ئارامتر بخوێنەوە!

شوناسی نەتەوەیی، خۆوێناکردن و وێناکردنی ئەوانیتر لە پەڕتووکەکانی خوێندنی مێژوو لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان

شێرکۆ کرمانج

و: ژینۆ ڕۆژبەیان

ئەو پەڕتووکانەی لە قوتابخانەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق بەکار دێن، هێشتا لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە؛ بۆیە ئەم توێژینەوەیە دەکرێت بە یەکەم شیکارییەک لەم بوارەدا دابنرێت کە تێگەیشتنێک لەسەر پەڕتووکەکانی مێژوو و پەروەردەی کۆمەڵایەتی، وەک دروستکەری شوناسی نەتەوەی کورد (یان کوردستانی)، هەروەها وێنای ئەویتر و ئەویتربوون لە نێو پەڕتووکەکان بخاتەڕوو.

 ئەم توێژینەوەیەگوتارەکان، پۆلینە جیاوازەکان، گومان و ڕای پەیوەست بەم چەمکانە دەردەخات و هەوڵی پەڕتووکەکان بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە کورد یان کوردستانی بوون چۆن خراوەتەڕوو دەداتەوە. هەروەها ستراتێژیی بەرپرسەکان بۆ دروستکردنی کۆتێگەیشتن بۆ کۆمەڵگە هەڵدەسەنگێنێت و باس لەوە دەکات کە ئامانجی پەڕتووکەکان بەهێزکردنی پرۆسەی دروستبوونی نەتەوە لە هەرێمی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەیە کە “کوردستان”ـە لەناو دەوڵەت-نەتەوەیەکی دیکە  کە “عێراق”ـە. بەو ئاکامەش دەگات کە لە سەرەتا گرووپە سامییەکان و مێزۆپۆتامیایییەکان و دواتر عەرەبە موسوڵمانەکان، عوسمانییەکان، سەفەوییەکان و لە کۆتاییدا عەرەبە عێراقییەکان، فارسەکان و تورکەکان کراون بە ئەوانیتر(the Others) بەڵام هیچیەکێکیان بەر توانج نەکەوتون و ناو و ناتۆرەیان بەسەردا نەبڕاوە، بێبەها یان ڕسوانەکراون. ئەوە بەباشی سەلمێندراوە کە سیستەمی پەروەردە و قوتابخانەی سەردەمیانە، لە گرینگترین هۆکارەکانی دروستبوونی نەتەوەن (ئەپڵ ١٩٩١، کرافۆرد ٢٠٠٣). کاتێک کە حکوومەت فەرمانی نوسینی پەڕتووکی قوتابخانەکان دەدەن، لە زۆرینەی وڵاتە عەرەبەکان و هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش، ئەوە حکوومەتەکانن کە ڕێگەکانی دروستکردنی یادەوەریی بەکۆمەڵ و شوناسی نەتەوەییی قوتابییەکان کۆنترۆڵ دەکەن (ناسر، ٢٠٠٤:٢٢١). لە ڕاستیدا لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پەروەردە بەرپرسە لە گەشەپێدانی سیاسەتەکانی پەروەردە بۆ هەموو ئاستەکانی خوێندنی قوتابخانە و ئامادەکردنی پلانی فێرکردن، دانانی پڕۆگرامی پەروەردە و چاپکردنی پەڕتووکەکانی قوتابخانە و پێداویستییە یاریدەدەرەکان (حکوومەتی هەرێمی کوردستان ٢٠٠٩:٩). لەو روانگەیەوە ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر پەڕتووکەکانی قوتابخانە گرینگن، چونکە لە ڕێگەی پڕۆگرامی خوێندنی مێژووی نەتەوەکانەوە دەتوانن چیرۆکی نەتەوەیی و نەتەوەبوونی خۆیان کۆبکەنەوە، بگوازنەوە یان بڵاوبکەنەوە(کرافۆرد ٢٠٠٣:٦). هەروەها پەڕتووکی خوێندن زۆرجار وەک ئامرازێکی ئایدیۆلۆژی لە خزمەت چین و توێژ یان گرووپێکی کۆمەڵایەتیی تایبەتدا بەکاردێن. (ئەپڵ ١٩٩١:١٠).

دوای دروستبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (ح.ه.ک) لە ١٩٩١ و بەتایبەت دوای ٢٠٠٥ هەوڵ دراوە پڕۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکان وەک دروستکەری گوتار، ئایدیۆلۆژی، سیاسەت و شارستانییەت بەکار بهێنێت. وەک حەسەنپوور (٢٠١٢) ئاماژەی پێ دەکات، لەو سیستەمە پەروەردانەی کە لەسەر بنەمای لەبەرکردن و هۆنینەوەی ڕاستییەکان دامەزراون، وەک سیستەمی پەروەردەی کوردستان، پەڕتووک ئامرازێکی گرینگە. لەکاتێکدا کە قوتابییەکان تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت لەژێر کاریگەریی پەیام و بەهاکانی پەڕتووکی خوێندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوون (لە ٢٠٠٥ تاکو ئێستا)سەرەڕای ئەمە ئەم کاریگەرییە دەتوانێت بەرچاو و گرینگ بێت. بە گشتی ئاسان نییە ڕۆڵی دەقیقی ئەم پەڕتووکانە لە سەرچاوە زانیارییەکانی دیکە وەک تۆڕە دیجیتاڵی و کۆمەڵایەتییەکان جودا بکرێتەوە. لە کوردستان وەک شوێنەکانی دیکە نەوەی نوێ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لە ژێر کاریگەریی میدیا دیجیتاڵییەکاندان و ئەمە بێگومان کاریگەرییشی لەسەرڕۆڵی پەڕتووک، وەک ئامرازی فێرکردن وەپەروەردە و وەک تاکە سەرچاوەی زانیاری، داناوە. سەرەڕای ئەوە زۆرینەی ئەکادیمییەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە پەڕتووکەکان هێشتا سەرچاوەیەکی گرینگن (پۆدێ ٢٠٠٠:٦٦-٦٧). لە سیستەمێکی پەروەردە وەک ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە گواستنەوەی زانیاری، لەسەر بنەمای فێرکردن وەک دەرخوارددان، تاکڕەوییانەیە، پەڕتووک ڕەنگە کاریگەریی زیاتری هەبێت چونکە ئەو شێوازانە مامۆستا-ناوەند(teacher-centric) دەکات و گرینگی بە بیرکردنەوەی ڕخنەگرانە نادات، لە کۆمەڵگە نەریتییەکان وەک کوردستان مامۆستا وەک دایبابان پێگەی بەهێزیان هەیە و ئەو پەیامانەی پەڕتووکەکان کە لە لایەن مامۆستاوە دەگوازرێنەوە وەک فەرمانێک دەگەیەنرێنە قوتابییان. بەم هۆکارانەی باس کران، پەڕتووک لە دروستکردنی شوناسی نەتەوە و شوناسی ئەوانیتردا زۆر گرینگە، توێژینەوەی قووڵی پێویستە کە تا ئیستا پشتگوێ خراوە، ئەم هەوڵە دەچێتە ئەو خانەیەوە.

ئەم توێژینەوەیە لەسەر پەڕتووکەکانی مێژووە کە لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داڕێژراون و بڵاوکراونەتەوە. لە هەرێمی کوردستان، وانەی مێژوو لە دوو قۆناغدا دەگوترێتەوە؛ لە قۆناغی یەکەمدا مێژوو، جوگرافیا و شارستانییەت بە ناوی بابەتە کۆمەڵایەتییەکان لە پۆلی چوار تا پۆلی نۆ لە قوتابخانە دەگوترێتەوە. لە قۆناغی دووەم لە پۆلی١٠، ١١ و ١٢ مێژوو وەک وانەیەکی جودا دەگوترێتەوە. ئەم توێژینەوەیە کار لەسەر هەشت پەڕتووک دەکات، کە پێنج لەوانە لە ئاستی سەرەتایی (لە پۆلی چوارتا پۆلی نۆ) و سێی دیکە لە ئامادەیی (پۆلی١٠ تا ١٢) دەگوترێنەوە.

بۆ هەڵسەنگاندنی پەڕتووکەکانی خوێندنی مێژوو لە هەرێمی کوردستان، شێوازی چەندێتی و چۆنێتی بەکارهێنراوە. شێوازی چەندێتی بۆ پێوانەکردنی پەڕتووکەکان لەڕووی دووبارەبوونەوەی وشەکان، چەمکەکان یان شوێنەکان بەکار دێت. ئەمە ڕەنگە بچێتە فۆرمی چەندێتی کردنی ئەوەی پەیامێک، بەهایەک، ناوێک، شوێنێک یان ڕێکەوتێک لە پەڕتووکەکان چەندبارە دەبێتەوە. چوار شێوازیش لەشێوازی چۆنێتیدا بەکاردێت کە یەکەمیان شیکاریی وێنەکردنی-مێژوویییە (historiographical analysis) بۆ زانینی ئەوەی کە ئەم بابەتە چەند دەگوازرێتەوە، دووەمیان شیکاریی بینایییە (visual analysis) بۆ هەڵسەنگاندن و بەکاربردنی وێنە و نەخشە و هێڵکارییە، سێیەمی شیکاری بونیادییە(structural analysis) بۆ لێپرسین لەوەی ڕووداوە مێژوویییەکان و پرۆسەکان چۆن لە ناو پەڕتووکەکاندا هاتوون، واتە چی گوتراوە و چی نەگوتراوە. چوارەم، شیکاریی گوتارەکان (discourse analyses) دەکرێت بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی پەڕتووکەکان کە نووسەرەکان بەها و گرنگی بە چ زانیاری و گرووپ و ڕووداوێک دەدەن، کامیان بێ بەها و کامیان ئاسایی وەردەگرن. شیکاریی گوتار بۆ هەڵسەنگاندنی نووسینەکان، ڕوونکردنەوەکان، وێنەکان و نەخشەکانیش بەکار دێن تاکوو مانای ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی گوتارەکان دەرکەون، هاندەری شاراوەی ناو نووسراوەکان، مانای نووسراوەکان و تەفسیرەکەیان دەردەخات (بڕوانە نیکۆلز ٢٠٠٣:١٤).

ئەم توێژینەوەیە پۆلینبەندییەکەی بار-تال و هەمەک (٢٠١٢:٣٠) وەک ستراتێژییەک و چوارچێوەیەکی تیوری بۆ دەستنیشانکردنی نامەشرووعکردن(delegitimization)ی ئەوانیتر بەکاردێنێت. بار-تال و هەمەک نامەشرووعکردن بە پێنج دەستە پۆلینبەندی دەکەن: یەکەم، بەنامرۆییکردن (dehumanization): ئەمە بەنامرۆڤکردنی گرووپەکانی دیکەیە و ناونانیانە وەک ئاژەڵ (وەک، دڕندەی ناشارستانی، جورج، سیسرکە)؛ دووەم، وەدەرنراو (outcasting) کە بریتین لەو  کەس و گرووپانەی کە بنەماکانی کۆمەڵگە پێشێل دەکەن (وەک، موخەریب، بکوژ، تیرۆریست، جوداییخواز)؛ سێیەم، وەسفی کەسایەتی (trait characterization) کە بریتیە لە لکاندنی ئەو ڕەوشتانەی کە زۆر نەرێنی و قەبووڵنەکراون لە کۆمەڵگەدا (وەک، هێرشکەر، غازی، شەڕانگێز)؛ چوارەم، ناو و ناتۆرەی سیاسی (political labels) کە دەخرێنە سەر ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لەبەر باوەڕیان لەلایەن گرووپەکانی دیکەوە ڕەت کراونەتەوە(وەک، فاشیستەکان،داگیرکەران)؛ پێنجەم، بەراوردکردنی گرووپەکان (group comparison) کاتێک گرووپێک ناوێکی زۆر نەرێنی و تەقلیدیی لێدەنرێت (وەک، خوێنڕێژ یان مەغۆل). ئەم پۆلێنبەندیی نامەشرووعکردنە، بۆ شرۆڤەکردن ‌و هەڵسەنگاندنی پەڕتووکەکانی مێژوو لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان بەکار هاتووە.

