ئارامتر بخوێنەوە!

شوناسخوازیی نە‌تەوەیی لە فەزای سایبێرنێتیک

ڕێباز قادری

شوناس چەمکێکە کە گۆزارشت لە ڕەوشت و کردەوەی تاک دەکات کە ڕیشەی لە بارهێنانی بنەماڵەیی، پەروەردەی فەرهەنگی و باوەڕگەلی کۆمەڵایەتیدا هەیە و کەسیەتیی تاکێک یان کۆمەڵگایەک پێکدهێنێت. کارەکتێرە دیارەکانی شوناس لە ئاستی کۆمەڵگادا، چوارچێوەی بنەرەتیی “شوناسی نەتەوەیی” پێکدەهێنن و ئەم جۆرە لە شوناس، نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی ترجیادەکەنەوە.


پوختەی وتار

گەشەی لەڕادەبەدەری زانیارییەکان و تەنینەوەی هەموو جیهان بە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئینتێرنێت”، فەزایەکی خۆڵقاندووە کە پێدەچێت هەموو دنیا له ‌بواری فەرهەنگی و شوناسەوە بەرەو ئاقارێکی یەکدەست و یەکڕەنگ بروات. گەشە و تەقینەوەی زانیارییەکان لە فەزای مەجازیدا، ڕۆڵێکی دوولایەنەی لە زۆرێک لە وڵاتانی لێ کەوتەوەتەوە. وا پێدەچێت کە لە ئاکامی تێکنۆلۆژیی زانیارییەکان(IT)، زۆربەی وڵاتانی جیهان لە بواری شوناس و شوێنەو‌اری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەرەو یەکدەستی و یەکرەنگی بڕۆن بەڵام لە هەمان کاتدا، فەزای سایبێری و ئینتێرنێت لە بەشێک لە کۆمەڵگای جیهانی بە تایبەت ئەو و‌ڵاتانەی کە لە کەمینە ئایینی و نەتەوەیییەکان پێکدین، دەرتانی خۆناسینەوەی شوناسی نەتەوەیی و ئایینیی خۆڵقاندووە.

لەم وتارەدا‌ کە بەشێوەیەکی زانستی و بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازی(تەوسیفی – تەحلیلی) ئامادەکراوە، هەوڵ دەرێت وڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە: ئایا‌ فەزای سایبێرنێتیک لە پرسی شوناس، دەتوانێ ڕۆڵێکی دوولایەنەی هەبێت؟


وشەسەرەکییەکان:

فەزای سایبێرنێنتیک، شوناس، شوناسی نەتەوەیی، شوناسی ئەتنیکی، کوردستان


1-پێشەکی

پەرەسەندنی خێرای فەزای زانیارییەکان و تەنینەوەی هەموو جیهان بە تۆڕی ئینتێرنێت، بە شێوەیەکی کردەیی دۆنیای وەک گۆندێکی بچووک دەرهێناوە و گۆڕینەوەی زانیارییەکانی لە زووترین کاتدا پراکتیزەکردووە. پێکەوەنووسانی “کات” و “شوێن” لە فەزای مەجازیدا لەلایە‌کەوە، شێوەیەک لەویکچوون(هەمسانی)ی لە زۆربواردا لە زۆربەی وڵاتان خۆڵقاندووە و لە لایەکی ترەوە دژکردەوەی کەمینە ئێتنیکییەکانی بۆپاراستنی فەرهەنگ و کەلتووری نەتەوەیی و خۆماڵی لە بەرانبەر تەوژمی فەرهەنگی زاڵی جیهانی لێ کەوتووەتەوە.

هەرئێستا چەمکی گرینگ لە پانتاییی زانستی ئینسانی، دیاردەی بەجیهانیبوون و وەیەکچوونی فەرهەنگییه؛ بەشێوەیەک کە دەڵێن جیهان لەبەر تیشکی تێکنۆلۆژیی پەیوەندی-زانیاریی نوێ، بەشێوەیەکی خێرا بەرەویەکبوون و توانەوە لەنێو فەرهەنگی زاڵی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا دەڕوات. لەم پێناوەدا، دیاردەی “ئینتێرنێت” وەک یەکێک لە شوێندانەرترین کەرەسەکانی بەجیهانیبوون باسی لێوە دەکرێت.

هەرچەندە هەنووکە، تێکنۆلۆژیی زانیارییەکان تاڕادەیەکی زۆر، کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانی بەرەو ئاوێتە‌بوونی(ئاسیمیلاسیون) فەرهەنگی بردووە؛ بەڵام هەرئەم شەپۆلە نوێیە لە بەشێک لە وەڵاتان بەتایبەت لە بازنەی کاریگەریی کەمینە نەتەوەیییەکان، خۆناسینەوە و پاراستنی فەرهەنگ و شوناسی نەتەوایەتیی ئەوانی لە بەرانبەر هەڕەشەی توانەوەی فەرهەنگی زاڵی جیهانی و ناوچەیی لێ کەوتووەتەوە.

هەرئیستا لەبەشێک لەو وڵاتانەی کە گرووپی نەتەوەییی زاڵ، ‌هەوڵی لەناوبردن و توانەوەی فەرهەنگی کەمینە نەتەوەییەکانی ژێردەستی خۆی دەدات، دیاردەی “ئینتێرنێت” و فەزای سایبێر، دەرتانێکی زۆرباشی بۆنواندنی فەرهەنگی گرووپ گەلی نەتەوەیی و کەمینە ئێتنیکی و ئایینەکانی پێکهێناوە.


2-چەمکە گشتییەکان

2-1- شوناس

شوناس(هویت)، هەڵگری” کەسییەتی”ی مرۆڤە، واتە تاک یان گرووپێکی ئێنسانی، خۆی چۆن پێناسە دەکا و دەیهەوێ چۆن خۆی بناسینێت و یان چۆن بناسرێت. شوناس، وڵامێکە بۆ پێویستییەکی سروشتی لە نێو مرۆڤ لە پێناو ناساندنی خۆی لە چوارچێوەی زەنجیرەیەک لەدیاردەگەلی فەرهەنگی، مێژوویی و جۆگرافیاییدا(مۆجتەهێدزادە، 1381، 66).

