ئارامتر بخوێنەوە!
پەروەردەی نەتەوەیی
ساماڵ بەهاری
“پڕۆسەی ڕاهێنانی سووژەی نەتەوەیی بۆ نەتەوەی ژێردەست و وڵاتە داگیرکراوەکەی، تەنیا ڕێگەی پەرەدان بە ڕەوت و ڕێبازی نەتەوەخوازییە. دیارە تا ئەو ڕێبازە گشت جمگەکانی کۆمەڵگای کوردستان نەگرێتەبەر، دژەهێژمۆنیی نەتەوەیی لە دژی داگیرکەردا ساز نابێت. هەر بۆیە لەم وتارەدا تیشک دەخەمە سەر خەسارناسیی پەروەردە و شیکاریی سیستەمی پەروەردەی نەتەوەیی و بنەما و ئامرازەکانی.“
پێشەکی
مرۆڤ بە بنەمای ژێنێتیکییەوە لەدایک دەبێت و لە ڕەنگی پێستەوە هەتا توانای زەینی و فۆرمی لەش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە جیهانی “بوون”ەوە. لەگەڵ لەدایک بوونیدا دێتە بەستێنی کۆمەڵایەتییەوە و هەتا مردن لەگەڵ ژینگەدا کارلێکییان پێکەوە دەبێ. بە واتایەک مرۆڤ هەتا مردن خەریکی فێربوونە. بە هۆی بەهرەی زگماکی و جێگەوپێگەی جیاواز لە بنەماڵە و کۆمەڵگادا، کەسایەتیی تایبەتیی تاک دادەمەرزێت. لە سەردەمی پێشمۆدێڕندا پەروەردە بە پێی نەریت و بنەمای خێڵەکی بەڕێوە دەچوو، منداڵ لە ڕێچکەیەکی دیاریکراودا هێدیهێدی ئەرکەخێزانی و کۆمەڵایەتییەکانی پێ دەسپێردرا. بەڵام سەردەمی مۆدێڕن لە ژیانی مرۆڤدا گۆڕانکاریی بنەماییی پێک هێنا. ئەگەر پێشتر ژیانی ئاسایی و پەروەردەی ئایینی، جڵەوی کۆمەڵگای ڕادەکێشا، لە سەردەمی مۆدێڕندا سیستەمی پەروەردەی یەکە سیاسییەکان، تاکیان پەروەردە دەکرد و دەیکەن. بەهرەی ژێنێتیکی و هەڵسوکەوتی ناو خێزان و هاوماڵان و کۆمەڵگا، لە پێناو سیاسەتی حکوومەتدا ئاراستەیەکی تر دەگرێت. واتە ڕەهەندی سیاسی، رەهەندە زگماکی و خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتە خۆی. حکوومەت بەمە دەڵێت پەروەردەی نەتەوەیی. واتە پەروەردە کردنی تاک بۆ خزمەت بە سەقامگیریی یەکەی سیاسی و پەرەدان بە ئیدیۆلۆژیی شەرعییەتدەر بە حکوومەت. لە یەکەی سیاسیی تاک نەتەوەییدا ئەم سیاسەتە کێشەساز نییە، بۆ ئەوەی تاکەکانی نەتەوە سەرەڕای ناباری و زۆرکاریی حکوومەت، بە بەشێ لە ناسنامەی خۆیان هەژماری دەکەن. بەڵام لە وڵاتی فرەنەتەوەدا کە ئیدیۆلۆژی و حکوومەت لە ژێر ڕکێفی یەک نەتەوەدایە، نەتەوە ژێردەستەکان لە ماشێنی ناسنامەسازیی نەتەوەی سەردەستدا دەتوێنەوە و دەبن بە سووژەی دەستە دووی ناسنامەی سەردەست. نەتەوەی سەردەست لە پیشەسازیی کولتووریی خۆیدا واتا و وێنایەک لە نەتەوەی ژێردەست ئاراستە دەکات و تاکی نەتەوەی ژێردەستی پێ گۆش دەکات کە هەردەم بە پاشکۆییی ناسنامەی سەردەست بمێنێتەوە. زەین و ویستی تاکی نەتەوەی ژێردەست لە چاولەبەر بوون، پاشکۆیی و خۆ بە خوارزانیندا دەمێنێتەوە. ئەم بەرهەمە بەردەوام هەوڵ دەدات خۆی بە ناسنامەی سەردەست بسەلمێنێت. داگیرکەر کاتێ وەریدەگرێت کە کەسایەتی و ناسنامەی ئەو لە هزر و سیاسەت خاڵی کرابێتەوە. لە بەرانبەردا ئەگەر بەرەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی ژێردەست بتوانێ ناسنامەسازیی داگیرکەر لەکار بخات و تاکی نەتەوەی ژێردەست بە ئامانجی ڕزگاری گۆش بکات و لەو پێناوەدا ڕایبهێنێت، سیستەمی داگیرکەر بە باڵادەستی نامێنێتەوە.
سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستاندا- کە نەتەوەکانی تریان بە دەستێوەردانی زلهێزانەوە خستووەتە ژێر ڕکێفەوە – هەوڵیان تواندنەوەی کولتووری ژێردەستانە لە کولتووری سەردەستدا. بەو پێیە دوای چەند نەسڵ سووژەی دڵخوازی داگیرکەر لە نەتەوەی ژێردەستدا دەبێ بە ئامرازی شەرعییەت دان بە داگیرکەر. سیستەمی پەروەردەی عەجەمی زۆر زیرەکانەتر لە تورکیا و عێراق و سووریا جووڵاوەتەوە. داگیرکەرانی کوردستان لە سڕینەوەی ناسنامە و تێدا بردنی ئاسەوار و کتێب و نووسراوە و کەلەپووری کوردیدا لێک دەچن. بەڵام حکوومەتی عەجەم سیاسەتی مەترسیداری سووژەسازیی، بە فرەڕەهەندی و فرەجەمسەری گرتووەتە پێش و هەتا زەینی چالاکانی سیاسیی کوردیش ڕۆچووە. خاڵی وەرچەرخان لە ستراتێژیی توندوتیژیی ڕووتەوە بۆ سووژەسازیی نەرم لە پاش ڕاگیرانی خەباتی چەکداریی شۆڕشی کوردستانەوە پەیڕەو کرا و لە دەوڵەتی ئیسلاحاتدا بە لووتکەی خۆی گەیشت. خەسارناسیی پەروەردەی کوردستانی، میکانیزمی حکوومەتی عەجەم باشتر ئاشکرا دەکات. لە درێژەی وتارەکەدا بنەماکان و میکانیزم و ئامرازەکانی پەروەردەی نەتەوەیی لە بارودۆخی ئێستاکەدا شرۆڤە دەکرێت.
پەروەردەی خێڵەکی لە هەمبەر سیستەمی پەروەردەی داگیرکەردا
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و داگیرکەرانی کوردستان بەتایبەتی بە وەرگرتنی سەرچەشنی پێکهاتەی مۆدێڕن، بەڕواڵەت سیستەمی نوێی دەسەڵاتداری و جمگەکانی، وەکوو سیستەمی پەروەردەی گشتگیریان، دامەزراند. بەڵام لە ڕاستیدا ئەقڵییەتی زاڵ هەر دژایەتیی خێڵەکیی پێشمۆدێڕن لە دژی نەتەوە ژێردەستەکان بوو. کورد و نەتەوە ژێردەستەکانی تر لەو پێکهاتە بە ڕووکەش مۆدێڕنانە بێبەری بوون. بەڵام میکانیزمی کار کردنی هەر دوو تاقمی سەردەست و ژێردەست، خێڵەکی و سڵ کردن لە مۆدێڕنیتە بوو. نەتەوە سەردەستەکان لە ئامراز وەرگرتن و دەست ڕاگەیشتن بە تێکنۆلۆژیدا، بە هۆی ناسنامەی نێودەوڵەتییانەوە، هەردەم خۆیان نۆژەن دەکەنەوە. بەڵام نەتەوەی ژێردەست بەگشتی هەوڵی بەڕۆژبوونەوە نادات. کورد خاوەنی هیچ سیستەمێکی گشتگیر نییە. ئەمە خەساری پێکهاتەیییە، بەڵام لەمە خەساردارتر لاوازبوونی ئەقڵییەتی نەتەوەیییە. ئەگەر ئەقڵییەتی نەتەوەیی بەهێز ببێت، ئەو وردەسیستەمگەلە کە لە سەر نەتەوەیی بوون دامەزراون یەکدەگرنەوە.
