ئارامتر بخوێنەوە!
سڕینەوەی ڕێژیم و وڵامی خۆڕاهێنانی ئێمە
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
“لە بارودۆخی ئێستادا ئەگەر ڕوناکبیران و ڕێبەرانی بژاردەی ئێمە، بیانهەوێ مێتۆدێکی گونجاو و سیاسەتێکی داڕژاو و قایم و قووڵی ئوسولی سەبارەت بە ڕاهێنان و پەروەردەی گەلی ئێمە دیاری بکەن، جێگای خۆیەتی تیژبینانە و بە وردی سیاسەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لەخوارەوە هەتا ترۆپک بخەنە ژێر زەڕەبینی ڕەخنەگرانە و مووشکافانەی خۆیان. تێڕوانینی پشوودرێژانە و وەستایانە لەسیاسەتی تەعلیم و تەربیەتی ڕێژیم دوورهەنگێوی و مەهارەت و نیشانەشکێنیی زیاتر بە لێکۆڵەران و توێژەرانی گەلی ئێمە دەبەخشێ. بۆ زیاتر ڕوونبوونەوەی ئەو مەسەلانە ناچارین ئاوڕێک لە ئاوێنەی ڕووداوەکانی ڕۆژانی دوای بەئاکام گەیشتنی ئینقلابی ئێران بدەینەوە.“
کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم هەنگاوەکانیەوە، بە گرژە باوەڕی مەزن خوازانە و مەگیرانی کردن بە بنیاتنانی ئیمپراتۆری گەورەی شیعی وقورئانی کردنی سیاسەت و فەرمانبەرداریی کوێر کوێرانە و حوکمی لە مل کردنی قەڵادەی بەیعەت و بانگەشەی سەپاندنی فەرمانی سێ کوچکە، وێڕای پشتگوێ خستنی پەیڕەوی لە زاتی یەکەم و دووهەم و کڕنۆش کردن بۆ کاراکتەری هەرە مەبەست، واتا ملکەچکردن لە بەر بارەگای “ئولیلئەمر”ی، بە “ئەهەمی فیل ئەهەم” زانیوە.
گەلی کورد لەیەک تێگەیشتن و وتووێژ و گوێ لە یەکگرتنی وەک هونەری مومکین چاو لێ کردووە، نوێنەرانی گەلی کورد بەوپەڕی نیاز پاکی و بە یەک زمان و بە یەک ڕوو، بۆ حەلی ئاشتیخوازانەی کێشەکان لەگەڵ تەڕەفەکانی خۆیان ڕووبەروو بوون، بەڵام دوژمنانی ئاشتی و ئازادی، بەتایبەتی کۆماری ئیسلامی، بە دەغەڵکاریی ئەخلاقی و دەغەزداریی سیاسی و ماسکی جۆراوجۆری درۆیینەوە، ڕووبەڕووی داخوازییەکانی گەلی ئێمە بوونەوە. لەبەرابەردا هێزە سیاسییە کوردییەكان وەک ڕاسپاردە و زمانی ئەمینی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، چالاکانە و بێ کات بەفیڕۆدان، لە یەکەمین دەرفەتی دوای سەرکەوتنی ئینقلابی ئێراندا، ڕاهێنان و خۆڕاهێنانیان وەک دوو ئەولەویەتی گرینگ لە سەرەوەی هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان دانابوو. پرشنگدارترین شاکاری سیاسی وکۆمەڵایەتیی دوای سەرکەوتنی شۆڕش، ئەو خۆڕاهینانە پڕ لە هۆشیارییە بوو، کە گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاونەترسانە و بێباکانە لە وڵامی بایکۆتی ڕێفڕاندۆمی سەرتاسەریدا هاواری لەببەیكیان بەرز کردەوە، ئەو نا گوتنە تەقەی بێ ئامانجی نێو تاریکی نەبوو، گۆترەکاری و ڕەماڵینە نەبوو، شیکردنەوەیەکی وردبینانە و عەقڵانی بوو کە تائیستاش رەسەنایەتیی خۆی پاراستووە.
هەڵوێستی بەجێ و بە وەختی ئەو کاتانە تا ئیستاش لە ژێر حوکمڕانیی عەقڵدا ڕۆیشتووەتە پێشێ، بانگەوازی بێ ترس و لەرزی حیزبە کوردییەکان بۆ تەحریمی ڕێفڕاندۆم، بەدەنگەوە هاتنێکی بەرینی جەماوەری تا ئەو چرکەساتانەش بەدوای خۆیدا کێشاوە، کۆماری ئیسلامی دەیەویست هەڵمەتی ڕیفڕاندۆم وەک نەرمە ئامرازی وەرگرتنی شەرعییەت و سەپاندنی ئەحکامی تاغووتی بە سەر سەرتاسەری ئێراندا، چاو بەستانە و هەر چۆنێکی بۆی بلوێ بەرەو سەرکەوتن پاڵ پێوە نێ، بەڵام هەڵوێستی ئاگاهانەی ڕوناکبیران و چالاکانی مەدەنی و لەسەرەوەی هەموویان وڵامی ئەرێنیی گەلی کورد بە جێبەجیکردنی ئەو تەحریمە، خۆڕاهێنانێکی شەفافی بە خۆژیوانەی مەدەنی- عەقڵانی بوو کە تیشک و ناوەرۆکی دیکەشی گەیشتە جووڵانەوە بەرینە دوور لە تووندوتیژییەکانی چەند ساڵ لەمەوبەر و تائیستاش، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئیلهام وەرگرتن لەیەکەمین هەڵمەتی هێمنانەی سەرتاسەری، لەسەر درێژە پێدانی ئەو نافەرمانییە مەدەنییانە سوور و بەردەوامە.
