ئارامتر بخوێنەوە!

پرسی ژینگه و مافی گەلانی بێ دەوڵەت له یاسای نێونەتەوەییدا

ئاسۆ حەسەن‌زادە

سازکردنی تیدەتوانین پێوەندیی نێوان پرسی ژینگه و مافی گەلانی بێ دەوڵەت له یاسای نێونەتەوەییدا (پێوەندییەک که تا ئێستا بەشێوەی سیستماتیک سەرنجی پێ‌نەدراوه)، له چوار بوار یان بڕە ڕووبەری ئەم یاسایەدا باس بکەین: یەکەم، بواری مافەکانی مرۆڤ؛ دووهەم، مافی گەلان و سەروەریی ئەوان لەسەر ‌سەرچاوه سروشتییەکان؛ سێهەم، پاراستنی ژینگه له قانوونی بەشەردۆستیدا؛ چوارەم، سنووره قانوونییەکانی ئازادیی بەکاربردنی سەرچاوه سروشتییەکان لەلایەن دەوڵەتانەوه؛ پێنجەم، مافی بەشداری له پڕۆسەی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی سەرچاوه سروشتییەکان.

پرسی ژینگه و مافی گەلانی بێ دەوڵەت هەردووکیان له بواره تازەکانی یاسای نێونەتەوەییی سەردەمن. هەڵبەت چەمکی “گەلانی بێ دەوڵەت” زۆرتر له زانستی سیاسی و پێشەکیی یاسای دەستووریدا باسی لێوە دەکرێ و وەك خۆی له یاسای نێونەتەوەییدا چەمکێکی حقووقیی سەربەخۆ نیه. ئێمه ‌لێرەدا بۆ پێویستییەکانی ئەم وتاره بەکاری دەبەین و مەبەستمان هەموو ئەو حاڵەتانەیه که گەلێک یان کۆمەڵه مرۆڤێكی خاوەن شوناس و ئینتمای هاوبەش (زۆربەی کات ئەو گرووپانەی له یاسای نێونەتەوەییدا وەك کەمایەتی و گەلی خۆ‌جێیی پێناسە کراون[1])، شعووریان به تایبەتمەندی و جیاوازیی خۆیان و مافەکانیان هەیه، بەڵام خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان نین. به ‌پێچەوانەی پرسی ژینگه که له دوای دامەزرانی ڕێکخراوی نەتەوه یەكگرتووەکان و لەڕاستیدا له ساڵەکانی حەفتای زایینی بەولاوه پەرەی گرتووه،[2] مەسەلەی گەلانی بێ دەوڵەت چ له سۆنگەی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان و چ له چوارچێوەی مافی کەمایەتییەکاندا ڕەگ و ڕیشەی له قانوونی نێونەتەوەییدا بۆ پاش شەڕی یەکەمی جیهانی دەگەڕێتەوه، ئەگەر نەڵێین کۆتایییە‌کانی سەدەی نۆزده.

هەردووک بواری ژینگه و گەلانی بێ دەوڵەت له ڕوانگەی یاسای نێونەتەوەیییە‌وه – بەدەر لەو پێوەندییەی لەم وتارەدا لەنێوانیاندا دادەمەزرێنین- دوو تایبەتمەندیی هاوبەشیان هەیه: یەکەم ئەوه که بەهۆی ئەو ڕەهە‌نده بەکۆمەڵەی هەیانه، زۆرتر دەچنه خانەی نەوەی سێهەمی مافەکانی مرۆڤ[3]؛ دووهەم ئەوه که بەشی زۆری بنەما و ڕێوشوێنه نێونەتەوەیییە‌ داڕێژراوەکان لە هەردوو بواردا هێشتا خیسڵەتی قانوونی نەرمیان[4] هەیه و کەمتر ئەرک و ئیجباری شیاوی جێبەجێکردن و لێپرسینەوه بۆ دەوڵەتان دروست دەكەن. لە لایەکی دیکەوه، هەردووک بوار وەک زۆر له بواره “ئینتردیسیپلینێری”[5](میان-ڕشتەیی)یەکان، هەم بۆخۆیان بەجیا له زۆر بەشی یاسای نێونەتەوەییدا سەرنجیان پێ دەدرێ[6] و هەم لە نێوان خۆشیاندا له زۆر خاڵی یاسای نێونەتەوەییدا پێک ‌دەگەنەوه. مەبەستی ئەم باسه کورته دەستنیشانکردنی خاڵەکانی بەیەک گەیشتنەوەی پرسی ژینگه و مافی گەلانی بێ دەوڵەت له یاسای نێونەتەوەییدایه. مادام دەڵێین فرەڕەهەندکردنی گوتار و کردەوەی خە‌باتی کورد له ڕۆژهەڵات وا دەخوازێ که پرسی ژینگه بچێته نێو گوتاری کەلانی بزوتنەوەی سیاسیی کورد له ئێران،[7]ئەم کاره پێویستی به ئامراز و کەرەسته هزری و مەعریفییەكانی فرەڕەهەندی و یەک لەوان ناسین و دەکارخستنی بەستێنی نێونەتەوەیی بەتایبەتی یاسای نێونەتەوەیییە.

دەتوانین پێوەندیی نێوان پرسی ژینگه و مافی گەلانی بێ دەوڵەت له یاسای نێونەتەوەییدا (پێوەندییەک که تا ئێستا بەشێوەی سیستماتیک سەرنجی پێ‌نەدراوه)، له چوار بوار یان بڕە ڕووبەری ئەم یاسایەدا باس بکەین: یەکەم، بواری مافەکانی مرۆڤ؛ دووهەم، مافی گەلان و سەروەریی ئەوان لەسەر ‌سەرچاوه سروشتییەکان؛ سێهەم، پاراستنی ژینگه له قانوونی بەشەردۆستیدا؛ چوارەم، سنووره قانوونییەکانی ئازادیی بەکاربردنی سەرچاوه سروشتییەکان لەلایەن دەوڵەتانەوه؛ پێنجەم، مافی بەشداری له پڕۆسەی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی سەرچاوه سروشتییەکان.


