ئارامتر بخوێنەوە!
لە خولیای شۆڕشی ئیسلامییەوە
تا بازنەی داخراوی پێگەیاندنی هەموو تاکەکان
وڵات زاگرۆس
“بۆ باس کردن لە مەکتەبی قورئان، سەرەتا دەبێ ئەحمەدی موفتیزادە وەک دامەزرێنەر و ڕێبەری ئەم لایەنە کە وتار و نووسراوەکانی بووەتە نێوەڕۆکی سەرەکیی هزری ڕێکخراوەکەی و شوێنکەوتوانی بناسین. وتەکانی کاک ئەحمەد و باوەڕ بە ڕێبازەکەی هێڵی سەرەکیی دیاریکەری چالاکییەکانی ئەم لایەنەن -مەکتەبی قورئان لەو دەگمەن لایەنانەیە لە هەنووکەدا، ناوی ڕیبەرەکەی لە خودی ڕیکخراوەکە بەناوبانگترە“
ساڵێک بەر لە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، مەکتەبی قورئان بە ئایدیای بونیادنانی کۆمەڵگا و دەسەڵاتێکی ئیسلامییەوە دامەزرا و لەم ماوەیەدا گەلێک هەوراز و نشێوی بڕیوە بەڵام لەو کاتەوە تا هەنووکە ڕێکخراوترین لایەنی ئیسلامی سوننەیە لە خۆرهەڵاتی کوردستان.
ئەگەر بمانهەوێ لایەنە ئیسلامییەکانی بەشی سوننەی خۆرهەڵاتی نیشتمان بە شێوازێکی گشتی پۆلێنبەندی بکەین دەتوانین ناو لەم لایەنانە بەرین کە بریتین لە:
ڕەوتەکانی سەر بە ئیسلامی سوننەتی: سۆفییەکان؛ زۆربەیان گرێدراوی تەریقەتی نەقشبەندییەن. دەروێشەکان؛ زۆربەی دەروێشەکان لایەنگری تەریقەتی قادرییەن.
ڕەوتەکانی سەر بە ئیسلامی سیاسی: ئیخوانیەکان؛ لەم بەشەی نیشتمانەکەماندا بە ناوی جەماعەتی ئیسلاح و دەعوە خۆیان دەناسێنن. بناژۆخوازە ئیسلامییەکان؛ دابەش دەبن بە سەر لایەنگرانی ئەلقاعیدە، تاڵیبان و داعەش و …کە خەڵک زیاتر وەک سەلەفییەکان ناویان دەبەن. مەکتەبی قورئان؛ یان کاک ئەحمەدییەکان.
ئەمە پێنج گرووپی سەرەکی و لایەنی ڕێکخراوەیی ئیسلامی سوننەتی و ئیسلامی سیاسین لە بەشی سوننەی کوردستاندا – بە دڵنیایەوە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی سوننەی زاگرۆس خۆیان لە ڕێکخستنی هیچکام لەم لایەنانەدا نابیننەوە- لەو پۆلێنبەندیە گشتیەدا کە کردمان، هەموو گرووپەکان خاوەن دوو تاییبەتمەندیی هاوبەشن، جگە لە گرووپی کاکە ئەحمەدییەکان، گرووپەکانی دیکە تایبەت بە تەنیا زاگرۆس و بەشی سوننە نیشینی ئەم بەشەی نیشتمانی ئێمە نین، بەو واتایەی کە لە دەرەوەی زاگرۆس دامەزراون و ئەم لایەنانە وەک لق و شوێنکەوتووی گرووپەکانی دایک-لە دەرەوەی زاگرۆس- دێنە ئەژمار ، بەڵام مەکتەبی قورئان تایبەت بە بەشی سوننە نشینی خۆرهەڵاتی کوردستانە بەو واتایەی کە هەر لەم بەشەی نیشتمانیشدا دامەزراوە و نەشی توانیوە پەل بۆ وڵاتانی دیکە یان ناوچەکانی دیکەی زاگرۆس بکێشێ. هەروەها دامەزرێنەرەکەی-ئەحمەدی موفتیزادە- کورد زمانە و هەر لەم بەشەی نیشتمانیشدا لە دایک بووە و زۆربەی بەرهەمەکانیشی بە زمانی کوردین و باوەڕی بە ژێردەستیی نەتەوەی وڵات داگیرکراوی زاگرۆس بووە و بۆ دەرباز بوون لە دۆخی ژێردەستەییش هەوڵی داوە ـ راست بوون یان هەڵە بوونی شێوازەکەی بابەتێکی دیکەیە ـ ناوبراو لە وتارێکدا کە لە دووهەمین کۆنگرەی ڕێکخراوەی شەمسدا پیشکەشی دەکات دەڵێت» شەمس بۆ ئەم سێ ئامانجە دامەزراوە، لابردنی ستەمی چینایەتی، ستەمی نەتەوایەتی و ستەمی ئایینی.[١] بەڵام دامەزرێنەری هیچکام لە گرووپەکانی دیکە کورد نین و باسێک لە ستەمی نەتەوایەتی ناکەن.
بۆ باس کردن لە مەکتەبی قورئان، سەرەتا دەبێ ئەحمەدی موفتیزادە وەک دامەزرێنەر و ڕێبەری ئەم لایەنە کە وتار و نووسراوەکانی بووەتە نێوەڕۆکی سەرەکیی هزری ڕێکخراوەکەی و شوێنکەوتوانی بناسین. وتەکانی کاک ئەحمەد و باوەڕ بە ڕێبازەکەی هێڵی سەرەکیی دیاریکەری چالاکییەکانی ئەم لایەنەن -مەکتەبی قورئان لەو دەگمەن لایەنانەیە لە هەنووکەدا، ناوی ڕیبەرەکەی لە خودی ڕیکخراوەکە بەناوبانگترە.
ئەحمەدی موفتیزادە ناسراو بە کاک ئەحمەد ساڵی 1313 لە شاری سنە و لە بنەماڵەیەکی ئاینیدا لە دایک بووە. هەر لە منداڵیەوە دەنێردرێتە بەر خوێندنی ئاینی و لەشارەکانی سنە و مەریوان و ماوەیەکیش لە باشوری کوردستان سەرقاڵی خوێندن دەبێت. لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا لە لایەن باوکیەوە دەکرێتە بەرپرسی قوتابخانەی ئایینیی دارالحسان. هەر لەم سەردەمەدا حەفتانە بەر لە نوێژی هەینی لە شاری سنە بۆ نوێژ خوێنان وتار دەخوێنێتەوە و لەم ڕیگەوە زیاتر دەناسرێ. لە ساڵی 1336دەچێتە تاران و لە ڕادیۆ کوردیی تاراندا دەس ئەکات بە کار کردن و هاوکات لە ڕۆژنامەی کوردستاندا کە ئەو کات لە تاران دەردەچوو دەبێتە قەڵەمێکی دیاری ئەو ڕۆژنامەیە. (هەندێ کەس دەڵێن کە ئیمتیازی ڕۆژنامەکە لە لایەن موفتیزادەوە وەرگیراوە بەڵام لەبەر کەمیی تەمەن کراوە بە ناوی کەسێکی دیکەوە) لە نێوان ساڵەکانی 1338تا 1342لە زانستگەی ئیلاهیات وانەی فەلسەفەی ئیسلامی دەڵێتەوە. ساڵی 42 بەر بە کار کردنی لە ڕادیۆ کوردی دەگرن و ڕۆژنامەی کوردستانەکەشی دادەخەن. هەر لەو ساڵەدا بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێراندا دەسبەسەر دەکرێت و وەک لایەنگرانی دەبێژن لە بەندیخانەدا خەونێک دەبینێت و ڕێڕەوی ژیانی دەگۆڕدرێت و هەر لەم بەندیخانەیە لەگەڵ ژمارەیەک مەلای شیعە ئاشنا دەبێ. ساڵی 1351وەک بەرپرسی نووسەرانی ڕادیۆ سنە دیاری دەکرێت و پاش ماوەیەک لە لایەن ساواکەوە بەر بە کار کردنی لە ڕادیۆ دەگیرێت. لە ساڵی 1355دا دەبێتە حاکم شەرعی پارێزگای سنە. لە سەرەتای ساڵی 56دا یەکەمین لقی مەکتەب قورئان لە مەریوان دادەمەزرێنێت و چەند مانگ دوواتر لقی سنەی مەکتەب قورئانیش دادەمەزرێنێت. لە پانزەی مانگی ڕێبەندانی ساڵی پەنجا و حەوتدا حیزبی هاوسانیی ئیسلامی بونیاد دەنێت. لە 27ی ڕەشەمەی پەنجاو حەوتدا بەشداری کۆبوونەوەی ڕێبەرانی ئایینی دەکات لە شاری سەقز. ڕۆژەکانی 20تا22ی جۆزەردانی58 بە دەسپێشخەریی موفتیزادە کۆنفڕانسی خودموختاری لە سنە بەڕێوە دەچێت. لە 11/5/58دا لە بەربژێر بوونی پاڕڵمانی شارەزایانی ئێران دەکشێتەوە، هەر چەن دواترو بە هۆی بانگهێشتی مونتەزریەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەم پاڕڵمانەدا دەکات. لە مانگی خەرمانانی 58دا زنجیرە وتارێک لە حسەینیەی ئێرشادی تاران پێشکەش دەکات و لەواندا بە ئاشکرایی دژایەتیی کەسانێکی وەک خامنەیی و هەندێ دەسەڵاتداری دیکەی کۆماری ئیسلامی دەکات. لە ساڵی 1360دا ڕێکخراوەی شەمس دادەمەزرێنێت و ساڵی 1361 بە فەرمانی ڕاستەو خۆی خومەینی دەستبەسەر دەکرێت[2].[3]
مووسا مووسەوی قەدریجانی، کە لە ساڵی58ەوە بۆ ماوەی سی سال نوێنەری وەلی فەقێ بوو لە ڕۆژئاوای وڵاتی ئێران بەم چەشنە باس لە دەسبەسەر کردنی موفتیزادە دەکات: لەگەڵ فەرماندە بروجێردی- ئەو کات فەرماندەی سپا بوو لە پارێزگای سنە- بەو ئاکامە گەیشتین کە موفتیزادە چووەتە قۆناغی دژایەتیی کۆماری ئیسلامییەوە و هەر بۆیە دەبێ لەبەرامبەریدا بە توندی هەڵوێست بگرین، بەڵام پێمان وابوو دەبێ سەرەتا ئیزن لە ئیمام(مەبەست خومەینیە) وەرگرین نەکا بەم کارەی ئێمە ڕازی نەبێت، هەر بۆیە خۆم چووم بۆ لای ئیمام و باسم لە دوژمنایەتییەکانی موفتیزادە کرد لەگەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا. بەر لەوەی دەریبڕم کە دەمانهەوێ دەستبەسەری کەین، لە نێوانی قسەکانمدا وتی: تا ئێستا دەستبەسەرتان نەکردووە؟ لە کۆتایشدا پێی وتم: هەر لەسەرەتاوە دەمزانی کەسێکی فاسید و مۆفسیدە! بەم چەشنە ڕەزایەتی خومەینی بۆ دەستبەسەر کردنی کاک ئەحمەد وەردەگیرێت و لە ڕۆژی 8ی خەرمانانی 1361دا پاش ئەوەی چەن کەس لە نزیکەکانی وەک فاڕوق فەرساد، سەعدی قوڕەیشی… دەسبەسەر کرابوون خۆیشی ڕەوانەی ئەشکەنجەگاکانی کۆماری ئیسلامی دەکرێت. هەر لە ساڵی 1361دا نزیکەی سەد و هەشتا کەسی دیکە لە ئەندامانی مەکتەبی قورئان دەستبەسەر دەکرێن. زۆربەی گیراوەکان پاش ماوەیەک و ژمارەیەکی کەمیشیان پاش دوو، سێ ساڵ ئازاد دەکرێن. بەڵام کاک ئەحمەد بۆ ماوەی دە ساڵ لە بەندیخانەدا دەمێنێتەوە و لەم ماوەیەدا تووشی دژوارترین ئەشکەنجەکان دەبێت و تەنیا کاتێک بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەزانن کە تەمەنی ناوبراو ڕوو لە کۆتایییە و هەردەم ئیمکانی مەرگی هەیە لە بەندیخانە ئازادی دەکەن.[4] ساڵی حەفتا و یەک پاش چەن هەیڤ لە ئازاد کرانی لە بەندیخانە کۆچی دوایی دەکات.
