ئارامتر بخوێنەوە!

ڕاماڵینی خاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

داود ڕەسووڵی

خاک سامانێکی نیشتمانییە و ڕاماڵینی خاک، مەترسییەکی گەورەیە لەسەر گەشەی کەرتی کشتوکاڵ. لە دۆخی بێ پلانیدا خاکەکان زیاتر لە ئاستی سروشتی و قۆناغ بە قۆناغ توشی ڕاماڵین دەبن و بەپیت بوونیان نامێنێت، دواتر لە سووڕی بەرهەمهێنان دەردەچن. بۆیە پێویستە ناوچە قەیراناوی و هەستیارەکان دەستنیشان بکرێن تا بپارێزرێن.


دەروازە

ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ڕووبەرەی کە زیاتر لە ١٢٠,٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە لەخۆی دەگرێت، نیشتمانێکی شاخاوی و دەوڵەمەند بە سەرچاوە سروشتییەکان و ژینگەی جۆرەکانی زیندەوەری گیایی و ئاژەڵی (flora and fauna)یە. بەهۆی دۆخی سیاسی و ئیدارەدانی هەڵە کە چەندین ساڵە پەیڕەوکراوە، هەڕەشەیەکی بەرفراوان و هەمەچەشن لەسەر ڕەگەزەکانی سروشت و ژینگەی ڕۆژهەڵات بەدی دەکرێت. ئەنجام و لێکەوتەکانی ئەو بارودۆخە، نەوەکانی ئێستا و داهاتوو دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتی و هەڵوێستەکردن بە تایبەتی لە ڕووی سامانی خاک و ئاو.

خاک و ئاو ئامرازی بنەڕەتیی ژینگە و ژیانن. لە زۆربەی وڵاتان، کار بە یاسا و دەزگای تایبەتمەند دەکرێت بۆ توێژینەوە و پاراستنیان لە بەرانبەر تێکچوون و دابەزینی کوالیتیی فیزیکی و کیمیایی. هەنگاوی سەرەتایی بریتییە لە پابەندکردنی هاووڵاتی و لایەنەکان بە یاسا و پێدانی هۆشیاری و بەرزکردنەوەی کەلتوری ژینگەپارێزی. هەنگاوی دواتر، گرتنەبەری ڕێکارە کردارییەکانە بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی خاک و ئاو.

خاک سامانێکی نیشتمانییە و ڕاماڵینی خاک، مەترسییەکی گەورەیە لەسەر گەشەی کەرتی کشتوکاڵ. لە دۆخی بێ پلانیدا خاکەکان زیاتر لە ئاستی سروشتی و قۆناغ بە قۆناغ توشی ڕاماڵین دەبن و بەپیت بوونیان نامێنێت، دواتر لە سووڕی بەرهەمهێنان دەردەچن. بۆیە پێویستە ناوچە قەیراناوی و هەستیارەکان دەستنیشان بکرێن تا بپارێزرێن. نەخشەی مەترسیی ڕاماڵینی خاک گرنگە بۆ دارشتنی بەرنامە، بنەما و ڕێبەری پرۆژەکانی کشتوکاڵ و دارستان، بەنداو و ئاودێری، ڕێگاوبان، کانزاکاری، گەشتوگوزار، شارسازی و تەنانەت سەربازی لە ڕێگەی دابینکردنی داتا و زانیاری بۆ خەمڵاندنی ئابووریی پرۆژەکان و پێشبینی مەترسی لە داهاتوودا.

ئاو بنەمای ژیانە. ڕێژەی دابارینی ساڵانە، بارستەی ئاوی ژێرزەوی، قەبارەی ئاوی سەرزەوی و ڕووبارەکان و گۆڕانکارییان بە چ شێوەیەکە؟ ئامار و زانیارییەکانی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی و گۆڕانکاریی ساڵانەیان چۆنە؟ وڵامی ئەم پرسیارانە یارمەتیمان دەدا تا لە داڕشتنی پلان و نەخشەی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان سەرکەوتوو بین. پێویستە لە چوارچێوەی پلانی پاراستنی خاک و ئیدارەدانی ئاوزێلەکاندا و بەپێی پێوەرە ژینگەیی، زانستی و فرەڕەهەندییەکان، هەوڵی گلدانەوە و کۆنترۆڵ کردنی سەرچاوەکانی ئاو بدرێت.