شوناس بە مانای چێیەتی و کییەتییە و لە پێداویستییەکی سروشتیی ئێنسان، بە ناساندن بە شتێک و یان شوێنێکەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەم هەستە گرێدراوە، لە سەربنەمایەکی دەروونی(غریزی)ی هەڵقۆڵاوه. دابین بوونی ئەم پێداویستییە، دەبێتەهۆی “خۆدئاگاهی”ی تاکی لە مرۆڤدا و تێراو بوونی ئەم ویستە لەنێوگرووپێکی ئێنسانی، خۆدئاگاهیی بەکۆمەڵ و هاوبەش یان” شوناس”ی قەومی، هۆزەکی و یان نەتەوەییی ئەوگرووپە. ئەم خۆدئاگاهییە لە کاتێکدا ئاستی نەتەوەیی بەخۆی دەگرێ کە لە بەراورد لەگەڵ شوناسی گرووپێک لە نەتەوەکانی ترهەڵسەنگێندرێت(مۆجتەهێدزادە، 1387، 145).

شوناس چەمکێکە کە گۆزارشت لە ڕەوشت و کردەوەی تاک دەکات کە ڕیشەی لە بارهێنانی بنەماڵەیی، پەروەردەی فەرهەنگی و باوەڕگەلی کۆمەڵایەتیدا هەیە و کەسیەتیی تاکێک یان کۆمەڵگایەک پێکدهێنێت. کارەکتێرە دیارەکانی شوناس لە ئاستی کۆمەڵگادا، چوارچێوەی بنەرەتیی “شوناسی نەتەوەیی” پێکدەهێنن و ئەم جۆرە لە شوناس، نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی ترجیادەکەنەوە.

شوناسی نەتەوەیی لەسەربناغەی ئاڵوگۆڕی پێکهاتەی سیاسی، باوەڕگەلی فەرهەنگی و کراوەیی ئەو لە ڕووی پەروەردەی تری فەرهەنگی، تووشی لێکترازان دەبێ و بە چەمکێکی ڕێژەیی و ئەمڕۆیی وەردەگێردرێت(حەقدار، 1380، 188).

“شوناس” سەرچاوەی مەعنا و ئەزموون بۆ خەڵکی کۆمەڵگایەک دەبێت. هەروەهاکە ” کالهێن” دەنووسێ هیچ خەڵکێکی بێ ناونیشان ناناسین و هیچ زمان و کەلتوورێک بەدی ناکرێت کە لە نێوان خۆی و ئەویتر، ئێمە و ئەوان، جیایی پێکنەهێنێت. لە حەقیقەتدا، ناسینەوەی بوونی هەرتاکێک لە ڕەوتێکی درێژخایەن لەجیاکردنەوە لە ئەوانیتر پێکدێت. ئیتنیکی ئێمە و ئیتنیکی ئیوە، ئایینی ئێمە و ئایینی ئێوە، وڵاتی ئێمە و وڵاتی ئەوان(مەدەدپوور، 1383، 63).

کاستێلز، شوناس بە ڕەوتێک لە ماناسازی دەزانێت کە لە سەر بناغەی تایبەتمەندییەکی فەرهەنگی پێناسە دەکرێ(هەمان سەرچاوە، 63).

خاڵێکی تر کە دەبێ لە شرۆڤەی شوناسدا ڕەچاو بکرێت، ڕووبەڕووبوونەوەی(تقابل) بۆچوونە دەروونناسی و کۆمەڵناسییەکانە لە ئاست ئەم چەمکەدا.

بەشێک لە بیرمەندانی کۆمەڵناسی‌، شوناس لە ئاستێکی تاکی و دەروونناسییەوە باس دەکەن بەڵام بەشێکی تروەک “هێربێرت مید” شوناس لە چوارچیوەی کۆمەڵگادا شرۆڤە دەکات و چەمکی”شوناسی کۆمەڵی”، بۆ پەیوەندی لە نێوان تاک و کۆمەڵگا بەکار دەهێنێت(دەوران، 1382، 62).

لە جیهانێک کە تووشی ئاڵوگۆڕێکی وەها خێراهاتووە، خەڵک بە دەسپێکی نو‌ێ و لە دەوروبەری شوناسگەلی ئایینی، ئێتنیکی، سەرزەوینی و نەتەوەیی، کۆدەبنەوە(کاستێلز، 1380، 29).

لەم نێوەدا، شوناسی نەتەوەیی، بۆ یەکگرتووکردنی کۆمەڵگا و بەرگری لە پەرتەوازەبوون، ڕۆڵێکی بنەرەتیی ‌هەیە. لە واقیعدا، شوناسی نەتەوەیی وەک چەترێکی سێبەرهێنەر، هەموو وردەکەلتوورەکان بەرەو یەکگەرتووییی نەتەوەیی لە ئاستی وڵاتدا کۆدەکاتەوە(هەمان، 63).

شوناسی نەتەوەیی یان شوناسی کۆمەڵگەیی، بەرزترین ئاستی شوناسی کۆمەڵی لە نێو هەر وڵاتێکە و شوناس وەرگرتن لەم ئاستە(لە گەڵ نەتەوەیەک) سەرچاوەی شوناسی کۆمەڵی و لە ئاکامدا شێوەیەک لە هەستی خۆ- کۆمەڵی(خودجمعی)، کە بە شوناسی نەتەوەیی پێناسە دەکرێت؛ دێنێتە کایەوە(دەوران، 1382، 62).

شێخاوەندی، شوناسی نەتەوەیی بە دوایین شوناسی وەرگیراو(اکتسابی) دەزانێ کە لە ڕەوتی(Sociability) لە لایەن بنەماڵە، قۆتابخانە و میدیاوە وەردەگێردرێت(هەمان، 63).

هەرلە کۆنەوە لە پاڵ شوناسەکانی تاکی و نەتەوەیی، شوناسی ئێتنیکی و ئایینیش لە ئارادا بووە. لەو وڵاتانەی کە بە هۆی دەسەڵاتێکی شۆڤێنی و پاوانخوازەوە، دەرەتانی بووژانەوەی شوناسی کەمینە نەتەوەیییەکان لە چوارچێوەی  وڵاتەکەیاندا نادرێ و بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنی فەرهەنگ و کەلتووری ئەوان دەدرێ؛ ئەو جۆرە لە زەخت نواندن لە ئاستی وڵاتدا، دەبێتە هۆی بووژانەوەی هەستی خۆئاگاییی نەتەوەیی لە نێو ئەو کەمینانەدا؛ کە ئاکامەکەی هوشیاری و شوناسخوازیی ئیتنیکیی لێ دەکەوێتەوە.

