ئارامتر بخوێنەوە!

وتووێژ لەگەڵ


ڕێبوار سیوەیلی


ژیاننامەیەکی کورت
ڕێبوار سیوه‌یلی، كوڕی حه‌مه‌ئه‌مین ئاغای حه‌سه‌ن ئاغایه‌. ساڵی 1968 له‌ گوندی “بارێی بچووك” له‌ ده‌ڤه‌ری سیوه‌یلی شارباژێڕی سلێمانی له‌دایكبووه‌، خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی له‌ سلێمانی ته‌واوكردووه‌. چۆته‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان و بە نیوه‌چڵی ناچار به‌ جێهێشتنی كراوه‌. ساڵی 1985 له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی ده‌ربه‌ده‌ر بووه‌ و پاش ماوەیەک مانه‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ ڕێگه‌ی تارانه‌وه‌ به‌ره‌و دیمه‌شق و له‌وێشه‌وه‌ بۆ وارشۆ، چووه‌، له‌ ساڵی 1988 دا له‌ وڵاتی دانمارك بۆته‌ په‌نابه‌ری مرۆیی و دواجار بۆته‌ هاووڵاتیی ئه‌و وڵاته‌.. هه‌ر له‌ دانمارك ده‌ستی به‌ خوێندنی دواناوه‌ندی  كردۆته‌وه (1994)‌ و له‌ زانكۆ وه‌رگیراوه‌. به‌كالۆریۆس(1996) و ماسته‌ری(2000) له‌ بواری فه‌لسه‌فه‌دا له‌ زانكۆی (Roskilde)  وه‌رگرتووه‌ و هه‌مان ساڵ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین، له‌ هه‌ولێر وه‌ك مامۆستای یاریده‌ده‌ر دامه‌زراوه‌. ساڵی 2005 بۆته‌ مامۆستا و له‌ ساڵی 2007 به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی له‌ كۆلێژی ئه‌ده‌بیاتی زانكۆی سه‌لاحه‌دین لە هه‌ولێر، كردۆته‌وه‌ و سه‌رپه‌رشتیی بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ندین به‌رهه‌می فه‌لسه‌فیی كردووه‌ كه‌ ده‌زگای موكریانی بڵاوی كردوونه‌ته‌وه‌. ساڵی 2012 بۆته‌ پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر. له‌سه‌ر داخوازیی خۆی ده‌ستی له‌ سه‌رۆكایەتیی به‌شی فه‌لسه‌فه‌ هه‌ڵگرتووه‌ و له‌ زانكۆی سلێمانی و زانكۆی ڕاپه‌ڕین له‌سه‌ر داوای ئه‌و زانكۆیانه‌، وانه‌بێژ بووه‌ و له‌ ساڵی 2015وه‌ له‌ ئه‌كادیمیای كوردیی كار ده‌كات و له(4/3/2018)وه‌ به‌ هه‌ڵبژاردن بۆته‌ ئه‌ندامی كارای ئه‌كادیمیای كوردی. به‌ زمانه‌كانی كوردی، فارسی، دانماركی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزی به‌رهه‌می بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. له‌ چه‌ند سه‌نته‌ر و ده‌زگایه‌كی توێژینه‌وه‌یی ئه‌ندام بووه‌ و هه‌یه‌. ئێستا ئه‌ندامی بۆردی جێنده‌رناسیی زانكۆی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌ری “ڕێكخراوی زه‌ریاب”ـه‌ بۆ چاپ و چالاكیی ڕۆشنبیری و كولتووری و به‌رپرسی بۆردی ئه‌ده‌به‌ بۆ ئینسكلۆپیدیای شاری سلێمانی، به‌ سه‌په‌رشتیی یۆنسكۆ. جگه‌ له‌چه‌ندین وتار و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بواری كاری زانكۆییدا، چل و یەک کتێبی لە بوارەکانی، ڕەخنە و هزر و فه‌لسه‌فه‌، بەرهەمی ئەدەبی، گفتوگۆ و هه‌ڤپه‌یڤیندا بڵاو کردووەتەوە و حەوت کتێبیشی لە زمانەکانی دیکەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

پەروەردە یەکێک لەو بابەتانەیە کە هەمیشە مایەی گرنگی پێدان بووە. ڕەوتی”بەمرۆڤبوون” لە ڕەوتی پەروەردەدا دێتەدی، واتە بە پەروەردە مرۆڤ لە “بوونەوەری زیندەناسانە”وە دەبێت بە “بوونەوەری فەرهەنگی”.


  • بە گشتی دەبێ‌ چۆن پەروەردە پێناسە بکەین. ئایا ئامانجی پەروەردە، وەدەستهێنانی “فەزیلەت”ە؟ ئەگەر وا بێت دەتوانین بڵێین “سوود” و “کارایی” وەک “فەزیلەت” لەبەرچاو بگرین؟

ڕێبوار سیوەیلی: لە پێناسەکردنی پەروەردەدا هیچ (دەبێ)یەک لە ئارادا نییە. چونکە ئەگەر مەرجمەندانە پەروەردەمان پێناسەکرد، واتە کۆتوبەندمان کرد و سنوور و ڕێگرمان لەپێشدا قیت کردنەوە و کردمانە ڕەوەندێکی تەمێکردن و بەرزەفتەکردن. لەکاتێکدا بنەما و جەوهەری پەروەردە لەسەر تێگەیشتنێکی تایبەتەوەیە لەسەر ئازادیی بۆ مرۆڤ وەک ئەوەی ئامادە دەکرێت بۆ داهاتووی گەردوون و مرۆڤایەتی. بەم مانایە، فەزیلەتی پەروەردە ئەوەیە کە مرۆڤێک ئامادە بکات بۆ داهاتوو، کە گەردوون بە نیشتمانی خۆی بزانێت و بەدوور بێت لە کۆی ئەو ڕێگرە ئایدیۆلۆژی، ئایینی، ڕەگەزی و کولتوورییانەی کە مرۆڤ ئاراستە دەکەن بۆ ئەوەی لە یەک چێوەدا جێگیر بکرێت. پەروەردە هەمان ئامانجی ئایدیۆلۆژیا، ئایین و کولتووری نییە و دەیەوێت مرۆڤ، یان تاکەکەس لەو سنوورە دەستوپێگرانە ڕزگار بکات تا بتوانێت بە ئازادانە بیر بکاتەوە. وشەی فەزیلەت لە یۆنانی کۆندا واتە “ئاریتە” یان توانایی. تواناییی مرۆڤ لە کوێدا خۆی پێشان دەدات؟ بێگومان لەو شوێنەدا کە مرۆڤ ئازادە و بە ئازادی بیر دەکاتەوە. بۆیە ئەگەر پەروەردەیەکی دروست بتوانێت مرۆڤ بە ئازادی و بە ئازادیی بیرکردنەوە بگەیەنێت، بە مانای ئەوەیە پەروەردە خۆی لە ئایدیۆلۆژیاکان جیا دەکاتەوە و مرۆڤ بە ئاراستەی داهاتوودا دەبات و پۆتێنشێڵ و وزەی هێزەکی(بالقوە) بوونی ئەو مرۆڤە دەکاتە وزەیەکی کردەکی(بالفعل).