پێناسەی ڕاماڵینی خاک

ڕاماڵینی خاک بە هۆی ئاو کاتێک ڕوودەدات کە بڕی باران یا بەفراو زیاتر بێت لە توانستی خاک بۆ داچۆڕانی، یاخود لاریی زەوی ببێتە هۆی دروست بوونی ئاوی ڕێکردە(Runoff). ئاوی ڕێکردە لە سەر ڕووبەرێکی دیاریکراو بە ئاراستەی لاریدا جووڵە دەکات و لە ڕێرەوی خۆیدا بە پێی قەبارە و خێرایی و چڕیی قوڕاوەکەی، دەبێتە هۆی داڕمان و ڕاماڵینی خاک. کۆمەڵێک هۆکار ڕۆڵ دەبینن کە لە هاوکێشەی جیهانیی ڕاماڵینی خاک (USLE)دا بەم شێوەیە ڕوون کراونەتەوە:

A=RKLSCP

A : بڕی ساڵانەی خاکی ڕاماڵراو

R: توانای ڕاماڵینی باران (ton/ha/year)

K: فاکتەری ڕاماڵینی خاک  (MJ. mm/ha/h/year)

L: درێژیی لاری (ton. ha/MJ/mm)

S: پلەی لاری

C: داچاندن و ئیدارەدانی زەوی

P: کرداری پاراستنی خاک.

بەرنامەی پاراستنی خاک لەسەر بنەمای کۆنترۆڵی فاکتەرەکانی سەرەوە بنیاد دەنرێت، بە جۆرێک کە کار بە ئاراستەی کەمکردنەوەی ژمارەکانیان دەکات. چونکە خاکی ڕاماڵراو، ئەنجامی جارانی فاکتەرەکانە.


ڕاماڵینی خاک بە هۆی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

هەرچەند تاکوو ئێستا بۆ پڕۆسەی ڕاماڵینی خاک بە هۆی ئاوەوە، توێژینەوەیەکی بەرفراوان و وردی زانستی نەکراوە، بەڵام بەهۆی سروشتی شاخاوی، بەرزبوونی دابارینی ساڵانە و نەبوونی پلانی بەرەنگاری، شیمانە دەکرێت کە ئاستی ڕاماڵینی خاک بەرزبێت. وەک ڕاگەیاندراوە، تێکڕای ساڵانەی ڕاماڵینی خاک لە ئێران بە بڕی١٦ تۆن/هێکتار/ساڵ خەمڵێنراوە کە نزیکەی چوارهەندەی ڕێژەی جیهانیی ڕاماڵینی خاکە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ستراتێژی و پلانێکی تۆکمە بۆ پاراستنی سامانی خاک لە ئارادا نییە، هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کە لە ئێستا و لە داهاتووشدا مەترسیی زۆری لێ بکەوێتەوە. لە وێنەی (١)دا دەردەکەوێت کە تێکڕای بەرزی لە نێوان٨٠٠ تا سەرووی ٤٠٠٠ مەترە. شاخاوی بوون و لاریی زەوی، هۆکاری سەرەکین بۆ ڕاماڵینی خاک کە ئەگەر ڕێژەی دابارین (وێنەی ٢)یش لەبەرچاو بگرێت (لە نێوان ٤٠٠ تا ١٨٠٠ ملم)، ڕاماڵین دەبێتە بابەتێکی بایەخداری ژینگەیی.