دیوانی سزای نێونەتەوەییی ڕواندا، لە پێناسەیەکدا، گرووپی ئێتنیکی بەم جۆرە پێناسە دەکات: “گرووپی قەومی بە گشتی بە گرووپێک دەوترێت کە لە بواری زمان یان فەرهەنگدا پەیوەندیی هاوبەشیان هەبێت”. لە شوێنێکی تر دەڵێت: گرووپی ئێتنیکی گرووپێکە کە بەو جۆرەی کە هەن خۆیان دەناسێنن و خۆیان لە ئەوانیتر بەجیا دەزانن و یان گرووپێکە کە لەلایەن ئەوانی ترەوە، بەتایبەت تاوانباران، بە گرووپێکی جیا لە خۆیان دەناسێنرێن(عەزیزی، ، 1385 ، 75).


2-2- فەزای سایبێرنێتیک

“وینێر”[1] وەک خۆڵقێنەری زانستی سایبێرنێتیک دەڵێت: وشەی “سایبێرنێتیک” لە بوارەی بنچکەوە، وشەیێکی گریکی(یوونانی)یە، واتە “کۆبرنیتس” بە مانای سۆکاندار و وەرگیراوە(دەوران، 1382، 58).

“کیزا” فەزای سایبێر بە فەزایەک دەناسێ کە هەڵقوڵاوی زانیاریی نادیارە. زانیارییەک کە دەتوانێ شێوازی جۆراوجۆری هەبێت. ئەوبۆ ناسینی ئەم چەمکە و ڕوونکردنەوەیەکی باشتر بۆ ئەم فەزایە، تۆخمگەلی ئەم فەزایە وەک ئینتێرنێت یان تۆڕی جیهانی دێنێتە کایەوە(هەمان، 58).

بەشێک لە بیرمەندان فەزای مەجازی وەک کۆمەڵگایەک دەشۆبهێنن و لە پێناسەکردنیدا دەڵێن: کۆمەڵگای مەجازی بریتییە لە ئەزموونی هاوبەش لە فەزای پەیوەندییەکان، لەگەڵ کەسانێک کە نابینرێن(نیکفەرجام، 1385، 116).

فەزای مەجازی بە پێچەوانەی فەزای واقیعی، شوێنێکە کە مرۆڤ “نیشتەجێ” شوێنێکە کە بوونی ماددیی نییە بەڵام هەبوونی هەیە. هەروا کە ئەم فەزا بێ شۆێنه، ‌لەبەرئەوەی کە لە چوارچێوەی فەزای ماددیدا پێناسە ناکرێ، یاساگەلی فیزیکی لەم فەزایە کاریگەرییان نییە. لە فەزای مەجازیدا “بەرچاوگەی فەرهەنگی”[2] بە شوێنێک دەگۆترێ کە‌ ڕووبارەکان دەتوانن بەرەو ژووراییی تەپۆڵکەکان ڕەوان ببن و یان دارستانێکی شووشەیی لە دارەکان سەوزببێت(وەسووقی، 1375، 56).

هەنووکە پێشکەوتن و گەشەی خێرای تێکنۆلۆژی، هیچ جۆرە بەرنگارییەک هەڵناگرێت و تێچووی پێویست بۆ دروستکردنی پەیوەندی بە شێوەیەکی باوەڕنەکراو دابەزیوە.

پێدەچێت لەم بەرەنگار بوونەوەیەدا “کات”[3] تەنیا تەسلیم بوونی بۆ مابێتەوە و “فەزا”ش چارەنووسێکی هاوشێوەی “کات”ی بۆ چاوەڕێی دەکرێت و بە شێوەیەکی بێ وێنە، فەزا، چکۆلە و چکۆلەتردەبێتەوە(گۆڵ مۆحەمەدی، 1383).

لە کۆتاییی دەیەی 1970ی زایینی، ئینتێرنێت لە پانتاییی جیهاندا خۆی نیشان دا و لە دەیەی هەشتای زایینیدا، ئەم تۆڕە گشتییە” ئینتێرنێت” ناو نرا.

ئینتێرنێت لە ماوەیەکی کورتدا بە شێوەیەکی خێرا و سەرسوڕهێنەر گەشەی سەند. لە سەرەتادا سەدان و هەزاران زانکۆ، سەنتەری زانستی و ناوەندی دەۆڵەتی، کامپیوتێرەکانیان بەم تۆڕە نوێیەوە بەستەوە.

لە دەیە ی1990ی ز، ئینتێرنێت لە گەشەی خۆیدا هەروا بەخێرایی گەشەی کرد؛ کە بە پێی بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان، رێژەی پەیامەکان کە لە ڕێگای ئینتێرنێتەوە دەنێردرا، هەرمانگێک بە ڕێژە لە گەڵ مانگی پێشووی، 20% زۆرتر دەبوو(وەسووقی، 1375، 54).

ڕۆژگارێک خێراییی ناردنی دەیتا لە چوارچێوەی ئینتێرنێتدا لە وڵاتی ئامریکا 56000 “بیت”[4] لە یەک چرکەدا بوو(هەر پیتێک 8بیت دەبێت). لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ئاشکرا بوو کە ئەم خێرایییە بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان زۆر کز و لاوازە. دوای چەند ساڵ خێرایی گەیشتە یەک و نێو ملوێن بیت لە چرکەدا‌ و ئیستا(1995) بە 45 ملوێن بیت لە یەک چرکەدا گەیشتووە. ئەم خێرایییه، ‌هێشتا دڵخوازی کارناسان نییە و ئەوان هەوڵ دەدەن خێراییی ئینتێرنێت بە دوو مێلیارد بیت لە چرکەیەکدا‌ بگەیەنن؛ کە ئەگەر ڕوو بدات، دەتوانرێت هەموو ئینسکلۆپیدیای بریتانیکا کە نزیک بە 30000 لاپەرەیە، لە ماوەی یەک یان دوو چرکەدا، بۆ هەرشوێنێک بنێردرێت(هەمان، 54).