لەبەر ئەوە فەزیلەتی پەروەردەیی ئەو بیرۆکە سیاسییەیە کە لە پەروەردە، مرۆڤێکی پاشەڕۆژیانە دروست دەکات و ئەم مرۆڤەش دەبێتە وزەیەکی ناوەکیی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. بۆیە پەیوەندییەک لە نێوان تاکە مرۆڤ، پەروەردە و داهاتوودا لە پەروەردەدا دێتە ئاراوە و ئەمەش بەمانای ئەوەیە کە پەروەردە دابینکەری هەر داهاتوویەکە، کە مرۆڤایەتی پێویستی پێیەتی و مانەوەی خۆی لە ڕێگەیەوە دابین دەکات. وەلێ ئەگەر پەروەردە بەم مانایە بیرۆکەیەکی سیاسی نەبوو، ئەوە پەروەردەکردنیش نابێتە ئایدیالی کۆمەڵگە بۆ مانەوەی خۆی لەسەر بنەمای دروستکردنی مرۆڤی نوێ و پاشەڕۆژیانەوە. بەڵکو دەبێتە ئامرازێکی ڕامکردن و تەمێکردنی کەس، چاوشکاندن و غیرەتشکێنی و دیسیپلینکردنیان بە هۆی میکانیزمە قوتابخانەییەکانەوە، تا لەوێدا کەسبوونی کەس لەبار بخرێت. لەبەر ئەوە بوونی دامەزراوەی پەروەردەیی و قوتابخانە و مامۆستا و تەکنەلۆژیا، هیچیان بەمانای بوونی پەروەردەیەک نایەن، کە ئامانجی بەرجەستەکردنی تواناییی مرۆڤ بێت. پەروەردە لەیەک کاتدا بیرۆکەیەکی سیاسیی، ئایدیالێکی کۆمەڵگە و گرتنە بەری ڕێوشوێنگەلێکە، بۆ دەستەبەرکردنی زۆرترین ئازادی بۆ مرۆڤ (تاکەکەس) تاکوو تیایدا بیر بکاتەوە و داهێنان بکات.

  • ئایا “پەروەردەی نەتەوەیی”، پەروەردەی نیشتمانی” و “پەروەردەی مەدەنی”، دەکرێ‌ بگوترێ‌ هەر سێکیان لە چوارچێوەی “پەروەردەی سیاسی”دا بگونجێنرێن؟

ڕێبوار سیوەیلی: بەڵێ ئەوە ڕێک بە تێگەیشتنی من ئامانجی پەروەردەیە وەک بیرۆکەیەکی سیاسی، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ڕێگەی پێکەوە بەستنەوەی ئەو سێ چەمکەوە، مرۆڤێکی خاوەن وابەستەیی یان ئینتیمای نەتەوەیی، مرۆڤێکی خاوەن شوناس و مرۆڤێکی شارستانییانەت بۆ بەرهەم بهێنێت. بەهۆی یەکەمیانەوە خۆی پێناسە دەکات، بەهۆی دووەمیانەوە ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات و بە هۆی سێیەمیشیانەوە خۆی دەکاتە بوونەوەرێکی گەردوونی. ئەگەر پەروەردە بیرۆکەیەکی سیاسی نەبێت و سیاسەت نەتوانێت ئەرکە پەروەردەییەکان پێشنیار بکات، پەروەردەش دەبێتە ئامرازێک بەدەستی ئایدیۆلۆژیا و ئایینەکانەوە و بەو جۆرەی دەیانەوێت مرۆڤەکان بەهۆیەوە ئاراستە دەکەن و بەرەو جەهەندەمێکیان دەبەن، کە خۆیان مەبەستیانە. هەر لەبەر ئەوەش دەبینیت لەپەروەردەدا هیچ مژدەیەک نابەخشرێت؛ هێندەی ئەوەی ڕەوەند و پرۆسەیەک دەخرێتە گەڕ بۆ ئامادەکردنی مرۆڤێکی پاشینەیی و دواڕۆژیانە، لە کاتێکدا مژدە چەپکە دڕکی هەر ئایدیۆلۆژیا و ئایینێکە بۆ داهاتوویەکی پۆتۆپیایی و نەزانراو و نەناسراو.

  • کەسانێک لەو باوەڕەدان لە جۆرەکانی پەروەردەدا هەمیشە دژایەتییەکی “ناوکۆیی”هەیە. بۆ نموونە: ناتوانین دەستەبەری ئەوە بکەین کە ڕەفتاری نەتەوەیی، بە شێوەیەکی مەدەنییانە دەربکەوێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە پەروەردەی نیشتمانی دەتوانێ‌ یارمەتیدەری ڕەفتاری مەدەنییانە بێت، بەڵام لە سەرێکی دیکەوە “نەتەوەیی” و “نیشتمانی”ش ڕەنگە لە باری بنەماییەوە لە یەک پێوەری ڕەفتاریدا کۆ نەکرێنەوە؛ ئایا لە ڕوانگەی بەڕێزتانەوە ئەم بەڵگەهێنانەوەیە چەند ڕاستە و بۆ چارەسەریش چ ڕێگەیەک پێشنیار دەکەن؟