ئەگەرچی ناگوتن بە فەرمانی ڕێفڕاندۆم هەزینە و تێچوویەکی گرانی بە دوای خۆیدا هێناوە و گەلی کورد باجێکی زۆری بۆ داوە، بەڵام ئەو هەڵوێستە وەک ڕاپەڕینێکی ئارامی مەدەنی جێگای شانازییە و لە مێژوودا زیندوو و پایەدار دەمێنێتەوە.
بەکورتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مۆدێلێکی تازەی خۆڕاهێنانی بنیات نا کە بوو بە داینەمۆی زنجیرەیەک لە خۆڕاهێنانەکانی دوایی و قورساییی تێکڕای تەکانەکانی هەنووکەیش، جاچ لەبەرەنگاربوونەوە و بەگژداچوونەوەی شڵقە لە شڵقەی کۆرۆنایەوە بگرە، تا خۆڕاهێنان لە بەرانبەرداو و تەلیسمەکانی حكوومەتی ئیسلامی و ڕووبەڕووبوونەوەی تێکڕای تەشقەڵە وگێچەڵەکانی دیکە، خەستوخۆڵ لەسەر ڕێسمە و ئاشنای لێکدانەوە و شیکردنەوە و تەحلیلە عاقڵانییەکان دەگەڕێت. بەپێچەوانەوە، جمهوری ئیسلامی بەشێوەی جۆراوجۆر و لە کەلێن و بەلێنی جۆراوجۆرەوە، بەگژ عەقڵانییەتی سەلیمدا دێتەوە. دوژمنانی سوێند خواردووی ئازادی و کەرامەتی ئینسانی بە مەبەستی ڕام کردن و دەستەمۆ کردن و سەرەنجام بەچۆکداهێنانی گەلی ڕاپەڕیوی کورد لە قالب و قەوارە و جلوبەرگی جۆربەجۆردا دەردەکەون.
هەندێک جاران لە قاپۆڕی موڕەبی و ڕاهێنەر و مامۆستا و جار جارەش بە وینە و فۆڕمی ژنڕاڵەکانەوە، لە نێو تروسکە و بروسکەی ماشەڵڵاکانیاندا، زۆرجارانیش لە شکڵی قەیومدا وەک ئەوەی حوکمی قەیومییەتیان بە پۆلێک تەتەرە فریشتەی دەست لەسەر سینەدا، لە ئاسمانەکانەوە بەوپەڕی ئیحترامەوە پێشکەش کرابێ، واش هەیە دم لە دایەی چاپلووسی میهربانتر لە دایک و ماشەڵڵای لێ بێ ناسێحی ئەمین و لە بۆرجی عاج و هێلانەی سەر نووكی هەرەمی قەڵاکانیانەوە، ماوە بەماوە مل قەف دەکەن و سیگناڵە جەعلە دەسکردەکانیان وەک فەرمانی ئاسمانی بە بەیعەتکاران وکۆیلەکانی سەر عالەمی خاکی ڕادەگەیەنن.
سیستەمی پەروەردەی ئاخوندەکان و هەستان و دانیشتنیان وەک دەروونی پێچاوپێچ و داڵان داڵانیان گوماناوی و بە تەواوی ناوێکچوون.
ڕۆژێکی لەسەر بەرماڵە و عابایان لەبەرە و ڕۆژێکی دواترلەسەر تەختی پاشایەتی تاجی زێڕینی زاڵمانەیان لەسەر سەرە، لەو دیوی میر غەزەب و بەو دیویدا، فریشتەی نوورانی و لە دەستێکیاندا شەللاقی هەناسەسواری سەر پشتی بریندار و لە دەستەکەی دیکەیاندا، ساتووری کۆڕی ماندووی مل قرتاندن، لە ژێرەوە نقورچکی ئازار و لە سەرەوە مۆڕە و جار جارە خەندەی بەدرۆ، ڕەشتر کردنی ژووری ڕەش و ڕووتەکان و چراخانی کردنی حەرەمسەراکانی خۆیان، قاودان بۆ کۆڕی گریان و تازیەباری و ڕاهێنان بۆ قەمەزەنی و زنجیر لەخۆدان و خۆئازاری. ئەوانە و دەیان و سەدان شتی دیکەش بەنیازی بە کۆیلەکردن و ڕاهێنانی لەشکر لەدوای لەشکری کۆمەڵانی خەڵک، بۆ تەسلیم بوون بە برسیایەتی و هەژاری و نەداری و هاندان بۆ خۆسپاردن بە شەپۆلی قەزا و قەدەر و خلۆركردنەوە بەرەو دونیای نەزانی و بێخەبەری، وەك تەفەننون، كاری ڕۆژانەی دەسەڵاتدارانی ئێرانییە.
ئەگەر ئێمە بەمەبەستی خۆڕاهێنانی ئاگاهانە وفێرکاریی مەعقولانە و سەردەمیانە، لە بەرامبەر کردەوەی دوژمنکارانەی دوژمناندا و هەروەها بە نیازی بەرپرچدانەوەی ئەو هەموو فێڵ و تەڵەکەیە و پووچەڵ کردنەوەی کەمینە جۆراوجۆرەکان و پووکاندنەوەی دڕک و داوەکان خۆمان بە ڕەمز و فەننی تایبەت بەو مەیدانەی تەیار نەکەین، لەوانەیە نەتوانین لە ئایندەدا دەرەقەتی ئەو هەموو گەمە کەڵەکەبووانە بێین و لەکاتی گونجاودا، بەگژ ڕاهێنانە زۆرە ملێکان و بارودۆخە بەزۆر داسەپاوەکەی دواڕۆژدا بێینەوە.
