ئارامتر بخوێنەوە!
لەنێو بردنی ژینگەی نەتەوەی ژێردەست بەشێک لە ستراتێژیی داگیرکەرە
ڕامان شەریفی
لەنێوبردنی ژینگەی زاگرۆس تەنیا بە لەنێوچوونی سروشتی ئەم ناوچەیە کۆتایی نایەت و دەسەڵاتی داگیرکەر لە ڕێڕەوی هەوڵێکی پلان داڕێژراودا خولیای ئەوەی لە مێشکدایە کە بە لەنێوبردنی ژینگەی ئەم یەکە جوغرافیایییە بگاتە ئامانجی کۆتاییی خۆی کە لەنێوبردن و پەڕتەوازە کردنی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە بۆ شوێنەکانی دیکەیە. داگیرکەر زۆر چاک لەوە تێدەگات کە ئەگەر نەتەوەیەک ژینگەکەی لە نێو بچێت ئەستەمە تازە بتوانێت مەترسی لەسەر داگیرکەران دروست بکات و دەسەڵاتی سەربەخۆی خۆی بونیاد بنێتەوە.
ژینگە
وشەی ژینگە لە دەستەواژەیەکی کۆنی فەڕانسەوی environner وەرگیراوە و بە واتای ئەو شتە دێت کە دەوروپشتی پەڕانپەڕ داگرتووە، ئەگەر بمان هەوێت ئەم دەستەواژەیە بە شێوازێکی بەربڵاوتر بەکار بێنین، دەتوانین ژینگە بە کۆی دۆخی سروشتی، کۆمەڵایەتی و کولتووری پێناسە بکەین کە کاریگەریی لەسەر ژیانی تاک و کۆمەڵگا دادەنێت[1] و لە هەڤبەریشدا کۆمەڵگا و تاک کاریگەریی لەسەر دادەنێن و کەلتور و داب و نەریت و زمانی هەر نەتەوەیەک، لە شوێنی نیشتەجێ بوونی کاریگەریی وەرگرتووە و لە ڕاستیدا جیاوازیی نەتەوەکان لە یەکدی بەشێکی مەزنی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی شوێنی ژیانیان.
ژینگەدیاردەیەکی ئاڵۆز و لێکچڕژاوە کە تەواوی دیاردەکانی کۆمەڵایەتی ، بیۆلۆژیکی و فیزیکیی ژیان لە خۆ دەگرێت. ئەگەر شوێنی ژیانمان وەک کەیکێکی دابەش کراو بەسەر چەن توێژدا وێنا بکەین بەشی خوارەوەی دەکاتە خاک Lithosphere، توێژی نێوەڕاستەکەی دەکاتە شوێنی ژیان Biosphere و بەشی سەرەوەشی دەکاتە ئەتۆمۆسفێر Atmosphere و ئەو بەشە لە خاک کە بە ئاو و سەهۆڵ داپۆشراوە دەبێتە هیدرۆسفێر Hydrosphere و کۆی ئەم بەشانە ژینگە پێک دەهێنن. ئەم بەشانە زنجیرەیەکی ئاڵۆز پێکەوە دەبەستنەوە کە هەر چەشنە دەستێوەردانی بە ئەنقەست یان نائاوەزمەندانە جا لە پێکهاتەدا بێت یان لە بەشەکانیدا، تەواوی زنجیرەی لێک گرێدراوی ژینگە لێک بڵاو دەکاتەوە کە لە هەندێ کاتدا ئەم تێکدانە یان هەر قەرەبوو ناکرێتەوە یان گەڕانەوە بۆ دۆخی سەرەتایی، پێویستی بە سەدان ساڵ هەیە، بۆ نموونە ئەو ڕووەک و ئاژەڵانەی کە لە نێو دەچن تازە هیچ کات نابنەوە یان نزیکەی هەزار ساڵ پێویستە بۆ ئەوەی خاکێکی پواو بگەڕێتەوە بۆ دۆخی سەرەتای خۆی[2].هەر بۆیە چۆن مرۆڤ پێویستی بە تەناهیی گیانی هەیە، هەر بەم چەشنەش مرۆڤ و ژینگەکەی بۆ مانەوە پێویستییان بە تەناهیی ژینگەیییە، بە واتای بوونی دۆخێک کە تەناهییەکی ڕێژەییی خوازراو لە هەڤبەر مەترسییەکان و هەڕەشەکانی سەرچاوەگرتوو لە گۆڕانکارییەکانی گۆی زەوی، دیاردەکانی جەوی، پیس بوونی خاک، زۆر بوونی دەنگە نەخوازراوەکان و بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەکان بۆ درێژەی ژیانێکی سالم، پڕدەسکەوت و دڵخوازانەی مرۆڤ، گیانلبەر و ڕووەکەکان و بە گشتی تەواوی بوونەوەرەکان و پارێزراویی بێگیانەکان مسۆگەر بێت[3].
