ئارامتر بخوێنەوە!
ڕەخنە، جیاوازیی بیروڕا، بواری خوێندن
جوودیت باتلێر
وەرگێڕان: پشتیوان هەوشاری
ئازادیی ئاکادمیک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بووەتە دیاردەیەکی جێگای مشتومڕ. لە لایەکەوە لێکۆڵەر و بیرمەندانی کۆنزێرڤاتیڤ ئەو دەستەواژەیە لە کاتێکدا بە کار دێنن کە بیانهەوێ ڕەخنە لە دروستیی سیاسی لە زنکۆدا بگرن، لە لایەکی ترەوە لێکۆڵەرانی پێشکەوتنخواز دەیانهەوێ ئازادیی ئاکادمیک وەکوو بنەمایەک بۆ پارێزگاری لە سەربەخۆییی ئاکادمیک لەبەرانبەر دەستێوەردانی دەوڵەت و کۆمپانییەکاندا بەهێز بکەن. ماوەیەک لەمەو پێش وتووێژێکم لەگەڵ ڕۆبێرت پۆست سەبارەت بە ئازادیی ئاکادمیک پاش 11ی سێپتامبر بڵاو کردەوە. ئەوە یەکەمین هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی لە چەمکی ئازادیی ئاکادمیک تێبگەین و سنووری ئەو چەمکە بناسین.
پۆست لە بەشی خۆیدا دەڵێ ڕێگایەک کە پارێزەری خۆبەڕێوەبەریی ئاکادمیکە ئەوەیە کە ئیزن بە کۆڵێژەکان (مامۆستاکان) بدرێت تاکوو سەبارەت بە بەرنامە فێرکارییەکانیان و دامەزراندنەکان بڕیار بدەن و هەڵیسەنگێنن، چونکە ئەوان بەشێوازێکی پڕۆفیشنال لە لقێکی تایبەتدا پەروەردە بوون و ئامادەی وەها هەڵسەنگاندنێکن. پارێزگاری لە ئازادیی ئاکادمیک لەوبوارەدا پەیوەندیی بە تواناییی ئێمە بۆ پاراستنیی کەسە لێهاتووەکانەوە هەیە کە لەلایەن کۆڵێژکان و له ڕێگەی پەروەردەی پرۆفیشناڵ و بە هەڵسەنگاندنی هاوتا هەڵسەنگاندراون.
له ڕوانگەی پۆستەوە، ژیانی دامەزراوەی ئازادیی ئاکادمیک لەسەر نۆڕمگەلێک بەندە کە هەمووان لەسەری کۆکن و لە لایەن چینێک لە مامۆستایانەوە کە لقە زانستییەکان دەناسن دادەنرێن و بەهێز دەکرێن. هەروەها ئەو نۆڕمانە ئێمە بۆ ئەنجامدانی هەرچەشنە لێکۆلینەوەیەک و فێرکارییەک توانا و لێهاتوو دەکات. لەڕاستیدا ئەو نۆڕمانە مەرجی ڕەواییبەخشین بەئازادیی ئاکادمیکمانن.
من لەگەڵ پۆست هاوڕام کە خۆبەڕێوەبەریی ئاکادمیک زۆر گرینگە و دەبێ بنەمای ڕەوای خۆی بدۆزێتەوە تاکوو دژ بە دەستێوەردانی ناڕەوای سیاسی و بەڕێوەبەرانە سەبارەت بە بەرنامەی پەروەردە و دامەزراندنی (مامۆستا یان بەگشتی ئەندامانی کۆڵیژەکان) بوەستێتەوە و بۆچوونی دژ بەوانی هەبێ. بەڵام من لێرەدا باس لە نیگەرانییەک دەکەم و ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئێمە لە نۆڕمی ئاکادمیک وەکوو نۆرمی پیشە و نۆڕمی بوارەکانی خوێندن تێبگەین و ئەم نۆڕمانە ببنە مەرجی رەواییی ئازادیی ئاکادمیک، ئیتر ناتوانین لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەگرانەمان لەسەر ڕەواییی ئەو نۆڕمانە هەبێ؛ ئەمەیش نەک هەر ئازادیی ئاکادمیک دەخاتە مەترسییەوە بەڵکوو ئەو پارێزگارییەی بە ڕاشکاوی باسی لێوە کرابوو دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەروەها لەوانەیە داهێنان لە بواری لقەکان و نێوان-لقی زانستدا سنووری لقەکان بشێوێنێت. نۆڕمگەلی پڕۆفیشناڵ کە وەکوو نۆڕمگەلی بوارەکانی خوێندن لێکدەدرێنەوە ڕەوایی بە ئازادیی ئاکادمیک دەبەخشن؛ بەڵام چ شتێک ڕەوایی بەو خودی ئەو نۆڕمانە دەدات؟ ئەگەر ئێمە نەمانتوانی وڵامیکی باش بۆ ئەو پرسیارە بدۆزینەوە ڕەنگە ئێمە لەگەڵ ئەم پرسە ڕووبەڕوو بینەوە: ئێمە دەبێ نۆڕمگەلێک قبووڵ بکەین کە ناتوانین ڕەواییان پێبدەین (یا ئێمە ناتوانین پرسیار لە رەوایی بکەین) تاکوو ڕەوایی بە ئازادیی ئاکادمیکی ئێمە بدەن.
لە ڕاستیدا حەزی ئێمە بۆ سازکردنی ئازادیی ئاکادمیک لە چوارچێوەی نۆڕمگەلی تەنزیمی و پڕۆفیشناڵ کە تەنیا ئەندامانی کۆڵێژەکان دەزانن چییە و چۆن بەکار دەهێنرێ، دەبێتە هۆی ساز کردنی پرسێکی دیکە بۆ ئازادیی ئاکادمیک. ئەگەر داهێنانی پەروەردەیی ئەو نرخ و تێچووە بێت کە ئێمە بۆ ڕەوایی دان بە بۆچوونی دژ بە دەستێوەردانە نەخوازراوە سیاسییەکان دەیدەین، ئەوە ئێمە کەلتوورێکی ئاکادمیکی کۆنزێرڤاتیڤ دادەمەزرێنین و تەنانەت داهێنانی پەروەردەیی و ئیشە نێوان-لقییەکانیش سەرکوت دەکەین تاکوو پارێزگاری لە ئازادیی ئاکادمیک بکەین. ئێمە دەبێ بپرسین کە ئازادیی ئاکادمیک بۆ چ کەسێک دەپارێزرێ؟ و بۆ چ کەسێک لەناو دەچێ؟ و ئێمە بە چ مانایەک ئاکادمیک دەمێنینەوە؟ دەتوانین جیاوازییەکی جیددی لە بیروڕادا ببینین: نۆڕمگەلی پڕۆفیشناڵ سنوورگەلێکی پێویستن کە ئێمە نابێ لێیان دڕدۆنگ بین ئەگەر ئێمە بخوازین لە ئازادیی ئاکادمیکیا، پارێزگاری لە نۆڕمگەلی پڕۆفیشناڵ بکەین، دەبێ وردبینی لەنێو خۆماندا قەبووڵ بکەین.
ئەم پرسە پڕپێچ و پەنایە دەبێتە هۆی ئەوەی کە من دوو پرسیاری جیاواز بکەم. یەکەم ئەوەیە کە ڕەخنە لە ئیشی ئاکادمیکدا چییە و چ پەیوەندییەکی بە کێشەی بوارەکانی خویندنەوە هەیە. ئەگەر پشتیوانی لە شێوەیەکی تایبەت لە لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی بکرێ، ئێمە چۆن دەتوانین بزانین لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی چییە؟ پرسیاری دووهەم ئەوەیە کە ئایا ئەو شتەی کە پێی دەڵێین لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی، دەتوانێ لەلایەن لقێکی تایبەتەوە دیاری بکرێ، ئایا ئەوە لەخۆیدا کردارێکی نێو ئەو ئەو بوارە زانستییەیە یان لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی دەتوانێ لەسەر تێگەیشتن لە چەمکی ڕەخنه دابنرێت؟
ئەگەرچی ئاشکرایە کە ڕەخنە بێچمە مودێڕنەکەی لە فەلسەفەوە وەرگرتووە، هەندێک دەڵێن کە تەنانەت لە چوارچێوەی تایبەتی لقی فەلسەفەدا ناگونجێت. بۆ وێنە لە فەلسەفەی کانتدا، کرداری ڕەخنە نەک لە دەرەوەی بازنەی فەلسەفە و بەگشتی زانکۆدا کەڵکی لێ وەردەگیررێت بەڵکوو ڕێگایەکە تاکوو ڕەواییی بنەڕەتیی بەڕێوەبەرایەتییە گشتی و حکوومەتییەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە.
لەو ڕووەوە من هیوادارم بتوانم ئەوە نیشان بدەم کە ڕەخنە لە کاری ئاکادمیکدا، بەشێوەیەکی بەربڵاوتر پەیوەندیی بە پرسی جیاوازیی بیروڕای سیاسییەوە هەیه کە تێیدا جیاوازیی بیروڕای سیاسی، وەکوو ناڕەزایەتی لە خواستە ناڕەواکانی دەسەڵاتی گشتی و حکوومەتی فام بکرێ. من لە پێشدا دەبێ ئەوە بڵێم کە پێموا نییە کردەوەی ڕەخنە بتوانێ بۆ تەواوی ئەو نۆڕمانەی کە ئێمە بۆ سازکردنی ئیددیعایەکی بەهێز سەبارەت بە ڕەوایی و ناڕەواییی دەسەڵات بەکاربهێنرێ، بەڵام من وای بۆ دەچم بەکارهێنانی ڕەخنە بۆ هەموو ئەو ئیددیعایانەی کە ئێمە لە ئاکامدا دەمانهەوێ سازی کەین شتێکی پێویستە.
گرینگە کە ئاماژە بەو بەستێنە سیاسییە بکەین کە تێیدا وەها پڕسیارگەلێک دێنە ئاراوە- یان هەر نایەنە ئاراوە. لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەستەواژەی ئازادیی ئاکادمیک، وەکوو مافی کۆڵێژەکان دەبینرێ تاکوو لە دەستتێوەردانی هێزی کۆمپانی و بەرپرسانی حکوومەتی لە بابەتی سازکردنی بەرنامە فێرکارییەکان، هەڵسانگاندنی هاوتا و لێکۆڵینەوەکاندا، ڕزگار بن. لەلایەکی دیکەوە، ئازادیی ئاکادمیک بۆ بەشێک لە لێکۆڵەرەکان وەکوو مافێک دەبینرێ کە پشتی پێ دەبەستن تاکوو بچنە نێو گرێبەستەوە لەگەڵ ئەو سەرچاوە داراییانەی کە پێیان وایە شایستە و گونجاوە و هاوکات مەرجگەلی داسەپاو لەلایەن ئەو سەرچاوە دەرەکییانەوە قبووڵ دەکەن کە زۆربەی جار کاریگەریی لەسەر دامەزراندنی کەسەکان، بەرنامەی فێرکاری و لێکۆڵینەوەکانیان هەیە. گرینگە کە ئێمە سەرنج بە هێرش بۆ سەر ئازادیی ئاکادمیک بدەین. 1. یەکێک لە مەبەستەکانی گەڵاڵەی مافە ئاکادمیکەکان ئەوەیە هاوسەنگیی ڕوانگەکان لە ژووری وانەکوتنەوەکاندا سازبکات[1]. 2. شێوازی نوێی دەستێوەردانی دەوڵەت لە ڕێگای کارکردنی هاوبەشی یاسای نیشتمانی، پێکهێنانی دەستەیەک لە ڕاوێژکاران بۆ چاوەدێریی خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-لێکۆڵەران چ دەکەن و بە چ لایەنگرییەکەوە- و ڕێکخراوە نوێیەکان دەیانهەوێ فێر کردن و وانە کوتنەوەی ئایین و زانست بخەنە چوارچێوەی یاساوە 3. زێدە پشتبەستن بە یارمەتییە دەرکییەکان و ئەنجومەنی دەرچووان بۆ پارستن و ڕاگرتنی خوێندنی باڵا دەتوانێ ببێتە هۆی سنووردارێتی لە دابین کردنی مووچە کە ئەوەش ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ گوشار لەسەر بڕیارگەلی ئاکادمیک لەمەڕ دامەزرانەکان دادەنێت، هەرەوها دەبێتە هۆی گەشەسەندن و گۆڕینی بەرنامە فێرکارییەکان و بایەخ دان بە فۆڕمێک لە زانست کە ڕاستەوخۆ بەرژەوەندی و قازانج بەرهەم دەهێنێ.
بۆ پشتیوانییەکی بەهێز لە ئازادیی ئاکادمیک، دەبێ ئێمە لەو جۆرە ئازادییەی کە پشتیوانیی لێ دەکەین تێبگەین و بتوانین شیوازەکانی گۆڕانی باس بکەین. ئەگەر بەکارهێنانی ڕەخنەییی هزر، بەشێک لە ئەزموونی ئەم ئازادییە بێت؛ ئێمە دەبێ ئەو مانایەی«ڕەخنەیی»، کە شیاوی داکۆکی کردنە، دیاری بکەین. ڕەخنە ناتوانێ بەستێنێک بۆ بڕیاردان لەسەر هەر چەشنە ئازادییەکی ئاکادمیکی تایبەت ساز بکات، بەڵکوو بە بێ ڕەخنە ناتوانین باسێکی بەهێز لەسەر ئەو بابەتانە بکەین کە لە ئازادیی ئاکادمیکەوە هەڵقوڵاون. بەکارهێنانی ڕەخنە لە شێوەی کانتدا لەگەڵ پرسیاری دەستێوەردانی ڕەوا و ناڕەوای دەوڵەت لە ژیانی ئاکادمیکداگرێ دراوە. ئەگەرچی هۆکارگەلێکی زۆر هەیە کە بۆ وەرگرتنی هەندێک مانای ڕەخنە نابێت بە کانتەوە بوەستین بەڵام لە ڕوانگەی منەوە خوێندنەوەی کانت و ئاوڕدانەوە لێی گرینگە.
