست پێدەکات، کە پێی وایە، «مەرج نییە زۆرینە لەسەر حەق بن «. ئەم بۆچوونە، لەلای شیعە، بە بەسەرهات و چیرۆکی خەلیفەی چوارەم و حسێنی کوڕی پەلوپۆی پێ دراوە، کە بەرهەمی مشتومڕی مێژووییی نێوان سوننە و شیعەیە، لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی جێگرتنەوەی پێغەمبەری ئیسلامدا. لەسەر ئەم ڕووداوە مێژوویییانە، شیعە چەمکگەلی وەک «ئیمامەت»، «ویلایەت» و «عیسمەت»ی داڕشتووە.
لە تیۆریی ویلایەتی فەقیهی خومەینیدا کە سەرچاوەی سەرەکیی قانوونی بنگەهیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە، وەلیی فەقیهـ وەک تاکە گەرەنتیی بۆڕێگرتن لە داهێنان(بیدعە) لە ئیسلامدا ناسێندراوە. مەبەستی خومەینی لە تیۆرییەکەی، ویلایەتی ڕەهای فەقیهە، بەپێچەوانەی تیۆرییەکانی دیکەی ویلایەتی فەقیهـ، کە باس لە ویلایەتی سنووردار و دیاریکراوی فەقیهـ دەکەن.
لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا، بنەمای «تەقیە» وەک بنەمایەکی باوەڕی شیعە، پەرەی پێ دراوە. تەقیە، چەمکێکی هەرە سیاسی و پراگماتیستیی مەزهەبی شیعەیە، کە بەرهەمی پێگەی پەراوێزکەوتووی ئەوان لە جیهانی ئیسلامدا بە درێژەی مێژووە. بنەمای تەقیە لە لای شیعە، ڕێگە دەدات بە خەڵکەکەی کە بۆ خۆپاراستن، تەنانەت حاشا لە باوەڕە دینییەکانی خۆیان بکات. ئەوان بۆ ئەم ڕاڤەیەیان، بەڵگە لە 3 ئایەی
قورئان (ئالی عیمران 28، نەحل 106، ئەلموئمینوون 28) و هەروەها لە وتەی ئیمامەکانیان، دێننەوە.
کارنامەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکوومەتە ئیسلامییەکەی، لەپەیوەندی لەگەل پرسی توندوتیژی و تیرۆردا، گەیشتووەتە لووتکە. ئەو لە یەکەم ڕۆژەکانەوە بە تاوانی «شەڕ لەگەل خودا» و «گەندەڵی لەسەر عەرددا»، بێ بەزەییانە خەڵکی کوشت و نەیارانی خۆی سڕییەوە. «شەڕ لەگەڵ خودا» و «گەندەڵی لەسەر عەرددا» لە قورئانەوە وەرگیراون (ئایەکانی 33 و 34 ی سوورەی مائیدە) و لە ڕێیانەوە کۆماری ئیسلامی پیرۆزیی بە کوشتوبڕ و تاوان بەخشی.
بۆیە، کۆماری ئیسلامی ڕوو لە ناوخۆی کومەڵگا، چەندە بۆی لوابێت، بەناوی دینەوە دەستی لە هیچ تاوانێک نەپاراستووە. لەم پەیوەندییەدا، بە شێوەیەکی بەردەوامیش کەڵکی ئاوەژووی لە چەمکی «حاکمییەتی سیاسی» وەرگرتووە. ئەم چەمکە کاتێک لەگەل چەمکی «تەقیە»دا تێکەڵ دەبێت، ڕووکاری ناوەوەی مەکینەیەکی تیرۆر پیشان دەدات کە بە ناوی پیرۆزیی دینەوە هەڵدەسوورێت.
