ئارامتر بخوێنەوە!
شوێنپەنجەی مەکتەب قورئان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
سیروان کرماشانی
“زۆرێک لە شۆڕشەکانی کورد لەسەر دەستی کەسایەتییە ئایینییەکان سەریان هەڵداوە و ئەگەریش لەکۆتاییدا بەدەستی دەسەڵاتەکان لەناو چووبێتن، بەڵام لەلایان کۆمەڵگەوە پاڵپشتی کراون و ئەمەش خاڵی جیاکەرەوەی مەکتەب قورئان لە ڕەوتە ئایینییەکانی دیکەیە؛ مەکتەب قورئان بە پێچەوانەوە، لەپاڵ دەسەڵات جێی گرت. کۆماری ئیسلامی سەرەتا بۆ لاواز کردنی ڕەوتی ناسیۆناڵیستی و بەتایبەت چەپ لە کوردستان مەکتەبی بەکار هێنا و پاش مەرگی موفتیزادە، مەکتەب چالاکییە سیاسییەکانی ڕاوەستاند“
ئایین و ئایدۆلۆژی، لە وێستگەکانی مێژوودا کەرەستەی بەر دەستی پاوانخواز و بەرژەوەندیخوازان بوون بۆ گەیشتن بە ئامانجیان. کاهێنەکانی میسر و ئاخوندەکانی ئێران، دوو هێڵی هاوتەریبی ئایدۆلۆژین؛ بەو جیاوازیەی کە لە دوو وێستگەی مێژوودا و بە تایبەتمەندیی خۆیان، بانگەشەیان بۆ فکر ومەرامیان کردووە و کۆمەڵگەیان بەلاڕێدا بردووە، بەڵام ئامانجی کۆتاییی هەردوو، بەرژەوەندی بووە لە بەرگی ئاییندا. هاوکات لە مێژووی هاوچەرخدا، گرووپگەلی فکری، لەژێر ناوی ئیسلام و بە دروشمی جیاواز سەریان هەڵداوە کە یان بە ویست و ئیرادەی کۆمەڵگە پێک هاتوون و پاشتر دەسەڵاتەکان دەستیان تێوەرداون و لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان هێناون، یان لە بنەڕەتەوە دروستکراوی وڵاتانی داگیرکەر بوون بە مەبەستی دابەشکردنی کۆمەڵگە و ئاسانکاری لە کۆلۆنیالیزم.
بیردۆزییەکانی مارتین لۆتێر و تەقەلای کۆمەڵگەی ڕۆژاوا لە سەدەکانی ناوەڕاست، کۆتایی بە دەسەڵاتی قەشە و باڵادەستیی کەنیسەکان هێنا کە بۆ ساڵانێکی زۆر حوکمیان بەسەر خەڵکدا دەکرد. دواتر کۆمەڵگە توانی خۆی لەژێر دەسەڵاتی کەنیسە ڕزگار بکات و لەگەڵ سنووردار کردنیان، گەشە بە تەکنۆلۆژیا و شارستانییەت بدات. ئەم پرسە هێشتا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین چارەسەر نەکراوە وبەکارهێنانی ئایین لەلایان دەسەڵاتداران و بەرژوەندیخوازانەوە وەک کەرستەیەک بۆ گەیشتن بە ویستیان، کۆمەڵگەکان دەکاتە قوربانی.
لە وڵاتی ئێران کە فارسی شیعە دەسەڵاتدارە و هەوڵ بۆ تواندنەوەی کەمینە دەدات، چەندین فکری جیاوازی سوننە بوونیان هەیە کە هەرکام خۆی بە ڕێگەی ڕاست دەناسێنێت و هاوکات ململانێی یەکتر دەکەن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جگە لە شێخ، سۆفی، دەروێش و تەریقەت کە مێژووی دوورتریان هەیە، چەند گرووپی دیکەی وەک «مەکتەبی»، «سەلەفی» و «دەعوەت و ئیسڵاح» سەریان هەڵدا کە سەرەڕای ئەوەی سەرچاوەی بڕێکیان دەرەوی سنوورەکانی ئێرانە، دەسەڵاتی تاران ڕێ بە گەورەبوونەوەی بڕێکیان دەدات کە ئەمەش بە واتای ئەوەیە بە شێوازی ناڕاستەوخۆ پاڵپشتییان لێ دەکات.
ئەحمەدی موفتیزادە
موفتیزادە لەدایکبووی شاری سنە و کوڕی مەلا عەبدوڵڵا دشەیی، یەکێک لەو کەسایەتییانە بوو کە ناوی ئاوێتەی ڕووداوەکانی پاش ڕووخانی ڕژێمی شا و هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوو. هۆگرانی بە کەسێکی بوێر و چاونەترسی دەناسن و شوێنکەوتووانی دەڵێن کاک ئەحمەد ڕێبەری ئەهلی سوننەتی ئێران بوو (نامەی مەکتەب بۆ ڕاشد الغننوشی، کە لە ساڵی ١٣٩١ بە نهێنی ئاراستەی کراوە) و هەندێک جار لە وتار و بابەت و سۆشیالمیدیا و بۆنەکاندا، نازناوی ڕێبەری ئایینی-نەتەوەیی بۆ بەکار دەهێنن. ڕەخنەگران دەڵێن مەکتەبیەکان بە مەبەستی سڕینەوەی ڕاستییەکانی مێژوو، موفتیزادە پیرۆز دەکەن. بەگشتی جگە لە شوێنکەوتووانی و کەسانێک کە لەژێر کارتێکەریی هەژموونی ڕاگەیاندنی مەکتەبییەکانن، موفتیزادە نەیتوانیوە خۆی لە دڵی کۆمەڵانی کوردستان جێ بکاتەوە و هەتا ئیستاش ڕەخنەی لە سەرە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووخانی سیستەمی پاشایەتی، دەرفەتەکانی بەردەم کوردانی ڕۆژهەڵات بۆ دەربڕینی داواکارییەکان کرانەوە .حیزبەکان وەخۆ کەوتن بەڵکو بتوانن لەو دەرفەتەی ڕەخساوە، مافەکانیان دەستووری بکرێتەوە. بەڵام ئەمە بە دڵی ئاخوندەکانی تاران نەبوو کە دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرتبوو. هاوکات کاک ئەحمەدی موفتیزادە، دامەزرێنەری مەکتەب قورئان، هەوڵەکانی بە دروشمی حکومەتی ئیسلامیی شۆڕایی چڕ کردەوە؛ خۆی لە خومەینی نزیک کردەوە و توانی متمانەی بازنەی دەوری خومەینی بەدەست بهێنێت تا ئەو شوێنەی تێکەڵ بە شاندی متمانەپێکراوی خومەینی دەبوو. کاک ئەحمەد کە ماندووی دەستی ڕژێمی پاشایەتی بوو، کۆماری ئیسلامیی بە دەرفەتێک دەزانی بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی. لە کاتی وتاردانەکانی خومەینی، لەوکەسانە بوو کە لە نزیکترین شوێنەکان بە خومەینی و شانبەشانی خەڵخاڵی دادەنیشت کە بە قەسابی کوردستان ناسراوە و پاش کۆتایی هاتنی وتارەکانی خومەینی، مایکی لەبەردەم خومەینی لادەبرد. [١و٢]
ئامانجەکانی موفتیزادە لە ڕواڵەتدا لەپێناو کورد و ئەهلی سوننەت بوون بەڵام لە ناوەڕۆکدا، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی ئیسلامی لە تاران و دەستخستنی دەسەڵاتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو؛ بەڵام بوونی حیزبەکانی لە پێش خۆی وەک لەمپەر دەبینی. کۆماری ئیسلامی و مەکتەب قورئان ئەگەر لەبابەت چەند خاڵی یاسای بنەڕەتی ناکۆکیان هەبوایە، بەڵام لە بابەت بێکاریگەر کردنی حیزبەکان و پرسی پێکهێنانی حکومەتی ئیسلامی، یەکیان دەگرتەوە و هاوستراتیژی بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، تەقەلای کۆماری ئیسلامی هەڵوەشانەوەی بەرەی کورد بوو هەر بۆیە سەرەتا هەوڵیدا ناکۆکی بخاتە نێوانیان و لاوازیان بکات. بە باڵادەست کردنی مەکتەب قورئان و ڕۆڵ دان بە موفتیزادە، دەنگی جیاوازی لەناو بەرەی کورد ساز کرد و ئەمەش بووە هۆی قووڵ بوونەوەی ناکۆکیی نێوان ڕیزەکانی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لاوازکردنی پێگەی کورد لە بەرانبەر تاراندا.
