ئارامتر بخوێنەوە!

ژیۆپۆلێتیکی ئاو وەک ئامرازی سیاسی

بابان ئەلیاسی

زۆربەی پسپۆڕان و گوتارە گشتییەکان سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، لەو باوەڕەدان کە کەم بوونی ئاو، گەرچی دانی پێدا نانرێ، بەڵام گرنگیی ژیۆسیاسیی بەرچاوی هەیە. چ ئەوانەی گەشبینن و چ ئەوانەیش ڕەشبینن، وەک یەک گومان دەکەن کە ئاو لە داهاتوویەکی نە دووردا، دەرئەنجامی ژیۆسیاسیی قووڵی دەبێ. واتە لە داهاتوودا، ئەوە سیاسەتە کە چوارچێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵ پرسی ئاو دیاری دەکا.


پوختە

لەم نووسراوەیەدا، هەوڵ دەدرێ، چەمکی ژیۆپۆلێتیک (جوغرافیای سیاسی) بە گشتی و ژیۆپۆلێتیکی ئاو باس بکرێ. هەر وەک چۆن نەوت، وەک چەکێکی سیاسی لە هاوکێشە نێونەتەوەییەکاندا بەکاردێت، ئاویش بۆ هەمان مەبەست بەکار دەبردرێ. دەمێکە نەوت بە سەر ڕامان و بیری ژیۆپۆلێتیکی هێزە جیهانیەکاندا زاڵە، بەڵام گرنگیی سەرچاوە ئاوییەکانیش، لە هەزارەی نوێدا تا دێت زۆرتر دەبێت. بۆیە ئەگەری پێکدادان، لەو ناوچانەی جیهان کە کەمبوونی ئاو هەیە، زۆرتر دەبێ.[1] هەر لە پرسی سیروان و زێی بچووک لە ئێران تا دیجلە و فرات لە تورکیا، نیل لە ئیتیۆپی و حەوزی ئیندووس لە هیند و پاکستان، ئاو وەک هێز، چ بۆ شانتاژ و چ لە کاتی وتوێژەکان بەکاردێنن. لە پەیوەندی لەگەڵ پارچەکانی کوردستاندا، ئێران و تورکیا، هەم دژی کوردستانی بن دەستی خۆیان و هەم دژی پارچەکانی دیکە لە چەکی ئاو کەڵک وەردەگرن. ئێران لەم کارتەی لە دژی باشووری کوردستان کەڵکی وەرگرت و لە ئایەندەشدا، کەڵکی لێ وەردەگرێ. تورکیاش کە لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدا بۆ گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتوانی باکووری کوردستان لە ڕێگای دروست کردنی دەیان پڕۆژەی بەنداو، لەم چەکە بە ئاشکرا دژی ڕۆژئاوای کوردستان کەڵک وەردەگرێ. هەر دوو وڵات لە ناوخۆی وڵاتەکەیاندا، ئاوی کوردستان، دەخەنە خزمەت پڕۆژەی نەتەوەییی گەلانی سەردەستی فارس و تورک.

زۆربەی پسپۆڕان و گوتارە گشتییەکان سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، لەو باوەڕەدان کە کەم بوونی ئاو، گەرچی دانی پێدا نانرێ، بەڵام گرنگیی ژیۆسیاسیی بەرچاوی هەیە. چ ئەوانەی گەشبینن و چ ئەوانەیش ڕەشبینن، وەک یەک گومان دەکەن کە ئاو لە داهاتوویەکی نە دووردا، دەرئەنجامی ژیۆسیاسیی قووڵی دەبێ. واتە لە داهاتوودا، ئەوە سیاسەتە کە چوارچێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵ پرسی ئاو دیاری دەکا.


پێشەکی

سەرچاوەکانی ئاوی قابیلی ژیانەوە و غەیری قابڵی ژیانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کەم بوونەتەوە. ئەمە دۆخی عێراق و سوریا و ئەردەن و لوبنان و میسرە. لە گەڵ ئەوەدا، وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو، بوودجەی زەبەلاح بۆ پاڵاوتنی ئاوی سوێر خەرج دەکەن. ئەم پرۆسەیە وڵامدەرە، بە مەرجێک نرخی نەفت و گاز بەرز بێت.

ئاو هەمیشە سەرچاوەیەکی ستراتێژی بووە. هەر وڵاتێک کە دەیهەوێ زیندوو بمێنێتەوە، دەبێ بۆ خەڵکەکەی ئاوی پێویست دابین بکا. ئاو هەروەها مەرجی گەشەی دانیشتووان، بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ، بەرهەمهێنانی پیشەسازی، سەقامیگیریی تەندروستییە.[2] بتسیئۆتۆ لە ئینستیتۆی سەرچاوە جیهانییەکان، پێی وایە کە هەموو وڵاتەکان بە یەک ئەندازە لەگەڵ پرسی ئاو ڕووبەڕوو نین. لە کاتێکدا وڵاتی کوەیت لە بواری ئاودا یەکێک لە وڵاتە هەرە فەقیرەکانی دونیایە، وڵاتی کانەدا،  یەکێک لە هەرە دەوڵەمەندەکانی دونیایە. تاکێکی کانەدایی، بەشی ئاوی١٠هەزار جار لە تاکێکی کوەیتی زۆرترە.[3]

جیا لە بەکارهێنانی وەک چەکی سیاسی، لە بواری ناوخۆیییشدا، ئاو وەک ئامرازی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی بەکاردێت. بە گوێرەی ویتفۆگڵ، بە ناوەندی کردنی کۆنترۆڵی ئاو، لە لایەن ڕێژیمە سەرەڕۆکانەوە، ئیمکانی بە هێز بوونی دەسەڵاتی ناوەند دەدا. ناوبراو پێی وایە کە دروست بوونی ژێرخانی گەورەی ئاودێری، هەم پێویستیی جۆرەکانی دەوڵەتی مەرکەزگەرای هێناوەتە ئاراوە، هەم پشتگیری لە جۆرەکانی دەوڵەتداریی مەرکەزگەرا و دەرکەوتنی دەوڵەتە سەرەڕۆ و دیکتاتۆڕەکان کردووە.[4]