لە یاسای زۆربەی وڵاتانیشدا بۆ پارێزگاری لە ژینگە و بەرچاوڕوونیی هاووڵاتیان لەسەر پرسی ژینگە، بە ڕوونی ژینگە پێناسە کراوە کە لێرەدا ئاماژە بە دوو نموونەیان دەکەین. لە بەشی یەکی مادەی یەکی یاسای پارێزگاری لە ژینگەی بولغارستان بەم چەشنە ژینگە پێناسە کراوە: کۆمەڵێک لە هۆکارەکانی سروشتی و مرۆڤی و توخمگەلێک کە بە چەشنێکی بەرابەر، تەواوکەری یەکن و پێوەندییان لەگەڵ یەک هەیە و لەسەر هاوسەنگیی بوون و چۆنایەتیی ژیان ، سڵامەتیی مرۆڤ، میراتی کولتووری و مێژووی داهاتووی ژیان کاریگەری دادەنێن. یاسای پاراستنی ژینگەی ئۆسلۆنییش ژینگە بە بەشێک لە سرووشت دەزانێت کە دەتوانێ لە چالاکییەکانی مرۆڤ کاریگەری وەرگرێت[4]. پاش شۆڕشی پیشەیی، ڕێژەی کاریگەریی تاک لەسەر ژینگە تا دێت زیادی کردووە و فراوانخوازیی مرۆڤ، خەساری قەرەبوو نەکراوی لەسەر ژینگە داناوە و لە سەردەمی نوێدا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بەتایبەت ژینگە پارێزان لە سەرانسەری دنیادا هەوڵیان داوە بەر بە فراوانخوازیی مرۆڤ بەرانبەر بە ژینگە بگرن و لەم ڕێڕەوەدا دوو چەمکی ژینگە وەک ئەمانەت لە دەستی مرۆڤدا و گەشەی بەردەوام -توسعە پایدار- دەتوانین وەک هەوڵ گەلی بنەمایی و لە هەمان کاتدا بناغەی هزری تێکۆشانەکانی پاراستنی ژینگە لێک بدەینەوە.
ساڵی 1985ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان”کۆمیسیۆنی جەهانیی ژینگە و گەشە”ی پێک هێنا کە ڕاپۆرتی خۆی بە ناوی ” داهاتووی هاوبەشی ئێمە”ی لە ساڵی1987دا بڵاو کردەوە، ئەم ڕاپۆرتە یەکەمین ڕاگەیەندراوی تۆکمە لەمەڕ بابەتی گەشەی بەردەوام بوو کە ڕاستەوخۆ بابەتی گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگای دەبەستەوە بە پەیوەندییەکی بەرپرسانە لەگەڵ سروشت و ژینگە. لەم چەشنە پەیوەندیەدا ژینگە وەک ئەمانەتێکە لەدەس مرۆڤدا کە دەبێ بە چەشنێک کەڵکی لێ وەرگرێت کە نەوەکانی داهاتووش لێی بێبەش نەبن-عەداڵەتی نێوان نەوەکانی مرۆڤ- کە بەم پێیە گەشەی بەردەوام واتای گونجاندنی ئامانجی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی بۆ مسۆگەر کردنی ژیانێکی شیاوە بۆ مرۆڤ لە ئێستادا، بێ ئەوەی خەسار بە توانایییەکانی نەوەکانی داهاتوو بۆ کەڵک وەرگرتن لە ژینگە بگەیەنێت[5]. هەرچەن هەوڵی دژبەرانی ژینگە و خەسار گەیاندن بە سروشت، زۆربەی کاتەکان چ بە شێوازی تاک یا خود سیستماتیک تەنیا لە پێناو قازانجی زیاتردا بووە بەڵام هەندێ کات خەسار گەیاندن بە ژینگە لەم چوارچێوەیە چووەتە دەرەوە و بە شێوازی سیستماتیک “نەک تاک” جیا لە قازانجی ئابووری، هەوڵی گەیاندنی زەرەری قەرەبوو نەکراو بە ژینگەی شوێنێکی تایبەت دراوە کە وێنای بەرچاوی ئەم چەشنە کردارە لە هەڤبەر ژینگەدا هەوڵی لەنێوبردنی ژینگەی زاگرۆسە لە لایەن دەسەڵاتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیەوە کە لە دێڕەکانی دواتردا تەنیا ئاماژە بە دوو نموونە لە کردەی داگیرکەر لەم ژینگەیەدا ئەدەین کە پێم وایە جیاواز لەوەی بە پێچەوانەی ئایدیای گەشەی بەردەوام و ژینگە وەک ئەمانەتێک لە دەس مرۆڤدایە، بەشێکە لە پڕۆسەیەکی مەزنتر کە دوا ئامانجی، سڕینەوە و پەڕتەوازەکردنی نەتەوەی نیشتەجێی ئەم جوغرافیایە لە ڕێگەی لەنێوبردنی ژینگەکەی و لەنێوبردنی تەناهیی ژینگەی خەڵکانی ئەم ناوچەیەیە.
