ئارامتر بخوێنەوە!

فەلسەفەی <<خاک-ڕزگاری>>ی کوردستان

بەشی سێ (کۆتایی)

شوعەیب دانش‌پەژوو

ڕوونکردنەوەی چۆنیەتیی پەیوەندیی دوو ڕەوتی نەتەوەیی و چەپی کوردی بە ئاوێتەکردنی گوتاری چەپی نوێ و گوتاری دژەکۆلۆنیالیستی لەسەر پێگەی ڕزگاری، دەتوانێت بەهێزترین فاکتەری ئاشتبوونەوەی هێزەکانی کوردستان بێت و خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لە هەموو توانستەکانی بە شێوەی هاوکات و هاوتەریب کەڵک وەربگرێت.

بەپێی چوارچێوەی فەلسەفەی دەوڵەتی هێگلی و وردبوونەوە لە میکانیزمی دەروونیی پەیوەندیی دیالێکتیکیی نێوان سووژە و ئۆبژەدا، دەگەینە ئەو پرێسپێکتیڤەی کە ناسیاری لەسەر چۆنیەتیی ڕاوەستان لە پێگەی ڕزگاری، بەستراوەتەوە بە پێناسەکردنی پێگەی هێز/هەیمەنەوە. بە دەربڕینێکی ساکارتر واتە بەبێ پێناسەکردنی دەسەڵات و هێژمونیی دەسەڵات، ناتوانین پێناسەیەک لە ڕزگاری بەدەستەوە بدەین. ئەم دەسەڵاتە لە ڕوانگەی هێگلەوە لە فۆڕمی “دەوڵەتی دیکە” و لە سۆنگەی شمیتەوە بە “دوژمن” پێناسە دەکرێت. هەرچەند ناوەڕۆکی دوو چەمکی ڕزگاری و ئازادی جیاوازییەکی تیۆریکیان پێکەوە هەیە بەڵام دەتوانین لە فۆڕمی پرسیاری “ئایزایا بێرلین[1]” لە ئازادی [ئازادی لە چی و ئازادی بۆ چی]، بۆ فۆڕمی پرسیار لە ڕزگارییش کەڵک وەربگرین. ئەگەر ئەو گریمانەیە قەبووڵ بکەین کە خەباتی کورد لە پێناو ڕزگاریدا بووە، پێویستە وڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ڕزگاری لە چی؟ و ڕزگاری بۆ چی؟

