ئارامتر بخوێنەوە!

جومگه‌یه‌کی نامۆ:

ئیسلامی سیاسی له کوردستان

ڕامان هەوشاری

ڕێگه‌چاره ئه‌وه‌یه بۆ به‌رگری له دزه‌‌کردنی جومگه‌ی نامۆ بۆ لێک ترازانی ناسنامه‌ی کوردستانی، بۆشاییی ناسنامه‌ی کوردی پڕ بکرێته‌وه. کوردی مسوڵمان له‌وه تێبگات که سه‌ره‌ڕای هاوئایین بوون له‌گه‌ڵ فارس و تورک و عه‌ره‌ب، به‌رژه‌وه‌ندیی جیاواز و زۆر جار دژ به یه‌کیان پێکه‌وه هه‌یه. به‌و قه‌ناعه‌ته بگات که ئه‌وان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ییی خۆیان، کوردستانیان داگیر کردووه و به ئێسته‌شه‌وه له پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیاندا کورد به مسوڵمان یان کافر ناودێر ده‌که‌ن

پێشه‌کی

پێش چوونه نێو باسه‌که‌وه پێویسته هه‌ڵوێستی ئه‌م وتاره له هه‌مبه‌ر ئایین ڕوون بکرێته‌وه.

کوردستان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسلامدا، به شێوه‌ی جیاواز دژکرده‌وه‌ی نواند، به‌ڵام له‌و کۆمه‌ڵگا تایبه‌تانه‌یه که ئیسلامی له ناسنامه‌ی خۆیدا جێ کرده‌وه. دینه‌وه‌ر و شاره‌زوور له بنکه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی زانایانی مسوڵمان بوون. مامۆستای ئایینی و شێخ له ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا وه‌ک سه‌رۆک خێڵه‌کان ده‌وریان ده‌گێرا. له کاتی په‌ره‌سه‌ندنی ئیسلامه‌وه له کوردستان دابونه‌ریتی ئایینیی ئیسلام به‌ڕێوه‌ده‌چێ. سا ئیسلامی سیاسی، له‌و ئیسلامه‌ی که پتر له هه‌زار ساڵه له کودستاندا باوه، جودا ده‌کرێته‌وه. له درێژه‌دا تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی جێگیر بوونی ئیسلام له کۆمه‌ڵگای کوردستان تاوتوێ ده‌که‌ین و پاشان بۆشاییی ناسنامه‌ی کوردی که له‌وێوه ئیسلامی سیاسی دزه‌ی کرده کوردستانه‌وه، لێک ئه‌ده‌ینه‌وه. له کۆتاییدا باس له‌وه ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر بڕیار وا بێ ئیسلامی سیاسی له کوردستاندا شه‌رعییه‌تی هه‌بێت، چ تایبه‌تمه‌ندیگه‌لێکی هه‌یه؟

ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می پێش ماده‌کانه‌وه، واته ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خێڵه کورده‌کان له فێدێراسیۆنی گه‌وره‌ی ماد‌دا یه‌کیان نه‌گرتبوو، فره‌ڕه‌نگیی ئایینی پێناسه‌یان بووه. ئه‌و خوێندنهوهگهلهی کوردستان به پێکهاته‌یه‌کی میترایی یان زه‌ڕده‌شتی ناودێر ده‌که‌ن، کوردستان وه‌کوو کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کده‌ست وێنا ده‌که‌ن. ده‌بێ له هه‌ر لێکدانه‌وه‌یه‌کدا خاڵێکی بنه‌مایی ئه‌مه بێت که کوردستان وڵاتێکی فره‌ئایین و ئایینزایه.

