ئارامتر بخوێنەوە!

ژینگە هەم پرس هەم قەیران

مێزگرد: ئاگری ئیسماعیل نژاد

 

پرسی ژینگە و گرینگیی ژیان لە ژینگەی خاوێن و سەقامگیردا، پرسێکی لەمێژینەوەی کۆمەڵگای کوردی نییە، بەڵام لەگەڵ کەم تەمەن بوونیشی، ئەو پرسە پرسێکی گشتگیری کۆمەڵگای کوردستانە و ئێستا ڕۆژانە تاکی کورد لە ژیانی و لە ڕاگەیاندندا تووشی بابەت، هەواڵ و قەیرانی پەیوەندیدار بە ژینگەوە دێت و هاوکات لەگەڵ ئەوە دەکرێ بڵێین ئێمە لە کوردستان بزوتنەوەیەکی ژینگەپارێزی یان بزوتنەوەیەکی کەسکمان هەیە.

لە یەکەم مێزگردی گۆڤاری تیشک وەک خانەخوێ، میوانداریی بەڕێزان دوکتور باقر فەرەنگیس، دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زاده ، دوکتور مەنسوور سۆهرابی و کاک سەلاح نادریمان کرد و لەو وتووێژە تێروتەسەلەدا هەوڵمان داوە کە ژینگە وەک پرس و وەک قەیران لە چەند ڕەهەندی جیاوازەوە تاوتوێ بکەین و هەر بۆیەش لەو مێزگردەدا چوارمیوانمان هەبوو کە پسپۆریی جیاوازیان بوو، ڕوونە هۆکاری ئەو شێوە بانگهێشتە دەگەرێتەوە بۆ گرینگیی پرسی ژینگە و تایبەتمەندیی ئەو پرسە کە ڕەهەندی جیاواز لەخۆ دەگرێت و بە کورتی دەتوانین بڵێن کۆمەڵگا سەرێکی هەموو ڕەهەندەکانی دەگەرێتەوە بۆ ژینگە؛ بەتایبەت، ئەگەر ژینگە لە قۆناغی قەیران یان تەنانەت هەرەقەیراندا بێت.

بەر لە کۆتایی پێویستە دوو بابەت بۆ خوێنەری ئەو مێزگردە ڕوون بکەمەوە:

 یەکەم: من (ئاگری ئیسماعیل نژاد) بەر لە وتوێژەکە بەرانبەر بە “توسعه پایدار” زاراوەی گەشەی درێژخایەنم دانابوو، بەڵام پاش وتوێژەکە و تاوتوێکردنی لەگەڵ چەند پسپۆری جیاواز، ئەو زاراوەیەم بەباش نەزانی و زاراوەکەم گۆری بۆ “گەشەی سەقامگیر”.

دووهەم: مێزگردی گۆڤاری تیشک لە ژمارەکانی ‌تریش درێژەی دەبێت و لە هەر ژماریەکدا بابەتێکی تایبەت بەو ژمارەیە بە شێوەی مێزگرد لەلایان چەند پسۆری ئەو بوارەدا تاوتوێ دەکەین.



دوکتور حەسەن‌زادە پێم خۆشە میزگردەکە لە بەرێزتانەوە دەست پێ بکەم، دوکتور باقر فەرەنگیس لەو باوەڕەدایە کە ئێستا ژینگە لە پرسی پاکوخاوێنی یان پرسی چین و توێژێکی خواپێداوی کۆمەڵگا تێپەڕیوه و بووه به پرسێکی گشتی لەنێو کۆمەڵگای جیهانیدا و بەتایبەتی لە ناوچەی خۆمان هەم لە کوردستان و ئێران و هەم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. بۆ ئەوە کە ئێمە بتوانین ژینگە بکەین بە پرسێک کە بێتە نێو ڕۆژەڤی ژیانی خەڵکەوە بەتایبەتی لە کوردستان چ ڕێگایەک دەتوانین بگرینە بەر و ئایا ئێوە ڕوانگەی کاک دوکتور باقرتان قبووڵە که دەڵێ پێویسته پرسی ژینگه بکرێته پرسی هەموو کۆمەڵگا یان  تێبینیتان لەسەری هەیە؟

بەڵێ، بێگومان قبووڵمه. ئێمە پێویستیمان بەوە هەیە کە پرسی ژینگە وەک زۆر  لە پرسە ستراتێژییەکانی بوونمانی نەتەوەییی خۆمان بکەینە پرسی هەموو کۆمەڵگا. بۆ ئەوەش لەو باوەڕەدام که دەبێ سیاسەتی ژینگه به ‌لەبەرچاوگرتنی ژینگەی سیاسی پێناسە بکەین و بەپێچەوانەی بۆچوونێكی باو تەنانەت مەسەلەی ژینگە بە سیاسی بکەین، بە مانا نەتەوەیییەکەی، بە مانای ئاسایشی نیشتمانی. چونکه له بنەڕەت‌ڕا دەوڵەتانی حاکم بەسەر کوردستان بەتایبەتی ئێران وایان کردووه که ڕەهەندێکی سیاسیی بەهێز بەسەر بابەتەکەدا زاڵ بێ. لە دنیای پێکەوە گرێدراوی ئەمڕۆدا زۆربەی پرسەکان پێک دەگەنەوە. پرسی ژینگەیش تەنانەت وەک دیسیپلینی زانستیی بوارێكی “ئینتردیسیپلینێری” یان نێوان-رشتەیییە واته چەندین بواری ئەکادیمی پێیدا تێدەپەڕن یان دەبێتە خاڵی چڕبوونەوەی چەندین ڕەهەندی کارناسی. بۆ گەلی کوردیش وەک بۆ هەموو ئەو گەلانەی هەڕەشەیان لەسەرە و هۆگری و پێوەندییەکی چڕوپڕیان به خاک و سروشتی خۆیانەوه هەیە، بابەتی ژینگە بابەتێکی ناسنامەیی و شوناسخوازانەیە. لەخۆڕا نییه ژینگەپارێزانی ئێمە وەک چالاکی مەدەنی و سیاسی چاو لێ دەکرێن، و کاتێک گیانیان دەبەخشن، به شەهیدانی ژینگە ناودێر دەکرێن و لەلایەن کۆمەڵگای کوردستانەوه وەک قارەمانی نەتەوەیی ڕێزیان لێ دەگیرێ. دەشزانین کە ئەو زەرەر و زیانانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ژینگەی ئێمە گەیەنراوە (بۆ نموونە سووتماکی دارستانەکان، یان گلدانەوه و بەلاڕێدابردنی ئاوەکانی کوردستان) له کۆنتێکستێکی ئەمنیەتی و به دید و نیەتێکی سیاسی و بەئەنقەست لە لایەن دەوڵەتی حاکمەوه پلانی بۆ داڕێژراوه.

ئێستا ئێمە دەبێ چی بکەین بۆ ئەوەی بابەتی ژینگه بەرینه نێو کۆمەڵگا و بیکەینه خەمی هەموو کۆمەڵگا، پێش هەموو شتێک ئەمن پێم وایه پێویسته ژینگەی‌ خۆمان باشتر بناسین. ئێمه زانیاریمان لەسەر جوغرافیا و کۆمەڵگای خۆمان کەمه یا لانیکەم بەڕۆژ نیه. ئەو ئامار و داتایانەی دوکتور باقر و دوکتور مەنسوور هەیانه، زۆربەی بژاردەکانی ئێمه لێی ئاگادار نین. پاشان لەو باوەڕەدام که دەبێ ژینگە لە گوتاری گەورەی سیاسیی خۆماندا جێ بکەینەوە. لەو شوێنەدا کە ئێمە دەبێ یەکخستنەوە و نۆژەنکردنەوەیەکی گوتاری بکەین کە بەو جۆرەی ئەمن لە‌و دەوره نوێیەی گۆڤاری تیشکیشدا هەستی پێ‌دەکەم و بۆخۆشم باوەڕم پێی هەیە، پێویستە گوتاری نوێ گوتارێکی کوردیی زیاتر قائیم به زات و باوەڕ بەخۆی له جەوهەردا دژه داگیرکاری و ڕزگاریخوازانه بێ (ئێستا لەڕووی چەمکی حقووقی و فۆرموولی سیاسییەوه ئەوه چۆن ڕێك دەخەین بابەتێکی دیکەیه)، پێویسته بابەتی ژینگه وەك یەکێك له ئێلێمنتەکانی ئەو پێداچوونەوە گوتارییه ‌بەکار ببەین. بەداخەوە لەنێو پارتە سیاسییەکانی ئێمەدا ئەو بابەته یان هیچ گرینگیی پێ نەدراوه و نەبۆته گوتارێکی هەمیشه حازر و گشتگیر، یان ئەوەندەی گرینگیی پێ دراوە زۆربەی کات گوتاری بچووکی ژینگە بووه و گوتاری ژینگە بە واتا گەورەکەی نەبووه. بۆ نموونە ئەو ئەخلاقی ژینگەیەی بۆ کاک مەنسووری سۆهرابی هێندە گرینگە و لە شوێنان باسی دەکا، لەوەدا کورت دەکەینەوه که وەبیر خەڵک بێنینەوه کە پێویستە ئاگایان له دارستانەکان و پاک‌ڕاگرتنی سروشت بێ. ئەوه بێگومان زۆر گرینگ و بنەڕەتییه، بەڵام ئێمه دەبێ بزانین که دەسەڵات له ئێران وەک زۆر بواری دیکە بابەتی ژینگەشی بۆ ئەوه بەکاربردووه که گەلەکەمان بەشێوەی ستراتێژی به گەمارۆدراوی و وابەستەیی بهێڵێتەوه. دەبێ بزانین سیاسەت بەرهەمی باڵانسی هێز لە بنیاتەکان و له ژێرخاندایه، بۆ نموونه پاراستنی زمان و فەرهەنگ، کۆنتڕۆڵی سەرچاوه سروشتییەكان، قورسایی و ئیمتدادی دێمۆگرافی، گەشەی پیشەسازی و ئابووری، کەیفیەتی هێزی مرۆیی و د‌ەروەستیی بژاردەکان، . . . هتد.

مەسەلەی کورد لە ئێران تەنیا بە دروشمی سیاسی و فۆرموولی گەوره ناچێتە پێش. دروشم و فۆرموولەكان دەبێ خورد بکرێنەوه و بکرێنه کەرەستەی خەباتی ڕۆژ به ڕۆژی خەڵک و حیزبەکان. لێرەدایه که بابەتی ژینگه دەتوانێ هەم له ئاستی کەلان و ستراتێژیکدا و هەم له ئاستی تەرجومەکردنەوه بۆ خەباتی بەکردەوه لەسەر ئەرزی واقیع  کارساز بێ. بەداخەوە ساڵانێكه کۆمەڵگای سیاسیی ئێمه نەک هەر لەسەر مەسایلی ئیدئۆلۆژی و وێکهەڵکردن، بەڵکوو لەسەر ئەولەوییەت و پێوەندیی نێوان شێواز وئامانجەکانی خەبات و جێگه و پێگەی هەرکام له بەستێنەکانی شۆڕشگێڕی و مەدەنی ناوبەناو لە‌‌نێو خۆیدا تووشی نالێکی و دڕدۆنگی دەبێ. ئەمن داوای سەنتێز دەکەم. بابەتی ژینگەش یەکێك له باشترین و کاراترین بوارەکانی دروستکردنی ئەم سەنتێز و ئاشتەوایییە هزری و گوتارییەیه. ئێمە ناتوانین باسی ژینگەپارێزی له هەردوو ڕەهەندی چکۆله و گەورەیدا بکەین بەبێ ئەوەی قووەت به بنیاتەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ببەخشینەوه. کاتێکیش کۆمەڵگای مەدەنیمان بۆ گرینگ بوو ئەودەمی خودبەخود ناچار دەبین خەبات لە چوارچێوەی گوتارێکی هەمەلاگیر و فرەڕەهەنددا ڕێک‌ خەینەوه کە هەموو جوغرافیاکانی خەبات پێکەوە ببەستێتەوه، حیزبەکان زیاتر به کۆمەڵگا وەسڵ بکاتەوه و هەموو چین و توێژ و تاکەکان به جۆرێک هەستیار و ئەرکدار بکا که بەڕاستی ببنه پارتنێر و هاوبەشی خەباتی سیاسی. کەوابوو بەڵێ ئەوە زەروورەتێکە کە ئێمە بابەتی ژینگه بکەینە بابەتی بنەڕەتی و گشتگیری کۆمەڵگای سیاسیمان.

مەسەلەیەکی دیکه که دەمەوێ لێرەدا ئیشارەی پێ بکەم ئەوەیه که پارته سیاسییەکانی ئێمه هەمیشه پێیان وا بووه که بابەتی ژینگه کاری دواڕۆژه و هەتا کوردستان ڕزگار نەبێ، پێویست ناکا یا ناتوانین کاری لەسەر بکەین. نزیک به چوار دەهەیه که بابەتی ژینگه له بەرنامەی حیزبی دێموکڕات بۆ حكوومەتی خودموختار (ئێستا فیدراڵ)ی کوردستاندا جێ کراوەتەوه کەچی هێشتا نەچۆته نێو گوتاری سیاسیی کەلانمان. هەم لەبەر ئەوەی ژینگەی ئێمه هەر ئێستا لەژێر مەترسیی قەرەبوونەکراودایه و هەم لەبەر قابلییەتی بواری ژینگه بۆ بە جەماوە‌ری کردنی خەباتی سیاسی، پێویسته ئەو بابەته ستراتێژیکه له ‌بەرنامەڕێژیی خەباتی ئێستا و ڕۆژبەرۆژماندا لەبەرچاو بگرین.



کاک دوکتور باقر!

دوکتور حەسەن‌زادە  لەو باوەڕەدایە کە دەبێ پرسی ژینگە بکرێتە پرسێکی نەتەوەیی، بەڵام ئێمە یەک شتی دیکەش دەزانین، دیارە دوکتور حەسەن‌زادە نکۆڵی لێ نەکردووە، ئەویش ئەوەیە کە ئەو شتەی کە پێی دەگوترێ پرس یان قەیرانی ژینگە، هاوکات کە دەتوانێ پرسێکی نەتەوەیی بێ، پرسێکی ناوچەیی و جیهانیشە، ئێوە بەو تێبینییەوە کە لەوباوەڕەدان، کە دەبێ ژینگە بکرێتە پرسی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردستان چۆن ئەو دوانە تێکەڵ دەکەنەوە؟ چۆن قەیرانێکی نێودەوڵەتی یان ناوچەی لەگەڵ دۆزێکی نەتەوەیی تێکەڵ دەکەنەوە و چۆن دەتوانین ئەو باسە بێنینە نێو کۆمەڵگای کوردستانەوە ؟

 پێم خۆشە لە سەرەتاوە ئاماژە بە باسێکی کۆمەڵایەتی بکەم، لە ڕاستیدا پێموایە لە بڕوا و ئایینی ئێمەدایە، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ بە ئەشرەفی مەخلوقات دادەنرێت و ئەمە لە مێشکی ئێمەدا نەتەنیا لە ڕۆژهەڵات و لە ئێراندا، بەڵکوو لە خاوەرمیانەدا ئەم باوەڕە هەیە، کە مرۆڤ ببێ بە ئەشرەفی مەخلوقات، ئیسە کە مەخلووق هەیە یا نییە ئەوە باسێکی ترە. بابەتەکەی من وشەی ئەشرەفە، کە ئەشرەف بیت یانی زانا، کە ئەشرەف بیت یانێ بەهێز، بڕیاردەر، ئەوەی کە لە سەرەوەدایە، هەرئەم پەتای کۆرۆنایە، نیشانی دا کە بەڕاستی مرۆڤ ناتوانێ ئەشرەف بێت، گەورەییی ویرووسی کۆرۆنا ئەوەندەیە کە ئەگەر یەک میلیون دانەی دابنێیتە پاڵ یەکەوە تازە گەورەییەکەی ئەبێتە یەک میلیمیتر، بەڵام ئەو زەرەرە قورسانەی کە لە کۆمەڵگا و لە خەلکی داوە هەموومان دەیزانین. بیروڕاکە ئەبێ ئاوا بێ کە ئەو هەستیی ئێمە کە مرۆڤ بەشێکە لەم کەهکشانە، لە هەموو ئەو شتانەی کە هەیە، وجودی هەیە، وەکوو ئەندامێک چاوی لێ بکرێت.

کەوابێت هەڵسوکەوتی ئێمە لەگەڵ گیاندارانی تردا، لەگەڵ تەبێعەتدا، لەگەڵ سروشتدا دەگۆڕدرێت. پێم وایە ئەوە باسێکی سەرەکییە کە ئەبێ بیری لێ بکەینەوە، ئەوەی کە فەرمووتان باسی ژینگە لە ڕاستیدا ئەگەر کە ڕیشەیی چاو لە مەسەلەکە بکەین، هەڵئەگەڕیتەوە بۆ گەشەی ئابووری و بۆ ژیانێکی باشتر، لەوێیش ئەبێ ئیمە لە سەرچاوە سروشتییەکان کەڵک وەربگرین. ئەو سەرچاوە سروشتییانەش بەشێکە لە ژینگە، لە بەحسی ئابووریدا بەهێزبوونی ئابووریمان هەیە و گەشەی کۆمەڵایەتیمان هەیە، کە ئەو دووانە هەمیشە وەکوو یەک نین. بۆ نمونە ئیتیۆپی دە ساڵ لەمەوبەر گەشەی ئابوورییەکەی بە شوێن چینا دووهەم بوو، بەڵام کە چاوت لە کۆمەڵگای ئیتیۆپی دەکرد دەتدی ئەو بەهێزبوونی ئابوورییە لە کۆمەڵگادا کەس نایبینێ جگە لەتاقمێک و گرووپێک نەبێ کە لە ئادیسابابا دانیشتبوون و خەریکی خۆشگوزەرانیی خۆیان بوون، کە باسی ژینگە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ بابەتە ئابووریەکان وئێمە ئەبێ بابەتی ئابووری، مرۆیی، ژینگەیی هەر سیانی پێکەوە لە کۆنتێکسێکدا بیبینین.

ئامانجە ئابوورییەکەی نموونەی بۆ بێنینەوە هەر لە ڕۆژهەڵاتی خۆمان، ئەگەر ئێمە گەرەکمان بێ ئەو کۆمەڵگای کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییە کە هەمانە بمانهەوێ بیکەین بە کۆمەڵگایەکی پیشەسازی و سەنعەتی، ئەوە ئەبێتە ئەو بەشەی کە گوتم بەشی ئابوورییەکەیە. ئێستا ئەبێتە سەر ئەوەی باشە پێشکەوتنی ئابووری بۆ مرۆڤ ئەبێ چ ئامانجێکی ببێ؟ ئامانجەکەیشی بۆ مرۆڤ ئەبێ بە خۆشگوزەرانی بۆ ئەو خەڵکە کە لەو ناوچەیەدا دەژین.