دوکتور حسەین خەلیقی کە ئەندامێکی دانوستانکاری وتووێژەکانی ساڵی ١٣٥٧ی هەیئەتی کورد لەگەڵ شاندی کۆماری ئیسلامی بوو، لە وتووێژێکی ساڵی ١٣٩٧ ئاشکرای دەکات کە موفتیزادە ڕۆڵی تێکدەرانەی لە دانوسانەکان هەبووە و دەڵێت: «من هەر ئەوکات بە سەرکردەکانی کوردم ڕاگەیاند کە موفتیزادە ئێمەی فرۆشت». دوکتور خەلیقی دەڵێت: «موفتیزادە بەڵێنی دابوو بەبێ هاوئاهەنگی هیچ کارێک نەکات، کەچی لەگەڵ نوێنەرانی تاران و بەتایبەت تاڵەقانی یەکیان دەگرت و کاک ئەحمەد لە کۆتایی دانیشتنەکەدا بە ڕەفسەنجانی دەڵێت: بڕیار هەر ئەوە دەبێت کە پێشتر قسەمان لێ کردووە[3].
دیمەنەکانی ئەوکات دەری دەخات کە مەکتەب قورئان، بە ئامادەییەوە پێشوازییان لە شاندی تاران کردووە و لەکاتی هاتنە ژووری شاندەکە بۆ ناو مزگەوتی گەورەی سنە، مەکتەبییەکان ئەم دروشمەیان پێکەوە دووپات دەکردەوە: صلی علی محمد ـ خمینی و کاک ئەحمەد[4]. شاندەکە پێکهاتبوون لە کەسانی وەک ئایەتوڵا تاڵەقانی، بەهەشتی، بەنی سەدر و ڕەفسەنجانی. ئەم دروشمەی مەکتەبییەکان بۆ چەند مەبەست دەوتراوە؛ لەوانە:
دەربڕینی نیەتپاکیی مەکتەب قورئان بۆ نوێنەرانی تاران.
نواندنی پێبەند بوونی کاک ئەحمەد و مەکتەب قورئان بە خومەینی و کۆماری ئیسلامی.
هەوڵ بۆ وەلانانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی تر.
موفتیزادە وەک تاکەلایەنی وتووێژ و دانوسانکاری کورد لەبەرچاو بگیرێت.
لە یەکێک لە سەردانەکانی موفتیزادە بۆ تاران لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، خومەینی بەڵێنی سپاردنی ڕێبەرایەتیی ئۆتۆنۆمی و خودموختاریی ناوچە کوردییەکانی پێ دابوو.کاک ئەحمەد لەلایان تارانەوە زەق کرایەوە و هەلومەرجیان بۆ ڕەخساند کە لە مەیدانی سیاسەتدا زیاتر دەربکەوێتک؛ تاران دەرگای بەڕووی موفتیزادەدا زیاتر کردەوە و لە ڕۆژنامەکاندا وەک عەللامە، بەرپرسی باڵای حکومی و ڕێبەر ناوی دەهات (کیهان ژ٤٧١-26/11/1371، جمهوری اسلامی، اطلاعات ژ١٩٨٤٣-27/11/1371). بەرپرسیاریەتیی کومیتەی ئینقلابی ئەهلی سوننەتی خرایە ئەستۆ و ئیزن بە مەکتەب قورئان درا بۆ بەرگری لە دەستکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی سنووردار چەکیان هەبێت. موفتیزاده لە لاپەڕە ٧٦ی کتێبی «دربارە کردستان»دا دەڵێت: «دەوڵەت هاوکاریی نەدەکردین، براکانمان بە مەبەستی پاراستنی جادەکان و شارەکان لە مەترسییەکانی دژەشۆڕش (مەبەست حیزبەکان)، پێویستییان بە فیشەک بوو، لەکاتێکدا لیژنەکانی ئێمە بۆ چەککردنی خەڵک، سەدان چەک و بڕێکی زۆر فیشەکمان ڕادەستی پێگە سەربازییەکان کردبۆوە، بەڵام فیشەکیان پێ نەداین و لە باتی ئەوە، دەستیان کرد بە پڕچەککردنی دەرەبەگە ئیسلامییە موسوڵمانەکان و خەڵقییەکان.» موفتیزادە لەم چوارچێوەدا و لەنێوان وتارەکانی حسەینیەی ئیڕشادی تاران لە ساڵی ١٣٥٨دووپاتی دەکاتەوە کە: «ڕەنگە بشزانن ئێمە بووین کوردستانمان پاراست.»
تایبەتمەندییەکی کاک ئەحمەد، بوونی جیاوازی بوو لە وتەکانیدا؛ لەسەر زۆر بابەتی ئایینی و نەتەوەیی بە شێوازی دوولایەنە قسەی کردووە یان دوو بۆچوونی جیاواز لە یەکی هەبووە بۆ بابەتێک. بۆ وێنە ئەگەر لە جێیەک باس لە شوێنکەوتنی قورئان و سوننەت دەکات، لە شوێنێکی دیکە دەڵێت: شوێن قورئان و سوننەت مەکەون (کتێبی نامەها، نامەی ژ٦ ل٧٨-٧٩). زۆرکات دروشمی نەتەوەیی داوە و تەنانەت بە خەڵکی دەوت خودموختاری لە گیرفانمدایە، بەڵام لە پەرتووکەکانی لە دژی نەتەوەگەرایی قسە دەکات. لە شوێنێک کورد وەک گەلێکی زوڵملێکراو ناو دەهێنێت و باس لە ستەمی نەتەوەیی دەکات بەڵام هەر لەو وتارەدا دەڵێت پرسی نەتەوە ئاگرێکی سووتێنەرە. ئەم دژبەیەکییەی کاک ئەحمەد لە بۆچوونە ئایینی و سیاسییەکانی، ڕێگەی بۆ دەربازبوو و شوێنکەوتووانی لەمەڕ ئەو ڕەخنانە کردۆتەوە کە ئاراستەی ڕێبەرەکەیان دەکرێت و لە وەڵامی ڕەخنەکان، وتەیەکی موفتیزادە هەڵدەبژێرن کە گونجاوی کات و شوێن بێت. ئەم پرسە سەری لە بڕێک کەس کە ئاگاداری لایەنی دیکەی کاک ئەحمەد و هەروەها مێژوو نین شێواندووە و بەهۆی ئەوەی کە موفتیزادە خرایە زیندان، بە دژبەری کۆماری ئیسلامیی دەزانن.
ئەحمەدی موفتیزادە جگە لەوەی بڕوای بە جیھاد نەبوو، دەیوت لەسەر گۆی زەوی کافر بوونی نیە (نامەی ژ6 ل75 لە کتێبی نامەھا). لە دوای کۆچی دوایی موفتیزادە، هاوشێوەی قادییانیەکان ناکۆکی کەوتە نێو مەکتەبییەکان و دابەش بوون بەسەر دووباڵی سەرەکیی «مەکتەب قورئانی کوردستان» و «مەکتەب قورئان» کە باڵی یەکەمیان لەو باوەڕەدان موفتیزادە وەک ھەر مرۆڤێک ھەڵەی بووە بەڵام باڵەکەی دیکە، موفتیزادە پیرۆز دەکات و لەسەر ئەو باوەڕەن حەزرەتی موحەمەد ڕەسووڵی کوبرا و ئەحمەدی موفتیزادە ڕەسووڵی سوغرایە. (ڕاگەیاندنی ژ٢ ساڵی ١٣٨١).
موفتیزادە لە هەندێک بابەتدا بۆچوونی جیاوازتری هەیە و دەڵێت: مرۆڤ لەجۆرێک مەیموون لەدایک بووە(کتێبی حکومت اسلامی لاپەڕە٥٩)، هەر لەو چوارچێوەیەدا لە تۆمارێکی دەنگیدا دەڵێت: مرۆڤ پێشتر بوونەورێکی وەحشی و دڕندە و خراپکار بووە و پاشتر مرۆڤی لێ لەدایک بووە و دوای ئەوەی لەسەر دوو دەست و پێ ڕۆشتووە هەستاوەتە سەر پێ[5].
خاڵە هاوبەشەکانی مەکتەب قورئان و کۆماری ئیسلامی
موفتیزادە بۆ ماوەیەک ئەندامی حیزبی دیموکڕات بوو، بەڵام پاش هاتنە دەر لە حیزب، ڕێگەی دیکەی بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی گرتە بەر. هەوڵی دا حیزبێک دابمەزرێنێت بەڵام لەلایەن سەلاح موهتەدی (ئەندامی کۆمەڵە و ژنبرای خۆی) دەستبەسەر کرا[6]. پاشان مەکتەب قورئانی دامەزراند بەڵام بە هەبوونی حیزب و ڕێبەرانی سیاسی و ئایینیی ئەوکات کە پێگەی کۆمەڵایەتیی بەهێزیان هەبوو، موفتیزادە نەیدەتوانی بە هاسانی و بە بێ پاڵپشت دەرکەوێت. لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەرایەتیی خومەینی، موفتیزادە دەگمەن کوردێک بوو کە لە خومەینی نزیک بووەوە.
دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئایینی و تێکەڵ کردنی دین و سیاسەت، ستراتیژیی هاوبەشی کۆماری ئیسلامی و کاک ئەحمەد بووە و لەو چوارچێوەیەدا دەڵێت: «ئەو ئیسلامەی ئێمە پێشکەشمان دەکرد، ڕەسەن و بێ دەستێوەردان بوو، لەگەڵ سەرکەوتنی ئینقلاب، کارەکانمان ڕاوەستاند و لە ناخی دڵەوە و ڕاستگۆیانە، خۆمان وەقفی ئینقلاب کرد» و پاشان دیان بەوەدا دەنێت کە «بۆ پێشگرتن لە گرفت، بڕێک ڕاگەیاندنەکانی ئیمام خومەینیمان سانسۆڕ دەکرد» (دربارە کردستان لاپەڕە ٧٨). لە درێژەدا ئەو گلەییە لە دەسەڵاتی تاران دووپات دەکاتەوە و دەڵێت: «لەگەڵ ئەوەی هەموو ڕێگا و ناوچە هەستیارەکانمان پاراستبوو، فیشەکیان پێ نەئەداین.» (دربارە کردستان لاپەڕە ٧٩). لە کۆبوونەوە بە بەرپرسانی حکومیی وتبوو: «ئێمە میراتگری ئەو کەسانەین کە بەدرێژاییی مێژوو، لە پێناو ئیسلام شەڕیان کردووە و گیانی خۆیان بەخشیوە و دەبێ یاسای بنەڕەتیی ئێران ١٠٠٪ ئیسلامیی بکرێتەوە.» (دربارە کردستان لاپەڕە٨٥).
کاک ئەحمەد لە بابەت دەسەڵاتی نوێی ئێران دەڵێت: «خوێنی سەدان هەزار و ملوێنان شەهیدی مێژووی 14سەدەی ئیسلام لە شۆڕشی ئێران هاتە بەرهەم.»(دربارەکردستان لاپەڕە ٦٨). ئەو دەڵێت:»سیستەمی کۆماری ئیسلامی بە نرخی گیانی دەیان هەزار شەهید بەدەست هاتووە و ئەگەر درێژەی شۆڕشە ئیسلامییەکان ڕەچاو بگرین، دەبێ (کۆماری ئیسلامی) بە خونچەی ئامانجەکانی سەرجەم شەهیدانی مێژووی ئیسلام بناسین- بەداخەوە هەر شۆڕشێک، لەلایان دژبەرانی شۆڕشەکان و خۆپەرەستان تووشی بڕێک گرفتی ڕوون و شاراوە دەبێتەوە کە هەر بێستانێک مێش و مێرووی زیاندەر و ئافەتی گەورە و بچووکی هەیە» (دربارەکردستان لاپەڕە 239). مەبەستی کاک ئەحمەد لە بێستان، کۆماری ئیسلامی و لە مێش و مێروو، حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامییە. کۆماری ئیسلامی و موفتیزادە، دەیانویست حکومەتێکی تەواو ئیسلامی پێک بێت، بەڵام ئامانجی ڕەوت و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیستەمێکی سێکۆلار وکراوە بوو. بەم پێیە مەکتەب قورئان و کۆماری ئیسلامی، کەوتبوونە یەک بەرەی دژ بە ڕەوتی خەباتی ڕۆژهەڵات. بەڵام موفتیزادە بۆ ئەوەی ڕوخساری مەکتەب قورئان ناشیرین نەبێت، ناڕاستەوخۆ و لە ڕێی دەوڵەتی ئێرانەوە گوشاری دەخستە سەر حیزب و سەرکردە سیاسییەکان.
کاک ئەحمەد پێی وابوو پرسی نەتەوەکان، ئاگرێکی وێرانکەرە و دەڵێت: «ئەگەر شۆڕشی ئێران بەئیسلامی بکرێت و جیاوازییەکانی لەناو برد، ئەم ئاگرە وێرانکەر و ئاژاوەسازکەرەی نەتەوە لە ئێران و وڵاتە ئیسلامییەکانی دیکە دەکوژێتەوە» (دربارەکردستان لاپەڕە٧١). لە کتێبی موفتیزادە هاتووە: ئەوە «کوردە» کە ناهێڵێت وڵاتانی داگیرکەری وەک ئێران، خۆی لە کۆتی زلهێزە جیهانییەکان ڕزگار بکات و دەڵێت: زلهێزەکان لە پارچەکردنی کورد بەسەر وڵاتاندا، بە چەندین جۆر بەهرەیان لێ وەر دەگرن ـ هەرکات یەکێک لەو دەوڵەتانەی کە کورد تیایدا دەژی، بیهەوێت خۆی لە کۆتی نۆکەرایەتیی زلهێزەکان ڕزگار بکات، یان لە یەکێک لەو وڵاتانە حکومەتێکی ئینقلابی سەر هەڵبهێنێت، زلهێزەکان لە ڕق و توڕەیی ڕەگداکوتاوی گەلی زوڵملێکراوی کورد لە دژیان کەڵک وەر دەگرن. (دربارەکردســــــتان لاپەڕە ٧٢). مەبەستی موفتیزادە ئەوەیە کە ئێران خەریکە خۆی لە چنگ زلهێزەکان ڕزگار دەکات بەڵام ئەو زلهێزانە بەردەوام گەلی کورد وەک کەرستە لەدژی ئێران بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت خۆی ڕزگار بکات! هەروەک لە وتەکانیدا پرسی نەتەوە ڕەد دەکاتەوە، هاوکات وشەی زوڵملێکراو بۆ کورد بەکار دەهێنێت کە دەکەوێتە چوارچێوەی جیاواز و دژبەیەک بوونی بۆچوونەکانی.
موفتیزادە لە کاسێت و پەرتووکەکانی، هێرش دەکاتە سەر حیزب، کەسایەتییە ئایینی ـ نەتەوەیی، سەرکردەی سیاسی و ڕەوتە کوردییەکان. لە کتێبەکەی موفتیزادەدا، لەمەڕ کۆمەڵە هاتووە: سەرەکیترین پێگەی ئەم بەدڕەوشتییانە، بنکەی «های» سەر بە کۆمەڵە لە شاری سنە بوو کە پاش ئەوەی لەلایان سوپای پاسداران هەڵگیرا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر قورسی پێشگرتن لە دووگیانی دا گیرا. لە درێژەدا بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە، دیانپیانانی ئەو کچانە دەهێنێتەوە کە لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ناچار بە دیانپیانانی زۆرەملێ کرابوون(دربارەکردستان لاپەڕە ٤٩). هەروەها موفتیزادە کە ناڕاستەوخۆ بە شێخ عێزەددین دەڵێت «ضدانقلاب»، تەشەری لێ ئەدات، بڕێک لە گرفتەکانی ئەخاتە ئەستۆی و پێشنیار بە لایەنە سیاسییەکان دەکات هێرش نەکەنە سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران(دربارە کردستان لاپەڕە83-٨٤). کردنەئامانجی مەلا سوننییەکان، بۆ شکاندنی شێخ عێزەدین بوو کە بە ڕکابەریی خۆی دەزانی و ئەوەش لەچوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی تازەپێگەشتووی تاراندا بوو.
شێخ عێززەدین، پێشنوێژی مزگەتی گەورەی مهاباد و ڕێبەرێکی نیشتمانی ـ ئاینیی ڕۆژهەڵات وتبووی: «جیاوازیی من وموفتیزادە لەوەدایە ئەو ئایینییەکی کوردە و من کوردێکی ئایینیم». شێخ عێزەدین کە پێگەی بەهێزی جەماوەریی هەبوو، ئایینی خستە خزمەت پرسی نەتەوەی کورد، بەڵام کاک ئەحمەد وەک ڕکابەر لێی دەڕوانی و بەو بۆنەوە هێرشی دەکردە سەر مەلا. تەنانەت شوێنکەوتووانی ئێستاکەی کاک ئەحمەد لە بابەت مامۆستایانی نیشتمان پەروەر، هاوشێوەی ڕێبەرەکەیان کاک ئەحمەد بیر دەکەنەوە. ئەو ڕوانگەیەی کاک ئەحمەد بۆ مەلاکان، گوازراوەتەوە بۆ شوێنکەوتووانی و مامۆستاکان بە نەیاری خۆیان دەزانن؛ جگە لەو مامۆستایانەی کە پەسەندی مەکتەب و ڕێبەرەکەیان دەکەن، نوێژ لەپشت ئەو مەلایانە ناخوێنن کە دیان بە مەکتەب و موفتیزادەیا نانێن و بە خۆفرۆش و بەکرێگیراو ناوزەدیان دەکەن.
هەر لەم پێوەندییەدا: موفتیزادە پاش زەویلەرزەی تەبەس لە ناوەندی ئێران، لە ڕێی نامەیەکی دەستنووس لە 28/6/1357 داوا لە کوردانی ڕۆژهەڵات دەکات هاوکاری بۆ لێقەوماوان کۆ بکەنەوە. لەنامەکەدا مەلا سوننییەکان بە دینفرۆش، نەخوێندەوار، مێزەربەسەر، بێ ئیمان، ڕیسوا، بەدناو، بەکرێگیراو و ئاژەڵی مردارخۆر دەچوێنێت و لەکۆتاییی نامەکەیدا بە ڕێزەوە ناوی ئاخوندەکانی قوم دەهێنێت و دەڵێت «مراجع بزرگوار دینی در قم». موفتیزادە لە نێوان وتار و پەرتووکەکانی، دەیان جار هێرش دەکاتە سەر مەلا سوننییەکان بۆ نموونە لە کتێبی دربارە کردستان لاپەڕەکانی ٧٣، ٨٢، ٨٣ و ٧٨ (سێ جار)، هاوکات بەڕێزەوە ناوی مەلا شیعەکان دەهێنێت و دەڵێت: علمای مذهبی / آیتاللە (دربارەکردستان لاپەڕە ٦٢)، آقای صفدری (دربارەکردستان لاپەڕە٦٤)، آقایان و برادران اهل تشیع (دربارەکردستان لاپەڕەکانی ٦٨و٦٩).
