ئارامتر بخوێنەوە!
ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی لە کوردستاندا
جوامێر زاگرۆس
“ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی، تەنیا لە شێوەی کردەوە خۆی نیشان نادات و تەنانەت کەمتەرخەمیی دەوڵەتان لە پاراستنی ژینگە، ئەتوانێت مافی ژیان، خاوەندارێتی، تەندروستی، دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خاوێن و خۆراک و مافە هاوپەیوەندەکانی خەڵکی خۆجێیی و هتد بخاتە مەترسییەوە کە ئەمەش چەشنێک لە ڕەگەزپەرستیی ژینگەیییە.“
ئاماژە
ئامانجی ئەم وتارە ئەوەیە کە بۆ تێکدانی ژینگەی کوردستان لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە، خوێندنەوەیەکی زانستیی هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش لە تیۆریی “ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی” کەڵک وەردەگرێت کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەری هەڵداوە و وێڕای ئاماژەکردن بە میژووەکەی و چۆنیەتی و هۆیەکانی پەرەسەندنی، نیشان دەدرێت کە ئەم تیۆرییە زۆر گونجاوە بۆ خوێندنەوەی زانستی لەسەر تێکدانی ژینگەی کوردستان. هەروەها تیشک دەخرێتە سەر زۆربەی ئەو چەشنە کردەوە تێکدەرانە و کاولکارییانەی کە ژینگەی کوردستان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و بە خوێندنەوەی لایەنە جیاوازەکانی ئەم کارانە، بۆ خوێنەر ڕوون دەکرێتەوە کە ئامانجی پشتی ئەم کارانە چییە تا خوێنەر بتوانێت تێگەیشتنێکی قووڵی هەبێت بۆ ئەو پرۆژە و کارانەی کە بە ناوی پەرەپێدانی ئابووری و یان پاراستنی نەتەوەیی لە کوردستاندا دەکرێن. بۆ ئەم مەبەستەش شرۆڤەی ئاگرگرتنی دارستانەکان، دروست کردنی بەنداو و تونێلی ڕێڕەوگۆڕ، ژەهراوی کردنی ئاوی بەنداوەکان و هەروەها دروستکردنی بنکەی سەربازی و چەکداری لە کێوەکانی کوردستان و هتد دەکرێت.
وشە سەرەکییەکان: ژینگە، ڕەگەزپەرستی، کەمینە، کەم داهات، کوردستان
پێشەکی
وێڕای هەموو ئەو هەنگاوانەی لە بواری پەرەسەندنی مافی مرۆڤ و یەکسانیی مرۆڤەکان هەڵگیراوە، بەڵام هێشتا یەکسانی بە تەواوەتی لە کۆمەڵگای مرۆییدا نەچەسپاوە و هەڵاواردن بە شێوازگەلی جۆربەجۆر لە ناو مرۆڤەکاندا هەیە و دەوڵەتەکان لە نێوان شارۆمەندەکانیان و لە نێوان مرۆڤەکانیشدا جیاوازی دادەنێن و بڕێک لە مرۆڤەکان و شارۆمەندەکان بۆ دەوڵەتەکان ئەوبەرتر و خۆمانەترن. یەک لە جۆرەکانی هەڵاواردن، هەڵاواردنی ژینگەیی و “ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی”[1]یە کە ژمارەیەکی زۆر هەڵسوکەوتی دەوڵەتان و نەتەوە و چینە سەردەستەکان لە خۆ دەگرێت کە بۆ ئاسوودەییی خۆیان و دووربوونیان لە کاریگەرییە خراپەکانی زبڵە ژەهراوییەکان و هەروەها سەرکوتکردنی بزووتنەوەی سیاسی و فەرهەنگی و مێژووییی کەمینەکان دەیگرنە بەر. بێگومان کوردستانیش وەکوو وڵاتێکی داگیرکراو و پارچەپارچەکراو لەم بابەتە بەدەر نییە.
زۆر جار لە هەواڵەکاندا دەبینین کە گوایە بەشێک لە دارستانەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی ئاگر یان ئەوا دەوڵەتانی داگیرکەر خەریکن لە سەر ڕووبارەکانی کوردستان، بەنداو و توونێل لێ دەدەن و ئاوەکەی دەگوازنەوە بۆ شوێنێکی تر یان ئەوەی کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتانە بە ئەنقەست مەڕ و ماڵاتی گوندییەکانی کوردستانیان لە هەوارگەکان، کردووەتە ئامانج و هتد. بەشێک لەم هەڵسوکەوتانەی دەوڵەتانی داگیرکەر، دەتوانێ بچێتە خانەی پرۆژەی پەرەپێدانی ئابووری و کشتوکاڵی و یان بەشێکیشیان وەک ڕووداوی ئاسایی بێپلان ئەژمار بکرێن بەڵام ساویلکەیی دەبێت ئەگەر هەموو ئەو ڕووداو و کارانە، ئاوا لێک بدەینەوە و وابزانین دەوڵەتەکان لە ڕووی خێرخوازی یان هەڵە، خەریکن ژینگەکەمان تێکدەدەن.
بە داخەوە تا بە ئەمڕۆ، بە شێوازی زانستی، شرۆڤەی ئەم کردەوانە نەکراوە و لە ماڵپەڕ و میدیا و نووسینە کوردییەکاندا تەنیا وەکوو هەواڵێکی سادە و بڕێ کاتیش تەنیا بۆ قیزەون کردنی ڕواڵەتی دەوڵەتانی داگیرکەر ئاماژە بەم چەشنە ڕووداوانە دەکرێت وهەر بەم بۆنەیەوە، ئامانجی ئێمە لەم وتارەدا ئەوەیە کە بە پێی تیۆرییەکی گونجاو، خوێندنەوەیەکی زانستیمان بۆ ئەم کارانە هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش بابەتەکە دابەش دەکەینە سەر دوو بەش.
