ئارامتر بخوێنەوە!
نووسین بە بڵێسەی ئاگر:
بۆچی تیۆریی دژەکۆلۆنیالیستی بەکەڵکمان دێ؟
سارۆ ئەردەڵان
“سازکردنی تیۆری سەبارەت بە کوردستان تەنیا بە مەبەستی چێژوەرگرتن، ڕاپەڕاندنی کاروباری ئاکادێمیک یا حەزێکی فەلسەفی نییە، بەڵکوو تیۆری لە هەمان کاتدا کە هەوڵ دەدا شرۆڤەی ئەو شتانەی کە هەیە بکا، هەروەها زۆر گرنگترە پێمانی بڵێ کە شتەکان دەبێ چۆن بن. لەم ڕوانگەیەوە تیۆریی دژەکۆلۆنیالیستی نە تەنیا هەوڵ دەدا مێکانیزمەکانی سوڵتە نیشان بدا، بەڵکوو ڕێگای ڕزگاری لەو پەیوەندییە ستەمکارانەیەش نیشان دەدا کە مرۆڤی کورد و کوردستان لە ڕێگەیانەوە دەچەوسێنەوە.“
چەکی هەرە بەهێزی ستەمکار مێشکی ستەملێکراوە.
ستیڤ بیکۆ[1]
فەیلەسوفەکان، بە شێوازی جۆراوجۆر، تەنیا بیریان لە ڕاڤەی جیهان کردووەتەوە؛
هەرچەند، بابەتی گرنگ گۆڕینی جیهانە.
کارڵ مارکس[2]
دەستپێک: بۆ پێویستمان بە تیۆرییە؟
کاتێک باس لە تیۆرییەکی “دژە”کۆلۆنیالیستی دەکەین، لە سەرەتادا وا دێتە بەرچاو کە لەبەر پێشگری “دژ”، باس لە تیۆرییەک دەکرێ کە سەرەڕای ئەوەیکە تەنیا بەکەڵکی کۆمەڵە خەڵکێکی بندەست دێ، ڕەنگە لەبەر ئەوەی دژ بە ئایدیۆلۆژیی کۆلۆنیال ساز بووە، توانای ئەوەی تێدا نییە بۆخۆی سازێنەر بێ. هەر بۆیە، ئەم پرسیارە لێرەدا خۆی نیشان دەدا کە بۆ تێگەیشتن لە کوردستان و کۆمەڵگای کوردی باشتر نییە لە هەندێک تیۆریی گشتگیرتر (وەک سوسیالیزم، پێکهاتەباوەڕی یا لیبراڵیزم) کەڵک وەرگرین؟ یا بە واتایەکی تر، ئایا تیۆریی دژەکۆلۆنیالیستی دەتوانێ شرۆڤەیەکی وردتر سەبارەت بە دۆخی هەنووکەییی کوردستان و ئاسۆیەک بۆ دواڕۆژ بەدەستەوە بدا؟ هەوڵی من لەم وتارەدا ئەوەیە کە نیشانی بدەم لە بەستێنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە کوردستان، تیۆریی دژەکۆلۆنیالیستی دەیەوێ بۆ دوو لایەنی لێک تەندراو بگەڕێتەوە: خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ خەباتی نەتەوەییی کورد بە دەستەوە بدا و لە هەمان کاتدا لە ڕووی فەلسەفییەوەڕەهەندە جیاکانی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز لە کوردستان شی بکاتەوە.
سەرەتا دەکرێ ئاماژە بەوە بکەم کە لەگەڵ گەشەی زیاتری بواری لێکۆڵینەوەی کوردی، کێبەرکێیەک لە ئاکادێمیادا هاتووەتە ئاراوە کە لە ڕێگەیەوەهەوڵ بۆ سازکردنی چەند تیۆرییەک بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی کوردستان لە دوو سەدەی ڕابردوودا دەدرێ. هەندێکجار ئەم تیۆری سازکردنە لە لایەن بیرمەندانی سەر بە ئایدیۆلۆژیی دژەکوردایەتییەوە بووە تا بتوانن ئاراستەیەکی لاڕێ بۆ شرۆڤەی ناسیۆنالیزمی کورد دەستنیشان بکەن. تەنانەت فارس و تورکەکان واوەتر چوون و لە هەموو هەوڵێک، لە نکۆڵیکردنەوە بگرە تا بۆشکردنی گوتاری کوردایەتی، کەڵکیان وەرگرتووە کە خوێندەواران نەتوانن لە ڕوانگەی کوردستانییەوە سەیری ڕابردوو و ئیستای کۆمەڵگای کوردستان بکەن و کەواتە بیرکردنەوە لە دواڕۆژیش بەرەوڕووی ئاستەنگی پێکهاتەیی دەبێتەوە. لەم مانایەدا، کۆلۆنیالیزمێکی ئاکادێمیک بە سەر ڕەوتی بەرهەمهێنانی زانست لە کوردستاندا زاڵە. بەرهەمهێنانی زانست سەبارەت بە کوردستان لە دەست هەندێک وڵات و ناوەنددایە کە لە دەرەوەی کوردستانن. لەم ڕوانگەیەوە، کۆلۆنیالیزمی ئاکادێمیک باس لەوە دەکا کە چۆن دەوڵەتەکان ئەو ناوەندانە داگیر دەکەن کە تیایدا زانست بەرهەم دێ، دەگوازرێتەوە و ڕێک دەخرێ. لەم شێوازەدا و بە کەڵک وەرگرتن و کاریگەریدانان لەسەر دابەشکردنی هێزی کار بە شێوەیەکی نایەکسان، ئاکادێمیای ناوچەی بەکۆلۆنیکراو ناچار دەکەن کە ئەو پەیوەندییانەی سوڵتە پەسەند بکا کە لە ڕێگەی بە ستانداردکردن، بەئەنستیتۆیی کردن و بەکۆمەڵایەتی کردنی بوارێکی زانستیی تایبەتەوە دەسەپێندرێن. [3]
لەم شێوازەدا، لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کوردستان لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کوردەوە و سەرەتا لە زانکۆکانی ڕۆژئاوا و ڕووسیا شکڵی گرتووە و کۆی ئەو زانیارییانەی بەرهەم هاتووە لە ئیستادا وەک زانستێک لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژهەڵاتناسی، پێناسەی بۆ دەکرێ. ڕۆژهەڵاتناسەکان لە چوارچێوەی گرنگیدان بە بوارەکانی زمانناسی، ئایین، مێژوو و نەژادەوە سەیری کوردیان کردووە. دواتر بە دامەزرانی چوار دەوڵەت-نەتەوەی کۆلۆنیالیستی کوردستان، هەر کام لە بوارەکانی لێکۆڵینەوەی ئیسلام، لێکۆڵینەوەی ئێران و لێکۆڵینەوەی تورکی، بەشێک لە زانیارییان لەسەر کوردستان و کورد پێکهێناوە. بە گوێرەی ئەوە، لێرەدا لەگەڵ کۆلۆنیالێزمێکی ئاکادێمیکی زێدە[4] بەرەوڕوو دەبینەوە. لەم مانایەدا، چونکە بەهۆی دۆخی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە کوردستان بواری لێکۆڵینەوە لەسەر کوردستان گیرۆدەی تێگەیشتنی کۆلۆنیالی دوژمن بووە، کەواتە “زێدەبوونی” کۆلۆنیالیزمی ئاکادێمێک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە لایەکەوە دامودەزگای ئایدیۆلۆژیکی ئەو چوار دەوڵەت-نەتەوەیە، زانیاریی ساختە لەسەر کوردستان بەرهەم دێنێ و لە لایەکیشەوە نەتەوەی کورد گیرۆدەی ئەو پێناسە کلاسیکانەیە کە ڕۆژهەڵاتناسەکان لەبارەیەوە و لە ماوەی زیاتر لە دوو سەدەدا بەدەستیانەوە داوە. ئاکادێمیای هەر کام لەو چوار دەوڵەت نەتەوە نوێیە، بەپێی مێکانیزمەکانی لەخۆگرتن و قەدەغەکردن دیاری دەکەن کە چ بابەتێک سەبارەت بە کوردستان زانستییە.