ئیستا چرا سوورەکان لە هەر چوار لاوە بە کردەوە بەرەو ئێمە لێدەدرێن؛ هاوکات سیگناڵی چاپلووسانە وعەوام خەڵەتێنانە وێڕای ئاژیری مەرگ و زەنگی خەتەر، پەیتا پەیتا لە گوێی ئێمەدا دەزرینگێنەوە. ئەگەر ئێمە وەکوو نەتەوەیەکی بریندار و ژێرچەپۆک، ئەو زەنگ و عەلایم و ئیشاراتەی بە جیددی وەرنەگرین لەوانەیە تووشی نەهامەتی و زیانی ئەوەندە گەورە بێین کە لە ڕۆژانی تەنگانەدا بۆمان قەرەبوو نەکرێنەوە، ئێستا مەترسیدارترین سیگناڵی خەتەر هەیولای کرۆنایە لەو دۆخە تایبەتییەدا کۆرۆنا، نەک تەنیا وەک تارمایی و ویروسێکی خۆویستی کاركردووی زیانبار، وێڕای وزەوزی ناخۆشتر لە پێوەدان، هەڕەشە لە قەوارە و هەیکەیلی تێکڕای بەشەرییەت دەکات، بەڵکوو وەکوو خۆرەیەکی داڕزێنەر، بەکردەوە خزاوەتە نێو مۆغەرەی پشتی بەشێکی بەرچاوی دانیشتوانی سەر ئەو عەرزە و وەکوو هۆلاکۆستێکی غەیبیی، نیقاب پۆش دەستی لە سینگ و بەرۆکی زۆربەی ئینسانەکانی ئەو دونیایە ناوە و ئاوڕێکی گەورەی لە دارستان و سەوزەڵانیی ژیان بەرداوە. بەڵای نەوعی بەشەر تەنیا کۆرۆنا نییە، زۆر وەبای کاولکارتری دیکە لەسەر ئەو عەرزەی هەن، ئەو ئافەتانە لە گونبەزی ئاسمانەکانەوە هەڵنەڕژاون، لە بەکەمگرتن و بێ بایەخ زانینی گەوهەری بەهای بەرزی ژیانی گیانلەبەرەکانەوە سەرچاوە دەگرن. ئێستا وەزعییەتەکە گەیشتۆتە جێگایەک کە زەردەخەنە لەسەر لێوی هیچ ئینسانێک بەدی ناکرێت. دونیا بە تێکڕایی تووشی لەرز و تایەک هاتووە کە تائێستاش جگە لە ئازارشکێن، چارەسەرێکی کاریگەری بۆ نەدۆزراوەتەوە.
بوختان نییە ئەگەر بڵێین هۆکاری ئەسڵیی گواستنەوەی ویرۆسی کۆرۆنا بۆ وڵاتی ئێمە، ئاخوندەکان بوون. شاسوارانی جەهل و نەزانی، گەورە کەژاوەی هەڵگری کۆرۆنایان خزاندە نێو زیارەتگاکان و لەوێشەوە ویرووسە ئیستتارکراوەکانی ژێر عەباکانیان، لەسەر سەرتاسەری عەرزەكانی ئێران و دنیادا چاندن، ئینسانەکانیان کردنە قوربانیی هەڵبژاردنە نمایشییەکەیان.
ڕێژیم کە لە ڕاپەڕینەکانی خەزەڵوەردا، بە ئەنواعی چەکی خەتەرناک ئاوری بە سیمای خۆپێشاندەران هەڵپڕژاند، ئێستا لە کۆرۆنا وەک ئالەتی قەتتالە کەڵک وەردەگرێ و بە ئاواتی درێژکردنەوەی زنجیرەی قەبرستانەکان و وەڕێخستنەوەی کۆمەڵکوژییەکان، دەیهەوێ ئەوەی بیری دژایەتیی ڕێژیمی لەسەردا بێت سەر و بن لە گەرووی قەبرە تاریکایكەكانی خزێنێ.
ڕێژیمی جمهوریی ئیسلامی، شانبەشانی نەخۆشیی کۆرۆنا و باقی دەرد و ئازار وپەتا و نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی دیکە، لەیەک جەبهەدا و بە یەک سیستەم و بە یەک خەت و ڕێبازدا، بە گژ میللەتانی ژێر ستەمی ئێراندا هاتووەتەوە. ئەو ڕێژیمە لەژێر سێبەر و هانکەهانکی شمشیرە هەرەژەنگاوی و بە خوێن ئاودراوەکان و، خۆڕاگوشین بۆ دەخەوکردن و خام کردن و لەگرێژەنەبردنی هۆشی جەمعی، درێژەی بە ژیانی پڕ لە شەرم و شورەییی خۆی داوە.
مەگیرانی كردن لە هەرچی زیاتری ئیقتدارگەرایی و ڕەزیل کردن و پێچەن لێدانی هەرچی زیاتر زنجیری ئەسارەتی کۆمەڵانی ژێر چەپۆکی ئێران، تەنیا ڕەمزی مانەوەی ڕێژیم بووە. ئەو ڕێژیمە هەرگیز پشتی بە سیاسەتی دروست و پارادایمی مەنتیقی و قابیلی هەزم نەبەستووە، تەنیا گێڕانی ئاشی شەڕ و هاڕینی کەللـە سەرەکانی، بە هیوا و هومێدی دواڕۆژی خۆی زانیوە.
ڕێژیم لەهەر دەرفەتێک بۆ سەپاندنی هژمۆنی خۆی کەڵک وەردەگرێ.