لە بەشی یەکەمدا، دوای چاوخشاندنێک بە سەر پێناسەی چەمکی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی، مێژووی پەرەسەندن و ڕەهەندەکانی ئەم چەمکەش باس دەکەین و لە بەشی دووهەمدا نموونەکانی ئەم چەشنە هەڵسوکەوتانە لە کوردستاندا تاوتوێ دەکەین و وڵامی ئەم پرسیارە دەدەینەوە کە ئایا بە راستی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان سیاسەتی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی لە هەمبەر ژینگەی کوردستاندا بەکاردێنن یا نا؟
١. ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لانکی سەرهەڵدانی زۆر بزووتنەوەی هزری لە سەدەی ڕابردوودا بووە، هزر و جووڵانەوەیەک سەری هەڵدا که دەتوانێت یارمەتیدەری ئێمە بێت بۆ شرۆڤەی ئەو بابەتەی لە سەرەوە باسمان کرد واتا تێکدانی ژینگەی کوردستان لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە کە پێی دەڵێن جووڵانەوەی “”دادپەروەریی ژینگەیی” و چەمکی “ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی” لە ڕێگەی چالاکانی ئەم بزووتنەوەیەوە کەوتە سەر زاران. لەم بەشەدا دوای باس کردن لە واتای ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم چەمکە، چەند نموونەیەکی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی دەخەینە بەر چاوی خوێنەر.
١.١: واتای ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی
گەڕان بە شوێن پناسەیەک کە هەموو بیرمەندان و زانایان لە سەری هاوڕا بن، ئێمە بە لاڕێدا دەبات، چونکە هەر کۆمەڵگایەک بە پێی تایبەتمەندییەکانی خۆی، ئەم چەمکە پێناسە دەکات و هەر ئەمەش بووەتەهۆی ئەوە کە بیرمەندان لە سەر پێناسەی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی یەکدەنگ نەبن[2]؛ وێڕای ئەمە بەڵام ڕەنگە لە ڕێی پێناسە کردنی چەمکی “دادپەروەیی ژینگەیی”یەوە[3] بتوانین بگەین بە پێناسەیەکی گشتگیر و گونجاو بۆ “ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی”. “دادپەروەریی ژینگەیی” هەڵسوکەوتی بێلایەنانە و بەشداری پێ کردنی بەئامانجی هەموو خەڵک، بێ گوێدانە ڕەگەز، ڕەنگی پێست، ڕەچەڵەکی نەتەوەیی یان داهات و بە لە بەرچاو گرتنی گەشە، خستنەگەڕ و جێبەجێ کردنی قانون و ڕێسا و سیاسەتە ژینگەیییەکانە.[4] هەر بەم پێیە، “ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی” دەبێتە هەر چەشنە هەڵاواردنێک لە هەڵسوکەوت و بەشداری پێ کردنی خەڵک بە هۆی ڕەگەز، ڕەنگی پێست، ڕەچەڵەکی نەتەوەیی و ئاستی داهات لە گەشە، خستنە گەڕ و جێبەجێ کردنی قانون و ڕێسا و سیاسەتە ژینگەیییەکان. بە گشتی، کاتێک کە نووسەران باس لە ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی دەکەن ئەوا باس لە دۆخی دوو دەستە مرۆڤ دەکەن واتا کەمینەکان و هەژارەکان (کەم داهاتەکان) و هەر چەشنە هەڵاواردنێکی ژینگەیی کە لە ناوچەی جۆگرافیاییی ژیانی ئەم دوو دەستە مرۆڤە بە هۆی دۆخی ئابووری یان ڕەگەزی، ئایینی و هتد بێتە ئاراوە، ئەوا ئیدی بابەتەکە دەچێتە خانەی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیییەوە.
دەبێ بزانین کە بڕێک نووسەر و بیرمەند، تەنیا ئەو هەڵسوکەوتانە دەخەنە خانەی ڕەگەزپەرستییەوە کە بە ئەنقەست و بە پێی پیلانێکی پێشوەختە جێبەجێ بکرێن و تەنانەت دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هەر ئەم ڕەوتەی گرتە بەر و لە وەها ڕەوتێکدا، سەلماندنی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی تا ڕادەیەکی زۆر مەحاڵە[5] و هەر بۆیەش خەڵکە خۆجێیییەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، پەنایان بۆ کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کیشوەری ئەمریکا[6] برد و یەکەم دۆسیە سەبارەت بە ڕەگەزپەرستیی ژینگەیییان لەو کۆمیسیۆنە خستە ڕوو کە بە دۆسیەی ڕیکخراوی ئێستا چالاکی ژینگەیی مۆسڤایل دژ بە ویلایەتە یەکگرتووەکان[7] بەناوبانگە. لە بەرانبەردا بڕێکی دیکە هەر چەشنە هەڵاواردنێک کە لە کۆمەڵگەی کەمینەکان یان هەژارەکان بکرێت بە ڕەگەزپەرستیی دادەنێن و جیاوازیدانان لە نێوان ئەم هەڵسوکەوتانە بە هۆی نیازی بکەرەکە بە دروست نازانن و هەر هەڵسوکەوت و کردارێک کە دادپەروەریی ژینگەییی ژینگەی کەمینەکان و هەژارەکان تێک بدا،ت بە هەڵسوکەوتێکی ڕەگەزپەرستانەی ئەژمار دەکەن.[8]
پێویستە ئەمەش بڵێین کە ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی، تەنیا لە شێوەی کردەوە خۆی نیشان نادات و تەنانەت کەمتەرخەمیی دەوڵەتان لە پاراستنی ژینگە، ئەتوانێت مافی ژیان، خاوەندارێتی، تەندروستی، دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خاوێن و خۆراک و مافە هاوپەیوەندەکانی خەڵکی خۆجێیی و هتد بخاتە مەترسییەوە کە ئەمەش چەشنێک لە ڕەگەزپەرستیی ژینگەیییە.[9]
٢.١: بەستێنەکانی سەرهەڵدانی چەمکی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی
بیرۆکەی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و لە هەشتاکاندا لە نێو ئەو کەمینانەدا سەری هەڵدا کە ڕێژەیەکی زۆر ماددەی ژەهراویی کۆگاکانی زبڵە کیمیایی و ناوەکییەکان، چاڵگەکانی زبڵەکان، پیسییەکانی وێستگەکانی وزە، ئاوە قوڕقوشماوییەکان و هتد تێکەڵ بە جەستەیان ببوو و تا هەشتاکان، بزووتنەوەی دادپەروەریخوازیی ژینگەیی، پشتگوێی خستبوون[10].