بۆ نیشاندانی بەکەڵکبوونی تیۆریی دژەکۆلۆنیالیستی، سەرەتا باس لەوە دەکەم کە لە ناو تیۆرییە جیا و ئاڵۆزەکاندا بۆچی ئەو تیۆرییانەی کە کوردستان وەک کۆلۆنی/کۆلۆنییەکی نێوخۆیی نیشان دەدەن، توانایەکی زیاتریان بۆ شرۆڤەی دۆخی هەنووکەییی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە؟ ئەزموونی ژیاوەی هەر تاکێکی کورد ڕەنگە پێوەرێکی شیاو بێ بۆ ئەوەی بیر لە دۆخی بندەستیی نەتەوەی کورد لە هەر کام لە پارچەکانی کوردستان بکەینەوە. کاتێک منداڵێکی کورد، هەموو بەیانییان دەبێ لە قوتابخانەیەک لە جەرگەی باژێری ماردین بە دەنگی بەرز و بە زمانی تورکی هاوار بکا “چەند بەختەوەرە ئەو کەسەی تورکە”؛ ئەو سەردەمانەی لە جەرگەی بازاڕی بەغدا حەمماڵ بوون بە مانای کوردبوون دێ؛ ئەو ساتەوەختەی کوردبوون لە مرۆڤبوون دەسڕدرێتەوە و وەک ئاژەڵێکی دڕەندە لە ئێران ئەرکی سەربڕینی بۆ دەبڕێتەوە؛ و یا لە سەریکانی (تەعریبکراو بە راس العین) وەڕزێڕێکی بێ ناسنامەی کورد، ناتوانێ سکاڵا لەسەر ئەو عەڕەبە تۆمار بکا کە بەفێڵ زەوییەکەی لێ داگیر کردووە، دەبێ زانایەکی کۆمەڵناسی یا فەلسەفەی سیاسی چ ڕێگایەک بۆ شرۆڤەی مێژووی ئیستای کوردستان و خوێندنەوەی ڕابردوو بگرێتە بەر؟
دەکرێ بگوترێ سازکردنی تیۆری یا بەکارهێنانی تیۆرییەکی ڕۆژئاوایی لەسەر کوردستان، تەنیا نابێ بۆ حەزێکی ئاکادێمیک بگەڕێتەوە و بایەخی تیۆرییەکی کۆمەڵایەتی، نابێ تەنیا لە ڕێگەی بەستێنی فەلسەفی و زاراوەکانییەوە هەڵبسەنگێندرێت. زۆر گرنگە باس لەوە بکەین کە تیۆری، چۆن دەتوانێ یارمەتیدەرمان بێ کە لە ئاڵۆزیی کۆمەڵگای کوردستان تێبگەین و چارەسەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان پێ پێشنیار بکا. ڕێک لەم ئاستەدایە کە هێزی تیۆرییەکان و بیرۆکەکان دەردەکەون، چونکە دەتوانن لە ژیانی کۆمەڵایەتیی ئێمەدا گۆڕانکاری ساز بکەن.[5] هەر بۆیە من پێموایە بەکارهێنانی چوارچێوەیەکی تیۆری لەناو گوتارێکی دژەکۆلۆنیالیستیدا سەرەڕای ئەوەی دەتوانێ ئاڵۆزییەکی پرسی کورد/کوردستان وردتر شی بکاتەوە، هەروەها دەتوانێ پشتگیری لە کردارێکی سیاسی بکا کە ئامانجی ڕزگاریی هەیە. واتە بیرمەندانی دژەکۆلۆنیالیست لە ڕێگەی دابین کردنی چوارچێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ خەبات، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی تیۆرییەوە شرۆڤەکانیان بەرەو ڕێکخستنی جەماوەری ستەملێکراو و بە مەبەستی گۆڕینی دۆخی کۆلۆنیال ئاراستە بکەن. مارکس پێویستبوونی چەکی تیۆریی بۆ شۆڕش لە ڕادیکاڵ کردنەوەی هەستی مرۆڤەکاندا دەبینێ:
چەکی ڕەخنە بەدڵنیاییەوە ناتوانێ جێی ڕەخنەگرتن بە چەک بگرێتەوە. هێزی ماددی دەبێ لە ڕێگەی هێزی ماددییەوە هەڵتەکێت. بەڵام تیۆرییش کاتێک دەتوانێ ببێ بە هێزی ماددی کە جەماوەری خەڵک وەخۆ بگرێ. تیۆری ئەو کاتەی کۆمەڵانی خەڵک وەخۆ دەگرێ کە نیشاندەری هەست و سۆزی مرۆیی بێ و، ئەو کاتەی دەرخەری هەست و سۆزیی مرۆییە کە ڕادیکاڵ ببێتەوە.[6]
بەڵام ڕەنگە جێی پرسیار بێ بۆ ئەمڕۆکە بەشێکی بەرچاو لە تیۆری و شیکارییەکانی ئاکادێمیسییەنەکان وا دێتە بەر چاو کە بۆ شرۆڤەی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان گونجاو نین و لە هەمان کاتیشدا ناتوانن وەک نەخشەڕێگایەک بۆ گۆڕانکاریی سیستەماتیک سەیر بکرێن؟ یەکێک لەو وڵامانەی کە بەم پرسیارە گرنگە دەتوانین بیدەینەوە ئەوەیە کە کەلێنێکی قووڵ لە نێوان ئەم جۆرە تیۆرییانە و واقعی سیاسیی ئیستاکەی کوردستاندا ساز بووە. ئەم کەلێنە بۆ سەرەتایەک دەگەڕێتەوە کە بەشێک لە نەریتی ڕۆشنبیری لە کوردستان خۆی هاودەنگ لەگەڵ ئەو ڕەوتانەدا دەبینییەوە کە بوونی خۆیان، لە دژایەتیکردن لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردیدا پێناسە دەکرد. ئەم حیزب و ڕەوتانە کە خۆیان لە ژێر چەتری بیرۆکەی مارکسیزمدا پێناسە دەکرد، ڕزگاریی مرۆڤی کوردیان لە دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ چارەسەری چینایەتی لە کوردستان (هەروەها لە ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا) دەبینییەوە. دوورکەوتنەی ئەوان لە واقعی کۆمەڵایەتیی کوردستان، ڕێک دژ بە بنەماکانی مارکسیزم و لەڕاستیدا بەرەو ئایدیالیزمێکی خەیاڵی هەنگاوی دەنا. بەشێکی گرنگ لەو ئەندامە ڕۆژهەڵاتییانەی کە لە چوارچێوەی گشتیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەدا چالاک بوون، ئاگاداری ئەم پارادۆکسە بوون و بەرەبەرە وازیان لێ هێنا و بەرەو سازکردنی لقە نیشتمانییەکانی کۆمەڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاویان نا.
لە لایەکی دیکەوە، هەندێک لە بیرمەندەکان کە دەیانویست مەودایەکی دیاریکراو لە نێوان تیۆرییەکانیان لەگەڵ مارکسیزم (بە شێوازی فوکۆ) ساز بکەن، چارەی کێشەکەیان لە پەنا بردن بۆ ئەو تیۆرییانە دەستنیشان دەکرد کە لە ژێر چەتری پۆستمۆدێرنیزمدا پێناسەیان بۆ دەکرێ و بەم کۆدەنگییە دەگەیشتن کە ناکرێ بنەمایەکی هاوبەش بۆ ناسنامەی کوردی بدۆزینەوە و نەخوازراو لەم ڕێگەیەوە بزووتنەوەی کوردایەتی لە ماناکانی خۆی بۆش بکەن، بێ ئەوەی پێمان بڵێن کە دەبێ چی بکەین؟ سەرەڕای ئەوەی ناسنامەیەکی پارچەپارچەکراویان بۆ کوردستان/کورد پێناسە کردووە،[7] تەنیا چارەسەری ئەم پەرتەوازیییەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان، لە توانەوە لەناو ناسنامەی دێموکراتیک/لیبراڵی ئێرانی و تورکیەییدا دۆزیوەتەوە. [8] سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هەوڵ بۆ دوورکەوتنە لە مارکسیزم (هەرچەند هاوکات لەگەڵ ڕەخنەی جیددی و شیاو لە مێژوونووسیی ئێرانی/مارکسیستی)[9] لە لایەن گرنگترین ڕووخساری ئەم جۆرە ئاکادیمیسییەنانە، واتە عەباس وەلییەوە پێشکەش کرا، بەڵام دیسانەوە ئەوی بەرەو مانگی هەنگوینێکی نەخوازراو لەگەڵ ئانارشیزمێک برد کە خوازیاری سڕینەوەی دەوڵەت – نەتەوە لە جیهاندایە و سازکردنی دەوڵەت نەتەوە لەسەر خاکی کوردستان وەک دێوەزمەی چەوساندنەوەی مرۆڤی کورد سەیر دەکا؛ ئانارشیزمێک کە ناتوانێ/نایەوێ ناوەندەکانی دەوڵەت لە ئانکارا، تاران، بەغدا و دەمیشق بڕووخێنێت،هەرچەند مەخابن هەوڵ دەدا جێ بە ناوەندەکانی بڕیار لە کوردستان لێژ بکا.
لێرەدایە کە دەکرێ بگوترێ جیاوازیدانان لە نێوان ئەو شتەی کە هەیە و ئەو شتەی کە دەبێ ببێ ئەرکی تیۆریسییەنە. تیۆریسییەن لە ڕێگەی سەیرکردنی ئەو شتەی هەیە، ڕەخنە لە نەزمی کۆمەڵایەتی دەگرێ و لە سنوور و لەمپەرەکان بۆ داڕشتنی تیۆرییەکی مومکین ئاگادار دەبێتەوە. بەڵام بێ داڕشتنی تیۆرییەک بۆ تێپەڕاندنی دۆخی هەنووکەیی کە هاوکات لە بەستێنی گەشبینییەکیی سیاسیدا داڕێژرابێ، چالاکی لە بواری تیۆریک بۆ نەتەوەیەکی بندەست تەنیا بە ئەنجامی ڕەشبینیی سیاسی-کۆمەڵایەتی و خۆبەدەستەوەدان دەگات. ڕەچاوکردنی تیۆریی دژەکۆلۆنیالسیتی بۆ شیکاریی پرسی کورد لە ژووری ئاکادێمیسییەنەکانەوە و بە مەبەستی حەزێکی فەلسەفی سەری هەڵنەداوە، بەڵکوو ڕێک بە پێچەوانەوە بۆ پشتیوانی لە خەباتی چەکداری، دەرخستنی مێکانیزمەکانی سوڵتەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی، تورکی و عەرەبی و، نیشاندانی ڕێگەچارە بۆ ڕزگاری لە دۆخی بندەستی، سازکردنی هێژمونی بۆ گوتاری کوردایەتی و سڕینەوەی مەشروعیەت لەو ئایدیۆلۆژییانە پێکهاتووە کە مەبەستی سەرەکییان دژایەتیکردنی کوردایەتییە.
