ئارامتر بخوێنەوە!
توتالیتێری تێئۆکڕات و لایەنگری تیرۆریزم
ڕۆژبین بۆکانی
“پوست مودێڕنیتە خاوەن ئەو بۆچوونەیە کە تەواوەتی چەمکە موتڵەق و باڵادەستەکان، پێکهاتە خوازییەکی دەستکردن و شوناسێکی توتالیتارییان هەیە. بە واتایەکی ڕوونتر لە چەمکی بە جیهانی بووندا کە پۆست مۆدێڕنیتە پێشەنگیەتی و لە دیسکۆرسی ئەودا دەردەکەوێ هێچ چەمکێکی ئابسلووتمان نییەو ئەوەی هەیە و نییە کاتییە و دەروازەی ڕەخنە و چاکسازی و داڕشتنەوەی لە سەر گرێژەنەی پشت بۆ کراوەتەوە“
سەرەتا هەوڵ دەدرێ پێناسەیەکی گشتی بۆ ئوتۆریتە و دەسەڵاتخوازیی مرۆیی بخرێتە ڕوو. دوایە گوتاری زاڵی ئایدیۆلۆژیی ئیسلام و بە تایبەت ئیسلامی سیاسی و کاریگەری وباندۆڕی ئەو ڕەوتە لە سەرکۆمەڵگا و بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد تاوتوێ بکرێ.
بە گشتی مرۆڤ بوونەوەرێکە، ئاوەزی لە دەسەڵات و میرایەتی تێر نابێت و پلە و قاتێکی بەرز و بڵیندی دیاریکراویشی تێدا نابیندرێ. هەر بۆیە ئەگەر بەربەست و ستۆپێکی بۆ دەستنیشان نەکرێ، دەسەڵات و توانستەکەی بە ئاقارێکی شەڕاژۆیی و دژە مرۆییدا دەڕوات و هەموو فاکت و نیشانە و خسڵەتە پاقژە مرۆڤایەتییەکان ژێرپێ دەخات و بە قەولی دوڕکیمی کۆمەڵناس، لە وەها دۆخێکدا کۆمەڵگایەکی ئانۆمی و بێ ئەخلاق و بێ یاسای لێ دەکەوێتەوە. یانی لە ئەساسدا یاسایەک مانای واقعیی خۆی نامێنێ، هەتا ئیدیۆمی «سەروەریی یاسا» مانایەکی هەبێ. لە وەها دۆخێکدا جڵەوی دەسەڵات لە جیهانبینیەکی لۆژیک و ئەندێشەیەکی پاک ڕەهەندەوە، دەکەوێتە قەوارەیەکی ڕێژیم ئاسای نێڕۆن و هیتلێر وسەدام و خومەینیزمەوە. سەیرئەوەیە ئەو جۆرە حکوومەتانە بە ژانڕە جۆراوجۆرەکانیەوە، هەموویان بە شێوەیەک سێبەری ئایینیان بە سەرەوە بووە و یەکێ لە کەرەسەکان و کۆڵەکەکانی دەسەڵاتە زاڵمانەکانیان، کەڵک وەرگرتن لە وزە و پوتانسیەلی ئایینە کە فۆبیایەکی ڕەشی هەمەگیر، دۆڵپا ئاسا، دەکاتە باری قورس و هەمیشەییی مێشکی مرۆڤی چەوساوە .
بۆ ئەوەی لە نێوان دەسەڵاتە سەرەڕۆ و دێموکڕات خوازیدا مابەین و جیاوازیەک دابنێین و بە زمانێکی سادە و ساکار دێموکراسییەت لە دەسەڵاتێکی ئابسلووتی دیکتاتۆڕ جیا بکەینەوە، دەڵێین دێموکراسی دوو نیشانەی سادەی هەیە:
لە دەسەڵاتی دێموکڕاسیدا، گەل هەست بە ئەمنیەت و ئاسایش دەکاو ترس و فۆبیا مانایەکی ئەوتۆی نییە.
دێمۆکراسی جۆری دامەزراندن و بە دەسەڵات گەیاندنی دەسەڵاتدار نییە، بەڵکوو ئەو توانست و ئازادییەیە کە گەل بتوانێ زۆر بە ئاسانی و بێ گیر وگرفت حاکم یان دەسەڵاتدارێک لە سەر کورسی دەسەڵات وەلا بنێ.
لە پاتۆلۆژیی ئۆتۆریتەی توتالیتێرەکان، بە تایبەت ئۆتۆریتەی تێئۆکڕاتیسمدا، چونکە لە لایەکەوە نایانەوێ و ترسیان لەوەیە کە هاکا دەسەڵاتیان لێ بستێندرێتەوە و بە زۆری نەک بە خوایشت لە کورسیی سەدارەت وەلا بندرێن، لە لایەکی کەشەوە بۆ ئەوەی کەرامەت و مەزنایەتیی خۆیان بە سەر چینی کۆیلە و بندەستدا بکەنە خاڵی هەرە پیرۆز و دایمی، پەیتا پەیتا خەریکی سازاندنی قارەمان و سلێبریتی دینین.