وێنەی ١. نەخشەی بەرزی و نزمیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

وێنەی ٢. نەخشەی دابارین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان


شێوەکانی ڕاماڵینی خاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

سروشت و خەسڵەتەکانی باران و پێکهاتە و جۆری خاکەکانی کوردستان بەپێی تۆپۆگرافیا، دەبنە هۆی ڕوودانی ئەم شێوە ڕاماڵینانەی خوارەوە کە لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا باون:

ڕاماڵینی پەڕەیی(Sheet Erosion): توێژێکی تەنک لە بەشی سەرووی خاک تووشی ڕاماڵین دەبێت. ئەم جۆرە ڕاماڵینە زۆر بەربڵاوە و ساڵانە ڕووبەرێکی بەرفراوان لە زەوییە کشتوکاڵی و ناکشتوکاڵییەکان توشی زیان دەکات. زیانەکەش بریتیە لە شوشتنەوەی چینی سەرووی خاک کە ڕووی توخمی خۆراکی و کەرستەی ئەندامی دەوڵەمەندە، لە ئەنجامدا ئاستی بەپیت بوونی خاک(SoilFertility) دادەبەزێت و توانای بەرهەمهێنانی خاک لاواز دەبێـت. کێشەیەکی تر بۆ گواستنەوەی قوڕ و لیتەی زەوییەکان دەگەڕێتەوە کە بە ناچاری لە شوێنێکی تردا کەڵەکە دەبێت. نەبوون یا لاوازیی ڕووپۆشی ڕووەکی و ڕێژنەبارانی توند لە وەرزی وشکدا، هۆکاری سەرەکیی ئەم شێوە ڕاماڵینەن.

ڕاماڵینی جۆگەیی(Rill Erosion): لە ئەنجامی پەنگخواردنی ئاو لە شوێنی بەرز، ڕێڕەوێک لە ژێر کاریگەریی هێزی ڕاکێشانی زەوی و هێزی دابڕێنەری ئاودا دەکرێتەوە و کۆمەڵێک جۆگەلە دروست دەبن. خاک لە ژێر و لە کەناری جۆگەکاندا ڕادەماڵرێت. ئەگەر پانیی جۆگەکان کەمتر لە ٣٠ سم بێت لەرێگەی کێڵانی زەوییەوە چارەسەردەکرێن. ڕاماڵینی جۆگەیی لە لاریی زیاتر لە ١٠%دا ڕوودەدات. بەگشتی دوو هۆکار کاریگەرن: هێزی دابڕێنەری ئاو و ئاستی تۆکمەییی خاک لە بەرانبەر هەڵوەشانەوەدا.

ڕاماڵینی کاناڵ(Channel Erosion): بە قۆناغی دواتری ڕاماڵینی جۆگەیی دادەنرێت، چونکە لە ئەنجامی بەردەوامیی کاریگەریی ئاو، جۆگەی پانتر لە ٣٠ سم دروست دەبێت. پانەبڕگەی کاناڵ لە شێوەی پیتی V دەچێت. لەرێگەی کێڵانەوە چارەسەری ئەم گرفتەئەستەمە و پێویستی بە ئامێری میکانیکیی تایبەتە. ئەو زەوییانەی تووشی ڕاماڵینی کاناڵ دەبن، لە ڕووی ئابورییەوە گرفت بۆ خاوەنەکانیان دروست دەکەن.

ڕاماڵینی کەند(Gully Erosion): لە ماوەیەکی کورت پاش دابارینی بەخوڕ، ئاوی سەرجەم جۆگە و کاناڵەکان بەرەو یەک خاڵ ئاراستەدەبن و لافاو هەڵدەستێت. هێزی ڕاماڵین چەندین بەرابەر زیاد دەکات و لە ئەنجامدا کەند بەدی دێت. زەویی کەندەڵان لە پێکهاتەی گڵ، مارڵ و شیلدا (Marl and shale) دروست دەبێت و وەک زەویی کشتوکاڵی سوودی نامێنێت.

ڕاماڵینی  تونێل(Tunnel Erosion): تایبەتە بەو ناوچانەی کە پێکهاتەی مارڵ، گڵ و خوێ تێیاندا بەرزە. سەرەتا چاڵێک لە شوێنی بەرز (بە شێوەی سروشتی یا بە هۆکاری تر) دروست دەبێت، دواتر ئاو دادەبەزێتە چینەکانی خواروو و بە شێوەی ئاسۆیی جووڵەدەکات. لە ئەنجامدا لەسەر ڕێگەی خۆی کەرستەکان دەتوێنێتەوە و تونێڵیک دروستدەکات. ئەم شێوازە لە کوردستان زۆر باو نیە.