گەلەکۆمەی ناپیرۆز!
لە پەرتووکەکەی موفتیزادەداهاتووە: یەکگرتنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، گەلەکۆمەی ناپیرۆزه. ئەو لایەنانەی یەکیان گرتبوو بریتی بوون لە: کۆمەڵەی بەرگری لە ئازادی (کە ئەنەدامانی لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە بوون)، فیداییانی خەڵق، حیزبی دیموکڕات، حیزبی تودە و حیزبی ڕزگاری. جگە لە هێرش کردنە سەر ئەو حیزبانە، موفتیزادە سەرکردەکانیان بە ساواکی و بەرپرسی ئەشکەنجە لە ساواک، تریاکی، خیانەتکار و قاچاخچی ناو دەبات (دربارە کردستان – ل 83-8١) و پێی وایە ئەم حیزبانە لە کوردستان بەردەوام پیلانی لەناوبردنی کۆماری ئیسلامییان دادەڕشت. بەم پێیە، بۆ پووچەڵ کردنەوەی ئەم پیلانە نگریسانەی حیزبەکان، موفتیزادە (وەک دەڵێت) بانگهێشتی کۆنفڕانسەکانی خۆی دەکردن بەڵکو ڕێ لە بەکرداری بوونی پیلانی نگریسی حیزبەکان بگرێت. هەروەها موفتیزادە نایشارێتەوە کە خواستەکانی لەڕێی دەوڵەتەوە بەسەر حیزبەکاندا دەسەپاند و بەمشێوەیە حیزبەکان بیانوویەکیان بۆ خیانەت نەدەما چونکە (وەک دەڵێت) حیزبەکان غیرەتیان نەبوو بەئاشکرا دژایەتیی ئیسلام بکەن (دربارە کردستان – ل 83-82).
مەکتەب قورئان؛ جووڵانەوە، هزر یان حیزب؟
مەکتەبییەکان دەڵێن مەکتەب قورئان، فکرێکی نوێ و جووڵانەوەیە و فەرموودەکانی کاک ئەحمەدمان کردۆتە بەرنامەی ژیانی خۆمان. بەکارهێنانی وشەی «فکر» بۆ مەکتەب قورئان، جوان کردنی وشەی «ئایدۆلۆژی»یە چونکە مەکتەب، بەدەر لەوەی خۆی بە جووڵانەوەیەکی باوەڕمەند دەزانێت، خاوەنی چەندین بیرۆکەی جیاوازە و خۆیان لە سەرووی گرووپەکانی دیکەوە دەبینن. بۆ وێنە کاک ئەحمەد مەزهەبەکانی دیکەی پێش خۆی ڕەد دەکاتەوە (کتێبی حکومت اسلامی لاپەڕە١٧).
دەشێت لەئیستادا، مەکتەب بە شێوەی حیزبێکی داخراوی ئایینی پێناسە بکرێت؛ جێگرەوەی موفتیزادەیان هەیە کە ڕۆڵی سەرکردەی حزب دەگێڕێت، هەڵبژاردن و واسیتەکاری و پلەداریان هەیە، شۆڕای بەڕێوەبەرایەتیی مەکتەب ئەرکی هاوشێوەی کۆمیتەی سیاسیی لە ئەستۆیە، هەر شارێک شۆڕایەکی هەیە کە لەژێر کۆنتڕۆڵ و ئیزنی شۆڕای ناوەندیی سنەدایە، هیچ ئەندامێک بۆی نییە بەبێ ئیزن لەگەڵ میدیایەک قسە بکات و نابێ وڵامی هەموو پرسیارێک بداتەوە کە خەڵک لێی دەپرسن، کۆڕ و کۆبوونەوەی ڕۆژانە و حەفتانە و مانگانەیان هەیە. هەموو مەکتەبییەکان لەناو ماڵەکانیان وێنەکانی موفتیزادە و جێگرەکەیان بە گەورەیی هەڵواسیوە. تەنانەت (هاوشێوەی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵق) شێوازی سمێڵ تاشینی پیاوەکان وەک موفتیزادەیە. بەهۆی ئەوەی کاک ئەحمەد لە سنە بووە، ژنانی مەکتەبیی شارەکانی دیکە لە شێوازی جل پۆشین چوونەتەوە سەر کلتووری ژنانی مەکتەبیی شاری سنە، ڕەخنە وەرناگرن و تێکڕا و سیستماتیک وەک حزبێکی داخراو مامەڵە دەکەن.
ئەگەرچی ناوی مەکتەب وەک حزبێک تۆمار نەکرابێت بەڵام هاوشێوەی حزبێکی داخراوە و لەناو سنوورەکانی ئێران سەرقاڵی چالاکییە. لە ناوخۆی ئێراندا، سەدان کەس لەسەر بیروباوەڕی ئایینی لە زیندانن و دەیان چالاکی ئایینی چاوەڕێی حوکمی سێدارەن، نۆحەخوێن و مەلاکانی دەسەڵات بێڕێزی بە سوننەکان دەکەن، مەلاکانی سوننە بەهۆی هەڵوێستی ئایینی و نەتەوەیی بانگهێشتی دادگای شۆڕای ڕۆحانییەت دەکرێن، هەزاران کەس دەگیرێن و دەکوژرێن، شارەکانی کوردستان مان دەگرن، دەیان چالاکی سیاسی و مەدەنی و ژینگەپارێزی و کۆڵبەر دەستبەسەر دەکرێن یان دەکوژرێن بەڵام مەکتەب قورئان بە فەرمی هەڵوێستێکی ئەوتۆی نیە، کەچی کاتێک ئەندامێکی مەکتەب بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بانگێشت بکرێت، لە سایت و پێگەکانی خۆیان میدیایی دەکەنەوە، وێنە چاپکراوەکانی بڵاو دەکەنەوە و هەواڵەکەی دەنێرن بۆ سەرچاوەکانی دیکە بڵاو بکرێتەوە. دەیان پەیجی ئەندامانی مەکتب لە سۆشیالمیدیاکان هەڵگری پاشگری «کورد» و «کوردستان»ن کە بە ڕواڵەت نەتەوەیین بەڵام بانگەشە بۆ ئایدۆلۆژیی خۆیان دەکەن و تەنیا وێنەکانی موفتیزادەیان داناوە نەک هێما کوردییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا کە کاک ئەحمەد هەندێک جار دەڵیت ئێمە گرووپێکین، بەڵام لایەنگرانی دەڵێن ئێمە گرووپ و حیزب نین بەڵام جووڵانەوە و فکرین لەکاتێکدا ڕیکخستنیان هاوشێوەی حزبێکی داخراوی ئایینیی ئایدۆلۆژیکە.
ڕەنگە هەلومەرجی ئیستای ئێران بخوازێت کە نەتوانن وەک حیزبێک دەرکەون، بەڵام ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، مەکتەب وەک حیزبێک ناوی تۆمار دەکات و لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا لە دەسەڵاتی ئێران، بە پێی پێشینە و هەڵسوکەوتی، هەوڵ بۆ پێکهێنانی هێزی چەکدار دەدات؛ بۆ ڕوودانێکی وەها، ئابووری و شوێنکەوتوو و ڕێکخستنی دەوێت کە مەکتەب لە بێدەنگیی کۆماری ئیسلامیدا کاری بۆ کردووە. فکری مەکتەبی کاک ئەحمەد، سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یان ناوچە سوننییەکانی نەگرتۆتەوە، بەهۆی ئەوەیکە بەشی خوارووی ڕۆژهەڵات شیعەیە و داڵغەی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەتەوایەتییە. مەکتەب هەوڵی داوە چالاکییەکانی هەناردەی وڵاتانی دراوسێی وەک هەریمی کوردستان بکات و لە ئازادیی کەشی میدیای هەرێم کەڵکیان وەرگرتووە بۆ ناساندنی موفتیزادە وەک ڕێبەرێکی ئایینی و نیشتمانی. مەکتەب قورئان، لایەنگرانێکی لەناو حیزبە ئیسلامییەکانی باشوور گرتووە و جگە لەوەی ئەو حیزبە ئیسلامیانە، لەبابەت چاپ و بڵاوکردنەوەی نووسراوەکانی موفتیزادە لەناو شارەکانی باشوور هاوکاریی مەکتەب دەکەن، یارمەتیدەری شۆڕای بەڕێوەبەرایەتیی مەکتەب قورئان بوون کە ساڵی ٢٠١٤ لە شاری هەڵەبجەی شەهید مزگەوتێک بە ناوی «کاک ئەحمەدی موفتیزادە» بکاتەوە.