کوردایەتی دژ بە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیییە: وڵامی ڕەخنەکان
کاتێک باس لە بەکۆلۆنیبوونی کوردستان دەکەین مەبەستمان ئەوەیە کە لە پرۆسەیەکی مێژووییدا و هاوکات لەگەڵ سازبوونی دەوڵەت نەتەوەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا، هەر کام لە پارچەکانی کوردستان وەک کۆلۆنییەکی نێوخۆیییان لێ دەردێت.[10] هەرچەند پێش لەم دەوڵەت نەتەوانەش، گەلی کورد بۆ ماوەی چەندین سەدە (وەک لە شاکاری مەم و زینی خانیدا دەبیندرێ) هەستی خۆشەویستیی نیشتمانیان هەبوو و لە کوردستان خاوەنی دەسەڵاتی خۆیان (وەک میرنشینەکان) بوون، بەڵام تاکوو ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم ئەم خۆبەڕێوەبەرییانە (Self-governance) مەترسیی لەناوچوونیان لەسەر نەبوو و گەلی کورد هەستی بەوە نەکردبوو کە دەبێ پارێزگاری لە سەروەریی (Sovereignty) خۆی بکا. سەرەتا کاتێک ئیمپراتۆریی عووسمانی و پاشایەتیی قاجار، لە بەرانبەر هێزەکانی ڕۆژئاوادا بەرەوڕووی شکستی بەردەوام دەبوون، ڕێگەچارەیان لە چڕکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەند، سازکردنی دامودەزگای ئیداریی مۆدێرن، تەیارکردنی سوپا و بەگشتی کۆنتڕۆڵی زیاتر بە سەر هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا دەبینی و هەر بۆیە میرنشینەکانی کوردستانیان لەناو برد. هەر دوو شۆڕشی شێخ عەبیدوڵڵا نەهری و سمکۆ لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و قەبووڵ نەکردنی دەسەڵاتی بێگانە بە سەر کوردستاندا سەرهەڵدەدەن.
بەڵام سازبوونی هەر کام لەو چوار دەوڵەت نەتەوەیە کە لە پاشخانی فکریی ئەندازیارانی خۆیاندا، چوار نەتەوەی ساختەی تورکی، ئێرانی، عێراقی و سوری دەبیندرا، بوونی کوردیان وەک مەترسییەکی ئێجگار گەورە بۆ سازکردنی دەوڵەت نەتەوەیەک لەسەر بنەمای یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئاڵا سەیر دەکرد. نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە هیچکام لەم نەتەوە نوێیانە پێش لە سازبوونی دەوڵەت نەتەوەکانیان بوونیان نەبووە. بەڵام هەندێک لە توێژەران بێ ئاوڕدانەوە لە فەکتە مێژوویییەکان دەیانهەوێ تیۆرییەکەیان لەمەڕ هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگای ئێرانی و کوردستانی بە شێوازێک دیزاین بکەن کە تەنیا یەکەمیان بوونی هەیە و دووەمیان لە پەراوێز و لە دەرەنجامی دژەکردار لە بەرامبەر یەکەمدا شکڵی گرتووە. عەباس وەلی یەکێک لەو بیرمەندە دەگمەنانەی کوردە کە شێلگیرانە لە ماوەی پتر لە سی ساڵدا، چەندین کتێب و توێژینەوەی جێی بایەخی لەسەر ناسیۆنالیزمی کورد و دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چاپ گەیاندووە. هەروەها ئەو توانیویەتی بە بەکارهێنانی بەهێزی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی خوێندنەوەیەکی تایبەت لەمەڕ گرنگترین مژارەکانی پرسی کورد لە قۆناغی هاوچەرخ بە دەستەوە بدا. بەدڵنیاییەوە، بەرهەمە تیۆرییەکانی عەباس وەلی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ هەم دەخوێندرێنەوە و هەم کاریگەرییان لەسەر مێژوونووسی لە کوردستان دەبێ، هەڵبەت پێم وایە بەرهەمەکانی ئەو هەڵگری تایبەتمەندییەکی تەواو زانستین، بە باشم زانیوە کە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەم، چونکە ئەگەر ڕەخنەگرانە لەگەڵ بۆچوونەکانی هەڵسوکەوت نەکەین و بێ ئەملاوئەولا قەبووڵیان بکەین، توێژینەوەکانی ئەومان لە ئاستی زانستیبوون دابەزاندووە. عەباس وەلی، لە یەکێک لە دوایین چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ ڕادیۆ دیالۆگ کە کاک محەمەد خاکی بەڕێوەی بردووە،[11] لایەنگرانی تیۆریی بەکۆلۆنیبوونی کوردستان بە کەسانێکی مێتافیزیکیی ئەحمەق ناو دەبات. لە ئاوڵناوەکە دەگەڕێم کە لە ئەنجامی هەڵچوونێکی کاتیدا وتراوە، بەڵام بۆ ئەو دەیەوێ بێ شیکردنەوە، تیۆریی کۆلۆنیالیزم بە تیۆریکی مێتافیزیکی ناو ببا و مەبەستی لەم ناوزەدکردنە چییە؟
کاتێک لە فەلسەفەی سیاسیدا بە تیۆرییەک دەگووترێ مێتافیزیکی، مەبەست ئەوەیە کە ئەم تیۆرییە لە سەرەوەی سروشت و ڕاستیی ڕووداوەکان دەیهەوێ تیۆرییەکی پێشساختە، بە سەر ڕەوتی مێژوویی یا ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکاندا بسەپێنێت. هەروەها تیۆرییەکی مێتافیزیکی لە مانا ڤیتگێنشتانییەکەیدا، خاوەنی هەندێک گوزارەی بێمانایە و بەم شێوەیە تەنانەت ناکرێ ڕەخنەشی لێ بگیرێت، چونکە ڕەخنە و هەڵسەنگاندن سەبارەت بەو تیۆرییانە بەکار دێ کە توانیویانە بە شێوەیەک لە شێوەکان فەکتەکان ڕاڤە بکەن و لە چوارچێوەی زانستدا ڕستەی مانادار بەرهەم بهێنن. بەم گوێرەیە، وەلی زیرەکانە هەم بایەخی زانستیی تیۆریی بەکۆلۆنیبوونی کوردستان دەباتە ژێر پرسیارەوە و لایەنگرانی بە نەخوێندەواری تۆمەتبار دەکا و هەم خۆی لە تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئەو مژارە دەپەڕێنێتەوە. هەڵبەت من لە درێژەی بابەتەکەدا دێمەوە سەر ئەم باسە کە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی تیۆرییەکی دژەکۆلۆنیالیستی بۆ شرۆڤەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کامانەن، بەڵام لێرەدایە پێویستە هەڵوێستەیەک لەسەر هەندێک لایەنی بۆچوونەکانی عەباس وەلی بکەین و بەکورتی لە چەند خاڵدا هەندێک لە ڕەخنەکانم بەتایبەت لە ڕێگەی یەکێک لە دوایین کتێبەکانیەوە (کوردەکان و دەڵەت لە ئێران: سازبوونی ناسنامەی کوردی) دەستنیشان دەکەم:
(١) سەرەڕای ئەوەیکە دەیان توێژینەوەی بەنرخ لە لایەن کەسانێک وەک قاسملوو، ڕۆبێرت ئۆڵسن، کەماڵ سلێمانی و ژەنێت کڵاین سەبارەت بە بزووتنەوەی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری و ڕەهەندە ناسیۆنالیستییەکانی شۆڕشەکەیەوە کراوە و هەروەها لەم دواییانەدا لە ڕێگەی توێژینەوە بە نرخەکانی کەماڵ سلێمانییەوە بۆمان دەردەکەوێ کە شۆڕشی سمکۆ هاوکات لەگەڵ ئەوەی بەرنامەیەکی دیاریکراوی ناسیۆنالیستی هەبووە، لە هەمان کاتیشدا لە لایەن گرووپێکی ڕۆشنبیرەوە پشتیوانیی لێ کراوە و ڕۆژنامەی ڕۆژی کورد لە ئاکامیدا دەرچووە،[12] وەلی لەبەر سەلماندنی تیۆریی پێشوەختی خۆی کە بریتییە لە پاشکۆبوونی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ئاست ناسیۆنالیزمی ئێرانی یا تورکییەوە، ناچار دەبێ زۆر بەسادەیی ئەم بیرۆکانە بە تاوانی جەوهەرگەرایی وەلا بنێ، بێئەوەی ئاوڕ لە وردەکارییە مێژوویییەکان بداتەوە. ئەم چاوپۆشییە دەگاتە ئاستێک کە ناوەڕۆکی فکریی ئەم شۆڕشانە دەبێتە بەرهەمێکی عەشیرەیی و ناوچەیی و بەئەنقەست بیرۆکەی کوردستانیبوون کە زیاتر لە نیو سەدە بەر لە سازبوونی ئەو چوار دەوڵەت نەتەوەیەی کە کوردستانیان دابەش کردووە، لە نێو شۆڕشەکانی شێخ عوبەیدوڵلا و سمکۆدا ساز بووە، وەلادەندرێ. ئەم شێوازە لە توندوتیژیی مەعریفی[13] کە وەلی لەبەر ئەوەی لە نەوەدەکاندا باسی لە ناسنامەی پچڕپچڕبووی کورد کردووە و کوردایەتیی وەک دژەکردەوەی ناسیۆنالیزمەکانی ناوچە وەسف کردووە، ئەو ناچار دەکا چاو لە بەشێکی گرنگ لە فەکتە مێژوویییەکان سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی کورد پێش لە سازبوونی ئەم دەوڵەت