هەر قــــەوارەیەکی حـــکوومی و دەسەڵاتخوازی، بە هەر جۆرە فاکتێکی دیاری کراوی ئۆتۆریتەیەوە، دەبێ لانیکەمی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دابین بکات. سەرەتاییترینی ئەو فەکت و پێداویستییانە: یەکەم، نان، کار، ئازادی. دووهەم: دابین کردنی ئەمنیەت و ئاسایشی گشتی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتییە.
نان، کار، ئازادی: کاک دوکتور قاسملووی شەهید لە گوتارێکدا ئاماژە بە ویست و داخوازیی «شەمچەیەک» دەکات، واتا «شەمچەیەکی» لە حکوومەتی توتالیتێر تێئۆکڕاتی ئێرانی ویستوە. دوایە دەفەرموێ: شەمچە، ئاوردووی دەوێ. شوێنی ئاور کردنەوەی پێویستە و… زۆر شتی دیکەی پێویستە تاکوو بتوانی ئاورەکەی پێ بکەیتەوە. لە سیاسەت و ئۆتۆریتەی دەسەڵاتدا، دوو چەمک و پارسەنگن کە باڵانسی هێز و جووڵەی مرۆڤ ڕادەگرن. یانی نان بە بێ دابین کردنی کار مانایەکی نییە و کاریش بە بێ هەبوونی نان ناتەواو و نامومکینە. لە واقیعدا هەر دووکیان چەمک گەلێکی ئۆبژەکتیون و دەبێ بە ڕوونی کۆمەڵگا هەست بە بوونیان بکات، ئەگەریش نان و کار لە قەوارەی تێئۆریەوە نەکەونە چوارچێوەی گوتاری پڕاکتییەوە ئەوە بێ گومان دەبێتە سوبژەکتیوێکی خەیاڵاوی وبەس!
زۆربەی دەسەڵاتە سەرەڕۆکان نەیانتوانیوە و ناتوانن کۆمەڵگاکەیان لە کار و نانی پێویست پاراو بکەن. چونکە یاسا و داڕێژەی دەسەڵاتیان بۆ ئاسایش و بەرژەوەندیی مرۆڤایەتی نییە و زۆرتر بۆ کۆت و زنجیری کۆیلایەتییە. دەسەڵات و ئۆتۆریتەیەکی ڕەشی ڕەها، نە تەنیا کار و نان دابین ناکات، بەڵکوو لە دەمیشیان دەگرێتەوە. دیارە ڕاگرتنی جەماوەر لە بێکاری و کەمداهاتیدا، بە پێی پڕۆسە و داڕێژەی ڕەوتی حکوومەتداریەکەیانەوەیە تاکوو کۆمەڵگایەکی نەمرنەژی و بێ ئەنوا چێ بکەن و مرۆڤگەلێکی پاسیڤ و بێ لایەنی لێ بکەوێتەوە.
لە دەسەڵاتە ڕەها و فەندەمینتاڵییەکاندا بە تایبەت فەندەمینتاڵی ئیسلامی ئێرانی/فارسی ـ چونکە ئەم باس و وتانە زۆرتر لە قەوارەی ئەم حکوومەتەدا خول دەخوات ـ زۆربەی گوتاری زاڵ بە سەر ئەدەبیاتی حکوومی و یاسای گشتی و دێسکۆرس و وێژمانی ئەو دەسەڵاتە، دەکەوێتە چوارچێوەی تەیمانی سوبژەییەوە و چونکە دەسەڵات و شوناس و پیرۆزیەکان لە سوبژەیەکی موتەڵەقی متافیزیکییەوە وەرگیراون و دیارە لە ڕوانگەی ئەوانەوە هەر جۆرە ڕەخنەیەکیش لە وەها پیرۆزی گەلێک ناکرێ و نابێ ببێ و تابۆیەکی ڕەش و حەرامەتییە.
لەو حکومەتانەدا کاتێ نان و کار دەچێتە سەر پشتی شێر، دیارە ئازادی تەواو پەڕاوێز خراوە و بە تاک و کۆوە لە ژێر زەخت و گوشارێکی دەستنیشان کراودان.
دابین کردنی ئەمنیەت و ئاسایش بەستراوەتەوە بە عەداڵەت و دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی عەداڵەت لە وڵاتدا. لە هەموو دەسەڵاتە ئایدۆلۆژیستەکاندا، ئازادی بە هیچ شێوەیەک ڕەنگ و مانای نییە و لە کوولەکەی تەڕیشدا نێوی نییە. لە کۆمۆنیزمی ئیستالینیزمی پێشوو و کۆریای باکووری ئێستا، لە نازیسمی ئاڵمان، فاشیسمی فرانکۆ و فاشیسمی ئیتالیاوە بگرە هەتا زۆربەی دەسەڵاتە سەرەڕۆکانی ئەم سەردەمەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، کە زۆربەشیان خۆیان دەبستنەوە بە ئایین و ئایینزاوە و هەموویان خاوەن توتم و هێماگەلێکی نگەتیڤی تایبەتین، وەک تاک حیزبی بوون، تاک ڕێبەری و ڕێبەر خودایی، خوێنڕێژی و سەرکوتگەری، فۆبیایی بوون، نارسیسم و… هیتد.