 هەنووکە نیشتەجێبوون لە فەزای مەجازیدا کارێکی زۆر سادەیە. کامپیووتێرێک و مۆدێمێک دەتوانێ بە ئاسانی پەیوەندیت بە ئینتێرنێتەوە ساز بکات. بێ گۆمان ئینتێرنێت، تەنیا شوێنێکە بۆ چوونەناوەوەی، پێویستی بە ئیزن و ویزا نییە(هەمان، 61).

لە ڕوانگەی بەشێک لە بەکاربەرانی ئینتێرنێت، فەزای مەجازی یان سایبێر، شوێنێکی رەها و ئازاد لە هەر جۆرە کۆت و بەندێکه. ‌کە ئەم بۆچوونە دەتوانێت وەک فەزایەکی جیاواز شرۆڤە بکات.

ئەو پێوەرانەی کە چەمکەکانی شوناس و فەزای سایبێرنێتیک زەق دەکەنەوە بریتین لە:

  • “شوناس” وەک سەرچاوەی مانا و هەڵگری کەسیەتیی تاک و کۆمەڵگایە؛
  • “شوناس” کاردانەوەیەکی دوولایەنەی هەم لە سۆنگەی تاکی و دەروونناسی‌ و هەم لە سۆنگەی کۆمەلایەتیدا ‌هەیە؛
  • شوناسی نەتەوەیی، بەرزترین ئاستی شوناس لە هەر وڵاتێکدایە؛
  • ناساندنەوە و دۆزینەوەی شوناسگەلی نەتەوەیی و ئیێتنیکی لە ڕەوتی بەجیهانیبووندا ڕوودەدات؛
  • شوناس، لە ڕەوتی وەرگرتنی کۆمەڵگە(جامعەپذیری)دا وەردەگێردرێت؛
  • “فەزای سایبێر”، وەک کۆمەڵگایەک دێتە ئەژمار کە خەڵکانی نابینرێن؛
  • فەزای سایبێر، بە وتەی بەکاربەرانی ئازاد و رەها لە هەر کۆت و بەندێکە؛
  • گەشەی لە ڕادەبەدەری فەزای سایبێر و پەیوەندییەکان، بە باوەڕی بەشێک لە ڵێکۆڵەران، سنووری دەوڵەت-نەتەوە(nation-state) دەڕووخێنێ.



3- “شوناس”[5] لە فەزای سایبێر

لەم سەدەیەدا، کە بە ‌سەدەی تەقینەوەی زانیارییەکان ناودێر کراوە، ئایا شوناسی‌ نەتەوەیی و ئێتنیکی، بە هۆی فەزای “سایبێرنێتیک”ەوە لە ڕووبەڕووبوون لەگەڵ شەپۆلی زەبەلاحی فەرهەنگی ڕۆژئاوا، تووشی توانەوە و ئاسمیلاسیوونی فەرهەنگی دەبن یان ئەم فەزایه، ‌دەرەتانێک بۆ رزگاربوون و پارێزەری لە کەلتوور و فەرهەنگی خۆماڵی، بۆ گەلان و بە تایبەت بۆ نەتەوە ژێردەستەکان، دێنێتە کایە؟

 لە وڵامی ئەم پرسیارەدا دوو ڕوانگەی جیاوازهەیە. لە ڕوانگەی کەسانێکەوە، گەشە و پەرسەندنی خێرای پەیوەندییەکان لە ڕێگای میدیا و تۆڕە ئینتێرنێتییەکانەوە، بە شێنەیی و لەسەرخۆ، شوناسی نەتەوەیی و ئێتنیکی کز و لاواز دەکا و ڕاکێشان بەرەو شوناسێکی نوێ دەخۆڵقێنێ کە تایبەتمەندییەکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی یەکدەست و یە‌کڕەنگ پێکدەهێنێ. گەشبینان بڕوایان وایە کە پەرەسەندنی خێرای پەیوەندییەکان، پەراوێزخران و ناوچەگەرایی کەمڕەنگ دەکاتەوە و هەموو فەرهەنگەکان تێکەڵ بە فەرهەنگی زاڵی جیهانی دەبن و لە یەکتر نزیک دەبنەوە.

“تۆڕ”[6]، هیچ جۆرە سنووورێکی “دەوڵەت -نەتەوه”[7] ‌ناناسێنێ و سنوورە نەتەوەیییەکان بە شێوەیەکی ڕوولەگەشه، لە ژێرکاریگەریی فەرهەنگی زاڵی جیهانی، بێ مانا دەکات. ئێمە لە شوێنێک دەتوانین پێکهاتەی لەش بین و لە شوێنێکی تر ڕۆح(دەوران، 1382، 73).

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییه کە ‌”‌جیهانیبوون”[8] بەمانای پێکهێنانی پەیوەندیی ‌دوو لایەنە لە نیوان کۆمەڵگاکانە، “فەرهەنگ”[9] لە زۆربواردا وەک ڕاستەوخۆترین، سەرەکیترین و بینراوترین تۆخمێکە کە ‌لە ڕێگەی ‌ئەم جۆرە پەیوەندیانەوە لە ژیانی ڕۆژانەدا‌ ئەزموون دەکرێت(مۆحسنی، 1380، 120).

لە لایەکی ترەوە‌ ڕۆانگەیەک لەو باوەڕەدایە کە پەرەسەندنی خێرای زانیارییەکان و گەشەی لەڕادەبەدەری فەزای سایبێرنێتیک، هەرچەندە تا ڕادەیەک دەبێتە هۆی لەناوچوونی سنوورە نەتەوەیییەکان و هەموو خەڵکی جیهان بەرەو فەرهەنگێکی هاوبەش ڕێنوێنی دەکات؛ بەڵام لەهەمان کاتدا، ئەم تێکنۆلۆژییە نوێیە، دەبێتە هۆی ناسینەوەیەکی نوێ‌ لە شوناسی نەتەوەییی گرووپە ئێتینکییەکان.

“کاستێلز” لاواز بوونی سنوورە نەتەوەیییەکان و سەرهەڵدانەوەی بزوتنەوە نەتەوەخوازەکان، بە ڕەوتێکی “هاوکاتی”[10] دەزانێ‌. بەم مانایه ‌کە پەرسەندنی خێرای زانیارییەکان و دزەکردنی تۆڕی جیهانیی ئینتێرنێت لە ناخی فەرهەنگەکان و نەتەوە جۆراوجۆرەکان، دەبێتە هۆی کزبوونی شوناسی نەتەوەیییان. له لایەکی ترەوه، هەمان نەتەوە بە کەڵک وەرگرتن لەم شێوازە لە تەکنیک، خۆناسینەوەیەکی نوێ لە خۆیان دەکەن و لەم ڕێگەیەوە شوناس و کەلتووری ‌نەتەوەیییان دەوڵەمەند و پارێزراودەکەن(دەوران، 1382، 73).