لە هەنگاوی یەکەمدا، پێکدادانی کۆڵێژەکان ڕێک لێکدانەوەیەکی وا دێنێتەوە پێشەوە؛ لێکدانەوەیەک کە دەیەوێت جیاوازیی شێوازێک لە بیرکردنەوە کە دەبێت لەلایەن دەوڵەتەوە پشتیوانیی لێ بکرێت و شێوازێک لە بیرکردنەوە کە دەبێت لە دەستێوەردانی دەوڵەت بەدوور بێ، ڕوون بکاتەوە. لە دۆخی نالەباری سەردەمی ئێمەدا تەنیا دەوڵەت نییە کە گوشار دەخاتە سەر ڕەوتی ئاکادمیک و ژیانی فیکری (لۆبییە سیاسییەکان، کۆمەڵەکانی دەرچووانی زانکۆ، میدیا و ناوەندەکانی دیکەی دابینکەری پارە و مووچە-ش وەها کارێک دەکەن)، هەربۆیە هەڵسەنگاندنی دەقی کانت و دۆخی ئێمە دەتوانێ لەوەپێش سنووردار بووبێت. بۆ پرسیارلە واتاکانی دەقی کانت بۆ ڕۆژگاری ئێمە، من پرسیاری ئەوە ناکەم گەلۆ دەکرێ ئێمە کانت بۆ پرسی ئازادیی ئاکادمیک بەکار بهێنین بەڵکوو ئەوە دەپرسم چۆن دەکرێت ئەو ئیدیۆمە کانتییە بۆ سەردەمی خۆمان وەربگێڕین کە بەسوود بێت. ئەمە دەتوانێت پڕۆژەیەکی ئاڵۆز بێت، چون کانت چەند جۆری جیاوازی ڕەخنەی هەیە و دەبێ فام بکرێ کە کام تێگەیشتن لە ڕەخنە پەیوەندی بە باسی بواری پەروەردەوە هەیە. گەڕان لە نێو کانتدا بە مانای پشتڕاست کردنەوەی فەلسەفەی ئێستعلایی نییە بەڵکوو بۆ ئەم پرسیارە باشە کە گەلۆ تێپەڕین بە ڕێگەی فۆڕمی ئێستعلایی بۆچوون و بەڵگەهێنانەوەدا ئاکامێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لێ دەبێتەوە. ئێمە داوا لە دامەزراوەگەلی مێژوویی وەکوو زانکۆ دەکەین کە پشتیوانی لە ڕەخنە بکەن، بەڵام ئێمە بۆ داوەری و هەڵسەنگاندن هەندێک تێگەیشتنمان لە ڕەخنە هەیە که بڕێک لە زانکۆکان پشتیوانی لە پێگە و بەکارهێنانی ئەو شێوە ڕەخنەیە ناکەن. ئێمە لەسەر چ بنەمایەک وەها دادوەری و هەڵسەنگاندنێک دەکەین؟
تێگەیشتن لە ڕەخنە لەگەڵ ئەو شتەی ئێمە پێی دەڵێین لێکۆڵینەوەی کراوە پەیوەندی هەیە، ئێمە وا تێدەگەین کە ئەو شتەی لێکۆڵینەوەی کراوە ساز دەکات، شتێکە کە لێکۆڵینەوە سنووردار دەکات و سنووری کردەوەکانیشی دیاری دەکات. هەموو فۆڕمەکانی لێکۆڵینەوە، کراوە و ڕەخنەگرانە نین و ئەو هێڵانەی ئێمە لە دەوریان دەکێشین سنوور بەرهەم ناهێن، ئەگەرنا سنوورە کە کردەوەی لێکۆڵینەوەیەک مومکین دەکات. بەکاربردنی ڕەخنە کاتێک ڕوودەدات کە کۆمەڵێک لە پرسیارەکان فۆڕموولە بکرێن. ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە ڕواڵەتی ڕەخنەییی تایبەتمەندیی فۆرماڵی پرسیارەکان بناسین و پاشان پۆلێنبەندییەک بکەین کە بەپێی ئەو پرسیارانە بێت کە ئێمە پێمان وایە ڕەخنەگرانەن و ئەوانی دیکە ئاوا نین؛ بەڵکوو ئەم کاره پتر گرێدراوی باری مێژوویییە: ئێمە دەتوانین بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن، لە بارودۆخێکی دیاریکراودا، جۆری دیاریکراوی پرسیار ناتوانن بکرێن، یا تەنیا لەڕێگەی شکاندنی قەدەغەیەکی دیاریکراوەوە دەکرێن کە ئەو قەدەغەیە کارکردی دیاری کردنی هەلومەرج و سنووردار کردنەوەی پرسیارکەری هەیە؟ ئەم بۆچوونە ڕوانینی رەخنەگرانە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەلومەرجە جۆربەجۆرە مێژوویییانە کە چوارچێوەی لە بیرکردنەوەهاتوو و شیاویگوتن دیاری دەکەن، پێناسە دەکات. بە باوەڕی من بەشێک لە چوارچێوەی شیاویگوتن لە ڕێگەی بەسەرکێش ناساندنی هەندێک ڕوانگەی دیاریکراوی فیکرییەوە، دادەمەزرێ. زۆر بەئاسانی دەتوانین بڵێین ڕوانگە سەرکێشەکان ئەوانەن بە گشتی و بە ئاشکرایی بە ناڕەوا دادەنرێن و لەو ڕوانگانە کە بە ئاشکرا بە ڕەوا دەزانرێن جیا دەکرێنەوە. بەڵام وەها چوارچێوەیەک لەمەڕ ئەو شتانەی کە ناتوانرێ بە ڕوونی باسیان لێ بکرێ و بۆ ئەو کردەوانەی کە وەکوو سنوورێک بۆ شتانی شیاوی کوتن پێناسە دەکرێن تووشی شکست دێت. بە واتایەکی دیکە، ڕوانگەی سەرکێش ئەوە نییە کە بەبێ زیان گەیاندن بەو ئایدیایەی کە شیاویگوتنە بکرێت بگوترێت. ڕوانگە سەرکێشەکان وەکوو شتێک بۆ بنکۆڵ کردنی ئایدیای ڕوانگە دەبینرێن. لێرەدا من کەمتر باسی ئەو ڕوانگانە دەکەم کە فۆڕمی ڕاگەیاندنیان[2] هەیە، چون من تێدەگەم کە ئەوانە سەرکێشانە دادەڕێژرێن، بەڵام پتر مەبەستم ئەو ڕوانگانەیە کە تازەن، یان وەک پرسیارگەلێکن لە چوارچێوەیەک کە پرسیارەکانی تێدا دەکرێن.
ئەڵبەت کانت بەجۆرێک لەسەر پێچەوانەی ئەم بابەتە پێداگریی دەکرد. پرسیاری کانت ئەوە بوو کە چۆن ئێمە دەتوانین لێکۆڵینەوه لە زانینی خۆمان سنووردار بکەینەوە هەمیشەبە ئەنجامی دوگم یان گوماناوی نەگەین. [3] لەسەر چ بنەمایەکی ڕەوا ئێمە دەتوانین بناسین؟ کانت لە ڕێگەی ئەو پرسیارەوە دەیویست جۆری بنەماگەلی کە ڕەاویی دەسەلمێنن پۆلێنبەندی بکات. واتە ئەوانە بەپێی عەقڵ دەسەلمێن و ئەوانەی ناسەلمێن. کانت لە ڕەخنەی عەقڵی پەتیدا پشتی بە چەندین مانا و کارکردی ڕەخنە بەستووە، وەکوو: لابردنی مێتافیزیک، سەرکەوتن بەسەر ئەو شتەی کە پێی دەڵێ دەسەڵاتی یەکلاییدیتن (مشتومڕی هەمیشەیی نێوان دوگماتیزم و شک و گومان-گەرایی)، حەول بۆ دروست کردنی بنەمایەکی کارامە بۆ زانست، حەول بۆ دامەزراندنی دادگایەک کە تەواوی ئیددیعاکانی زانین بەوێدا تێپەڕێ، ڕێگایەک بۆ ئاشتیی مەدەنی، تاکە ئامرازێک بۆ دادوەریی کردنی ئیددیعاکانی زانین، ڕێگایەک بۆ هەڵێنجانی ئیددیعاکانی زانین بەپێی بنەما لەپێشووەکان، ڕێگایەک بۆ جیاکردنەوەی وەها ئێددیعاگەلێک لە ئیددیعا ئەزموونکراو و هزرییەکان. ڕەخنە وەکوو شۆڕشێک وەسف کراوە، شتێک کە کانت وەکوو شۆڕشێک لە ئاستی ڕەوت و شێوازدا ناوی لێ دەبا، ڕێگایەکی پێشکەوتنخوازانە بۆ زانست، ڕێگایەک بۆ بەهێز کردنی ئیددیعا ڕەواکان، ڕێگایەک بۆ ئاگاداری لە هەمووان لەبەرانبەر ڕێبازە زیانبارەکان (بەتایبەتی ئەوانەی لێکدژی، بەلاڕێدا بردن و زێدەڕۆیی کردن لەخۆ دەگرن)، و ڕێگایەک بۆ وەستان لەبەرانبەر بیری خەڵکدا و لە هەمان کاتدا لە خزمەتی خەڵکدا بوون. بەڵام کانت لە جێگایەک لەم لیستەدا فۆڕمێکی تایبەت لە پرسیار پێشنیار دەکات کە بەشێک لە ڕەخنەیه و بە دوو شێوە داڕێژراوە. کاتێک کەسێک ڕەخنە دەگرێت، ئەو کەسە بە سانایی بەستێنێکی ڕەوایی بەخش بۆ هەرچەشنە پڕۆژەیەکی زانست دابین ناکات، بەلکووکەسێکە کە کۆمەڵێک پرسیار دەکات کە چۆن حاڵەتی خۆ-ڕەوابەخشی ڕوو دەدات. [4] ئەو پرسیارانە ئەمانەن: لە چ ڕێگەیەکەوە؟ بە چ مافێک؟[5]
با ئەم پرسیارانە لە مێشکدا ڕابگرین لە چ ڕێگەیەکەوە؟ و بە چ مافێک؟ ئێمە ڕوانگەی ڕەخنەیی بۆ پرسیارگەلی پەیوەندیدار لەگەڵ بواری خوێندن و ئازادیی ئاکادمیک بەکاردەهێنین. کانت نووسراوەیەکی کورت بەڵام سەرنجڕاکێشی لەژێر ناوی “ڕووناکبینی چییە؟” نووسیوە و فۆکۆش خوێندنەوەیەکی لەسەر ئەو بابەتە هەر بەهەمان شێواز لە ژێر ناوی ڕووناکبینی چییە؟ نووسیوە[6]. لەوێدا کانت باسی دەکات کە مەبەستی لە ڕەخنە چییە، بەڵام ئەو ئیددیعاکانی خۆی لە ڕێگەی هێنانە ئارای پرسیارگەلێک سەبارەت بە ئازادی و بەکارهێنانی عەقڵ کە دەبێ لە بەکاربردنی گشتییەکەیدا ئازاد بێ و لە بەکاربردنی تایبەتدا دەبێ پێمل و گوێ لە مست بمێنێتەوە، سنووردار کردووەتەوه[7]. هەندێک کار هەیە کە لە بیاڤی تایبەتدا دەکرێ، بۆ وێنە وەکوو لە بیاڤی بنەماڵە، کلیسا و ماڵیات. ئێمە تایبەتمەندیی دەسەڵاتی ئەو نۆڕمانە ناخەینە ژێر پرسیارەوە بەڵام تەنیا بۆ ئەوانەی کە تایبەت بە چەمکی سنووردار کراوی گشتین دەچنە ژێر پرسیارەوە. کانت نەک هەر ئیددیعای خۆی سنووردار کردووەتەوە بەڵکوو نیشانی داوە کە بەکارهێنانی ئازادانە و گشتیی عەقڵ، پەیوەندی بە بیاڤی تایبەت و سنووردارەوە هەیە، و دەڵێ ڕەخنەگریی گشتی مەرجێکی ئازادییە و یەکێک لەو مەرجانەیە کە بیاڤی چاوەدێریی دەوڵەت تێیدا ڕوو دەدات و لە دەستێوەردانی ڕەخنەگرانە بەدوورە. ئێمە چۆن دەتوانین لە بیاڤی بەکار هێنانی ئازادانە و گشتیی عەقڵ لە سەر بنەمایەکی تاکەکەسی (تایبەت) و سنووردار، تێبگەین؟ ئەو هێڵە چۆن دەکێشرێتەوە؟ بە چ ئامرازێک؟ بە کام ماف؟
کانت بۆچوونێکی دیکەی سەبارەت بە مشتومڕی نێوان کۆڵێژەکان خستووەتە ئاراوە، ئەو پشتیوانیی لەوە دەکرد کۆڵیژەکانی یاسا، پزیشکی و حکوومەت، دەبێ لە ژێر چاوەدێریی تەناهی و دەسەڵاتی حکوومەتدا بن و دەبێ فەرمانەکانی دەوڵەت بە شێوازێکی دروست جێبەجێ بکەن و وەکوو یاسا پەسەندی بکەن، هەروەها بواری خوێندنی فەلسەفە دەبێ بەدوور لە هەر جۆرە دەستێوەردانێک بێت. لە ڕاستیدا فەلسەفە تەنیا لە کاتێکدا دەتوانێ ئازادانە عەقڵ بەکار بهێنێ کە لە بەربەستەکانی پێداویستییە سیاسییەکان بە دوور بێ. دۆخەکانی بەرهەم هێنانی دەق ئاڵۆزه؛ ئەوە لە ساڵی 1794 لە بەرانبەر بە کردەوە پێشگیرانەکانی فڕێدریک ویڵیامی دووهەم نووسراون، لەو کاتەدا کانت داخوازێکی فەرمیی لە دەوڵەتی ئەو کات وەرگرت کە چیدی سەبارەت بە ئایین نەنووسێ. بۆچوون و بەڵگەهێنانەوەی کانت ئاڵۆز و بەگرێوگۆڵە، ئەو ناوەندە فێرکارییە باڵاکان وەکوو تیئۆلۆژی، یاسا و پزیشکی -کە ڕاستەوخۆ لە بواری خێرۆمەندی گشتیدان- لەگەڵ کۆڵێژە خوارووەکان وەکوو فەلسەفە و مێژوو “کە لە فەرمانی ژوور دەستەکان بۆ فێر کردن خۆدەبوێرن”، جیا دەکاتەوە. ئەرکی فەلسەفە ئەوەیە کە خۆی لەگەڵ “ڕاستیی فێرکاری کە بواری گشتیدا وەدەردەکەوێ”، “داوەریی ئازاد” نیشان بدات و پێویستە بە شیوازێکی سەربەخۆ دادوەری بکات و تەنیا لە ڕێگای یاساکانی عەقڵ نەک یاساکانی دەوڵەتەوە، ئەرکەکانی خۆی ئەنجام بدات[8].