هۆیەک کە ناهێڵێت فکری کاک ئەحمەد گەشە بکات، جیاوازی لە بۆچوونە ئایینییەکانیەتی. مەکتەبییەکان هەوڵیان داوە بۆچوونە جیاوازەکانی موفتیزادە زەق نەبێتەوە و تەنیا ئەو لایەنە فکرییەی موفتیزادە ئاشکرا دەکەن کە هاوتەریبی سوننییە. چونکە سوننییەکی حەنەفیی بەلووچ، یان باوەڕمەندێکی باشووری کوردستان، کە بەهۆی کەشی ڕەخساو بۆمیدیا و بیروباوەڕی ئایینی لە هەرێم ئاستی زانیاریی لەمەڕ بابەتە دینییەکان لە سەرەوەیە، ناتوانێت لەگەڵ ئەو باوەڕانەی موفتیزادە بگونجێت کە پێی وایە مرۆڤ لە مەیموون و حەیوانی وەحشی لەدایک بووە یان کە دەڵێت: لەبری قورئان و حەدیس پرسیار لە من بکەن (کتێبی نامەها، نامەی ژ٦ ل٧٨-٧٩). چەند هۆکار بۆ زەقتر بوونی مەکتەب قورئان لە ئیستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریتین لە:
ئاوەڵابوونی دەستیان لە کار و چالاکی و بانگەشە.
سەرکوت کردن و لەسێدارەدانی ئەندامانی ڕکابەری مەکتەب لەلایان دەسەڵاتەوە وەک سەلەفییەکان، هەر چەند کە دواجار خودی کاک ئەحمەد بووە قوربانیی نزیک بوونەوەی لە دەسەڵات و متمانەی لە رادەبەدەری.
نەبوونی میدیای ئازاد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
نەبوونی بژاردەی دیکەی جێگرەوە بۆ تاکی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بۆ بەشداری لەچالاکیی ئایینی یان سیاسی و ڕێکخراوەیی. شیمانە دەکرێت لە ئەگەری گەڕانەوەی حیزبە سیاسییەکان یان سازبوونی گرووپی ئایینیی دیکە، ئەگەر دەوڵەتێک یارمەتیی نەدات، مەکتەب قورئان بکەوێتە کەشێکی سڕ بوون.
بە گوێڕەی مەکتەب، ئەوان کە لە ئیستادا سەرقاڵی تەزکیەی نەفس (خاوێن کردنەوەی دەروونی خۆیان)ن، هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە دەستێوەردانی سیاسەت بکەن و ئەگەر کاتی بگات، دەستێوەردانیان دەبێت. لە گریمانەی ڕەخسانی وەها کەشێک، مەکتەب (هاوشێوەی سەرەتاکانی) ناتوانێت بە بێ پشتبەستن بە دەسەڵاتێک ڕۆڵی ئەوتۆ ببینێت چونکە کۆمەڵگە چیدیکە وەرگری گرووپە داخراو و ئیدئۆلۆلۆژیکەکان نییە مەگەر ئەوەی پێداچوونەوە لە ستراتیژییان بکەن و لایەنی نەتەوەیییان چڕ بکەنەوە. کەشی ئیستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت خواستی داهاتووی کۆمەڵگە، پرسی نەتەوەیی دەبێت نەک نەک پرسی ئیسلامی سیاسی. هەر چۆنێک بێت، پرسی سەرەکیی ڕۆژهەڵات، پرسی ڕزگاری و نەتەوەیییە و بزووتنەوەکەشی بزووتنەیەوەیەکی نەتەوەیی و دێموکڕاتیکە.
ڕێکخراوی پێشمەرگە موسوڵمان
چەندین هۆکار بۆ پێکهێنانی پێشمەرگەموسوڵمان گومان دەخاتە سەر موفتیزادە کە لەم پرسە تێوەگلاوە: وتە و نامە و ڕاگەیاندراوەکانی کاک ئەحمەد دەیسەلمێنێت کە پێشمەرگەموسوڵمان بە هاوکاری و لەسەر پێشنیاری ئەو ساز کراوە. لە ڕاگەیەندراوێکی ٨ بڕگەییدا کە چەند لایەنی سیاسی دەیخەنە ئەستۆی کاک ئەحمەد و بە ڕاگەیاندنی ژمارە٨ی بەرواری 6/12/1358ی کرماشان ناسراوە، بەم جۆرە ڕوو لە دەسەڵاتی تاران هاتووە:
ئێمە خوازیاری هەڵوێستی توندی دەوڵەتین بۆ سەرکوتی تەواوەتی خۆفرۆشەکانی حیزبی دیموکڕات و چریکی فیدایی خەڵق و کۆمەڵە و هاوشێوەکانیان.
ئێمە خوازیاری بەتواناکردنی هێزە خەڵکی و ئینقلابییەکان و بەتایبەت پێشمەرگەموسوڵمانی کــــــوردین بۆ وەرگرتنەوەی کوردستانی لەدەستچوومان.
ئێمە خوازیاری هەڵوێستی هێزە چەکدارەکانین لەچوارچێوەی هاوکاری لەگەڵ پێشمەرگەموسوڵماندا بۆ گەڕانەوەی کۆچکردوان (لە کرماشان).
ئێمە خوازیاری ئەوەین دەرفەتی زیاتر نەدرێتە حیزبەکانی سەرەوە بۆ پڕچەک بوونیان بۆ دابەشکردنی کوردستان و ئامانجە دژە ئاییینییەکانیان.
ئێمە خوازیاری ڕاگرتنی هەرچەشنە دانوسانێکین بۆ سازان لەگەڵ سەرکردەکانی کوفر لە ناوچە و پێدانی مافی یەکلایەنە لەلایەن لیژنەی نیەتپاکییەوە.
ئێمە خوازیاری خاوێن کردنەوەی خێرای وەزارەتی پەروەردەی کرماشان و کوردستانین لە تاقمەکانی بە ڕواڵەت چەپ و دژبەری ئینقلاب.
ئێمە خوازیاری بڕیاری خێرای بەرپرسانی وڵاتین بۆ خاوێن کردنەوەی هەرچی زووتری کارمەندانی سازشکار و دوڕوو، کە لە نێو هێزەکانی ژاندارمێری، بەتایبەت ڕێگری دەکەن لە کۆتاییهاتن بە کارەساتی کوردستان.
ئێمە خوازیاری بەرێوەبردنی فەرمانی بڕیارنامەی ئیمام خومەینی لەبابەت داخستنی سنوورەکانین بە دەستی سوپا، بۆ بەرگرتن لە هاتوچۆی دژبەرانی شۆڕش و هێنانی چەک بۆ ناوچەکە. هەرچەند بڕگەکانی ئەم ڕاگەیاندنە بەگشتی نزیکە لە ویستەکانی کاک ئەحمەد بەڵام شوێنکەوتووانی، ئەم ڕاگەیاندنە ڕەت دەکەنەوە.
لە گەڵ ئەوەی کە کاک ئەحمەد ڕەتی کردووتەوە و گوایە حکومەت کەڵکی خراپی لە پێگەی ناوبراو وەرگرتووە، بەڵام هەر چۆنێک بێت پێشمەرگەموسوڵمان هەر لە سەرەتاوە بەناو و وێنەی موفتیزادەوە دەستی بە کار کرد و بڕێکی زۆر لە ئەندامانی مەکتەب قورئان، لە نێو ڕیزەکانی ئەو هێزە جێیان گرت. برووجێردی، یەکێک لەو بەرپرسانە بوو کە ڕۆڵی سەرەکیی بینی لە ڕاکێشان و ڕێکخستنی ئەو مەکتەبییانە لەناو پێشمەرگەموسوڵماندا کە بەشداربوون لە کوشتن و لە سێدارە دانی گەنجانی ڕۆژهەڵات. چەکدارانی موفتیزادە تێکەڵ بە سپای پاسداران بوون و بەرانبەر هێزەکانی پێشمەرگە شەڕیان دەکرد. چەکدارانی مەکتەب قورئان و سپای پاسداران، تێکەڵاوییان هەبووە و هەندێکجار شانبەشانی یەکتر لەدژی پێشمەرگە شەڕیان کردووە. بۆ وێنە لە کاتی تێکشکانی چەکدارانی مەکتەب لە شەڕێک لەگەڵ هێزەکانی حیزبی دیموکڕات لە ناوچەی بۆکان، دەنگی یا حسەین بەرز دەبێتەوە و ئەوکاتە دەزانرێت پاسداریان لەگەڵدایە. ئەمە دەبێتە بابەتی هونەرمەندانی ئەوکات و وەک سروودی حەماسی دەوترایەوە[7]. یەکێک لەو هۆکارانە بواری بۆ سازبوونی هێزی پێشمەرگەموسوڵمان ڕەخساند، زیندوو کردنەوەی زەینیەتی ئایینیی سیاسی بوو لە کوردستان لەسەر دەستی موفتیزادە و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دیوێکی تردا، کە توانی کوردانێکی باوەڕمەند بە ئیسلام، بەرەو ڕێکخراوی پێشمەرگە موسوڵمان ڕابکێشێت.