یەکەمین قوتابخانەی سەردەمیانە لە کوردستان لە ساڵی  ١٨٧٠ لە سەردەمی عوسمانییەکان کرایەوە. پێش ئەوە حوجرە/مەدرەسە هەبوو کە قوتابی فێری وانە ئاینییەکان دەکرا و دەبوو بە مەلا (مامۆستای ئایینی). زمانی سەرەکیی فێرکردن لە حوجرەکان عەرەبی، فارسی و تورکی بوو و کوردییش بەکار دەهات (کاکەسوور ٢٠٠٤:١٠-١٢).لە سەرەتای دەیەی ١٩١٠ ـەوە، کوردەکان بۆ یەکەم جار جەختیان لە حکوومەتە لۆکاڵییەکان و عوسمانییەکان لە ئیستانبۆل کرد بۆ ئەوەی لە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە قوتابخانەکان، جێی زمانی کوردی بکەنەوە و بەکاری بێنن. سەرەڕای ئەوە یەکەم قوتابخانە کە فێرکردن تێیدا بە زمانی کوردی بوو، لە دوای ئەوەی بەریتانیا باشووری کوردستانی لە ١٩١٨ داگیر کرد، کرایەوە. دوو لە مامۆستاکان، بە ناوی محەمەد ئەمین زەکی و میرزا محەمەد، بە یارمەتیی دوو ئەفسەری بەریتانی، ڕائید  ئی.بی سوێین و نەقیب و. ج. فەرێڵ، لە دابینکردنی سەرچاوەکان ڕۆڵێکی گرینگیان هەبووە (کاکەسوور ٢٠٠٤: ٢٦-٢٧، ٣١؛ ئێدمۆندز ٢٠١٢). نزیکەی دە ساڵ قوتابخانەکانی کوردستان پەڕتووکی کوردییان نەبوو و دوای ساڵی ١٩٢٧ بۆ یەکەمین جار پەڕتووکەکان لە عەرەبییەوە وەرگێڕدران بۆ کوردی‌ و چاپ کران. تا ئەو کاتە پەڕتووکەکان بە زمانی عەرەبی بوون و زمانی کوردی تەنیا بۆ وانە گوتنەوە و ڕوونکردنەوە بەکار دەهات. لە دوا ساڵەکانی سەردەمی پاشایەتی (١٩٥٧-١٩٥٨)، بیست و هەشت پەڕتووکی کوردی لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان بەکار دەهاتن کە زۆرینەیان لە زمانی عەرەبیەوە وەرگێڕدرابوون. کۆتایی هاتنی پاشایەتی، بوو بە کارئاسانی بۆ هەندێک گۆڕانکاریی بچووک لە پەڕتووکەکان و پڕۆگرامی خوێندن. دوای گۆڕانەکانی ساڵی ١٩٥٨ تاکو دەیەی ١٩٧٠، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ڕێگربوون لەوەی خوێندن‌و پەروەردە بە زمانی کوردی بن. لە دەیەی ١٩٧٠ ڕێکەوتنێک لە نێوان بەرپرسانی عێراقی و سەرکردایەتیی کورد مۆرکرا (کە بە بەیانی ١١ ئادار ناسراوە)، لە ئاکامدا زمانی کوردی لەو ناوچانەی عێراق کە زۆرینەیان کوردن لە پاڵ زمانی عەرەبی کرا بە زمانی فەرمی(بێنجیۆ ٢٠١٢:٤٧-٤٨). پاش ئەوە، ژمارەیەکی بەرچاو پەڕتووک چاپ کران، هاوکات هۆنراوە و نووسینی ڕەسەنی کوردی هاتنە ناو پەڕتووکە لە عەرەبی وەرگێڕدراوەکان، کە تا ساڵی ١٩٨٥، پەڕتووکی هەموو وانەکان لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی تاکو دوا پۆلی ئامادەیی بە زمانی کوردی بەردەست بوون، ژمارەیان تا ساڵی ١٩٨٤ دەگەیشت بە ٢٢٥ پەڕتووک، کە لەمانە پازدەیان لە دەیەی ١٩٢٠ بڵاو ببوونەوە، چواردەیان لە ساڵەکانی ١٩٣٠ تا ١٩٥٠، بیست و سێیان لە دەیەی ١٩٥٠، و بیستیان لە دەیەی ١٩٦٠ کە هەمووی دەگەیشتە حەفتا و دوو دانە. لە دوای ١٩٧٠، زیاتر لە ١٥٠ پەڕتوکی دیکە چاپ و بڵاوکرابوونەوە و لە قوتابخانەکان بەکاردەهاتن (کاکەسوور ٢٠٠٤؛ حەسەنپوور ٢٠١٢).

سەرەڕای ئەو ژمارە بەرچاوە لە پەڕتووک بە زمانی کوردی، ناوەڕۆکی پڕۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکانی عێراق بە ئاشکرا پشتگوێخستنی مێژوو و فەرهەنگی گرووپە نەتەوەیییەکانی ناو کۆمەڵگەکانی عێراق، کە غەیرەعەرەبەکان بوون دەبینرا (کرمانج ٢٠١٣: ١٤١-١٤٢، ٢٣٣-٢٤٣؛ الربیعی ١٩٧٢: ١٨٢). ئەو پەڕتووکە مێژوویییانەی عێراق کە لە نێوان ساڵەکانی ١٩٢١ تا ٢٠١١ بڵاوبوونەتەوە، بە تێڕوانینی عەرەبە سونییەکان یان عەرەبە شیعەکان نووسراون و بە تەواوی دیدی کورد جێگەی نەکرابۆوە. لە ڕاستیدا لە پەڕتووکە مێژوویییەکانی عێراقی لە ساڵەکانی ١٩٧٦ تا ٢٠١٠وشەی “کورد”، “تورکمان” و “کەلد و ئاشوری”، لە هیچ شوێنێکیدا نەهاتووە.١ لە تەواوی پەڕتووکەکانی مێژوو لە قوتابخانەکانی  عێراق (٢٠٠٣-٢٠١٢) تەنیا لە دوو دێڕ دا ئەویش بە هەڵە باس لە کورد کراوە.٢ ئەو دوو دێڕە دەڵێت لە بۆمبارانی کیمیاییی شاری هەڵەبجە لە کوردستانی عێراق هەزاران عێراقی بوونە قوربانی (مێژووی نوێ و هاوچەرخی نیشتمانی عەرەب، پۆلی سێیەمی ناوەندی ٢٠١١ب:٩٢). ئەم دوو دێڕە بە هەڵە لەنێو بڕگەیەک دانراوە بە ناوی “سەرهەڵدانی ١٩٥٦ و شۆڕشی ١٩٥٨” کە باس لەم دوو ڕووداوە و هەروەها پێشکەوتنە سیاسییەکانی میسر دەکات. لەوبڕگەیەدا لە ناکاو پچڕانێک دەبینرێت و ئەو دوو دێڕەی تێ ئاخنراوە کە باس لە هەڵەبجە دەکات و زۆر بێبایەخانە یەکسەر دوای ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ سەر باسی”سەرهەڵدانی ١٩٥٦ و شۆڕشی ١٩٥٨”.

لە ساڵی ١٩٩١ و لە ئاکامی شەڕی یەکەمی کەنداو و ڕاپەڕینی کوردەکان، دەستنیشانکردنی ناوچەی دژەفڕین لە بەشێکی گەورە لە هەرێمی کوردستان، کشانەوەی حکوومەت و دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی عێراقی لێ کەوتەوە، کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراندنی “ح.ه.ک”ی بەدوای خۆیدا هێنا. لە مانگی تەمووزی ١٩٩٢ سەردەمێکی نوێ بۆ کوردەکان لە عێراق دەستی پێ کرد کە سەربەخۆ و لەژێر بەرپرسیاریەتیی خۆیان دەست بکەن بە دانان و بەرەوپێش بردنی پەڕتووکەکانی قوتابخانە و پڕۆگرامی خوێندن و سەرچاوەکانی فێرکاری. هەرچەندە لەبەر کەمیی سەرچاوە داراییەکان و ناکۆکی و ململانێکانی نێوان یەکێتیی و پارتی لە دەیەی ١٩٩٠ و ئابڵۆقەی ئابوری لەلایەن حکوومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەسەر کوردستان، کوردەکان نەیانتوانی پەڕتووکەکانی سەردەمی ڕژیمی بەعس بگۆڕن یان باشتری بکەن. نزیکەی ١٤ ساڵ (١٩٩١- ٢٠٠٥) و سەرەڕای سەربەخۆیییەکی ڕێژەیی، کوردەکان هەر ئەو پەڕتووکانەیان بەکار دەهێنا کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بەکار دەهاتن بەڵام پەڕتووکەکان لەو بابەتانەی کە لە دیدی بەعسەوە نوسرابوون و لایەنگری عەرەبەکان بوو یان مانا و تێگەیشتنی شۆڤێنیستییانەیان لەخۆ گرتبوو “پاک و خاوێن” کرانەوە. بە قسەی کوردەکان (سادق عوسمان و عومەر شەریف ٢٠١١: پەیوەندی ڕاستەوخۆ ٦ نیسان) بە مەبەستی زیاتر  پاکنوسکردن و بۆ پڕکردنەوەی ئەو بابەتانەی لە پەڕتووکە عێراقییەکان سڕابوونەوە، مامۆستا کوردەکان چەند نامیلکەیەکیان وەک پاشکۆ بۆ پەڕتووکەکان دروست کردبوو.

دوای ساڵی ٢٠٠٥ و لە ئاکامی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە لە ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژیمی عێراق و زۆر بوونی داهاتی ح.ه.ک، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ژمارەیەکی بەرچاو پەڕتووکی چاپ کرد کە لە لایەن مامۆستایانی کوردەوە نووسرابوون، لەنێویاندا پەڕتووکەکانی مێژوو بۆ قوتابخانەکان کە بۆ ئەم توێژینەوەیە بەکار هاتوون. ئەوانەی لێرە تاوتوێ کراون چاپی دووەمی ئەو پەڕتوکانەن کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٢٠١١ داڕێژراون و لە قوتابخانە حکومییەکانی هەرێم بەکار دێن. یەکەم چاپی ئەو پەڕتووکانە لە ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ بوو. هاوکات، چەندین قوتابخانەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە کە هەندێکیان پەڕتووکەکانی مێژوویان جیاواز لەوانەی قوتابخانە حکومییەکان بەکاردێنن. نزیکەی ملیۆنێک و پێنج سەد و دوو هەزار قوتابی لە قوتابخانەکانی سەرەتایی و ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن کە بیست هەزار لەوانە بۆ قوتابخانە ئەهلییەکان دەچن (کەوکەس عەزیز ٢٠١٢: پەیوەندی ڕاستەوخۆ 15 حوزەیران). واتە تەنیا ١.٣٪ قوتابییەکانی کوردستان لە قوتابخانە ئەهلییەکان دەخوێنن، بۆیە پەڕتووکی ئەو قوتابخانانە لەم توێژینەوەیەدا شرۆڤەنەکراون.



شوناسی کوردی/کوردستانی لە پەڕتووکەکانی خوێندنی قوتابخانەکانی ح.ه.ک

دروستکردن و زیندوو ڕاگرتنی کۆیادی هەر نەتەوەیەک، بەشێکی دانەبڕاوە لە دروستبوون و گەشەکردنی نەتەوەکە. بۆ ئەم مەبەستە نووسەرەکانی پەڕتووکەکانی خوێندن لە ح.ه.ک هەوڵ دەدەن کۆیادێک، ڕاستی یان خەیاڵی، بۆ کوردان/کوردستانیان دروست بکەن کە ئێستا بە ڕابردوو پەیوەست بکات و نەوەی نوێش بەمە هان بدەن. بۆ ئایدیۆلۆگەکان و بنیاتنەرانی نەتەوە زۆر گرینگە زانیارییە دیاریکراو و تایبەتەکان (وەک کۆیاد) بە سەرکەوتوویی بخزێنرێنە مێشکی گەنجان تاوەکو ببن بە ئەندامێکی پابەندو کارای کۆمەڵگە، هاوکات شوناسێکی بەکۆمەڵبۆیان دروست ببێت (پۆدێ ٢٠٠٠:٦٥).