ڕەوتی مێژووی نەتەوەگەرێتی لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕی جیهانی و سەرهەڵدانی بزووتنەوەگەلی نەتەوە کۆلۆنیکراوە ئەورووپییەکان و هەڵوەشانەوەی دوو ئێمپراتۆریی عوسمانی و سەفەوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەست پێ دەکات. لە ڕواڵەتدا تیۆریی دەوڵەت-نەتەوە فۆڕمێک لە خواستی ڕزگاریی نەتەوە بندەستەکانی ژێر دەسەڵاتی وڵاتە کۆلۆنیالیستەکانه؛ خەباتی کوردیش تا ئێستا بەپێی ئەم گریمانەیە لێکدراوەتەوە و پۆلێنبەندی کراوە. لەحاڵێکدا وردبوونەوە لە جومگە تیۆرییەکانی ئەم فۆڕمە لە دەوڵەت-نەتەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە نەک لە سۆنگەی ناسیاریی نەتەوە بندەستەکانەوە بەڵکوو لە میکانیزمی بەرهەمهێنراوی خودی سیستەمی کۆلۆنیالیستییەوە بەرهەم هاتووە کە دەیەوێت پاش لەدەستدانی دەسەڵاتە پێشووەکەی، قازانجەکانی خۆی لە چوارچێوەیەکی نوێدا دابڕێژێتەوە؛ بەجۆرێک کە بتوانێت لە نێوان ئامانج/قازانجەکانی خۆی و ناڕەزایەتیی نەتەوە بندەستەکاندا، نێوانجییەکی هاوتەریب دروست بکات. کۆی ناوەڕۆکی فۆڕمی دەوڵەت-نەتەوە لەسەر بنەمای دیاریکردن و پێکەوە لکاندنی کۆمەڵە جۆراوجۆرەکانی کەمەڵگایەک دامەزراوە کە دەیەوێت ئەم پۆلێنە جیاوازانە لەژێر فۆڕمی چەتری یەک نەتەوە و یەک دەوڵەتدا کۆبکاتەوە. ئەندێرسۆن[2] سەبارەت بە ئەزموونی هیند دەڵێت: دەوڵەت-نەتەوە تەنها دەستکردێکی ئەورووپایی نییە بەڵکوو کەرستەیەکی کۆلۆنیالیزمە. بۆ نموونە: هیند سەرەڕای زۆرێک جیاوازیی ئێتنیکی، زمانی، عەشیرەیی، کۆمەڵایەتی کە هەیبوو، بە دەستی دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستەکانی ئەورووپاوە دروست کرا. هیچ “یەکێتییەکی نەتەوەیی”ی هاوبەش و وڵاتێکی یەکانگیر بۆ کۆنترۆڵی خاکێکی تایبەت لەگۆڕێدا نەبوو[3]. هەروەها ئۆڤێن[4] لەم بارەیەوە دەڵێت: سیستەمی دەوڵەتی نەتەوەییی ئەورووپا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو جێگایەی کە ئیمپراتۆریی عوسمانی لەژێر سیستەمێکی میراتیدا چالاک بوو، لە ڕێگەی دروستکردنی یەک دەوڵەتی ناوەندی، یەک سیستەمی یاسایی، یەک ئاڵا و سنووری پەسەندکراوی نێونەتەوەییەوە بنیات نرا[5]. ئەم دوو بۆچوونە هەر لە سەرەتاوە خاڵێک ڕوون دەکەنەوە کە کۆی ڕەوا بوونی فۆڕمی دەوڵەت-نەتەوە دەخاتە ژێر پرسیار و ڕەدی دەکاتەوە کە ئەم دەوڵەت-نەتەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، نەک لەسەر خواستی توێژ/نەتەوە جیاوازەکان بەڵکوو بە دەستی خودی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستیی ئەورووپی دروست کراون بەبێ ئەوەی جیاوازییەکانی ناوەوەی سنوورە دەستکردەکان ڕەچاو بکەن. ئەم ڕەوتەی دەوڵەت-نەتەوە نە تەنیا بۆ ڕزگاریی نەتەوە بندەستەکان لە دەستی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستییەوە نەبوو بەڵکوو بۆ سڕینەوە و نکۆڵی لە ناسنامەی نەتەوەکانی دیکە بە یارمەتیی یەک نەتەوەی باڵادەست بوو. لاکمەن[6] بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە: دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستەکانی ئەورووپا، بە ویستی خۆیان سنوورەکانیان دیاری کرد و بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازییەکان لە نێوان ئێتنیکە جۆراوجۆرە زمانی و فەرهەنگییەکان و ڕەوشە تایبەتەکانیان بۆ چۆنیەتیی ژیان، شوناسی خۆیان چەسپاند[7]. ئەم پرێسپێکتیڤە دوو دەرکەوتەی هەیە: یەکەم: جیاوازی و هەڵاواردنی نەتەوەیی لە نێوان نەتەوەکاندا زەقتر دەکاتەوە و پڕۆسەی نکۆڵیی نەتەوە کەمدەسەڵاتەکان دەستپێدەکات، دووەم: ئەم تایبەتمەندییە دەرفەتی هەمیشەیی بۆ دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستەکان دەڕەخسێنێت کە ئامانج/قازانجەکانی خۆیان باشتر و دڵنیاتر بەدەست بێنن. دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستەکان لەڕێگەی دامەزراندنی ڕیکخراوی جۆراوجۆر وەکوو ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی جیهانیی مافی مرۆڤ و … و لەژێر دروشمی بێناوەڕۆک/ڕواڵەتیانە ، میکانیزمی چەسپاندن و هەمیشەیی کردنەوەی قازانجەکانیان ڕەوایی پێدەدەن. ئەم میکانیزمە لە یەکەم دەرکەوتە و بڕیاری خۆیدا، گریمانە/یاسای نەگۆڕبوونی سنوورە دیاریکراوەکان دەچەسپێنێت و دەیەوێت بەپێی داڕشتنی یاسای نێونەتەوەیی، دەسەڵات و ویستی دواڕۆژی نەتەوە بندەستەکان کۆنترۆڵ بکات و بە نایاسایی لە قەڵەمیان بدات. ئانتۆنیۆ کەسیز[8] لەمبارەوە دەڵێت: یاسای نێونەتەوەیی ئێستا بە نیسبەت ویستی گرووپگەلی ئێتنیکی و کەمینە نەتەوەیی، دینی، فەرهەنگی یان زمانییەکان، چاوی خۆی داخستووە. یاسای نێونەتەوەیی، نە تەنیا مافی دیاریکردنی چارەنووسی ناوخۆیی و دەرەکی بە ئەم گرووپانە نادات، بەڵکوو ناتوانێت ڕێکارێکی دیکە بۆ ئەم بارودۆخە دابین بکات[9]. ئەم فۆڕمە لە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە لە ئاستی تیۆریکدا لەسەر یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت تیۆریزە و لە ئاستی کردەوەییدا سنوور/خاکی ئەو دەسەڵاتە دیاری دەکرێت. بەم ڕوونکردنەوەیە، تێدەگەین کە نەتەوە بندەستەکان وەکوو نەتەوەی کورد جارێک بەپێی سنوورداڕشتنی دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستەکانەوە دەکەوێتە پەراوێز و بەسەر چەند سنووری جوگرافیاییی نوێدا دابەش دەکرێت و لە لایەن نەتەوەی باڵادەستی دەستنیشانکراوەوە هەوڵی بەردەوامی سڕینەوەی دەدرێت و، جارێکیش ئەم ڕەوتە دیسان لە لایەن دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستەکانەوە و لە ڕیگای دامەزراوەکانیانەوە بە یاسایی دەکرێت. ئێستا ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بەشی یەکەمی پرسیارەکەمان واتە خەبات بۆ ڕزگاری لە چی؟ دەبێت بڵێین لە مێژووی دوو سەدەی ڕابردووی خەباتی کورددا، بێجگە لە هەندێک بڕگەی کۆتا و کاتیدا (بۆ نموونە کۆماری کوردستان بە ڕێبەڕایەتیی پێشەوا قازی محەممەد) کە گرنگیی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر خاکی کوردستان بە شێوەی هەستەکی و تیۆریزەنەکراو هەست پێ دەکرێت، ئیدی 1- پێناسەکردنی ئامانجی خەبات لەسەر یەکەمایەتی بەخشین بە خاک وەکوو بایەخی گشتی نەبووە، بەڵکوو خەبات لە پێناوی هەندێک چەمک وەکوو ئازادی، دیمۆکراسی و …بووە، چەمکگەلێک کە بەرهەمی نەک ویستی کورد بەڵکوو بەرهەمی ڕێکخراوەگەلی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستییەکان بووە کە لە سەرترەوە ئاماژەیان پێ کرا و هەروەها 