ئارامتر بخوێنەوە!

ناکارامەیی لە هەڵسووڕانی وڵاتدا؛ هۆکارێکی تری فێدراڵیزم یان هەڵوەشاندنەوە

بیریار ژاوەرۆیی

لە ئاراستەی دێمۆکراسی و دابینکردنی مافی نەتەوە جیاوازەکاندا بە شێوەی ئاسایی لە وڵاتانی فرەنەتەوەدا، بەتایبەت ئەوانەی وەک ئێران ناتێکەڵن کە هەر نەتەوەیەک نیشتمانی دیاری خۆی هەیە، دەبێت مافی یاساییی جیابوونەوەیان ئەگەر خۆیان ویستیان بمێننەوە و بەڕێوەبەرایەتیی فێدراڵ بۆ ئەو نەتەوانە ڕەچاو بکرێت. بەڵام بێجگە لەم هۆکارە کە زۆرتر بەرباسی نەتەوە بندەستەکان بووە، پێویستە تیشکیش بخرێتە سەر هۆکارەکانی تری داخوازی بۆ سەربەخۆیی و فێدراڵیزم.

سەبارەت بە شێوازی هەڵسووڕان و بەڕێوەبەرایەتیی وڵاتەکان بەتایبەت لە باری سیاسییەوە، وەک بنەمای لایەنەکانی تری هەڵسووڕان، بیردۆزی و بیروڕای زۆر هەیە. بە هۆی فرەنەتەوەبوونی ئێران و هەبوونی کەلێنە کۆمەڵایەتییە قووڵە پێوەندیدارەکان، زۆربەی کات باسی خودموختاری، فێدراڵیزم و جیابوونەوە، گرێ دراوە بە مافی دیاریکردنی چارەنووس لەلایەن نەتەوە بندەستەکانەوە. لێکەوتەی ئەوەش هەوڵی یەکلایەنەی ئەو نەتەوانە بۆ سەرخستنی ئەو مافە و لە بەرانبەردا نکۆڵی و سەرکوتی بزووتنەوەکانیان لەلایەن نەتەوەی باندەستەوە، بە هۆی مێشکی نادێمۆکراتیکی ئێلیتەکانی و نەبوونی بڕوا بە دێمۆکراسی بووە. دیارە لە ئاراستەی دێمۆکراسی و دابینکردنی مافی نەتەوە جیاوازەکاندا بە شێوەی ئاسایی لە وڵاتانی فرەنەتەوەدا، بەتایبەت ئەوانەی وەک ئێران ناتێکەڵن کە هەر نەتەوەیەک نیشتمانی دیاری خۆی هەیە، دەبێت مافی یاساییی جیابوونەوەیان ئەگەر خۆیان ویستیان بمێننەوە و بەڕێوەبەرایەتیی فێدراڵ بۆ ئەو نەتەوانە ڕەچاو بکرێت. بەڵام بێجگە لەم هۆکارە کە زۆرتر بەرباسی نەتەوە بندەستەکان بووە، پێویستە تیشکیش بخرێتە سەر هۆکارەکانی تری داخوازی بۆ سەربەخۆیی و فێدراڵیزم.

یەکێکی تر لە هۆکارەکانی داخوازی بۆ فێدراڵیزم و سەربەخۆیی، ناکارامەیی و ناتوانییە لە هەڵسووڕان و بەڕێوەبەرایەتیکردنی وڵاتانی بەرین و گەورە، چ لە باری ڕووبەر و چ لە باری حەشیمەتەوە. ئەو وڵاتانەی کە دەسەڵاتدارانی تێگەیشتوویان هەیە، کاتێک تێدەگەن کە وڵاتەکەیان کێشەی زۆرە و بە باشی بۆیان هەڵناسووڕێت و بە زۆر لە ناوەندەوە ناتوانن کاروباری وڵات ڕاپەڕێنن، لە پێناوی مافی خەڵک و پەرەپێدان و پێشکەوتندا بێ هیچ دەمارگرژییەک بڕیار دەدەن لەسەر ڕاسپاردنی کاروباری وڵات بە خەڵک لە ئاستە جیاوازەکان و بەشداریی خەڵک لە دەسەڵاتدا؛ واتە دێمۆکراسیی بەشدارانە و ڕێکەوتنانە. بەوجۆرە بەرگیری دەکەن لە کەڵەکەبوونی دەسەڵات لە ناوەنددا کە زۆربەی کات هۆی پێکهاتنی گەندەڵی بووە. لە هەندێ وڵاتدا تەنانەت بێ ئەوەی کەلێنی کۆمەڵایەتی هەبێت و فرەنەتەوەیی بن، بە شێوەی فێدراڵ بەڕێوە دەچن وەک ئوسترالیا، ئەڵمانیا، ئوتریش/نەمسا و…. هەروەها کاتێک دەسەڵاتداران ناتوانن چەندین وڵات لە ژێر ناوی وڵاتێکدا بەشێوەی دێمۆکراتیک و بە باشی هەڵسوووڕێنن، یاسا ئەو مافە بە وڵات و نەتەوە جیاوازەکان دەدات کە لە پێناوی بەختەوەریی گەلەکەیاندا بەپێی بڕیاری خەڵکی خۆیان، ڕێگای سەربەخۆیی بگرنە بەر. واتە پێوەری باش هەڵسووڕانی وڵات زۆربەی کات، ڕادەی بەدیهاتنی مافەکان و بەختەوەریی خەڵکە نەک ڕاپەڕاندنی وڵات بە زۆر، برسیەتی، گەندەڵی، درۆ و بە شێوی نادێمۆکراتیک و زۆر شتی نەشیاوی تر.