پڕۆژەی دروست کردنی ٢٢ بەنداو لە سەر ڕووباری دیجلە و فرات جێبەجێ دەکرێ.[5] ئەو ناوچانەی کە پڕۆژەی گاپ تێیدا جێبەجێ دەکرێ، ٩٠ لە سەدی دانیشتوانەکەی کوردن.[6] شەڕی ناوخۆییی تورکیا و کوردەکان، تا ڕادەیەک پەیوەندیی بە ئاوەوە هەیە. چونکە حکوومەتی تورکیا لە بەرنامەیدایە، بە دروست کردنی بەنداوی مەزن و کشتوکاڵ و پیشەسازیی گەورە و بە هێز کردنی ئابووری،  پێکهاتەی دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکان لە بەرژەوەندیی تورکەکان بگۆڕێ.[7] “ئۆلریش ئیشلمان” کە پسپۆڕی ژینگە و سەرۆکی ڕێکخراوی نادەوڵەتیی ئوتریشیی ڕیڤرواچە، دەڵێ: بەنداوی ئیلیسۆ چەکە و لە دژی زەوی و زارە نزمەکانە.[8]

سەددام حسێن لە کاتی شەڕی ئیران-عێراقدا، لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٨٠، ئاوی وەک چەکێک بەکارهێنا بۆ سەرکوتی نەیارانی. ئەویش بە وشک کردنی گۆلاوەکانی باشووری عێراق.[9] تورکیا هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ سوریە و عێراق، لەسەر دابەش کردنی ئاوی دیجلە و فرات، بە توندی گرێ دەداتەوە بە هەماهەنگیی سیاسی لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا. هەڵبەت پرسی کورد جەوهەری هەر سەودایەکە لە سەر ئاو، لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا. ئێرانیش بە لێدانی پڕۆژەگەلی گەورە، پارێزگاکانی ڕۆژئاوای ئێران – کە دەکەونە سنووری عێراق – ی  بێبەش کردووە و ئاوەکانی گواستۆتەوە بۆ پارێزگاکانی ناوەند و رۆژهەلاتی ئێران.[10] وێنەی خوارەوە، لە یەکێک لە بەنداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیراوە.[1]


ئایا لە داهاتوودا لەسەر ئاو، لە نێوان وڵاتاندا شەڕ دروست دەبێ؟ لە ساڵی ٢٠١٩، فریدریک لاسر جوغرافیاناسی کانادایی ئەم پرسیارەی کردووە.[11]

لە ڕابردوودا بە کەمی بینراوە کە دەستڕاگەیشتن بە ئاوی شیرین و کونتروڵ کردنی، هۆکاری بنەڕەتیی شەڕەکان یان پێکدادانە توندەکان لە نێوان دەوڵەتاندا بووبێتن.[12] هێندێ لە پسپۆڕان لەو بڕوایەدان کە ئەگەری شەڕ لە سەر ئاو لاوازە، بەڵام هەندێکیشیان پێیان وایە کە شەڕی زۆرتر لە سەر ئاو حەتمیە، ئەویش بە هۆکاری کەم بوونی ئاو، زۆربوونی حەشیمەت، چوونە سەری ئاستی ژیان و زۆر سەرف کردنی ئاو.[13]

هێندێکیش پێیان وایە کە ئەو شتەی کە وەک شەڕی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست باسی لێ دەکرێ، ساڵەهایە دەستی پێ کردوە. شەڕەکانی هیند و پاکستان، ئیسرائیل و عەڕەب لە ساڵی ١٩٦٧ لە سەر ئاو بوون. دەگوترێ، دروستبوونی داعش لە ئاکامی دروستبوونی کەم ئاوی لە سوریە و عێراق و بێکار بوونی وەرزێران و بوونیان بە پەڕاوێزنشینی شارەکان بوو.

 بەڵام کونتروڵ کردنی سەرچاوە خاوەکان لە لایەن وڵاتەکانەوە، بێگومان لە زۆربەی تێکهەڵچوونەکاندا دەوری سەرەکیی هەیە، کەچی ئەم پاڵنەرە لە کاتی هەڵگیرساندنی شەڕەکان زۆر جاران ئاشکرا نەبوە.


پێناسەی ژیۆپۆلێتیک

بۆ ژیۆپۆلێتیک، پێناسەی جۆراوجۆر دەکرێ. دەستەواژەی ژیۆپۆلێتیک پێکهاتوە لە دوو بەش: ژیۆ، واتە زەوی، پۆلێتیک واتە سیاسەت، کە واتاکەی دەبێتە زانستی “سیاسەتی زەوەی”. [14] بۆ ڕودۆلف کلین کە لە ساڵی ١٨٩٩ چەمکی ژیۆپۆلێتیکی داهێنا، ژیۆپۆلێتیک واتەی تیۆریی دەوڵەت وەک کیانێکی جوغرافیایی یان دیاردەیەک لە سپەس(پانتایی)، دەدا.[15] بەکارهێنانی لە نێوان شەڕەکانی جیهانیی یەکەم و دووهەم پەرەی سەند. بۆدانتیالح. دۆدنی، پێێ وایە ژیۆپۆلێتیک واتە شیکردنەوەی کاریگەرییە جۆغرافیایییەکان لەسەر باڵانسی هێز لە پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکاندا.[16] دێپارتمانتی ئەمریکا بۆ کاروباری شەڕ پێی وایە ژیۆپۆلێتیک پێکهاتوە لە واقعییەتگەلێک کە پەیوەندییان بە مێژوو، جوغرافیا و سیاسەتەوە هەیە بۆ شڕۆڤە کردن و پێشبینی کردنی ڕەفتاری دەوڵەتەکان لە نێو سنوورەکانیاندا و لە پەیوەندی لە گەڵ دەوڵەتەکانی دیکەدا.[17]

بە ڕای من ئەم پێناسەیەی خوارەوە بە شێوەیەکی ڕوون چوارچێوەی ژیۆپۆلێتیک دەناسێنێ:  چەمکی ژیۆپۆلێتیک وەک بەرنامە، داڕشتنی سیاسەتی ئەمنیی وڵاتێک دەگەیەنێ، بە پشتبەستن بە بنەمای فەکتەرە جوغرافیایییەکان. بە هەڵسەنگاندنی ئەو فەکتەرانە، ژیۆپۆلێتیک حەوزەکانی مەجوودی هێز هەڵدەسەنگێنێ و هەوڵ دەدا سیاسەتی نەتەوەیی بەو فەکترانەوە گرێ بداتەوە.[18] هەڵوێست گرتنی ستراتێژیک و پۆتانسیەڵی لەشکریی نەتەوەیەک بەستراەتەوە بە هەڵکەوتە و جێگەی ڕێگا سەرەکییەکانی بازرگانیی زەمینی و دەریایییەوە و، پێشکەوتن و ئاستی سیستەمی گواستنەوەی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە.