ڕێبوار سیوەیلی: زۆر جار بوونی دژایەتی و دژوازی بەمانای هاندەرە بۆ ئەوەی بیر لە شتی نوێ بکەینەوە، یان واقیعەکە وەک ئەوەی کە هەیە، بناسین. تا ئەو شوێنە ڕەفتاری نەتەوەیی دژی ڕەفتاری مەدەنیانەیە، کە ئەو ڕەفتارە لە بنەمایەکی نەتەوەخوازیی داخراوەوە سەرچاوەی گرتێبت و ڕەفتارێک بێت لەسەر بنەمای حەماسەسازی و ڕەگەزپەرستی و ڕقبوونەوە لە ئەوانیتری غەیرەخۆمانەوە، بینا کرابێت. لە دنیای مۆدێرندا هەر یەک لەو جۆرە ڕەفتارانە پابەند کراون بە شتێک لە سەرووی میزاجی مرۆڤ و ویستە خۆپەرستەکانیانەوە، کە ئەویش یاسایە. هەر یەک لە ڕەفتاری نەتەوەیی، نیشتمانی و مەدەنیانە لەبەرامبەر یاسادا مافی چون یەکیان هەیە. تۆ دەتوانیت لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی نەتەوەییدا، بیر لەو ڕەفتارە بکەیتەوە کە گوزارشە لە بیرکردنەوەکەت، بۆ نموونە هەر کەسێک کە خۆی بە کورد دەزانێت، بۆی هەیە شانازی بە جەژنی نەورۆزەوە بکات و بەو جۆرە هەڵسوکەوت لەو بۆنەیەدا بکات کە تێگەیشتنەکەی لەخۆی دەسەلمێنێت. بەڵام ئەگەر بیەوێت بەزۆر هەمووان، کە تێگەیشتنێکی دیکەیان لەسەر خۆیان هەیە، وەک ئەو خۆشحاڵی بنوێنن و ئەگەر وایان نەکرد، هەڵوێستیان لێ وەربگرێت و بەچاوی سووک تەمەشای جەژنەکانی ئەوانی تر بکات، ئەوە ئەو بەو ڕەفتارەی نەبۆتە مایەی شانازیی نەتەوەیی. کەوایە ڕەفتاری نەتەوەیی، وەک چۆن ئەنجامی بیرکردنەوەیە لە چوارچێوەی نەتەوەدا، پێویستە هەربەوجۆرەش ڕەفتارێک بێت شکۆی نەتەوە بەرز ڕابگرێ و شانازی بەدەست بهێنێت، نەک ڕقی ئەوانی تر بوورووژێنێت. من لەو بڕوایەدام لە هەناوی هەموو ڕەفتارێکی نەتەوەییدا بیرکردنەوەیەکی مەدەنیانەش هەیە و ئەمە بۆ ڕەفتاری نیشتمانیش لە ئاست ڕەفتاری نەتەوەییدا هەر ڕاستە. ڕەفتاری نەتەوەیی لەسەر بنەمای تەبایی و توانەوە لەگەڵ یەکدا دروست دەبێت و ڕەفتاری نیشتمانییش لەسەر بنەمای گونجان و ڕێزی بەرامبەر، لە کاتیکدا ڕەفتاری مەدەنیانە یاسامەندە و کۆکەرەوەیە. بۆیە من لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیم کە ئەمانە لێکدابڕ دەکات و لێکیان هەڵاوێری. چونکە پێم وایە دەکرێت خاڵێکی هاوبەش کۆیان بکاتەوە. دوو هاوسەری نەتەوەجیاواز، لە یەک نیشتماندا دەتوانن لە یەک کاتدا ڕەفتاری نەتەوەیی و نیشتمانی و مەدەنیانە لە ئاست یەکتردا بنوێنن، بەبێ ئەوەی جیاوازیی نەتەوەیی، ببێتە هۆکاری ئالۆزی نانەوە لە نێوانیاندا. هەریەکەیان ماف و حەققی خۆیەتی لە ڕوانگەی نەتەوەییی خۆیەوە ئەو مەراسیمانە لە ماڵەکەیاندا ساز بکات کە گوزراشن لە تیگەیشتنە نەتەوەییەکەی و بەرامبەریش بە هەمان شێوە. بۆ نموونە هەریەکەیان زمانی زگماکی خۆی فێری وەچەکانیان بکەن، ئەمەش لە کاتێکدا هەردووکیان ببنە سەرچاوەی فێرکردنی ڕەفتاری مەدەنی بە منداڵەکەیان. گرنگە مرۆڤ تواناییی ئەوەیەی هەبێت، (ئەمەش شتێکە پەروەردە تیاماندا دەیخەمڵێنێت)، کە لەدەرەوەی شوناسی نەتەوەییەوە لەخۆی تێبگات، لەدەرەوەی شوناسی نیشتیمانییەوە هاونیشتیمانیانە بیر بکاتەوە و هەمیشەش خۆی لە ئاست یاسادا بە یەکسان تەماشا بکات. بوونی یاسای مەدەنی کە بنەوانێکی سیکیۆلارییانەی هەبێت، بەمانای بوونی گەرەنتییەکە کە مافی هەمووان بە یەکسانی پارێزراوە و ئەمەش ڕێگە دەگرێت ئەندامانی ئەم نەتەوەیە خۆیان پێ بەرزتر و پیرۆزتربێت لە ئەوانیتر. بۆیە لە ئاست هەموو دژواز و ناکۆکە نەتەوەیی، ئایینی و نیشتیمانییەکان و هەروەها بنەچەخوازیی و نەژادباوەڕییەکاندا، دەکرێت سیکیۆلاریزم و باوەڕی ڕەها بە یاسا لە هەر پەڕگیرییەک ڕزگارمان بکات، بەبێ ئەوەی کەس ناچار بێت دەست لە نەژاد و ئایین و نەتەوەی خۆی هەڵبگرێت، یان بتوانێت بە هۆکاری دین و نەژاد و نەتەوە، خۆی بەسەرئەوانیتردا بسەپێنێت.