جا ئێستا پرسیارێک کە دێتە گۆڕێ ئەوەیە ئەو خەڵکە کێن؟ خەڵکێکن کە ئێستا لەوێ دەژین؟ باشە ئەو خەڵکە لەوێ دەژین بە باش بوونی باری ئابوورییەوە هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێ، دەی باشە منداڵەکانیان؟ منداڵی منداڵەکانیان لەم سەرچاوەی سروشتییە چۆن ئەبێ بەشدار بن؟

لە بابەتی ژینگەکەشییەوە ئەوەیە کە ئێمە کە کەڵک لەم سەرچاوە ژینگەیییانە وەردەگرین، بمانەوێ و نەمانەوێ ئاسەوارێک و خەسارێک دەمێنێتەوە لە سروشتدا ئەوە چی لێ بکەین؟

ئەمانە بابەتگەلێک بوون کە پێم خۆش بوو وەکوو خاڵ ئاماژەیان پێ بکەم،  ئەگەر کە پرسیار بێت و لەسەری باس بکرێ من لە خزمەتدام.



بەرێز کاک سەلاح

بەرێز دوکتور حەسەن‌زاده نەزەری ئەوە بوو کە پرسی ژینگە وەکوو پرسی حیزبەکان لە وتارە کەلانەکەدا بوونی ببێت، ئێمە ئێستا لە کوردستاندا ئەکتەرێکی ‌تریشمان هەیە کە لە واقیعدا ئەکتەری نێو کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستانە، ئایا پرسی ژینگە لە کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستاندا وتارە کەڵانەکەیە؟ کۆمەڵگای مەدەنی چۆن دەتوانێ ئەو پرسە بەرێتە نێو کۆمەڵگای کوردستان و نێو سیاسەتەوە؟

دەتوانین بڵێین کە لە ناو بەشیکی زۆری کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستاندا، ئەم پرسە بەتایبەتی چاوی لێ دەکرێت؛ بەڵام لە دەرەوەی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستاندا فشاریکی زۆر هەیە بو ئەوەی ئەم پرسە لە کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستاندا،  لە وتارە کەڵانەکەوە بگۆردرێت بە وتاریکی دەرەجە چەندم.

مەسەلەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سیستەمێکی زلهێز دەستی کێشاوە بەسەر کۆڵان بە کۆڵانی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستاندا و ئەگەر هەر چەشنە کارێک بە تاکەکەسێک یان ڕێکخراوەیەک بکڕێت، ئەوا لە لایەن ئەو سیستەمە زڵهێزەوە بەرگیریی لێ دەکرێت.

کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان زۆر گرێدراوە بە باسی ژینگەوە. ئەگەر ڕاحەتتر بڵێم ئەوا کوردستان بێ ژینگە کوردستان نیە. بۆ ئەوەی بزانین بۆچی ئەم کۆمەڵگایە لە ژێر فشارە و ئەم فشارە لە لایەن کێوە دێت ئەوا دەبێت کەمێ زۆرتر بچینە ناو باسەکەوە.

بۆ ئەوەی ئیمە ببین بە خاوەنی کۆمەڵگایەکی مەدەنیی بەهێز، پێویستمان بە چەند عاملی زۆر سەرەکی هەیە کە یەک لەوانە خەڵکە (خەڵکێکی ئاگا و زانا ڵێرەدا)، دووهەم سیستەمێکی ڕێکوپێک کە پلانداڕێژ بێت و بتوانێت بە باشی چوارگۆشەی ئەم کۆمەڵگایە لە یەکتر نزیک بکاتەوە. (بە باسێکی ڕوون تر: متمانە لە کۆمەڵگادا گرینگترین سەرمایەی ئەو کۆمەڵگایەیە کە لە وجودی خەڵکانیکی زانا و سیستەمێکی باشی پەروەردەیی و مودیریەتیدا دەستەبەر دەبێت).

بەڵام شتێک ڵێرەدا (مەبەست کۆمەڵگای کوردستان) نادیارە؛ یان پەیدا دەبێت بەڵام نەبوونی لە بوونی باشترە و ئەویش بوونی سیستەمێکی نەخۆش و گەندەڵە.

سیستەمێک کە من بۆخۆم بە سیستەمی دەوڵەت-مافیا ناوی دەبەم. سیستەمێک کە تەنیا ئیش دەکات بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی عەقلیەتیکی ئیدئولۆژیکی و چەن کەسی ئامادە بکات. لەم سیستەمە مافیایەدا هەموو گیاندارێک، کۆمەڵگای مەدەنی و مۆشتەقاتی، ژینگە و شتەکانی تریش لە خزمەتی ئەو عەقڵیەتەدا دەبێت بو ئەوەی ئەو فکریەتە ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر بێت و تەنیا شتێکیش کە لێرە دا بۆ ئەو سیستەمی مافیایییە گرینگ نییە،  ژینگە و کۆمەڵگا و خەڵکی مەدەنییە.

کاتێ پرس لە ژینگە و کۆمەڵگای مەدەنی دەکرێت دوو کلیل واژەمان هەیە: مرۆڤ لەو کۆمەڵگایە و خۆدی کۆمەڵگاکە.

مرۆڤ وەکوو تاک؛ تاک یانی چی دەکات خۆی بەرپرسیارە و، مرۆڤ وەکوو بەشێک لەو کۆمەڵگایە؛ ڵێرە سیستەم دروست دەبێت. سیستەم! ڕۆحی خۆی لەو کۆمەڵە خەڵکە دەگرێت. “من” وجوودی نیە بەڵکوو دەبێت بە “ئیمە”. وەکوو نموونە: ئیمەی کورد یان ئێمەی ڕۆژهەڵاتی یان ئیمەی سنەیی.

سیستەم (کۆمەڵگای مەدەنی) خۆی چەند بەشی دەبێتەوە. بۆ ئەوەی باش ئەو سیستەمە بناسین دەبێت ئێمەیش وەکوو خوێنەری ئەو کۆمەڵگایە لە چەند ڵاوە سەیری ئەو سیستەمە بکەین، دەنا خوێندنەوەکەمان، خوێندنەوەیەکی دروست نیە.

لە وڵامی پرسیاری ئێوەدا کە چۆن دەتوانین پرسی ژینگە بەرینە نێو کۆمەڵگاوە ئەوا بە:

 ۱. ناسینی دروستی کۆمەڵگا (کولتوور، ئێکۆنۆمی و پۆلێتیک لەو کۆمەڵگایەدا).

٢. ناسینی دروستی خەڵک (کوڵتوور، دەروونناسی و بیری هاوبەش).

٣. سیستەمی پەروەردە(هەر دوو بەشی فەرمی(قوتابخانە، زانکۆ، میدیا) و نافەرمی(کولتووری خەڵک).

کاتێک ئیمە توانیمان بە سەر ئەم سیستەمەدا زاڵ بین، ئەوا دەتوانرێت چ باسی ژینگە و چ باسی تریش ببرێتە ناو کۆمەڵگاوە و بکرێت بە بەشی گرێدراوی ئەو کۆمەڵگایە.

بە داخەوە لە کوردستانی خۆمان هەروا کە پێشتر گۆتم سیستەمی سیاسیی دەسەڵاتدار(دەوڵەت-مافیا) نەتەنیا حەز بە ئەوە ناکات کە باسی ژینگە گەورە بکرێت، بەڵکوو هەموو هەوڵێکیش دەدات بو ئەوەی ئەم پرسە نەبێت بە پرسی سەرەکیی خەڵک لەو کۆمەڵگایەدا. چونکە ئەو سیستەمە گەندەڵە خەریکە لەم ڕێگایەوە نانی خۆی و کەسانی گرێدراو بە سیستەمەکە دابین دەکات. بۆ نموونە سەیری کانگاکانی کوردستان(تەڵا و بەرد و. . ) ئاو و دار ی کە لە کوردستان بە تاڵان دەچێت بکەن.

کۆمەڵگای مەدەنیی لاواز ناتوانێت ببێت بە بەشێکی جیاواز(سیستەمی هاوتەریب)  لە سیستەمی سیاسی. چونکە:

  1. یان هێزێکی نیە.
  2. یان ‌هێزێکی لاوازی هەیە (هێزی سیاسی زۆڕینەیە. لە ئە‌قەلیەتدایە).
  3. یان هێزی هەیە بەڵام ئەو هێزە خۆی ناناسێت. (کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان زۆرینەیە بەڵام ئەو هێزە؛ خۆی ناناسێت)

ڵێرە شتێک کە ڕوو دەدات ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگایە دەچێتە ژێر فشار و کاریگەریی سیستەمی زاڵدا.

لە کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستاندا، سیستەمی سیاسییە کە بەسەر هەموو شتێکدا زاڵە. سیستەمی سیاسی خاوەنی جوغرافیای سیاسییە و جوغرافیای سیاسییش دێت دەقیقەن ژینگە سنووردار ئەکات. بۆیە کۆمەڵگای مەدەنیی بەهێز لە کوردستان بە تەنیایی چارەسەر نیە و بو ئەوەی بتوانێت قسەی بۆ وتن بێت بو نموونە لە سەر ژینگە لە کوردستان؛ دەبێت ببێت بە خاوەنی سنوورەکانی خۆی.

کاتێک کە ئیمە نە خاوەنی کۆمەڵگایەکی مەدەنیی بەهێزین و نە خاوەنی سنوورە سیاسی و وجوغرافیایییەکانی خۆمانین! دەبێت ئەو هێزە کەمە فێر و پشتیوانی بکەین بۆ ئەوەی لە بەرانبەر سیستەمێکی دەوڵەت-مافیادا کاربکەن. هەروەها کار بۆ ئەوەی کە ئەو بەشەی دیکەی خەڵکیش ئاگادار بکەینەوە.

لێرە مەسەلەی “رهابێلێرتینیگ ” واتا تواناسازی دێتە بەرۆ ئەوە کە ئێمە چۆن دەتوانین خەڵکی خۆمان تەوانمەند بکەین؟      

  • بە شێوەی تاک بە تاک و گشتی وەکوو کەڵک وەرگرتن لە سۆشیال میدیا.
  • چالاک کردنی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ بە ئەستۆ گرتنی پەروەردە و ئاگادارکردنەوەی خەڵکی ناوچەکانی کوردستان.
  • باوەڕمەند کردنی خەڵکی خۆمان بو ئەوەی کە گیروگرفتەکانی ناو کۆمەڵگا نیازی بە هاوکاری و بیری هاوبەشە.
  • متمانەسازی وەکوو کلتوورێک پەرە بستێنێت. هاودڵی کلیلواژەی ئەم پرسەیە و لە کوردستان، لە کاتە تەنگانەکاندا دیوومانە کە خەڵک چۆن دەچنە یارمەتیی یەکتر. ئەمە نابێت بەس بە شیوەیەکی کاتی بێت بەڵکو ئەوە بەشێکی هەرە گرینگی کولتووری کوردە کە دەبێت زیندووتر ببێت و پایدار.

کێشەکانی هەر ناوچەیەک دەبێت بە هاوفکریی خەڵکی ئەو ناوچەیە چارەسەر ببێت و ڕێکخراوە مەدەنییەکان هاوکار و یاریدەری ئەو خەڵکە بن.



بەرێز دوکتور سۆهرابی!

 بە باوەڕی جەنابت پرسی ژینگە پرسێکی سیاسییە؟ هاوکات لەگەڵ ئەوە پێم خۆشە ئەگەر بکرێت باسێک لەسەر ئەوە بکەن کە ئەخلاقی ژینگەیی چییە؟ چون بەڕێزتان لە زۆر وتووێژدا باستان لە پرسی ئەخلاقی ژینگەیی کردووە؟  بە باوەڕی ئیوە چۆن دەکرێ لە ڕێگای ئەخلاقی ژینگەیییەوە، پرسی ژینگە ببەینە ناو کۆمەڵگای کوردستان؟

زۆر جار خەڵک ئەڵێن با پرسی ژینگە بەسیاسی نەکرێ، بەڵام ناکرێ سیاسی نەکرێتەوە، لەو کتێبانەی کە باس لە مێژووی خەباتی ژینگەیی یان مەسایلی سیاسیی ژینگە دەکەن، وەکوو کتێبیک هەیە بە نێوی “مێژووی ئیکۆلۆژی”یە، لەوێدا باس لەوە دەکات کە لە زەمانی “ئاراستوو” و “سوقرات” و . . . بەحسی گرینگیی ژینگە هاتووەتە ئاراوە و ئەو فەیلەسووفانە باسیان لەوە کردووە کە ئەو جێگایانەی کە مەنتیقەکەیان خۆش ئاو وهەواترن، مرۆڤگەلێکی بائیستعدادتری تێدا پەیدا دەبن و زیرەکتر دەبن و دەتوانرێ پێشڕەو بن. هەر ئەو بیرۆکانە کە دواتر من شتێکم دیت گەڕاوەتەوە سەر ئەوە کە نەقشی هەبووە لە پرسە “کۆلۆنیالیزمەکان” و “کۆلۆنیالەکاندا”. یەعنی وەکوو سەرچاوەیەک چاویان لێ کردووە کە ئەو وڵاتانەی کەوا لەباری ئیقلیمی و ئاو و هەوا، لەباری سەرچاوە سروشتییەکانەوە وڵاتانێکن کە دەتوانرێ مرۆڤی زۆر باش لەوێ پەروەردە بکرێ یان ئەو هەلومەرجەی کە بووەتە هۆکاری ئەوەی ئەو حاڵەتە بۆ ئەو ژینگەیە پێک بێنێت، بۆیان بۆتە ئامانج بۆ ئەوەی بتوانن داگیری بکەن، جا یا سەرچاوە سروشتییەکانیان لێ بەرنە وڵاتی خۆیان یا ئەوەیکە گۆڕانکارییەکی لە نێو کۆمەڵگاکەیدا بەوجود بێنێ، دێموگرافیی ئەو مەنتیقەیە عەوەز بکەن. یا ئەوەی کە پێشی بگرن نەهێڵن کە ئەو مرۆڤانەی لەوێن بتوانن گەشە بکەن. یەعنی ئەو ئیقلیمە وەها تێک بدەن کە ئەو مرۆڤانە نەتوانن لە داهاتوودا، مرۆڤی هۆشمەند بن. جا ئەوانە بوونەتە بنەما، مەبەستم ئەوەیە کە پرسەکە زۆر قووڵتر لەوەیە کە ئێمە پرسی ژینگە لە مەسایلێکی چکۆلەدا ببینین.

دواتر دەبیبین لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، لە ئینگلستان جەریانێک هاتە پێشێ کە ئەوانە پرسی ژینگەیان هێنایە نێو قانوون و دەوڵەت و بەحسی ئەوە هاتە گۆڕێ کە لە پەڕی ئەو باڵندانە بۆ سازکردنی لیباس ئیستفادە نەکرێ، ئەوانە ئیتحادییەیەکیان دانا بەناوی ئیتحادییەی “پلامیچ” کە ئەوانە توانیان قانوون بگۆڕن لە وڵاتی ئینگلیس نزیک ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر.

لە ئەمریکا مەسەلەن دەبینین لە “سانفڕانسیسکۆ”، “جان مەیەر” کەسێکی زۆر نێودارە، سروشت ناسێکی مەشهورە لە دونیادا، کلاپێکی دانا بەناوی “سزیرا” کە ئێستە لە ئامریکا زیاتر لە دوو میلیۆن کەس تێیدا بەشدارن و لەسەر قانوونە ژینگەیییەکان لە سیاسەتی ئامریکادا، کاریگەریی هەیە.

ئەگەر بێین بۆ سەدەی بیستەم بزووتنەوەی زۆر گەورەمان هەبووە کە بوونە هۆی ئەوەی هێزی سیاسی ساز بێ، حیزب ساز بێ، دەبینین لە ئاڵمان حیزبی سەوز دەگاتە دەسەڵات، لە ئینگلستان لەساڵی ١٩٧٢ لە سیاسەتی ئەو وڵاتە نەقشی دەبێ، لە ئوستڕالیا هەروا.

مەبەست ئەوەیە کە پرسی ژینگە سەتاسەت سیاسییە. سەرنج بدەن، لە کۆنفڕاسی پاریس سەرۆک کۆماری وڵاتێک دێ باس لە قانوونێک دەکات، دواتر سەرۆک کۆمارێکی دیکە دێ هەر لەو وڵاتەیدا، لە لایەن وڵاتی خۆیەوە ئەو گرێبەستە هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەوە پرسێکی سەداسەد سیاسییە، یا دەبینی کاتێک وەزیرێکمان هەیە لە کابینەی دەولەتێکدا بە نێوی وەزیری ژینگە، دەبێتە پرسێکی سیاسی.

لە هەندێک شوێن هۆکاری ئەوەی کە کێشەکان قووڵ دەبنەوە ئەوەیە کە پرسەکە لە حاڵەتێکی سیاسییەوە دەبێ بە حاڵەتێکی ئەمنییەتی، دەبینین کە شەڕ ساز دەبێ، وڵاتان لەسەر مەسایلی ژینگەیی تووشی شەڕ بوون، لەسەر ئاو لەسەر خاک تووشی شەڕ بوون. هەر ئەو جوغڕافیایەی وڵاتانی لەسەر بنیات نراوە. کەوایە پرسێکی یەکجار زۆر گرینگە، بەڵام مەسەلەی ئەخلاق وەکوو ڕەوشت.

کاک باقر باسی ئەوەی کرد کە ئێمە مرۆڤ وەکوو ئەشرەفی مەخلوقات دەبینین. لە چوارچێوەی باوەڕە دینییەکانی خۆماندا، خۆمان پێ سەرتر لەو سیستەمەیە. ئەمە وای کردووە کە کێشەی گەورە لەهەموو دونیادا ساز بێت، ئەوەی کە من وەکوو مرۆڤێک خۆم لە هەموو شتێکی ئەو دونیایە پێ لەسەرترە و ئەو دونیایە بۆ ئەوە ساز کراوە کە من ئیستفادەی لێ بکەم و دواتر بچمە دونیایەکی دیکە و لە دونیاکەی دیکەدا بە ئارامی بژیم و لێرەشەوە هەموو شتێک لە خزمەت مندایە، ئەو بیرۆکەیە دەتوانێ زەربە لە سەرچاوەکان بدات، لەسروشت بدات، لە ژیان بدات، یانی حاڵەتێکی وەکوو “ئانتی تێزێکە” لە نێوخۆی ڕەوتی مەسەلەی کۆمەڵایەتیشدا. یانی دەبێتە هۆی ئەوەی پێشی تەکامولی کۆمەڵایەتیی ئینسانەکانیش بەو شێوەیەی کە بتوانێ بەردەوام بمێنێتەوە و بتوانێ دەوامی هەبێ بۆ نەوەکانی داهاتووش، پێشی ویش دەگرێت.

