ئارامتر بخوێنەوە!
وتووێژ لەگەڵ
هاشم ئەحمەدزادە
ژیاننامەیەکی کورت
- ساڵی ١٩٨٦ لە ئێران بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیسی وەرگرتووە.
- ساڵی ١٩٩٥ لە زانکۆی ئوپسالا بەکالۆرێسێکی تری لە ڕۆژهەڵاتناسیدا وەرگرتووە.
- ساڵی ١٩٩٦ لە هەمان زانکۆ و هەمان بواردا پلەی ماستەری وەرگرتووە.
- لە ساڵی ١٩٩٩ لە زانکۆی ئوپسالا لە بوارەکانی مێژوو و سیاسەت لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و زمان و ئەدەبییاتی فارسی و زمانە ئێرانییەکان دەستی بە وانەگوتنەوە کردووە و تا ساڵی ٢٠٠٥ لەم کارەدا بەردەوام بووە. هاوتەریب لەگەڵ وانەگوتنەوە خەریکی لێکۆڵینەوە و نووسینی تێزی دکتۆراکەشی بووە.
- . ساڵی١٩٩٦-١٩٩٧ساڵی یەکەمی دەورەی دکتۆراکەی لە زانکۆی لەندەن (مەدرەسەی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتناسی و ئافریقاناسی) تێپەڕ کردووە.
- کتێبی ڕۆمان و نەتەوە: ڵێکۆڵینەوەیەک لەسەر گوتاری گێڕانەوەیی فارسی و کوردی، کە تێزی دوکتۆراکەیەتی لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن زانکۆی ئوپسالاوە چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە دواتر وەرگێڕدرا سەر زمانەکانی تورکی و فارسی و چاپ و بڵاو کرایەوە. چەند بەشی ئەم کتێبە وەرگێردراوەتەوە سەر زمانی کوردی.
- لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٢، سەرەتا وەک مامۆستا و دواتر وەک پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە زانکۆی ئێگزێتری بریتانیا کاری کردووە. لە ٢٠١٢ تا ٢٠١٥ وەک لێکۆلەرەوە لە ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان ـ کوردستان کە ناوەندەکەی لە هەولێرە، دەستی بە کار کردووە. لەم ساڵانەدا لە زانکۆی فەڕەنسی لوبنانیدا مامۆستای زمان و ئەدەبی ئینگلیسی بووە.
- لە مانگی سێپتامبری ٢٠١٥ دیسانەوە لە زانکۆی ئوپسالا دەستی بە وانەگوتنەوە و لێکۆڵینەوە کردووەتەوە. لە ٢٠١٦ تا ٢٠١٨ لە مەدرەسەری وەرگێڕانی سوێد وانەبێژ بووە.
- لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا کتێب و وتارگەلێکی زۆری بە زمانەکانی فارسی، کوردی، سویدی و ئینگلیزی بڵاو کردووەتەوە. لە دەیان کۆنفرانسی نێونەتەوەیی بەشدار بووە و لە زۆر بەرنامەی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنیدا بەشداریی کردووە و لەسەر زۆر بواری ئەدەبی، فەرهەنگی و زانستی سیاسی و پرسگەلی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باس وقسەی کردووە.
لەنێو بەرهەمە چاپکراوەکانی دکتۆر ئەحمەدزادەدا دەکرێ ئاماژە بە ئەم کتێبانەی خوارەوە بکەین:
- نەتەوە و ڕۆمانبە هەر سێک زمانی ئینگلیسی، تورکی و فارسی چاپ بووە. دوو جار بە فارسی چاپکراوەتەوە و لە پێشانگەی نێونەتەوەییی کتێب لە تاران لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە ڕیزی کتێبە پڕفرۆشەکاندا بووە.
- زمان، ئەدەب و ناسنامە(هەتا ئێستا ئەم کتێبە چوار جار لە کوردستان و دەرەوەی وڵات چاپ کراوەتەوە.)
- ڕۆمان و ناسنامە
- جیهانی ڕۆمان(دوو جار چاپ کراوە)
- گێڕانەوەناسی (دوو جار چاپ کراوە)
- مێژوو بە ڕاوێژی ئەدەب
لە وەرگێڕدراوەکانی دکتۆر ئەحمەدزادە دەکرێ ئاماژە بەم بەرهەمانەی خوارەوە بکەین:
- هونەری داستان
- دەفتەری سوور
- هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان
- کوردەکان و ئەوانی دیکەیان
- کورد و کۆمەڵگەی مەدەنی
جیا لەمانەش دەیان وتاری ئەدەبی، ڕەخنەیی و تیۆریکی بە زمانەکانی ئینگلیسی، سویدی، فارسی و کوردی بڵاو کردووەتەوە.
پرسیاری یەکەم:
حەز دەکەین بۆ دەستپێکی ئەم وتووێژە لە گرنگترین تایبەتمەندیی پەروەردە لە کوردستان، واتا لە باسی پەیوەندیی زمان و پەروەردەوە، دەست پێ بکەین کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا لە هەموو پارچەکانی کوردستان جێی مشتومڕ بووە. هەر وەک ئاگادارن لە ئێران بەرەبەرە لە هەندێک قۆناغی پەروەردەدا ڕێگە بە خوێندنی زمانی کوردی دراوە. بە ڕای ئێوە ئایا ئەمە دەتوانێ وڵامدەری سیستەمی پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ؟
نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەم دەسپێکی گۆڕانکارییە چارەنووسسازە کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگییەکان، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بوو. مۆدێڕنیزاسیۆن ئەو ڕەوتە بوو کە هێدی هێدی دەستی پێ دەکرد و ئایدۆلۆژییە ناسیۆنالیستییەکانی پێکهاتە جۆراجۆرەکانی ئەم دەورە گەرای خۆی دادەنا. ئەم ڕەوتە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا لە هەر دوو ئیمپراتۆریی قاجار و عوسمانیدا بوو بە بنەمای شۆڕشگەلی کۆمەڵایەتی و سیاسیی مەزن. شۆڕشی دەستووریی ١٩٠٦ی ئێران و شۆڕشی گەنجە تورکەکان لە ١٩٠٨ و ڕاپەڕینی ١٩١٦ی عەرەبەکان لە دژی دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانییەکان، تەقینەوەی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕەوتە بوو کە دواجار لەبەر زۆر هۆکاری مێژوویی، فەرهەنگی و سیاسەتی ناوچەیی و کۆلۆنیالیستیی، بوو بە بەردی بناغەی ئەو ڕؤژهەڵاتی ناوینەی ئێستا لەئارادایە. لەم ڕەوتەدا هەڵێنجان و خوێندنەوەیەکی نادێمۆکراتیک لە مۆدێڕنیتە، بەسەر هەموو بوارەکانی ژیاندا سەپێندرا و هاواری زۆر پێکهاتەی ئێتنیکی لە ناوچەدا یان دەرنەهات یان نەبیسترا و یانیش خنکێندرا. بەسەرهاتی پەروەردە بە هیچ لەونێک لەو بەسەرهاتە سیاسییە جیا ناکرێتەوە.
لەڕاستیدا مۆدێڕنیتە دوای ڕێنێسانس و دەستپێکردنی سازدانی ناسنامە تازە نەتەوەییەکان لە ئوروپا، هاوتەریب بوو لەگەڵ پەروەردەی مۆدێڕن کە ئیتر لە سەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەم بەملاوە پەروەردە و بارهێنانی مرۆڤی مۆدێڕن، وردەوردە دەبووە شتێکی حاشاهەڵنەگر بۆ هەموو هاووڵاتییەکی قەوارەگەلی دەوڵەت نەتەوە تازەکان. ئەم پڕۆژەیە، لە ناخی مۆدێڕنیتەدا بوو کە بەرهەمهێنەری تاکبڕوایی بوو و تاکەکانیش دەبوایە مافی خوێندەواربوون و پراکتیزەکردنی زانست، لە سازییە تازە بەرچاوەکەی مۆدێڕنیتە، واتە پەروەردەدا، بئەزموون. سەربوردەی ڕەوتی مۆدێڕنیزاسیۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جێگۆڕکێی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری و دەوڵەت نەتەوە نوێیەکان بە مانایەک، ئەنجامی دەستێوەردانی وڵاتانی کۆلۆنیالیستی بوو لە ناوچەکەدا. وڵاتانی ڕۆژاوایی و ڕووسیای تیزاری، هەر کامە بە شوێن بەرفراوانکردنی جۆغرافیای دەسەڵاتی خۆیاندا بوون. ئەگەر شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ ڕەوتی دەستێوەردانی ڕووسیای تووشی گۆڕانی بنەڕەتی کرد، وڵاتانی وەک بریتانیا، فەڕەنسە و ئاڵمان لەسەر پڕۆژەکانی خۆیان بەردەوام بوون. لە دەیەی دووهەمی سەدەی بیستەمەوە ئیتر ناسنامەی تورک و فارس و عەرەب جێگای سەردەمی ئیمپراتۆرییەکانیان گرتەوە. ئەم ڕەوتە پڕ ژان و ئازارە بۆ هێندێک پێکهاتەی ئێتنیکی، جینۆسایدی لێ کەوتەوە و بۆ نموونە یەکەم پاکتاوی ڕەگەزیی سەدەی بیستەم لەم ناوچەیەدا ڕووی دا و دوو لە پێکهاتە مێژویییەکانی ناوچەکە، واتە ئاسۆڕی و ئەرمەنییەکان، سەدان هەزار کەسیان لێ کوژرا. کوردەکان وەک پێکهاتەیەکی جێگرتوو لە هەر دوو ئیمپراتۆرییە زەبەلاحەکەی ناوچەدا لەبەر زۆر هۆکاری دەرەکی و ناوەکی، لە سازکردنی قەوارەیەکی نەتەوەییی خۆیان بێبەش کران. ئێستا ئیتر چارەنووسی ئەوان گرێدراوی دەوڵەت نەتەوە نەوبونیادەکانە. ئەم دەوڵەت نەتەوە نەوبونیادانەش، هێندە قاڵبووی سیاسەتی ئێتنیکیی خۆیانن کە پرسی مافی پەروەردە بۆ پێکهاتە ئێتنیکییە ناسەردەستەکان هەر لە ڕؤژەڤیشدا نەبوو. ئەوەی لە باشووری کوردستان گوزەرا و گرێدراوی سیاسەتی مانداتی بریتانی بوو، هێندە ڵێڵ و بێ بنەما بوو کە ئاکامەکەی هەرگیز نەبوو بە هۆی پەیڕەوکردنی پلانێکی تۆکمەی پەروەردەیی بۆ پێکهاتەی کورد لە دەوڵەتی تازەدارێژراوی عیراقدا. ئەمە لە کاتێکدایە کە عیراق تەنیا دەوڵەتێکی نوێ بوو کە تێیدا، کەم تا زۆر، کۆمەڵێک ماف بۆ پەروەردەی کوردی، ڕەچاو دەکرا. لێرەوە مرۆڤ دەتوانێ بزانێت کە ئەگەر ڕەوشەکە لە عیراق ئاوا ناموبارەک و بێ ناوەڕۆک بووبێت، ئەدی هەر ئەوەی لە تورکیا و لە ئێران و سوریا گوزەرا، هەر بۆ باس نابێت.
ئەم پێشەکییە بۆ تێگەیشتن لە چەمکی پەروەردە نیشانمان دەدات چۆن ئەم سازییە، بەستراوەی قەوارە و دەسەڵاتی سیاسییە. ئەگەر لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەکاندا دەرفەت بۆ مانەوەی زمانی پێکهاتە جیاوازەکان هەبوو، لە سەردەمی مۆدێڕندا، لەبەر هاتنە کایەی بۆرۆکراسییەکی هەمەگیر و سەرهەڵدانی پەروەردەی نوێ، ئیتر زمانە ناسەردەستەکان پەڕاوێز خران. لە نەبوونی دەسەڵاتی سیاسی و هەروەها لە نەبوونی بنەما دێمۆکراتیکەکانی پاراستنی مافی هاووڵاتییەتی و شارۆمەندیدا، کوردەکان کەوتنە دەرەوەی بازنەی بەهێزترین و کاراترین سازیی مۆدێڕن، واتە دامودەزگای پەروەردە.
لە سەرتاسەری سەدەی بیستەمدا خولیای وەدەستهێنانی ئەم مافە بوو بە پێکهێنەری ناوەڕۆکی هەموو بزووتنەوە کوردییەکان لە هەموو پارچەکانی کوردستان. پلان و بەرنامەی سیاسیی بزووتنەوەگەلی کوردەکان هەرگیز وازی لە مافی خوێندن بە زمانی کوردی نەهێنا. بەڵام ئەم مافە ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر وەدی نەهاتووە و گرێدراوی چارەنووسی سیاسیی بزووتنەوە کوردییەکان بووە. تەنیا شوێنێک وەک قەوارەیەکی فیدراڵ بووەتە هەڵگری هێندێک لایەنی مافی زمانی، باشووری کوردستانە. بەڵام ئەمە بۆخۆی جێگای تێڕامانە و ئەزموونی سی ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی کوردی لە باشوور دەتوانیت بابەتێکی گرنگی لێکۆڵینەوە بێت. ڕۆژاوای کوردستانیش، هەرچەند بە ئەزموونێکی جیاواز و ماوەیەکی کورتیش بێت، دەتوانێت سووژەیەکی کەموێنە بێت بۆ لێکۆڵینەوە و چلۆنایەتیی پراکتیزەکردنی مافی پەروەردە و تایبەتمەندییەکانی.
بە باوەڕی من پەروەردە پێوەندییەکی زیندوو و بڕیاردەری لەگەڵ دیاردەی زمان هەیە. ئەوەی ئەرکی پەروەردە بە چ زمانێک بەڕیوە دەچێت، بابەتێکی تەنێ فۆڕمی و شێوازی نییە، بەڵکو بابەتێکی جەوهەری و سیاسییە و لێکەوتەی ماف و ڕوانینی کۆمەڵایەتی و فەلسەفیشی هەیە. حاشالێکردن و پەراوێزخستنی زمانێکی دیاریکراوی کۆمەڵە خەڵکانێکی بەرچاو، بە بیانووی پڕوپووچی “یەکییەتیی نەتەوەیی”، جۆرێکە لە ئەتککردنی ماف و کەرامەتی مرۆڤەکان. فەلسەفەی هەڵەی گۆشدانی ناسنامەیەکی تۆکمە و گرێدانەوەی لە هەبوونی زمانێکی فەرمی لە هەموو بوارێکەوە نادروستە. ئەگەر بەپێی سیاسەتی پەیڕەوکراوی وڵاتانی وەک ئێران و تورکیە و عیراق بوایە، دەبوایە دوای سەدەیەک لە دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەکانیان، ئێستا ئێمە لەگەڵ وڵاتگەلێکی دێمۆکراتیکی پێشکەوتووی ئاوەدان ڕووبەڕوو بوایەین، نەک لەگەڵ وڵاتگەلێک کە بە میلیۆنان خەڵکی خۆیانیان تووشی چارەڕەشی و ئاوارەیی و هەژاری کردووە.