ڕاماڵینی ڕووبار(River Erosion): بە هۆی جووڵەی ئاوی ڕووبار، دوو شێوەی ڕاماڵین ڕوودەدات: ڕاماڵینی ژێرین و ڕاماڵینی کەنارەکان. ڕاماڵینی ژێرین لە بەشی سەرەتای ڕووباردا باڵادەستە و پانەبڕگەی ڕێرەوی ئاولە پیتی V دەچێت کەچی لە بەشی خواروو و کۆتاییی ڕووباردا، ڕاماڵینی کەنارەکان ڕوودەدات و لە پیتی Uدەچێت. لە بەشی ناوەڕاستی ڕووباردا شێوەیU  وV  بەدی دەکرێت. واتە هەر دوو جۆری ڕاماڵین ڕوودەدات. زۆربەی ڕووبارەکانی کوردستان بە شێوەی سروشتی تووشی ئەم جۆرە ڕاماڵینە دەبن بەڵام چالاکییەکانی مرۆڤ و لافاو، ئاستی زیانەکانی ڕاماڵینی ڕووبار بەرز دەکەنەوە. هەڵچنینی دیواری بەردین و کۆنکرێتی، یەکێکە لە ڕێگاکانی پاراستنی کەناری ڕووبار. هەڵبەت پێویستی بە بودجەیەکی گەورە هەیە.


ڕێگاکانی پاراستنی خاک

دوو شێوازی میکانیکی و نامیکانیکی بۆ پاراستنی خاک بەکاردێن. پاراستن بە شێوەی میکانیکی بە واتای بەرەنگاریی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ ڕاماڵینی خاک. ئەمەش لە بارودۆخێکدا پەیڕەو دەکرێت کە خاک، خۆی توانای بەرگریی لە بەرانبەر فاکتۆرەکانی ڕاماڵیندا نەبێت و پێویست بە سنوردارکردنی لەئارادا بێت. کەچی شێوازی نامیکانیکی بە واتای بەرەنگاریی ناراستەوخۆیە و زیاترڕێگرییە لە کاریگەریی هۆکارەکان بە پێی زانستی ئیدارەدانی زەوی و زار.

شێوازی میکانیکی وەک دروستکردنی تراس (پەیژە)، ئاوەڕۆ و دانانی تۆڕ، بەست و لەمپەر. شێوازی نامیکانیکی وەک ئیدارەکردنی دروستی زەوی، پێدانی ڕێژەی گونجاوی پەین، شێوازە دروستەکانی کێڵانی زەوی و خۆڵی کشتوکاڵی. شێوازەکانی پاراستنی میکانیکی کێشەدارن و لە ڕووی ئابوورییەوە گرانن و تەنیا لەم دۆخانەی خوارەوەدا پەیڕەو دەکرێن:

  • دەرفەتی پاراستن بە شێوازی نامیکانیکی نەبێت.
  • قازانجی پرۆژەی پاراستنی خاک زیاتر بێت لە کۆی تێچووەکانی.
  • کاتێک جوتیاران پاش لەپیت کەوتنی تەواوی زەوی، دروست بوونی کەندەڵان و تێکچوونی کێڵگەکان، ناچار بە کۆچی بەرەو شار بن.
  • کاتێک مەترسی لەسەر تۆڕی ڕەواندنی ئاودێری، دەریاچەی بەنداوەکان یا تێکچوونی ڕێگاوبان لە ئارادا بێت.

پێویستە ئاماژە بدرێت کە شێوازەکانی میکانیکی و نامیکانیکی، جێگرەوەی یەکتر نین بەڵکوو تەواوکەری یەکترن. ڕەنگە لە هەندێک دۆخدا پێویستی بە هەر دوو شێواز هەبێت، لەم دۆخەدا کرداری میکانیکی پێش لە نامیکانیکی ئەنجام دەدرێت.