بێگومان تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی وڵاتی ئەمریکا، گرنگترین هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم بیرۆکەیە بوو؛ ئەمریکا وڵاتێکی پێشەسازی و پێشکەوتوویە کە ژمارەیەکی زۆر کارخانە، وێستگەی وزە و پاڵاوگە و شتی تێدایە و ئەمانەش ڕێژەیەکی زۆر زبڵی ژەهراوی بەرهەم دێنن کە دەبێ لە ناو بچن و چاڵ بکرێن. هەروەها لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ڕەشپێستی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی و هەروەها خەڵکی خۆجێیی (سوورپێستەکان) لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەژین و لە پاڵ ئەمەشدا بە هۆی سیستەمی سەرمایەدارییەوە، ئاستی داهاتی خەڵک زۆر جیاوازیی هەیە و ئەمەش بووەتە هۆی بوونی ژمارەیەکی بەرچاو هەژار و چینی کەم داهات لەو وڵاتە. بێگومان دەسەڵات و ئاستی کاریگەریی ڕەشپێستەکان و خەڵکە خۆجێییەکان و هەروەها هەژارەکان لە دەستنیشان کردنی سیاسەتە ژینگەیییەکاندا زۆر کەمە و ئەمەش ئەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی ئەو زبڵانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کردن و هەروەها ئەو کارخانانەی کە کاریگەریی خراپ لە سەر جەستە و تەندروستی و ژینگە دادەنێن، ڕەوانەی ئەو شوێن و ناوچه و شارانە بکرێن کە ئەو خەڵکە تێیدا دەژین و بەو هۆیەوە، ڕەشپێستەکان و خەڵکە خۆجێییەکە، چەند هێندەی سپی پێستەکان مەترسیی نەخۆشی و ژەهراویبوونیان لە سەرە[11] کە هەوڵ بۆ تاوتوێ کردنی ئەم دیاردەیە لە ئاکامدا بووە هۆی سەرهەڵدانی چەمکی “ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی”.
لە راستیدا ئەم چەمکە بەرهەمی بزووتنەوەی “دادپەروەریی ژینگەیی” بوو کە لە وڵامی کۆکردنەوەی نایەکسانی مەترسییە ژینگەیییەکان لە ناوچەی ژیانی خەڵکی کەم داهات و ڕەشپێست و خۆجێیییەکاندا دروست بوو[12] و پێناسەیەک بوو بۆ سیاسەتە ژینگەیییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە هەمبەر خەڵکی خۆی.
جێگای ئاماژەیە، یەک لەو دەستەواژانەی کە هەر لە چوارچێوەی ئەم باس و خواستەدا دروست بوو، دەستەواژەی “لە حەوشەی پشتەوەی ماڵی من نا”[13]یە کە بە مەبەستی نیشاندانی نەبوونی ویژدانی کۆمەڵایەتی لە هەمبەر شوێندۆزینەوە[14]ی کارخانە پیسکەر و زیاندەرەکان لە هاوسێیەتیی شوێنی ژیانی ڕەشپێستەکان و هەژارەکان دانراوە.
ئەم چەمکە بەرە بەرە لە ئەمریکاوە پەلی هاوێشت بۆ هەموو جیهان و سەرنجی زۆر بیرمەندی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و ئەمڕۆکە دەق و بابەتگەلێکی زۆر لە بارەی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی لە وڵاتانی دیکە و شێوازەکانی دیکەی ڕەگەزپەرستی بەرهەم هاتووە.
٣.١: جۆرەکانی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی
ڕەگەزپەرستی لە دوو ئاستدا خوی دەردەخات؛ لە ئاستی ناوخۆیی (واتا پەیوەندیی دەوڵەت لەگەڵ شارۆمەندانی خۆی) و لە ئاستی نێودەوڵەتی (واتا پەیوەندیی دەوڵەتان و وڵاتان لەگەڵ یەکتر).
لە ئاستی ناوخۆییدا بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی، دەتوانین دو جۆری حکوومەت وێنا بکەین کە بریتین لە حکوومەتی ڕەوا و حکوومەتی ناڕەوا.
ویلایەتە یەکگرتووەکان نموونەیەک لە حکوومەتانی ڕەوایە کە خاکی وڵات و نەتەوەیەکی دیکەی داگیر نەکردووە و ڕەگەزپەرستیی ژینگەییشی تێدایە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هۆی بوونی کەمینە ڕەشپێست و سوورپێستەکان و هەروەها خەڵکی هەژار، ئەوا ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی بە دابەشکردنی نادادپەروەرانەی مەترسییە ژینگەیییەکان و کەلوپەل و مادە ژەهراوییەکان بە جۆرێک کە قورساییی ئەم مەترسییە بکەوێتە ئەو ناوچە جۆگرافیایییانەی کە کەمینە خۆجێییەکان یان کەمینە ڕەشپێستەکان و هەژارەکان تێیدا دەژین، پێناسە دەکرێت.
نموونەی هەرە دیاری حکوومەتانی ناڕەواش، ئەو حکوومەتانەن کە حوکمی کوردستان دەکەن و ئەم نیشتمانەیان داگیر کردووە. لە وەها حکوومەتانێکدا، بێگومان دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین کە ئاستی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی، لەچاو حکوومەتانی ڕەوا زۆر زۆرتر بێت. هەموو ئەو کار و چالاکییانەی کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناوەندەوە بە هەر مەبەستێک بەبێ وەرگرتنی ڕای ئازادانەی خەڵکی وڵاتی داگیرکراو دەکرێت ودەبێتە هۆی تێکچوونی ژینگەی ئەو وڵاتە، ئای زیانەکانی دیار و بەرچاو بن و ئای کەم بێت و بەرچاو نەیەت و ئای بە مەبەستی گەشەپێدانی ئابووری بن و ئای بە نیازێکی خراپ، وەک ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی ئەژمار دەکرێن. ڕەنگە بڕێک پێیان وا بێت کە ئەو چالاکییانەی کە بە مەبەستی گەشەپێدانی ئابووری یان بە نیازێکی پاکەوە دەکرێن ناچنە خانەی ڕەگەزپەرستی بەڵام هەر بەو جۆرە کە لە پێناسەی ڕەگەزپەرستیی ژینگەییدا ئاماژەمان پێ دا، ئەگەر ڕای خەڵکی ناوچەیەک سەبارەت بەو هەڵسوکەوتانەی کە لە هەمبەر ژینگەکەیاندا دەکرێت، وەرنەگیردرێت و بەشداریی چالاکانەیان لە بڕیاردان پێ نەکرێت، ئەو چالاکییە، دەچێتە خانەی ڕەگەزپەرستییەوە.
