ئارامتر بخوێنەوە!
چ جۆرە ئاشتییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا لە بەرژەوەندیی کورددایە؟
ئیدریس ئەحمەدی
“چۆنە لە هێندێک ناوچەی دنیادا ئاشتیی سەقامگیر هاتووەتە کایەوە، وەک نموونە لە ئەورووپا، لە کاتێکدا هێندێک ناوچەی دیکە، لەوانە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هێندێک شوێنی ئەفریقا، کێشەی بێکۆتا و شەڕی دووبارە بەرۆکیانی گرتووە؟ ئامانجی ئەم وتارە پێشکەشکردن و هەڵسەنگاندنی دوو لێکۆڵینەوەیە لەمەڕ ئەو بابەتە. ئامانجێکی دیکەی وتارەکەبریتییە لە باسکردنی دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە لە پەیوەندی لەگەڵ مەسەلەی کورد و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناویندا.“
پوختە
ئامانجی ئەم وتارە پێشکەشکردن و هەڵسەنگاندنی دوو لێکۆڵینەوەیە لەمەڕ شەڕ و بە تایبەت ئاشتی لە ئاستی هەرێمیدا. ئامانجێکی دیکەی وتارەکە بریتییە لە باسکردنی دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە لە پەیوەندی لەگەڵ مەسەلەی کورد و هەروەها داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین. گوزارەی سەرەکیی وتارەکە ئەمەیە: بەرژەوەندیی کورد لە مەیسەربوونی جۆرە ئاشتییەکدایە کە تەنیا بریتی نەبێ لە نەبوونی شەڕ، بەڵکوو هەروەها لە ئارادابوونی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و چارەسەکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی لەخۆ بگرێ. ئەوەش بەندە بە دێموکراتیزەبوونی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەڵبەت لە شکڵی ئەو جۆرە دێموکراسییەی کە لە ڕۆژئاوادا مەوجوودە. لە لایەکی دیکەوە، دەبێ سەرنجی ئەو ڕاستییە بدەین کە هەلومەرجی نێوخۆیی و هەرێمی، وێڕای سیاسەتی زلهێزان، لەم قۆناغەدا بە قازانجی ئاشتی نین لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. بە پێچەوانەوە، درێژەکێشانی کێشە و ئەگەری ڕوودانی شەڕی دیکە لە ناوچەکەدا زۆرە.
وشەی کلیلی: شەڕ، ئاشتی، ڕۆژهەڵاتی ناوین، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، باشووری ئەمریکا و ڕۆژئاوای ئەورووپا
چۆنە لە هێندێک ناوچەی دنیادا ئاشتیی سەقامگیر هاتووەتە کایەوە، وەک نموونە لە ئەورووپا، لە کاتێکدا هێندێک ناوچەی دیکە، لەوانە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هێندێک شوێنی ئەفریقا، کێشەی بێکۆتا و شەڕی دووبارە بەرۆکیانی گرتووە؟ ئامانجی ئەم وتارە پێشکەشکردن و هەڵسەنگاندنی دوو لێکۆڵینەوەیە لەمەڕ ئەو بابەتە. ئامانجێکی دیکەی وتارەکەبریتییە لە باسکردنی دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە لە پەیوەندی لەگەڵ مەسەلەی کورد و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناویندا.
لە ساڵانی دواییدا، ئێتێل سۆلینگێن[1]و بێنجەمین میلێر[2]بە شێوەیەکی سیستەماتیک هەوڵی شیکردنەوەی جیاوازیی نێوان شەڕئامێزی[3] و ئاشتیتەوەریی[4]ناوچە جۆراوجۆرەکانی دنیایان داوە.لە کاتێکدا سۆلینگێن جیاوزی لە دیدی ستراتێژیکی نوخبەی سیاسیدا وەک فاکتەری سەرەکی لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕئامێزی و ئاشتی تەوەریی ناوچە جۆراوجۆرەکانی دنیادا بەرجەستە دەکاتەوە، میلێر ناهاوسەنگبوونی نەتەوە و دەوڵەت وەک سەرچاوی سەرەکیی شەڕ لە ئاستی هەرێمیدا بەرجەستە دەکاتەوە، هەروەها سەبارەت بە گوزاری چەند ناوچەیەکی دنیا لە شەڕئامێزییەوە بۆ ئاشتی تەوەری، سێ جۆری ئاشتی – “ئاشتیی سارد”، “ئاشتیی ئاسایی” و “ئاشتیی گەرم” – لێک جیا دەکاتەوە و سێ ڕێگای جیاواز بۆ گەیشتن بە هەرکام لەو شکڵانە لە ئاشتی دەستنیشان دەکا.[5]
بە هۆی ئەوەوە کە ئامانجی هێزە کوردییەکان تێکۆشانە لە پێناو ئاشتی و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی مەسەلەی کورد، ئەو لێکۆڵینەوانە بایەخی تایبەتیان هەیە بۆ مەسەلەی کورد و سیاسەتی کوردی. هۆیەکەشی ئەوەیە کە مەسەلەی کورد سنووردار نییە بە یەک وڵات، بەڵکوو پەیوەستە بە بارودۆخی سیاسی لە چوار وڵاتدا، ئەمەش بە نۆرەی خۆی مەسەلەی شەڕ و ئاشتی لە ئاستی هەرێمیدا دەکا بە مەسەلەگەلێک کە پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی نەتەوەییی کوردەوە هەیە. بۆیە، نەک تەنیا لە جێگای خۆیدایە بپرسین کە چۆن ئاشتی دێتە کایەوە، بەڵکوو هەروەها دەبێ بپرسین کە کام جۆری ئاشتیلە بەرژەوەندیی نەتەوەی کورددایە؟
گوزارەی سەرەکیی ئەم وتارە ئەمەیە:بەرژەوەندیی کورد لە مەیسەربوونی جۆرە ئاشتییەکدایە کە تەنیا بریتی نەبێ لە نەبوونی شەڕ، بەڵکوو هەروەها لە ئارادابوونی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و چارەسەکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی لەخۆ بگرێ (واتە، “ئاشتیی گەرم”). ئەوەش بەندە بە دێموکراتیزەبوونی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەڵبەت لە شکڵی ئەو جۆرە دێموکراسییەی کە لە ڕۆژئاودا لەئارادایە. لە لایەکی دیکەوە، دەبێ سەرنجی ئەو ڕاستییە بدەین کە هەلومەرجینێوخۆیی و هەرێمی، وێڕایسیاسەتی زلهێزان لەم قۆناغەدا،بە قازانجی ئاشتی نین لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. بە پێچەوانەوە، درێژەکێشانی کێشە و ئەگەری ڕوودانی شەڕی دیکە لە ناوچەکەدا زۆرە.
دیدی ستراتێژیکی نوخبەی سیاسی و شەڕ و ئاشتی
سۆلینگێنڕۆژهەڵاتی ناوین و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەراوەرد دەکا و دەنووسێ ئەم دوو هەرێمە لە دەیەیی ١٩٥٠ و سەرەتای دەیەیی ١٩٦٠دا، لە زۆر ڕووەوە لە بارودۆخێکی هاوشێوەدا بوون، کە چی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە ساڵی ١٩٧٩ بەدواوە، واتە بۆ ماوەی چوار دەیە، شەڕی نێودەوڵەتیی بە خۆیەوە نەبینیووە لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناواین یەکێک لە پڕکێشەترین و شەڕئامێزترین ناوچەکانی دنیایە.[6] بە واتایەکی دیکە، دوو ناوچەی دنیا کە لە قۆناغێکی مێژووییدا هەلومەرجی هاوشێوەیان هەبووە، بە دوو ئاراستەی جیاوازدا چوونەتە پێش. هاوشێوەبوونیان لە لە دەیەی ١٩٥٠ و سەرەتای دەیەی ١٩٦٠دا بریتی بوو لە لەئارادابوونی”دیکتاتۆریەتی توند، فرەیەتیی ئێتنیکی، گرفت لە بواری دەوڵەتسازیدا، هەروەها تێوەگلان لە کێشەی بەسەربازیکراودا.”[7]
وێڕای ڕەخنەگرتن لە دوو تیۆریی باوی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، واتە ڕیالیزمو لیبراڵیزمو ڕەدکردنەوەی ئەو بۆچوونانە کە جیاوازیی نێوان شەڕئامێزی و ئاشتی تەوەریی ناوچە جۆراوجۆرەکانی دنیا دەگەڕێنێتەوە بۆ جیاوازیی کولتووریی نێوان ئەو ناوچانە، سۆلینگێن لەو پەیوەندییەدا جیاوازی لە دیدی ستراتێژیکی نوخبەی سیاسی یان نوخبەی دەسەڵاتداردا وەک فاکتەری سەرەکی بەرجەستە دەکاتەوە.پێش ئەوەی شیکردنەوەی سۆلینگێن وردتر بخەمە ڕوو، لە جێگای خۆیدایە ئاماژەیەک بە ڕەدکردنەوەی هێندێک بۆچوونی دیکە لە لایەن ئەوەوە بدرێ.