موفتیزادە خاوەن دیوانێکی شیعر و دەیان وتار و بابەت و دوو نامیلکەیە بە ناوەکانی «بابەتێکی کورت لەمەڕ دەسەڵاتی ئیسلامی» و «لە پەیوەندی لەگەڵ کوردستاندا».
دەکرێ بە کورتی و بە گشتی بیرو باوەڕ و ژیانی کاک ئەحمەد بە سەر سێ قۆناغدا دابەش کەین (لە قۆناغی دووهەمدا مەکتەب قورئان دادەمەرێنێت و بەو پیێەش ئاڵوگۆڕەکانی ژیان و بۆچونەکانی ئیتر لە چوارچێوەی تاکدا نامێنێتەوە و وەک ڕێکخراو کاریگەریی لەسەر شوێنکەوتوان و کۆمەڵگاکەی دادەنێت):
یەکەم؛ قۆناغی نەتەوەیی، ئەم قوناغە تا کاتی دەسبەسەر کرانی لە ساڵی چل و دووی هەتاویدا درێژەی دەبێ. لەم ماوەیەدا ئەندامی حیزبی دێمۆکڕاتە و لە چوارچێوەی ئەم حیزبەدا هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و ئاینییەکانی ئەدات.
دووهەم؛ قۆناغی خەباتی سیاسی بۆ دابین کردنی دەسەڵاتی ئیسلامی، بە گیرانی لە ساڵی شەست و یەکی هەتاویدا کۆتایی پێ دێت. موفتیزادە لەم قۆناغەی ژیانیدا وەک خۆی دەڵێت: بەو ئاکامە دەگات کە بیروباوەڕی نەتەوەیی لاوەکی و بێ ناوەڕۆکە و دەبێ دەستی لێ هەڵگرێت و ڕوو کاتە بە وتەی خۆی ئیسلامی ڕاستەقینە.[5]
لەم قۆناغەدا، هەوڵی کاک ئەحمەد پەروەردە کردنی تاکی موسوڵمان بە پێی قورئان و سوننەت-بە بۆچوونی خۆی- بە مەبەستی ئاراستەکردنی کۆمەڵگا بەرەو حکوومەتێکی ئیسلامییە کە ئەم بەرنامەیە بە هەندێک گۆڕانکاری لە هزر و بیری ناوبراودا تا کۆتایی ژیانی هەر درێژەی هەیە. بەڵام ئەو خاڵەی کە جیاوازییەکی جەوهەریی نێوان ئەم قۆناغە و قۆناغی دواتر پێک دێنێ بەرجەستە بوونی لایەنی سیاسی و ئامانجی سیاسییە لە کار و چالاکییەکانی موفتیزادەدا بە بەراورد لەگەڵ قۆناغی دواتر. واتە هەرچەند موفتیزادە دواتر، قۆناغی شۆڕشی ٥٧ و تێوەگلانیان لە سیاسەتدا بە شتێکی نەخوازراو و ناچاری دەزانێت بەڵام سەرچاوە مێژووییەکان پێمان دەڵێن کە کاک ئەحمەد پێش لە شۆڕشی ٥٧ یش پەیوەندیی لەگەڵ ڕێبەر و زانا ئایینیەکان بە سوننە و شیعەشەوە بووە بە مەبەستی دروست کردنی بەرەیەکی یەکگرتووی ئیسلامی. لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئەمە ڕاستە کە لەگەڵ خومەینی چەندین ساڵە لە پەیوەندیدان دەڵێت: بەڵێ من لە ڕێگەی ئەو مەلایانە کە هاتووچووی عێراقیان دەکرد لەگەڵ ئیمام لە پەیوەندیدا بووم و لە ئامۆژگارییەکانی ناوبراو کەڵکم وەردەگرت».[6]
دواتر کاک ئەحمەد بەم شێوەیە باس لەو قۆناغە دەکات: «…لەبەر ئەوەی لە ڕووی ـ تزکیە ـ[7] پێ نەگەیشتبووین زیانێکی زۆرمان لێ کەوت چونکە کارێکی وا گەورە پێویستی بە ڕێکخستنێکی گەورەیە لە بەر ئەوەی ئێمە لە سەرەتای بانگهێشتندا بووین و ئامادەگیی ئەو کارەمان نەبوو خراپ شکایەوە بە سەرماندا».[8]
سێهەم؛ قوناغی بەندیخانە و چەن هەیڤی ئازادیی پاش بەندیخانە تا کاتی کۆچ کردنی؛ هەرچەن زۆربەی کاتەکانی دەسبەسەرکرانی لە ژووری تاکەکەسی و بێ چاوپێکەوتن بووە و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەیانهێشتووە پەیامەکانی بگاتە دەرەوەی بەندیخانە و لە ئاخری ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ئیزنی ناردنی چەن نامەیان پێ داوە بۆ لایەنگرانی، وەک لەو نووسراوانەدا و لە تۆمارە دەنگییەکانی دەردەکەوێ لەم قۆناغەی ژیانیدا، پەشیمانە لەوەی کە کاری سیاسیی کردووە (پێشتر ئاماژەم بە نموونەیەک کرد) و پێشنیاری ئەوە دەکات بە لایەنگرانی کە خەریکی پاکژکردنی دڵ و دەروونیان بن و خۆیان لە چالاکیی سیاسی و خۆنواندنی کۆمەڵایەتی بپارێزن و خەڵک بۆ لای ئیسلامی ڕاستەقینە (خوێندنەوەی خۆی لە ئیسلام) بانگهێشت بکەن، لە باری هزریشەوە یەکجار لە مرۆڤ دۆستیی گاندی نزیک دەبێتەوە و بۆ نموونە وەک ئەز لە چەن کەسی باوەڕ پێکراوی ئەندامی مەکتەب قورئانم بیستووە دەڵێن: پاش ئەوەی لە لایەن ئەشکەنجەگەرانەوە ئەشکەنجە دەدرا، ئەم داوای لێبوردنی لەوان دەکرد و پێی دەوتن کە بمبوورن بوومە هۆی ئەزیەتی ئێوە!
هەروەها پاش مەرگی خومەینی گەردنی ئازاد دەکات و لە خودا دەپاڕێتەوە کە لە تاوانەکانی خومەینی خۆش بێت.[9]
لە دێڕەکانی دواتردا هەندێک وردتر باس لە چالاکییەکانی موفتیزادە و مەکتەبی قورئان دەکەین.