  • لەم سەردەمەی ژیانی فەرهەنگیی نەتەوە و گەلاندا چوارچێوەی خێزان لە دەستنیشانکردنی نۆرمی ڕەفتاریدا هێندە بڕشتی نەماوە، تەنانەت دامەزراوەکانی دەوڵەتی مودێڕنیش بە کۆمەڵە نۆرمێکی دەرەوەی خۆیان گەمارۆ دراون، لەم بارودۆخەدا ئایا وێژمان(دیسکۆرس)ێکی زاڵی پەروەردەی جیهانی لە دایک دەبێ‌ یان بەپێچەوانەوە بەگشتی فۆرمەکانی پەروەردە دەشێوێن؟

ڕێبوار سیوەیلی: من هەمیشە لەخۆم دەپرسم ئایا تێگەی ئێمە لەسەر جیهان، ئەو جیهانەیە کە لەمیدیاکاندا دەبینرێت، یان جیهان زۆر لەوە گەورەتر و بەرینترە کە هێشتا میدیای جیهانی پیشانی نەداوین. ئێمە دەزانین کە سەدان جۆری کولتووری دیکە هێشتاکەش درێژە بە ژیان دەدەن و خێزان تیایاندا لە چەقی بڕیارداندایە، کە هێشتا دەستی جیهانگەرایییان پێ نەگەیشتووە. بۆیە لەو بڕوایەدام کە ئەوەی لە جیهانگەراییدا وەک سەرجەمی جیهان خۆی دەنوێنێت، هەموو جیهان نییە. هەر بۆ نموونە یەکەی هەرە سەرەکی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا گوندە، کە ژیانی سەدان خێزانی تێدا بەڕێوە دەچێت، کە نەبوونەتە بابەتی هیچ میدیایەک و ئێمە لە فەرهەنگ و شێوەژیانیان هیچ نازانین. وردە کولتوورگەلێک لە جیهاندا سەردەستەن کە بانگەشەی گڵۆباڵیزم نایانگرێتەوە و دریژە بە ژیانی نەریتی دەدەن و هیشتاکەش لەو شوێنانە باوک و نێرینە دەسەڵاتی بڕیاریان لە دەستدایە و بۆ هیچ یاسایەکی جیهانگەرایی پێمل نابن و زنجیرە ڕەفتاری تایبەت بەخۆیان بەرهەمدەهێننەوە. ئەوانە لە گۆشەگیریی کولتووریی خۆیاندا بەسەردەبەن و نۆرم و ڕەفتاری خۆیان و جیهانبینیی تایبەت بە خۆیانیان هەیە. بۆیە جیهان لە ڕووی تیۆرییەوە هەر تەنیا ئەو جیهانە نییە کە کولتووری جیهانگەرایی دەستی پێی گەیشتبێت. سەبارەت بە دەوڵەتەکان شتێکی دیکەیە، چونکە دەوڵەتەکان ناچارن لە پەیوەندیدا بن و مانەوە و بەردەوامیی خۆیان لەو تۆڕەدا ببیننەوە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەوە دەیانبەستێت بە دەوڵەتانی ترەوە. بۆیە بە ناچاریش، زۆر جاریش بە درۆ و فێڵ، خۆیان پابەند بەو پڕۆتۆکۆڵ و یاسا و پەیماننامانەوە دەکەن، کە بڕواشیان پێیان نییە بەڵام واژۆیان دەکەن بۆ ئەوەی بەو ماف و جیاووک(ئیمتیاز)انە بگەن کە لەو ڕێگەیەوە دەستیان دەکەوێت. ئەمە بۆ نموونە ژینگەپارێزی دەگرێتەوە، ڕێزگرتن لە منداڵ و ژن و مافی مرۆڤ دەگرێتەوە، ڕێزگرتن و بەرقەرارکردنی یاسا دەگرێتەوە و کەچی ئەو دەوڵەتانە لە وڵاتەکەی خۆیاندا هیچکام لەمانە جێبەجێ ناکەن و بگرە بە ئاشکرا و بە نهێنی پێشێلیان دەکەن. کۆماری ئیسلامی و کۆماری تورکیا دوو نموونەی ئەو دەوڵەتانەن کە زۆرترین پەیماننامەی جیهانییان واژۆ کردووە، کەچی لە ڕیزی هەرە پێشەوەی دەوڵەتە پێشێلکارەکانی جیهانیشن.

لەوەها بارودۆخێکدا وێژمان، یان گوتارێکی پەروەردەیی زاڵ دەکرێت کە بەشێک بێت لە کۆی سیستەمەکە، نەک پەروەردە بەو مانایەی بەرهەمێهنەری مرۆڤێکی دواڕۆژییە. ئەمەش لەو ئاراستەیەدا دەبینینەوە، کە ڕەوتی تایبەتیکردنی پەروەردە لە جیهان و وڵاتانی تازە ڕێکەوتوو و کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، پەرەی پێ دەدرێت و لەسەر دوو بنەما کاری خۆی دەباتە پێش: یەکەم ئەوەی هەر شتێکی خۆمان دواکەوتووە و تەنیا بە دەستەودامانبوونی کولتووری خۆرئاوا ڕزگارمان دەبێت، دووەمیش بە هۆی بەپیرۆزکردنی زمانی ئینگلیزییەوە. ئەم دوو میکانیزمە کاریگەریی باڵایان هەبووە لە ڕەوتی تایبەتیکردن(پرایڤاتیزەکردن)ی کایەی پەروەردەدا و وەپاشخستنی پەروەردەیەکی خۆماڵی لەسەر بنەمای ئەزموونەوە. لەبەرئەوە، گوتاری زاڵی پەروەردەیی لە ئێستای جیهاندا بریتیە لە گوتارێک، کە بازرگانیسەنتەر و سوودخوازانەیە نەک بەهادروستکەر. ئەوەش بەمانای ئەوەیە کە فۆرمێکی پەروەردەییی جیهانگرەوە لە ڕێگەی میکانیزمەکانی بازاڕی پەروەردەییەوە، جێی بۆ خۆش دەکرێت و چینە باڵاکانی کۆمەڵگەی بۆ دنە دەدرێت تا منداڵەکانیان لە کێبەڕکێی گەیشتنەوە بە ئەوروپا بنێرنە ئەو قوتابخانانە تا زمانە ئایدیالییەکە فێر ببن و هەرچی زووترە داهاتوو بۆخۆیان مسۆگەر بکەن. لە بنەمادا ئەمە دادۆشینیکی دیکەی بازاڕی سەرمایەدارییە کە لە ڕێگەی قوتابخانە تایبەتییەکانەوە توانیویەتی نایەکسانییەکی پەروەردەیی بهێنێتە ئاراوە. لەم ڕێگەیەشەوە فرەپەروەردەیی، کراوەتە قوربانیی یەک فۆرمی پەروەردەکردن کە پێشنموونەکەی ئەوروپایە و زمانە ئایدیالییەکەشی ئینگلیزییە.