له وه‌ها دۆخێک‌دا سوپای عه‌ره‌به‌کان، بیر و باوه‌ڕی ئیسلامیی گه‌یانده کوردستان. چۆنیه‌تیی هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان و دژکرده‌وه‌ی کورده‌کان مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره نییه، هه‌ر بۆیه لێیناکۆڵینهوه. ژیانی خێڵه‌کیی کورده‌کان هێدیهێدی دابونه‌ریته ئیسلامییه‌کانی له خۆیدا جێکرده‌وه. بانگه‌شه بۆ ئایینزای سوننیی شافعی له لایه‌ن سه‌لجووقییه‌کانه‌وه کوردستانیشی گرته‌وه. به‌ڵام له‌و سه‌رده‌مه‌شدا یارسان له باشووری کوردستان و ئێزدی و عه‌له‌وی له ناوه‌ند و ڕۆژئاوای کوردستاندا خاوه‌ن پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان بوون. ته‌ریقه‌ته‌کانی قادری و نه‌قشبه‌ندیش(له نێو کوردانی مسوڵماندا) خاوه‌ن پێگه و شوێنکه‌وتووانی خۆیان بوون. کو‌لتوور و کۆمه‌ڵگای کوردستان، ئایینی ئیسلامیان به چه‌شنێک له پێکهاته‌ی خۆیاندا جێ کردبووه‌وه که وێڕای ڕاگرتنی بنه‌ماکانی ئیسلام، ڕه‌نگ و مۆرکی کوردی‌یان لێ دابوو. ئه‌م ڕه‌وشه تا سه‌رهه‌ڵدانی عوسمانی و سه‌فه‌وی و ململانێ‌یان گۆڕانی ئه‌وتۆی به سه‌ردا نه‌هات. ڕیشه‌ی ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌ره‌کی له پلۆڕالیسمی ئایینیی کوردستان بۆ ده‌سپێکی ململانێی ئه‌و دوو دژبهوه ده‌گه‌ڕێته‌وه. عوسمانیی دهمارگژ له پێناو ئایینزای سوننیی حه‌نه‌فی و سه‌فه‌ویی ده‌مارگرژ له پێناو شیعه‌ی دوازده ئیمامی، کوردستانیان کرده مه‌یدانی تێکهه‌ڵچوون. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی کورده‌کان له ئایینزادا له هه‌ر دوو دژبه‌ر جیاواز بوون، له هه‌ر دوو لا خوێنی کورد ده‌ڕژا. خێڵه کورده‌کان بوون به ئامرازی ئه‌و دوو داگیرکه‌ره‌ی کوردستان. بێجگه له چه‌ند ده‌سته‌بژێرێک وه‌کوو شێخ ئه‌حمه‌دی خانی و شه‌ره‌فخانی بدلیسی، کورد به‌گشتی له دۆخه‌که تێنه‌گه‌یشت. یه‌کێک له بنه‌ماکانی بۆشاییی ناسنامه‌ی کوردی، ئه‌م خاڵه‌یه که له پێش مۆدێڕنه‌وه تا ئه‌م سه‌رده‌مه درێژ بووه‌ته‌وه. خێڵ و سه‌رۆک خێڵی کورد ته‌نیا سنووری له‌وه‌ڕگه و مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بینیوه، نه‌ک کوردستان. ئه‌ولیا چه‌ڵه‌بی له «سیاحه‌تنامه»که‌ی خۆیدا ده‌گێڕێته‌وه کاتێ (له سه‌رده‌می ئه‌بداڵ خان، کوڕه‌زای شه‌ره‌فخانی بدلیسی) شاری بدلیسمان گه‌مارۆ دابوو، سوپاکه‌یان له سێ به‌ش، دوو به‌شی کورد بوون. پاشا وتی؛ نه‌کا ئه‌م کوردانه لێمان هه‌ڵگه‌ڕێنه‌وه و پشتیوانیی ئه‌بدال خان بکه‌ن! ئه‌میش هاواری کردبوو ئه‌ی تورکانی غازی چ کاره‌ن. تورک له‌و سه‌رده‌مه‌شدا خۆی وه‌کوو پێکهاته‌یه‌کی تورکی- ئیسلامی پێناسه ده‌کرد، به‌ڵام کورده‌کان به ئێسته‌شه‌وه له وه‌ها وێناکردنێکدا کۆڵن. ڕاسته وێنا کردنی ده‌وڵه‌ت له پانتایی جوگرافیای کوردستاندا بۆچوونێکی مۆدێڕنه، به‌ڵام هه‌وێنه‌که‌ی له بیچمێکی پێش مۆدێڕنه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئه‌م بۆچوونه، ئه‌و نه‌ته‌وانه ده‌گڕێته‌وه که  ده‌سه‌ڵاتداریی پێش مۆدێڕنیان بووه و ته‌نانه‌ت بۆ پاساوی درێژه‌دان به داگیرکاریی خۆیان به سه‌ر نه‌ته‌وه دراوسێکانیاندا، که‌ڵکاژۆی ده‌که‌ن. ناسنامه‌ی تورکی- ئیسلامیی عوسمانی و فارس- شیعه‌ی سه‌فه‌وی تا ئه‌م چرکه‌ساته جڵه‌وکێشی ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌ی سیاسیی ئێران و تورکیان. کورد نه‌ته‌نیا وه‌ها ناسنامه‌یه‌کی پێش مۆدێڕنی نه‌بووه، ته‌نانه‌ت هه‌ستی به داگیرکراویش نه‌کردووه. هه‌ر خێڵ بۆ پاراستنی خۆی له له‌ناو بردنی خێڵه کورده‌کانی تردا هاوکاریی داگیرکه‌ری کردووه.