وا پێدەچێ بۆچوونی کانت سەبارەت بە بواری ڕەخنە پەیوەندیی بە جیاوازییەکی ڕوونی بواری خوێندنەوەوە هەیە؛ سیاسەت – وەکوو دەستەبەری جێبەجێ بوونی دەوڵەت فام دەکرێ- بەشێوەیەکی ڕەوا بەسەر هەندێک بواری خوێندنی ئاشکرادا زاڵە و ئەرکی ئەوەیە وەکوو بەستێنێک بۆ خێرۆمەندیی گشتی بمێنێتەوە و ببینرێ و بەشێوەیەکی ناڕەوا بەسەر هەندێک بواری خوێندنی دیکە کە ئەرکیان کارکردێکی ڕەخنەگرانەیە، تاکوو ڕوانینی گشتی تێست بکەن و داخۆیانەی دژ بە یاساکانی عەقڵن هەڵبسەنگێنێ و لە پەیوەندی لەگەڵ هەموو جۆرە ڕێنوێنییە گشتییەکان سەربەخۆ بمێنێتەوە. فەلسەفە بەشێوەیەکی ئازاد و بەدوور لە هەر چەشنە سەپاندنێک پێناسە کراوە و ئەمەش لە ڕێگای ئەری ڕەخنەگرانەکەیەتی، بەڵام ئەم نەبوونی سنوور و سەپاندنە پەیوەندی بە سنووردارێتی و سەپاندنانەیە کە بە سەر بوارەکانیی دیکەی خوێندن و کۆڵێژەکانی دیکەدا سەپاوە. لە ڕاستیدا ئەرکی ئەوەی کە بڕیار بدرێ لە کوێ و لە چ کاتێکدا ئەم داسەپاندنکارییانە فۆڕمێکی ڕەوان، کاری فەلسەفەیە. لەو ڕووەوە، ئازادیی لێکۆڵینەوە بۆ فەلسەفە پەیوەندی بە نەبوونی ئازادیی زۆری بوارەکانی دیکە خوێندنەوە هەیە. ئازادی فەلسەفە لە داسەپاندنکاریی دەوڵەت، پێناسە کردنی ئەرکی بواری خۆێندنیی فەلسەفەوە هاتووە، واتە ئازادیی فەلسەفە وەکوو پێشمەرجێکی چێکەری ئیددیعای فەلسەفە بۆ لێکۆڵینەوەی ئازاد و کراوەیە، دۆخێک کە لە نێو بوارەکانی دیکەی خوێندندا نابینرێ. هەربۆیە پێگەی بواری خوێندنی فەلسەفە ئاکامی دەرکەوتنی دەستێوەردانی دەوڵەتە. لە ڕاستیدا کاتێک کانت وەها ئیددیعایەک دەکات کە فەلسەفە دەبێ دوور بێ لە سنووردارێتی و بوارەکانی دیکەی خوێندن دەبێ سنووردار بن، ئەم پرسیارە ساز دەبێ کە گەلۆ کانت بەناو بواری فەلسەفەدا قسە دەکات یان وەکوو داوەرێکی سەروو-بواریی بوارەکانیی خوێندن قسە دەکات. من پێموایە سەلماندنی هەردووکیان ڕاستە.
ڕەنگە کاتێک کانت دەڵێ فەلسەفە دەبێ لە چاوەدێری و زاڵێتیی دەوڵەت ئازاد بێ، ئێمە دەبێ لەسەر ڕوانینێکی پێچەوانە بدوێین و قبووڵی بکەین. دەوڵەت دەبێ لە فەلسەفە ئەوە فێر بێ کە هێزی خۆی سنووردار بکاتەوە ڕێگە بە کاری ئازاد و گشتیی فەلسەفە بدات. گەرچی فەلسەفە خۆی لە دەستێوەردانەکانی دەوڵەت بەدوور دەبینێ و خۆی لەچاو بوارەکانی دیکەی خوێندن کە دەوڵەت دەستێواردانیان تێدا دەکات جیاواز دەبینێ، بەڵام بەو حاڵەشەوە خۆی لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەت پێناسە دەکات و لەڕاستیدا بۆ پێناسە کردنی فەلسەفی لە خۆی، گرێدراوی دەوڵەتە. لە ڕوانگەی کانتەوە کە دەڵێ فەلسەفە دەبێ لە سیاسەت بەدوور بێ؛ ئەوەی بەئەژمار نەهێناوە کە چۆن هەر ئەو ئازادییە گرێدراوی پێشمەرجی ئاشکرا و ڕوونی سیاسی بۆ فەلسەفەیە، ئەو شتەی کە لە تان و پۆی زانکۆدا چنراوە، وەک دریدا بە ڕوونی ئاماژەی پێ کردووه و، چۆن گرێدراوی حوکمی گشتییە. ئێمە هۆکاری زۆرمان بۆ سەرسامی هەیە کە گەلۆ ئەم جووڵەیە دەتوانێ فەلسەفە لە سیاسەت بسڕێتەوە یان بە شێوازێکی زۆر سنووردارتری دەوڵەت، ئەمە لە کاتێدایە یەکەم، هێزی دەوڵەت پشتیوانی لە فەلسەفە دەکات و لە ڕێگەی ئەم پشتیوانییەوە دەست لە چاوەدێری بەسەر ئەو ڕێگایانەی فەلسەفە پێیاندا دەڕوا هەڵدەگرێ و دووهەم، جیاوازی لە نێوان بوارەکانی خوێندن (ناوەندە فێرکارییە باڵاکان یان کۆڵێژە باڵاکان) کە دەبێ پاساو بۆ شێوازەکانی لێکۆڵینەوە و ئیددیعاکانیان سەبارەت بە زانست بهێنەوە لە چوارچێوەی خێرۆمەندییەکی گشتی کە لەلایەن دەوڵەتەوە دامەزراوە، بە تەواوی دیاردەیەکی نافەلسەفییە، لەم ڕووەوە فەلسەفە لە ڕووی ئەو شتەی کە نییە پێناسە دەکرێ و ئەم پێناسە کردنەش دەستێوەردانی دەوڵەت لە پێکهێنانی زانستی بوارەکانی خوێندن سنووردار دەکاتەوە. شوێنێک کە دەتوانین کاریگەریی فەلسەفە نیشان بدەین ئەوەیە کە سنووردار کردنەوەی چاوەدێریی دەوڵەت شتێکی ڕەوایە و ئەوە بەم مانایەیە ئەرکی گرینگ و ڕەخنەییی فەلسەفە ئەوەیە کە ڕەوایی بداتە هێزیی ناڕەوای دەوڵەت. فەلسەفە نێوی ناوە چرکەساتێک کە دەوڵەت پاشەکشە دەکات یان – دەبێ پاشەکشە لە فەرمانەکای بکات یان ئەوەیکە دەوڵەت فەرمانەکانی لە ڕێگەی بەڵگە هێنانەوەیەک (ئیستدلالێک) ئارستە بکات کە خۆی سازی نەکردووه؛ بەپێچەوانەوە، فەلسەفە چرکەساتێک نێو دەنێ کە لەوێدا بەڵگەهێنانەوە وەکوو هێزێک بۆ دەوری سەربەخۆیانە پێناسە دەکات و ئیمکانێک بۆ جیاوازیی بیروڕای سیاسی دادەمەزرێنێ؛ ئەوەش لە پێناو قبووڵ نەکردنی فەرمان و زاڵێتیی دەوڵەت وەکوو دیاردەیەکی ڕەوایە. ئەگەر فەلسەفە ئەم ئەرکە سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی دەوڵەت لە کاروباری زانکۆدا ئەنجام بدات، ئەوە فەلسەفە ئەرکی ڕەخنەگرانەی خۆی ئەنجام داوە و خۆی لە سەروو یان دەرەوەی هێزی دەوڵەت داناوە و ئەرکی گشتیتری ئەوەیە کە سەبارەت بە فەرمانەکان و سیاسەتەکانی حکوومەت کە ڕەوایییەکەیان بەشێوەیەکی گشتگیر و بەربڵاو تا ئێستا دانەمەزراوە لێکۆڵینەوە بکات؟
ئێستا هۆکارگەلێکی زۆر هەن سەبارەت بە پرسیار لە پێگەی کانت و بگوترێ ئایا ئێمە دەتوانین بۆچوونی کانت بۆ ئێستا بەکار بێنین یان ئەوەیکە؛ ئەو بۆچوونە بۆچی بۆ ڕوانینی ئێمە لەمەڕ ئازادیی ئاکادمیک و ئەرکی ڕەخنەیی ژیانیی زانکۆییمان بەسوودە. بەڵام لێرەدا دوو خاڵ هەیە کە بۆ ئامانجی باسەکەی ئێمە پڕبایەخن. یەکەم، کرداری ڕەخنە کە لە نێو بواری خوێندنی فەلسەفەدا ڕوو دەدات، بەڵام ئەمە لە هەموو جێگایەک ڕوو دەدا و هەموو جێگایەکیش دەبێتە هۆی پرسیارگەلێکی جیاواز، هەرلەو ڕووەوە ڕەخنە تەنیا بەشی بواری خوێندنی فەلسەفە نییە بەڵکوو هەر بەو جۆرەی دریدا پێداگری دەکات، ڕەخنە لە تەواوی زانکۆدا (واتە تەواوی بوارەکانی خوێندندا) بوونی هەیە. دووهەم: کرداری ڕەخنە تەنیا لە بوارە ناسراوەکانی فەلسەفە و نێو دیوارەکانی زانکۆدا ڕوو نادات، بەڵکوو لە هەموو کاتێکدا پرسیاری ئەوەی کە چ شتێک ڕەواییی فەرمانی حکوومەت و سیاسەت پێکدەهێنێت دەکرێ. هەر بۆیە ڕەخنە پێملی هیچکام لەو ئیددیعایانە نابێ کە دەیانگوت سنووردارێتی، باشترینی هۆکاری کرداری ڕەخنەیە و سنووردار ناکرێتەوە. ئەوە بەم مانایەیە؛ ئەم تێگەیشنە لە ڕەخنە کە بەدەستی کانت سازکراوە، لە فۆڕموولی کانت تێدەپەرێ و ساز کردنی مەوادیەکی لە دەقە کانتییەکانیشی لێ دەبێتەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کانت کە لەلایەن دریداوە لە چەندین نووسراوەیدا لە ژێر ناوی چاوەکانی زانکۆدا چاپ بووە، باس لەسەر ئەوەیە، چلۆن بوارێکیی خوێندن لە بوارێکی دیکە جیا دەبێتەوە. دریدا بانگهێشت بۆ ناخاوێنییەک کە لە نێوان بوارەکانی خوێندندا هەیە دەکات، بەڵام ئەو بەتەواوی بەتایبەت لە وتووێژێکدا هەر بەهەمان نێو، ستایشی فەلسەفە دەکات، هەروەها پرسیارێکی دیکەش دێنێتە ئاراوە؛ گەلۆ ئێمە دەتوانین پشت بە عەقڵ بۆ کردەوەی ڕەخنەگرانە ببەستین و ئایا ڕەخنە بۆخۆی نە لەبەر ئیددیعاکانی عەقڵ بەڵکوو لەبەر جیاوازیی بێ دەردیسەریی نێوان بوارەکانی خوێندن جێگای بڕوا بێ. ئەگەر من وەکوو دریدا ڕەخنە لە کانت بگرم دەبێ خەریکی خوێندنەوەی وتاری تۆماس شێلینگ لە ساڵی 1803 سەبارەت بە میتودی خوێندنی زانکۆکان بم. لەوێدا شیلینگ باسێک سەبارەت بە کرداری زانست دەکات کە دەبێ پێش لە سنووردار کردەنەوەی بوارەکانی خوێندن بن. پاشان دریدا دەپرسێ گەلۆ هزر لە بەرەوەیە و ناتوانێ جیاوازییەکی پتەو لە نێوان بوارەکانی خوێندندا ساز بکات و ئەم دەستەواژەیەی لە ڕەخنە پێ باشترە کە لە ڕوانگەی ئەو جیاوازیی نێوان بوارەکانی خوێندن پەسند کراوە. پرسیاری دریدا لە ژێر کاریگەریی شیلینگ ئەوەیە چ شتێک پێش گریمانە کراوە لەلایەن سنووردارێتیی ڕەخنەیییەوە؟ دریدا هزر بۆ پەیوەندییەکی لەوەپێش ڕادەگرێ، پێش لە سنووردار کردنەوە، وەکوو دیاردەیەک بۆ تێگەیشتن لە فەزایەکی نائاسیی و دەستەمۆنەکراو، یان بەلانی کەمەوە بۆ ئەو فەزایەی کە پێشمەرجەکانی فۆڕمە جێگیرکراوەکانی زانست ناتوانرێ بە سانایی قبووڵ بکرێ. دریدا بە دروستی ئەم پرسیارە دەکات کە چۆن پەیوەندیی نێوان بوارەکانی خوێندن ساز دەکرێ لە کاتێکدا ئێمە ناتوانین ئەگەری جێگۆڕکێ لە نێوان بوارەکانی خوێندندا فەڕز بکەین، جێگۆڕکەیەک کە لە زۆربەی کاتەکاندا سنووری نێوان بوارەکانی خوێندن وەکوو پێکهاتەیەکی لەرزۆک نیشان دەدات و خودی بوارەکانی خوێندنیش لەبەر پەتی و خاوێن نەبوونەکان وەزاڵە هاتوون کە ناتوانن لەنێو بچن یان بەڕێوەبەری بکرێن. ئەم کێشەیە لە نێو شیکردەنەوەی کانتدا سەبارەت بە ڕەخنە لهمهڕ بواری خوێندندا سهرههڵدهدا، ئهم باسه دێنێته ئاراوه که ڕەخنە لە هەر کات و شوێنکدا کە کرداری ئازادی عەقڵ ڕوو دەدات سەرهەڵدێنێت. بەم ئاقارەدا ئێمە دەتوانین کرداری سەروو-بواری خوێندنی ڕەخنە بدۆزینەوە کە بنەمایەکیشی لەنێو کانتدا هەبوو، ئەگەرچی کانت نەیتوانی و نەشیکرد وەها ئاکامگەلێک بەدەست بهێنێ.