  • ئەوەی لە هەمبەر کوردەوە گرنگە، بەڕێوەبردنی سێ‌ پرۆسەیە کە بەداخەوە دەکرێ‌ بگوترێ‌ سێ‌ پرۆسەی”وەدرەنگخراو”ن، واتە”پەروەردەی نەتەوەیی”، “پەروەردەی نیشتمانی” و “پەروەردەی مەدەنی”. ئایا دەکرێ‌ ئەم سێ‌ پرۆسەیە هاوکات لە بارودۆخێکی سیاسیی ئێستای کورد و کوردستاندا بەڕێوە بچن؟ ڕێکخراو و حزبەکان دەرۆستی بابەتەکە دێن یان دەبێ‌ وەک هەمیشە دوا بخرێن و دیارە سەدەی بیست و یەک ئاسۆکانی هێندە لێڵن کە ئێمە مەترسییەکانی دواخستن نابینین، لەو بارەوە ڕاتان چۆنە؟

ڕێبوار سیوەیلی: کێشەکە ئەوەیە کە هەتا ئێستاش بۆ ئێمەی کورد و لە ناو هزری سیاسیی حزبەکان و بگرە حوکوومەتی هەرێمیشدا، مەسەلەی پەروەردە نەبۆتە ئایدیالێکی سیاسی و خەونێکی کۆمەڵگە بۆ دروستکردنی داهاتووی خۆی. جاران لە حەفتا و هەشتاکاندا دروستکردنی قوتابخانەیەک لە پێگەی خەباتی نەتەوایەتیدا بوو، ئەمێستا دروستکردنی مزگەوت شوێنی بە بیناکردنی قوتابخانە چۆڵ کردووە. باڵادەستیی گوتاری ئیسلامی سیاسیی و ملکەچبوونی حزبە کوردییە نائیسلامییەکان بەم گوتارە، وای کردووە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی دەنگدەران هەمان گوتار دووبارە بەرهەم بهێننەوە. نەبوونی گوتارێکی سێکیولار و یاسامەندیش وای کردووە هیچکامێک لەو بنەما پەروەردەیییانە وەک پێویست نەچن بەڕێوە. لە دەیەی پەنجاکانی میلادییەوە، کتێبەکەی ئیبراهیم ئەمین باڵدار بەناوی (ئەلف و بێی نوێی کوردی) وەک سێکیۆلارترین کتێبێک بۆ فێربوونی زمانی کوردی تا دەیەی نەوەدەکان، وای کردبوو هیچ جێگرەوەی نەبێت و سوودێکی زۆر بە فێربوونی زمانی کوردی وەک بەشێک لە خەباتی نەتەوەیی بگەیەنێت. کەچی لەگەڵ زاڵبوونی گوتاری ئیسلامی سیاسیدا و نفوزکردنیان بۆ نێو کایەی پەروەردە، یەکەم کاریان لادانی ئەم کتێبەیە لە سیستەمی پەروەردە. بەم کارەشیان گورزێکی هەرە کوشندە لە زمانی کوردی دەدەن و هیچ کتێبێکی دیکە جێگەی ئەم بەرهەمە ناوازەیە بۆ فێربوونی زمانی کوردی لە قۆناغی سەرەتاییدا ناگرێتەوە. ئەمە پێمان دەڵێت ئەگەر جاران حکوومەتە نەیارەکانی کورد بە سیاسەت و پلانێکی دووژمنکارانە ڕێگیرییان لە فێربوونی زمانی کوردی دەکرد، ئێستە هێزە ناوخۆیییەکان دەنێو سیستەمی حوکمڕانیی خۆجێییدا ئەوکارە زۆر بە ئاسانی دەکەن. ئەوەش دەیسەلمێنێت، کە پەروەردە نەبۆتە ئایدیالێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێم و کۆمەڵگەی کوردستان.

  • لە هەرێمی کوردستان و هەر لە ساڵی ١٩٩٢ کە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەکار بوو، لە یەکەم بڕیارەکاندا باس لەوە کرا کە زمانی خوێندن لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن دەبێ بە کوردی بێ. بەڵام لە ئیستادا دەبینین کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەو قوتابخانە ئەهلییانە پەرە دەستێنن کە بانگەشەی خوێندن بە یەکێک لە زمانە بیانییەکان دەکەن. ئێوە چۆن ئەم دۆخە هەڵدەسنگێنن؟