سه‌فه‌وی و عوسمانی له گۆڕینی دیمۆگرافی و ئایینی کوردستانی بنده‌ستی خۆیاندا به‌وپه‌ڕی دڕنده‌ییه‌وه جووڵانه‌وه. کۆمه‌ڵی یارسان و ئێزدی و عه‌له‌وی، یان کۆچ دران، یان به زۆر ئایینه‌که‌یان گۆڕدرا. ئه‌و ته‌ونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی و سه‌فه‌وی نایانه‌وه، جمهووریی ئیسلامی و تورکیای نێئۆعوسمانی له سه‌ری دانیشتوون. به‌شی شیعه نشینی زاگرۆس بوون به پاشکۆی عه‌جه‌م و ئیماندارانی باکوور و ته‌نانه‌ت باشووری کوردستان، چاو له ده‌می ڕه‌وته ئیسلامییه‌کانی تورکیان(ئیخوان و گولهنیسم).

 

چ که‌لێنێک له ناسنامه‌ی کوردی‌دا دروست بوو که ئیمانداری کورد ڕێگه‌ی خواناسیی له ڕێچکه‌ی ئیخوان و سه‌له‌فیگه‌ری و نێئۆعوسمانیسمدا ده‌بینییه‌وه؟

بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تای باسه‌که‌مان، واته ئه‌و ئیسلامه‌ی پتر له هه‌زار ساڵه کوردستان له‌گه‌ڵی سازاوه. دڕنده‌یی سه‌فه‌وی له هه‌مبه‌ر خێڵه کورده سوننییه‌کان زۆربه‌ی کورده‌کانی کرد به هۆگری خه‌لافه‌تی عوسمانی، به‌ڵام هه‌ندێ له خێڵه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان سه‌ره‌ڕای جیاوازیی ئایین سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی عه‌جه‌م مانه‌وه. ئه‌م دۆخه خاڵێکی گرنگ ده‌رده‌خات. کورد به‌رامبه‌ر به سیاسه‌ت و ئایین هه‌ڵوێستێکی خێڵه‌کیی نواندووه. ئه‌م هه‌ڵوێسته به هۆی وێنا نه‌کردنی کوردستان وه‌کوو وڵات تا ئه‌م سه‌رده‌مه درێژ بووه‌ته‌وه.

مامۆستای ئایینی و شێخ له به‌ستێنی کوردی‌دا بانگه‌شه‌ی ئیسلامیان ده‌کرد. ناسنامه‌یان کوردی بوو. تا ٥٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، هه‌ر ڕووناکبیر، شاعر، خوێنده‌وار و که‌سایه‌تییه‌کی نه‌ته‌وه‌ییی کورد، قۆناغی حوجره‌ی تێپه‌ڕ کردبوو. بگه‌ڕێینه‌وه دواتر، پاش له ناو چوونی میرنشینه کورده‌کان، شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری، ئاڵای مافخوازیی کوردی به ده‌سته‌وه گرت. ڕاسته کاراکتێری شێخ عوبه‌یدوڵڵا نه‌ته‌وه‌یی بوو تا ئایینی، به‌ڵام هێزی له ته‌ریقه‌ته‌وه وه‌رگرت. واته هێزی ته‌ریقه‌ت که پێکهاته‌یه‌کی خێڵه‌کیی هه‌بوو، خسته خزمه‌ت ده‌سته‌به‌ر کردنی مافی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه. شێخ مه‌حموودی به‌رزه‌نجی(حه‌فید) و پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌دیش له‌و که‌سایه‌تییانه بوون. ئه‌و ئیسلامه ناسیاسییه که له به‌ره‌به‌یانی ئیسلامه‌وه له کوردستان به‌شێک له هه‌ڵسوکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو و «خانی»یه‌کان له حوجره‌ی ئه‌و ئیسلامه‌وه هاتنه ده‌ره‌وه، بوو به به‌شێک له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی، دژ به داگیرکه‌ران. هه‌ڵبه‌ت له بیرمان نه‌چێت که‌سانێک وه‌ک مه‌لا ئیدریسی بدلیسی، سه‌له‌فی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌رکرده‌ی ڕه‌وته ئیسلامی- سیاسییه‌کانی هه‌نووکه‌ی کوردستانه که ته‌نیا ئامانجیان خزمه‌ت به ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ره. نه مه‌لا ئیدریس و نه ئه‌م سه‌رکردانه، تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا به داگیرکه‌ر نازانن. به‌ڵام شێخ عوبه‌یدوڵڵا، شێخ مه‌حموودی حه‌فید، پێشه‌وا، شێخ عێززهددینی حسه‌ینی و… وه‌ک که‌سایه‌تیی ئایینی، کاراکتێری نه‌ته‌وه‌یی بوون و کوردستانیان به داگیرکراو ده‌زانی. ئه‌وان نوێنه‌ر و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگای خۆیان بوون.