دیارە لە هەندێ وڵاتی فێدڕاڵ-دێمۆکراتیکدا، چونکە هەڵسووڕانی وڵات بە باشترین شێواز بووە و هەموو خەڵک مافە دێمۆکراتیکەکانی خۆیان هەبووە و پلەی گەشەسەندن و پەرەپێدانیان لە ئاستی بەرزدا بووە، هەندێ جار تەنانەت بە هەبوونی یاسای جیابوونەوەش ڕەنگە زۆرینەی خەڵکی ویلایەتێک لە ڕێفراندۆمیشدا دەنگ بە جیابوونەوە نەدەن و نەیانەوێت سەربەخۆ بن؛ وەک ئەوەی لە پارێزگای کێبێکی کەنەدا هەبووە. بەپێچەوانەوە، کاتێک دەسەڵاتدارانی وڵاتێک توانایی هەڵسووڕانی شیاوی ئەوێیان نییە و تەنیا بە زۆر و کوشتن و بڕین دەیانەوێت خەڵکانی جۆراوجۆر و ناوچە جیاوازەکان لە ژێر ناوی وڵاتێکدا ڕاگرن، دەرەنجامێکی بێجگە لە پێشێلکردنی مافی خەڵک و ڕاگرتنی خاکێکی پەرەپێنەدراو و سووتاو کە خەڵکان و ویلایەتە جیاوازەکان بە ئاواتی دەربازبوون لەو چوارچێوەیەن، بە دواوەنابێت. ئەمە واتە قوربانی کردنی مرۆڤەکان بۆ خاک، نەک پاراستنی خاک بۆ مرۆڤ. لێرەدایە کە کاتێک مرۆڤ لە وڵاتێکدا مافی مرۆییی خۆی نەبوو، بۆی گرنگ نابێت کە ناوی ئەو وڵاتە چی بێت، مێژوو و شارستانیەتی کۆنی چی بووبێت یان بە هەر نرخێک چوارچێوەیەک لە خاکێکی بێ کەڵک بۆ مرۆڤ کە هیچ قازانجێکی بۆی نییە بپارێزێت. هەروەها کە زۆرێک لە خەڵکی ئێستای ئێران، وێڕای هەموو سامان و دەوڵەمەندیی ئەو وڵاتە، پێیان خۆشە لەو قاقڕستان و جەحەننەمەی کە بۆیان پێکهێنراوە خۆیان ڕزگار بکەن و لە دەرەوەی ئێران لە شوێنێک بژین کە مافی مرۆیییان ڕەچاو بکرێت و وەک مرۆڤ بەوجۆرەی کە هەن و بە شوناسی خۆیانەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت.