شوناسی نەتەوەیی لە ڕێگەی چیرۆکە مێژوویییەکان، خۆوێناکردن، جیاکردنەوە و ناساندنی سنوورە جوگرافیایییەکان، ڕەچەڵەکییەکان و سیاسییەکانی نێوان کوردان/کوردستانیان و ئەوانیتر دروست دەبن و دروست دەکرێن، جا چ پەیوەست بن بە ئیتن، نەتەوە یان جوگرافیا. لە ڕاستیدا بۆ سەلماندنی ئەوەی کە مێژووی کوردی/کوردستانی مێژوویەکی دوور و درێژە، پەڕتووکەکانی خوێندن هەموو باس و خواستێکیان (ڕاستیی یان ئەفسانەیی) بەکار هێناوە. کوردستان وەک وڵاتێک و نەتەوەیەکی کۆن وێنە کراوە. بەپێی پەڕتووکەکان کۆمەڵە گرووپێک لەوانە سۆمەرییەکان، لولوبییەکان، گووتییەکان، کیرتوییەکان، کاردۆخییەکان و مادەکان لە “کوردستانی کۆن” دەژیان کە بەپێی پەڕتووکەکان شوێنێک بووە کە “کێوەکانی زاگرۆس و ڕۆژهەڵات و باکووری مێزۆپۆتامیای لە خۆ گرتبوو” (بابەتە کۆمەڵایەتییەکانپۆلی ٧ ، ٢٠١٠ : ١٢٤-١٣٢ پۆلی ٥ ، ٢٠١٠ : ٥٣-٥٥). دەگوترێت کە لولوبییەکان و گووتییەکان، “کۆمەڵێک گرووپی کوردی کۆن” بوون کە یەکەم دەوڵەتی کوردییان زیاتر لە چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ناوچەکە بنیات نا، کە مەبەستی ناوچەکانی سلێمانی و کەرکوکی ئیستا (مێژووی شارستانییەکان، پۆلی ١٠، ٢٠١١ : ١٠-٢٢). بۆ زیاتر قووڵکردنەوەی ڕەگ‌ و ڕیشەی مێژووییی گەلی کورد، هاوکات، بەستنەوەی ئەو مێژووە بە کوردەکانی ئێستا، نوسەرانی پەڕتوکەکان ڕۆژژمێرێکی کوردییان داهێناوە. ڕۆژژمێرەکە لە داگیرکردنی نەینەوا بە دەست مادە کوردەکانەوە دەست پێ دەکات کە دەکاتە ٦١٢ پێش زایینی (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٤ ، ٢٠١١ : ٤٧-٥٣)، مەبەست لەمە دەرخستنی ئەوەیە کە ڕۆژژمێری کوردی شەش سەدە لە ڕۆژژمێری گرێگۆری کۆنترە. ئەم ڕۆژژمێرە کوردییە بە فەرمی لەگەڵ ڕۆژژمێری گرێگۆری و ئیسلامی لە هەرێم بەکار دێت. پەڕتووکەکان زیاترین گرینگییان بە پەیوەندیی کوردی ئێستا و مادەکان داوە تاوەکوو گرووپە کوردە کۆنەکانی دیکە. بەپێی پەڕتووکەکان، مادەکان باوباپیری نەتەوەی کورد بوون کە لە کوردستان ژیاون و فەرهەنگ و شارستانییەت و دەوڵەتی خۆیان بنیات ناوە. ئەوەی کە مێژووی کورد بۆ زیاتر لە ٥٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، وەک پەڕتووکەکان پێداگریی لەسەر دەکەن، دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەم مێژوویەکی هاوبەش و هەم ڕەچەڵەکێکی هاوبەش دروست بکرێت بۆ کورد، کە خۆی لە شکڵ گرتن و دروستبوونی هەر نەتەوەیەک زۆر گرنگە.

وشەی کوردستان بە مانای “نیشتمانی کوردەکان” دێت، کە لە ڕاستیدا و بەپێی پەڕتووکەکانی خوێندن “لانکەی شارستانییەتە”. پەڕتووکەکان بە تایبەت تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە کشتوکاڵ یەکەم جار لە گوندێک بە ناوی”چەرمۆ” لە نزیک کەرکوک داهێنراوە کە لە ئاکامی لە کۆنەوە نیشتەجێبوونی مرۆڤ بووە لەو شوێنە. جگە لە گرینگیی مێژووییی چەرمۆ، شوێنەکەشی کە نزیک کەرکووکە لە پەڕتووکەکاندا زۆر باس کراوە (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٧ ، ٢٠١٠: ١٣٥-١٣٧؛ پۆلی ٥، ٢٠١٠: ٤٨-٤٩). زۆر باس کردنی کەرکووک لە مێژووی کۆنی کوردستاندا ئامانجێکی دیکەی هەیە. لە مێژووی نوێی کوردستان کەرکوک هەمیشە جێگەی سەرنج‌ و ململانێ بووە لە پەیوەند بە ناوچە جێ ناکۆکییەکان (رەعفەت ٢٠٠٨؛ نایتس و عەلی ٢٠١٠). نووسەرەکانی ئەو پەڕتووکانە، ئامانجیان لە زۆر باسکردنی کەرکوک وەک شارێکی کوردستانی ئەوەیە زیاتر پێداگری لە هێنانەوەی ئەم ناوچەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بکەن. هاوکات، کوردستان وەک “یەکەم نیشتمانی نەوەی دووەمی مرۆڤ” باس کراوە، چونکە ئاسەواری نیاندێرتاڵەکان لە ئەشکەوتی شانەدەر لە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان دۆزراوەتەوە. شوێنەواری کۆنی دیکەیش وەک ئەشکەوتی هەزارمێرد، ئەشکەوتی زارزی، گوندی چەرمۆ و پەیکەری حاکمی ئاکادیان نارامسین، کە لە کوردستان دۆزراوەتەوە، بەردەوام لە ناو پەڕتووکەکاندا باسکراون (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٧ ، ٢٠١٠ : ١٣٦-١٣٧ ؛ پۆلی ٥ ، ٢٠١٠ : ٥١-٥٢).

پەڕتووکەکانی وانەی مێژوو هەوڵ ئەدەن بێهاوتابوون و تەبایییەک لە ڕێگەی زیندوو کردنەوەی ئەم بیرەوەرییە هاوبەشانەی ئەم دوایییانە دروست بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش هەندێک لەم پەڕتووکانە وێنەی بۆردومانی کیمیاییی هەڵەبجە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە هەروەها کۆڕەوی کوردەکان کە لە ناو کوردان بە کۆڕەوی بەهاری ١٩٩١ ناسراوە، لەسەر بەرگی پەڕتووکەکان و لە ناویاندا دەر بخەن (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ١٢ ، ٢٠١١ : ٢١١ ؛ پۆلی ٤ ، ٢٠١١ : ٦١ و بەرگەکەی). بۆ سەرنجی زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە داو لە قوتابییەکان کراوە چەندین ڕێکەوتی ڕووداوەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان لە عێراقدا بناسێنن، لەمانە، ٦ی ئەیلولی ١٩٣٠ (ڕاپەڕینی بەر دەرکی سەرا لە سلێمانی لە دژی رژێمی پاشایەتی)، ١١ ی ئەیلولی ١٩٦١ (دەستپێکی شۆڕشی کورد لە دژی عەبدولکەریم قاسم) و ١٦ ی ئاداری ١٩٨٨ (بۆردوومانی کیمیایی هەڵەبجە بەدەست رژێمی سەدام حوسەین)، تەنیا چەند نموونەیەکن (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٦ ، ٢٠١١ : ١١١).

دانانی وێنەی شوێنەوارە کۆنەکان لەسەر بەرگی پەڕتووکەکان بۆ ئەو مەبەستەیە کە قوڵاییی مێژووی شارستانییەتی کوردستان نیشان بدات و هەستی شانازیکردن و هەبوونی پێگەیەکی شایستە بە مێژووی کورد و کوردستانییان ببەخشێت.ئەم ستراتێژییە هاوکات یادەوەرییە تاڵەکان زیندوو ڕادەگرێت، بەمەش، واتە بە دروستکردنی بیرەوەریی هاوبەش، پەیوەندیی نێوان نەوەی کۆن و نوێ پتەوتر دەکات و ڕادەگرێت. وێنە و ناوەڕۆکی پەڕتووکەکانی خوێندن بەردەوام هەڵسوکەوتە نەشیاوەکانی بێگانەکان بەرانبەر کوردەکان نیشان دەدەن، ئەمەش هەستێکی هاوبەشی بە قوربانی بوونی کوردان لە لایەن ئەوانیترەوە نیشان دەدات. لەم چوارچێوانەدا ئەوە ڕژیمی عێراقییە نەک عەرەبی عێراقی کە وەک چاوچنۆک و کۆلۆنیالیست نیشان دراوە، وەک ئەوەی کە بار-تال و هەمەک (٢٠١٢ : ٣٤، ٣٦-٣٧)لە پەیوەندی لەگەڵ بەنامەشرووع کردنی ئەوانیتر دەستنیشانیان کردوە. بابەتی خۆ بەقوربانی زانینی دەستەجەمعیی کوردان لە ناوەڕۆکی پەڕتووکەکان دێتە دەرەوە و کورد وەک قوربانیی ڕژیمە ناحەزەکانی عێراق دەردەخات.

لە کاتێکدا کە پەڕتووکی بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و مێژوو بەکار دێن بۆ ئەوەی ئەم پەیامە بگەیینرێت کە کورد کێیە و لە کوێوە هاتووە، پەڕتووکی جوگرافیا وەک ئامرازێک بەکار دێت تا شوێنی ژیانی کوردان و سنوورەکانی نیشتمانەکەیان لە ڕێگەی نەخشەزانییەوە دەستنیشان بکات و نیشان بدات. بە سنوورکێشان بۆ کوردستان لە نێو وڵاتانی دراوسێ بەرجەستەبوونی نیشتمان دروست دەکرێت. لە پەڕەی یەکەمی یەکێک لەو پەڕتووکانە، داوا لە قوتابییان کراوە کە وڵاتی خۆیان لەسەر نەخشە دیاری بکەن. جێی سەرنجە کە بۆ ئەوەی قوتابییان کوردستان بە هەڵە بە عێراق تێنەگەن لە بەشێکدا لە ژێر پرسیارەکە پەڕتووکەکە وەبیر قوتابییان دێنێتەوە کە “هەرێمی کوردستان وڵاتی ئێمەیە کە لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراقدایە” (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٤ ، ٢٠١١: ٦).

لە باسی تۆپۆگرافیای کوردستان هەموو هەوڵێک بەکار هاتووە بۆ ئەوەی ئاماژە بەوە بکرێت کە حەمرین “سنووری باشووری کوردستانە وە کوردستان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق جیا دەکاتەوە” (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٩، ٢٠١١: ٤٩ ؛ پۆلی ٥ ، ٢٠١١: ٨ ؛ پۆلی ٤، ٢٠١١ : ٤، ٨). ئەوەندە بە زۆری باسکردن لە سنوورەکانی کوردستان، ستراتێژییەکە بۆ تیشک خستنە سەر شوناسی خاکی/نیشتیمانیی کوردستان کە بەشێکی دانەبڕاو بووە لە پرسی کورد لە عێراق (کرمانج ٢٠١٣: ٨٠، ١٠٣، ١١٣-١١٦، ٢١٤). لە ڕاستیدا زۆربەی ئەو ناکۆکییانەی کە چەند دەیەیەک درێژەیان کێشاوە لە ناوەڕۆکدا لەسەر خاک، چارەی خۆ نووسین، سەربەخۆیی، دەوڵەتبوون، سەرچاوەکان و شوناس بوون (بار-تال و هەمەک ٢٠١٢ : ٣٤).

وشەی عێراق وەک شوێنێکی جوگرافیایی، حکوومەتێک، وڵاتێک یان نیشتمانێک، زۆر کەمتر ئاماژەی پێ کراوە لە بەرانبەر وشەی کوردستان بۆ ئەم چەمکانە. لە کاتێکدا بەشی جوگرافیای پۆلی ٦ تەرخان کراوە بۆ جوگرافیای عێراق، ناوەڕۆکەکەی زیاتر لەسەر هەرێمی کوردستانە (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٦ ، ٢٠١١ : ٣-٦٦). بە گشتی وشەی عێراق بە مانایەکی نەرێنی بەکار هاتووە وەک ئەوانەی کە بار-تال و هەمەک، وەک چەمک و کارەکتەر لەمەڕ نامەشرووع کردنی ئەوانیتر دەستنیشانیان کردون. بە گشتی عێراق زۆرتر لە پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتە توندوتیژەکانی ڕێژیمەکانی عێراقدا ئاماژەی پێ کراوە و، باس کراوە کە بوون بە هۆی لەناو بردنی دارستانەکان لە هەرێمی کوردستان یان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوەی  کە گوایە حکوومەتی عێراقی بەردەوام بەڵینی بە کوردەکان داوە … بەڵام قەت بەڵێنەکانی بەجێ نەهێناوە (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٦، ٢٠١١ : ١١٨ ؛ پۆلی ٥، ٢٠١٠ : ٢١). ئەم ڕستە و بیرۆکەیە کراوە بە مەشقێک بۆ قوتابییان تاکو کاری لەسەر بکەن. وشەی عێراق تەنیا لە پەیوەندیی ئێستادا، ٢٠٠٣ تاکو ئێستا کە سیستەمێکی سیاسیی فێدراڵە بە ئەرێنی باس کراوە. سەیر ئەوەیە کە عێراق بە دوو هەرێمی فێدرال پۆلینبەندی کراوە، هەرێمی کوردستان و هەرێمی عێراق (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی٩، ٢٠١١ : ٤٧ ؛ پۆلی ٦، ٢٠١١ : ٤). ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە پەڕتووکەکانی خوێندن لە قوتابخانەکان نەتەنیا بیرۆکەی ناسیونالیزمی کوردییان تێدایە بەڵکو خەون و خولیای ڕێکخستنی عێراقێکیش لەخۆدەگرن بە بنەما لەسەر دوو هەرێمی فێدرالی.