بە گوێرەی تێگەیشتنی سۆلینگێن لە ڕیالیزم، لە پەیوەندی لە گەڵ مەسەلەی شەڕ و ئاشتی لە ئاستی هەرێمیدا دوو فاکتەر گرنگن: پارسەنگی هێزلە لایەک، و دەوری زلهێزی دەرەکی لە لایەکی دیکە.[8] بە گوێرەی ڕیالیستەکان، ئاشتی (بە واتای دۆخێک کە پێچەوانەی شەڕە) بەندە بە لە ئارادابوونی پارسەنگی هێز لە نێوان دەوڵەتان. تێکچوونی پارسەنگی هێز لە نێوان دەوڵەتان، شەڕی لێ دەکەوێتەوە. بۆ نموونە، پاش شکستهێنان بە فەڕەنسە (کە بە سەرکردایەتیی ناپۆلیۆن، ئامانجی وەدەستهێنان “هێژەمۆنی” یان پێگەیەکی زاڵ بوو) لە ساڵی ١٩١٨دا، بۆ ماوەی چەند دەیەیەک ئاشتی لە نێوان وڵاتانی ئەورووپیدا هاتە کایەوە. ئەمەش دەگەڕێندرێتەوە بۆ نیزامی “فرەجەمسەر” لەو سەردەمەدا. کاتێک پارسەنگی هێز لە سەدەی ١٩دا لە ئەورووپا تێک چوو، شەڕ دیسان ڕووی دا.[9] سۆلێنگێن دەنووسێ لە ڕوانگەی ڕیالیستەکانەوە، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا، دیاردەیەکی کاتییە. بە تێکچوونی پارسەنگی هێز، ئەگەری ڕوودانی شەڕ هەیە. بەڵام ئەو بۆچوونە ڕەد دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدا کە لەگەڵ ئەوەی هێزی چین لە زیادبووندا بووە، هەروەها ژاپۆن دیسان لە پرۆسەی وەدەستهێنانی هێزی نیزامیدایە و کورەی باکووریش لە هەوڵی وەدەستهێنانی چەکی ناوکیدا بووە، شەڕی نێودەوڵەتی لەو دەڤەرەدا نەهاتووەتە کایەوە. هەروەها سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوین، دەنووسێ لەو هەرێمەشدا چەندین “جەمسەر”، هەم هی نێوخۆیی و هەم هی دەرەکی، لە ئارادا بوون و هێندێک وڵاتی ناوچەیی (لەوانە عێراق، لیبی و ئێران) لە هەوڵی وەدەستهێنانی چەکی ناوکیدا بوون. مەبەستی ئەوەیە کە هەمان دیاردە، واتە گۆڕان لە پارسەنگی هێزدا یان لە ئارادابوونی چەندین جەمسەر ویڕای هەوڵدانی هێندێک دەوڵەت لە پێناو وەدەستهێنای چەکی ناوکیدا لە هەردوو ناوچەدا بەدی کراون، بەڵام لێکەوتەی جیاوازیان هەبووە (ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، شەڕی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا). بۆیە، بەو دەرئەنجامە دەگا کە پارسەنگی هێز یان “جەمسەرییەت”[10] (جا هەر جۆرە جەمسەرییەتێک بێ، یەکجەمسەری، دووجەمسەری یان فرەجەمسەری) ناکرێ ببن بە بنەمای لێکدانەوەی دروستی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا یان شەڕ لە ڕۆهەڵاتی ناویندا.[11]
بە هەمان شێوە، سەبارەت بە دەوری زلهێزی دەرەکیی لە هەردوو دەڤەردا، دەنووسێ هۆکاری ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتانی ئەو ناوچەیە، بە هەمان شێوە کە کێشە و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، لە دەوڵەتانی ناوچەوە سەرچاوە دەگرن، نەک لە هێزی دەرکییەوە. بێ گومان ئاماژە بەوە دەدا کە ئەمریکا و یەکییەتیی سۆڤییەت هەریەکەو بە شێوەیەک دەوریان لەو دوو ناوچەیدا گێڕاوە، بەڵام دەوری ئەوان هۆکاری سەرەکیی نەبووە لە پەیوەندیی لە گەڵ دەرکەوتەی جیاواز لە هەردوو دەڤەردا.[12]
سەبارەت بە لیبراڵیزم، کە گرنگی دەدا بە دێموکراسی لە ئاستی نێوخۆ و هەروەها دامەزراوەی هەرێمی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لە پەیوەندی لە گەڵ شی کردنەوەی ئاشتیدا، سۆلێنگێن ئەو بۆچوونانەش ڕەد دەکاتەوە. لێبڕاڵەکان ڕایان وایە کە دێموکراسی بووەتە هۆی ئاشتی لە نێوان وڵاتانی دێموکراتیکدا.[13] لە لایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی هەرێمی وەک یەکیەتیی ئەورووپا، ئاشتیی سەقامگیری لەو دەڤەرەدا بەرهەم هێناوە.[14] بۆ نموونە، سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوین، سۆلێنگێن ئاماژە بە کۆمەڵەی عەرەبی دەدا، کە لە ساڵی ١٩٤٥ وەک یەکەم ڕێکخراوی هەرێمی لە دنیادا دامەزرا، کەچی نەیتوانیوە ڕێگری لە کێشە و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بکا. هەروەها دەنووسێ کە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا، پێش دامەزراندنی ڕێکخراوی هەرێمی هاتووەتە کایەوە.[15]
سەبارەت بە دەوری دێموکراسی لە بەرهەمهێنانی ئاشتیدا، سۆلێنگێن ئاماژە بەوە دەدا کە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا پێش ئەوەی هێندێک وڵات لەوێدا بەرەو دێموکراسی هەنگاو هەڵێنن (لەوانە کورەی باشوور و تایوان) هاتووەتە کایەوە، لە کاتێکدا هێندێک وڵات لەو دەڤەرەدا، چین بۆ نموونە، هەر سەرەڕۆ ماوەنەتەوە. بە کورتی، بەو دەرئەنجامە دەگا کە دێموکراسی مەرجی پێویست نییە بۆ ئەوەی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتاندا بێتە کایەوە.[16]
بۆچوونێکی دیکەی لیبڕاڵ هەیە کە گرنگی بە پەیوەندیی تیجاریی نێوان وڵاتان دەدا لە بەرهەمهێنانی ئاشتیدا. بۆچوونی سۆلینگێن لەم جۆرە لە لیبراڵیزم نزیکە، بەڵام ئاماژە بەوە دەدا کە ئەو لێکوڵینەوانەی لەو بارەیەوە ئەنجام دراون، ئەوەیان شی نەکردووەتەوە کە چلۆن ئەو دەوڵەتانە – واتە دەوڵەتانێک کە گرنگی بە تیجارەت دەدن و بەو بۆنەیەوە پێویستیان بە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی وڵاتانی دیکە هەیە و ئەوەش بە نۆرەی خۆی وا دەخوازێ ئەو دەوڵەتانە پێکەوە هاوکاری بکەن و خۆ بوێرن لە کێشە و شەڕ – سەریان هەڵداوە.[17]
سەبارەت بە کولتوور یان فەرهەنگ (کە لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئایینیش دەگرێتەوە) وەک فاکتەرێک بۆ شی کردنەوەی شەڕئامێزیی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جێگیربوونی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا، سۆلینگێن دەنووسێ وێکچوونی فەرهەنگی لە نێوان هەردوو هەرێمدازۆرە، بەڵام گرفت لەوەدایە کە فەرهەنگی ئاسیا پێش هاتنە کایەی ئاشتی هەر هەمان فەرهەنگ بووە، بۆیە فەرهەنگ هۆکاری ئاشتی نەبووە لە ئاسیادا. لە لایەکی دیکەوە، وێکچوونی فەرهەنگی نێوان ئەو دوو دەڤەرە، بە گوێرەی تێگەیشتنی ناوبراو، ناتوانێ جیاوازیی نێوانیان لە پەیوەندی لە گەڵ ئاشتی تەوەریی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و شەڕئامێزیی ڕۆژهەڵاتی ناوین شی بکاتەوە.[18]بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، سۆلینگێن هەروەها ئەو گریمانەیە ڕەد دەکاتەوە کە دەڵێ ڕەنگبێ ئیسلام هۆکاری شەڕئامێزیی ڕۆژهەڵاتی ناوین بێ.[19]
سۆلینگێن لە هەوڵی خۆیدا بۆ شیکردنەوەی جیاوازیی نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوین و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە پەیوەندی لە گەڵ مەسەلەی شەڕ و ئاشتیدا، دوو جۆر دیدی ستراتێژیک لە لای نوخبەی سیاسی یان هاوپەیمانی نێوخۆیی لێک جیا دەکاتەوە، کە هەر کامەیان لەسەر ئابوورییەکی سیاسی[20] لە پێناو مسۆگەرکردنی مەوجوودیەتی سیاسیدا[21] ڕاوەستاون. یەکێکیان دیدێکی دەوڵەت میحوەرە[22]کە گرنگی بە خۆبژیوی(خودکفایی) ئابووری دەدا و هەر بەو بۆنەیەشەوە، هاوپەیمانییەکی نێوخۆییڕووبەنێوەوە[23] یان داخراو دەخوازێ و لە نەتیجەدا، ئەو هاوپەیمانییە بە گومانەوە دەڕوانێتە تێکەڵبوونی دەوڵەتەکەیان لەگەڵ دنیای دەرەوە و پەیوەست بوونی بە بازاڕی نێودەوڵەتی، یان تەنانەت پرۆسەیەکی وا بە خەتەر لە سەر مەوجوودییەتی سیاسیی خۆی دەزانێ.ئەوی دیکەیان دیدێکە کە نێودەوڵەتی میحوەرە[24]یان ڕووبەدەرەویە و هاوپەیمانییەکی نێوخۆیی دەخوازێ کەگرنگی بە ئەنجامدانی ڕێفۆرمی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی[25] و پتەوکردنی کەرتی تایبەت لە پێناو گەشەسەندنی ئابووری لە ڕێگای هەناردەکردنەوە[26] بدا، کە ئەمەش بە نۆرەی خۆی پێویستی بە پەیوەست بوون بە بازاڕی نێودەوڵەتییەوە هەیە.