لەواقیعدا مەسەلەی ئەخلاق، جۆرێک ڕەوشت و هەڵسوکەوتە. جا ئەوە دەگەڕێتەوە سەر مەسەلەیەکی فرەڕەهەندی یانی مەسەلەیەک نییە تاک بە تەنیا بتوانێ ئەوە جێبەجێ بکات. بۆخۆمان دەزانین ڕەوشتەکان لە حاڵەتی تاکەوە جاری وا هەیە حاڵەتی کۆمەڵگایی پەیدا دەکەن. یانی ڕەفتار و ئەخلاق لەگەڵ ئینسانەکانی دیکەی کۆمەڵگا گۆڕانی بەسەردا دێ، یەعنی کاریگەریی هەیە جا لێرەدا گرینگە کە ئێمە هەردوو مەسەلە هەم مەسەلەی تاک هەم مەسەلەی کۆمەڵگا لەبەرچاو بگرین.

بۆ تاک پێویستە کاتێک مناڵێک لە دایکی خۆی دەبێت، تا ئەو ڕۆژەی کە دەژی، مەسەلەی ژینگە ببێتە بەشێک لە ژیانی. پێشتر کە بۆخۆی لەلایەن دایک و بابیەوە ڕادەهێنرێ، بتوانرێ ئەوانەی پێ فێر بکرێ. یەکەم شت ئەوەی کە زەوی، ژیان، سروشت، حەیوان، دار، هەموو ئەو فاکتە ژینگەیییانەی خۆش بوێ. یانی کاتێک مرۆڤ گەیشتە جێگایەک کە هەستێکی تەعەلوق بکات بەو ژینگەیەی و خۆشی بوێت، ڕەفتار و کردار و ڕەوشتی لەگەڵ ئەو فاکتەی دەگۆڕێ؛ نیسبەت بەو حاڵەتەی کە هیچ هەستێکی خۆشەویستیی نەبێ و یان ئەوەی تەنانەت بۆیشی گرینگ نەبێت.

ئەگەر وای لێ بێ، ئەو هەستە خۆشەویستییە ئەوەندە قووڵ بێ دەتوانرێ کاتێک کە ئەو مرۆڤە کارێک دەکات کە کارەکە زیان بەو فاکتانە دەگەیەنێ، حاڵەتێکی دەروونیی بۆ پێش بێ کە هەست بە گوناە بکات، هەست بە ناڕەحەتی بکات، ئەو هەستی ناڕەحەت بوونەیە کە دەتوانێت کاریگەرییەکی یەکجار گرینگی هەبێت لەسەر پێشکەوتنی ئەو ڕەوت و ئەو ئەخلاق و ڕەوشتەی کە هەیەتی، بۆ ئەوەی کە ئەو ئەخلاقەی بێتە ناو کۆمەڵگا، یەکەم شت ئەوەیە کە بنەماڵەکان زۆر زۆر گرینگن، کە ئەویش ناتوانرێ فەقەت چاو لەوە بکەین کە مناڵەکان دەبێ پەروەردە بکرێن. ئیتر ئەوانە دواتر ئەو مەسەلەیە ببەنە پێشێ، بەخاتری ئەوەی کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکە ئیحتیاجی بەوەی هەیە کە بۆ هەموو تەمەنەکان، بۆمناڵەکان، بۆ ئەوانەی کە جەوانن، ئەوانەی کە بەساڵدا چوون، بۆ پیرەکان، بۆ هەموویان دەبێ ئێمە پلان وبەرنامەمان هەبێ بۆ ئەوە، لێرەدا مەبەست لە ئێمە کێیە، دووحاڵەت  هەیە. ئێمە وەکوو کورد کە لەدەسەڵاتدا نین، لێرەدا دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی کە لەو بوارانەدا کار دەکەن و بۆخۆیان باوەڕیان بەو شتانە هەیە. ڕووناکبیرەکانن، ڕێکخراوەکانن، مێدیاکانن کە کاریگەرییان لەسەر خەڵک هەیە، سۆشیال میدیایە و لە بۆشاییی هێزێک کە ئێمە وەکوو کورد لە دەسەڵاتدا هەمانە لەئێران، مەسەلەی حیزبە سیاسییەکان بۆ بردنە پێشی مەسەلەی ئەخلاقی.

جودا لەو مەسەلانە کاک ئاسۆ ئاماژەی پێ کرد، نەخش ودەور دەبینێ کە ئێمە بتوانین کۆمەڵگاکە بەرەو ئەو حاڵەتە هیدایەت بکەین کە نیسبەت بە هەڵسوکەوتیان لەسەر ژینگە هەستیارتر بن و کاتێک هەستیارییەکە هەبێ، هەر ئەو حاڵەتەی کە عەرزم کردن کارێکی تەخریبی ئەنجام دەدەن، هەستێکی ناخۆشیان هەبێ. لێرەدا دەبێ ئاماژە بە مەسەلەی دیکەیش بکردرێ کە مەسەلەی ئەوەیە کە چۆن لە نێو فێرکاریدا، ئاوڕ لە مەسەلەی دەرس خوێندن واتا پەروەردەی ڕەسمی بدرێتەوە. ئەویش کێشەیەکی کە هەمانە، ئێمە چون لە دەسەڵاتدا نین، بۆ ئێمە بۆتە گرفتێک لە کۆمەڵگای کوردستاندا، بەڵام دەتوانرێ لە نێو سیستەمی پەوەردەییدا ئاماژە بەو مەسەلەیە بکرێ کە مەسەلەی ئەخلاق و ڕەوشتی ژینگەیی دەتوانرێ کاریگەرییەکی یەکجار زۆری هەبێ لەسەر داهاتووی وڵاتێکدا، لەسەر گەشەپێدانی وڵاتێکدا. من قسەکانی خۆم بە نموونەیەک بۆتان کۆتایی پێ دێنم، ئێمە لە دەوروبەری مهاباد گیایەکمان هەیە بە نێوی چاڵۆک، وەکوو دەوەنێک، وەکوو درەختێک لە مەنتەقەی ئێمەدا هەیە. شتێکی بوومیی مەنتەقەیەیە، ساڵانێک لەمەوبەر دەمدیت خەڵکەکە دەچوون ئەو چاڵۆکەیان دەبڕی دەیانهێناوە ماڵێ گوڵی مەسنوعییان لێ وەسڵ دەکرد لەسەر ئەو دارەی، دەگەڕێتەوە سەر هەمان زانست و تێگەیشتن و ڕەوشت وئەخلاقەی کە ئێمە نەمانتوانیبوو تێیدا سەرکەوتوو بین. تا ئەو حەددەی کە شتێکی ئاوا گرینگ لە نێو ژینگەکەی خۆمان بە دەستی خۆمان بمانەوێ حەزفی بکەین.

یا دەبینین پیسکردنی ئاو هەیە، مەسەلەی ئاگرتێبەردانێکی کە بەدەستی خەڵک هەیە، هەمووی ئەوانە لە چوارچێوەی ئەخلاق و ڕەوشتی کۆمەڵگادا خۆی دەبینێتەوە و پرسیکی یەکجار زۆر گرینگە کاتێک کۆمەڵگا ئەخلاق و ڕەوشتی ژینگەیی لەبەرجاو بگرێ، پرسی ژینگە لە سیاسەتدا دەتوانێ دەورێکی زۆر زۆر باشتر ببینێ .



بەرێز دوکتور فەرەنگیس !

جەنابتان باستان لەسەر کانزا کرد، بەڕێزت لەم ماوەیەدا سەرقاڵی ئامادەکردنی کتێبێکی بەناوی کانزاکانی کوردستان، پێم خۆشە ئەوە بپرسم که  کانزاکانی کوردستان تا چەندە دەتوانن ژێرخانێک بن بۆئەوەیکە بتوانین گەشەی سەقامگیر یان تەوسعەی پایدارمان لە کوردستاندا هەبێت؟

لەسەرەتاوە دوو وشە هەیە با من عەرزتانی بکەم. ئەوەی کە بە فارسی پێی دەڵێن “کانسار” و”معدن” و پێم وایە کوردییەکەی دەبێ بە کانزا و کان. ئەوانە ئەبێ لە یەک جیا بکرێنەوە. کانزا یا کانسار شوێنێکە کە گومانی ئەوە هەیە کە مەوادێکی بایەخداریان تێدا بێ؛ کە باسی کان دەکەین بە مەعنای ئەوەیە ئەو ماددە بەنرخە و عونسورەی کە لەوێدایە، ئەوەندە زۆرە کە ئێمە دەتوانین ئیستخراجی بکەین دەریبێنین و بەرهەممان لێی هەبێ.

 باسەکەی من زۆرتر باسی مەعدەن و کانەکانە. لێرەدا کە باسی زەوی ناسی بکەین، لەتەواوی زەوی ناسانی تەواوی دونیا مەتڵەبێکیان هەیە، باسێکیان هەیە پێی دەڵێن “زۆنی سنە – سیرجان”، ئەو زۆنی سنە سیرجانە، ئەتوانین بۆخۆمان تەسەوری بکەین کە هێڵیکە لە گۆلی ورمێوە دەست پێ دەکات دەڕواتە سنە، دەڕواتە سیرجان. جا لەوەدوا دەڕواتە کەنداو.  ئەویش بەهۆی زەوی ناسی، بابەتی زەوی ناسی دوو پلەیتی ئێران و عەرەبییە کە لەگەڵ یەکتریندا هەمیشە ئاڵوگۆڕیان هەیە.

ئەوە هۆکارێکە کە ئێمە دەتوانین بزانین کە ئەو سەرچاوە سروشتییانەی کان وکانزاکانی ڕۆژهەڵات، لە کوێوە دەستی پێ بکەین .

شتێکی زۆر سەیر لە کان و کانزاکانی ڕۆژهەڵاتا هەیە ئەویش فرەجورییەکەیەتی. بە مانای ئەوەیە کە وەختێ لە خۆی و ماکۆوە دەستی پێ دەکەین تادەگاتە ئابدانان لە ئیلامدا، لە باکوورەوە زۆرتر ئێمە مەعادنی فلزیمان هەیە یانی عونسرهایەکی فلزیمان هەیە کە دێیتەوە بەرەوخوار بەرەو لای ئیلام و ئەولا زۆرتر ئەبێتە مەنابعێکی فوسیلی وەکوو قیری سروشتی، گاز و نەوت و شتهایەکی ئابەو شێوەیە. ئەو فرە جۆرییە شتێکە تایبەتی ڕۆژهەڵاتە. ئێمە فرە زمانیمان هەیە فرە ئایینیمان هەیە، ئیستا ئەم بابەتەی کان وکانزاکانیش بەڕاستی فرە جۆرییە .

کانەکانی ڕۆژهەڵات بە کورتی من فەقەت ئاماژەیان پێ بکەم ئاسنە، زێڕە، جیوەیە، بەردە بەنرخەکانە کە پێێان دەڵێێن بەردی ڕازاندنەوە(سنگهای تزئینی)، گەچە، ئاهەکە، پاشورە، قیری سروشتییە و سەیر لەوەدایە کە ئێمە پاشۆر فەقەت بە پاشۆری ئەزانین، کە پای پێ تەمیس کەین بەڵام بەڕاستی شتێکی زۆر بەنرخە و قازانجهایەکی زۆری لێ دەگیرێت و ئەوەش لەناو ئەو کتێبەم کە هیوادارم بە زوویی چاپ بێت لەسەر ئەوەش باسم کردووە. بە کورتی ئاماژەی پێ دەکەم بەپێی ئاماری ڕەسمیی پار، کە لەلایەن وەزارەتی سەنعەت ومەعدەن وتیجارەتەوە بووە، ئێمە لە ورمێدا ٦٠٧ لە پارێزگای سنە ٤٤٩ لە پارێزگای کرماشان ٣٢٨ لە ئیلام ١١٢ لە مەجموعدا نزیک ١٥٠٠ کان نەک کانزا، مەعدەنی فەعال و غەیرە فەعالمان بووگە .

ئەگەر کە من بە یەک وشە وڵامی پرسیاری جەنابتان بدەمەوە دەڵێم بەڵێ، دەکرێت بە هۆی ئەو ئیمکانگەلەی کە لە ڕۆژهەڵاتدا هەمانە، کۆمەڵگای کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی ڕۆژهەڵات بکەین بە کۆمەڵگایەکی پیشەزای وسەنعەتی. جا لێرە ئاماژە بە دوو شت بکەم، یەکێکی زێڕە یەکێکی ئاسنە. بە پێی ئاماری پار لە ئێراندا ٦٠ تۆن زێڕ بەرهەم هاتووە، نیوەی ئەو زێڕە هین پارێزگای سنە بووە. ئێستا ئەگەر پارێزگای ورمێی لەسەر حیساب کەین لە سەدا ٦٠ی زێڕی ئێران هین کوردستانە.

جا ئیسە ئەو بابەتانەی بیری لێ بکەینەوە، بابەتی ژینگە و بابەتەکانی دیکە ئەوەیە، ئەگەر کە زەوییە عەیار٣٪ بێت ئەوە کانێکی زۆر باشی زێڕە، کانی ٣٪ بە مانای ئەوەیە کە لەیەک تۆنی ئەو خاکە بتوانین ٣ گرەم تەڵامان هەبێ.

 کاتێ ٣ گرەم تەڵامان کە دەرهاورد لە قباڵی ١٠٠٠کیلۆدا زۆر نییە بەڵام بۆ پاڵافتەکردنی ئەم ٣ گرەمە تەڵا، ئێمە یەک تۆن قوڕمان هەیە کەئەو قوڕە ژەهراوییە .

باشە بەم قوڕە چی بکەین؟ سروشت لەگەڵ ئەما چۆن هەڵسووکەوت بکات؟

سیاسەتەکانی ئێمە چۆن دەبێ؟ باسەکانی من باسێکی داهاتووی ڕۆژهەڵاتە .

ئێمە ئەشێ پلانێکمان هەبێ بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵات. ئیسە سەربەخۆ بێ، فیدراڵ بێ، بۆمن ئەوە ئەوەندە گرینگ نییە، ئەوە باسێکە کە ئەشێ سیاسەتمەدارەکان زۆرتر لەسەری قسە بکەن. بەڵام بابەتەکە ئەوەیە کە ئێمە ئەشێ بیر لە داهاتوو بکەینەوە، مەسەلەیەکی دیکە لەسەر بەرهەمهێنانی زێڕە، بۆ ئەوەی کە یەک گرەم زێڕ پاڵەفتە بکەین پێویستمان بە ١٥٠٠ لیتر ئاوە، ئەمە پرسیارە ئەم ئاوە لە کوێ دێت؟

یان بڕۆینە سەر باسی ئاسن، بەکورتی لە چەند خاڵدا ئاماژەی پێ بکەم، ئێمە لەناوچەی بیجاڕدا کانزا و کانەکانی ئاسنمان هەیە، لەئێراندا چوار جۆر ئاسن و پۆڵا بەرهەم دێت [آهن اسفنجی، فولاد خام، گندلە و محصولات فولادی] بۆبەرهەمهێنانی ئەم چوارە، هەر کام لە نێوان ٣٠٠ تا ١٧٠٠ لیتر ئاومان پێویستە .

ئەم دوو توخمە، وەکوو ئاسن و زێڕ، شتێکە بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵات . پرسیاری یەکەم ئەوەیە کە ئەم ئاوە لەکوێ بێت؟

ئێمە دەزانین کە مەسرەفی ئاو دەبێ بە سێ بەش و سێ کەرت، یەکێکی مەسرەفی مرۆڤە، یەکێکی کشتوکاڵە یەکێکی پیشەسازییە، ئەگەر ئێمە بایەخ بدەین بە پیشەسازیی ڕۆژهەڵات ئەبێ سیاسەتی کشتوکاڵی لەداهاتووی ڕۆژهەڵاتدا بگۆڕین.

دووهەم ئەوەیە کە ئێمە ئەگەر بمانەوێ کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بکەینە کۆمەڵگایەکی پیشەسازی، ئەبێ پێش ئەوەی کە بڕیار لەسەر ئەوە بدرێ کە ئەم مەعدەن و ئەو مەعدەن بێ، هاوزەمان ئەبێ بیرلە وە بکەینەوە پێویستی ئاو بۆ زێڕ و بۆ ئاسن. نەک هەر لەبەر باری ئیقتسادییەکەی بێ، هەر لەو سەردەما کە پلان دەڕێژرێت باسەکانی تریشی وەکوو ئاوەکە یان پیسیی هەوا، ئەوەش لەنەزەردا بگرین .

 



کاک دوکتور ئاسۆ

لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوام قەیرانی ئەمنیەتی هەیە و تەنانەت هێندێک لەو قەیرانه ئەمنیەتییانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست کاریگەرییان لەسەر تەناهیی دنیاش هەیه. ئایا ژینگە دەتوانێ یەکێک لەو قەیرانانە بێ و بەگشتی پرسی ژینگه له ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا له ڕەهەندی تەناهییەوه چۆن دەبینن؟    

هەروەکوو لە باسەکەی پێشوودا ئاماژەی پێ کرا، هەموو شتێک سیاسییە به مانای ئیدارەی پرسەکانی کۆمەڵگا و پێوەندیی نێوان گەلانی دونیا، ئەوه جیا لەوه که هەروەک دوکتور مەنسوور باسی کرد، لەنێوان ژینگه و سیاسەت‌دا پێوەندییەکی بنەمایی هەیه. ئەو ئیشارەی بە ئاراستوو کرد، ئەمنیش تیئۆرییەکەی مۆنتێسکیۆ لەسەر ئاو و هەواکانم وەبیر هاتەوه که پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە ‌نێوان ژینگەی سروشتی و جۆری سیستەمی سیاسی دادەنێ. سەرنج دەدەن لەو وڵاتانە‌دا کە زیاتر ڕێز له مافەکانی مرۆڤ دەگرن، هەر لەوانیشدایه که بۆ نموونه مافی ئاژەڵ پارێزراوتره و پرسی ژینگەش باشتر جێ‌کەوتووه. بەپێچەوانەشە‌وه،  لەو وڵاتانەدا کە گەشەی سیاسی به مانای لیبراڵی و بایەخه دێموکراتییەکان لاواز یان غایبه، بواری ژینگەش دەكرێته بوارێک بۆ سیاسەتی هەڵاواردن و لەپاشکۆییدا هێشتنەوەی خەڵک بەتایبەتی گەلانی ژێردەسته. سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە بواری ژینگەدا له کوردستان ئەگەر سیاسەتێکی غەیرە عیلمییە، غەیرە عەمدی نییە، بەڵکوو شتێکی بیرلێکراوه و بەئەنقەست و بەمەبەسته. دەبینین پۆتانسیەلی سەرچاوه سروشتییەکانی کوردستان لە نێونجی باقیی شوێنەکانی ئێران زۆر زیاتره، کەچی وەبەرهێنانی ئەم سەرچاوانه و خێردانەوەیان بۆ گەشەی ئابووری و پیشەسازی و کۆمەڵایەتیی کوردستان، زۆر له ناوچه “ناوەندییەکان”ی ئێران کەمتره و هەر بەراوردیش ناکرێ.