هەر لایەنێکی سیاسی یان هزریی کوردستانی شێوەپەروەردەی تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام تێکڕا لەم خەسارانەی خوارەوەدا هاوبەشن.
١)- بزر بوون، لاواز بوون یان دژایەتیی ڕەوتی نەتەوەیی، کوردستانی بوونی هەندێ لایەن دەخاتە بەر پرسیارەوە. قەیرانی هزری و مەعریفیی لایەنە سیاسییەکان لەم خاڵەدا دەردەکەوێ. ڕاوێژی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی کوردی هەیە کە لە گەڵ ڕاوێژی ئیسلاحتەڵەبان جودا ناکرێتەوە. دەبێ بپرسین ئاخۆ ئێوە بەشێ لە بەرەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کوردستانن، یان ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی؟ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی واتە پێکهاتەی ئێرانیی قەبووڵە، بەڵام لەگەڵ جۆری حکوومەتدارییەکەی کێشەی هەیە(سەڵتەنەتتەڵەبەکان و…). چەندە نازناو و دروشمی کوردستانی بوون بە بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە گرێ دراوە؟ لە ڕاستیدا بیری نەتەوەیی نەبووەتە هەوێنی ڕێکخستنی ئەم لایەنانە. پەروەردەی هەڵە و بەرتەسک، ڕێ لە کرانەوەی ڕێچکەی هزری نەتەوەیی دەگرێت، تا ڕادەیەک کە هەندێ لایەن ڕاشکاوانە دژایەتیی ڕەوتی نەتەوەیی دەکەن. چەکوچۆڵ و پاڵەوانەتی و میدیا، ئامرازی بەرەوپێش بردنی ڕێبازێکە کە بیری لێ کرابێتەوە و شی کرابێتەوە. زەینی نەتەوەیی، بیر لە کۆکردنەوە و ڕێکخستنی وردەهێزەکانی ناو کۆمەڵگا دەکاتەوە بۆ سازکردنی دژە هێژمۆنی. بەڵام ڕەوتی بێوەر لە- یان دژ بە – ئەقڵییەتی نەتەوەیی، هەموو ئیدیۆلۆژییەکان و نەریتە هزرییەکان دەبینێت جگە لەوانەی کە نەتەوە و بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەسەلمێنن. ئەم شێوەڕوانینە بۆ پەرەدانی خۆی بەشە جیاوازەکانی کوردستان، لە ئایین و ئایینزاوە هەتا خێڵ و شێوەزار و زاراوە و ناوچە دەکاتە ئەویترو کۆمەڵگای کوردستان زۆرتر لێک دەترازێنێت. سا نەتەوەیی نەبوون لە قووڵترین ئاستیدا زەینییە، ئینجا دێتە ئاستی کایەی سیاسی و چالاکییەکانی ترەوە.