سەرکەوتنی هەرکام لەم هاوپەیمانییانەش پێویستی بە سازدانی پەیوەندییەکی تایبەت هەیە لە نێوان نوخبەی سیاسی لە لایەک، و ئەرتەش و چین و توێژەکانی کۆمەڵگالە لایەکی دیکەوە. لە هەرکام لەو دیدە ستراتێژیکانەدا، بە جۆرێک ئەو پەیوەندییانە پێناسە دەکرێن. بۆ نموونە، لە کاتێکدا ئەو ئابوورییە سیاسییەی کە دیدی دەوڵەت میحوەری لە سەر ڕاوەستاوە، گرنگی بە بەهێزکردنی ئەرتەش و بەروپێشبردنی بەرنامە نیزامییەکانی دەوڵەتدەدا و بۆ ئەو مەبەستە دەبێ ئیمکانی ئابووریی بەرچاویانبۆ دابین بکرێ، لە دیدی نێودەوڵەتیمیحوەردا، گرنگی دەدرێ بە بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و چینی نێوەڕاست و هەروەها چینی کرێکار کە بەرژەوەندییان لە گەشەسەندنی ئابووری، لە ڕێگای هەناردەکردنەوە دایە. لەو ڕێگایەوە، نوخبەی سیاسیی نێودەوڵەتی میحوەر دەتوانێ هاوپەیمان بۆ بەرنامە ستراتێژیکەکانی لە نێو ئەو چین و توێژانەدا ببینێتەوە کە بەرژەوەندییان لە وەها سیاسەتێکدا هەیە. بە پێجەوانەوە، دیدی دەوڵەت میحوەر، کە گرنگی بە خۆبژیویی دەدا، مەودایەک بۆ کەرتی تایبەت ناهێڵێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە چینی نێوەڕاست– کە لە کەرتی گشتیدا دادەمەزرێن– گرێدراوی دەوڵەت بێو ئەمەش بە نۆرەی خۆی وا دەکا لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەبینێ کە دژ بە کرانەوەی ئابووری ڕاوەستێ.
سەبارەت بە ڕەچەڵەکی هەرکام لەو دیدە ستراتێژیکانە، سۆلینگێن گرنگی بە دوو فاکتەر دەدا: ئەنجامدانی ئیسلاحاتی عەرزی لە کاتی گونجاو و خێرادا لە لایەک، هەروەها لە بەردەست بوون یان نەبوونی سەرچاوەی سروشتی لە لایەکی دیکە. لە کاتێکدا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا زوو ئیسلاحاتی عەرزی ئەنجام دران، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا یان ئەنجام نەدران یان درەنگ ئەنجام دران. هەروەها نەوت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بووە هۆی بەهێزکردنی پێگەی هاوپەیمانیی دەوڵەت میحوەر و داخراو، لە کاتێکدا نەبوونی نەوت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا، نوخبەی سیاسییان ناچار کرد کە لە پێناو مسۆگەرکردنی مەوجوودییەتی سیاسیدا، ستراتێژیی نێودەوڵەتی میحوەر و ڕووبەدەرەوە بگرنە بەر. فاکتەرێکی دیکە، مەسەلەی کارتێکردنی دراوسێیە لەسەر یەکتر[27]: گەشەسەندنی ئابوورییژاپۆن و هێندێک وڵاتی دیکە، لەوانە “پڵنگە ئابوورییەکانی ئاسیا” بوونە مۆدێلی سەرکەوتوو بۆ لاساییکردنەوە.
هەڵبەت سۆلینگێن باس لە کەیسی ڕیزپەڕ[28]، وەک کورەی باکوور لە ڕۆژهەلاتی ئاسیا و ئیسرائیل و تورکییە و دوبەی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، دەکا. ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا گۆشەگیر بووە، هەروەها نەوتی نییە و بازارێکی خۆماڵیی سنوورداری هەیە، بۆیە دواجار ناچار بوو ڕوو بکا لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین. تورکییەش بەهەمان شێوە، بە هۆی ئەوەوە کە نەوتی نییە، وێڕای قەیرانگەلێک کە لە بەرفراوانبوونی کەرتی گشتی و زیادبوونی قەرز بە دەرەوە، دواجار بە هاتنە سەر کاری تورگوت ئوزال، سیاسەتی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و گەشەسەندنی ئابووریی لە ڕێگای هەناردەکردنەوە گرتە بەر. دوبەی نموونەیەکە لە وڵاتانی خاوەن نەوت، کە لە دەیەی ١٩٧٠دا بە لاساییکردنەوەی سینگاپۆر و هۆنگ کۆنگ، ئابوورییەکەی فرەچەشن کرد، کە ئەوەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ سنوورداربوونی نەوت لە دوبەی. هەڵبەت وڵاتانی دیکەی کەنداویش – قەتەر، بەحرەین، کوەیت و سعوودییە – هەوڵیان داوە هەمان سیاسەتی دوبەی بگرنە بەر. لە ئەفریقای باکوور، ئەو وڵاتانەی نەوتیان نییە، واتە مەغریب و تونیس، لە دەیەی ١٩٨٠ بەدواوە ڕێگای ڕێفۆرمیان گرتووەتە بەر. لە میسر، ئەنوەر سادات هەوڵی ڕێفۆرمکردنی ئابووریی وڵاتەکەی دا، بەڵام بە تیرۆرکردنی ئەو، ئەو پرۆسەیە ڕاوەستا.[29]
بە کورتی، لە کاتێکدا کە لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا مۆدێلی “دەوڵەتی گەشەسەندن”[30] لە ئاست هەرێمیدا بڵاو بووەتەوە، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا مۆدێلی “دەوڵەتی دڕندە”[31] بڵاو بووەتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە قەیران لە دوای قەیران دەبوا بووبا بە دەرفەت بۆ دەربازبوون لەو مۆدێلە، هەروەها سەرەڕای دەرفەتی لەباری نێودەوڵەتی لە دەیەی ١٩٨٠ و ١٩٩٠ کاتێک زۆر وڵات دەستیان لە مۆدێلی ئابووریی سۆسیالیستی هەڵگرت و مۆدێلی بازاڕی ئازادیان گرتەبەر، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، درێژە بە هەمان ڕێگا دراوە – واتە مێکانیزمێک کە بە “رێگابەستراوەیی”[32] ناودێر کراوە و بریتییە لە “درێژەکێشانی میراتی [سیاسەتی پێشتر پەیڕەوکراو] وێڕای بەرهەمهێنانەوەی هێزی سیاسی کە پابەندن بە دامەزراوەی مەوجوود” و ڕاگرتنی دۆخی چەقبەستوو.[33] ڕەچەڵەکی ئەم دوو مۆدێلە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی ئیسلاحاتی عەرزی لە لایەک، و لەبەردەستابوون یان لەبەردەستانەبوونی سەرچاوەی سروشتی، بە تایبەت نەوت، لە لایەکی دیکەوە.
ناهاوسەنگبوونی نەتەوە و دەوڵەت و شەڕ و ئاشتی
بە پێچەوانەی سۆلینگێن، ئامانجیبێنجەمین میلێر پێکهێنانی چوارچێوەیەکە بۆ شی کردنەوەی شەڕ و ئاشتی کە فاکتەری نێودەوڵەتی و نێوخویی لە خۆ دەگرێ، لە باتی ئەوەی بۆچوونی دیکە ڕەد بکاتەوە. بە دروستی ئاماژە بەوە دەدا کە ئەو لێکۆڵینەوانەی تاکوو ئێستا ئەنجام دراون، شەڕ و ئاشتی بە جیا لێک دەدەنەوە. هەروەها دەنووسێ: “تێگەیشتن لە [گوزاری هەرێمێک لە شەڕئامێزییەوە بۆ ئاشتی تەوەری] مومکین نییە بە بێ تێگەیشتن لە سەرچاوەی شەڕی هەرێمی و هەروەها ستراتێژییجۆراوجۆر لە پێناو چارەسەرکردنیئاشتیانەی ئەو شەڕانە.”[34]بە واتایەکی دیکە، میلێر ئامانجی ئەوەیە شەڕ و ئاشتی لە ئاستی هەرێمیدا وێکڕا شی بکاتەوە.
میلێر ناهاوسەنگبوونی نەتەوە و دەوڵەت وەک هۆکاری سەرەکیی شەڕ لە ئاستی هەرێمیدا بەرجەستە دەکاتەوە. تاکوو ئەم ناهاوسەنگییە زیاتر بێ، ئەگەری شەڕی هەرێمی زیاد دەکا. بە پێچەوانەش، ئەگەر ئەو جۆرە ناهاوسەنگییە کەم بێ، ئەگەری بەرپابوونی شەڕ کەمترە.[35]
سەبارەت بە ئاشتی، میلێر سێ جۆری ئاشتی و سێ ستراتێژیی پەیوەندیدار لە پێناو چارەسەکردنی کێشە و شەڕی هەرێمیدا لێک جیا دەکاتەوە.[36] یەکەمیان بە “ئاشتیی سارد” و دووهەم و سێهەمیان بە”ئاشتیی ئاسایی” و “ئاشتیی گەرم” ناودێر دەکا. “ئاشتیی سارد” ئاماژەیە بە دۆخێک کە بریتییە لە نەبوونی شەڕ لە نێوان دەوڵەتانی هەرێمێک، هەروەها دۆخێکە کە لەوێدا ئەو دەوڵەتانە هەڕەشەی بەکاربردنی هێز لەیەکتر ناکەن، بەڵام بە بێ ئەوەی کێشەکان چارسەر کرابێن، بەڵکوو تەنیا هێور کراونەتەوە و “مودیرییەت” کراون. بۆیە، لە حاڵەتێکی وادا، مەترسیی بەکاربردنی هێز وەک بژاردەیەک هەر لە ئارادا دەمێنێتەوە. زلهێزانی دەرەکی، بە تەنیا یان بە هاوکاریی یەکتر، دەور دەگێڕن لە هێنانە کایەی دۆخێکی وادا. ئەمەش ستراتێژییەکی نێودەوڵەتییە بۆ هێنانە ئارای ئاشتی لە دەڤەرێکدا.
“ئاشتیی ئاسایی” دۆخێکە کە لەوێدا ئەگەری ڕوودانی شەڕ کەمترە بە بەراوەرد لە گەڵ دۆخی ئاشتیی سارد، چونکە زۆربەی پرسگرێکە بنەڕەتییەکانی کێشە لە ئاست هەرێمیدا چارەسەر کراون، بەڵام بە بێ ئەوەی مەترسیی شەڕ بەتەواوی بنبڕ کرابێ. دەوڵەتانی ناوچە بۆخۆیان لە پێناو چارەسەرکردنی پرسگرێکە بنەڕەتییەکاندا، ڕاستەوخۆ هەوڵ دەدەن. ئەمە یەکێکە لە ستراتێژییە ناوچەیییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەی هەرێمی.