ڕوو لە دەرەوەیش، کۆماری ئیسلامی لە یەکەم ڕۆژەکانی بەدەسەڵات گەیشتنیەوە، بانگەشەی هەناردەکردنی شۆڕشی کردووە. ئەگەرچی لە سەرەتاوە بە ئاگربەستی شەڕی 8 ساڵە، دەرکەوت کە تێگەیشتووە کە دەستڕاگەیشتن بەو ئامانجە، زۆریش ئاسان نییە، بەڵام پاشتر لەساڵی 2003 ی زایینی بەدواوە، بەهۆی نەمانی دەسەڵاتی سەدام حسێن و شپرزبوونی دوخی ناوخۆی عێراقەوە، کۆماری ئیسلامی جارێکی تر خەونی هەناردەکردنی شۆڕشی لەلا زیندوو بووەوە و لە ناوچەکەدا هەوڵی درووستکردنی هیلالی شیعەی دا، کە مەبەست لەوە دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەکی ئیسلامیی شیعەیە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ تێپەڕاندنی بەربەست و ئاستەنگە حقووقییەکان و هەروەها بۆ پیشاندانی ڕواڵەتێکی یەکگرتنخوازانەی شیعە، کەڵکی لە ڕێکخراو و ڕەوتە ئیسلامییە شیعەکانی وڵاتانی دراوسیێ وەرگرت. ڕێکخراوەگەلی وەک حیزبوڵڵای لوبنان، حەشدی شەعبیی عێراق، ئەنسارولئیسلامی حووسییەکانی یەمەن، ئەگەرچی بەناو هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامین، بەڵام زۆرجار وەک جێبەجێکاری سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەردەکەون.
خاڵێکی گرینگی تر، کە هێندێکیش پێکدژ دەنوێنێت، پشتیوانیی تاکتیکی و کاتیی کۆماری ئیسلامی لەڕێکخراوە تیرۆریستی و جیهادییە سوننەکانی وەک تاڵیبان، ئەلقاعیدە و لقەکانیەتی (وەک ئەنسارولئیسلام لە کوردستان و…). ئەم پێکدژییە، لە سۆنگەی ئاڵوگۆڕە سیاسییە ناوخۆیی و جیهانییەکانەوە ئەکرێت لێکبدرێتەوە.
ـ ئیسلامی سیاسیی سوننەی هاوچەرخ
لە سەردەمی هاوچەرخدا، بە پێچەوانەی ئیسلامی سیاسیی شیعە، کە لەژێر چەتری کۆماری ئیسلامیدا کۆ بوونەتەوە، لەلای ئیسلامی سیاسیی سوننە، مەیلێکی زۆرتری سەربەخۆبوون و یەکترقەبووڵ نەکردن هەیە. بۆیە چ عەرەبستانی سعوودی وەک ڕەوتی حکوومەتی، چ ڕێکخراوەکانی وەک ئەلقاعیدە و تاڵەبان و داعش و. . هتد، هەریەکە مێژووی خۆیان بە جیا هەیە، ئەگەر سەردەمێکیش هاوکارییان بووبێت.
عەرەبستانی سعوودی
گرینگترین نوێنەری ئیسلامی سوننە لە حکوومەتدا، وڵاتی عەرەبستانی بنەماڵەی سعوودە. بنەماڵەی سعوود، لە 3 قۆناغی مێژووی عەرەبستاندا، لەسەدەی 18ی زایینی بەدواوە، دەسەڵاتی ئیسلامیی دامەزراند.
لە حکوومەتی یەکەمی بنەماڵەی سعووددا، کە لە هەرێمی «نەجد»ی عەرەبستان دامەزرا، ئەو بنەماڵەیە بە هاوپەیمانی لەگەل «موحەممەد کوڕی عەبدولوەهاب «ی کەسایەتیی دینی، بزووتنەوەی «وەهابی « و دەسەڵاتێکی تیۆکراسییان دامەزراند.