بۆیە لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا، ئەو پرسیارانە لە ئارادایە کە بۆچی ئێلیتەکانی نەتەوەی باندەستی خاوەن و پارێزەری بیرۆکەیەکی تەواو شەڕەنگێزانە و داڕمێنەر کە هۆی هەموو کێشەکان بووە، بەرپرسیارێتیی زیاتر لە سەدەیەک ناکارامەییی هەڵسووڕانی ئەو وڵاتە لە ئەستۆ ناگرن؟ ئاخۆ ئەو ناکارامەیییە کە ئیتر قەرەبووی بۆ نییە، ناتوانێت گرنگترین هۆکاری تێکدان و لەتکردنی وڵاتەکە بێت؟ بۆ تەنیا ڕووی دەم لە نەتەوە بندەستەکانە و هۆکار و بەرپرسیارێتیی هەڵوەشاندنەوەی ئەو وڵاتە دەخرێتە ئەستۆی ئەوان تاکو کردەوەی نادروست و ناکارامەییی خۆیان بشارنەوە؟ گەر بەر لە سەردەمی مۆدێڕن ڕەچاو نەکەین، هەر لە مێژ ساڵە دەبوا ئەمانە بە خۆدا بهاتبانەوە و خەڵکیش ئەو پرسیارەیان ئاراستەیان بکردبایە کە بۆچی سوورن لەسەر ڕاگرتنی پێکهاتەی سیاسی و بەڕێوەبەرایەتی بە شێوەی هەنووکەیی لەو وڵاتەدا لەکاتێکدا کە لە سەرەتای پێکهاتنیەوە تاکو ئێستا ئەو دەوڵەتە دەسکردەی بە ناو مۆدێڕن نەیتوانیوە هەڵسووڕان و بەڕێوەبەرایەتییەکی دروست و قبووڵکراوی هەبێت؟ ئاخۆ نابێت ئەمانە پێش هەموو شتێک، بە هۆی ناکارامەیی و نەشیاوبوونیان و ساڵانێکی زۆر تاڵکردنی ژیانی خەڵک، داوای لێبوردن لە گەلانی ئێران بکەن و قبووڵ بکەن کە ئەو گەلانە بەو بۆنەیەوەش مافی خۆیانە کە بڕیاری دەرچوون لەو چوارچێوە گەندەڵە بدەن؟ ئاخۆ بەو چارەنووسە شیرینەوە کە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە پێکیان هێناوە، نەدەبا لە ڕوویان نەهاتبایە کە بە نەتەوە بندەستەکان بڵێن جیا مەبنەوە؟ بە چ ڕوویەکەوە ڕووی دەم دەکەن لە گەلانی ئازادیخواز و دەڵێن بۆ جیا دەبنەوە و ئەو وڵاتە تێکدەدەن؟ بۆ دەبێت لە خۆ نەپرسن کە بۆچی وڵاتێکیان پێکنەهێنا کە خەڵکەکەی بە ئاواتی چوونە دەرەوە لەوێ نەبن و خەڵکانی تر بە ئاواتی کۆچ بۆ ئەوێ بن؟ ئاخۆ کاتی ئەوە نەهاتووە بپرسرێت کە مادام ناکرێ بۆتان و ناتوانن وڵاتێکی بەرین و پڕجەماوەر وەک ئێران هەڵسووڕێنن و بوونەتە هۆی کاولبوون و وێرانیی ئەو وڵاتە، بۆ ڕێگا نادەن ببێتە فێدراڵ و خەڵکی ناوچەکان بۆخۆیان بە باشی خۆیان هەڵسووڕێنن؟ بۆ خەڵک دەکرێنە قوربانیی پاراستنی ئەو چوارچێوە ڕوخێنەرەی مرۆڤ و هیچ بەرژەوەندییان ڕەچاو ناکرێت؟

ئێلیت و دەسەڵاتدارانی شۆڤێنیستی فارس بێ ئەوەی کە ئاورێک لە سیاسەت و شێوەی هەڵسووڕانی خۆیان لە ئێراندا بدەنەوە، هەموو پەرۆش و کەڵکەڵەیان بووەتە هەوڵ بۆ ڕاگرتنی ئەو چوارچێوە بێ قازانج و سووتاوە و سیستەمی کڕمۆڵی دەسەڵاتیان. دیارە تەنیا پاساوی ئەمە دەتوانێت بەرژەوەندیی تاکەکەسیی ئەوانە و گرووپی دەسەڵاتدار بێت و هیچ پێوەندیی بە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکەوە نییە. ئەوە تەنیا لە چوارچێوەی پێناسەی نەریتیی سیاسەتدا واتە فریودان و زوڵم و ستەم لە خەڵکی خۆ دەگونجێت، نەک سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتی بە واتای باشترین ڕێگا بۆ خزمەت بە خەڵکی خۆ کە پێویستی بە لەخۆبردووییی سیاسەتوانان و بەڕێوەبەرانی حکومی هەیە. دیارە گەورەبوونی وڵاتێک و پڕحەشیمەت بوونی دەتوانێت لە باری سیاسی و نێودەوڵەتییەوە سەرچاوەی هێز بێت و بە شێوەی ئاسایی لە پێناو قازانجی خەڵکی ئەو وڵاتانەدا بەکار دەهێنرێت. بەڵام کاتێک بووە هۆی چارەڕەشی و نەهامەتی، هیچ قازانجی نامێنیت. هەروەها کە زۆر وڵاتی بچووک هەن کە هەم لە باری تەناهی خەڵک و دێمۆکراسییەوە و هەم لە باری دەسەڵاتەوە زۆر بەهێزترن لە هەندێ وڵاتی زۆر بەرین و پڕحەشیمەت.