شۆڕشی گەلانی ئێران و بارودۆخی مەکتەبی قورئان
پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، ئەندامانی مەکتەب قورئان کە بەختەوەریی کۆمەڵگا لە دەسەڵاتی ئیسلامیدا دەبیننەوە، لە ڕیفراندۆمی «بەڵێ-نا» بۆ کۆماری ئیسلامیدا بەشداری دەکەن و دەنگی خۆیان بە کۆماری ئیسلامی ئەدەن.[10]
وەک حەسەن ئەمینی باسی لێ دەکات، ئەندامانی مەکتەب قورئان تا ماوەیەکی کەم بەر لە شۆڕشی گەلانی ئێران ژمارەیەکی بەرچاو نەبوون [11] و کاک ئەحمەد داوای ئەوەی کردبوو لە خومەینی کە سەرکەوتنی شۆڕش دواخرێت!! بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن بەستێن بۆ شۆڕشێکی ئیسلامی لە ناوچەکانی خۆیان ئامادە بکەن بەڵام پاش شۆڕش، پێیان وایە دەبێ ئەو جڤاکەی کە بە وتەی خۆیان هێشتا بۆ شۆڕشی ئیسلامی لەبار نییە، لەگەڵ مەلاکانی تاران ڕێکبخەن و هەربۆیە لە ڕیفراندۆمی بەڵێ-نا بە کۆماری ئیسلامیدا بەشداری دەکەن بێ ئەوەی بزانن چییەتیی ئەو کۆماری ئیسلامییەی کە مەلاکانی تاران خستوویانەتە بەردەم خەڵک بۆ دەنگدان چییە؟
هــــەڵبژاردنی شۆڕاکان لە مانگی خـاکەلێوەی ساڵی 58دابەڕیوە دەچێت و لە شاری سنەدا مەکتەب قورئان دەنگی یەکەم دەهـــێننەوە و لە یانزە کەسی هەڵبژێردراوی خەڵکی ســــنە هەشتیان مەکتەب قورئانی و نزیک لە موفتیزادەن و ئەم سەرکەوتنەش پیشاندەری پشتیوانیی زۆربەی دەنگدەرانی سنەیە لە مەکتەب قورئان و ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە لەم کاتەدا کاک ئەحمەدییەکان-ئیسلامی سیاسی- رێکخراوێکی زۆر شوێندانەر و بەهێز لانیکەم لە شاری سنە دان.[12]
سەرکەوتن لە سنە و بەشداری لە ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامیدا دەکرێ وەک قۆناغی کورتی نێوانخۆشیی مەکتەب قورئان و ئاخوندەکانی بەدەسەڵات گەیشتووی ئێران ناوی لێ بەرین کە سەردەمێکی زۆر کورت دەخایێنێ و پاش ئەوەی کە بۆ موفتیزادە ڕوون دەبێتەوە خودی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی بناغەی هەڵاواردنی سیستماتیکە، دەس ئەداتە چالاکی بۆ ڕیفۆرم لە کۆماری ئیسلامیدا. لە ڕاستیدا کێشەی سەرەکیی ناوبراو لە هەڤبەر یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا پەسەندکرانی بەندەکانی 12 و 115 بوو -تەنیا هەڵاواردنی مەزهەبی- هەر بۆیە پاش پەسەند کرانی ئەم دوو مادەیە بەو ئاکامە دەگات کە دەسەڵاتداران بە هیوای وەدی هێنانی خەونەکانی ئەو نین وەک خۆی دەڵێت: مەخابن، بەداخەوە هەموو ڕێسەکانمان بوونە خوری…ئاخرین هەوڵەکانیشمان بە ئاکام نەگەیشت و بە ڕوونی دەیبینم ئەوەی لە جیاتی بنەما و ڕێڕەوی ئیسلامی دەنووسرێت، دەسنووسێکی مەرگە کە زۆربەی شارەزایانی ناشارەزا یان ئەوانەی دەروەستی کۆمەڵگا نین بۆ خەڵک و بۆ شۆڕشی خەڵکی ئێرانی دەنووسن. هەنووکە ئایدیاکانمان- شۆڕشی ئێران، ئیسلام زیندوو دەکاتەوە و فەریادڕەسی خەڵکانی دیکەش بێت- بوونەتە خەون و خەیاڵ؛ بەو هۆیەی کە کارنامەی شۆڕش- مەبەستی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامییە- خەریکە نێوەڕۆکی شۆڕشیش بەرەو نەمان دەبات… و ڕادەگەینم تا دۆخەکە بەم چەشنەیە، هیچ هیوایەکم بە ڕاست بوونەوەی ڕێگەی شۆڕش نییە.[13]
پێکهێنانی ڕێکخراوەی شەمس (شمس کورت کراوەی شورای مرکزی اهل سنتە)
پاش ئەوەی موفتیزادە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی و هەندێ -نەک هەموویان- لە کاربەدەستانی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی بێهیوا دەبێت، هەوڵ ئەدات ڕێکخراوەیەکی تایبەت بە سوننیەکانی ئێران دامەزرێنێت و لەم ڕێگەیەوە بە ئامانجەکانی، کە پێک هێنانی دەسەڵاتێکی ئیسلامییە کە لە لایەن لێژنەیەکەوە(شۆرا) بەڕیوە بچێت بگات. هەر بۆ ئەم مەبەستەش لە 20ی ڕەشەمەی ساڵی 1358دا نامەیەک بۆ ژمارەیەک لە زانایانی سوننەی سەرانسەری وڵاتی ئێران دەنێرێت و بانگهێشتی دروست کردنی ڕێکخراوەیەکی تایبەت بە سوننەکانی سەرانسەری ئێرانیان دەکات و هەر لە گەڵ ئەم نامەیەشدا پەێڕەو و پڕۆگرامی پێشنیار کراوی خۆی کە پێکهاتوو لە 15 ماددەیە بۆ زانایانی ئایینی
دەنێرێت.[14] یەکەمین کۆنگرەی ئەم ڕێکخراوەیە لە بەهاری ساڵی شەستدا و لە شاری تاران دەگیرێت و پەێڕەو و پڕۆگرامی پێشنیار کراوی ناوبراو بە بێ هێچ دەسکارییەک و تەنیا بە زیادکردنی ماددەی شانزە پەسەند دەکرێت و لێژنەیەکی پێکهاتوو لە دوازدە کەس بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی دیاری دەکرێت، هەرچەند ڕێکخراوەی شەمس خاوەن کەسێکی وەک ڕێبەر نییە بەڵام دیارترین کەسایەتییەکەی موفتیزادەیە و وەک باس کرا لە پێکهێنانیدا دەوری سەرەکیی دەگێڕێت و بۆچونەکانی ڕێڕەوی چالاکییەکانی شەمس دیاری دەکەن.
لێژنە و دەسەڵاتی لێژنەیی، یەکێک لە بنەماییترین بیرۆکەکانی کاک ئەحمەدی موفتیزادەیە بۆ دەسەڵاتداریەتیی کۆمەڵگا و دژایەتیی بەڕیوەبەرایەتیی تاکەکەس دەکات، بەڵام لەو ڕێکخراوەیەدا کە بۆ دەستەبەر کردنی مافی سوننیەکان پێکیهێنا، ئەم هێڵە بنەمایییەی هزری خۆی، لە ژێر پێ ناوە و زۆربەی نزیک بەتەواوی کەسانی بەشدار تەنیا وەک سەیرکەر ئامادەی کۆبوونەوەکان بوون و بەرنامەی پێشنیار کراوی ناوبراو بێ هیچ دەسکارییەک پەسەند کراوە و ماددەی شازدەیش کە بە پەێڕەوی پێشنیار کراوی ناوبراو زیاد دەکرێت، تەنیا بە فەرمی دان بەو ڕاستیەدا دەنێت کە شەمس بەڕێوەبەری سەرەکیی هەیە و خاوەن ڕێبەرە و ئەویش کەس نییە جگە لە کاک ئەحمەدی موفتیزادە، هەر چەن لە مادەی شانزەدا ناوی مەلایەکی بەلووچیش هاتووە بەڵام وەک بەشدارانی کۆنگرەکە باسی دەکەن ناو هێنانی ئەم کەسایەتییە بەلووچەیش بە پێشنیاری موفتیزادە بووە.
کۆماری ئیسلامی هەر زوو دەس ئەداتە دژایەتی کردنی ڕێکخراوەی شەمس و بە گرێدراوی بیانییەکان و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدا بردنی شۆڕش تاوانباریان دەکات و خومەینی ڕێکخستنی سوننییەکانی ئێران لە لایەن شەمسەوە، بە پیلانی ئەمریکا و عەرەبستان ناودێر دەکات و هەڕەشە لە بونیادنەرانی شەمس دەکات و دەڵێت چاوەڕوانی بەرەنجامی چالاکییەکانتان بن.[15]
دووهەمین کۆنگرەی شەمس
لە ساڵی 1361دا موفتیزادە هەوڵ ئەدات کۆنگرەی دووهەمی ڕێکخراوەی شەمس -لە هەندێ شوێندا وەک ساڵیادی دامەزراندنی شەمس ناوی لێ براوە- لە تاران پێک بێنێت؛ بەڵام لەگەڵ دژایەتیی توندی دەسەڵاتداران بەرەوڕوو دەبێ و بە ناچاری شوێنی بەستنی کۆنگرە دەگۆڕێت بۆ کرماشان و لە ماڵی خۆیدا بەڕێوەی دەبات، لە دوازدەکەسی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتی، تەنیا چوار کەسیان ئامادەی کۆنگرەی دووهەم دەبن و هەرچەن ڕێژەی بەشدار بووان زیاتر لە کۆنگرەی یەکەمە بەڵام زۆربەی هەرە زۆری ئامادە بووان کوردن و سوننەکانی دەرەوەی کوردستان، بەشداریان بە بەراورد لەگەڵ کۆنگرەی یەکەمدا زۆر لاواز بوو.[16] پاش ئەم کۆبوونەوەیە و تا ئەو کاتەی موفتیزادە لە ژیاندایە، چالاکییەکی بەرچاو لە ڕێکخراوەی شەمس بەدی ناکرێت و پاش کۆچی دواییی موفتیزادەیش تەنیا چالاکیی بەرچاوی ئەم ڕێکخراوەیە بەستنی کۆنگرەیەک بووە و چەن ڕاگەیاندراوێک کە لە قامکەکانی دەست تێناپەڕن.