کە وابوو، مەرج نییە وڵاتێکی داگیرکار، ژینگەی نەتەوەی داگیرکراو تێک بدات تا بابەتەکە بچێتە خانەی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیییەوە؛ زۆر جار تەنانەت دەوڵەتی ڕەوای وڵاتێکیش، لە نێوان شارۆمەندانی خۆیدا، هەڵاواردن دەکات و ئەمەش ئەتوانێ بچێتە چوارچێوەی چەمکی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیییەوە.
لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان و لە ئاستی نێودەوڵەتی، ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی ئاماژە بەوە دەدات کە وڵاتانی هەژار و دواکەوتوو، سەرەڕای ئەوەی دەوری زۆر کەمتریان لە پیسکردنی ژینگە و زەویدا هەیە و بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو قازانجی زۆر کەمتریشیان لە کار و بەرهەمی کارخانەکان دەست دەکەوێت بەڵام پشکی زۆرتریان لە زبڵە ژەهراوییەکان و تێکچوونی ژینگە بەر دەکەوێت کە ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو و هەروەها کۆمپانیا زەبەلاحەکان کە بۆ قازانجی زیاتر و کەمکردنەوەی تێچووەکانیان، ئامادە نین ملکەچی قانونی وڵاتە پێشکەوتووەکان بن و زبڵەکانیان دەنێرن بۆ وڵاتانی پێشنەکەوتوو و هەژار و لەوێ بە پووڵێکی کەم چاڵیان دەکەن و هەر ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوون و تێکچوونی ژینگەی ئەو وڵاتانە کە بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە کۆمپانیایەکی هۆڵەندی بە داهاتی ساڵانەی ٢٨ ملیارد دوۆلار بکەین کە لە ئاگۆستی ٢٠٠٦، تەنیا بۆ ئەوەی کە تێچووی ٢٥٠ هەزار دۆلاری لە ناو بردنی زبڵ لە هۆڵەند نەدات، ئەو زبڵانەی برد و لە ڕۆژاوای کیشوەری ئەفریقا چاڵی کردن کە بە هۆیەوە ٦٩ کەس لە نەخۆشخانە خەوێندران و دە کەس مردن و سەد هەزار کەسیش تووشی نەخۆشی بوون[15].
هەروەها، ئەبێ ئەوەش بزانین کە پشکی زۆرتری پێشکەوتنی پێشەسازی و کەڵک وەرگرتنی لەڕادەبەدەر لە نەوت و گاز کە بووەتە هۆی گەرمیی زەوی و پیس بوونی دەریاکان و ناسک بوونی چینی ئۆزۆن، بەری وڵاتانی پێشکەوتوو ئەکەوێت بەڵام دەرەنجامە خراپەکانی، زۆرتر وڵاتانی دواکەوتوو ئەگرێتەوە و ئەمەش جۆرێکە لە ڕەگەزپەرستی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
هەروەها بڕێ کات لە ئاستی نێودەوڵەتی، کار و کردەوەی دەوڵەتان لە ناو چوارچێوەی خاکی خۆیاندا دەبێتە هۆی تێکچوونی ژینگەی وڵاتانی دیکە و ئەمەش هەر دەکەوێتە چوارچێوەی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی کە بەرچاوترین و گرینگترین نموونەی ئاوەها ڕەگەزپەرستییەک، دروستکردنی بەنداو و لێدانی تونێلی ڕێڕەوگۆڕ لە سەر ڕووبارە نێودەوڵەتییەکانە کە بەنداوی ئیلیسو و داریان (سیروان) لەو چەشنە بەنداوانەن کە بوونەتە هۆی تێکچوونی ژینگەی کوردستان و هەروەها بۆ وڵاتی ئێراقیش زیانێکی زۆریان هەیە.
وەکوو نموونەیەکی دیکەی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، دەتوانین ئاماژە بە کەیسی سەمپژێنی وڵاتی کۆلۆمبیا و سکاڵای دەوڵەتی ئیکوادۆر دژ بەو وڵاتە بکەین. دەوڵەتی کۆلۆمبیا بە مەبەستی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی گرووپی فارک و لە ناوبردنی مەزراکانی کشتوکالی کۆکایین و بە یارمەتیی دارایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە ژێر ناوی بەرنامەی کۆلۆمبیا[16] لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە دەستی کرد بە سەمپژێنی مەزراکانی کۆکایین لە پارێزگاکانی کورچی و سمرابڵ کە هاوسنووری وڵاتی ئێکوادۆر بوون. بە دەستپێکردنی ئەم سەمپژێنییە خەڵکی خۆجێییی سنوورەکانی ئێکوادۆر توشی نەخۆشی بە تایبەت نەخۆشیی پێستی، ژەهراویبوون، چاوئێشە و کەمبوونی بینایی بوون و هەروەها مەزراکانی قاوە و ژینگەکەیان تێکچوو و بەم پێیەش دەوڵەتی ئیکوادۆر، لە دیوانی نێودەوڵەتیی داد، سکڵایەکی دژ بە کۆلۆمبیا تۆمار کرد.[17]
هەر چەند دەوڵەتی کۆلۆمبیا، پاساوی دژایەتی لەگەڵ کشتوکاڵی کۆکایین و هەناردە کردن و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکانی بۆ ئەو سەمپژێنییە دەهێنایەوه بەڵام لە ڕاستیدا مەبەستی ڕەگەزپەرستانەی لە پشتەوە بوو.
٢. ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی لە کوردستان
کوردستان، وڵاتێکە کە لە لایەن چەند وڵاتی دیکەوە داگیرکراوە و تێیدا بزووتنەوە سیاسی و چەکدارییەکانیش یەک لە دوای یەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم داگیرکارییە سەریان هەڵداوە و خەڵکەکەشی هیچ کات لە هەمبەر سیاسەتی پاکتاوی فەرهەنگی و زمانیی دەوڵەتانی داگیرکەر چۆکی دانەداوە و هەر ئەمەش ڕقی ئەو دەوڵەتانەی لە هەمبەر خەڵکی کورد و نیشتمان و ژینگەکەی سەد هێندە کردووە و بۆ لە ناو بردنی بزووتنەوە کوردییەکان و پاکتاوی ئەو نەتەوەیە، لە هیچ هەوڵ و کردەوەیەک سڵیان نەکردووەتەوە و بە هەموو ئامرازێک زیانیان پێ گەیاندووە. چونکە بزووتنەوە چەکدارییەکانی کوردستان هەر لە چوارچێوەی خاکی کوردستاندا سەریان هەڵداوە و هەر لە ناو ئەو چوارچێوەیەشدا خۆیان ڕێکخستووە و بەرەنگاری دەوڵەتی داگیرکەر بوونەتەوە و هەروەها چونکە خاکی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ خاکی نەتەوە سەردەستەکان، بەپیتتر و پڕئاوتر بووە، تێکدان و تاڵانی سامان و سەرچاوە سروشتییەکانی ژینگەی کوردستان، چەقی پیلان و سیاسەتەکانی ئەم دەوڵەتانە بووە بۆ دژایەتیی بزوتنەوە کوردییەکان و نەتەوەی کورد کە ئەتوانین بڵێین هەموو ئەو هەڵسوکەوتانە دەچنە خانەی “ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی”یەوە.