ناسیۆنالیسمی عه‌ره‌بی له دژی داگیرکه‌ره ئورووپاییه‌کاندا سه‌ره‌تا به ئیسلامخوازییهوه سه‌ری هه‌ڵدا. پاش سه‌ربه‌خۆ بوونی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌کان، ڕه‌وته ئیسلامییه‌کان ئاراسته‌ی خۆیان بۆ ژییاندنهوهی ئیسلام گۆڕی. جیاوازیی کورده‌کان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کان ئه‌وه بوو که کورد نه‌ته‌نیا ئیمانداریی نه‌خسته خزمه‌ت ده‌سته‌به‌ر کردنی مافی سه‌ربه‌خۆییه‌وه – ئه‌مه به واتای که‌ڵکاژۆ کردن له ئایین  بۆ خزمه‌ت به نه‌ته‌وه نییه، به‌ڵکوو داڕشتنی شێوه خوێندنه‌وه‌یه‌که له ئایین که به پێی سه‌رده‌م(سه‌رده‌می نه‌ته‌وه‌خوازی) خۆشه‌ویستیی نیشتمان ده‌بێته به‌شێک له ئیمانداری. وه‌ک له حه‌دیسدا هاتووه «خۆشه‌ویستیی نیشتمان به‌شێک له ئیمانه». واتای زێد له سه‌رده‌می نه‌ته‌وه‌خوازیدا تا ئاستی نیشتمانی نه‌ته‌وه به‌رز کرایه‌وه – ، ته‌نانه‌ت ئیسلامییه‌کان چ به ئامراز بوونیان له ده‌ستی داگیرکه‌ران، چ به پاشکۆ بوونی ڕه‌وته بناژۆخوازه‌کان، له به‌ربه‌سته سه‌ره‌کییه‌کانی ڕزگاریی کوردستان بوون.

 

تا ئێره چه‌ند خاڵ زه‌ق ده‌بێته‌وه:

یه‌که‌م: شێوه‌ژیانی خێڵه‌کی، به‌ربه‌ستی سه‌ره‌کیی ئه‌وه بوو که کورد جیاوازیی ئایینی (یارسان، ئێزدی و عه‌له‌وی و…) و ئایینزایی (سوننیی شافعی له هه‌مبه‌ر سوننیی حه‌نه‌فیی تورکان و ئیمامییهی عه‌جه‌مان) خۆی بکاته یه‌کێ له بنه‌ماکانی سه‌ربه‌خۆییی ناسنامه‌ی خۆی. به پێچه‌وانه‌وه، حکوومه‌تی عه‌جه‌م کورده شیعه‌کانی له دژی یارسان و حکوومه‌تی تورک کورده سوننهکای له دژی ئێزدی و عه‌له‌وی هان ده‌دا.

دووه‌م: خاڵێکی دابڕان له نێوان کاراکتێری سه‌رکرده ئایینییه‌کانی پێشوو و سه‌رکرده ئایینییه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌رچاو ده‌که‌وێ.