نەتەوانە دابخات. ئەم هەڵسووکەوتەم وەک کردەوە سەرنجڕاکێشەکانی پرۆکروستێس لە ئۆستوورەکانی یۆناندا دێتە بەرچاو کە تیایدا پرۆکروستێس، ئاسنگەر و چەتەیەکی فێڵبازە کە قەرەوێڵەیەکی خەوی لە ئاسن دروست کردووە.. کاتێک، بە بیانووی میوانداری، قوربانییەکانی خۆی بۆ ماڵەوە دەبردەوە، لەسەر قەرەوێڵەکە ڕایدەکێشان و دەبوو قەبارەی جەستەیان لەگەڵ قەرەوێڵەکە ڕێک بکات. بەو شێوەیە کە ئەگەر درێژتر لە قەرەوێڵەکە بووبان، لەبەر ئەوەی پەل و پۆیان ڕێک بکاتەوە، بەشێک لە دەست و قاچی دەبڕینەوە؛ ئەگەریش کورت بوونایە تا دەیتوانی دەست و پێیانی ڕادەکێشا! بەم شێوەیە، وەلی وەک کەسێکی ئایدیالیست فەکتە مێژووییەکان دەکاتە قوربانیی ئەو تیۆرییەی خۆی کە بۆ شرۆڤەی هەر ئەو فەکتانە سازی کردبوون. چونکە بۆ نموونە تەنانەت خۆی ئاماژە بەوە دەکا کە سمکۆ ئایدیایەکی ناسیۆنالیستیی هەبووە و پشتیوانیی لە سازکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ کردووە و تەنانەت نووسەرانی ڕۆژنامەی ڕۆژی کورد، باسیان لە کوردستانی سەربەخۆ کردووە، بەڵام لە ئاکامدا بێ هێنانەوەی بەڵگە و شرۆڤەی جێی پەسەند، بڕیار دەدا کە ئایدیای کوردستانی یەکگرتوو و سەربەخۆ، ئامانجی ستراتێژیکی بزووتنەوەکەی سمکۆ نەبووە![14]
(٢) بە هەمان شێوەی سەرەوە، وەلی کاتێک باس لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای بیستەم دەکا، سەرچاوە بە پاشایەتیی قاجار (و هەتا پاشایەتیی سەفەوی لە سەدەی شازدەیەمیش دەگەڕێتەوە) وەک دەوڵەتی ئێران دەدا و باس لە کۆمەڵگای ئێرانی (Iranian Society) دەکا و هەوڵ دەدا کە وردەکارییە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانی ئەم کۆمەڵگایە دەستنیشان بکا. ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنانەت لە سەدەی بیستەمدا هەر کاتێک دەیەوێ باس لە کۆمەڵگای کوردستان لە ڕۆژهەڵات (ئێران) بکا وەک جڤاتی کوردی (Kurdish Community) پێناسەی دەکا.[15] لێرەدا لەسەر دوو خاڵی گرنگ هەڵوێستە دەکەم تا بزانین چۆن دەتوانین زیاتر لەم جیاوازیدانانە مەعریفییە تێبگەین:
(ئا) ئەگەر سەیری ئەو بە ناو کۆمەڵگای ئێرانییە بکەین، فەکتە مێژوویییەکانی پێمانی دەڵێن کە لە سەدەی نۆزدەیەم و تەنانەت تا نیوەی سەدەی بیستەم (کاتێک پەروەردەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی سەقامگیر دەبێ)، دامودەزگا ئیدارییەکان ڕێک دەخرێن و هەوڵ بۆ سیستەمێکی ئابووریی ناوەندگەرا سەرکەوتوو دەبێ، ناتوانین باس لە کۆمەڵگای ئێرانی بکەین. واتە لە سەرەتادا نە ئێرانێک هەبووە و نە دواتر یەکگرتوویییەکی کۆمەڵایەتی – کولتووری، بۆ نموونە، لە نێوان شارۆچکەی بەردسیری کرمان لەگەڵ بیلەسواری ئەردەبیل هەبووە کە بتوانین لە ژێر چەمکی کۆمەڵگای ئێرانیدا کۆیان بکەینەوە. ئابراهامیان بە وردی باس لەوە دەکا کە لە سەدەی نۆزدیەم لەبەر نەبوونی ڕووبار و گۆمێک کە بکرێ بەلەمی تێدا بسووڕێ، باران بارینی زۆر کەم، سەحرای پان و بەرینی ناوەڕاستی ئێران پەیوەندیی گوند و شارەکانی زۆر ئاستەم کردبوو و هەر بۆیە زۆربەی گوند و شارەکان لە ڕووی ئابوورییەوە لێک جیا بوون و لە ڕووی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە دەکرێ بگوترێ وەک ئەوە وا بووە کە لە چەندین وڵاتی جیادا بژین.[16] و لە بنەڕەتدا تەنانەت تێنەگەیشتنی زمانی هەر جۆرە پەیوەندییەکی لە نێوان زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پاشایەتیی قاجار و پەهەلەویی یەکەمدا ئاستەم کردبوو. هەر بۆیە کاتێک خەلیل مەلێکی لە سەروبەندی کۆنگرەی یەکەمی حیزبی تودە (١٣٢٣/١٩٤٤) بە نوێنەرایەتیی حیزب و بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخی پارێزگای ئازەربایجان بۆ تەورێز سەفەر دەکا، بە سەرسوڕمانەوە باس لەوە دەکا کە زۆرینەی چالاکانی حیزب ناتوانن بە فارسی قسە بکەن و تەنانەت مەلێکی قەبوڵی ناکا کە بە تورکی وتار بۆ بەشداربووەکان پێشکەش بکا.[17]
(ب) لە مێژووی کۆمەڵناسیدا سازکردنی دووانەی کۆمەڵگا/جڤات (گێزڵشافت/گێماینشافت) مانادارە؛ کاتێک ئەم دووانە پێکەوە بەکار دەبرێن مەبەست ئەوەیە کە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە جڤاتدا لەسەر بنەمای هەست، نەریت و خزمایەتی و هاوڕێیەتییە و لە هەر شوێنێکدا شارنشینی گەشە دەکا کۆمەڵگا ساز دەبێ و بە وتەی ڤێبەر، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگادا لەسەر بنەمای ڕیکەوتنێکی عەقڵانی یا قەبوڵکردنێکی دوولایەنەیە و دەکرێ وەک باشترین نموونە لە گرێبەستێکی تیجاری لە کۆمەڵگادا خۆی نیشان بدا. ئەگەر لەم بەستێنەدا سەیری دووفاقییەکەی وەلی بکەین کە بەردەوام لە بەرهەمەکانیدا بەکاریان دەهێنێ، ئەو دەستەواژانەی سەبارەت بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە جڤاتی کوردی لە ئێرانی سەرەتای سەدەی بیستەم بەکاریان دەهێنێ، نیشانە لە عەشیرەییبوون و ناعەقڵانییەت دەدا. تەنانەت ئەگەر ئەم شیکارییە قەبوڵ بکەین، ناتوانین چەمکی کۆمەڵگا بۆ لایەنی بەرامبەر بەکار بهێنین. ئەم سازکردنی ناهاوسەنگییە هەمان ئەو باسەیە کە لە پەیوەندیی نابەرابەری نەتەوەی سەردەست و بندەست بە باشترین شێوە ڕەنگ دەداتەوە و دوو کۆمەڵگای هاوشێوە بە شێوەیەک شرۆڤە دەکرێن کە لە یەزد پەیوەندیی عەقڵانی لە نێوان مرۆڤەکاندا ساز بووە و لە کرماشان هێشتا خەڵکی کورد سەرقاڵی پەیوەندیی عەشیرەیی و پێش مۆدێڕنن.[18]
(٣) لە هیچ کام لە تویژینەوەکانی عەباس وەلیدا بە هیچ شێوەیەک باس لە ناوچەکانی کرماشان و ئیلام ناکرێ. پاساوی وەلی ئەوەیە کە لەو شوێنانە ناسیۆنالیزمی کوردی نەبووە و هەر بۆیە بە ئاسانی ئەوان لە مێژوونووسیی خۆی وەدەر دەنێ. کاتێک دەتوانین ئەم پاساوە قەبووڵ بکەین کە یەکەی توێژینەوەکەی تەنیا بەو ناوچانە سنووردار بکا کە بە وتەی خۆی مەکۆی ناسیۆنالیزمی کوردی بوون. بەڵام ڕیک لێرەدایە پارادۆکسەکە ساز دەبێ و گشتاندنی گریمانەکانی وەلی بەسەر جڤاتی کوردیدا خوێنەر تووشی سەرلێشێواوی دەکا. بۆ نموونە ئەو باس لەوە دەکا کە “جڤاتی کوردی لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم، زۆر بە ڕوونی لە قۆناغی پێش لە سەرمایەداری و کشتوکاڵیدا بوو. . . ژیانی شارنشینیی کورد، لە زۆربەی شوێنەکان، لە ژێر باڵادەستیی پەیوەندییە سەرەتاییەکان، وەفاداری بە چینی عەشیرەییی خاوەنداری زەوی و بایەخە تایبەتەکانی ئەم چینەدا بوو.”[19] ئایا بەم پێوەرە دەبێ شاری کرماشان و حزووری ئیلیتی ئەم ناوچەیە لە سەردەمی مەشرووتە چۆن هەڵبسەنگێنین؟ کرماشان بەشێکە لە کۆمەڵگا/جڤاتی کوردی یان نا؟ لە درێژەدا وەلی ئاماژە بەوە دەدا چونکە کورد خاوەنی کولتووری شارنشینی نەبووە نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ بیرۆکەی ڕێفۆرمی کۆمەڵایەتی و مۆدێرنیزاسیۆنی سیاسی کە گرووپی ڕۆشنبیرانی فارس و ئازەری لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بانگەشەیان بۆ دەکرد بگونجێنێت. هەرچەند دواتر وەلی بە دروستی ئاماژە بەوە دەکا کە سیاستەکانی ڕەزاشا لەمەڕ سەرکوتی عەشیرە کوردەکان جیاواز لە عەشیرەکانی دیکەی ئێران بووە. بەڵام جێی پرسیارە ئەم جیاوازییە بۆ چی دەگەڕێتەوە ئەگەر ویستێکی خۆبەڕێوەبەری و قەبووڵ نەکردنی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی نەبێ؟ ئەگەر کورد بە تەواوی سیاسەتی مۆدێرنیزاسیۆنی ئێرانی پەسەند کردبا، ئایا ئیتر شتێک بە ناوی ناسنامەی کوردی دەمایەوە کە ئیستا باسی لێ بکەین؟