ئەوەی لە وڵاتی ئێران دەگوزەرێت و کردنەوەی بەشی کوردی لە زانکۆی کوردستان و داڕشتنی هێندێک پلان بۆ خوێندنی زمانی کوردی لە خوێندنگەکان، بابەتێکی سرنجڕاکێشە کە چەندین لایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەگرێتەوە. بە باوەڕی من پرسی زمان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا و لە سازکردن و خەمڵاندنی ناسنامەی مرۆڤەکان و پێکهاتەکان ئەوەندە بنەڕەتی و بڕیاردەرە کە شیاوی خەم لێ خواردنێکی هەمەلایەنەیە. ئەوەی کە پرسەکە دواجار سیاسییە و ناکرێت لە دەرەوەی سیاسەت چارەسەریی بنەڕەتییانەی بۆ بدۆزرێتەوە، بەو مانایە نییە کە مرۆڤ لە دەرفەتە وەدەستهاتووەکان کەڵکی پێویست و دروست وەرنەگرێت. هەر چەشنە هەوڵێک بۆ پەرەپێدانی زمانێکی دیاریکراو دەبێ کەڵکی لێ وەربگیرێت. ماددەی ١٥ و ١٩ی یاسای بنچینەیی لە ئێران لە ڕوانگەیەکی واقعبینیی فەرهەنگی و سیاسییەوە دەبێ کەڵکی لێ وەرگیریت. مرۆڤ ئەگەر ئەمە لەگەڵ هەلومەرجی تورکیا بەراورد بکات دەتوانێ لە گرنگییە ڕێژەییەکەی تێبگات. بەڵام لەبیرمان نەچێت کە پەروەردەیەکی سەربەخۆی دێمۆکراتیک لەسەر بنەمای دەستکەوتە زانستی و پەروەردەیییەکان لە ئاستی جیهانیدا دواجار گرێدراوی چارەنووسی سیاسی و نەتەوەیییە و پلانە پەروەردەیییەکان ناتوانن لە دەرەوەی پرسە سیاسی و نەتەوەیی و ناسنامەیییەکاندا وەدی بێن. لەم چوارچێوەیەدایە کە دەبێ دەرفەتە سیاسییەکان بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمان بقۆزرێنەوە و کەڵکی شیاو و لەباریان لێ وەرگیرێت. سیاسەتی ماکسیمۆم و ئەوەی هەموو شتێک لە ئەنجامی کۆتاییی کێشمەکێشی سیاسی ببەستینەوە، ناتوانێ لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا سیاسەتێکی بیرلێکراوە و ماقوڵانە بێت. تەنیا بە تێگەیشتن لە ڕۆڵی حاشاهەڵنەگری زمان لە خەمڵاندنی ناسنامەی تاک و کۆدا دەتوانین ئاگاداری گرنگیی کەڵکوەرگرتن لە هەر تروسکاییەک بین کە بە ڕووی زمان و پرسی مان و نەمانی پەروەردەییەوە دەکرێتەوە. لە دەرەوەی ئەم باوەڕە و هەوڵدان بۆ ئەم ئەرکە گرنگە، تەنانەت ئەگەر دەرفەتی گەورەشت بۆ بڕەخسێت، ناتوانێ وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنانی مرۆڤی سەردەمیانە و ئازاد و باوەڕبەخۆ بێت. ئەزموونی باشوور لەم گۆشەنیگایەوە یەکجار گرنگە و شایانی لێ فێربوونە. لەسەر ئەم بنەمایە و لەبەر ڕووناکاییی ئەم هەلومەرجە تەماوی و ڵێڵەدا، دەبێ زۆر بە وشیارییەوە سەیری دەرفەتەکان بکەین و لەنێوان سەد و سیفردا تواناییی بینینی ژمارەکانی دیکەشمان هەبێت. لێرەدایە هەمدیسان گرێدراویی سیاسەتی زمانی و پەروەردەیی بە سیاسەتەوە، زەق دەبێتەوە و چەمکگەلی لانی کەم و لانی زۆری خواست و داواکارییەکان و هەروەها پرسی سیاسەتی کورتخایەن و درێژخایەن لە گوێماندا دەزرینگێنەوە و چاوەنواڕی هێژایی و لێ وردبوونەوەی هەمەلایەنە دەکەن.
دەبێ لێرەدا ئاماژە بە ڕاستییەک بکەم و وەک مافێکی بێ ئەملاولای دێمۆکراتیک وەبیر خۆمان و ئەوانی هەمبەریشمانی بێنمەوە کە پەروەردە بە زمانی دایک، دەبێ لانی کەم تا کۆتایی قۆناغی ناوەندی بێ هیچ شەرتومەرجێک ڕەچاو بکرێت. هەڵبەت لە پەنای ئەمەشدا زمانێک یان چەند زمانی دیکە دەکرێت بخوێندرێت و مناڵان فێری چەند زمان ببن. زۆر ئەزموونی سەرکەوتوو لە دونیای ئەمڕۆدا ئەم ڕاستییەمان لا زەقتر دەکاتەوە. لە وڵاتگەلێک کە ئەرکی پەروەردە لە هەموو بوارێکەوە زۆر بەسەرکەوتوویی ڕەچاو کراوە، مناڵان هەتا دەگەنە دەورەی ناوەندی، دوو یان سێ و تەنانەت چوار زمانیش بە باشی فێر دەبن. لە دونیای ئەمڕۆدا زانینی چەند زمان یەک لە پێناس و پێوەرە سەرەکییەکانی سەرکەوتووی تاکێکی مۆدێڕنە. ئەگەر ئەمە لە بواری سیاسیشەوە سەیر کەین دەبینین وڵاتانی چەند زمانەی وەک هیند، سویس، ئوتریش، بێلژیک، کانادا و بریتانیا، نە تەنیا دواکەوتوو نین، بەڵکو زۆریش سەرکەوتوو و پێشکەوتوون.
ئەوەی لە ئێستادا لە لانی کەم دوو بەشی کوردستان، واتە ئێران و تورکیادا، دەگوزەریت، بەداخەوە، لە بەرژەوەندیی زمانی کوردیدا نییە. دەبێ ئێلیتی کوردی، زۆر بە وردی و قووڵی ئاوڕ لەم پرسە بداتەوە و بزانێت چ ڕێکارگەلێک ڕەچاو بکرێن کە هەلومەرجی زمانی کوردی، لەوەش خراپتر نەبێت. لەبەر گرنگیی حاشاهەڵنگەری پرسی زمان لە ئافراندن و ئاراستەکردنی توانایی مرۆڤەکاندا، پێویستە و دەبێ خەباتکاران و غەمخۆرانی کورد بە بەردەوامی ئاوڕ لە چارەنووسی زمانەکەیان بدەنەوە. زمان وەک ماکی ئەندێشە و ماڵی بوون و دەرهاویشتەی ئاستی گەشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هزری و ناسنامەییی مرۆڤەکان، چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵ، دەبێ لە ڕۆژەڤی هەموو پلانە سیاسی و هزرییەکاندا بێت. پرسیار ئەوەیە لە هەلومەرجی بێ دەرەتانی و بێ دەرفەتیی خەمڵاندن و گەشەپێدانی زمانی کوردی لە بواری ئەدەب و پەروەردە و بەڕێوەبردندا، دەبێ چ ڕێکارگەلێک ڕەچاو کرێن کە ئەو زمانە و ئاخێوەرانی نەکەونە پەراوێزی مێژووەوە؟ ئایا ئێمە دەبێ دەستەوەستان ڕاوەستین و چاوەڕوانی دەرفەت بکەین یان قۆڵی لێ هەڵماڵین و بۆخۆمان بە دەستپێشخەریی شیاو، لە توانا شاراوەکانمان کەڵک وەرگرین؟
لە دوو سێ دەیەی ڕابردوودا چالاکانی فەرهەنگی و زمانی و ئەدەبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر کاری گرنگیان کردووە و مرۆڤ دەکرێت لەسەر ئەم کارانە ڕاوەستە بکات و هەڵیانسەنگێنێت و بە گوێرەی توانا و پێویستی و دەرفەت، پەرەیان پێ بدات. ئەنجومەنە ئەدەبییەکان لە شارە کوردییەکان و کلاسە تایبەتییەکانی فێرکردنی زمانی کوردی، دەستکەوتی مەزنیان هەبووە. سەرهەڵدانی دەیان نووسەری کارامە و لێهاتووی کورد لەم ماوەیەدا، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. تێکنۆلۆژیی سەردەم دەتوانێت بە شێوەیەکی کاراتر کەڵکی لێ وەرگیرێت. ماوەیەک پێش ئێستا، بە بۆنەی نەورۆزەوە، کانوونی نووسەرانی کوردستان -ڕۆژهەڵات، بۆ ماوەی سێ حەوتوو زنجیرەیەک سێمیناری ئانلاینی دانا کە زۆر بەکەڵک بوون. ئێستا کۆمەڵیک کوردی دەرەوەی وڵات، زانکۆیەکی ئانلاینیان بۆ خوێندن و لێکۆڵینەوەی کوردی، کردووەتەوە و لە ماوەی دوو مانگدا هەموو شەوێ چەندان وانەی جۆراوجۆر لەلایەن پسپۆڕانەوە دەگوترانەوە و لە ڕێگای پڕۆگرامی زوومەوە بە سەدان خوێندکار بە ڕێکوپێکی بەشداری دەرسەکان دەبن. من بۆخۆم چەند وانەیەکم لەوێ بە کرمانجیی سەروو پێشكەش کرد و دڵنیام دەکرێت ئەم ئەزموونە بۆ ڕۆژهەڵاتیش ڕەچاو بکرێت. دامودەزگا فەرهەنگییەکانی باشوور دەتوانن و دەبێ بە چالاککردنی ماڵپەڕی تایبەت بە فێرکاریی زمان و ئەدەبی کوردی، پەرە بە زمان و لێکۆڵینەوەی گرێدراو بە لایەنە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی بدەن. لاوازیی لەڕادەبەدەری دونیای مەجازیی کوردی، زۆر جێگای داخە. بۆ زمان و نەتەوەیەک کە هەڕەشەی توانەوەی لەسەرە و دەرفەتی پێویستی بۆ گەشەپێدان بە زمان و فەرهەنگی خۆی لێ ڕەوگیر کراوە، دەبێ هەوڵدانی دەستپێشخەرانەی هەمەلایەنە دە هانایەوە بێت، ئەگینا ڕەوش لەوەش خراپتر دەبێت. هەوڵدان بۆ کەڵکوەرگرتن لە هەموو ئامرازەکانی ئەم سەردەمە دەتوانێت هەلومەرج و ئاستی وشیاریی نەتەوەیی زۆر باشتر بکات. بیستنی بەردەوامی ئەوەی کە ناتوانین بە کوردی بخوێنینەوە و بنووسین، هەر لە خۆڕا چارەسەر ناکرێت و دەبێ بیری لێ بکرێتەوە. تێکنۆلۆژیای ئەم سەردەمە دەتوانێت تاڕادەیەکی زۆر پاشەکشە بە بەربەستە سیاسی و جۆغرافییەکان بکات. یوڤال نوها هیراری، پڕۆفیسۆری گەنج و توانای زانکۆی ئورشەلیم، لە ڕیگەی ئانلاینەوە کۆرسێک بەڕیوە دەبات کە ٦٥٠٠٠ خوێندکار تێیدا بەشدار دەبن. ئایا ئێمە دەتوانین بواری زمان و ئەدەبی خۆمان هێندە سرنجڕاکێش بکەین کە بە هەزاران خوێندکار لە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە بۆ فێربوون و دەکارهێنانی زمانی خۆیان بەشداری کۆرسگەلی لەم چەشنە بن؟ باوەڕ بە پێداویستیی و گرنگیی ئەم بابەتە دواجار ئیرادە و هەوڵی بێوێنەی بەدوادا دێت. لەڕاستیدا هەوڵی لەم چەشنە، ڕێگای ڕزگاریی مرۆڤی کورد و دانیشتوانی دیکەی جۆغرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆش دەکات و دەبێتە هۆکاری پەرەپێدانی بنەماکانی ئازادی و دێمۆکراسی و پاراستنی مافە دێمۆکراتیکەکان. ئەم پلانانە تەنیا زەمانێک دەتوانن دابڕێژرێن و بە ئامانج بگەن، ئەگەر باوەڕمان بە گرنگی و بڕیاردەریی پەروەردە لەسەر گەشەپێدانی ناسنامە مرۆیی و دێمۆکراتیکەکان هەبێت. دەمەوێت لێرەدا دیسانەوە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە بکەمەوە کە پەروەردە لە سەردەمی ئێستادا، گرێدراوی کێبەرکێی دەسەڵاتەکان و ئایدۆلۆژییەکانە. بڕەودان بە هەر سیاسەتێکی پەروەردەیی دواجار گرێدراوی پرسی هێز و دەسەڵاتە و لە دەرەوەی ئەم هاوکێشانەی دەسەڵاتدا، بە زەحمەت وێنا دەکرێت.
پرسیاری دووەم:
ساڵی ٢٠٠٨ نامەیەک لە لایەن ٥٣ کەسایەتییەوە واژۆ کرا کە تێیدا داوا لە حکومەتی هەرێم کرابوو زاری کوردیی ناوەڕاست (سۆرانی) وەک زمانی ستاندارد لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی بناسێندرێ. لە هەمان کاتدا، لە پارێزگای دهۆک، هەموو سیستەمی پەروەردە (خوێندن لە یەکی سەرەتایی تا ١٢ ئامادەیی)، زانکۆ و دامودەزگاکان بە زاری کوردی سەرووە (کورمانجی). سەرنجی ئێوە بۆ ئەم باسە چۆنە؟ بەتایبەت کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر سێ زاری سەرەکی ئاخێوەرێکی بەرچاویان هەیە. چۆن دەتوانین هەروەها باس لە پەیوەندیی زمانی ئینگلیزی و کوردی لە پەروەردەی کوردستان بکەین؟
ئەگەر پرسی زمانی کوردی لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی کوردی تێدا دەژین پرسێکی ئاڵۆز بێت، کاتێک دەبێتە پرسێکی نێوخۆیی و پرسی زاراوە کوردییەکان دێتە گۆڕێ، هێندەی دیکە ئالۆز و بگرە ئاڵۆزتریش دەبێت. ئەوەی لە سەردەمی مۆدێڕندا بەسەر زمانی کوردیدا هاتووە و لە بوون بە زمانی پەروەردە و بەڕێوەبەری، بێبەش کراوە، دەرهاویشتەی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە. لە لایەکەوە زمانێکی ستانداردی کوردی وەدی نەهات و لە لایەکی دیکەشەوە دەرفەتێکی ئەوتۆی دێمۆکراتیکیش نەڕەخسا کە زاراوە جیاوازە کوردییەکان لە تەنیشت یەکتر گەشە بکەن و ببن بە خاوەنی دامودەزگای پەروەردەیی و بارهێنان.