٢)- ئەو لایەنگەلە کە هەست و سۆزی نەتەوەیییان هەیە بەڵام لە قەیرانی زەینی دەرباز نەبوون، لە باری دەست ڕاگەیشتن بە زانست و میتۆدی سەردەمیانە بەگشتی و بواری پەروەردە بەتایبەتی، لاوازن. پێکهاتەی پەروەردەیان درێژکراوەی میتۆدی سەردەستە. کەسانێک مامۆستای پەروەردەن کە بە ڕادەی پێویست پەروەردە نەکراون. هەندێ بلیمەت هەڵکەوتوون کە خۆیان خۆیانیان خستووەتە ڕێگەی پەروەردە بوونەوە، نەک پەروەردەی لایەنە سیاسییەکان ئاگامەندانە پەروەردەیانیان کردبێت. لەم شێوازەدا بەشە جیاوازەکانی پەروەردە تەواوکەری یەکدی نیین، بگرە دژوازییشیان پێکەوە هەیە. پلانی پەروەردەی ناڕوون لە پێکهاتەی سست و لاوازدا ڕەنگ دەداتەوە.
ڕەوتی نەتەوەیی لە ئاستی کۆنستراکسیۆن و ستراکتووردا، نەیتوانیووە بەستێنێک بەدی بهێنێت کە سووژەی کوردستانیی تێدا پەروەردە ببێت. دوو خاڵی سەرەوە کۆی قەیرانە پەروەردەیی و ڕێکخراوەیییەکانیان لێ دەکەوێتەوە. بە لاواز بوون و لێڵ بوونی هزری نەتەوەیی، ستراتێژیی ناتەواو و هەڵە ڕەچاو دەکرێت. ستراتێژیی هەڵە، چالاکیی پەروەردەییی هەڵە و خەسارداری لێ دەکەوێتەوە. ئاکامی ئەم دۆخە، پەلەقاژەی ناو زەلکاوێکە کە تا زۆرتر هەوڵی دەرباز بوون بدەین، زۆرتر نوقمی دەبین. کاتێک پێوەرەکانی کوردستانی بوون نەبوونەتە بنەمای پەروەردە، بۆشاییی ڕەوتی نەتەوەیی بەرینتر دەبێتەوە. بۆ میناک؛ سەرکردەی لایەنی سیاسی هەیە کە خۆی بە پێشەنگی بەرەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێ بەڵام لەو پیوەرەانە بەتاڵە.
سووژەسازیی ئێرانی داگیرکەر لە دەوڵەتی ئیسلاحات بەم لاوە پەرەی ساند. بەڕواڵەت کەشی ئازاد بۆ خەباتی مەدەنی کرایەوە و لە زانکۆکاندا ڕێکخراوەی کوردی سەری هەڵدا و گۆڤار چاپ کرا. سەرەڕای ئەوەی ئەم چالاکییانە دواهاتی نەخوازراوی بۆ داگیرکەر هەبوو، مۆنتاژی سووژەی داگیرکەریشی لە کوردستاندا وەگەڕ خست. لە ناوچەی موکریاندا (دیارە موکریان وەکوو پێگەی نەتەوەخوازیی کوردستانی لە کۆماری کوردستاندا دەوری گێڕا. هەر بۆیە حکوومەتی پەهلەوی و جمهووریی ئیسلامیی ئێران بە دوای یەکدا، بۆ موکریان یەک پیلانیان بووە و هەیە) چەند کەس بوون بە تریبوونی ئیسلاحتەڵەبی. ئەگەر پرسیار هاتە مێشکتەوە بزانە لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا لە موکریاندا کێ تریبۆنی چاکسازیی سیاسی و ئایینیی لە چوارچێوەی جمهووریی ئیسلامیدا بووە؟ سەرهەڵدانی سووژەی پاشکۆی سووژەی داگیرکەر لە قەیرانی پەروەردەوە دێت. قەیرانی مەعریفی و سیستەمی نەیانهێشتووە ژێرخانی پەروەردە ساز بکرێت. سووژەی ئاماژە پێ دراو ڕاوێژی بووە بە هەنبانەبۆرینەیەک کە جودا لەوەی زۆربەی زاراوەکانی- بزانێ یان نەزانێ – شەرعییەت بە داگیرکەر دەدەن، مێژووی هاوچەرخ هەڵدەداتەوە و هەندێ ڕووداو دەکاتە هەوێنی خۆنواندن.