ئەم سەرنجانە بۆ ئەوە لێرەدا باس کران بۆ ئەوەی بزانین چۆن بەرپرسبوون لە ئاست تیۆرییەک کە گوایە لەوپەڕی زانسیبووندایە تەنیا ئەو ئەنجامەی هەیە کە بڵێ کوردایەتی پاشکۆی ناسیۆنالیزمی ئێرانییە، کورد کۆمەڵگای نییە و ئیلیتی کورد لە عەشیرەگەری ڕزگاریان نەبووە. سەیرتر ئەوەیە بزووتنەوەی مەشروتەخوازی کە لە لایەن عەشیرەکانەوە لە ئێران ڕێبەڕایەتی دەکرا و لەوپەڕی دواکەوتووییی خۆیدا مافی دەنگدان لە ژنان و نەخوێنەواران سەندرابوویەوە، بەڵام وەلی هەر پێداگری لەوە دەکا کە لە سیاسەتێکی دێموکراتیکدا نوێنەرایەتیی خەڵکیان دەکرد و ڕۆشنبیرانی نەریتی و مۆدێرن لە پشتی وێستابوون و لە هەمان کاتدا کورد تەنیا خاوەنی سیاسەتی عەشیرەیی بووە. دواتریش لە سەردەمی ژێکاف، کوردستانی ئێران بە تەواوی لە پارچەکانی دیکە دادەبڕێ، پەیوەندیی مێژووییی ڕۆشنبیران و ئیلیتی سیاسی لەبەر چاو ناگرێ، خۆیبوون و هیوا نابینێ و تەنانەت بە یەک وشەش باس لە هەقیقەتێکی مێژووییی هەرە گرنگ وەک ڕێککەوتنی سێ سنوور ناکا. دیارە جوانکاریی فەلسەفیی وەلی بۆ بنەمای تیۆری، لە فوکۆ بگرە تا دێریدا و بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری چەمکگەلێک وەک حاکمیەتی سیاسی، سیاسەتی دێموکراتیک و یا ئینتێڵێجێنسیا و هتد، لە نیگای یەکەمدا دەبێتە جێی سەرسوڕمانی خوێنەر، بەڵام هەرچی زیاتر لێی ورد دەبێتەوە، خوێنەر بۆی دەردەکەوێ کە جگە لە بەکەم نیشاندانی بزووتنەوەی کوردایەتی، هیچی تری دەست نەکەوتووە. هەڵبەت چاوەڕوانکراوە کە نووسینەکانی بەشێکی گرنگ لە ڕۆشنبیرانی کورد کە لە ژێر کاریگەریی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و تورکیدان، خاوەنی ئەم خاڵە هاوبەشە بن کە فکر و کردەوەی کوردی بە شتێکی ناوچەیی، عەشیرەیی، پێشمۆدێرن و ناشارستانی بزانن. فانۆن لە بڕگەیەکی شاکار لە کتێبی “نەگبەتەکانی سەر زەوی” بە جوانی دۆخی ڕۆشنبیری بەکۆلۆنیکراو دەستنیشان دەکا:
بورژوازیی کۆلۆنیالیست ئەم ڕاستییەی بە شێوازێکی قووڵ لە مێشکی ڕۆشنبیری بەکۆلۆنیکراودا چاندووە کە بە هەموو ئەو هەڵانەی ڕەنگە مرۆڤەکان بیکەن، هەندێک تایبەتمەندیی جەوهەری و بنەڕەتی هەمیشەیی دەمێننەوە: هەڵبەت تایبەتمەندییە جەوهەرییەکانی ڕۆژئاوا. ڕۆشنبیری خۆماڵی، شیاوبوون و بەهێزیی ئەم بیرۆکانەی پەسەند کردووە و بە هزر و هەناویدا ڕۆچووە و هەمیشە وەک پارێزەرێکی وشیار ئامادەی بەرگریکردن لە بنچ و بناوانی یۆنانی-لاتینییە. ئیستا و لە کاتی خەبات بۆ سەربەستی و لەو کات و ساتەدا کە ڕۆشنبیری خۆماڵی دووبارە پەیوەندی بە خەڵکی خۆیەوە دەگرێ، ئەم پارێزە دەستکردە دەبێتە تۆزی بانان. [20]
بەڵام ئایا تیۆریی دژەکۆلۆنیالیستی وڵامێکی بۆ ئەم پرسانە پێیە و لە چوارچێوەیەکی زانستیدا چۆن سەیری کوردستان و مرۆڤی کورد لە مێژووی هاوچەرخدا دەکا؟ لە درێژەدا بەکورتی باس لە گرنگترین خاڵەکانی ئەم تیۆرییە دەکەم.
چەند ڕەهەندیبوونی گوتاری کوردایەتی
ئەگەر بمانەوێ گوتاری کوردایەتی لە ڕستەیەکدا کورت بکەینەوە دەتوانین بڵێین کە گوتارێکی دژەکۆلۆنیالیستییە و دەیەوێ پەیوەندییەکانی ستەمکاری لە کوردستان بسڕێتەوە. قاسملوو لە نامیلکەی کورتەباسدا، ئاماژە بە سێ ڕەهەندی ستەمی نەتەوایەتی، چینایەتی و سیاسی دەکا.[21] لە ئاکامی پەرپێدان بە باسەکەی قاسملوو، دەتوانین باس لە ستەمی جێندەری و ژینگەیی لە ئیستای بارودۆخی کوردستانیش بکەین. لێرەدایە من باسم لە گوتاری کوردایەتی کردووە کە بتوانین لە ژێر چەتری ئەو گوتارەدا، کەڵک لە چەندین تیۆریی لێکگرێدراو وەربگرین کە هەڵگری بەستێنێکی مەعریفیی هاوبەشن. واتە، ئەگەرچی لایەنی دژەکۆلۆنیالیستیی گوتاری کوردایەتی، خوازیاری سڕینەوەی هەر جۆرە پەیوەندییەکی کۆلۆنیالیستی لە کوردستانە، بەڵام هاوکات لەگەڵ نیشاندانی پەیوەندییەکانی سوڵتەی کۆلۆنیالیستی و پێشنیارکردنی مێکانیزمەکانی خەبات بۆ ئازادیی خاک و نەتەوە، دەبێ بۆ چارەسەکردنی جۆرەکانی ستەم لە کوردستان، خاوەنی بەرنامەیەکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری بێت. دیارە لە قۆناغی یەکەم بەریەک کەوتنێک لە نێوان نەتەوەی بندەست و سەردەست ڕوو دەدا و ئەم دژایەتییە شتێک نییە بە ڕێفۆرم یا سازکردنی ناسنامەیەکی هاوبەش لە سەرەوەی ناسنامەی ئیتنیکی چارەسەر ببێ. هەر وەک فانۆن ئاماژەی پێ دەکا: “هەر وەک دەزانین سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم پرۆسەیەکی مێژوویییە. . . لە پرۆسەی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزمدا، دوو هێز بەر یەک دەکەون، ئەم بەریەک کەوتنە، بەگوێرەی سروشتی هەر دووکیانە. . . لە ڕاستیدا ئەم دژایەتییە لە بنەڕەتدا بۆ دۆخی کۆلۆنی دەگەڕێتەوە.”[22]
چونکە لە بنەڕەتدا جەوهەری سازبوونی دەوڵەت نەتەوە کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان، لەسەر بنەمای بەکۆلۆنیکردنی کوردستانە. پرۆسەی سازبوونی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی یا تورکی، هاوکات بووە لەگەڵ بەکۆلۆنیکردنی کوردستان، سڕینەوەی ناسنامەی کوردی، چەوساندنەوەی مرۆڤی کورد، گواستنەوەی هێزی کاری کوردستان بۆ ناوەندەکانی دەسەڵات و هەروەها بەتاڵانبردنی سەرچاوە ماددییەکانی کوردستان. ڕەهەندی دژەکۆلۆنیالیستیی گوتاری کوردایەتی لە کوردستان، لە هەناوی ئەم ڕاستییە کۆمەڵایەتییەوە سەری هەڵداوە کە پێکهاتەکان و پەیوەندییەکانی دەسەڵات، کارتێکەرییەکی فرەچەشنانەیان هەیە. تاکەکان، گرووپەکان و جڤاتە کۆمەڵایەتییەکان، لە پێکهاتەکانی دەسەڵات و سوڵتەدا جێگایەکی جیاواز بۆ خۆیان دەستنیشان دەکەن و لەبەر هەندێک تایبەتمەندیی مێژوویی و جوگرافیایی، جیاوازییان پێکەوە هەیە و هەر بۆیە ئەم جۆراوجۆرییە لە هەندێک کاتیگۆریی کۆمەڵایەتی وەک نەتەوە/ڕەگەز، چین، جێندەر و هتد دا خۆی دەبینێتەوە. ئامانجی گوتاری کوردایەتی بریتییە لە سازکردنی مەودایەکی هاوبەش بۆ بەرگری و خەبات کە تیایدا گرووپە بەکەمینەکراوەکان، پەراوێزخراوەکان و ستەملێکراوەکان، بتوانن “دەنگێکی هاوبەش”یان هەبێت و لە دەرەنجامدا بەرەوڕووی سیستەمی هێژمونیی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی، تورکی و عەرەبی ببنەوە. دەکرێ لە پێنج کاتیگۆریدا ئەم لایەنانەی ناو گوتاری کوردایەتی و ئامانجەکانیان دەستنیشان بکەین کە لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا گوتاری کوردایەتی ویستوویەتی یا دەیهەوێ بەرەوڕووی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی، تورکی و عەرەبی بوەستێتەوە:
(١) ستەمی نەتەوایەتی و ڕەگەزپەرەستی، بەرخۆدان بە مەبەستی شکڵگرتنی نەتەوەی کوردستانی؛ (٢) ستەمی چینایەتی و چارەسەریی سوسیالیزمی دێموکراتیک؛ (٣) ستەمی سیاسی، ڕزگاریی مرۆڤی کورد لە ژیان لە دۆخی بندەستی، سازکردنی کوردستانێکی دێموکراتیک (٤) ستەمی جێندەری و چارەسەریی فێمینیزم لە کوردستان بۆ نەهێشتنی نابەرابەریی جێندەری و (٥) ستەمی ژینگەیی، سڕینەوەی تاڵانکردنی سەرچاوەکانی کوردستان.