ئێستا سەبارەت بەوه که داخوا بابەتی ژینگە له ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ڕەهەندی سیاسی و تەناهیی هەیه، بەڵێ وایه، بەڵام چما لەکوێی دنیادا وا نییه؟ یان کەنگێ وا نەبووه؟ زۆربەی هەرە زۆری شەڕ و ناکۆکی و فرەوانخوازی و داگیرکارییەکانی مێژووی جیهان، لەپێشدا لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە سروشتییەکان بووه. ئەگەر بۆ زۆر دووریش نەگەڕێینەوە، قەیرانی کاناڵی سوئێز و پاناما و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی کەنداو، نموونەی باشی ئەو ڕاستییەن. تەنیا جیاوازیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ زۆر جەمسەری دیکەی دنیا ئەوەیه که  به زۆر هۆی مێژوویی و ژیئۆپۆلێتیک، ڕەهەندی ئەمنیەتیی پرسی ژینگه لەوێ بەهێزتره. لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەگەر تەنیا چاو له کێشەی ئاو بکەین کە دۆستانیش ئیشارەیان پێ‌کرد، دەزانین که ئەو بابەته هەمیشە بابەتی ململانێ و گرژی بووە و پرسی ژینگەی به زەقی کردۆتە پرسی تەناهی و سەقامگیری. به دەیان جار ڕێکخراوی کۆمکاری عەرەبی گوتوویەتی ئیسرائیل و تورکیە ئاوی عەرەبان دەدزن. تورکیە  له ئیدارەی دۆسیەی ئاودا لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بەدژی بەرژەوەندیی سوریە و عیراق جووڵاوەتەوه. بەدەر له دەرەنجامه ئینسانییەکانی وەها بەرنامەڕێژییەکی ئابووری یان پیشەسازی، ئەوه که لەو ناوچەیەدا کێشەی ئێتنیکی و پێکەوەژیان و تێوەگلانی هەرکام له دەوڵەتانی ناوچه له پرسه سیاسییه نێوخۆیییەکانی دەوڵەتانی دراوسێدا هەیه، ڕەهەندی سیاسی و ئەمنیەتیی پرسی ژینگەشی قووڵتر کردۆتەوه. به هەمان شێوه ئەو بەهرەبەرداری و پۆمپاژەی ئیسرائیل لە باکوور و لەسەر کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆردۆنی کردووە، راستەوخۆ شوێنەواری لەسەر قەبارەی ئاوی باشوور و کەناری رۆژهەڵاتی ئەو ڕووبارە داناوه و لەو ژینگەیەدا که لەپێشەوه کێشەی ئێتنیکیی هەیه، دەرەنجامه کۆمەڵایەتییەکانی ئەم سیاسەتەی وەبەرهێنان یەکڕاست بۆته هۆی بەرجەسته ‌بوونەوەی زیاتری ڕەهەندی ئەمنییەتیی پرسەكە.

رێکخراوی نەتەوه یەكگرتووەکان هەمیشه گەشەسەندنی وەك فاکتەرێكی ئاشتی لەقەڵەم داوه.  که باسیش دێته سەر گەشەسەندنی پایەدار، ئەوه به دادپەروەری و یەكسانیی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن له مافی مرۆڤ و ژینگه دێتە دی. بابەتی ژینگە هەروەک چۆن دەتوانێ سەرچاوەیەکی ڕکابەریی ناتەندروست و گرژی بێ، دەتوانێ بوارێکیش بۆ هاوکاری و هەمگەراییی نێوان دەوڵەتان بێ. تەنیا چەند ساڵێک پاش کۆتایی هاتنی شەڕی دووەمی جیهانی و ئەو کارەساته سیاسی و ئینسانییەی لە نێوان دوو گەلی فەڕانسه ‌و ئاڵماندا ڕووی دا، ئەو دوو گەله بۆ ئاشتبوونەوه و دروستکردنەوەی متمانه لەنێوانیاندا،‌ لەپێشدا هاتن بابەتی وەبەرهێنانی سەرچاوەکانیان کرده ئامرازی بەرژەوەندیی هاوبەش و پێش ئەوەی یەكێتیی ئورووپا دابمەزرێنن، یەكێتیی ئەورووپی بۆ خەڵووز و پۆڵایان دروست کرد. ئەو ئەقڵیەت و زەمینەیه بە داخەوه له ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وجوودی نیه و زەمینەی ئیدارەی دروست و چارەسەری هاوبەش بۆ کێشەکانی پێوەندیدار به ژینگه یەکجار کەمتره.

ئەوەی بۆ من لێرەدا گرینگه ئەوەیه که ئایا ئێمه ‌وەک کورد لەو سۆنگەیەوه دەبێ چی بکەین؟ ئێمه  ناکرێ لە پێوەندی لەگەڵ گەلێکدا و بۆ بابەتێک که له ‌ڕوانگەی تەواو ئەمنیەتی و بە دیدی سیاسییەوه مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ، لە دژکردەوه و بەرنامەڕێژیی خۆماندا ڕەهەندی ئەمنیەتیی پرسەکه لەبەرچاو نەگرین. لەبەرچاوگرتنی ڕەهەندی ئەمنیەتیی بابەتەكه بۆ ئێمەی کورد لەوەدا فەرق ‌دەکا که بەپێچەوانەی وڵاتانی دێموکڕاتیک که حكوومەت لەسەریەک بەرپرسیارانه و بەشێوەی شەفاف و به بەشدارکردنی خەڵک ئیدارەی دۆسیەکانی ژینگه دەکا، مادام له وڵاتی ئێمەدا ڕاست بەپێچەوانەیه، ئێمه ناچارین له درێژخایەندا بۆ ئەوه تێ‌بکۆشین که بە کردەوە، کۆنتڕۆڵی سەرچاوه سروشتییەکانی سەر خاکی خۆمان وەدەست بێنین.

 



دوکتور سۆهرابی!

بەرێزتان ساڵانیکی زۆر لە ناوەندە توێژینەویییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە ئێراندا کارتان کردووە، بەشێک لە لێکۆلەرە ئێرانییەکان تەنانەت کێشەیان هەیە لەگەڵ ئەو شتە کە پێی دەگۆتری قەیرانی ژینگە و ئەوان دەڵێن: ئەمە قەیرانی زانستە و قەیرانی ژینگە نیە، ئێوە لەو بوارەدا ڕاتان چییە؟ بە پیێ ئەوەی کە بەرێزتان بە پراکتیک لە مەیدانەکەدا کارتان کردووە، قەیرانی زانستە یا قەیرانەکە لە قەیرانی زانست ترازاوە؟

لە ڕاستیدا قەیرانەکە قووڵترە لە مەسەلەی زانستی و ژینگەیی لە واقیعدا وەکوو دوکتۆر ئاسۆیش باسی کرد ڕەنگە زۆرجار سیاسیەکان بێهێڵنەوە کە دواتر حەڵی کەن. بە ڕای من  مەسەلەی مان و نەمانە، مەسەلەی ئەوەیە کە ئێوە ئایا دەتوانن لە سەر ئەو جوغرافیایەی کە تەعریفتان کردووە بژین؟ مەسەلەن لە ئێراندا جوغرافیایەک تەرسیم کراوە کە ئەوە جوغرافیای ئێرانە، ئایا ئەو جوغرافیای ئێرانە، قابلیەتی ژیانی هەیە یان نییە؟ ئیمە ئەگەر بێین چاو لە ئەو فاکتۆرانە بکەین کە بۆ ژیان پێویستە، هەموومان دەزانین کە ژیان پێویستی بە ئاو هەیە، پێویستی بە هەوای پاک هەیە، پێویستی بە دارودارستان هەیە، ژیان پێویستی بە خۆڵ هەیە، تەک تەکی ئەو فاکتۆرانە ئەگەر بە جیا بێنین چاو لێ بکەین، دەبێنین کە لەو جوغرافیای سیاسییەی ئێراندا، تووشی قەیرانی گەورە بوونە. دەبێنین کە زۆربەی زۆری تاڵاوەکان، گۆڵ و ڕووبارەکان و هەتا ئاوە ژێرزەوییەکان وشک بوون و تووشی گرفت هاتوونە و ئەو مەسەلەیە وەکوو پێشتریش من ئاماژەم پێ کرد، لە قەیرانیکی ژینگەیی تێپەڕیوە؛ بووەتە مەسەلەی ئەمنییەتی، دیتوومانە چەند وەخت لەمەوبەر لە ئێراندا خەڵک تووشی کوشت و کوشتار لەگەڵ یەکتر بوون، یانی جیا لەوەی کە ئێمە دەبینین لەگەڵ دەسەڵاتدار کێشە دێتە پێش، خەڵکەکەیش زۆرتر لەسەر ئەو فاکتۆرە ئەساسییانە تووشی قەیران دەبن، هەر دەبینن کە لە کوردستاندا لە ماوەی دوو ساڵ لەمەوبەر، بنەماڵەی خزم بەیەکەوە لەسەر داگیر کردنی مەرتەعێک کە بڵێم چێڵگەیەکی کە لە ئەساسدا ئەو چێڵگەیە هێن هەموو خەڵکە یان بڵێم میللییە، ئەوانە کە بە پێی ئەو تەقسیماتی ئەرزییە کە کراوە، یان ئەوەی کە دەوڵەت یا حاکمییەت ناتوانێ بە باشی بەڕێوەی بەرێ. هەر کەس دەبێنی ئەو جێگایانەی کە مافی تاکی کۆمەڵگا نییە و هی هەموو کۆمەڵگایە، داگیریان کردووە، لەسەر کێڵانی بەشێک لەوانە، نەفەریان لە یەکتر کوشتووە. یانی ئامۆزا، ئامۆزای کوشتووە، هەر لە کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان! جا ئەوە گرینگیی بابەتەکە بە ئیمە زۆر نیشان دەدات کە ئیمە دەتوانین ئەگەر بڵێین واژەیەکی فەراتر لە قەیران دەبینین. مەسەلەکە دەتوانێ لە زۆر شوێن حاڵەتی ئەمنییەتی پەیدا بکا، هەر لە جوغرافیای ئێراندا ئەو کێشانەی کە هاتوونەتە پێشێ، سەبەب بووە کە بەشێکی زۆر لەو جوغرافیایە مەسیرێکی تەی بکا کە لە ئایەندەیەکی زۆر نزیکدا ئەو بەشانە قابلییەتی ژیانیان لەدەس دەدەن، یانی خەڵک ناتوانن لەوێ بژین. بە پێی ئەو فاکتۆرانەی کە من ئیشارەم پێ کردن کە پێویستە بۆ ژیان هەبن تاکوو بەشەر بتوانێ ژیانی خۆی ئیدامە بدا. کە ناتوانێ لەوێ بژی مەجبوور دەبێ کۆچ بکا، کۆچ کردن بۆ شوێنیک دەتوانێ کاریگەریی زۆری  لەسەر ئەو شوێنە تازەیە هەبێ، لە ئێران زۆرترین کۆچ بۆ زاگرۆس و مەنتەقەی کوردستان دەبێ. وردەوردە ئەو خەڵکە دێن بۆ ئەوێ و دیمۆگرافی دەگۆڕدرێ، دیمۆگرافی کە گۆڕدرا دەبینی کێشەی قووڵتردێتە پێش، جا من لێرەدا ناچمە زۆر وردەکاریی ئەو باسەوە. چاو لێ دەکەین کە قەیرانە ژینگەیییەکان سەبەب بوون ئیستا لە خۆراسان دێهاتیکی یەکجا زۆر چوڵ بن، بۆ چی ئەو دێهاتانە چوڵ بوون؟ مەسەلەی کشتوکاڵ لەوێ تووشی گرفت بوووە، بەراوردیان کردوە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی، یانی نزیک پانزدە ساڵ لەمەوبەر، یەک لیوان ئاو کە بۆ کشتوکاڵ ئیستفادەی لێ دەکرا ٢٠تمەنی  ئێرانی تێچوو هەبوو. یانی ئەوەندەی هەزینەی هەبوو کە بیگوازنەوە، بە خاتری ئەوەی کە سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو مەنتەقەیە کوللـەن لە بەین چووە. خۆی ئەوانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگاکە دوچاری ئاڵۆگۆڕ بێت. مەسەلەی ژینگە  سەبەب بوووە کە پێوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان تووشی کێشە بکا. ئیستا هەر ئەو مەسایلی ئەمنییەتی کە لە پرسی ئاودا ساز بووە، وای کردووە کە تورکیە بەنداوی یەکجار زۆر لەسەر ئەو ڕووبارانە کە دێنەوە ناو وڵاتی سوریە و عێراق یا بڵێم باشووری کوردستان ساز بکا. ئێرانیش هەمان کار دەکا، لە ڕۆژهەڵاتدا خەریکە سەدسازییەکی یەکجار زۆر دەکا لەسەر ئەو ڕووبارانەی کە لە نێو کوردستاندا هەن وەکوو مەسەلەیەکی ئەمنییەتی چاوی لێ دەکرێ.

لە لایەکی دیکە، ئێمە لە ئێران مەسەلەی پیس بوونی هەوامان لە ئاستێکی زۆر سەرەوەدا هەیە، لە زۆر شاراندا، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا، چەند ساڵیکە دەبینین کە شاری سنە تووشی کێشەیە، دەبینین کە مەسەلەی تەپوتۆزیشمان هەیە کە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی ئاو. دەبینین لە زۆر جێگا زەمین ڕۆچووە.  لە ئیران بەرهەمی کشتوکاڵەکان زۆر کەمن بۆ نموونە پۆتانسییەلی تەولیدی گەنم ١٧ تۆن لە یەک هێکتاردایە، یانی ئەگەر هەموو شتێک دروست بێت، گەنم دەتوانێ تا ١٧ تٶن لە یەک هێکتاردا بەرهەمی هەبێت. بەڵام بەرهەمی گەنم لە ئێران دەبینین کە لە زەمینی بەرئاودا دەوروبەری ٣ تۆنە، لە دێمدا نابێتە تۆنێک! خەسارێکی زۆر بەر ژینگە دەکەوێت بەلام دەسکەوتەکە زۆر کەمە. خۆی تەواوی ئەوانە کە ئاوا لە کن یەک دابنێین و چاوی لێ بکەین، ئێمە دەبێنین کە جوغرافیای ئیران لە هەموو فاکتە ژینگەیییەکاندا قەیرانی زۆر قووڵی هەیە و هەر خۆی ئەو قەیرانانە دەتوانێ چارەنووسی سیاسیی وڵاتیش لە داهاتوودا بگۆڕێ.



کاک سەلاحی بەرێز!

بەرێز دوکتور سۆهرابی ئاماژەیەکی کۆرتی بە پیس بوونی هەوا و باسی گاڵە و هەرا یان پیس بوونی دەنگی کرد، هەر چەند ئێمە لە کوردستاندا هەمانە، بە هۆی جوغرافیای سنە، ئەو شارە یەکێک لە شارەکانە کە لەگەڵ ئەوەی کە لە ڕووی گەشەوە، شارێکی گەشەکردوو نییە، بەڵام هەواکەی پیسە؛ بۆچی لە نێو پرسی ژینگە لە کوردستاندا زۆر بە کەمی باس لە سەر ئەو دوو ئایتێمە دەکرێ؟!

پێش وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک پێویستە ڕوونی بکەینەوە کە بۆچی ئەم وەزعیەتە ڕووی داوە.

یەکێک لە تەحەدا مەزنەکانی سەدەی 21 بۆ سیاسەتدانەرەکان، تەنانەت لە سەوزترین وڵاتانیش، ئەوەیە کە بە تەواوی هۆکاری بێکاریگەربوون یان شکستهێنانی سیاسەتی ژینگەیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشانەدا بزانن. ئەگەر چاوی لێ بکەین دەبینین کە ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی حکوومەت بریتین لە یاسادانان و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکان کە زامنی فەرمانەکانن، بەڕێوەبردنی فەرمان، بەڕێوەبردنی باج دان، دابینکردنی کاڵای گشتی وەک ئاسایشی مرۆیی، بەپارەکردنی ڕێگەی جۆراوجۆر بۆ باشترکردنی خۆشگوزەرانیی گشتیی هاوولاتیان و هەروەها مەسەلەی ژینگە بە گشتی.

 کە لە قانوونی بنەڕەتیی حکوومەتی تاران و بەپێی ماددەکان 50 و 110ی دەستوور، داوا لەسیاسەتمەداران کراوە کە چارەسەری نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشە جددییە نیشان بدەن، لەڕێی تێپەڕاندنی دەستووری نیشتمانی بۆ پاراستنی ژینگە. بەڵام دەبینین کە ئەم پلانڕێژی و بەرنامانە تەنیا لە سەر کاغەز دا ئیجرا کراوە. شەرعییەتی هەر حکوومەتێکیش بەندە بە بڕیار و سیاسەت و کار و فەرمانەکانییەوە.

لە ئیراندا بە خەمڵاندنی خودی حكوومەت، ئاشکراترین تەحەددای ژینگەییی ئێران، داتەپینی کوالێتیی هەوایە بەهۆی گەشەی بێ جیاوازیی دانیشتوانی شارەکان، کە ئەمەش بووە هۆی داخستنی بەردەوامی خوێندنگاکان و فەرمانگەکان و ئەمە خۆی یەکێک لە هۆکارەکانی  نزمبوونەوەی کوالێتیی ژیان و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی ئیران و کوردستانە.

پیس بوونی هەوا و باسی گاڵە و هەرا یان “ئالودەگیی سەوتی” شارە گەورەکانی ئێران و کوردستان، دەگەڕێتەوە بو سەر مەسەلەی سیاسەت کردن بە گشتی و دواییش باسێکی زۆر جددیی کۆمەڵایەتی و ئێکۆنۆمییە.