١/ ژینگەی پاک و پارێزراو وەک مافێکی مرۆڤ
 لەگەڵ ئەوەدا کە یاسای نێونەتەوەیی زۆرتر له ڕەهەندی بەکۆمەڵەوه بۆ پرسی ژینگه چووه، بەڵام زۆر لە مافه سەلمێندراوەکانی مرۆڤ بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ به پارێزگاری له ژینگەوه بەستراونەتەوه. بۆ نموونه بەندەکانی پەیمانی مافه مەدەنی و سیاسییەكان و پەیمانی مافه ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەكان (١٩٦٦) لە‌پێوەندی لەگەڵ مافی ژیان و مافی سڵامەتیدا[8] بەبێ بوونی ژینگەیەکی پاک و پارێزراو جێبەجێ نابن. گرینگیی ژینگه بۆ جێبەجێ‌بوونی بەکردەوەی مافەکانی مرۆڤ بەچەشنێکه که کۆنفڕانسی جیهانیی ژینگه (ستۆکهۆڵم، ١٩٧٢) “بەڕەسمی ناسینی ژیان له ژینگەیەکی تەندروستدا”ی وەك مافێكی بنەڕەتیی مرۆڤ پێشنیار کردووە.[9] دوای ئەوه، زۆر له دەقه نێونەتەوەییەکانی پێوەندیدار به مافی مرۆڤ و مافی گەلان ئاماژەی تایبەتیان به ژیان له ژینگەیەکی پاک و لەباردا کردووە.[10] تەنانەت له ئاستی قەزاییدا، هێندێک له ئۆرگانه دادوەرییەکانی پارێزگاریی مافی مرۆڤ (بەتایبەتی دادگای ستراسبورگ) سکاڵای تاکەکان لە‌و بوارەشدا وەردەگرن.[11]

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە که پاراستنی ژینگه بەتایبەتی بۆ ئەو گەل و کەمایەتییانه زۆر گرینگه که پێوەندییەکی چڕوپڕیان لەگەڵ خاک وسروشتی خۆیان هەیه، ئەو دەقه نێونەتەوەیییانەی تایبەتن به گەلانی بێ دەوڵەت، پاراستنی ژینگەی سروشتیی ئەو گەلانه وەک یەكێک لە پێشمەرجەکانی پاراستنی ناسنامەی تایبەتی ئە‌وان لەقەڵەم دەدەن.[12]


٢/ سەروەریی گەلان لەسەر سەرچاوه سروشتییەكان

ڕەهەندێكی زۆر گرینگی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان، سەروەری لەسەر سەرچاوه سروشتییەکانیانه. بەهۆی ئەوه که ئەم بابەته زۆرتر بەرهەمی پرۆسەی سیاسی و حقووقیی پێوەندیدار به ڕەوتی ڕزگاریی گەلان له ئیستعماره، سەروەریی گەلان لەسەر سەرچاوه سروشتییەکان، کەوتووەته ژێر تیشکی ململانێی نێوان جیهانی سێهەم و وڵاتانی پێشکەوتوو و لە یاسای نێونەتەوەییدا تەنیا له ڕەهەندی دەرەکیی مافی چارەنووس(واته سەربەخۆیی‌)دا ڕاڤه و جێبەجێ کراوه.[13] بەڵام دەبێ بزانین مافی دیاریکردنی چارەنووس له شکڵی سەربەخۆییدا، لەپاش ڕەوتی ڕزگاری له ئیستعمار زۆر گەشەکردنی تازەی بەخۆیەوه دیوه و ئەو مافه بۆ گەلانی بێ دەوڵەت هێشتا هەڵگری پۆتانسیەلێكی کارایه. لەلایەکی دیکەوه، لەو وڵاتانەدا که ناسنامەی پێکهاتە نەتەوەیییە جۆراوجۆرەکان، بەتایبەتی له چوارچێوەی فیدراڵیدا، لە سیستمی حکوومەتیدا بەڕەسمی ناسراوه، باس له دادپەروەریی نێوخۆیی و سەروەریی هاوبەشی ئەو پێکهاتانه لەسەر سەرچاوه سروشتییەكانی وڵات دەکرێ و زۆر مێکانیزمی قەرەبووکردنەوەی بەجێمان و گەشەنەسەندن بۆ ئەو گەل و پێکهاتانەی چەوسێندراونەتەوه و له پەڕاوێزدا بوون، له نەزەر دەگیرێ.[14]


٣/ پارێزگاری له ژینگه له قانوونی بەشەردۆستیدا

قانوونی بەشەردۆستی واته ڕێزگرتن له مافەکانی مرۆڤ (بەتایبەتی مەدەنییەکان و نیزامیانی “لێقەوماو”) له کاتی شەڕدا، چ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی نێودەوڵەتی بێ، چ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی نێوخۆیی. ئەم قانوونه لەسەر چوار ئەسڵی : (١) جیاکاری لەنێوان مەدەنی و نیزامییەكان؛ (٢) پێویست بوونی ئامراز و مێتۆدەکانی شەڕ؛ (٣) ڕێژەیی بوونی بەکاربردنی ئەو ئامراز و مێتۆدانه و (٤) ئینسانییەت له تەعامول لەگەڵ کەسانی دە‌رگیر یان گیرکردوو له شەڕدا ڕاوەستاوه.