لە هەمبەر سووژەسازیی سەردەستدا کورد، نە بە مەعریفە، نە بە میتۆد سووژەی کوردستانیی پەروەردە نەکردووە. لە نەبوونی ئەو دوو خاڵەدا، هەر چالاکییەک لە ئاکامدا دەچێتە خزمەت داگیرکەرەوە. لایەنی بە ناو کوردیی تر هەیە کە وەهمی بونیادنانەوەی کەسایەتیی مرۆڤ، کردوویە بە ماشنێکی دژە مرۆڤ. کام ڕێبازی مرۆڤانە، بەزۆر مرۆڤ دەخاتە قاڵبێکەوە کە جگە لە بنەمایەکی ستالینیستی، هیچ بنەمای زانستی و نەتەوەییی نییە. تەنانەت خۆی بە هێزی ڕزگاریخوازی گشت نەتەوەکان دەزانێ، بەڵام تەنیا هەڵوێستی کردەکیی ئەو لایەنە دژایەتی لەگەڵ ڕەوتی نەتەوەخوازیی کوردستاندا بووە. پێشتر ئاماژەم بەخۆ بە کەم زانینی تاکی کورد لە هەمبەر داگیرکەردا کرد. ئەم لایەنە سیاسییە میناکی بۆشاییی ناسنامەی سەربەخۆ و یەکانگیرە. بە تاکتیک لە سروود و هێما و کەسایەتییە کوردییەکان کەڵکاژۆ دەکات، بەڵام ئامانجی وی، دێمۆکڕاتیزە کردنی وڵاتانی داگیرکەر و دابەشکردنی پێکهاتەکانی کوردستانە. خەسار لەوەدایە کە میتۆدی پەروەردە کردنی ئەم لایەنە بۆ کچان و کوڕانی بەهەڵوێست، بەڵام پەروەردە نەکراوی کورد، قورمیش کردنە. قورمیش کردن بە هەندێ دەقی ئاڵۆز و بێ بنەما کە تێیاندا تەنیا نەتەوەی کورد و کوردستان لەبەر چاو نەگیراوە. دیسانەوە سڵ کردنی درێژخایەنی کورد لە ڕامان لە کێشەکەی خۆی دێتەوە سەر پەروەردە نەکراویی تاک و پلان و بەرنامەی هەڵەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.
سەرەڕای دوو خاڵی بنەمایی، خەسارەکانی ڕاهێنان و پەروەردەی لایەنە کوردییەکان، چ لایەنە سیاسییە فەرمییەکان و چ لایەنە مەدەنییەکان، ڕوونتر دەستنیشان دەکەین کە بە سێ دەستەی ناوەڕۆک و فۆڕم و میکانیزم دابەش دەبن.
ناوەڕۆک
ئەم دەستەیە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە قەیرانی زەینییەوە هەیە
یەکەم: بزربوونی پاڕادایمی نەتەوەیی لە دەق و ئاراستەی فێرکاریدا. ڕێبازی سیاسیی نەتەوەیی، ئاگامەند خۆی لە خێڵەکی بوون دەبوێڕێ و ئەندامانیشی لەو ئەقڵییەتە دەرباز دەکات. دەبێ دان بەوەشدا بنێین کە ڕەوتی نەتەوەیی، نەیتوانیوە خۆی لە خەسارەکانی خێڵەکی بوون دەرباز بکات. ئەمەیش لە لێڵ بوونی پاڕادایمی نەتەوەیییەوە دێت. هەست و سۆزی کاتەکی و کەفوکوڵ، بۆشاییی هزری نەتەوەیی پڕ کردووەتەوە.
دووەم: بەرهەمنەهێنانی دەقی زانستی لە پێناو ڕوونکردنەوە و چارەسەرکردنی پرس و خەسارەکاندا. لێرەدا دوو زاراوە تێکەڵ دەبن. بڕوانامە(مەدرەک)دار و خوێندەوار. کورد ماستەر و دوکتورای زۆرە، بەڵام خوێندەواری کەمە. خوێندەوار کەسێکە، بیردۆزە دەزانێت و دەیخاتە خزمەت چارەسەر کردنی پرسی نەتەوەکەیەوە. واتە زانست بۆ پرسی کۆمەڵگای خۆی بەرهەم دێنێت.
