ئارامتر بخوێنەوە!

کەلەبەری نێوان دوێنی، ئەمڕۆ و سبەی

(بەشی یەکەم)

سەلاح مەجید‌پوور

شەرتی یەکەمی بردەنەپێشی باسێکی پڕناوەرۆک و دەسکەوت بریتییە لە خۆلادان لە ناحەز خوێندەنەوه. ئەو وتارە ڕوو‌ی لە ڕێکخستنێکی تایبەتی نییە و هەڵسەنگاندنی ڕەوتێکی دەیان ساڵەیە. بەشی یەکەمی ئەو وتارە هەوڵێکە بۆ ناساندنی مۆدێلێکی پێکهێنانی گۆڕانکاری کە بۆ لێ وردبوونەوە و دانی ستراکتۆر بە باسەکەمان پێویستن کە بریتین لە: ستراتێژی، پێکهاتە، فەرهەنگ، کەرەسە، مرۆڤ و دەسکەوتەکان[1]. هەرکام لەو چەمکانە وەک ئاڵقەیەک وان کە پێکەوە زنجیرێک پێکدەهێنن. ئەو گرافیکەی خوارەوە نیشاندەری پێوندی و گرێدراویی ئەو فاکتەرانەن لە پرۆسەی گەیشتن بە گەشە و گۆڕان.



لە دوو دەیەی ڕابردوودا، شاهیدی تەوژمێکی گەشەی بەلەزی‌ بواری تێکنۆلۆژی و زانستین، که موژدەدەری‌ گۆڕانکاریی گەورەن لە هەموو ئەو بوارانەی کە پەیوەندییان بە ژیانی مرۆڤەوە هەیە. براوەی داهاتووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نە حیزبە سیاسییەکان، نە وڵاتانی خاوەن کانگا فو‌سیلییەکان و نە‌ ئیدئۆلۆژییە ناسراوەکانن. بەڵکوو ئینسانی ئەو بەشە لە جیهان کە خاوەنی تێکنۆلۆژیی زانیاری(information technology) و بیۆتێکنۆلۆژی(biotechnology)ن، جڵەوی دەسەڵاتداری بە دەستەوە دەگرن. هەنگاوەکان بۆ زۆرترکردنی ڕۆڵی بیۆتێکنۆلۆژی لە ژیان مرۆڤایەتی، ڕۆژبەرۆژ زیاتر دەبێت و هۆشی دەستکرد(artificial Intelligence) زۆر بە پەلە خەریکی وەئە‌ستۆ گرتنی کۆمەڵێک لە کردەوەکانی ئینسانە‌.

لە داهاتووی نەزۆر دووردا، کاریگەریی ئەو پێشکەوتنانە بە چاک و خراپ لە ژیانی مرۆڤایەتیدا دەبینینەوە. هەر بەو پێیە سیاست، ئابووری و هێزەکانی دەستەڵاتداری جیهان، دوچاری هەژان و ئاڵوگۆڕ دەبن. ئەگەرێکی زۆر بە هێزهەیە کە لە ئاکامی پەرەستاندن و گەشەی تێکنۆلۆژی و بیۆتێکنۆلۆژیدا، نەوەیەکی نوێ لە دەستەڵاتداران لە جیهان بێنە مەیدان، کە بە پێچەوانەی ئەوڕۆ هیچ لە سیاسەت نازانن. سیاسییە کلاسیکەکان جێگای خۆیان دەدەن بە سەرمایەداران، تەکنیککاران و زانایانی بواری زانیاری و، ئەوانە دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری گۆڕانکارییەکان دەبن.