پەیوەندیی نێوان مەکتەب قورئان و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی
هەرچەن وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد موفتیزادە لە چەن وتاردا باس لە ستەمی نەتەوایەتی و چینایەتی دەکات، بەڵام لایەنی ئایینی بەسەر چالاکییەکانیدا زاڵە و تەنانەت یەک ماددەیش لە پەێڕەو و پڕۆگرامی شەمس بۆ باس لەسەر مافی نەتەوایەتی و چینایەتی تەرخان نەکراوە و هەموو ئاواتەکانی شەمس لە لابردنی ستەم لە سەر سوننەکان کورت کراوەتەوە. لەیەکێک لە نامەکانی ڕێکخراوەی شەمسدا بۆ خومەینی کە دەکرێ وەک داخوازییەکانی شەمس لە دەسەڵات پێناسەی بکەین هیچ باسێک لە ستەمی نەتەوایەتی ناکرێت و داخوازییەکانیان بەم چەشنە کورت دەکەنەوە هاوسانیی شیعە و سوننە لابردنی حیزب و حیزبگەرایی-مەبەست دەسەڵاتێکی ئیسلامیی ڕەهایە کە موسوڵمان بوون بنەمای کارەکانی بێت نەک لایەنگری ڕێکخراوەیی و حیزبی – چەسپاندنی دروشمی نا بۆ ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات-مەبەست ئەمریکا و یەکیەتیی سۆڤیەتی ئەو کاتە -.[17] ڕەنگە لێرەدا ئەو پرسیارە بێتە ئاراوە کە بۆچی هەڵوێستەکانی ڕێکخراوەی شەمس وەک هەڵوێستی کاک ئەحمەد یان مەکتەبی قورئان ناودێر دەکرێت؟ وڵامی ئەم پرسیارە لە خاڵی شازدەهەمی پەیڕەو و پڕۆگرامی ڕێکخراوەی شەمسدایە کە ئاماژە بەوە دەکات، هیچ چالاکی و ڕاگەیاندراوێکی شەمس نابێ بێ چاوەدێریی ناوبراو و مەولەوی عەبدولعەزیزی مەلازادە بەڕیوە بچێت. هەروەها لەم ماوەیەدا و تا کۆچی دواییی موفتیزادە، ناوبراو کەسی یەکەم و وتەبێژ و دەربڕی هەموو داخوازییەکانی مەکتەب قورئانە. کاک ئەحمەد چالاکییەکانی ڕێکخراوەی شەمس بە دژی مەکتەب قورئان نازانێت و پێێ وایە بۆ یەک ئامانج (دەسەڵاتی ئیسلامی) هەوڵ ئەدەن بەڵام بە جیاوازیی ئەرکەوە و بەم چەشنە باس لە جیاوازیی نێوان شەمس و مەکتەبی قورئان دەکات، شەمس لێژنەی بەڕیوەبەریی سوننەکانی ئێرانە، لە دوو بارەوە چالاکییەکانی لەگەڵ چالاکیی مەکتەب قورئان جیاوازی هەیە؛ مەکتەب قورئان سەرقاڵی کاری بناغەیی ئیسلامی و ڕاهێنانە بە پێی ئامۆژگارییەکانی قورئان، بەڵام شەمس ئەرکەکانی ڕواڵەتی و لە ڕێڕەوی بەڕیوەبەرایەتیی ئیسلامی و ئەو ئەرکانەی لەم پەیوەندیەدا دەکەوێتە سەرشانی چالاک دەبێت.[18]
هاوکات لەگەڵ ئەم چالاکییانەی موفتیزادە، شەڕێکی دژوار بەسەر خەڵکی زاگرۆسدا سەپێندراوە و خومەینی دژ بە نەتەوەی کورد لە 28ی گەلاوێژی 1358دا فتوای جەهادی دەرکردووە، بەڵام مەکتەبی قورئان و لە ساڵانی دوواتردا ڕێکخراوەی شەمس لەبەرانبەر فتوای جەهاد و هێرشەکانی دیکەدا بێ هەڵوێستە-بەڵگەیەک بۆ دژایەتیی هێرش بۆ سەر کوردستان لەلایەن مەکتەبی قورئانەوە لەم سەردەمەدا نییە، یان لانی کەم من بەرچاوم نەکەتووە- تەنانەت لێژنەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە ئیسلامییەکان (ئەوان موفتیزادە وەک ڕێبەری خۆیان پێناسە دەکەن و ڕادەگەیەنن شــــــوێنکەوتووی ڕێبــازی خومەینیشن) لە پەیامێکدا کە بۆ خومەینیی دەینێرن پشتیوانیی خۆیان لە هێرش بۆ سەر کوردستان دەردەبڕن و دەڵێن: کوردستان لە چنگی ناپاکان، ساواک، فیدایی، دەرەبەگ و دێمۆکڕاتەکان بەم هێرشە ڕزگاری دەبێت.[19] هەر لە کاتی هێرش بۆ سەر زاگرۆسدا کاک ئەحمەد لە ڕاگەیاندراوی 21ی پوشپەڕی ساڵی 59دا دەڵێت: لە ئێستا بەدواوە کاری ئێمە تەنیا پەروەردەو بارهێنان و بانگەشەی ئیسلامییە، بێ ئەوەی خۆمان سەرقاڵی کێشە سیاسییەکانی ڕۆژ بکەین (هەرچەن ناوبراو پابەندی ئەم وتەیەی خۆی نابێت و ماوەیەکی کورت دوای ئەم وتارە هەوڵی پێکهێنانی ڕێکخراوەی شەمس ئەدات). لایەنگرانم ئەگەر کردار یان دروشمێکیان بە ناباش زانی ئەوپەڕی دژکردەوەیان دەبێ ئەوە بێت کە لەگەڵی هاوڕێ نەبن.[20] لە چەن وتار و نووسراو و ڕاگەیاندراوی دیکەدا و لە کاتێکدا چەن کەس لە نزیکانی موفتیزادە دەسبەرسەر کراون و زاگرۆس لە ئاور و ئاسنی دەسەڵاتی داگیرکەردا دەسوتێت، بانگەشە بۆ بێدەنگی و خۆ دوور گرتن لە بەرەنگاریی ڕەوا، دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک لە مەکتەبی قورئان دوورکەونەوە و بە پێی بەرواردەکان هێزە شۆڕشگێڕەکان (حدکا، چریکە فیدایەکان و کۆمەڵە) لە شاری سنە دەستی باڵا پەیدا بکەن. کاک ئەحمەد لە وتارێکدا کە مانگی خەرمانانی 58 لە حسەینیەی ئێرشادی تاران پێشکەشی دەکات لەم پەیوەندییەدا دەڵێت: من بە ئیمامم(مەبەست خومەینیە) وت: ئەم شۆڕشە ئیتر ئیسلامی نییە، کۆنەپەرەستیە. لەسەر شانم واجبە بە دژی خەبات بکەم، بەڵام بە خاتری ئەم خەڵکە موسوڵمانە دژ بەم کۆنەپەرەستییە خەبات ناکەم.[21] پرسیار ئەوەیە موفتیزادە کە تێگەیشتووە شۆڕش لە ڕێگەی خۆی لای داوە، بۆچی و هەر لەبەر خاتری خەڵک دژی ئەم کۆنەپەرەستییە خەباتێکی ڕەوا و لە بەرەی هێزەکانی دیکەی کوردستاندا ناکات؟ دەکرێ بێدەنگییەکەی بەو چەشنەش لێک بدەینەوە کە ناوبراو کۆماری ئیسلامیی (بە هەموو بەلاڕێدا چوونەکانیەوە لە ڕوانگەی ناوبراوەوە) لە لایەنە کوردییەکان پێ باشتر بوو بێت، هەر چەن لایەنگرانی بە توندی ئەم بۆچوونە ڕەد دەکەنەوە. موفتیزادە لە یەکێک لە نووسینەکانیدا لەمەڕ لایەنە کوردییەکان دەڵێت: ئەوەی لە کوردستان ڕوو ئەدات تێکەڵێکە لە 1. داخوازییە ڕەواکانی خەڵک 2. ئاوات و خولیای ئینقلابی، کە تێکەڵی هزری دەرەکی و سیاسەتی دەرەکی بوون و دەکرێ لە ڕێگەی شۆڕشێکی ئیسلامییەوە ئەو ئاوات و خەیاڵانە دەستەبەر بکرێن .3. پیلانی دژی گەلیانە و گرێدراوی ڕیکخراوە سیخوڕیەکانی ئیمپریالیستی کە هەندێ کات خۆیان لە ژێر دەمامکی پشتگیریی مافی نەتەوایەتیدا دەشارنەوە و هەندێ کاتیش بە هێنانە پێشەوەی هەندێ کەسی بە ڕواڵەت ئاینی و لە ڕاستیدا بووکەڵەی کایەی ئەو لایەنانە، بەکرێگیراوانی ئەنجامدانی ئەم پیلانانە لە ڕێگەی ئەم کەسانەوە بە خەڵکی ناوشیار وەک دڵسۆز و لایەنگری خەڵک دەناسێنرێن.[22]
کۆماری ئیسلامی ئەو بێدەنگی و بێ هەڵوێستیەی مەکتەبی قورئان، وەک هەلێک بە قازانجی خۆی دەقۆزێتەوە و بە دنەدانی هەستی ئایینی و ناساندنی هێزە شۆڕشگێڕەکانی وڵات بە دژە ئایین ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی مەکتەبی قورئان تێکەڵاوی سپای داگیرکەر دەکات و دژ بە هێزە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان شەڕیان پێ دەکات. هەر لەم پەیوەندییەدا حەسەنی ئەمینی دەڵێت: «ناکرێ حاشا لەو ڕاستییە بکەین کە زۆر کەس لەوانەی بوونە جاش سەرەتا هاوکارییان لەگەڵ ئێمە دەکرد، بەڵام کاتێک زانیان ئێمە دژایەتی بە ئەندام بوونیان دەکەین لە ناو سپادا وردە وردە یان کشانەوە یان لە مەکتەبی قورئان چوونە دەرەوە».[23]
هەرچەن مەکتەب قورئان و کاک ئەحمەد، لە سەرەتادا کۆماری ئیسلامی بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن، بەڵام دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، بەردەوام دژ بەم ڕەوتە پیلان دادەڕێژن بۆ نموونە لە شاری سنە دژ بە موفتیزادە پشتیوانی لە سەفدەری دەکەن، لە لایەکی ترەوە لە کاتێکدا مەکتەب قورئان دەنگی یەکەمی ئەو کاتی شاری سنە و هاوپەیمانی دەسەڵاتدارانی تارانە، بەلام بە پێچەوانەی خواستی ئەمان، ئیبراهیم یۆنسی دەکرێتە پارێزگاری سنە و وەک حەسەن ئەمینی دەڵێت؛ کاک ئەحمەد بە هۆی ئەوەی عاشقی ئیسلام بووە لەبەرامبەر ئەم ستەمانەی حاکمییەتدا و بۆ پاراستنی ئیسلام هیچ دژکردەوەیەکی ئەنجام نەدا.[24] خاڵی سەرسوڕهێنەر ئەوەیە کە موفتیزادە لە ساڵی شەست و شەشدا و پاش چەندین ساڵ بەندیخانە و ئەشکەنجەی خۆی و دەیان هاوڕێی و کوژرانی هەزاران کەس لە خەڵکی ئێران و دانیشتوانی زاگرۆس بە فەرمانی خومەینی و شوێنکەوتوانی کە مونتەزیریش ئەو کات دووهەمین کەسی کۆماری ئیسلامی بوو لە نامەیەک کە لە بەندیخانەوە بۆ مونتەزیری دەنێرێت، باس لەوە دەکات کە بەردەنگی نامەکە-مونتەزێری- لە گەڵ خومەینی کەسانێکن کە حەز بە سەرکەوتنی ئیسلام دەکەن و حەز بە شەرمەزاریی دین ناکەن هەر بەم هۆیەش ڕێزیان لێ دەگرێت.[25]
ئەمانە بەڵگەی ئەو ڕاستییەن کە هەرچەن موفتیزادە لە زۆر شوێندا باسی لە ستەمی نەتەوایەتی کردووە، بەڵام لای ئەو گرینگ ستەمی ئایینی بووە و دەسەڵاتی بە ناو ئایینیی بە هەموو خراپەکانیەوە لە دەسەڵاتێکی نائایینی پێ باشتر بووە.