پرسی زمانی کوردی و دابەشبوونی بە سەر زاراوەی جیاوازدا پرسێکی هەستیارە و سنووری زانستی و پێوەرەکانی زمانناسانەی تێپەڕاندووە. بە واتایەکی تر ئەوە تەنێ پرسێکی زمانناسییانە نییە کە زمانی کوردی چییە و لە کامە زاراوەگەل پێکهاتووە. تەنانەت بە بوارێکی دیاریکراوی زمانناسی کە تایبەتە بە کۆمەڵناسیی زمانیش یەکلا نابێتەوە. ئەم باسەش تەنیا پەیوەست بە زمانی کوردی نییە و بەرۆکی زۆر زمان و زۆرکۆمەڵگە دەگرێتەوە. ئەوەی کە زمان چییە و جیاوازییەکانی لەگەڵ زاراوە (dialect) چین و چۆن پۆلێن دەکرێن لەنێو زمانناساندا مشتومڕی زۆر هەڵدەگرێت و پێناسەیەکی یەکلاکەرەوەی بەرهەست (objective) لەئارادا نییە. زمانناسێکی یەهودی، ماکس وەینریش (Max Weinreich)، ساڵانێک پێش ئێستا بە ڕستەیەکی پڕمانای ئەوپەڕزمانی (metalinguistic) بۆ هەمیشە خاڵی کۆتاییی لەسەر ئەم مشتومڕە دانا و خەیاڵی هەموو بەشدارانی باسە لەمێژینە و کۆتاییهەڵنەگرەکەی ئاسودە کرد. ئەو گوتی کە “زمان زاراوەیەکە خاوەنی هێزی سەبازی”. ئەوەش ڕاستەوخۆ بەستنەوەی پرسی زمان و زاراوەیە بە پرسی دەسەڵاتی سیاسییەوە. نموونەی لەم چەشنە لە مێژوودا و لە ڕۆژگاری ئێستاشدا یەکجار زۆرن. ئەگەر لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەکاندا زمانەکان سنووری جۆغرافیایەکیان دەرباز دەکرد و تەنانەت لە بنەماڵەی دەسەڵاتدارانی سیاسیشدا دەستاودەستیان دەکرد، ئەوە لە سەردەمی دەوڵەت نەتەوەدا زمانەکان بە شێوەیەکی گشتی دەبن بە خاڵێکی بڕیاردەری ناسنامەیی و ئیتر دەسەڵاتدارانی سیاسیی وڵاتێکی دیاریکراو، تەنیا بە زمانی فەرمی و نەتەوەییی خۆیان وتار دەدەن و دەنووسن. بەڵام وەک گوتم لە سەردەمی پێشمۆدێڕندا نممونەگەلی زۆرمان لەبەردەستدان کە تەنانەت وڵاتانی دوژمن بە یەکتر، کەڵکیان لە زمانی یەکتر وەرگرتووە و بە زمانی یەکتر نووسیویانە. نموونەیەکی زۆر باڵکێش شا ئیسماعیلی سەفەوی و سوڵتان سەلیمی یاوزی عوسمانییە. وەک دەزانین ئەم دوو دەسەڵاتدارە مرۆڤکوژە، هەزاران کەسیان لە جۆغرافیای ئێران و عوسمانیدا کوشت و هەر یەکە بە شێوەیەک ئیددعای نوێنەرایەتیی خودای لەسەر زەوی دەکرد و خۆیان بە جێگرەوەی خوا دەزانی. ئەم دوو مرۆڤە لە بنەڕەتدا ئاخێوەری شێوەیەک لە زمانی تورکی بوون. شا ئیسماعلی سەفەوی وەک بناغەدانەری ئەم دەسەڵاتە، ئایینی شیعە دەکات بە ئایینی ڕەسمی لە ئێران و هەستی شاعیرانەی خۆی بە زمانی تورکی دەردەبڕێت و بە نازناوی خەتایی شیعر دەنووسێت. لەولاشەوە سوڵتان سەلیمی یاووز بە زمانی فارسی شیعر دەنووسێت و شانازی بە شاعیربوونییەوە دەکات. ئێستاش لە سەدەی بیستویەکەمدا لە وڵاتی ئێران شیعرەکانی سوڵتان سەلیم و سەلیمنامەکانی چاپ و بڵاو دەبنەوە. ئەوە ئەو دوو دەسەڵاتدارە سیاسی و ئەو دوو ئیمپراتۆرەن کە لە ١٥١٤دا و لە شەڕی چالدیراندا بەردی بناغەی سنوورەکانی دوو ئیمپراتۆری دادەڕێژن کە ئێستاش دوای نزیکەی پێنجسەد ساڵ کەم تا زۆر وەک خۆی ماوەتەوە و بووەتە سنووری نێوان دوو پاشماوەی ئەم ئیپمراتۆرییانە، واتا وڵاتی ئێران و تورکیا. بەڵام لە سەردەمی ئێستادا ئەستەمە مرۆڤ بیر لەوە بکاتەوە کە، بۆ نموونە، شای ئێران و سەرۆککۆماری تورکیا بە زمانی یەکتر شیعر بڵێن و بڵاوی بکەنەوە. خەیاڵی شیعری تورکیی رەزا شا و شیعری فارسی ئاتاتورک هەر لە زەینیشدا ناگونجێت.
لە کاتێکدا خاڵەکانی جیاکەرەوەی زمان و دیالێکت بە شێوەیەکی گشتی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاخێوەرانی زمانێک لە یەکتر تێدەگەن و هەر کە کێشەی لێکتێگەیشتن هاتە ئاراوە، ئەوە ئیتر سنوورەکانی نێوان دوو زمان زەق دەبنەوە. ئەم پێوەرانە پێیان وایە کە ئاخێوەرانی زاراوەکانی زمانێکیش ئەوەندە لە یەک دوور نین کە لە یەکتر تێنەگەن. بەڵام لە دونیای واقیعدا شتەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە. لێکۆڵینەوەکان نیشان دەدەن کە هەموو ئاخێوەرانی زمانی ماندارین لە چین لە یەکتر تێناگەن. بەڵام پرسی سیاسەت و ناسنامە وا دەکات قسە لەسەر زمانی یەکگرتووی ماندارین بکرێت و بانگەشەی ئەوە بکرێت کە هەموو ئاخێوەرانی ئەم زمانە لەم وڵاتە پانوبەرینەدا بێ کێشە لە یەکتر تێدەگەن.
کاتێک وڵاتی گەورەی هیندستان لە ١٩٤٨دا سەربەخۆییی خۆی لەدەست کۆلۆنیالیزمی بریتانیای مەزن وەدەست هێنا، پرسی زمانی هیندی و ئوردو پرسێکی ئەوتۆ نەبوو و ئاخێوەرانی ئەم دوو “زمان”ە بە هاسانی لێک تێدەگەیشتن. بەڵام دوای پرسی ئایینی و سیاسی و جیابوونەی هیند و پاکستان، سنوورەکانی ئەم دوو زمانە هێندە تۆخ بوونەوە کە مرۆڤ هەر نەوێرێت بیر لە ڕیشەی هاوبەشی ئەم دوو زمانە بکاتەوە. نموونەی وڵاتانی سکاندیناوییش هەر بەم چەشنەیە، من هەر ئەمڕۆ وڵامی نامەی خوێندکارێکی خۆمم کە نۆروێژییە و بە نۆروێژی بۆی نووسیوم بە زمانی سوێدی داوەتەوە و هیچ کێشەیەکی ئەوتۆی لێک تێگەیشتنمان نەبووە. بەڵام کێ هەیە بوێرێت بڵێت کە ئەمانە دوو زمانی جیاواز نین و سنوورەکانی نەتەوەییی دوو نەتەوە دیاری ناکەن. مرۆڤ زۆر بە سانایی دەتوانێت بڵێت کە ئەگەر هۆکاری سیاسی لەئارادا نەبان و لە دووسەد ساڵی ڕابردوودا یەک ئەلفبێ و یەک سیستمی خوێندن لەئارادا بوایە، ئەوە ئەم دوو زمانە/زاراوەیە وەها یەکگرتوو دەبوون کە موویان دەنێوانەوە نەدەچوو.
ڕەوتی ستانداردبوونی زمان هەر بە تواناییە زمانییەکانی زمانێکی دیاریکراوەوە نەبەستراوەتەوە. هۆکارگەلی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسی دەبنە هۆکاری پەرەئەستاندنی زاراوەیەک و دواجار بوونی بە زمانێکی ستاندارد. لە سەردەمی مۆدێڕندا سیستمی پەروەردە و مێدیا و بۆرۆکراسی، سێ بەردی سەرەکیی و بنەڕەتیی ستانداردبوونی زمانێکن. لە نەبوونی ئەم فاکتەرانەشدا تەنانەت زاراوەیەک یان زمانێکی دیاریکراویش وەها لەتوکوت دەکرێت و بواری کەڵک لێ وەرگرتنی هێندە بەرتەسک دەبێتەوە کە دواجار دەکەوێتە بەر هەڕەشەی لەنێوچوون. دیاردەی مەرگی زمانەکان شتێک نییە جگە لە نەمانی دەرفەت و بوار بۆ دەکارهێنانیان.
بەسەرهاتی زمانی کوردی لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بەسەرهاتێکی سەرنجڕاکێشە. ئاخێوەرانی زاراوەکانی ئەم زمانە بوون بە “هاووڵاتیی” چوار وڵاتی جیاواز و چوار سیاسەتیی فەرهەنگیی جیاواز و لانی کەم سێ زمانی جیاواز. سنووری نێوان ئەم وڵاتانە وەک دیوارێکی پۆڵایین هەر جۆرە پێوەندییەکی لەنێوان ئاخێوەرانی زاراوەکانی ئەم زمانە کردبووە کردەیەکی نامومکین. پەروەردەی هاوبەش بەم زمانە و زاراوەکانی بوو بە خەیاڵ و هەرگیز وەدی نەهات. ڕەوتی سیاسیی ئەم وڵاتانە تەنانەت بووە هۆی سەپاندنی ئەلفبیی جیاوازیش بەسەر ئاخێوەرانی ئەم زمانە. یەکەم ڕۆمانی کوردی بە ئەلفبێی کریلیک چاپ و بڵاو بووەوە کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت بۆ زۆرینەی هەراوی کوردەکان ئەلفبێیەکی نامۆ و نەناسراوە. کاتێک بەدرخانییەکان لە ١٩٣٢ هاواریان بە ئەلفبێی لاتینی چاپ و بڵاو کردەوە هەنگاوێکیان بەرەو کوردانی باکور هەڵێناوە و چەند هەنگاو لە کوردانی پارچەکانی تر دوور کەوتنەوە. ئێستا دوای زیاتر لە سەدەیەک تێپەڕینی زەمەن بەسەر هاتنە کایەی دەوڵەت نەتەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سووژەگەلی جیاوازی کوردی بەرهەم هاتوون کە دەیان فاکتەر لە یەکتریان دوور دەخاتەوە جگە لە هەستێکی ناسیۆنالیستی. هەستێک کە بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانی، سەدان کۆسپی جۆراجۆری لەبەردەمدایە.
لێرەدا تەنیا دەمەوێت بڵێم کە شێوازی هەڵسوکەوتی دەوڵەت نەتەوە تازەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ پرسی زمان دەبێ بۆ ئێمە ببێتە وانەیەکی گرنگ. ئەوان هاتن و هەزاران ئەفسانە و ئوستورەیان بۆ زمانگەلی خۆیان ساز کرد و زمانەکانی دیکەی پێکهاتەی جۆغرافیاکانیان لە هەموو شت بێبەش کرد و هەلومەرجی توانەوە و لەنێوچوونی زۆر زمانی غەیری زمانی “پێشکەوتووی” خۆیانیان خۆش کرد. یەکیان زمانەکەی بە زمانی شەکر پێناسە کرد، یەکیان بە زمانی خوا و یەکیان بە زمانی خۆر. ئەم سیاسەتە زمانییە بێگومان کارتێکەریی خۆی لەسەر ئێلیتی کوردیش دادەنێت. ئەوانیش لە حەسرەتی زمانێکی ستانداردی ناوەندیدا هەوڵی سڕینەوەی زاراوەکانی دیکە دەدەن. ئەوان هەموو هەوڵەکانی خۆیان بۆ وەدیهێنانی مافی زمانیی خۆیان فەرامۆش دەکەن. ئاخێوەری هەر زاراوەیەکی کوردی، زاراوەی خۆی بە سەرەکی دەزانێت و پێی وایە دەبێ ئەم زاراوەیە ببێتە “زمانی ڕەسمی”. ئەوان پێیان وایە تەنیا ڕێگەی پێشکەوتن، سیاسەتێکی یەک زمانییە. ئەوەی ٢٠٠٨ ڕووی دا دەکرێت لەم چوارچێوەیەدا ببینرێت. من بۆخۆم هەر ئەو کات هەڵوێستم گرت و لە وتارێکدا کە دواتر لە کتێبی زمان، ئەدەب و ناسنامەدا چاپ بوو، باسی ئەوەم کرد کە پرسی زمانی ستاندارد و دەستنیشانکردنی زاراوەیەک بە زمانی ڕەسمی نە زمانناسانەیە و نە دێمۆکراتیک و تەنانەت بە کردەوەش نامومکینە. ئەگەر سیاسەتی زمانیی ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدا دەژین سەرکەوتوو بوو بێت، ئەوە دەکرێت مرۆڤ خۆشبین بێت کە سیاسەتی یەک زمان و یەک نەتەوەی کوردییش سەرکەوتوو دەبێت. لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری زمانی، سیاسی، فەرهەنگی و تەنانەت ئابوورییەوە، زمانی کوردی لە هەلومەرجی ئێستادا زیاتر لە ستانداردێکی هەیە. بە ئەمەش قیامەت ڕانابێت و دەکرێ مرۆڤ بەرپرسانەتر و واقعییانەتر بیر لە پلانداڕێژیی زمانی بکاتەوە. دەکرێ چاو لە ئەزموونی وڵاتانی وەک ئەرمەنستان و هیندستان و ئەفغانستان بکاتەوە. دەکرێ تەنانەت بیر لە ئەزموونی ئامریکاش بکاتەوە. دەکرێ بیر لە پلانێکی تۆکمەی هەمەلایەنەی زمانی بکاتەوە کە تێیدا مافی هەموو زاراوەکان پارێزراو بێت و لە هەمان کاتیشدا هەوڵ بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ناوچەیی و زاراوەیی بکرێتەوە. ئێستا لە باشوور گەورەترین کێشەی زمانی، کێشەی دوو زاراوەیی نییە، بەڵکو نەبوونی پلانی دروستی پەروەردەیییە. لە هەمانکاتدا هاوژینیی دوو زاراوەی سەرەکیی زمانی کوردی لە جۆغرافیای باشووردا دەکرێ وەک دەرفەتێکی زمانی سەیر بکردرێت. دەبینین بە کردەوە ئاخێوەرانی ئەم زاراوانە ناتوانن لە یەکتردا بتوێنەوە. ئەوان دەکرێ بە شێوەیەکی ژیرانەتر بیر لە تێگەیشتنی هاوبەشی هەمەلایەنەتر بکەنەوە.
بە هەبوونی ئەزموونی باشوور ئێمە لە ڕۆژهەلات دەستمان ئاوەڵاترە و دەتوانین زۆر بە شێویەکی ڕاسیۆنال/عەقڵانی بەرەوپیری ئەم پرسیارە بچین. بۆ نموونە دەکرێت بیر لەوە بکرێتەوە کە ئاخێوەرانی هەر زاراوەیەک لە قۆناغی سەرەتاییدا دەتوانن بە زاراوەی خۆیان بخوێنن و لە هەمانکاتدا بە فێربوونی بنەماکانی زاراوەی خۆیان بەرەو فێربوونی یەک لە ستانداردە کوردییەکان هەنگاو هەڵێننەوە. ئەگەر ویستی سیاسی و تێگەیشتن لە پێداویستیی ناسنامەیەکی دێمۆکراتیک لەبەرچاو بگیرێت، کێشە زمانییەکان بە شێوەیەکی ساناتر چارەسەر دەکرێن. ئەوە تەنیا سیاسەتی سڕینەوەیە کە نابێ لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەرفەتی پێ بدرێت.
دەکارهێنانی هەر زمانێکی دیکە لە پەروەردەدا هەمدیسان گرێدراوی هەلومەرجی سیاسییە. بۆ نموونە قەوارەگەلی فیدراڵی یا خود کۆنفیدراڵی و دابەشکردنی دێمۆکراتیکانەی دەسەڵات، دەرەنجامی سیاسیی خۆی دەبێت. ئەگەر کورد لە چوارچێوەی هەر وڵاتێکدا بژیت، بێگومان ئەمە دەبێتە هۆکاری پەیڕەوکردنی جۆرێک لە سیاسەتی چەند زمانەیی. لەم نێوەدا پرسی زمانی ئینگلیسی وەک زمانێکی کاریگەری جیهانی، دەبێ زۆر بە شێنەیی و بە وردی بیری لێ بکرێتەوە. دیسانەوە هەڵەکانی پەروەردە لە باشوور لەمەڕ دەکارهێنانی زمانی ئینگلیسی و خوێندنگە تایبەتییەکانی زمانی ئینگلیسی جێگای لێ فێربوونە. هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی زمانی ئینگلیسی لە قۆناغەکانی سەرەتایییەوە دەبێ و دەکرێ بیری لێ بکرێتەوە. ئێستا لە زۆر وڵاتی دونیادا زمانی ئینگلیسی بە شێوەیەکی بەرچاو ئامادەییی هەیە. بەڵام ئەزموونی سەرکەوتووی هێندێک وڵات نیشان دەدات پەرەپێدانی پەروەردە بە زمانی ئینگلیسی ناتوانێت و نابێت پێش بە زمانی خۆماڵی بگرێت. وڵاتانی سکاندیناوی نمونەی هەرە سەرکەوتووی ئەم ئەزموونەن. ئەوان دەتوانم بڵێم هەموویان ئینگلیسی و تەنانەت چەند زمانی دیکەش زۆر بە باشی دەزانن، بەڵام زمانی خۆیان، سوێدی، نۆروێژی، فینلاندی و دانمارکی زۆر بە باشی دەزانن و بە شانازییەوە پێی دەنووسن و پێی دەخوێنن و خۆیانی پێ دەناسێنن.