سەبارەت بە هەڵکەوتەی ستراتێژیکی وڵاتان، دەکرێ بۆ وێنە، باس لە جێگەی ئێران و ڕووسیە و تورکیا و چین بکرێ. کەچی ئێران و ڕووسیە وەک دوو هێزی زەمینی دەناسرێن، بەڵام تورکیا و چین لە هەڵکەوتەی ستراتێژیکیی باشتر بەهرەمەندن. چونکە خاوەن هێزی دەریایین. دەست پێڕاگەیشتنی ئەو وڵاتانەی هێزی زەمینین بە گوزەرگا دەریایییەکان، نفوزی ئەو وڵاتانە سنووردار دەکا. ئێران بەربەستی جوغرافیاییی زۆرە و هەر ئەوەیش نفوزی سنووردار دەکا. کەچی کێوەکانی ئێران، ئەو وڵاتەی لە مێژوویدا لە زۆرهێرش پاراستووە، بەڵام هەمان جوغرافیا، هێز و نفوزی ئێرانیشی سنووردار کردووە. لە مێژوویدا، ئێران کاتێ نفوزی بەهێز بووە کە وڵاتە هاوسێکانی تووشی قەیرانی قووڵ بوون. لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی دەست تێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوچەکە، بەرجەستە کردنی ئیسلامی سیاسیی شیعە و کار کردن لە ژێر پەردەی شیعەگەری بۆ پەرەپێدانی ناسیونالیزمی فارس، لە هەمان هۆکارەوە سەرچاوە بگرێ. دیارە دوای لاواز بوونی عێراق و بەهاری عەڕەبی، ئێران ئەو هەلەی قۆستەوە بۆ بەهێز کردنی نفوزی خۆی و دەرچوون لە بنبەستی ژیۆپۆلێتیک و لە هەوڵدایە لە ڕێگای عێراق و سووریاوە دەستی بگات بە ئاوەکانی مەدیتەرانە. گرنگیی ستراتێژیی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ جێگە و هەڵکەوتەی پرسی زەمینی لە نێوان ئەوروپا و ئاسیادا. کە چی هێزی ژیوستراتێژیی میسر دەگەڕێتەوە بۆ چەقی هەڵکەوتەی لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، وەک پردێک لە نێوان ئەفریقا، ئاسیا، و ئەروپای ناوەراستدا.[19]

بەهێزبوونی نەتەوەیەک و زۆر بوونی شانسی مانەوەی، تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندیی بەم فاکتەرە جوغرافییانەوە هەیە: شوێن، گەورەیی، شێواز، قووڵایی و کەشوهەوا، حەشیمەت، و هێزی مرۆیی، سەر چاوە سروشتییەکان، توانای پیشەسازی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو نەتەوەیە.

لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی، نەتەوە بە بەکارهێنانی هەر سێ فاکتەری هێز، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە سیاسەتی دەرەوەدا هەوڵ دەدا. واتە، ستراتێژییەکی سیاسی کە پشت بە کەڵکوەرگرتن لە دیپلۆماسی و وتووێژ دەبەستێ. ئەم ستراتێژییە، زۆر نزیک و هاوتەریبە لەگەڵ ستراتێژیی ئابووریی نەتەوەیی. هەردووکیان هەماهەنگ بە کار دەبرێن. کەڵکوەرگرتن لە ستراتێژیی سەربازی زۆربەی کات وەک ئاخرین بژاردە بە کار دێت، کاتێک کە هەوڵە سیاسی و ئابوورییەکان نەیانتوانیوە ئاسایشی وڵاتەکە بپارێزن.[20]

بە گشتی هەڵکەوتەی دەوڵەتان لە قەراخ ئاوەکان، دەبێتە هۆی دەوڵەمەندیی ئابووریی ئەو وڵاتانە. بە حوکمی ئەوەی کە بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، هەموو وڵاتان مافیان هەیە لە ناو ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا (پێچەوانەی گۆلەکان) بە ئازادی هاتوچۆ بکەن، ئەمە وادەکا ئەو دەوڵەتانەی لە قەراخ دەریان، پەیوەندیی زۆرتریان هەبێ لە گەڵ دونیای دەرەوە. ئەمە پێچەوانەی ئەو دەوڵەتانەیە کە ئابلوقە دراون. لە پەیوەندی لەگەڵ سیستەمی بەرگریی نیزامی، ئەو وڵاتانەی کە نزیک دەریان، بە شێوەیەکی بەرچاو گرنگی دەدەن بە بەهێزکردنی بازرگانیی دەریایی و هێزی دەریایی. کەوا بوو جوغرافیای سیاسی بابەتێکە کە لە ڕێگایەوە، دەوڵەتەکان دەتوانن پێگەیان بەهێز بکەن. وەک هێزی خاوەن نفوووزیش لە بواری نێودەوڵەتیدا، داوا و ئیدیعای نەتەوەیەک بۆ دەسەڵات لە سەر چوار کۆڵەکە بنیادنراوە. هێزی گەورەی سەربازی و مەیلی بەکارهێنانی، ، وزەی زیادەی ئابووری کە ئیمکانی پێ دەدا هاریکاری و سەرمایەگوزاری لە وڵاتانی دیکە بکا، ڕێبەرایەتیی ئیدیۆلۆژیک کە وەک نموونەیەک لای دەوڵەتانی دیکە پەیڕەویی لێ بکرێ، هەبوونی سیستەمێکی هاوبەشی دەوڵەتداری.[21] بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بکەین، وەک زلهێزی سەربازی، خاوەن ئابووریەکی بەهێز، داکۆکیکاری دیموکراسی کە زۆر لە وڵاتان پەیرەوی لە سیستەمی لیبرالیسمی ئەمریکایی دەکەن. نموونەی دیکە، زۆر جار یەک دەنگ بوون لە سیاسەت، لە نێوان دێموکڕات و کۆماریخوازەکان، دەتوانێ بە ئەرێنی یا نەرێنی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کاریگەریی هەبێ.