  1. سەرەتا مەسەلەی سیاسەتگوزاری یان سیاسەتکردن:

سیاسەتکردن خەباتێکی سیاسییە لەسەر ئەرزشەکان(بەها) و ئایدیاکان. سیاسەتکردن خۆی پێویستی بە داهێنانە چونکە دۆخی ئێستا بەردەوام لە گۆڕاندایە و پڕۆسەی بڕیاردان بە ڕووداوەکانی دەرەوەی مەودای خاڵی سیاسەت، لە کۆرسی ئاسایی لادەدات. چۆناوچۆن سیاسەتکردن دەتوانێت کێشەیەک وەکوو ئالودەبوونی هەوا چارەسەر بکات؟

مودێل:

– ناسینەوی گرفتەکان.

– گەشە پێدانی چارەسەری (کۆکردنەوەی بەڵگەو هەڵسەنگاندن و ڕاوێژ و بەڕێوەبردنی مەترسی)

– هەوڵەکان بۆ چارەسەرێکی کاریگەر.

– هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی سەرکەوتن.

– جەخت کردنەوە لەسەر مۆدێلی پێشکەتوویی و پلاندانانی درێژخایەن.

چۆن حكوومەت دەبێت وڵامدەر بێت لە بەشی سیاسەتکردن بە نیسبەت ژینگەدا؟

  • زیادکردنی شەفافییەت لە سیاسەتدا: جەخت کردنەوە لەسەر یەکپارچەکردن لە سیاسەتکردندا.
  • دادپەروەری لە سیاسەتکردندا: بەرزکردنەوەی ئاگاهی و شارۆمەندی سەوز.

باشترین ڕێگا پراکتیکییەکانیش هەر ئەو بەهێزکردنی ڕۆڵی کۆمەڵگە ڕەسەن و ناوخۆیییەکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کۆمەڵە زانستی و تایبەتمەندەکانە کە کلتوری پاراستنی ژینگە بەرز دەکات.

  1. مەسەلەی کۆمەڵگا و کولتوور:

تاکەکانی هەر کۆمەڵگایەک، بەپێی پێویستییە تایبەتییە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و کەسێتییەکانی خۆیان، هەڵوێستی جیاوازیان بەرانبەر بە ژینگە هەیە . (نواح و همکاران , 1390:79) ڕەنگە ئەم ڕەفتارانە تەواو پۆزەتیڤ و ژینگەپارێز و دڵنەوابن، یان لایەنی بەرانبەر ی تەواو نێگەتیڤ و دژ بە ژینگە بن.

زۆربەی لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە هۆشیاریی ژینگەیی و تێگەیشتن لە کێشەکانی ژینگە، چەند کاریگەرن لەسەر هەڵسوکەوتی تاک لە گەڵ ژینگەدا. توێژەران هەروەها پێیان وایە کە زیادبوونی هۆشیاریی ژینگەییی گشتی، دەتوانێت کێشە ژینگەیییەکان کەم بکاتەوە و ببێتە هۆی ئەوەی کە هەڵسوکەوتی مەترسیدار بەرانبەر بە ژینگە دروست نەبێت.

تامسون و براون ۱۹۹۴، دەڵێن: هەرچەندە ئەمڕۆ زۆر کەس خۆیان بە پرۆتیکی ژینگەدا ئەبینن، بەڵام هیچ کارێک ناکەن لەسەر بنەمای هەڵوێستی ئەرێنی بەرانبەر بە پاراستنی ژینگە؛ ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە کەسەکە لە بارودۆخێکدایە کە ناکۆکی لە نێوان بەرژەوەندیی شەخسیی کورتخایەن و بەرژەوەندیی درێژخایەندا دەبێنێت.

هەروەها ڕازیبوون لە ژیان دەتوانێت کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ژینگە هەبێت، بە تایبەت لە شارە گەورەکاندا و بە نیسبەتی “ئالوودەبوونی سەوتی”یش ئەو مەسەلەیە زۆر بەرجەستە دەبێت. بوو نموونە بووقی ئوتۆمبێلەکان زۆرتر لە کاتێک بەکار دێت کە خەڵک تووشی مەشغەلەی فکری زۆرە و سترێسی هەیە.

بە گشتی ئەتوانین بڵێین کە هەموو فاکتەرەکانی مرۆڤ، وەک ڕەگەز و تەمەن، پەیوەندیی کاریگەریان لەسەر ژینگە هەیە.

ئەگەر بمانهەوێت شاری سنە تاوتوێ بکەین ئەوا ئەم فاکتەرانە کاریگەریی زۆریان لە سەر مەسەلەی پیس بوونی دەنگی لەو شارە هەیە:

  • کەیفییەتی ژیان. خەڵکیکی زۆر ناڕازین.
  • شێوازی ژیان.
  • شارسازی و نەبوونی “ئامایشی سەرزەمینی” (پلانی شارسازی و ڕێگاوبان)
  • ژمارەی دانیشتوانی شارەکە.
  • خراپیی بەڕێوەبردن.

 هەروەها ئەم فاکتۆرانە کاریگەرییان لە سەر باش بوونی هەیە:

  • زیادبوونی هۆشیاریی ژینگەیی
  • بەهێزکردنی گیانی دەستەجەمعی یان متمانەی کۆمەڵایەتی.

ئێکۆنۆمیش زۆر لەگەڵ دوو بەشی دیکەی سیاسەت و کولتووردا تێکەڵە و بێ لەبەرچاوگرتنی ئێکۆنۆمی، ئەوا تەواوی تێگەیشتنەکەمان لەو بارودۆخە هەڵە دەبێت.

بەم باسانە کە کردمان دەگەینە سەر ئەم جەم کردنی پرسەکە کە بۆچی هێندێک فاکتەر زۆر بەرجەستەتر لە هێندێک فاکتەری دیکەن!؟ بۆ نموونە ئەگەر بگەرێمەوە بو پرسیارەکەی خۆتان کە هۆکاری بایەخ نەدان یاخود کەمتر بایەخدان بە ئالودەبوونی هەوا و باسی گاڵە و هەرا یان ئالودگیی سەوتی چیە؟

هەم ئالوودگیی سەوتی و هەم ئالوودگیی هەوا، بەشی سەرەکی لە کێشەکانی کۆمەڵگای کوردستان و بەتایبەت شارە گەورەکانی وەکوو سنەیە. بەڵام شێوازی ژیانەوە(لایف ستایل) لە ناوچەکانی کوردستان وای کردووە کە خەڵک کەمتر هەست بکات یان کەمتر گرینگی بەو کێشانە و نەخۆشییانە بدات کە بە هۆی ئەم ئالوودگییانەوە سەریان هەڵداوە. هەروا کە لە ئامارەکاندا دەبینین هەم کێشە ڕەوانی یان جەستەیییەکان وەکوو نەخۆشیی هەناسە کە بە هۆی ئالودگیی سەوتی و هەواوە خەڵک تۆشی دەبن حاڵەتێکی تەساعودیی هەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونەوە دەکات. لەم ناوەدا هەروا کە گۆتمان مودیرییەتی لاواز(خراپیی بەڕێوەبردن) و ڕەنگە نەبوونی بەرنامەی مۆنسەجمی ڕێکخراوە مەدەنییەکانیش(زۆر جاریش دەرفەتیان پێ نادرێت) وای کردووە کە ئەم مەسەلەیە زۆر بەرچاو نەبێت و زۆر ڕسانەیی نەکڕێت لە کوردستاندا.  



کاک دوکتور مەنسوور!  بەشێک لە بەرێزان، بە کورتی ئاماژەیان بە قەیرانی ئاو  و کاریگەریی لە سەر گەشە کرد! دوکتور حەسەن‌زادە گەشەی پایدار یان گەشەی سەقامگیری باس کرد بەڵام پێم خۆشە زیاتر بچینە  سەر ئەو باسە، ئێستا ئیمە دوو پرسیارمان هەیە، ئایا ئێمە قەیرانی ئاومان  هەیە لە کوردستاندا؟ و ئەو قەیرانە تا چەندە کاریگەریی هەیە لە سەر پرسی گەشەی سەقامگیر لە کوردستاندا؟ 

     کاک ئاگری پێش ئەوەی کە بێمە سەرئەوەی کە قەیرانی ئاو لە کوردستاندا هەیە، با تەعریفک لە قەیرانی ئاوبکەم،  یانی بڵیم کە قەیرانی ئاو چییە؟ لە حالەتێکدا دەڵێن قەیرانی ئاو هەیە کە لە کۆلییەتی خۆیدا وەکوو وشکەساڵی پێناسە دەکرێت، وشکە ساڵی تەعریفگەلێکی جۆراوجۆری لێ دەکردری، لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە باس لە وشکەساڵی دەکرێ، واتە ئەنواعی وشکەساڵیمان هەیە. وشکە ساڵیی هەواشناسی: ئەگەر ڕادەی باران بارین، لە میانگینی دڕێژخایەن کەمتر بێت، ئەو ساڵە وشکەساڵی هەیە. بۆ نموونە دەڵێن پاریزگای سنە نزیک ٥٠٠ میلیمتری لە ساڵدا بارین هەیە ئەگەر لە ٥٠٠ کەمتر بێ، ئەوە وشکەساڵی لە باری هەواشناسییەوە هەیە.

وشکەساڵیی کشتوکاڵی : لە باری کشتوکاڵییەوە ئەو کاتەی کە گیا (هەر گیایەک کە چاندوومانە) لە فەسڵی ڕووانیدا کە پێویستی بە ئاو هەیە و ئاو لەو فەسڵەیدا کە ئەو گیایە پێویستی پێی هەیە بۆی دابین ناکرێ، ئەو حاڵەتە پێی دەڵێن وشکەساڵیی کشتوکاڵی.

حاڵەتێکی دێکەشمان هەیە کە لە باری هیدرۆلۆژیکەوەیە کە زۆر دڕێژخایەنە، ئەگەر ڕادەی ئەو ڕێژەی بارینی بارانە کەمتر بێ لە میانگینی دەرێژخایەن و ئەوەش کاریگەریی دانابێ لەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانەی کە هەمانە بۆ نموونە مەنبەعی ئاوی ژێرعەرزیمان هەیە کە زۆر کەم بووبێ، ئەوە پێی دەڵێن وشکەساڵیی هیدرولۆژیک کە یەکجار زۆر گرینگە .

لە ڕۆژهەڵات بەنیسبەت ناوچەکانی دێکەی ئێران لە نەزەر ئەو وشکەساڵییانەی کە ئەمن باسم کرد ئێمە گرفتمان زۆر نییە ، گرفتی سەرەکیی  ئێمە لە ڕۆژهەڵات، گرفتی مودیرییەتی سەرچاوە ئاوییەکانە، یانی ئێمە لە ڕێژەی باریندا زۆر کێشەی گەورەمان نەبووە. ئێستا بۆ نموونە لە پارێزگای سنە، ساڵانە نزیک ١٠میلیارد مەتر سێجا بارینمان هەیە کە نزیک ٤میلیاردو ٨٠٠ی پێی دەڵێن تەجدید پەزیر، کە لەو ٤میلیارد و ٨٠٠ـەی ، ئێمە دەتوانین لە ٤٠ دەرسەدی ئیستفادە بکەین کە دەکاتە نزیک دوومیلیارد. بەڵام دەبێنین کە لە پارێزگای سنە بەراوردیان کردووە، لە تەواوی پارێزگا ١میلیارد و ٢٢٠میلیۆن مەتری سێجا ئاو کەڵکی لێ وەردەگیرێ لەو ٤میلیاردەی. و لەو ١میلیارد و ٢٢٠ میلیۆنەی، ٧٢٥ی لە ئاوی ژێر زەوی  ئیستفادە دەکرێ، لە حالێکدا ڕێژەی بارینی ساڵانەی کە من ئاماژەم پێ کرد ٥٠٠ میلیۆنی دەچێتە ژێر عەرزەوە، کەواتە ئێمە هەموو ساڵێ دەوروبەری ٢٢٥ میلیۆن مەتری سێجا ئاوی زیادی لە بن عەرز دەکێشین! ئەوە کێشەی مودیرییەتی سەرچاوەی ئاوە کە دەتوانێ قەیران ساز بکا.

ئێستا گۆلی ورمێ دەبێنین کە بەرەو وشک بوون چووە، هەر ئیستا کەمتر لە ٣میلیارد و ٥٠٠میلیونی ئاو تێدا هەیە، لە حاڵێکدا تەرازی ئێکۆلۆژیکی گۆلی ورمێ نیزیک ١٥ میلیاردی سێجایە! کە واتە نیزیک ١١ میلیاردی ئاو کەمە !! 

تەرازی ئێکۆلۆژیک، ئەو ڕێژە ئاوەیە  کە ئارتێمیا کە لە ئەو گۆلەدا دەژی  بتوانێ تێیدا گەشە بکا. ئەمانە هەموویان نیشاندەری ئەوەن کە ئێمە لە ڕۆژهەڵاتدا قەیرانی مودیرییەتی ئاومان هەیە، ئێستا ئاو لە ڕۆژهەڵاتەوە دەنێردرێت بۆ پاریزگای هەمەدان و زەنجان، لە مەریوانەوە ئاو دەچێ بۆ زەنجان، لە کن قوروەوە ئاو دەچێ بۆ هەمەدان، لە کن بۆکانەوە ئاو هەناردەی تەورێز دەکرێ، لە کن میاندواوەوە ئەوە خەریکن هەناردەی تەورێز دەکەن. لەو بەرەوە لە کەڵوێ ئاو ئەوە دەگۆازرێتەوە بۆ گۆلی ورمێ بە بیانووی ئەوەی کە بە ئیستلاح دەیانهەوێ گۆلی ورمێ زیندوو کەنەوە، لە ڕاستیدا ئەوە ئەمنییەتین!

هەم لە پارێزگای ورمێ هەم لە ئیلام، هەم لە کرماشان هەم لە پارێزگای سنە، ڕێژەی بارینی چەندین ساڵی ئەخیر لە هەموو پارێزگاکانی ئێران باشتر بووە و ئەگەر بە دروستی مودیرییەت بکرێ، ئەگەر ئەو مودیرییەتەی کە باس کرا کە لە حەقیقەتدا مافیایییە نەبوایە، مودیریەتێکی دروست بووبایە، بەپێی ئەو پێوەرانەی کە باس کراوە، وەکوو گەشەی پایەدار یان تەوسعەی پایەدار بێ لەو قاڵبانەدا پلانی دانابا، بە پێی تەوانی ئیدولۆژیک و ئامایشی سەرزەمین! پلانی داڕشتبا، کە چۆن ئیستفادە لەو سەرچاوانە بکرێ، نەتەنیا ئێمە تووشی کێشە نەدەهاتین بەڵکوو دەمانتوانی گەشەی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتدا ببینین کە پەیوەندیی ڕاستەخۆیان بە ئاوەوە هەیە.



بەرێز دوکتور حەسەن‌زاده

 دەمهەوێ لەبارەی شتێکدا که له وڵامی پرسیاری پێشووشدا ئاماژەت پێ کرد پرسیارت لێ بکەم. له ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ململانێیەکی خەست لەسەر ئاو هە‌یە. بۆ وێنه لە نێوان تورکیه و وڵاتانی عەرەبی، یان ئێران بە شێوەیەک لە شێوەکان لە هەوڵی ئەوەدایە نزیک  به ٧ میلیارد میتری سێجا ئاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو به باشوور بگرێتەوه. ئەو ململانێیانه تا چەندە لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەییدا قابیلی چارەسەرن و یاسای نێونەتەوە‌یی لەسەر ئەو کێشانه چ دەڵێ؟

دیارە هەروەک کاک مەنسوور و جەنابیشت ئیشارەتان پێ کرد ئەم کارتی ئاوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوراستدا تەنیا لەنێوان دەوڵەتاندا بەکار نایە، بەڵکوو دەوڵەتێک بۆ نموونه ئێران دەتوانێ نەک هەر بەدژی دەوڵەتێکی دراوسێ، بەڵکوو بەدژی گەلێک که لە ژێر حاکمییەتی خۆیشیدا دەژی بۆ نموونه کورد بەکاری ببا. باسی ئەوە کرا کە دروشمی سیاسیی کورد هەرچی بێ، ئەوه نابێ تەئسیر لەسەر کارکردنمان بۆ ژینگه ‌بکا. ئەمن ئەو قسەیەم زۆر پێ جوانە. کورد لە ئێران سەربەخۆییخواز بێ یان بۆ خودموختاری و فیدرالیزم تێبکۆشێ، دەبێ بواری ژینگەی هەر زۆر بۆ گرینگ بێ. له دەوڵەتانی فیدراڵی دنیادا، خەباتی هەرێمەکان بۆ کۆنتڕۆڵی سەرچاوه سروشتییەکانیان هیچی لەوه که دەوڵەتانی سەربەخۆ هەوڵی بۆ دەدەن کەمتر نیه. له ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک کاک مەنسووریش باسی کرد، ئاوەکانی کوردستان بۆ دەڤەرەکانی دیکەی ئێران دەگوازرێتەوە. دوو ساڵ پێش ئیستا لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی ٢٨ی گەلاوێژ بڵاومان کردەوە، ئیشارەم بە مەسەلەی تەحریفی ئاوەکانی کوردستان بۆ ئوستانه ناوەندیترەکانی ئێران کرد، چونکه ئەگەر قەرار بێ باسی جینۆسایدی گەلی کورد و تاوانه دژەمرۆیییەکانی دژ به کورد بکەین ئەوه دەبێ له هەموو  ڕەهەندەکاندا چاو لەو مەسەلەیه ‌بکەین کە ڕەهەندێکیان که هەروەک له پێناسەی تاوانه دژه مرۆیییەکانیشدا هاتووه ڕەهەندی ژینگەیە. ئەو بەنداوانەی له ئیلام  و کرماشان یان له بۆکان و سەردەشت لێدراون و ئاوەکانیان پێ گل‌ داونەوه، بۆ وەبەرهێنان له کوردستان نین بەڵکوو بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ شوێنی دیکەی ئێران و بۆنموونه ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتن. دەزانین که ساڵانیکه باشووری کوردستانیش کەوتۆته نێو مەنگەنەی پڕۆژە ئاوییەکانی کۆماری ئیسلامی. هەر لەسەر ڕووباری سیروان سێزده دانه بەنداو لێدراوه که بۆته هۆی کەمبوونەوەی ئەو سەتا حەفتایەی بەنداوی دەربەندیخان و حەمرین که له سیروانەوه دەهات و کاریگەریی گەورەی ژینگەیی و کشتوکاڵیی لەسەر ناوچەی گەرمیان و پارێزگای دیاله داناوه.