هەر له ئەساسنامەی دادگای نورەمبێرگەوه، ئەو ئەسڵه بەڕەسمی ناسراوه که وێرانکردنی ژینگه له کاتی شەڕدا به جینایەتی شەڕ دادەنرێ.[15] دواتر هەموو ئەو نۆڕمه نێونەتەوەیییانەی پەنابردن بۆ چەکی کۆمەڵکوژ، بەتایبەتی چەکی کیمیایییان قەدەغە کردووه؛ ناڕاستەوخۆ بوون به بنەمایەکیش بۆ پاراستنی ژینگه له کاتی شەڕدا. ئەوەندەی دەگەڕێتەوه سەر خودی ژینگه له پەراوێزی شەڕدا، بەپێی یەکەم پرۆتۆکۆلی زیادکراوی کۆنڤانسیۆنەکانی ژنێڤ (١٩٧٧) هەڵبژاردنی مێتۆد و ئامرازەکانی شەڕ سنوورداره و ئەو مێتۆد و ئامرازانەی زە‌رەر و زیانی بەربڵاو و درێژماوه و ترسناک به ژینگه دەگەیەنن قەدەغەن.[16] بەپێی پرۆتۆکۆلی دووەمیش که تایبەته بە ڕووبەڕووبوونەوه چەکدارییه نێوخۆیییەکان، ئەو سەرچاوانەی بۆ ژیان و مانەوەی دانیشتووانی ناوچەی شەڕ زەروورن، وەك خۆراک و بەروبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵ و دامودەزگاکانی ئاو و ئاودان پارێزراون[17] و نابێ کۆگاکانی مایەی تەقینەوە‌ش بکرێنه ئامانج.[18]

جگه لەمانە، پەیمانێکی تایبەتییش لەم بوارەدا بەناوی پەیمانی “ئێنمۆد”ی نەتەوه یەكگرتووەکان بۆ قەدەغەکردنی بەکاربردنی تێکنیکەکانی گۆڕینی ژینگه بە مەبەستی نیزامی و هی دیکەهەیه.[19] هەروەها شیاوی ئاماژەیه که له سەرەتای دەهەی نەوەدی زایینییەوه بیرۆکەی پرۆتۆکۆلێکی پێنجەم، تایبەت به پاراستنی ژینگه له کاتی شەڕدا و، دروستکردنی دامەزراوەیەکی نوێ بەناوی “خاچی سەوزی نێونەتەوەیی” لەئارادا بووه و کۆنفرانسی ئۆتاوای نەتەوه یەکگرتووەکان، لەسەر ژینگه و کۆبوونەوەکانی موونیخی ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکانی دنیا، زۆر دەسپێشخەریی نوێیان لەو پێوەندییەدا هێناوەته گۆڕ. بەڵام ئاکامی کۆنکرێتییان نەبووه. دیاره ئەمه زۆریش له مەسەلەکه ناگۆڕێ، چونکه ئەگەر نیەتپاکیی دەوڵەتان هەبێ، ئەوەی به قانوونی ژنێڤ ناسراوه کۆی پەیمانی ئێنمۆد، بەشی بوارەکە دەكەن.[20]


٤/ سنووره قانوونییەکانی ئازادیی بەکاربردنی سەرچاوه سروشتییەکان (بەتایبەتی ئاو) لەلایەن دەوڵەتانەوه

یەكێک له پرەنسیپە جێکەوتووەکانی قانوونی نێونەتەوەییی عورفی، قەدەغەبوونی زیان گەیاندن به ژینگەی دەوڵەتانی دیکە و بەو فەزایانەیه که هی هیچ دەوڵەتێک نین. ئەو ئەسڵە ئاکامی ڕاستەوخۆی قەدەغەبوونی بەكاربردنی خاکی دەوڵەت بەدژی مافەکانی دەوڵەتانی تره که دیوانی نێونەتەوەیی داد لە کەیسی “گەرووی کۆرفوو”دا بە ڕوونی فۆرموولەی کردووه.[21] ئەوەش وا دەکا که هەروەک ڕێكخراوی نەتەوه یەكگرتووەکان له کۆنفرانسی “ماردێل‌پلاتا” لەسەر ئاو (١٩٧٧)  ڕایگەیاند، سەروەریی سەرزەمینیی دەوڵەت لەبارەی ئاودا سنوورداره و دەوڵەتان لەسەریانه لەو بوارەدا هاوکاریی یەكتر بکەن. ئەو ئاوەش که لێرەدا مەبەسته ڕێچکە‌ی ئاوی و دەریاچە نێودەوڵەتییەکانن. ئەنستیتۆی یاسای نێونەتەوەیی هەر له سەرەتای سەدەی ڕابردووەوه کاری لەسەر ئەم بابەته کردووه و ڕایگەیاندووه که نابێ وەبەرهێنانی سەرچاوەی ئاوی لەلایەن دەوڵەتێکەوه زیان به دەوڵەتانی دیکه بگەیەنێ،[22] پێویسته پێشتر دەوڵەتانی دیکەی سەر ڕۆخی ئەم ئاوانه، له پڕۆژەکانی خۆی ئاگادار بکاتەوه و ئەگەر ئەم پڕۆژانه زیانیان بەم دەوڵەتانه گەیاند، زیانەکانیان قەرەبوو بکاتەوه.[23] هەر لەو بوارەدا ئەنجومەنی یاسای نێونەتەوەیی، کۆمەڵێک پرەنسیپی پەسند کردووە که خاڵی جێگای سەرنجیان پێداگری لەسەر پاراستنی یەكێتیی فیزیکیی سەرچاوه ئاوییەكانه.[24] کۆمیتەی ئاوی کۆمیسیۆنی ئابووریی نەتەوه یەكگرتووەکان بۆ ئورووپاش[25] پەیمانێکی لەسەر پاراستن و بەکاربردنی ڕێچکه ئاوییه بان-سنوورییەکان و دەریاچە نێونەتەوەییەکان پەسند کردووە که لەسەر پاک ‌ڕاگرتنی ئەم سەرچاوانه و بەکاربردنی عەقلانییان به جۆرێكی تەبا لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەسەندنی پایەدار (١٩٩٢) جەخت دەكا.