وەهابییەت، خوێندنەوەیەکی تایبەتە لە ناو ئیسلامی سوننەدا. ئەو بە تێکهەڵکێشانی ڕێچکەی حەنبەلی و خەباتێکی خۆخاوێنکەرەوانە لەپێناو بنبڕکردنی داهێنان (بدعە) لە ئیسلامدا، ڕەوتێکی نوێی لە ئیسلامی سیاسیی سوننەدا ئاراستە کرد. وەهابییەت، بەهۆی ئەوەی کە هەر لە 1744ی زایینیەوە، تێکەڵی دەسەڵات بووە و هەروەها لە وڵاتێکدا بوو کە ماڵی خودای لێ بووە، لەگەڵ ئەوەی کەمینەی سوننەی پێکدەهێنا، بەڵام بایەخێکی تایبەتیی وەرگرت.
سێهەمین قۆناغی حکوومەتی بنەماڵەی سعوود کە دوایین قۆناغیشی بوو و هەتا ئێستا درێژەی هەیە، لەسەرەتاکانی سەدەی 20 ەوە دەستی پێکرد. لەم قۆناغەدا، بە یەکگرتنی پاشایەتییەکانی «حیجاز» و «نەجد»، پاشایەتیی عەرەبستانی سعوودی پێکهات. پاشایەتیی عەرەبستانی سعوودی بە هەڵبژاردنی وەهابییەت، هاوکات لەگەل دژایەتییی توندی شیعە، خۆی لە جیهانی سوننەیش جیاکردەوە. هزری توندئاژۆی وەهابییەت کە بە «تەوحیدی» و «سەلەفی» یش دەناسرێتەوە، لەگەل خاوەندارێتیی ماڵی خودا، ئەو بوێرییەی دا بە عەرەبستانی سعوودی، بۆ ئەوەی بانگەشەی ڕێبەریی جیهانی ئیسلام بکات.
داهاتی وڵاتی عەرەبستان جیا لەو بەشە بچووکەی کە لە کشتوکاڵەوە دەهات، ئەوی دیکە بەهۆی پیرۆزییە دینییەکان و بەتایبەتیتریش بەهۆی سەردانی حاجییەکان بۆ ماڵی خوداوە بوو. بۆیە ئاسایی بوو کە دەسەڵاتی سیاسی، ئیدیۆلۆژییەکی تایبەت بەخۆی دابتاشێ و سەرچاوەکانی ڕەواییی دەسەڵات پاوان بکات.
لە دەیەی 80 ی زایینییەوە، کە عەرەبستان نەوتی هەناردە کرد، وردەوردە بوو بەیەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان. هەلومەرجەکە گۆڕدرا. پەیوەندیی عەرەبستان لەگەل دنیای دەرەوە درووست بوو. و کەوتە ژێر کاریگەریی هزر و هەروەها شێوازی ژیانی ڕۆژئاوا. ئەمە بۆ دەسەڵاتی عەرەبستانی سعوودی دوو پاشهاتی گرینگی هەبوو. یەکەم، ڕەوتێکی ئیسلامی سیاسی لە عەرەبستان سەری هەڵدا، کە بە هەڵسوکەوتی عەرەبستان دڵخۆش نەبوو و ڕەخنەی جددیی لە شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات دەگرت. ئەمانە لە کۆتاییدا حکوومەتی بنەماڵەی سعوودیان تەکفیر کرد. دووهەم، مەترسیی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی سێکۆلار، لەهەناوی کۆمەڵگای عەرەبستاندا، بەهۆی نوێ بوونەوە (مۆدێڕنبوون) و گەشەی ئابووری وڵاتەوە، زیاتر دەبوو.
سیاسەتی حکوومەتی عەرەبستان لە هەلومەرجی نوێی جیهانی، ناوچەیی و ناوخۆی وڵاتدا، بریتی بوو لە پاراستنی دەسەڵات و هاوکات هەوڵدان بۆ نۆژەنکردنەوەی گوتاری سەلەفی و تەوحیدی. بۆیە لەناوخۆ، سەرکوت و داپڵۆسینی درێژە پێدا و لەدەرەوەیش یار و نەیاری تاکتیکی بۆخۆی دەدۆزییەوە و سیاسەتێکی پراگماتیستیی گرتەبەر.