هەوڵی لەنێوبردنی دارستانەکان
ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی سەرانسەری دنیادا دیاردەیەکە کە بەردەوام ڕوو ئەدات و لە هەندێ وەرزی ساڵدا بە هۆی گەرم بوونی زەوی بە شێوازی نەخوازراو بەشێک لە دارستانەکان لە نێو دەچن، بەڵام بە هۆی پێشکەوتنی زانست و وێنە ماهوارەیییەکان لە سەردەمی نوێدا، تا ڕادەیەکی زۆر بەر بەم دیاردەیە گیراوە و ئەگەریش سووتان لە دارستانەکان ڕوو بدات دەسەڵاتەکان ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان ئەدەن کە بە زووترین کات و بە هەموو ئیمکاناتەوە بەر بە بڵاو بوونەوەی ئەم ئاگرکەوتنەوانە بگرن و زیانەکانی سەرچاوەگرتوو لەم دیاردەیە لە کەمترین ماوەدا قەرەبوو بکەنەوە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا؛ مەسعوود مەنسوور سەرۆکی رێکخراوی دارستان لەوەڕگە و ئاوڕێژگەکانی ئێران ڕایگەیاندوەو کە لە پێنج هەیڤی سەرەتای ئەمساڵدا (ساڵی 9913) زیاتر لە دوو هەزار جار ئاورکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئێراندا رووی داوە. هەرچەند ئامارێکی جێگەی باوەڕ لە بەردەستدا نییە تا بزانین ئاگرکەوتنەوەکان ژمارەیان چەندەیە، بەڵام ئەم ڕێژە فراوانە لە ئاگرکەوتنەوە، ناکرێ وەک دیاردەیەکی سروشتی وێنا بکرێت. “بە دڵنیایییەوە ژمارەی ڕاستەقینە لە ئاماری فەرمی زیاترە”، ئەوەش ڕوون نییە کە چەند لە سەدی ئەم ئاگرکەوتنەوانە لە ژینگەی نیشتەجێبوونی نەتەوەی کورددا ڕوویان داوە بەڵام بێگومان زۆربەی هەرە زۆری ئەم ئاگرکەوتنەوانە لەم ژینگەیەدا ڕوویان داوە و دەسەڵات لە زۆربەی شوێنەکاندا خۆی بە ئەنقەست بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەکان و هیچ هەوڵێکیشی بۆ کوژاندنەوەی ئەم ئاگرانە نەداوە. “بە دەیان گێڕانەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە هەیە کە خۆیان شایەد بوون دەستوپەیوەندەکانی دەسەڵات بوون کە بوونەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەکان”، لە ڕاستیدا تەنیا خەڵک بوون کە لە هەڤبەر ئەم دیاردەیەدا راوەستاون و دەسەڵات لە هەندێ شوێندا بەری بە خەڵکیش گرتووە کە بەر بە سووتانی دارەستانەکان بگرن و هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکان بدەن. هەر لەم پەیوەندییەدا سەرۆکی پاراستنی دارستان، لەوەڕگە و ئاوڕێژگەکان، باسی لە سووتان و لەناوچوونی ١٢هەزار و٥٠٠ هێکتار لە دارستانەکان و لەوەڕگەکان لەماوەی ئەمساڵدا کرد کە بێگومان پشکی شێری ئەم ڕێژەیە لە ناوچەکانی شوێنی نیشتەجێ بوونی نەتەوەی کورد ڕوویداوە. ساڵانی ڕابردووش سووتانی دارستانەکان بەردوام ڕوویان داوە وەک دیاریشە لە داهاتوودا ئەم دیاردەیە بەردەوام دەبێت بەڵام هیچکات نەبینراوە کە دەسەڵات بۆ کوژاندنەوە و قەرەبوو کردنەوەی ئەم خەسارە لەم ناوچانەدا پلانێکی جیددیی هەبێت یان هەنگاوێکی بە کردەوە هەڵبێنێتەوە.