ئێستا ئایا ئەو جۆره سیاسەته چەندە لەگەڵ قانوونی نێودەوڵەتی تەبایە، له ڕەهەندی نێوخۆییدا، ئەگەر بێت و کونتڕۆڵی سەرچاوە سروشتییەکان  و سیاسەتی ژینگه هەڵاواردن و نادادپەروەریی تێدا بێ، ئەوه بە پێچەوانەی هەموو پێوەرەکانی پێوەندیدار به مافی گەلان و کەمینەکان و مافی مرۆڤه. سەبارەت به کارتی ئاویش چ بۆ بەرژەوەندیخوازیی دەوڵەتان و چ وەك کارتێکی فشار بەدژی دەوڵەتانی دراوسێ، یاسای نێونەتەوەیی دەڵێ هەموو دەوڵەتێک لەسەر خاکی خۆی و سەرچاوه سروشتییەکانی خۆی سەروەره، بەڵام -هەروەک کاتی خۆی دیوانی لاهه ‌له قەزییەی کۆرفوو لەنێوان ئاڵبانی و ئینگلستاندا ڕایگەیاند- هیچ دەوڵەتێک ناتوانێ به جۆرێک له خاکی خۆی کەڵک وەربگرێ که به زیانی دەوڵەتانی دیکه تەواو بێ. زۆر پەیماننامەمان لەپێوەندی لەگەڵ ڕێچکه ئاوییه نێونەتەوەییەکا‌ندا هەیه بەتایبەتی کۆنڤوانسیۆنەکانی نیۆیۆرک و هێلسینکی.  ئەنستیتۆی مافی نێونەتەوەیی و بنیاتەکانی نەتەوه یەکگرتووەکان و دادگای لاهەش زۆریان کار لەسەر ئەو بواره کردوه. له کۆی ئەو سەرچاوه و بنەمایانه دوو پرەنسیپ زەق دەبنەوه: یەکەم، پرەنسیپی دادپەروەرییه واته ناکرێ دەوڵەتێك بە جۆریک سەرچاوەی سروشتیی خۆی بەکار بەرێ کە ئاکامی نادادپەروەرانەی بۆ دەوڵەتانی دیکە هەبێ. دووهەم، پرەنسیپی بەکاربردنی مەعقووله واته بەکاربردنەکه نابێ زیاتر لەوه بێ که دەوڵەتەکه پێویستیی پێیه و نابێ زیانیش به یەکپارچەیییە سروشتییەکه  و ئێکۆسیستەمەکەی بگەیەنێ.

بەڵام ئەو ئەسڵانه بەوجۆرەی له ئورووپا و ئەمریکا جێبەجێ دەبن له ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێبەجێ نابن. ڕاستییەکەی ئەوەیه له هەر جێیەک که ئاشتی و دێموکڕاسی و بنەماکانی پێکەوه ژیان جێکەوتبن، چارەسەری ئەو کێشانەش هەمیشه ئاسانتر بووه. له ئورووپا که بەستێنی سیاسیی چارەسەر لەبارتره، ئەم جۆره کێشانه ‌باشتر ئیداره کراون. بۆ نموونه له قەزیەی “گابچیکۆڤۆ ناگیمارۆس” لەنێوان مەجارستان و سلۆڤاکیدا، دیوانی لاهه ‌لایەنەکانی هان ‌دا که بە لەبەرچاوگرتنی دوو پرەنسیپەکەی سەرەوه سەبارەت به بەهرەبەرداریی ڕووباری دانوب پێکەوه هاوکار بن و هەر واشیان کرد. لە قەزییە‌یەکی دادوەری لەنێوان فەڕانسه و ئیسپانیادا که فەڕانسه دەیویست بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا ئاوەکانی مێدیتەرانەی لای “پیرەنه” ‌بۆ لای زەریای ئەتلانتیک بگوێزێتەوه و ئەوەش دەبووه هۆی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووباری کارۆل له ئیسپانیا، ئیسپانیا پێی وابوو که فەڕانسه دەبوو پێشتر ڕەزامەندیی ئیسپانیای وەرگرتبا. دادگای دادوەری گوتی مادام فەڕانسه بەوەخت دەوڵەتی ئیسپانیای له پرۆژەکه ئاگادار کردۆتەوه و بەڵێن و ڕێکاری قەرەبووکردنەوەی ئیسپانیاشی بۆ دابینکردنی ئاوی  ئیحتیات له وەرزی ئاودان یان وشکەساڵیدا جێبەجێ کردوه، ڕەزامەندیی پێشوەختەی دەوڵەتی دراوسێ پێویست نییه و فەڕانسه دروست جووڵاوەتەوه. هەمان ئەو کێشانه که له ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دێنه پێش چەندین دەهەی پێ دەچێ تا چارەسەر دەکرێن، تازه ئەگەر چارەسەر بکرێن. بۆ وێنه کاتی خۆی که ئیمپراتۆریی عوسمانی هەڵوەشاوە، ڕێککەوتنی نێونەتەوەیی لەسەر ئەوه بوو که بەکاربردنی فورات لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوه نابێ زیان به دەوڵەتانی عیراق و سوریه بگەیەنێ. کەچی لەحاڵێکدا که پاش جێبەجێبوونی پڕۆژەی گاپ و بەنداوی ئەتاتورک وەک بەشی هەره دیاری ئەو پرۆژەیه، هەر له ساڵی ١٩٨٧ـەوه پرۆتۆکۆلێک بۆ چارەسەری  کێشەی دەرەنجامەکانی ئەو پرۆژەیه لەسەر وڵاتانی دراوسێ ئیمزا کرا، تا ئێستاش ئەم پرسه له ناوچەدا به ڕێچکەی سالمی خۆیدا نەڕۆیشتووه. ئەوه بۆ پڕۆژە ئاوییه مەبەستدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەدژی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانیش هەر ڕاسته.



کاک دوکتورباقر

دیارە هەر باسی قەیرانەکانی ژینگەمان کردووە، بەڵام بە تایبەتی لەم ٢٠ساڵەی دواییدا هەوڵیکی زۆر دراوە لە هێندیک بواردا کە یەکێک لە گرینگترین بوارەکان بەرهەمهێنانی کارەبا بووە. زانستێک دابهێندرێ کە لەو زانستەدا کارەبای کەسک بەرهەم دێت، جۆرێک بەرهەمهێنان که لەگەڵ ژینگە زۆر دژایەتیی نییە!

 بەرێزت لەو بوارەدا تێزی دوکتورات نووسیوە!  ئایا کوردستان دەتوانێ چ لە ئێستا و چ لە داهاتوودا یەکێک لەو وڵاتانە بێت کە بەشێک لە پێویستیی کارەبای خۆی لە ڕێگای وزەی کەسکەوە بەرهەم بێنێت؟

       سپاست دەکەم کاکە گیان! پێش لەوەی کە وڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، ئیزنم بدەن فەقەت یەک ئەسڵی زانستی فیزیک بە کورتی باس بکەم، ئەویش ئەوەیە کە لە فیزیکدا ئێمە فیر دەبین و خۆیندکار فێر دەکەین کە وزە نە بەرهەم دێت و نە ئەتوانیت وزە لە ناو ببەیت. تەنها چارەیەک کە هەیە ئەوەیە کە وزە لە فۆڕمیک و لە شکڵێکی کە هەیە، بگۆڕی و بیکەی بە فۆڕم و شکڵیکی تر. وەکوو نموونە ئۆتۆمۆبێلێکمان کە هەیە بەنزینی تێدەکەین، ئەوە وزەی کیمیایییە، کە ئەکەفێتە ڕێگە و لە شوێنێکەوە ئەچێتە شوێنی تر، وزەی حەرەکەتیمان پێویستە، لە بابەتی وزەکانی نۆێمان مەسەلەن وەکوو کارەبا، کارەبا بە مانای چیە؟  مانای ئەوە کە وزەی حەرەکەتی باکە ئێمە ئەگۆڕین و ئەیکەین بە وزەیەکی بەرق و کارەبا، یا وەکوو کار و خۆر، خۆر وزەی تیشکە، خۆر بەشێکی ڕوشنایی و نوورە و بەشێکی دیکەش گەرمایە، ئێمە دێین لەوانە کەڵک وەردەگرین و ئەو وزانە ئەگۆڕین و ئەیکەین بە وزەی کارەبایی. پێش لەوەی کە بڕۆمە سەر پتانسیەلی ڕۆژهەڵات بۆ ئەم جۆرە وزەی نوێیە، ئێزنم بدەن من بە کورتی باسێک بکەم لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێراندا کە وەکوو نموونە لەسەر ڕۆژهەڵاتیش، کە هێشتا بەشێک لە ئێرانە، ئەتوانێت پێوەر بێت. من لەسەر لێکۆلێنەوەیەک کار دەکەم کە دەیتاکانیم جەمەو کردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینی لە ئێراندا بەرهەمی کارەبا بوو بە ٣٠٠ تێراوات  کاتژمێر، لە خزمەتتان عەرز کەم، لەم ڕادەی کارەبا لە سەدا دووی ئەتۆمی بووگە، لە سەدا شەشی کار و ئاو بووە، لە بەنداوەکان کەڵکیان وەرگرتووە، بەڵام لە سەدا ٩٢ی هین وێستگە هەڵمییەکان بووە، وێستگەی هەڵمی بە مانای ئەوەیە کە گاز و دیزڵ و نەوتی ڕەش دەسوتێنن، ئاو پێویستە، ئاوەکە دەبێ بە هەڵم، ئەڕواتە ناو توربین، ئەڕواتە ناو ژێنراتۆڕ و کارەبا بەرهەم دێت. ئێستا باش چاوێکە هەر لەم ساڵەدا، چاوی لە بەشداران یا هەر وەکوو موشتەرکین لە ئێران بکەین، بەشدارەکان یا کەرتەکانی جۆراجۆر یەکێکی پێشەسازییە، یەکێکی ماڵانە، یەکێکی کشتوکاڵە، یەکێکی بەشی گشتییە، یەکێکی بەشی تیجاری و یەکێکی هاتوچووە، ئێستا ئەمانە ڕادەکان بە جێی خۆی بە پێی ئەو لێکۆلێنەوەیە کە لە خزمەتتان عەرزم کرد کە لەسەری خەریکم کار ئەکەم و هێشتا تەواو نەبووە، ئێمە ئەتوانین لە تەواوی ئێراندا لە سەدا ٦٠ی بەرهەمی کارەبامان بە شێوەیەک بێت کە لە وزەی نوێ کەڵک وەربگرین. نموونەیەکی ترتان پێ بڵێم کە بە ڕاستی دڵتەزێنە. بۆ من دڵتەزێن بوو. ئەو حسابەی کە کردوومە بە پێی ئەو دەیتا و ئامارەی کە خودی حکوومەت داویەتی، هەر ماڵێک لە ئێراندا لە ساڵی ٢٠١٧ دا ٢٧٦٥ کیلۆ وات کاتژمێر کارەبای پێویست بووە، بۆ یەک دانە ماڵ، یەک ماڵ، یەک بنەماڵە، بۆ ئەم ڕادەیە کارەبا ١٠٨٠ لیتر ئاو بە خەسار چووە، و لە کناریشیەوە ١٨٠٥کیلۆ دووکەڵ، مەبەستم گازەکانی گوڵخانەیییە، دروست بووە. ئیستا کە چاوی لێ ئەکەین بەپێی هەر ئەو ئامارەی ساڵی ٢٠١٧ ئێمە لە ئێراندا، لە نزیکەی ٢٦میلیون بەشداری ماڵانمان هەبووە، کە دێین تەنیا و تەنیا بەشی ماڵان حساب ئەکەین؛ پێشەسازی، کشتوکاڵ و گشتی، تجاری وهاتوچوو، ئەوانە بنێمە لاوە، فەقەت بەشی ماڵان لە یەک ساڵدا ٢٨هەزار میلیۆن لیتر ئاو بە خەسار چووگە بۆ ئەوەی کە کارەبامان هەبێت لە ئێراندا ٤٧ هەزارمیلیۆن کیلۆ دووکەڵ بەرهەم هاتووە.  ئەمە بابەتێکی، بابەتێکی کە باسی لێ دەکرێت، ئەویش ئەوەیە کە دەڵێن کە باشە وزەی نوێ ڕەنگە گران بێت، ئەمن کە چاوم لە ئامارەکانی ڕێکخراوی وزەی نێونەتەوەیی جیهانی دەکرد لە ساڵی ڕابردودا یانی ساڵی ٢٠١٩ بە پێی لێکۆلێنەوەی ئەوان، کارەبایەک بێ سوبسید بەرهەم دێت لە تەواوی جیهاندا؛ لەسەری لێکۆلێنەوەیان کردووە و حسابیان کردووە، جاریکی دیکەش دووپاتی دەکەمەوە بێ سوبسید، کارەبای بەبێ سوبسید هەرزانترین ڕێگای کاروخۆرە یا کوو “فۆتۆڤۆلتایک” و گرانترینی لە ڕێگای وزەی ئەتومییەوە، زۆربەی خەڵک پێی وایە کاروخۆر یا کاروبا گرانە، ئەوە ڕاستی نییە. ئێستا باسی ڕۆژهەڵات بکەین لە ڕۆژهەڵاتدا بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵات من بیرەوەرییەکەی خۆم بە سێ دانە پیتی ب دامناوە، و خۆشم بۆ خۆم کردوومەتە پڕۆژەی ٣ب، بەشدار ببێتە بەرهەمهێنەر، ب،ب،ب، جا باسی فەلسەفەی ئەم سێ ب یە چیە؟ ئەویش ئەوەیە کە لەسەربانان ئەو پەنجەی فۆتۆڤۆلتایتە یا خۆرە دابمەزرێ، قازانجەکانی چی دەبێت؟ یەکێک ئەوەیە کە ئیتر ئێمە چونکە بەرهەمهێنەر و بەشدار لە یەک شوێندایە هێڵی گواستنە و دابەشکردنی زیاترمان پێویست نییە، لە یەک شوێندا بەرهەم دێت، لە یەک شوێندا مەسرەف دەکرێت، جا ترانسفۆرماتۆر و کابلی کەمترمان پێویستە و ئەو خەرجانەی کە ئەشێ بکرێت بۆ چاوەدێری و پاراستنی (operation and maintenance) ئەویش کەمتر دەبێتەوە.

ئاوێک کە پێویستە بۆ کاروخۆر تەنها بۆ خاوێن کردنەوەی ئەو پەنجانەیە کە ئەتوانین لەوەش چاوپۆشی بکەی.ن ئەو پانێلگەلە بە دەسماڵێک خاوێن بکەینەوە، یانێ ئاومان پێویست نییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. بابەتێکی تر کە زۆر گرنگە ئەویش ئەوەیە کە وەختێ بەشدار ئەبێت بە بەرهەمهێنەر، سەربەخۆییی هەیە، خۆی لەسەر ئەوەی کە چی بەرهەم دێت چەنێک بێت یان ئەوەی کە هەر باسی دەکەن خەڵک لە مەسرەفدا سەرفەجوویی ناکەن شتی واو ئەمانە ئێتر ئەو باسە ناکرێت. یەکێکیتریش ئەوەیە کە ئێمە داهاتێکمان هەیە بۆ ئەو بەشدارە بۆ ئەو موشتەرەکە، ئەو کارەبایە کە بەرهەم دێت هەمووی مەسرەف ناکرگێت و ئەڕواتە ناو شەبەکە، ئەڕواتە ناو هێڵەکانی دابەشکردن ئەو بەشە زیادییەی کە بەرهەم هاتووە ئەو دەتوانێت بەهۆی ئەوەوە کار بکرێت، بارێکیتر کە زۆر گرنگە لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتدا، بارێکی ئەمنییەتییە ئێوە شارۆچکەی شارێک بۆخۆتان تەسەور بکەن کە یەکدانە وێستگەی هەیە کە یەک مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنێت، تەواوی کارەبای ئەو شارە یان شارۆچکە فەقەت لەم وێستگەیەوە هەیە. دەباشە بۆردومانێک بکرێت، عەمەلیاتێکی تێرۆریستی بێت یان وەکوو مەسەلەن گازایلی پێ نەدرگێت و شتهایەکی لەم چەشنە، تەواوی شار و شارۆچکەکە کارەبای نییە، بەڵام ئێمە کە بێین لە جیاتی ئەم وێستگەیە کە یەک مێگاوات هێزی کارەبایی هەیە، بێین هەزاردانە بەشدارمان بێت، کە هەرکامیان تەنها هەزار وات کە دووبارە ببێتەوە بە یەک مێگاوات بەرهەم بێنن، لە باری ئەمنییەتییەوە زۆر بە قازانجە. مەوردێکی تر کە لە داهاتوودا بۆ ڕۆژهەڵات ئەتوانێت باش بێت، ئەویش ئەوەیە کە ڕەخساندنی هەلی کارە، ڕەخساندنی هەلی کار بۆ شوغڵێک و بۆ کارێکی کە بە ئیستلاح پێی دەڵێن مودێڕن جاب (Modern job)، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە تێکنۆلۆژیایەکی تازە واردی ڕۆژهەڵات دەکەین کە دەتوانێت ئەو کەسانەی کە زانکۆیان تەواو کردووە کاروبارێکیان هەبێت. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی من کە هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام ئەو بەشە تەواو بووە، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ ماڵان، باسی پیشەسازی و کشتوکاڵ و شتی وا بنێینە لاوە، ئەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتدا ماڵان ئایا بە چ ڕادەیەک ئەبێت ئەو پانێلگەلە لەسەر بانان دابنێن تاکوو بتوانن بە شێوەی میانگین و ناوەندی بۆ ساڵێک بە ئەندازەی کافی کارەبا بەرهەم بێنن، ئەبێت بە شەش میتر لە شەش میتر. یانێ سی و شەش میتری دووجا کە ئەبێتە چوارگۆشە، لەسەر هەر ماڵێک لە ڕۆژهەڵاتدا ئەگەر دابمەزرێت، ڕەسایی ئەوە دەکات. جگە لەوەش ئێمە ناوچەی هەوەتوومان هەیە کە بۆ باسی کاروبا، پۆتانسیێلێکی گەورەی هەیە، ئێمە خەریکی ئەو پڕۆژەیەین کە بتوانین پۆتانسیێلی تەواوی ڕۆژهەڵات، بە تایبەت ناوچەی هەوەتوو بۆ بابەتی کاروبا، بە شێوەیەکی زانستی و دەقێق بڵاو بکەینەوە.



کاک سەلاح

پرسیار لەسەر پرسی مافی ئاژەڵی کێوییە، ئایا ئەم پرسە بەشێکە لە بابەتی ژینگە و قەیرانی ژینگە یان پرسێکی سەربەخۆی حقوقییە و ئێوە لە ئێستای کوردستاندا دۆخەکەی چۆن دەبینن؟

حەز دەکەم ئاوا دەست پێ بکەم کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان مافی مرۆڤ و مافی ئاژەڵدا نییە. بەو واتایە کە ئیمە وەکوو مرۆڤ بەشیکی زۆر زۆر بچووکین لەو ژیانەی کە هەیە. هەموو گیاندارێک حەقی هەیە و نابێت ئیمە بەو ناوەی کە مرۆڤ سەرتر لەهەموو گیاندارێکە (ئیستلاحی ئەشرەفی مەخلوقات)، دەست بە تاڵان و لە ناو بردنی باقیی گیاندارەکان بکەین.