هەمووی ئەم پرسیارانە گرینگن، بەڵام من دەمهەوێ بڵێم ئێمە پێویست ناکات ڕەخنە لە بەشە جیاوازە پڕۆبڵماتیکەکان کە کانت پشتی پێ بەستووە بگرین. من پێموایە کانت ئەو شتانەی وا دەبێ لە ئەودیووی ڕەخنەدا بن دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ڕەخنە لە ڕەخنە، لەنێوبردن یان پووچ کردنەوەی ڕەخنە نییە. نەرێ-یەکی دوو هێندەیە کە ڕەخنە بە ئەوپەڕی بەرزی دەگەیەنێ، هەروەها ئەوە لە فۆڕمەکانیدا شتێکی ئاڵۆز و پڕ پێچ و پەنایە کە لەوە پێش نەناسراوە و ڕێدراویش نەبووە و پێش مەرجە ناڕەخنەییەکان و مانا ناڕاستەوخۆیەکانی کرداری خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
بۆ وێنە جیاوازی لە نێوان بواری گشتی و تایبەت لە کانتدا سەبارەت بە ڕەخنە و مشتومڕی نێوان ناوەندە خوێندنەکان (کۆڵێژەکان) ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوە. هەر بەو جۆرەی لە سەرەوە باس کرا فەلسەفە بێ سێ و دوو و بەتەواوی گشتییە و کرداری ڕەخنەییەکەشی جێگایەکی لە بواری تایبەتدا نییە. ئەم جیاوازییەی فەلسەفە لەگەڵ بوارەکانی دیکەی خوێندن لە ڕەهەندی بواری تایبەتدا زۆر نییە، یەکێک لەو خاڵە جیاوازییانە هێزە کە سەرنجی پێ دراوە تاکوو بە شێوازێکی باش و ڕێکوپێک لەسەروو گەیشتن بە ڕەخنەوە بێ. لیرەدا دەتوانین ببینین کە چلۆن بەکارهێنانی ئازاد و کراوەی ڕەخنە و ئەو جۆرەی من سەبارەت ئیددیعاکانی لە مەڕ حاڵەتی موتەعالییەکەی، دەتوانێ لەبەر کاریگەرییەکانی لەسەر سیاسەت، قەیران ساز بکات. ئایا مەرجی فەلسەفە بۆ جیاوازی لەگەڵ بوارەکانی دیکەی خوێندندا بەستێنێکی موتەعالییە یان بە ئاشکرایی ڕێگایەک کە هێڵی سنووردارکردنەوە دەکێشێ کە باندۆڕێکی موتەعالی لەسەر ئەوەی کە پەیوەندیی بە کام خۆپێناسەکردنی[9] فەلسەفەوە، وەکوو بواری خوێندن هەیە، بەرهەم دەهێنێ؟ ئەو سیاسەتەی کە ئێمە ئاماژەی پێ دەکەین سیاسەتی دەوڵەت یان سیاسەتی بیاڤێکی گشتی نییە؛ بەڵکوو سیاسەتی تایبەتی هێزی سنووردار کردەنەوەیە کە بە بەردەوامی نێوان دوو بەستێنی پڕ لە کێشەی گشتی و تایبەت لێک جیا دەکاتەوە. ئەگەر ڕێگایەک بۆ جیاکردنەوەی بواری گشتی و تایبەت نەبێ؛ ئەوە کاری ڕەخنە تەنیا بە شیوازێکی ناڕەوا بۆ بواری گشتی سنووردار دەبێتەوە. بواری تایبەت ئەم شتانە لەخۆ دەگرێ: هەندێک ڕێوشوێنی پەیوەندیدار بە بنەماڵەوە و ناوەندە ئایینییەکان، پرسگەلێک سەبارەت بە سڵامەتی و دیسان بەرهەمهێنانەوە، جیاوازیی ڕەگەزی کار، یاساگەلی پەیوەندیدار بە سێکسوالیتە و ڕەگەزی (نێرینە و مێینە)، پرسیار لە دۆخ و ئامرازەکانی بێچم گرتنی بابەتەکان وەکوو پەروەردە و فێر کردن و دەست پێڕاگەیشتن بە ناوەندەکانی پەروەردە لە ڕووی چینایەتی و ڕەگەزی(نژادی)یەوە؛ لەم ڕووەوە ئەوە ناڕەخنەگرانەیە بگوترێ کە نابێ ڕەخنەیان لێ بگیرێ یان ئەوەی کە پەیوەندییە پلە نزمەکان وەکوو بەشێکی سیاسیی سازکراوی ژیانی کۆمەڵایەتییە و تەنانەت بەشیک لە ڕامانی فەلسەفییە. ئەگەر بە پێی ڕوانینی کانت بڕۆینە پێشێ؛ فەلسەفە لە فەرمان و سیاسەتی دەوڵەتەکان بەدوورە، پاشان فەلسەفە دەبێتە ئامرازێک بۆ ئەوەی پانتاییی ڕەخنە سنووردار بکرێتەوە. ئەگەر پرسگەلی بیاڤی تایبەت بێتە ئاراوە؛ بەشێکی فرە لە بیاڤی گشتی و تایبەتدا دەتوانرێ وەکوو دیاردەیەکی ڕەخنەیی بیری لێ بکرێتەوە، پاشان فەلسەفەش دەبێ پێگەی خۆی لە نێوان بوارەکانی دیکەی خوێندندا لەقیس بدات و بچێتە بوارێکی کۆمەڵایەتییەوه کە نە گشتییە و نە تایبەتە و پرسیارگەلێک بخاتە ڕوو کە ئەرک و کردارەکەی پێناسە بکات.
سەبارەت بەم شێوەڕوانینە پێویستە تێگەیشتنمان لە ڕەخنە بگۆڕین بۆ ئاقارێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی و پرسیار بکرێ کە ئایا ئەو ڕێگایانەی بواری گشتی و تایبەت دەکێشنەوه؛ خۆیان ڕەوان. ئەگەر ڕەخنە وەکوو شتێکی سنووردارکراو بە ساحەی کراوەی گشتی فام بکرێ، دەبێ ئێمە پرسیار بکەین کە ئەم سنووردار کردنەوەیە چۆن ڕوویداوە. ئەوە لە ڕێگەی ئامرازە سیاسییەکانەوە ڕوودەدا کە خۆی لە ناو ئەو ساحەتە نیشان نادات تاکوو بە شێوازێکی ڕوون و دەقیق هێز لە ڕێگەی ئەو بوارانەی کە دامەزراون و سەقامگیر بوون سنووردار نەکرێتەوە. هەر بۆیە ئێمە پێویستمان بە شتێکی وەکوو ڕەخنەی ڕەخنە هەیە تاکوو لە جیاوازیدانانی کاریگەرییەکانی هێز تێبگەین و کاریگەرییەکانیشی پووچەڵ بکەینەوە. ئیزن بدەن با بۆ چرکەساتێک وەبیر بێنینەوە کە پرسیارە کردارییەکانی ڕەخنە چی لەخۆ دەگرێ و واتە چۆن ڕوو دەدات؟ و لە ڕێگەی چ ئامرازگەلێکەوە؟ ئەوە بەو مانایەیە کردەوەی ڕەخنە بە ڕاشکاوی لە پەیوەندی لەگەڵ ئیددیعاکانی هێزی دەوڵەت لەسەر لێکۆڵینەوەی ئاکادمیک دەتوانێ ڕوو بدات. ئەگەری ئەوەی هەیە کە هەمیسان پێگەی کانتی لە ڕێگەیەکی جیاوازەوە بگوترێتەوە. بەگشتی؛ کردەوەی عەقڵ کە کاری فەلسەفیی کانت جیا دەکاتەوه، لە ڕاستیدا ئەوە شتێکی ڕەخنەگرانەیە، کەواتە لۆژیکییە بگوترێ ئەو شتەی کە دەبێ وەکوو بایەخی زانکۆ ڕابگیرێ ڕێک کردەوەی ڕەخنەیە کە دەپرسێ بە چ مافێک و لە ڕێگەی چ کەرەستەگەلێک، دۆکسایە[10]کی دیاری کراو وەکوو زەروورەتێک قبووڵ دەکرێ و و بە چ مافێک و بە پێی چ مافێک و لە ڕێگەی چ کەرەستەگەلێکی دیاریکراو، بڕیار و دەستوورەکانی حکوومەت و سیاسەتەکان وەکوو دۆکسایەکی پێش-ڕەخنەییی زانکۆ قبووڵ دەکرێ.
دەبێ و دەتوانین کانت دژ بە کانت (واتە خۆی) بەکار بهێنین تاکوو ئەو پرسیارە بێتە ئاراوە؛ کە بە چ ئامرازگەلێک و بە چ مافێک کانت پانتاییی عەقڵی گشتیی پێکهێناوه؟ و بە پێی چ مافێک و کەرەستەیەک کانت هاتووە پانتاییی گشتی و تایبەتی لێک جیا کردووەتەوە؟ پرسیارەکەی دەبێ و دەکرێ دووپات بێتەوە و ئەو بەستێنەی تێیدا پێکهاتووە تێکشکێ و ئەو بەستێنانەی کەوا زۆربەی جومگەبەندییەکانی تێیدا پێکهاتووە دەبێ و دەکرێ بخرێتە ژێر پرسیارەوە. دەتوانین بڵێین کەسێک کە چی دیکە کانتی نییە، ئەگەر کەسێک سەبارەت بە کانت پرسیار لە کانتییەک بکات کە ئەوەش بە دڵنیاییەوە دەبێ قبووڵ بکرێ، تەنانەت لە ڕوانگەیەکی مێژوویییەوە پێویستە، لەبەر ئەوەی لە کۆتاییدا ئەو پرسیارانەی کە هاتووەتە ئاراوە چی دیکە پەیوەندییان بەوەوە نییە و بەوەوە نەبەستراونەتەوە، ئەو پرسیارانە لەلایەن خوێنەرگەلێکەوە هاتوونەتە ئاراوە کە دەیانهەوێ بزانن لە نێوان دەقەکەیدا و کێشە هەنووکەیییەکانی سەردەمی ئێمە،دەتوانێ چ وەرگێڕانێک (واتە چ تێگەیشتنێک) لە کانت بکرێ. ڕەخنەی ڕەخنە دەبێتە دووپات کردنەوەی ڕەخنە و بابەتی ڕەخنە بۆ وەرگێڕانی دەقگەلێکە کە لە سەردەمێکی لێک بڵاو و پەرتەوازەی سیاسیدا خوڵقاوە. ئەم کردەوە دووقاتییە لە هەندێک جار گرینگترین هەوڵێکە بۆ سازکردنی مانا لە کانت بۆ سەردەمی ئەڕۆمان.
ئێمە مانا بە چ شتێک دەدەین، بۆ وێنه کاتێک فۆکۆ کانت دووپات دەکاتەوە “ڕۆشنگەری چییە؟”؛ ئەوە سەردێڕی کانتە کە فۆکۆ لە دەقەکەی خۆیدا بەکاری دێنێ و ناسینێکی ناخۆش لەنێوان خۆی و کانتدا ساز دەکات. لە پێشدا شتێک بە پێی ئەو لە پەنا یەکتر دانانەی ئەو دوو وتارەدا دەردەکەوێ ئەوەیە سەردێڕەکەی پرسیارە، پرسیارێکی هاوبەشە و ئەوە سەردێڕێکە دووجار ڕوودەدا؛ ڕوودانێک کە لە ڕێگەی پرسیارەوە ڕوویداوە و جیاوازە و دووپات بووەتەوە. ئەو شتە چییە؟ فۆکۆ بە ئیمە دەڵێ؛ بەلانی کەمەوە بۆ کانت لەو وتارەیدا ڕۆشنگەری نابێ وەکوو شتێکی سنووردار بە کات و شوێن فام بکرێ بەڵکوو لەهەموو کاتێکدا دووپات دەبێتەوە و جۆرێکی دیاری پرسیار دەکرێ لە چ دۆخگەلێکدا کام دۆکسا حکوومەت دەکات. پرسینی ئەو پرسیارە کە ڕۆشنگەری چییە؟ بەشێوەیەکی کاریگەر ئیزن دەدات دیسان ڕۆشنگەری ڕووبداتەوە و نیشانی دەدات کە ڕۆشنگەری شتێکە دەتوانێ ڕووبدات لە کاتێکدا وەها پرسیارگەلێک بێتە ئاراوە. هەر بۆیە لە هەنگاوی یەکەمدا ئەو شتەی لە خوێندنەوەی دەسبەجێی شێوازی فۆکۆ دێتە ئاراوە ئەوەیە کە ڕۆشنگەری بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ غەیرە-مێژوویی دەبێتەوە و لە ڕەهەندی میتودۆلۆژییەوە ڕۆشنگەری دابڕانێکی دیاری مێژوویی پێکدەهێنێت. فۆکۆ دەڵێت ئەگەر ڕۆشنگەری دروشمێکی هەبێ خۆی لەوەدا نیشان دەدات “غیرەتی(جورئەتی) زانین”[11]. لە هەنگاوی دووهەمدا ئەو شتەی دەبێنرێ ئەوەیە کە بۆ فۆکۆ، ڕەخنە شتێکە پەیوەندیی لەگەڵ حاڵەتی سووژەوە هەیە یان ئەوەی کە ڕیسکێکی دیارە کە هەڕەشە لە سووژە دەکات لەبەرانبەر ئەو دەسەڵاتە زاڵانەی کە لەبەرانبەر ڕەخنەدا پارێزراون. پێدەچێ ئەو شتەی سەبارەت بە ڕەخنەوە دەیڵێ لە “ڕەخنە چییه؟[12]” غیرەتی “فەزیلەت” بێت و لە دواهەمین ڕەنگدانەوەکانی له لێدوانە نەترسانەکەیدا لە ژێر هەمان نێو دەبینرێ[13].
کاتێک فۆکۆ کانت دەخوێنێتەوە؛ ڕەنگە بە شێوەیەکی زانستی خۆی لەگەڵ ڕەوتی هزریی کانتدا ڕێک بخات و تەبایییەک ساز بکات، ئەو بەشێوازێکی هەڵبژاردە کانت دەخوێنێتەوە و ئەو بەشانە لە ئێستدلالی (بەڵگاندنی) کانت کە لەگەڵ جێگۆڕکێ و تەفسیرەکانی یەک ناخوێنێتەوە لادەبا و لەقەڵەمی دەخات. فۆکۆ پەرە بە ئایدیایەکی تایبەت سەبارەت بە ڕۆشنگەری دەدات و بە ئەنجامی ئەو کارە هۆکارێکی پێویست بۆ دابڕان لە کانت دەدۆزێتەوە، تەنانەت بە ئێمەی نیشان دەدات کە دابڕان لە کانت شتێکی تەواو کانتییە. کانت تێگەیشتنێکی دیاریکراو لە ڕەخنە بە ئێمە دەدات کە لەوێدا دابڕان لە کانت شتێکی پێویستە. فۆکۆ باس لەو سەرچاوانە لە دەقەکەیدا دەکات کە کاروباری خۆی پێ بباتە پێشێ و ئێمە دەبێ لەبەر ئەو کارەبە خەتاباری بزانین. بەڵام فۆکۆ ئەو کارە بە ڕووحییەتێکی ڕەخنەییەوە دەکات؛ ئەو دادوەری دەکات تاکوو بڕیار بدا کانت چ شتێکی بۆ ئەوڕۆ پێیە. هەر بۆیە فۆکۆ تێگەیشتنێکی کانتی لە ڕەخنە پەرە پێدەدات بەڵام ئەو کارە بە شێوازێک دەکات کە بەشگەلێکی زۆر گرینگ و مسۆگەری ناڕەخنەیی لە باسەکەی کانتدا پشتی پێ بەستووە لاواز دەکات.