ڕوونە کە لەنێوچوونی دارستانەکان تەنیا بە سووتانی دارەکان کۆتایی نایەت. بە هەزاران ئاژەڵ و ڕووەکی ئەو سروشتەش هەر لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا لە نێو دەچن و ڕووداوی مەترسیدارتر بە هۆی ئاگرکەوتنەوە و لە نێو چونی دارستانەکان کە ڕەنگە هیچکات قەرەبوو نەکرێتەوە، لەنێوچوون یان سوێر بوونی خاکی ئەو ناوچانەیە کە دیاردەی بە بیاوان بوونی لێ دەکەوێتەوە و یەکێک لەو هەڕەشانەیە کە دەتوانێت بەجارێک هەموو خاک و زەویی بەپیتی ناوچەیەک بکاتە قاقڕستان و بیاوان. بە زمانێکی سادە بە بیاوان بوون، کۆمەڵە هۆکارگەلێکن کە دەبنە هۆی ئەوەی زەوی و زاری ناوچەیەک بەرە بەرە ببنە وشکارۆ و بێ ئاو و گیا. پڕتووکانی خاک و لەناوچوونی دار و درەخت دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم دیاردەیەن. لە ئاکامی لەنێوچوونی دار و درەختی هەر ناوچەیەکدا دەرفەت بۆ شۆردنەوەی توێژی سەرەوەی خاک دەڕەخسێت کە ئەم توێژە لەڕاستیدا گرنگترین بەشی خاک بۆ کشتوکاڵە و هەموو پێویستییە سەرەکیەکانی خاک بۆ کشتوکاڵ لەم بەشەدا کۆ دەبێتەوە. بە شۆردنەوەی ئەم بەشە لە درێژماوەدا خاک توانای بەرهەمهێنانی خۆی لە دەست دەدات و ئەو ناوچەیە دەبێتە بیاوانێکی بێ ئاو و دار. جیاوازیی ئەم دیاردەیە لەگەڵ ڕووداوگەلی سروشتی و یەک لەوان وشکەساڵی لەوەدایە کە وشکەساڵی دیاردەی کورت خایەن و چەندساڵەیە بەڵام لە حاڵەتی بەبیاوان بووندا ماوەیەکی زۆر دوور و درێژتر پێویستە تا خاکێک سەرلەنوێ بتوانێ بەرهەمهێنەریی خۆی وەدەس بێنێتەوە[6]. ئەو خاک و دارستانەی کە ئاوەها و بەم چەشنە لە ڕێگەی داگیرکەرەوە بەرەو پواندن لە ناوچوون دەچێت، بەرهەمی بە ملوێنان ساڵی سروشتە کە بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، تەنیا لە چەن ساڵانی ڕابردوودا یەک لە شەشی دارستانەکانی زاگرۆس(یەک ملوێن هێکتار) بە هۆکاری جیاواز لەناوچوون[7]. دیاریشە لە ماوەی ساڵێک یان دوو ساڵ ئاگرکەوتنەوە یان تەنانەت دە ساڵیش، نابێتە وشکارۆ هەر بۆیە هەستیار بوون لە هەڤبەر ئەم دیاردەیەدا زۆر گرینگە چون ڕەنگە نەسڵێک هەست بە قوڵاییی کارەساتەکە نەکات وڕەنگدانەوەی تەواوی لە ژیانیدا نەبێت بەڵام کە لەنێوچوو، هەزاران ساڵی دەوێ سروشت بگەڕێتەوە دۆخەکەی خۆی. دیاریشە کاتێک ئەم ناوچانە ببنە بیاوان خەڵکی نیشتەجێی ئەم ناوچانە دەبێ بەرەو شوێنەکانی دیکە کۆچ بکەن.
هەوڵی سیستماتیک لە پێناو لەنێوبردنی گۆلاوی ورمێ
بەراوی گۆلی ورمێ بە پانتایی ٥١٨٧٦ کیلومیتری چوارگۆشە بەراوێکی داخراوە کە ١٠٢٥٦ کیلومیتری چوارگۆشەی دەشتەکان پێکی دێنن. لەم بەراوەدا زیاتر لە ٢٥ دەشتی چکۆلە و گەورە هەیە[8] و لە دەور و پشتی گۆلی ورمێ دا ١٦ زەلکاو یان تاڵاو هەیە کە زۆربەیان خاوەن ئاوی شیرین، یان شیرین و سوێرن کە پانتایییان لە ٥ هێکتارەوە تا ١٢٠٠ هێکتار دەبێ.[9] بەپێی سەرژمێرییەکان، حەشیمەتی مرۆڤی لە پانتاییی بەراوی گۆلی ورمێ زیاتر لە پێنج ملوێن کەسە.