ڕێبوار سیوەیلی: ئەو بڕیارانەی ئەو کاتە دراون بڕیاری زۆر گرنگن، کە بەداخەوە بەرگەی لێشاوەکانی لەوەدوای تایبەتیکردنی خوێندنیان نەگرت و وەلا نران. تایبەتیکردنی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا لە هەمان کاتیشدا بەبازرگانیکردنی خوێندن و پەروەردە بووە. ئەمە جگە لەوەی سیاسەتی بازاڕی ئازاد، لێدانێکی توندی لە کۆمەڵگەی کوردی دا، کە هەستانەوەی زۆر زەحمەتە. شەپۆلی سەرسوڕمان بە ئەوروپا و زمانی ئینگلیزی، وەک دیۆجامەیەک کۆمەڵگەی ئێمەی ڕاوکرد و دەستەوتوێژێکی ئەوتۆ پەیدابوون کە لە پێناوی دامەزراندنی قوتابخانە تایبەتییەکاندا، باکیان لە سڕینەوە و بەپەراوێزخستنی زمانی کوردی نەبوو. ئەمانە نەشیاندەزانی بە بەرزکردنەوە و بە پیرۆزکردنی زمانە بیانییەکان، چ گورزێک لە شوناسی کوردبوون دەوەشێنن کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی ئەو شوناسە لە ڕێگەی زمانەوە دەبێت. هەموو ئەمە بەرەنجامی سیاسەتی بازاڕی ئازاد و نەبوونی مەرج بوو بۆ ڕێزگرتن لە زمانی کوردی. تەنانەت ئەو هەموو بیانی و کۆمپانیایانەی هاتنە هەرێمەکەشەوە، هیچ مەرجێکی فێربوونی زمانی کوردی وەک پێشینەیەک بۆ دەستبەکاربوونیان دانەندرا. ئەمەش پێچەوانەی یاسای گشت وڵاتانە کە فێربوونی زمان دەکەنە مەرجی هەلی کار و مانەوە لە وڵاتەکەدا. لەگەڵ سەرهەڵدانی چینێکی نوێی کۆمەڵایەتیشدا، کە بەهۆی دەوڵەمەندییەکەیانەوە دەیانویست خۆیان لە باقیی چین و توێژەکانی دی جوێ بکەنەوە، ئەم قوتابخانە تایبەتیانە پەرەیان سەند و ئیتر زمانی کوردی لەچاو زمانی ئینگلیزی و زمانی عەرەبییدا، چون ئاوارەیەکی زۆری عەرەبیش ڕوویان لە هەرێم کردبوو، بەتەواوی بێناز بوو. ئێستا نەوەیەک پێگەیشتووە نەک هەر کوردی نازانێت و ناتوانێت پێی بنووسێت و پێی بخوێنێتەوە، بەڵکو لەڕووی دەروونییشەوە ڕووی نایەت لەناو کەشی قوتابخانە و مۆڵەکاندا قسەی پێ بکات. ئەمەش ئاشکرای دەکات کە زمان لە کۆڵۆنیزەکردنەوەی مرۆڤی کورددا چ دەورێکی خراپی هەیە. وەختێ ئەتۆ دێی بەهەر بەڵگەیەک زمانی بیانی بەسەر زمانی نەتەوەییدا زاڵ دەکەیت، ڕۆح و زەین و دەروونی ئەو نەتەوەیە کۆڵۆنیزە دەکەیت. من لە کتێبی (فەلسەفە، ڕەگەزپەرستی، پەروەردە 2016) زۆر بە وردی لەسەر ئەم کێشەیە وەستاوم و نامەوێت لێرەدا دووبارەی بکەمەوە. بەڵام هێندە دەڵێم ئەوەی بەناوی بازاڕی ئازاد و خوێندنی تایبەتییەوە، لە نەزانییەوە بە ڕۆڵی کارای پەروەردە، بەسەر کۆمەڵگەی باشووردا سەپێنرا، هیچی کەمتر نەبوو لەوەی بەعس تراژیدیای ئەنفال و دێ سووتانی بەسەر ئەم کۆمەڵگەیە هێنابوو، وەلێ ئەم ئەنفالەیان کاتی دەوێت بۆ ئەوەی زیانە ڕۆحیی و کردەییەکانی ئاشکرا ببن. هەر لە ئێستاشەوە ئەو نەخوێندەوارییە زۆرە دەبینیت کە بەرۆکی ئەم کۆمەڵگەیەی گرتووە. هەژارییەکی زمانی لە ڕووی ڕێنووس، خاڵبەندی و فەرهەنگییەوە ڕووی لە باشوور کردووە، کە دەیان ساڵی سیاسەتێکی زمانیمان دەوێت تا ئەم هەڵەیەی کردوومانە، ڕاستی بکەینەوە.

  • پێتانوایە لە هەرێمی کوردستان باشترە هەموو قوتابخانەکان بەپێی یەک مەنهەجی خوێندن کە شارەزایانی وەزارەتی پەروەردە دایانڕشتووە پەیڕەو بکەن، یا هەر قوتابخانەیەک دەتوانێ مەنهەجی خوێندنی خۆی پەیڕەو بکا؟

ڕێبوار سیوەیلی: من هەتا قۆناغی زانکۆ، لەگەڵ یەک مەنهەجیی خوێندنم کە تیایدا بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورد و کوردستانییەکان ڕەچاو کرابێت. یەک مەنهەجی هەرچەندە بۆنی جۆرێ لە زۆری لێ دێت، بەڵام بۆ بیناکردنی ئەو سێ جۆر پەروەردەیەی لەسەرەتاوە ئاماژەتان پێ دا زۆر گرنگە. پێویستە ئەوەی پەیوەستە بە کوردستانەوە، لە قوتابخانە تایبەتییەکانیشدا پەیڕەو بکرێت و دەرفەت بە هیچ دامەزراوەیەک نەدرێ لە ژێر هەر ناوێکدا و بۆ هەر مەبەستێک لەم ڕێچکەیە لابدات. بۆ نموونە زمان و ئەدەب و مێژووی کوردستان دەبێت تا پێش زانکۆ بخوێنرێت. بۆ بیناکردنەوەی کۆمەڵگە و زەینییەتی کوردستانی، پێویستیمان بە جۆرێک لە “دیکتاتۆرییەتی پەروەردەیی” هەیە، چونکە “پەروەردەی بەناو دیموکراسی، کۆمەڵگەی ئێمەی بە قوڕی “بازرگانیی پەروەردەییدا” بردە خوارەوە و هەرچی هات بەناوی “وڵات” و زمانێکی بیانییەوە قوتابخانەیەکی لە بیچمی دووکانێکی پەروەردەییدا بۆ کردینەوە و کەوتنە فەزڵفرۆشی بەسەر کۆمەڵگەی ئێمەوە و پەروەردەیان کردە ئامرازێک بۆ لە خۆنامۆبوونی مرۆڤی کورد لەناو وڵاتەکەی خۆیدا. بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم “شارەزایانی پەروەردە” ئەم مەنهەجە دابڕێژن، چونکە ئەم بەناو شارەزایانە لە بیست و هەشت ساڵی ڕابردوودا، هەر ئەوانەن کە دۆخی خوێندنیان گەیاندووە بەم ئێستا ماتەمبارە پەروەردەییە. ئەوانە نەک هەر شارەزا نین، بگرە خۆشیان لەو تۆڕانەوە گلاون کە ئیش بۆ ڕەواج پێدانی خوێندنی تایبەت دەکەن و دەستی درێژکراوەی بازرگانە پەروەردەیییەکانی نێو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵان و هەریەکەشیان ڕایەڵێکیان لەگەڵ قوتابخانە تایبەتییەکاندا هەیە. بوونی ئەم کەسانە و ئەوەی کە لە شوێنی بڕیاردان، بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە ئەوانە لە بواری پەروەردە و فێرکاریدا شارەزان. ئەمانە بەدەگمەنیان توێژەری پەروەردەیین و زۆربەشیان لەسەر ئەوە کۆکن کە ڕیگری بکەن لەوەی پەرورەدەکارانی ڕاستەقینە وشارەزاکان بێنەوە وڵاتەکە و لەدامەزراوە پەروەردەیییەکاندا پێگەی بڕیاردەرانەیان هەبێت. لەبەر ئەوە هەرگیز نامەوێت ئەمانە ئەو مەنهەجە دابڕێژن چونکە نایزانن و میزاجی تایبەت و بڕوای ئایینی و بیروڕای حزبییان تێکەڵ بە مەنهەجەکە دەکەن. ئەوەی دەبێت ئەم کارە بکات مەرجیش نییە خەڵکی باشووری کوردستان بێت. زۆر بەلامەوە ئاسایییە و بگرە پێویستیشە لە دانانی وەها مەنهەجێکدا سوود لە کوردانی هەندەران، کوردی باکوور و ڕۆژهەڵات وەربگرین و ئەوان مەنهەجمان بۆ دابنێن چونکە هێشتا بۆ ئەوان مەسەلەی زمان وەک بەردی بناخەی شوناس، بەشێکە لە خەباتی نەتەوەیی و خۆ سەلماندن. ئەوان دەزانن چۆن زمان بکەنە سەنگەری مانەوە و بووژانەوە بە زمانی کوردی بدەن، وەک ئەوەی لە سنە و مەهاباد و مەریوان و سەردەشت و ماردین و دیاربەکر و ستۆکهۆڵم کاریان بۆ کردووە. ئەگەر وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا، بوێریی وەها هەنگاوێکیان هەبێت و دانانی مەنهەج، ڕادەستی شارەزایان و خەمخۆرانی ئەو بەشانەی دیکەی کوردستان و هەندەران بکەن، گەورەترین خزمەت بە نەتەوەی کورد و پرۆسەی پەروەردە و فێربوون لە کورستاندا دەکەن.