میسر
لەمیسری سەردەمی هاوچەرخدا، ئیسلامی سیاسی سەرکوت کرا و پەراوێز خرا. تەنیا لە پاش شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و ڕووخانی حکوومەتەکەی حوسنی موبارەکەوە بوو، کە دەرفەتی بەشداریی سیاسی لە حکوومەتدا بەڕەوتێکی ئیسلامی سیاسیی وەک ئیخوان درا.
لە حکوومەتی نوێی میسردا، ئیخوان (وەک ڕەوتی ئیسلامی سیاسی)ئەگەرچی زۆرینەی دەنگیان لە هەڵبژاردنەکانی سەرەتای شۆڕشدا بەدەست هێنا، بەڵام تا ئێستایش شەڕی ڕەوتی ئیسلامی و ڕەوتەکانی تر نەگەیشتووەتە کۆتایی.
تورکیە
لە ئێستادا، گرینگترین ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لە تورکیەدا، حیزبی «ئاکەپە « بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغانە، کە خەریکە لە دەسەڵاتەوە، کوودەتا بەسەر دامەزراوە دێموکراتیکەکان و قانوونی بنگەهیی وڵاتدا دەکات. ئەوەی کە چەندە دەتوانێت خەونی دامەزراندنەوەی خەلافەت بهێنێتە دی، ڕوون نییە. بەڵام بە کوشتوبڕی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و گرتن و سڕینەوەی نەیارەکانی تری، سەلماندوویتی کە تا چ ڕادەیەک دەتوانێت توندوتیژ بێت.
ـ ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکانی ئیسلامی سیاسیی سوننە
لە سەردەمی هاوچەرخدا، ڕێکخراوە توندئاژۆکانی سەر بە ڕەوتی ئیسلامی سیاسیی سوننە، بە شێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش سەریانهەڵدا. ئەوان لە پەراوێزی شەڕی سارد و جیهانی دووجەمسەرییەوە، دەرفەتی خۆ دەرخستنیان بۆ هاتە پێش.
موجاهدینی ئەفغانستان
کوودەتای حیزبی کۆمۆنیستی ئەفغانستان لە ساڵی 1978ی زایینیدا و گۆڕانکارییە ڕیشەیییەکانی دەسەڵاتی کۆمۆنیستی، لە کۆمەڵگای دواکەوتوو و نەریتیی ئەفغانستاندا، بوو بە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ. لە ساڵی 1979دا، یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو، بۆ پاڵپشتیی دەسەڵاتی کۆمۆنیستی لە ئەفغانستان هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە و لەوێ جێگیر بوو. خێڵە جیاجیاکانی ئەفغانستان، سوپای ئازادیی نەتەوەییی ئەفغانستانیان پێکهێنا، کە شەڕی سۆڤیەت بکەن. موجاهدین لە کۆمەڵێک تاقم و گرووپی جیاجیا پێکدەهاتن کەڕەنگدانەوەی کۆمەڵگای فرەچەشنی ئەفغانستان بوون. بەناوبانگترین سەرۆک خێڵ و فەرماندەکانی موجاهدین کەسانی وەک ئەحمەد شا مەسعوود، جەلالەدین حەقانی و حیکمەتیار بوون.
داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن سۆڤیەتەوە، دژ بە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵێک هێزی ناوچەیی و جیهانیش بوو. بۆیە هەریەکە لە وڵاتانی ئامریکا، پاکستان و عەرەبستانی سعوودی، یارمەتیی موجاهیدینی ئەفغانستانیان دا.
لە ساڵی 1988ی زایینی، کە سۆڤیەت لەلایەن موجاهدینی ئەفغانستانەوە لە ئەفغانستان دەرکرا، ئەفغانستان دابەش بووبوو.