ژیۆپۆلێتیکی ئاو

ئاو یەکێک لە ئامرازەکانی بەهێز بوونی نەتەوەکانە. کەچی ٧٠ لەسەدەی گۆی زەوەی لە ئاو پێکهاتوە، بەڵام بەشێکی زۆر کەمی ئاو، واتا ٢، ٥% شیرینە و بۆ خواردنەوە دەشێ، کە لەوەش کەمتر لە ١% لەسەر رووبەری زەوی لەبەر دەستدایە بۆ خواردنەوە.[22] گەر سەدەی ٢٠ ببوو بە شانۆی پێکدادان لەسەر زێڕی ڕەش(ئەوت)، وا دیارە سەدەی ٢١ دەبێتە شانۆی شەڕ لەسەر زێڕی شین(ئاو).[23] لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەگەڵ قەیرانی ئاو، ڕووبەڕوویە، بەرز بوونەوەی ناکۆکییەکان لەسەر پرسی ئاو، لەبەر کۆمەڵێک هۆکارە. لەوانە زۆربوونی خێرای حەشیمەت، گەشەی ئابووری، چوونە سەری ئاستی ژیان، پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی و خراپ ئیدارە کردنی ئاو.

هەرچەند کۆنڤانسیۆنی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی ١٩٩٧، وەک ڕێفرێنس بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاوییەکان دەتوانرێ کەڵکی لێ وەربگیرێ، بەڵام دەوڵەتەکان، تەنها بە شێوەی زارەکی بە بنەماکانی ئەو کۆنڤانسیۆنە پابەندن. بە گوێرەی ئەو کۆنڤانسیۆنە، وڵاتەکان دەسەلاتی تەواویان هەیە بە سەر ئەو بەشە لە چەم و ئاوەکان کە بە نێو وڵاتەکەیاندا تێدەپەڕن، بەڵام نابێ زەرەر بەو وڵاتانەیش بگەیەنن کە ئاوەکان بەرەو ئەوان دەچن. ئەو قانوونە هەروەها ئاماژە بەوە دەکا، کە ئاوی هێندێ سەرچاوە، بە شێوەیەکی عادڵانە بەش بکرێ ئاڵوگۆڕی زانیاری بکرێ، لەسەر هەر دەست تێوەردانێک لە شێوەی بەکارهێنانی.[24] بەس نەبوون و کەم کارا بوونی قانوونە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە ئاو، وەک ئامرازێک بۆ چارەسەر و ڕێکخستنی کێشەکانی ئاو و نەبوونی میکانیزمی جێبەجێ کردن، کێشەکەی ئاڵٶزتر کردووە.[25]


ژیۆپۆلێتیکی کوردستان

کوردەکان و چارەنووسیان لە سەدەی ٢٠، دەبێ لە چوارچێوەی سیاسەت و بەرژەوەندیی هێزە ژیۆپۆلێتیکە جیهانییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا  بخوێندرێنەوە. لەوانە بەرژەوەندیی وڵاتانی عەرەبی، ئەمریکا، ڕووسیە، ئێران و تورکیا. کوردەکان تەنها گروپی ئیتنیکین لە دونیادا کە کەوتوونەتە نێوان چوار هێزی ژیۆپۆلێتیکی جیهانییەوە.[26]

دیارە ئەم هاوسەنگییانە دەتوانن بگۆڕدرێن، ئەگەر بێت و حکوومەتی دۆستی رۆژئاوا، لە ئێران، تورکیا، سوریە، عێراق و هتد، بێنە سەر کار. چەندین دەیە پرسی کورد وەک پرسێکی ناوخۆیی سەیر دەکرا، بەڵام بە گوێرەی بۆچوونی فیلیپ بوولانژێ، پرسی کورد کە لە بنەڕەتدا پەیوەندیی بە سنووری چەند وڵاتەوە هەیە، هاتۆتە نێو هاوکێشە نێونەتەوەیییەکانەوە. نزیک بوونەوە لە پرسی کورد، دەکەوێتە ناو کار و لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانی ژیۆپۆلێتیک و پسپۆڕانی دیکەی ڕۆژهەڵات ناسی.  ئیدی پرسی کورد بووەتە پرسی سەدەی ٢١.[27]

لە ساڵەکانی نەوەدەوە، ئیدی ئەو تێڕوانینە گۆڕا و بوو بە پرسێکی جیهانی و لەدەیەی٢٠٢٠، بەتایبەت بە هاتنی داعش، کورد وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی کارا، بەشێک بووە لە هاوسەنگییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا. گرژییەکانی ناوچە، پشت بەستنی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە کورد، وەک هاوپەیمانی جێگای متمانە، وای کردووە کە کورد ئەو پێگەیە بپارێزێ.

ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ وە، زیاتر لە ٦٠٠ پڕۆژەی دروست کردنی بەنداوی جێبەجێ کردووە. ئەوە لە کاتێکدایە، لە زەمانی شا و هەتا ڕووخانی، تەنها ١٣ بەنداو دروست کرابوو.[28]

وێنەی ژمارە[2]

لە ئاستی ناوخۆیی، بۆ قەرەبوو کردنەوەی کەمبوودی ئاو لە ناوچە فارسنشینەکان، ئێران خەریکی جێبەجێکردنی پڕۆژەگەلی گواستنەوەی ئاو لەو پارێزگایانەیە کە نەتەوە غەیرە فارسەکان وەک ئەهواز، سنە، کرماشان، ئیلام، ئازەربایجانی رۆژئاوا(ورمێ)، ئازەربایجانی رۆژهەڵات، بۆ پارێزگاکانی وەک قوم، ئیسفەهان، کرمان، یەزد، سمنان وهەمەدان. حکوومەت ئاوی ناوچە غەیرەفارسنشینەکان بە کاناڵی جیاجیا بەرەو ناوچە فارسنشینەکان دەبات.[29]

بە لێدانی پڕۆژەگەلی گەورە، پارێزگاکانی ڕۆژئاوای ئێران، کە دەکەونە سنووری عێراق، بێبەش کراون و ئاوەکان ئەم پارێزگایانەیان گواستووەتەوە بۆ پارێزگاکانی ناوەند و رۆژهەڵاتی ئێران. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەندین ناوچەوە، ئاوەکان دەگوێزرێنەوە بۆ ناوچە غەیرەکوردییەکان. بۆ وێنە بە گوێرەی زانیارییەکان، لە هەر چرکەیەکدا پێنج میتری سێ جا ، ئاو لە بۆکانەوە بۆ تەورێز دەگوێزرێتەوە. هەمان سیاسەت لە میاندواویش پەیڕەو دەکرێ. هەر وەها لە نزیک مەریوانیش ئاو دەگوێزنەوە بۆ زەنجان و لە نزیک قوروەش بۆ هەمەدان. جیا لەوانە، حکوومەتی ناوەندی بە شێوەیەکی بەرچاو، چاوی بڕیوەتە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. لەوانە سیروان، کە پێش ئەوەی بگاتە عێراق، نزیک بە ٣٠٠ کیلۆمیتر بە نێو ئێراندا تێدەپەڕێ.