لە کۆمەڵگایەکی نوێ کە خەریکی خۆنواندنە، ئاڵوگۆڕی پێکهاتەیی لە بەرهەمهێنانی دەسەڵات و هەروەها پەیوەندیی کۆمەڵایەتیدا دەبینین. ئەم جۆرە لە ئاڵوگۆڕ، بە شێوەیەکی بنەرەتی، لە فۆڕمە کۆمەڵایەتییەکانی “شوێن”[11] و ” کات”، ئاڵوگۆڕ پێکدەهێنێت کە ئاکامەکەی سەرهەڵدانی فەرهەنگێکی نوێ دەبێ(مەدەدپوور، 1383، 61).

“کاستێلز” دەڵێ هەرچەندە لە بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگاکان، بە هۆی زانیارییەکانەوە، هاوشێوەیەکی زۆر دەبیندرێ، بەڵام جۆراوجۆریی فەرهەنگی لە کۆمەڵگاکاندا هەروا وەک واقیعێکی بەرچاو خۆ دەنوێنێ. بەم جۆرە یەکگرتوویی و یەکبوونی ژاپۆن یان جیاواز بوونی ئێسپانیا لە جووڵەیەکی سەرلەنوێ بەرەو نوێکردنەوەی جیهانی، کە ئەم جارە لە ڕێگای خێراییی گەشەی ئینتێرنێت لە وڵاتەکان پێوانە دەکرێت، لە ڕەوتی لەنێۆبردنی جیاوازییە فەرهەنگییەکان بێ ڕەنگ دەبێت(هەمان، 62).

کاتێک تۆڕەکان “کات” و “شوێن” لەناو دەبەن، خەڵک ناچار دەبن کە خۆیان بەشتانێکەوە ببەستنەوە و شوناسی مێژووییی خۆیان بدۆزنەوە. ئەم جۆرە لە هەڵویستی بەرەنگارانە لە ڕێگای سازدانی هێما‌ی فەرهەنگیی نوێ لە ڕێگای کەرەسە و مەوادی مێژوویی، دەکرێت بە سەرچاویەکی نوێی شوناس و مەعنا(مەدەپوور، 1383، 65).

لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وڵاتی ئینتێرنێت، مرۆڤ ڕووبەڕووی هێرشی زانیاری و فەرهەنگگەلێک دەبێتەوە کە تایبەت بە وڵات یان نەتەوەیەک نین. ئەوەی کە هەنووکە پتر لە هەرشتێک لەبەرچاوە، شێوەیەک لە وەرگرتنی پەیامی تۆڕە جیهانییەکانه ‌کە هەر فەرهەنگ یان کۆمەڵگایەک وەریدەگرێ و خۆی لەگەڵی ڕادێنێ.

لە عالەمی واقیعدا، بۆ وێنە لە ناو گوندێک، بە هۆی نزیکیی جۆگرافیایی و هەڵسوکەوتی ئاسایی و ڕۆژانە، خەڵکان پەیوەندییەکی سەپێنراویان هەیه؛ ‌بەڵام لە فەزای مەجازیدا، پەیوەندییەکان هەڵبژێردراو دەبێ و تەنیا کەسانێک دەگرێتەوە کە خۆت بە باشیان دەزانی.

پەیوەندیی خەڵک لە گۆندێک، لەفەزایەکی واقیعیدا ڕوودەدات و شوناسێک کە خەڵک لە ڕێگای پەیوەندییەوە وەریدەگرن لەسەر ئەساسی سۆزی شوێنگەیە کە وا دەکا جۆرێک لە سۆزی نیشتمانی بەرانبەر بە ئاو و خاک، لە مرۆڤەکاندا چکەرە بکات؛ بەڵام لە فەزای مەجازیدا، پەیوەندییەکان هەڵبژێردراو دەبن،‌ بۆیە جیا بوونەوەش زۆر ئاسانە و ئەم فەزایە شوناسخۆڵقێن نییە.

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایه، ‌لەبەر تیشکی گەشەی لەڕادەبەدەری تێکنۆلۆژیای زانیارییەکان و ئینتێرنێت، لە بواری فەرهەنگیدا تاڕادەیەکی زۆر شوناسەکانی تاکی، قەومی و نەتەوەیی لە ژێرشۆێنە‌واری شەپۆلی جیهانیبووندان، بەڵام ئەم کێشەیە بەو مانایە نییە کە خەڵک بەرانبەر بە شوناسە وەرگیراوەکانی خۆیان، دەستەوەستان دەبن؛ بەڵکوو بە کەڵک وەرگرتن لە فەزای مەجازی و دامەزراندنی ماڵپەرەکان و هەروەها وێبلاگە جۆراوجۆرەکان و هەنووکە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و تویتێر و  . . . خەریکی سەرلەنوێ خۆێندنەوەی شوناسی نەتەوەییی خۆیانن.

 سەرهەڵدان و پەرسەندنی تێکنۆلۆژیای زانیاری بەتایبەت کەڵکی پڕ لە گەشه لە ئینتێرنێت، وای کردووە کە خەڵک بێ دڵەڕاوکێ و ترسی لەقاودانی شوناسی کەسیەتییان، لە هەموو دەرەتانەکانی ئینتێرنێت بۆ پەیوەندی لەگەڵ هاوبیر و هاونیشتمانەکانیان کەڵکی شایان وەر‌بگرن.

هەنووکە لەو وڵاتانەی که ‌کەمینە نەتەوەیییەکان، لە فەزای واقیعیدا دەرەتانی خۆناسینەوەی فەرهەنگی و شوناسی نەتەوەییی خۆیانیان لەلایەن زۆرینەی باندەستەوە لێ زەوت کراوە و زۆرینەی باندەست، بە پاڵپشتیی دەسەڵاتی سەرەڕۆ، بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی سڕینەوەی شوناسی کەمینە نەتەوەیییەکاندایە، فەزای سایبێر باشترین شوێنە کە دەرەتانی لەباری بۆ کەمینە نەتەوەییەکان ڕەخساندووە کە بەشێوەیەکی بەربڵاو شوناسی نەتەوەییی خۆیان ببوژیننەوە‌ و لە فەوتان بیپارێزن.