جا ئێستا کاتێک مافی مرۆڤ بە مافی ئاژەڵ بەراورد دەکرێت هیچ مرۆڤێک مافی ئەوەی نییە پێناسەی ماف بۆ ئاژەڵ بکات چونکە هەموو شتە زیندووەکان بە مافی پێناسەکراو لەدایک دەبن. ئەوە دەربارەی “بەخشین” نییە بەڵکو “بەخشینەوە”یە. تەنانەت ئەگەر بشمانهەوێت ناتوانین هەموو ئەو مافەی کە لە ماوەی چەند هەزار ساڵ لە ئاژەڵەکانمان وەرگرتووە، بیبەخشینەوە.

بو نموونە بەپێی ئامارێکی فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 1 ملیۆن جۆری ئاژەڵ مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە و زۆربەی زۆری ئەم کارەساتە دەگەرێتەوە بۆ دەستێوەردانی مرۆڤ لە سروشت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی سندوقی سروشتیی جیهان (WWF) تا ساڵی 2020 نزیکەی لە سەدا 66ی ژیانی ئاژەڵی کێوی لە هەسارەکەدا نامێنێت.

  بەداخەوە فراوانبوونی چالاکییە مرۆڤییەکان و زیادبوونی پێویستیی مرۆڤ بە خۆراک و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان، زیانێکی زۆری بە جۆرە بایۆلۆژییەکانی جیهان گەیاندوە .

هەروەها بێ تواناییی ئاژەڵان بۆ پێشبڕکێ لەگەڵ جۆرە ئاژەڵەکانی تر بۆ بەدەستهێنانی خۆراک و گۆڕانی کەشوهەوا، هۆکاری دیکەن کە ژیانی ئاژەڵەکان دەخەنە مەترسییەوە.

بابەتی ئاژەڵی کێوییش هەر لەو ڕوانگەیەوە دەبێ چاوی لێ بکرێت کە باسی مافی مروڤ و ژینگە دەکرێت. ئیمە هەموومان لە بازنەیەکداین بە ناوی زەوی و گۆڕانکاری لە ژیانی یەک گیاندار لەم سروشتەدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆی لە سەر ژیانی باقیی گیانداران هەیە.

ئەگەر بمانهەوێ لە شوێن ڕێگا چارەیەک بۆ ئەم مەسەلەیەوە بین، ئەوا دەبێت مامەڵەکردن بە ئاژەڵی کێوی بە تایبەت پێست و شاخی هێندێ ئاژەڵ کە زۆر بەربڵاوە لە ئینترنێتدا دەبێ ڕێگریی لێ بکرێت، تێپەڕاندنی یاسای زیاتر و قورستر، زیادکردنی پارە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قاچاخچییەکان و بەهێزکردنی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان؛ یارمەتی دەدات تا لە ناو چوونی ئاژەڵی کێوی ڕاوەستێ یان خۆ کەمتر ببێتەوە.

لە ئیستای کوردستاندا هەرچەندە کە دەبینین ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان و خەڵکی سیڤیل زۆر باش ئاگاداری دەدەن و ڕێگری لەوە دەکەن کە قاچاخچییەکانی ئاژەڵ بتوانن بە ڕاحەتی پیلانەکانیان بەرەوپێش بەرن، بەڵام بە هۆی بەربڵاویی جوغرافیایی کوردستان و نەبوونی سیستەمێکی بەڕیوبەریی دڵسۆز و تەرخان نەکردنی پارە، ئەوا ڕۆژ بە دوای ڕۆژ ترسی لەناوچوونی ئاژەڵ زۆرتر و زۆرتر دەبێت.

لێرەدا بێ ئەوەی خۆم بمهەوێ ناوی شەهید شەریفی باجوەر دێتە مێشکمەوە کە گوتی: لە دایک بوو چەکی سەوزمان! ئاسوودە بخەون کەڵەکان؛ ئاسوودە بخەون مروڤەکان، ئیتر چەکی سەوز پاسەوانمانە.

بەڕاستی ئەگەر کۆمەڵگای کوردستان بیر لە ڕێبازی شەهید شەریف و هاوڕێ هەمیشە زیندووەکانی بکەنەوە و هەر مروڤیکی کورد ببێت بە پاسەوانێک بو سروشت و ژینگەی کوردستان ئەوا هەم مرۆڤەکان و هەم ئاژەڵەکان و تەواوی سروشت بە ئاسوودەیی دەبن.



بەرێز دوکتور سۆهرابی!

بێگومان دیوتانە! ئێرانییەکان ماوەی دوو سێ ساڵە خەریکی پرۆژەیەکن، بۆخۆیان نێویان ناوە بیست چل لە زانکۆکانی ئامریکا چەند مامۆستایەکی ئێرانین دەیکەن. لە یەکێک لەو پڕۆژانەدا وتارێک نووسراوە کە وتارەکە باس لەسەر ئەوە دەکات تەنیا لە چوار پارێزگا کە چوار پارێزگاکەی کوردستانن توانایی ئەوە هەیە یان سەرفەی ئەوە هەیە کە کشتوکاڵ هەبێت. ئێوە چەندە ئەو بابەتە تەئید دەکەن وەکوو توێژەرێک ئایا ئەوە وەکوو مەترسییەک لەسەر کوردستان دەبینن یان وەکوو کارتێک و وەکوو دەسەڵاتێک بۆ کوردستان دەیبینن؟

ئەوەی کە جەنابت ئاماژەت پێ فەرموو ڕاستە، لەو مەقالەیەدا باسی ئەوە کراوە کە ئەو پارێزگایانە بە پێی ئەو ئایتێمانەی کە ئەوان ئەرزیابییان کردووە، وەزعیەتی ئەو چوار پارێزگایە بە نیسبەت پارێزگاکانی دیکەی ئێران باشترن. بەڵام نە بەهۆی ئەوەی کە چاکتر بەڕێوە بردراوە یان مودیرییەتێکی باشتری بۆ کراوە  تاکوو ئێستا! لە ئەساسدا  بە دەلیلی ئەو جوغرافیا خاسەی خۆی کە هەیەتی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات باشترن، دەنا خۆتان دەزانن کە ئێران لە ڕاماڵینی خۆڵ یان فەرسایشی خۆڵ لە دنیادا پلەی یەکەمی هەیە، لە ئێرانیشدا پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات، واتە ئەو پارێزگایانەی کوردستانن پلەی یەکەمیان هەیە، یانێ دەتوانین بڵێین کە کوردستان ساڵانە بە میانگین لە دەورووبەری هەر هێکتارێک زیاتر لە بیست تۆن خۆڵی لێ ڕادەماڵدرێت کە زۆر زۆرە و کێشەی گەورەتری لێ ساز دەبێت، بەڵام وەزعییەتی زەمینەکانی کشتوکاڵی لە پارێزگاکانی دیکەی ئێراندا ئەوەندە خراپ و سەقەت بەڕێوە بردراوە، ئەوەندە وەزعیەتێکی نالەباریان هەیە کە ئەو وەزعیەتەی کوردستان بە نیسبەت ئەوان باشترە، دەنا خۆی وەزعیەتەکەی کوردستان بە نسیبەت پێشتری خۆی لە پەنجا ساڵ پێشتر، چل ساڵ پێشتر، وەزعیەتی پارێزگاکانی کوردستان باشتر نەبووە و زۆر خراپتر بووە، بەڵام بە نیسبەت جێگاکانی دیکەی ئێران باشترە و دەکرێ کە پێشی قەیرانەکان بگیرێ و بەشێوەیەکی باشتر بەڕێوە بچێت و تەئسیراتێکی باشتری هەبێت.

 ئێستا دەبینین هەر ئەوڕۆ من خەبەرێکم بینی کە لە زرێوار ماسییەکی یەکجار زۆر مردوون کە دەگەڕێتەوە بۆ پەدیدەیەک کە پێی دەڵێن (Eutrophication) کە ئەوە حاڵەتێکە لە کشتوکاڵدا کە لە کوود وەکوو کودی سپی و ڕەش یان بڵێین فۆسفات و نیترۆژێن ئیستفادە دەکرێت  و ئەوانە کە لەگەڵ خۆڵ دەشوردرێتەوە (جا مەبەستم ئەو مەسەلەی ڕاماڵینی خۆڵە کە لە کوردستاندا زۆرە) ئەو خۆڵە کە دەشوردرێتەوە ئەو مەوادەی لەگەڵ خۆی دەباتە نێو ئاوی دەریاچەیەک یان گۆلێکی وەکوو زرێبار، لەوێدا بە مرور خڕدەبێتەوە دەتوانێت ئەو ئێکۆسیستەمە تووشی گۆڕین بکات و لە نەهایەتدا دەبینین کە ئۆکسیژێنی ئەوێ کەم دەکاتەوە و قەیرانی ژینگەییی لێ ساز دەبێت و مەسائێلی دیکە ساز دەکات. یان دەبینین کە لە زۆر شوێن ئەو جێگایانەی کە نابێ بکێڵدرێ یانێ شیبیان زۆرە، زیاتر لە ١٠٪ شیبیان هەیە ئەوانە کێڵدراون. لە زۆربەی شوێنەکانی کوردستان بەپێی ئەوە کە شوێنێکی شاخاوییە دەبینین کە کێڵدراون و کێڵانەکەشیان لە جەهەتی شیبدا بووە، ئەوەیش بۆخۆی موشکلاتێکی دیکەی ساز کردووە، بەڵام لە کولییەتی خۆیدا، ڕۆژهەڵات لە باری پۆتانسیێلەوە پۆتانسیێلی ئەوەی هەیە کە بتوانێ نەتەنها خۆی لە باری کشتوکاڵییەوە بەڕێوەبەرێت، بەڵکوو لەباری کشتوکاڵییەوە دەتوانێ دەرامەدزایی یان بڵێین لە باری ئیقتسادیشەوە سەرچاوەی داهات بێت و بتوانێ شت هەناردە بکات بۆ زۆربەی وڵاتانی دونیاش. ئەو قابلییەت و پۆتانسیێلەی هەیە، بەڵام بە نیسبەت مەسئەلەکەوە ئەگەر بە دیدێکی دیکە چاوی لێ بکەین لە باری سیاسی – ئەمنییەتییەوە ئێمە دەبینین سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران زیاترن. دەبینین کە وەزعیەتی کشتوکاڵیمان باشترە لە جێگاکان و شوێنەکانی دیکەی ئێران کە خەریکە موشکلیان بۆ پێش دێت. بۆخۆیان باس لەوە دەکەن ٨٥٪ی ئەو جێگایانەی کە ئێستا موشکیلەی ئاویان هەیە کەمتر لە ٢٠ ساڵی ئایندەدا مەجبورن چوڵ بکرێن. کەواتا خۆی ئەو پۆتانسیێلەی کوردستان  دەتوانێ مەترسییش بێ لەسەر نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا کە وەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد هەم قەیرانی مەسەلەی گۆڕینی دێمۆگرافی بێتە گۆڕێ هەم ئەوەی کە مەسئەلەی نەتەوایەتییەکەمان بەپێی ئەو پۆتانسیێلەی کە ئێمە هەمانە و بەپێی ئەو وەزعیەتە خراپەی کە لە جێگاکانی دیکە هەیە تەئسیرگوزار بێت لەسەری. بیستوومە لە هەورامان خەڵکیان زۆر هێناوە نزیک سەدها ماڵی غەیری کورد هاتوون لە جێگاکانی دیکە وردە وردە بە شێوەیەکی زۆر ئارام خەریکن کە خەڵکانی دیکە لە کوردستان نیشتەجێ دەکەن، کە ئەوە دەتوانێ مەترسی بێت، بەڵام ئەگەر کوردستان لە سیستەمێکی ئازاددا بێ، وەکوو باسی کرا کە لە حاڵەتێکی مافیادا بێتە دەرێ وەدەست مودیرییەتێکی باش بکەوێت کە بڵێین وەک کورد بەشێوەیەکی باش نە کوردێکی مافیایی، مەبەست لێرەدا با ئەوەش بڵێم مەبەستم دەوڵەتێکی خۆجێی کوردی تەنها ئەوە نییە کە هەر کورد بێ و هیچی دیکە، بەڵکوو دەبێ دەوڵەتێک بێ کە بەپێی عەقڵیەتێکی دروست وڵات بەڕێوەبەرێت. بەپێی هەمان ئەو گەشەی بەردەوام یا پایەدارە وڵات بەڕێوەبەرێت و عەقڵیەتێک بێت کە زانستی بەسەر جوغرافیاکەدا هەبێت تەوان و قابلییەتی ئێکۆلۆژیکی مەنتەقەکە بزانێت و پلانە ئێقتسادییەکان و سیاسییەکانی کە لە مەنتەقەدا دایدەڕێژدرێ، پلانێک بن هاوتەریب لەگەڵ ژینگە بن، ئەگەر ئەو حاڵەتە بێ ئەوە ئێمە پۆتانسیێلێکی زۆر زۆر باشمان هەیە دەتوانین کە لانی کەم لەباری کشتوکاڵییەوە ئێمە خەمێکی زۆرمان نەبێ کە بڵێین ئێمە ناتوانین لە باری کشتوکاڵییەوە خۆمان بەڕێوەبەرین، بەڵکوو ئێمە دەتوانین وەکوو کاک دوکتور باقریش ئیشارەی پێ کرد، لە باری کانییەوە ئەمە کانی یەکجار زۆرمان هەیە کە دەوتوانێ دەرامەدزاییمان هەبێ، قابلیەت و پۆتانسیێلی یەکجار زۆرمان هەیە، مەسەلەی ئێکۆتۆریسممان هەیە کە دەتوانین ئیستفادەی لێ بکەین، بەڵام لەلایەکی دیکەوە هەر لەو حاڵەتەی کە لە ئێستادا هەیە. ئەو پۆتانسیێلە باشە من پێی نیگەرانم بەو دەلیلەی کە ئێمە پلانی ڕزگارییەکەمان پلانێکی زۆر قەوی نییە. ئەمن لە بەرنامەیەکی دیکەشدا باسم کرد، کاتێک کە ئەتۆ دە ڕەقابەتدا هەیت، لە تەبیعەتدا ئەسڵێک هەیە ئەسڵی (Gause’s law) گەوسی پێ دەڵێن. دەڵێن دوو گوونە کاتێک کە نیچێکی (Ecoloigical niche) موشابهیان هەیە دەکەونە ڕەقابەت دەگەڵ یەکتر ئەگەر مەنبەعەکان مەحدوود بن، یانی ئەگەر ئەو سەرچاوانە کەم بن، ڕەقابەت شکڵ دەگرێت و ئەو گوونەیەی کە سفەتێکی بەرتەری هەیە قابلیەتێکی باشتری هەیە، دەتوانێ ئەوی دیکە لە ڕقابەتەکە وەردە نێ، لایبەرێ و بۆخۆی لەوێ ئەو مەنابعە بەدەست بێنێ. جا هەمان شت لەسەر کوردستانیشدا هەیە. ئێمە لە ڕقابەتدا هەین و ئەو ڕقابەتەی کە ئێمە هەمانە، بۆیە من هەست بە مەترسی دەکەم ئێمە ئەو تواناییەی کە لازم و پێویستە، نەمانتوانیوە کۆی بکەینەوە کە ببێتە سفەتێکی بەرتەر کە لەگەڵ داگیرکەرەکەمان بەکاری بێنین و بتوانین وەلای بنین یا لانیکەم ئەو مەترسییانە کەم بکەینەوە. یەکەم شت ئەوەیە کە ئێمە بۆخۆمان لە نێو خۆماندا موشکلمان هەیە. تێڕوانینەکانمان زەعیفە و بە عەقڵییەتێکی باش سەیری مەسایل ناکەین، کە بە باوەڕی من دەبێ گۆڕانکارییەکی زۆر عەمیق لە بۆچوونە سیاسییەکانماندا بکەینەوە و هەست بەو مەترسییانەش بکەین. من لێرەوە ئیشارە بەوە دەکەم کە ئەو حیزبە سیاسییە کوردییانەی کە فەعالییەت دەکەن، موبارزە دەکەن، لە نەهایەتدا دەیانهەوێ جوغرافیایەک ڕزگار بکەن و لەوێدا بە دەسەڵاتێک بگەن. ئەگەر ئەو جوغرافیایە نابوود بێ یا دێمۆگرافییەکەی عەوەز بکرێ، ئەو حیزبانە دواتر نازانم چ پلان و بەرنامەیەکیان هەیە و لە کوێ دەیانهەوێ بە دەسەڵاتداری بگەن؟

 

کاک دوکتور ئاسۆ

 جەنابت لە فەرمایشەکانتدا چەند جار ئاماژەتان بەوە کرد کە پرسی ژینگە وەکوو پرسێکی نەتەوەیی دەبێ باسی لەسەر بکرێت و ببێته بەشێکی گوتاری کەلانی خەباتمان. ئایا لە یاسای نێودەوڵەتیدا هیچ پەیوەندییەک هەیە لەنێوان مافەکانی گەلانی بێ دەوڵەت و پرسی ژینگەدا؟

پرسی ژینگه وەک بابەتێکی جیهانگیری مرۆڤایەتی بێگومان پێوەندی و گرینگیی زۆری بۆ گەلانی بێ دەوڵەتیش هەیه. بەتایبەتی که بەپێی هەموو داتاکان گۆڕانکارییەکانی ژینگە و کەش و هەوا و ئەو زیانانەی کە دنیای مۆدێڕن بە سروشتی دەگەیەنێ، پێش هەمووان ئەو گرووپانە دەکاتە قوربانی کە گرووپی پەڕاوێزخراون بەتایبەتی ئەو گەله بێ‌دەوڵەتانەی ناسنامە و هەرمانیان به خاک و سروشتی خۆیان بەستراوەتەوه. لەلایەکی دیکەوه هێندێک چەمکی دنیای ئەمڕۆ که بۆ پاراستنی ژینگه گرینگن، ڕاستەوخۆ بۆ پاراستنی ئەو گرووپ و گەلانەش بەسوود و پێویستن. بۆ نموونه گەشەسەندنی پایەدار بۆخۆی بەرهەمی ئەو ڕەوتە نێونەتەوەییەیە کە بە وشیاربوون لە پێویستیی پاراستنی ژینگه له ئاستی نێونەتەوە‌ییدا دەستی پێ کردووه. ئەگەر گەشەسەندنی پایەدار بە مانای پاراستنی یەکپارچەییی یەکە سروشتییەکان و پێشگیری له لەنێوچوونیان، یەکلایەنە نەبوونی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان، دادپەروەری، گونجاندنی ئابووری لەگەڵ  پێویستییەکانی گەشەسەندنی مرۆیی و پاراستنی ناسنامەکان ‌و دەکارخستنی هەموو قابلییەته ئینسانییەکان بێ، هەمووی ئەمانه به قازانجی گەلانی بێ دەوڵەت و کەمایەتییەکانیش تەواو دەبێ. چونکه هیچکام لەوانه ناکرێن بەبێ ئەوەی لەو ڕکابەرییە گلۆبالەدا کە هەموو گەلان و دەوڵەتانی دنیا لەپێشیانە، چوارچێوەی ‌بەڕێوەبەری و سەرچاوە مرۆییه لۆکالییەکان بەهێز بکرێن. کۆی ئەو بەرنامەڕێژی و لەبەرچاوگرتنەش یارمەتیمان دەکا که هەم له بەرانبەر دەسەڵاته نادادپەروەر و سەرکوتکارەکاندا و هەم له بەرانبەر غەڵتەکی بەجیهانیبووندا چاکتر بەرگه بگرین و بۆ ئاینده باشتر بەڕەی خۆمان له ئاوێ دەربێنین. لە لایەکی دیکەوه ئەو شتانه بۆ دینامیزمی نێوخۆییشمان که ئێستا کاک مەنسوور باسی کرد بەکەڵکن، واته بۆ دروست کردنی بنیاتەکانی کۆمەڵگایەک که لەودا دەسەڵات و قەوارەی سیاسی و حكوومەتی ڕەنگدانەوە‌ی ئەمانەتداریی خودی کۆمەڵگاکەی بن؛ هەر چاومان لە فوڕموولی سیاسی و خۆدەرخستن بەڕووی دەرەوەی خۆماندا نەبێ، بەڵکوو خۆسەلماندن و پارێزگاریمان له کوردبوون بە ڕووی دەرەوەدا پێش هەموو شتێک لەسەر ئاشتەوایی و دادپەروەریی نێوخۆیی و ڕەزایەت و بەختیاریی کۆمەڵگاکەمان بنیات بنێین.