مەنسوور سوهرابی[3] لە نووسینێکیدا سەرنج ڕادەکێشێتە سەر ئەو مەترسییانەی لە ئاکامی مودیرییەتی هەڵە و پیلانی تاڵان کردنی ئاوەکانی ڕۆژهەڵات لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. نووسەر، قەیرانی ژینگە دەگەڕێنێتەوە بۆ مودیرییەتی نازانستی (غیر عیلمی) و سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی حکوومەتی ناوەندی لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک داتای زانستی، بەفیڕۆدان و تاڵانی ئاوەکانی ڕۆژهەڵات، بۆ ئەو پسپۆڕەی ئاگرۆئیکۆلۆژی، ئەو پرسیارە دروست دەکات کە بۆ سەرەڕای باران بارینی زۆر لە پارێزگایەکی وەک ئیلام، کەچی ڕووبەری کشتوکاڵ لەو پارێزگایە لە ئاستێکی زۆر نزمدایە؟ ئاوی ئەو پارێزگایە بۆ کوێ دەچێ؟ بۆچی سنە بە بەراوەرد بە پارێزگاکانی ئیسفەهان و فارس، سەرچاوەی ئاوی زۆرتری هەیە، کەچی ڕووبەری کشتوکاڵ لە ئاستێکی زۆر نزمتردایە؟ ئاوی ئەو دوو پارێزگایە لە کوێوە دابین دەبن؟[30]

ئێران بەوەش ڕانەوەستاوە. ئێستا خەریکی تەواو کردنی ٣٣ پڕۆژەی نوێی ئاو و ئاوەڕۆیە لە خوزستان کە ئاو بە بۆڕی(لوولە) بگەیەنێتە ئابادان، خۆڕەمشەهر، سوسەنگرد و دەشتی ئازادەگان.[31]  دیارە حکوومەت لە پڕۆژەیدایە، ١٧ بەنداوی دیکە و تونێڵێکی ١٥٠ کیلومیتری لێبدات، کە بە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و خوزستاندا تێدەپەڕێ. ئەم پڕۆژەیە، ئاوی رۆژئاوی ئێران، واتە ناوچە کوردنشینەکان بۆ رۆژهەڵات و ناوەندی ئێران دەگوازێتەوە. واتە ئاوی ڕووباری زێی بچووک و ڕووباری سیروان.[32]

لە پارێزگاکانی ورمێ، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و سنە، دوەڵەت ٥٦ بەنداوی ساز کردووە، کە دەتوانن ٢.١ میلیارد میتر سێجا ئاو گل بدەنەوە کە تا ٢٠١٦، بۆتە هۆی وشک کردن و بچووک بوونەوەی تا ٨٠%ی  گۆلە مەزنەکان.[33] لە لایەکی دیکەوە، حکوومەت لە ئاوی ڕووباری کاروون دەبات کە لە کێوەکانی زاگرۆسەوە سەرچاوە دەگرێ و بەرەو خووزستان دەچێ. ڕێڕەوی ئاوی زایەندەڕوودیش گۆڕدراوە بەرەو یەزد.  بە هۆی سیاسەتی گۆڕینی رێڕەوی ئاوەکان لەم ساڵانەی دواییدا، خۆپێشاندان لە خووزستان سەری هەڵدا.

 ٤٥ لەسەدی ئاوی ڕووباری کاروون، بەرەو پڕۆژەیەکی دیکە بردراوە.   پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی کاروون بەرەو پارێزگاکانی ئیسفەهان و کرمان، لە لایەن عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی وهەموو سەرۆککۆمارەکانی دوای ویش پشتیوانیی لێ کراوە.[34]

لە ئاستی نێودەوڵەتی و لە پەیوەندی لەگەڵ باشووری کوردستاندا، ئێران لەسەر ڕووباری زێی بچووک  کە دەکەوێتە درێژاییی سنووری ئێران و کوردستانی عێراق، بەنداوی نوێی لێداوە. ئەم بەنداوە نوێیە لە سەردەشت، بۆتە هۆی کەم بوونی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ لە قەڵادزێ، کە حەشیمەتەکەی نزیک ١٤٠٠٠٠ کەسە و دەکەوێتە باکووری شاری سلێمانی لە عێراق.[35]

 لە پێنج ڕووبار کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی هەریمی کوردستان پێک دێنن، دوویان کە سیروان و زێی  بچووکن، لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن.

ئێران ئاو لە دژی باشووری کوردستان و عێراق، وەک چەکی سیاسی بەکار دێنێت. لە ڕابووردوودا لە چەکی ئاو کەڵکی وەر گرتووە و بێگومان لە داتاهاتووشدا ئەو ئامرازە بۆ گوشارخستنەسەر باشووری کوردستان و بەغدا بەکاردێنێ. لەو پەیوەندییەدا، بەگوێرەی لێدوانی عەبدولسەتار مەجید، وەزیری کاروباری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان، بەهۆی سازکرانی بەنداو لە شاری سەردەشت (رۆژهەلات)، لەسەر ڕووباری زێی بچووک کە بەرەو شارۆچکەی قەڵادزێ لە پارێزگای سلێمانی دەچێت، بە شێوەیەکی بەرچاو پلەی ئاوی ئەو چەمە دابەزیوە.[36] بە گوێرەی لێدوانی عەبدولستار مەجید، ئێران لە بەرنامەیدایە، ١٠ بەنداوی دیکە لە سەر ئەو ڕووبارانە دروست بکات کە دێنە کوردستان(ی باشوور)ەوە. دابەزینی ئاستی ئاو لە کوردستان، کاریگەریی لە سەر ئاستی ئاوی تەواوی عێراق دەبێ. بە گوتەی عەبدولسەتار مەجید، بڕیاری کەم کردنەوەی ئاو لە لایەن ئێرانەوە بۆ کوردستان، زیاتر لە بڕیارێکی سیاسی دەچێ. [37]