چەند ساڵ لەوە پێش بڕووس ڕۆبینز[14] کوتی کانت و فۆکۆ دوو قەوارە و ڕواڵەتی دژ بە یەکن؛ بەتایبەت کاتێک باس لە بیرکردنەوە سەبارەت بە بوارەکانی خوێندن دەکرێ. ڕابینز دەنووسێ مشتوومڕی کۆڵێژەکان، سیاسەت و گرینگییەکانی لەبەرچاو ناگرێ هەربۆیە فەلسەفە دەتوانێ ئیددیعای مافێکی تایبەت بە خۆی بۆ سەربەخۆیی بکات: هیچ دەستوور و فەرمانێک نییە، هەر بۆیەش فەلسەفە ئازادە تاکوو هەموو شتێک هەڵبسەنگێنێ.[15] ڕۆبینز وای بیر دەکردەوە کە وەها چاوپۆشییەک لە سیاسەت، بەلانی کەمەوه نە بۆ ئێمە و نە لە ئێستادا ناتوانێ و نابێ ڕووبدات. لەڕاستیدا رۆبینز پێی وایە کانت هەڵە دەکات سیاسەت و زانست[16] لێک جیا دەکاتەوە، و فۆکۆ کەسێکە بە ئەو(کانت)ی نیشان دەدات وەها ئیددیعایەک مومکین نییە و زانست و هێز بەشێوازێکی نەگۆڕ و بەردەوام لەگەڵ یەکتری لە پەیوەندیدان. ئەو شتەی من دەمهەوێ بیڵێم ئەوەیە کە ڕۆبینز، یەکیەتی و یەکگرتووییی نێوان کانت و فۆکۆ ون دەکات، بە ڕاشکاوی ڕێک ئەو شتەی ڕەوایی بە بەرەوپێش بردنی هەر جۆرە پڕۆژەیەکی زانستی دەدات. گوتنی ئەوەی کە هێز و زانست پەیوەندییەکی نەپچڕاویان لەگەڵ یەکتری هەیە، ئەگەر زەقی نەکەینەوە، پشکی فۆکۆیە لە هزری هاوچەرخی ئێمەدا. لە ڕوانگەی ڕۆبینزەوە ئەوە کێشەی هێزە کە نێوان-بوارەکانی خوێندنی ناچار کردووە، چونکە ئەوە هێزی (کۆمپانیا، سازییەکان و دەوڵەتە) بوارەکانی خوێندن بەرهەم دێنێت و لێیان تێدەپەڕێ و ئامانجێکی هاوبەشیان لەمەڕ دڵەڕاوکێکانیان پێ دەدات.
ڕۆبینز دژ بە تێگەیشتنی وەها مشتومڕی نێوان کۆڵێژەکان هۆشداری دەداتە ئێمە و دەڵێ یەکگرتووییی نێوان بوارەکانی خوێندن دەبێ بەپێی پەرچەکردارێکی بەهێز و گشتی بۆ دیاردە گشتییە جۆراوجۆرەکان بێ. من پێم وایە ئەوە ئایدیایەکی باشە و ڕەنگە دەیڤید هۆرۆڤیز[17] و یاسای پەروەردەی باڵا و یاسای نیشتمان پەرەستی، درێژە بە بەرهەم هێنانی هەموو چەشنە یەکگرتوویییەک لە نێو ئێمە بدەن. ڕۆبینز بە ڕوونی پێی وایە بوارەکانی خوێندن دەبێ دژ بە بەتایبەتی کردن، ڕوو لە زۆر بوون و لەناو بردنی دەوڵەتە خۆشبژێوەکان یەکگرنەوە. ئەگەرچی من ئەو ڕوانینە پەسند دەکەم، بەڵام دەمهەوێ بڕێکیشم دڕدۆنگی هەبێ چونکە پرسیارگەلێکی وەکوو ئەوەی چلۆن سیاسەت لەوەها بەستێنێکدا فام دەکرێ و هەروەها ئێمە چلۆن دەتوانین لە ئازادی تێبگەین؛ دەمێنێتەوە. ئەگەر ئێمە سیاسەت لەجیاتی هێز دانێین دەبێ لەنێوان ئەو تێگەیشتنە لە سیاسەت کە مەبەستی ئێمەیە جیاوازی دابنێین. لێرەدا شتێک زۆر گرینگە، دیارە ئەویش ئەوەیە ئێمە لە نێوان ئەو ڕوانگانەی کە دەڵێن تەواوی پڕۆژە زانستییەکانی ئێمە سیاسین، جیاوازی دانێین، کاتێک ئێمە لەسەر بابەتە زانستییەکان هاوڕا نین، لە ڕاستیدا ئێمە دەچینە نێو پێگەی سیاسیی خۆمان و هەوڵ دەدەین براوە بین و ڕوانگەیەک کە بەشێوازێکی ڕەخنەگرانە دەپرسێ، چلۆن زانست بەشێوەیەکی هاوکات لەگەڵ هاوئاهەنگییەکی تایبەت و ڕوونی هێزێکی دامەزراوەیی پێکدێت؟
بە تێگەیشتنی من ئەم چەشنە پرسیارە ڕەخنەگرانەیە بەدڵنیایییەوە سیاسییە بەڵام بە واتایەکی ورد: بناغەی ئەوەی کە کام جۆری ئیددیعاکان بۆ ڕەایی ماونەتەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، و پێداگری لەسەر کات و شوێن، تەنانەت کات و شوێنێکی ڕەوا بۆ خستنە ژێر پرسیاری ژیانی ئاکادمیک دەکات. بوونی کات و شوێن بۆ وەها لێپرسینەوەیەک کەمایەسیی پێگەی کانت نیشان دەدات یان ئەوەی کە نیشان دەدات ئەو شتەی زۆرجار وەکوو لێکۆڵینەوەی ئیستعلایی ناوی لێ دەبردرێ لەمەڕ کۆمەڵێک لە سازییەکان – وکوو ئاکام و کاریگەریی کۆمەڵێک لە سنوورەکانی پێشوو لە نێوان بوارەکانی خوێندندا- و بەبێ چەشنێک لە پشتیوانیی سازییەیی، پەیجۆری ناکرێ. من لێرەدا شتێکی زۆرتر زیاد دەکەم کە جۆرێک لە ژێر پرسیار خستنە کە بە پێویستی و مەجبووری لەنێو گرێبەستە هەنووکەییەکان و نۆڕمە دامەزراوەکاندا نییە بەلکوو گرێبەست و نۆڕمە هەنووکەیییەکان وەکوو ئامانجی خۆی هەڵدەبژێرێ، و پەیوەندیی بە جیاوازیی بیروڕای سیاسییەوە هەیە. جیاوازیی بیروڕای سیاسی، کردەوەیەکە لە هەندێک کاتدا لەلایەن زۆربەی دەوڵەتەکانەوە کە دەبنە ئامانجی ڕەخنە پشتیوانیی لێ دەکرێ. هەروەها ئەوە کاتێک بە ڕوونی دەردەکەوێ کە هیچ پشتیوانییەک نەبێ و وەکوو ئاکامی ڕاستەوخۆ –وەکوو وڵامێک- وەها پشتیوانییەک بوونی نییە. لەو ڕووەوە ئەوە ئیددیعایەک نییە لەوەپێش ساز بووبێ. من دەمهەوێ بڵێم ئەو شتەی من لەم بەستێنەدا وەکوو ڕەخنە ئیددیعای دەکەم، لێکۆڵینەوەیەکی بێ نەما (بێ بەستێن) لەسەر ڕەواییی بەستێنەکانی ئێستایە، شتێک کە لە دەستەواژەی کانتیدا وەکوو بەکارهێنانی ئازاد و گشتیی عەقڵ، فام دەکرێ بەڵام ئەوە لە دەرەوەی پانتاییی گشتیدا بۆ بوارێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی پەرەدەستێنێ کە ئەوەش زۆر بەرینتر و ئاڵۆزترە لە جیاوازیی گشتی/تایبەتە و دەتوانرێ سەرنجی پێ بدرێت. کرداری ڕەخنە هەر ئەو جۆرەی من بە سانایی کوتم، لەڕێگەی زانست یا نۆڕمە دامەزراوەکان کە دەتوانرێ پێشبینی کرێن فۆڕم ناگرن؛ هەروەها ئەوەش نییە بڵێین دەتوانێ رووبدات یان لە داهاتوودا ڕوودەدا جگە لەوەی کە شوێنگەلێکی سازییەیی بۆ ڕوودانی ببێ یان نا. خواستێک بۆ بەرهەم هێنانی جۆرێکی تایبەت لە دێپاڕتمانەکان و ناوەندەکان دەتوانێ لە وەها ئیددیعایەکی ڕەخنەییدا بەدی بێ بەو تێگەیشتنە کە وەها لێکوڵینەوەیەکی ڕەخنەیی، ناتوانێ بەبێ پشتیوانی سازییەیی درێژەی بێ. کرداری ڕەخنە و تەنانەت خواستەکانی، دەتوانێ لە کەلێنەکانی ژیانی سازییەییدا دەرکەوێ (شتێک نییە لە بوارێکی ئیستعلاییدا وەدیبێ)؛ یان ئەوەی کە بەڕوونی لە شوێنگەلێکی نێوان-تۆڕیدا کە سنوورەکانی بواری خوێندن تێیدا بە حەتمی و قایمی نەماوەتەوە ساز دەبێ. شێوەکانی سنووردار کردنەوە، پەیوەندییان بەمەرج و پێشەوەچوونی وەرسووڕانی ئیستعلاییەوە هەیە؛ لەبەر ئەوەی کردەوەی ڕەخنە لە دەسەڵاتی ئێستای بوارەکانی خوێندن یان ئایدیا هەنووکەییەکانی پانتاییی گشتی جیایە چونکە ئەو ئایدیایانە بەناچاری پەیوەندییان بەو سنووردار کردنەوانەوە هەیە کە لە ڕێگەی کردەوەدا دەچنە ژێر پرسیارەوە.
ڕەخنە لەگەڵ ئەوەیکە تێگەیشنە دامەزراوەکانی بوارەکانی خوێندن دەخاتە ژێر پرسیارەوە؛ عەقڵیش دەکاتە ئامانج بەڵام نە بەو ئامانجەی شتی ناعەقڵانی بەرز بکاتەوە. فۆکۆ لە “ڕۆشنگەری چییە”دا دەڵێ ڕۆشنگەری ڕەخنەیە، و ئێمە ڕێگایەکی دیکەمان بۆ تێگەیشتنی نییە و ڕەخنە لەهەموو کاتێکدا کە مرۆڤایەتی عەقڵی خۆی بەکار دەهێنێ ڕوودەدات، بەبێ ئەوەی کە خۆی ببێتە سووژەی هەر چەشنە دەسەڵاتێک (W,p. 38). ئەو جەخەت کردەنەوەیە لەسەر عەقڵ ڕێک ئەوەی فۆکۆ نییە، بەڵام ئەو لەنێو زمانی کانتدا کاری کردووە تاکوو بزانێ چ شتێک دەتوانێ لەگەڵی بکات. یەکێک لە ئاکامە گرینگەکانی فۆکۆ ئەوە بوو کە ڕەخنە تەنیا جۆرێک لە نا-کوتن نییە بەڵکوو هەوڵێکە بۆ مەودا گرتن و لەنێو بردنی پێکهاتە هەنووکەییەکان. ڕەخنە کردەوەیەکە بۆ ئەوەی لە دۆخە سنووردارەکانی بنەمای بەکارهێنانی ڕەوای عەقڵ بۆ ئەوەی بزانین چ شتێک دەبێ بزانین، چ شتێک دەبێ بکرێ و بە چ شتێک دەبێ هیوادار بین (سێ ئامانج کە کانت فۆڕموولەی کردبوو) تێبگەین. تا ئەو ئاستەی کە ئێستا ئێمه دەتوانین ئەو پرسیارە بکەین، ڕۆشنگەری چییە؟ ئیمە درێژە بە پرسیار دەدەین و تاکوو نیشانی دەین ڕوودانی ڕەخنە ڕانەوەستاوە و هەر لەو ڕوانگەیەشەوە ڕوودانی ڕۆشنگەرییش بە هەمان شێواز ڕانەوەستاوە. ئەوە پڕۆسەیەکی پەیوەندیدار بە وەرگێڕان و گواستنەوەیەکی مێژووییە، تاکوو لێپرسینەوەیەکی دووبارە لەو سنوورانە بکەن کە بەسەر ئەو شتانەی جێگەی پرسیارن داسەپاون.
فۆکۆ باس لەسەر بنەما پێشووەکان ناکا و لە کۆتاییدا لە بیرۆکەی کانتدا سەبارەت بە عەقڵ قەتیس نامێنێتەوە. ئەو شتەی فۆکۆ پێشنیاری دەکات، ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەیە، شیوازێک کە ئەو وەکوو نەریتێکی گشتی پێناسەی دەکرد، شێوازێک لە کردەوە و ئاکار کە تایبەت بە کەلتوور یان کۆمەڵگایەکی دیاریکراوە، کە نیشانەی چەشنێک لە دڵ پێوە بوون یان هۆگرییە و هەرەها ئەوە پڕۆسەیەکی بەردەوامە کە خۆی وەکوو پێویستییەک و ئەرکێک پێناسە دەکات. لەم بەستێنەدا ئەو ئاماژە بە مودێڕنیتە دەکات و دەلێ کێشەی مودێڕنیتە پرسی قبووڵ کردنی لەناوچوونی کەسێک نییە بەڵکوو “کەسێک ناعیلاج دەکات ببێتە ئۆبژەی وردەکارییەکی سەخت وئاڵۆز. مودێڕنیتە. . . [مرۆڤ] ناعیلاج دەکات لەگەڵ ئەرکی خۆی کە بەرهەم هێنەریی خۆیەتی ڕووبەڕوو بێتەوە. (W,p. 42). بۆچی فۆکۆ لە ناکاودا بەرهەمهێنانی کەسێک (خود) لەو بەستێنەدا دێنێتە ئاراوە؟
چ پەیوەندییەک لەنێوان ئەم داهێنانە، وردەکاری و ئاڵۆزییانە، یان بەرهەمهێنانی خود و پرسی ڕەخنە کە فۆکۆ لەوە پێش باسی کرد هەیە؟ ئەو دەڵێ نەریتە فەلسەفییەکانی مودێڕنیته ڕەخنەیەکی بەردەوام لە سەردەمی مێژووییی ئێمە لەخۆدەگرێ (دەستەواژەیەک کە جێگۆڕکێی دروشمی شۆڕشی بەردەوامی مائۆئیستی لەخۆدەگرێ). ڕەخنە بەکاربردنی عەقڵی ئازاد و گشتی لەخۆدەگرێ و پێدەچی جووڵەیەک لە پێگەی منداڵییەوە بۆ گەورەساڵی بێت، ئەوە بەمانای قبووڵ کردنی فۆرمە جیاوازەکانی بایەخەکانی دەسەڵات و فەرمانەکانی نییە. لەڕاستیدا واپێدەچێ، بەکارهێنانی سەرپێچی و نافەرمانی بۆ داهێنانی وردەکارییەکانی (بەرهەمهێنانی) خود شتێکی پێویستە. ئێستا لێرەدا دوو ڕەهەند سەبارەت بە تێگەیشتنی ئەو لەمەڕ ڕەخنە بوونی هەیە و پەیوەندییان لەگەڵ یەکتری هەیە: لەلایەکەوە ڕێگایەکە بۆ قبووڵ نەکردنی گوێرایەڵیی دەسەڵاتی دامەزراو (زاڵ)؛ و لەلایەکی دیکەوە ئەوە پێویستییەکە بۆ بەرهەمهێنانی خود.