سێیەم: دەست ڕانەگەیشتن بە میتۆد و ئەزموونی ڕەوتە ڕزگاریخوازەکانی تری جیهان.
فۆرم
خەسارە پێکهاتەیییەکان دەگرێتەوە. کورد، ڕەوت و ڕێباز بۆ شوێن کەوتنی تاکەکەس دادەبەزێنێت. کێشەکان لە جیاتی ئەوەی سیستەمی چارەسەر بکرێن، بە نەریتی خێڵەکی و ڕیشسپییەتی و کاریزما، بە شێوەی کورتخایەن چارەسەر دەبن، بەڵام قووڵتر و بەرینتر سەرهەڵدەدەنەوە.
یەکەم: بزربوونی ڕوانگەی سیستەمی لە دامەزراندن و جمگەبەندیکردنی ژێرسیستەمەکاندا. هەست و سۆز و کاریزما و تاکەکەس، ئاراستەی چالاکیی لایەنە کوردییەکان دیاری دەکەن.
دووەم: جمگەکان بە پێی دژکردەوە دامەزراون، نەک بە پێی داڕشتنی کردەوە. بە وتەیەکی دی، هەلومەرج پێکی هێناون، نەک داڕشتنی پلان بۆ گەیشتن بە ئامانجی ناوەندخایەن و درێژخایەن.
سێیەم: پەیوەندیی نێوان جمگەکان ناڕوونە. ئەمە دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی و بێسەروبەریی کۆی پێکهاتەی پەروەردە و لە ئاکامدا پێکهاتەی لایەنی سیاسی، بەگشتی.
میکانیزم
خەسارەکانی ئەم بەشە خەسارەکانی دوو بەشی پێشوو پێکەوە گرێ دەدات و دەیانکات بە سیستەمی خەسارەکان کە بەردەوام بەرهەمیان دێننەوە. ئەوەی کە شۆڕشە کوردییەکان تێکدەشکان، بۆ ناشارەزایی لە میکانیزمدا دەگەڕێتەوە. میکانیزم نەبێت، کەس نازانێ لە پێناو ئامانجی سەرەکیدا، چ کارێک، بە کێ، کەی، لە کوێدا و چۆن جێبەجێ دەکرێت.
یەکەم: ستراتێژیی پەروەردە دیاری نەکراوە. ئەم خاڵە لە نەناسینی دینامیسمی ناوخۆییی کۆمەڵگای کوردستان و پلانی داگیرکەرانەوە سەرچاوە دەگرێت.
دووەم: بەهرە و توانای تاکەکەسەکان دیاری ناکرێت و بۆ بەشی پەیوەندیدار ڕێنوێنی ناکرێن.
سێیەم: پڕۆسەی پەروەردە لە هەر بەشدا ناڕوونە.
چوارەم: ڕەخنە لە خۆ و سیستەم بە ئامانجی پێگەیشتن و گەشە کردن. لە هەندێ لایەندا ڕەخنە لە خۆ گرتن بۆ ورووژاندنی هەست بە تاوان کردن لە ئەندامەکاندایە بۆ ئەوەی لە ڕێبازی دیاریکراو و نەگۆڕ لانەدەن. بەڵام ڕەخنەی ڕاستەقینە و بەکەڵک چاوەدێریی کۆی لایەنی سیاسییە.
لە درێژەدا بەرانبەری ئەم خەسارانە دەخرێنە بەر باس.