لە لای خۆیەوە، باشووری کوردستانیش، چەندین بەنداوی دروست کردووە کە دەکرێ هەرێم وەک، ئامرازی گوشار لە دژی بەغدا بەکاریان بێنێ. وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقیش حەسەن ئەلجەنابی، ڕایگەیاند بەهۆی بەنداوەکانی تورکیا وعێراقەوە، لەم چەند ساڵەی دواییدا، ئاستی ئاو لە عێراق تا ٤٠ لەسەد دابەزیوە. ئەوە لە کاتێکیشدایە کە پێشبینییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە حەشیمەتی عێراق، تا ساڵی ٢٠٥٠، ژمارەی ٧٠ میلیون تێدەپەڕێنێ.[38] دەکرێ بگوترێ کە کەم بوونی ئاو و زیاد بوونی حەشیمەتی عێراق، لە ساڵان و دەیەکانی داهاتوودا، دەبێ وەک بۆمبی قورمیش کراو حیسابی بۆ بکرێ.[4]

هەموو ئاماژاکان ئەوە دەردەخەن کە ئێران هەرچی زیاتر لەگەڵ قەیرانی ئاو ڕووبەروو دەبێ. گەرم بوونی کەشوهەوا، بە قەیرانی مودیرییەتی ئاو لە ئێران زیاد بوە. کەم بوونی باران بارین، چوونەسەری پلەی گەرما، کاریگەریی خراپی لە سەر دابینکردنی ئاو داناوە. پێشبینیی توێژەران ئەوەیە کە ئێران تووشی قەیرانی قووڵی ئاو دەبێ. کێشەی ئاو بووەتە هۆکاری کێشەی کۆمەلایەتی – سیاسی و تەناهی لە ئێران و ئەگەری هەیە تا ساڵی ٢٠٣٦، قەیرانی گەورەی ئاو لە ئێران دروست ببێت.[39] گوتەی عیسا کەلانتەری، سەرۆکی ئیدارەی ژینگە، کە دەڵێ بە هۆی کەم بوونی سەرچاوە ئاوییەکان، تا ٢٠٥٠، ڕێژەی ٧٠% ی ئێرانییەکان دەبێ وڵاتەکەیان بەجێ بهێڵن، بوونی ئەم قەیرانە پشتڕاست دەکاتەوە.[40]

گۆلی ورمێ کە یەکێک لە گەورەترین گۆلە سوێرەکان جیهانە، خەریکە بە تەواوی لەناودەچێ. کاوە مەدەنی، سێ هۆکاری بنەڕەتی دەخاتە پێش چاو. لەوانە، زۆر بوونی حەشیمەتی ئێران، کە گوشاری زۆر لە سەر ئەنبارەکانی ئاو دروست دەکا. بەشی کشتوکاڵی ناکارامە و بە تایبەتی مودیرییەتی خراپی سەرچاوە ئاوییەکان، کە ئێرانیان بەرەو قەیرانی ئاو پاڵ پێوەناوە.[41] قەیرانی دیکە، ڕووباری زایەندەڕوودە کە بە ناوەڕاستی ئێراندا تێدەپەڕێ و شالوودەی ژیانی شاری ٢ میلیۆن کەسیی ئیسفەهانە، خەریکە وشک دەبێ.[42] عەبدولحەمید خادری، ئەندامێکی پارلەمان هۆشداری دەدا کە، لەبەر کەم بوونی ئاو، ئێران دەتوانێ تووشی هەڵگیرسانی شەڕ ببێت.[43]


تورکیا

سەرەڕای ئەوەی پڕۆژەی ئیلسوو کێشەی زۆری ساز کرد، بەڵام تورکیا لەسەر ئەو پڕۆژەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا دەستی پێ کرد بوو، بەردەوام بوو و لە مانگی جولای ٢٠١٩دا تەواوی کرد. بەنداوەکان لەسەر رووباری فرات، لە ماوەی ٤٠ سالی رابردوودا،  نزیک بە ٤٠ لەسەدی ئاوی سوریەیان کەم کردۆتەوە و رادەی ئەم کەم بوونەوەیە بۆعێراق، نزیک بە دووبەرابەرە.[44] بەنداوی ئیلسوو کە لە سەر دیجلە دروست کراوە، نەک تەنها بۆ ڕۆژئاوی کوردستان، سوریە و و عێراق، بەڵکوو لە سەر ئێرانیش کاریگەریی خراپ دادەنێ. بەرپرسانی ئێرانی، لەوان حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆمار، دروست کردنی بەنداوی ئیلسوویان مەحکوم کرد، چونکە بە کەم کردنەوەی ئاوی دیجلە، کێشەی ژینگەیی ساز دەکا. بەنداوی ئیلسوو، چاوەڕوان دەکرێ، ڕادەی ئاوی دیجلە تا ٥٦ لەسەد کەم بکاتەوە.[45]

 لە چوارچێوەی مێژووی ئیمپریالیزمی تورکیا دژی کوردەکاندا، کاریگەریی بەنداو دروستکردن، لە پرسی کورد تێدەپەڕێ و کاریگەریی لە سەر سوریە و عێراق دەبێ. پڕۆژەی ئیلسوو، زیاتر لە پرسی گەشەیە، و پەیوەندیی بە هێز، سەردەستی و سوڵتەوە هەیە.

ئانکارا بە کەڵک وەرگرتن لە کونتروڵ کردنی ئاو، کار دەکا بۆ ئەوەی پڕۆژەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە بەین ببات. هەنگاوەکانی ئەم دواییانەی تورکیا دژی هێزەکانی سوریەی دێموکڕات نیشان دەدەن کە ئەردۆگان ناسیونالیسمی کورد وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دەبینێت.