دروستکردنی بەنداو و تونێلی ڕێڕەوگۆڕ بە مەبەستی فشار خستنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها گواستنەوەی ئاوی کوردستان بۆ شوێنانی دیکە، پیس کردنی سەرچاوەی دابین کردنی ئاوی شارە کوردییەکان، چاڵ کردنی زبڵ لە ژینگەی کوردستان، تێکدانی کێوەکان بۆ دانانی پاسگا و بنکەی سەربازی، ئاگرتێبەردان لە کێو و شاخەکان و بۆردومانی ئەو کێوانە، گواستنەوەی بڕێک کارخانەی کیمیاوی کە پارێزگاکانی دیکە ئامادە نین ئەو کارخانانە بە هۆی کاریگەریی خراپ لە سەر تەندروستیی خەڵک و ژینگە وەربگرن و چۆڵ کردنی گوند و شارەکانی سەر سنوور و دروست کردنی کەمەربەندی پاراستن لە ڕێگای چۆڵ کردنی ئاوایی و شارەکانی نزیک سنوور و تاد، نموونەی بەرچاوی هەڵسوکەوتگەلێکن کە دەرخەری سیاسەتی ڕەگەزپەرستیی ژینگەییی دەوڵەتانی داگیرکەر لە هەمبەر خەڵک و ژینگەی کوردستانن و لە درێژەدا هێندێکیان تاوتوێ دەکەین.
١.٢: دروستکردنی بەنداو و تونێلی ڕێڕەوگۆڕ لە سەر ڕووبارەکان
گرنگترین ئامانجەکانی پشت دروست کردنی بەنداو و تونێلی ڕێڕەوگۆڕ لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان بریتین لە:
– دابین کردنی ئاو بۆ شارەکان بە تایبەت شارە ناکوردییەکان وەکوو بەنداوی بۆکان (شەهید کازمی) کە نزیکەی ٦٠ لە سەدی ئاوی شاری تەورێز لەم بەنداوە دابین دەکرێت کە ڕێژەکەی دەکاتە پێنج میتری
سێ جا لە چرکەیەکدا و ھەنووکەش ئامادەکارییەکان بۆ گواستنەوەی پێنج میتری سێ جا لە سەدی نەورۆزلووی میاندواو بۆ ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات لە ئارادایە.[18] گواستنەوەی ئاو لە کوێستانەکانی ناوچەی لەکستان و لۆڕستان بۆ شارە ناوەندییە فارسنشینەکانی ئێران بە تایبەت ئیسفەهان یەکێکیتر لەم نموونانەیە.
– دابین کردنی ئاو بۆ کەرتی کشتوکاڵ بە تایبەت کشتوکاڵ لە ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان وەکوو خوزستان ،هەمەدان، زەنجان و بەشی تورکنشینی پارێزگای ورمێ. پرۆژەی گەرمەسێر کە بە مەبەستی گۆڕانی ڕێڕەوی ڕووباری سیروان لە خاڵی سنووری نێوان ئێران و ئێراق جێبەجێ کراوە، نموونەیەکی دیکەی ئەو پرۆژانەیە کە ئاو بۆ کەرتی کشتوکال لە دەرەوەی کوردستان دابین دەکەن.[19]
– بەرهەمهێنانی کارەبا.
– مەبەستی ژیۆپۆلیتیکی: گرنگترین مەبەستە ژیۆپۆلیتیکییەکانی پشت دروستکردنی بەنداو لە کوردستان بریتین لە ئەستەم کردنی هاتوچۆی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات و هەروەها گەریلاکانی پەکەکە لە باکوور لە شاخەکان و ناچار کردنیان بە هاتوچۆ لەو شوێنانەی کە هێزە ئەمنییەکان پێشوەختی پیلانیان بۆ داڕشتووە، فشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان و ئێراق و تەنانەت دەوڵەتی ئەسەد بە هۆی پاڵپشتی لە پەکەکە، کەم کردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، دروست کردنی ناڕەزایی لە ناو خەڵک دژ بە دەوڵەتی کوردیی هەرێمی کوردستان، ناچار کردنی خەڵک بە جێهێشتنی گوندەکان وەکوو ناوەندی دابین کردنی پێداویستیی هێزی پێشمەرگە، فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پێش بە چالاکیی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و پەکەکە بگرێت و ……
دروستکردنی ئەم بەنداو و تونێلانە بێگومان زۆرترین و خراپترین کاریگەرییان لە سەر ژینگەی کوردستان دەبێت. لە لایەکەوە دەبێتە هۆی وشک بوونی تاڵاوەکان و کەم کردنی سەرچاوە ئاوییەکانی سەر زەوی و ژێرزەوی؛ لە لایەکی دیکەشەوە هەم بە هۆی چوونە ژێر ئاوی برێک گوند و ئاوایی و تەنانەت شار وەکوو حەسەن کێف کە بە هۆی بەنداوی ئیلیسو دەچێتە ژێر ئاو و دانیشتووانەکەی ناچارن بۆ شوێنی دیکە کۆچ بکەن کە خودی ئەم کۆچە ناچارییە، یەکێک لە هەرە بەرچاوترین نمونەکانی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیییە. (هەر چەند بە هۆی سیاسەتانی زاڵ لە تورکیا، هێشتا ژمارەی ڕێکی ئەو کەسانەی کە بە هۆی دروستکردنی بەنداوی ئیلیسو ناچار بە کۆچ دەکرێن دیار نییە بەڵام بڕێک سەرچاوە باس لە ٥٠ هەزار کەس دەکەن[20] کە ژمارەیەکی یەکجار زۆرە و جۆرێک پاکتاوی ڕەگەزی و زمانیی ئەو ناوچانەیە). ئەم ژێر ئاو چوونە بەشێک لە مێژووی نەتەوەی کورد لە ناو دەبات کە لە خۆیدا ئەتوانێت هەڵسوکەوتێکی ڕەگەز پەرستانە بێت و پێش ئاوەها پرۆژەگەلێک بێ گومان دەبێت ڕای گشتیی خەڵکی ئەو ناوچانە وەربگیردرێت و لە بڕیارداندا، بەشداریی چالاکانەیان پێ بکرێت بەڵام دەوڵەتانی داگیرکەر هیچ گرنگییەک بە خواستی خەڵکی ناوچەکە نادەن و لە بڕیاردانیشدا ڕای ئەوان لە بەرچاو ناگرن و هەر بۆیە ئاوەها هەڵسوکەوتگەلێک دەچنە خانەی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیییەوە.