لەو هەلومەرجەدا کە سەرتاسەری دنیا و بەتایبەتی دانیشتووانی نێو ئەو قەوارە جۆغڕافیایییەی کە بە ئێران ناو دەبرێ، بەدەس ئاهۆیەکی جیهانگیرەوە لاکەی سەریان دێ، دەیهەوێ بۆ زیاتر زنجیرکردن و لەچۆکنان و لە ڕێگا ترازاندن و تێرۆری فیکری و ڕافڕاندن و زیاتر تەزاندنی کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێرانێ، هاوتەریب لەگەڵ پەرەپێدانی زیاتری هەژاری و نەداری وتەعلیمات و ڕاهێنانی جادووگەرانەی خۆی بۆ بەزۆر بەیعەت پێ کردن و سەر بەردانەوە و چاو قرژکردن لەبەرامبەر قەزاوقەدەر و مل ڕاکێشان لە بەرامبەر سیسە دەرد ونەخۆشییە سامناکەکان، ئاخرین تیری تەرکشی خۆی لەو مەیدانانەدا خاڵی کات.
ڕاهێنانی سەقەت و چەوت و چەوێڵ و ژەهراویکردن و ئاخنینی مێشکەکان بە فەلسەفەی ناعاقڵانی و خورافی و کڕوسینەوەی جومجومەی هەژاران و نەداران و پەرەپێدانی قاتی وقڕی و پێشگیری لە بووژاندنەوە وچاندنی تۆوی برسیایەتی، ستوونی فەقەراتی سیاسەتی زۆردارانەی رێژیم بووە.
لە بارودۆخی ئێستادا ئەگەر ڕوناکبیران و ڕێبەرانی بژاردەی ئێمە، بیانهەوێ مێتۆدێکی گونجاو و سیاسەتێکی داڕژاو و قایم و قووڵی ئوسولی سەبارەت بە ڕاهێنان و پەروەردەی گەلی ئێمە دیاری بکەن، جێگای خۆیەتی تیژبینانە و بە وردی سیاسەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لەخوارەوە هەتا ترۆپک بخەنە ژێر زەڕەبینی ڕەخنەگرانە و مووشکافانەی خۆیان. تێڕوانینی پشوودرێژانە و وەستایانە لەسیاسەتی تەعلیم و تەربیەتی ڕێژیم دوورهەنگێوی و مەهارەت و نیشانەشکێنیی زیاتر بە لێکۆڵەران و توێژەرانی گەلی ئێمە دەبەخشێ. بۆ زیاتر ڕوونبوونەوەی ئەو مەسەلانە ناچارین ئاوڕێک لە ئاوێنەی ڕووداوەکانی ڕۆژانی دوای بەئاکام گەیشتنی ئینقلابی ئێران بدەینەوە.
شاگردانی ڕاهێنراو و پەروەردەکراوی مەکتەبی ئیمام، وەکوو هەڵگرانی ژەنگاویترین بیرۆکەی مێژوو، وەکوو خۆرە، وەکوو وەبا لە وڵاتانی دەوروبەر و ئێران و بەتایبەتی کوردستاندا، بوون بە جەردەی سەر گەردەنە و ڕەوتێکی پێشکەوتنخوازانەیان پەلاماردا و کاروانی ژیانەوە و بووژانەوەیان تارومار کرد.
گەشاندنەوە و بووژاندنەوەی فیکری، یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی مامۆستایانی ڕووناکبیر و ڕاهێنەری ئێمەیە. ئەو کاتە هۆشیاریی نەتەوەیی گەشەدەکات کە سیستەمی پەروەردەی دەزگای دەسەڵاتداری سەپاو بەسەر کوردستاندا بەوردی بخوێنینەوە. جێگای سەرنجە کە لە سیستەمی پەروەردەی ڕێژیمدا نەک ئینسان مەرکەزی سقل نییە، بەڵکوو کەرامەتیشی پارێزراو نییە ، ئینسان لە مەفهوم و ناوەرۆکی واقیعیی خۆی دا وەک ئینسان چاوی لێ ناکرێ یەک تاقانە وەک تەنیامەرجەع لەمەقامی ئولوهییەت و نەقشی فەردی کامڵدا، خۆیەتی و ڕاشکاوانە وەک عەقڵی کول بڕیارەکانی خۆی ڕادەگەیەنێ. [ئیندیویجولیزم ]individalism یان فەرد لە سیستەمی پەروەردەی ویلایەتی فەقیهیدا نە پێناسەیەکی زانستیانەی هەیە و نە ڕەنگێکی هەیە و نە ڕۆڵ و نەقشێك.
هەروەها تاک لە چوارچێوەی ئیستیحقاق و شایستەییی خۆیدا جێگە و پێگەیەکی پێ نادرێ و ناتوانێ لە هیچکام لە مەیدانەکانی ژیاندا، مەهارەتە زاتییەکانی خۆی نیشان بدا و قورساییی خۆی بپارێزێ.
فەرد وەک ئالەتی دەست و عونسوری بێ ئیرادە کەڵکی لێ وەردەگیرێ و بەدەر لەدەسەڵاتی بڕیاردان، بێ ئەوەی دەرفەتێکی جینگڵدانی هەبێ خۆی دەخواتەوە و لە تێکڕای وادەکانیدا دەتوێتەوە، هەر بەو جۆرە کۆمەڵگا لە سیستەمی پەروەردەییی ڕێژیمدا جگە لە بەیعەتی زۆرەملێ و سەپاندنی ئیتاعەتی کوێرکوێرانە و نائاگاهانە لە وەلی ئەمر، وەرگرتن و قەبووڵ کردنی بێ چوون و چرا و بێ دەسکاریی ئەحکام و فەرمانەکان ناتوانێ هونەر و مەهارەتێک لە خۆی نیشان بدات.