2- ستراتێژیی کۆی ئەو ئامانجە دەستنیشانکراوانە لە لایەن هێزە سیاسییەکانی کوردەوە لە بەستێن و پانتاییی سنووری دەوڵەت-نەتەوە دەستکردەکاندا پێڕەو کراوە، دەوڵەت نەتەوەیەک کە خاکەکەی داگیر کردووە. بەبڕوای نووسەر، دەرەنجامی تێنەگەیشتن لە فۆڕمی پەیوەندیی نێوان خەباتی نەتەوەی بندەستی کوردستانی و دەوڵەت-نەتەوەکانی سەردەست [ترک، عەرەب، ئێرانی] بووەتە هۆکاری “گیرۆدەبوون/خولانەوە”ی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لە بازنەی ناوەڕۆکی وێژمانی دەستکردی ئەویدیی خۆی. وێژمانێک کە لە چەمکی خاک وەکوو بنەماییترین بایەخ پووچ کراوەتەوە و بە هەندێک بایەخی بەڕواڵەت جیهانی وەکوو مافی مرۆڤ ، ئازادیی ڕادەربڕین، بەرابەری و دێموکراسی پڕ کراوەتەوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە خودی نەتەوەی سەردەست پێگەی دەسەڵاتی خۆی لەسەر خاکی داگیرکراو بەچەشنی سنوورێکی پیرۆز و نەگۆڕ پتەو کردووە. لە وەها بارودۆخێکدا و لەنەبوونی بایەخێکی واقیعی و یەکگرتوو(خاک)، خەباتی نەتەوەی بندەست بەسەر چەند لایەن/توێژی وێژمانە دەستکردەکەی دەسەڵاتی زاڵ وەکوو ڕەوتی بزووتنەوەی کرێکاری، دینی، ژنان و … دابەش دەکرێت بەبێ ئەوەی ئەو ڕەوتگەلە بتوانن لەسەر بایەخێکی هاوبەشی نەتەوەیی ڕێک بکەون. ئەم دەربڕینە بە مانای ڕەدکردنەوەی پرس و مافی توێژەکانی کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو کێشە لەوێوە دروست دەبێت کە توێژەکانی ئەم بارودۆخە ناتوانن سنووری مەعریفیی خۆیان دیاری بکەن، بۆیە ناچارن خوێندنەوەیەکی یەکسان لە پێگەی هاوتوێژەکان لە خاک/سنوورە جیاوازەکاندا بەدەستەوە بدەن. بۆردیۆ[10] سەرەتا کۆلۆنیالیسمی وەکوو پێکهاتەیەکی ڕەگەزی پێناسە کرد و دەڵێت: کۆلۆنیالیزم “پەیوەندییەکی سوڵتەیە” کە بە چەشنی “سیستەمی کاست” و “جیاکاریی ڕەگەزی”، بیچمی گرتووە کە کۆمەڵگای کۆلۆنیالیزمی لە چەشنی “فۆڕمێکی مانەوی” هێشتووەتەوە[11]. واتە چینی کۆمەڵایەتی بە نیسبەت ڕەگەزەوە بایەخێکی کەمتری هەیە و پاشان بەڵگە دەهێنێتەوە کە سیستەمی سوڵتەی ڕەگەزی لە ڕێگای هێزەوە خۆی دەسەپێنێت و بنەمای سوڵتەی کۆلۆنیالیزم “هێزی پەتی”یە، بۆیە دەڵێت: سەرکوت لە ڕێگەی هێزەوە بە تەواوی لەگەڵ تەکووزیی دەروونیی سیستەمی کۆلۆنیالیزمدا هاوتەریب و گونجاوە[12]. مانۆنی سەبارەت بە ئەم پەیوەندییە دەڵێت: کۆلۆنیکراوەکان، هەڵگری جۆرێک خۆبەکەمزانینن و هەربۆیە ناچارن فەرهەنگی ڕەسەنی خۆیان وەلا بنێن. بەپێچەوانەوە، کۆلۆنیالیست شوناسی سەروەریی خۆی قەبووڵ دەکات کە لەگەڵ پێگەی پێکهاتەییی ئەواندا هاوئاهەنگە. پەیوەندیی نێوان کۆلۆنیکراو و کۆلۆنیالیست لە “هاوپەیوەندییەکی سەقامگیر”دا زنجیر دەکرێت[13]. بەم پێیە ئۆبژەی بندەست لە فەزایەکی دوولایەنەدا گیرۆدە دەبێت، بەو واتایەی کە هەرچەند نایەوێت فەرهەنگی خۆی لەبیر بباتەوە بەڵام لەهەمان حاڵدا لەگەڵ ئەو باوەڕە ڕووبەڕوویە کە فەرهەنگی سووژەی باڵادەست لە ئێستادا بڕەوی هەیە و گەر بەو ڕێسایە نەجووڵێتەوە لە ڕەوتی پێشکەوتن دوا دەکەوێت. ئەم ئۆبژە بندەستە ڕوانگەی بە نیسبەت بایەخە پێشووەکانی خۆی وەکوو زمان، جلوبەرگ، هونەر و … لەدەست دەدات و هاوکات بە قەبووڵکردن و بەشداریکردنی لە دەزگای فەرهەنگیی سووژەی