ئەگەر تێکچوونی کەشوهەوا و لەناوچوونی ڕێگای پەیوەندیی بڕێک ناوچە بە یەکترینەوە و هەروەها دابڕانی ئاژەڵەکانی ئەمبەر و ئەوبەری گۆماوەکەی پشتی بەنداوەکە بخەینە پاڵ کاریگەرییە ئاماژەپێکراوەکانی سەرەوە، ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە دروست کردنی ئەم ژمارە زۆرە بەنداوە لە کوردستان چ سیاسەتێکی لە پشتەوەیە.
بابەتێکی دیکە دەربارەی سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان کە ئەبێ بە گرنگییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، باسی هۆکارەکانی وشک بوونی گۆلی ورمێ و گەڵاڵەی بووژانەوەکەیەتی. ئێستا و لەم وتارەدا ئێمە نامانەوێ بچینە ناو باسی هۆکارەکانی وشکبوونی ئەو گۆلە بەڵام پێویستە ئاماژە بە یەک هۆکاری گرینگ کە بە ئەنقەست پشتگوێ ئەخرێت بکەین و ئەویش کێشانی جادەی نێوان تەورێز_ ورمێ لە ناو گۆلەکەیە. کێشانی ئەو جادەیە بەو پەلەپرووزییە و بە بێ گوێدانە کاریگەرییە خراپەکانی لە سەر ڕەوتی ئاوی گۆلەکە تەنیا بە مەبەستی ئەوە کرا کە لە زووترین کاتدا پەیوەندیی نێوان ئەو دو شارە زیاد بکەن تاکوو هەژموونی تورک کە لە ورمێ کە بە هۆی زۆرینەی دانیشتووی کوردی ئەوە شارەوە لە مەترسیدا بوو، زیاتر بکەن و پێش بە زۆرتر بوونی هەژموونی کورد لە سەر ئەو شارە ستراتژیکە بگرن کە کارەساتی وشک بوونی ئەو گۆلەی لێ کەوتەوە.
بەڵام لەوە گرینگتر، گەڵاڵەی بووژانەوەی ئەو گۆلەیە کە نمونەیەکی دیکەی هەڵسوکەوتی ڕەگەزپەرستانەی پێوە دیارە. بە بیانوی بووژاندنەوەی گۆلی ورمێ بڕیارە ساڵانە زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە زێی بچووکەوە بەرەو گۆلی ورمێ بگوازنەوە کە بۆ ئەم مەبەستە لە دەوروبەری پیرانشار بەنداوێک دروست کراوە و ٣٦ کیلۆمەتریش تونێل لێدراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە جێێ دابین کردنی پشکی سروشتیی ئاوی گۆلی ورمێ لە بەنداوەکانی بۆکان و نەورووزلوو، ئاوی ئەم دوو بەنداوە دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات.
لە لایەک دیکەوە ئەو سەرچاوە ئاوییانەی کە ئەبێ بۆ بووژانەوەی ئەو گۆلە تەرخان بکرێن، ڕووبارەکانی ناوچە کوردییەکانی پارێزگای ورمێن و بۆ بووژانەوەی ئەو گۆلە، هیچ بەشە ئاوێکی ناوچە تورکییەکانیان دانەناوە[21] کە ئەمەش لە کۆتاییدا ئەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوچە تورکییەکان و ئاستی ئابووریی ئەو ناوچانە لە چاو ناوچە کوردییەکان و خەڵکی کوردیش بەرزتر ئەبێتەوە کە لە کۆتاییشدا لە هاوکێشە سیاسییەکاندا دەستی ئەوان بە سەر کورددا زاڵ ئەکات.
باس کردن لە سەر ڕەهەندەکانی سیاسەتەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر لە هەمبەر سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان بێگومان ئەتوانێ بابەتی کتێبێکی سەربەخۆ بێت و ئێمە ئیدی لەمە زیاتر لە سەری ناچین و ئەیهێڵین بۆ کەسانی دیکە کە بابەتەکە وردتر تاوتوێ بکەن.
٢.٢: ئاگرتێبەردانی کێو و دارستانەکان و بۆردومانی ناوچە کوێستانییەکان
دەوڵەتی تورکیا بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە و ئێرانیش بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگە هەموو ڕۆژێک کێو و دارستانەکانی کوردستان بە تایبەت قەندیل و شاهۆ و کۆساڵان بۆردومان دەکەن و زیانێکی یەکجار گەورە بە ژینگەی کوردستان دەگەیەنن. بۆردومانی گوند و شارەکانی ئەم ناوچە شاخاوییانە بۆ فشار خستنە سەر هێزە چەکدارە کوردییەکان لە لایەن گوندییەکانەوە و ناچار کردنی ئەم گوندییانە بە چۆڵ کردنی گوندەکانیان بۆ بێبەشکردنی پێشمەرگەکان لە سەرچاوەی خۆراک، سیاسەتی پشت ئەم بۆردومانانەیە کە بە ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بووە بەڵام هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەم کارە دەچێتە خانەی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیییەوە.