کۆمەڵگا لە یاسای چەقبەستووی ڕێژیمدا هەرگیز شایستەییی ئەوەی نادرێتێ کەمترین گومانی لەبارەی فتوا و فەرمانی وەلی ئەمر هەبێ وبچووکترین پرسیار لەسەر هیچ چەشنە ئەرکی سەپێندراوی دەسنیشانکراو دابنێ، کەوابوو تەفسیر و تەعبیری تئۆریسییەکانی نێو دەزگای پەروەردەی ڕێژیمی ئیسلامی لە ئینسان و فەرد و کۆمەڵ، ئێمە دێنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە سیستەمی پەروەردەی نەتەوەیی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا، دەبێ بە پێچەوانەی ئەو تەعلیم و تەربیەتە بێ کە لەسیستەمی پەروەردەی ویلایەتی فەقیهدا وەک دەقی نەگۆڕ دانی پێدا نراوە و لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ڕاهێناندا وەک دایکە یاسا و سەرچاوەی ئەسڵی کەڵکی لێ وەردەگیردرێت.
بیرۆکەی ڕاهێنانی سەرتاسەریی ڕێژیم كە لە جەوهەری ئیدۆلۆژی وڵایەتی فەقیهەوە سەرچاوەی گرت، بوو بە دێوەزمەی مرچ و مۆن؛ بوو بە مردن؛ بوو بە ساتۆری سەر بڕین؛ بوو بەسێبەر و تاریکاییەکی قورس وگران و تیشکی زانست وهونەری لەسەرتاسەری وڵاتدا خنکاند.
لەگەڵ بە دەسەڵات گەیشتنی ئاخوندەکان، تەپڵی شەر لێدرا، کارمەندانی سەفارەتی ئامریکا لە لایەن پەیڕەوانی خەتی ئیمامەوە بە تێکڕایی بە بارمتە گیران. ئامۆژگارییەکانی ڕۆژانەی خومەینی پڕ بوون لە وەعدە و وەعید و نەوعێك ئاڕایشتی نیزامی و دەست لەپشت دانی پەیڕەوان وموریدانی، بۆخاڵی کردنی گرێی دەروونی و بەگژداچوونەوەی ئەملا و ئەولا و هەموویان مزگێنیی ناردن و دیاریی مەرگ و وێرانییان پێوە دیار بوو.
خومەینی ڕاشکاوانە وتی “راه قدس از کربلا میگذرد” (ڕێگای قودس بە کەربەلادا تێدەپەڕێ). مەبەستی ئەوە بوو کە دەبێ لە پێشدا عێراق تەخت بکات و پردێکی وشکانی تا دەریای مەدیتەرانە لێبدات، هیلالی شیعە بە خەستی میلیتاریزە بکات و هەموو جوولەکەی سەر ئەو عەرزە بە تێکڕایی بڕێژێتە نێو دەریایەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەدا خێراتر گوڕاندی و وتی “جنگ جنگ تاپیروزی” (شەڕ، شەڕ، تا سەرکەوتن) کەسێک نەیدەزانی هەموو شەڕێک، تەنانەت سادەترین شەڕ بە تایبەتی شەڕی گەورە، زیان و تێچووی زۆری دەوێ، ڕووباری گەورەی خوێن وەڕێدەخات. بۆ خومەینی گرینگ نەبوو ئەگەر میلیۆنەها ئینسان تێدابچن، بەڵام سەرکەوتنێک کە هەدەف و ئامانج و ویستی خۆیەتی دەستەبەر بکرێت. خومەینی تەنها لەگەڵ ئینسانەکان و عەرز وئاسمان بەشەڕ نەدەهات، بەڵکوو بە قەڵتوبڕ کردنی فەرهەنگ و هونەر و زانستەكان داسی مەرگی دەسوی.
لەکاتێکدا زانستی ئابووری مۆغەرەی پشتی راوەستاوی و بووژانەوەی ژیانی ئینسانەکانی ئەوڕۆیە و تەواوی ئاڵووێر و معامەلە و موعادلاتی پیچیدەی دەوراندەوری ئەو عەرزەی، بەپێی پێوەرەکانی ئەو زانستە گەشەکردووە ئەنجام دەدرێن، خومەینی ڕاست و ڕەوان وتی “اقتصاد مال خر است” (ئابووری هی کەرە). پلانە سەقەتە دەوڵەتییەکان، لانیکەم بەشێکیان جا ئەگەر کەمیش بن، کەوتنە ژێر تەئسیری ئەو فەرمایشتە بێ ناوەرۆکەی. ئەو فیکرەیە بوو بە ئافەت، بوو بە ئاور، سەوزەڵانیی دەشتە ڕەنگینەکانی پڕووكاندن، جۆگە و بیابانەکان وشکارۆتر بوون.
خومەینی فەرهەنگی ڕەسەنی گەلانی ئێرانی گسک دا. هەر حکومەتێکی دڵسۆزی نیشتمانی پەرەپێدانی زمان و ئەدەب وفەرهەنگ، بەتایبەتی فەرهەنگی ڕەنگاوڕەنگ و کولتووری جۆراوجۆر وەک فاکتەرێکی گرینگ بۆ بەهێزکردنی عەقڵی هەرەوەرزی و گەشەکردن و یەکسانی وپێکەوە ژیانی بەئاشتی بە ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانێ.
زمانی ئاڵاهەڵگرانی جەهل و نەزانی، زمانی دایناسۆرەکان بوو. تەنانەت ئەوانەی بەقەولی خۆیان بۆ ئیرشاد و پەرەپێدانی خوێندەواری ڕوویان لە کوردستان کرد، بەزمانی حەشر و نەشر دەدوان، جگە لەزمانی گوللـە و باڕووت زمانێکی دیکەیان نەدەزانی. لە جیاتی شعوور و زانستی سەردەمیانە، گوللـە بوون بە مێشکەکاندا دەکران. پووش و گووڵ و گیا و نەمامیان پێکەوە هەڵدەپڕووکاند.