ئەم گۆلاوە خاوەن ١٠٢ دووڕگەیە کە هەموویان لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە وەک پاشەکەوتی سروشتیی دونیا ناسێندراون و سەرچاوەی سەرەکیی گۆلی ورمێ ١٨ چۆمە کە هەنووکە زۆربەیان دەڕژێنە ناو بەنداوەکانەوە. پانتاییی گۆلی ورمێ لە ڕابردوودا 4هەزار 511 کیلۆمێتری دووجا بووە.
بەشێوازی نێوەنجی لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا، گۆلی ورمێ هەموو ساڵێ ٤٠ سانت ئاستی ئاوەکەی دابەزیوە و ئەم دابەزینە بە سەرنج دان بە قووڵاییی کەمی ئەم گۆلە بووەتە هۆی وشک بوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە گۆلی ورمێ و زیاتر لە ٣٠ میلیارد میتری سێجا لە ئاوی ئەم گۆلە لە دەست چووە. لە هەمان کاتدا ڕوونە کە قووڵاییی گۆلی ورمێ لەوەی کە بەهۆی کەم بوونی ئاو وەدی هاتووە زیاتریشە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خوێ و کانزاکانی دیکە لە بن گۆلەکەدا کە بوونەتە تەختەیێک خوێ و لە بڕێک شوێندا قەبارەی خوێ و کانزاکانی دیکە دەگاتە چەن میتر کە بووەتە هۆی کەم بوونی قووڵیی ئاو[10]. هەرچەند وشکەساڵی و بارینی کەمی بەفر و باران وەک دیاردەیەکی کاتی لە ناوچەکەدا هۆکار بووە بۆ کەم بونەوەی ئاوی ئەم گۆلاوە، بەڵام وشکەساڵیی کاتی لە رابردووشدا ڕووی داوە و وەک دیاردەیەکی سروشتی ڕەنگە لە داهاتووشدا لەم ناوچەیە ڕوو بدات؛ بەڵام هەرگیز نابێتە هۆکاری ئەوەی کە گۆلاوی ورمێ بگاتە ئەم دۆخە قەیراناوییەی کە هەنووکە تێیدایە، لە ڕاستیدا هۆکاری قەیرانی ژیانی گۆلاوی ورمێ سروشتی نییە و دیاردەیەکی دەسکردە و زیاتر هەوڵدانێکی سیستماتیکە لە ڕێڕەوی لەنێوبردنیدا و لەم ئاراستەیەشدا سێ دیاردەی هەڵکەندنی ژمارەیەکی زۆر بیری قووڵ لە دەشتەکانی ئەم ناوچەیە، دروست کردنی زیاتر لە دە بەنداو لە سەر ئەو چۆمانەی کە دەڕژانە ئەم گۆلاوەوە و ڕێگایەک کە لە ناو ئەم ئاوەدا چێ کراوە و ورمێ دەبەستێتەوە بە تەورێزەوە وەک بنەڕەتیترین هۆکارەکانی قەیران و بەرەو وشکی چوونی گۆلاوی ورمێن کە لە درێژەدا بە کورتی باسیان دەکەین.
لە دەشتەکانی سەر بە ناوچەی گۆلی ورمێدا بە هۆی بەڕێوەبەرایەتیی گەندەڵ و قازانج پەرەستیی کاتیی هەندێ لە وەرزێڕانی ئەو ناوچەیە و لە هەمان کاتدا ستراتێژیی درێژماوەی داگیرکەر بۆ وشکاندنی ئەم گۆلاوە، زیاتر لە ٨٠٠٠٠ بیری قووڵ هەڵکەندراوە کە رێژەیەکی یەکجار زۆر لە سەرچاوەی ئاوی ژێرزەویی ئەم دەشتانە بەم هۆیەوە بەکار دەهێنرێ لە کاتێکدا سروشت ناتوانێ لەم ئاستە بەرفراوانەدا کەم بوونەوەی سەرچاوەکانی خۆی قەرەبوو بکاتەوە و لە ڕاستیدا خولی ئاساییی ڕەوتی بەکارهێنان و وەدی هاتنەوە تێک چووە. کەم بوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی زۆری سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و داچوونی زەوی کە قەیرانێکی قووڵی ئاو لە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەویدا وەدی دێت و لە داهاتوویەکی نەک زۆر دوور دا، زۆربەی سەرچاوە ژێر زەوییەکانی ئاو وشک دەبن و یەکێک لە سەرچاوەکانی دابین کردنی ئاوی گۆلاوی ورمێ بەم چەشنە لەنێو دەچێت.[11] هەر بەم پێیەش زەوییەکانی ئەو ناوچەیە توانای بەرهەمهێنانیان نامێنێت و ئەوەی دەمێنێتەوە وەدی هاتنی زەوییە کە خاکەکەی سوێرە و کەڵکی وەرزێڕیی لێ وەرناگیرێت هەر بۆیە ئەو حەشیمەتەی کە بە سێ ملوێن کەس دەخەمڵێنرێت و ژیانیان لە ڕێگەی وەرزێڕییەوە دابین دەبێت، لە ڕوودانی وەها کارەساتێکدا ناچار دەبن شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆیان بەرەو ناوچەکانی دیکە جێ بهێڵن .