“ئاشتیی گەرم” بریتییە لە دۆخێک کە چیدی بەکاربردنی هێزی نیزامی وەک بژاردە لە گۆڕێدا نامێنێ. ئەمەش بە مانای تێپەڕاندنی کێشە ناوچەیییەکانە و لە ڕێگای هاوکاریی هەمەلایەنە و پێکەوەگرێدانی دەوڵەتانی ناوچە و ئاوێتەکردنیان لە چوارچێوەی دامەزراوەی باڵادەوڵەتی هەرێمییەوە مەیسەر دەبێ. ئەمەش یەکێکی دیکەلە لە ستراتێژییە ناوچەییەکانە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەی هەرێمی. بە گوێرەی بۆچوونی میلێر، لیبراڵ دێموکراسی مەرجی پێویستە بۆ ئەوەی وڵاتانی هەرێمێک بتوانن هەنگاو بەرەو ئاوێتەبوونی هەرێمی[37] هەڵگرنەوە، چونکە لە ڕوانگەی ئەوەوە، لیبراڵ دێموکراسی دەتوانێ ناسیۆنالیزمی “ئێتنیکی” هێور بکاتەوە و لە باتی ئەو، ناسیۆنالیزمی “مەدەنی” بەهێز بکا.[38]
بە کورتی، بە مەبەستی نیشاندانی گوزار لە شەڕئامێزییەوە بۆ ئاشتی تەوەری لە ڕێگای سێ جۆر ستراتێژیی پەیوەندیدار بە هەریەک لەو شکڵانە لە ئاشتی، میلێر بەراوەردکارییەک لە نێوان سێ دەڤەردا دەکا: واتە ڕۆژهەڵاتی ناوین، باشووری ئەمریکاو ڕۆژئاوای ئەورووپا.
رۆژهەڵاتی ناوین کۆمەڵێک دەوڵەت لە خۆ دەگرێ کە بە شێوەیەکی بەرچاو گوزارشت لەو جۆرە ناهاوسەنگییە لە نێوان نەتەوە و دەوڵەتدا دەکەن کە لە ڕوانگەی میلێرەوە هۆکاری سەرەکیی شەڕی ناوچەیییە. لەو پەیوەندییەدا، میلێر ئاماژە بە نەتەوە بێ دەوڵەتەکان، لەوانە نەتەوەی کورد و فەلەستینییەکان، دەکا. هەروەها ئاماژە بە پانعەرەبیزم دەدا وەک هێزێک کە دەیەوێ دەوڵەتانی عەرەبی وەسەریەکبخا و هەر بەو بۆنەیەوە وەک هێزێکی “رێڤێژیۆنیستی” ناودێری دەکا. میلێر زۆرتر دەپەرژێتە سەر مەسەلەی فەلەستین و ئاماژە بەوە دەکا کە لە سەردەمی شەڕی سارددا، ململانێی نێوان یەکیەتیی سۆڤییەت و ئەمریکا بووە هۆی درێژەکێشانی کێشەی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، بەڵام پاش شەڕی ١٩٧٣، ئەمریکا لە دەرهاوێشتنی سۆڤییەت لەو کێشەیە سەرکەوت و توانی “ئاشتیی سارد” لە نێوان میسر و ئیسرائیلدا لە ساڵانی ١٩٧٨-١٩٧٩ بەدواوە بێنێتە کایەوە. دواتر، پاش هەڵوەشانەوەی سۆڤییەت، ئەمریکا هەوڵێکی بەربڵاوی دا بۆ هێنانە کایەی”ئاشتیی سارد” لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، کە بە پرۆسەی مادرید ناسراوە.[39]
سەبارەت بە باشووری ئەمریکا، میلێر دەنووسێ کە ئەو دەڤەرە لە سەدەی ١٨دا گۆڕەپانی شەڕی بەردەوامی نێودەوڵەتی بوو. هەڵبەت لە ساڵی ١٩٤١ بە دواوە، هیچ شەڕێکی نێودەوڵتی لەو دەڤەرەدا ڕووی نەداوە. وێڕای باکووری ئەمریکا، باشووری ئەمریکا یەکێک لە ئاشتی تەوەرترین ناوچەکانی دنیایە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ بەهێزبوون و یەکانگیربوونی[40] دەوڵەتانی ئەو ناوچەیە. وڵاتانی باشووری ئەمریکا لە قۆناغی پاش سەربەخۆییدا بە گشتی ئەو سنوورانەیانپەسەند کرد کە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی بۆیانی دیاری کردبووو پابەندبوون بە ڕێزگرتن لە سەروەریی یەکتر و خۆیان لە دەستێوەردان لە مەسەلەی نێوخۆییی یەکتر بواردووە. لە سەدەی ٢٠دا، ئەم دەوڵەتانە سەرکەوتن لە سازکردنی “هەوییەتی نەتەوەییدا”. دەوڵەتانی ئەو دەڤەرە هەروەها سەرکەوتوون لە کۆکردنەوەی دەسەڵات لە سەنتەر و لە ڕێگای چەککردنی “میلیشیاوە”، توانیوانە بەکاربردنی هێزی نیزامی بۆ خۆیان پاوان بکەن. هەروەها میلێر دەڵێ کە مۆدێلی “ناسیۆنالیزمی مەدەنی” یان “نائێتنیک” لەو وڵاتانەدا جێکەوتووە، کە بە نۆرەی خۆی بووەتە هۆی لاوازبوونی “هێزی ئێتنیکی بندەوڵەتی جودایخواز و ڕێڤێژیۆنیزمی پاننەتەوەیی.”[41] ئاماژەش بەوەد دەدا کە برازیل، زلهێزی ئەو دەڤەرە، سیاسەتی فراوانخوازیی نەگرتووەتە بەر، بەڵکوو ڕازی بووە بە دۆخی هەنووکە. کۆی ئەمانە وای کردووە دەوڵەتانی ئەو ناوچەیە بتوانن خۆیان، بە بێ پەنابردن بۆ هێزی دەرەکی، کێشەکانیان بە ئاشتییانە چارەسەر بکەن.هەڵبەت، جۆری ئەو ئاشتییەی لە باشووری ئەمریکا هاتووەتە کایەوە، “ئاشتیی ئاسایییە.”
میلێر، کاتێککە ئەگەڕێتەوەسەر ڕۆژئاوای ئەورووپا، دەنووسێ کە ناهاوسەنگبوونی نەتەوە و دەوڵەت لەو دەڤەرەدا هۆکاری سەرەکیی شەڕ بووە، لەوانە شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی. دواجار ڕۆژئاوای ئەورووپا توانی کێشەی ناهاوسەنگبوونی نەتەوە و دەوڵەت تێپەرێنێ. دەنووسێ کە لە قۆناغی یەکەمدا، دەوری ئەمریکا وەک دابینکاری ئاسایش لە ڕۆژئاوای ئەورووپادادەورێکی سەرەکی بوو لە هێنانەی کایەی ئاشتی لەو دەڤەرەدا. هەڵبەت دوو فاکتەری دیکە، کە یەکێکیان مەرجی پێویستە بۆ ئەوەی دیکەیان، هۆکاری هاتنەکایەی “ئاشتیی گەرم” بوو لە ڕۆژئاوای ئەرووپادا: جێکەوتنی لیبراڵ دێموکراسی و هانگاونان بەرەو پێکهێنانی دامەزراوەی باڵادەوڵەتی، کە لە ١٩٥١ بەدواوە بوونیاد نرا و دواجار لە شکڵی یەکیەتیی ئەورووپادا گەیشتە لووتکە، واتە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاوێتەبوونی هەرێمی.[42]
ئاشتیی هەرێمی و مەسەلەی کورد: کام جۆر ئاشتیلە بەرژەوەندیی کورددایە؟
سەبارەت بە هەوڵی سۆلینگێن لە شیکردنەوەی جیاوازی لە نێوان ناوچەکانی دنیادا لە پەیوەندی لەگەڵ مەسەلەی شەڕ و ئاشتیدا، گرنگە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە مەبەستی سۆلینگێن لە “ئاشتیی ناوچەیی”، نەبوونی شەڕی نێودەوڵەتییە لە ناوچەیەکدا کە ئاشتی تەوەرە. ئەم جۆرە لە ئاشتی، کە هەروەها “ئاشتیی سارد” و “ئاشتیی ئاسایی” لە خۆ دەگرێ، “ئاشتیی نەرێنییە”؛ واتە تەنیا لە ئارادانەبوونی شەڕ دەگرێتەوە. خاڵێکی دیکەی جێگای ئاماژە، بێگومان ئەوەیە کە سۆلینگێن مەبەستی ئاشتیی نێودەوڵەتییە، نەک ئاشتیی نێوخۆیی.
بە واتایەکی دیکە، سۆلێنگێن باس لە شەڕی نێوخۆیی ناکا. لە وڵاتگەلێک وەک میانمار، فیلیپین و مالایزیا، بە درێژاییی چەندین دەیە، شەڕی نێوخۆیی لە سەر مەسەلەی نەتەوایەتی و ئاینیی لە ئارادا بووە.[43]هەروەها لە چین، مەسەلەی تێبێت و ئوگورەکان هەیە. ئەم خاڵەگرنگیی تایبەتی هەیە لە پەیوەندی لە گەڵ مەسەلەی کورددا، کە بەندە بە شەڕی نێوخۆییەوە لە ئێران، عێراق، تورکییە و سورییە. بەو پێیە، ئەگەر وای دابنێین کە دیدی ستراتێژیکی نوخبەی سیاسیی دەسەڵاتدار، فاکتەری سەرەکییە لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕ و ئاشتیلە ئاستی هەرێمیدا، هەروەها ئەگەر وای دابنێین دێموکراسی مەرجی پێویست نەبێ بۆئەوەی ئاشتی مەیسەر بێ، ئەوا هاتنە کایەی ئاشتیی نێودەوڵەتی بە گوێرەی ئەو مێکانیزمانەی کە سۆلینگێن دەستنیشانیان دەکا، بە واتای چارەسەکردنی ئاشتیانەی مەسەلەی کورد یان مەسەلەی نەتەوەی بێ دەوڵەتی دیکە نییە.