لە هەمووی ئەو دیکتاتۆڕە سانترالیزمانەدا، عەداڵەت و ئەمنیەت بە دەگەمەن دەبیندرێ. ئەگەریش عەداڵەتێک هەبێ بۆ لایەنگرانی دەست و گوێ لە مستەکانی خۆیانە و پشت گوێ خستنی خواست و خوازەی زۆرینەی کۆمەڵگایە. لە هەر ڕێژیمێکدا ئەگەر دوو لایەنی چەکداری و دادپەروەری و داد، هاودەست بن و چاو لە کرداری نگریسی یەکتر بپۆشن، گەندەڵی بە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵگادا ڕۆ دەچێ؛ تەواوی ئازارەکەشی دەکەوێتە چاو و دەروونی جەماوەری بێ دەرەتانەوە. لە لایەکی ترەوە دەسەڵاتی ڕەها بە ئەنقەست بێ عەداڵەتی و نائەمنی و بشێوی بڵاو دەکاتەوە و پەرەی پێ دەستێنێ، تاکوو کۆمەڵگا لە ئازارێکی ڕۆحی و ڕەوانیدا بتلێنەوە و کۆمەڵگایەکی نەخۆشی ئانارشیسم و ئانۆمیکی لێ بخۆڵقێت.
وەک گوترا دەسەڵاتی مۆنۆلۆگی ئیسلامی شیعی ئێران، بەرایی بوونی خۆی بە مێتافیزیکەوە گرێ داوە. ئەم حکومەتە ئابسلووتە، لە سەر یاسای موتڵەقییەت و ڕەها ڕاوەستاوە و خۆی دەبەستێتەوە بە بنەما پێرۆزەکانی ئیسلام و بە گەرمیش پڕۆپاگەندەی ئەوەش دەکات کە ئێمە ئیسلامی ڕاستەقینەین و ڕەوت و کردار و بۆچوونمان لە سەر ئەساسی ئیسلامی «شیعی ئەسناعەشەرییە» و بە هیچ شێوەیەکیش ڕەخنە و دەستێوەردان لە یاسای بنەڕەتی دەسەڵاتدا بوونی نییە، چونکە ئیسلام دینی متافیزیکییە و مرۆڤ توانستی ئەوەی نییە کە تێڕوانینی جیاوازی هەبێ و ڕەخنەی لێ بگرێ. جێی ئاماژەیە ئەم فاکتە یەکێ لە خاڵە گرینگەکانی کونتراست و پاڕادۆکسیکاڵی نێوان پوست مودێڕنیتە و دەسەڵاتە ئیسلامییەکان بە گشتی و دەسەڵاتی ئاخوندی بە تایبەتییە. پوست مودێڕنیتە خاوەن ئەو بۆچوونەیە کە تەواوەتی چەمکە موتڵەق و باڵادەستەکان، پێکهاتە خوازییەکی دەستکردن و شوناسێکی توتالیتارییان هەیە. بە واتایەکی ڕوونتر لە چەمکی بە جیهانی بووندا کە پۆست مۆدێڕنیتە پێشەنگیەتی و لە دیسکۆرسی ئەودا دەردەکەوێ هێچ چەمکێکی ئابسلووتمان نییەو ئەوەی هەیە و نییە کاتییە و دەروازەی ڕەخنە و چاکسازی و داڕشتنەوەی لە سەر گرێژەنەی پشت بۆ کراوەتەوە؛ لە باری فەلسەفییەوە ئەم خاڵەی کە باس کرا یەکێ لەو چەمکە گرینگانەیە کە ئیسلام لە بەرانبەریدا ڕاوەستاوە و بە کردەوە دژایەتی دەکات و لەبەر ئەوەی بە کردارو پڕاکتیکانە نەیتوانیوە بەربەرەکانێی لەگەڵ بکات، لە تیروریزم کەڵک وەردەگرێ و ئیسلامی سیاسی لێ کەوتوەتەوە کە ڕەگ و ڕیشەی هەموو تیرۆریزمێکی ئیسلامی دەگەڕێتەوە سەر ئیخوانییەکان. ئەگەر مۆرفۆلۆژیکی هەموو حیزب و لایەنە ئیسلامییەکان ئانالیزە بکەین، بە منۆلۆگ و ڕادیکالیسم و لیبڕالیسمی ئیسلامییەوە لایەنێکی وا نابینین کە بە کردەوە و بە ئاشکرا، دژایەتیی ئیخوانییەکان بکات، مەگەر ئەوەی ڕەخنەی ئەوەیان لێ بگرێ کە لە باری دێسپۆتیسم و فەندەمینتاڵیەوە کەمتر پاسیڤ و ناچالاک بووبێتن.