لە وتووێژەکان بەم شێوازە ئاخاوتنە دەڵێت: «حەقیقەتی مەتڵەب ئەوەیە، لەدوای ماوەیەک لە ئینقلاب، وەختێک تمیشام کرد ئەوانە زۆریان پەیدا کردووە و ئەوجار خەریکن ئیتر لابدەن لەو ڕێگایەی وا قەولیان داوە و تەعوهدیان کردووە و خەریکن ناڕاستی بدوێن لەگەڵ میللەتی کورد، کەوتمە بەرهەڵستدانەوەیان». کاتێک موفتیزادە هەستی کرد بە تەواوی لە دەسەڵات پەراوێز خراوە و هێزی پێشمەرگەموسوڵمان لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی ئەودایە، خۆی لێ بێبەری کرد. حەسەن ئەمینی یەکێک لە کەسانی دیاری مەکتەب لەبابەت پێشمەرگە موسوڵماندا دەڵێت: «نکۆڵی ناکەم ڕێژەیەکی زۆر لەوانە پێش پێکهاتنی ئەم ڕێکخراوە، لەگەڵ ئێمە هاوکارییان دەکرد بەڵام پاش پێوەندی کردن بەوانەو، لەگەڵ دژایەتیی ئێمەدا ڕوبەڕوبوون، چیتر دابڕان و ڕۆشتن.» هەرچەند موفتیزادە داوای لە ئەندامانی مەکتەب کردبوو کە ڕیزەکانی پێشمەرگەموسوڵمان جێبهێڵن بەڵام درەنگ بوو؛ چونکە جگە لەوەی هەڵگرتنی چەک ببووە سەرچاوەی بژێویان، تێکەڵ بوونەوەیان بە کۆمەڵگە ئەستەم ببو. لە ئیستایا هەندێکیان لە ژیاندا ماون و بە پلە و پۆستەوە مانگانە خانەنشینی وەر دەگرن.
مەکتەب قورئان و توندوتیژی
بەهۆی ئایدۆلۆژییەک کە هەیەتی، مەکتەب دەنگی جیاوازی پێ پەسند ناکرێت و ناتوانێت ڕەخنە وەرگرێت. ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی بە دەیان ئوتۆمبێل هێرشیان بردە سەر مەلای گوندی یەکشەوە لە بۆکان و چوونە ناو مزگەوتی گوندەکە، بەبۆنەی ئەوەی ڕەخنەی لە موفتیزادە گرتبوو. هەروەها لە چەندین شوێنی وەک مزگەوتی دارولئێحسانی بەردبڕانی سەقز، گوندی ئاخکەند، مزگەوتی نوور لە سنە و … کەسانێک کە هەڵگری بیری جیاواز بوون تێکهەڵچوون. هەروەها بەبیانووی ئەوەی ڕەخنەیان لە سەعدی قوڕەیشی (ڕێبەری ئیستاکەی بالی مەکتەب قورئان) گرتووە، ئەندامانی باڵی زۆرینە لە ٢٣/٤/١٣٩٢ هێرش دەبەنە سەر دوو لە ئەندامانی باڵەکەی دیکە و بە بەرچاوی بنەماڵەکەیانەوە لێیان ئەدەن. جگە لەوەی دوو باڵی مەکتەب قورئان ناتوانن یەکتر پەسەند بکەن، فکرەکانی دیکەشیان لا پەسەند نیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەعدی قوڕەیشی (جێگری موفتیزادە لە باڵی مەکتەب قورئان)، لە دواترین وتووێژی لەگەڵ میدیایەکی باشوور وتی: «ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ فکرەکانی دیکە نیە». لەکاتێکدا هەر لەو وتووێژەدا قوڕەیشی نایهەوێت دیان بەو باڵەی دیکەی مەکتەب قورئاندا بهێنێت کە لە ڕابردوودا ساڵانێک پێکەوە بوون[8].
هێرش بۆ سەر ڕەخنەگران و ناکۆکی لەگەڵ فکرە جیاوازەکان، ئاماژەیەکی ڕوونە کە ئەگەر مەکتەب قورئان لە داهاتوودا هێز و دەسەڵاتێکی هەبێت، ئەگەر بۆی بگونجێت هەوڵی سڕینەوەی لایەنەکانی دیکە ئەدات. بەپێچەوانەی وتەکانی موفتیزادە و قوڕەیشی کە باس لە «محبت» خۆشەویستی و هەڵکردن لەگەڵ فکرەکانی دیکە ئەکەن، هاوشێوەی جووڵانەوە توندئاژۆکان، بەهرە و توانای کردەوەی توندوتیژییان تێدایە و بڕوای ئەندامانیش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دەڵێن: «ئامادەین لەپێناو مەکتەب و فکری کاک ئەحمەد، گیانی خۆمان بەخت کەین.»
نە دەسەڵات متمانەی بە کاک ئەحمەد دەکرد کە چەکی بداتێ و نە دەیتوانی شەڕی حیزبەکان بکات، ئەگەرنا بیرۆکەی پێکهێنانی هێز لەلایان موفتیزادەوە دەگەڕێتەوە بۆ پێش کۆماری ئیسلامی. لەسەر مەیلی موفتیزادە بۆ شەڕی چەکداری، دەکرێت ئاماژە بدەینەوە بەو نامەیەی بەرواری 26/12/1357 کە ناردی بۆ سەرهەنگ (عەقید) سەفەری فەرماندەی لەشکەری ٢٨ی سنە و داوای چەکوچۆڵی کرد. موفتیزادە لە نامەکەدا بۆ سەرهەنگ سەفەری دەڵێت: پاسدارەکانی ئێمە پارێزگاری لە شار و ناوچەکانیان لە ئەستۆیە، تا ئیستا پاسدارەکانمان چەکی جۆراوجۆری لەڕادەبەدەریان لەچنگ خەڵکی نەشیاو سەندووە و پێشکەشی لەشکەریان کردووە، چەندین جار ڕامگەیاندووە چەک و دەمانچەکانمان فیشەکی تیا نیە بەڵام وڵامی سەیر دەبیستین. سەرهەنگ سەفەری لە وڵامدا پێی وتبوو پێویستە ڕەزامەندیی نوێنەری ئیمامی لەسەر بێت. ئەم بڕیارە، مەکتەبییەکانی توڕە کرد و جگە لەوەی مانیان گرت، بەرەو بنکەکانی سەفدەری و پاشان لەشکەر دەڕۆن و لە ئاکامی ئەو هەڵکوتانە، شەڕی خوێناویی ٥ ڕۆژەی شاری سنە هەڵدەگیرسێت.
زیندانی کردنی موفتیزادە
خومەینی زۆربەی دەنگە جیاوازەکانی وەک موجاهیدین و حزبە کوردییەکان و تەنانەت کەسانی نزیک لەخۆی کپ کرد. موفتیزادەش بڕێک ناکۆکیی بنەڕەتیی لەگەڵ پاوانخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی هەبوو کە ئامادە نەبوو دەسەڵات بداتە پارێزگاکان. بڕێک لە چالاکییەکانی مەکتەب قورئان هاوتەریبی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بوون، بەڵام دەوڵەت سنووری بۆ دەستڕۆیشتوویییەکانی موفتیزادە دانا و دەسەڵاتی ئەوتۆی پێ نەدەبەخشی. لەگەڵ ئەوەی موفتیزادە (هاوشێوەی خومەینی) دەیویست دەسەڵاتێکی تەواو ئیسلامی دابمەزرێت، هەوڵی ئەوە بوو دەسەڵاتی تەواوەتیی کوردستان بخرێتە ئەستۆی بەڵام تاران داخوازییەکانی بەدی نەهێنا. بەپێی نزیکبوونی موفتیزادە لە دەسەڵات و ڕێبەرانی تاران، چاوەڕوانکراو بوو ئەگەر پارێزبەندیی هەبێت و دەسەڵات، چاو لە هەندێک کردار و گوفتاری بپۆشیت و موفتیزادە بەو پاڵپشتییە، وتاری بوێرانەی ئەدا و ڕەخنەی لە دەسەڵات دەگرت. پێش زیندانی بوونی، موفتیزادە زنجیرە وتارەکانی خۆی لە حسەینیەی ئیڕشادی تاران بەڕێوە دەبرد کە هێرشی دەکردە سەر دەسەڵات. سەرەتای شەستەکان و کاتێک موفتیزادە هەستی کرد بەکارهێندراوە و سەرەڕای هەموو دڵسۆزییەکانی بۆ کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتی تاران بڕوای پێی نیە و گوتاری خودموختاری بە ڕێبەرایەتیی موفتیزادە درۆ بووە، کاک ئەحمەد زمانی ڕەخنەکانی توند کردەوە و لە ئاکامدا لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٩٨٣ی زاینی خرایە زیندان.
بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی ڕەخنەکانی دوایینی موفتیزادە لەچوارچێوەی ستراتیژیی مەکتەبدا دەبینن و دەڵێن پێشتر لە پێناو بەرژەوەندیی خۆی، چاوی لە هەموو ئەو بێڕێزییانە دەبەست کە بە سوننی دەکرا و جگە لەوەش، سووکایەتی نەما بۆخۆی بە مامۆستاکانی (ئەو مامۆستایانەی لەگەڵ ئەودا یەکدەنگ نەبوون، تەنانەت مامۆستا نەتەوەییەکانیش) نەکات بەڵام کاتێک بینی خزمەتەکانی بە کۆماری ئیسلامی بێ ئاکام بووە، کەوتە ڕەخنەی توند لە دەسەڵات. موفتیزادە لەڕوانگەی لایەنە سیاسییەکانەوە، وەک کەسێکی سەپاو لای دەسەڵاتەوە دەبیندرا کە نە دەکرا دووری بخەنەوە و نە متمانەی پێ دەکرا. لە کەشێکی وەک ئەوکاتدا کە کەمتر لە ٣ ساڵ لە فەرمانی جەهادی خومەینی تێپەڕ ببوو و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەنگی ناڕازی کپ دەکرا، کەمتر کەسێکی تەنانەت حکومی بوێریی تیا هەبوو ڕەخنە بگرێت، بەڵام موفتیزادە بوێرانە سووکایەتیی بە دەسەڵات دەکرد و تەنانەت وتەکانی بۆنی هەڕەشەی لێ دەهات تا ئەوەی لەلایان دەسەڵاتەوە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ زیندانی کرا. ئەمەش بە نوقتە گٶڕانێک لە ژیانی سیاسیی موفتیزادە دێتە هەژمار.
وەک ئاماژە درا، دەرهاویشتەی لێکۆڵینەوەی ژیان، بەسەرهات و کتێب و وتەی بەساڵاچوانێک کە لە نزیکەوە موفتیزادەیان ناسیوە ئەوەیە کە موفتیزادە زیاتر لەوەی لە بەر «کوردایەتی» و «دیانەت» زیندانی کرابێت، شەڕی دەسەڵات ئەو چارەنووسەی بۆ پێکهێنا. لە ڕوانگەی ئایینەوە، لە هەندێک بابەتی سەرەکیدا موفتیزادە دوورە لە ئەهلی سوننەت و زۆرکات بەدڵی شیعەیە. یان لەڕوانگەی کوردایەتی، بەرهەڵستکاری لایەن و سەرکردەی سیاسیی کوردی بووە و زۆرکات لەپاڵ دەسەڵاتدا جێی گرتووە بۆ وێنە، لە نەورۆزی خوێناویی شاری سنە، چوونە پاڵ کۆماری ئیسلامی ئێران؛ کە ئەمانە دەکرێت لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات بێت. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی موفتیزادە لەگەڵ دەسەڵات، بڕگەی ١٢ی یاسای بنەڕەتی بوو کە بەپێی ئەو یاسایە، دینی فەرمیی ئێران مەزهەبی جەعفەری ١٢ ئیمامییە . بەپێی ئەم یاسایە ئەهلی سوننەت ڕۆڵی لە دەسەڵاتی ئێراندا نەدەبوو کە موفتیزادەشی دەگرتەوە. بە گشتی دەکرێت چارەنووسی موفتیزادە بە چارەنووسی ئەو کەسانە بشوبهێندرێ کە سەرەتا لە دەسەڵات نزیک بوونەوە و دواتر لە لایەن دەسەڵاتەوە دوور خرانەوە. ئەم کەسایەتییانە ناکۆکییان بۆ هاتە پێش، بەڵام بەهۆی پاوانخوازیی دەسەڵات، ئازادی و ژیانیان لەدەست دا کە کاک ئەحمەد یەکێک لەوان بوو.
پەشیمانیی موفتیزادە و دیانپیانان بە خراپ بارهێنانی شوێنکەوتووانی
موفتیزادە بەر لە کۆچی دوایی، لە بڕگەیەکی ڤیدۆیی دیان بەوەدا دەنێت کە شوێنکەوتووانی بە خراپی بار هێناوە و دەڵێت: بڕێک کات ئەلاڵێمەوە لە خوا کە منیش ئەزانم بەندەکانتم خراپ بار هێناوە و دواتر داوای لێبوردن لە خوا دەکات. هەروەها دەڵێت: خوایە ئەگەر دەرفەتم نابێ و مردن لەپێشە، ئیزنم پێ بدە پاش مردن و لە عالەمی بەرزەخ جارجار پێوەندی بە شوێنکەوتووانم بگرم لەگەڵ ئەم خۆشەویستانەم بە خەو پێیان بێژم وا بکەن و وا مەکەن[9]. موفتیزادە کە دوو دەیەی لە بەردەستا بووە بۆ ڕێنمایی کردنی شوێنکەوتووانی، بە دەم گریانەوە داوای کاتی زیاتر دەکات کە هەڵەکانی ڕاست بکاتەوە. گریان و هەست و سۆز تا ئێستاکەش بەشێکی دانەبڕاوی بەکارهاتووە لە مەکتەب قورئان و هەروەها بەکارهێنانی بڕێک وشەی وەک»محبت» کە لە ئایینی مەسیحیدا زیاتر بەکار دێت، لەناو مەکتەب قورئان باوە.
خەو لای ئەحەمەد موفتیزادە گرنگییەکی تایبەتی ھەبووە بۆیە لەدرێژەی تەمەنی خۆیدا دوای دیتنی خەو، فتوای نوێی دەرکردووە یا لە باوەڕێکی پاشگەز بۆتەوە و دواتر داوای لە ھۆگرانی کردووە بیروباوەڕو کرداریان بگۆڕن.هەروەها خەو لای ئەندامانیش پێگەی تایبەتی هەبووە تا ڕادەیەک کە لە کۆبوونەوەکانیان بە ئەندامان دەڵێن: پاش دیتنی خەو بۆمان دەرکەوتووە کە موفتیزادە لەپاش حەزرەتی محەمەد و ئەبووبەکری سدیق، سێهەم کەسی ناو ئیسلامە.
کاک ئەحمەد لە وتار و پەرتووکەکانی، خۆی بە پێغەمبەری ئیسلام و خولەفا دەچواند و هەڵدەسەنگاند و پێی ناخۆش نەبوو ئەگەر لایەنگرانی پیرۆزی دەکەن. پرسی پیرۆز کردنی کاک ئەحمەد بۆ وتارە سۆزداری و جیاوازەکانی دەگەڕێتەوە بەڵام بەهۆی ڕەخنەیەکی زۆر کە ڕوبەڕوی بووەوە، لە ژێر گوشاری ڕای گشتیدا ناچاردەبێ بڵێت: «نەفرەت لە من ئەگەر قایل بم بە بوت بوون و نەفرەت لەوەی بە زانابوون بوتم لێ ساز دەکات، بەتایبەت پاش مردنم، یان دژایەتیی کوفرێکی وەها نەکات» (کتێبی نامەها نامەی ژ٥ لاپەڕە٥٨).
دەرهاویشتەی مەکتەب قورئان
مەکتەب قورئان هەر لە سەرەتای پێکهاتنیەوە وەک دەنگێکی جیاوازی نێو ڕەوتی کوردی دەرکەوت وئیستاشی پێوە بێت، جومگەکانی کۆمەڵگەی کوردەواریی تووشی لێکترازان کردۆتەوە. تەنانەت ئەگەر تێکۆشانی موفتیزادە لە ڕوانگەی خۆی بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە بووبێت، بەڵام کارەکانی لە چەند ڕەهەندی وەک سیاسی و کۆمەڵایەتی، خەساری لێ کەوتەوە. پەروەردەی مەکتەبییەکان وەها بوو کە خۆیان لە کۆمەڵگە دەپاراست و ئەوەش بە هۆی ئامۆژگارییەکانی موفتیزادەوە بوو. بەوتەی موفتیزادە، کۆمەڵگە تووشی قەیرانی ڕەوشت و ئایینی بۆتەوە، لە هێڵی خۆی لایداوە. ئیستاکە شوێنکەوتووانی لە تێکەڵ بوو بە کۆمەڵگە خۆیان دەبوێرن. تێکەڵ بە کۆمەڵگە نابن و ژیانی دوورگەیییان هەڵبژاردووە؛ لە شارەکانی ڕۆژهەڵات، خۆیان لە خەڵک جیا کردۆتەوە و هەوڵیان داوە لە یەک گەڕەک نیشتەجێ بن. بەهاران و گوڵشەن لە شاری سنە، شەهرەک لە سەقز وجادە سلێمانی لە بانە لەو گەڕەکانەن کە مەکتەبییەکان لە دەوری یەک کۆ بوونەوە و تێیدا نیشتەجێن.