پرسیاری سێیەم:
ئێوە بۆ خۆتان گوتاری کتێبەکانی خوێندنی کوردی لە هەرێمی کوردستانتان شیکاری کردووە و کەموکوڕییەکانتان نیشان داوە. هەروەها ئاگادارن کە لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی مۆدێڕنیزاسیۆن، گۆڕانکاری لە پەروەردەدا بووە. لەم ڕوانگەیەوە، ئێوە پێتان وایە لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، باشترە سیستەمێکی پەروەردەی ناوەندیمان هەبێ کە دەستنیشانی بکا کتێبی خوێندن لە هەموو پۆلەکاندا چۆن بێ، یاکوو قوتابخانەکان دەتوانن لە چوارچێوەی هەر مژارێکدا بۆ خۆیان کتێب پەسەند بکەن؟
ئەوەی کە خویندنگەکان بتوانن پرسی پەسندکردنی کتێبگەلی خوێندنی مژارە جیاوازەکان وەستۆی خۆیان بگرن دەبێ وەک پرسێکی ستراتێژیک چاو لێ بکردرێت. لە وڵاتانی ئوروپایی ئەمە ئیتر بووەتە نەریتێکی جێگرتوو کە خوێندنگەکان لە بازاڕی بەربڵاوی کتێبدا باشترین کتێبەکان لە باری فۆڕم و ناوەڕۆکەوە بۆ خوێندن لە خوێندنگەکان هەڵدەبژێرن. ژمارەی ناوەندگەلی پڕۆفیشناڵی تایبەت بە بەرهەمهێنانی کتێب بۆ خوێندنگەکان لە هەموو وڵاتانی ئوروپاییدا لە ڕیزی ناوەندە سەرکەوتوو و ناسراوەکانی پەخش و بڵاوکردنەوەدان. بەڵام بە باوەڕی من لاوازیی فەرهەنگی و ئاستی خوێندەواریی کۆمەڵکەگەی ئێمە، لە هەلومەرجی ئێستادا ناتوانێت بچێتە ژێر باری بەرپرسیارییەتییەکی ئاوا مەزنەوە. ئێمە هێشتا زۆر دوورین لە تەنانەت ڕێنووسێکی جێگرتووی هاوبەش. کتێبەکانی خوێندن لە باشووری کوردستان و داڕشتنە پڕ لە کەموکوڕییەکانیان زۆر مەترسیدارە. کتێبەکانی خوێندنی سەرەتایی کە بەردی بناغەی پەروەردەی هەر وڵاتێک پێک دێنن بوونەتە سەرەتایەک و هۆکارێکی بنەڕەتی بۆ پارچەپارچەبوونی زەینی سووژەی کوردی لە کوردستان. پێکهێنانی لێژنەگەلی پسپۆڕی زمانی و پەروەردەیی لە پێداویستییە سەرەکییەکانی پەروەردەیەکی سەرکەوتوو و مۆدێڕنە. دابەشکاریی سیاسی و ئایدۆلۆژیکی لە باشوور بەداخەوە ڕێی بە پێشوەچوونی هەمەلایەنەی پەروەردەیی لە کوردستان گرتووە. ئەوە هیچ زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم زەقترین دەرهاویشتەی تراژێدییانەی هەلومەرجی فەرهەنگی و سیاسیی کوردستان لە بواری پەروەردەدا خۆی نیشان دەدات و دواجاریش ئەنجامی ئەم پەروەردەیە ئەم ڕەوتە بەهێزتر دەکاتەوە و مرۆڤی کورد زیاتر تووشی لێکدابڕان و سەرلێشێواوی دەکات.
بە کورتی و بە سانایی دەبێ بڵێم پرسی پەروەردە و سیاسەتی زمانی، بناغەداڕێژی ناسنامەی مرۆڤی ئەم سەردەمەیە و هەر چەشنە سیاسەتێکی هەڵە لەم بارەیەوە دەتوانێت ئاکامی زۆر نالەباری لێ بکەوێتەوە. ڕەنگە هیچ شتێک لەوە ناهومێدکەرانەتر نەبێت کە لە باشوور پۆستی وەزیری پەروەردە دەکەوێتە ئاستی خوارەوەی ململانێی حیزبەکان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و تەنانەت حیزبی وا هەیە دەڵێت من “وەزارەتی پەروەردەم” بۆ چییە. ئەگەر مرۆڤ ئەمە لەگەڵ سیاسەتی پەروەردەیی و زمانی لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا بەراورد بکات، تێدەگات ئێمە هێشتا لە سەرەتای وێستگەکانی ئافراندنی تاکی زانای وریای ڕەخنەگری سەربەخۆداین.
پرسیاری چوارەم:
ئێوە لە تێزی دوکتۆراکەتاندا کە دواتر وەک کتێبیش بڵاو کرایەوە، لە تیۆریی بێنێدیکت ئەندێرسن بۆ نیشاندانی پەیوەندیی نێوان پیشەسازیی چاپ لەگەڵ ناسیۆنالیزم کەڵکتان وەرگرتووە. دەکرێ کەمێک زیاتر لەگەڵ ئەم تیۆریسییەنە و کتێبە ناودارەکەی سەبارەت بە کۆمەڵگەی خەیاڵی (وێناکراو) ئاشنامان بکەن؟ هەروەها ئێوە چۆن لە چوارچێوەی تیۆریکی کتێبەکەتان کەڵکتان لەم تیۆرییە وەرگرتووە؟
کاتێک مرۆڤ پێوەندیی ڕۆمان و نەتەوە بە گشتی و بە دیاریکراوی دەخاتە بەر باس، ناچارە ئاوڕ لە زۆر لایەنی تیۆریک بداتەوە. یەک لەم بوارانە بواری چەمکی نەتەوەیە. توێژەری ئەم بوارە دەبێ هەڵوێستی لەسەر کۆی ئەم باسانە هەبێت کە لە دوو سەدەی ڕابردوودا لەسەر ئەم چەمکە کراون. چەمکی نەتەوە و پێناسەکردنی ئەوەندە ئاڵۆزە کە هێندێک کەس واز لە پێناسەکردنەکەی دێنن و بە شێوەیەکی پراگماتیستی لێی دەڕوانن. لێرەدا با بڵێم کە ئەمە تایبەتمەندیی ڕۆمانیشە و پێناسەکردنەکەی ساناتر لە هیی نەتەوە نییە. تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە سەر لایەنی تیۆریکی باسی تێزەکەی من، بە شێوەیەکی گشتی هەوڵم داوە بزانم پێوندیی هۆکار و هۆکردییانەی (cause and effect) نەتەوە و نەتەوەخوازی (nationalism) چییە. مرۆڤ دەکرێ کۆی بۆچوونەکانی باوی ئەم بوارە بە سێ جۆر دابەش بکات: ١. بۆچوونی سەرەتایی و خوێنی (primordial). ٢. بۆچوونی مۆدێڕن و سازکراوی (constructivist). ٣. بۆچوونی تێکەڵاو و سیمبۆلیکی ئێتنیکی (ethno-symbolist) . هەر کام لەم بۆچوونانە مێژوویەکیان لە سەرهەڵدان و گەشەکردن هەیە و لە بواری مێژوویییەوە و لە شوێن و سەردەمی جیاوازدا ئەزموون کراون و دەکار هاتوون. بۆ نموونە مرۆڤ دەکرێ قسە لە خوێندنگەی ئاڵمانی و فەڕەنسی و تەنانەت سڵاویکی (Slavic)ی ناسیۆنالیزم بکات. مرۆڤ دەکرێت ئاوڕ لە پێشەنگانی ڕۆمانتیزمی ئاڵمانی بداتەوە و بۆچوونی کەسانی وەک فیختە و هێردێر و پێداگریی ئەوان لەسەر لایەنە بەرهەستەکانی (objective) نەتەوە ببینێت. یان هەر بەم چەشنە سەیری ئەزموونی شۆڕشی فەڕەنسە بکات و باس لە لایەنی زەینیی (subjective) چەمکی نەتەوە بکات و بۆچوونی کەسانی وەک ڕۆسۆ و پرسی شارۆمەندی و ئیرادەی هاوبەش بۆ نەتەوەسازی بە بنەمای لێکدانەوە بگرێت. دەکرێ تەنانەت لە تێکهەڵکێشکردنی ئەم دوو بۆچوونە بگاتە ئەنجامێکی نێوانبەشییانە (intersectional). سەرهەڵدانی بزووتنەوە فراوانخوازە گشتگیرەکانی وەک پانتورکیسم و پانئیرانیزم و پانئیسلامیزم و هتد دەتوانن ڕیشەیان لە کارکردی بیر و هزری لە جۆری ناسیۆنالیزمی گەلانی سڵاو (slavic) لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەم و دواتردا بێت. ڕەنگدانەوەیەکی ئەم بۆچوونانە تەنانەت دەکرێ لە لیستە دوورودرێژەکەی ستالینیشدا ببیندرێت کاتیک بۆ پێناسەی نەتەوە، ژمارەیەکی زۆر خاڵی هاوبەش وەک پێششەرت و پێوەری نەتەوەبوون ڕیز دەکات.
چوارچێوەی هزریی تێزەکەی من تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە سەر نەتەوە، ئەوە بوو کە نەتەوە شتێکی مێژوویی نییە، بەڵکو لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژوودا ساز دەکرێت. بە گوێرەی تیۆریگەلی کەسانی وەک ئێریک هابسباوم و ئێرنێست گێلنەر و بێنێدیکت ئاندێرسەن، دواجار ناسیۆنالیزم هۆکارێکە بۆ بەرهەمهێنانی نەتەوە وەک هۆکردێک. بە واتایەکی دیکە لە ڕوانگەی ئەوانەوە، بزاڤێکی کۆمەڵایەتیی پشتئەستوور بە پێشەنگێکی سیاسی و فەرهەنگی لە ڕەوتێکی سیاسی و فەرهەنگیدا (ناسیۆنالیزم)هەوڵی سازکردن و خەمڵاندنی ناسنامەیەک/پێکهاتەیەک دەدات کە نە نەتەوە ناوزەد کراوە. بەڵام بنەماکانی ئەو زەینییەتە هاوبەشەی کە دواتر لە ئاکامی بزووتنەوەیەکی نەتەوەخوازانەدا ساز دەبێت بە باوەڕی من ڕیشەگەلی فەرهەنگین. ڕێک لێرەدایە کە پێی بێنێدیکت ئاندێرسن دەکەوێتە نێو تێزەکەی منەوە. ئەو باوەڕی بە بنەما فەرهەنگییەکانی نەتەوە هەیە کە دەبن بە کەرەسەیەک بۆ سازکردنی زەینییەتی کۆمەڵگە خەیاڵییەکان. مەبەست لە کۆمەڵگە خەیاڵییەکان ئەوەیە کە هیچ کۆمەڵگەیەکی مرۆیی لە ئاستی نەتەوەدا لەئارادا نییە کە هەموو ئەندامەکانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یەکتر بناسن و یەکتریان بینیبێت. بەڵام سەرەڕای ئەم ڕاستییە، ئەندامانی نەتەوەیەک تا ڕادەیەک هەست بە هاوچارەنووسی دەکەن کە تەنانەت ئامادەن لە بۆ نەتەوەکەیان گیانیشیان بەخت بکەن. بە واتایەکی دیکە ئەندامانی نەتەوە نەک وەک خزم و ناسیاوی ڕاستەوخۆ هاوخوێن، بەڵکو وەک کەسانێک کە لە زەین و خەیاڵی یەکتردا هەن لە چوارچێوەی نەتەوەیەکدا پێناسە دەکرێن.
پرسی ڕۆمانیش لەم سۆنگەیەوە بۆ ئاندێرسن گرنگە. کاراکتەرەکانی ڕۆمانێک شەرت نییە هەموویان یەکتر بناسن، بەڵام لە چوارچێوەی جیهانی ڕۆمانەکەدا بێ ئەوەی کە هەموویان ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە یەکترەوە هەبێت، کارتێکەرییان لەسەر زەین و کردەوەی ئەوانی دیکەدا هەیە. ئەوە بە هەڵکەوت نییە کە ڕیشەکانی سەرهەڵدانی ڕۆمان و نەتەوە زۆر وەک یەک دەچن و لە باری زەمەنییشەوە ئەم دوو دیاردەیە کەم تا زۆر وێکڕا سەر هەڵدەدەن. هەڵبەت ئاندێرسن لە کارەکانیدا ئاماژە بە ڕۆمانگەلی دیاریکراویش دەکات کە دەتوانن وەک ئۆلگویەک بۆ ڕەنگدانەوەی ڕەوتی نەتەوەسازی سەیر بکردرێن. کەواتە ڕۆمان وەک جیهانێکی خەیاڵی و لە سۆنگەی پێوەندیی کاراکتەرەکان و وەگێڕ و رەنگدانەوەی لە زەینی خوێنەردا دەتوانێت شیوازێک بێت لە نەتەوە. هەروەها لە بواری ڕەنگدانەوەی هەلومەرجی تایبەتیی فەرهەنگی و مێژوویی و سیاسیی خەڵکانێکی دیاریکراویشدا دەتوانێت دەقێک بێت بۆ دەرخستنی پێوەندیی دوولایەنەی نەتەوە و گێڕانەوەکەی لەسەر یەکتر. بە واتایەکی دیکە هەلومەرجی تایبەتی نەتەوە کار دەکاتە سەر گێڕانەوەکە و گێڕانەوەکەش کار دەکاتەوە سەر ڕەوتی سازکردنەوەی نەتەوەکە. لایەنی دروستکراویی ناسنامەی نەتەوەیی و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و کەسایەتییەکانی کۆمەڵگە و تاکەکانی، دەکرێت لە گێڕانەوە ڕۆمانییەکاندا زۆر بە بەرچاوی ببیندرێن. وەک نموونەیەک دەتوانم ئاماژە بە ڕۆمانی ئامریکایی و بریتانیایی و کەنەدایی بکەم کە ئەگەرچی هەموویان، بە زمانی ئینگلیسی دەنووسرێن، بەڵام هەر یەکەیان هەڵگری ناسنامەیەکی دیاریکراو و گرێدراوی کۆمەڵگەی خۆیەتی. لێرەدا باسی ڕۆمانگەلێک لەم وڵاتانە کە بە زمانەکانی دیکە، بۆ نموونە. فەڕەنسی و کێلتی دەنووسرێن ناکەم، ئەگەرچی ئەم باسە دەتوانێت لەسەر ناوەڕۆکی ئەوانیش هەر ڕاست بێت.
تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە سەر سەرمایەداریی چاپ (print capitalism) ئاندێرسن دیاردەی چاپی کتێب لە سەردەمی مۆدێڕندا بە ڕێگەخۆشکەری نەتەوەسازی و گەشەی نەتەوەیی دەزانێت. ئەوە بە هاتنە ئارای پیشەسازیی چاپەوەیە کە لە نیوەی دووهەمی سەدەی پانزدەهەمەوە ٢٠ میلیۆن کتێب لە ئوروپا چاپ دەکرێت و لە سەدەی شانزدەهەمدا ئەم ژمارەیە دەبێتە ٢٠٠ میلیۆن. بێگومان ئەم ژمارانە لە سەدەکانی دواتردا هەر زیاتر و زیاتر دەبن. لێرەدا کتێب دەبێت بە کاڵایەک کە دەفرۆشرێت و ناوەندی بڵاوکردنەوە قازانجی لێ دەکات و ئەمەش تایبەتمەندییەکی سیستمی سەرمایەدارییە. پرس ئەوەیە لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا پیشەسازیی چاپ چەندە ئامادەیی هەیە و چەندە گەشەی کردووە. لە نەبوونی ئەم پیشەسازییەدا قسەکردن لە پێکهێنان و خەمڵاندنی زەینییەتێکی نەتەوەیی و سازکردنی کۆمەڵگەیەکی خەیاڵی، زۆر ئەستەم دەبێت. وەک نموونە ئێمە هەموومان باسی بیری نەتەوەیی لای ئەحمەدی خانی لە سەدەی حەڤدەهەمدا دەکەین و مەم و زین بە بنەمایەک بۆ ناسنامەی خۆمان دادەنێین. باشە با ئەمە بەراورد بکەین لەگەڵ بیر و بۆچوونەکانی کالڤین و لۆتەر لەسەر پرۆتستانتیزم. ئەگەر پیشەسازیی چاپ لە ئارادا نەبوایە و وەرگێڕانەکانی ئێنجیل بە زمانە ناوچەییەکانی ئوروپا بە بەربڵاوی نەگەیشتبانە دەست خوێنەران، ئەم باوەڕە چۆن بڵاو دەبووەوە. بیر و هزری ئەحمەدی خانی لە نەبوونی دەرفەتی چاپ و بڵاوبوونەوەیدا دواجار لە زیندانی چەند دەستنووسێکدا لە حوجرەی چەند فەقێ و ماڵی چەند بەگێکدا قەتیس دەمێنێتەوە و هەرگیز نابێت بە ئایدۆلۆژیایەکی بزوێنەری نەتەوەخوازانە بۆ سازکردنی نەتەوەیەک. ئەوە بە هێچ لەونێک بە هەڵکەوت نییە کە بۆ یەکەم جار لە ڕۆژنامەی کوردستانی بەدرخانییەکان لە تاراوگەدا بۆ جاری یەکەم بەشگەلێک لە مەم و زین بڵاو دەبێتەوە و هەروەها ئەمەش بە هیچ لەونێک بە هەڵکەوت نییە کە سەرەتاکانی بزاڤی نەتەوەخوازیی کوردی گرێدراوی ڕۆژنامەی کوردستانە لە دوایین ساڵەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا. بە باوەڕی من بەسەرهاتی پیشەسازیی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە کوردستاندا دەتوانێت لە دوێنێ و ئەمڕۆدا پێوەرێکی چاک بێت بۆ هەڵسەنگاندنی تایبەتمەندییەکانی ڕەوت و ئاست وچارەنووسی بزاڤی نەتەوەخوازیی کورد.