له کۆی ئەم بنەما و ڕێوشوێنانه دوو پرەنسیپ دادەچۆڕێن که له پەیمانی نێویۆرک لەسەر قانوونی پێوەندیدار به بەکاربردنی ڕێچکه ئاوییه نێونەتەوەییەکان، به مەبەستی جگه له هاتوچۆی دەریایی (١٩٩٧)دا فۆرموولە کراون و بریتیین له بەکاربردنی دادپەروەرانه و بەکاربردنی مەعقوول.[26] بەپێی ئەدەبیاتی حقووقیی دادگا و دیوانه دادوەرییه نێودەوڵەتییەکان دەوڵەتێک بۆ وەبەرهێنانی سەرچاوه ئاوییەکانی سەر خاکی خۆی پێویستی به وەرگرتنی ڕەزامەندیی دەوڵەتانی دیکه نییه، بەڵام لەسەریەتی که پێشتر دەوڵەتانی پێوەندیدار ئاگادار بکاتەوه و پڕۆژەکەی به جۆرێک دابڕێژێ که بەرژەوەندیی ئەو دەوڵەتانەش لەبەرچاو بگرێ و ئەگەر هات و زیانیان پێ گەیشت، زیانەکه قەرەبوو بکاتەوه. بۆ نموونه له کەیسی “دەریاچەی لانووکس”دا (١٩٥٧) که فەڕانسه دەیویست ئاوەکانی مێدیتەرانەی لای چیاکانی “پیرەنه”‌ بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ لای زەریای ئەتلانتیک بگوازێتەوه و ئەوەش دەبووه هۆی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووباری کارۆل له ئیسپانیا، ئیسپانیا پێی وابوو که فەڕانسه دەبوو پێشتر ڕەزامەندیی ئیسپانیای وەرگرتبا. دادگای دادوەری بڕیاری دا که مادام فەڕانسه بەوەخت دەوڵەتی ئیسپانیای له پڕۆژەکه ئاگادار کردووەتەوه و بەڵێن و ڕێکاری قەرەبووکردنەوەی ئیسپانیاشی بۆ دابینکردنی ئاوی ئیحتیات له وەرزی ئاودان و وشکەساڵیدا جێبەجێ کردووە، ڕەزامەندیی پێشوەختەی دەوڵەتی دراوسێ پێویست نییه و فەڕانسه دروست جووڵاوەتەوه.[27] پرەنسیپێکی دیکه که دەوڵەتان نابێ لێرەدا خۆی لێ لادەن وەك دادگای لاهە له کەیسی “گابچیکۆڤۆ-ناگیمارۆس”، لەنێوان مەجارستان و سلۆڤاکیدا سەبارەت به پڕۆژەیەکی زەبەلاحی وەبەرهێنان لەسەر ڕووباری دانووبدا بڕیاری لەسەر دا، ئەرک و ئیجباری گفتگۆ و هاوکاری لە نێوانیاندایه.[28]


٥/ بەشداری له پڕۆسەی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی سەرچاوه سروشتییەكان

لەگەڵ پەرەگرتنی وشیاریی گشتی سەبارەت به پرسی ژینگه، مەسەلەی پێدانی زانیاری و ڕاوێژکردن به خەڵک لە پێوەندی لەگەڵ ئەو پرۆژه ئابووری و پیشەسازییانەی کاریگەرییان لەسەر ژینگەی سروشتی هەیه، وەک ئەرک و ئیجبارێك لەسەر دەوڵەتان ساغ بووەتەوه. زۆر دەقی نێونەتەوەیی له ئاستی هەرێمیدا ئەم ئەرک و ئیجبارەیان خستووەته سەر شانی دەوڵەتان. بۆ نموونە پەیمانی “ڕیۆ ئۆروگوای” (١٩٧٥) لەنێوان ئارژانتین و ئۆرووگوای بۆ ئیدارەی ڕووباری ئۆرووگوای، راوێژکردن به جەماوەری لەو پێوەندییەدا سیستماتیزه کردووه و وەک یەکەمین ڕێکاری دێموکڕاسیی بەشداری لە بواری ژینگەدا له قەڵەم دەدرێ. له ئاستی یەکیەتیی ئورووپاشدا دێرێکتیڤی کۆمیسیۆنی ئورووپا[29] لەبارەی دەستڕاگەیشتنی ئازاد به زانیاری لەسەر ژینگه و ئیجباری ئاگادارکردنەوەی جەماوەر لەو پێوەندییەدا،[30] هەروەها پەیمانی ئارهووس (١٩٩٨) لەسەر زانیاری و بەشداریی جەماوەر له پرۆسەی بریاردان و دەستڕاگەیشتن به عەدالەت لەبواری ژینگەدا نموونەی ئەو هەوڵانەن.

پرەنسیپێکی گشتی که لێرەدا دەبێ خەتی لەژێر بدەین ئەوەیه که بەپێچەوانەی ئەو بیرۆکە سیاسییەی لەنێو دەوڵەتانی حاکم بەسەر کوردستاندا باوه که بەشێوەی چەواشەکارانه ئیدیعا دەكەنبۆ پرسەکانی پێوەندیدار به بەشێک له خەڵك و ناوچەیەکی دیاریکراویش دەبێ پرس به سەرجەم خەڵکی وڵات بکرێ، ئەوەی لێرەدا دەبێ ڕاوێژی ڕاستەوخۆیان پێ بکرێ و له پرۆسە‌ی داڕشتنی بڕیارەکاندا بەشدار بکرێن، تەنیا ئەو خەڵکانەن کە بەهۆی جوغرافیایی یان بە هەر هۆیەکی تایبەت به خۆیان له بابەتەکه نزیکن. ئاجێندای ٢١ که بریتییه له پلانی کرداری بۆ گەشەسەندنی پایەدار، پەسندکراو لە کۆنفڕانسی نەتەوه یەكگرتووەکان لەسەر ژینگه و گەشەسەندن ناسراو به “کۆبوونەوەی لوتکەی زەوی” (ریۆ دو ژانیرۆ، ١٩٩٢) لەو بارەیەوە دەڵێ: “باشترین ڕێگا بۆ مامەڵەی دروست لەگەڵ پرسەكانی ژینگه، بەشداری پێ کردنی ئەو بەشه له خەڵكه که پڕۆژەکان زیاتر کاریگەری دەکەنه سەر ژیانی ئەوان”.[31]