لە لایەکی دیکەوە، سۆلینگێن بایەخ بە دەوری زلهێزانی دەرەکی نادا. بە پێچەوانەوە، میلێر بە دروستی ئاماژە بە دەوری سەرەکیی ئەمریکا دەدا لە هەوڵدان لە پێناو هێنانە کایەیئاشتیی سارد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەت لە دابینکردنی ئاسایش بۆ ڕۆژئاوای ئەورووپا، کە دواتر یارمەتیدەری هاتنە کایەی ئاشتیی گەرم بوو لەو دەڤەرەدا. هەڵبەت وەک میلێر ئاماژەی پێ دەدا، دەوری ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی سەرەکی بوو لەو ڕووەوە، بەس(کافی) نەبوو بۆ ئەوەی ئاشتیی گەرم لە ڕۆژئاوای ئەورووپادا بێتە کایەوە، بەڵکوو لیبراڵ دێموکراسی مەرجی پێویست بوو بۆ ئەوەی ئەو جۆرە لە ئاشتی مەیسەر بێ. کەوابوو، سۆلینگێن بێجگە لەوەی تێگەیشتنێکی بەرتەسکی لە ئاشتی هەیە، هەروەها دەوری زلهێزان و دێموکراسی لەبەرچاو ناگرێ. ئەمانەش خاڵی لاوازی لێکۆڵینەوەی ناوبراو پێک دێنن.
خاڵی بەهێزی لێکۆڵینەوەی سۆلینگێن ڕەدکردنەوەی ئەو بۆچوونانەیە کە جیاوازیی کولتووری وەک هۆکاری شەڕئامێزی و ئاشتی تەوەریی ناوچەکانی دنیا بەرجەستە دەکەنەوە. سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەگەر وای دابنێین ئیسلام هۆکاری شەڕە، ئەوا دەبێ خەڵکانی ئەو ناوچەیە دەست لە ئیسلام هەڵگرن یان پێداچوونەوەی پێدا بکەن یان ئەوەی سێکولاریزم بە سەر تەواوی ناوچەکەدا بڵاو بێتەوە بۆ ئەوەی ئاشتی لەو ناوچەیەدا مەیسەر بێ. هەڵبەت دەست هەڵگرتن لە ئیسلام گوزینە نییە، بەڵام دەکرێ پێداچوونەوەی پێدا بکرێ. لە لایەکی دیکەوە، پاش شەڕی دووهەمی جیهانی، زۆربەی دەوڵەتانی ناوچە سێکولار بوون، لە میسرەوە بگرە تاکوو ئێران (پێش ١٩٧٩) و عێراق، بەڵام سێکولاریزم ڕێگر نەبوو لە شەڕ. سێکولاریزم دەکرێ هەم لە گەڵ دیکتاتۆرییەت، هەمیش لە گەڵ دێموکراسی گونجاو بێ. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە سێکولاریزم مەرجی بەس(کافی) نییە بۆ مەیسەر بوونی ئاشتی، بەڵکوو دەبێ دێموکراسی وێڕای سێکولاریزم لە ئارادا بن بۆ ئەوەی ئاشتی مەیسەر بێ.
کە ئەگەڕێتەوە سەر لێکۆڵینەوەی میلێر، خاڵی بەهێزی ئەو چوارچێوەیەی کە پێکی هێناوە بۆ ئەوەی شەڕ و ئاشتی وێکڕا شی بکاتەوە، بریتییە لە گرنگیدان بە ناهاوسەنگبوونی نەتەوە و دەڵەت وەک سەرچاوەی شەڕی هەرێمی لە لایەک، و جیاکردنەوەی جۆری ئاشتی لە لایەکی دیکەوە. بەرجەستەکردنەوەی ناهاوسەنگبوونی نەتەوە و دەوڵەت وەک سەرچاوەی سەرەکیی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ئەوە دەگەیەنێ کە تاکوو چارەسەرێک بۆ ئەو ناهاوسەنگ بوونە نەبیندرێتەوە، ئەوا شەڕ هەروا لەو ناوچەیەدا درێژەی دەبێ. لە لایەکی دیکەوە، جیا کردنەوەی جۆری ئاشتی گرنگە، چونکە بێگومان هەرکام لەو جۆرانە، کەیفییەتیان جیاوازە. ئاشتیی گەرم، جۆرێکە لە “ئاشتیی ئەرێنی” و کەیفییەتی بە بەراوەرد لەگەڵ ئەوانی دیکە لەسەرترە، چونکە تەنیا نەبوونی شەڕ ناگرێتەوە، بەڵکوو هەروەها لە ئارادابوونی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ، هەروەها ڕێزگرتن لە مافی کەمینەی ئاینیی و ئیتنیکیش دەگرێتەوە. بە مانایەک ئاشتیی گەرم لە ڕیگای لیبراڵ دێموکراسییەوە دەتوانێ هەروەها چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتیش لە چوارچێوەی سنووری دەوڵەتی مەوجووددا بکا. لە ڕۆژئاوای ئەورووپا هێندێک وڵات ڕازی بوون بە دانی ئوتۆنۆمی بە نەتەوەی بێ دەوڵەت – وەک لە کەیسی کاتالان و باسک لە سپانیا یان لە کەیسی سکاتلەند و وەیڵز لە بریتانیا – یان ئەوەی سیستەمی فێدراڵیان لە پێناو چارەسەکردنی مەسەلەی نەتەوەییدا پێک هێناوە. لەو پەیوەندییەدا، دەکرێ وەک دوو نموونە ئاماژە بە سویس و بێلژیک بدرێ. هەڵبەت میلێر دەڵێ لیبراڵ دێموکراسی مەرجی پێویستە بۆ ئاشتیی گەرم، بەڵام کە ئەگەڕێتەوە سەر فێدراڵیزم، سیستەمی سویس پێش دێموکراسی دامەزراوە. ئەمەش ڕەنگبێ گومان لە سەر ئەو ئیستدلالەی میلێر دروست بکا، هەرچەند مەبەستی ئەو ئاشتیی گەرم لە نەتیجەی ئاوێتەکردنی هەرێمیدایە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕێگای دەربازبوون لە ناهاوسەنگبوونی نەتەوە و دەوڵەت، نەك چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی لە ڕێگای پێکهێنانی سیستەمی فێدراڵەوە.
هەڵبەت خاڵی لاوازی لێکۆڵینەوەی میلێر ئەوەیە کە تا ڕادەیەک وێنەیەکی ڕۆمانتیک لە باشووری ئەمریکا دەکێشێ. پێداگرییناوبراو لەسەر کۆکردنەوەی دەسەڵات لە سەنتەر، هەروەها پێداگریی ئەو لە سەر ئەفسانەی “ناسیۆنالیزمی مەدەنی” چاوپۆشی لەوە دەکا کە وڵاتانی باشووری ئەمریکا بەرهەمی کۆلۆنیزامی ئەورووپین لە شکڵێکی تایبەتدا. لەو پرۆسەیەدا، خەڵکی خۆجێی ئەو دەڤەرە قەڵاچۆ کران یان تواندرانەوە.هەمان سیاسەت لە باکووری ئەمریکادا گیرایە بەر.[44] ناسیۆنالیزمی “مەدەنی” ئەفسانەیە چونکە هیچ دەوڵەتێک نییە لە دنیادا کە بەرایی نەدا بە زمان، مێژوو و کولتووری گرووپێکی ئیتنیکی وەک بنەمای “هەویەتی نەتەوەیی”.هەروەها ئەو جۆرە لە ناسیۆنالیزم، کە لە کاکڵەی خۆیدا ناسیۆنالیزمی گرووپی ئێتنیکی زۆرینەیە یان ئەو گرووپەیە کە دامەزراوەی دەوڵەتی لەژێر کۆنترۆڵدایە، بە تواندنەوەی گرووپی ئێتنیکی یان نەتەوەی دیکە دەتوانێ سەرکەوێ. کەوابوو، یەکانگیربوونی دەوڵەتانی باشووری ئەمریکا ناگەڕێتەوە بۆ سەرکەوتنی مۆدێلی “ناسیۆنالیزمی مەدەنی”، بەڵکوو هۆکاری دیکەی هەیە کە بەندن بە جۆری تایبەت لە کۆلۆنیالیزمی ئەورووپی لەو دەڤەرە.
کەوابوو، مۆدێلی دووهەمی ئاشتی بە گوێرەی ئەزموونی باشووری ئەمریکا لە بەرژەوەندیی کورددا نییە، چونکە هەم بە واتای داکۆکیکردن لە سێنترالیزمە، هەمیش لە سەر ئەفسانەی ناسیۆنالیزمی “مەدەنی” ڕاوەستاوە. ڕاستییەکەی، هێندێک لە ناسیۆنالیستە فارسەکان و هێندێک ناسیۆنالیستی تورکیش دەڵێن گۆیا ناسیۆنالیزم لە ئێران و تورکییە لە جۆری ناسیۆنالیزمی “مەدەنییە”، بەڵام ڕوونە کە ئەوە هیچی تر نییە بێجگە لە ئەفسانە و پرۆپاگاندا لە قاڵبی گوتاری ئاکادێمیکدا، چونکە ئیتنیسیتەی فارس و تورک بنەمای “هەویەتی نەتەوەیی” لەو دوو دەوڵەتەدا پێک دێنن، هەروەها ئنیکارکردنی هەویەتی نەتەوەییی کورد و هەوڵی تواندنەوە و گۆڕینی دێموگرافیی کوردستان دوو ماکی دیکەی ئەو بەناو دەوڵەت و نەتەوەسازییە بووە لەو وڵاتانەدا.