کۆبەند

لە سەدەی ٢١، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جۆرێکی نوێی شەڕی بێ وێنە، بە خۆیەوە دەبینێ. سەرەڕای گوشارە ئابوورییەکان، دابەشبوونی ئیتنیکی و تایفەیی، کرداری تیرۆریستی و توندئاژۆییی دینی، ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی ئاو، بە هۆی کەم بوونی ئاو لەم ساڵانەی دواییدا لە ناوچەکە زیاد بوە.

هۆکاری بەشێک لە خۆپێشاندانەکان لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی ئاو لەم وڵاتەدا. لە تورکیاش، چەکی ئاو لە دژی کورد، هەم لە ناوخۆی تورکیا- بۆ گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتوان- هەم لە دژی ڕۆژئاوای کوردستان وەک چەکی سیاسی کەڵکی وەردەگرێ. ئێران لە لای خۆیەوە، لە ئاستی ناوخۆییدا، ئاوی ناوچە غەیرە فارسەکان دەگوێزێتەوە بۆ ناوچە فارسنشینەکان. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، دژی باشووری کوردستان و سەردەمێکیش بۆ گوشار خستنە سەر بەغدا، دژی دەوڵەتی عێراق بەکاری دەهێنا.

 لە خۆپێشاندانەکانی نۆڤامبری ٢٠١٩ی ئێراندا، کە دوای ڕاگەیاندنی زیاد کردنی نرخی بێنزین ڕوویاندا و داوای سیاسی و ئابووری تێیاندا هاتە ئاراوە، چارەسەر کردنی کەمیی ئاویش یەکێک لە داخوازەکانی خۆپێشاندەران بوە. لە سنوورەکانی باشووری ڕۆژئاوای ئێران، دانیشتوانی شارەکانی خوڕەمشار و ئابادان لەگەڵ کەم بوونی ئاوی خواردنەوەی خاوێن ڕووبەروو بوون، کە بوو بە هۆی خۆپێشاندانی توندوتێژانە. کەچی زوو سەرکوت کرا، بەڵام وا دەرناکەوێ کە حکوومەت بتوانێ پرسی کەمیی ئاو کە هەڕەشەی جیدیە بۆ وڵات، چارەسەر بکا و چاوەڕوان دەکرێ، لە داهاتوودا لەو شێوە خۆپێشاندانانە لە ناوچەکە زیاتر ببێت.

ئەگەر قەیرانی ئاو بەردەوام بێت، چارەنووسی وڵاتی ئێران دەتوانێ وەک ئەوەی سوریە تووشی قەیرانی هیجرەتی ناوخۆیی ببێت و سەرئەنجام بکێشێ بۆ نا ئارامیی بەربڵاو لە سەرتاسەری ئێراندا. جیا لەو هۆکارانەی باس کران، لە بواری ژینگەییشەوە، بە دروست کردنی هەر ئەنبارێکی مەزنی ئاو، ژینگەی پەلەورەکان و ماسییەکان لەنێو دەچن و ئاڵوگۆڕ بەسەر کەشوهەوای ناوچەکەدا دێت. ئیکۆسیسەتم و ناوچەی نیشتەجێ بوون و شوێنەوارە کۆنەکان دەکەونە ژێر ئاوەوە.


سەرچاوەکان

[1]ئەم وێنەیە لە یەکێک لە بەنداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیراوە. سەرچاوە: دوکتور مەنسوور سوهرابی.

[2]الموسوعة الجزائرية للدراسات السياسية والاستراتیجیە محمد، مدون جزائري، مهتم بالشأن السياسي و امني العربي و الدولي :سەرچاوەی وێنە  https://www.politics-dz.com/

[3]پسپۆڕلەبواری ئاگرۆئیکۆلۆژی

[4] The Ilisu Dam in Turkey is set to inundate Hasankeyf, a 12,000-year-old Kurdish heritage site with untold archaeological value. (Alexandra Marvar)

[1] Geopolitical Monitor. “Water Conflict: Will A Drying Iran Face Syria’s Fate?” January 24th, 2018 http://www. waterpolitics. com/2018/01/24/water-conflict-will-a-drying-iran-face-syrias-fate/

[2]Ištok, Robert and Tomáš Koziak. “Geopolitical context of the issues of providing water resources”. https://www.unipo.sk/public/media/12484/Geopolitical%20context%20of%20the%20issues%20of%20providing%20water%20resources.pdf

[3]Capel, Alexandre. «L’eau, nouveau paradigme de la géopolitique du XXIème siècle » (1/3). 

[4] Strang, Veronica. “Infrastructural Relations: Water, Political Power and the Rise of a New ‘Despotic Regime‘”. Institute of Advanced Study, Durham University, Durham, UK cite Wittfogel, K. 1957. Oriental despotism. A comparative study of total power. New Haven: Yale University Press. Volume 9 | Issue 2.  

[5]Tsakalidou, Ilektra. August 5, 2013. “The Great Anatolia Project: Is Water Management a Panacea or Crisis Multiplier for Turkey’s Kurds?”. 

[6] Tsakalidou, Ilektra. August 5, 2013. “The Great Anatolia Project: Is Water Management a Panacea or Crisis Multiplier for Turkey’s Kurds?

[7]«  ضرورت اصلاح سیاست خارجی در زمینه‌ی آب و ڕیزگردها“ 14 شهریور 1395 ساعت 15:51 شماره مسلسل

[8] Marvar, Alexandra. NOVEMBER 11, 2019. “Turkey’s Other Weapon Against the Kurds: WaterIn times of conflict, war, and climate change, hydropower is state power”. https://www.thenation.com/article/archive/turkey-syria-iraq-kurds/

[9]Marvar, Alexandra. NOVEMBER 11, 2019. “Turkey’s Other Weapon Against the Kurds: WaterIn times of conflict, war, and climate change, hydropower is state power”.