کۆمەڵیک پێشکەوتن کە لە سی ساڵی داهاتوودا دەبی جێبەجێ بکرێن بریتین لە: مرۆڤ دەست دەکات بە کۆچکردن بۆ یەکێک لە هەسارەکان و لەوێ دەست دەکات بە ئاوەدانکردنەوه و‌ نشتەجێبوون، ماشێنی بێ شوفیر دەفڕەن، بەشێکی زۆر لە خواردەمەنییەکان پرینت دەکرێن، هۆشی دەسکرد “پزشکیی گشتی”، دەگوازرێتەوە بۆ دونیای دیجیتاڵ، ڕۆبۆتەکان، دووکانەکان بەڕێوە دەبن. ئێمەی کورد لە کوێی ئەو گۆڕانکاریانەین؟ ڕۆڵی کوردان چ دەبێ؟ چەندە ئامادەکاریی ئەوەمان هەیە بۆ بگرە کەڵک وەرگرتن لە بەرهەمەکانی ئەو پێشکەوتنانە؟ یەکێک لە وڵامە ساکار و عوام پەسندەکان ئەوە دەبێ کە لە بەر ئەوەی ئێمە خاوەنی دەوڵەت نیین ناتوانین، هەر بۆیە چمان لە دەست نایەت. لە کاتێکدا کە هەموو جیهان خەریکی خۆ ئامادە کردن و خۆگونجاندن دەگەڵ ئەو گۆڕانگارییە مەزنەیە، ئێمە خەریکی درێژەپێدانی کۆ‌مەڵیک سیاسەت و تاکتیک و کردەوەین کە هەشتا ساڵ لەمەوبەر هەتا ئێستا بە کاریان دەهێنین و مەخابن هیچ چەشنە پێشکەوتنێکمان بۆ مسۆگەر نەکراوە. ئەو وتارە تێدەکۆشێ بە لێکدانەوەی هەلومەرجی هەنووکەیی، دەروازەیەک بکاتەوە بۆ باس لە پێناو گۆڕانکاری لە ڕوانگە، ستراتێژی، پیکهاتە و کەلتووری سیاسیدا.

شەرتی یەکەمی بردەنەپێشی باسێکی پڕناوەرۆک و دەسکەوت بریتییە لە خۆلادان لە ناحەز خوێندەنەوه. ئەو وتارە ڕوو‌ی لە ڕێکخستنێکی تایبەتی نییە و هەڵسەنگاندنی ڕەوتێکی دەیان ساڵەیە. بەشی یەکەمی ئەو وتارە هەوڵێکە بۆ ناساندنی مۆدێلێکی پێکهێنانی گۆڕانکاری کە بۆ لێ وردبوونەوە و دانی ستراکتۆر بە باسەکەمان پێویستن کە بریتین لە: ستراتێژی، پێکهاتە، فەرهەنگ، کەرەسە، مرۆڤ و دەسکەوتەکان[1]. هەرکام لەو چەمکانە وەک ئاڵقەیەک وان کە پێکەوە زنجیرێک پێکدەهێنن. ئەو گرافیکەی خوارەوە نیشاندەری پێوندی و گرێدراویی ئەو فاکتەرانەن لە پرۆسەی گەیشتن بە گەشە و گۆڕان.


هەوڵی ئەو وتارە بۆ ئەوەیە کە لە ئاکامدا هەموو ئاڵقەکان تەکمیل بکات و دەسپێکەری باسێک بێت بۆ دۆزینەوەی ڕێکاری نوێ و گەێشتن بە گەشە و گۆڕان لە سیاسەت و ژیانی کۆمەڵگای کوردستان.

  1. ستراتێژی

ستراتێژی بە کورتی بریتییە لە شێواز و چۆنێتیی گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان. ستراتێژییه سیاسییەکانی کورد، بەرهەمی چەند هۆکارێکن؛ گۆڕانکارییە ناوچەیییەکان، ئیدئۆلۆژییە جیهانییەکان، سیاسەتی دەوڵەتانی حاکم بە سەر بەشەکانی کوردستاندا، فەرهەنگ و سایکۆلۆژیی کۆمەڵگا، میسیۆنی ڕێکخستنە سیاسییەکان و هەروەها مێژوو، ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە فۆڕم پێدان و عەمەلی کردنی سیاسەتەکان‌.