  • بە ڕای ئێوە لە سیستەمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان (لە پەروەردە و لە خوێندنی باڵا) ئایا دژوازییەک بەم شێوەیە بەدی ناکرێ کە لە کاتێکدا بنەما بە دابینکردنی خوێندنی بێ بەرامبەر وەرگیراوە، بەڵام خوێندنی ئەهلی هەر دێ و زیاتر پەرە دەستێنێت؟ ئەمە لە کاتێکدایە تەنیا توێژێکی بچووک دەتوانن بۆ خوێندن لەم قوتابخانە و زانکۆیانە کەڵک وەرگرن و هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە خوێندنی ئەهلی جیاوازیی چینایەتی بەرهەم دێنێتەوە و دەبێتە هۆی نایەکسانیی کۆمەڵآیەتی.

ڕێبوار سیوەیلی: خوێندنی تایبەت، یان ئەهلی لە هەرێمی کوردستاندا، جۆرێکە لە خوێندن کە خوێندن تیایدا ئامانج نییە، ئەوەندەی کراوەتە ئامرازی بازرگانی کردن بە خوێندنەوە. ئەوانەی بازرگانی بە خوێندنەوە دەکەن زۆرینەیان لە دەستەبژێری حزبین، یان سەرمایەداری مشەخۆری بێ دەروەست. حکوومەتی هەرێم لە کابینەی چوارەمەوە بە پەیڕەویکردن لە سیاسەتی بازاڕی ئازاد، دەرگای بۆ ئەم جۆرە بازرگانییە نوێیە کردەوە، کە هیچکات خەمی نەتەوەییی نەبووە و بۆی گرنگ نەبووە بەهۆی ئەم بازاڕە ئازادەوە چۆن خوێندنی حکوومی شکستی پێدەهێنرێت. یەکەم هەنگاوی ئەم سەرمایەدارە مشەخۆرانە لە بواری خوێندنی تایبەتدا بریتی بوو لە بێبەهاکردنی خوێندنی بێ بەرامبەر، یان بە خۆڕایی، ئەمەش بە سوود وەرگرتن لە زەیینییەتی کورد، کە وشەی “خۆڕایی” چەندە لەلای بێبەهایە و بە سوود تەماشای دەکات. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕیکلامەکانی قوتابخانە تایبەتییەکان، کە هەمیشە بە کوردییەکی خراپ و بێ بنەما داڕێژراون، تیایاندا هیچکات وەرگر ناگەڕینرێتەوە، یان ئیرجاع نادرێ بەوەی ئەو کوردستانییە و مرۆڤی ئەم کۆمەڵگەیەیە. هەمیشە باڵاخوازانە و بە ستایلێکی زۆر بەرز ئەوەی بۆ وێنادەکرێت، کە کۆمەڵگەی خۆی، زمان و کولتوور و ئەزموونی ڕەسەنی خۆی لەبیر بکات و شەرمی لێ بکات. چونکە شتێکی دیکە چاوەڕێی دەکات و بەهەشتێک لە ڕێیدایە کە بەهۆی زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، تورکی، یان ئەڵمانییەوە دێتە دی. نەخێر ئەم تەلیسمەی خوێندنی تایبەت هەر تەنیا توێژێکی بچووکی لە خێزانەکان نەگرتۆتەوە، بەڵکو هەموو کۆمەڵگە خۆی بۆ دەکوتێت تا منداڵەکانی لە خوێندنی تایبەت تۆمار بکات و ببێتە کۆیلەی بازرگانانی پەروەردە و فێرکردن. ئەوەش ڕاستە کە لە ڕێگەی خوێندنی تایبەتەوە، نەک هەر جیاوازیی چینایەتی بەرهەم دەهێنرێتەوە، بەڵکو نایەکسانیی کۆمەڵایەتییش زیادی کردووە و سنۆبیزم و لووتبەرزیی کولتووریشی لێ کەوتۆتەوە. من لە سەردانمدا بۆ قوتابخانە تایبەتییەکان، بە تایبەتی قوتابخانەی شوەیفاتی نێودەوڵەتی و بۆ قوتابخانەی میدیا و بریتیش سکووڵ، بە دەیان دایک و باوکی کوردی ستەمدیدەی ژێر ستەمی ئابووریی کوردستانم بینیوون، کە غرووری ئەوەی منداڵەکانیان لەو قوتابخانەیە دەخوێنن، بۆتە هۆکاری ئەوەی لە ئاست دایکان و باوکانی دیکەدا خۆیان بەگەورەتر بزانن و نەتوانن بە کوردی قسە لەسەر دەردی هاوبەشیان بکەن و بە ئینگلیزییەکی شەق و شڕ، قسە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن بۆ ئەوەی پێشانی بدەن ئەوانیش لە پەیژەی شارستانییەت و پیرۆزیی زمانی ئینگلیزی سەرکەوتوون و هەست بە کەمایەسی و شکانەوە ناکەن. ئەوە بەدبەختییەکی گەورەیە دایکان و باوکانی هەمان کۆمەڵگە، نەتوانن بە زمانی خۆیان لەناو قوتابخانە تایبەتییەکاندا قسە لەگەڵ یەکتر بکەن و زمانی لێک حاڵی بوون لەگەڵ یەکتر بدۆزنەوە. تەنانەت لە قوتابخانەی بریتش سکووڵ ئەوەم بەدی کرد، کە ئەنجومەنی دایکان و باوکان هەرچەندە سەرۆکەکەی بە هەڵبژاردن کورد بوو، مامۆستای زانکۆ بوو، کەچی ناچار بوو بە عەرەبی، یان ئینگلیزی لەگەڵ گرووپەکەیان بدوێت و بنووسێت! ئەوەش کارەستانە. چونکە دەستەبژێرێکی عەرەب لە هەرێمی کوردستان هەن، کە نە کوردی دەزانن و نە دەیانەوێت فێریشی ببن، بۆیە کورد ناچار دەکەن هەم قەبووڵی میزاجە ئیسلامییە، سوونییە، شیعییەکانیان بکات و هەم بە زمانی ئەوانیش بدوێت. ئەوە ئەوپەڕی ستەمکاریی زمانییە کە تۆ خۆت لە کۆمەڵگەیەکدا پەنابەر بیت و زمانەکەت بەسەر وڵاتی داڵدەدەردا باڵکێش بکەیت و بیسەپێنیت.