پرسیاری پێنجەم:
هەر لە تێزەکەتاندا چۆن بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە دەتوانن لە نێوان پێنج ڕۆمانی فارسی و کوردیدا بەراوردکاری بکەن؟ لە کاتێکدا ڕۆمانە کوردییەکان هی سێ پارچەی کوردستانن و لە بەرامبەردا ڕۆمانی فارسیمان هەیە؟ ئایا دەکرا هەر هەمان بەراوردکاری لە نێوان ئەو پێنج ڕۆمانە کوردییە لەگەڵ پێنج ڕۆمانی تورکی ئەنجام بدەین؟
بنەمای تێزی من پێوەندیی نێوان نەتەوە و ڕۆمانە. بۆ ئەم مەبەستە گریمانەی من بریتی بووە لە پێوەندیی ڕۆمان و نەتەوە بە پڕۆژەی مۆدێڕنیتەوە. لە ڕوانگەی تیۆرییە دەکارهاتووەکانی منەوە مۆدێڕنیتە لە بوارە جیاوازەکاندا دەرهاویشتەی خۆی هەبووە. ڵە باری کۆمەڵایەتییەوە ئابووری دەستمایەداری/کاپیتالیستی/سەرمایەداری جێگای شیوازەکانی پێشووتری بەرهەمهێنان دەگرێتەوە. نەتەوە دەبێت بە مانیفێستی سیاسیی مۆدێڕنیتە. وتار (essay/article) دەبێت بە دەرهاویشتەی نووسینی بابەتییانە. ڕۆمان دەبێت بە مانیفێستی ئەدەبییانەی گێڕانەوە و جێگای ڕۆمانس/حەماسە دەگرێتەوە. لێرەدا پێویست بوو کارتێکەرییەکانی ئەم دەرهاویشتانەی مۆدێڕنیتە لەسەر یەکتر بەتاقی بکرێنەوە. بۆ نموونە لەنێوان نەتەوەی خاوەن دەوڵەت و نەتەوەی بێ دەوڵەتدا لێکۆڵینەوە بکرێت کە چ جیاوازییەکی گێڕانەوەییی مۆدێڕن، واتە ڕۆمان، هەیە. دەوڵەت نەتەوەی ئێران و ڕۆمانی فارسی چ کارتێکەرییەکیان لەسەر یەکتر هەبووە؟ بێدەوڵەتی لە بەستێنی کۆمەڵگە کوردییەکاندا چ کارتێکەرییەکی لەسەر ڕۆمانی کوردی هەبووە؟ ڕۆمانەکان لە دونیای خەیاڵیی خۆیاندا چەندە لەژێر کارتێکەریی فەزای دەوڵەتداری و بێدەوڵەتیدا بوونە؟ هەر بەم چەشنەش ڕۆمانەکان لە گێڕانەوەکانی خۆیاندا و لە جیهانە خەیاڵییەکانیاندا چەندە ڕەنگدەرەوەی ئەم دیاردانەن و چەندە هاندەری ئەم قەوارە سیاسییانەن؟ ڕەوتی مۆدێڕنیزاسیۆن لەم دوو بەستێنە جیاوازەدا چەندە کارتێکەریی لەسەر سەرهەڵدانی ئەم ژانرە ئەدەبییە هەبووە؟ ئەمانە و گەلێک پرسیاری دیکە لەم لێکۆڵینەوەیەی مندا خراونەتە بەر باس.
هەر لیکۆڵینەوەیەکی زانستی و ئاکادێمیک دەبێ بە پرسیارگەلی دیاریکراو/کۆنکرێتەوە دەستنیشان بکرێت و بواری وڵام و لێکۆڵینەوەکەش تەواو بەرتەسک و سنووردار بکرێت. هەڵبژاردنی پێنج ڕۆمان لەو دوو زمانانەدا لەم ڕوانگەیەوە دێت. بەڵام بە چ پێوەرێک ئەم ڕۆمانانە هەڵدەبژێری؟ دەبێ تا ئەو جێگایەی دەلوێت ڕۆمانە هەڵبژێردراوەکان نموونەی تیپیکال/نوێنەرانەی (representative) زمان و مێژووی گێڕانەوەی مۆدێڕنی ئەو زمانە بن. دەبێ پێوەرەکان دەستنیشان بکرێن و هەڵبژاردنەکان پاساوی تیۆریک و بەرهەستیان هەبێت. ئەوە ڕاستە کە ڕۆمانە کوردییەکان سەر بە سێ پارچەی کوردستانن و لانی کەم دوو دانەیان لە دەرەوەی کوردستان و لە دیاسپۆرای کوردیدا بەرهەم هاتوون. بەڵام ئەمانە هەموویان خۆیان وەک ڕۆمانی کوردی ناساندووە. ڕۆمانە فارسییەکانی بەرهەمهاتوو لە ئەفغانستان و تاجیکستان خۆیان بە ڕۆمانی ئەفغانی و تاجیکی پێناسە دەکەن نەک ڕۆمانی فارسی. ئەمە لە کاتێکدایە وێکچووییی زمانی و زاراوەییی ئەوان لە وێکچووییی زاراوەیی و زمانیی ڕۆمانە کوردییەکان ئەگەر زیاتر نەبێت کەمتر نییە. بەڵام هەبوونی دەوڵەت نەتەوەکانی ئەفغانستان و تاجیکستان و ئێران، پۆلێنکردنی ئەم ڕۆمانانەی خستووەتە بارێکی دیکەوە و فۆڕمی نەتەوەییی جیاوازی پێ بەخشیون.
بێگومان دەکرێت ئەم لێکۆڵینەوەیە لەنێوان ڕۆمانە کوردییەکان و ڕۆمانگەلی تورکی و عەرەبییشدا بکرێت. ڕۆمانی عەرەبی لەم بارەوە زۆر سرنجڕاکێشە. یەک زمان و بیست و دوو دەوڵەتی عەرەبی! لە هەمووی ئەم وڵاتانەدا عەرەبی زمانی فەرمییە. بەڵام مێژووی ڕۆمانی ئەم وڵاتانە زۆر جیاوازە. ڕۆمانی میسری و جزایری دوو دیرۆکی جیاوازیان هەیە و لەژێر باندۆڕی دوو گوتاری جیاوازدا نووسراون. ئەمە بۆ هەموو وڵاتانی عەرەبی ڕاستە و گرنگە مرۆڤ ناوەڕۆکی ڕۆمان لەم وڵاتانە سەرەڕای ئەوەی بە یەک زمان نووسراون، هەڵسەنگێنێت. جیاوازییە گوتاری و زمانی و ناوەڕۆکییەکانی ئەم ڕۆمانانە زۆر ڕاستیی کۆمەڵایەتی و سیاسیمان بۆ روون دەکەنەوە. بەراوردیشیان بۆ نموونە لەگەڵ ڕۆمانی کوردی، هەمدیسان پێوەندیی گێڕانەوە بە بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەرهەمەکان نیشان دەدات.
ئەو لێکۆڵینەوانەی من لەسەر ڕۆمانی تورکی بینیومن زۆر بە جوانی پێوەندیی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاریی سیاسی لەگەڵ سەرهەڵدان و گۆڕانی گێڕانەوەیی نیشان دەدەن. بێگومان بەسەرهاتی ڕۆمانی کوردی لە باکوور و لە وڵاتی تورکیاش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە گوتاری ئەدەبیی گێڕانەوەیی لە چ پێوەندییەکی چڕوپڕدایە لەگەڵ بەستێنی گوتارییانەی خۆیدا. باسکردن لە نەبوونی هیچ دەرفەتێک بۆ سەرهەڵدان و گەشەی ڕۆمانی کوردی لە تورکیا و بە کردەوە بەراوردکردنی چەند ڕۆمانی کوردی لەگەڵ چەند ڕۆمانی تورکی، ئەگەر بەباشی و بە پشتبەستن بە تیۆریگەلی پێوەندیدارەوە بەڕێوەبچێت، دەتوانێت تیشك بخاتە سەر پێوەندیی ئەدەبی گێڕانەوەیی بە سیاسەتەوە و گەشەی زمانی و ئەدەبی بە هەلومەرجی سیاسییەوە. ئەوکات گرنگیی ئەو قسە دانسقەیەی، جودیت فێترلی (Judith Fetterlley)، لێکۆلەرەوەیەکی ئامریکاییمان، زیاتر بۆ ڕوون دەبێتەوە کە دەڵێت “سەرتاپای ئەدەبیات سیاسییە.”
لێکۆڵینەوەی لەم چەشنە دەتوانن زۆر لایەنی شاراوەی زەینییەتی تاک و کۆمەڵی کوردیمان بۆ ڕوون بکەنەوە. بۆ نموونە کاراکتەرەکانی ڕۆمانی کوردی چ جۆرە پێوەندییەکیان بە یەکترەوە هەیە و چۆن لەگەڵ یەکتر هەڵسوکەوت دەکەن؟ دایکان و باوکان پرسی دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا چۆن بەڕێوە دەبەن و مردن لە گێڕانەوە کوردییەکاندا چۆنە؟ بە کورتی دەکارهێنانی تیۆریگەلێک لەسەر گێڕانەوەناسی، دەتوانێت یارمەتیدەری ڕوونکردنەوەی زیاتری گێڕانەوەی کوردی و بەراوردیان لەگەڵ “ئەوانی دیکەی کوردی” بێت. هەلومەرجی دایکی کورد لە ڕۆمانی کوردی و فارسیدا کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی مندا خۆی دەرخست، زۆر سەرنجڕاکێش بوو. من پێشتر بیرم لەوە نەکردبووەوە و دواتر زانیم کە وەک شتێک لە ناخوداگای گێڕانەوەی کوردیدا، دایکان یان نین، یان نەخۆش و بێدەسەڵاتن. ئەگەر دایک وەک سیمبۆلی نیشتمان سەیر بکەین، ئەوکات دەبینین چۆن گێڕانەوەکان، ئەگەر جوان داڕێژرابن، دەتوانن گوزارە لە هەست و نەستی ئێمە بکەن.
پرسیاری شەشەم:
با لێرەدا بۆ مشتومڕێکی کۆن لە ئەدەبیاتی جیهانیدا بگەڕێینەوە. ئەگەر سەرنج بە نووسەرێکی وەک میلان کۆندرا بدەین کە خەڵکی چێکە و بە فەڕەنسی دەنووسێت، ئایا دەتوانین یاشار کەماڵ یا عەلی ئەشرەف دەروێشیان وەک ڕۆماننوسی کورد ئەژمار بکەین؟ زمان چ دەورێک دەبینێت؟
لە دونیای ئێستادا زۆرن ئەو کەسانەی بە زمانێک جگە لە زمانی زگماکییان دەنووسن. پرسی ئەوەی نووسەرێکی سەر بە نەتەوە و وڵاتێکی دیاریکراو بە زمانێکی دیکە دەنووسێت پرسێکی سرنجڕاکێشە. کۆندێرای پرسیارەکەی ئێوە لەبەر دەرچوونی لە وڵاتی خۆی و نیشتەجێبوونی لە فەڕەنسە دەستی بە نووسین بەم زمانە کرد. بەڵام پێناسەی ئەو وەک نووسەرێکی چێکی، وەک شتێکی نەگۆڕ، هەر مایەوە. ژۆزێف کۆنرادی پۆلۆنی وەها لە زمانی ئینگلیسیدا قاڵ بووەوە کە بۆ خەڵکانی خوێندەوار و شارەزای بواری ئەدەب نەبێت زەحمەتە مرۆڤ هەست بەوە بکات ئەم نووسەرە ئینگلیسی نییە. کەسانێک کە بیانەوێت ژیاننامەی کۆنراد بنووسن ناتوانن حاشا لە شوێنی لەدایکبوون و سەردەمی مناڵیی ئەو، واتە پۆلۆنیا/لێهستان بکەن. بەڵام دڵی تاریکیی ئەو هەر بە ئینگلیسی دەمێنیتەوە و هەر دەچێتە چوارچێوەی ئەدەبی ئینگلیسی. ئەمین مەئلووفی لوبنانی و نووسین بە زمانی فەڕەنسییش هەر شتێکی لەم چەشنەیە. کازۆ ئیشیگارۆی ژاپۆنی، سەلمان ڕوشدیی هیندی و ئەلیف شەفەقی تورکیش سێ نموونەی دیکەی ناسراو و جێی سرنجی ئەم جۆرە نووسەرانەن کە زمانی نووسین و زمانی شوێنی لەدایکبوونیان جیاوازە. ڕەوتی خێرا و چڕی جیهانیبوون ئەم دیاردەیەی هێندەی دیکە ئاڵۆز کردووە. ئیدوارد سەعید لە فەلەستین لەدایک دەبێت و لە قاهیرە مەزن دەبێت و دوایە لە ئامریکا دەبێتە کەسایەتییەکی ئاکادێمیکی ناوبەدەرەوەی جیهانی. ئەو بە ئینگلیسی دەنووسێت، بەڵام سەرتاپای هاوارەکانی بۆ خەڵکی عەرەبی فەلەستینییە. ئیشیگارۆی ژاپۆنی لە لەندەن مەزن دەبێت و دواتر خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات وەردەگرێت و زیاتر بە باتلێری ڕۆمانی پاشماوەی ڕۆژ دەناسرێتەوە هەتا بە ساموراییی ژاپۆنی. دەکرێ بە نموونەگەلی لەم چەشنە، لیستەکەم چەند هێندەی دیکە درێژتر بکەمەوە.