لێرەدا دەبێت دان بەو ڕاستییەشدا بنێین کە ژینگەی سیاسی و هزریی ئەو کاتی کوردستان، بە تایبەت لە ناو هەندێک لە لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا بە جۆرێک بووە کە ئەم لایەنانەی بە ئاشکرا لە خانەی دژبەرانی مەکتەب قورئان و بەرنامە و پێڕەوی ئەو دادەنا، بەڵام نابێ ئەوەش لەبەرچاو نەگرین کە لە بەرانبەردا کاک ئەحمەدیش هەموو کات بە شک و گومانەوە سەیری هەموو لایەنە غەیرە ئیسلامییەکانی کوردستانی بە بێ جیاوازی کردووە و لە زۆر کاتیشدا بە توندی هێرشی کردووەتە سەر هەموویان (کە نموونەیەکی زۆر بچوکیان لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا)، ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەڵوێستێکی هەر لەو جۆرەی(دژبەرانە) بەرانبەر بە دەسەڵاتی ناوەندی لانیکەم لە یەک ساڵی ئەوەڵی دوای شۆڕشدا زۆر کەمتر (بە نیسبەت لایەنەکانی تری کوردستان) لێ دەبینین. هۆکاری ئەمە دەتوانین لە چوارچێوە فکرییەکەی کاک ئەحمەد و لایەنی بەرانبەریدا بدۆزینەوە کە هەر دوولا (مەکتەب قورئان و لایەنە چەپەکان بێجگە حدکا) ڕزگاریی تاکی کورد نەک لە خوێندنەوەیەکی کوردانە بۆ ئەو کاتی کوردستان، بەڵکوو لە جیهانبینیەکی سەرووکوردیدا دەبیننەوە کە تێیدا فاکتەری کوردبوون و مافی کورد وەک نەتەوەیەک، وەکوو خاڵێکی کۆکەرەوە و هاوبەش لە ناو هەموو لایەنەکاندا، لە دەرەجەی دووهەم و سێهەمدایە. لەم حاڵەتەدا لایەنێک دەیهەوێ مافی کورد لە ژێر چەتری دەسەڵاتێکی ئیسلامی وەدەس بێنێت[26] هەربۆیە نائاسایی نییە ئەگەر خۆی لە دەسەڵاتێکی ئیسلامی (ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت) نزیکتر بزانێت و لەو لاشەوە لایەنێکی تر دەیهەوێ شەڕی چینایەتی و خەبات بۆ هەرچی بەرجەستەتر کردنەوەی سنوورەکانی چینایەتی بکات بۆیە هیچ نائاسایی نییە ئەگەر دژبەرایەتیی کۆنەپەرەستی و دواکەوتوویی-بە خوێندنەوەی خۆیان- لە لایەنی بەرانبەردا بکەن.
بەڵام دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هیچکات باوەڕیان بە موفتیزادە -لە بەشی گیرانی ناوبراودا نموونەیەکم هێنایەوە کە بۆچوونی خومەینی لەمەر موفتیزادە چۆن بووە- یان هیچ لایەنێکی دیکە نەبووە. لەم پەیوەندییەدا ڕێکخراوەی چریکە فیدایییەکان دەنووسن: موفتیزادە چەندین جار سەردانی شارەکانی قوم، تاران، بەلووچستان و کرماشانی کرد کە هۆی تەواوی ئەم سەردانانە سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بوو وەک ڕێبەری سوننەکان و کوردەکان. بەڵام بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی، کێشەیەکی بنەڕەتی لە ئارادا بوو، ئەویش بێ بڕواییی خومەینی و کومیتەکانی لایەنگری خومەینی بوو بەرانبەر بە ئەحمەدی موفتیزادە.[27]
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر چەن ڕۆژ بەر لە دەسبەسەر کرانی و لە نامەیەکدا کە بۆ خومەینیی دەنێرێت، ئاستی داخوازییەکانی دێنێتە کەمترین ئاست و دەڵێت: من لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە تەنیا دوو تاوانم هەیە یەکەم ئەوەی کە دەمهەوێ چاکسازی لە یاسای بنەڕەتیدا بکرێت، دووهەم ئەوەی کە لەبەرانبەر کرداری زاڵمانەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە هەڤبەر خەڵکدا ناڕەزایەتی دەردەبڕم.[28] ئەم دێڕانە پێشاندەری ئەوەن کە موفتیزادە لەم سەردەمەشدا بە هیچ چەشنێک خوازیاری لە نێو بردنی کۆماری ئیسلامی نییە و هەر خوازیاری چاکسازییە لە سیستمێکدا کە پێشتر ڕایگەیاندبوو هیچ هیوایەکی پێی نەماوە.
کاک ئەحمەد سەرەڕای باوەڕی لە ڕادەبەدەری بە خومەینی و دەسەڵاتی ئیسلامی، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە و بەر لە هەموویان خودی خومەینیەوە زیاترین ئەشکەنجە و ئازاری بەسەردا سەپا، کۆماری ئیسلامی لە مێژووی خۆیدا و تا هەنووکەش هەموو لایەنەکانی دۆستی خۆی تەنیا بۆ بەردەبازی سەرکەوتن و هێشتنەوەی خۆی ویستووە و پاش ئەوەی کەڵکیان نەماوە یان بەرانبەری ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بە هەر چەشنێک بۆی کرابێت لە نێوی بردوون، هەر چەن ڕەنگە ئەو کات دژوار بووبێت بەڵام هەنووکە زۆر ساکارە بەو ئاکامە دروستە بگەین کە کۆماری ئیسلامی نە ڕیفۆڕم هەڵگرە و نە لە ڕێگەی خەباتی نەرم و نیانەوە لە نێو دەچێت.
چەن داهێنایکی کاک ئەحمەد لە باوەڕە ئیسلامییەکاندا
لە تایبەتمەندیەکانی هزری کاک ئەحمەد گرنگی دان بە عەقڵی مرۆڤە کە وای لێ دەکا بە پێی سەردەم و کۆمەڵگای خۆی و دنیای ئیسلام، سەرلەنوێ خوێندنەوەیەکی تر بۆ ئایین بکات و لەگەڵ ئەوەدا مافی ئەوەش بە زانایانی ڕابردوو و هاوچەرخی خۆی ئەدات کە بە پێی تێگەیشتن و خوێندنەوەی خۆیان باس لە بابەتە ئاینییەکان بکەن ئەم مافەش بۆ خۆی دەپارێزێت کە خوێندنەوەی تایبەتی خۆی لە دین هەبێت.[29] ئەم چەشنە بیرکردنەوەیە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەمارگرژی و خۆ بە حەق زانین و ئەوانی دیکە بە ناحەق لەقەڵەمدان تا ڕادەیەکی زۆر کەم بێتەوە و لە ڕاستیدا لە ڕێژەگەرایی نزیک دەبێتەوە و هەر ئەم تایبەتمەندییە هزریەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خۆی و پاشان شوێنکەوتوانی لە ڕەوتە ئیسلامییەکانی دیکە نەرم و نیان تر بن.
یەکێک لە ناسراوترین و مشتومڕهەڵگرترین بیرۆکەکانی کاک ئەحمەد، کێشەی بوونی کافر لە سەردەمی ئێستە و باقی سەردەمەکاندایە. لەم پەیوەندیەدا موفتیزادە بەو ئاکامە دەگات کە لەم سەردەمە و زۆر لە سەردەمەکانی تری مرۆڤایەتیشدا کافر بوونی نییە یا نەبووە.[30] ئەم بیرۆکەیەی کاک ئەحمەد لە لایەن هیچ زانایەکی ئایینیی ناسراوی دیکەوە نەسەلمێندراوە و شوێنکەوتوانیشی وەک پێویست نەیانتوانیوە بڕەوی پێ بدەن، دەنا ئەگەر بیرۆکەیەکی لەم چەشنە بوایەتە بیرۆکەی زاڵ لە هزری موسوڵماناندا ڕەنگە شایەدی زۆر لە ڕەوتە ئیسلامییە بناژۆخوازەکان و جەنایەتەکانی داعش و… بەرانبەر خەڵکی ناموسوڵمان نەبوایەتین.