سەردەست، دەبێتە کۆیلەیەکی هەتایی کە بەردەوام هێژمونیی دەسەڵاتی داگیرکەر بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەم پانتایییە دەتوانین بۆ نموونە لە ڕێژەی بەرچاوی ئۆبژەی کوردستانیدا ببینین کە بە زمانی ناکوردی واتە عەرەبی، ترکی و فارسی لە ئاستێکی بەرفراواندا دەق بەرهەم دەهێنن. توێژی ڕووناکبیری نەتەوەی بندەست، پێویستە بە هەڵوەشاندنەوەی گریمانە سەپێندراوەکانی وێژمانی دەسەڵاتی زاڵ، لە نزمترین ئاستدا، کۆمەڵگا بەرەو بەکارهێنانی ئەو لایەنە شاراوەیە لە دەسەڵات کە ئاگامبێن ئاماژەی پێ دەکرد هان بدات، واتە جیاکردنەوەی مرۆڤ لە توانستەکانی. بە دەربڕینێکی دیکە؛ هاندانی نەتەوەی بندەست بۆ نەنووسین و بەرهەمنەهێنانی بەرهەم بە زمانی نەتەوەی باڵادەست، بەشدارینەکردن لە دەزگای هونەری فەرهەنگیی دەسەڵاتی زاڵ و لە کۆتاییدا بایکۆتکردنی ڕەوتی وێژمانی دڵخوازی نەتەوەی سەردەست. لەحاڵێکدا کە ڕەوتە مارکسیستییەکان لەسەر ڕەهەندە ئابوورییەکانی کۆلۆنیالیزم تەرکیزیان دەکردەوە و کەسانی وەکوو مانۆنی[14] لایەنە دەروونناسانەکانی ئەو پەیوەندییەیان لێکدەدایەوە، و بە پێچەوانەی فانۆن[15] کە دەیویست یەکەمایەتی بە توێژەکان وەکوو جووتیارەکان بدات، بۆردیۆ چۆنیەتیی تاپۆکردنی بەکارهێنانی توندوتیژی لە لایەن هێزی کۆلۆنیالیستیی ڕوون کردەوە. بە بۆچوونی بۆردیۆ دەوڵەت-نەتەوەی دەسەڵاتدار لە ڕێگای دەزگای یاسادانەرییەوە هەوڵ دەدات شوناسی غەیری خۆی واتە نەتەوە بندەستەکان بسڕێتەوە و لە ڕێگەی هێزی پەتی(سەربازی)یەوە ئۆبژەکانی خۆی ناچار بە جێبەجێکردنی یاسا دەستنیشانکراوەکانی خۆی بکات. کەوایە سووژەی کوردستانی، کە هێمای پێکهێنەری شوناسی خۆی [خاک] لەدەست دەدات، لە نەبوونی دەسەڵاتی لانیکەم مەعریفی بەسەر خاکی خۆیدا، دەکەوێتە ژێر سوڵتەی هێزی ڕەگەز/نەتەوەی سەردەستەوە و لە ئاکامدا سووژەی کوردستانی لە ئەنجامی تێپەڕاندنی سەردەمێکی کۆتا لەم پەیوەندییەدا، دەبێتە ئۆبژەیەکی خۆبەکەمزان و بە زمانێکی “مانۆن”ی، ئەم ئۆبژەیە پێگەی “حەقارەت” قەبووڵ و دەروونی دەکات و، هەروەها پۆتانسیەڵی بەرنگاریی خۆی لە بازنەی وێژمان و لەسەر سنووری دیاریکراوی دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەستدا بەفیڕۆ دەدات؛ لەکاتێکدا خودی ئۆبژە پێی وایە لە پێگەی ڕزگارییەوەیە کە خەبات بۆ ڕزگاری دەکات. دەرهاویشتەی ئەم تایبەتمەندییە، دەبێتە سەرسپێری بە دۆخی هەنووکەیی کە لەلایەن وێژمانی سووژەی باڵادەستەوە بە “ئەمری واقیع” پێناسەکراوە. ستراتێژی و ئامانجی دیمۆکراتیزەکردنی ئێران، فیدڕاڵیزە کردنی ئێراق، بەرابەری و پێکهێنانی برایەتیی گەلان لە ترکییەوە تا ئێران و هەڵوەشاندنەوەی ئەمپریالیسمی جیهانی لەو ڕێڕەوەدا جێ دەگرن. هەوڵ و ستراتێژییەک کە هەر لە سەرەتاوە دوچاری پارادۆکسێکی تیۆریک دەبێتەوە. لێرەوەیە کە پێویستە ڕەوت و لایەنە سیاسییەکان بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پێگەی خاک لە پەیوەندی لەگەڵ خەباتدا و گەڕاندنەوەی ئۆبژەی سەرکوتکراوی کورد بۆ حەقیقەتی فۆڕمی سەروەریی سنوور، ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بکەنەوە و پرسی کورد بەچەشنی مرۆڤێکی بێ خاکی شەیدای دێموکراسی بۆ پرسی کوردستان بگوازنەوە.

سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکە واتە ڕزگاری بۆ چی؟ دەتوانین بەم شێوەیە وێنای بکەین: خەباتی کورد بەتایبەت لە سەدەی ڕابردووەوە دەتوانین بە شیوەی گشتی بەسەر دوو ڕەوتی چەپ و نەتەوەییدا[16] دابەش بکەین. ڕەوتی نەتەوەیی کە شۆڕشەکانی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، سمکۆ، کۆماری کوردستان و … لەخۆ دەگرێت دوو ڕەخنەی جیددیان لەسەرە، یەکەم؛ هیچکام لەو شۆڕشانە خاوەنی پاشخانێکی مەعریفی و تیۆریک نەبوون کە بتوانن بنەمای خەباتی ڕزگاریخوازانەی خۆیان لەسەر چەمک/بایەخی خاکدا دابمەزرێنن، دووەم؛ لە لایەن هیچکام لەو شۆڕشانەوە سەرەڕای ڕەنگدانەوەی کوردستان بە چەشنی خاک لە ئەدەبیاتی کوردیدا، کوردستان وەکوو یەکەی سیاسیی هاوبەش و ڕوون ڕەچاو و پێناسە نەکراوە. ئەم بۆشایییە مەعریفییە تا ئێستایش بەردەوامە و هێشتا خاک وەکوو بایەخێکی گشتی لە زەینی سووژەی کوردستانیدا بە شێوەی یەکسان و هاوشێوە لە بەشە داگیرکراوەکانی کوردستاندا پێناسە نەکراوە و جێگیر نەبووە.