بەکارهێنانی دروستی زەوییەکان

چەقی بەرنامەی پاراستنی خاک بریتییە لە بەکارهێنانی تەکنیکە نوێیەکانی کشتوکاڵی وەک میکانیزەکردن، چاندنی چەشنە هەموارکراوەکانی ڕووەک، تۆڕی ئاودێری، پێدانی گونجاوی پەین و هتد. هەمووی ئەمانە کاتێک لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمدا ڕۆڵی کاریگەریان دەبێت کە هەلومەرجی خاک بۆ گەشەی بەروبوومەکان گونجاو بێت. واتە زەوییەکان بە شێوازی دروست بەکاربێن. بۆ نموونە ئەگەر ڕەچاوی دۆخی زەویی زۆر لار، یا خاکی بێ پیت (کەمی توخمە خۆارکییەکان) نەکرێت و بۆ چاندن کەڵکیان لێ وەربگیرێت، قۆناغ بە قۆناغ سوودی ئابوورییان نامێنێت و دەفەوتێن.

چۆنێتیی بەکارهێنانی زەوی، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ دیاردەی ڕاماڵینی خاک هەیە. ئەگەر نادروست و ناژیرانە بێت، پڕۆسەکە پەرەدەستێنێ. داڕشتنی پرۆگرامی بەکارهێنانی زەوی، جگە لە توانست و مەرجەکانی زەویی کشتوکاڵی، پەیوەستە بە فاکتەرەکانی ئابووری، ڕامیاری، کۆمەڵایەتی، سەرمایە، ئامراز و تەکنۆلۆژیا، هێزی کرێکار و تەنانەت خواست و ئارەزووی جوتیاران.


پاراستی خاک لەرێگەی ئیدارەدانی کشتوکاڵی

فاکتەری (C) لە هاوکێشەی جیهانیی ڕاماڵینی خاکدا بۆ ئیدارەدانی زەوی دەگەرێتەوە. ژمارەی (١) بۆ خراپترین دۆخ تەرخان کراوە، بەڵام لە ڕێگەی شێوازی دروستی ئیدارەدان بۆی هەیە بگاتە (0.05). واتە تا ١٥ جار دەتوانێت ڕێژەی ڕاماڵین کەم بکاتەوە. هەڵە باوەکانی کشتوکاڵی وەک کەڵک وەرگرتنی بەردەوام و ماوەدرێژ لە زەوی بە بێ شیاندنەوە، کێڵانی زەوی لە ئاراستەی لێژایی و هتد دەبنە هۆی تەشەنەی ڕاماڵینی خاک. لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە رێگەی ئیدارەدانی کشتوکاڵییەوە، دەکرێت ئەم کردارانەی خوارەوە ئەنجام بدرێن:

کێڵانی دروست دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی ڕاماڵین چونکە بەستەرێکی گونجاو بۆ چەکەرەی تۆو دەڕەخسێنێت و بەرگریی خاک لە بەرانبەر ڕەگ داکوتاندا کەم دەکاتەوە. لە ئەنجامدا ڕووپۆشێکی چڕوپڕی ڕووەکی دروست دەبێت. کرداری کێڵان، بۆشاییی خاک و ڕێژەی تەنۆچکە گەورەکانی خاک زیاددەکات. ئەمەش هاوکارە بۆ داچۆڕانی ئاو (Infiltration) و نزمبوونەوەی وزەی ڕاماڵینی باران، لە ئەنجامدا ڕێژەی ئاوی ڕێکردە کە‌م دەکات.

ڕێبازە هەڵەکانی کێڵان بریتین لە: کێڵانی قووڵ (‌بە‌ردی چینەکانی خوارەوە بێتە‌ سە‌رووی خاک و بۆشایی دروست بێت وگەشەی ڕووپۆشی ڕووەکی ڕا‌وە‌ستێت یاخود زۆر کە‌م ‌بێتە‌وە)، کێڵانی تەریبی لاریی زەوی (خاک بە ئاسانی تووشی ڕاماڵین دەکات)، کێڵانی دووبارە (بەهەمان ئامێر و بەهەمان ڕێباز کە دەبێتە هۆی پەستانەوەی خاک).