موفتیزادە لە کۆتاییەکانی ساڵی حەفتا و لە بەندیخانەوە بەم چەشنە لەمەڕ بەردەباران کردن بیرو باوەڕی خۆی دەردەبڕێت؛ بەردەباران کرانی مرۆڤ بە هیچ چەشنێک بە دروست نازانم و حوکمەکەی بە دژی قورئان و بە نائیسلامی دەزانم. سەرەڕای ئەوەی بەردەباران کردن دژی ئامۆژگارییەکانی قورئانە، پرسیار ئەوەیە: کەسێک کە خوا بە گەورەترین بەخشەندەکان و پێغمبەری ئیسلام بە ڕەحمەت بۆ هەمووان و دنیا بزانێ، چۆن دەتوانێ باوەڕ بکات کە یاسایەکی ئاوا دژەمرۆڤانە، لەگەڵ بەزەیی و بەخشینێکی وەها مەزندا پێکەوە کۆ ببنەوە؟
لە مانگە سەرەتاییەکانی شۆڕشدا کە کەشوهەوایەکی شۆڕشگێڕانە بەسەر شاری سنەدا زاڵە و شار جمەی دێ لە خۆپیشاندان و شوعار و شەڕ و گوللە، جارێکیان لە شەقامێکی سنەدا کچێک بەرەو ماشینێک کە موفتیزادە و هاوڕێیانی تێیدا دەبن دێت و بە»خائین» و «خۆفرۆش» ناوی دەبات، لەو کاتەدا هەڤاڵانی موفتیزادە زۆر پێیان گران دەبێت و دێن کە پەلاماری کچە بدەن بەڵام موفتیزادە پێشگرییان لێ دەکات و پێیان دەڵێ کە ئەم کچە بە تێگەیشتنی خۆی وادەزانێ کە من خائینم، بۆیە ئەو لە بەرانبەری خائین و خۆفرۆشدا هەڵوێستی نیشان داوە کە ئەمە زۆر کردارێکی جوان و شۆڕشگێڕانەیە، هەر چەندیش کە من خۆم دەزانم خەیانەتکار
نیم.[31] دواتر هەر ئەم شتە ڕاست لە نووسراوەکانی کاک ئەحمەددا ڕەنگ دەداتەوە و لە بارەی هەڵسوکەوت لەگەڵ دژبەراندا ئەم بۆچوونە بە شوێنکەوتوانی پێشنیار دەکا و ئەم چەشنە تلۆرانسە بۆ جڤاکی ئێمە یەکجار پێویستە یەکێک لە هۆکانی ئاشتەواییی کۆمەڵگایە.
ئەم چەن نموونەیەم بۆیە هێنایەوە بۆ ئەوەی خوێنەر تێبگات کە بۆچوونەکانی کاک ئەحمەد بەرانبەر ئایین، خاوەن گەڵێک شتی نوێن و بە عەقڵییەتێکی جیاوازەوە ئایینی لێکداوەتەوە، هەر بۆیە شوێنکەوتوانیشی لەباری ئایینییەوە لەگەڵ لایەنە ئایینییەکانی دیکە گەلێک جیاوازن.
هەر وەک پێشتر باسم کرد چەن هەیڤ پاش ئازاد بوونی لە بەندیخانە، موفتیزادە کۆچی دوایی دەکات و لە شاری سنە بە خاک دەسپێردرێ، لەم سەردەمەدا هەر وەک سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران زیاترین لایەنگری مەکتەبی قورئان لە شاری سنەدان و ژمارەیەکی کەمیش لە شارەکانی دیکەی پارێزگای سنە، هەر چەن ئامارێکی فەرمی لەسەر لایەنگرانی هیچ کام لە ڕێکخراوەکان تا هەنووکەش لەبەردەستدا نییە بەڵام وێدەچێت بە بەراورد لەگەڵ ئەو کاتەی کە دەنگی یەکەمیان لە شاری سنە هێنایەوە، ڕێژەی لایەنگرانیان بە هۆی بێدەنگی بەرانبەر شەڕی کۆماری ئیسلامی دژ بە نەتەوەی کورد دابەزیبێت.
یەکەم قۆناغی پاش کاک ئەحمەد
ئەم قۆناغە لە کۆچی دوایی موفتیزادەوە دەس پێدەکات و تاکوو تیرۆری یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ناوبراو بە ناوی فاڕووق فەرساد درێژەی دەبێ، فەرساد کاتێک لە شاری ئەردەبیل دەبێ (لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دوور خراوەتەوە بۆ ئەو شارە) لە لایەن ڕێژیمەوە تیرۆر دەکرێ. لەم ماوەیەدا لایەنگرانی مەکتەب قورئان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەک مەترسی بۆ سەر دەسەڵات چاویان لێ دەکرێ و ڕێبەران و کەسانی بەناوبانگی مەکتەبیش لە هەر کۆبونەوەیەکدا بە شاراوەیی یان ئاشکرا، دژایەتیی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەردەبڕن و خوازیاری لەناو چوونین و تەنانەت هەڵوێستی فاروق فەرساد بەرانبەر کۆماری ئیسلامی، لە هەڵوێستی ڕیبەرەکەی توندوتیژترە. لەم ماوەدا ئەندامانی مەکتەب قورئان لەگەڵ ئەوەی خەریکی پەروەردە و بارهێنان (یا خود وەک موفتیزادە ناوی دەبات،تزکیە)ی خۆیانن، هاوکات ئەو قسەیەی کاک ئەحمەدیشیان کردووەتە چرای ڕێگای تێکۆشانیان: «بێ گومان هیچ میللەتێک نابێت لە بەرانبەر پێشێل کردنی مافەکانیدا بێ دەنگ بێ، بەو هۆیەی کە لە بیرو باوەڕی ئیسلامیدا، ستەملێکراوێک کە ملکەچی نادادپەروەری دەبێت، گوناهی لە ستەمکار زیاترە».[32] بە تیرۆری فاروق فەرساد ئەم قۆناغە کۆتایی دێت و دژایەتیی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامیش لە لایەن لایەنگرانی مەکتەب قورئان ڕوو لە کزی دەکات.
تا ئەم قوناغەش زۆربەی ئەندامانی مەکتەب قورئان سەر بە توێژێکی تایبەتە و کەمتر وەک لایەنێک دەردەکەوێ کە هەمووان لە هەر چین و توێژێکەوە ببنە ئەندامی و دیسانیش زۆربەیان هەر لە دانیشتوانی شاری سنەن.
پاش تیرۆری فاروق فەرساد تا ساڵی75
لەم ماوەیەدا کێشە نێوخۆییەکانی مەکتەب کە پێشتر کاک ئەحمەد لە نامەکانیدا هۆشداری لەمەڕ داوە و یەکێک لە هۆکارەکانی کشانەوەیان لە سیاسەتیش بەوە ناو دەبا، زیاتر سەرهەڵئەدەن و دوو ڕەوتی جیاواز و دوو بۆچوونی جیاواز لە نێو مەکتەبدا ساز دەبێت، جیاوازییەکانی دوو لایەن یەکیان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە مەکتەب قورئان وەک موفتیزادە بۆی دیاری کردووە دەبێ سەرقاڵی پەروەردە و ڕاهێنانی ئیسلامی و قورئانی بێ و کاری بە سیاسەت نەبێ وەک خۆیان باسی لێ دەکەن قوناغی هەنووکە قوناغی بانگهێشتن-دەعوەت[33]-ە. لایەنی دیکەی مەکتەب قورئان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەبێ خەریکی چالاکیی سیاسیش ببن، هەروەها لایەنی یەکەم لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە شێعر و وتار و نووسراوەکانی کاک ئەحمەد بۆ ئەم قۆناغەی کاریان تەواوە و کاریان بە بۆچونی هیچ زانایەکی دیکەی ئیسلامییەوە نییە. لایەنی دووهەم پێی وایە کە دەبێ کەڵک لە بۆچوونی زانایانی دیکەش وەربگیرێت و تەنانەت بە نیسبەت زۆر لە بۆچوونە بنەماییەکانی موفتیزادەش خوێندنەوەی تەواو جیاوازیان هەیە و پێیان وایە دەبێ سەر لە نوێ بەو بۆچوونانەدا بچنەوە.
جیابوونەوە لە نێو ئەندامانی مەکتەب قورئاندا و چالاکییەکانیان
ئاکامی جیاوازیی بۆ چوونی ئەم دوو لایەنە لە ساڵی 75دا دەبێتە هۆی ئەوەی کە لێکترازان لە ڕیزەکانی مەکتەب قورئاندا ڕوو بدات، لایەنی دووهەم کە پێشتر بە کورتی باسمان لە بۆچونەکانیان کرد بە سەرپەرەستیی حەسەن ئەمینی بە»مەکتەب قورئانی کوردستان» ناسراون و لایەنەکەی دیکە وەک خۆیان دەڵێن بە ڕێبەرایەتیی لێژنەیەکی بەڕیوەبەرایەتی (شورا یەکێک لە بنەما هزرییەکانی موفتیزادەیە بۆ بەڕیوەبەرایەتی ئیسلامی) کە وتەبێژ یان دیارترین کەسایەتییان سەعدی قوڕەیشیە،ئەم لایەنە بە «لیژنەی بەڕێوەبەرایەتیی مەکتەب قورئان» دەناسرێن.
. لایەنی سێهەمیش کە بە «ڕەخنەگران» ناویان دەبرێت و لە ساڵی ٨٩ بەدواوە بەرە بەرە لە لایەنی سەعدی قوڕەیشی جیا بوونەوە. ئەمانە بەهۆی ئەوەی کە کار و چالاکی یا تەشکیلاتێکی بەرچاویان نەبووە کەمتر لە ناو خەلکدا ناسراون بەڵام کێشەی سەرەکییان لەگەڵ لێژنەی بەڕیوەبەرایەتیی مەکتەب قورئان، دەگەڕێتەوە بۆ بەوتەی خۆیان «چاوەدێری»ی سەعدی قوڕەیشی و دەسەڵاتی ڕەهای ئەو لە لێژنەی بەڕیوەبەرایەتیدا.
هەرچەن بە هۆی کەشی داخراوی کوردستان، ئامار و ڕێژەی ئەندامانی هیچ لایەنێک بە ڕوونی دیار نییە، بەڵام وێدەچێ لایەنگرانی شۆڕا یان لیژنەی بەڕێوەبەرایەتیی مەکتەب قورئان لە زۆرینەدا بن. بە پێی ئەو بەدواداچوونانەی کە خۆم کردوومە، لایەنگرانی حەسەن ئەمینی (خۆی وەک حاکم شەرعی کوردستانیش دەناسێنێت) کەمینەن و تەنیا لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری سنە کۆبوونەوەی بەردەوامیان هەیە، بەڵام لایەنگرانی باڵی شۆرا لە زۆربەی شارە سوننەکانی پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ئورومیە کۆبوونەوەی هەفتانەیان هەیە. (هەر شانەیەکی ڕێکخراوەکە[34] بە جیا و هەر ماوەیەک جارێک لە ماڵی یەکێک لە ئەندامانی شانەکە کۆ دەبنەوە). لەم کۆبوونەوانەدا بە پێی تەمەن و ئاستی تەشکیلاتی شانەکە باس لە بابەتە جیاوازەکان دەکرێت و هەندێ کاتیش شانەکان لە کۆبوونەوەکەیاندا وانەبێژێک-بە پلەی سەرتری تەشکیلاتی- دێنن و وانەیان پێ دەڵێتەوە و باسە ئیسلامییەکانی ئەم لایەنە لە وتار و بابەت و شێعرەکانی موفتیزادە تێناپەڕێت. هەروەها ئەم لایەنە لە منداڵەوە بۆ گەورە و لە ئاستە تەمەنییە جیاوازەکاندا، ژن و پیاو پۆلی جیاواز و تایبەتیان هەیە. ئەم لایەنە لە ماوەی پانزە ساڵی ڕابردوودا زیاتر خۆیان سەرقاڵی کاری بازرگانی کردووە بە هۆی ڕیکخراوە بوونیشیان و ئازادی چالاکیان لەم بوارەدا تا ڕادەیەک زۆر سەرکەوتوو بوون.