[10]Kosar, Nikahang. “Devastating Water Policies: Financial Interests working against Nation- al Interests,” BBC Farsi, April 24, 2018. Cited by Banafsheh Keynoush (PhD) Non-resident fellow at Rasanah-IIIS. Water Diplomacy” Not Enough to” Fix Iran-Iraq Water Disputehttp://www. rasanah-iiis. org

[11]Lasserre, Frédéric, « Guerres de l’eau : paradigme des guerres du XXIe siècle ? », communication au Festival international de géographie de Saint-Dié-des-Vosges, octobre 2008. http://fig-st-die. education. fr/actes/actes_2008/lasserre/article. html

[12] CARIUS, Alexander, DEBELKO, Geoffrey y WOLF, Aaron. 2004. Water, conflict and co-operation. http://www. un-globalsecurity. org/pdf/Carius_Dabelko_Wolf. pdf Cited by  Anil Naidoo and Adam Davidson-Harden “The Geopolitics of the Water Justice Movement”. http://ccs. ukzn. ac. za/files/Naidoo%20Davidson%20water%20geopolitics. pdf,

[13]Drake, Christine. 1997. “Water Resource Conflicts in the Middle East”, Journal of Geography, 96:1, 4-12, DOI: 10. 1080/00221349708978749

[14]  الموسوعة الجزائرية للدراسات السياسية والاستراتیجیە محمد، Jazairi, M. Midawin. مدون جزائري، مهتم بالشأن السياسي و امني العربي و الدولي      https://www. politics-dz. com/

[15] Rudolf Kjellén, Staten som Lifsform, 1916. Published in German as Der Staat also Lebenform (Leipzig: Hirzel, 1917), 34–35, 203. Cited by Cohen, Saul Bernard. “Geopoliticshe Geography of International Relations”. Third Edition

[16] Deudney, Daniel H. 2006. “Geopolitics”. Encyclopedia Britannica. https://www.britannica.com/topic/geopolitics. Cited by Dina Rashed (MAY 24 2019) in Geography, Resources and the Geopolitics of Middle East Conflicts https://www. e-ir. info/2019/05/24/geography-resources-and-the-geopolitics-of-middle-east-conflicts/

[17]Roucek, Joseph S. , “Geopolitics”, in Thorsten V. Kalijarvi and Associates (eds. ), Modern World Politics, New York: Crowell, 1954, p. 289. Cited by Kent Bob Huzen in “FRAMEWORK FOR UNDERSTANDING: GEOPOLITICS AND FOREIGN POLICY”. Article · September 20191

[18]Huzen, Kent Bob “FRAMEWORK FOR UNDERSTANDING: GEOPOLITICS AND FOREIGN POLICY

[19]Rashed, Dina “Geography, Resources and the Geopolitics of Middle East Conflicts”.

[20]Boland III, Robert. I. 1992. “Geography, National Power, and Strategy”. cited in ‘Geography, National Power, And Strategy’. Global Security.

[21]Cohen, Saul Bernard. “Geopoliticshe Geography of International Relations”. Third Edition

[22]ROYNARD, DE ROMY. « L’or bleu, la bataille de l’eau ». https://www. nationalgeographic. fr/environnement/lor-bleu-la-bataille-de-leau

[23]ROYNARD, DE ROMY. « L’or bleu, la bataille de l’eau. »

[24]Ištok, Robert and Tomáš Koziak. “Geopolitical context of the issues of providing water resources”. k

[25]Drake, Christine. 1997. “Water Resource Conflicts”.

[26]Izady, Mehrdad. R (Prof. ). “Geopoliticshttp://kurdistanica. com/geopolitics/

[27] Philippe Boulanger. « Géopolitique des Kurdes ». Ellipses, Paris, 2006, 288 pages. Gaïdz MinassianBibliographical referenc. p. 239-241

[28]Geopolitical Monitor. “Water Conflict: Will A Drying Iran Face Syria’s Fate?

[29]Safaei, Faraz. « Mafia-linked Dam Projects in Iran Leave Ethnic MinoritiesParched ». Friday, 27 July, 2018. https://english. aawsat. com//home/article/1344946/mafia-linked-dam-projects-iran-leave-ethnic-minorities-parchedهەروەهابڕوانەلینکەی خوارەوە بە زمانی فرانسی. « Le problème de l’eau en Iran » – Documentaire. 8 juin 2018 https://www. youtube. com/watch?v=5–al6GFkvY&feature=share

[30]Sohrabi, Mansour. 2020. Tishk N° 52. مدیریت استعماری سرزمین در ڕۆژهەڵات

[31] Mehr News Agency, July 3, 2018,  “Eliminating Water Problems in Abadan and Khoramshahr by 10 Tir”. http://cutt. us/y5oDI . Accessed August 13, 2018. Cited by Banafsheh Keynoush.

[32] Rudaw. June 2018. “Iran’s massive new water project nears completion, threatening Iraqi rivers”.  http://cutt. us/VQisg. Accessed August 13, 2018.

[33]Safaei, Faraz. « Mafia-linked Dam Projects in Iran Leave Ethnic MinoritiesParched ».

[34]Rahimizadeh, Mohammad Reza, Omid Bozorg Hadad, “Review of Cross-Regional Water Transfers on Iran’s Water Resources”. Strategic Information on Agriculture and Natural Re- source Sciences, Vol. 3, No. 1 (1397/2016): pp. 27-42, http://cutt. us/2fYwA. Accessed August 13, 2018. Cited by Banafsheh Keynoush.

[35] Rudaw, June 2, 2018. “Iran cuts flow of Little Zab to Kurdistanhttp://cutt. us/y5ynw.

[36]Ali, Sangar. June 27-2017. “Kurdish minister will visit Iran after serious water flow reduction to Kurdistan Kurdistan24”. https://www. kurdistan24. net/en/economy/1871c580-f1ac-466c-9e31-2a7471b03d7b

[37]Ali, Sangar. June 27-2017. “Kurdish minister will visit Iran after serious water flow reduction to Kurdistan”.

[38] Burden, Jonathan. November 24, 2019. « Water Shortage and Unrest in Iraq ». https://globalriskinsights.com/2019/11/water-shortage-and-unrest-in-iraq/

[39]Keynoush, Banafsheh.

[40]Novo, Cristina. “Iran’s water crisis: drought, floods and poor managementhttps://smartwatermagazine. com/blogs/cristina-novo/irans-water-crisis-drought-floods-and-poor-management

[41]Geopolitical Monitor. “Water Conflict: Will A Drying Iran Face Syria’s Fate?

[42]Geopolitical Monitor. “Water Conflict: Will A Drying Iran Face Syria’s Fate?

[43]Keynoush, Banafsheh.

[44]Marvar, Alexandra. NOVEMBER 11, 2019. “Turkey’s Other Weapon Against the Kurds: WaterIn times of conflict, war, and climate change, hydropower is state power”. .

[45]Geopolitical Monitor. “Water Conflict: Will A Drying Iran Face Syria’s Fate?