تاڵیبان
پاش سەرکەوتن لە شەڕی سۆڤیەت، کۆمەڵگای ئەفغانستان شەکەت بووبوو. خەڵکیش لە هەڵسوکەوتی موجاهدین و ناکۆکییەکانیان بێزار بووبوون. پاکستانیش، بۆ بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی پێویستی بە دەوڵەتێکی هاوپەیمان هەبوو لە ئەفغانستان. لەم بەستێنەدا، ڕێکخراوی ئیسلامیی « تاڵیبان» دامەزرا. تالیبان لەو خوێندکارانە(تەلەبە) پێکدەهات، کە لەلایەن پاکستانەوە پشتگیری دەکران و لە سنووری پاکستان و ئەفغانستاندا، لە خوێندنگە(مەدرەسە) دینییەکاندا، خرابوونە بەر خوێندنی ئیسلامی. بە جۆرێک کە «تا دێسامبری 1994، 12000 تەلەبەی ئەفغانی و پاکستانی لە قەندەهار پەیوەندییان بە تاڵیبانەوە کرد.» (رشید، 73)
«تاڵیبان بە خێرایی توندئاژۆیانەترین ڕاڤەکان لە قانوونی شەریعەتی بەڕێوە برد کە پێشتر وێنەی نەبوو و… لە ساڵی 1995دا، 12 پارێزگا لە 31 پارێزگاکەی ئەفغانستانیان گرتە دەست.» (رشید، 74). دواتر لە ساڵی 1996ەوە، تا ساڵی 2001، بەسەر زۆربەی خاکی ئەفغانستاندا حکوومەتیان کرد. تاڵیبان لەم ماوەیەدا، تیرۆر و توندوتیژییان وەک ئاکارێکی ئاساییی حکوومەتی ئیسلامی و شەریعەتی ئیسلامی ناساند. ئەوان سزای سەردەمە کۆنەکانیان زیندوو کردەوە.
لە ساڵی 2001ەوە، بەهۆی هێرشی ئامریکاوە لە دەسەڵات لابران. لەو کاتەوە تا ئێستا وەک ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ، خەریکی خەڵک کوشتن و تیرۆرن.
ئەلقاعیدە
ڕێکخراوی ئەلقاعیدە، وەک ڕەوتێکی بناژۆخوازی ئیسلامی سیاسیی سوننە، بەرهەمی شەڕی ئەفغانستان و سۆڤیەت بوو. لەو سەردەمەدا، کە عەرەبستان یارمەتیی موجاهدینی ئەفغانی دەدا، بۆ یەکەم جار عەرەب و ئەفغانەکان یەکتریان بینی و ئەکتریان ناسی. پاش کۆتاییی شەڕ، «ئوسامە بین لادەن» ئەلقاعیدەی لەگەل بنکەیەکی سەربازیدا بۆیارمەتیی ئەو عەرەب ـ ئەفغانانە دامەزراند کە پاشماوەی شەڕی موجاهیدین بوون.
بین لادەن کوڕە دەوڵەمەندێکی سعوودی بوو. لە ماوەی شەڕدا عەرەبستان بە ڕاسپاردن ناردبووی بۆ ئەفغانستان. سەرکەوتن بەسەر سۆڤیەتدا، بین لادەنی هێنابووە سەر ئەو باوەڕە کە، ئەگەر دەکرێت بەسەر زلهێزێکدا زاڵ ببیت، ئەمە بۆ زلهێزەکانی تریش هەر دەبێت. بۆیەلە ساڵی 1990 دا کە گەڕایەوە عەرەبستان، زۆر زوو کەوتە بیانووگرتن و ڕەخنەی توند لە بنەماڵەی پاشایەتی. بە هۆی کێشەکانی لەگەڵ بنەماڵەی سعووددا، لە ساڵی 1994دا، مافی هاووڵاتیبوونی لێ سەندرایەوە. لەو ساڵەدا گەڕایەوە بۆ ئەفغانستان. لە ساڵی 1996دا، بین لادەن، یەکەمین ڕاگەیەندراوی جەهادی دژ بە ئامریکا بڵاو کردەوە، کە بە وتەی ئەو عەرەبستانی داگیر کردبوو.