حکوومەت لە فەزای سایبێر دێمۆکراتیکە. لەم فەزایەدا دەرەتانی دەسڕاگەیشتن بۆ هەمووانە. هەرئە‌م تایبەتمەندییە دەبێتە هۆی دووربوون لە پاوانخوازی. هاوسەنگی لە پەیوەندییەکان، بیروڕای جیاواز و دژەناوەنده، ‌هەروەها لەم کۆمەڵگایەدا ڕێز لە ئازادیی قسەکردن و ژیانی تاکی دەگیردرێ(وسووقی، 1375، 62).

یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی ئینتێرنێت بۆ کەمینە نەتەوەیییەکان، بۆ ورووژاندنی کێشەکانیان، دۆخی ئازادی و نزم بوونی ئاستی چاوەدێرییە؛ بە جۆڕێک کە ئینتێرنێت لەچاو میدیاکانی تر، ئازادییەکی زۆرتر بە بەکاربەرانی دەبەخشێت(فەکووهی، عیاری، 1384، 2).

هەستی شوناسخوازی، وەک پێویستییەکی سۆزاوی و دەروونییە و بەڵێنی دەروونی بە ئەو، وەک تایبەتمەندییەکی نەگۆڕ لە نێوان مرۆڤەکاندایە و مرۆڤەکان بە شێوازی جۆراوجۆر و لە ئاست و پێوەری جیاوازدا، هەستی شوناسخوازیی خۆیان لە چوارچێوەی گرووپگەلی ئینسانی، پێناسە دەکەن(حافێزنیا، 89، 1390).

شوناس بە تایبەت شوناسی نەتەوەیی، هەڵگری داخواز و بەرژەوەندیی هاوبەشی گرووپێکی ئینسانییە لە وڵات یان شوێنێکی دیاریکراو. پێداگری لەسەر شوناس لە بەرانبەر هێرشی فەرهەنگیی ئەوانی تر، ڕەوتێکی بەردەوام و نەبڕاوەیە. ئەم پێداگرییە لە شوناسخوازی چ لە دنیای واقیعی و حەقیقی(actual) و چ لە دنیای مەجازی(virtual)دا بێت بە شێوازی هەمەجۆر لە ژیانی تاک یان گرووپێکی نەتەوەییدا، ڕەنگدانەوەی دەبێ.


4- شوناسخوازیی نەتەوەیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

لێرەدا مەبەست لە کوردستان ئەو بەشە لە وڵاتی کوردان دەگرێتەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی ئیراندایە کە بریتییە لە پارێزگاکانی و رمێ، سنە، کرماشان و ئیلام.

له وڵاتانی ئیران، تۆرکیە و سووریە، بە هۆی سیاسەتی دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لە کوردستان، هەڵاواردنی فەرهەنگی، دەرەتانی دۆزینەوە و زیندووکردنەوەی شوناسی نەتەوەییی بۆکوردان لەفەزای واقیعی و جۆگرافیاییدا نەڕەخساندووە‌، هەرچەندە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمەکان، لە ماوەی دەسەڵاتی دوڵەتی مۆدێرن لە ئیران، هەموو هەوڵی خۆی داوە لە هەموو دەرفەتەکان بۆ بووژانەوەی هە‌ستی نەتەوەیی و گەشەی فەرهەنگی کەڵک وەرگرێت بەڵام بە هۆی سیاسەتی “نەتەوەسازی”[12] لە وڵاتی ئیران، چ لە سەردەمی پاشایەتی و چ لە ئیستادا کە لەسەر ئەساسی یەک زمان و یەک نەتەوە پێکهاتەی وڵات داڕێژراوە، نەتەوەکانی جیا لە فارس، دەرتانی بووژانەوەی شوناسی نەتەوەیی و فەرهەنگییان لە فەزای سیاسیی ئەو وڵاتەدا بۆ نەڕەخساوە و لەم ماوەیەدا لە فەزای واقیعیدا بە شێوازی جۆربەجۆر بەربەست و تەنگەژەیان بۆ سازکراوە.

بە خۆشییە‌وە تێکنۆلۆژیای ئینتێرنێت و پەرەسەندنی دنیای مەجازی هەلێکی لەباری بۆ ئەوخەڵکانە ڕەخساندووە کە خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەشن.

پانتاییی خێرای ئینتێرنێت لە ئاستی هەموو جیهان، فەزایەکی تا ڕادەیەک ئازادی بۆ خۆنواندن و ناساندنی هەمووتاقم و دەستەیەکی ڕەگەزی، ئایینی و کەمەنەتەوەیی خۆڵقاندووە. هەرچەندە وەک فەزای واقیعی دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەست، بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازی هەمەجۆر وەک هێزی سایبێری، کەم کردنەوەی خێراییی ئینتێرنێت و فیلتێرینگ، بەر بە گۆڕینەوەی ئازادیی دەیتا دەگرێت؛ بەڵام خەڵکی شوناسخوازی کوردستان، بە باشترین شێوە‌، هەلی ئینتێرنێتیان بۆ ڕێکخستن و دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیییەکانی خۆیان بەکارهێناوە.

له ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی داخراوبوونی فەزای سیاسی، لە ئەرزی واقیعدا کە دەرتانی تێکۆشانی سیاسی و ڕێکخراوەیی لە خەڵکی ئەو بەشە لە کوردستان زەوت کردووە‌، فەزای سایبێر و مەجازی، زۆر بە ئاسانی ئەو دەرەتانەی پێکهێناوە کە خەڵکانی ناڕازی و ڕەخنەگر و بەتایبەت شوناسخوازانی نەتەوەیی، لە هەموو کەرەستەکانی ئینتێرنێت بۆ خەباتی فەرهەنگی، سیاسی و نەتەوەیی و بۆ ڕێکخراوەیی کردنی خەبات، کەڵک وەربگرن.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای کزبوونی خێراییی ئینتێرنێت و فیلتربوونی زۆرێک لە ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە خۆشییەوە لاوانی بەهەست و شوناسخواز، بە ڕێکخستنی ژوورەکان و گرووپگەلی هەمە جۆڕ، لە بواری کۆمەڵایەتی، کەلتووری، ئەدەبی و هۆنەریدا لەهەموو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، هەوڵی پاراستنی زمان و کەلتووری نەتەوەیی دەدەن.