بە دەربڕینێکی دیکە دەتوانین بڵێین خەباتی بەرەی نەتەوەییی کورد لە فەزایەکی ناڕوون و بازنەی ئامانجێکی پچڕپچڕ و نایەکدەستدا تێپەڕبووە. ڕەوتی چەپی کوردی سەرەڕای بەکارهێنانی شێوازی جیاواز، لە پێناسەی سەرەتاییی خۆیدا و لەژێر کاریگەریی بزووتنەوەی چەپی جیهانی بە تایبەت لە بلۆکی سوڤییەتەوە، بەبێ ئەوەی بیهەوێت یان بتوانێت پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کوردستان بە چەشنی خاک ڕوون بکاتەوە، سیستەمی سەرمایەداری وەکوو دوژمن یان ئەویدی دەستنیشان دەکات. چەپی کوردی لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی ڤێرژێنی چەپی نەتەوەی باڵادەستی ئێرانی، ترکی، و عەرەبیدا بوو. لەحاڵێکدا ڕەوتی چەپی نەتەوەی باڵادەست لە پێگەی دەستڕۆیشتوویی بەسەر خاکەوە خۆی پێناسە دەکات، واتە پرسی چەپی نەتەوەی باڵادەست نەک فۆڕم/سنووری دەسەڵات، بەڵکوو ناوەڕۆکی دەسەڵات و لە قاڵبی سووژەیەکی توێژی سەردەستەوە بوو. پێکگەیشتنی ئەم دوو ڕەوتە کۆمەڵگا بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەکات، بەجۆرێک کە هەردوو لایەن پاش ماوەیەکی کۆرت و لە بۆشاییی پێگەی ڕاوەستەبوونی مرۆڤی کورد لەسەر خاک، دەبنە ئەویدییەکی ناوخۆییی یەکتر. واتە جارێک پێگەی ڕزگاریی خۆیان لە هەمبەر دەسەڵاتی ناوەندی و سیستەمی سەرمایەداریدا پێناسە دەکرد و لە قۆناغێکی دیکەدا خۆیان لە هەمبەر لایەنە کوردییەکەی دیکە پێناسە دەکردەوە. ئەم ئەویدییە ناوخۆییە تەنیا لە ئاستی تیۆریکدا کورت نەکراوەتەوە بەڵکوو لە کردەوەیشدا درێژەی هەبوو. شەڕی ناوخۆییی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، نموونەیەکی بەرچاوی ئەم بۆشایییە مەعریفییەی سووژەی پووککراوەی کورد لە هێمای خاک/کوردستانە. مارکۆزە[17] سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ڕەوتی نەتەوەیی و چەپ دەڵێت: بزووتنەوە ڕزگاریخوازانە نەتەوەیییەکان، شاڕەگی ژیواری ئەمپێریالیسم دەخەنە مەترسییەوە. ئەم بزووتنەوانە نە تەنیا لە بواری ماددییەوە بەڵکوو لە بواری ئایدۆلۆژییەوە نێوانجی و پاڵنەری هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سەرمایەدارین[18]. واتە مارکۆزەیش ناڕاستەوخۆ پێویستیی ڕاوەستەبوونی سووژەی خەباتکار لەسەر خاک قەبووڵ دەکات و پێچەوانەی تێگەیشتنی چەپی کوردی کە پێی وایە ناسیۆناڵیزم لەمپەر و هاوکاری سیستەمی سەرمایەدارییە، نەتەنیا کێشەیەک لە نێوان ڕەوتی چەپ و نەتەوەییدا نابینێت بەڵکوو وەکوو دوو هێزی هاوتەریب بۆ ڕزگاری پێناسەیان دەکات. بە بۆچوونی مارکۆزە، لە جیهانی ڕۆژئاوایی و کۆمەڵگای پیشەییی ئێستادا، دوو فاکتەری زەینی و عەینی پێکەوە هاوتەریب نین. بە وتەیەکی تر، فاکتەری عەینی (واتە ژێربەنای مرۆییی ڕەوتی بەرهەمهێنان) کە وەکوو چینی کرێکار بووەتە ئامانجی سیستەمی سەرمایەداری، لەگەڵ فاکتەری زەینی، واتە ئاگاییی نێو توێژی ڕۆشنبیر و هەستی ئاڵوگۆڕ لە نێوان پەراوێزکەوتووە ئێتنیکی و ڕەگەزییەکاندا هاوتەریب نییە. ئەم دوو فاکتەرە لە بەشێکی بەرچاوی جیهانی سێیەمدا پێکەوە هاوتەریبن. لەوێدا پێگەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی و چریکییەکان بە پشتیوانیی کرێکاران و جووتیاران سەرقاڵی شۆڕشن[19]. ئەم سۆنگەیە لە تیۆریی چەپدا و سۆنگەی نەتەوەییی ڕاوەستاو لەسەر خاک بە چەشنی یەکەی سیاسیی کوردستان، دەتوانێت ئاسۆیەکی نوێ لە یەکێتی و هاودەنگیی سووژەی کوردستانی بکاتەوە. بەم شێوەیە دەتوانین پاش پێناسەکردنی ڕزگاری لە چی؛ ئامانجی خەبات واتە ڕزگاری بۆ؛ وڵامی پرسیارەکە باشتر بدەینەوە کە پێی هەردوو ڕەوتە گشتییەکە لەسەر بایەخی هاوبەش و بنەڕەتیی خاک ڕاوەستێت.