کردەوەی یەکەم نەرێنییە، سەرکێشی و نافەرمانی؛ کردەوەی دووهەم داهێنانە و پێدەچێ نافەرمانی، دەرگایەک بۆ داهێنان دەکاتەوە یان ئەوەی هەندێک نافەرمانی و مل بادان، پەیوەندیان بە داهێنانی خودەوە هەیە. بۆ فۆکۆ؛ ئەو پەیوەندییەی نێوان ڕەخنە و بەرهەمهێنانی خۆمان کردەوەیەکە (ڕاهێنانێکە) بۆ ئەوەی جیاوازییەکی سەربەخۆیی لە بەرانبەر بە جۆرەکانی هیومانیزم (مرۆڤگەرایی) ساز بکەین. ئاشکرایە ئەو شتەی فۆکۆ سەبارەت بە ساز کردنی خود دەیڵێ لە کانتدا ڕەنگ ناداتەوە؛ بەڵام جێگەی تێڕامانە کە چلۆن کانت لە مشتومڕی نێوان کۆڵێژەکاندا لەڕێگەی کۆمەڵێک لە وردەکارییەکانی ڕامانی خۆی (بیری خۆی) و فەرمانەکانی (قەواعید) ئاگاداری لە خود بە ئاکامی باسەکەی دەگات. کانت لە بەشی کۆتاییدا ئەرکی کۆڵێژی پزیشکی بەوە دەزانێ کە خوێندکارەکان فێری سڵامەت و خۆشبژیوی بن. کانت ڕوونی دەکاتەوە بناغەکانی ژیانی کردەییی ئەخلاقی لەسەر ئەوەیە کە ئێمە چۆن دەبێ پرسەکانی سڵامەت فێر بین؛ کانت پێشنیارگەلێکیشی هەیە بۆ وێنە بۆ بڕوای بەوە نییە کە دەست و قاچ دەبێ گەرم ڕاگیرێن، بۆ بێخەوی ڕوودەدا، ئێمە چۆن دەتوانین لە ڕێگەی عەقڵەوە بەسەر هەستە نەخۆشانەکانماندا زاڵ بین، و بۆچی سەرئێشە زۆر خراپە. ئەوە بەشێوەیەکی سەیروسەمەر ئاکامێکی نووراستێنێک (لاوازی عەسەبی) لە گوتاری عەقڵی گشتییە و دەڵێ جەستە و خواستە ئاسایییەکانی ڕۆژانەی، جۆڕیک لە تەواوکەری پێویستن و ڕەخنەیەکی ناڕاستەوخۆ سەبارەت بە حەیوانی مرۆیی کە نیشتەجێی تەنیاییی مەڵبەندی عەقڵی گشتییە؛ دەهێنێتە ئاراوە. جەستە شوێنی نا-عەقڵییەکی (نەبوونی عەقڵانییەت) تاکەکەسییە، و دەتوانین ئێستاش نیشانەکانی بخوێنێنینەوە و بیر لە ئاگاداری لێی بکەینەوە. چۆن ئەو ڕەنگدانەوەی جەستە بەو چەشنەی کانت بە واتای عەقڵ بە ئاشکریی پشتیوانیی لێ دەکات و باسی دەکا؛ شێوازێک یان ڕەهەندێک لە بیرکردنەوه ساز دەکات؟
زایەڵەکانی فۆکۆی دوایین بە ڕوونی دەبینرێ، کاتێک فۆکۆ پەیوەندیی نێوان ڕەخنە و بەرهەمهێنانی خود ساز دەکات و لە دوا بەرگی مێژووی سێکسوالیتە، خود فۆڕمێکی نوێ بەخۆ دەگرێ و بەرهەمهێنانی خود بەرەوە ئاگاداری کردن لە خود دەگۆڕدرێ. لێرەدا بەستێنێک بۆ سەرنجدان بە زایەڵەی نێوان کانت و فۆکۆ سەبارەت ڕێسای ئاگاداری لە خود سازدەبێ. هەرچەندی عادەت و نەریتەکان لەگەڵ ڕەخنە تێکەڵ بن، دەرگای خواست و ڕاستییەکی مێژوویی دەکرێتەوە. ئەوە نە لە تواناییی عەقڵ و نە لە ڕەهەندە زاتییەکانی مرۆڤایەتی پێڕەوی دەکات. ئەوە لە کۆمەڵێک ڕووداوی وەسەریەک کەوتووی مێژوویی و پێکهاتنی گرێبەستگەلێک کە سووژە ساز دەکات پەیڕەوی دەکات؛ لەبەرانبەردا دەرگایەک لە کۆمەڵێک لەو شتانەی کە لە ئاسۆیەکی مێژووییدا هەن دەکاتەوە. ئەو نۆڕمانەی کە ڕەهەندگەلێک بۆ فام کردن و ناسینەوەی سووژەیەک دادەمەزرێ، خۆشیان دەچنە ژێر پرسیارەوە و زۆربەی ئەو بنەما کۆمەڵایەتییانەی بۆ تێگەیشتن لە سووژە هەن دەکەونە مەترسییەوە کاتێک دەچنە ژێر پرسیارەوه و ئەوەش لە چرکەساتێکدا کە نۆڕمە مێژووییەکان لێپرسینەوەیان لێ دەکرێ. خاڵی گرینگ ئەوە نییە لەگەڵ ئەو ڕیسکە (ئەوە نۆڕمانەی کە دەکەونە مەترسییەوە) بمێنییەوە یان ئەوەی وەکوو شێوازێکی ژیان پێشوازییان لێ بکرێ؛ بەڵام دەبێ ئیمکانی ڕەخنە لە بەرانبەر بە دەستێوەردانەکان و ئەو خواستانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی ناڕەاوەوە یان لە ڕێگەی ناڕەواوە دێنە ئاراوە زیندوو بمێنێتەوه.
خوێندنەوەیەکی ستاندارد لە فۆکۆ باس لەوە دەکات کە ئەو کەمتر پێی خۆش بوو سەبارەت بە چۆنێتیی جیاوازی لە نێوان “ڕەوایی” و “ناڕەوایی”ی سەپاندنی دەسەڵات پرسیار بکرێ، تاکوو ئهو ڕهههند و شهرتانهی که هێز کاری پێدهکات شی بکاتهوه، من دەمهەوێ پێشنیار بکەم کە ئەم دوو بابەتە ناکرێ بە تەواوی لێک دابڕێن. لەوەی کە “ڕەخنە چیە؟”، فۆکۆ ڕەخنە لە دوو بواری جیاوازی دەسەڵاتی زاڵەوە هەڵدەسەنگێنێت. یەکەمیان عەقڵانیەتی ڕێژیمەکانە، دووهەمیان حاڵەتگەلی پابەندبوونی دەوڵەتەکانە[18]. فۆکۆ ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو شتەی ئەو دەگەڕێ بۆ پێناسەکردنی ڕۆشنگەری، ڕێک شتێکە کە لە نێو دەستەواژەکەیدا بیری لێ نەکراوەتەوە (و سەرنجڕاکێشە بگوترێ کە بۆ دێریدا جێگرەوەی ڕەخنە، بیرکردنەوەیە و دووبارە پێناسەکردنی رەخنە لە نێو فۆکۆ دەبێتە لێپرسینەوە). لە ڕوانینی فۆکۆوە ڕەخنە بە لێپرسینەوە لە داخوازی بۆ گوێڕایەڵیی تەواو و لێپرسینەوە لە دەروەستی داسەپاوی دەوڵەت لە مەڕ سووژەکان بە مەبەستی هەڵسەنگاندێکی عەقڵانی و زایەڵەیی دەست پێدەکات. کەواتە ئەو، بناغەکانی ڕەخنە زۆر ڕادیکاڵتر لە کانت دادەڕێژێتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە فۆکۆ بەدوای گەڕانەوە بۆ عەقڵی کانتی نییە، بەو حاڵەشەوە ئەو پرسیار دەکات کە چ پێوەرێک کام شێوەگەلی عەقڵ سنووردار دەکاتەوە و کە واتە پرسیاری گوێڕایەڵی دەتوانێ بێتە ئاراوە. چ شتێک ئەو پێوەرە ساز دەکات و بە کام کەرەستە دەبێتە شتێکی دەروەست هێنەر؟ چ شتێک ساز کردن و بە کردەوەیی کردنی ئەو پێوەرە پێکدەهێنێ؟ گەلۆ ئەمە پێویستەو دەتوانێ بگۆڕرێ؟ کاتێک ئێمە سەرنجی ئەوە دەدەین کە چۆن بەستێنی ڕەواییی عەقڵ سەبارەت بە گوێڕایەڵی یان گوێڕایەل نەبوون سنووردار دەکررێت، ئێمە خەریکی ڕامان لە مەرج و سنوورەکانی عەقڵانیەتین. تواناییی ئێمە لە سەر ناسین یان تەنانەت ژێر پرسیار بردنی سنوورەکان شتێکی مسۆگەر نییە ئەگەرچی لە دەرەوەی عەقڵدا بێ، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە ئێمە لە دەرەوەی کۆمەڵێک لە گرێبەستەکان کە عەقڵانین سنووردار کراوینەتەوە. هەروەها پرسیارگەلێک دێنە ئاراوە، کەواتە ئێمە کێین ئەگەر لە نێو گەمەکەدا نین؟ ئەم ئێمەیە چۆن دەشێت (چۆن مومکین دەبێت)؟ کێ ئەم پرسیارە لە بواری دامەزراوی عەقڵانیەت دەپرسێ؟ قووڵاییی راستیی ئەم پرسیارانە ئەوە نیشان دەدات کە لێرەدا قسەکردن و لێکۆڵینەوەیەک بوونی هەیە، هەر بەو پێیە، لەڕووی ڕێتۆریکەوە ئێمە لەگەڵ دژوازییەک دەمێنینەوە چونکە پرسیاری سەبارەت بە ڕەواییی عەقڵ سنووردار کراوەتەوە و ناتوانێت لە نێو ئەو بوارەدا بێتە ئەژمار کردن.
بەو پێیە فۆکۆ ڕەخنە لە بەرانبەر هەر دوو حاڵەتی عەقڵانییەت و کۆمەڵێک پابەندبوون دەکات، کە بە کردەوەی تایبەتی دەسەڵاتی دەوڵەتی بەسەریاندا سەپێندراوە. ئەم دووانەیە بە ڕوونی پەیوەندییان هەیە پێکەوە بەڵام پەیوەندییەکی هۆ و هۆکردیان نییە. حاڵەتگەلی عەقڵانی بە شێوەیەکی یەکلایەنە پابەندبوونی دەوڵەتی ساز ناکەن و ئەم پابەندبوونە دەوڵەتییانەش بە شێوەی یەکلایەنە حاڵەتی عەقڵانیەتی پێک ناهێنن. هەروەها بۆ پرسیار کردن سەبارەت بە دەسەڵاتی دەوڵەت دەبێ بتوانرێ بەرزتر لەو بوارە فکرییە بیر بکرێتەوە کە ئەو دەسەڵاتە دایمەزراندووە و باوەڕیان بەو دەسەڵاتەیە. رەخنە لە دەسەڵاتێک کە خۆی موتڵەق نیشان دەدات، تەنیا دیاریکردنی بۆچوون نییە، بەڵکوو پێناسە کردنی پێگەیەکە بۆ کەسێک لە دەرەوەی پانتاییی سەڵاحییەتی بوونناسانەی ئەو دەسەڵاتەیە. ئەگەر ئەو بوارە جۆرێک لە عەقڵانیەتی سیاسی ساز بکات، کەسێک ببێتە ڕەخنەگر، عاقڵ یان دوور لە عەقڵ؛ سووژەی سەرکێش لەنێو ئەو دەستەواژە سیاسییەدا ناتوانرێ فام بکرێ. کەواتە فۆکۆ وا بیر دەکاتەوە کە ئەم چەشنە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوانە، واتە لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەیی، چەشنێک بوێری و بێباکی لەخۆدەگرێ. هەر بەو پێیەیە کە وەها بۆچوونێکی رەخنەگرانە دەرفەتێکی نوێ دەڕەخسێنێت بۆ ساز کردنی بابەتێک یان ئەو شتەی کە لە هەندێک کاتدا وەکوو سووژەی نوێ نێوی دەبەن. دەکرێ بگوترێ شتێکە کە لە ڕووی پێناسە کردنەوە لانیکەم لە سەرەتاوە پەیوەندیەکی ناڕوونی لەتەک بارودۆخی هەنووکەییدا لەمەڕ ڕەوایی و تێگەیشتندا هەیە.
هانا ئارێنت و کەسانی دیکە سەبارەت بەو بارودۆخە کە لە ئەگەری دەربڕینی ناڕەزامەندیی ڕەوای خەڵکی سڤیل و سەربازەکان بەرانبەر بە دەسەڵاتی هەنووکەیی و ڕۆیشتن بەرەو بەکردەوەیی کردنی نافەرمانییەکی مەدەنی لە پەیوەندی لە تەک یاسای باو، دێتە ئاراوە، پرسیاریان کردووە.[19] ڕوانینی ئەو ئەوە بوو کە دەبێت بڕیارێکی ئەخلاقی بدرێت و لە بەشی خۆی بۆ کانت و نواندنەوەکانی سەبارەت بە خواست (ویستن)، هەڵگری پێداچوونەوەیەک لە سەر مانای سەربەخۆیی، جیاوازیی بیروڕا، نافەرمانیی مەدەنی و تەنانەت شۆڕشە.[20] بێ ئەوەی کە بمهەوێ ئەم بۆچوونە گرینگە لێرەدا بە تەواوی شی بکەمەوە، بەو حاڵەشەوە پێمخۆشە جەخت بکەمە سەر رێگایەک کە تێیدا ڕەخنە دەلکێت بە چەمکگەلی توندی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن. جوڵەیەک کە پێشنیار دەدات دەسەڵاتی ئێستا بخاتە ژێر پرسیارەوە بچێتە دەرەوەی بازنەی زانکۆوە و جێگاکەی بۆ بەستێنێکی بەرینتر واتە سیاسەت بگۆڕدرێ.