زۆرجاران لەخۆم دەپرسی، باشە دەبێ جاڕنامەی مافی مرۆڤ لەکوێ نووستبێ؟ لەکوێ کوژرابێ؟ دەبێ مابێ و گوێیەک بۆ سکاڵاکان بگرێ؟ سکاڵای برینەکان، هاواری خوێنەکان، ناڵەی منداڵانی کەسوکار کوژراو، هاواری خنکاوی ئێمە بوون. هەر لە سەرەتای مێژوو هەتا ئێستا، ئەو هاوارە کوژراوانە زوان و وێژە و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی نەتەوەییی ئێمە بوون. بەشی قەزایی یان بەشی دادوەری، لە هەمان ڕاهێنانی تووندڕەوانەوە سەرچاوەی دەگرت. ڕاگرتنی تەعادولی هاوکێشەکان و بەرقەرارکردنی دیسیپلین و نەزم و نیزام و پێشگیری لە ئیفرات و تەفریت و بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی و تاوان و دابینکردنی یەکسانیی کۆمەڵایەتییە، نەک پەرەپێدانی قانونی جەنگەڵ و قەدەرقودرەتی و سزادانی ڕەها و موتڵەق.
هەزاران کەسی پاک وەک ئاوی حەیات لە چەند دەقیقەدا وەک “مفسد فی الارض”، ناسران و لەناوچوون. بیروڕای گشتی و هەموو دنیاش نازر وچاوەدێری دادگا سەحرایی و چەند دەقیقەیییەکانیان بوون. لە دادگای سەحراییی جەلاداندا، ژێ٣کان بڕیاریان دەدا. ئاخرین فەرمان لە لووتی تیربارەکانەوە دەردەکشا. بەتایبەتی لە دێهاتەکاندا چارەنووسی خەڵکی ماڵوێران، ڕەوەی تانک وهەلیکۆپتەرە تۆپدارەکان دیارییان دەکرد. ئاخرین نووکە هین لوولە قورس و پڕ لە گڕەکان بوو.
خومەینی لە ئیرشاد و ڕینوێنییەکانیدا، شەکرێکی دیکەی شکاند، بەگژ بابەتە کۆمەڵایەتییەکاندا هاتەوە و شەڕی لەگەڵ دێموکراسی ڕاگەیاند. بێ پێچ و پەنا گوتی: “مابرای دمکراسی انقلاب نکردەایم” (ئێمە بۆ دێموکراسی شۆڕشمان نەکردووە). مەفهومی موخالف یان مەعنای ڕاستەقینەی بارەکەی دیکەی ئەو ڕستەیە، ئەگەر تۆ بتهەوێ وەریسووڕێنییەوە ڕاست ئەوەیە کە خومەینی بۆ ژیانەوەی دیکتاتۆری ئینقلابی کردووە، دیکتاتۆری ئەگەر بەمانای سەپاندنی هێژمۆنی و تەحمیلی نەزەر و شەڕ لەگەڵ جیاوازبیران و ژێرپێ خستنی ناسنامە و تواندنەوەی هۆوییەتی فەرهەنگی و سانترالیزەکردنی قودرەت و ڕووشاندنی کەرامەت و خۆگێلکردن لە ئاست ویست و داخوازییە شەرعییەکان و لەسەرووی هەمووانەوە پێ لێخستنی تەواوی مافە ئینسانییەکان بێ ، ئێمەی کورد وەکوو ئینسان، وەکوو فەرد، وەكوو کۆمەڵ، وەکوو پارچەیەک لە نەوعی بەشەر، هەر لە مێژووی پێش لە دەسەڵاتی خومەینیدا زیانی ئێجگار زۆر زۆر گەورەمان پێگەیوە و بەتایبەتی لە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی حكوومەتی خومەینی، گورزی زۆر قورسمان خواردووە و غەدری زۆر گەورەی مێژووییمان لێ کراوە.
دیکتاتۆریی دەرپەڕیو لە مەکتەب و فەرهەنگی خومەینی، دیکتاتۆرییەکی قووڵ و ڕیشەدارە و لە خۆیەوە درووست نەبووە، سەرچاوەی ئەسڵیی خۆی هەیە و لە هەندێک پڕۆتۆکۆلی زۆر لە مێژینەوە دێ. مۆدێلە دیکتاتۆرییەکەی خومەینی، شاگرد و ڕاهێنەری لاسار و خوێنڕێژی چەموشی زۆری دروست کرد، میرغەزەبی زۆری پەروەردە کرد. ئەو مۆدێلە ژەهراوییە، وەکوو نوتفەی ویروسی کۆرۆنا، لەڕەحمی خۆیدا گیانی وەبەر ویروسی زۆر هێنا و زۆر مەکتەبی ژەهراویی دیکەی هەڵفڕاندە سەر عەرزی دەوروبەر و تەنانەت بەرەو ناوچە دوورەدەستەکانیش تووڕی دان. شاگردانی بە تایبەت ڕاهێنراوی ئەو مەکتەبە بە هەزاران جۆ و جۆباری خوێنیان وەڕێخست. نەسایحی ماشەڵڵا پدەرانەی، خومەینی بوونە بارووت و گڕ، بوون بە بۆمب و ئاور و ئاسن و کاتیۆشا و گەشەیان کرد و بوونە مووشەکی بالستیک و لە پێش هەموو جێگایەکدا لەکوردستاندا تاقی کرانەوە و لە پێش هەموو گیانلەبەرێكدا بەسەر سەری ئینسانی کورد دا هەڵئەڕژانە خوارێ. ڕەوتی گەشەکردنی ئەو بلێسە و دووکەڵانە و هەڵفڕین و پەرەگرتنی شڵخە لەدوای شڵخەی ویرووسەكان ئاوا بە سادەیی نانیشنەوە و ئاوا هاسان کۆتایییان پێ نایە. لەڕاستیدا بەرەو ئەوە دەچێ ببێتە بۆمبی ئەتۆم و ڕۆژێک لە ڕۆژان کورەی خاکیی دنیایە بکاتە تۆپەڵەیەکی هەڵم و لە نێو گەردەلوولی فەزادا، لەبەر یەکی هەڵتەکێنێ.