هەر وەک لە چارتی یەکدا دەبیندرێ، کۆلۆنیالیزم ڕێک لە شوێنانەدا کە جیاوازی هەیە خۆی بە دوو شێوازی ماددی و ناماددی نیشان دەدا. نەتەوەی سەردەست لە ڕیگای مێکانیزمەکانی کۆلۆنیالیزمەوە، هەوڵ بۆ یەکدەست کردن و سڕینەوەی هەر جۆرە جیاوازییەک دەدا هەتا نەتەوەیەکی تر بکاتە بندەستی خۆی و خاکەکەی داگیر بکا. دیارە شێوازەکانی کۆلۆنیالیزم لە دنیادا، هەموویان وەک یەک نین بەڵام بەڕوونی هەر کاتێک دەست بۆ سڕینەوەی جیاوازییەکان دەبا ستەمێک ڕوو دەدا. من پێشتر باسم لە میکانیزمە ماددییەکانی چەوساندەوە کردووە و پێشم وایە بەرژەوەندیی ماددیی ئێرانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی دوولایەنی سەرچاوەی مرۆیی وەک دابینکردنی هێزی کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوەند و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی نەوت، گاز و ئاو، هاندەرێکی گرنگ بوون کە ڕۆژهەڵات بکەنە کۆلۆنیی خۆیان. ئەم لایەنە ئابوورییە لە کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاواییدا بەرجەستەترە، بە شێوەیەک کە فانۆن دەڵێ:
ئیستا دەزانین کە کۆلۆنیالیزم لە یەکەم فازی خەباتی نەتەوەییدا هەوڵ دەدا بە ئاراستەکردنی چەند دۆکترینێکی ئابووری، داواکارییە نەتەوەییەکان دابمرکێنێتەوە. دوابەدوای ئەوەیکە یەکەم خواستەکان سنووردار کران، کۆلۆنیالیزم لە ڕواڵەتدا ئاوڕیان لێ دەداتەوە و، بەوپەڕی بێفیزییەوە پێداگری لەسەر ئەوە دەکا کە ئەو ناوچەیە بە دەست گەشەنەکردنێکی توندەوە دەناڵێنێ و کەوا بوو پێویستی بە ئاوڕێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەمەلایەنە هەیە. هەروەها، لە ڕاستیدا، زۆر جار دەبیندرێ هەندێک کردەوەی نائاساییی تایبەت (وەکوو کردنەوەی چەند ناوەندێک بۆ پەیداکردنی کار بۆ بێکاران) بۆ ماوەی چەندین ساڵ چڕبوونەوەی وشیاریی نەتەوەییی دوا خستووە.[23]
بەڵام ناکرێ لە کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدا تەنیا ئەم لایەنە لەبەرچاو بگرین. هەرچەند یەکەی تازەلەدایکبووی نەتەوەی ئێرانی، بانگەوازی ئەوە دەکا کە هەڵگری چەندین قەومیەتە، بەڵام بە شێوازی پراکتیک ویستوویەتی نەتەوەکانی تر لە ناو ناسنامەی فارسیدا بتوێنێتەوە و هەر بەم مەبەستە، زمان و کولتووری جێی پەسەندی خۆیانی بە سەر نەتەوەکانی تردا سەپاندووە. لە توێژینەوەکانی دیکەمدا نیشانم داوە کە چۆن کۆلۆنیالیزمی ئێرانی لە لایەنی مەعریفییەوە ناسنامەی کوردی وەخۆ گرتووە و ئاکادێمیای کوردی لە ناوەڕۆک بۆش کردووەتەوە؛ هەروەها کەماڵ سڵێمانی و ئەحمەد محەمەدپور لە چەندین وتاردا هەوڵیان داوە هەم نیشانی بدەن بۆچی نەتەوە غەیرەفارسەکان لە چوارچێوەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدا ناتوانن قسە بکەن و لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بێبەش دەبن،[24] و هەم بەوردی باس لەوە دەکەن چۆن کۆڵبەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەرهەمی سیستەمی کۆلۆنیالیستییە.[25] من لێرەدا ئەم باسانە دووپارت ناکەمەوە و زیاتر دەپەرژێمە سەر باسی ناماددیی کۆلۆنیالیزم کە چۆن هەست و تێگەیشتنی مرۆڤی کوردی بەرەوڕووی قەیران کردووە. بە هێنانەوەی چەند نموونەیەک هەوڵ دەدەم دەلاقەیەکی نوێ بەسەر مێکانیزمەکانی دەستکاریکردنی هەست و تێگەشتنی مرۆڤی کورد لە ڕۆژهەڵات بکەمەوە و نیشانی بدەم کە چۆن کۆلۆنیالیزمی ئێرانی بووەتە هۆی نامۆبوونی مرۆڤی کورد لە سیستەمی کۆلۆنیالیستیدا.
| شوێنی جیاوازی
ڕەگەز چین جێندەر قەومییەت ئایین هەڵوێستی سیاسی زمان ژینگە |
واتا بەرچاوەکانی ستەم[26]
| واتای ناماددی
هەستەکی مەعریفی دەروونی ئایدیۆلۆژیک |
| واتای ماددی
پێکهاتەیی دامەزراوەیی ئابووری کولتووری |
پەیوەندیی کۆلۆنیالیستی پەیوەندیی کۆلۆنیالیستی
“چێ ئاغایێ کۆردێ باسەفائییێ!” ڕستەیەک لە زاری هەواڵنێرێکی شۆخی فارسەوە بۆ وەسف کردنی بووکەڵەیەکی دوو میتری لە پیاوێکی کورد دێتەوە دەرەوە؛ لە جەژنێکی ئێرانییەکان، بە ناوی تیرگان، و لە شاری تۆرنتۆ لە کەنەدا. بووکەڵەی پیاوە کوردەکە، قەرارە میوانی ئێرانییەکان بە سەما دڵخۆش کا کە تیڤیی ئێران ئینتەرنەشناڵ ڕاستەوخۆ بڵاوی دەکاتەوە. شێوازی سازکردنی بووکەڵەکە ڕێک ئەو سەرنموونەیە کە ئایدیۆلۆژیی ئێرانی بۆ پیاوی کوردی وێنا کردووە: سمێلێکی بابڕ هەتا بناگوێ، برۆی پڕی تێکچڕژاو بە ڕووخسارێکی گرژ و مۆنەوە، سەرپێچ و جلوبەرگێکی کوردی. دەرهێنەران دیارە زۆر بەمەش ڕازی نەبوون و ناوێکی نامۆیان دۆزیوەتەوە کە زۆر بە کەمی لە کوردستان بەکار دێ (تەنانەت لە ناوچە شیعەکانی باشووری ڕۆژهەڵات هەر باوی نەماوە): ئاتەقی! ناوێک کە لە کۆبیرەوەریی ئێرانییەکان بۆ کەسێک بەکار دێ کە موعتاد بێ.[27] شێوازی نیشاندانەوەی مرۆڤی کورد، وەک کەسێکی نالۆژیکی، ناشارستانی، نەخوێندەوار، بەشێک لەو پرۆسەیەیە کە کۆلۆنیالیزم بۆ مرۆڤسڕینەوە[28] پەیڕەوی دەکا. کۆلۆنیالیزمی ئێرانی بە بەردەوامی لە پەروەردە و میدیادا هەوڵی داوە کڵێشەیەکی چەقبەستوو (stereotype) لە کورد پیشان بدا و بەم شێوەیە نە تەنیا دەیەوێ ئێرانییەکان بەم شێوەیە کورد بناسن، بەڵکوو لایەنی زۆر گرنگتری ئەوەیە کە تێگەیشتنی کورد لە خۆی بشێوێنن، وردی کەن و بە سووک و چرووکی نیشان بدەن، هەتا بەم شێوەیە مرۆڤی کورد بە پەسەندی خۆی، درێژە بە دۆخی بندەستبوون بدا.