ئەوەندەی دەگەڕێتەوه سەر گەلانی بێ دەوڵەت، هەروەک یاسای نێونەتەوەیی دەیکا، پێویستە لێرەدا مافی کەمایەتییەکان له مافی گەلانی خۆ‌جێیی (بوومی)[32] و بەشداری لەسەر ئاستی ناوەند یا سەراسەری، له بەشداری لەسەر ئاستی هەرێمی جیا بکەینەوه. سەبارەت به کەمایەتییەکان، ڕاگەیاندراوی ساڵی ١٩٩٢ی نەتەوه یەكگرتووەکان لەسەر مافەکانی کەسانی سەر به کەمایەتییه ئێتنیکی یا نەتەوەیی، مەزهە‌بی و زمانییەكان[33] ئاماژه به وەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی کەمینەکان له سیاسەت و پڕۆگرامە سەراسەرییەکان و بەشداریی ئەوان له گەشەکردنی ئابووریی وڵاتدا دەکا. بەپێی ڕاڤەی گرووپی کاری کەمایەتییەکانی سەر به ژێر-کۆمیسیۆنی پەرەپێدان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ،[34] ئەو دوو بەنده پێویسته بە یەكەوه ببەسترێنەوه.[35] لەسەر ئاستی ئەورووپا، بەپێی پەیمانی چوارچێوەیی بۆ پارێزگاری له کەمایەتییه نەتەوە‌یییەکان،[36] پێویسته کەمایەتییەکان له دانان و جێبەجێکردن و هەڵسەنگاندنی ئەو پلان و پڕۆگرامانەی گەشە‌کردن که کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەریان هەیه، بەشدار بکرێن.[37] ئەو پەیمانه لەو بارەشەوه گرینگه که گۆڕینی دێمۆگرافیی ئێتنیکیی سەرزەمینیی کەمایەتییەکان کە زۆر جار لە ڕێگای دابەشکردنی بەڕێوەبەری و پڕۆژەکانی پێوەندیدار به ژینگەوه دەکرێن، قەدەغه دەکا.[38]

هەرچی گەلانی خۆجێییشه، کۆنڤانسیۆنی ژماره ١٦٩ی ڕێکخراوی نێونەتەوەییی کار سەبارەت به گەلانی خۆجێیی و خێڵەکی (١٩٨٩) ئاماژه به بەشداریی ئەو گەلانه له داڕشتن و جێبەجێکردن و هەڵسەنگاندنی پلان و پڕۆگرامەکانی گەشەكردنی میللی و ناوچەیی که ڕەنگه کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەو گەلانه هەبێ، دەکا.[39] ئاشکرایه که دیارترین بوار که لەودا ئەو پلان و پڕۆگرامانه کاریگەری دەخە‌نه سەر هەلومەرج و چارەنووسی ئەو گەلانه، بواری ژینگەیه. ئاجێندای ٢١ی کۆنفرانسی ڕیۆ، فەسڵێکی تایبەتیی خۆی بۆ ژینگه و گەشەکردن تەرخان کردووە و ڕێکاری تایبەتی بۆ بەهێزکردنی بە‌شداریی گەلانی بوومی له دانانی سیاسەت و قانوون و پرۆگرامی پێوەندیدار به بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و پڕۆسەی دیکەی گەشەپێدان که کاریگەریی لەسەر ئەو گەلانه هەبێ، داوا دەكا.[40]

ئەوەندەی دەگەڕێتەوه سەر ئاستی لۆکاڵی و ناوچەیی، پەیمانی ژماره ١٦٩ی ڕێکخراوی نێونەتەوەییی کار، ئەو مافه بە گەلانی خۆ‌جێیی دەدا که بۆخۆیان بڕیار لەسەر ئەولەوییەتەکانیان لەبارەی پرۆسەی گەشەکردنیان بدەن و چەندی بکرێ بۆخۆیان گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی تایبەت به خۆیان، کۆنتڕۆڵ بکەن.[41] به هەمان شێوه ڕاگەیاندراوی نەتەوه یەکگرتووەکان لەسەر گەلانی بوومی، ئاماژه به مافی ئەوان بۆ پێناسەکردن و داڕشتنی ئەولەوییەت و ستراتژییەكانی گەشەكردن و پشکیان له قازانجی وەبەرهێنانی سەرچاوەکانیاندا دەکا. [42] هەمووی ئەمانەش کەم و زۆر وەك خۆی له پڕۆژه و پەیمانگەلی هاوشێوه لەسەر ئاستی قاڕڕەییشدا دووباره کراونەتەوه.[43]

کەمایەسییەك که لەم پێوەندییەدا وەبەرچاو دەکەوێ ئەوەیه که پیتی دەقەکان زۆرتر دەوڵەتان لەو بارەوه هان دەدا و کەمتر پرس‌پێ‌کردن و لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی پێکهاتەکان لەسەر دەوڵەتان دەكەنه ئیجباری، مەگەر له هێندێک حاڵەتی دیاریکراودا.[44] دیاره ئەگەر چاوێک به ئەدەبیاتی حقووقیی ئەو نیهاده نێونەتەوەیییانەدا بخشێنین که چاوەدێری بەسەر جێبەجێکردنی ئەم دەقانەدا دەکەن که ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێوەندییان به مافی گەلانی بێ دەوڵەتەوه هەیه، وەک کۆمیتەی نەهێشتنی هەڵاواردنی نیژادی، کۆمیتەی پەیمانی چوارچێوەییی ئەنجومەنی ئورووپا، کۆمیسیۆنی نێوان-ئەمریکاییی مافی مرۆڤ، کۆمیسیۆنی ئەفریقاییی مافی مرۆڤ و گەلان، و له هەمووان زیاتر کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوه یەكگرتووەکان به وردەکارییەوه له ڕادەی ڕاوێژ وەرگرتن و پرسکردن به گەلانی بێ دەوڵەت لەبارەی کاریگەریی پڕۆژەکانی گەشەکردن لەسەر ژینگەی ئەو گەلانه و بەشداری و تەنانەت سەربەستییان له بەڕێوەبردنی سەرچاوه سروشتییەكانی دەڤەری خۆیان دەکۆڵنەوه و ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی پێویست دەدەنه دەوڵەتان. به پلەیەکی باڵاتریش لەو وڵاتانەدا که پێکهاتەکانی کەمینه و بوومی بەڕەسمی ناسراون و بەکردەوه پارێزراون، زۆر له کەیسەکانی دادگا باڵاکان بۆ سکاڵای ئەو پێکهاتانه لەپێوەندی لەگەڵ کاریگەریی پرۆژەکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت لەسەر ژینگەی سروشتیی ئەوان تەرخان کراوه و له هێندێک حاڵەتدا گۆڕان و وەستانی پڕۆژەکان یا لانیکەم قەرەبووکردنەوەی پێکهاتە زیان‌لێ‌کەوتووەکانی لێ کەوتووەتەوه.[45]