دژایەتی لەگەڵ دەسەڵات تەنیا دەست لە کارکێشانەوەیەکی پەتی نییە، ئەو دەکرێ زۆر زیاتر لە باس کردنی ورد و ڕێکوپێکی کردەوەیەکی کەلامی یان جۆرێک لە سازان بێت، ئەو دژایەتی و جیاوازیی بیروڕایە، دەتوانێ هەر دوو سووژەکە بگۆڕێ و تووشی مشتومڕیان بکات و لە ڕووی مێژوویییەوە جۆرێکی دیکە لە عەقڵانییەت دیسان فۆڕموولە بکاتەوە. کەواتە ناڕەزامەندی پەیوەندییەکی گرینگ لەگەڵ حاڵەتگەلی زانست ڕادەگرێ کە حاڵەتگەلی دەسەڵاتی دەوڵەت جومگەبەندی دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە ڕەزامەندی دەربڕین ڕەزایەتێکی ئازاد لەخۆ دەگرێ، تەنانەت کاتێک کە ئەو ئازادییە بە شێوەی خودنواندنەیی فام نابێت. کەسێک بە پێی سەربەخۆییی تاکێک رەزامەندی دەرنابڕی و یەکی دیکەش لەبەر سەربەخۆییی کەسێک ڕەزامەندی دەرنابڕێ. ڕەزامەندی کردەوەیەکە کە لە ڕێگای ئەوەوە سەربەخۆیی ساز دەبێت و بەهەمان شێوە، ناڕەزامەندی ڕێگایەکە بۆ هەڵگرتنی ئازادانەی ڕەزامەندی؛ کەواتە خۆی لە لابردنی دەسەڵاتدا بنیاد دەنێ (کردەوەیەکە بۆ پێکهێنانی جۆرێکی تایبەت و دیار لە ئازادی). ئەگەر لە شوێنیکدا دەرفەتی هەبوون بۆ هەردووکیان هەبێت، ئەوە لە دەرفەتگەلی مێژووییدا لەسەر یەک دادەنرێ کە وەها کردەوەگەلێک بە شێوەیەکی ئیجباری یان ئیمکانی ساز دەبێت.
لە چوارچێوەی نافەرمانیی مەدەنی یان سیاسی، هاندەر بۆ لابردنی ڕەزامەندیی تاک لە دەسەڵاتێکی پێدراو، هەوڵێک بۆ دامەزرانی سنووردارکردنەوەی دەسەڵات دەدرێ. هەر ئەمە دەتوانێ بە پێی چۆنیەتیی ساز دان و گشتگیر، ببێتە هۆی لێکۆڵینەوەیەکی ڕادیکاڵ لە سەر ڕەواییی دەسەڵات. هەمیسان، لێرە بە پێی پێناسەکردن هیچ بەشێک لە خود، بوونی نییە کە کۆنتڕۆڵ نەکرێ؛ لە هاتنەدەرێی خود لە چوارچێوەی تواناییی دەسەڵات، خود لە ڕێگەی کردەوەوە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووییی خۆی بنیات دەنێت. دژبەری دەسەڵات خۆی بە کردەوە و لە ناو کردەوەدا بنیاد دەنێ. فۆکۆ لە پرسیاری “ڕەخنە چیە؟” یان لە شوێنی دیکەدا پێشنیاری ئیمکانی ئاناڕشیی ڕادیکاڵ نادات (هەرچەند ئەو بەستێنێک بۆ پەیوەندیی ئاناڕکیک(ئاناڕشیک) لەگەڵ یاسای هەنووکەیی ساز دەکات). کێشەکە بۆ ئو، ئەوە نییە کە سووەژەیەک پێک بێنێ کە بەردەوام بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ کۆنتروڵ نەکراو بێت. پرسیاری، “چۆن نابێ کۆنترۆڵ بکرێ؟” هەمیشە پرسیارێکه سهبارهت به ئهوهی که چلۆن نابێ بهم شێواز و ئهو شێواز کۆنتڕۆڵ بکرێ (واته ڕێگا و میتۆدی کۆنتڕۆڵ کردن). بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئەوە یەک پرسیاری چۆن نابێ کۆنترۆڵ بێ نییە. لە ئاکامدا، ئەوە پرسیارێکی تایبەتە کە لە پەیوەندی لەگەڵ فۆڕمێکی تایبەتی دەوڵەت سەر هەڵدەدات و لەوانەیە لە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی هەنووکەیی، جۆرێک لە ئاناڕشیی تاکتیکی و کاتیی باش ساز بکات. بەوپێیە، “چۆن کۆنتڕۆڵ نەکرێ، بە نێوی ئەو ڕێسایانە، بەو شتانە و لەم جۆرە ئامانجانەی نێو مێشک و بەم کەرەستەی فڵانە شێواز، نە بەم شێوەیە، نەبۆ ئەو، نە بە دەست ئەوان.”[21]
بەو پێیە ئەگەر ڕەخنە لە بەشێکی زۆریدا بەواتەی قبووڵ نەکردن و نکۆڵی کردنە؛ ئەوە گرینگە کە وەبیر بهێنرێتەوە شتێک بۆ دەستنیشان کردن و ڕۆح بەخشین (هاندان)ی کۆمەڵێک لە پێگە نوێیەکان بۆ سووژە بوونی نییە؛ ئەوە شتێکی داهێنەرانەیە و لەو ڕووەوە وەکوو نەفییەکی قەتعی لە چەمک و تێگەیشتنی هێگل کار دەکات. فۆکۆ ڕەهەندە نەرێنی و ئەرێنییەکانی ڕەخنەی ڕوون کردووەتەوە. بەڵام فۆکۆ ئەو شتەی ئێمە وەکوو جیاوازیی بیروڕا (دژایەتیی بیروڕا) پێی گەیشتووین جومگەبەندی ناکات. ئیزن بدەن با وەبیر بهێنینەوە کاتێک یاسا سۆکرات (سۆقڕات) مەحکووم بە مەرگ دەکات، ئەوە شتێکی ناعادڵانەیە، بەڵام ئەو ئیزن نادا ڕەواییی دادگا بخاتە ژێر پرسیارەوە یان ئەوەی خودی دەوڵەت بباتە ژێر پرسیارەوە. ئەو قبووڵی ناکات هەڵێ ئەگەرچی دەیزانی کە سزاکەی ناعادڵانەیە، چونکە بەپێی قسەی خۆی ئەو هی دەوڵەتە (واتە دەوڵەت سێحەبی سوکڕاتە) و بوونی ئەو و ئیمکانی پەیوەندیی دوولایەنە، پەیوەندیی بە دەوڵەتەوە هەیە. بە بۆچوونی من ئەگەر فۆکۆ لەگەڵ وەها دۆخێک ڕووبەڕوو بووایەتەوە؛ بە شێوازێکی دیکە هەڵسوکەوتی دەکرد و بەرانبەر بەو یاسایە ناڕەزایەتیی دەردەبڕی و هەڵدەهات و شیوازێکی ڕەخنەگرانەی سەربەخۆی دادەمەزراند کە لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتیی دامەزراو جیاوازیی هەبوو. تێگەیشتن لە ئازادی دەبێ وەکوو بەشێک لە وەها دژایەتی کردنێک فام بکرێ، کە تەنیا بەرانبەر بە وەها یاسایەک ناڕەزایەتی دەرنەدەبڕی، بەڵکوو ڕەواییی وەها دادگایەک -کە بڕیاری لەسەر بناغەی ئەو ڕەوایییە داوە-ی دەخستە ژێر پرسیارەوه (بۆ وێنە گەندەڵیی لاوەکان). بەڵام لەو بارەیەوە، من بە شێوازێکی دیکە بیر دەکەمەوە؛ قبووڵ نەکردنی یاسا و خستنە ژێر پرسیاری ڕەواییی وەها دادگایەک، بە حەتمی لەو یاسایانەی کە دەوڵەت دایناوە سەرچاوە ناگرێ، ئازادیی ناڕەزایەتی و دژایەتی کردن چەمکێکی تەواو و بێ عەیبی ئایدیای دیموکڕاسییە کە دەوڵەتەکان پشتیوانیی لێ دەکەن. گەرچی دژایەتی کردن لە هەندێک کاتدا دەتوانێ فۆڕمێکی دیکە بەخۆی بگرێ، بۆ وێنە کەسێک لەبەر ستاتووسی ویژدانی ناڕازییەک لە ژێر کاریگەریی یاسا دانراوەکان، دەتوانێ هەڵگری فۆڕمێک بێ کە لەلایان دەسەڵاتەوە ئیزنی پێنەدرابێ (واتە دەسەڵاتی پێنەدرابێ) کە ڕەازمەندی لێ ستاندراوەتەوە. و ئەوش دژایەتی کردن (جیاوازیی بیروڕا) لەناو بەستێنی یاساییی نێوخۆییی سیاسەتی دیموکڕاتیک و وەکوو پڕەنسیپێکە کە لە سیاسەتە دامەزراوەکاندا هەیە، دادەمەزرێنێ و دەتوانێ ڕوو بدات. بەواتایەکی دیکە لێرەدا پەیوەندییەک لە نێوان ناڕەازیەتی و جیاوازیی بیروڕا لەگەڵ مافی شۆڕش کردن هەیە، ئەوش شتێکە کە من لەبەر هۆی کات هەر ئەوەندە ئاماژەی پێ دەکەم؛ بێ شک پێویست بە گەڕانەوەیەک بۆ پەیوەندیی نێوان کانت و ئارێنت هەیە.
هۆکارێک کە کانت پێی وابوو نابێ مشتومڕی نێوان کۆڵێژەکان کۆتاییی پێ بێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە ئەم شتە کردەوەیەکی ڕەخنەیییە. دەبێ سەرنج بە “حوکم و فەرمانە دەوڵەتییەکان سەبارەت بە پەروەردە کە دەبێ لەبەر دمی کۆمەڵگادا بێ” بدەین. فەلسەفە وەکوو ڕواڵەتی میلیشیایەکی دژە دەوڵەتە، کانت دەنووسێ “کۆلێژی فەلسەفە هەرگیز ناتوانێ پشتئەستوور به خۆی بێت، کاتێک لەگەڵ مەترسییەک ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە ئەو حەقیقەتەی کە بەرپرسییەتی دەخاتە ژێر مەترسییەوە، چونکە کۆڵێژە باڵاکان [ئەوانەی وا پەیوەندییان لەگەڵ هێزی دەوڵەت هەیە] هەرگیز دەست لە خولیای خۆیان بۆ دەسەڵاتداری هەڵناگرن.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە مافی دژایەتی کردن دەبێ لەلایەن دەوڵەتەوە دابین بکرێ. بەڵام کاتێک کە دەوڵەت نەتوانێ مافی دژایەتی کردن ئامادە بکات، ئەوە دەتوانێ ببێتە بنەمایەک بۆ ڕەخنە گرتن لە ڕەواییی دەوڵەت. ئەو کارە پێویستی بە پشتیوانیی سازییەیە، ئەوە هەروەها بنەمایەکە کە ڕەخنە لە سازییەش دەتوانێ و دەبێ پێش بچێ. بەو مانایە کە، هیچ یاسایەکی دەوڵەتی مافی دژایەتی کردن پاساو نادات. کاتێک کە دەوڵەت ماڤی دژایەتی کردن دەدا و دەیپارێزێ، شێوازگەلی تایبەت بۆ مژارەکە دەگرێتە بەر، دەوڵەت کردارێکی تایبەت بە خۆشی دەکا کە ئەوەش تەناهییەکی ڕەخنەگرانەیە. لەو ڕووەوە دەوڵەت کارەکە دەکات، جیاوازیی بیروڕا ئامادە دەکات، بەڵام لەو ئامادەسازییەدا کاتێک کردەوەکانی سنووردار بکرێتەوە لە دۆخەکە چاوپۆشی دەکات. ئەو سنووردار بوونەوەیە (قەتیس مانەوەیە) دەتوانێ لە جومگەبەندییەکی سەرکەوتووانەی جیاوازیی بیروڕاوە (دژایەتی کردن) وەرگیرابێ، ئەوە نیشان دەدا کە شێوەی فەرمان و سیاسەتەکانی حکوومەت ناڕەوایە، لەو ڕووەوە ئەو سنووردار بوونەوەیە (قەتیس مانەوەیە) بەرهەمی دژایەتی کردنێکە تاکوو قبووڵ کردن وەدەست بهێنێ. گەرچی دانی مافی دژایەتی کردن نمایشێکی هێزە، بەڵام کردارێکە کە لەودا هێزیش بۆخۆی دەبێتەوە بە مژاری لێکۆڵینەوە. بە بۆچوونێکی دیکە، دەوڵەت بە دانی مافی دژایەتی کردن، ڕەواییی خۆی بە دەست دێنێ، بەڵام بۆ پەرەپێدانی دژایەتی کردن دەبێ تا ئاستێک بێ کە نەتوانێ دۆخی دژایەتی کردن کۆنترۆڵ بکات، ئەو پرسە هەروەها دەبێتە هۆی خراپتر بوونی ئیددیعاکانی خۆی، هەڵپەساردنی فەرمانەکانی خۆی و تەنانەت پاشەکشەکردنی یا پێکهاتن لە حاکمییەتیش دەگرێتەوە. لەو سەردەمەی کە تیوریی حاکمییەتی کارل شمیت بە هۆکارگەلی جیاواز سەرنجی تیۆریکی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو، ڕەنگە بیری دژایەتی لە پێچەوانەی ئەندیشەی حاکمییەت ببێت. لە حاڵێکدا کە هێزی حاکمییەت لەوانەیە پشتیوانی و مافەکانی خۆی وەر بگرێتەوە و خۆی لە هەر چەشنە ماف و بەرپرسیارەتییەک کە لە لایەن یاساوە ئاسایی بووتەوە، دوور بخاتەوە و سەربەخۆیانە کار بکات، دژایەتییەکان ڕێک ئەو کاتەن کە دەوڵەت ئیددیعای حاکمییەتی خۆی وێک دێنێتەوە یا دەستوور و فەرمانە حاکمییەتییەکانی خۆی دەکاتەوە تاکوو چێک بکرێنەوە واتە لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر بکرێ تاکوو کەسانێک بە شێوازێکی عادڵانە حکوومەت بکەن. هەموو شتیک پەیوەندیی هەیە بەوەی کە دەوڵەت دەتوانێ دۆخەکانی دژایەتی بەڕیوە ببات (مودییریەت بکات) یا ئەوەی کە بۆچوونگەلێک وەک بۆچوونی یاغی دادەنێ و کەسانێک هەن کە دەتوانن فۆڕمەکانی هێز کە بڕیار بوو لە روانگەی ڕەخنەگرانە بەدوور بن، بخاتە ژێر پرسیارەوە.