هەروەها هێزە چەکدارە داگیرکەرەکان بە بیانووی دروست کردنی کەمەربەندی پاراستن، ئاگر لە چواردەوری پاسگا و بنکە سەربازییەکانیان بەردەدەن و زۆر کاتیش ئەم ئاگرانە لە کۆنترۆڵ دەردەچن و ئەبنە هۆی کارەساتی ژینگەیی و لە ناوچوونی ژمارەیەکی زۆر دار و ئاژەڵ و گەرم بوون و پیس بوونی هەوا و بڕێک کاتیش شەهید بوونی ئاگرکوژێنەکان کە دوا نمونەی ئەم کارەساتە لە ئاگرەکەی دارستانی مەرەخێڵ و بۆزین لە ناوچەی پاوه ڕووی دا و بە هۆیەوە سێ کەس شەهید بوون.
دانانی مین لە سەر هێڵە سنوورییەکان یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە لە شاخ و دارستانەکانی کوردستانە کە بە هۆی تەقینەوەی مینەکە و ئەو گڕەی لە ئاکامی تەقینەوەکە دروست دەبێت، ئاگر لە شاخ و کێوەکان بەردەبێت.
پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە یەکێکی دیکە لە ڕووەکانی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی، لە بابەتی ئاگرتێبەردانی شاخ و دارستانەکانی کوردستان، بە سزا نەگەیاندنی بکەرەکانە. زۆر بە دەگمەن دەبینین کەسێک بە هۆی گڕ تێبەردانی شاخ و دارستانەوە سزا بدرێت. جا ئەو بکەرە بە هۆکاری تاکەکەسیی ئەو کارەی کرد بێت یان بە پێی فەرمان لە لایەن دەزگاکانی پاراستنەوە.
٣.٢: تێکدانی کێوەکان بۆ دانانی پاسگا و بنکەی سەربازی
بە بیانووی بەهێز کردنی توانای سەربازی بە مەبەستی وەڵامدانەوەی هێرشەکان، هیچ کێو و دوندێکی کوردستان نەماوە کە دەوڵەتانی داگیرکەر جادەیان بۆ نەبردبێتەوە و لە سەریدا بنکەی سەربازییان دانەمەزراندبێت. تێکدانی ژینگە و سروشتی ئەم شاخ و دوندانە بە بیانووی پاراستنی نەتەوەیی و کۆگا کردنی چەک و تەقەمەنی لە نێو سەربازگەکاندا و ڕێگاپێدانی هاتوچۆ بۆ خەڵکی ئاسایی لەم ڕێگایانەی کە بۆ شاخەکان دروستی دەکات مەبەستی ئەوەی لە پشتە کە خەڵکی کورد وەکوو قەڵغانێک بە کار بێنێت کە هێزە چەکدارە کوردەکان بە بۆنەی پارێزراوبوونی گیانی ئەو ڕێبوار و گەشتیارانە نەتوانن هیچ چەشنە جووڵەیەکی سەربازی بکەن.
ئەڵبەت نابێ ئەمەشمان لە بیر بچێت کە زۆرێک لە بنکە سەربازییەکانی سەر شاخەکان بە چەشنێک دروست کراون کە زاڵ بن بە سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی دەوڵەتی هەرێمی کوردستان و لە کاتی پێویست بتوانن دژ بە هەرێمی کوردستان لەم بنکانە چالاکییان هەبێت.
٤.٢: پیس کردنی سەرچاوەی دابین کردنی ئاوی شارە کوردییەکان
ڕەنگە زۆر بە کەمی تیشک خرابێتە سەر ئەم باسە کە بە بڕوای ئێمە یەکێک لە پیسترین سیاسەتە ژینگەیییەکانە کە دەوڵەتە داگیرکارەکان لە ئاست خەڵکی کورد بەڕێوی دەبەن. هەر ڕۆژ لە هەواڵەکاندا بڵاو دەبێتەوە کە گوایە تانکەرێکی هەڵگری مادە کیمیاوییەکان لە یەکێک لە بەنداوەکانی کوردستان بە تایبەت بەنداوی قشڵاق کە ئاوی شاری سنەی پێ دابین دەکرێت بەربووەتەوە بەڵام قەت باسی دەرەنجامەکانی ئەو کارەساتە لە سەر تەندروستیی خەڵک نەکراوە و قەتیش ڕێکارەکانی دەوڵەت بۆ خاوێن کردنەوەی ئاوی بەنداوەکان دوای ئەو ڕووداوە باس نەکراوە. بە پێی بڕێک ئاماری زارەکی کە بە داخەوە هیچ ناوەندێکی لێکۆڵینەوە لێی نەکۆڵیوەتەوە و دەوڵەتیش ڕێگا نادات لەو بارەیەوە باسێک بکرێت، دوای بەربوونەوەی چەند جارەی تانکەر لە ناو بەنداوی قشڵاق، ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە سنە بە ئیفلیجی یان ناتەندروست لە دایک دەبن ڕووی لە زیادبوون کردووە کە هۆکارەکە هەر ئەو مادەی کیمیاوییانەن کە تێکەڵ بە ئاوی شارەکە بوون.
وەکوو دوا خاڵ پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین لە بەشەکانی پێشووداباسمان کرد کە ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی دەتوانێت بە شێوازی کەمتەرخەمی و خۆگێلکردن لە کردنی کارێک یان جێبەجێکردنی ئەرکێک بێت و خودی ئەم کەمتەرخەمیی دەوڵەتە لە هەمبەر دوبارەبوونەوەی حاڵەتەکانی بەربوونەوەی تانکەر بۆ ناو بەنداو و چەم و ڕووبارەکانی کوردستان و هەروەها خاوێن نەکردنەوەیان دوای ڕووداوەکە، یەکێک لە نمونەکانی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیییە.
پێشنیار
گرنگترین شتێک کە بۆ سەڵماندنی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی لە کوردستان پێویستمان پێیەتی، ئامار و دەیتای ئەو کار و چالاکی و کردەوانەیە کە دەوڵەتانی داگیرکەر لە هەمبەر ژینگەی کوردستان ئەنجامی دەدەن کە بە هۆی نەبوونی دەوڵەت و ناوەندی لێکۆڵینەوە، ئەم ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکان و چالاکەکانی ناوخۆ و هەروەها حیزبە کوردستانییەکان. وەکوو پێشنیارێک داوا لەم ئەنجومەن و حیزبە کوردستانییانە دەکرێت ناوەندێکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دابمەزرێنن و بە وردی چاودێریی هەموو ئەو هەڵسوکەوتانە بکەن و ئامار و دەیتای پێویست لەم بارەیەوە کۆ بکەنەوە کە لە کاتی گونجاوی خۆی، بکرێت لە ڕێگە دیوانگەلی نێودەوڵەتی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم دۆخە کەڵکیان لێ وەربگیرێت.