دوو خاڵی بنەماییی خەسارەکان، هەتا چارەسەر نەکرێن دامەزراندن و گەشەی ڕەوتی نەتەوەیی مسۆگەر نابێت. هەر بۆیە ئەرکی سەر شانی دەستەبژێرانی کوردستانە ئەوەندە لەو خەسارە بکۆڵنەوە تا چارەسەری دەکەن. جێی ئاماژەیە کە پێوەرەکانی نەتەوەیی بوون، ڕوون و ئاشکران و بۆ دەستنیشان کردنیان پێویستیان بە ماستەر و دوکتورا نییە(زەروورەتی دەستەبەرکردنی دەسەڵاتی سیاسی_ ئابووری- کولتووریی کوردستان) . بەڵام بۆ شیکاریی خەسارەکان و دامەزراندنەوە و بووژانەوە و نۆژەنکردنەوە، زانستی سەردەمیانە پێویستە کە ئەرکەکەی دەخاتە سەر شانی دەستەبژێران. پاڕادایمی نەتەوەیی تا ئاستێک ڕوون ببێتەوە کە ببێت بە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی ئەندامانی کۆمەڵگا و کردەوەی دژەنەتەوەیی ببێت بە کارێکی قیزەون. بۆ میناک بەشداری لە هەر جۆرە هەڵبژاردنی سیستەمی سیاسیی داگیرکەردا، بە کردەوەیەکی دژەنەتەوەیی هەژمار بکرێت.
ناوەڕۆک و فۆرم لە دەستنیشان کردنی میکانیزمەکاندا واتایەکی تر لە خۆ دەگرن. زانستی سەردەمییانە نابێتە پاساوی هەڵە یان دەربڕینی هەست و سۆزی پاڵەوانەتی، بەڵکوو زەینی تاکی کورد، چ ئەندامی لایەنە سیاسییەکان ببن، چ نەبن، بە پرسی کوردستان ئاشنا دەکات. وەها تاکێک شەرعییەتی لایەن یان چالاکیی تایبەت بە نەتەوەیی بوونیەوە پێوانە دەکات و زەینی بۆ فێربوونی زانست و وەرگرتنی ئەزموونی ڕزگاریخوازانی جیهان کراوەیە. هەڵبەت دەقاودەق نایانبات بەڕێوە، بەڵکوو بە پێی واقعی کوردستان دەیانگۆڕێت.
لە بەشی فۆرمدا بە دیاریکردنی جمگەکانی پێکهاتەی خەبات، جمگەکانی پێکهاتەی پەروەردە دەردەکەون و هەر کەس لە شوێنی شیاو و پێویستی خۆیدا جێگیر دەکرێت. بەڵگەنەویستە کە بەهێزکردنی پێکهاتەی پەروەردە، بەهێزبوونی پێکهاتەی ڕەوتی نەتەوەییی لێ دەکەوێتەوە. لایەنی سیاسی کە شەرعییەتی لە نەتەوەوە وەردەگرێت، لە ئاکامدا دەبێت بە بەشێک لە بەرەی نەتەوەیی یان بەستێنی کردەوەی نەتەوەیی. میکانیزم گیانی سیستەمە. ئەگەر ناڕوون بێت، سیستەم بەگشتی بێسەروبەر دەبێت. هەر بۆیە پێویستە بەرپرسانی پەروەردەی لایەنە کوردستانییەکان بەچڕی ئاوڕ لەم بەشە بدەنەوە.
ئەگەر خەسارەکان چارەسەر بکرێن تاکێکی نەتەوەیی پەروەردە دەکرێت کە؛ خاوەن کەسایەتیی خۆیەتی و ڕێ بە هیچ لایەنێک نادات بیهەوێ کەسایەتیی بۆ دابڕێژێتەوە، ئەم کەسە پاش پڕۆسەی پەروەردە لە خۆپەروەردەکردندایە، ڕەخنەگرە و بۆ ڕەخنەکانی بەڵگە و دەرهاوێشتەی هەیە. پێشمەرگە/بیرمەندی نەتەوەیی، چاولەدەم و پاشکۆی بیروباوەڕو بەرنامەی سیاسیی ڕووونە و سیستەم و ڕەوت دەبینێت. دواهاتی ئەم دۆخە پەرەسەندنی ڕەوتی نەتەوەیییە.