پەڕتووکەکانی خوێندن لە هەرێم زۆر بە کەمی وێنەی شارەکانی عێراقیان تێدایە، زۆربەی وێنەکان هی شارە کوردییەکانن. گرینگتر لەوەش ناوەڕۆکی وێنەکان پرسی نەتەوە و خاک و شوناسی کورد دەردەخەن. وێنەی کەرکوک ئێجگار زۆر لە پەڕتووکەکاندا دەردەکەوێت کە ئاماژەیەکی بەردەوامە بەوەی کە “شارێکی کوردی/کوردستانیی کۆنە” و جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە زۆرینەی دانیشتوانی ئەم شارە کوردن و ئەوەی کە ئەم شارەی کردۆتە ئامانجی “کەمپەینە توندوتیژەکان وەک کەمپەینی بەعەرەبکردن و کۆمەڵکوژی لە لایەن ڕێژیمەکانی پێشووتری عیراقەوە” شوناسی کوردیی شارەکەیە (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٩، ٢٠١١: ٩٠، ١١٢ ، ٢٢٢ ؛ پۆلی ٥، ٢٠١٠: ٢٧ ؛ پۆلی ٤ ، ٢٠١١: ٥٧). وشەی عێراق هیچکات لەسەر ئەو ناوچانە دەرناکەوێت کە وەک کوردستان ناسراون، بەڵکو لەژێر سنوورەکانی کوردستان دەردەکەوێت، وەک بڵێی عێراق وڵاتێکی دیکەیە (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٩، ٢٠١١: ٤ ، ٤٧؛ پۆلی ٦، ٢٠١١: ٤؛ پۆلی ٥ ، ٢٠١٠ :١٢؛ پۆلی ٤ ، ٢٠١١: ٣٨).

تێگەیشتنی پەڕتووکەکانی ح.ه.ک بە نیسبەت چەمکی شوناسی نەتەوەییی کوردی و کوردستانی، سەرلێشێواوییەکی تا ڕادەیەک سەیروسەمەرەی پێوە دیارە.هەرێمی کوردستان شوێنی ڕەچەڵەک و ئایین و کلتورە جیاوازەکانە و لە زۆرێک لە پەڕتووکەکان هانی ڕۆحی تەبایی و هاوئاهەنگی دراوە و ئاماژە بە جەژنی گرووپە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکان کراوە، هاوکات هەرێمی کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی فرە-ئایین و فرە-نەتەوە و فرە-کلتور باس کراوە (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٩ ، ٢٠١١: ٩٠؛ پۆلی ٥ ، ٢٠١٠:١٠). هەرچەندە لەگەڵ ئەوەی باسی فرەیی کراوە، بەڵام کوردبوون وەک چەقی پێناسەی شوناسی نەتەوەییی کوردستانی بینراوە. پەڕتووکەکان لەم ڕەوتەدا چەمکە گرینگەکانی وەک نەتەوە و هاووڵاتیبوون تێکەڵ دەکەن و شێوێنراون.

بۆ نمونە، لە مەشقێکدا کە بۆ قوتابیە ١٠ ساڵانەکانە، باسی “کۆڕەوە گەورەکەی کورد” دەکات دەڵێت: “دانیشتووانی کوردستان بەرەو چارەنووسێکی نادیار شوێنی ژیانی خۆیان بەجێهێشت و چۆکیان بۆ حکوومەتە ستەمکارەکە دانەدا” (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٤، ٢٠١١:٥١). هەرچەندە کۆڕەوەکە بە ڕاشکاوی وەک کۆڕەوی کوردەکان پێناسە کراوە، بەڵام پەڕتووکەکە باس لەوە دەکات کە “دانیشتووانی کوردستان” زەرەرمەندی ئەم پرسە بوون. دیارە نووسەرەکان لەم نموونەیەدا وشەی کورد و کوردستانیان تێکەڵ کردووە چونکە دانیشتووانی کوردستان بەس کورد نین بەڵکو تورکمەن، کەلد و ئاشوورییەکان و هی دیکەشن و لە هەندێک شوێن، بە هەڵە ئەم زاراوە و چەمکانە بەکارهاتون. بە هەمان شێوە، دەستەواژەی”نەتەوەی کوردستانی” و “خەڵکی کوردستان” وەک هاومانا بۆ “نەتەوەی کوردی” و “خەڵکی کورد” بەکار هاتوون. لە کاتێکدا کە دیار نییە سەبەبی ئەم بە هەڵە بەکارهێنان و تێکەڵ کردنە چیە، دەکرێت پەیوەندیی بەوەوە بێت کە لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا،  دەستەواژەی”نەتەوەی کورد” بۆ نیشاندانی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەی کوردی بە کار هاتووە، ئەمە لەوکاتەدا بووە کە کوردەکان حوکمڕانییەکی خۆماڵییان نەبووە. بەڵام لە دوای دامەزراندنی ح.ه.ک لە ١٩٩٢ دەستەواژەی “نەتەوە یان گەلی کوردستان” وەک جێگرەوەیەک بۆ “نەتەوەی کورد” سەری هەڵداوە و تا ڕادەیەک هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گوشاری چینی ڕۆشنبیر و ناسیۆنالیستە مەدەنییەکان کە لە کێشەئامێزیی  ماناکانی دەستەواژەی “نەتەوەی کورد” باشتر تێگەیشتوون. هەرچەندە هێشتا لە هەندێک بازنەی سیاسی، ئەم جێگرەوەیییە ڕووی نەداوە و پێویستە ڕووبدات بەڵام ئەزمون‌ و ئەدەبیاتی هەرێمی کوردستان دەریدەخەن کە ژمارەی ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیاوازیی ئەم دەستەواژانە دەکەن ڕوو لە هەڵکشانن (عەزیز ٢٠١١).

هەرچەندە کە پەڕتووکەکان زۆر بەنابەدڵی و کرچوکاڵی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق و کوردەکان وەک هاووڵاتیی عێراقی دەناسێنن، بەڵام بە کەمی بڕەو بە بیرۆکەکانی پانکوردی دەدەن. دەرخستنی کوردستان چ لەنێونەخشەی سیاسیی عێراق یان وەک بەشێک لە کوردستانی گەورە، کێشەیەکی بەردەوامی بۆ ناسیۆنالیستە کوردەکان، لە پەیوەندی بە کاریگەرییان لەسەر نوسین‌ و گەشەپێدانی پەڕتووکەکانی خوێندن لە ح.ه.ک داناوە. بە پێی پەڕتووکەکان، کوردستان لە ١٩٢٣ چوار پارچەکرا و بەشی ڕۆژهەڵاتی لە ژێر کۆنترۆلی ئێران وەک خۆی ماوە، بەشی باکووری کەوتە ژێردەستی تورکیا و باشووری لكێنرا بە عێراق. بەشێکی بچووکیش لە کوردستان خرایە سەر سوریا (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٩، ٢٠١١: ٢٤٣؛ پۆلی ٥، ٢٠١٠: ٧).لەپاڵ بەکارهێنانی دەستەواژەگەلی وەک باکوور، باشوور یان ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە دەستەواژەگەلێکن ماناکانی پانکوردیزم لەخۆ دەگرن، پانکوردیزم لەناو پەڕتووکەکانی ح.ه.کبە دەربڕینی دیکە و نوێ جێگەی بۆ خۆی کردۆتەوە. پەیوەندی دروستکردن لەنێوان ئەو بۆنە و ڕووداوە مێژوویییانەی لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدەن‌و ئەوانەی لە پارچەکانی دیکە ڕوودەدەن وەک نموونە لەمەڕ ئەم پرسە دەکرێت بەکاربێن. ئەو ڕووداوە مێژوویییانەی لە کوردستانی گەورە ڕوودەدەن، لە پارچەکانی دیکەش یاددەکرێنەوە و ئاهەنگیان پێ دەگێڕن. لێرەدا جیاوازییەک بەدی ناکرێت لە نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کوردستانی ئێران)، باکووری کوردستان(کوردستانی تورکیا) یان باشووری کوردستان (کوردستانی عێراق) (چاو بکەن لە مێژووی نوێ و هاوچەرخ، پۆلی ١٢، ٢٠١١: ١٣٠-١٧٦؛ بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٦، ٢٠١١: ١٠٣-١٢٩). سەرەڕای ئەمە، لە پەڕتووکەکاندا، پرس‌ و کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق، زۆرترین سەرنج وهەڵوەستەیان لەسەر کراوە.


وێناکردنی ئەویتر: دروست کردنی شوناس لە ڕێگەی جیاوازی دانان و وەدەرنان

شوناسی نەتەوەیی، وەک تریاندافیلیدو (١٩٩٨ : ٥٩٣) پێناسەی کردووە، جیاوازی دانانە لەگەڵ نە تەنیا ئەو گرووپە ئیتنی و نەتەوەیییانەی لە ناوەوەن، بەڵکو ئەوانەیش کە لە دەرەوەن. لە ڕاستیدا وەک ئەو دەڵێت، شوناسی نەتەوەیی، زیاتر بە خۆجیاکردنەوە لە ئەوانیتر واتای دەبێت و دەردەکەوێت. ئەمە ڕەوتێکە کە بە زۆری لە پەڕتووکەکانی ح.ه.ک بەکار هاتووە. لەو مێژووەی کە پەڕتووکەکان ڕووماڵیان کردوە، ئەوەی کە ئەوانیتر پێکدێنن، بە پێی گۆڕانی زەمان و کات دەگۆڕێن. بۆ نموونە، شارستانییەتە کۆنەکانی ناوچەکە کراونەتە دوو بەش، “شارستانییەتی کوردستانی” و باقی شارستانییەتەکان (وەک عێراقی، میسری، هیندی، یۆنانی و ڕۆمی). بەشی جیاواز تەرخان کراوە بۆ “مێژووی کۆنی کوردستان” و “عێراق لە سەردەمە کۆنەکان”. گرووپە کۆمەڵایەتییە کۆنەکانیش وەک “گرووپە نەتەوەیییە کۆنەکانی کوردستان” و “گرووپە نەتەوەیییە کۆنەکانی عێراق”، پۆلینبەندی کراون. بەو پێیە گرووپەکانی مێزۆپۆتامیا وەک ئاکادییەکان، بابلییەکان و ئاشوورییەکان، کە لە نیمچە دوورگەی عەرەبەوە کۆچیان کردووە وەک ئەوانیتر ناسێنراون. (مێژووی شارستانییەکان، پۆلی ١٠، ٢٠١١: ١٠-٢٢، ٢٧-٧٦؛ بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٧ ، ٢٠١٠: ١١٠-١٢١، ١٢٤-١٣٢). واتە شارستانییەتی عێراق و گرووپە سامییەکان وەک ئەوانیتر دەبینرێن. بە وێناکردنی شارستانییەتی سوبەرییەکان، لولوبییەکان، گوتەکان، کیرتوییەکان، میتانییەکان، کاردۆخییەکان و مادەکان وەک کوردستانی و سومەری، ئاکادی، ئاشووری و بابلییەکان وەک شارستانییەتی عێراقی، مێژووی جیاواز بۆ کوردەکان بنیات نراوە. لە ڕووی جوگرافیاوە ئەو گرووپانەی کە لە باشووری عێراق نیشتەجێ بوون (بە سومەرییەکانیشەوە بە سامی هەژمار ناکرێن) وەک ئەوانیتر تەماشاکراون. بە هەمان شێوە، ئاشوورییەکانیش لەگەڵ ئەوەی بە پێی پەڕتووکەکان لە کوردستان نیشتەجێ بوون، بەڵام هەر بە ئەوانیتر هەژمار کراون. چاوپۆشی کردن لە فاکتەرە جوگرافیایییەکان لەجیاکردنەوەی شارستانیەتی کوردستانی و شارستانیەتی عێراقی، بەو مانایەیە کە پەڕتووکەکانی ح.ه.ک  ڕەچەڵەک و باوباپیرانی هاوبەش لە پێناسەکردنی ئەوانیتر ڕەچاو دەکەن.