ئەنجام

لەگەڵ ئەوه که پێشکەوتنی یاسای نێونەتەوە‌یی له هەردوو بواری پارێزگاری له ژینگه و پاراستنی گەلانی بێ دەوڵەتدا به خاوی وەدی هاتووه و هێشتا لەگەڵ زۆر بەربەستی سیاسی و قانوونی بەرەوڕوویه، بەڵام هەردووکی ئەم بوارانه چ بە جیا و چ لە پێوەندی لەگەڵ یەكتردا، هەڵگری ڕەوتێکی بەرفراوان و هەمەلاگیرن، پۆتانسیەلێکی بەهێز و کارای فرەڕەهەندیان تێدایه و پێشبینیی ئاڵوگۆڕی زیاتریشیان لێ دەكرێ.

لە لایەکی دیکەوه، بەهۆی ئەوه که پرسی ژینگه یەکێک له گرینگترین بوارەکانی خۆدەرخستنی ئەکتەره غەیره دەوڵەتییەکان بەتایبەتی ئێن‌جی‌ئۆکان و بزوتنەوه ئاشتیخوازەکان له ئاستی نێونەتەوەییدایه، پێک ‌گرێدانەوەی بواری ژینگه و مافی گەلانی بێ دەوڵەت، بەستێنێکی لەباری قانوونی بۆ خۆناساندنی گەلانی بێ دەوڵەت لە ڕێگای چەمکه جیهانگیر و جیهانپەسەندەکان و به ڕێکاری مومکین و ئەمڕۆیی دەداته دەست.

لەبەر ئەوەی‌ بابەتەکانی هەردوو بواری ژینگه و مافی گەلانی بێ دەوڵەت له جەوهەردا بەرژەوەندیی دەوڵەتان دەخەنه گرەوی خۆیان و کەوا بوو سیاسین، هەروەها لەبەر ئەوه که مامەڵه و ئیدارەیەکی باشتری ئەو پرسانه بەبێ بەرزکردنەوەی ئاست و کەیفییەتی بەشداریی پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و حکومەتیدا مومکین نییه، لە کۆتاییدا سازوکاره حقووقییه نێونەتەوەیییە‌کان، هەر ناچارن سەرنج بدەنه لایەنی بڕیاردەری و بەڕێوەبەریی ئەو پرسانە. شتێک که -بیانەوێ و نەیانەوێ- سەرنجدان و پێداچوونەوه بەو چوارچێوانەی لێ دەکەوێتەوه که گەلانی بێ دەوڵەت لێیان ناڕازین و بۆ گۆڕینیان تێدەکۆشن. لەسەر ئەو بنەمایه، جێی خۆیەتی پاڕا-دیپڵۆماسیی کوردی ڕۆژهەڵات بەهێزکردنی خۆی لەم بەستێنەی چالاکیی نێونەتەوەییدا وەک پشتیوان و درێژکراوە‌ی ئەو هەوڵه ستراتێژییانە بەکار ببا که پێویسته له ئاستی نێوخۆییدا بۆ پارێزگاری له خاک و ژینگه و دیمۆگرافی و قەوارەی سیاسیی ئایندەی کورد بەرنامەڕێژیی ورد و بەکردەوەی بۆ بکا.

                                        

پاشکۆ: کرۆنۆلۆژیی پاراستنی ژینگه له یاسای نێونەتەوەییدا (گرینگترین بڕگەکان)