بۆ پەیڕەوانی مەکتەبی ئیمام گرینگ نییە هەموو دنیا لە پێناوی ئەواندا قڕ ببێ، بەڵام وجوودی “ذی جُوْدی” ئەوان بمێنێ. کەم کەس هەیە ئەوەی نەزانێ، ئەوەی بۆ ئەوان گرینگە تەنیا بەقای ڕێژیمە. لە پێناوی مانەوەی خۆیان و بەقای ڕێژیمدا، لە هیچ چەشنە تاوانێک خۆیان ناپارێزن و ئەوەندەی لە توانایاندا هەیە دەست دەوەشێنن وادەی ئەو خێر وبەرەکەتانەی کە خومەینی بەخەڵکی ئێرانی دابوو هەموویان بوونە ژەقنەموت و بە گەروی بێتاواناندا ڕۆیشتنە خوارێ. بوون بە فرمێسکی بەگوڕ، بوون بە ئاە و حەسرەت. کەرەم و عینایەتی ماشەڵڵا پدەرانەی ئیمام بوو بە شەپۆلی خوێن و بە هەوادا فڕی؛ بوو بە بڵێسە و لە بڵێسەدا مرد؛ بوو بەخوێن و لەخوێندا خنکا؛ بوو بە مردن و لەباوەشی مردندا مرد. بوو بە زنجیرەی دوور ودرێژی کۆچە سوورەکان؛ بوو بە خەزانی خەم و گوڵی ژیان هەڵوەرین؛ بوو بەگەواڵەی هەوری پڕ لە ڕق و غەزەب و ئێش وژان؛ بوو بە گڕی بارووت و قوڕی ڕەشی قوڕقوشم.
نسێی شووم و نگریسی ئیمام کەوتە سەر جوغڕافیای لەتلەتی وڵاتە بریندارە بێ نازەكەی ئێمە. ئەو غەزەبانە هیچیان ئاخری کارەساتەکان نەبوون، سەرەتای كەوتنی ئەستێرەی بەخت و وەرینی بەخت و شانسی سەرتاسەریی میلەتانی ئێرانێ بوون. کارەساتەکان لە ناکاو هەڵنەقوڵین و وەک تاوێری شاخەکان سەروژێر خولێر نەبوونەوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک جەزیرەیەکی خوێناوی وەتاق کەوتوو، جڕجی ڕەنگاوڕەنگ خۆیان تێخزاند و لە هەموو لایەکەوە بە مار و دووپشکی جۆراوجۆر گەمارۆ درا. لە هیچ لایەکەوە کەلێنی ڕوناکی بۆ نەمایەوە، حەتا تاقە ئاسۆیەکی گەش بە ڕوی ئێمەوە پێ نەکەنی. دەزگای دادوەریی ڕێژیم، کوردەکانی نەتەنیا وەکوو ئینسان، لەگەڵ هەموو ڕێزم بۆ خوشک و برایانی کوردم، وەکوو حەیوانیش، چاو لێ نەکردن.
بۆڵدزێر و لۆدێرەکان لە مەرکەزەوە بە مەبەستی ئاوەدان کردنەوەی خاکی کوردستان، نەخزین؛ بەڵکوو بۆ هەڵكەندنی گۆڕی بەکۆمەڵ و تەختکردن و وێران کردنی شار و دێهاتی كوردستان وەڕێکەوتن. فەرمانەکانی ئیمام وەک هەزاران ڕەوە هەوری قۆرتاوی، بەشکڵی نێوچاوانی تاڵی خومەینی، خۆیان لە ئاسمانی کوردستان خزاند، بوون بە هەزاران و دەیان هەزار تابووتی مەرگ و لەهەموو شیو و دۆڵەکانی کوردستاندا تاک و جووت و بەکۆمەڵ فڕێ دران. ئیستا کە من ڕۆژانی دوای ئینقلابی ئێران و لەشکرکەشیی هەمەلایەنە و دۆزەخە گەرمەکانی شەڕی نابەرابەر و جەبهە تەمەن درێژە سام گرانەکانی کوردستان و پاڵەوانی و قارەمانەتی و دەرد و ڕەنجی پێشمەرگە بریندارەکان و هەنسکی خۆڕاگری و خۆخواردنەوەی کەسوکاری ڕەشپۆشی شەهیدانم دێنەوە بەر چاو، ڕابردووی خۆمم وەک سیسە خەونێکی دوور و درێژی ڕەنگ زەردی پچڕ پچڕی نێوان زەردە و تاریکی دێتەوە بیر کە هەر یەک بە شێوەیەک لە نێو خوێنەکاندا دەکوڵن، گریانی بەکوڵی خوێنەکان و ناڵەی هیچکام لە برینەکانم بۆ لەیەک گرێ نادرێنەوە. وزەوزی ئەو برینانەی کە من بەچاوی خۆم لەسەر جەستەی خەڵکی کوردستان دیتمن، ئەوەندە کەمەرشکێنن، کە هیچ زمانێک و بەتایبەتی شعوری ماندووی من وزە و توانای شەرح دانیانی تێدا نییە.