هەر بەو پێیە بۆمان دەردەکەوێ کە توتالیتێری ئێرانی مۆنیسمە و دژی مۆدێڕنیسم و بە تەواوەتی دژی پۆست مۆدێڕنیسمە. چونکە سفەت و خوازەی ئەم ڕێژیمە فەندەمینتالیسمە تاک ڕەهەندی، بیر تەسکی، دژی فرە دەنگی و فرە ڕنگییە، لە بەرانبەردا پۆست مۆدێڕنیتە ڕەنگاڵە بوون و پلۆڕالیسم هێمای بنەڕەتییەتی و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تازەگەری و کرێژ هاویشتنی پێوە دیارە. ئەم هەمووە هاژ و گیف و تیرۆریزم پەروەرییەی وەها ڕێژیمێک هەڕەشە بۆ دژکردەوەی بە جیهانی بوونە، پەلەقاژەی نەتوانەوە و خۆ نەگونجاندنە، خۆ قەتیس کردن و ڕاسیسمێکی ئیسلامی سیاسییە کە توانایی گۆڕینی فکر و ئەندێشەیەکی فەناتیکی نییە و هەر بۆیە پەنا دەباتە بەر تیرۆر و شەڕاژۆیی و تۆقاندن و ئاژاوە.
پۆست مۆدێڕنیزم بە گشتی لەگەڵ هەر جۆرە ڕەوت و بزاوتێکی ئیدئۆلۆژیستی و بیرۆکەیەکی چوارچێوەدار ناتەبایە و نکۆڵیی لێ دەکات. هەرچەندە لەو پێناوەدا، بەشێک بیرمەندانی ئیسلامی وەک پڕۆفیسۆر ئەکبەر . س. ئەحمەد بڕوایان بە دوو پۆست مۆدێڕنیسمە واتا( ڕۆژئاوایی. ئیسلامی). بەڵام ئەم تیۆرییە لە گەڵ بنەما زانستییەکانی کۆمەڵناسی و پۆست مۆدێڕنیتەیی پاڕادۆکسە و دژایەتیی قووڵی تێدایە، چونکە زۆرێک لە چەمکە ئیسلامییەکان نەگۆڕ و لە سەر بۆچوونی لە مێژینەیی خۆی سوور و مسۆگەرانە پێداگرە و دیارە پۆست مۆدێڕنیش قەبووڵی نییە. تایبەتمەندییەکی دیکەی پۆست مۆدێڕن پلۆڕالیسمە و ئەم چەمکە لە گەڵ ڕەوتە ئیسلامییەکان و بە تایبەتی ئیسلامی جیهادی و فەندەمینتاڵخۆاز و سەلەفییەت زۆر جیاواز و نا ئاشنایە. ترس وشەڕی ئیسلامی بناژۆخواز و تیرۆرپەروەر لە سەر ڕەوتی بە جیهانی بوونە. ئەم ڕەوتە دوو ڕەهەندی گەورەی بۆ ئیسلامیستەکان خستوەتە ڕوو:
دێموکڕاسی و پلۆڕالیسم گەورەترین دوژمنی سەرەکیی دنیای ئیسلامن، چونکە جیلی نوێ و چاو کراوە لەگەڵ دنیای ئەنتێڕتێت و پێوەندییە خێراکان، ڕەهەندە بەرفراوانەکانی دێتە بەرچاو و ئیدی ناتوانێ لەگەڵ دەسەڵات و ئۆتۆریتەی داخراودا هەڵبکات؛ بەهاری عەڕەبی، شۆڕشی سەر شەقامی ئەم دواییانەی بەغدا و ناوچە شیعە نشینەکان نموونەیەکی بچووکی دەرخەری ئەو ڕاستییەن، هەر بۆیە دەسەڵاتە کۆنەپارێزەکانی وەک ئێران و تورکییە خەریکی ئاژاوە و شێواندنی ئەو ڕەوتەن. دیتمان کە بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئێران، چۆن بزاڤی شۆڕشی سوورییەیان خستە ناو زەلکاوی تیرۆریزمی ئیسلامی و، داعیش و ئەلقاعیدە و… یان لێ ساز کرد. تاکوو بتوانن ڕەوتی ڕزگاریخوازی بە لاڕێدا بەرن و لە لایەکی تریشەوە هەڕەشەیەک بێ بۆ دنیای ڕۆژاوا کە لە تیرۆریزمی ئیسلامی سڵ بکەنەوە. هەر وەک دەبینین لە کورستاندا بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی و بە چڕی خەریکی پەڕە پێدان بەو ڕەوتی سەلەفییەت و فەندەمینتالیزمی ئیسلامی سیاسین، کە دواتر بە چڕی باسی لێوە دەکرێ.