دەرئەنجام

لە ڕیگەی چەمکی هێگلیی دیالێکتیکەوە، پەیوەندییەکی نەپچڕاو و بەردەوام لە نێوان پێگەی ڕزگاری و سوڵتەدا هەیە. فۆڕمی ئەم پەیوەندییە گرینگتر لە ناوەڕۆکەکەیەتی. بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی خەبات، دەبینین کە مرۆڤی کورد لە بۆشاییی نەناسین و پێناسەنەکردنی پێگەی سوڵتە، بەردەوام لە ڕەوتێکی بۆش و بازنەیەکی بێ سەرەتادا سووڕاوەتەوە. هەروەها بە زمانێکی شمیتییەوە، مرۆڤی کورد لە ئاکامی نەبوونی دەسەڵاتی{حکوومەت} خۆی لەسەر “خاک/کوردستان”دا، کەوتووەتە ژێر سوڵتەی دەسەڵاتدارەوە و پاشان نە بەچشنی تاک/شارۆمەند بەڵکوو وەکوو ئەویدییەکی سنووری دەسەڵاتی ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتدار، لە هەموو هێما و شوناسێک ڕووت کراوەتەوە و لە بەرانبەردا بەدەست چەمکگەلی بەرهەمهاتووی دەسەڵاتەوە گیرۆدە کراوە. بۆیە نووسەر پێی وایە کۆی سەردێڕی پرسی کورد بێ واتا و بۆشە و پێویستە بۆ گەڕاندنەوەی حەقیقەتی ڕزگاری و تەرکیزکردنەوە لەسەر بایەخی گشتی و نەگۆڕی خاک، لە سەردێڕی پرسی کوردستان کەڵک وەربگرین و هەموو ڕەوتە جیاوازەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لە ئاستی فۆڕمدا لەسەر بنەمای خاک دابڕێژینەوە. لە وەها حاڵەتێکدا دەتوانین سەرەڕای جیاوازیی شێواز و ناوەڕۆکەکانی خەبات، هاودەنگی و یەکێتییەکی ستراتێژیک پێکبێنین و مرۆڤی کورد لە ئۆبژەبوونەوە بۆ سووژەی کوردستانی پێناسە بکەینەوە. ئەمە ئەرکی ئێلیتی کوردە کە ئەو بۆشایییە پڕ بکەنەوە و جێبەجێ کردن و بەکارهێنانی ئەم ستراتێژییە ئەرکی لایەنە سیاسییەکان و میدیای کوردییە.

ڕوونکردنەوەی چۆنیەتیی پەیوەندیی دوو ڕەوتی نەتەوەیی و چەپی کوردی بە ئاوێتەکردنی گوتاری چەپی نوێ و گوتاری دژەکۆلۆنیالیستی لەسەر پێگەی ڕزگاری، دەتوانێت بەهێزترین فاکتەری ئاشتبوونەوەی هێزەکانی کوردستان بێت و خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لە هەموو توانستەکانی بە شێوەی هاوکات و هاوتەریب کەڵک وەربگرێت.

سەرچاوەکان

[1] Isaiah Berlin (1909-1997)

[2] Perry Anderson

[3] Anderson, P. Gndhi Centre Stage. London Review of Books( 2012): 4.

[4] Roger Owen

[5] . Owen, R. State,Power and Politics in Making of the Modern Middle East. New York:Routledge( 2004): 15

[6] Zachary Lockman

[7] . Lockman, Z. Contending Vision of the Middle East. Cmbridge University Press.( 2009): 97-98

[8] Antonio Cassese (1937 – 2011)

[9] Cassese, A. Self-Determination of Peoples. Cambridge University Press (1995): 328.

[10] Pierre Bourdieu

[11] Bourdieu ,P. Outline of a Theory of Practice. Cmbridge University Press.( 1977): 34.

[12] Bourdieu, P. The Sociology of Algeria. Paris Press Universitaires de France ( 1958): 146.

[13] Mannoni , O. Prospero and Caliban: The Psychology of Colonization. New York Frederick A Preager( 1950):51

[14] Dominique-Octave Mannoni (1899-1989)

[15] Ibrahim Frantz Fanon (1925-1961)

[16] نووسەر ئەم پۆلێنبەندییەی قەبووڵ نییە بەڵام بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی ناوەرۆکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە ئەم فۆرمە کەڵک وەردەگرێت.

[17] Herbert Marcuse (1898-1979)

[18] هربرت مارکوزه، گفتاری در رهایی، ترجمه محمود کتابی، (نشر پرسش: 1388)، 102.

[19] هربرت مارکوزه، گفتاری در رهایی، ترجمه محمود کتابی، (نشر پرسش: 1388)، 128.