بە پێی پەڕتووکەکانی ح.ه.ک وشەی کوردستان لە دوو بەش پێک دێت: “کورد” کە ناوی نەتەوەی کوردە کە لە ڕەچەڵەکی ئاریایین و دووەم بەش، پاشگری “ستان” کەبە مانای نیشتمان دێت، واتا نیشتمانی کوردەکان. گێڕانەوەی ڕەچەڵەکی کورد بۆ ئاریایییەکان بۆ ئەو مەبەستەیە کە کوردەکان لە عەرەبەکان کە بە سامی هەژمار دەکرێن جیابکاتەوە. ئەو شارستانییەتانەی  کە وەک هیندوئەوروپی هەژمار کراون، وەک میتانییەکان و مادەکان، وەک بەشێک لە شارستانییەتەکانی کوردان تەماشا دەکرێن کە کوردەکان خۆیان دایانمەزراندوون. پەڕتووکەکان، ئیمپراتۆریەتی مادەکان بە یەکەمین ئیمپراتۆریەتی کورد لە مێژوودا دادەنێن. بە پێی ئەم دنیابینییە، نیشتمانی کورد ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە خەڵکانی بە ڕەچەڵەک هیندوئەورۆپی لێی نیشتەجێ بوون. لە کاتێکدا پەڕتووکەکان ئیمپراتۆریی مادەکان بە یەکەم ئیمپراتوریی کوردی دادەنین بەڵام تەواوی ئەو ناوچانەی کە لە ڕووی مێژوویییەوە لە ژێر حوکمڕانیی مادەکان بوون بە نیشتمانی کوردان دانانێت (بۆ نموونە ئەو ناوچانەی کە دانیشتووانە ڕەسەنەکەی سامی بوون و دواتر خراونەتە ژێر ڕکێفی مادەکان). لە ڕووی جوگرافییەوە، پەڕتووکەکان ناوچەکانی باشووری حەمرین وەک خاکی ئەوانیتر دادەنێن. ئەم پەڕتووکانە بوونی گرووپە سامییەکان لەسەروی چیاکانی حەمرین، بە هێز و بوونێکی دەرەکی ناودەبەن.

دوای سەر هەڵدانی ئیسلام، عەرەب (وەک گرووپێک) نەوەک ئیسلام (وەک ئایینێک) لە پەڕتووکەکان بە ئەوانیتر وێنادەکرێت. جێی سەرنجە کە نووسەرەکانی پەڕتووکە مێژوویییەکانی ح.ه.ک وشەی”عەرەب” لە سەردێڕی مێژووی عەرەبی ئیسلامی و شارستانییەتی عەرەبی ئیسلامی دەسڕنەوە. لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ئەم وشەیە کە لەلایەن ڕێژیمی پێشووش بەکار هاتبوو وەک خۆی ماوەتەوە (بڕوانە: مێژووی عەرەبی ئیسلامی، پۆلی٢ناوەندی، ٢٠٠٣؛ مێژووی عەرەبی ئیسلامی، پۆلی ٢ ناوەندی، ٢٠٠٩). پەڕتووکەکانی ح.ه.ک هاتنی ئیسلام بۆ هەرێمی کوردستان وەک “فراوانخواز”ی وەسف دەکات چونکە عەرەبی هاوردەی ئەو ناوچانە کرد کە دواتر و ئێستاش بە کوردستان ناویان دەبات (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٨، ٢٠١١:١٢٢، ١٢٧).هاتنی عەرەبەکان هاوکات لەگەڵ بەرفراوان بوونی ئیسلام لە ناوچەکە، لە دیدی پەڕتووکەکانەوە وەک یەکەم هەڵمەتی بەعەرەبکردنی کوردستان دەبینرێت. هەرچەندە حاکمانی ئیسلامی لە ئومەوییەکان و عەباسییەکان وەک “نادادپەروەر” لە قەڵەم دراون (بڕوانە: بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٩ ، ٢٠١١:١٣٣-١٣٤)، بە هەمان شێوە دەسەڵاتدارە عوسمانییەکان و سەفەوییەکانیش وەک “داگیرکەر”ناسێنراون کەچی پەڕتووکەکانی ح.ه.ک پرنسیپ و باوەڕەکانی ئیسلام ناخەنە ژێر پرسیار و پێگەی ئایین لێژ ناکەن (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی٩، ٢٠١١ : ١٢٩-١٤٨). شۆڕش و ڕاسانەکانی کوردان لە دژی ئومەوییەکان، عەباسییەکان، عوسمانییەکان و سەفەوییەکان وەک بزوتنەوەیەک لە بەرانبەر زوڵم و زۆرداریی حاکمەکان نیشان دراون نەوەک دژ بە ئیسلام. پەڕتووکەکان پەیامەکانی ئیسلام بە جیهانی دەزانن نەوەک تەنیا پەیوەست بێ بە عەرەبەکانەوە. پەڕتووکەکان جەخت لەوە دەکەن کە قەبوڵکردنی ئایینە نوێیەکە لەلایەن کوردەکانەوە، تەنیا لەبەر ڕێباز و پەیامەکانی بووە (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٩، ٢٠١١ : ١٢٩-١٤٨؛ پۆلی ٨، ٢٠١١: ١٣٣-١٣٤).عوسمانییەکان و سەفەوییەکان، لە بەرابەر دابەشکردنی کورد  و کوردستان لە ١٥١٤ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، وەک هۆکاری سەرەکی سەرکۆنە دەکرێن. لە سەردەمی دەسەڵاتی دەوڵەتە ئیسلامییەکان، دەسەڵاتدارانی عەرەب، تورک و فارس، جێی گرووپە سامییەکانیان وەک ئەوانیتر لە پەڕتوکەکاندا گرتۆتەوە.

ئەو گرووپانەی کە بە ڕەچەڵەک سامین، کە باب و باپیرانی جوولەکەکانی ئەمڕۆن، وەک گرووپی نەتەوەیی و ئیتنی، یان ئیسرائیل وەک وڵات زۆر کەم لە چوارچێوەی مێژووی کۆن یان هاوچەرخ لە پەرتووکەکانی ح.ه.ک باس کراون. یەکەم باسکردن لە جوولەکەکان لە پەڕتووکەکانی ح.ه.ک لە چوارچێوەی ڕاپەڕینی جووەکانە لە دژی بابلییەکان کە “لە ئاکامیدا چل هەزار جوو لە لایەن بابلییەکانەوە دەستبەسەر دەکرێن” (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی٧، ٢٠١٠: ١٢٠). لە وەسفی ئەم ڕووداوانەدا جووەکان وەک قوربانیی ستەمکاری نیشان دراون. لە سەردەمی ئیسلام تێڕوانینی پەڕتووکەکان لە بەرانبەر جووەکان دەگۆڕێت، جووەکان دەبنە “فێڵباز لە دژی پێغەمبەر محەمەد” (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٨، ٢٠١١:٩٥). لەدوای سەرهەڵدانی ئیسلام ئیدی جووەکان وەک ئەوانیتر دەبینرێن. لە پەیوەند لەگەڵ مێژووی نوێ و هاوچەرخیشدا، سەهیۆنیزم وەک بزووتنەوەیەکی داگیرکاری و فراوانخوازیی سیاسی و ئایینی وەسف کراوە کە ئامانجی سەرەکیی هێنانی جووەکانی دنیایە بۆ فەلەستین تا دەوڵەتێک لە خزمەت ئیمپیریالیزم لە ناوچەکە دروست بکات (مێژووی نوێ و هاوچەرخ، پۆلی ١٢، ٢٠١١: ٢٣٩). هەرچەندە دەبینرێت کە ناکۆکیی فەلەستین/عەرەب-ئیسرائیل لە پەڕتووکەکانی خوێندن لە ح.ه.ک بە بەراورد بە پەڕتووکەکانی خوێندن لە وڵاتانی عەرەب و ناوچەکە کێشەیەکی لاوەکییە. تەنیا هەشت  لاپەڕە لە پەڕتووکی پۆلی هەشت بۆ فەلەستین تەرخان کراوە. پەڕتووکەکە قسەوباس لە مێژووی فەلەستین تا ساڵی ١٩٣٦ دەکات بەڵام بە تایبەت باس لە ناکۆکییەکانی عەرەب-ئیسرائیل ناکات.

لە پەڕتووکەکاندا، دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەکان لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەم و هاتنی هێزی بەریتانییەکان بۆ ناوچەکە و داگیرکردنی عێراق و باشووری کوردستان، ئیدی بەریتانییەکان وەک ئەوانیتر وێناکراون. لە دوای دامەزرانی دەوڵەتی عێراقیش لە ١٩٢١ ئەوانیتر لە پەڕتووکەکاندا گۆڕانێکی دیکەی بەسەردا دێت، ئیدی هەم بەریتانییەکان هەم عەرەبە عیراقییەکان (بە تایبەت دوای هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان لەگەڵ بەریتانییەکان لە سەرکوتکردنی شۆڕشەکانی کورد لە بیستەکانی سەدەی ڕابردودا) وەک ئەوانیتر دەبینران. لەوانەش گرنگتر، لە هیچکوێ لە ناو پەڕتووکەکاندا عێراق وەک نیشتمانی کوردەکان وێنا نەکراوە بەڵکو زیاتر وەک “حکوومەتێکی ناسیۆنالیستی عەرەبی عیراقی” ناسێنراوە چونکە، وەک پەڕتووکەکان پێداگریی لەسەر دەکەن، لە پرۆسەی دروستبوونی عێراق لە ١٩٢١ و لە لکاندنی ویلایەتی کوردنشینی موسڵی عوسمانی ، بە عێراق لە ساڵی ١٩٢٦ خواستی خەڵکی کورد بە هیچ جۆرێک ڕەچاو نەکراوە (مێژووی نوێ و هاوچەرخ، پۆلی ١٢، ٢٠١١: ٣٣، ٣٥، ١١٩-١٢٠).

ڕیژیمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ١٩٢١ تا ٢٠٠٣ لە پەڕتووکەکانی ح.ه.ک بەگشتی وەک زۆردار، فێڵباز، سەرکوتکەر و فاشیست نیشاندراون کە بەپێی پۆلینەکانی بار-تال و هەمەک لەمەڕ نامەشرووع کردنی ئەوانیتر دەچێتە خانەی لکاندنی ئەو ڕەوشتانەی کە لە کۆمەڵگەدا زۆر نەرێنی و قبوڵنەکراون (وەک هێرشکەر) هەروەها ناو و ناتۆرەی سیاسی کە دەخرێنە سەر ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لەبەر باوەڕیان یان هەڵسوکەوتیان ڕەت دەکرێنەوە. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و بزووتنەوە کوردییەکان، چ چەکداری بن و چ سیڤیل، لە  سەردەمی پاشایەتی (١٩٢١-١٩٥٨) و لە سەردەمی کۆماری (١٩٥٨-٢٠٠٣) بە ڕون و ئاشکرا وەک خەباتی ڕزگاریخوازی و سەربەخۆییخوازیی گەلی کوردستان ناوزەدکراون (مێژووی نوێ و هاوچەرخ، پۆلی ١٢، ٢٠١١: ١٩٢). لە یەکێک لە دەقەکانی پەڕتووکەکانی مێژوو،  کۆی ئەم تێگەیشتنانە دەخاتەڕوو: نەتەوەی کورد لە لایەن ڕژیمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە وەک بەربەستێک بۆ یەکێتیی نەتەوەی عەرەب بینراوە. لە تێڕوانینی سەرکردە عەرەبە سیاسی و سەربازییەکاندا، کوردەکانی عێراق هەڕەشەن بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی گەلی عێراق. بۆیە بە تەواوی توانایانەوەهەوڵی لەناو بردن و بە کۆیلە کردنی کوردەکانیان داوە، جا بە هەر ڕێگایەک بۆیان کرابێت. (مێژووی نوێ و هاوچەرخ، پۆلی ١٢، ٢٠١١: ١٩٩).