لەبەر زۆر هۆکاری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسی، زۆر نووسەر بە زمانی زگماکی خۆیان بەرهەمەکانیان بڵاو ناکەنەوە. هێندێکیان هەر نازانن و ناتوانن بە زمانی زگماکی خۆیان بنووسن. هێندێکیان ناخوازن و هێندێکیان بۆیان گرنگ نییە بە چ زمانێک دەنووسن. سەردەمانێک و لە قۆناغگەلی بەر لە سەردەمی مۆدێڕندا زمانەکان کارکردی جیاوازی کۆمەڵایەتی و پێوەندیگرتن و زانستییان هەبوو. لە جیهانی ناسراو بە جیهانی ئیسلامدا جۆرێک لە دابەشبوونی کارکردی زمانی لە سەدەکانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژاوای ئاسیادا لەئارادا بوو. لە سەدەی دەهەم و یازدەهەمی زایینیدا زۆر نووسەری ئێرانی نووسین بە زمانی عەرەبییان بە شانازی دەزانی. ئەوە نووسەرانی ئێرانی بوون کە بە زمانی عەرەبی دەیاننووسی و پەرەیان بە مێژوونووسی و زانستگەلی دیکە دەدا. ڕێزمانی عەرەبی و مێژووی جیهانی ئیسلام بە دەستی نووسەرانێک دەنووسرا کە عەرەبی زمانی زگماکیان نەبوو. کەسانی وەک سیوتی، تەبەری، غەزالی، فارابی و ئیبنی سینا بە شانازییەوە زمانی عەرەبییان دەکار دێنا. لەڕاستیدا عەرەبی زمانی زانست بوو. فارسی لە سەدەی یازدەهەمەوە بەرەبەرە دەبووە زمانی دیوانی و دەرباری و پێوەندییەکان لە ڕۆژهەڵاتی جیهانی عەرەبەوە هەتا بەشێکی زۆر لە ئاسیای ئەمڕۆ. تەنانەت لە سێ سەدەی پێش کۆلۆنیزەکردنی هیندستان لەلایەن بریتانیاییەکانەوە، ئەوە زمانی فارسی بوو کە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەم وڵاتەدا دەکار دەهات. وەرگێڕ و نووسەرێکی بەناوبانگی سوێدی بە ناوی ئێریک هێرمێلین لە سپای ئینگلیسدا کاری کردووە و لە هیندستان فێری فارسییەکی ئەوتۆ بووە کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا بە دەیان بەرهەمی کلاسیکی فارسی، وەرگێڕاوەتە سەر زمانی سوێدی. لە سەدەی چواردەهەمەوە تا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم ئەوە زمانی تورکیی عوسمانی بوو کە لە دامودەزگا سەربازییەکاندا دەکار دەهات، بەڵام سوڵتانەکانی عوسمانی بە شانازییەوە سەر دیوارەکانی کۆشکەکانی خۆیان لە ئیستامبول بە شیعری فارسی دەڕازاندەوە. هەتا ئەم دواییانەش و لە هێندێک شوێن، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، فەقێ کوردەکان لە مزگەوتەکانی کوردستان گوڵستان و بووستانی سەعدی دەخوێنن. شاعیرانی کلاسیکی کورد، بۆ نموونە نالی و مەحوی و شێخ ڕەزا زۆر بە سانایی بە فارسی و تەنانەت تورکییش شیعر دەنووسن.
لە جیهانی ڕۆژاواشدا ڕەوتێکی لەم چەشنە لە ئارادا بووە. سەردەستیی زمانی لاتین بۆ چەندین سەدە ببووە هۆکاری نووسین بەم زمانە لە دەرەوەی ناسنامە ئێتنیکی و زمانییەکاندا. ئەوە لە بەراییەکانی سەردەمی ڕووناککردنەوە (enlightenment)دایە کە وەردەوردە زمانی لاتینی جێی خۆی دەدا بە زمانگەلی ناوچەیی وەک فەڕەنسی و ئینگلیسی و ئالمانی. جگە لە هێندێک ڕیزپەڕی وەک دانتێ و چۆسەر کە بە ئیتالیایی و ئیگنلیسییان دەنووسی، ئەوە تەنیا لە سەدەی حەڤدەهەمەوەیە کە ئیتر نووسین بە زمانگەلی ناوچەیی لە ئوروپادا باو دەبێت و سێرڤانتێسی سپانیایی و شێکسپیری ئینگلیسی دەبنە نموونەی بەرزی نووسین بە زمانگەلی ئوروپایی. ئەگەر سەرنج بدەینە دەستپێکی ئەم ڕەوتە لە نیوەی دووهەمی سەدەی پانزدەهەمەوە، دەبینین کە وەرگێڕانی ئینجیل بۆ سەر زمانگەلی ئوروپایی و بیر و باوەڕی چاکەخوازانی وەک مارتین لوتەر (Martin Luther) و جان کالڤین (John Calvin) دەبێتە سەرەتای شۆڕشێکی دەورانسازی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی. لێرەدا دەوری زمان لە ئافراندنی ناسنامە نوێیەکاندا زیاتر لە هەمیشە زەق دەبێتەوە.
لە سەردەمی مۆدێڕندا ئەم ڕەوتە کۆتایی پێ دێت و زمان لە چوارچێوەی دەوڵەت نەتەوەکاندا دەبێتە مۆرکی سەرەکیی ناسنامە و هەموو دانیشتوانی وڵاتانی فرە فەرهەنگ و فرەزمان مەجبور دەکرێن بە زمانی سەردەست و فەرمیی دەوڵەت نەتەوە بنووسن و بخوینن. سەرهەڵدانی چینی مامناوەندی، وەلەو بە لاوازی و کزی، هاوکاتە لەگەڵ بەتۆپزیکردنی زمانگەلی فەرمی لە وڵاتانێک کە کوردەکان تێیاندا دەژین. یاشار کەماڵێکی کوردی باکووری کوردستان و ناوچەی شاری وان، هەرگیز دەرفەتی ئەوەی نابێت لە سەردەمی مناڵیدا بچێتە خوێندنگە و کاتێکێش ئەم دەرفەتەی بۆ دەلوێت، زمانی خوێندنەکەی زمانی تورکییە. ئەو ئەم زمانە وا فێر دەبێت کە دواتر دەبێتە یەک لە نووسەرە هەرە مەزنەکانی زمانی تورکی. مرۆڤ دەتوانێت بە تەواوی لەوە تێ بگات کە هەلومەرجی گەورەبوونی یاشار کەمال و قاچاغبوونی زمانی کوردی لە تورکیا دەبنە هۆکار کە ئەو هیچ بژاردەیەکی جگە لە نووسین بە زمانی تورکی بۆ نەمێنێتەوە. ئەوە زۆر بۆچوونێکی ساکارانە و دوور لە ڕاستی و واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییە کە مرۆڤ چاوەڕوانی ئەوە بکات یاشار کەمال بە کوردی بنووسێت. ئەو دەیگوت کوردە، بەڵام نەیدەزانی بە کوردی بنووسێت. ئەوە لایەنی زمانییە. بەڵام کە دەگاتە لایەنی تێم و ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە، دەبینین کە کۆمەڵگەی کوردی و تاکی کورد هەوێنی سەرەکیی گێڕانەوەکانی ئەون. ئەفسانەی چیای ئاگری و ئینجە مەمەد/حەمەدۆک/مەمەدی زراڤ شتێک نین جگە لە گێڕانەوەی هەلومەرجی ژیانی مرۆڤی کوردی دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە دەیەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا.
ئەم ڕەوتە لە ئێرانیشدا لەئارادا بووە. محەممەدی قازی و ئیبراهیمی یونسی و عەلی ئەشڕەف دەرویشیان، مەنسوری یاقوتی و لاری کرماشانی، زۆریش کورد بوونە و بە کوردییش دواون و کوردیشێان خۆش گەرەک بووە. من لە سوێد و لە کاتی سەردانەکانی عەلی ئەشڕەف دەرویشیان، شانس و شانازیی ئەوەم هەبووە چەندین سەعات لەگەڵی دانیشم و قسەی لەگەڵ بکەم. سەرتاپای باسەکانمان لەسەر کورد و ئەدەبیاتی کوردی و ئەدەبیات بە گشتی بووە. لە هەموو گێڕانەوەکانی ئەودا کۆمەڵگەی کوردی بە شێوەیەکی بەرچاو ئامادەیە. ئەو چیرۆکانەی کە ئەو بە فارسی نووسیونی و دواتر کەسانی وەک مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە وەریانگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی نیشان دەدەن کە ئەوە تەنێ لەبەر ئەوەی بە فارسی نووسراون دەچنە نێو گەنجینەی کتێبخانەی زمانی فارسییەوە، ئەگینا وەک ناوەڕۆک و تێما تەواو کوردیین. مامۆستا دەرویشیان لەتەنیشت چیرۆک و ڕۆمانەکانیدا دەستی دایە کۆکردنەوەی ئەفسانە کوردییەکانیش و لە چەندین بەرگدا، هەڵبەت بە فارسی، میراتی زارەکیی گێڕانەوەی کوردیی لە فەوتان ڕزگار کرد.
لە عیراق بە هێندێک جیاوازییەوە ڕەوتێکی کەم و زۆر وێکچوو لەئارادا بوو. محەیدین زەنگەنە نموونەیەکی ئەم دیاردەی نووسین بە عەرەبییە. بەڵام هەلومەرجی سیاسی لەم وڵاتەدا هەرگیز نەبووە ڕێگر لەسەر ئەوەی کەسانی وەک مامۆستا مەسعود محەممەد و مامۆستا برایم ئەحمەد و ئەحمەد موختار جاف و عەلائەددین سەجادی و دەیان و سەدان نووسەری دیکەی کورد بە کوردی بنووسن. لە سوریا نووسەری بەناوبانگی وەک سەلیم بەرەکات کە ئێستا لە وڵاتی سوێد دادەنیشێت بە عەرەبییەکی فاخر دەنووسێت و بەرهەمەکانی وەردەگێڕدرێنەوە سەر زمانگەلی جیاواز و لە سوێد خەلاتی تۆخۆلسکی وەردەگریت. من دوو لە وەرگێڕانی سوێدیی بەرهەمەکانی سەلیم بەرەکات، واتە پڕۆفیسۆر تێتز ڕووکە و دکتۆر جۆناتان مورێن، دەناسم کە هەر دووکیان پسپۆڕی زمانی عەرەبین و کەسایەتیی ئاکادێمیکی ناسراوی وڵاتی سوێدن و لە زمانی ئەوانەوە ئاستی بەرزی زمانی و ئەدەبیی بەرهەمەکانی سەلیم بەرەکات دەبیسم. کە بۆخۆم بەرهەمەکان بە وەرگێڕانی سوێدی دەخوێنمەوە و لە وەرگێڕەکانیش دەبیسمەوە، دەبینم کە هەمدیسان ناوەڕۆک تەواو کوردی و کوردستانییە.
لەسەر ئەم بنەمایە زۆر بە سانایی مرۆڤ دەتوانێ بەرهەمەکانی ئەم نووسەرانە لە بواری ناوەڕۆکەوە بە ئەدەبی کوردی ناوزەد بکات کە بە زمانگەلی دیکە نووسراون. ئەمە ڕاستییەکە کە بۆ زۆربەی نووسەرانی کۆلۆنییەکانی ئافریقاش ڕووی داوە. ئەوان بە ساڵان بەرهەمیان بە زمانی وڵاتانی کۆلۆنیالیست، بۆ نموونە ئینگلیسی و فەڕەنسی دەنووسی. بەڵام لە قۆناغێکدا هاواریان لێ بەرز بووەوە و وەک نگونی وا تیۆنگۆ دوا کتێبی خۆیان بە ئینگلیسی نووسی و ئیتر بۆ سڕینەوەی ئاسەواری کۆلۆنیالیزم لەسەر زەین و زمانیان، دەستیان کرد بە نووسین و بڵاوکردنەوە بە زمانی ناوچەییی ئافریقاییی خۆیان. کتێبی بەناوبانکی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم لە زەین: سیاسەتی زمان لە ئەدەبی ئاریقاییدا(Decolonizing the mind: The politics of language in African literature) لە نووسینی نگوگی وا تیۆنگۆ دواهەمین بەرهەمی ئەو ئاکادێمیسیەنە ناسراوەی کێنیایە. دوای ئەم کتێبە ئەو بڕیار دەدات بە زمانی خۆی واتا کیکویو بنووسێت. نموونەیەکی دیکە لەنێو نووسەرانی ئەفریقاییدا چینوا ئاچێبێیە. ئەو نووسەری کتێبێکە لە ئاستی جیهانیدا زۆر ناسراو بە ناوی شتەکان هەڵدەوەشێنەوە (Things fall apart). ئەویش دواتر بڕیار دەدات بە زمانی نیجێریایی بنووسێت. لەبیرمان بێت سەرەتا ناوی چینوا، ئالبێرت بووە. ئەو بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ کۆلۆنیالیزمی ئینگلیسی، ناوی خۆی دەگۆڕێت بە چینوا ئاچێبێ. مانای ناوەکەی ئەوەیە: “ڕۆحی من دەهانام وەرە!” ئەوە لە سەردەمێکدایە ئاچێبێ لە کاتی کودەتای ساڵی ١٩٥٧ی نیجێریا، لە وڵاتەکەی خۆی دوور دەخرێتەوە. دواتر لە لەندەن تەنانەت بواری خوێندنەکەی لە پزشکییەوە بۆ بواری ئەدەبیات و مێژوو دەگۆڕێت و دواجار دەبێتە پڕۆفیسۆرێکی ناوبەدەرەوەی ئەدەبیات و لە زانکۆی بۆستۆنی ئامریکا دەبێتە وانەبێژ و هەر لەوێش سەر دەنێتەوە. کتێبی شتەکان هەڵدەوەشێنەوە، یەک لە شاکارەکانی ئەدەبی پاشکۆلۆنیالیستییە و میلیۆنان نوسخەی لێ فرۆشراوە و وەرگێڕدراوەتەوە سەر زۆر زمانی زیندووی دونیا. ئەمە بڕیارێکی وشیارانەیە و وەک ئەکتێکی شۆڕشگێرانە دەبیندرێت. ئێستاش لە کوردستان هەن نووسەرانێک کە دەتوانن بە فارسی و تورکی و عەرەبی بنووسن بەڵام ئەم کارە ناکەن و سەرەڕای بێ بازاڕی و دەستکەوتی کەمی ماددی، لەسەر ئەم ڕەوتە بەردەوامن.
وەک دەبینین زمان دەورێکی سەرەکی دەبینێت لە ئافراندنی ئەدەبیدا و ئەگەر نووسەر بواری هەبێت بە زمانی خۆی بنووسێت و یان بڵێین بتوانێت بە زمانی خۆی بنووسێت، ئەوە دوانەی زمان و ناوەڕۆک یەکگرتوو دەبن و بەرهەمەکە مۆرکی زمانێکی دیاریکراو بەخۆیەوە دەگرێت. هەلومەرجی ئێستای هەموو بەشەکانی کوردستان نیشان دەدات کە نووسین بە کوردی بە شێوەیەکی بەرچاو بووەتە بژاردەی ئاگایانە و وشیارانەی نووسەران و شاعیرانی کورد. وێدەچێت ئەگەر فاکتەرە هاندەرە ئابوورییەکانیش بێنە کایەوە، ئەوە ئەم ڕەوتە جێگیرتر و سەرکەوتووتر دەبێت.
پرسیاری حەوتەم:
لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا دەبینین بەشێکی گرنگ لە ڕۆمانی کرمانجی بە سۆرانی کراوە و لە ڕادەیەکی کەمتریشدا پێچەوانەکەی ئەنجام دراوە. ئێوە ئەمە وەک وەرگێڕان دەبینن، یاکوو پێویستییەکی داسەپاوە بە سەر دۆخی زمانی کوردیدا؟ پێتان وا نییە جیاوازیی ئەلفوبێی ئەم دوو زارە هۆکاری سەرەکییە کە خوێندەواران نەتوانن بەدەر لە خودی تێنەگەیشتن لە زارەکان بەرهەمە ئەدەبییەکان بخوێننەوە؟
لەڕاستیدا پرسی ئەلفبێ خاڵێکی گرنگی جیاوازیی ئەم ڕۆمانانەیە. بەڵام پرسەکە هەر ئەوە نییە. کرمانجیی سەروو و نێوەڕاست و خواروو لە بواری سینتاکس/گڕامێریشەوە جیاوازییان هەیە. کارتێکەریی فەرهەنگی باوی ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدا دەژین، بووەتە هۆکاری هاتنە ئارای کۆمەڵێک وشەی تایبەت بەو فەرهەنگانە. ئەم جیاوازییە لە شقارتە/شەمچە/کبریتەوە بگرە هەتا دەیان و سەدان وشە لە ژیانی ڕۆژانەدا کارێکی وا دەکەن ئاخێوەرانی کورد نەتوانن بە سانایی لێک تێبگەن. لەبیرمان نەچێت کە ئەمە هەر دیاردەیەکی تایبەت بە کورد و زمانی کوردی نییە، بەڵکو بۆ هەموو زمانێک هەر وایە. ئاخێوەرانی دەری/تاجیک و فارسییش هەمان کێشەیان هەیە و پرسی جۆغرافیا و سنوور بووەتە هۆکاری لێکترازانی زیاتری زمانەکەیان کە لە بنەڕەتدا یەک زمانە.