بەو هەموو بەڵایەی ئێلیتی فارس و دەسەڵاتدارانی پارێزەری ئێرانی یەکگرتوو و یەکپارچە بە سەر خەڵکدا هێناویانە، لە جیاتی بە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی کێشەکانی ڕابردوو و داوای لێبوردن، هێشتا ئەوان نەتەوەکانی تر بە خەتابار دەزانن و ئاگاداریان دەکەنەوە و هەڕەشە دەکەن. لە مێژە کاتی ئەوە گەیشتووە کە وەک ئەندازیارانی داڕشتنی پێکهاتە و شێوازی هەڵسووڕانی وەها وڵاتێکی پڕ لە کێشە، یەخەیان بگیردرێت و لەسەر شێوەی هەڵسووڕانی ئەو وڵاتە بۆ نزیکەو سەدەیەک کە بووەتە هۆی تێکچوونی زەنگینی و سامانی و هەروەها چەوساندنەوەی خەڵک و لەنێوچوونی حورمەت و مافەکانیان، گوشار بخرێتە سەریان بۆ وڵامدەر بوون. دیارە بە ڕوونی لەو ماوەیەدا نەیانتوانیوە بەڕێوەبەرایەتییەکی باشیان هەبێت. بۆیە ئاوەزی گشتی و بیری ژیرانە بە پێویستی دەزانێت لێپرسینەوەیان لێ بکات کە مادام ئەو کارامەیی و توانایییەیان بۆ هەڵسووڕانی وەها وڵاتێک نەبووە و نییە، بۆچی دەمارگرژانە و دواکەوتووانە پێداگرن لەسەر پاراستنی ئەو چوارچێوە دژەمرۆیییە بە هەر نرخێک؟

دیارە ئێلیتی فارس بە شێوەی نالۆجیک هەموو کات لایەنگری ئەو یەکپارچەیییەیە و تەنیا ناوی “ئێران” و پاراستنی ئەو چوارچێوەیە هەموو شتێک بووەبۆیان. بەڵام ئاخۆ وەها لۆجیکێک لە دنیای ئەوڕۆکەدا قبووڵ کراوە؟ ئاخۆ نابێت ڕووبەڕووی ئەو پرسە ببنەوە کە قبووڵ بکەن بە شێوەی دێمۆکراتیک لەسەر هەرشتێک کە زیاتر بە قازانجی خەڵک بێت، بڕیار بدرێت؟ نابێت بیر بکەنەوە کە ئەوڕۆ مرۆڤایەتی گرنگە و دەبێت لە بری پێداگری لەو بابەتە دژەمرۆییانە ڕێگە بدەن هەرچی لە قازانجی مافی مرۆییی خەڵکدا بێت ڕووبدات و دەستهەڵگرن لە دەمارگرژی ناژیرانە. مادام کە لەتبوونی ئەو وڵاتە یان بە فێدراڵبوونی بە قازانجی خەڵکە و کۆتایی بە گەندەڵی و ناکارامەیی لە بەڕێوەبەرایەتیی ناوەند دەهێنێت، بۆ دەبێت ڕەچاو نەکرێن؟ دیارە سەردەمی فریودانی خەڵک لە ژێر ناوی جۆراوجۆر بۆ کەڵک لێ وەرگرتنیان لە ئاراستەی ئایدۆلۆجیای سەقەت و دژەمرۆیی کۆتاییی پێ هاتووە. خەڵکی ئاگا و ژیر لە هاواری “ئێران ئێران”، ”ئاریایی ئاریایی” و “ئیسلام ئیسلام” کردن و خاوەن وڵاتی گەورە و مێژووی درێژ بوون و… ماندوون و نایانەوێت چی تر بەو دروشمانە بخەڵەتێن. بەڕێوەبەرایەتیی نادروست و ناکارامەی سەد ساڵە دەبێت کۆتاییی پێ بێت و لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا پاساو نەدرێت. خەڵک ئیدی پێش هەر شتێک ماف و ئازادییەکانیان بۆیان گرنگە جا لە هەر کوێ بن و ناوی وڵاتەکەیان هەرچی و قەوارە و حەشیمەتەکەی هەرچەندە بێت.