پێشینەی ستراتێژیی سیاسی لە مێژوی هاوچەرخی کوردستاندا، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانی کە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتە ژێر کاریگەریی کۆنسێپتی دەوڵەت-نەتەوە کە بوو بە پێناسەی دەوڵەتانی داهاتووی دوای لەتوکوت کرانی ئیمپراتۆریی عوسمانی.

کۆنسێپتێکی تر، چەمکی ناسیۆنالیزم بوو بۆ پێناسەکردنی ئەو لایەنانەی کە لە دەسکەوتی دەوڵەت-نەتەوە دا بێبەش کرابوون و یان نەیانتوانیبوو دەسکەوتەکانیان بپارێزن. تایبەتمەندیی ئەو سەردەمە بریتییە لە دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوەکان‌ کە هەموو ئەوانە‌ کە نەدەکەوتنە چوارچێوەکەیانەوە‌ بێبەری و سەرکوت دەکران.

لە بەرانبەر ئەو هێرشەی دەوڵەت-نەتەوەکاندا،‌ ڕێکخستنە کوردییەکان، ناسیونالیزمیان کردە پێوانەی ئیدئۆلۆژی بۆ خۆیان. لە کوردستان، هەموو پێناسەکانی ناسیونالیزمی ئیتنیکی کە له ڕوانگەی‌ هێردر و دواتر هی ئانتۆنی سمیت سەرچاوەیان دەگرت، سەردەست بوون. دواتر پێناسەکەی ستالین لە‌ ناسیۆنالیزم، بوو بە ماڵی ڕێکخستنە کوردییەکان و‌برەوی پێ دەدرا.

لە ئاکامی پێکدادانی نێوان هەردوو بەرەی دەوڵەت -نەتەوە و ناسیونالیزمی بندەست دا کە هەتا ئەمرۆ بەردەوامە، بە میلیۆنان ئینسان گیانیان لەدەست داوە و ترلیۆنان دۆڵار زیان بە ئابووریی نا‌وچەکە گەیشتووه. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هەر دو کۆنسێپت، لە شوێنی دیکە سەریان هەڵداوە و نامۆ‌ بە مێشک و هزری مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.

ئێمە وەک کورد و لایەنێکی ئەو قەیرانە مەز‌نە‌، هەروەها بەشێکین لە قوربانیانی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە. هەروەک پێشتر باس کرا لەگەڵ کۆپیکردنی بیرۆکەی دەوڵەت-نەتەوە و ناسیونالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەست پێ کردنی پێکدادان لە نێوان کۆنسێپتی دەوڵەت-نەتەوە و ناسیونالیزمدا، نیگای‌ستراتێژیکی حاکم بەسەر ڕێکخستنە کوردییەکان، بریتی بووە لە “قۆستنەوەی هەل”. ئەو چەشنە‌‌ ‌ستراتێژییە بۆ دابینکردنی بەرژەوندییە فەردی و بازرگانییەکان و پڕۆژە ئابوورییەکان لە بۆ کورتخایەن کاریگەرە، بەڵام لە پڕۆسە پڕ گرێوگۆڵە‌ سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هیچ کاراییی نابێ و لە ئاکامدا تێکشکانی ئەو لایەنەی بە دواوە دەبێت کە ئەو ستراتێژییە پەیڕەو دەکات.

وڵامی ئەو پرسیارە کە بۆ ئەو چەشنە لە ستراتێژی سەرکەوتوو نابێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە کە ئەو لایەنانەی کە ستراتێژیی “قۆستنەوەی هەل” هەڵدەبژێرن، کەڵک لە ڕەوتێک وەردەگرەن کە لە پشت ئەودا بەرژەوندی و ئەجندایەکی تر و خاوەنێکی تایبەتی خۆی هەیە و هەموو لایەنەکانی تری بەشدار لە ڕوتەکەدا، لە خزمەت وەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەواندا کاردەکەن. هەر بۆیە دەسکەوتی ئەو لایەنانەی کە خاوەنی ڕەوتەکە نیین کورتخایەنن.