ئەلقاعیدە، لە درێژەی چالاکییەکانیدا، زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیی تەنییەوە. لە ئێستادا، نزیک بە 40 لقی لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی هەیە، کە هەموویان بە کردەوەی توندوتیژ و تیرۆریستی دەناسرێنەوە. لقەکانی ئەلقاعیدە لە کوردستانیش لە تاوانەوە گلاون.
داعش
داعش رێکخراوێکی توندئاژۆی دیکەی ئیسلامی سیاسییە، کە لە ساڵی 1999دا، لەلایەن «ئەبوو مەسعەب زەرقاوی»یەوە دامەزرا. سەرەتا لەژێر ناوی «جەماعەتی تەوحید و جیهاد» دا چالاکیی دەکرد. لە ساڵی 2004 تێکەڵی ئەلقاعیدە بوو. ساڵی 2006، دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق ڕاگەیاند. لە پاشان لە سووریە و عێراق، بە دڕندەیی هەوڵی داگیرکردنی ڕووبەرێکی زۆرتری خاکی دا.
داعش لە دڕندەیی و خوێنمژیدا ئەزموونێکی تایبەتی پیشانی جیهان دا. حەزی مەرگدۆستیی داعش، خۆی بابەتی لیکۆڵینەوەیەکی زۆرە.
دوای هێرشی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بۆسەر داعش، ئەو خاکەی لە عێراق و سووریە داگیری کردبوو، لێی وەرگیرایەوە. بۆیە ئێستا بە نهێنی خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە.
لە کۆتاییدا
ئیسلام چ بەپێی دەق، چ بەپێی ڕاڤەی ڕێبازە ئیسلامییەکان، دینێکی سیاسی بووە. لە هەموو مێژووی ئیسلامدا، بە دەگمەن ڕەوتی وەک سۆفیگەری بووە، کە توانیبێتی لە بەرانبەر مەیلی دەسەڵاتدا رابوەستێ و دەسەڵاتی دنیاییی نەوێت. بۆیە، بەگشتی دەتوانین چەمکی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی، لانیکەم لەم وتارەدا، بەیەک مەبەست و مانا بەکار ببەین.
ئیسلامی سیاسی، لەدوای هەڵوەشانەوەی خەلافەت لە عوسمانیدا، هەموو کات لە پەیوەندییەکی تۆکمەدا بووە لەگەڵ ڕەوتی نەتەوەخوازیدا. بۆیە لەم سەردەمەدا، ئیسلامی سیاسی چەمکێکی فرەڕەهەندتر و ئاڵۆزتر بووە.
لە پەیوەندی لەگەڵ چەمکی تیرۆریزمدا، پێویستە بەرچاوڕوونییەکی زۆرترمان ببیێت.
تیرۆریزم، چەمکێکی سیاسیی نوێیە، کە لە پاشکۆی بزووتنەوە مرۆڤتەوەرەکان و لەپاش شۆڕشە گەورەکانی ڕۆژئاواوە گەڵاڵە کرا. ئەوەندە کە چەمکێکی سیاسییە، ئەوەندەیش توێژینەوەیی نییە. ئەم چەمکە لە پەڕاوێزی ڕەهەندە سۆزداری و ئیدیۆلۆژیکییەکەیەوە، دواتر «بەزۆری کەوتە ژێر کاریگەریی ململانێ سیاسییە گەورەکانی وەک شەڕی سارد، ململانێ نەتەوەییەکان و لەم دواییانەیشدا، جەمسەربەندییە دینی و سیاسییەکان.» (داریتی 8، 328). بەڵام بە گشتی، پاش گشتگیربوونی بەها مرۆڤییەکانی وەک مافی مرۆڤ و دێموکراسی، چەمکی تیرۆریزمیش بوو بە جێگای سەرنجی کۆڕ و ناوەندی زانستی، سیاسی و… هتد.