دنیای ئیسلام خاوەن باگراوەند و مێژوویەکی دەسەڵاتداریەتی و ئۆتۆریتەیەکی تایبەتی ئەمپڕاتۆریی ئیسلامی بووە. شەڕی ئەوان بۆ ڕابردوو و گەڕانەوە بۆ سەردەمانی زێڕینی دەسەڵاتداریەتیی خەلیفەکانی ئیسلامە. بەڵام ئێستا کۆمەڵگا ئیسلامییەکان تەواو ئاشنای پلۆڕالیزم و سێکۆلاریزمن و ڕێژیمەکانیان ئەو ترسە بە جوانی هەست پێ دەکەن. حاکمانی دیسپۆتیسمی زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی، بە خۆشیی خۆیان ناتوانن لەگەڵ ئەو ڕەوتی بە جیهانی بوون وئۆتۆریتەی مۆدێڕنیزاسیۆنەدا خۆ ڕێک بخەن، چونکە زۆرتر شێوازێکی عورفی و دیکتاتۆر پیشەییە و پاشماوەی گوتاری کلۆنیالیزمین و ئێستاش ئایدیای چەوساندنەوە و داپڵۆساندنیان هەر لەمێشکدایە. هەر وەک فرید هاڵدی دەڵێت: «بۆ ئەوەی باشتر لە فەندەمینتاڵی ئیسلامی تێبگەین، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ناو دەقە مێژووییە ئیسلامییەکان.»
لە ڕوانگەی پۆست مودێڕنیسمەوە، ئایدیای ئایین و متافیزیکەکان، مەعریفە، شوناس و ڕەهەندێکی زەینی و سوبژەکتیوە، ئەم بۆچوونە دەگەڕێتەوە سەر زانستی هێستۆریسیزم و مێژوو ناسی، چونکە بە ڕای هیستۆریسیزم، ئەوە مرۆڤە خودا و سروشتی خوڵقاندووە و بە زانست و زانیارییە جۆراوجۆرەکانەوە هەرچی دەبیندرێ و لە ژیانی کەوناراییدا بە پێی ئەزموون و کردار هەستی پێ دەکرێ، واقعێکی سەربەخۆ و تایبەتی نییە و بوون و نەبوونیان بەرهەمی زەینی و ڕەنج و کرداری بەشەرە و مرۆڤ ناوەندی جیهانە و(هیومەن سانتڕاڵە). هەر بەو پێ و بۆچوونە، زانستی پۆست مۆدێڕن هەموو پێکهاتەکان دەبەستێتەوە بە ڕەوت و ڕەهەندی مێژوویی و جیا لەو بەستێنە هەر جۆرە ڕاستییەک و حەقیقەتێکی متافیزیکی وەک ئایین و ئەندێشەی دینخوازی ڕەت دەکاتەوە. لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە مرۆڤ لەو ئاستەدا نییە بتوانێ دەقە ئایینی و پیرۆزەکان تەئویل و ڕاڤە بکات، چونکە ئەو دەقانە لە متافیزیکی نادیارەوە هاتوونەتە خوارێ و ئەم بۆچوونە کۆنتاکتێکی سەرەکیی نێوان ئیسلام و پۆست مۆدێڕنیتەیە. چونکە وەک گوترا بە ڕای پۆست مۆدێڕنیستەکان هیچ دەق یان چەمکێکی ئەوتۆ و تابۆ کراو نییە ونابێ ببێ کە مرۆڤ نەتوانێ ئانالیز و تەئویلی بکات. لێرەدا بە تەواوەتی بۆمان ڕوون بووەوە کە هەر جۆرە پاڕادایمێکی پۆست مۆدێڕنیزم لە حوکمی کاتالیزۆرێکدایە بۆ دنیای ئیسلام بە هەموو لق و پۆپ و ڕەهەندەکانیەوە.