سینەما و میدیای ئێرانی پڕە لەو نموونانەی کە چۆن مرۆڤی کورد وەک مرۆڤێکی بندەست تێیدا پێشان دەدرێتەوە. لە یەکێک لە دوایین نموونەکاندا و لە فیلمی “حکایت عاشقی” (لە دەرهێنان و نووسینی ئەحمەد ڕەمەزانزادە)[29] پیاوی شۆڕشگێڕی کورد، کەسێکە هیچ لە ژیان و ئەوین نازانێ و لە بەرانبەردا پیاوی فارس لە لووتکەی مرۆڤایەتی و ئەوینداریەتیدایە. بەکورتی چیرۆکی فیلمەکە بۆ ژینۆسایدی هەڵەبجە دەگەڕێتەوە کە بنەماڵەیەک، لە باشوورەوە و لە ئەنجامی کیمیاباراندا ئاودیوی سنوور دەبن. لە نێو ئەو ئێرانییانەدا کە ڕزگاریان دەکەن، گەنجێکی وێنەگری تێدایە و هەر لە جەرگەی ئەو بەزم و هەڵایەدا عاشقی کچی ئەم بنەماڵەیە دەبێ. دواتر دەزانێ کە ئەم کچە خۆشەویستێکی هەیە کە پێشمەرگەیە (سازکردنی سێگۆشەیەکی ئەوینداری). بەڵام پاش ماوەیەک هەواڵ دێ کە پێشمەرگە کوردەکە کوژراوە و ڕێگە بۆ زەماوەندی ئەم دووانە دەکرێتەوە و بە ماڵەوە دەچن بۆ تاران. دیسانەوە پاش ماوەیەک هەواڵ دێ کە کوڕە پێشمەرگەکە نەکوژراوە و پیاوی فارس لەوپەڕی مرۆڤایەتیدا دەست لە خۆشەویستەکەی (نەک خۆشەویستییەکەی) هەڵدەگرێ. کچە کوردەکە دەگەڕێتەوە بۆ باشوور. پاش چەندین ساڵ لە پێشانگای وێنەی کوڕە فارسەکە (کە هەر وا زگورت ماوەتەوە)، پێشمەرگە کوردەکە وەک باشوورییەکی کاربەدەستی پلەخوار لەوێ ئامادە دەبێ. وێنەگرە فارسەکە دەزانێ کە ئەو دووانە پێکەوە زەماوەندیان نەکردووە و ئیستا کچەکە لە هەڵەبجە دەژی. ئەویش بە پەلە خۆی دەگەیەنێتە هەڵەبجە و لە ساڵیادی کیماباراندا کە قەرارە ئەم کچە بابەتێک پێشکەش بکا، لەبەر کاریگەریی خراپی کیمابارانەکە لەسەرخۆ دەچێت. سێکانسی کۆتاییی فیلم: کچە کوردەکە لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە لە ژێر ئۆکسیژێندایە. کوڕە فارسەکە درگای ژوورەکەی دەکاتەوە. گوڵێکی سوور و ئەنگووستیلەی دەزگیرانییەکەی لە ژوور سەری کچەکەوە دادەنێ. کچە کوردەکە چاو دەکاتەوە و دەیبینێ. بە دەمیەوە پێدەکەنێ.
لەم فیلمەدا دەکرێ بگوترێ هەموو تایبەتمەندییەکانی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی بە یەکەوە خۆیان نیشان دەدەن. ئێرانییەکان کە خۆیان یەکێک لە تاوانبارەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەن، لێرەدا وەک ڕزگاریکەر خۆیان نیشان دەدەن. دەوری کوڕە فارسەکە بە بەهرام ڕادان کە ئەکتەرێکی جوانچاکی باڵابەرزە دراوە. ڕزگاریکەر لە نەتەوەی سەردەست عاشقی قوربانییەکی جەنگ لە نەتەوەی بندەست دەبێ. لە فیلمەکەدا وا نیشان دەدرێ هەموویان فارسی دەزانن، ئاخر کۆلۆنیالیزمی وەخۆگری ئێرانی، زمانی فارسی بە زمانی هەموو کوردان دەزانێ، هەرچەند لە پارچەکانی دیکەش بن. ژنی کورد لێرەدا ژنێکی بێ دەسەڵاتە کە هەرچەند کیمیایی بووە و بنەماڵەکەی لە دۆخێکی باشدا نین، بەڵام بەئاسانی پشت لە عەشقی یەکەمی خۆی دەکا و هیچ هەوڵێک بۆ پەیداکردنی خۆشەویستەکەی نادا و چاوەڕوانی نابێ. دواتریش بێ هیچ لۆژیکێک وەک کەسێکی هەوەسباز لە عەشقی دووەمی خۆی ڕوو وەردەگێڕێ. بەڵام ئەمە کۆتاییی چیرۆکەکە نییە. پێویستە کڵێشەی چەقبەستووی پیاوی ناشارستانی و بێ نەزاکەتی کورد کە هیچ لە عەشق و عاشقی نازانێ و هەمیشە بە شوێن شەڕەوەیە دووپات بکرێتەوە. کوڕە فارسەکە بە سەر کوڕە کوردەکەدا (پیاوێکی گرژ و مۆن بە جلوبەرگێکی ڕەسمی بەڵام هەرزانبایی و بێ هارمونییەکی جوانیناسانە) دەقیژێنێ چۆن ئەو کچەت نەخواستەوە و ئەمە کەی ڕسمی عاشقییە؟! کۆتاییی چیرۆک فیشەکی کۆتاییی کۆلۆنیالیزمە. کچی کورد لەسەر قەرەوێڵە ڕاکشاوە (خوازەیەکە بۆ نزیکایەتی لەگەڵ پیاوی فارس) و چاوەڕوانە جەستەی داگیر بکا. پیاوی فارسی جوانچاکی ژیری خاوەن کولتووری مرۆڤدۆست، سەرکەوتووی بێ ئەملاوئەولای حەکایەتی عاشقییە.
ئەم دوو نموونەیە لە پیشاندانی پیاوی کورد، لە سەدان و بگرە هەزاران گرتەی فیلم، میدیا، کتێب و ڕۆژنامەی ئێرانیدا پیشان دراونەتەوە. مەبەستی کۆلۆنیالیزم دیار و بەڕوونی لە ڕێگەی پیشاندانەوەی بەردەوامی دواکەوتووییی کورد لە بەرانبەر فارس، وێنایەکی ناواقعی لە مرۆڤی کورد (زیاتر ئامانج پیاوی کوردە) ساز دەکرێ. من لە ئەزموونی خۆم لە زانکۆ زۆر جار بینیومە کە چۆن لە لای بەشێک لە خوێندکارە کچە کوردەکان، کوڕی فارس خاوەنی کلاسێکی بەرزتر، بە فەرهەنگتر و جوانتر لە کوڕێکی کوردە. واتە شێوازی پیشاندانی پیاوی کورد وەک کەسێکی گرژ و مۆن کە نازانێ لەگەڵ ژنان پەیوەندییەک لەسەر بنەمای خۆشەویستی ساز کا، بووەتە پێکهاتەیەکی نەگۆڕ کە لە لای مرۆڤی کورد بۆخۆشی دیسان بەرهەم دێتەوە. هەر چۆن لە نوکتەیەکی کوردیدا دەگێڕنەوە کە هایدە دەچێتە خەونی کاک ناسر ڕەزازی. کاک ناسر خەبەر و باسی ئەو دنیای لێ دەپرسێ. هایدە دەڵێ ئێمە حاڵمان زۆر باشە و بۆ دۆزەخ ڕەوانە کراوین، حەسەن زیرەکیشمان لەگەڵدایە. هەتا بەیانی گۆڕانی دەڵێین و بەزم و سەما و خۆشیمانە. بەڵام بۆنی گۆرەوییەکانی حەسەن زیرەک هەموومانی کاس کردووە! لێرەدا دەبینین کە چۆن کولتووری نەتەوەی سەردەست لە نێوان مرۆڤی بندەستدا (بێئەوەی هەستی پێ بکەن) بەرهەم دێتەوە؛ سەمبولی موسیقای کوردی دەکرێتە گاڵتەجار و وەک کەسێکی ناشارستانی کە بچووکترین بابەتی ئەدەب و نەزاکەت نازانێ نیشان دەدرێ. لەو لاشەوە، سەمبولی سروودی شۆڕشگێڕانەی کوردی، بێ هەڵوێست خەون بە گۆرانبێژێکی کوردی فارسیوێژەوە دەبینێ. گۆرانیبێژێک کە لە ڕووی جوانیناسیی کوردانەی سەدەی بیستەمدا ورووژێنەرە بەڵام تەواو لە دەستپێڕاگەیشتنی پیاوی کورد دوور کەوتووەتەوە و لەگەڵ فارسەکان حەشر و نەشری هەیە.