  • ١٩٤٦: پەیمانی نێونەتەوەیی بۆ ڕێکخستنی ڕاوی نەهەنگ و هاوشێوەکانی.
  • ١٩٤٨: دامەزرانی یەكێتیی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی سروشت.
  • ١٩٥١: پەیمانی نێونەتەوەییی پاراستنی جۆره گیایییەکان.
  • ١٩٥٩: پەیمانی ئانتارتیک (جەمسەری باشوور).
  • ١٩٦١: دامەزرانی یەکێتیی پارێزگاری له دەسکەوتە گیایییەکان.
  • ١٩٧١: وەڕێکەوتنی بەرنامەی مرۆڤ و بواری ژیان (بیۆسفێر) لەلایەن یوونێسکۆوە.
  • ١٩٧٢: کۆنفرانسی جیهانیی ستۆکهۆڵم لەسەر ژینگه؛ پرۆگرامی نەتەوه یەکگرتووەکان بۆ ژینگه؛ پەیمانی پاریس لەسەر سامانی جیهانی (یوونێسکۆ)؛ پەیمانی لەندەن بۆ پێشگیری له پیسبوونی دەریاکان بەهۆی زبڵوزاڵەوه.
  • ١٩٧٣: پەیمانی واشنگتۆن لەسەر بازرگانیی نێونەتەوەییی جۆرە‌کانی گیانلەبەر و گیای کێوی که لەژێر مەترسیی لەنێوچووندان.
  • ١٩٧٦: پەیمانی بارسێلۆن بەدژی پیسکردنی دەریای مەدیتەرانه.
  • ١٩٧٩: دیرێکتیڤی یەكێتیی ئورووپا لەبارەی باڵندەکانەوه؛ دیاریکردنی ناوچەکانی پارێزگاریی تایبەتی له باڵندە دەگمەن و مەترسی لەسەرەكان؛ پەیمانی بۆن لەسەر جۆرەکانی گیانلەبەری کۆچەری؛ پەیمانی بێرن (ئەنجومەنی ئورووپا) لەسەر پاراستنی ژیانی کێوی و بواری سروشتیی ئورووپا.
  • ١٩٨٢: پەیمانی نەتەوه یەكگرتووەکان لەسەر قانوونی دەریا؛ مەنشووری جیهانیی سروشت.
  • ١٩٨٣: پەیمانی کارتاژێن لەسەر پاراستن و پەرەپێدانی بواری دەریا له ناوچەی کارائیب.
  • ١٩٨٥: پەیمانی ڤیەن لەسەر پاراستنی چینی ئۆزۆن؛ پەیمانی نایرۆبی لەسەر پاراستن، بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی ژینگەی دەریایی و لێوار دەریاییی ناوچەی ئەفریقای ڕۆژهەڵات.
  • ١٩٨٦: مۆراتوار (هەڵپەساردن) لەسەر ڕاوی نەهەنگ.
  • ١٩٨٧: پرۆتۆکۆلی مۆنتریال بۆ لەنێوبردنی ئەو ماددانەی چینی ئۆزۆن زیاد دەکەن.
  • ١٩٨٨: دامەزرانی گرووپی شارەزایانی نێودەوڵەتیی نەتەوه یەكگرتووەکان لەسەر گۆڕانی کەش‌وهەوا.
  • ١٩٨٩: پەیمانی باڵ لەسەر کۆنتڕۆڵی گواستنەوەی بان-سنووری و لەنێوبردنی پاشەرۆی مەترسیدار.
  • ١٩٩٢: کۆنفڕانسی نەتەوه یەكگرتووەکان لەسەر ژینگه و گەشەسەندن (کۆبوونەوەی لوتکەی زەوی) له ڕیۆ دو ژانیرۆ؛ پەیمانی چوارچێوەیی لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا؛ پەیمانی نەتەوه یەكگرتووەکان لەسەر فرەچەشنیی بیۆلۆژی.
  • ١٩٩٤: پەیمان بەدژی ڕووتانەوەی سەوزایییەکان و بەسەحرایی بوون.
  • ١٩٩٥: کۆمەڵێک کۆنڤانسیۆن بەدژی ناردنی پاشەرۆ بۆ وڵاتانی هەژار.
  • ١٩٩٦: پەیمان بۆ بەرپرسیارێتیی ئەوانەی دەریا پیس دەکەن.
  • ١٩٩٧: پرۆتۆکۆلی کیۆتۆ بۆ کەمکردنەوەی گازە گوڵخانەیییەکان.
  • ١٩٩٨: پەیمانی پاراستنی زەریای ئەتڵە‌سی باکووری ڕۆژهەڵات؛ پەیمانی ئارهووس لەسەر زانیاری پێدان و بەشداریی جەماوەر له پرۆسەی بڕیاردان و دەستڕاگەیشتن به عەداڵەت لە بواری ژینگەدا؛ پەیمانی ڕۆتردارم لەسەر مەوادی کیمیایی.
  • ٢٠٠٠: پرۆتۆکۆلی کارتاژێن لەسەر پێشگیری له مەترسییەکانی بیۆتەکنۆلۆژی.
  • ٢٠٠١: پەیمانی ستۆکهۆڵم لەسەر هێندێک ماددەی پیسکەر.
  • ٢٠١٢: ئاجێندای پۆست ٢٠١٥ بۆ گەشەسەندنی پایەدار.
  • ٢٠١٦: پەیمانی پاریس لەسەر هەوا.

[1]بۆ ئاشنابوونێکی سەرپێیی به پێناسەیە و جیاوازیی ئەم گرووپانه بڕوانه:

CASTELLINO, Joshua & GILBERT, Jeremie, «Self-Determination, Indigenous Peoples and Minorities”, Macquarie Law Journal, 2003 (Vol. 3), pages 155-178.

[2]DUPUY, Pierre-Marie & VINUALES, Jorge E. , International Environmental Law – A Modern Introduction, Cambridge, CUP, 2015; KISS, Alexandre & SHELTON, Dinah, Guide to International Environmental Law, MartinusNijhoff Publishers, 2007.

[3]سەبارەت بە دابەشکاریی مافەکانی مرۆڤ بەسەر چەند نەوەدا و کریتیکی ئەو باسه، بڕوانه:

DOMARADZKI, Spasimiret al. , “Karel Vasak’s Generations of Rights and the Contemporary Human Rights Discourse”, Human Rights Review , Volume 20, pages. 423–443.

[4] Soft Law.

[5]Interdisciplinary field.

[6] بۆ ژینگه دەتوانین ئاماژه به قانوونی ژینگه، قانوونی سەرچاوه سروشتییەکان، قانوونی دەریا و . . . هتد بکەین.

[7]بڕوانه مێزگردی ئەم ژمارەیەی گۆڤاری تیشك سەبارەت به کورد و پرسی ژینگه.

[8] بەدووی یەكدا ماددەکانی ٦ و ١٢.

[9] “مرۆڤ مافی بنەڕەتیی هەیه بۆ [. . . ] هەلومەرجی گونجاوی ژیان له ژینگەیەکی لەباردا که ببێته هۆی ژیان به کەرامەت و خۆشی” (ڕاگەیاندراوی کۆتاییی کۆنفرانسی ژینگەی ئینسانی، ستۆکهۆڵم ١٩٧٢، پرەنسیپی یەکەم). کۆنفرانسی جیهانیی ژینگه له ڕیۆ (١٩٩٢) به هەمان شێوه پێداگری لەسەر “مافی ژیانێکی سالم و بەرهەمهێنەر به هارمۆنی لەگەڵ سروشت” دەکا.

[10]مەنشووری ئەفریقاییی مافی مرۆڤ و گەلان (مادەی ٢٤)؛ پرۆتۆکۆلی هاوپێچی پەیمانی ئورووپاییی مافی مرۆڤ (ماادەی ١١)؛ پەیمانی مافەكانی منداڵ (ماددەی ٢٤)؛ ڕاگەیاندراوی ئەمریکایی (هی ڕێکخراوی دەوڵەتانی ئەمریکایی) لەسەر مافەکانی گەلانی خۆجێیی (ماددەی ١٩).

[11]بۆ نموونه دادگای ئورووپایی مافی مرۆڤ له کەیسی “لۆپێز ئۆسترا”دا بەهۆی کاریگەریی نێگەتیڤی کارگەیەکی پاشەرۆک دەوڵەتی ئیسپانیای به پێشێلکردنی مافی ژیانی تایبەت و خێزانی مەحکوم کرد. Affaire Lopez Ostra c. Espagne, (Requête n° 16798/90, Arrêt du 9 décembre 1994.