شرۆڤەی ئیسلامی سیاسی لە سۆنگەی تیرۆریزمەوە، بۆئەوەی کە تایبەتمەندییە مێژوویییەکەی ون نەکات، پێویستە لە پەراوێزی یەکجۆرکردنی وێژمانەکانەوە بچێتە پێش. بەتایبەتیتر، هەڵسەنگاندنی مێژووی کۆنی ئیسلام، بە پێوەری وێژمانی پەیوەندیدار بەم سەردەمە، ئەگەرچی بۆ مەبەستی تایبەتی وەک مژاری ئەم وتارە بە کەڵک دێت، بەڵام لە کۆمەڵێک ڕاستیی مێژووییش بێبەشمان دەکات.
لەم وتارەدا بابەتی یەکجۆرکردنی وێژمان، بەتەواوەتی لەبەرچاو نەگیراوە. ئەمە دوو هۆی هەیە. یەکەم مەودای کاتیی وتارەکە، وەک لە سەردێڕەکەیشیەوە دیارە، مەودایەکی زۆری 14 سەدەییە. بۆیە وتارێکی کورتی ئاوا ناتوانێت بەشێوازی زانستی وەها ئامانجێک بپێکێت. دووهەم، مژاری وتارەکە، تاڕادەیەکی زۆر لە ناوەرۆکی خۆیدا هەڵگری ئەو پێکدژبوونەیە.
سەرەڕای هەموو تێبینییەکان، بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەی لەم وتارەدا بۆ پەیوەندیی ئیسلامی سیاسی (نەک سوننەتی) و تیرۆریزم کرا، دەکرێت پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە بەگوێرەی وێنە مێژوویییەکان، پەیوەندییەکی مانادار لەنێوان ئەم دوو چەمکەدا هەیە. ئەگەر تیرۆریزم، بەمانای تۆقاندن و بەکارهێنانی توندوتیژی بە ئامانجی سیاسی و بەبێ جیاکردنەوەی خەڵکی ئاسایی و نەیاری سیاسی بێت، مێژووی ئیسلامی سیاسی لێوانلێوە لەم وێنانە. بە تایبەتیتر، کە چەمکگەلی نوێ وەک ئازادیی سیاسی، پێکەوە هەڵکردن، یەکسانیی مرۆڤەکان و. . هتد لە بنەڕەتەوە بە هزر و فەلسەفەی ئیسلامی سیاسی و رەوتە بناژۆخوازەکانی نامۆن.
ئەگەرچی ئیسلامی سیاسی هێشتا بۆ چین و توێژە جۆراوجۆرەکان مانابەخشە، بەڵام تا ئێستایش نەیتوانیوە لەگەل جیهانی سەردەمدا بحاوێتەوە.
سەرچاوەکان
– رشید، احمد. گالبان، زنان، تجارت مافیا و پروژه عظیم نفت در آسیای مرکزی(چاپ اول). ترجمه:نجله خندق(1382). تهران: نشربقعه.
– عنایت، حمید. اندیشه سیاسی در اسلام معاصر (چاپ ششم). ترجمه: بهاءالدین خرمشاهی(1392). تهران: انتشارات خوارزمی.
-. قورئانی پیرۆز. وەرگێڕان: هەژار. نشر احسان
– ئەسەسەرد، فەرید. سەید قوتب و تیۆریی تەکفیرکردنی کۆمەڵ و دەوڵەت(2002). بڵاوکردنەوەی مەکتەبی بیر و هۆشیاری.
-Darity، William A. international Encyclopedia of the Social Sciences(second edition). 2008. volume 4. printed in the united states of America
-Darity، William A. international Encyclopedia of the Social Sciences(second edition). 2008. volume 8. printed in the united states of America