لێرەدا واتای دادپەروەری وەک ئامانجێکی خۆیی (کوردی) دەبینرێت، وەک ئەوەی بار-تال و هەمەک ئاماژەیان پێ کردوە (٢٠١٢: ٣٦-٣٧)، کە جەوهەری ململانێ سەرەکییەکانی نێوان کوردەکان لەگەڵ عێراقییەکان دەردەخات. عەبدولکەریم قاسم تاکە سەرۆککۆماری عیراقە کە بە زۆردار و دیکتاتۆر نەناسێنراوە. بەپێی پەڕتووکەکان هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو یەکەم سەرکردەی عێراقی بوو کە دانی بە  شەراکەتی عەرەب و کورد لە عێراقدا ناوە (مێژووی نوێ و هاوچەرخ، پۆلی ١٢ ، ٢٠١١: ١٨٤؛ بابەتە کۆمەڵایەتییەکان ، پۆلی ٩، ٢٠١١: ٢١٢).

لە ژێر ڕۆشناییی ئەم تێبینی و سەرنجانەی لێرەدا گفتوگۆکران، هەروەها چەندین پەیام و بیرۆکەی دیکە کە لە پەڕتووکەکانی ح.ه.ک دا هاتوون، وا دەردەکەوێت کە عەرەبە عێراقییەکان لە ١٩٢٦ وەک ئەوانیتر لە پەڕتووکەکاندا وێناکراون و تا ئێستاش هەر وا ماونەتەوە. جێی سەرنجە کە هەرچەندە ڕێژیمەکانی عێراق بە نەرێنی وێنە کراون، بەڵام عەرەبی عێراقی هیچکات و لە هیچ شوێنێک، وەک هیچ یەک لە پۆلینەکانی بار-تال و هەمەک (٢٠١٢)، نەناسێنراون. لە هیچ  شوێنێک لە ناو پەڕتووکەکاندا عەرەب وەک گرووپێکی نەتەوەیی/ئیتنی ناشیرین نەکراون، بێبەها نەکراون، وەدەرنەنراون و ناو و ناتۆرەی سیاسییان لێ نەنراوە یان بە خراپی و نەرێنی وەسف نەکراون. لە هەمان کاتدا پەڕتووکەکان هێزە چەکدارە کوردییەکان وەک پارێزەری خاک و خەڵکی کورد دەناسێنن، هەروەها قوتابییان هان دەدەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد بەڵام لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەوە. شێوە خەباتی مەدەنی و سەردەمییانە پێشنیار کراون بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و سەرکۆنەی بەکارهێنانی توندوتیژی کراوە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٩، ٢٠١١: ١٩٨، ٢١٨). بەمەش پەڕتووکەکانی ح.ه.ک خۆی لە هەر چەشنە زیان گەیاندنێک بە ئەوانیتر، واتە گرووپە دەرەکییەکان، دووردەگرێت، ئەویش بە ڕەتکردنەوەی بەشداربوون لە هەر کارێکی توندوتیژی.



دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوە لە ناو دەوڵەت-نەتەوە

لە سەرەتای دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٢، پەڕتووکەکانی خوێندن، هەرێمی کوردستانیان وەک قەوارەیەکی جیۆپۆلیتیک و هاوتا و یەکسانیش بە دەوڵەت-نەتەوەکانی دراوسێی ناساندووە. لە مەشقێکدا داوا لە قوتابییان کراوە سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دیار بکەن، واتە هەرێمی کوردستان دەهێندرێتە ئاست و پێگەی دەوڵەتانی دراوسێ، عێراق، سوریا، ئێران و تورکیا (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٥، ٢٠١٠: ٨، ١١).

پەڕتووکەکان نیشتمان وەک جوگرافیایەکی سنووردار پێناسە دەکەن کە ناوەکەی بەناوی نەتەوەیەک لکێنراوە، وەک کوردستان. دواتر دەڵێن  نیشتمان شوێنێکە کە تێیدا لەدایک بووین، دەژین و پەروەردە دەکرێین، پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە نەتەوەی کورد وەک نەتەوەکانی دیکەی جیهان، نیشتمان/وڵاتی خۆیان هەیە (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٥، ٢٠١٠: ٧٨). لە پەڕتووکەکاندا نەتەوە وەک کۆمەڵە خەڵکێک پێناسەکراوە کە لە نیشتیمانێکدا نیشتەجێن و مێژوویەکی هاوبەشیان هەیە و پەیوەندییەکانی نێوانیان و هاوچارەنووسی یەکیان دەخات (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٩، ٢٠١١: ٢٣٨؛ بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٦ ، ٢٠١١: ١٥٤-١٥٥). پەڕتووکەکان بنەماکانی نەتەوە دیاری دەکەن وەک بوونی کۆمەڵە خەڵکانێک، نیشتمانێکی هاوبەش، زمانی هاوبەش، مێژووی هاوبەش لەگەڵ بەرژەوەندیی هاوبەش. گرینگیی دیاری کردنی ئەم بنەمایانە لەوەدایە کە لە مەشق و ڕاهێنانێک قوتابییان هاندراون کە ڕێزیان لێ بگرن. ئەم جەختکردنەوانە ڕوونی دەکاتەوە کە نووسەرەکانی پەڕتووکەکانی ح.ه.ک چەمکی نەتەوە لە دیدی تیۆریی نەتەوە-هێماگەرایییەوە (ethnosymbolism) دەبینن، مەبەستمان تێگەیشتنەکانی ئەنتۆنی د. سمیس و جۆن هاچینسن (بڕوانە سمیت ٢٠٠٩؛ هاچینسن ٢٠٠٠). هەندێک جار ڕەچەڵەکی هاوبەشیش وەک بنەمای دروستبوونی نەتەوە بینراوە کە پێدەچێت ئەمە تێگەیشتنێکی سەرەکیی پەڕتووکەکان، بۆ پرسی نەتەوەی کورد و شوناسی نەتەوەییی کورد، بێت (بڕوانە گیرتز ١٩٩٤). بەپێی تێگەیشتنەکانی ئەم ڕەوتە، هەر تاکێک باوباپیرانی غەیرە کورد بێت و لە کوردستان بژی یان ئەوانەی کۆچیان کردووە بۆ کوردستان، بە ئەندامی نەتەوەی کوردستان دانانرێن.  هاوکات، ئەندامبوون لە نەتەوە بە بنەما لەسەر پەیمانێکی کۆمەڵایەتی ڕەت دەکاتەوە کە بنەمای لەسەر ئەرک‌ و بەرپرسیارێتی دانابێت؛ بەڵکو ئەندامێتی تەنیا بەوانە ڕەوا دەبینێت کە نەوەی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراون، بۆنمونە منداڵانی خێزانێکی کوردی. ئەم تێگەیشتنە زۆر کورتی هێناوە ئەگەر بە چاویکلەی مۆدێڕنەکان، وەک ئێرنست گێلنەر، لە نەتەوە و شوناس بڕوانین کە ئەندامبوون لە نەتەوە بە کۆنتراکتێکی سیاسی دەبەستنەوە کە هاوڵاتیبوون بنەماکەیەتی. 

پەڕتووکەکان، دەوڵەت وەک قەوارەیەکی سیاسی کە دانەری یاسا و جێبەجێکاریەتی و پەیوەندیی پێکهاتە “نەتەوەیییە”کان لەسەر بنەمای پەیمانێکی کۆمەڵایەتی ڕێک دەخات، پێناسە دەکەن. ئەم پیناسەیە تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو تێگەیشتنە وەدەرنەرەی سەرەوە ناکۆکە، ئەمە لەخۆگر و مۆدێڕن، ئەوەی سەرەوە وەدەرنەر و پریمۆردیال. پەیوەند بە عێراق، پەڕتووکەکان تەنیا کاتێک دەوڵەت وەک پەیمانێکی کۆمەڵایەتی دەبینن کە تەواوی پێکهاتەکان (کورد و عەرەب) پابەندی مەرجەکانی پەیمانەکە بن. پێدەچێت ئەمە ڕاستەوخۆ ئاماژەیەک بێت بە پێشەکیی دەستووری عیراق، کە دەڵێت پابەندبوون بەم دەستوورە، یەکپارچەییی گەل و خاکەکەی و سەروەریی عێراق دەپارێزیت و ڕادەگرێت (دەستووری کۆماری عێراق، ٢٠١٢، پێشەکی). بە گشتی، لە تێڕوانینی کوردەکانەوە ئەم ڕستەیە بە جۆرێک مافە سیاسییەکانیان دەچەسپێنێت و دەپارێزێت و زەمانەتی سیستەمێکی فێدراڵی بکات لەگەڵ مافی گەڕانەوەی کوردەکان بۆ ئەو ناوچانەی کە بە زۆرەملێ لێیانەوە ڕاگوێزرابوون و لەلایەن ڕژێمی پێشوترەوە، عەرەب هێنرابوون بۆ شوێنەکانیان.

بۆ دووپاتکردنەوەی مافی چارەی خۆ نووسین و مافی دەوڵەتبوون بۆ کوردان، پەڕتووکەکانی ح.ه.ک زیاتر قسە لەسەر چەمکی ناسیۆنالیزم دەکەن، ناسیۆنالیزم وەک پابەندییەکی بەسۆزی مرۆڤەکان بۆ نەتەوەکەیان و پەیوەندییەک کە وەفای تاکەکان بە نەتەوەکەیان دیاری دەکات دەناسێنێت. ئامانجی ناسیۆنالیزم، بە پێی دەقەکان، ڕزگاریی نەتەوەیی و دروستکردنی قەوارەیەکی سیاسییە کە تەواوی خەڵکەکانی ئەو نەتەوەیە تێیدا ئازاد و بەشدار بن (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٩، ٢٠١١: ٢٤١-٢٤٢). بە مەبەستی زیاتر ڕوونکردنەوەی بیرۆکە و مافی بەدەوڵەتبوون، نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی هیندو-ئەوروپی ناوزەدکراوە کە سەدان ساڵە لەسەر خاکەکەیان (واتە کوردستان) دەژین. هەر بە پێی پەڕتووکەکان، کوردەکان مێژوویەکی هاوبەش، کلتورێکی هاوبەش، شارستانییەتێکی هاوبەش و ئەدەبیاتێکی هاوبەشیان هەیە. هاوکات، پەڕتووکەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە گەرچی زمانی کوردی لەبەر فاکتەرە جوگرافیایی، سیاسی و ئابوورییەکان، دیالێک و زاراوەی جیاوازی هەیە، بەڵام  کوردی یەک زمانە، ئەمەش گرینگی و بایەخی ماددی و مەعنەویی خۆی هەیە و فاکتەرێکی یەکخەری گەلی کوردە. لە درێژەی ئەم باسەدا، یەکێک لە پەڕتووکەکان پێشنیارێک دەکات کە وەک (زانیارییەکی گرینگ) خستوویەتە ڕوو و دەیەوێت بیرۆکەی بە دەوڵەتبوون لە مێشکی قوتابییانی کورددا چەکەرە پێ بکات، لەوێدا دەڵێت: قوتابییانی بەڕێز، بە دەوڵەتبوون مافی هەر نەتەوەیەکە تاوەکو خۆی حوکمڕانیی خۆی بکات، وەک عەرەبەکان، تورکەکان و فارسەکان کە هەموویان قەوارەی سیاسیی خۆیان هەیە. ئەوەش دەردەخا کە کوردەکان گەورەترین گرووپی نەتەوەییی ئەم سەردەمەن کە هێشتا حوکمڕانی خۆیان نین و دەوڵەتی خۆیان نییە (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٩، ٢٠١١: ٢٤٢-٢٤٣).

بۆ جەخت کردن لەسەر بێوێنەییی کلتوری کوردی و بۆ دروستکردنی شانازی و بیرەوەریی هاوبەش، پەڕتووکەکان ڕووبەرێکی بەرفراوانیان بۆ بۆنە نیشتمانی و نەتەوەیییە کوردی وکوردستانییەکان تەرخان کردووە کە لە هەرێمی کوردستان کراون بە پشووی گشتی. زۆرینەی پشووەکانی نێو ڕۆژژمێری ئێستای هەرێمی کوردستان لە دوای دامەزراندنی ح.ه.ک دا دەستنیشان و دانپێدانراون. جگە لە ١٤ ی تەمووز، کە یادی شۆڕشی ١٩٥٨ ـە، کە حکوومەتی پاشایەتی بەدەست هێزە سەربازییەکانی عێراقی ڕووخا، لەگەڵ جەژنە ئایینییە ئیسلامییەکان، هەرێم هیچ پشوویەکی هاوبەشی دیکەیان لەگەڵ باقی ناوچەکانی دیکەی عێراقدا نییە (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٦، ٢٠١١: ١٤٧-١٥٣).لە پەڕتووکەکاندا هۆکاری دانانی ١٤ ی تەمووز وەک پشوو لە ڕۆژژمێری کوردیدا هەڵوەستەی لەسەر کراوە. ئەو ڕۆژە وەک یادی شۆڕشێک ناسێنراوە کە لە ئاکامیدا کوردەکان و عەرەبەکان بۆ یەکەمجار لە عێراق وەک هاوبەش لە دەستوری عێراقدا پێناسەکراون. ئاهەنگ و بۆنەکانی کەمینە ئایینییەکان لە ڕۆژژمێری ح.ه.ک و پەڕتووکەکاندا دانیان پێدانراوە بەڵام وەک (مالیزیا) وەک ڕۆژگەلی نەتەوەیی یان نیشتمانیی سەرتاسەری، نەکراون بە پشووی گشتیی.