پرسی گواستنەوەی ئاو لە ناوچە شاخاویەکانی زاگڕۆسەوە بۆ ناوەندی ئێران و شوێنە کەم ئاوەکانی ئەم وڵاتە بەردەوام وەک پرسێکی تەناهی دەسەڵاتەکانی زاڵ بەسەر ئێراندا چاوی لێ کراوە و دەسەڵاتداران ئیزنیان نەداوە بە شێوازێکی زانستیانە لە لێکەوتەکانی گواستنەوەی ئاو لەم ناوچانەوە بۆ شوێنەکانی دیکە بکۆڵرێتەوە. ئەوەی دیارە سەرچاوەکانی ئاو لە ئێراندا زۆر سنووردارە و ئەم سەرچاوانەش بە شێوازێکی ناهاوسەنگ بەسەر ئەو جوغرافیایەدا کە هەنووکە ئێرانی پێ دەوترێت دابەش کراوە و جیاوازیی بارینی باران لە ناوچە شاخاوییەکانی زاگڕۆس لەگەڵ ناوەندی ئێران زیاتر لە 400 میلی میترە بەو واتایە کە لەم ناوچانە بە شێوازی نێونجی زیاتر لە 600 میلی میتر بارینی ساڵانە هەیە و لە ناوەندی ئێران ئەم ڕێژەیە کەمتر لە 200میلی میترە. بۆ گواستنەوەی ئاوی ئەم ناوچانە پێویستە کە ئاوەکان لە شوێنگەلی تایبەتدا لە ڕێگەی بەنداوەکانەوە کۆکرێنەوە تا لە ڕێگەی بۆڕیی تایبەتەوە و بە تێچوویەکی زۆر، بۆ ناوەندی ئێران و شوێنە کەم ئاوەکان بگوێزرێنەوە. بۆ نموونە ئاوی بەنداوی بۆکان کە سەرچاوەکەی شاخ و چۆمەکانی کوردستانە، دەگوێزرێتەوە بۆ تەورێز بۆ خواردنەوە و بەکار هێنان لە چەندین شوێنی پیشەییدا. هەرچەند دروست کردنی ئەم بەنداوانە بە شێوازی کاتی و لە هەندێ شوێنی نزیک بەم بەنداوانە بوونەتە هۆی چوونە سەرەوەی ئاستی داهاتی وەرزێڕان، بەڵام لە درێژماوەدا خەساری قەرەبوو نەکراوی وەک سوێر بوونی خاکی ناوچە و بە هەڵمئاو بوونی دەیان میلیارد لیتر ئاوی کۆبووەوە لە پشت ئەم بەنداوانەی لێ دەکەوێتەوە و وشکارۆ بوونی ئەم ناوچانە دیاردەیەکە کە لە داهاتوودا ڕوو ئەدات و یەکێک لە هۆکارە کانی وشک بوونی گۆلاوی ورمێش دەگەڕێتەوە بۆ لێدانی زیاتر لە دە بەنداو لە ڕێڕەوەی ئەو چۆمانەی کە دەڕژانە نێو گۆلاوەکەوە کە بەم هۆیەوە ڕێژەی ئەو ئاوەی دەچێتە ناو گۆلاوەکە، بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر دابەزیوە و لە لایەکی دیکەوە کەم بوونەوەی رێژەی ئاوێک کە دەچێتە ناو گۆلەکەوە دەبێتە هۆی زۆربوونی شۆرەکاتی دەوروپشتی گۆلی ورمێ. بەرێژەی ١٢٠٠کیلومێتری چوارگۆشە و زۆربوونی زەویی سوێر بەو واتایە کە باکان دەتوانن باهۆزی خوێ لەم ناوچانەدا وەدی بێنن. لەم پەیوەندییەدا دوکتور سعودی دەڵێت: ئەم ئەزموونە لە گۆلی ئاراڵیش لە باکووری تاجیکستان تاقی کراوەتەوە. نزیک بە ٤٠ یان ٥٠ ساڵ بەر لە ئێستا رووسەکان لەسەر ئەو چۆمانەی کە دەڕژانە ئەم گۆلەوە بەنداویان دروست کرد و بۆ کاری وەرزێڕی کەڵکیان لەم ئاوانە وەرگرت. بەڵام وردە وردە گۆلەکە وشک بوو کاتێک کە وشک بوو حەشیمەتێکی زۆری دەوری گۆلەکە تووشی شێرپەنجە بوون[12] و ژینگەکە بەرەو لەناوچوون چوو. یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دۆخی قەیراناویی گۆلی ورمێ دروست کردنی ڕێگایەکە لە نێو گۆلاوەکەدا کە بە باوەڕی کارناسان دەبێتە هۆی لەناو بردنی یەکجارەکیی گۆلاوی ورمێ لە داهاتووێکی نزیکدا.