  لەو وڵاتانەی کە دەرتانی خەباتی ڕێکخراوەیی لەئەرزی واقیعدا زۆر ئەستەمە، باشترین شوێن بۆپاراستن و پەرەپێدانی فەرهەنگ و دۆزینەوەی شوناسی نەتەوەیی، فەزای سایبێر و ئینتێرنێتە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی پەرەسەندنی خێرای ئینتێرنێت، کورد بە باشترین شێوە، کەڵکی لە فەزای سایبێر وەرگرتووە. بۆ وێنە سەدان ماڵپەڕ لە بوارە جۆراوجۆرەکان لە تۆڕی جیهانیی ئینتێرنێتدا دامەزراوە. ‌دوابەدوای دامەزران و سەرهەڵدانی تۆڕەکۆمەڵایەتییە‌کانی فەیسبووک، تویتەر، تێلگرام و ئینستاگرام، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێک لە چالاکترین شوێنەکانی ئیران بووە کە سەرەڕای فیلتر بوونی بەشیک لەم تۆڕانە، هەموو خەڵک بەتایبەت لاوان، بە دانانی نووسراو و وێنە بە زمانی کوردی و هەروەها ڕێکخستنی گرووپگەلی جۆراوجۆر لە بوارەکانی ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، چالاکییان نواندووە.

هەنووکە سەدان ماڵپەڕ و سایتی ئینتێرنێتی لە بواری جۆراجۆر وەک هەواڵنێری، میدیایی، فەرهەنگی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی، بە هەموو زاراوە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەریکی چالاکین. هەروەها بێجگە لە ماڵپەڕەکان‌، هەزاران کەس بە کردنەوەی پەیجی تایبەت و گرووپگەلی هاوبیر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە پێناو بووژانەوە و گەشەپێدانی زمان و کەلەپووری نەتەوەیی چالاکی دەنوێنن.

“ئازەرنووش عەیاری” لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەژێر ناوی “شوناسی ئێتنیکی لە ئینتێرنیتدا” که لەسەر گرووپە ئیتنیکییەکان ئیران ئەنجامی داوه؛ ‌ئاماژە بەو ڕاستییە دەکات کە تۆرکانی ئازەری و کوردەکان چالاکترین گرووپگەلی ئێتنیکی لە پانتاییی ئینتێرنێت و فەزای سایبێری لەئاستی هەموو ئیراندان(عەیاری، 1384).

“فەکووهی و عەیاری” لە لێکۆڵینەوەکەیاندا ئاماژە بەم ڕاستییە دەکەن که لە ئاکامی لێکۆڵینەوەکەیان بەم حەقیقەتە گەیشتوون کە زۆربەی داخوازە باسکراوەکان لە ماڵپەڕەکانی تایبەت بە ئەقوام لە ئیران، لەسەرسڕینەوەی هەڵاواردن و هەروەها بەشێوەیەکی زەق کراو، لەسەر زمان، ئایین و وڵاتی هاوبەش (کەهەرقەومیەتێک لە قەو‌مێکی ترجیاوازە) و هەروەها پێکهاتنی حکومەتێکی فێدراڵیستی‌ پێداگری کراوه. ‌لەزۆربەی ماڵپەڕەکانی گرووپە قەومییەکاندا، بێجگە لە زمانی خۆیان، لە زمانەکانی تری فارسی و ئینگلیسی بۆ گەیاندنی داخوازەکانیان کەڵک وەردەگرن (فەکووهی، عەیاری، 1384، 7-9).

ئێستا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، فەزای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هێڵی پەیوەندی لە نێوان هەموو گەلی کورد لە پانتاییی کوردستان و جیهانی پێکهێناوە و لاوانی بەهەستی ڕۆژهەڵاتی وڵات، بە باشی لە بارودۆخی سیاسی، ئەمنی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی هەرچوارپارچەی کوردستان ئاگادارن و لە بەرانبەر هەرچەشنە ڕووداوێک لە بەشەکانی تری کوردستان، بەهەڵوێست و شێلگیرانە یارمەتیدەری نەهامەتییەکانی گەلەکەیان دەبن و هەروەها بە سەرکەوتنەکانی گەلی کورد لەهەرشوێنێکی کوردستان شاد و خۆشحاڵ دەبن.

هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا و باشوور و ئاوارەییی بەکۆمەڵی کورد لەو بەشانەی کوردستان و ڕۆڵ و قارەمانیەتیی پێشمەرگە و شەڕوانان لە بەرنگاربوونەوەی ئەو گرووپە تۆندئاژۆیە، ڕەنگدانەوەیەکی یەکجار زۆری لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا هەبوو. بێگۆمان میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگریان لە زەقکردنەوەی ئەوکارەساتە و هەروەها هاندانی خەڵک لەپێناو هاوسۆزیکردن لەگەڵ هاونیشتمانیانی باشوور و ڕۆژئاوادا هەبوو. دانانی دەیان کەمپەینی هاوکاری و هاوسۆزی لەگەڵ لێقەوماوانی کۆبانی و شنگال، دەرەنجامی ئەو بانگەشانە بوو کە لە لایەن لاوانی بەهەستی ڕۆژهەڵاتەوە، لە تۆڕەکۆمەڵاییەتیەکاندا ڕەنگدانەوەیان هەبوو.


5- ئاکامی لێکۆڵینەوە

هەروەک ئاماژەمان پێ دا فەزای مەجازی دەتوانێ کاردانەوەیەکی دوولایەنەی هەبێت. لە لایەک بە پەرەسەندنی هێما ‌جیهانییەکان لە فەزای مەجازیدا، هەموو نەتەوەکانی جیهان ڕووبەڕووی جۆرێک لە تێکڵاویی فەرهەنگی دەبن و لە لایەکی ترەوە، هەرئەم فەزایە، بێ هیچ لەمپەرێک، دەرەتانی دۆزینەوە و بووژاندنەوەی فەرهەنگی و زیندووکردنەوەی شوناسی نەتەوەیی بە ‌ئەو کەمینە نەتەوەیییانە دەبەخشێ کە خەریکی لەناوچوون و توانەوە لەناو فەرهەنگی زاڵدان.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوباسانە کە کرا و لە وڵامی پرسیاری سەرەکیی ئەم وتارە، ئەم بۆچوونە دەسەلمێندرێ کە فەزای سایبێر لە بواری شوناسەوە دەتوانێ ڕۆڵێکی دوولایەنەی هەبێت.