مۆدێڕنیتە و بە تایبەتی پۆست مۆدێڕنیتە زانستێکی مەعریفی/ئەزموونی مرۆڤییە و هەموو ئەو ڕەنج و زەحمەتانەی هاتوونەتە بەرهەم، زەمینییە و ئاکاری سەر گۆی زەوییە. لە ئەساسدا دینیش بۆخۆی دەڵێ ئەرکی سەر شانی دین و ئایین ڕێ پێشاندەر و ئەخلاقە بۆ مرۆڤ، واتا ڕێنمایییە و توانستی چارەسەری گرێ پوچکە زانستییەکانی نییە. هەر وەک مامۆستا شێخ عێزەددینی حسەینی وەک پسپۆڕێکی ئایینی دەڵێ: «سەردەمانێکی کەونارا و دێرین، دین هەنگاوێک لە پێش زانستدا بووە و جڵەوی ژیانی گرتبوە دەست. بەڵام لە چاخی ئەمڕۆدا ئاشکرایە زانست و پێشکەوتن پێشڕەوی ژیانن و دەسەڵاتی زۆر زیاتر لە ئایین و شوناسە دینییەکانە و دەبێ دین پێڕەوی بێت». ئایا ئەوە دەمارگرژییەکی ئیدەئالیستانە نییە ئەگەر بە زۆری و نالۆژیکانە و بە ڕمب و شیرەوە بەرانبەر عیلم وزانست ڕاوەستی و بە بیریکی ئانتۆگوئیسمی بناژۆخوازانەوە هەڵوێست بگری و جەخت لە سەر ئەوە بکرێ کە ئەوەی سەدان ساڵ لەوە پێش گوتراوە نەگۆڕ و موتڵەقە؟
هەر وەها هیچ کەس ناتوانێ بڵێت تەنیا قسەی من حەقە و حەقیقەتێکی موتڵەق و بێ سنوورە؛ هەموو ڕاستی و هەموو حەقێک کاتی وسنوردارن. واتا ئەوەی من باوڕم پێیەتی و بیری لێ دەکەمەوە بۆ من ڕاستی و حەقیقەتە، دەبێ باوڕیشم بەوە هەبێ کەسانێکی دیکە لە کلتوورێکی جیاوازدا فکر و ئەندێشەیەکی جیاوازیان هەیە و هێما و توتم و نیشاگەڵێکی دیکە بۆ ئەوان حەقیقەت و ڕاستییە، بەو پێیە ماف و ویست و حەقیقەتەکان کاتی و سنووردارن و بە پێی ڕەوتی زەمەن هەمیشە ئەگەری گۆڕانیان لە سەرە.
کلۆنیال توتالیتێری ئێرانی خۆی مەکۆ، سەرچاوە، هاندەر، ڕێکخەر، پشتیوان و ئەنجامدەری تیرۆریزمی نگریسی نێونەتەوەیییە و بە داخەوە جیهانی ڕۆژئاوا دوای چوار دەیە تازە دەیهەوێ دانی پێدا بنێ و بێنە سەر قسەی کورد و شوناسی ڕاستەقینەی ئەم دەجاڵەیان بۆ ڕوون بێت، جا هەتا ئێستا ڕەنگە لە بەر بەرژەوەندیی بازرگانی و ئابووری و سات و سەودای پشت پەردە خۆیان لەو ڕاستییانە بواردبێ.
ساڵی 1357( 1979) شۆڕشی گەلانی چەوساوەی ئێرانی لە باربردرا و فۆڕم و بێچمی فەندەمینتاڵ ئایدیالیستی ئیسلامی بە خۆیەوە گرت و دروشمی سەدەکانی ناوینی زیندوو کردەوە و وەک ئەمپڕاتۆرە پێشووەکانی ئومەوی و عەباسی و عوسمانی، بانگەشەی «ئۆممەتی واحیدەی ئیسلام»ی کرد. بەڵام لە بنەڕەتدا لە سەر دوو خاڵی گرینگی نەگوتراو خولی دەخوارد:
هەوڵی ئەم دەسەڵاتە ئاناڕشییە مۆنیسم خوازە، مردەوەژی (زیندوو کردنەوەی مردوو) کردنەوی ئەمپڕاتۆریی سەفەوی/شیعی بوو. هەر بۆ ئەو مەبەستە کەڵکەڵەی هیلالی شێعەی خستە ڕۆژەڤی کاری دەسەڵاتەکەیەوە و هەموو هەوڵی تەمەنی ئایدیالیستانەی بۆ دەستەبەر کردنی یوتووپیا خەیاڵییەکەیەتی، تاکوو هێژمۆنی شیعیسم بە سەر دونیای ئیسیلامیدا زاڵ بکات.
ڕاستە بە ڕواڵەت دەگوترێ ئیسلام بۆ یەکڕیزیی دنیای ئیسلامی، باوەڕی بە نەتەوە و نەتەوەخوازی نییە و هەموویان بە چاوی برای دینی دەبینێ و «ئۆممەتی واحیدەی ئیسلام» وتەی سەرەکی ئایینی ئیسلام بوە؛ بەڵام هەر لە سەردەمانی دەسەڵاتی حکومەتەکانی سەدەکانی سەرەتای ئیسلام، هەوڵ وکۆشش بۆ پەڕەپێدانی نەتەوە و زمان و کلتووری عەڕەبی بوو. دەسەڵاتی کلۆنیالیزمی شیعیی ئێرانیش، هەوڵی بۆ ئەوە بوە باڵانسی دو هێز ڕابگرێ: شێعیزم و فارسیزم.