ئێستا سەبارەت به بنەما نێونەتەوەییەکانی پێوەندیی نێوان مافی گەلانی بێ‌دەوڵەت و پرسی ژینگه که پێویستیه بیانناسین و بەکاریان ببەین، ئەو بابەته له چەندین بەشی قانوونی نێودەوڵەتیدا باس دەکرێ. یەکەم، خودی قانوونی ژینگەیه. دووەم، مافی مرۆڤ و لەوێشدا مافی مرۆڤەکان بۆ ژیان له ژینگەیەکی سالم و پایەدار و پارێزراودا. سێهەم، مافی گەلان که ئەو هەقه به هەر گەلێكی خاوەن مافی دیاریکردنی چارەنووس دەدا که تەمرینی سەروەری لەسەر سەرچاوه سروشتییەکانی خاکی خۆی بکا (ئەو مافه نەک تەنیا بۆ گەلی خاوەن دەوڵەت، بەڵکوو بۆ پێکهاتەکانی نێو فیدراسیۆنەکانیش به هاوبەشی بەڕەسمی ناسراوه). چوارەم، قانوونی بەشەردۆستییه که برییتیه له مافی مرۆڤ له کاتی شەڕدا، چ شەڕی نێوان دەوڵەتان و چ شەڕی نێوخۆیی. قانوونی بەشەردۆستییش لەسەر چوار ئەسڵ ڕاوەستاوه: پێویستیی مێتۆد و ئامرازەکانی شەڕ، نیسبییەتی ئەو مێتۆد و ئامرازانه، جیاکاری لەنێوان ئامانجه نیزامی و مەدەنییەکان‌دا و ئینساندۆستی. بەپێی قانوونی بەشەردۆستی لایەنەکانی شەڕ نابێ ژینگه وێران بکەن. پرۆتۆکۆلی یەکەمی کۆنڤانسیۆنەکانی ژنێڤ  لەسەر ڕووبەڕووبوونەوه چەکدارییه نێودەوڵەتییەکان دەڵێ پێویسته مێتۆد و ئامرازەکانی شەڕ سنووردار بن و بەشێوەی ڕێژەیی کەڵکیان لێ وەربگیرێ. بەپێی هێندێک له کۆنڤانسیۆن و پرۆتۆکۆلەکان بەتایبەتی پەیمانی “ئێنمۆد”، دەوڵەتان بۆیان نیه بەمەبەستی نیزامی ژینگه دەسکاری بکەن یان وەهای بەکار بەرن که زیانی قەرەبوونەکراوی پێ بگا. له پرۆتۆکۆلی دووەمی ژنێڤ سەبارەت به ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی نێوخۆییشدا گوتراوه که دەوڵەتان نابێ زیان بەو سەر‌چاوه سروشتییانه بگەیەنن که بۆ ژیان و بەقای  خەڵک زەروورن. لەلایەکی دیکەوه، گۆڕین و تێکدانی ژینگەی گەلی قەڵاچۆکراو وەک یەكێک له توخمەکانی پێناسە‌ی ژێنوساید سەیر دەكرێ.

پێنجەم و له هەمووی گرینگتر بۆ پێوەندیی نێوان پرسی ژینگه و مافی گەلانی بێ‌دەوڵەت، مافی کەمایەتییەکان و گەلانی بوومییه. بەپێی هەموو ئەو پەیماننامانەی له ئاستی نەتەوه یەکگرتووەکان و له ئاستی ناوچەیی بەتایبەتی ئورووپادا سەبارەت به مافی کەمایەتییەکان و گەلانی بوومی پەسند کراون، پێویستە دەوڵەتان لە پڕۆگرامە میللی واتە سەراسەری، و هەرێمییەکانی گەشەسەندندا، ئەو گەل و کەمایەتییانه بەشدار بکەن و ڕاوێژیان پێ بکەن هەتا به هاوبەشی لەگەڵ وان و بەشێوەی پێشوەخته کاریگەریی ئەو پلان و پرۆژانە لەسەر ژینگه و ناسنامەی ئەوان هەڵبسەنگێندرێ و ئەولەوییەتەکانی خۆشیان لەبواری بەڕێوەبردن و سوودوەرگرتن لەو سەرچاوه سروشتییانەی له ناوچەی ئەواندا هەڵکەوتوون، دیاری بکەن. مەسەلەیەکی دیکه که پێم وابێ کاک سەلاحیش ئاماژەی پێ کرد شەفافیەت و مافی زانیاری لەبواری ژینگەدایه که یەكێتیی ئورووپا زۆری کار لەسەر کردوه. کاک مەنسوریش ئیشارەی به باش حکومڕانی کرد که لێرەشدا زۆر دەق و سەرچاوەی حقووقی  هەن که ئەگەرچی زۆرتر له چوارچێوەی ئورووپادا ئیعتباریان هەیه، بەڵام دەتوانن بۆ کەیسی گەلی ئێمه و بەگشتی له ناوچەی ئێمەشدا بەسوود و ئیلهامبەخش بن.



کاک سەلاح

لە نێو قسەکانتاندا ئاماژەیەکتان بە هەمیشە زیندوو، شەهید شەریفی باجوەر کرد وێڕای ئەوەی کە پێم خۆشە بڵێم: “سەری ڕێز و نەوازش بۆ بەڕێزیان و شەهیدانی ژینگە دادەنەوێنم”. دۆخی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی ئێستای کوردستان چۆن دەبینن، کە ئێستا لە ژێردەسەڵاتی ڕژیمدا کار دەکەن، ئەوان لە چ دۆخێکدان و کردەوەکانیان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ڕێکخراواە مەدەنییەکان و لێرەدا ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان ڕۆڵیکی زۆر گرنگیان لە هاوکاریکردن و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتی سەبارەت بە ژینگە و سروشت هەیە. لە زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەکاندا، ڕێکخراوەکان لە پێش بەرپرسانی حکومییەوە جوڵاونەتەوە و بەو هۆیەوە توانیویانە کە متمانەی گشتی بە دەست بهێنین و توانیوویانە ئەنجامی باشتریشیان ببێت.

لەڕاستیدا دەبوو دەزگاکانی حكوومەت ڕۆڵی ئەم کۆمەڵە و ڕێکخراوە ژینگەپارێزانەیان وەک هەلێکی زێڕین بەکار بهێنابا بۆ جێبەجێکردنی زۆرێک لە کێشەکانی کۆمەڵگا و ژینگە، بەڵام بە داخەوە بە پێچەوانەوە لە زۆربەی ئەو کارانەی وا ئەم ڕێکخراوانە بە شێوەی خۆبەخش دەیکەن، دەستێوەردان دەکڕێت. زۆر جاریش دەبینین کە بەڕێوبەرانی ئەو ڕێکخراوانە هەڕەشەیان لێ دەکرێت یان زیندانی دەکرێن.

ئەگەر چاو لە ژمارەی ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان بو نموونە لە پارێزگای سنە بکەین، ئەوا دەبینین کە لە دوای سالی ۸۹ دا ڕێگری لە دامەزراندنی ڕێکخراوی دیکە کراوە.

ئەمە ئەوە دەسەلمێنێ کە حكوومەت وەکوو خۆی مافی فیلترکردن و سنووردار کردنی ڕێکخراوە کان بو خۆی بە پارێزراو داناوە و بە دوو بەری باش و یان سەر بە ڕەوییەی حكوومەت و بەری خەراپ یان ئەوانەی کە پاراستنی ژینگە بە ئەرکی خۆیان دەزانن تا ئەوەی کە بکەونە بازنەی هێزەکانی ناو کۆمەڵگا، دابەشیان دەکات.

حكوومەت زۆرجار لەم دەڵاقەیەوە هەوڵ بۆ لەناوبردنی ئەو ڕێکخراوانە دەدات کە ئامانجیان ئاگادارکردن و ڕێکخستنی خەڵکە بو پارێزگاری لە سروشت و ژینگەیەکی جوانتر. هۆکاری ئەمەش لە بەر ئەوەیە کە حكوومەت هەرجۆرە هەوڵدانیک بو بەڕێکخراو کردن و ئاگاداریی خەڵک وەکوو هەڕەشەیەک لە سەر دەسەڵاتی خۆی پێناسە دەکات.

بۆیە هێندێ جار خۆی دەس دەکات بە ڕێکخستنی هیندێ ڕێکخراوە بە ناوی ڕێکخراوەی ناحکومی و بۆ بەستنی دەنگی کۆمەڵگای مەدەنی و مانوڕدان بەئەوەی کە ئەوا ئیمە لە گەڵ هەموو ڕێکخراوەیەکین کە بەرژەوەندییەکانی سیستەمی دەسەڵاتدار قەبووڵ دەکات.

بۆیە ئەوە دەبینین و دەبیسین کە ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەپارێزەکان لە کوردستان و بە تایبەت لە ساڵانی ڕابردوودا لە ژێر فشاریکی زۆردا کار و چالاکی دەکەن. هەر ئەم فشار و ڕێگرییەی حكوومەتە کە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی لاوانی ئازیز و دڵسۆزی ژینگەی کوردستان. بەڵام بە هەموو ئەو فشارانەی حكوومەتیشەوە، کارێکی زۆر گەورە کراوە لە لایەن ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکانی کوردستانەوە و ڕێگایش دڕێژەی هەیە.



کاک دوکتور باقر وەکوو پرسیاری ئاخری میزگردەکەمان، پێم خۆشە پرسیارێکی سیاسیتان لێ بکەم، ڕێژیم لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام باسی لەسەر ئەوە کردووە، کە فرۆشتنی گاز و کارەبا بە وڵاتانی ئەفغانستان، عێراق و تورکەمەنستان وەک کارتێکی دیپلۆماسی بەکار دێنێ و جۆڕێک باس لەسەر دیپلۆماسیی وزە دەکا، ئایا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا لە ڕووی ژێرخانەوە تواناییی ئەوەی هەیە کە دیپلۆماسیی وزە بەکار بێنێ و کارتێک بێت بۆی لە ناوچەکەدا؟

هەروا کە ئاماژەم پێ کرد، ئەبێ بە نرخ و قیمەتی بەرهەمهێنانی یاکوو گۆڕانی ئەو وزەیە، ئێستا کە حکوومەتی ئێران لە گەمارۆدایە و ناتوانێ لە بازاڕەکانی جیهانیدا نەوت و گازایل و بەقەولی خۆیان موشتەقاتەکانی بفرۆشێت، دەبینین کە ئەو بەرهەمانە دێتەوە بۆ کەرتی دروست کردنی کارەبا کەڵکی لێ وەردەگرێت یانی بە واتایەکی تر، نرخی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێراندا زۆر زۆر لەخوارێیە، ئەمە ڕاستییەکە. خزمەتت عەرز بکەم خاڵێکی تریش ئەوەیە کە هەروا کە ئاماژەم پێ کرد لە سەدا ٩٢ی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێراندا هی وێستگەکانی هەڵمییە. هەروا کە باسم کرد نەتەنها بەرق ئەنێرێ بۆ وڵاتێکی تر، بەڵکوو هەمزەمان خەریکە ئاویشیان بۆ دەنێرێ. ئەوە شتێکە کە زانایان بە ناوی ئاوی مەجازی باسی دەکەن، ئێستە ئەم دوو مەوردە کە خزمەتتانم عەرز کرد، با سەرەتایەک بێ بۆ ئەوەی کە ئەو باسە، باسێکی بە بڕوای من پسپۆڕیی من نییە، بەڵام من وەکوو بۆخۆم ئیزنی ئەوەم هەیە کە بیروڕای خۆمم بێ سەبارەت بەم شتە، باسێکی ژێئۆپۆلیتیکییە، ئێران نەتەنها کە کارەبا بۆ وڵاتانیتر دەنێرێ، بەڵکوو بەتایبەت لە وەرزەکانی تاوسان و زستاندا، ئەمە ئاماری ساڵی ٢٠١٨یە لە وەرزەکانی تاوسان و زستانی ساڵی ٢٠١٨دا تەنانەت خۆی پێویستی بەوە بوو کە کارەبا لە وڵاتانیترەوە بێنێ، ئەوەی کە هەر وەکوو جەنابت ئاماژەت پێ کرد لە ئازەربایجان و تورکمەنستان و ئەرمەنستانەوە کارەبا بۆ ئێران هاتووە. هەناردنی کارەبایش لە ئێرانەوە زۆرتر دەچێتە عێراق و ئەفغانستان و پاکستان و ئەرمەنستان و تورکییە، کە چاو لەم وڵاتانە دەکەین، بۆ هێنانی کارەبا و هەناردنی کارەبا، وڵاتێک کە زۆر سەرنجڕاکێشە ئەویش ئەرمەنستانە. ئەرمەنستان بۆ من بە گرینگی دەزانم و ئاماژەم پێ کرد، ئێمە لە ناوچەدا شەڕی هێژموونی ئێران و عەرەبستان و تورکییەمان هەیە، لێرە ئێران بە بابەتی وزە یاکوو ئاو تێت لێرە ئەو کایەی سیاسیی خۆی دەکات، ڕەنگە بۆچوونەکەی من، بۆچوونێکی ژیرانە نەبێت، من بەداخەوە یا جێگای خۆشحاڵییە سیاسەتم نەخوێندووە، ئەوەندە سەرم لە سیاسەت دەرناچێ، بەڵام ئەگەر بەپێی ئەو شتانەی کە من تیژ چاوی لێ دەکەم، بیروڕای من ئەوەیە کە نەتەنها بابەتی ئەو کارەبایە بەڵکوو بابەتی ڕۆباری ئاراسیش لێرە دێتە گۆڕەوە. لەگەڵ ئەرمەنستانا ئەو نێوان خۆشییە ڕەنگە سەبارەت بەوە بێ کە ئەو هەمسەنگییە یاکوو ئەو تەرازێ کە ئێران دەیەوێ لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا دژی تورکییە بیبێت یاکوو بەحسی قەرەباغ و شتی وا لەبەرچاو بگرێ. بەتایبەت ئەوەی کە لانیکەم ١٣ ساڵە کە لەسەر پیس بوونی ئاوی ئاراس لە نێوان ئێران و ئازەربایجان و ئەرمەنستاندا وتووێژ بووگە و ئەمەش ڕاستییە کە یەکێک لە سەرچاوەکانی پیس کردنی ڕۆباری ئاراس، وڵاتی ئەرمەنستانە، کە هەموو پاشماوە و ئەوانەی کە لە بابەتی کەرتی پیشەسازییەوە دەبێ، یەکڕاست دەیکاتە ناو ئەم ڕووبارەوە و ئێران تا ئێستا نەبووگە کە بەڕاستی دژی ئەرمەنستان هیچ سیاسەتێکی گرتبێتە بەر کە ئەم ئاوە بۆ ئەوەندە پیس دەبێ و لە ڕۆژنامەکان و چاپەمەنییەکانی ئێرانیشدا باسی ئەوە دەکرێ کە تەنانەت ئەو شوێنانە کە لە ئاوی ئاراس کەڵک وەردەگرن، نەخۆشینهایەکی وەکوو، شێرپەنجە لەوێدا زۆر زۆرە. بابەتێکی تر هەر دووبارە بگەڕێینەوە سەر ئاو، باسێکی ئاوە و بە تێروتەسەلی لەسەری باس کرا. خزمەتتان عەرز بکەم بابەتێک کە هەیە، ئاماژەی پێ نەکرا ئەویش بابەتی نێوان ئێران و ئەفغانستانە، گێرە و کێشەی هیرمەند ئەوە ناکۆکییەکە کە هێشتا کە هێشتاس حەل نەبووگە. من لەگەڵ کاک ئاسۆم، بیروڕای جنابیان زۆر بە جێگەیە، لە وڵاتانێکدا کە مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی هەیە، ئەو موشکڵانە زۆر بە ڕاحەتی حەل دەکرێ. من بیرەوەریی خۆم ئەو سەردەمەی کە لە ئەفغانستانا بووم، ئەوە بوو کە باسی ئەوە دەکرا بەڵگەم نەبینی، بەڵام وەکوو باسی ئەوە دەکرا کە حکوومەتی ئێران چەک ئەدات بە تاڵەبان کە دژی ئەو بەنداوە تازەیەی کە خەریکن لە نزیکی مەرزی ئێرانەوە دروستی دەکەن، هەڵسوکەوتی بێت و تەنانەت ئەو کەسانەی کە لەو پڕۆژەیەدا کاریان دەکرد دەیانڕفاندن و تەنانەت کارهایەکی تێرۆریستییان ئەنجام ئەدا.