شاڵاوی ئیدئۆلۆژییه جۆراوجۆره‌کان و بگره دژوازه‌کان گه‌یشتنه کوردستان. کوردستان به‌گشتی و ده‌سته‌بژێرانی کورد به‌تایبه‌تی له واقعی سیاسی ـ کۆمه‌ڵایه‌تیی کوردستان تێنه‌گه‌یشتبوون. بزووتنه‌وه‌ی ئیخوان و وه‌چه بناژۆخوازه‌کانی له پاش مارکسیزم گه‌یشتنه کوردستان. به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئیماندارانی کورد له هه‌مبه‌ر ڕه‌وته ئیسلامییه‌کان هه‌ر وه‌کوو هه‌ڵوێستی ئه‌و ده‌سته‌بژێرانه بوو که مارکسیزم ـ لێنینیسم ڕایکێشان. ئه‌و دوو تاقمه له چه‌ند خاڵدا یه‌ک ده‌گرنه‌وه.

 هه‌ردوکیان ئیدئۆلۆژییان له‌و ڕه‌وتگه‌له وه‌رده‌گرت که له ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاته داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان پێکهاتبوون. هه‌ڵبه‌ت له کات و شوێندا جیاوازییان هه‌یه. بۆ وێنه کورد له‌گه‌ڵ چه‌پی تاران و ئه‌سته‌موڵ و دیمه‌شق و به‌غدا سه‌ره‌تا ئاشنا بوو. به‌ڵام ئیخوان و سه‌له‌فییه‌ت به لاواز بوونی سۆڤییه‌ت و به‌ره‌ی چه‌پ له ئه‌فغانستانه‌وه تا باکووری ئه‌فریقا ته‌شه‌نه‌ی کرد و کوردستانیشی گرته‌وه. میناکێکی تر که کورد له هه‌مبه‌ر ناوه‌ندی داگیرکه‌ران چاو و ده‌م به‌سراوه، ڕه‌وتی گولهنیسمه. فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، شوێنکه‌وتووی شێخ سه‌عیدی نهوڕهسییه، به‌ڵام دژ به داننان به مافی کورد له تورکیادایه و له پارته فاشیسته‌کانی تورکیاوه نزیکه. شێخ سه‌عیدی نه‌وڕه‌سی باس له مافی کورد ده‌کات به‌ڵام له فه‌تحوڵڵا گوله‌ندا به‌راوه‌ژۆ ده‌بێت. خه‌سار ئه‌وه‌یه ڕه‌وتی گوله‌ن له هه‌رێمی (باشووری) کوردستاندا خه‌ریکه په‌ره‌ده‌ستێنێ. واته دیسان خه‌ریکه پابهستهیی ناسنامه‌ی کوردستان به ناسنامه‌ی تورکی ـ ئیسلامییه‌وه دووپات ده‌بێته‌وه.

 هه‌ردوکیان له دینامیسمی کۆمه‌ڵگای کوردستان تێنه‌گه‌یشتبوون و به‌زۆر ده‌یانویست ـ به ئێسته‌شه‌وه ـ کۆمه‌ڵگایه‌کی خێڵه‌کی بکه‌ن به کۆمه‌ڵگایه‌کی ئینته‌رناسیۆنال یان به‌ستێنی ئوممه‌تی واحیده‌ی ئیسلامی.

 هه‌ردوکیان له ڕه‌هه‌ندی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی داگیرکه‌ران تێنه‌گه‌یشتوون. مێژووی ئه‌م سه‌رده‌مه نیشانی داوه که هه‌ر ئیدئۆلۆژییه‌ک و ڕه‌وتی سه‌ر به وی له ئاکامدا له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی وڵاتێکی داگیرکه‌ری کوردستان حاواوهتهوه. بۆ میناک جموجووڵی ئیسلامی سیاسی، ڕاسته‌وخۆ له به‌رژه‌وه‌ندیی تورکیادایه و ناڕاسته‌وخۆ له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران.

چه‌پ و مسوڵمانی کورد که ویستیان دامه‌زراندنی کیانێک به پێی ئیدئۆلۆژیی خۆیانه و زۆر دڵپاکانه و باوه‌ڕدارانه تێوهدهچن، له ده‌ق و سه‌رچاوه‌ی ده‌سته دوو و سێ که‌ڵک وه‌رده‌گرن، له باری ده‌روونییه‌وه پابه‌سته و ڕاکێشراوی ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵاتن (داگیرکه‌رانی کوردستان)، له ستراتژییاندا، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌یانبێت، کوردستان و به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان بزره. ئه‌وه‌یش بۆ زه‌ین و هه‌ڵسوکه‌وتی خێڵه‌کیی ئه‌وان ده‌گه‌ڕێته‌وه. له ئاکامدا به هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رته‌سک ده‌حاوێنه‌وه.