بە بیانووی دەسپێوە گرتن لە بەکار هێنانی بەنزین و کەم کردنەوەی مەودای ڕێگەی نێوان ورمێ و تەورێز، کۆماری ئیسلامی دەسی دایە دروست کردنی ڕێگایەک لە ناو گۆلی ورمێ کە خەساری قەرەبوو نەکراوی بە ژینگەی ئەم ناوچەیە گەیاندووە، هەرچەند هەر لەو کاتەدا زۆر لە کارناسان پێشبینیی دۆخی هەنووکەیان دەکرد بەڵام دەسەڵات بێ گوێدان بە نیگەرانیی پارێزەرانی ژینگە و لە ڕاستیدا لە ڕێڕەوی پلانی درێژماوەی خۆیدا، ئەم کارەساتەی بەسەر گۆلاوەکەدا هێنا. گۆلی ورمێ وەک سوێرترین گۆلی دنیا پاش بحرالمیت، بەهۆی دروست کردنی ڕێگایەک کە گۆلاوی ورمێ دەکاتە دوو بەشی باکوور و باشوور و لە ئاکامدا دۆخی سروشتیی ئاوەکە و رێژەی خوێی تێکەڵی ئاوەکە تێک دراوە و لە ئەمڕۆدا لە خراپترین دۆخی ژینگەییی خۆیدایە[13]. نەبوونی خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ دروست کردنی ڕێگای نێوان گۆلەکە، کاریگەریی خراپی لەسەر ئێکۆسیستێمی گۆلەکە داناوە و تەنیا گیانلەبەری ئەم گۆلەی – بە ناوی ئارتیمیا کە خۆراکی پەلەوەرە کۆچەرییەکانە- بەرەو لەناوچوون بردووە هەروەها نەبوونی هاوسەنگی لە هاتنی ئاو بۆ ئەم دوو بەشە و نەسووڕانەوەی ئاو لە گۆلاوەکەدا بە هۆی ئەم ڕێگایەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشی باکور زیاتر خوێی تیدا بێت و خێراتر بەرەو وشک بوون بچێت. لە داهاتوودا ئەم دوو بەشە دەبنە دوو گۆلی چکۆلەی جیا لەیەک. خەستیی خوێی گۆلی ورمێ کە نێونجەکەی دەبێت ٢٥ گرەم لە لیتر دا بێت هەنووکە دەگاتە ٤٠٠ و هەندێ کاتیش تا ٥٠٠ دەڕوات. گرنگترین دڵەڕاوکێی سەرچاوەگرتوو لە وشک بوونی گۆلی ورمێ، بوونیەتی بە ناوەندێکی چالاکی دروست بوونی وردیلەی خوێ لە ناوچەدا کە لێکەوتەی قەرەبوونەکراوی لێ دەکەوێتەوە و بە پێی هەندێ لە بەراوردەکان تا 500 کیلۆمیتری دەروپشتی گۆلاوی ورمێ، بەم هۆیەوە ڕووبەڕووی باهۆزی خوێ دەبنەوە و ژیان لە تەواوی ئەم ناوچەیەدا دەکەوێتە مەترسییەوە[14] کە مەزەندە دەکرێت کاریگەری لەسەر ژیانی پێنج ملوێن کەس دانێت. کاتیک ڕووبەرێکی زۆری ئەم گۆلاوە ئاوەکەی لە دەس چێت و تەنیا ببێتە وشکارۆیەکی خوێ، دیاردەی باهۆزی خوێ دەبێتە هۆی لەنێوبردنی زەویی کشتوکاڵی و سەرهەڵدانی نەخۆشینی وەک ئاسم، شێرپەنجە، زۆربوونی رێژەی مەرگی منداڵان، کەم خوێنی و… بە بڵاوبوونەوەی هەندێ نەخۆشیی سەرچاوەگرتوو لە وردیلەکانی گۆلی ورمێ و لەناوچوونی سەرچاوە ئاوییەکان و زەوییەکانی ئەم ناوچەیە لە باری کشتوکاڵی و ژیان، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە، بەدوای دەست ڕاگەیشتن بە خۆش بژێوی و دەرفەتی باشتر بۆ ژیان، ڕوو دەکەنە ناوچەکانی دیکە و بە ناچاری لەم شوێنە کۆچ دەکەن[15] و کەم بوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیەی لێ دەکەوێتەوە.