بە وتەی لایەنگران و کەسە ناسراوەکانی ئەم لایەنە لە ئێستەدا مەکتەب قورئان (مەبەستیان باڵی سەر بە خۆیانە) بە نیسبەت زەمانی کاک ئەحمەد ئەندام و لایەنگری زۆر زیاتری هەیە و ئەمە خۆی نیشانەیەکی باشە بۆ ئەوەی کە بزانین ڕێبازەکەی کاک ئەحمەدمان ون نەکردووە و باش ڕێگەمان بڕیوە.
بەڵام لە هەمان کاتیشدا ڕەخنەگرانیان ئەمە بە پێوەرێکی باش بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە نازانن و لە بەرانبەردا دەڵێن ئەوەی کە زیاتر لە هەشتاد لە سەدی هەڤاڵە کۆنەکانی کاک ئەحمەد و ئەوانەی کە سەردەمێک لەبەر بڕوا بەو ڕێبازە کەوتوونەتە بەندیخانە، ئێستە لە ناو مەکتەبدا نەماون، نیشانەیەکی باشە بۆ ئەوەی کە بزانین هەڵەیەک کراوە و دەبێ بە خۆماندا بچینەوە.[35]
بە باوەڕی ئەز، بەرز بوونەوەی ڕێژەی ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتیی مەکتەب قورئان بۆ چەن هۆ دەگەڕێتەوە؛ یەکەم، بە هۆی ڕێکخراوە بوونیان و چالاکیی سەرکەوتوانەیان لە بواری بازرگانیدا، زۆر کەس لەبەر وەدەس هێنانی قازانجی تاکەکەسی دەبنە ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیە. دووهەم؛ پێم وایە کۆمەڵگای کوردی بە گشتی دژی کۆماری ئیسلامین و ئەندام بوون لە مەکتەبی قورئاندا بە چەشنێک پیشاندەری ئەم بێزارییە لە کۆماری ئیسلامی لە هەمان کاتیشدا ئەم بێزاری دەربڕینە نابێتە هۆی نرخ دان و کێشەیەک بۆ ئەندامان پێک نایەت هەر بۆیە دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی ڕێژەی ئەندامانی مەکتەب قورئان. سێهەم؛ کەم بوونەوەی چالاکیی حیزبەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە بۆشایییەکی سیاسی لە کوردستاندا پێک بێت و مەکتەبی قورئانیش کەڵکی خۆی بۆ کۆکردنەوەی ئەندام لەم کەشە وەرگرتووە. چوارەم؛ زۆربەی بە ئەندام بوونەکان بنەماڵەییە و منداڵی ئەم بنەماڵانە هەر لە منداڵییەوە بە هۆی ئەو پۆلە تایبەتییەی بۆیان دادەنێن، ئاوێتەی ئەم گرووپە دەبن و یەکجار کەمن ژمارەی ئەو ژنانەش کە هاوسەرەکەیان ئەندامی مەکتەب قورئان بێ و خۆیان بتوانن هەڵگری بیروباوەڕێکی جیاواز بن. پێنجەم؛ کۆماری ئیسلامی گرفتێکی ئەوتۆ بۆ بانگەشە و چالاکییەکانی هیچ لایەنێکیان پێک ناهێنێت. بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەندامانی»لیژنەی بەڕێوەبەرایەتیی مەکتەب قورئان» بە هەر هۆیەک بێت ئەو ئەنجامەی لێ کەوتوەتە کە ئەندامانیان لە تەنیا چین و توێژێکی تایبەتدا قەتیس نەبێ و لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا توانیویانە لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای سوننەی زاگرۆس ئەندام و لایەنگر کۆ بکەنەوە و ببنە ڕێکخراوترین لایەنی سوننەی خۆرهەڵاتی کوردستان.
لایەنگرانی حەسەن ئەمینی هەندێ کات بە ڕاگەیێندراو بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر پرسەکانی ڕۆژ دەردەبڕن و هەوڵی هاوپەیوەندی و یەک گوتاری لەگەڵ سوننەکانی دەرەوەی کوردستانیش ئەدەن و ئایدیایان دامەزراندنی دەسەڵاتی ئیسلامییە، بەڵام لایەنی دووهەم لەهەڤبەر هیچ چەشنە پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بە فەرمی بۆ کۆمەڵانی خەڵک باس لە بۆچوونی خۆیان ناکەن.
دیارترین چالاکییەکانی هەر دوو باڵەکە بریتین لە دیاری کردنی ڕۆژەکانی جەژنی قوربان و ڕەمەزان، بەدەر لە حاکمیەتی تاران و کۆبوونەوەی مەولودی خوێنی کە لەم کۆبوونەوەیەدا زیاتر شێعرەکانی کاک ئەحمەد دەخوێندرێتەوە. ئەوەی دیارە نە ئەم چالاکییانە و نە چالاکیی بازرگانیی باڵی شۆرا، هیچ مەترسییەک بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی درووس ناکەن و ڕێژیم وەک مەترسی بۆ سەر خۆی بە ئەژماریان ناهێنێت.
موفتیزادە لە یەکێک لە نامەکانی ئاخری تەمەنیدا، کە بۆ شوێنکەوتووانی ناردووە نووسیویەتی: «بەدڵنیایەوە ئەرکی ئێوە ئەوەیە کە خۆتان لە هەر چەشنە کارێکی سیاسی بەدوور بگرن»، هەروەها پێان ڕادەگەینێت کە «دەبێ خۆیان لە خۆنواندن و دەرکەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی دوور بگرن».[36] باڵی شۆرا بە ئاماژە بەم وتانەی ناوبراو، لایەنی حەسەن ئەمینی بە لادەر لە ڕێگەی کاک ئەحمەد ناو دەبەن و خۆیان بە شوێنکەوتووی ڕاستەقینەی ڕێبازەکەی دادەنێن.
بە پێێ نووسراوەکانی کاک ئەحمەد بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی دابمەزرێ و یاسای ئیسلامی بەڕیوەبەرێت، پێویستە تاک بە تاکی ئەو کۆمەڵگایە لەگەڵ حاکم یان نوێنەری دەسەڵاتداری ئەو جڤاکە بەیعەت بکەن و ئەگەر تەنانەت یەک کەسیش بەیعەتی نەکرد حوکمی ئەو دەسەڵاتە ئیسلامییە لەسەر ئەو یەک کەسەدا جێبەجێ ناکرێت.[37] هەروەها جارێک لە وەڵام بە کاک فاروق فەرساد کە لێی دەپرسێ کەی هەلومەرجی»مەککی»[38] بۆ ئێمە تەواو دەبێ؟ دەڵێ «فاروق گیان، سەدوپەنجا ،دووسەد ،شایەدیش سێ سەد ساڵی تر.»[39]
ئەم بۆچوونە لە دنیای ئەمڕۆدا زیاتر لە خەون نزیکە تا بینینی ڕاستییەکانی کۆمەڵگا و ڕوونە هیچکات و لە جڤاکی سەردەمدا کە هەزاران بیروبۆچونی جیاواز و میدیا و ڕاگەیاندنی جیاوازی هەیە، ئەو ڕۆژە نایەتە دی کە تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگایەک وەک یەک بیر بکەنەوە، کە واتە قۆناغی بانگهێشتی مەکتەب قورئان وەک بازنەیەکی داخراو وایە کە تا هەتاهەتایە دەبێ لە ناویدا بخولێنەوە -یا خود کاتێک گەیشتن بە دەسەلات، بە ژمارەی بۆچوونی تاکەکان یاسا دیاری بکەن- ئەگەر شوێنکەوتوانی بیانهەوێ بەتەواوی شوێن کەوتووی موفتیزادە بن. لێرەدا پرسیارگەلێک لە هەڤبەر چالاکییەکانی باڵی لێژنەی بەڕیوەبەرایەتی دێتە ئاراوە: قۆناغی بانگهێشتن و تەزکیە کەی تەواو دەبێ؟ ئاخۆ ئامانجی لایەنێکی ئیسلامی دەتوانێ بەدەر لە دەسەڵاتێکی ئیسلامی بێت؟ ئەگەر بە هیوای چالاکیی سیاسی نین بە شێوازی حیزبێکی دیاریکراو، مەبەستیان لە هەوڵەکانیان بۆ ڕێکخستنی لایەنگرانیان-هەر وەک حیزبێکی سیاسی- چییە؟ یا خود ئەوان کاتێک هەوڵی بەدەستەوەگرتنی ئامرازەکانی دەسەڵات-ئابووری- ئەدەن، لە دوواڕۆژدا چۆن خۆیان لە بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات دەپارێزن؟
ئەم پرسیارانە لە داهاتوودا و پاش کۆماری ئیسلامی وڵامەکەی ڕوون دەبێتەوە.
بەڵام لە ڕوویەکی دیکەوە دەتوانین ئەم قسەیەی کاک ئەحمەد بەم چەشنەیش لێک بدەینەوە؛ ناو براو زانیویە هیچکات کۆمەڵگایەک وەدی نایەت هەمووان وەک یەک یان ئیسلامی بیر بکەنەوە، هەر بۆیە ئەم وتەیە دەتوانێ بەو ماناش بێت کە لایەنگرانی بگەنە ئەو قەناعەتەی کە هیچکات هەوڵی سەپاندنی یاسای ئیسلامی نەدەن و لە ڕاستیدا بەو ئاکامە بگەن کە ئایین پەیوەندیی نێوان تاک و خودایە نەک ئامرازیک بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگا و وەدەس هێنانی دەسەڵات و دەکرێ وەک هەنگاوێکی باش چاوی لێبکەین بۆ جیایی نێوان ئایین و سیاسەت.