ئیزن نادەن بنەماڵە و بە تایبەت منداڵەکانیان تێکەڵ بە کۆمەڵگە بێت؛ منداڵی مەکتەبی پێکەوە دەبرێنە سەیران، میوانی، وەرزش و کەلاسیان بۆ دادەنێن و هەر لە منداڵییەوە لەسەر بیروباوەڕی مەکتەب و موفتیزادە پەروەردە دەکرێن. بنەماڵەی مەکتەب (بەهۆی نەبوونی ڕەزامەندیی شۆڕای بەڕێوەبەرایەتیی سنە، تا کاتی نووسنینی ئەم بابەتە) بە گشتی سەتەلایتیان نییە و ئەگەر هەیانبێت، سەرپێچییان کردووە و ناتوانن وەکوو پێویست تێکەڵ بە دنیای ئەمڕۆکە ببن. ئەندامان وا راهێندراون جگە لە خۆیان، خەڵکیان پێ عەوامە؛ بەو مانایەی کە ئێمە ڕاستییەکان دەزانین بەڵام کۆمەڵگە نازانێت و بە چاوی بەزەیی سەیری خەڵک دەکەن. بە لای مەکتەبییەوە، ئەندامێکی هاوفکری خۆی، خۆشەویستترە لە ئەندامێکی خێزانی خۆی کە مەکتەبی نەبێت. دابڕانی مەکتەبییەکان لە کۆمەڵگە، هۆکارە بۆ دابەش بوونی کۆمەڵگە و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە. لە ئیستادا مەکتەب قورئان لە بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکاندا خۆی لە کۆمەڵگە جیا کردۆتەوە و دژی نەورۆزە.
زۆرێک لە شۆڕشەکانی کورد لەسەر دەستی کەسایەتییە ئایینییەکان سەریان هەڵداوە و ئەگەریش لەکۆتاییدا بەدەستی دەسەڵاتەکان لەناو چووبێتن، بەڵام لەلایان کۆمەڵگەوە پاڵپشتی کراون و ئەمەش خاڵی جیاکەرەوەی مەکتەب قورئان لە ڕەوتە ئایینییەکانی دیکەیە؛ مەکتەب قورئان بە پێچەوانەوە، لەپاڵ دەسەڵات جێی گرت. کۆماری ئیسلامی سەرەتا بۆ لاواز کردنی ڕەوتی ناسیۆناڵیستی و بەتایبەت چەپ لە کوردستان مەکتەبی بەکار هێنا و پاش مەرگی موفتیزادە، مەکتەب چالاکییە سیاسییەکانی ڕاوەستاند.
سڕبوونی سیاسیی مەکتەب، لەپاش موفتیزادەوە دەستی پێکرد و ماوەی نزیک بە سێ دەیەی ڕابردوو، لە بێدەنگیی دەسەڵاتی تاراندا سەرقاڵی بەهێزکردنی جووڵانەوەکەیان بوون. پێشبینی دەکرێت پاش هەر ئاڵۆزییەک لە ئێران، مەکتەب قورئان کە مەیلی شەڕی چەکداریی تێدابووە، چەک هەڵبگرێتەوە و وەک حیزبێکی چەکداری ئایینی درێژە بە چالاکی بدات و دیسان دژی ڕەوتی کوردی بەکار بهێنرێت.
ڕەنگە بێدەنگیی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر پەرەسەندن و گەورەبوونی مەکتەب قورئان، بە ئاگابوون و بە مەبەست بێت؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ئیستادا سپۆنسەری هەندێک جووڵانەوەی ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هاندەری پەرەسەندنی گرووپە ئایینییەکانە تاکوو بتوانێت لە کاتوساتی خۆیدا بەکاریان بێنێت. گرووپەکانی ئیخوان، دەعوەت و ئیسڵاح و هەروەها مەکتەب قورئان، زۆرترین چالاکییان هەیە و ڕێگەپێدراون و بەردەوام کۆڕ و کۆبوونەوەیان هەیە و لە ئەگەری هەر چەشنە ئاڵۆزییەک لەناو ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم گرووپە ئایینییانە پێدەچێ بەگژ یەک، یان حزبەکاندا بکرینەوە.
کۆبوونەوەکانی مەکتەب قورئان ڕۆژانە و هەفتانە لە ماڵ و باخی ئەندامان و هەندێک جار لە سەیرانگاکان بەڕێوە دەچێت بۆ ئەوەی خەڵکانی دیکە بیانبینن. لەڕاستیدا ئەگەر کۆماری ئیسلامی بیویستایە، دەیتوانی ڕێگریان بێت بەڵام بەوەی کە ڕێگریان نابێت، شێوازێکە لە ڕێگەپێدان بە پەرە سەندنیان. مەولودییەکانی مەکتەبییەکان بە سەدان کەس لە خۆ دەگرێت و بە چەندین پڕۆژێکشن، وێنەکانی موفتیزادە گەورە دەکەنەوە بەبێ هیچ ڕێگرییەک. مەکتەب قورئان دەڵێت بەم دوو هۆکارە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرمان پێ ناگرن یەکەم: ئێمە کارمان بە سیاسەت نیە. دووهەم: ڕێژەی ئەندامانمان زۆرە و لێمان دەترسن. لەڕاستیدا دوورەپەرێزیی مەکتەب لە سیاسەت، خواست و حەزی کۆماری ئیسلامییە بەڵام خاڵی دووهەم دوورە لە ڕاستی کە کۆماری ئیسلامی لە مەکتەب بترسێت. کۆماری ئیسلامی کەمپی ئەشرەفی لە موجاهیدین پێ چۆڵ کردن و هێرشی مووشەکیی کردە سەر حیزبی دیموکڕات، کەواتە دەتوانێت مەکتەب قورئان لەناو سنوورەکانی خۆی هەڵوەشێنێتەوە بەڵام نایکات چونکە ڕەنگە لە داهاتوو بەکاری بهێنێت لەدژی حیزبەکان یان هەر لایەنێک کە بیهەوێت.
خاڵی لێک جیا کەرەوەی دوو باڵێ مەکتەب کە بووەتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری لقی«مەکتەب قورئان»، دەگەڕێتەوە بۆ: ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ئەندامان، کارئاسانی لە زەواج بە کەمترین تێچوو لەناو گرووپەکەیان، هاوکاریی ئابووریی یەکتر و بانگەشەی کوردایەتییە. بە دووکاندار دەڵێن ئەگەر ببیتە ئەندام، لەمەودوا پێداویستییەکانمان لای تۆ دەکڕین و دەچنە لای سەرتاش و پێی دەڵێن ئەگەر ببیتە ئەندام لەمەودوا دێینە لات بۆ سەرچاککردن و …هتد. هاوکاریی ئابوورییان تەنیا ئەندامانی ناو مەکتەب و نزیک بە خۆیان دەگرێتەوە و بەدەر لەوە، بە مەبەستی بانگەشە بۆ زۆرکردنی ڕێژەی ئەندامان. هەرکات دووکاندارێک دەبێتە ئەندامی مەکتەب، لەوە بەدوا سەرجەم مەکتەبییەکان پێدوایستییەکانیان لەوێ دەکڕن و تەماح وەبەرنان، ڕێگەیەکی باوە لەناو باڵی زۆرینەی مەکتەب. ئەم شێوازە لە ژیانی دوورگەیی، سیستمی ئابووریی ڕابردووی جوولەکە وەبیر دەهێنێتەوە کە سەرجەم خێر و بێریان بۆ ناو خۆیانە و خۆیان لە غەوارە جیا کردۆتەوە. لە ئیستادا بەهۆی هەوڵەکانی باڵی زۆرینەی مەکتەب لە بواری ئابووری، ڕوخساری مەکتەبی بە کۆمپانیایەکی بازرگانی دەچوێت.
لەوانەیە زۆربوونی ڕێژەی ئەندامانی مەکتەب قورئان، سەرنجی حیزب و لایەنی سیاسیی ڕاکێشابێت و ئەگەر بە وتەی ئەندامانی مەکتەب قورئان بێت، حیزبەکان و مەکتەب قورئان لە دانوستان و نزیکبوونەوەدان. گریمانەی وەها ئەگەرێک، بە واتای چاوی تەماح بڕینە لە ڕێژەی ئەندامانی مەکتەب بۆ دواڕۆژی دیاری کردنی چارەنووسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.هاوپەیمانییەکی وەها دەشکێت چونکەوەک باس کرا، ستراتیژیی مەکتەب قورئان، دەسەڵاتێکی ئایینیە و شیمانە دەکرێت وەکوو چوار دەیە پێشتر، بچێتەوە پاڵ دەسەڵاتی ناوەند یان ئەوەی کە دژی ڕەوتی زاڵ بوەستێتەوە کە هەمان رەوتی سێکۆلار و نەتەوەیییە.
سەرچاوەکان
[1]: https://www.youtube.com/watch?v=NBpZVMamzW8
[2]: https://www.youtube.com/watch?v=Awa4dgqmp5M
[3]: https://www.youtube.com/watch?v=kv3MVdpfJSY
[5]: https://www.youtube.com/watch?v=qM1FinVn0GM
[6]: https://www.radiofarda.com/a/o2-kurdistan-fundementalism/28565027.html
[7]: https://www.youtube.com/watch?v=IYiyJA8LEPg&feature=youtu.be
[8]: https://www.facebook.com/RadioRudaw/videos/1050769875322284/?t=259
[9]: https://www.youtube.com/watch?v=IPtsE0C1djM&feature=youtu.be