لە باسی میلێردا سەبارەت بە ڕۆژئاوای ئەورووپا و هاتنە کایەی ئاشتیی گەرم لەوێ، هەمان ئەفسانەی ناسیۆنالیزمی “مەدەنی” دەور دەگێڕێ.هەڵبەت کەیسگەلێک وەک بریتانیا، سپانیا و بێلژیک ئەو ئەفسانەیە لە قاو دەدەن. بۆیە، لیبراڵ دێموکراسی دەتوانێ لە خۆیدا کافی بێ بۆ چارەسەکردنی مەسەلەی نەتەوەیی لە وڵاتانی فرەنەتەوەدا، هەرچەند میلێر پێناسەیەکی ڕوون لە “لیبراڵ دێموکراسی” پێشکەش ناکا و ئەوە مەسەلەیەکە کە پێویستی بە وردبوونەوەی پتر و لێکۆڵینەوە هەیە.
هەڵبەت وەک لە کەیسی ڕێفراندۆمی کاتالۆنیادا شاهید بووین، مەرج نییە لیبراڵ دێموکراسی مەجال بە جیابوونەوە یان سەربەخۆیی بدا. کەیسی سکاتلاند بڕێک جیاوازە، چونکە بریتانیا لەوێ ڕێگای بە ڕێفراندۆم دا. ئەمەش پەیوەندیی بەوەوە بوو کە حکومەتی دەیڤید کامرۆن وای لێک دابووەوە کە لایەنی سەربەخۆییخواز شانسی سەرکەوتنیان کەمە. لە لایەکی دیکەوە، لە کانادا، کە ئەویش وڵاتێکی لیبراڵ دێموکراتە، دوو جار ڕێفراندۆم ئەنجام دراوە بە بێ ئەوەی لایەنی سەربەخۆییخواز لە کوبێک سەرکەوێ. نەتیجەی ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کەبە پەسەندکردنی یاسایەک لە ساڵی ١٩٩٩، دادگای باڵای کانادا مەرجی سەختتری بۆ جوودابوونەوەی کۆبێک دیاری کردووە.[45] ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە هەر هێزێکی کوردی کە پرۆژەی سەربەخۆییی هەبێ، تەنانەت لە کاتێکدا کە ئێران،تورکییە و سوورییە لە داهاتوودا بەرەو لیبراڵ دێموکراسی گوزار بکەن، دژ بە سەربەخۆییی کوردستان ڕادەوستن و بگرە تەنانەترێگری لە ئەنجامدانی ڕێفراندۆم لە کوردستاندا دەکەن. جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق ڕێفراندۆمی باشووری کوردستانی وەک “ناقانونی” لە قەڵەم دا. بە هەمان شێوە، دادگای دەستووریی سپانیا ڕێفراندۆمی کاتالۆنای بە “ناقانونی” لەقەڵەم دا.
هەڵبەت ئەو هێزە کوردییانەی کە پڕۆژەیان وەدەستهێنانی ئوتۆنۆمییە لە چوارچێوەی سیستەمێکی فێدراڵدا یان لە نەتیجەی ڕێکەوتنێکی دوولایەنە لە گەڵ حکومەتی ناوەندی، ئەوا لیبراڵ دێموکراسی یان وەک لە کەیسی باشووردا پاش شەڕی کەنداو، لاوازبوون یان داڕمانی حکومەتی ناوەندی دەتوانێ زەمینە بۆ وەدەستهێنانی ئوتۆنۆمی خۆش بکا. مانەوەی ئەو ئوتۆنۆمییە لە حاڵەتی دووهەمدا بەندە بە ماوەی لاوازبوونی حکوومەتی ناوەندی. بۆیە، جێکەوتنی لیبراڵ دێموکراسی وەک زامن،قایمترەتاکوو لاوازبوون یان داڕمانی حکومەتی ناوەندی. لە لایەکی دیکەوە، وەک کەیسی باشووری کوردستان نیشانی دەدا، تەنانەت چەسپاندنی ئوتۆنۆمی لە دەستووری فێدراڵدا بە بێ هاتنە کایەی ئاشتیی گەرم لە ئاست هەرێمیدا، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتدا دابەش کراوە و هەرکام لەو دەوڵەتانە بە چاوی ئەمنییەتییەوە دەڕواننە دەسکەوتی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان، دێموکراتیزەبوونی ئەو وڵاتانە، هەڵبەت لە شکڵی “لیبراڵی”ی خۆیدا، پێویستە بۆ هاتنە کایەی ئاشتیی گەرم لە دەورووبەری کوردستاندا.
داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین
ئەگەر گوزارەی میلێر سەبارەت بە ناهاوسەنگبوونی نەتەوە و دەوڵت وەک هۆکاری سەرەکیی شەڕی ناوچەیی دروست بێ، ئەوا دەبێ چاوەڕوانی درێژەکێشانی کێشە و ڕوودانی شەڕی دیکە بین لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. نەک تەنیا پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بە بنبەست گەیشتووە، بەڵکوو عێراق، سوورییە و یەمەن بوون بە گۆڕەپانی شەڕی خوێناوی کە هەر سێک شەڕ هاوکات شەڕی نێوخویی و نێودەوڵەتین. دوو لەو وڵاتانە بە ڕوونی گوزارشت لە ناهاوسەنگبوونی نەتەوە و دەوڵەت دەکەن. هەرسێکیان گوزارشت لە ناهاوسەنگیی تایفی و دەوڵەت دەکەن، ئەمەش لە کێشەی تایفیی نێوان سوننی و شیعە، سوننی و عەلەوی، هەروەها سوننی و شیعەی زەیدی لە هەرکام لەو وڵاتانەدا خۆی دەردەخا. بەدەر لە داعش، کە سیاسەتێکی ڕێڤێژیونیستی بوو و دەیویست عێراق و سوورییە بکا بە یەک دەوڵەت، ئەوانی دیکە شەڕیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتانی مەوجوودە، نەک جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ. لە گەڵ ئەوەش، ناکۆکیی نێوان ئەو تایفانە ئەوەندە زۆرە، وەک کێشەی نەتەوایەتییان لێ هاتووە. هەرچۆنێک بێ، ئەو کێشە تایفییانەش گوزارشت لە ڕەهەندێکی ناهاوسەنگ بوونی هەویەتی تایفی و دەوڵەت دەکەن.
ئەگەر گوزارەی سۆلینگێن سەبارەت بە گرنگی دیدی ستراتێژیکی نوخبەی سیاسی لە پەیوەندی لە گەڵ شەڕ و ئاشتیدادروست بێ، ئەوا بە مەرجێک کە زۆربەی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ستراتێژیی نێودەوڵەتی میحوەر بگرنە بەر، کەرتی تایبەت و چینی نێوەڕاست بەهێز بکەن، هەروەها سیاسەتی گەشەسەندن لە ڕێگای هەناردەکردنەوە بگرنە بەر، ئەوا بە بێ دێموکراسی دەکرێ ئاشتیی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بێتە کایەوە. هەڵبەت کەیسی ڕۆژهەڵاتی ناوین نیشانی دەدا کە ڕێفۆرمی ئابووری، کرانەوە بەرەو بازاڕی جیهانی و وەبەرهێنانی وڵاتانی بیانی لەو ناوچەیەدا، دەوڵەتانی ناوچەی بەهێز کردووە، بەڵام بە بێ ئەوەی پێگەی چینی نێوەڕاست بەهێز بێ یان ئەوەی کۆمەڵگای مەدەنی بەهێز بێ. کەوابوو، تەنانەت بە گرتنەبەری سیاسەتی نێودەوڵەتی میحوەر (هەرچەند سنووردار بووە تاکوو ئیستا)، نەتیجەی پێچەوانەی هەبووە و تەنیا پێگەی نوخبەی دەسەڵاتداری سەرەڕۆ یان دیکتاتۆریی بەهێزتر کردووە.[46]هەڵبەت سۆلینگێن دەڵێ ئەو کرانەوەیە ڕوو بەدەرەوە، ئیسلاحاتی عەرزیی لە کاتی گونجاودا دەوێ، هەروەها دەبێ ئەو دەوڵەتانە سەرچاوەی سترووشتیان لەبەردەست نەبێ، کە وڵاتانی نەوتفرۆش بە لێشاو هەیانە. ڕاستییەکەی، لە گەڵ ئەوەی هێندێک وڵات وەک دوبەی، قەتەر و ئوردون هەوڵیان داوە ڕێفۆرمی ئابووری ئەنجام بدەن و سیاسەتی نێودەوڵەتی میحوەر بگرنە بەر، لە وڵاتێک وەک ئێران، وێڕای ئەوەی ئیسلاحاتی عەرزی زەمینەی بۆ شۆڕش ساز کرد کە کۆماری ئیسلامیی لێ کەوتەوە، ئێستا ئێران ئەوەندە پێداگری لەسەر خۆبژیوی دەکا کە خامنەیی باس لە “ئابووریی بەرهەڵەستکارانە” دەکا.[47]تورکییەش لە ساڵانی دواییدا بەرەو دواوە ڕۆیشتووە و لەگەڵ ڕۆژئاوالە کێشەدایە. هەرچەند نرخی نەوت داشکاوە، بەڵام سەرچاوەی سەرەکیی وڵاتانی خاوەن نەوت پێک دێنێ. کەوابوو، دەوڵەتی “دڕندە” لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەر لە جێگای خۆیەتی ولەو دەڤەرەدادەوڵەتی “گەشەسەندن” بەدی ناکرێ.