  • بەپێێ دوایین توێژینەوەکان نزیک بیست هەزار قوتابی و خوێندکاری زانکۆ لە قوتابخانە تورکییەکان و زانکۆی ئیشک(تیشک) درێژە بە خوێندن دەدەن. ئەمە لە کاتێکدایە لە دەیان توێژینەوەدا دەرکەوتووە کە ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای فیکری ئیسلامیی تورکی و بەپێی ڕێنماییەکانی بانگخوازی ئیسلامیی تورک، فەتحوڵڵا گۆلەن، بەڕێوە دەچن. ئایا ئەمە کاریگەریی لەسەر نەوەی داهاتووی کوردستان دانانێت؟

ڕێبوار سیوەیلی: گولەنییەکان لە هەرێمی کوردستاندا بۆ دواڕۆژی نەتەوەکەمان مەترسییەکی گەورەن. ئەوانە بە نموونەهێنانەوە لە سەعید نەوڕەسی وەک سێمبوولێکی کورد، ئێمە لە ئاست مەرامە ئایدیۆلۆژییە ئیسلامییەکەیان چاوبەست دەکەن. لە ئێستاشدا وەشانخانەیەک لە هەولێر هەیە، کە کتێبی قوتابخانەی گولەنییەکان بە جوانترین شێوە بۆ منداڵان چاپ دەکات. کاتێکیش دەوڵەتی فاشیزمی تورک ئەم قوتابخانانەی قەدەخە کردن، ئەم بڕیارە هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە. زنجیرەی قوتابخانەکانی ئیشک(تیشک) تا بڵێی بۆ سەر داهاتووی کۆمەڵگەی ئێمە مەترسیدارن، چونکە بەهۆی ئەوەی زمانێکی باشی ئینگلیزی و دیسپلینی زانستی فێری قوتابییەکان دەکەن، ڕەهەندە ئایدیۆلۆژی و پانتورکیزم و شۆڤێنییەکەی خۆیان دادەپۆشن. وتنەوەی وانەی زمانی تورکی بەو چڕییەی لەوێ دەگوترێتەوە، ئامانجی ئامادەکردنی نەوەیەکە بۆ دواڕۆژ کە خۆی بە وابەستەی تورکیا بزانێت و باکی بە نیشتیمانی خۆی نەبێت. زمان کلیلی چوونە ناو کۆمەڵگەیەکە، نەک ئامرازی ئەو پرۆسەیە. لەبەر ئەوە وەک ئێوە پێشبینیتان کردووە، کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر نەوەی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەبێت. بەتایبەتی لە ئاساییکردنەوەی ئەو تراژیدیا زاڵمانەیەی کە دەوڵەتی تورکیای نیوەی سەدەی بیست و یەکەم بەسەر کوردەکانیدا هێنان. هاوکات بەوەش سەفەری بەردەوام بۆ تورکیا و ئاسانکاری بۆ قوتابیان و بێباکیی دایک و باوکانی ئێمە لەم ڕەهەندە ئایدیۆلۆژییەی زنجیرە قوتابخانەکانی ئیشک، کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر سەرهەڵدانی نەوەیەک کە لەناخەوە خۆی بە تورک بزانێت. هەروەها حکوومەتی تورکیای شۆڤێنی بە زۆر شێوە لە هەوڵدایە ئەوە بخاتە زەینی جیهانەوە کە ئەم بەشەی کوردستانیش بەشێکی جیانەکراوەیە لە دەوڵەتی تورکیا و بۆ ئەمەش پەنا بۆ کەیسی ویلایەتی مووسڵ دەبەن. لەوانەش بترازێت، لە ڕووی کولتوورییەوە، بەتایبەتی لە بواری موزیک و تەلارسازیدا، هەر ئێستا تورکیا دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە کولتووری تورکی بەسەر هەرێمی کوردستاندا باڵادەستە. زۆرینەی مزگەوتەکان و شوێنە گەشتیاری و بگرە قەڵای هەولێریش لەسەر بنەمای تەلارسازیی تورکی نۆژەن کراونەتەوە. ئەمڕۆ کابرای دووکانداری کورد بیەوێت کاڵایەکت لەلا شیرین بکات دەڵێت: تورکییە! بەم جۆرەش نەک هەر تەنیا لە ڕێگەی قوتابخانەی گولەنییەکانەوە، بەڵکو لە ڕێگەی ئابووری و کولتوورییشەوە زەینییەتی کوردی هەرێم زەینییەتێکی داگیر کراو و ئامادەکراوە بۆ فۆرمێکی دیکەی کۆڵۆنیاڵیزم.