لە فەزای مەجازیدا بە پێچەوانەی فەزای واقیعی کە بەشێک لە خەڵکان کە بە هۆی جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتیی تایبەت، بەشێوەیەک توانای خۆنواندنیان نییە، بەئاسانی و بەشوناسێکی تازەوە دەردەکەوەن و بێ هیچ جۆرە دەڵەڕاوکێیەک لە زڕاندنی شوناسی کەسیەتییان، بەشوێن ئامانجەکانیاندا دەگەڕێن.

ئەمڕۆکە، سەرەڕای گەشەسەندنی خێرای فەرهەنگی جیهانی لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگاکان و لاوازبوونی بەشێک لە باوەڕ و دابونەریتەکان، بەڵام لە بەشێک لە وڵاتان بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە پێکهاتەیەکی هەمەڕەنگیان هەیه، ‌شێوەیەک لە گەڕانەوە بەرەو فەرهەنگ و شوناسی نەتەوەیی-ئێتنیکی دەبیندرێ کە لەم نێوەدا، فەزای سایبێرنێتیک بە هۆی گەشەی لە ڕادەبەدەر لە پانتاییی گەردوونی، ڕێگایەکی بێ تێچوو و ئاسانی بۆ نواندن و چالاکیی فەرهەنگی بۆ نەتەوەکان خۆڵقاندووە.

وڵامی پرسیاری سەرەکیی ئەم وتارە هەڵگری ئەم پەیامەیە کە لەو وڵاتانەی کە دامودەزگای داپڵۆسێنەر دەرەتانی بووژانەوەی شوناسی نەتەوەییی لە کەمینە نەتەوەیییەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی لە فەزای واقیعی و جۆگرافیاییدا زەوت کردووە و لە ئەرزی واقیعدا تا ڕادەیەکی زۆر هەوڵدان بۆ ناسینەوەی شوناسی نەتەوەیی پڕتێچوو دەبێ، فەزای سایبێرنێتیک سەرەڕای مەترسیی توانەوەی فەرهەنگیی نەتەوە ژێردەستەکان لە نێو کەلتووری جیهانیدا، ‌بەڵام لەهەمان کاتدا بە هۆی کەرەسە پێشکەوتوەکانی پەیوەندی، دەرەتانی خۆناسینەوەی فەرهەنگی و بووژانەوەی شوناسی نەتەوەییی بۆ هەموو گەلە بندەستەکان و یەک لەوان گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان ڕەخساندووە.


6- سەرچاوەکان

1-بوسا، ابو، (1385)، امپریالیسم سایبر، ترجمه:دكترپرویز علوی، نشرثانیه، تهران.

2-حافظ نیا، محمد رضا، (1390)، جغرافیای سیاسی فضای مجازی، تهران، انتشارات سمت.

3-حافظ نیا، محمدرضا، کاویانی، مراد، (1393)، فلسفە جغرافیای سیاسی، تهران، انتشارات پژوهشکده مطالعات راهبردی.

4-حقدار، علی رضا، فراسوی پست مدرنیته، اندیشه شبكەای، فلسفه سنتی و هویت ایرانی، انتشارات شفیعی، تهران.

5-دوران، بهزاد، (1382)، هویت ملی و تعامل درفضای سایبرنتیك، مجله نامه پژوهش، شماره 6.

6-رجایی، فرهنگ، (1382)، مشكله هویت ایرانیان امروز، نشر نی، تهران.

7-شان پی، و یلبر، (1385)، هنر و فرهنگ دیجیتال، ترجمه: امید نیكفرجام، نشر بیناب، مجله هنر، شماره 10.

8-عزیزی، ستار، (1385)، حمایت ازاقلیتها درحقوق بین المل، نشر نورعلم، همدان.

9-گیدنز، آنتونی، (1378)، تجدد و تشخص، جامعه و هویت شخصی درعصر جدیدە. ترجمه: ناصر موفقیان، نشر نی، تهران.

10-گل محمدی ، احمد، (1382)، دمكراسی دیجیتال، مجله راهبرد، شماره 28.

  • عیاری، آذرنوش، (1384)، هویت قومی در اینترنت (بررسی عملكرد اینترنتی گروەهای قومی آذری، بلوچ، تركمن ، عرب خوزستانی و كرد)، استاد رهنما:دكترناصرفكوهی، دانشكده علوم اجتماعی دانشگاه تهران، پایان نامه كارشناسی ارشد.
  • مجتهدزاده، پیروز، (1381)، جغرافیای سیاسی و سیاست جغرافیایی، انتشارات سمت، تهران.
  • مجتهدزاده، پیروز، (1384)، دمكراسی و هویت ایرانی، فصلنامه اطلاعات سیاسی –اقتصادی، شماره 221-222.
  • مانوئل، كاستلز، (1380)، قدرت هویت، ترجمه: چاووشیان، طرح نو، تهران.
  • محسنی، منوچر، (1382)، جامعه شناسی جامعه اطلاعاتی، نشردیدار، تهران.
  • مددپور، محمد، (1383)، فرهنگ و هویت در جامعه شبكه ای، مجله ره آورد نور، شماره 9.
  • وثوقی، فاطمه، (1385)، اینترنت، ناحیەای ‌بدون مرز، تحقیقات جغرافیایی، شماره 43.
  • مور، ریچارد كی، (1383)، دمكراسی و فضای سایبر، ترجمه: عبدالرضا زكوت روشندل، رسانه، شماره 59.
  • فكوهی، ناصر، (1388)، اینترنت و هویت درپنج هویت قومی ایرانی، مجله رسانه جهانی، شماره 7.

[1]Wiener

[2]Cultural Landscape

[3]Time

[4]Bit

[5]Identity

[6]Net

[7]Nation-state

[8]Globalization

[9]Culture

[10]Concurrency

[11]Place

[12]Nation-building