دیاره هه‌ندێ هه‌وڵ دراوه که چه‌پ یان ئیسلامی سیاسی خۆماڵی بکرێن. چه‌پی ناسیۆنال یان له‌م دواییانه‌دا مه‌کته‌ب قورئان، سه‌ره‌ڕای به‌شداری نه‌کردنیان له سیاسه‌تدا هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییان گرتووه، دوو میناکی دڵخۆشکه‌رن.

پرسه‌که به‌م ساناییه چاره‌سه‌ر نابێت. چه‌پێک که کوردستان نه‌کات به یه‌که‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی خۆی، داهاتوویه‌کی له گه‌مه‌ی سیاسیی کوردستاندا نابێ. ئیخوانولموسلمین و خهلهفهکانی که تێکه‌ڵ به به‌رنامه‌ی داگیرکه‌رانی کوردستان بوون، جێی تێڕامانن. ئیخوان له تورکیا نێئۆعوسمانیزمی بووژانده‌وه، کوردی خێڵه‌کیی باکووریش په‌یوه‌ست به ژیانه‌وه‌ی نێئۆعوسمانیزم بوون. هه‌ڵبه‌ت جووڵانه‌وه‌ی نه‌شیاو و نهزانکارانهی ئه‌و لایه‌نانه که دروشمی مافخوازیی کوردیان ده‌دا له په‌ره‌سه‌ندنی ده‌سه‌ڵاتی نێئۆعوسمانیزم له باکووردا پتر له پیلانی حکوومه‌تی تورکیا خه‌ساری گه‌یاند. له باشووری کوردستان به ڕواڵه‌ت حکوومه‌تێکی سێکۆلار ده‌سه‌ڵاتداره، به‌ڵام ئیسلامی سیاسیی ناکوردستانی، خه‌ریکه قووڵاییی کۆمه‌ڵگای باشوور داگیر ده‌کات. کێشه‌ی ڕه‌وتی نه‌ته‌ویی له به‌رانبه‌ر ئه‌م جۆره له ئیسلامی سیاسیی‌دا «ناکوردستانی بوون»یه‌تی، نه‌ک ئیسلامی بوون.

له ڕۆژهه‌ڵاتدا که پێکهاته‌ی سیاسییه‌که‌ی ـ ئێران ـ له سه‌ر درۆ و ساخته‌کاری دامه‌زراوه، بۆ به‌شی شیعه‌نشینی زاگرۆس پیلانی دابڕانی ئه‌و به‌شه‌ی له کوردستان هه‌یه. هه‌وڵ بۆ سه‌ربه‌خۆ کردنی «فه‌یلی» وه‌کوو پێکهاته‌یه‌کی شیعه و ناسنامه‌دار کردنی له ڕۆژهه‌ڵات و باشووردا که هێدیهێدی له کوردستان داببڕدرێت، میناکی ستراتێژیی جمهووریی ئیسلامیی ئێرانه بۆ کوردستان. لقی ئیخوان له ئێران‌دا که به جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت وئیسڵاح ناسراوه، ده‌ورێکی نه‌رێنیتر ده‌گێڕێت. پڕۆژه‌ی دابڕانی فه‌یلی له کوردستان سه‌رناگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی که له به‌شی که‌لهوڕ و گۆران‌دا لایه‌نگری نییه و ته‌نیا لای چه‌ند که‌سی تاراننشینهوه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرێت. جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسڵاح، له لایه‌که‌وه درێژکراوه‌ی فیکری ئاکپارتیی تورکیان، له لایه‌کی تره‌وه له جمهووری ئیسلامی ئێران‌دا مۆڵه‌تیان پێ دراوه. له هه‌ڵبژاردن و ئه‌و به‌رنامانه‌ی که شه‌رعییه‌ت به جمهووریی ئیسلامی ئه‌دات چالاکن. له‌وه گه‌ڕێین چه‌نده له بنه‌ماکانی ئیخوانی سه‌ره‌تایی دوور که‌وتوونه‌ته‌وه، بنه‌ماکانی ئه‌هلی سوننه‌تیش ڕه‌چاو ناکه‌ن. ڕێگه‌یان بۆ پڕۆپاگه‌ندا بێسنووره. بۆ وێنه گۆڤاره‌که‌یان به که‌یفییه‌تی زۆر باشه‌وه بۆ هه‌موو جێیه‌کی ئێران، به تایبه‌ت ناوچه سوننینشینه‌کان ده‌ڕوات. ئه‌گه‌ر به فیکر درێژکراوه‌ی ئیخوانن، به پێکهاته بوونه به به‌شێک له ئه‌ندازیاریی کۆمه‌ڵایه‌تیی جمهووریی ئیسلامی. ئه‌م ئه‌ندازیارییه له پڕۆژه‌ی په‌ره‌دان به سه‌له‌فییه‌ت له کوردستاندا مه‌ترسیدارتره، بۆ ئه‌وه‌ی که سه‌له‌فییه‌ت قووڵایی کۆمه‌ڵایه‌تیی نییه، به‌ڵام له کوردستاندا ئیمانداری ئاسانگیر زۆرن. هه‌ر بۆیه ئیخوان کۆنگره‌ی «دگرپذیری و رواداری»ی له مهاباد به‌ڕێوه برد. ده‌عوه‌ت و ئیسڵاع بۆ په‌ره‌دان به فیکری ئیخوان به ئامراز بوونی بۆ جمهووریی ئیسلامی هه‌ڵبژاردووه. ئێرانیش به یه‌ک مه‌به‌ست ئه‌م ئه‌ندازیارییه ده‌کات. ساز کردنی به‌ربه‌ستێکی ناوخۆیی  له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا له دژی به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌خواز.

کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات بۆ ده‌رباز بوون له ئه‌ندازیاریی جمهووریی ئیسلامی پێویستی به خوێندنه‌وه‌یه‌کی فره‌ڕه‌هه‌ند هه‌یه.  که‌سایه‌تیی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و شێخ مه‌حمودی حه‌فید و… هین سه‌رده‌می کلاسیکن – له باری مێژوویی و هێمایینه‌وه جێگه‌ی بایه‌خداریان له پرسی کورد و کوردستاندا هه‌یه -. نه که‌سایه‌تیی وه‌ها به‌رهه‌م دێته‌وه، نه ده‌توانین ئه‌و ئیسلامه کوردییه وه‌کوو پێشوو به‌رهه‌م بێنینه‌وه. لێره‌دا ڕێککه‌وتنێک پێویسته که نۆژه‌ن کردنه‌وه‌ی هزری کوردستانی به‌دوور له پاشکۆ بوون بۆ ڕه‌وته نامۆکان بکات به ستڕاتێژیی گشت لایه‌نه‌کان، به ئیسلامییه‌کانیشه‌وه.

ڕێگه‌چاره ئه‌وه‌یه بۆ به‌رگری له دزه‌‌کردنی جومگه‌ی نامۆ بۆ لێک ترازانی ناسنامه‌ی کوردستانی، بۆشاییی ناسنامه‌ی کوردی پڕ بکرێته‌وه. کوردی مسوڵمان له‌وه تێبگات که سه‌ره‌ڕای هاوئایین بوون له‌گه‌ڵ فارس و تورک و عه‌ره‌ب، به‌رژه‌وه‌ندیی جیاواز و زۆر جار دژ به یه‌کیان پێکه‌وه هه‌یه. به‌و قه‌ناعه‌ته بگات که ئه‌وان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ییی خۆیان، کوردستانیان داگیر کردووه و به ئێسته‌شه‌وه له پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیاندا کورد به مسوڵمان یان کافر ناودێر ده‌که‌ن. له لایه‌کی تره‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی ئایینداریدا، هه‌ر لایه‌نێک خۆی به هه‌ڵگری ئاڵا و دروشمی مافخوازیی نه‌ته‌وه‌ی کورد داده‌نێ، ئه‌توانێ نائایینی بێت، به‌ڵام نابێ دژه‌ئایین بێت. ئه‌گه‌ر ڕه‌وته نه‌ته‌وه‌خوازه‌کان به دژه‌ئایین ناودێر ببن، ئه‌وه بیانوویه‌که که ڕه‌وتێک وه‌کوو جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسڵاح شهرعییهتیی لێ وه‌رده‌گرن.