باسی ڕۆژ و بۆنە نەتەوەیییەکان وەک دەرفەتێک بەکار هاتووە بۆ دووپاتکردنەوەی مافی چارەنووس بۆ کوردەکان. یەکێک لە پەڕتووکەکان باسی هۆکاری بەپشووکردنی ڕۆژی٤ ی تشرینی یەکەم ١٩٩٢ دەکات، ئەو ڕۆژەی پەرلەمانی کوردستان، هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی لە عێراق ڕاگەیاند. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە کوردیش وەک هەموو نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت بە مافی چارەنووس بگەن وەک تورک، عەرەب و فارس (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٦، ٢٠١١: ١٥١). ئەم پرسە زیاتر دەچێتە چوارچێوەی مەشرووع کردن نەک نامەشرووع کردن، بەپێی ئەو پۆلین ‌و وەسفانەی کە بار-تال و هوموک (٢٠١٢: ٤٢) خستویانەتە ڕوو، ئەمەش بە یەکسانکردنی گرووپە ڕکابەرەکان (عەرەب، تورک و فارس) بە کورد کە وەک یەک شایەنی هەڵسوکەوت وپێگەی هاوتا و هاوسەنگن. لەم چوارچێوەدا پەڕتووکەکانی ح.ه.ک هەر چەشنە باڵادەستی/سەردەستیی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی ڕەت دەکەنەوە بە مەبەستی گەیشتن بە یەکسانی و هاوتایی. هەروەها، پەڕتووکەکان جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی، دەبێ لەسەر بنەمای تێگەیشتنی هاوسەنگانەی دوو لایەنانە و لەسەر بنەمای یەکێتیی ئارەزومەندانە بێت. لەژێرتیشکی ئەم توێژینەوەیەدا، دەکرێت بڵێین کە پەیامی سەرەکیی پەڕتووکەکانی ح.ه.ک ئەوەیە کە هەموو نەتەوەکان مافی چارە نووس و بەدەوڵەتبوونیان هەیە. بە مانایەکی دیکە، پەیامی سەرەکیی ئەم پەڕتووکانە کە نوێنەرایەتیی ئامانجەکانیشی دەکات: بنیاتنانی نەتەوە-دەوڵەت-نەتەوەیەکە(کوردستان) لە ناو دەوڵەت-نەتەوەیەکی دیکە (عێراق)



خۆوێناکردن و دروستکردنی شوناسێکی نەتەوەیی

هەندێک توێژەر و ئەکادیمی وای دەبینن کە دەرکەوتنی شوناس بە زەقی لەسەر بەراوردکردنی کۆمەڵایەتییانەی شوناسەکە بە شوناسێکی دیکە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا وەستاوە. لە پەیوەندی بە شوناسی نەتەوەیی/نیشتیمانیی، هەندێک دەڵێن کاتێک کە چوارچێوە بەراوردکارییەکە گرووپێکی نەتەوەییی دەرەکیی تێدایە، ئەوە شوناسی گرووپە ناوخۆیییەکە زەقتر دەردەکەوێت (ئۆکس و ئەوانی دیکە ١٩٩٤). بێجگە لە بە زەق دەرکەوتنی شوناس لە کەش‌و فەزای گرووپی دەرەکی و گرووپی ناوخۆییی بەراوردکارییدا، ، شوناسی هاوبەشی گرووپەکان پەیوەندیی بە شانازی و ڕێز لە خۆ گرتنەوە هەیە (سپینەر-هالێڤ و تایس-مۆرس ٢٠٠٣ : ٥١٥؛ شافی و ئەوانی دیکە ٢٠١٠). بەپێی ئەم تێگەیشتنانە، دروستکردن و بەهێزکردنی وێنەیەکی پڕبەها و دیار بۆ هەر گرووپێکی نەتەوەیی، لە لای تاکەکان یان بە کۆمەڵ، یارمەتیی بنیاتنانی شوناسێکی بەهێزی نەتەوەیی دەدات. بۆ ناسیۆنالیستەکان و بنیاتنەرانی نەتەوە، پڕۆگرامەکانی قوتابخانە، ئامرازێکی کاریگەرن لە دروستکردنی شوناسی دەستەجەمعی. لە پەڕتووکەکانی قوتابخانەکانی ح.ه.ک وادەردەکەوێت کە ئەمە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پەروەدەکاران و مامۆستایانی هەرێم بێت، ئەویش لە ڕێگەی دەق و ڕاهێنانەکان لە پەڕتووکەکانی مێژوو و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی.

پەڕتووکەکان ستراتێژییەکی هەمەلایەن بەکار دێنن تاکو ڕێزگرتن و شانازی بەخۆ کردن لەلای تاک و کۆمەڵ دروست و بەهێز بکەن. لە لایەکەوە، کوردەکان وەک نەتەوەیەکی کۆن و دڵسۆز لە پەڕتووکەکاندا وێنا کراون کە لە دێر زەمانەوە نیشتەجێی زێدی خۆیانن. بەپێی پەڕتووکەکان کوردەکان یەکێک لە گەورە-نەتەوەکانی ناوچەکەن کە هەزاران ساڵە لە هەواری خۆیان ژیاون(مێژووی شارستانییەکان، پۆلی ١٠ ، ٢٠١١: ٢٢-٢٤). ئامانجی ئەم حکایەتە مێژوویییانە دروستکردنی خۆوێناکردنێکی ئەرێنی و هەست دروستکردن بە شانازی لە لایەن قوتابییان. هاوتەریب لەگەڵ ئەمە، پەڕتووکەکان دەڵێن کە کوردەکان بە درێژاییی مێژوویان ڕووبەڕووی مەترسی و توندوتیژی و هێرشی دەرەکی بوونەتەوە کەچی بەسەریاندا زاڵ بوون. پەڕتووکەکان بەردەوام ئەوە دووبارە دەکەنەوە کە هەرچەندە کوردەکان چەوسێندراونەتەوە بەڵام لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ مەترسییەکان سەرکەوتوو بوون (مێژووی نوێ و هاوچەرخ، پۆلی ١٢، ٢٠١١: ٤٢؛ بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٩، ٢٠١١: ١٣١-١٣٣، ١٤٤-١٤٥). ڕێبەرە کوردە موسڵمانەکانی، وەک سەلاحەددین ئەیوبی، بە بەراورد بە ڕێبەرە غەیرە کوردەکان گرینگیی زیاتریان پێ دراوە. بەشێکی زۆر لە پەڕتووکەکانی مێژوو و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ڕۆڵ و سەربردەی ڕابەرە کوردە موسڵمانەکان لەسەردەمی حوکمڕانیی ئومەوییەکان و عەباسییەکان تەرخانکراوە (مێژووی شارستانییەکان، پۆلی ١٠، ٢٠١١: ١٧٨-١٨٨، پۆلی ٨ ، ٢٠١١: ١٣٦-١٤٦).

پەیوەند بەوەی هەڵسوکەوتیان بەرانبەر ئەوانیتر چۆن بووە و چۆن مامەڵەی کەسانی بەرانبەریان کردووە، پەرتووکەکان  شێوازی مامەڵەکردنی کوردەکان لەگەڵ نەتەوەکانی دراوسێ ئەفسانەسازی و ڕۆمانتیزە دەکەن. بەپێی پەڕتووکەکان، کوردستان وەک وڵاتێک سەرکردەکانی، ئیمپراتۆرەکان و میرەکانی هەمیشە ئاشتیخواز، دادپەروەر، مرۆڤدۆست و بەڕێز و بەئیمان بوون. پەرتووکەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە کوردەکان لە بنیاتنانی شارستانییەتی مرۆیی ڕۆلی گەورەیان هەبووە (مێژووی نوێ و هاوچەرخ، پۆلی ١٢، ٢٠١١: ٥٦، ٦١-٦٢؛ بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٩، ٢٠١١ : ١٦٤؛ پۆلی ٨، ٢٠١١: ١٣٦-١٤٦؛ پۆلی ٦، ٢٠١١: ٧٨-٨٤). بارودۆخی میرنشینە کوردییەکانی سەدەکانی شازدە و حەڤدە و هەژدە لە پەڕتووکەکاندا ئاوا وەسف کراوە:

سەرەڕای هەموو خراپکارییەکانی ئێرانییەکان و عوسمانییەکان، ناوچە کوردستانییەکانی ژێر دەسەڵاتی میرنشینە(کوردە)کان توانییان جێ پێی نەتەوەی خۆیان ڕاگرن. هەروەها توانییان بە پێی توانای خۆیان ژیانی کورد پەرە پێ بدەن. بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکە، ناوچە کوردییەکان بەرەو پێشچوونێکی زیاتریان بە خۆوە دیبوو. زۆرێ لەو کەسانەی بە سەردان هاتبوون بۆ کوردستان پێیان سەیر بوو کە ئەم پێشکەوتنەیان بە چاوی خۆیان دیبوو و لە دەق و نوسینەکانیاندا بەسەرسوڕمانەوە باسیان کردبوو (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی٩ ، ٢٠١١: ١٥٠).هەر بە پێی پەڕتووکەکان، نەتەوەکانی دیکە و وڵاتانی دراوسێ، پێچەوانەی کوردان، بە خراپی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کوردەکان کردووە و بەردەوام فێڵ و خیانەتیان لێ کردوون. سەرەڕای ئەمەش، ئەوانی دیکە بەردەوام پێویستییان بە کورد بووە و بەڵێنیان داوە قەرەبووی یارمەتییەکانیان بکەنەوە بەڵام ئەو بەڵێنانە قەت نەهاتوونەدی (مێژووی نوێ و هاوچەرخ، پۆلی ١٢، ٢٠١١: ١٢، ٥٣). جێی سەرنج و سەرسوڕمانە، بەپێی پەڕتووکەکان، کورد هیچکات تووشی کێشەی ناوخۆ نەبۆتەوە،ئەوەی هەبووبێت بە هاندان و دەستێوەردانی ئەوانیترەوە بووە. کورد قەت ناوچەی ئەوانیتری داگیر نەکردووە، بە پێچەوانەوە ئەوانیتر بەردەوام هەوڵی داگیرکردنی کوردستانیان داوە (بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، پۆلی ٩، ٢٠١١: ١٢٠ ، ١٣٢، ١٤٣-١٤٤).

بێگومان، وەک گریفێن و مارسیانۆ (١٩٧٩: ٣٥) ڕوونی دەکەنەوە، سڕینەوە یان شاردنەوەی ڕاستییەکان هەم گرینگە هەم ترسناک، کاریگەرییشی دەبێت لەسەر تێگەیشتن و تێڕوانینی قوتابییان بۆ پێشهات و ڕووداوە مێژوویییەکان (گریفێن و مارسیانۆ ١٩٧٩ :٣٥). بەدەگمەن هەڵدەکەوێت کە ناسیۆنالیستەکان، بۆ دەرنەکەوتنی کەموکوڕییەکانیان، نادادپەروەرییەکانیان و ستەمکارییەکانیان، بێ لایەنانە ڕخنە لە مێژووی خۆیان بگرن. بەمەبەستی خۆدزینەوە لە باسکردنی لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوویان، زۆر بە خشکەیی دیمەن و ڕۆژە ناحەز و ناشیرینەکانی مێژوویان پشتگوێ دەخەن و قوتابییان لە تاریکیدا دەهێڵنەوە. بۆنمونە، پەڕتووکەکانی ح.ه.ک تەواوی باس و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە شەڕە ناوخۆییەکانی نێوان گرووپە سیاسییە کوردەکان وەلا دەنێن، ئەو شەڕانەی کە لە سەرەتای ١٩٦٦ تا ئێستا بە گەرمی یان بە ساردی بەردەوامە و بەشێکی بەرچاوی مێژووی هاوچەرخی کوردەکان پێکدێنن. لادانی باسی گرژی و پێکدادانە ناوخۆییەکان، ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە ناسیۆنالیستە کوردەکان  کاریگەریی بەرچاویان لەسەر ئامادەکردنی پەڕتووکەکان هەبووبێت، ئەوان نەیانویستووە وێنایەکی نەرێنی لە خۆیان و ڕۆڵگێڕانیان لەو گرژییانە دەربخەن کە بوونەتە هۆی لەدەستدانی گیانی هەزارن کەس و ڕێگەشیان بۆ دەیان تاوانی قێزەون لە دژی یەکدی خۆش کرد.