ئەمە دیاردەیەکی زۆر دڵخۆشکەرە کە ڕۆمانگەلی زاراوە کوردییەکان دەگوێزرێنەوە/وەردەگێردرێنەوە سەر یەکتر. ئەم کارە دەبێتە هۆی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانانە و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی لە نێوان ئاخێوەرانی ئەم زاراوانە. وەک ئێوە ئاماژەتان پێ کردووە، پرسی ئەلفبێ پرسێکی گرنگی لێکهەڵاواردنی زاراوە کوردییەکانە. بەڵام ئەگەر ڕاستیت بوێت پرسەکە کەمێک لەمەش ئاڵۆزترە. لە باشووری کوردستان یەک ئەلفبێ دەکار دێت و هەردوو زاراوەی کوردیی نێوەڕاست و کوردیی سەروو بەم ئەلفبێیە چاپ و بڵاو دەبنەوە. لەوێ تەنانەت لانی کەم لە سی ساڵی ڕابردوودا پەروەردەی کوردییش هەر بەم ئەلفبێیە هەبووە. بەڵام ئایا نووسەران و خوێنەرانی کوردی سەر بەم دوو زاراوەیە لە باشوور بە باشی لە کاروباری یەکتر ئاگادارن. من لە دەیان کۆڕ و کۆمەڵی یەکییەتیی نووسەرانی کورد لە باشوور ئامادە بوومە و قسەم کردووە. بەداخەوە زۆر بە دەگمەن تووشی زەینییەتی یەکگرتووی ئەدەبیی ئاخێوەرانی ئەم دوو زاراوەیە بوومە. وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا ئەمە تەنێ پرسێکی زمانی نییە و گرێدراوی زۆر فاکتەری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و بەتایبەت سیاسییە.
لێرەدا دەمەوێت بە خێرایی ئاماژە بە ڕاستییەک بکەم کە من بەهۆی هۆگری و باوەڕم بە مافە دێمۆکراتیکە زمانییەکان ناتوانم لێی بگوزەرێم. ئەویش جیاکردنەوەی پرسی نەتەوەیە لە سیاسەتی یەکزمانی. ئۆلگووی یەک نەتەوە و یەک زمان ئۆلگویەکی هەڵە و مەترسیدارە و ئەو شتەیە کە ڕەزا خان و ئاتاتورک بناغەداڕیژەری بوون لە وڵاتانی ئێران و تورکیا. ئەم سیاسەتە دوای زیاتر لە سەدەیەک نەیتوانیوە لە ئافراندنی نەتەوەیەکی یەکگرتوودا سەرکەوتوو بێت. کوردانیش دەبێ ئاگاداری ئەم ڕاستییە بن و لە داڕشتنی سیاسەتی زمانیدا هەرگیز بیر لە سەپاندنی زاراوەیەک بە سەر زاراوەیەکی دیکەدا نەکەنەوە. پرسی زاراوە کوردییەکان وەک گوتم پرسێکی ئاڵۆز و هەستیارە و تەنێ پرسێکی زمانی نییە. بە باوەڕی من زمانی کوردی لە ئێستادا و بە کردەوە بووەتە زمانێکی جووت ستاندارد. نموونەی ئاوامان لە نۆروێژ و ئەرمەنستان و ئالبانیشدا هەیە و ناتوانێت پێشگیری لە ئافراندنی نەتەوەیەک و پاراستنی مافە زمانی و دێمۆکراتیکەکانی بکات.
هەوڵی ناساندنی ڕۆمانگەلی کوردیی سەروو و کوردیی نێوەڕاست بە یەکتر هەوڵێکی گرنگە و دەبێ بەردەوام بێت. دەستپێشخەریی تاکەکەسیی وەشانخانەکانی ئاراز لە ڕابردوودا و ئەندێشە و ئاڤێستا لە ئێستادا زۆر بەنرخن و هیودارم زیاتر پەرە بستێنێت و بکرێت بە سیاسەتێکی بیرلێکراوی چاپ و پەخش لە کوردستاندا. ڕەخساندنی هەلومەرجی لەباری لێک تێگەیشتنی فەرهەنگی و زمانی و ڕەچاوکردنی ڕێکار و فاکتەرگەلی جیاوازی ڕێخۆشکەری ئەم ئەرکە گرنگە نەتەوییە، دەتوانێت ببێتە ڕۆژەڤی پلانداڕێژیی زمانی لە ئێستا و سبەینێی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکانی کورد.
تایبەتمەندیی هەر زمانێک ئەوەیە کە بەردەوام لە گۆڕاندایە. گۆڕان لە زمانەکاندا تایبەتمەندیی نەگۆڕی هەر زمانێکە. ئەو زمانانەی کە مێژوویەکی درێژی نووسینیان هەیە زۆر بە سانایی ئەم گۆڕانکارییانە دەردەخەن. چاوێک لە زمانی چەوسەری ئینگلیسی لە سەدەی چواردەهەمدا بکە و لەگەڵ زمانی شێکسپیری دوو سەد ساڵ دواتری بەراورد بکە و دواتر وەرە سەر زمانی دیکێنزی سەدەی نۆزدەهەم و دواجار ڤیریجینیا وۆلفی سەدەی بیستەم، ئەم گۆڕانکارییە زمانییانە زۆر بە هاسانی هەست پێ دەکەی.
ئەم پێشەکییەم بۆ ئەوە بوو کە بڵێم جیاوازیی زمان و زاراوە و پێناسەکانی ئەم دوو شێوە زمانییە شتێکی تەنێ زمانی نین و فاکتۆرگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی بڕیاردەری سەرەکیی دەسنیشانکردنی سنوورەکانی زمان و زاراوەن. لە هەمان کاتیشدا زمان دیاردەیەکی چەقبەستووی دەرەوەی گۆڕانکارییە بەردەوامەکان نییە و لە ڕەوتی مێژووییدا بە بەردەوامی و لە هەموو بوارەکانی وشەیی، ڕێزمانی و تەنانەت درکاندن و گۆکردنیشدا، گۆڕانی بەسەردا دێت.
پرسیاری هەشتەم:
ئایا دەتوانین ڕۆمانەکانی هونەر سەلیم وەک ئەدەبیاتی تاراوگە دەستنیشان بکەین؟
وەک دەزانین هونەر سەلیم لەڕاستیدا فیلمسازە و فیلمسازێکی تا ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتووە و هێندێک لە فیلمەکانی لە ئاستی نێونەتەوەییدا زۆر سەرکەوتوو بوونە. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٤ کورتە ڕۆمانێکی بە زمانی فەڕەنسی بڵاو کردەوە بە نێوی تفەنگەکەی باوکم. ئەم کورتە ڕۆمانە کە بە جۆرێک ژیاننامەی خودی نووسەرە و سەردەمی زارۆکایەتیی نووسەری تێدا زەق کراوەتەوە گێڕانەوەیەکی زۆر سرنجڕاکێش و سەمیمییە. ڕۆمانەکە لە کاتی خۆیدا سەرنجی زۆری خوێنەرانی لە ئاستی ئوروپادا بۆ لای خۆی ڕاکێشا و هەر زوو وەرگێڕدرایە سەر نزیکەی بیست و پێنج زمان. من هەر ئەودەم ڕۆمانەکەم خستە نێو پلانی دەرسدانەوەم لە زانکۆ و چەند لە خوێندکارەکانم بابەتی زۆر بەپێزیان لەسەر نووسی. بۆ خۆیشم وتارێکی ئاکادێمیم لەسەر نووسی و لە گۆڤارێکی باشی ئاکادێمیدا بڵاوم کردەوە. باسی سەرەکیی من ئەوە بوو گەلۆ لە نەبوونی ڕۆمانی سەرکەوتووی کوردی بە زمانگەلی بیانی، دەتوانین ئەم ڕۆمانە وەک دەقێکی گێڕانەوەیی دەحیسێب بێنین کە بە خوێنەرانی بڵێت کوردەکان کێن و چیان دەوێت؟ بە لێکدانەوەی وردی گوتارییانە، وڵامی من بەو پرسیارە ئەرێنی بوو. خاڵی زۆر بەرچاوی ئەم گێڕانەوەیە شێوازی گێڕانەوەکە بوو، گێڕانەوەیەکی تەنزئامێز (satirical)و زمانێک پڕ بە پێستی گێڕانەوەکە و ئەو چەند کاراکتەرەی زۆر بە پوخت و پاراوی و بژاردەیی قسە دەکەن. لەم گێڕانەوەیەدا ئێمە دونیای شێستەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە باشووری کوردستان لە سیلەی چاوی مێرمناڵێکی کوردەوە دەبینین کە باوکی پێشمەرگەیە و لە شۆڕشێکی چەکدارانەی هەمەلایەنەدا بوون و نەبوونی وڵات و نەتەوەکەی ئەزموون دەکات. مێرمناڵێکی کونجکۆڵی بزۆزی عاشق، بە نیگا تیژ و زەینە بەپرسیارەکەی خۆی تیشک دەخاتە سەر هەموو کەلێن و قوژبنی کۆمەڵگەیەک کە بە چنگ و ددان داکۆکی لە بوونی خۆی دەکات. ئێمە لە سۆنگەی بینین و پرسیارەکانی ئەو مێرمناڵەوە کۆڵانەکانی زەین و هزری مرۆڤی کورد و شۆڕشەکەی دەبینین و لەگەڵ پەژارە و شادییەکانی ئەو شارەزا دەبین. ئاواتەکانی ئەم مرۆڤە و هەڵکشان و داکشانی خەون و خولیاکانی وەک فیلمێک بە بەر چاوی خوێنەردا دەخوشن. ئەو مێرمناڵە هەر لەو سەردەمیدا حەزێکی زۆری لە شاشەی تەلەڤیزیۆنە و هەر کاتێکی چاوی بە تەلەڤیزیۆن دەکەوێت لە دڵەو دەڵێت کە ڕؤژێک دیمەنەکانی ئەم تەلەڤیزیۆنە دەکاتە کوردی. شتێک کە بە ڕیتمێکی گێڕانەوەییی جوان چەندین جار دووپات دەبێتەوە و خوێنەر هەتا قوڵاییی ویستی مێرمناڵەکە دەبات. لە هەمان کاتیشدا بەستێنێکی عاشقانە ڕازێنەرەوەی سەرتاپای گێڕانەوەکەیە. مێرمناڵەکەی ئێمە عاشقی کچێکی هاوتەمەنی خۆیەتی و لەو شاخوداخەدا لەوپەڕی ڕۆمانسییەت و ناسکخەیاڵیدا خەریکی ئەڤیندارییە. دواجار نسکۆی شۆڕش و تێکشکانی پێشمەرگە و هێزی کوردی و گەڕانەوەی بەعسییەکان و هەر بەمجۆرەش ئاوارەبوونی مێرمناڵەکە و خێزانەکەیان بەرەو سنووری ئێران بە شێوەیەکی زۆر جوان وێنا کراوە و بە ڕستەی کورتی هێمینگواییانە گێڕدراوەتەوە. دیمەنی شکست و تێکچوونی مۆڕالی باوکی وەگێڕ زۆر کارتێکەریی لەسەر خوێنەر دادەنێت. کاتێک دوای ماوەیەکی کورت بەشێکی زۆر لە پەنابەرەکان بە شوێن لێبوردنی گشتیی ڕژێمی عیراقەوە دەگەڕێنەوە دەروازەی سنووری، مرۆڤ هەستێکی پڕ لە خەم و پەژارە دایدەگرێت و هەست بە غروری شکاوی کوردان دەکات کە لە میانەی گفتوگۆی مێرمناڵەکە لەگەڵ باوکیدا خۆی دەردەخات.
ئایا ئەمە دەتوانێت وەک ئێوە دەپرسن بەرهەمێکی تاراوگەییی کوردی بێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە ڕوانگەیەکەوە ئەرێنییە. ئەگەر ئەدەبی تاراوگە ئەو ئەدەبە بێت کە لەلایەن نووسەرانی سەر بە نەتەوەیەکی دیاریکراوەوە لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتی خۆیان و لە کاتی ئاوارەییاندا دەنووسرێت، ئەوە بێ شک ئەم بەرهەمە بەرهەمێکی تاراوگەییە. هونەر سەلیم کوردێکی لەدایکبووی ئاکرێیە و سەردەمی مناڵی و گەنجێتیی لە کوردستان بووە و دوایە ڕێی کەوتووەتە هەندەران و لە فەڕەنسە گیرساوەتەوە. بەپێی هێندێک پێناسە لە ئەدەبی تاراوگە دەبێت بەرهەمەکە بە زمانی نەتەوەییی خودی نووسەرەکە ئافرێندرابێت. بەم پێیە ڕۆمانەکەی هونەر سەلیم ناتوانێت بچێتە خانەی ڕۆمانی کوردیی تاراوگەوە. بەڵام ئەگەر ناوەڕۆکی بەرهەمەکە بە بنەما بگرین ئەوە هیچ گومانمان نامێنێت کە تفەنگەکەی باوکم بەرهەمێکی کوردانەیە و باس لە کۆمەڵگەی کوردی دەکات. دەنگی تەقەی تفەنگەکەی باوکم بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوانە، هاوارەبەرەی بەسەرهاتی کوردانە لە دەورەیەک لە مێژووە پڕ پێچ و خەمەکەی ئەو نەتەوەیەدا.
لێرەدا حەز دەکەم ئاماژە بە ئەو ڕاستییە تاڵە بکەم کە ئەم کتێبە هێشتا بە کوردی بڵاو نەبووەتەوە. کاتی خۆی دکتۆر موحسین عومەر بەشێک لە کتێبەکەی بە کوردی لە گۆڤارێکدا بڵاو کردەوە، بەڵام دواتر لە بڵاوکردنەوەی وەستا. هۆکارەکان نازانم، بەڵام ئەوەندەی لێرولەوێ پرسیارم کردووە خودی نووسەر نەیویستووە کتێبەکە بە کوردی بڵاو بێتەوە. ئەمە پرسیارێکە کە حەز دەکەم کەسێک لە کاک هونەری بکات و ئەویش وەلامێکی تێروتەسەلی شیاوی بداتەوە.
پرسیاری نۆیەم:
حەز دەکەم بەراوردێک لەسەر دوو ڕۆمان بکەین کە بەڕێزتان وتاری هەڵسەنگاندنی زۆر باشتان لەسەر نووسیون. گابۆڕ و گرەوی بەختی هەڵاڵە. هەر دوو ڕۆمانەکە لە لایەن خوێنەرانەوە پێشوازیی باشیان لێ کراوە. پێتان وایە سەیدقادر هیدایەتی و عەتا نەهایی نوێنەرایەتیی دوو نەسڵی جیاواز دەکەن؟
سەید قادر و عەتا نەهایی دوو نووسەری توانا و خاوەن شێوازی تایبەتیی خۆیانن. ئەوەی کە ئەوان نوێنەرایەتیی دوو جیلی جیاواز دەکەن یان نا، دەگەڕێتەوە سەر پێناسەی ئێمە لە جیل. لە بۆچوونێکی گشتیدا تەمەنی کارا و کاریگەرانەی هەر جیلێک لە باری زەمەنییەوە بە ٢٥ ساڵ دادەنێن. واتا جیاوازیی ٢٥ ساڵ تەمەن و سەردەم دەکرێت بنەمایەک بێت بۆ جیاکردنەوەی دوو جیل لە یەکتر. جیاوازیی تەمەنی ئەم دوو نووسەرە ئەوەندە نییە کە بە هاسانی بە دوو جیل پۆلێنیان بکەین. بەڵام گۆڕانکارییەکانی سەردەمی ئەم دوو نووسەرە دەتوانێت وەک فاکتەرێکی جیاکەرەوەی جیلییانەی ئەوان دەستنیشان بکرێت. خاڵێکی وەرچەرخانی جیاوازیی جیل دەتوانێت وەرچەرخانی گەورەی شۆڕش بێت. عەتا ئەزموونی بینین و تەنانەت بەشداربوونی لە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێراندا هەبووە و یەک لە لاوانی ئارامانخوازی ئەو سەردەمی بووە. ژمارەیەکی زۆر لە هاوتەمەنەکانی و تەنانەت هاوڕێیانی نزیکی عەتا چەند ساڵیک دوای شۆڕش ڕوویان لە هەندەران کردووە. ئەمە دروست ئەو شتەیە کە سەید قادر ئەزموونی نەکردووە. ناکرێت ئەمە تەنێ هەڵکەوتێک بێت کە لە هەر سێ ڕۆمانی عەتادا جێپێی دەرەوەی وڵات و تاراوگە بە زەقی دیار بێت. لاسی گوڵی شۆڕان دوای پازدە ساڵ ئاوارەیی دەگەڕێتەوە شارەکەی خۆی هەتا سەگی وڵاتەکەی خۆی پێی بوەڕێت. مێهرەبانی باڵندەکانی دەم با، هەمدیسان ساڵانێکی زۆری لە دەرەوەی وڵات تێپەڕ کردووە. چەند لە کاراکتەرەکانی گرەوی بەختی هەڵاڵە، ئەگەر نەڵێین هەموویان، لە فەزای تاراوگەدا هەناسە دەدەن. ئەمە دەکرێت وەک بەشێک لە فەزای پێگەیشتن و خەمڵینی هزری و هەستیی عەتا ببیندرێت. بەپێچەوانەوە، لە هەر سێ ڕۆمانەکەی سەید قادردا هیچ شوێنەوارێک لەم دیاردەیە نابیندرێت و کەسەکان هەموویان گرێدراوی شوێن و ڕیگەی خۆیانن و وەک دەڵێن بە تۆپیش نابزوون.