درەنجام
مەکتەبی قورئان هەر وەک لە سەرەتادا باسم کرد ڕەوتێکی ئیسلامیی کوردییە و بە داهنێنانەکانی کاک ئەحمەد لە ئاییندا لەگەڵ زۆر لە بایەخ و پڕنسیبەکانی هەنووکەی مافەکانی مرۆڤ یەک دەگرێتەوە و ئەگەر دەیان هەوێ لە چوارچێوەی یاساکانی داگیرکەردا یاری نەکەن دەبێ وەک ڕێبەرەکەیان دەڵێت: لە هەڤبەر نادادپەروەرییەکاندا دژکردەوە پیشان بدەن و باری نەتەوەییی هزری کاک ئەحمەد، زیاتر بەرجەستە کەنەوە و وانەکانی ڕابردوو، ئەوانی هێنابێتە سەر ئەو قەناعەتەی کە بێ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوایەتی، هیچ کێشەیەکمان لە بنەڕەتەوە چارەسەر ناکرێ. هەرچەن ڕزگاری لە ژێردەستیی نەتەوەیی سەرەتای ڕێگەیە و نیشتمان دەبێ جێگەی هەمووانی تێدا بێتەوە، ئەمە بەو واتایە نییە خەبات بۆ لابردنی ستەمەکانی دیکە دووا بخەین بۆ کاتێکی دیکە. بە پێچەوانەوە بەو واتایەیە کە نابێ هیچکام لە خەباتەکانمان دژی یەک بن و هەمووشیان بە ڕۆحێکی زاگرۆسییەوە بەڕیوە ببرێن و بەر لە هەموو لایەنگرییەک ئێمە ئەو ڕاستییە قەبووڵ کەین کە کوردین پاشان ئاینی یان چەپ یان فیمینیسم یان….
تێبینی: بە هۆی ئەوەی کە شیکاری و بابەتی زانستیانە لەمەڕ دۆخی هەنووکەی لایەنەکانی شوێنکەوتووی کاک ئەحمەد زۆر دەگمەنە، خۆم هەوڵمداوە بە وتووێژ و پرسیار کردن لە چەن کەسی لایەنگری هەر سێ باڵەکە تا ئەو شوێنەی دەکرێ زانیاریی دروست کۆ بکەمەوە.
سەرچاوەکان
- کدیور، محسن، جفای جمهوری ئیسلامی بە احمد مفتیزادە،ل 143، 9/2/97
- موفیدی، سەباح، کارکرد سیاسی دین در کردستان، گۆڤاری ڕۆژەڤ، گۆڤاری خوێندکارانی کوردی زانستگەی تاران، ژمارەی یەکەم، 1385، ل74-115
- بۆ نووسینی ئەم ژیاننامەیە بێجگە لە سەرچاوەی ئاماژە پێکراو، سەردانی ماڵپەڕەکانی مەکتەبی قورئانم کردووە و کەڵکم لەوانیش وەرگرتووە. هەروەها خۆم وت و وێژم لەگەڵ چەن کەسی باوەڕ پێکراوی لایەنگری موفتیزادە کردووە.
- کدیور، محسن، جفای جمهوری ئیسلامی بە احمد مفتیزادە،ل168-187، 9/2/97
- نامە ژمارە2 بۆ ئەندامانی مەکتەب قورئان، موفتیزادە لە بەندیخانەوە30/4/69. لە ساڵی 67بە دواوە لە بەندیخانەوە زنجیرەنامەیەک بۆ دەرەوە دەنێرێت. ژمارەی ئەو نامانەی کە بۆ ڕێنمایی و وڵامدانەوە بە پرسیارەکانی ئەندامانی مەکتەب قورئان دەیان نێرێت 12دانەیە.
- وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی تهران مصور31/4/1358. علامە احمد مفتی زادە و کوردستان- کۆکراوەی بێهزاد خۆشحاڵی.
- پاکژکردنەوەی دڵ و دەروون؛ (موفتیزادە خوێندنەوەی تایبەتی خۆی بۆ ئەم چەمکە هەیە)
- چۆن و لەکوێوە دەس پێ بکەین، وتووێژ لەگەڵ کامەران حەمە سەعید، ل76
- کدیور، محسن، جفای جمهوری ئیسلامی بە احمد مفتیزادە،ل210، 9/2/97
- موفیدی، سەباح، کارکرد سیاسی دین در کردستان، گۆڤاری ڕۆژەڤ، گۆڤاری خوێندکارانی کوردی زانستگەی تاران، ژمارەی یەکەم، 1385، ل74-115
- یاد ایام،بەشی دووهەم، گۆڤاری ڕاه ما،ل٢٥
- موفیدی، سەباح، کارکرد سیاسی دین در کردستان، گۆڤاری ڕۆژەڤ، گۆڤاری خوێندکارانی کوردی زانستگەی تاران، ژمارەی یەکەم، 1385، ل74-115
- کدیور، محسن، جفای جمهوری ئیسلامی بە احمد مفتیزادە،ل51-52، 9/2/97
- کدیور، محسن، جفای جمهوری ئیسلامی بە احمد مفتیزادە،ل73-79 ، 9/2/97
- کدیور، محسن، جفای جمهوری ئیسلامی بە احمد مفتیزادە،ل90، 9/2/97
- کدیور، محسن، جفای جمهوری ئیسلامی بە احمد مفتیزادە،ل134-137، 9/2/97
- نامەی ڕێکخراوەی شەمس بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی،8/3/1360
- کدیور، محسن، جفای جمهوری ئیسلامی بە احمد مفتیزادە،ل141، 9/2/97
- علامە مفتیزادە و کردستان، کۆمەڵە بەڵگەی چاپەمەنی، کۆکراوەی بێهزاد خۆشحاڵی
- کدیور، محسن، جفای جمهوری ئیسلامی بە احمد مفتیزادە،ل68، 9/2/97
- موفیدی، سەباح، کارکرد سیاسی دین در کردستان، گۆڤاری ڕۆژەڤ، گۆڤاری خوێندکارانی کوردی زانستگەی تاران، ژمارەی یەکەم، 1385، ل74-115
- کدیور، محسن، جفای جمهوری ئیسلامی بە احمد مفتیزادە،ل240، 9/2/97
- وتووێژ لەگەڵ حەسەن ئەمینی، گۆڤاری چشم انداز ایران، تایبەت بە کوردستان، ژمارەی2.
- وتووێژ لەگەڵ حەسەن ئەمینی، گۆڤاری چشم انداز ایران، تایبەت بە کوردستان، ژمارەی2.
- کدیور، محسن، جفای جمهوری ئیسلامی بە احمد مفتیزادە،ل202، 9/2/97
- موفیدی، سەباح، کارکرد سیاسی دین در کردستان، گۆڤاری ڕۆژەڤ، گۆڤاری خوێندکارانی کوردی زانستگەی تاران، ژمارەی یەکەم، 1385، ل74-115
26.چاو پێکەوتنی کاناڵی NRT لەگەڵ سەعدی قوڕەیشی، بەشی سێهەم، 28/3/98
- نامەی سێی خەرمانانی 1361 بۆ خومەینی
- چۆن و لەکوێوە دەس پێ بکەین، وتووێژ لەگەڵ کامەران حەمە سەعید، ل14
- موفتیزادە، ئەحمەد، ئیمان و کفر، ماڵپەڕەی لێژنەی بەڕیوەبەرایەتی مەکتەبی قورئان، 16/11/1387
- وت و وێژ لەگەڵ کیهان ٨/١٢/١٣٥٧
- ڕەنگە بوترێ ئەوان بە خۆیان ناڵێن شانەی تەشکیلاتی و کەسیش خاوەن پلەی تەشکیلاتی نییە، ئەم بۆچونە بە ڕواڵەت ڕاستە بەڵام بۆ دابەش کردن و گەیاندنی مەبەست، هێنانی وشەی شانە ی تەشکیلاتیم پێ پێویست بوو، هەروەها دروستە بە فەرمی پلەی تەشکیلاتی لە ناو مەکتەب قورئانیەکاندا دیاری ناکرێ، بەلام هەر کەس ئاشنای کۆبونەوەکان و خۆیان ببێت دەزانێ بە شێوازی نافەرمی پلەی تەشکیلاتی لە ناو ئەندامانی مەکتەبی قورئاندا هەیە.
31.ئەم بەسەر هاتەم لە یەکێک لە ئەندامانی باوەڕ پێکراوی مەکتەب قورئان بیستووە.
- بە باوەڕی کاک ئەحمەد و لایەنگرانی لە ئێستادا ئەرکی ئەمان تەنیا پێگەیاندنی خۆیانە و بانگهێشتنی خەڵکانی دیکەیە بۆ ڕێبازەکەیان. ئەوان ئەم قوناغە وەک قۆناغی دەعوەت پێناسە دەکەن.
- کدیور، محسن، جفای جمهوری ئیسلامی بە احمد مفتیزادە،ل217، 9/2/97
- کدیور، محسن، جفای جمهوری ئیسلامی بە احمد مفتیزادە،ل197، 9/2/97
35.از منتقدین بە نظارت خاص،تراژدی مکتب قرآن،28/5/96، کاناڵی تێلێگرامی کۆڕی هاوڕێیانی نوێ
36.کدیور، محسن، جفای جمهوری ئیسلامی بە احمد مفتیزادە،ل217، 9/2/97
37.کدیور، محسن، جفای جمهوری ئیسلامی بە احمد مفتیزادە،ل197، 9/2/97
- قۆناغی «مەککی» و «مەدەنی» بە ئیلهام وەرگرتن لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام ناودێر کراوە و مەبەست لە قۆناغی مەدەنی ئەو قۆناغەیە کە خەریکی پەروەردە و بانگهێشتنن، بەڵام قۆناغی مەدەنی قۆناغی ئاشکرا بوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتە.
- چاوپێکەوتنی کاناڵی NRT لەگەڵ فوئادی ڕۆحانی28/3/98