[12] بۆ نموونه پەیمانی ژماره (١٦٩) ڕێکخراوی نێونەتەوەییی کار، ماددەکان ١-٤ و ٤-٧.

[13]بڕیارنامەی (١٧)١٨٠٣ی کۆڕی گشتیی نەتەوه یەكگرتووەکان، ١٤ی دێسامبری ١٩٦٢؛ بڕیارنامەی ١٢٨/٤١ ی ٤ی دێسامبری ١٩٨٦.

[14] بۆ نموونه له وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئاڵمان و سویس ئەم ئەسڵه وەک بنەمایەکی قانوونی پشتی پێ دەبەسترێ.

[15]٨ی ئووتی ١٩٤٥، ماددەی ٦ (ب).

[16]ماددەکانی (١)٣٥ و ٥٥.

[17] ماددەی ١٤.

[18]هەمان، ماددەی ١٥.

[19]Environmental Modification Convention- ENMOD ١٨ی مای ١٩٧٧ ئیمزا کراوه و ساڵێک دواتر چووەته بواری جێبەجێ کردنەوه. ئەمڕۆ نزیک به هەشتا دەوڵەتی دنیا لەو پەیمانهدا ئەندامن که لەنێویاندا هیچکام له دەوڵەتانی حاکم بەسەر کوردستاندا نابینرێ.

[20]FAUTEUX, Paul, « La protection de l’environnement en période de conflit armé : vers un renforcement du droit », Revue Québequoise de Droit International, 1991-1992, Vol. 7, N°2, pp. 160-168 ; BOTHE, Michael et alt. , La protection de l’environnement en temps de conflits armé, Rapport établi pour la Commission des Communautés Européennes Doc. SJ/110/85(1985)17.

[21]لەنێوان ئینگلستان و ئاڵبانی، دادگای لاهە، ١٩٤٩-١٩٤٧.

[22]بڕیارنامەی مادرید (١٩١١) لەسەر ڕێکخستنی نێونەتەوەیی بۆ بەكاربردنی ڕێچکه ئاوییه نێودەوڵەتییەکان.

[23]بڕیارنامەی سالزبورگ (١٩٦١) لەسەر بەکاربردنی ئاوه نێودەوڵەتییه غەیره دەریاییەكان.

[24]ناسراو به یاساکانی هێلسینکی (١٩٦٦).

[25]شووڕای ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوه یەكگرتووەکان که یەکێک له شەش بنیاته سەرەکییەکانی ئەو ڕێكخراوەیەیە، بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەکانی پێوەندیدار به هەرکام له قاڕڕەکانی جیهان کۆمیسیۆنێکی لەو جۆرەی هەیه.

[26]پرەنسیپەکانی ٥ و ٧.

[27]Reports of International Arbitration Awards, Vol. XXII, pp. 281-317.

[28] پڕۆژەکه به هاوبەشی لەنێوان چیکۆسلۆڤاکی و مەجارستان ساڵی ١٩٧٧ دەستی پێ کردبوو. بەهۆی ناڕەزایەتیی ژینگه ‌پارێزان، پاش ڕووخانی حکومەتی کۆمۆنیستی، مەجارستان لەلای خۆیەوه پڕۆژەکەێ ڕاگرتبوو بەڵام دەوڵەتی سلۆڤاکی نەک هەر درێژەی دابوو بەڵکوو ڕووبارەکەشی بۆ بەلاڕێدا بردبوو. دادگای لاهە له دوو بڕیار له ساڵەکانی ١٩٩٧ و ١٩٩٨دا هەردوو دەوڵەتی به گەڕانەوه بۆ پەیمانی نێوانیان و هاوکاری بۆ دۆزینەوه چارەسەرێكی هاوبەش مولزەم کرد.

[29]بریتییه لەو یاسایانەی یەكێتیی ئورووپا که چوارچێوهی گشتیی سیاسەتەکان و ئەو ئەنجامانەی دەوڵەتانی ئەندام دەبێ پێی بگەن دیاری دەکا، بەڵام دیاریکردنی ڕێکار و ئامرازەکانی جێبەجێکردن بۆ دەوڵەتان خۆیان بەجێ دێڵێ.

[30]٧ ی ژوئەنی ١٩٩٠.

[31]پرەنسیپی دەهەم.

[32]لەبەر ئەوەی بابەتی گەلانی بوومی ڕەهەندێکی سیاسیی لاوازتری هەیه، لەسەریەک دەتوانین بڵێین ستاندارده نێونەتەوەیییەکانی پێوەندیدار به مافەکانی ئەوان لە نۆڕمه پێشنیارییەكانی پێوەندیدار به مافی کەمایەتییەکان پێشکەوتووترن.

[33] بڕیارنامەی ١٣٥/٤٧ ی کۆڕی گشتی، ١٨ی دێسامبری ١٩٩٢.

[34]E/CN. 4/Sub. 2/AC. 5/2000/WP. 1

[35] بەدووی یەكدا ماددەكانی (١)٥ و (٥)٤.

[36] ١٩٩٤، شووڕای ئورووپا.

[37]یادداشتی ڕوونکردنەوەی کۆمیتەی پەیمانی چوارچێوەیی، پاراگراف ٨٠ سەبارەت به ماددەی ١٥ی پەیمانەکه.

[38]ماددەی ١٦.

[39]ماددەی (١)٧.

[40] فەسڵی ٢٦، E/CN. 4/2002/97, par. 13

[41]ماددەکانی (١)٧؛ (٤)٧ و (١)١٥.

[42]ماددەی ٢٣.

[43]بۆ نموونه پڕۆژەی ڕاگەیاندراوی نێوان-ئەمریکایی لەسەر مافەکانی گەلانی خۆ‌جێ‌یی، ماددەی ١٢.

[44]بۆ نموونه سەبارەت به سەرچاوەکانی ژێر زەوی، ماددەی(٢)١٥ی پەیمانی ژماره ١٦٩ ی ڕێكخراوی نێونەتەوەیی کار.

[45]بۆ نموونه ئوسترالیا، کانادا و ئەمریکا.