دیارە لە ئێراندا ناوەندخوازی و یەکپارچەیی و ئاوەزمەندێتیی پێوەندیدار بەو پێکهاتەیە سەرچاوەی زۆر گەندەڵی و بێبەری کردنی خەڵک لە مافەکانیان بووە. بۆیە بێجگە لە هۆکارەکانی تر لەوانە فرەنەتەوەیی و کەلێنی کۆمەڵایەتی کە زیاتر لە پێوەندی لەگەڵ مافی سیاسی و چاندی-زمانیی نەتەوە بندەستەکان و ملهوڕیی نەتەوەی باندەست کە بووەتە هۆی چەوساندنەوە و کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی، باس دەکرێن، دەبێت ویستی قەرەبووکردنەوەی هەڵسووڕان و بەڕێوەبەرایەتیی نەشیاو و نەگونجاو لەگەڵ مافی خەڵک ببێتە داخوازییەکی هەمەلایەنە و گشتگیر. کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر پێکهاتەیەکی سیاسی و هەڵسووڕێنەرانی ئەوە و شێوازی بەڕێوەبەرایەتییان ناکارامە بوون، بە هۆی ئەو دۆخەی کە پێکیان هێناوە بۆ ئەو وڵاتە و خەڵکەکەی، ئێلیتی فارس و لایەنگرانی ئەو سیاسەت و پێکهاتەیە بەرپرسیارن و پێویستە وێڕای داوای لێبوردن، گۆڕانکاریی قبووڵ بکەن. وانەزانن کە تەنیا فرەنەتەوەیی و کەلێنی کۆمەڵایەتی هۆکاری داواکارییە بۆ فێدراڵیزم و جیابوونەوە. لێرەدا خەڵک و نەتەوەی فارسیش کە زۆرێکیان بێ بەش بوون و بوونەتە قوربانیی ئەو سیاسەت و پێکهاتەیە و لە مافە مرۆیییەکانیان بێبەری بوون، دەبێت بچنە بەرەی نەتەوەکانی تر و ڕووی دەمیان لە ئێلیتی دەمارگرژی لایەنگری پێکهاتەی ناکارامە بێت و داوای گۆڕانکاریی بنەڕەتی بکەن؛ بە جۆرێ کە زیاتر بەختەوەریی هەموو خەڵکی تێدا بەدی بهێنرێت. پێویستە چ لایەنگرانی پاشایەتی و چ لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی و چ ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی نادێمۆکراتیک وەڵامدەری ئەوپرسیارە بن کە مادام نەیانتوانیوە و ناتوانن بە شێوەی کارامە وڵاتێک هەڵسووڕێنن، بۆ بە شێوەی نالۆجیک و دەمارگرژانە پێداگری لەسەر دووپات کردنەوەی ئەزموونێکی تاڵ و چوارچێوەیەک دەکەن، بە بێ مرۆڤی خاوەن ماف؟ تاکەی دەبێت بەو عەقڵانییەت و مێشکە دێمۆکراتیکە نەگەن و ئاوڕ نەدەنەوە لە ڕابردووی ڕەشی خۆیان و بە سازکردنی مێژوو و ناو و نازناوی جۆراوجۆر و دەمارگرژی و شانازیی بێ بنەما مرۆڤ بکەن بە قوربانیی ڕاگرتنی یەکپارچەییی خاکێکی سووتاو.