شیاندنەوەی زەوی لە ڕێگەی خوڵی کشتوکاڵی و بەرنامەیەکی زانستیی پێدانی پەینی کیمیایی و ئەندامی، کە ببێتە هۆی بەپیت بوونی درێژخایەنی زەوی.

چەشنی گونجاو لە هەر بەروبوومێک پێویستە بە پێی بارودۆخی کەشوهەوا و ژینگە و خاک بەکاربێت.

قەڵاچۆکردنی زیانبەخشەکان کە ببێتە هۆی کۆنترۆڵ کردنی مێروو، نە‌خۆشی و دەردە کشتوکاڵییەکان. چونکە بەپێچەوانەوە، گەشەی ڕووەکە‌کان سنووردار دەبێت.

چ بکرێت؟

ئەرکی لەپێشینە بریتیە لە پێدانی زانیاری و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگا سەبارەت بە سامانی خاک و ئاو و پەرەپێدانی فەرهەنگ و شێوازی دروستی بەکارهێنانیان و ڕێگری لە بەکارهێنانی نادروست. پێویستە لە ڕێگەی جوتیاران و ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکانەوە، هەوڵ بدرێت بۆ پاراستی سەرچاوەکانی خاک و ئاو و بەرگری لێ کردنیان لە بەرانبەر تێکچوونی فیزیکی، کیمیایی و ژینگەیی. بۆ ئەم مەبەستە دەبێ کار بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمێکی بەهێز بکرێت، لەگەڵ دانانی پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان ناوەند وشارەزایانی بواری توێژینەوە و ئەکادیمی بۆ دۆخی ڕاماڵینی خاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

هەنگاوی تر بریتییە لە بڵاوکردنەوەی کتێب، گۆڤاری تایبەت، بڵاڤۆک (زانستی ـ توێژینەوەیی ـ زانستی ـ هۆشیاریی)، بەرێوەبردنی کۆنگرە، کۆڕبەند، سیمیناری پسپۆڕی، پڕۆژەی توێژینەوە بە ئاراستەی ناساندنی کێشەکان و چارەسەرییان، گەڵالەکردنی پێشنیار و پرۆگرامی دەنگ و ڕەنگ وەک گفتوگۆ، فیلم، پێشانگا، ئەنیمەیشن و هتد لە پێناو گرنگی دان بە بەها و نرخی سەرچاوەکانی خاک و ئاو و شێوازی دروستی بەکارهێنانیان، کۆکردنەوەی زانیاریی پێویست و دامەزراندنی بنکەیەکی زانستی، جاڕنامە، ڕێنمایی و نامەی سەرکراوە کە تێیدا ئاماژە بە ڕێکار و هۆشداری لەسەر بەفێرۆدانی خاک و ئاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرابێت، بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتی.



سەرچاوەکان

١.            Predicting soil erosion by water, a guide to conservation planning in the Revised Universal Soil Loss Equation, United States Department of Agriculture, Agricultural Research Service, Agricultural handbook no. ٧٠٣ (١٩٩٧).

٢.            Toy, Terrence J. ; et al. (2002) Soil Erosion: Processes, Prediction, Measurement, and Control. John Wiley & Sons. pp. ٦٠–٦١. ISBN ٩٧٨-٠-٤٧١-٣٨٣٦٩-٧.

٣.            Food and Agriculture Organization (1965) “Types of erosion damage”. Soil Erosion by Water: Some Measures for Its Control on Cultivated Lands. United Nations. pp. ٢٣–٢٥. ISBN ٩٧٨-٩٢-٥-١٠٠٤٧٤-٦.

٤.            Dawod R. Keya, ٢٠١٨, Integration of GIS with USLE in assessing soil loss from Alibag catchment, Iraqi Kurdistan Region, Polytechnic Journal. No. ١, V ٨.

٥.            زادە ‌مبارک علیرضا (٢٠١٩). وەزارەتی جیهادی کشتوکاڵی ئێران، بەرێوەبەرایەتیی ئاو و خاک.

٦.            سهرابی منصور(٢٠١٩). مدیریت استعماری سرزمین در ڕۆژهەڵات. تیشک، ژمارەی ٥٢.