سەبارەت بە دەوری زلهێزان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، واتە فاکتەرێکی دیکە کە میلێر لە پەیوەندی لە گەڵ ئاشتیی سارد و گەرمدا بەرجەستەی دەکاتەوە، دەبێ بڵێین کە ئەمریکا تاکوو ئێستا تەنیا پابەند بووە بە چارەسەکردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی. لەو چوارچێوەیەدا مەسەلەی فەلەستین بە ناوی “چارەسەری دوو دەوڵەت” هاتووەتە کایەوە. سەرەڕای ئەوەی پرۆسەیەکی وا، ڕەنگبێ ئاشتیی ساردی لێ بکەوێتەوە، دیسان بە قازانجی فەلستینییەکانە، ئەگەر بێت و دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلستینیی لێ بکەوێتەوە. هەڵبەت ئەمریکا دەروەست نەبووە بە چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد. بۆیە، ئەگەر بێتو ئەمریکا هەنگاو لە پێناو ئاشتیی گەرم لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەلێنێتەوە، دەتوانێ ناڕاستەوخۆ سوودی بۆ نەتەوەی کورد هەبێ. بەداخەوە، پرۆژەی دێموکراتیزەکردنی عێراق شکستی هێنا، یان لانی کەم تاکوو ئێستا سەرکەتوو نەبووە. دەوڵەتی عێراق لە زۆر ڕووەوە فەشەلی هێناوە و ئەو دێموکراسییەی لەوێ هاتووەتە کایەوە، بەدەر لەوەی گەندەڵ و تایفەگەرایە، هەروەها بەنیسبەت باشووری کوردستان دەمارگرژە. دەستێوەردانی تێکدەرانەی سوورییە و بەتایبەت ئێران وێڕای هەڵەی ئەمریکا بووە هۆی ئەوەی دێموکراتیزەکردنی عێراق بەرەو هەڵدێر بڕوا. فاکتەری مێژووییش بێ گومان دەوریان هەبوو لەو بارەیەوە؛ لەوانە، نەبوونی ئەزموونی دێموکراسی لە عێراقدا (بە پێچەوانەی ئاڵمانی ڕۆژئاوا)، هەروەها نەبوونی ئابووریی بەرهەمهێنەر لەو وڵاتەدا وێڕای چەندین دەیە لە حکومەتی دیکتاتۆرییەتی بەعس و نەبوونی چینی نێوەڕاست و هتد.[48]
هاوکات ئەمریکا پاش شکست خواردن لە عێراق، لە دەورەی ئوبامادا دەستی کرد بە پاشەکشەکردن و لە دەورەی ترامپدا ئەو پاشەکشەکردنە درێژەی هەبووە. ئەمریکا هەروەها لە عێراق و سوورییە بەرژەوەندیی خۆی زۆر بەرتەسک پێناسە کردووە، کە ئەویش بریتی بووە لە شکستهێنان بە داعش. هەڵبەت ئەمریکا لە عێراقدا بەرژەوەندییستراتێژیکتری هەیە تاکوو لە سوورییە، بەڵام دەستێوەردانی بەردەوامی ئێران و دژایەتیکردنی مانەوەی ئەمریکا لەلایەن هێزە شیعییەکانەوە وێڕای ئەوەی کە واشنتن ئەولەوییەتەکانی گۆڕاون (لەوانە گرنگیدان بە مەسەلەی نیوخۆیی و ڕووبەڕووبوونەوەی چین لە ئاسیا)، کۆی ئەمانە وایان کردووە کە داهاتووی دەروەست بوونی ئەمریکا بە داهاتووی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوین جێگای پرسیار بن. ئەوەی کە ڕوونە، ئەوەیە کە ئەمریکا دەستی لە دێموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەڵگرتووە. وڵاتانی ئەورووپیش لە ترسی “ناسەقامگیری”، کە دەتوانێ بەرژەوەندیی وزەییی ئەوان بخاتە خەتەرەوە،هەروەها لە ترسی هاتنی پەنابەر، پشتیوانی لە ڕێژیمێکی وەک کۆماری ئیسلامی دەکەن.
ئەمانە وێڕای شکستی شۆرشی ساڵانی دوایی لە ناوچەکەدا، زۆرتر بایەخ دەدرێ بە ڕاگرتنی دۆزی هەنووکە، هەرچەند ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی – بە تایبەت لەوەتی ترامپ هاتووەتە سەر کار- سیاسەتیان لەهەمبەر ئێران، کە دەوڵەتێکی سەرەکییە لە بڵاوکردنەوەی ناسەقامگیری و دژایەتیکردنی دێموکراسی لە ناوچەکەدا، جیاواز بووە. لە کاتێکدا ئیدارەی ترامپ هەوڵی لاوازکردنی ئێران دەدا، وڵاتانی ئەورووپی لە ڕێگای تیجارەتەوە، یارمەتیی مانەوە و بگرە بەهێزبوونی کۆماری ئیسلامییان داوە. بۆ نموونە، لە ١١٠ گرێبەستی تیجاریی وڵاتانی ئەورووپی لە گەڵ ئێران، ٩٠ دانەیان لە گەڵ کۆمپانیاگەلێک بەستراون کە سەر بە سپای پاسدارانن.لە لایەکی دیکەوە، وڵاتانی ئەورووپی چاوپۆشی لە سیاسەتە ناسەقامگیرپێکهێنەرەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەکەن.[49]
لەگەڵ ئەوەی ڕووسییە و چین پێگەی خۆیانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بە شێوەی جیاواز بەهێزتر کردووە، ئەو دوو زلهێزە دژ بە دێموکراسین. ئەگەر ڕێککەوتنی “ستراتێژیکی” نێوان پەکین و تاران مەیسەر بێ، ئەوا دەور و نفوزی چین لە ناوچەکەدا ڕوو لە زیادبوون دەکا. ڕووسییە لە سوورییە بووەتە پارێزەری دیکتاتۆرییەتی ئەسەد و لە بواری سیاسی و نیزامییەوە یارمەتیدەری ئێرانە. کەوابوو، بەدەر لەوەی ئەمریکا لە باشووری کوردستان حزووری خۆی هێشتووەتەوە و پابەندە بە مانەوەی هەرێمی کوردستان وەک یەکەیەکی ئوتۆنۆم لە چوارچێوەی عێراقدا، گۆڕان لە پارسەنگی هێزدا لە ئاست نێودەوڵتی و دەورێک کە ڕووسییە و چین بە ئەگەری زۆر لە داهاتوودا بیگێڕن لەو ناوچەیەدا، لە پێناو پاراستنی دۆزی هەنووکەدا دەبێ، نەک گۆڕانی ناوچەکە بەرەو ئاشتی، تەنانەت لە شکڵی سارد و ئاساییدا.
دواوتە
کۆی ئەو ڕەوتانەی لەسەرەوە باس کران ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئەگەری هاتنەکایەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، تەنانەت لە شکڵی سارد و ئاساییدا، زۆر کەمە. نە هەلومەرجی نێوخۆیی، نە هەلومەرجی هەرێمی و نە سیاسەتی زلهێزان لەم قۆناغەدا بە قازانجی ئاشتی نین لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. بە پێچەوانەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ناهاوسەنگبوونی نەتەوە و دەوڵەت لە ناوچەکەدا، کە ڕەهەندی تایفیشی لێ زیاد بووە، درێژەکێشانی کێشە و ڕوودانی شەڕی دیکە لە ناوچەکەدا زۆرە.
بۆیە، پارادۆکسێک لێرەدا قوت دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر گۆڕان لە ناوچەکەدا بێتە کایەوە، ئەوا لە ڕێگای شەڕ یان شۆڕشەوە دەبێ. هەڵبەت مەرج نییە نە شەڕ، نە شۆڕش لێکەوتەی دڵخوازیان لێ بکەوێتەوە. لە شەڕی ئەمریکا دژ بە عێراق بەدەر، کە نیمچە دێموکراسییەک و بەهێزبوونی باشووری کوردستانی لێ کەوتەوە، شەڕ لە سوورییە و یەمەن کارەساتی مرۆڤییان لێ کەوتووەتەوە. شەڕ لەو دوو وڵاتەدا هەروەها بووە هۆی پەلهاوێشتن و بەهێزبوونی پێگەی ئێران، لە کاتێکدا شەڕی سوورییە دەرفەتی بۆ گەڕانەوە و پێچەقاندنی ڕووسییە لە ناوچەکەدا پێک هێنا.
کە ئەگەڕێتەوە سەر کوردستان، ئەو شەڕانە وەک شمشێری دووسەرە وان. لەلایەک، بە نەمان یان لاوازبوونی ڕێژیم لە عێراق و سوورییە، دەرفەت بۆ کورد هەڵکەوت کە لە باشوور پێگەی هەرێم لە دەستووری عێراقدا بچەسپێندرێ[50]و لە ڕۆژئاوا خۆسەری سەرهەڵبدا. لە لایەکی دیکەوە، سەرهەڵدانی داعش وێڕای هێرشی تورکییە بۆ سەر ڕۆژئاوا، بوو بە هۆی ماڵوێرانی، کوژران و برینداربوونی هەزاران پێشمەرگە و شەڕڤان، هەروەهاجێنوسایدی ئێزدییەکان و گۆڕینی دێموگرافیی بەشێک لە باشوور وڕۆژئاوای کوردستان و بەکویلەکردنی ژنی کورد.
بەرژەوەندیی کورد لە ئاشتیی گەرمدایە. ئەوەش بەندە بە دێموکراتیزەبوونی وڵاتانی ناوچە، هەڵبەت لە شکڵی ئەو جۆرە دێموکراسییەی کە لە ڕۆژئاودا مەوجوودە، جا بە “لیبراڵ” ناوزەد بکرێ یان نە.
ئەگەر رێککەوتنی ئاشتیی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل بەرینتر بێتەوە و سەربگرێ، هەڵبەت بە مەرجێ لەو پڕۆسەیەدا مەسەلەی فەلەستین چارسەر بکرێ، لە بەشێکی بەرچاوی ڕۆژهەڵاتی ناویندا ئاشتی دێتە کایەوە، هاوکاتیش ئێران (کە دوژمنی سەرسەختی ئاشتییە) لە پەڕاوێز دەکەوێ. ئەمەش بە نۆرەی خۆی بە قازانجی نەتەوەی کوردە، چونکە پاش چارەسەرکردنی مەسەلەی فەلەستین، مەسەلەی کورد بەرجەستەتر دەبێتەوە.
پاش شەڕی دووهەمی جیهانی، دوو فاکتەر یارمەتیدەری ئاشتی بوون لە ڕۆژئاوای ئەورووپادا: مەترسییەک کە لە یەکیەتیی سۆڤییەتەوە سەرچاوەی دەگرت بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی ئەورووپی لە لایەک، و دەروەست بوونی ئەمریکا بە نیسبەت ئاسایشی ئەورووپا لە لایەکی دیکەوە. بە هەمان شێوە، مەترسییەک کە لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێ بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، وێڕای پشتیوانیی ئەمریکا لەو وڵاتانە، زەمینەی ئەم پرۆسەیەی خۆش کردووە. هەروەها شکستی ئەلقاعیدە و داعش یارمەتیدەری ئەو پڕۆسەیە بووە، چونکە وڵاتانی عەرەبی کەمتر نیگەرانی رادیکاڵیزمی سوننەن.