دەرەنجام
تیوریی “ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی” گونجاوترین تیۆری و بیرۆکەیە بۆ لێکدانەوەی سیاسەتەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لە هەمبەر خەڵک و ژینگەی کوردستان. تیۆریی “ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی” ئەو دێرانەی تێدایە کە ئێمەی نەتەوەی کوردیش بتوانین بە پێی تایبەتمەندییەکانی نیشتمانی خۆمان، خوێندنەوەی بۆ بکەن و لەگەڵ بارودۆخی زاڵ بە سەر کوردستان بیگونجێنین. بێ دوودڵی ئەتوانین بڵێین هەموو هەڵسووکەتەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لە هەمبەر ژینگەی کوردستان، بە پێی پیلانێکی پێشوەختەیە کە بە مەبەستی پاکتاوی ڕەگەزی و زمانی و فەرهەنگیی کورد لە ناوچە کوردییەکان داڕێژاوە کە نموونە هەرە دیارەکانی ئەم هەڵسوکەوتانە بریتین لە سیاسەتەکانی ئەو دەوڵەتانە لە هەمبەر سەرچاوە ئاوییەکان بە تایبەت دروست کردنی بەنداو و تونێلی ڕێڕەوگۆڕ، ئاگرتێبەردانی کێو و دارستانەکان، ژەهراویکردنی ئاوی بەنداوەکان، چاڵ کردنی زبڵە کیمیایییەکان لە جۆگرافیای کوردستان، تێکدانی کوێستانەکان بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی و ….
سەرچاوەکان
- Defining environmental justice and environmental racism, Ryan Holifiel, Urban Geography · February 2001,22, 1, pp. 78–90
- Environmental Justice, Low-Income and Minority Populations, and Forest Management in the Northwest Forest Plan Area- Susan Charnley, Delilah Jaworski, Heidi Huber-Stearns, Eric M. White, Elisabeth Grinspoon, Rebecca J. McLain, and Lee Cerveny-Synthesis of Science to Inform Land Management Within the Northwest Forest Plan Area
3- Environmental Racism, American Exceptionalism, and Cold War Human Rights Carmen G. Gonzalez, Transnational Law & Contemporary Problems, Vol. 26, summer 20017, pp 281-315
4-“Nigger” and “Nature: Expanding the Concept of Environmental Racism, Larry Lohmann, World Rainforest Movement Bulletin 223 (April 2016)
5-Turkey wants to fill the Ilisu Dam Reservoir- Dursun Yıldız- “, World Water Diplomacy & Science News. Hydropolitics Academy Center , July 2018 ,Ankara.-Turkey
٦. مهدی عباسی سرمدی و رضا اسدی خمامی_ مفهوم عدالت زيست محیطی و انعكاس آن در اسناد منطقهای و بینالمللی_ فصلنامهی راهبرد_ سال بیست و چهارم_ شماره 77_ زمستان 1394_ صص 57-3٣
٨٧. بابك وثوقي فرد_ قضيهی سمپاشی هوايی (اكوادور عليه كلمبيا) تريل اسملتر قرن بيست يكم؟_ مجلهی حقوقی بينالمللی_ نشريهی مركز امور حقوقی بينالمللی رياست جمهوری_ سال بيست نهم_ شماره 47_ ١٣٩2_صص ١٣٩ تا ١٥٨
٧. مەنسوور سۆهرابی. جێ پێی سیاسەت لە ژینگەدا. گۆڤاری دوارۆژ ژومارە ٩٢
ماڵپەڕەکان
[1]– Environmental Racism
[2]– Defining environmental justice and environmental racism-Ryan Holifield-p78
[3]– Environmental Justice
[4]-Environmental Justice, Low-Income and Minority Populations, and Forest Management in the Northwest Forest Plan Area- Susan Charnley, Delilah Jaworski, Heidi Huber-Stearns, Eric M. White, Elisabeth Grinspoon, Rebecca J. McLain, and Lee Cerveny-p 809
[5]– Environmental Racism, American Exceptionalism, and Cold War Human Rights Carmen G. Gonzalez, p 282
[6]– Inter-American Commission on Human Rights (IACHR)
[7]-Mossville Environmental Action Now v. United States
[8]— Defining environmental justice and environmental racism-Ryan Holifield-p 83
[9]– Environmental Racism, American Exceptionalism, and Cold War Human Rights Carmen G. Gonzalez, p 281
[10]-Environmental Racism, American Exceptionalism, and Cold War Human Rights Carmen G. Gonzalez, p 282
[11]-“Nigger” and “Nature: Expanding the Concept of Environmental Racism, Larry Lohmann,p2
[12]-Environmental Racism, American Exceptionalism, and Cold War Human Rights Carmen G. Gonzalez, p 282
[13]-“Not in my back yard”
[14]– Location
[15]– مهدی عباسی سرمدی و رضا اسدی خمامی_ مفهوم عدالت زيست محیطی و انعكاس آن در اسناد منطقهای و بینالمللی_ ل ٤٣
[16] – Plan Colombia
[17]– بابك وثوقي فرد_ قضيهی سمپاشی هوايی (اكوادور عليه كلمبيا)، تريل اسملتر و قرن بيست يكم؟_ ل١٤٧ تا ١٥٢
[18]– ئەم ئامارە لە لایەن بەڕێوەبەری گشتی ئاوی پارێزگای تەورێز (عەلیڕەزا ئیمانلوو) خراوەتە ڕوو لە وتووێژ لەتەک ماڵپەڕی ئاناج.
www.anaj.ir
[19]– دەتوانن بۆ دەسکەوتنی زانیاری زۆرتر لە سەر ئەو بەنداو و تونێلانەی کە لە سەر ڕووباری سیروان درووست کراون سەردانی ئەم وتارە بکەن:
خوێندنەوەیێکی مافی سەبارەت بە دروستکردنی بەنداو و تونێل لە سەر ڕووباری “سیروان” (خوێندنەوەیێکی تایبەت بەنداوی داریان و پرۆژەی گەرمەسێر)- قارەمان کەریمی- ماڵپەڕی مافنامە www.mfname.com
[20]-Turkey wants to fill the Ilisu Dam Reservoir-Dursun Yıldız- p1
[21]– بۆ بینینی ئەم ڕاستییە ئەتوانن سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای بووژانەوەی گۆلی ورمێ بکەن.www.ulrp.ir