مرۆڤی دێموکڕات و باوەڕمەند بە مافی مرۆڤ، بە دوور لە دەمارگرژی ڕێگە دەدات کە خەڵک خۆیان لەسەر چارەنووسی خۆیان بۆ هەڵسووڕان و بەڕێوەبەرایەتییەکی دروست بڕیار بدەن و مافی خەڵک تەنانەت تاقە کەسێک دەخاتە سەرەوەی ئەو جۆرە نالۆجیکەی سنوورپەرستی. بۆیە بە ساکاری قبووڵی دەکات کە مادام پێکهاتە و سیستەمێکی هەڵسووڕان ئەو هەموو دواهاتە خراپەی لێ کەوتووەتەوە با شێوەیەکی تری هەڵسووڕان تاقی بکرێتەوە. مادام کە مافی خەڵک بپارێزرێت با ئێران نەبێت و چەند وڵاتی بچووکی دێمۆکراتیک هەبن کە بەرژەوەندیی خەڵکەکەیان لە سەرەوەی هەموو شتێکدایە. دیارە لەو کاتەدا تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ئەوانە ڕۆڵی باشتر دەگێڕن و وڵاتانێکی پەڕاوێزکەوتوو نابن کە خەڵکەکەیان پێوەندییان لەگەڵ جیهان پچڕابێت. بە دڵنیاییەوە لە باری ئابووری و لایەنە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیشەوە بە هەڵسووڕان و بەڕێوەبەرایەتیی دروست باشتر بەرژەوەندیی خەڵک دەپارێزرێت. کە ئەوەش نەبوو مادام کە خەڵکە جیاوازەکان بە ڕێکەوتن بڕیاریان دا کە لە چوارچێوەی پەیمان و یاسادا بە شێوەی بەرابەرپێکەوە بمێننەوە، ئەوا دیارە هەڵسووڕان و بەڕێوەبەرایەتیی فێدراڵ-دێمۆکراتیک بە هۆی پێکهێنانی دەسەڵات لە بەرانبەر دەسەڵاتدا، بە وتەی مۆنتێسکیو، بە قازانجی گشتی خەڵک دەبێت و لە پەرەسەندنی گەندەڵی و نابەرپرسیاربوون و وڵامدەر نەبوون و تەرخانکردنی سەرمایە بۆ مەبەستی ئایدۆلۆجیکی نامرۆیی و دەستێوەردان لە وڵاتانی دەرەوە بەرگیری دەکات.

بەو هەموو دەوڵەمەندیی و سامانەوە کە هەیەتی، ئەگەر هەڵسووڕان و بەڕێوەبەرایەتیی دروست لە ئێران هەبایە، چ لە سەردەمی شا و چ کۆمار، ئەوا دەکرا وڵاتێکی جیاوازتر و لانیکەم پێشکەوتووتر پێکبێت. ڕەنگە لەو بەستێنەدا هەلێک بڕەخسایە کە نەتەوەکانی دیکەیش وێڕای هەوڵ بۆ مافەکانیان، بە هۆی ئاستی بەرزی دێمۆکراسی، تەناهی، پێشکەوتن و هەڵسووڕانی دروستەوە، بە هاسانی دەنگیان بە جیایی نەدایە. بەڵام ئەو ئەزموونە خراپەی هەڵسووڕانی ئێلیتی سیاسیی خاوەن زەینییەتی نادێمۆکراتیکی نەتەوەی باندەست لە چوارچێوەی دەوڵەتی بە ناو مۆدێڕندا، هیوایەکی نەهێشتووەتەوە بۆ خەڵک و تەنانەت زۆر ئاستەمە کە فێدراڵیش چارەسەر بێت. دیارە بێ هیوایی لە گۆڕانی زەینییەتی نادێمۆکراتیک و ترس لە دووپاتبوونەوەی ئەو ئەزموونە لە داهاتوودا، پیشان دەدات کە باشترین ڕێگا بۆ هەڵسووڕانی وەها وڵاتێکی بەرین کە لە بنەڕەتدا بە لاری هاتووەتە سەر، تێکدان و لەت کردنییە بە چەندین وڵات. هۆی ڕۆشتن بەرەو ئەو ویستە دێمۆکراتیکەی جیابوونەوە یان لانیکەم فێدراڵی، نە تەنیا فرەنەتەوەیی بوونی ئەو وڵاتە و داخوازییەکانی نەتەوە بندەستەکان بەڵکو ناکارامەیی لە هەڵسووڕانی وڵات و کردەوەی ملهوڕانە و پڕ لە گەندەڵی و نابەرپرسیاربوونی ئێلیتی سیاسی و هەڵسووڕێنەرانی ئەو وڵاتە لە سەدەی ڕابردووشدایە. کەواتە ئێلیتی هزری-سیاسی، شۆڤێنیستی فارس پێکهێنەری سەرەکیی کێشەکانن و پێویستە بەرپرسیارێتیی ئەوە لە ئەستۆ بگرن و لەگەڵ داوای لێبورن بە هۆی دواهاتی کار و کردەوەکانیان و لایەنگری لە وەها پێکهاتە و بیرێکی سیاسیی ناکارامە، دان بە مافی ڕەوای گەلانی ئێراندا بنێن بۆ هەر بڕیارێک؛ هەڵبەت گەر بە ئاستی زەینییەتی دێمۆکراتیک گەیشتبێتن.