ئەنجام

بە ئیزافەی ئەو ئەنجام و ئارگیومێنتانەی تا ئێستا لەم توێژینەوەیە خرانەڕوو، ڕەنگە بگەینە ئەم ئاکامەیش کە لە ڕووی مێژوویییەوە گرووپە سامییەکان وەک ئەکەدییەکان، بابلییەکان و ئاشورییەکان و دواتر عەرەبەکان، عوسمانییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و سەفەوییەکان و عەرەبە-عيراقییەکان، فارسەکان و تورکەکانی ئەم سەردەمان، لە ناو پەڕتووکەکانی ح.ه.ک بە ئەوانیتر کراون. لە کاتێکدا کە ڕێژێمەکانی ئەم وڵاتانە هەندێک جار خەسڵەتی خراپ یان ناو و ناتۆرەی سیاسییان پێوە لکێنراوە ( وەک شەڕانگێز، فاشیست یان کۆلۆنیالیست) بەڵام هیچ کاتێک تورکەکان، عەرەبەکان و فارسەکان، وەکوو گرووپی ئیتنی و نەتەوەیی، وەک ناحەز، نامرۆڤ، وەدەرنراو یان ناشیرین لە پەڕتووکەکاندا نەناسێنراون. واتە هیچ نیشانەیەکی ڕەگەزپەرستی لە دژی ئەم گرووپە نەتەوەیی و ئتنییانە لە ناو پەڕتووکەکاندا دەرناکەوێت. لە پەڕتووکەکاندا ڕۆڵی ئەو گرووپە کۆنانەی کە بە ئەوانیتر کراون لە شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا ناسێنراوە و بەرز نرخێنراوە. بەڵام پەیوەند بە سەدەکانی ناوەڕاست، سەردەمی هاوچەرخ و نوێ بەدەگمەن ڕۆڵی ئەو گرووپە نەتەوەیییانەی بەئەوانیترکراون، لەگەڵ دەوڵەتەکانیان، بە تایبەتی دەوڵەتەکانی ئێران، عێراق و تورکیا، لە شارستانییەتی ناوچەکەدا ئاماژەی پێ کراوە. لەوەش زیاتر، ڕۆڵی ڕابەر و میرە کوردەکان نەک هەر دانی پیانراوە بەڵکوو بەگشتی ڕۆمانتیزە کراوە. فاکتەرێک کە ڕەنگە بە تەواوی نادیار بێت لەم پەڕتووکانەدا پرسی شوناسی مەزهەبییە لە عێراقدا، کە هۆکارەکەی دیار نیە.

وەک هەڵسەنگاندنێکی گشتی، دەکرێت بڵێین کە ئەو خۆ-وێناکردنە بەکۆمەڵانەی لەناو پەڕتووکەکاندا بۆ کورد کراون، لە باشترین حالەتدا ناتەواون و هەندێکجاریش قەبە کراون یان بە هەڵەدابەرن. سەرەڕای ئەوەی کە تەرکیز کردنە سەر سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی کورد، ئەڵبەت ڕۆمانتیزەکراو و نۆستالجیائامێز، دەکرێت بەوە پاساو بکرێت کە پەڕتووکەکان دەیانەوێت وێنایەکی ئەرێنی بۆ کورد لە خەیاڵی منداڵان ‌و قوتابییاندا دروست بکەن، بەڵام سڕینەوە و باس نەکردنی ڕووداوە مێژوویییەکانی ئەم دوایییانەی کورد (وەک شەڕی ناوخۆی کورد لە ١٩٦٦ تا ١٩٩٨) دەتوانێت وێنەیەکی هەڵە و ناتەواو، تا ڕادەیەکیش ئاڵۆز و شێواو لە مێشکی قوتابییاندا دروست بکات. باس نەکردنی شەڕی ناوخۆ ئەو برینەی لە هەست و نەست و یادەوەریی کوردەکاندا دروست کردوە لانابات. چاکتربوو باسی هەم گرژییەکان هەم ململانێ ‌و پێکدادانەکانی کردبا و ڕەهەند و دەرئەنجامەکانی خستبایە ڕوو تاوەکو تێڕوانینێکی بێلایەنانە لە لای قوابیان دروست بووایە و ببووایە بە وانەیەکی مێژوویی بۆ قوتابییان.

پەیوەند بە پرسی ئیسرائیل-فەلەستین، ئەدوان و بار-ئۆن (٢٠٠٤) پەڕتووکێکیان بۆ قوتابخانەکان لەسەر مێژووی گرژی و پێکدادانەکان ئامادەکرد کە لە زمانی هەر دوو لاوە پرسەکە دەگێڕێتەوە. بۆ ئەم کارە دوو ستراتێژییان بەکارهێناوە کە بار-تال و هەمەک (٢٠١٢:٤٤) ئاماژەیان پێ کردوە کە بەنادامەزراوەکردن (deinstitutionalization) و دووبارە نوسینەوە و دەرهێنانی مێژووە لەژێر سێبەری حکایەتە گەورە و هەژمونگەرەکان. لە غیابی ئەم دوو ستراتێژە، قوتابییان زانیاری لەسەر ململانێ و پێکدادانەکان لە سەرچاوە سیاسی و دامەزراوەکانیان وەردەگرن کە خۆیان لایەن بوون لە شەڕەکاندا، ئەوکاتیش گێڕانەوەکان بێلایەنانە نابن. بە هەمان شێوە، نیشان نەدانی تاوانەکان کورد دەکرێت ڕێگر بێت لەوەی کە قوتابییانی کورد هاوسۆزی بۆ کەمینەکان، وەک کەلد و ئاشوورییە کریستییانەکان یان ئێزیدییەکان نیشان بدەن، ئەمە هێندەی دیکە لەو سەروبەندەدا ڕاستە کە دەبینین ئەم گرووپانە هەندێک جار بیرەوەریی مێژوویییان، نوێ یان کۆن، بەرانبەر بە کوردەکان پڕئازارە. بار-تال و هەمەک (٢٠١٢: ٤٤) ڕاست دەکەن کاتێک دەڵێن کە گرووپەکان دەبێت ئەوکارانەی خۆیان بخەنە ڕوو و بناسێنن کە بوونەتە هۆکاری پێشێلکردنی مافی گرووپەکانی دەرەوەی خۆیان. سەرەڕای ئەمە، فرەییی کۆمەڵگەی کوردستانی، بە ڕوونی دانی پێدانراوە، بەڵام وەک پێویست شی نەکراوەتەوە.

ئامانجی سەرەکیی پەڕتووکەکانی مێژوو لە قوتابخانەکانی کوردستان دەرخستنی ئەو فۆرم و ڕووەی شوناسی نەتەوەیییە کە زادەی تێڕوانینەکانی ناسیۆنالیسمی کوردییە کە نزیکە لە تێگەیشتنەکانی سمیس و ناسراوە بە ‌نەتەوە-هێماگەرایی. هەندێک جاریش نزیکن لە تێگەیشتنی پریمۆردیالەکان بۆ نەتەوە و ناسیۆنالیزم.  ئەو پەیام و میتۆدانەی پەڕتووکەکان بەکاریان بردووە بۆ گەیاندنی بیرۆکەکان بە قوتابییان، زیاتر لەوەی تێگەیشتنێکی ئەکادیمیانە بن، لە ڕەوت و تێگەیشتنی ناسیۆنالیستانە سەرچاوەیان گرتووە. یەکێک لە دەرکەوتەکانی بەکارهێنانی تێگەیشتنە ناسیۆنالیستییەکان، کە هەندێکجار خۆی لە بەرزکردنەوەی چاوەڕوانییەکاندا دەبینێتەوە، ئەوەیە کە پەڕتووکەکانی مێژوو بۆ قوتابییان لە هەرێمی کوردستان، زۆر تیشک دەخاتە سەر کەرکوک و وەک شارێکی کورد/کوردستانی دەیناسێنێت، بە هەمان شێوە سنوری هەرێمی کوردستان. ئەم تەرکیزە زۆرە لەسەر کەرکوک لەوانەیە ببێتە بەربەستێک بۆ کورد و سەرکردەکانی کوردستان کە بتوانن دانوسان لەسەر  پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان بکەن، بە تایبەت ناوچەگەلی وەک حەویجە، تەلەعفەر، مەندەلی و حەمدانیە، بەتایبەتی ئەگەر ڕەچاوی ئەوە بکەین کە لە ئاکامی سیاسەتەکانی تەعریبدا، ئەو ناوچانە هیچ ماکێکی کوردیان پێوە نەماوە. بە واتایەکی دیکە ئەگەرەکانی پێچەوانەکردنەوەی تەعریب لەم ناوچانە لە مەحاڵ نزیکە.

لە کۆتاییدا، پەڕتووکەکانی ح.ه.ک پەیامێکی سەرەکیی سیاسی دەگەیێنن کە کوردەکان وەک گرووپێکی نەتەوەیی لە دنیایەک کە لەسەر بنەمای دەوڵەت-نەتەوەدا ڕێکخراوە، وەک ئەوانی دیکە مافی چارەنووس و بەدەوڵەتبوونیان هەیە. لە ڕاستیدا، دەکرێت بڵێین کە گوتاری سەرەکیی پەڕتووکەکانی خوێندنی مێژوو لەهەرێمی کوردستان، خواستی دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەیەکە، جا چ لە ناو سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوەی عێراق بێت یان لە دەرەوەی. تا چ ڕادەیەک پەیامەکانی پەڕتووکەکان تەواوکەر یان دژن لەگەڵ سیاسەتەکانی دەستەبژێری سیاسیی کوردی، هاوکات تا چ ڕادەیەک هەوڵەکانی دروستکردنی شوناس و جوگرافیا وەک ئەوەی لە پەڕتووکەکاندا هاتووە، کاریگەریی لەسەر منداڵان و قوتابییان داناوە، دەکرێت بکرێن بە پرسیاری توێژینەوەی دیکە لەم پەیوەندییەدا.


تێبینی

  • بڕوانە مێژووی عەرەب و ئیسلام، پۆلی ٢ی ناوەندی، ٢٠٠٣؛ مێژووی نوێ و هاوچەرخی نیشتیمانی عەرەب، پۆلی ٦ی ئامادەیی، ٢٠٠١؛ مێژووی کۆنی نیشتمانی عەرەب، پۆلی ١ی ناوەندی، ٢٠٠٠.
  • بڕوانەمێژووی نوێ و هاوچەرخی نیشتمانی عەرەب، پۆلی ٦ی ئامادەیی، ٢٠١١؛ مێژووی نوێ و هاوچەرخی نیشتمانی عەرەب، پۆلی ٣ی ناوەندی، ٢٠١١؛ مێژووی عەرەب و ئیسلام، پۆلی ٢ی ناوەندی، ٢٠٠٩.
  • لە سەرەتای ١٩٢٣، کۆمەڵەی گەلان لێژنەیەکی دەستنیشان کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکانی بەریتانییەکان و تورکەکان لە پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتی عوسمانیی موسڵ. لە تەمووزی ١٩٢٦، کۆمەڵەی گەلان پشتیوانیی لە لکاندنی ویلایەتەکە بە دەولەتی نوێی عیراق کرد. کوردەکان ئەم ئەنجامەیان وەک خیانەتێکی زلهێزەکان دانا چونکە لە پەیمانی سیڤەر لە ١٩٢٠ دا بەڵێنی سەربەخۆیی بە کوردەکان درابوو.
  • لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەدا و لە شەڕی یەکەمی جیهانی، سوپای عوسمانی لەگەڵ چەکدارە خێڵەکییە کوردەکان هەزاران خەڵکی سیڤیلی کەلدی و ئاشوورییان لە ناوچە کوردییەکان کوشت، بڕوانە تراڤیس (٢٠١٠: ٢٣٧-٢٧٧، ٢٩٣-٢٩٤).