کاتێک عەتا گوڵی شۆڕانی نووسی ئەوە تەنیا خەون و خولیاکانی ئەو وەک نووسەرێکی دەروەست بوو کە هانی دەدا ئەم کارە بکات. دەرفەتی چاپ و تەنانەت خوازیارانی ڕۆمانی کوردییش ئەوەندە بەرچاو نەبوون کە مرۆڤ کات و تواناییی خۆی تەرخانی نووسینی ڕۆمانێک بە زمانی کوردی بکات. عەتا هەر ئەو دەم دەیتوانی بە فارسی بنووسێت و بێگومان ببێتە خاوەن ناوێکیش. بە لەبەرچاوکردنی هەنبانەی وشە و پێشینەی نووسین و بڵاوکردنەوەی کوردی، ڕەنگە ئەو توانیبای لە ئاستی ئێراندا ببێتە خاوەن ناوبانگێکی لانی کەم مامناوەندی. بەڵام ئەو دوای زریکە و تەنگانەکەی، گوڵی شۆڕانەکەی بڵاو دەکاتەوە و لاسە شۆڕەکەی لە سەردەمانی بەیتەکانەوە دێنێتەوە نێو کۆڵانگەلی حەز و ئاواتە بەڕواڵەت نوێ بەڵام بە ناوەڕۆک هێشتا هەر نەریتییەکان. ئەو لە سەردەمێکدا گوڵی شۆڕانەکەی دەنووسێت کە هیواکان وەک هیوای نێو ڕۆمانەکە لەڕولاواز و سست و ناتەواو بوون. ئەو لە زەمەنێکدا هەوڵی ژیاندنەوەی بەیتە کوردییەکان دەدات کە جۆرێک لە سیاسەتی تواندنەوەی سیستمی دەوڵەت نەتەوەیی، دەرفەتێکی زۆر کەمی بۆ خەمڵینی نیشانەکانی ناسنامەیەکی کوردی هێشتووەتەوە. سەردەمی لەدایکبوونی لاس، واتا شەڕی یەکەمی جیهانی و هاتنی ڕووسەکان بۆ بانە، لەڕاستیدا، سەرەتای گۆڕانکارییەکی بێ وێنەی ناوچەیی و جیهانییە. سەردەمی کۆتاییهاتنی ئیمپراتۆرییە مەزنەکانی ڕووس و عوسمانی و قاجار. سەردەمی هاتنە ئارای ناسنامەگەلی نوێ کە جێی ناسنامە گشتگیرە ئاینییەکانیان دەگرتەوە. سەردەمی لەدایکبوونی تورک و عەرەب و فارس و چەمکی نەتەوەیە لە ڕۆژاوای ئاسیا و لە ڕۆژهەلاتی ناویندا. سەردەمی قاتوقڕی و فەلاکەتی دانیشتوانی ئەم بەشەی جیهانە. سەردەمی ساڵانی دوای شۆڕشی تورکانی گەنج لە تورکیا و شۆڕشی دەستوری لە ئێران و شۆڕشی دێمۆکراتیک لە ڕووسیایە. جیهان خۆی بۆ قەوارەیەکی دیکەی بوونی خۆی ئامادە دەکات و لاسی ئێمە لەدایک دەبێت. عەتا، نزیکەی حەوت دەیە دوای ئەم ڕووداوانە، بووەتە بەرهەمی ئەم هەلومەرجە پێچەڵپێچە و ئاکامی ئەو هەمووە فاکتەرە دژبەیەکەناوچەیی و جیهانییانە لەگەڵ یەکتر. بوومەلەرزەیەکی بێ پێشینەی جیهانی لەسەر کاولاشی ئیمپراتۆریی ڕووسیا بانگەوازی لەدایکبوونی یەکەم حکومەتی کرێکاری لە جیهاندا دەدات. ئەتاتورک و ڕەزاخان قۆڵ لە دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەی خۆیان هەڵدەماڵن و بە حاشاکردن لە ناسنامەی زێدەتر لە نیوەی دانیشتوانی جۆغرافیای خۆیان بەردی بناغەی نابەرابەرییەک دادەنێن کە ئێستاش ناڵەناڵی قوربانیانی دوێنێ و ئەمڕۆی کردەوەکانیان گوێی فەلەک کەڕ دەکات. سەدەی بیستەمی ناوچەیەک کە لاسی تێدا لەدایک بوو سەدەی کوشتاری سەدان هەزار مرۆڤە. سەدەی سڕینەوەی ئەرمەن و ئاسۆرییەکانە. سەدەی پەتای ئانفولانزایەکە کە سەدان هەزار مرۆڤی کردووەتە قوربانی. لاس دەبێ بچێت گوڵی شۆڕان بێنێت تا بەڵکو دڵی یار، خۆشییەک تام بکات و ژەهری ئەو هەمووە ئازار و دەردە بێ کاریگەر بکاتەوە.
عەتا دەبێ ڕیشەکانی خەمی بێناسنامەییی خۆی بگەڕێنێتەوە دوایە. ئەو دەبێ پەنا بۆ مێژوو بەرێت کە چی بوو و چی ڕووی دا. تێگەیشتن لە ئێستا، لە ڕابردووەوە دەست پێ دەکات. عەتا کەرەسەیەکی ئەوتۆی لەبەردەستدا نییە. عەتا لە درێژەی سامانێکی کولتووریی ئەوتۆی گێڕانەوەییدا ناژێت کە دەستی بە هاسانی قەڵەم بگرێت. من دڵنیام نووسین بەم شێوەیە بۆ ئەو سانا نەبووە. ئەو بە هاوارەبەرە و میرزا و سروە تونییەتیی نەدەشکا. بەڵام لەبیرمان نەچێت گوتاری هەر ئێپیستیمەیەک مەیدانێکی تایبەت بە خۆی هەیە و پڕشنگی خۆری نووسین تەنیا لە ئاست و مەودای ئەودا دەدرەوشێتەوە و لە چوارچێوەی سنوورەکانی سەردەمی خۆیدا باڵا دەکات و دەخەمڵێت.
بەڵام گوڵی شۆڕان مزگێنیی لەدایکبوونی قۆناغێکە کە تێیدا ئەزموونەکانی نوسەرێک خۆیان دەڕازێننەوە و گۆڕەپانی هەڵپەڕکێی خوێندنەوەی گێڕانەوەیەک دەکوتنەوە کە پێشتر تۆزوخۆڵی نەریت و بۆشاییە کوشەندەکان، دەرفەتێکیان بۆ هەناسەی کوردانە نەهێشتبووەوە. وردەوردە هەلومەرجی گێڕانەوەی کوردی و پەلوپۆ گوتارییانەکەی دەگۆڕیت. عەتا بە باڵندەکانی دەم با و گرەوی بەختی هەڵالەی نیشان دەدات کە تواناکانی لە بڕەودان و هێشتا قسەی ئاخیری نەکردووە. ئەمجارەیان عەتا تەنیا چەند ساڵێک بە کۆڵانی مێژووی شاردا شۆڕ دەبێتەوە و لە بیرەوەریی مێهرەبانەکانی شاردا ڕەنگەکانی دیواری ژیانی ئاوارەیی کەسایەتیی کوردی بەسەر دەکاتەوە. هێشتا دووکەڵی ئاگری شۆڕش بە تەوێڵی مێهرەبانەکانەوە دیارە و پەنجەرەی هۆدەی وەگێڕ هێشتا دووکەڵی تاڵی سیغارکێشێکی هیواڕووشاوی لێ هەڵدەستێت. دەردی نەریت و نەریتی کوشەندە دەستبەرداری کاراکتەرەکانی عەتا نابن و لە هەیبەتی خەنجەرێکدا کۆڵانەکانی بانە و دوندی چیاکانی سنوور دەبەزێنێت و لە گەڕەکی فلێمینگبەریی ستۆکهۆلمدا دەفری سنگی هەڵاڵە بە خۆشەویستییەکی هەڵە هیلاک دەکات. لەدایکبوونی ناسنامەیەکی تازە بە زەحمەت لە چنگ ساڵانی ئاوارەیی لاس ڕزگاری دەبێت و لەبن پەردووی خانوبەرەی باوانی باڵندەکانی دەم با قوتاری دەبێت و لە زەبری نووکی خەنجەری میرزا حەمە ڕەشید کە بۆ شێرزادی ناردووە، خۆی ڕزگار دەکات. ئەو ناسنامەیە هێشتا لە تەدارەکی لەدایکبووندایە.
سەید قادر لەسەر بەستێنی ئەزموونەکانی عەتا و لە سەردەمانێکی دیکەدا پێشبڕکێی نووسینی خۆی دەست پێ دەکات.کەریم و موتەللیبی گابۆڕ لانی کەم پاڵەوان فسفسێک شک دەبەن کە لێی بگەڕێن و یاریی لاساییکردنەوەی هەژیرانە بکەنەوە. سەیدی گابۆڕ لانی کەم دەتوانێت کەریم و موتەللیب بنێرێتە یاریی تۆپی پێ و غیرەتی ئەوەیان وەبەر بنێت باس لە خەونەکانیان بکەن و شوێنپێی خاڵەکانیان هەڵگرن و لەودیو سنوورەکاندا سۆراغیان بکەن. سەید قادر لانی کەم دەتوانێت سەلاحی تۆقی عەزازیل لە بەرامبەر شۆڕشگێڕەکاندا قوت کاتەوە و بوێریی پرسیارکردنی پێ ببەخشێت. سەید قادر دەتوانێت هەوەسی دۆزینەوەی چلۆنایەتیی ئاخافتنی دەروێشانی شێخانی حەمدونی بکات و بەمجۆرە چەنددەنگییەکی زەمەنییانە بە زمانی کوردی ببەخشێت. ئەو ئیتر دەتوانێت هێندە مەیلی فڕین بکات کە زمانی گۆڕەشار و سەردەمی ئاویلکەدانی ئازاد بدۆزێتەوە تەنانەت ئەو کاتەی زمانی لە گۆ نایەت. دەکرێت لەسەر شێواز و جیهانی گێڕانەوەکانی سەیدقادر و عەتا زۆر قسە بکرێت. لێرەدا لەبەر سنووری پرسیارەکەی ئێوە تەنیا ئاماژە بە چەند خاڵێک لەسەر گرەوی بەختی هەڵاڵە و گابۆڕ دەکەم. لە بواری شێوازییەوە گرەوی بەختی هەڵاڵە هەڵگری دیالۆگێکی چڕی نێوان کاراکەتەرەکان و هەروەها خودی کاراکتەرەکان لەگەڵ یەکترە. وەگێڕی گرەو ئەگەرچی هەموو کەلێنوقوژبنێکی گێڕانەوەکەی گرتووە و مەجالی سەرکێشیی لە کاراکتەرەکان ئەستاندووەتەوە و ئیزنی تەنانەت هەڵەیەکی ئاخافتنیشیان پێ نادات و لەوپەڕی پوخت و پاراویدا دەدوێت، بەڵام لانی کەم بەشێک لە فەزای ژینی کاراکتەرەکانی، فەزایەکی تەواو نامۆیە بە ژیانی مرۆڤی کوردەوە. هەڵاڵە و شێرزاد و دکتۆر سەعید لە مەڵبەندی خۆیان هەڵکەندراون و لە تاراوگە دەژین. وەگێڕی گرەو ڕیسکێکی گەورە دەکات کە کاراکتەرەکان لە فەزایەکی نەناسراودا دێنێتە گۆ.
وەگێڕی گابۆڕ هەر لە سەرەتاوە هەست بەو مەترسییە دەکات و بە “گوتم”ەکانی کاراکتەرەکان غەمی تێکەڵیی دەنگەکان دەخوات و بە باوەڕی من تا ڕادەیەکی زۆریش لەم کارەیدا سەرکەوتوو بووە. لە گێڕانەوەی عەتادا برایمۆکی ڕادیۆ لە دۆڵ و چیاکانی کوردستاندا سەر دەنێتەوە، بەڵام شێرزادی نەریتی دەگەیەندرێتە شەقامەکانی ستۆکهۆلم و بە زەحمەت مەجالی فێربوونی زمانی نوێ و لەبیربردنەوەی زمانی کۆنی پێ دەدرێت. هەڵاڵەش تەنیا بە هەڵەیەک پێی وایە چوونە زانکۆ لە داوی ئەڤینی باوی کوردەواری، ڕزگاری دەکات و دەتوانێت ڕاهێنانی یاریی هاوڕێیەتی لەگەڵ دکتۆرێکی کرماشانی بکات و بەر بە تەقینەوەی حەسرەتە پەنگخواردووەکانی بگرێت. وەگێڕی گرەو دەستی بۆ هێلانە زەرگەتەیەکی مەترسیدار بردووە و لێککردنەوەی ئەو دەنگە ئاڵۆز و ورووژاوانەی خستووەتە ئەستۆی چەند کاراکتەرێک کە تاراوگە دەرفەتی بیچمگرتنی کەسایەتییەکانی لێ ئەستاندوونەوە.
سەید قادر هەست بەو مەترسییە دەکات و کەریم لە دەربازکردنی سنوور پەشیمان دەکاتەوە و دەیگێڕێتەوە زێدی خۆی و موتەللیبیش لە ژینگەی نوێیدا بەجێ دێڵێت و هەر هەتا سواربوونی پاسەکە لەگەڵی دەڕوات. پاسێک کە زۆر خێرا تێپەڕ دەبێت و کەریم لە تۆز خۆڵەکەی دوای خۆیدا وەندا دەکات. بە باوەڕی من ڕازی تۆکمەیی گابۆڕ، لە بارێکەوە، دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی بێ سنووری وەگێڕ بەسەر ئاخێوەرانیدا. خولیای ئاخاوتن و گیرۆدەییی سەید قادر بە ڕاوێژی کاراکتەرەکانییەوە لە دوورەوە هاوار دەکات. فۆڕم و شێواز لە سەرووی ماڵی گێڕانەوە میوانداری دەکرێن و وەگێڕ پڕ بە دڵ خزمەتیان دەکات و بەردەوام دەستی پێیان ڕادەگات. سەید قادر هێندە دەروەستی ئاخافتنی کاراکتەرەکانێتی کە تەنانەت لە کاتی نەخۆشیی کوشەندەشدا هەر لە شارەکەی خۆی دەیانخەوێنێت و بۆخوی دەبێت بە پەرەستاریان. لە گۆڕەشاردا دەردی گورچکبڕی دیالیز و گرفتی زمانگرتنیش ناتوانێت پێش بە دۆزینەوەی ڕێکارێک بۆ چوونە نێو دونیای ئازاد بگرێت. هەر بۆیە شەپۆلی زەینی ئازاد و دونیای بەر لە درکاندنی وشەکان دەبن بە تاتەبەردی تەنیشت کانیاوی مێشکی ئاخێوەر و هەموو وشەکان لەپێش دیدەی خوێنەر وە سەما دەکەون.
عەتا و قادر دیارییەکی بە وەج و توانای ئەدەبی کوردیین و دەیان و بگرە سەدان خوێندنەوەی جیددی هەڵدەگرن. ئەوان نەک هەر بۆ جیلی سەردەمی خۆیان، بەڵکو بۆ جیلەکانی داهاتووش دەبنە سەرمایەیەکی بە نرخی گوتاریانەی ئەدەبی و جوانیناسانە. باسی ئەو خوێندنەوانە و ئەو شرۆڤانە ڕاگرین بۆ زەمەنێک و مەجالێکی دیکە.