حەقیقەتێک کە من ئیستا تۆزێک پەی پێ دەبەم و لێی تێدەگەم، ئەوەیە کە مەشغەڵ و منارەی بەرزی عەقڵی ئینسانەکان هەر چەندە قەدی هەڵکشاو و باڵای بەرز بێ، لە قووچاییی سیسەئازاری ڕیشەداری نێو ڕۆحی ئازارچێشتووان و کۆڵەوژی تەندووری هەرەگەرمی تاوانەکان و دووکەڵی هەڵچووی سەر دۆزەخەکان کورتترە. تەرازووی مەنتیقی پیاوە زانا و پسپۆڕەکان، هەر چەندە ورد و دەقیق بێ ناتوانێ هەموو دەرد و ڕەنجی میلەتانی ژێرچەپۆک بخوێنێتەوە و قورساییی ژانی گرانەتاکان و سیسەدەردەکان وەک واقعیەتی خۆی هەڵسەنگێنێ.
لە هەلومەرجی ئێستادا کە کۆرۆنا وەک سیسەتۆپایەکی نگریسی جیهانی، وەک بەڵایەکی غەیبی لەسەر پشتە کووڕەکەی تۆپی زەوی، دەستە جڵەوی لێخوڕین و سوڕاندنی ئێش و ئازارەکانی سەر عەرز و نێو ئاسمانەکانی بە دمەوە گرتووە، نەک تەنیا موعادلاتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و تەنانەت چالاکییە پزشکییەکانیشی لە گرێژەنە بردوون، هەروەها بە پتانسیەلی شووم و ناپیرۆزی خۆی، توانای ڕاهێنان و داهێنان و تەواوی دەسپێشخەرییەکانی لە ئینسانەکان ستاندۆتەوە و بەسەر تەواوی جومگەکانی ژیاندا زاڵ بووە و مەچەکی بەهێزی ئینسانی سەردەمی بەتەواوی جەمام کردووە.
تەنیا هزرێکی داهێنەرانە و ڕاهێنەرانەی جیهانی، کە تەنیا پشتی بەعەقڵانییەتی گشتگیری سەرتاخواری ئادەمییەت بەستبێ، دەتوانێ لەبەرانبەری ئەو ئاهۆیەدا ڕابوەستێ و چارەسەرێکی کاریگەری بۆ بدۆزێتەوە.
ڕافزین و بەدەنگەوە هاتن و فەرمانی خۆقەرەنتینەکردن و لێک دوور کەوتنەوەی کۆمەڵایەتی، توانیویەتی تا ڕادەیەک کاریگەر بێت، بەڵام ئەوە چارەسەرێکی کاتییە و وەزعەکە پێویستی بە چارەسەرێکی بەرینترهەیە. ئەوەی ئێمە لە زانایانی ئەو بوارە گوێمان لێ دەبێ ئەوەیە کە بەداخەوە ئەو ئافەتە بە چڕملییەکی یەکجار زۆرەوە، لەشکری ویروسەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتردەبن و هەموو دژەبەران و کۆسپەکانی سەر ڕێگای تێک دەشکێنێ و خۆڕادەگرێ، دوای خۆ نوێکردنەوە دیسان خۆی ئاڕایش دەداتەوە. بەشێکی زۆری خەمۆکی و داتەپینی بارودۆخی ڕەوانی و شلەژان و گیروگرفتی دەروونی، دوای کۆتایی پێهاتنی کۆرۆنای پەرەدەستێنێ.
بەدەنگەوە هاتن و ڕافزینی ئینسانەکان بۆ دووری لە مەرگ، ڕزگاربووان و کەسوکاری دڵ پڕ لە خەمی لەدەستچووان لەگەڵ ئەوەی سەبووری و سووکنایی و جێگیربوونەوەیەکی بەرچاو دەڕەخسێنێ، بەڵام بەداخەوە ئەو جێگیربوونەوەیە کاتییە. هێنانەوە سەرخۆ و تاراندنی ترس و دلەڕاوکێ، سەبووری پێدان و ساڕێژکردنەوەی برینەکان کە دابەزاندنی ئەو چارەسەرە ڕۆحیانە وەک پرسی ئورژانس، پێویستی بە ئامرازی زۆر و ئیمکاناتی هەراوی ماددی و مەعنەوی و کات و سات و پرۆسەیەکی دوور و درێژی زەمانی هەیە، کە تەنیا پشت بەستن بەنیروی بیلفیعل و بیلقووەی خۆجێیی و خۆڕاهێنان و خۆحەواندنەوە و خۆدەرمانی، دەتوانن وەک چارەسەری کاریگەر بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو بۆنگەڵە و بۆنگەڵەکانی دیکە کەڵکی بەرچاویان هەبێ. هاودەنگی لەگەڵ جووڵانی دەسپاکانەی دنیایە و پشت بەستن بەهێزی ماددی و مەعنەویی خۆماڵی، دەتوانن وەکوو دوو فاکتەری بنەڕەتی و داینەمۆی وەگەڕ خستنەوەی ئینێڕژی و گەشاندنەوەی ئەو دڵ و ڕۆح و هەست و دەروونانە بەکار بهێنرێن کە دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگی بەشەرییەت، بە مەبەستی زیاتر شکاندن و تەفروتوونا کردنیان بە شێوەی جۆراوجۆر دەستی ڕەشیان لێ وەشاندوون.
جێگای خۆشحاڵییە کەگەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزە سیاسییەکان، سەرەڕای سەپاندنی ئەو هەموو گەمارۆ و ئەو هەموو غەدرە زۆرانەی لێیان کراوە، شێلگیرانە لەسەر خەباتی بێوچانی خۆیان بەردەوام مانەوە و بەنێو تەلەسم و ڕەشە شەو و تۆنێلە تاریکەکاندا، لە گۆترە و بێ چاوساغ و ڕێنوێن نەڕۆینە پێشێ.