بە دڵنیایییەوە، بواری هێز ناکرێ بە دانی فەرمانەکان یا سیاسەتگەلی دەوڵەت کورت کرێتەوە، بۆیە ململانێ بۆ بیر کردنەوەسەبارەت بە چۆنیێتیی هەڵسوکەوتی هێز لە بواری ئاکادێمیکی ئەوڕۆدا ساز دەبێت و دەبێتە کەڵکەڵەی هەموو ئەو ئاژانس و کردەوە نادەوڵەتییانەی کە هەوڵیان ئەوەیە سنوورەکانی خۆیان داسەپێنن و ئیدارەی کارە ئاکادمیکەکان وە ئەستۆوە بگرن. بەو پێیە، جێگای سەرنجە زۆریەک لە پێگە پڕمشتومڕەکانی ئاکادمیک بۆتە هۆی ناکۆکی سەبارەت بە مانا و چوارچێوەی ئازادیی ئاکادمیکەوە، و لە ڕەواییی هەندێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی ورد بوونەتەوە. ئەوەش دەبێ بگوترێ کە چەند مژاری گرینگ و پڕۆبلماتیک سەبارەت بە ئازادیی ئاکادمیک هەیە کە تێدەکۆشێ کۆنترۆڵی شەرعیی بە سەر زانست و توێژینەوە ئاکادمیکەکاندا هەبێ کە ڕەنگدانەوەی باوەڕە دیینییەکانە. هێزی کلیسا و لابییە سیاسییەکانی ئەوان لێرەدا مەبەستە. چەند بۆچوونێک هەن کە بەڕاست لە بەرانبەر ئەو حاڵەتە سەرکەشانە ڕاوەستاون، بۆچوونگەلێک کە سەبارەت بە ڕەواییی هەنووکەییی ئەوانە هەیە. بە ئاشکرایی ئیسرائیل یەکێک لەو وڵاتانەیە و باس کردن سەبارەت بە ئیسرائیل لە ئاکادمیاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا شڵەژاوییەک دێنێتەگۆرێ کە چ شتێک ڕەخنەی ڕەوا ساز دەکات و چی دەکەوێتە خانەی رەخنەی ڕەواوە بێ ئەوەی کە زەربە لە یەک بدەن و لێک جیا بکرێنەوە. کەسانێک کە دەپرسن ئیسرائیل بە کەڵک وەرگرتن لە چ مافێک و بە چ کەرەستەیەک، مافی ئەوە بە خۆی دەدا کە بە بۆنەی بڕوا بە بنەما ئایینییەکانەوە بۆ مافی شارۆمەندی (ئاستە جیاوازەکانی شارومەندی کە بەرژەوەندی بۆ دیموگڕافی جووەوە هەیە بپارێزرێ) ڕەوایی هەبێت. بە ئاشکرا لە بارەی چۆنیەتی و هۆکاری لۆژیکی بۆ شەرعیەت بەخۆ دانی دەوڵەتێک پرسیار دەکەن. کەسانێک دەستبەجێ گومان لەو پرسیارە دەکەن و دەڵێن کە پرسینی ئەو پرسیارە دەبێتە هۆی ڕەوا نەبوونی دەوڵەت و ئەوەی کە حەشیمەتی جوو لەبەرانبەری هەڕەشەیەکی نوێدان. بەڵام بمانههوێ و نهمانههوێ پرسگهلێکی وهکوو ئهمانه دێنه ئاراوه، واته کەسێک بیهەوێ له سهر بنهماکانی پێشوو پشتیوانی له دەوڵەتی ئیسرائیل بکات یا تەنانەت کهسێک بیهەوێ فۆڕمی ئێستای ئەو دەوڵەتە بباتە ژێر پرسیار تا گۆڕانکاریگەلێک بێنێتە ئاراوە و بڵێ لەوانەیە جۆرە دەوڵەتێکی دیکە لەو وڵاتانەی جێگای مشتومڕن، دەسەڵاتدار بن. ئهو شتێکی باشە کە ئەو پرسانه بەردەوام بێنه ئاراوه و دیبەیتیان لەسەر بکرێت، بۆ گومان لە پرسیارەکان یا کۆتایی هێنان بە بابەتەکە، دەبێت بڵێین کە بابەتی ڕەوایی دەبێ وێنا بکرێ بەڵام نەسەلمێت و ئەوە ڕێک ئەوەیە کە پشتیوانی لە فۆرمی ئێستاکە دەکرێ و دەچێتە پێگەیەکی دوگمەوە و پێگەکانی دیکە بە سەرکەش دەناسرێن. ڕهنگه کەسێک بیهەوێت سەبارەت بە “تواناییی ژیان”ی دەوڵەتگەلی دراوسێ ئیستدلالی سیاسی بێنێتەوە، بهڵام کهسێکی دیکه پێی باشە کە پرسیارەکە بەرفرەتر کەینەوە کە چۆن و کەی دەوڵەتەکان ڕەوایی بۆ خۆیان ساز دەکەن. گرینگیش نییە بە چ ئەنجامێکی سیاسی دەگەین، ئەنجام لە ڕێگای کردارێکی ڕەخنەگرانەوە بە دەست دێت، بەو مانایە کە دەتوانین هەر پرسیارگەلێک سەبارەت بەو شتانەی کە ڕەواییی ئەو دەوڵەتە یا هەر دەوڵەتێکی دیکە ساز دەکەن بپرسین. ئەگەر نەتوانین پرسیارگەلێک بێنینە ئاراوە کە دەوڵەتێکی دیاریکراو بە چ مافێک و بە چ کەرەستەگەلێک، ڕەواییی خۆی بە دەست هێناوە، لەو حاڵەتەدا ئێمە نە ڕەخنە، بەڵکوو بۆچوونە جیاوازە دژەکانیشمان لەناو بردووە، بەبێ بەسەر چوونی ئەو قۆناغانە، ڕەوایی ناتوانێ ڕوو بدات.
ئەوە لۆژیکییە کە مژارێک سەبارەت بە ئیسرائیل (بێ ئەوەی ڕەوایی بە داگیرکردن بدرێ)، دەتوانێ ناوەندی مژار و ئاڵوگۆڕی بیر و بۆچوون سەبارەت بە ئازادیی ئاکادمیک ساز بکات. ئەگەر ئازادیی ئاکادمیک پەیوەندیی بە ڕەخنەوە هەبێ، و ڕەخنەش بەو پرسەوە کە ڕەواییی دەوڵەتەکان چۆن ساز دەبێ، پرسیارگەلێک کە هاتوونەتە ئاراوە سەبارەت گوێڕایەڵیی ئیسرائیل و بێبەشیی فەلەستینییەکان، سەلمێنەری ئەوەن کە ئەو باسە وێنەیەکی باشە بۆ تاقی کردنەوەی ئەوەی کە ئایا ئازادی، نموونەیەکە بۆ ئەوەی بتوانین بڵێین ڕەخنە دەتوانێ لە ناوەندی ئازادیی ئاکادمیکدا بەردەوام بمێنێتەوە یا نە.
بەو حاڵەشەوە هەموو ئەو تێڕامانانە دەکەونە مەترسییەوە، واتە ئەو پرسیارانە کە ئێمە دەتوانین ڕەخنە وەکوو شتێکی جیاواز لە کرداری ڕووخاندن، نا-وتن ، نیهیلیسم یا گومان و دوو دڵی بێ ئەندازە، ببینین. ئایا ڕەخنە ناتوانێ شۆڕشێک لە ئاستی ڕێبازدا بێ؛ بێ ئەوەی کە ئێمە مافی دژایەتی و پڕۆسەی ڕەوایی دەستەبەر بکەین؟ کاتێک کە داخوازیی ڕیگەپێدراو بە سەرنجدان بەو پرسیارانەی کە ئاراستەی دەکەن قبووڵ ناکرێ و متمانەکەیان لێ وەردگیردرێتەوە(بێ هیچ ئاماژە پێدانێک دەگەنە ئەنجامەکە و رایدەگەیێنن)، لەو کاتەدا دەبێت بپرسین کە بواری قسە کردن و بواری ئەو شتانەی دەتوانرێ پرسیاریان لێ بکرێ بۆ کورت کردنەوەی مژاری ڕەخنە و دژایەتی کردن، بۆ نیشاندانی پاساوی گونجاو لە بەرانبەر بۆچوونگەلێک کە هی ئێمەیە، بەری گیراوە یا نە؟ بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو مژارە، لە پێشدا دەبێت وتووێژگەلی ئاکادمیک و گشتی قەبوڵ بکرێن. ئەوان دەبێت وەکوو بۆچوون لەبەرچاو بگیرێن.
پێویستە کۆمەڵێک پرسیار سەبارەت بە مانای ڕووخاندنی – دەستەواژەیەکە بە مێتۆدگەلی گێژکەر و تۆقێنەر پەرە دەستێنێ- یەک دەوڵەت و هەلومەرجی ڕەواییی دەوڵەت بەرز بکرێتەوە. ئایا پەرەپێدانی مافی شارۆمەندی لە ڕێگای کەرەستەگەلی فەرمی و یاسایی یا لە ڕێگای هەوڵدانە نوێیەکانی یاسای بنەڕەتی وەکوو ڕووخاندنی یەک وڵات یان خەڵکە؟ ئەو ئەنجامە ترسناکە چۆن ڕوویداوە و ئایا ئەوە نابێتە بەربەست لەبەرانبەر پێشکەش کردنی پرسیارگەلی بنەمایی سەبارەت بە بەرابەری و دادپەروەری؟ ڕەنگە چەشنێکی دیکەی لێکۆڵینەوە پێویست بێت تا بزانین ڕێک چ شتێک هەوڵ دەدات تا بیرمەندان و وێژەران لە ڕێگەی کەرەستەگەلێکەوە کە بایەخگەلێکی زۆر دێموکراتیک بە نێوی ئەوانەوە سانسۆر دەبێ، و ئەو شێوازە بیرە یەکپارچەیەی کە لەگەڵ جۆری بۆچوونگەلێک کە بێ ڕەخنە بووە و بە سیاسەتەکانی دەوڵەتەوە وەفادار بووە، سنووردار بکرێتەوە. کاتێک کە بۆچوونی سەرکەش دەناسین و ڕەتی دەکەینەوە، ئەو خاڵە لە دەست دەدەین کە تەواوی پرسیارە بنەماییەکان سەبارەت بەگرێبەستگەلی ئێستا زاتەن سەرکێشن. ئێمە نەریتی سوکڕات و کانت لە دەست دەدەین، کارمان بە دریداو فۆکۆ نییە، چونکە پرسیارگەلێک کە دەتوانن بۆچوونی ڕەخنەیی سەبارەت بە دەسەڵاتی دەوڵەت و بەرپرسیارێتیی حکومەتی ساز بکەن، لە پرسین قەدەغە کراون. ئێمە بە بۆنەی دەسەڵاتی هەنووکەیی بێ دەنگ کراوین، بەڵام بە شێوازێکی پاڕادۆکسیکاڵ، بووینەتە سووژەگەلێک کە بێدەنگی و خامۆشیی سیاسیمان بۆتە شێوازێک لە بووندارێتیمان و بوونمان دیاری دەکات.
سەرچاوەکان
Butler، J (2010) Critique, dissent, disciplinarity. Critical Inquiry 35(summer): 773–795.
[1]بڕواننه گهڵاڵهی مافهگهلی ئاکادمیک، www. studentsforacademicfreedom. org/abor. html
[2]declarative
[3]skeptical
[4] self-legitimation
[5] Immanuel Kant, Critique of Pure Reason, trans. Norman Kemp Smith (London, 1982), p. 32.
[6] Kant, “An Answer to the Question: What Is Enlightenment?” trans. James Schmidt,in What Is Enlightenment? Eighteenth-Century Answers and Twentieth-Century Questions, ed. Schmidt (Berkeley, 1996), pp. 58–64, and Michel Foucault, “What Is Enlightenment?” trans. Catherine Porter, The Foucault Reader, trans. Josue´ V. Hasari et al. , ed. Paul Rabinow (NewYork, 1984), pp. 32–50; hereafter abbreviated “W. ”
[7] Kant, “An Answer to the Question: What Is Enlightenment?” p. 59.
[8] Kant, The Conflict of the Faculties, trans. Mary J. Gregor (Lincoln, Nebr. , 1992), p. 43.
[9] self-definition
[10] doxa
[11] (“W,” p. 35)
[12] Foucault, “What Is Critique?” trans. Lysa Hochroth, in The Political, ed. David Ingram(London, 2002), p. 192. For an elaboration of the idea of critique, see my commentary “What IsCritique? An Essay on Foucault’s Virtue,” in The Political, pp. 212–28. See also Butler, “What IsCritique? An Essay on Foucault’s Virtue,” The Judith Butler Reader, ed. Sara Salih (Malden,Mass. , 2004), pp. 302–22.
[13] See Foucault, Fearless Speech, trans. Joseph Pearson (Los Angeles, 2001).
[14] Bruce Robbins
[15] Bruce Robbins, “Less Disciplinary Than Thou: Criticism and the Conflict of the Faculties,”
Minnesota Review n. s. 45–46 (1995–96), www.theminnesotareview.org/journal/ns45/robbins.htm
[16] knowledge
[17] David Horowitz
١- سەرنج بدە فۆکۆ، “What Is Critique? “
[19]-See Hannah Arendt, “Personal Responsibility under Dictatorship,”Responsibility and Judgment, ed. Jerome Kohn (New York,2003), pp. 17–48
[20] -See Arendt, “Thinking and Moral Considerations,” Responsibility and Judgment, pp. 159–89, Hannah Arendt: Lectures on Kant’s Political Philosophy, ed. Ronald Beiner (Chicago,1992), and “Civil Disobedience,” Crises of the Republic (New York,1972), pp. 49–102.
[21]-Foucault, “What Is Critique?” p. 193