بەو باگراوەندە فکری ئینگیزاسیۆنە 2500 ساڵەیەی ڕابردوو کە دیارە باندۆرێکی قورسی ڕاسیسمی لە سەر ئایدیای ئەم ڕێژیمەش بووە، هەوڵی بۆ لاواز کردن و پووچەڵ کردنی کلتوور و زمانی باقی نەتەوەکانی جۆغڕافیای ئێران داوە و لە سەرووی هەموانیشەوە زەخت و گوشارێکی زیاتر و ڕەشتری لە سەر کورد تەرخان کردووە. خومەینی لە خۆڕا نەیدەگوت: «ئێمە لەگەڵ کورد شەڕ ناکەین، بەڵکوو لەگەڵ کافردا دەجەنگێین». ئەو جۆرە دروشمانە تەنیا بۆ کورد دانراوە. چونکە خەباتی کورد شێلگیرانەتر و نەپساوە بووە، هەر بۆیە هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێ، کوردستان گوتاری میلیتاریزەی ڕێژیم بوە.
تیرۆریزمی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە هەوڵی داوە لە باری دینداری و دین باوەڕییەوە ناوچەی کوردستان وەک دین خوازێکی فەناتیکی کۆنە پارێز دەست نیشان بکات و لە ڕێفلێکس و پەرچە کرداری بووندا گەلێکی بناژۆخوازی شەڕانگێز و توندئاژۆی لێوە دیار بێ. ئەگەر چاوێک بە جۆغرافیا و باڵای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بنەخشێنین، دەبینین سێ ڕەوتی ئیسلامی هەڵسووڕن و سەیر ڕیشەشیان داکوتاوە. جێی ئاماژەیە هەر لایەنێک لە ناوچەیەکدا خەریکی چالاکین:
یەکەم لایەن ڕەوتی ئەحمەدی موفتی زادەیە بە ناوەندی شاری سنەوە. هەموو دەزانین ئەو ڕەوتە کە بە کاک ئەحمەدی یان بە موفتی زادەیی دەناسرێن هەر لە سەرەتای شۆڕشی 1357 وە بە کردەوە ئەکتیڤن. ئێستا ئیدی لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بە تایبەتی پارێزگای سنەی قارەمان لایەنگرانێکی زۆریان هەیە، بوونەتە دوو بەشی جیاواز. بە داخەوە هەر خۆ لە قەرەی چەمکی نەتەوەیی و کورد بوون نادەن و بە ڕوونی دەڵێن کێشەی سەرەکیی ئێمە و هەموو لایەک کێشە و گرفتی ئایینی و ئایینزایییە. لایەنگرانی ئەم ڕەوتە جیا لە خەڵکی بازاڕی و ئاسایی بەشێکی بەرچاوی مامۆستایانی قوتابخانەی لە خۆ گرتووە و ئەم سیاسەتە دەتوانێ کاریگەریی توندی لە سەر منداڵانی قوتابخانە هەبێ.
جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، لە سەر دەستی ناسری سوبحانی دامەزراوە و هەتاکوو ئێستاشی لەگەڵدا بێ، عەبدولڕەحمانی پیرانی خەڵکی ڕوانسەر ڕێبەرایەتیی دەکات. لە ئەساسنامەی (جەماعەتدا) هیچ ئاماژەیەک بۆ نەتەوە و کێشەی نەتەوایەتی و کورد بوون نەکراوە و بەرژەوەندیی دەسەڵاتی تاران لەسەرووی ئیش و کاریاندایە، چونکە لە ئەساسنامە و لە بەیاننامەی کۆنگرەی چواریاندا، بە ڕوونی جەخت لە پاراستنی دەسەڵات دەکەنەوە و خۆیان بە ڕێفۆرمیست دەناسێنن. ئەم تاقمە زۆرتر لە ناوچەی مهاباد و بۆکاندا چالاکن بە تایبەت مهاباد و باقی شارەکانی دەورووبەر و هەر لەم دواییانەشدا لە مەهاباد دوایین کونگرەی خۆیان بەست. لە مانیفێستی دەعوەت و ئیسلاحدا سێ خاڵ بەرجەستە کراوە: ئیسلامخوازی، مرۆڤ سالاری و ڕێفۆرمیستی بوون.
ئەم ڕەوتەش هیچ کێشەیەکی نەتەوەیی و زمانییان نییە! لایەنگران و ئەندامانی ئەم جەماعەتەی دەعوەت و ئیسلاح بەشێکیان پزیشک و دوکتورەکانن بە ئەندامەتیی خەڵکی ئاسایی و جۆراوجۆرەوە. پارە و دراو بە ئاشکرا لە لایەن دەوڵەتەوە بۆیان دابین دەکرێ.