بەڵام ئەو جۆرە ئاشتییە، ئاشتییەکی سارد دەبێ. بۆ ئەوەی ئەو ئاشتییە تەبدیل ببێ بە ئاشتیی گەرم، پێویست دەکا وڵاتانی عەرەبی بەرەو دێموکڕاسی گوزار بکەن، کە بە داخەوە لە ئێستادا زەمینەی نییە.
هەڵبەت ئاشتی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەتوانێ بلۆکبەندی لە ئاست ناوچەییدا بتەوتر بکا، کە بە نۆرەی خۆی دەتوانێ شەڕی لێ بکەوێتەە (لە شکڵی شەڕی ساردەوە بگرە تاکوو شەڕ بە وەکالەت و شەڕی گەرم).
سەرچاوەکان
[1]Etel Solingen
[2]Benjamin Miller
[3]لێرەدا “شەڕئامێزیی” لە بەرانبەر war-proneness دانراوە، بە واتای ئەوەی کە ناوچەیەک تێندێنس یان مەیلی شەڕی تێدا بێ.
[4]لێرەدا “ئاشتی تەوەریی” بەرانبەر بە peacefulness دانراوە، کە واتای لە ئارادبوونی دۆخی ئاشتی دەدا.
[5]Etel Solingen, “PaxAsiatica versus Bella Levantina: The Foundations of War and Peace in East Asia and the Middle East,” American Political Science Review, 101:4 (2007); Benjamin Miller, “When and How Regions Become Peaceful: Potential Theoretical Pathways to Peace,” International Studies Review, 7:2 (2005).
[6]جێگای ئاماژەیە کە پێناسەی سۆلینگێن لە هەردوو هەرێم، بەرینترە لە پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو دوو هەرێمە. بۆ نموونە، “ڕۆژهەڵاتی ناوین” لە پێناسەی سۆلینگێندا، وڵاتانی باکووری ئەفریقاش لە خۆ دەگرێ – لەوانە میسر، لیبی و مەغریب – لە کاتێکدا “ڕۆهەڵاتی ئاسیا” بۆ ئەو بەدەر لە چین، تایوان، هۆنگ کۆنگ، هەردوو بەشی کورە و ژاپۆن، هەروها تایلەند، فیلیپین، میانمار (بورما) و مەلایزیا و کۆمەڵێک وڵاتی دیکە لە خۆ دەگرێ.
[7]Etel Solingen, ”Transcending disciplinary divide/s: A comparative framework on the international of the Middle East”, POMEPS Studies, 2015, p. 55.
[8]هەڵبەت لە ڕوانگەی سۆلینگێنەوە، ڕیالیستەکان زۆرتر مەبەستیان “سەقامگیرییە” تاکوو “ئاشتی”، بەڵام بە بێ ئەوەی جیاوازیی نێوان ئەو دوو چەمکە شی بکاتەوە. لە سەردەمی شەڕی سارددا، کێنێت واڵز (Kenneth Waltz)، بیرمەندی بەرجەستەی نوێریالیزم، ڕای وابوو کە “دووجەمسەری” سەقامگیرترین نیزامی نێودەوڵەتییە. هۆیەکەشی گەڕاندەوە بۆ چەکی ناوکی لە دەستی سۆڤییەت و ئەمریکدا. لێرەدا دەبێ جەخت بکرێتەوە کە “سەقامگیری” لە ڕوانگەی واڵزەوە ئاماژەیە بەوەی کە شەڕی گەرم لە نێوان ئەمریکا و سۆڤییەتدا نەهاتە کایەوە. چەکی ناوکی وای کرد، “شەڕی سارد” لە نێوان ئەو دوو زلهێزەدا، نەبێ بە شەڕێکی گەرم. هەرچۆنێک بێ، پێناسەی ڕوون و یەکگرتوو لەم چەمکانە لە ئارادا نییە؛ ئەمەش بێ گومان سەرلێشێوای پێک دێنێ. سەبارەت بە بۆچوونی واڵز، بڕوانە Kenneth Waltz, Theoryof International Politics (New York: Random House, 1979).
[9] Joseph S. Nye, Understanding International Conflicts: An Introduction to Theory and History (New York: Pearson, Sixth Edition, 2007), pp. 67-69.
[10]Polarity
[11]Solingen, “Pax Asiaticaversus Bella Levantina”, pp. 758-59.
[12]Solingen, “Pax Asiaticaversus Bella Levantina”, p. 759.
[13]لەمێژە تێبینی کراوە کە پەیوەندیی نێوان وڵاتانی دێموکراتیک ئاشتی تەوەرە. هەڵبەت ئەم دیاردەیە بە شێوەی جیاواز شی کراوەتەوە. بۆچوونێک دەڵێ ئەمە پەیوەندیی بە کولتووری سیاسیی وڵاتانی دێموکراتیکەوە هەیە، بە تایبەت پابەندبوونیان بە چارەسەرکردنی کێشە لە رێگای وتووێژ و تەنازول کردنەوە. هەروەک چۆن وڵاتانی دێموکراتیک کێشە نێوخوییەکانیان لە رێگای دیالۆگ و تەنازول کردنەوە چارەسەر دەکەن، لە پەیوەندی لە گەڵ یەکتریشدا، هەروها دەجووڵێنەوە. بۆچوونێکی دیکە هەیە کە زۆرتر گرنگی دەدا بە دامەزراوەی دێموکراتیک و حساباتی ئەقڵانیی دەسەڵاتداران؛ واتە دابەشبوونی دەسەڵات و مەجالی دەسەڵاتی یاسادانان لە سنووردارکردن یان تەنانەت ڤیتۆکردنی بڕیارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکار، ویڕای ئەوەی کە دەسەڵاتدار بەرژەوەندیی لەوەدایە دووبارە هەڵبژێردرێتەوە بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، کۆی ئەمانە وا دەکا کە ئەستەم بێ حکومەتی وڵاتێکی دێموکراتیک، بۆ چارسەکردنی کێشە لە گەڵ وڵاتی دیکەی دێموکراتیکدا دەست بۆ بژاردەی نیزامی بەرێ. لەو بارەیەوە، بڕوانە: Miriam Fendius Elman, ”The Never-Ending Story: Democracy and Peace,” International Studies Review, 1:3 (1999), p. 93.
[14]دەمەزراوەی نێودەوڵەتی یان باڵادەوڵەتی وەک یەکیەتی ئەورووپا دەتوانن بە
[15]Ibid.
[16]Solingen, “Pax Asiaticaversus Bella Levantina”, pp. 759-60.
[17]Solingen, “Pax Asiaticaversus Bella Levantina”, p. 760.
[18]Solingen, “Pax Asiaticaversus Bella Levantina”, p. 759.
[19]لەو بارەوە، بڕوانە: Jonathan Fox, ”AreMiddleEastConflictsMoreReligious?”, MiddleEastQuarterly, 8:4 (2001)
[20]Politicaleconomy
[21]Politicalsurvival
[22] Statist
[23]Inward-lookingcoalition
[24] Internationalizing
[25]Foreign direct investment
[26] Export-led growth
[27]”Neighborhood effect”
[28] Anomaly
[29]Solingen, “PaxAsiatica versus Bella Levantina”, pp. 766-67.
[30] Developmental state
[31] Predatory state
[32] Path-dependency
[33]Solingen, “Pax Asiaticaversus Bella Levantina”, p. 767.
[34]Miller, “When and How Regions Become Peaceful”, p. 230.
[35]Miller, “When and How Regions Become Peaceful”, pp 232-35.
[36]Miller, “When and How Regions Become Peaceful”, pp. 235-36.
[37] Regional integration
[38]Miller, “When and How Regions Become Peaceful”, pp. 250-53.
[39]Miller, “When and How Regions Become Peaceful”, pp. 238-42.
[40]Coherence
[41]Miller, “When and How Regions Become Peaceful”, pp. 246-47.
[42]Miller, “When and How Regions Become Peaceful”, pp. 253-56.
[43]بڕوانە: Benjamin Reilly, ”Internal Conflict and Regional Security in Asia and the Pacific,” Pacific Review, 14:1 (2002).
[44]لەو بارەوە، بڕوانە: Will Kymlicka, Politics in the Vernacular: Nationalism, Multiculturalism, and Citizenship (Oxford: Oxford University Press, 2001), passim.
[45]لەو بارەوە، بڕوانە: Daniel Cetrá and Malcolm Harvey, “Explaining Accommodation and Resistance to Demands for Independence Referendums in the UK and Spain,” Nations and Nationalism, 25:2 (2019); Peter Lynch, ”Scottish Independence, The Quebec Model of Secession and the Political Future of the Scottish National Party”, Nationalism and Ethnic Politics, 11:14(2005).
[46]لەو بارەوە، بڕوانە: ImadSalamey, ”Middle Eastern Exceptionalism: Globalization and the Balance of Power,” Democracy and Security, 5:3 (2009).
[47]سەبارەت بە ئیسلاحاتی عەرزی لە ئێران و لێکەوتەکانی، بڕوانە: Ervand Abrahamian, A Modern History of Iran (Cambridge, Cambridge University Press, 2008), pp. 134-1148.
[48]بڕوانە: Eva Bellin, ”The Iraqi Intervantion and Democracy in Comparative Historical Perspective,” Political Science Quarterly, 119:4 (2004-05).
[49]لەو بارەوە، بڕوانە: Ali Fathollah-Nejad, ”Europe and the Future of Iran Policy: Dealing with a Dual Crisis,” (Washington, DC & Doha: Brookings Institution, 2018).
[50]هەڵبەت ئەوە لە خۆیدا، وەک دەرکەوتووە، گارانتی نییە بۆ پابەندبوونی بەغدا بە دەستوور.