مرۆڤی کورد، بە پیاو و ژنەوە، لە مرۆڤی نەتەوەی سەردەست جیاوازە. بە هیچ شێوەیەک نابێ پێشکەوتوو نیشان بدرێ و ئەگەر پێشکەوتنێکیشی هەیە، دەبێ لە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤی فارس بۆی ساز بوو بێ. مرۆڤی کورد سەرەڕای ئەوەی دەخرێتە ئاستی مرۆڤێکی پێشمۆدێرنی ساویلکە کە لە ئەشکەوتدا دەژی، باشترە بە تەواویەتی لە مرۆڤبوون بسڕدرێتەوە و وەک ئاژەڵێکی دڕندە (پیاو) و ئاژەڵێکی دەستەمۆ(ژن) کە تەنیا بۆ منداڵ پێکەوەنان ساز بووە سەیر بکرێ. کۆلۆنیالیزمی ئێرانی کە لەم پرۆسەیەدا سەرکەوتن بە دەست دەهێنێ، چی بۆ مرۆڤی کورد هێشتووەتەوە؟ جگە لە ژمارەیەک کە ڕێگای کوردایەتی دەگرنە بەر، یا وەک کۆڵبەر وێنا دەکرێن یا ئەوانیتر دەبێ لە ناوشیاری خۆیاندا و لە فانتێزییەکی سێکسیدا بە شوێن سەرکەوتندا بن. ڕەنگە زۆربەمان گوێمان لە چیرۆکی ئەو گەنجانە بێ کە باس لەوە دەکەن چۆن لە خانە سازمانییەکان (شوێنی نیشتەجێبوونی عەجەمەکان کە مەبەستی کارکردن لە دامودەزگا سەربازی و سیخوڕییەکانی ڕێژیمی ئێرانی هاتوونەتە کوردستان) لەگەڵ ژنێکی فارس/عەجەمدا خەوتوون یا باس لە دڵداریی خۆیان دەکەن کە چۆن ئەم ژنە عەجەمە بە پیاوەکەی خۆی ڕازی نییە و گیرۆدەی کوڕە کوردێک بووە. چیرۆکەکان لەو کاتانەدا ڕوو دەدەن کە هاوسەری ئەم ژنانە، بەتایبەت لە شەودا، لە ماڵەوە نین و بۆ ئەنجامی ئەرکی خۆیان وەک بەشێک لە سیستەمی کۆلۆنیالیزم لە دەرەوەی ماڵەوەن. سوژەی کورد دەبێتە قارەمانی چیرۆکێک کە بە شێوەی فانتزی جەستەی ژنی عەجەم لە بری خاکی بەکۆلۆنیکراو بەدەست دەهێنێت. وەک لاکان ئێژێ[30] فانتێزی هەمیشە بەدیهاتن و دامرکاندنی ئارەزووی ناوشیارە. فانتێزی تەنیا سەرشێتییەکی شەخسی نییە بەڵکوو لە مەودای گشتیدا ڕوو دەدا. ژمارەیەکی سنووردار بابەت و گێڕانەوەیە کە بەردەوام دووپات دەبنەوە. نەک هەر لە شارە کوردەکان، لە شارە عەجەمەکانیش خوێندکار، کرێکار و سەربازی کورد، ڕێک هەر ئەم فانتێزییە سێکسییە دووپات دەکەنەوە. فانتێزی یا واقعیەتی ئارەزووەکانی ناوشیار لە سەرەوەی ئەندێشەکان و دونیای شەخسیی ئێمەوەن، بەڵام بە هەمان ئەندازەی واقعیەتی ماددی واقعین. مرۆڤی کورد کە نیشتمانی بەکۆلۆنی کراوە، لە مێکانیزمێکی دەروونیدا ئۆبژەی مەیلی دەگوازێتەوە. چێژێک کە لە فانتێزی دەیبینین لەبەر ئەوە نییە کە ئۆبژەی ژنی فارس بە دەست دەهێنین، بەڵکوو ئەنجامی دەرکەوتنی مەیلە. فانتێزی کاتێک چێژبەخشە کە هەرگیز بەڕاست نەبێ، وەدی نەیەت و هەروەها ناشبێ لەگەڵ واقعیەت تێکەڵ ببێ.
تیۆریی دژەکۆلۆنیالیستی هاوکات لەگەڵ شۆڕش بۆ دەرکردنی لایەن/ نەتەوەی کۆلۆنیالیستی فارس، تورک، عەرەب لە سەر خاکی کوردستانە، دەیەوێ کەرامەتی ئینسانی بۆ مرۆڤی کوردی بندەست بگەڕێنێتەوە.
سەرچاوەکان
[1]Biko, Steve. I Write What I Like (Cambridge: ProQuest LLC, 2005) 92.
[2]Marx, Karl. “Theses on Feuerbach,” In Karl Marx: Selected Writings. Edited by David McLellan (Oxford: Oxford University Press, 2000) 173.
[3]Alatas, Syed Farid. “Academic Dependency and the Global Division of Labour in the Social Sciences. ” CurrentSociology 51 (2003): 599-613.
[4]ئەردەڵان، سارۆ. “کوردستان و مێتۆدی دژەکۆلۆنیالیستی: چۆن لە زانستی نەتەوەی سەردەست ڕزگارمان ببێ؟” گۆڤاری تیشک ٥٤ (٢٠٢٢):
[5]Dei, J. Sefa George. “Rethinking the Role of Indigenous Knowledge in the Academy. ” International Journal ofInclusive Education 4 (2): 111-132.
[6]Marx, Karl. “A Contribution to the Critique of Hegel’s Philosophy of Right: Introduction,” In Marx: Early Political Writings. Edited by Joseph J. O’Malley (Cambridge: Cambridge University Press, 1994) 64.
[7]Vali, Abbas. “The Kurds and Their “Others”: Fragmented Identity and Fragmented Politics,” Comparative Studies of South Asia, Africa and the Middle East XVIII (2): 83-94.
[8] Vali, Abbas. “Preface to the Turkish Edition,” In Essays on the Origins of Kurdish Nationalism (Istanbul: Avesta Publishers, 2005).
[9]Vali, Abbas. “Introduction: Nationalism and the Question of Origins. ” In Essays on the Origins of Kurdish Nationalism (Costa Mesa, California: Mazda Publishers, Inc. , 2003)
[10]ئەردەڵان، سارۆ. “کوردایەتی دژ بە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییە. ” گۆڤاری تیشک ٥١ (٢٠١٩).
[11]https://www. youtube. com/watch?v=vwgHMMzM0SE
[12] بە هۆی ئەوەی لێرەدا مەبەستم نییە توێژینەوەیەکی سکولاستیک بە دەستەوە بدەم و دەیان توێژینەوە وەک سەرچاوە ئاماژە پێ بدەم، تەنیا ئاماژە بە گرنگترینیان دەکەم کە بە وردی لایەنی ناسیۆنالیستیی هەر دوو شۆڕشی شێخ عەبیدوڵڵا نەهری و سمکۆ دەستنیشان دەکەن:
Soleimani, Kamal. Islam and Competing Nationalisms in the Middle East, 1876-1926 (New York: Palgrave Macmillan, 2016).
Soleimani, Kamal. “The Kurdish image in statist historiography: the case of Simko. ” Middle Eastern Studies 53 (2017): 949-965.
[13]Spivak, Gayatri. “Can the Subaltern Speak?” In Marxism and the interoperation of culture. Edited by Cary Nelson and Lawrence Grossberg (Urbana: University of Illinois Press, 1998)
[14]Vali. Abbas. Kurds and the State in Iran: The making of Kurdish Identity (New York: I. B. Tauris & Co Ltd, 2011), 13-14.
[15]Vali. Abbas. Kurds and the State in Iran, xiii, 6, 11, 21, 47 and passim.
[16]آبراهمیان، یرواند. ایران بین دو انقلاب. ترجمەی احمد گلمحمدی و محمدابراهیم فتاحی (تهران: نشر نی، ١٣٨٩) ١٤-٢٠.
[17] آبراهمیان، یرواند. ایران بین دو انقلاب، ٤٨٤.
[18] جێی ئاماژەیە بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش وەرگێڕی بەشی یەکەم لە کتیبی کوردەکان و دەوڵەت لە ئێران: سازکردنی ناسنامەی کوردی، چەمکی جڤاتی بە هەڵە بە کۆمەڵگا تەرجەمە کردووەتەوە. لە فارسیدا بۆ جیاوازیدانان لە نێوان Society/Community کەڵک لە جامعە/اجتماع وەردەگرن. وەرگێڕ بۆ نموونە لە جیاتی ئەوەی بنووسێ “اجتماع و مرزهای آن” نووسیویەتی “جامعە و مرزهای آن”. بڕوانە:
ولی، عباس. “شکلگیری هویت ملی کوردی در ایران”. ترجمەی سحر باقری و جمیل رحمانی. پروبلماتیکا (١٣٩٩) دسترسی از طریق http://problematicaa. com/kurdish-identity/
[19]Vali. Abbas. Kurds and the State in Iran, 6.
[20]Fanon, Frantz. The Wretched of the Earth. Translated by Constance Farrington (New York: Grove Press, 1963), 46-7.
[21]قاسملوو، عەبدولڕەحمان. کورتەباسێک لەسەر سوسیالیزم و لەگەڵ شیکردنەوەی کورتەباس (ستۆکهۆڵم: کتێبی ئەرزان، ٢٠٠٣).
[22]Fanon, Frantz. The Wretched of the Earth,36.
[23]Fanon, Frantz. The Wretched of the Earth, 207-8.
[24]Soleimani, Kamal and Ahmad Mohammadpour. “Can non-Persian speak? The sovereign’s narration of “Iranian identity”” Ethnicities 19 (2019): 925-47.
[25]Soleimani, Kamal and Ahmad Mohammadpour. “Life and labor on the internal colonial edge: Political economy of kolberi in Rojhelat. ”British Journal of Sociology (2020) https://doi. org/10. 1111/1468-4446. 12745
[26]Kempf, Arlo. “Contemporary Anticolonialism: A Transhistorical Perspective. ” In Breaching the Colonial Contract: Anti-Colonialism in the US and Canada. Edited by Arlo Kempf (New York: Springer, 2009) 16.
[27] See the Festival reports on Iran International TV by this link directly: https://cutt. ly/AfTuVXQ
[28]Memmi, Albert. The Colonizer and the Colonized. Translated by Howard Greenfeld (London: Earthcan Publication, 2003)130-5.
[29]https://www. youtube. com/watch?v=LtlK3Tolbqw
[30]Homer, Sean. Jacques Lacan (New York: Routledge, 2005) 85-7.