لایەنی سێهەم دەکەوێتە خوارووی کوردوستان وبە ناوەندایەتیی سەلاسی باوەجانی. ئەم ڕەوتە بە ڕەوتی سەلەفییەت و توند ئاژۆ دەناسرێن و بەشێکی بەرچاوی ناوچەی کرماشان لە خۆ دەگرێت، بە تایبەتی ناوچەی سەلاسی باوەجانی و دەوروبەر، کە پێک هاتوون لە ئایینزای سوننی، لایەنگری لەو ڕەوتە دەکەن. هەڵبەت جێی ئاماژەیە لە هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کەم و زۆر لایەنگر و ئەندامی چالاکیان هەیە. زۆر مامۆستای لاو لە زۆربەی دێهاتەکانی بەربڵاوی کوردستان بە چڕی پڕۆپاگەندە بۆ ئەو ڕەوتە سەلەفییە دەکەن.
بەڵام ئەم ڕەوتانە بۆ پێک هاتوون و مەبەست لە ڕێکخستنیان دەبێ چی بێ. بۆ چی ڕاست لە ناوچە جێ ئاژاوە و سونییەکان دامەزراون وەک کوردستان و بلووچستان .
دامەزرانی ئەم ڕەوت و لایەنانە لە کوردستان بۆ بەش بەش کردن و بە لاڕێدا بردنی وزە وهێزی نەتەوەخوازیی گەلی کوردە. تاکوو یەکدەست و یەکگرتوو نەبن و هەر یەکەو لە ئاوازێک بنۆڕێن. چونکە کورد بە پێی نەریتی دێرین هەمیشە لە خەباتدا شێلگیر بووە، بۆ ئەوەی تین و ئاگری گەرمی نەتەوایەتی نوشووستی بێنێ و کەمتر لە بیری چالاکیی سیاسی و کورد بووندا بن، هەر بۆیە لە ئەساسنامەی هیچ کام لەو ڕەوتانە کێشەی نەتەوەیی جێگایەکی ئەوتۆی نییە. سەیر ئەوەیە نەتەوەی باڵادەست و حاکم بە ڕوونی باس لە چارەی نەتەوەیی و جەخت کردن لە پاراستنی بەها نەتەوایەتییەکانی فارس دەکەن. عەلی شەریعەتی وەک تیئۆریسێنی ڕەوتی شیعیسم لە کتێبی «دووبارە ناسینی شوناسی ئێرانی ئیسلامی»دا بە ئاشکرا و بە ڕوونی باس لە پاراستن وپەڕەپێدانی نەتەوە و مەزهەبی ئێرانی «شێعە»دەکات و بە دوو تای تەرازوویان دەقەبڵێنێ و دەڵێ گەڕانەوە بەرەو شوناسی نەتەوە و قەوم ئۆمانیستییە و دەبێ هەوڵی بۆ بدرێ. بەڵام بۆ گەلی کورد و باقی نەتەوە بندەست و ماف خوراوەکانی ئێران بڤەیە و کوفرێکی نەبەخشراوە و حوکمەکەشی «موفسیدول فیلئەرزە».
ئاشکرایە ڕێژیم باش دەزانێ کورد ئەگەری گەیشتن بە مافەکانی لە ئارادایە، ئەگەر وەها دۆخێک ڕەخسا چی لەوە باشترشەڕی نەتەوەیی و ئایینی هەڵگیرسێت و دوژمنایەتییەکی قوڵ دەست پێ بکات.
وەخـــتایەک ڕەوتی ســــەلەفیەتی فەندەمینتاڵی سوننی لە پەناگوێی کرماشانی زۆرینە شیعەدا چالاک دەکرێ و پڕۆپاگەندەی دژی شێعە و یارسان و باقی ئایینەکانیتر دەکرێ، دیارە هەوڵ بۆ شەڕی ناوخۆ و ئۆتووتالیتەی کۆمەڵگای کوردی خۆش دەکرێ.
لەم دۆخە هەستیار و مەترسیدارەدا ئەرکی مامۆستایانی ئایینی زۆر قورس و بەرچاوترە و ئەوان دەبێ ئەو مەترسیییە بە گیان و بە دڵ هەست پێ بکەن و دژبەری ڕاوەستن و ئانتی تێزی خۆیان دەستنیشان بکەن. هەموو لایەک دەزانین کە کوردستان سەدان ساڵە توانیویەتی ئایین لە گەڵ کلتووری خۆیدا بگونجێنێ و هیچ ناتەبایییەکیشیان لە نێواندا نەبوە. ئەم سەردەمە بە جۆرەها ڕەوت و پارتی ئیسلامی بە تەمای ئاژاوە و دوو بەرەکی نانەوەن و دەبێ ماکە و سەرچاوەی ئەو ڕەوتانە سەرکۆنە بکرێن تاکوو داهاتوویەکی ڕوون و ئاسۆیەکی گەش دیاری و خەڵاتی گەلی کورد بێ.
ژێدەر
[١]. جهانی شدن و جهان سوم / عبدالعلی قوام.
[2]. بازشناسی هویت ایرانی اسلامی/ علی شریعتی.
[3]. از مدرنیسم تا پست مدرنیسم : لارنس کهون / مترجم: عبدالکریم رشیدیان.
[4]. عقل سیاسی ایرانی و هویت خواهی کردها / هێرش قادری.