وەک باس کرا ئەم دوو دیاردەیە تەنیا دوو نموونەن لە هەوڵەکان بۆ کاول کردنی ژینگەی زاگرۆس و پێشێل کردنی تەناهیی ژینگەی ئەم ناوچەیە. بە هۆی کەشی ئەمنیەتیی زاڵ بەسەر ناوچەکەدا و قەدەغە کردنی لێکۆڵینەوە لە بابەتەکانی وەک گواستنەوەی ئاوی زاگرۆس بۆ ناوچەکانی دیکە، لەژێر چاڵکردنی خەوش و خاڵە ناوکییەکان لەم ناوچەیە، کە ئەگەر مەجالی لێکۆڵینەوەیەکی ورد بدرێ، دەکرێ وەک تاوانی تیرۆری ژینگە پێناسە بکرێ و بەڵگەکانی بۆ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بخرێتە ڕوو. هەوڵ بۆ لە نێوبردنی زرێوار و تاڵاوەکانی کرماشان و دەیان دیاردەی دیکە، ئەو ڕاستییەمان پێ دەڵێن داگیرکەر تەنیا لە بیری کاولکاریی سروشتدا نییە، بەڵکوو دەیهەوێ ژینگەی زاگرۆس لەنێوببات کە دووا ئامانجیەتی.
سەرچاوەکان
[1] مرادی، حسن ، حقوق محیط زیست بین الملل، جلد اول، نشر میزان، 1396، ل15
[2] فەلاحەتی، حەمید، قەیرانی ژینگە، دوو مانگنامەی کەلتووری کۆمەڵایەتی ، ژمارەی٨، مرداد١٣٩٤ ،ل٩١-١٦١
[3] میرکمالی، علیرضا و دیگران تروریسم زیست محیطی در حقوق کیفری فرانسە و تطبیق آن با جرم انگاری مشابە در ایران، مطالعات حقوق کیفری و جرم شناسی، دورە٤٨، شمارە٢، پاییز و زمستان١٣٩٧، صص٤٢٣-٤٤٥
[4] مرادی، حسن ، حقوق محیط زیست بین الملل، جلد اول، نشر میزان، 1396، ل16
[5] سلطانیپور، دماری، وضعیت توسعه پایدار در ایران، مجله دانشکده بهداشت و انستیتو تحقیقات بهداشتی، زمستان1395، دوره 14، شماره چهارم، صفحه 1 تا 14
[6] غضبان، فریدون، زمین شناسی زیست محیطی، انتشارات دانشگاه تهران، ١٣٩٢،ص١٨٧
[7] آنچه باید از فاجعه آتشسوزی جنگلها و مراتع زاگرس بدانید، رادیو زمانه،22/6/2019
[8] اصغری مقدم، اصغر، برداشت بیش از حد از منابع آب زیرزمینی حوضە دریاچە ارومیە و نقش آن در ایجاد بحران آب، نوزدهمین کنگرە ملی و هفتمین کنگرە بین المللی زیست شناسی ایران، ٩-١١شهریور ١٣٩٥، دانشگاه تبریز
[9] شفیعی علویجە، رحمت اللە، آیندە دریاچە ارومیە از دیدگاه بیلان نمک و آب، موسسە تحقیقات آب، پژوهشکدە منابع آب، گروە فرآیندها و پیش بینی های هیدرولوژیکی
[10] قالیباف، محمدباقر و دیگران، مجلە پژوهش های جغرافیای سیاسی، سال دوم ، شمارە اول، بهار٩٦، ص١-٢٩
[11] اصغری مقدم،اصغر، برداشت بیش از حد از منابع آب زیرزمینی حوضە دریاچە ارومیە و نقش آن در ایجاد بحران آب، نوزدهمین کنگرە ملی و هفتمین کنگرە بین المللی زیست شناسی ایران، ٩-١١شهریور ١٣٩٥، دانشگاه تبریز
[12] مجلە محیط زیست،شمارە٦٠، ٢٠خرداد تا ٢٠تیر ٨٩
[13] سراسکانرود، صیاد اصغری و دیگران، فصلنامە علمی پژوهشی برنامەریزی منطقەای، سال سوم،شمارە١١،پاییز١٣٩٢، ص٩٩-١١٤
[14] پیامدهای سیاسی امنیتی خشک شدن دریاچە ارومیە، احمدی، سیروس، اکبرزادە، محمد، فصلنامە ژئوپلتیک، سال چهاردهم ، شمارە سوم، پاییز١٣٩٧، صص٩٥-١٢٧
[15] هەمان سەرچاوە