بۆ وێنە شەڕی دووهەمی جیهانی دەقەومێ، سوڤییەت باکوور و ڕۆژئاوای ئێران داگیردەکات و بۆ دابینکردنی بەرژەوندییەکانی لە ناوچەکە دەمێنێتەوە، دروست لەو کاتەدایە کە کورد “هەلەکە دەقۆزێتەوە” و لە کەلێنی! ڕەقابەتی ڕۆژئاوا و سوڤییەتدا کۆمار ڕادەگەیەندرێت. ئەگەر بە شێوەیەکی بەرین تەماشای ئەو پڕۆسەیە بکەین، سەرنجڕاکێشە کە کورد هیچ چەشنە دەسەڵاتێکی بە سەر ئەو ڕەوتەدا نەبووە و هیچ چەشنە ئامادەکارییەکی بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە نەکردووە، هەربۆیە کاتێک کە کێبەرکێی نێوان ڕۆژئاوا-سوڤییەت، لایەکی بە لایەکدا دەکەوێت و بە هاوسەنگییەک دەگات، کۆمار بە زووترین کات دەڕووخێت. ئەو سیاسەتە لە زەمانی عەبدولکەریم قاسم لە ئێڕاق، سازانی نێوان ئێران و ئێراق لە ساڵی ١٩٧٥ و لە ئاکامدا لێک بڵاوبوونی شۆرشی بارزانی، ڕووداوەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە ئێران، ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان و هەروەها ڕووداوەکانی ئەم دوایییانەی سوریا‌، نموونە‌ بەرچاوەکانی ڕەچاو کردنی ئەو چەشنە ستراتێژییەن. خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو گۆڕانکارییانە کە لە سەرەوەدا باس کران، پەیڕەو نەکردنی سێ پێویستی بنەڕەتیی کات، شوێن و هێزە بۆ دیاریکردن، بریاردان و بەجێهێنانی هەر چەشنە ستراتژییەکی سەرکەوتووی سیاسی. بەشی زۆری مێژووی هاوچەرخی سیاسیی کورد ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە ئەو سێ پێویستییە لەبەرچاو نەگیراون. بەڵکوو لایەنی حقووقی یان ئاڵوگۆڕه جیهانی و ناوچەیییەکان بوون کە لە شکڵدانی ستراتێژیی سیاسیی ڕێکخستنە کوردییەکان، ڕۆڵی بنەرەتییان گێڕاوە.

نەبوونی مەرجەکانی جێبەجێکردنی ستراتێژی و حیسابی زێدەکردن لە سەر فاکتەرە دەرەکییەکان، بوون بە هۆی ئەوەی پڕۆسەی گۆڕانکارییەکان سەرکەتوو نەبن و بە ماوەیەکی دوور و درێژ سەرلێشێواویی سیاسی لە کوردستان حاکم بێت.

ئێمەی کورد ڕێگایەکی دوور و درێژمان لەبەرە کە دەبێ لە زەمانێکی کورتدا بیبڕین. ئەگینا دەبین بە نموونەی تاقیگەکان بۆ تاقیکردنەوەی تێکنۆلۆژییەکانی داهاتوو. پێویستە بە وردبوونەوە لە ئامانجەکانمان و شێوازی دەستەبەرکردنیان و ناسینی هەڵە و خاڵە لاوازەکانمان، هەنگاو هەڵبێنینەوە بۆ گەشە و گۆڕان لە کۆمەڵگاکەماندا. لە بەشەکانی داهاتووی ئەو ڕوانگەیەدا بەشەکانی تری پڕۆسەی گۆرانکاری لێکدەدینەوە و ڕێکارەکانی دەخەینە بەرباس.

[1]The Art of Management , Dr. D.A. Nieuwenhuis